خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان/جڵدی 2/حکوومەتی ئەیووبی

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان  (1931)  by محەممەد ئەمین زەکی بەگ
جڵدی 2

حکوومەتی ئەیووبی[edit]

باپیر و باوکی موئەسیسەکەی کێن و لە کوێوە هاتوون؟[edit]

ئەم دەوڵەتە هەرە گەورەی ئەو حکوومەتانەیە کە کورد دایمەزراندووە. لە بەر ئەمە، زۆر پێویستە کە باش لە ئەسڵ و فەسڵی تێ بگەین.

ئینسقلۆپەدیای ئیسلام ئەڵێ باپیری سەلاحەددین موئەسیسی ئەم دەوڵەتە، «شادی = شاذی» کوڕی مەروانە، کە لە کوردانی خێڵی ڕەوادی (ڕاواندا)ی «دوین» بوو. ئەم خێڵە بەشێکی عێلە گەورەکەی ئەزبەنی (هەزبەنی) بوو. مەنسووبیەتی شادی بە شاری دوین نوقتەیەکی زۆر موهیمە، چونکە ئەیزانین کە حکوومەتی شەدادیی کورد لە دویندا دامەزرا و هەڵبەت لە زەمانی شادیدا هێشتا شۆرەت و باسی ئەو حکوومەتە لە فیکر نەچووبۆوە.

بەعزێ لە موئەریخینی عەرەب، ئەسڵ و نەسەبێکی دوور و درێژیان بۆ شادی هەڵبەستووە. مەسەلەن وەکوو ئیبنی خەلدوون کە نەسەبەکەی ئەباتەوە سەر «عوف ئەلحەمیر ئەلدوسی»؛ بەڵام ئەمانە هیچیان جێگەی باوەڕ نییە و ڕاستییەکەی ئەوەیە کە تاریخ، باپیری شادی ناناسێ.

کوڕانی شادی، «ئەیووب، شێرکۆه» لە گوندی ئەجدانکان (ئەجدنکان) هاتۆتە دنیاوە. ساحێبی «النوادر السلطانیة» کە قازی ئیبنی شەددادە و موساحیبی سوڵتان سەلاحەددین بوو، ئەڵێ: نەجمەددین ئەیووب خەڵکی «دوین»ە و والیی تکریت بوو (ل ٤). ساحێبی «کتاب التأریخ» کە تاجەددین شەهەنشای ئەیووبییە، ئەڵێ شادی خەڵکی دوینە.

بە ڕیوایەتێکی تر نەجمەددین ئەیووب لە شێختان هاتۆتە دنیاوە و لە مووسڵدا گەورە بووە و خزمەتی سوڵتان محەمەدی مەلەکشاهی کردووە و لە تەڕەف ئەوەوە کراوە بە موحافزی تکریت (الحروب الصلیبیة، ل ١١٢).

خولاسە وەکوو ئینسقلۆپەدیا ئەڵێ، شادی لەگەڵ بەهرۆزی ڕۆمی، دۆستایەتی هەبوو. ئەم بەهرۆزە مامۆستای کوڕی سەلجووقییەکان بوو. لە پڕێکدا بەهرۆز دوینی بەجێ هێشت و چووە بەغدا و بە هێز و مەعریفەتی خۆی، زۆر پێش کەوت و لە تەڕەف سوڵتان مەسعوودی کوڕی مەلەکشاهەوە کرا بە موحافزی بەغدا. لە دوای ئەمە خەبەری بۆ شادی نارد و بانگی کردە لای خۆی.

چۆن پێش کەوتن؟[edit]

باپیری سوڵتان سەلاحەددین بە هیوای موجاهیدەددین بەهرۆز، وڵاتی خۆی بەجێ هێشت و بە ماڵەوە هاتە بەغدا. لە دوای بەینێک کە سوڵتان مەسعوود، تکریتی بە موڵکانە دا بە بەهرۆز، ئەمیش شادیی دۆستی بە وەکیلی ناردە سەر ئەو موڵکە. لە پاش چەند ساڵێک شادی ئەمری خوای کرد و لە تکریت نێژرا و نەجمەددین ئەیووبی کوڕە گەورەی، لە جێگەی دانرا.

لە ساڵی ٥٢٦ هـ.دا ئەتابەکی مووسڵ، عیمادەدین زەنگی، لە جنووبی تکریت لەگەڵ ئۆردووی سەلجووقی بەغدا شەڕی کرد و شکا و بە حاڵێکی خراپ خۆی گەیاندە تکریت. نەجمەدین ئەیووب میوانداریی خۆی و تەوابیعی کرد و کەڵەک و بەلەمی بۆ پەیا کرد و لە شەتی دیجلە پەڕاندیەوە. حکوومەتی بەغدا لەم موعاوەنەتی نەجمەدین ئەیووبە عاجز بوو.

لە دوای بەینێک وقووعاتێکی تریش قەوما. ئەسەدەدین شێرکۆهی برای ئەیووب، یەکێ لە زابتانی قەڵای تکریتی کوشت و بەم تەرحە جێگەیان لەق بوو و موجاهیدەدین بەهرۆز بە ئەندێشەی مەوقیعی خۆی، نەجمەدین ئەیووبی لە وەکیلی خست و تەمێی کردبوو کە لە تکریتدا نەمێنن. نەجمەدین ئەیووب بە ناعیلاجی لەگەڵ براکەی و ماڵیانا بە شەو تکریتی بەجێ هێشت و بە ئومێدی چاکەی عیمادەدینی زەنگی ڕووی کردە مووسڵ.

ئەڵێن سوڵتان سەلاحەدین لە تکریت و لە ساڵی ٥٣٢ هـ (بە گوێرەی ئیستانلی لیمپول ١١٣٧ م)دا هاتبووە دنیاوە و حەتتا بەعزێ کەس گوتوویانە ویلادەتی، تەسادوفی ئەو ڕۆژەی کرد کە موجاهیدەدین بەهرۆز ئەمری بە دەرچوونیان لە تکریت کردبوو. بە گوێرەی قسەی کاتبێکی گاور کە لە خزمەت نەجمەدین ئەیووبدا بوو، ئەو شەوەی کە لە تکریت دەرچوون، سوڵتان سەلاحەدین تەوەلودی کردووە و چونکە باوکی زۆر عاجز بووە و لە تالعی خۆی بێزار بوو، لە تەوەلودی ئەم کوڕەی و گریانی زۆری، سەغڵەت بوو، بەو تەرحە تکریتیان بەجێ هێشت.

نەجمەدین و براکەی کە گەیشتنە مووسڵ، عیمادەدین زەنگی چاکەی ئەیووبی هێنایە بەر چاوی و بە ڕووخۆشی و مەمنوونی قەبووڵی کردن و ئیرادێکی موناسیبی بۆ تەخسیس کردن. دوو برا بە حورمەت و عیززەت لە سەرای زەنگیدا مانەوە و لەگەڵیا چوون بۆ بەعزێ شەڕیش. وەقتێک کە عیمادەدین چووە سەر سووریا و بەعلەبەکی داگیر کرد (٥٣٤ هـ)، نەجمەدین ئەیووبی کرد بە موحافزی ئەوێ.

لە دوای وەفاتی عیمادەدین، موڵکەکەی کەوتە دەست کوڕەکانی. لەشکری شام هاتنە سەر بەعلەبەک. نەجمەدین ئەیووب زانی کە لەو پاشاگەردانییەدا لەشکری شام هەرچۆنێ بێ بەعلەبەک زەوت ئەکا، بە فیکرێکی دووربین، لەگەڵیانا ڕێک کەوت و چووە شام دانیشت و بەرەبەرە پێش کەوت، تا بووە سەرداری لەشکری شام. شێرکۆهی برای کە لە لای نوورەدین مەحموودی کوڕی عیمادەدین مابووەوە، ئەویش بە خزمەت و ئازایی و عەقڵ و کەماڵی خۆی، تەرەقی کرد و بوو بە سەرلەشکری نوورەدین.

نەجمەدین ئەیووب وەقتێک کە ئەهلی سەلیبی دووەم شامی موحاسەرە کرد، مودافەعەیەکی مەردانە و بەرزی کرد و لافاوی سەلیب شکا و لە شام دوور کەوتەوە.

ئەمیری شام هەرچەندە تابیعیەتی نوورەدین مەحموودی قەبووڵ کردبوو، بەڵام سوڵتان نوورەدین دیسان وەکوو باوکی، هەر چاوی لە شام بوو و بە فیکری داگیر کردنی، لە ئیدارەی شێرکۆهدا لە ساڵی ٥٤٧دا لەشکرێکی ناردە سەر شام. ئەم حاڵە نەجمەدین ئەیووبی خستە موشکیلاتەوە، چونکە حەزی نەئەکرد کە بەرامبەر براکەی بوەستێ و حەزی نەئەکرد لەگەڵ لەشکری کوڕی وەلی‌نیعمەتیا شەڕ بکا. بەم فیکرە باشە، ویستی ئیشەکە بە ئاشتی ببڕێتەوە. لەگەڵ شێرکۆهدا بە ڕەسمی کەوتە موخابەرە و لە دوای شەش ڕۆژ لەشکری شێرکۆهـ داخڵی شام بوو. لە دوای بەینێک سوڵتان نوورەدین، سەلاحەدینی کوڕی ئەیووبی نارد بۆ میسر. حاڵ بەم نەوعە دەوامی کرد.

ئەمیر سەلاحەدین چۆن پێگەیشت؟

بەعزێ ساڵانی منداڵی، لە بەعلەبەکدا ڕابوارد، بەڵام دائیر بە زەمانی منداڵی، تاریخ هیچ نازانێ. ستانلی ئەڵێ: ئەبێ سەلاحەدینیش وەکوو ئەمیرزادەکانی تر لە حوجرەدا قورئانی خوێندبێ و فێری خوێندن و نووسین بووبێ. دیسان هەر لە بەعلەبەکدا کتێبی سەرف و نەحوی تەواو کردبێ و مەبادیی شێعر و ئینشا و عیلمی حەدیس و بەعزێ شتی تر فێر بووبێ. چونکە باوکی پیاوێکی زۆر گەورە و بڵند بوو، بە تەبیعەت مامۆستای هەرە بەناوبانگی بۆ پەیا کردووە.

کتێبی «طبقات الشافعیة» دەرحەق بە دەوری جاهیلی ئەڵێ: سەلاحەدین عیلمی حەدیسی لە لای حافز ئەبو تاهیر ئەلسەلەفی و ئەبو تاهیر ئیبنی عەوف و شێخ قوتبەددینی نیشابووری و عەبدوڵڵا ئیبنی بەری ئەلنەحوی و بەعزێ مامۆستای بەشوهرەت خوێندووە. قورئان و فیقهی «تەنبیهـ»ی لەگەڵ بەعزێ داستانی جەنگاوەری لە بەر بوو.

دەرحەق بەو زەمانەی کە لە شامدا و لە پێش چوونی بۆ میسردا ڕایبواردووە، لە تەڕەف موئەریخینی عەرەبەوە، هیچ نەبێژراوە. ئەمما موئەریخینی غەرب بەعزێکیان ئەڵێن کە سەلاحەدین دەوامی مەجلیسی سوڵتان نوورەدینی ئەکرد و بە سیفەتی ئەمەی کە کوڕی حاکمی شام بوو، حورمەت و عیززەتی ئەبینی. جوانێکی عاقڵ و شارەزا و بەئەدەب بوو، ڕیعایەتی دینی زۆر ئەکرد و ڕەنگە وەکوو ئەمیرزادەکانی ئەو زەمانە مەیلی ڕاو و شکاریشی بووبێ. بێ شوبهە یاری «گۆ و گۆچان»ی ئەکرد. بەعزەن لەگەڵ سوڵتان نوورەدیندا ئەم یارییەی ئەکرد.

بە گوێرەی کاغەزێک کە لە دوای گرتنی شام بۆ خەلیفەی عەباسی، «موستەزیئ بیئەمریللا»ی نووسیوە، لە پێش سەفەری میسریدا لەگەڵ باوکی و مامی لە هەموو غەزایەکدا حازر بووە. وەکوو ساحێبی کتێبی «حیاة صلاح الدین الایوبي» ئەڵێ بە موقتەزای قەومییەتی کوردی، سوارێکی چاک بووە و لە شەجاعەت و شەهامەتدا سەرفراز بوو.

قازی ئیبنی شەداد لە «النوادر السلطانیة»دا ئەڵێ کە لەگەڵ باوکیا لە بەعلەبەکەوە هاتە شام، دایمە لە خزمەت باوکیا بوو و لە فەزڵ و کەماڵی ئەو ئیستیفادەی ئەکرد، تا شۆرەتی سەند. لە دواییدا سوڵتان نوورەدین حەیرانی زەکا و کەمالاتی بوو، ڕۆژ بە ڕۆژ مەقامی گەورەتر کرد.

ئەووەڵ سەفەری میسری[edit]

کە شاوری وەزیری خەلیفەی میسر داوای کۆمەکی لە سوڵتان نوورەدین کرد، سوڵتان، شێرکۆهی بە لەشکرێکەوە نارد بۆ میسر (٥٦٢ هـ) و ئەمیر سەلاحەدینیش بە ئەمری مامی، لەگەڵ ئەم لەشکرەدا چووە قوماندانی فیرقەی پیشدار. ئیبنی شەداد ئەڵێ: ئەسەدەدین شێرکۆهـ هەرچیی ئەکرد بە پرس و ڕای ئەمیر سەلاحەدین ئەیکرد، چونکە زۆر لە عەقڵ و حوسنی تەدبیری ئەمین بوو.

شێرکۆهـ کە گەیشتە میسر، لەشکری زەرغامی لە بلبیسدا شکاند و ئەم وەزیرەی لە قاهیرەدا موحاسەرە کرد و لە دوای فەسفات، قاهیرەش دەست شاور کەوت و زەرغام کوژرا. شاور ڕووی لە شێرکۆهـ وەرگێڕا و نەیهێشت بێتە قاهیرەوە. لە سەر ئەمە، شێرکۆهـ ئەمیر سەلاحی بە لەشکرەوە نارد و بلبیس و شەرقییەی زەوت کرد. شاور کە وای زانی، خەبەری بۆ ئەملریک، قەڕاڵی قودس نارد و تەڵەبی یارمەتی لێ کرد و لە سەر ئەمە، لەشکرێکی بەقووەتی ناردە سەر میسر.

شێرکۆهـ و سەلاحەدین بلبیسیان بەرامبەر بە لەشکری قودس و میسر، شێرانە سێ مانگ مودافەعە کرد و لە لایەکی تریشەوە سوڵتان نوورەدین بۆ کۆمەکێکی دووراو دوور چووە سەر مەملەکەتی قودس و قەڵای بنیاسی موحاسەرە کرد. قەڕاڵی قودس کە ئەمەی بیست، ترسی لێ نیشت و لەگەڵ شێرکۆهـ ڕێک کەوت و قەراریان دا کە لەشکری شام و قودس لە خاکی میسر بچنە دەرەوە و لە سەر ئەم قەول و بڕە شێرکۆهـ بە لەشکرەوە گەڕایەوە شام.

لە دوای شێرکۆهـ، شاوری فێڵباز لەگەڵ قەراڵی قودس ڕێک کەوت و لەشکرێکی بچووکی قودسی لە میسر دانا، ئەمە بە تەبیعەت خیلافی موعاهەدە بوو، سوڵتان نوورەدین لەگەڵ شێرکۆهـدا قەراری گرتنی میسریان دا و خەلیفەی عەباسی بەغداش بەمە ڕازی بوو.

دووەم سەفەری میسر[edit]

لە دوای سەفەری ئەوەڵ، بە سێ ساڵ، شێرکۆهـ بە خۆی و ئەمیر سەلاحەدین و لەشکرێکی دووهەزار کەسی هەڵبژاردەوە ڕووی کردە میسر و لە دوای زەحمەتێکی زۆر گەیشتە ئەتفەح کە چل میلێک لە قاهیرەوە دوور بوو و لەوێشەوە خۆی گەیاندە جیزە. لەشکری مەلیکی قودسیش لە بەرامبەر و لە قەراغی چەمی نیل بوو. مەلیک ئامووری موعاهەدەیەکی لەگەڵ خەلیفەی فاتیمی ئیمزا کرد و بە گوێرەی ئەم موعاهەدەیە میسر کەوتە ژێر حیمایەی مەلیکی قودسەوە. لە دوای ئیمزای ئەم موعاهەدەیە مەلیکی قودس بە خۆی و لەشکریەوە لە پڕێکا لە نیل پەڕیەوە، شێرکۆهـ کە ئەمەی چاو پێکەوت، چوو بۆ سەعید و لەشکری قودس تەعقیبی کرد. شێرکۆهـ لە بابین ڕاوەستا؛ کە لەشکری قودس نزیکی بووەوە، لەگەڵیانا کەوتە شەڕەوە و بە جەسارەت و ئیدارەی باشی ئەمیر سەلاحەدین لەشکری قودس زۆر خراپ شکا و لە دوای ئەم غەلبەیە لەشکری شام ئەسکەندەرییەی زەوت کرد و شێرکۆهـ ئەم قەڵا گەورە و بەئەهمیەتەی دایە دەست ئەمیر سەلاحەدین. ئەمە ئەووەڵ حاکمیەتی ئەمیر بوو. لە دوای ئەمە شێرکۆهـ نیوەی لەشکرەکەی بۆ ئەمیر سەلاحەدین بەجێ هێشت و لەگەڵ نیوەکەی تری چوو بۆ سەعید.

مەلیکی قودس لە دوای شکانی، گەڕایەوە قاهیرە و لەوێ لەگەڵ حکوومەتی میسردا قەراریان بە موحاسەرە کردنی ئەسکەندەرییە دا. لە تەڕەف بەحریشەوە «دوننما»یەکی قودس ڕەفاقەتی موحاسرینی ئەکرد. ئەمیر سەلاحەدین بەرامبەر بە دوننما و لەشکری میسر و قودس قەهرەمانانە مودافەعەی کرد. مەهارەت و جورئەتێکی زۆر بێ‌ئەمسالی نواند. حەفتا ڕۆژ بەم نەوعە بەرامبەر بە تەعەڕوزاتی بەحر و بەڕ، وەکوو شێر وەستا.

لەو لاشەوە شێرکۆهـ ڕووی کردە پایتەختی میسر و لە «برکة ئەلحەبەشە»وە دەستی کرد بە موحاسەرەی. ئەم دەستوبردەی شێرکۆهـ ترسی خستە بەینی دوشمنەوە و تەڵەبی سوڵحیان کرد بە شەرتێ کە لەشکری قودس و شام، میسر بەجێ بهێڵن و ئیتر دەخڵی ئیش و کاری میسر نەکەن.

لە دوای ئەم سوڵحە ئەمیر سەلاحەدین چەند ڕۆژێک لە ئۆردووگاهی قەڕاڵی قودسدا بوو، بە تەبیعەت تەدقیقی ئوسوولی عەسکەریی ئەو قەومەی کرد. بە گوێرەی ئەم سوڵحە هەر دوو لەشکر، لە میسر چوونە دەرەوە.

خیلافی سوڵح، ئەوەندەی پێ نەچوو کە قەڕاڵ «ئیملریک» تەمەعی زەوتی میسری کرد و بە لەشکرێکەوە ڕووی تێکرد، بلبیسی گرت و کوشتارێکی زۆری لە خەڵکی میسر کرد و منداڵ و ژنیش لە قەتڵوعام نەجاتی نەبوو.

ئەمجارە خەلیفەی فاتیمی، بە نەفسی خۆی، کەوتە هاوار و کاغەزێکی بۆ سوڵتان نوورەدین نووسی و ڕجای حیمایەی لێ کرد و پرچی ئافرەتی موسوڵمانی بۆ نارد و ئەمەش عەلامەتی پاڕانەوەیەکی فەوقەلعادە بوو.

شاوری وەزیری خەلیفە کە لە خائینی و درۆزنیدا ئەمسالی کەم بوو، بە ئومێدی پارە، مەلیکی قودسی تەفرە دا و لەگەڵی کەوتە موخابەرەوە، مەقسەدیشی وەقت ڕابواردن بوو، تا ئیمدادی سوڵتان نوورەدینی دی، خولاسە بەم ئومێدە مەلیکی قودس لە پێنج میلێکی قاهیرەدا ڕاوەستا.

سێیەم سەفەری میسر[edit]

سوڵتان نوورەدین لە سەر پاڕانەوەی خەلیفە قەراری خۆی دا. بە زاهیری بۆ یارمەتیی خەلیفە و لە حەقیقەتدا بۆ زەوتکردنی میسر لەشکرێکی بەقووەتی کۆ کردەوە و لە قوماندای شێرکۆهدا ناردی بۆ میسر. ئەم لەشکرە هەشت هەزار کەسێک بوو و گەلێ ئومەرای مەشهووری تیا بوو. ئەمیر سەلاحەدین ئارەزووی چوونی نەبوو، بەڵام بەرامبەر بە ئەمری سوڵتان و مامی نەیتوانی ڕاوەستێ و لەگەڵ مامی چوو.

ئیملریک کە خەبەری هاتنی شێرکۆهی بیست، شڵەژا و ئەووەڵەن ویستی نەهێڵێ لەگەڵ لەشکری میسردا یەکدگیر بێ، بەڵام پێی نەکرا و نیهایەت لە ڕەبیعولسانی ٥٦٤دا (کانوونی سانی ١١٦٩ م) بە نائومێدی گەڕایەوە قودس.

لەولاوە شێرکۆهـ گەیشتە بەردەمی قاهیرە و خەلیفە و خەڵکی میسر هاتن بە پیریەوە و بەیانی شوکر و بەخێر هاتنیان کرد. لە دواییدا لە بەردەمی قاهیرەدا خێوەتی هەڵدا. لە پاشدا خەلیفەش هاتە ئۆردووگا و شێرکۆهی زیارەت کرد و بەیانی شوکر و مەمنوونییەتی کرد. شاوریش هاتە لای شێرکۆهـ و زۆر ئەسەری مەمنوونییەت و موحیبەتێکی درۆی نواند. عادەتەن هەموو ڕۆژێک بە سواری ئەهاتە لای شێرکۆهـ و وەکوو دۆستێکی چەند ساڵە و موخلیس، بێ تەکلیف ئاموشۆی ئەکرد. فیکری وا بوو کە زیافەتێک بۆ شێرکۆهـ و ئومەرای شام بکا و لە فرسەتێکدا هەموویان لە ناو بەرێ، بەڵام «کامل»ی کوڕی پێی زانی و هەڕەشەی لێ کرد و گوتی: بە خوا شتێکی وا بکەی، خەبەر بە شێرکۆهـ ئەدەم! لەگەڵ ئەمەشدا بۆ خیانەتکردن لە فرسەت ئەگەڕا. ئومەرای لەشکری شێرکۆهـ هەموو حیسی خیانەت و درۆزنیی شاوریان کردبوو.

ڕۆژێکی جومعە بە عادەتی خۆی شاور هاتە ئۆردووگا، شێرکۆهـ لەوێ نەبوو، ئەمیر سەلاحەدین لەگەڵ بەعزێ ئومەرای تر لەگەڵیا سوار بوون و لە سوارەکانی دووریان خستەوە و لە پاشدا خستیانە خوارەوە و قۆڵیان بەست و ناردیان بۆ خەلیفە و خەلیفە ناردیەوە دواوە تا سەری ببڕن و ئەم ئەمرەیان بەجێ هێنا و سەرەکەیان نارد بۆ خەلیفە. بەم تەرحە وجوودی ئەم وەزیرە خائینە کە ئەوەندەی نەمابوو میسر بخاتە دەست فەرەنگ، هەڵگیرا.

لە دوای ئەمە، خەلیفە عازد، ئەسەدەدین شێرکۆهی بانگ کرد و خەڵاتی وەزیری و لەقەبی «مەلیک ئەلمەنسوور ئەمیر ئەلجیووش»ی دایە. ئەسەدەدین شێرکۆهـ بە سیفەتی وەزیری خەلیفە، دەستی کرد بە ڕێکخستنی ئیش و کاری میسر، بەڵام وەزارەتی ئەوەندە دەوامی نەکرد و لە ڕۆژی شەممۆ ٢٢ی جەمادی ئاخری ٥٦٤دا ئەمری خوای بەجێ هێنا. لە موددەتی وەزارەتی شێرکۆهدا ئەغڵەبی ئیشی موهیم، حەواڵەی ئەمیر سەلاحەدین کرابوو.

وەزارەتی ئەمیر سەلاحەدین[edit]

ئەمیر لە دوای سێ ڕۆژ تەعزیەی مامی، فەرمانی خەلیفە بۆ وەزارەتی سادر بوو. بەعزێ لە ئومەرای شام لەمە مەمنوون نەبوون و گەڕانەوە شام و ئەمەش ئەسەری حەسوودی بوو. بە تەبیعەت بۆ ئەو مەقامە هیچیان بە قەد ئەمیر سەلاحەدین لایق نەبوون، خەلیفە لەقەبی «مەلیک ئەلناسر ئەبو ئەلموزەفەر سەلاح ئەلدونیا وەلدین یوسف ئیبنی ئەیووب»ی دایە.

مەلیک ناسر لە عومری بیست و دوو ساڵیدا و لە دوای تەکامولێکی سیاسی و عەسکەری، گەیشتە ئەم مەقامە بڵندە. بەڵام کە تەماشای ئەتڕافی خۆی کرد، کەسی وای لە ئومەرا نەدی کە بە گیان و دڵ یارییەی بدا و وای موناسب زانی کە باوک و براکانی و خزمانی لە خۆی کۆ بکاتەوە. کاغەزی بۆ نووسین و هاتن. کە باوکی هات، خەڵاتی وەزارەتی لە سەر شانی هەڵگرت و تەقدیمی باوکی کرد، بەڵام باوکی قەبووڵی نەکرد و گوتی: ئەگەر تۆ لایق نەبوویتایە، خوا ئەمەی نەئەدایتێ.

مەلیک ناسر ویستی خەڵکی میسر لە خۆی مەمنوون بکا و زۆر ئیحسانی دانێ و چاکەی لەگەڵ کردن و هەرچەندە خۆی سوننی و خەڵکی میسر شیعە بوون، هیچ دەخڵی ئیش و کاری مەزهەبی نەکردن و تەنیا لە خوتبەدا لە دوای ناوی خەلیفە، ناوی نوورەدینیش ئەبرا.

لە وەقتی وەزارەتدا، ئەهلی سەلیب «دەمیات»یان داگیر کرد. مەلیک ناسر لەشکری لێ کردن و شارەکەی سەندەوە و لە میسر دەریکردن و بێجگە لەمەش، قەسەبەی «عەقەبە»شی کە لە سەر ڕێگەی حەجاجی میسر بوو، زەوت کرد و ئەم دوو زەفەرەی، تەئسیری گەورەی بە سەر خەڵکی میسردا بوو و موحیبەتێکی زۆریان لە حەقی پەیا کرد و مەوقیعی مەلیک ڕۆژ بە ڕۆژ لە دڵی خەڵکی میسر و ئومەرایدا لە بڵندیدا بوو.

بەینێک «موئتەمین ئەلخیلافە» کەوتە خیانەتەوە لەگەڵی و حەتا فەرەنگی لێ هان دا کە بێتە سەر میسر، تا مەلیک ناسر بکەوێتە بەینی دوژمنی خاریجی و داخڵییەوە. موئتەمین ئەلخیلافە بە لەشکری سۆدان کە پەنجا هەزار کەسێک بوو، پشت‌ئەستوور بوو. مەلیک لە فرسەتێکدا ئەم خائینەی لە ناو برد و لە سەر ئەمە لەشکری سۆدانی عوسیانی کرد. مەلیک ناسر، شەمس‌ئەلدەولە توورانشاهی برای، بۆ کوژاندنەوەی ئەم ئاگرە مەئموور کرد و حەقیقەتەن ئەم برا ئازا و دڵسۆزە باش لە عۆدەیان هات و لە زەرفی دوو سێ ساڵدا ڕەچەڵەکی بڕینەوە و لە خاکی میسردا سۆدانیی نەهێشت و زۆری لێ کوشتن، باقیش ڕایکرد بۆ سۆدان. لەوێش لە تەرەف «عادڵ»ی برایەوە تەفروتوونا کران.

لە دوای کوشتنی موئتەمین ئەلخیلافە (جەوهەر)، مەلیک ناسر، مەشهوور بەهائەددین قەرەقووشی کرد بە موئتەمین ئەلخیلافە.

مەلیک ناسر هێشتا تازە هەرای سۆدانی بڕیبووەوە کە ئەهلی سەلیب هاتە سەر دەمیات. مەلیکی قودس لەگەڵ حکوومەتی ڕۆمدا قسەی کرد بە یەک و ویستی میسر داگیر بکا و لە پێش هاتنی لەشکر و دوننمای ڕۆمدا خۆی هاتە سەر دەمیات. ئەم قەڵایە لە تەڕەف مەلیک ناسرەوە زۆر باش بۆ مودافەعە حازر کرابوو. لە بەر ئەوە، دوننما و لەشکری قودس لە دوای پەنجا ڕۆژ شەڕ و موحاسەرە، بە حاڵێکی خراپ گەڕانەوە و هیچیان پێ نەکرا. بێجگە لەمەش، بە تەقدیری خوا فەرتەنەیەکیش لە بەحردا پەیا بوو و بەقایای دوننمای ڕۆمی غەرق کرد.

لە دوای ئەم غەلەبەیە، مەلیک ناسر حاڵی مودافەعەی تەرک کرد و بە لەشکرێکەوە ڕووی کردە فەلەستین و دەستی کرد بە تەزییق و تاڵانیان. گۆڕانی وەزیفەتی عەسکەرییە و سیاسییەی میسر، بەم تەرحە و تەعەڕوزی ئۆردووەکەی بە فەلەستین، بۆ خەڵکی میسر حادیسەیەکی فەوقەلعادە بوو. دەمێک بوو لە ژێر نفووز و وەحشەتی فەرەنگدا دامابوون و ئەیانناڵاند، بەڵام بە سایەی حوسنی ئیدارە و دەهای مەلیک ناسرەوە کەوتنە حاڵێکی ترەوە؛ ئەمجا فەرەنگ لە تەعەڕوزی ئەوان ئەترسا. تەبەددولی وەزعییەت بەم نەوعە، موحیبەتی مەلیک ناسری لە دڵی میسرییەکاندا زیاتر جێگیر کرد و مەوقیعی مەعنەوی و مادیی مەلیک، ڕۆژ بە ڕۆژ لە بڵندیدا بوو.

مەلیک ناسر لەگەڵ ئەمەدا کە وەزیری خەلیفە عازد بوو، لە تەڕەف سوڵتان نوورەدینیشەوە مەنسەبی «سپەهسالار»ی بوو و زۆر موخلیسی سوڵتان بوو. مەشهوور قازی ئەلفەزڵ و عیمادەدینی ئیسفەهانی، هەردووکیان لە مەعییەتی مەلیک ناسردا مەئمووری موخابەراتی ڕەسمییە و موشاوری خاس بوون. قازی ئیبنی شەدادیش لە دواییدا (٥٨٤ هـ) بوو بە کاتبی خسووسیی سوڵتان سەلاحەدین.

مەلیک ناسر لە دوای کوژاندنەوەی ئیختیلالی داخڵی و غەلەبە بە سەر فەرەنگدا ویستی بۆ تەئمینی سەربەخۆیی، وردەوردە مەزهەبی سوننی لە بەینی میسرییەکاندا بڵاو بکاتەوە. بەم فیکرە باشە، دوو مەدرەسەی گەورەی کردەوە، یەکێکیان ناسرییە و ئەوی تریشیان کامیلییەی ناو نرا.

ئیبنی ئەسیر ئەڵێ حەبسخانەی «دار ئەلمەعوونە»ی ڕووخاند و مەدرەسەیەکی بۆ مەزهەبی شافیعی لە جێگەی دروست کرد. «دار ئەلعەدل»یشی کرد بە مەدرەسەی شافیعی. قازییانی شیعەی میسری عەزل کرد و لە جێگەی ئەوان قازیی شافیعی دانا.

سوڵتان نوورەدین بۆ خوتبە خوێندنەوە بە ناوی خەلیفەی عەباسییەوە زۆر ئیلحاحی نەکرد و ئەفکاری عموومییەش ئەمەی ئەویست. بەڵام مەلیک ناسر هەڵەشەیی نەکرد و ویستی ئەووەڵەن مەوقیعی خۆی باش قایم بکا و لە دواییدا دەست بداتە ئەم ئیشە. لە دوای بەینێک بە عادەتی خۆی، مەجلیسێکی ئیستیشارەی کۆ کردەوە و موزاکەرەی لەگەڵ کردن و لە پاشدا لە سەر قەراری مەجلیس، خوتبە بە ناوی خەلیفەی عەباسییەوە خوێنرایەوە. خەلیفەی فاتیمی، ئەلعازد، لەو وەقتەدا نەخۆش بوو، بە ئەمری مەلیک ئەم خەبەرەیان لێ شاردەوە، واقیعەن لە دوای چەند ڕۆژێک ئەلعازد وەفاتی کرد (٥٦٧ هـ). مەلیک لە وەفاتی زۆر عاجز بوو، چونکە بۆ سیاسەتی بەرامبەر سوڵتان نوورەدین، مەسڵەحەت نەبوو.

مەلیک ناسر لە دوای دفن و تەعزیەی ئەلعازد، نەتەوە و خانەدانی فاتیمیی لە قەسری خەلیفە هێنایە دەرەوە و لە خانوویەکی تریشدا ئافرەتەکانی دانا و زۆر باش تەماشای کردن. لەم جوێکردنەوەیەش مەعنا زاوزێیان بوو. خەزێنەی قەسری خەلافەتی بە سەر ئومەرا و پیاوماقووڵان و موحتاجینا دابەش کرد.

لە دوای وەفاتی ئەلعازد، مەلیک ناسر بوو بە حوکمداری سەربەخۆی میسر. ئەووەڵ ئیشی، دروستکردنی قەڵای قاهیرە بوو. لەو وەقتە ئەم پایتەختە عیبارەت بوو لە چەند پارچەیەک: فەستات، گەڕەکەکانی کە ئەحمەدی تۆڵۆن دروستی کردبوو، قاهیرە ئەلعەزیمە. مەلیک ناسر بە دەوری ئەمانەدا دیوارێکی مەحکەمی دروست کرد و قەڵایەکیشی بە ناوی خۆیەوە بۆ حیمایە و موحافەزەی شارەکە بینا کرد و لە ناو ئەم قەڵایەشدا سەرا و دەوائیر و بەعزێ خانووی موناسیبی بۆ خۆی و دەستوپێوەندی دروست کرد.

مەلیک ناسر سەلاحەددین نەیئەویست کە سوڵتان نوورەدین لێی بکەوێتە شوبهەوە، لە بەر ئەمە، لە خوتبە و لە دوای ناوی خەلیفە، ناوی سوڵتان نوورەدین زیکر ئەکرا و سککەی بە ناوی ئەوەوە لێدا و لە خەزێنەی قەسری خولەفای فاتیمی، دیارییەکی زۆر بەقیمەتی بۆ هەڵبژارد و ناردی.

بەینێک مەلیک ناسر بۆ فەتحی قەڵای «شوبک» کە لە فەلەستیندا و لە سەر ڕێگەی توجاری میسر و شامدا بوو، چوو. بەڵام کە بیستی سوڵتان نوورەدین ڕووی کردۆتە ئەو ناوە، نەیویست تووشی بێ و وازی لە قەڵاکە هێنا و گەڕایەوە.

بەعزێ ئومەرای سوڵتان نوورەدین کە لە فەتحی میسردا لەگەڵ شێرکۆهـ و مەلیک ناسردا نەمابوونەوە، چووبوونەوە لای سوڵتان نوورەدین. ئەمانە دایمە سەعیان ئەکرد کە دڵی سوڵتان نوورەدین لەگەڵ مەلیک ناسر بگۆڕن، حەتا ئەڵێن کە لە دوای گەڕانەوەی مەلیک لە قەڵای شوبک، سوڵتان نوورەدین ڕووی کردە میسر و ویستی بیگرێ. کە مەلیک ناسر ئەم خەبەرەی بیست، مەجلیسی شۆڕای کۆ کردەوە و موزاکەرەی لەگەڵ کردن و یەکێ لە ئەعزای مەجلیس گوتی: لازمە شەڕ لەگەڵ سوڵتان بکەی. نەجمەدین ئەیووبی باوکی کە ئەمەی بیست، تووڕە بوو و گوتی: وڵاتەکە وڵاتی سوڵتانە و هەموومان عەبد و تەبەعەی ئەوین و لە سەر ئەمە مەجلیس بڵاوەی کرد و لە پاشدا نەجمەدین ئەیووب گەلێ لۆمە و نەسیحەتی مەلیک ناسری کوڕی کرد.

واقیعەن سوڵتان نوورەدین لە بەر بەعزێ ئیش و کاری موهیمی جەزیرە، نەیتوانی بێ بۆ میسر. مەلیک ناسر لە دوای چەندێک توورانشاهی برای بۆ تەئمینی سۆدان و تەدقیقی ئەحواڵی نارد.

سوڵتان نوورەدین لە دوای ئەمە کە کاغەزی ئیتاعەت و تابعیەتی لە مەلیک ناسر وەرگرت و ئیش و کاری جەزیرەشی تەواو کرد، خەبەری نارد بۆ مەلیک ناسر کە بە لەشکریەوە بێ و لە فەلەستین یەکدگیر بن و شەڕ لەگەڵ مەلیکی قودس بکەن. واقیعەن مەلیک ناسر ئیتاعەتی کرد و چوو، بەڵام لە پێش چاوپێکەوتنی سوڵتان، بە سەبەبی نەخۆشیی باوکیەوە گەڕایەوە میسر. واقیعەن ئەمیر نەجمەدین ئەیووب لە نزیک باب ئەلنەسر لە وڵاخ گلابوو و لە دوای چەند ڕۆژێ وەفاتی کرد.

سوڵتان نوورەدین لە گەڕانەوەی مەلیک ناسر عاجز بوو و قەراری دا کە بە لەشکرێکەوە بچێتە سەر میسر و داگیری کا و مەلیک ناسر عەزل بکا، بەڵام ئەجەل مەیدانی نەدایە و لەو ڕۆژانەدا وەفاتی کرد (ڕۆژی چوارشەمۆ ٢١ شەوواڵی ٥٦٩ هـ).

لە پێش وەفاتی سوڵتان نوورەدین، مەلیک ناسر زۆر فەعالیەتی نواند، لە لایەکەوە لە ژێر نەزارەت و ئەمری باوکیا لەشکری میسری تەنزیم و تەربیە کرد و لە قەراغ بەحری سپیشەوە تا شاری «قابس» هەموو «تەڕابلوسی غەرب» و «توونس»ی داگیر کرد. لە لایەکی تریشەوە بۆ فەتحی یەمەن، توورانشاهی برای نارد (ڕەجەبی ٥٦٩ هـ) و ئەو وڵاتە و عەدەن کەوتنە ژێر ئیدارەی میسرەوە.

لەو بەینەدا لە تەڕەف شاعیر «عەمارە ئەلیەمەن» و بەعزێ کەسی تر، ئیختلالێک تەرتیب کرابوو و ئەمانە لەگەڵ مەلیکی فەرەنگیشدا قسەیان کردبوو بە یەک، بەڵام لە پێش وقووعیدا مەلیک خەبەری زانی و سەبەبکارەکانی هەڵواسی. لەو بەینەدا دوننمای «سجلیا» هاتبووە سەر ئەسکەندەرییە، مەلیک ناسر زوو دەفعی کرد و لەو بەینەدا قەڕاڵی قودسیش مرد کە دوژمنێکی بەقووەتی مەلیک ناسر بوو.

لە دوای وەفاتی سوڵتان نوورەدین، بۆ سەربەخۆیی بۆ مەلیک ناسر، ئیتر مانیعێک نەما و بە تەبیعەت حاکمیەتی موتڵەقەی شەرق و سەرداریی ئیسلام کەوتە عۆدەی مەلیک ناسر سەلاحەددینەوە و ڕەقیبێکی وای بۆ نەما کە بتوانێ بەرامبەری بوەستێ. کوڕە منداڵەکەی سوڵتان نوورەدین و سەیفەدین حاکمی مووسڵ و سوڵتانی سەلجووقی ڕۆم لە ناودا هەبوو، بەڵام ئەمانە هیچیان حەدی ئەوەیان نەبوو کە بتوانن ڕەقابەتی لەگەڵ بکەن. مەلیک ناسر چونکە شەڕی فەرەنگ و دەرکردنیانی لە وڵاتانی ئیسلامی بە وەزیفەیەکی دینی ئەزانی، ویستی کە لەگەڵ ئەم حاکمانی موسوڵمانانەدا ئیتیفاق بکا و هەموو قووەتی ئیسلام بەرامبەر بە دوژمنی دین کۆ بکاتەوە. ئەم فیکرە باشە ئەساسی سیاسەتی موستەقبەلی مەلیک ناسر سەلاح بوو، واقیعەن لە سەریشی ڕۆیشت.

لە دوای وەفاتی سوڵتان نوورەدین[edit]

مەلیک ساڵح ئیسماعیل کە هێشتا منداڵێکی یانزە ساڵە بوو، هاتە جێگەی سوڵتان نوورەدینی باوکی و بە سەبەبی بێ‌ئیدارەیی، ئومەرای باوکی غەلەبەیان لێ سەند، سەیفەدینی ئامۆزای کە حاکمی مووسڵ بوو، وڵاتانی جەزیرەی سوڵتان نوورەدینی داگیر کرد و ئومەراکانی تریش هەر یەکە و لە جێگەی خۆیدا کەوتە هەوای سەربەخۆیی. مەلیک ناسر کە ئەم حاڵەی بیستەوە، کاغەزێکی بۆ وەزیری مەلیک ساڵح کە شەمسەددین محەمەدی کوڕی عەبدولمەلیک کوڕی موقەددەم بوو، نووسی و لۆمەی کردن و گوتی ئەگەر ئێوە باش خزمەتی مەلیک ساڵح نەکەن و موڵکەکەی موحافەزە نەکەن، خۆی بیلزات دێ و موحافەزەی حقووقی ئەکا. ئومەرای مەلیک ساڵح گوێیان نەدایە ئەم نەسیحەتە.حاکمی حەڵەب، شەمسەددین ئیبنی دایە، سەعدەددین کمشتەکینی ناردە لای مەلیک ساڵح و بانگی کردە حەڵەب، بۆ خاتری ئەمەی مەلیک ناسر دەسی نەیگاتێ. خەڵکی شام ئەووەڵەن نەیانهێشت مەلیک بچێ بۆ حەڵەب، بەڵام دەفعەی دووەم کمشتەکین هات و تەفرەی دا و بردیە حەڵەب و لەوێ شەمسەددینی گرت و لەگەڵ خزم و کوڕەکانیا حەپسی کرد. لە دوای ئەوە کشمتەکین بۆ قایمکردنی جێگەی خۆی لەگەڵ حکوومەتی فەرەنگیی قودسدا لە حەقی مەلیک ناسر ئیتیفاقی کرد. لە سەر ئەم ئەحواڵە مەلیک ناسر کاغەزێکی بۆ خەلیفەی عەباسی، ئەلموستەزیئ بیللاهـ، نووسی و شکایەتی لەم شۆڕش و پاشاگەردانییەی مەملەکەتی مەلیک ساڵح کرد.

واقیعەن لەو بەینەدا وەزعییەتی سیاسییە بۆ مەلیک ناسر زۆر موساعید بوو، مەملەکەتی فەلەستین و سووریە بە دەس دوو منداڵی بێکارەوە بوو، ئەمانەش «بالدوین چوارەمی بەلەک»ی کوڕی مەلیک ئامووری و مەلیک ساڵح ئیسماعیل بوون. لازم بوو ئیستیفادە لەم فرسەتە بکا و ئەم مەملەکەتانە بێنێتە ژێر دەستی خۆی، لەگەڵ ئەمەشدا مەلیک ناسر هەڵەشەیی نەکرد، چونکە نەیئەویست خەڵکی شام لە خۆی عاجز بکا. لە بەر ئەمە، دایمە کاغەزی بۆ مەلیک ساڵح ئەنووسی و حورمەت و ئیتاعەتی خۆی عەرز ئەکرد و سکەی بە ناوی ئەوەوە لێئەدا و خوتبەی بە ناوی ئەوەوە ئەخوێندەوە.

کە مەلیک ساڵح چوو بۆ حەڵەب، کمشتەکین بوو بە ئامیری سەربەخۆ، ئیبنی موقەددەم و ئومەرای تەڕەفداری، کەوتنە ترسەوە و کاغەزیان بۆ سەیفەددینی حاکمی مووسڵ نووسی کە بێت و یارییەیان بدا. وەلحاڵ سەیفەددین بڕوای پێ نەکردن و لە دوای تەڕەدودێکی زۆر، بیلعکەس لەگەڵ مەلیک ساڵح ڕێک کەوت. ئومەرای دیمەشق کە ئەمەیان چاو پێکەوت، ئینجا ڕجانامەیان بۆ مەلیک ناسر نووسی تا بیانگاتێ و لەم تەهلوکە نەجاتیان بدا.

مەلیک ناسر دەمێک بوو دەعوەتێکی وای لە خوا ئەویست، دەستبەجێ هەڵسا و بە لەشکرەوە دەشتی «تیە»ی بڕی و لە خاکی قودس بەبێ خۆف تێپەڕی و گەیشتە خاکی سووریە. لە پێش حەرەکەتیدا زاتەن بۆ خەلیفەی بەغدای نووسیبوو کە زۆر پێویستە سووریەشی بە دەستەوە بێ، تا بتوانێ لەگەڵ حکوومەتی فەرەنگدا خەریک بێ و مودافەعەی ئیسلامییەت بکا و زاتەن حکوومەتی بێکارەی مەلیک ساڵح ئەم خدمەتەیان پێ ناکرێ و نەیانکردووە، بەڵکوو لەگەڵ دوژمنی دیندا ئیتیفاقیان کردووە.

مەلیک ناسر بەم تەڕحە موساعەدەی لە خەلیفە وەرگرت و لە لای هەموو کەس بە مودافیعی ئیسلام ناسرا. لە بەر ئەوە، نەک ئەمەی کە تووشی موقاوەمەتێک بێ، بەڵکوو لە هەموو لایەکەوە ئیمداد و موعاوەنەتی بۆ هات.

خولاسە مەلیک ناسر گەیشتە «بەسری» و حاکمەکەی چوو بە پیریەوە و ئیتاعەتی کرد، لەم شارەوە ڕاستەو ڕاست ڕووی کردە شام و لە ئەواخیری ڕەبیعول ئەوەڵی ٥٧٠ هـ.دا گەیشتە ئەوێ و داخڵی شار بوو و چووە ماڵی باوکی و لە دوای ئیستراحەت لەوێ قەڵاکەی تەسلیم کرا [کە] خەزێنە و ماڵێکی زۆری تیا بوو، هەمووی بە سەر خەڵکی شامدا دابەش کرد و هەموو کەسێک لە قودوومی مەمنوون و مەسروور بوو.

مەلیک ناسر بە فیکرێکی داهییانە، دایمە لە موخابەرە و موعامەلەیدا خۆی وا ئەنواند کە تەنیا بۆ موعاوەنەت و خزمەتی کوڕی وەلی‌نیعمەتی، کە مەلیک ساڵحە، هاتووە و لە بەر ئەم حاڵە، هەموو کەس زیاتر خۆشی ویست و ئومەرا و ئەشرافی شام بە دڵ و بە گیان، تابیعی ئەمر و نەهیی بوون.

مەلیک ناسر لە دوای ڕێکخستنی ئیش و کاری شام، سەیفەل‌ئیسلام تەفتەکینی برای بە سەریەوە دانا و ڕووی کردە حومس. شارەکەی گرت و میقدارێ قووەتیشی بۆ موحاسەرەی قەڵاکەی بەجێ هێشت و ڕووی کرد حەمما. حاکمی ئەم شارە، ئەمیر عیزەدین جوردیک بوو کە لە سەفەری سێهەمی میسردا لەگەڵ ئەمیر سەلاحەدین بوو، بەڵام لە دوای وەزارەتی، نەویویست لە مەعییەتیدا بێ و گەڕابووەوە شام. ئەم ئەمیرە ئەووەڵەن نەیویست ئیتاعەتی بکا؛ بەڵام لە دواییدا مەلیک ناسری ئەمین کردەوە و شارەکەی تەسلیم کرد، تەنیا قەڵاکە بە دەس براکەیەوە ما و لە تەڕەف مەلیکەوە بە مورەخەس بۆ حەڵەب نێررا تا لەوێ ئوسەرا بەردەن و مەیدان بە ڕژانی خوێن لە بەینی ئیسلامدا نەدەن. بەڵام ئەمیر عیزەدین کە گەیشتە حەڵەب، کمشتەکین گرتی و حەپسی کرد. برای ئەمیر عیزەدین کە ئەم خەبەرەی بیست، قەڵای حەمماشی تەسلیمی مەلیک ناسر کرد. لە دوای ئەمە، مەلیک ڕۆیی بۆ حەڵەب و لە سێیەم ڕۆژی جەمادی‌ئاخری ٥٧٠ هـ.دا شارەکەی موحاسەرە کرد و ئیعلانیشی کرد کە بە دوژمنایەتی نەهاتووە، بەڵکوو بۆ خەلاسکردنی پادشا لە دەس کمشتەکین و بەعزێ ئومەرای عاسی هاتۆتە ئەم وڵاتە.

کمشتەکین کە چاوی بەو حاڵە کەوت، ویستی بە واسیتەی فیدائی ئیسماعیلی، مەلیک ناسر لە ناو بەرێ و ساعیی مەخسووسی ناردە لای مورشیدی ئیسماعیلی، شێخ ئەلجەبەل ڕاشدئەلدین سەنان و لە تەڕەف ئەم شێخەوە چەند فیدائییەک نێررا، بەڵام مەلیک ناسر پێی زانی و هەمووی کوشتن.

لە دوای ئەمە، بە تەزییقی کمشتەکین، مەلیک ساڵح خەڵکی لە عەلەیهی مەلیک ناسر تەشویق کرد بۆ شەڕ و واقیعەن قەڵای حەڵەبیان بە شیددەت مودافەعە کرد.

کمشتەکین لە لایەکی تریشەوە ڕیاموندی حاکمی تەڕابلوسی کە لە زەمانی سوڵتان نوورەدینەوە حەپس بوو بەرەڵا کرد تا بەرامبەر بە مەلیک ناسر یارییەیان بدا. ئەم قوماندانەی فەرەنگە لە دوای بەربوونی، بوو بە وەسیی مەلیک بالدوینی قودس و تەڵەبی موعاوەنەتی کمشتەکینی بە فرسەت زانی، تا حەق لە ئیسلام بسێنێتەوە و بە لەشکرێکەوە ڕووی کردە حومس. مەلیک ناسر کە وای زانی، وازی لە موحاسەرەی حەڵەب هێنا و ڕووی کردە لەشکری قودس، بەڵام ڕیاموند نەیوێرا ڕاوەستێ و گەڕایەوە. مەلیک ناسریش بەعلەبەکی زەوت کرد و چووە شام.

مەلیک ساڵح تەڵەبی ئیمدادی لە سەیفەددین حاکمی مووسڵ کرد و ئەم حاکمە دەستبەجێ بە خۆی و لەشکریەوە هات و لەگەڵ لەشکری حەڵەب یەکدگیر بوو و هەردوو لا ڕوویان کردە مەلیک ناسر، بەڵام مەلیک چونکە حەزی نەئەکرد کە فەساد لە بەینی ئیسلامدا بێ و فەرەنگ ئیستیفادە بکا، تەکلیفی ڕێککەوتنی لێ کردن و خەبەری بۆ ناردن کە بە غەیری شام، ئەو وڵاتانەی کە زەوتی کردووە، هەموویان بۆ ڕەد ئەکاتەوە و تەنیا بە وەکالەتی مەلیک ساڵح، شام بۆ خۆی ئەهێڵێتەوە و ئەگەڕێتەوە میسر، بەڵام سەیفەددین و مەلیک ساڵح قەبووڵیان نەکرد. لە دوای ئەمە مەلیک ناسر ڕووی تێ کردن و لە نزیک حەمما لە ١٩ی ڕەمەزانی ٥٧٠دا شەڕێکی قورس قەوما و مەلیک ناسر غەلەبەی بە سەر دوژمندا کرد و زۆر خراپ شکاندنی و تا حەڵەب ڕاوی نان [و] لەو شارەدا موحاسەرەی کردن. سەیفەددین خۆی دەرباز کرد و چووەوە مووسڵ، بەڵام لەشکری مەلیک وازیان لێ نەهێنا و ڕوویان کردە مووسڵ، ناچار سەیفەدین لەشکرێکی شەش هەزار کەسی بە پیرەوە نارد و لە «تەل ئەلسوڵتان»دا تووشی لەشکری مەلیک بوون و ئەمجارەش لەشکری مووسڵ پەرێشان بوو و زۆریان لێ بە دیل گیرا و تاڵانێکی زۆر دەس لەشکری میسر کەوت. بەقییەی لەشکری مووسڵ ڕایانکردە حەڵەب. مەلیک ناسر لە دوای ئەم زەفەرە، لە ڕێگە قەڵای «بزاغە» و «مەنبەج» و «ئغزار»ی زەوت کرد و دەسی کرد بە تەزییق کردنی قەڵای حەڵەب.

لە وەقتێکدا کە مەلیک ناسر لەگەڵ موحاسەرەی قەڵای ئغزار (نزیک حەڵەب) خەریک بوو، ڕۆژێک فیدائییەک لە پڕێکا هجوومی کردە سەری و شیرێکی لە سەری دا، بەڵام لە بەر کڵاو و زرێ، کەم تەئسیری کرد و دەستەودائیرەی مەلیک بە فریادا گەیشتن و کابرایان کوشت و زۆری پێ نەچوو یەک لە دوای یەک، چەند فیدائییەکی تر هەڵیانکوتایە سەر مەلیک، بەڵام هەموویان لە ناو بران.

ئەم قاتیلانە لە تەڕەف کمشتەکینی خائینەوە نێررابوون. مەلیک ناسر لە دوای ئەم حادیسەیە قەڵای حەڵەبی زیاتر تەزییق کرد و نیهایەت خەڵکی شارەکە نەیانتوانی بەرامبەر بە شیددەتی مەلیک ڕاوەستن و بە بەعزێ شرووت سوڵحیان ویست.

لەو بەینەدا کچێکی سوڵتان نوورەدین و خوشکی مەلیک ساڵح، بۆ شەفاعەت هاتە لای مەلیک ناسر و مەلیک زۆر قەدر و حورمەتی گرت و لە بەر خاتری ئەو، کەسی ئازار نەدا؛ ئەسیرەکانی حەڵەبی بەرەڵا کرد و بریندارەکانی تەداوی کرد.

نیهایەت مەلیک ساڵح، لە سەر مەیلی خەڵکەکە بە سوڵح ڕازی بوو و وازی لەو وڵاتانە هێنا کە دەستی مەلیک ناسر کەوتبوو، بەم تەرحە، غەیری حەڵەب و ئەتڕافی، هیچ جێگەیەک بۆ مەلیک ساڵح نەمایەوە و هەموو کەوتە ژێر حوکمی مەلیک ناسرەوە.

لە دوای ئەم سوڵحە، مەلیک لە شەووالی ئەو ساڵەدا گەڕایەوە شام و لەوێ خەڵاتی خەلیفەی عەباسی گەیشتێ و بە ناوی خەلیفەوە، بوو بە ساحێبی میسر و شام و عینوانی «سوڵتان»یشی درایە و لە ئیعتیباری ئەو ڕۆژەوە ناوی مەلیک ساڵح لە سکە و خوتبە هەڵگیرا و سکە بە ناوی «مەلیک ناسر یۆسف ئیبنی ئەیووب»ەوە لێدرا. لە دوای ئەمە لەو سەفەرەدا هەرچی تاڵانێک دەس کەوتبوو، هەمووی بە سەر لەشکردا دابەش کرد.

دەوری سەڵتەنەتی[edit]

سوڵتان سەلاحەددین لە دوای ڕێکخستنی ئیش و کاری سووریە، فیرقەی ئیسماعیلییەی تەربیە کرد و لە دوای حەسانەوە لە شام، توورانشاهی برای کە لە یەمەنەوە بۆ دیدەنی هاتبوو، کرد بە وەکیل و لە سەر سووریەی دانا و گەڕایەوە میسر و دەسی کرد بە بینای شوورەی دەوری قاهیرە و قەڵاکەی. واقیعەن ئەم شوورەیە زۆر جار تەعمیر و تەغییر ئەکرا، بەڵام عەلامەتی بەیاخی سوڵتان کە هەڵۆیەکی سوور لە سەر [ڕوخامێکی] زەرد بوو، ئێستاکەش بە سەر یەکێ لە دیوارەکانی قەڵاکەوە ماوە.

لە دوای گەڕانەوەی سوڵتان بۆ میسر، فەرەنگ بە فرسەتیان زانی و لە دوو قۆڵەوە ڕوویان کردە شام و بەعلەبەک و ئەو ناوەیان تاڵان و وێران کرد و توورانشاهیان شکاند و زۆریان لە موسوڵمانان بە دیل گرت.

سوڵتان سەلاحەددین کە ئەمەی بیست، بە لەشکرێکی بچووکەوە ڕووی کردە فەلەستین و تا ڕەملە هات و لەوێ تووشی لەشکرێکی بەقووەتی فەرەنگ بوو و کەوتنە شەڕەوە. بەڵام ئەم غەلەبەیە بۆ دوژمن بوو و سوڵتان لە تەهلوکەیەکی گەورە نەجاتی بوو (٥٧٣ هـ). ئەمیر عیسای حەکاری لەم شەڕەدا کەوتە دەس فەرەنگ و لە دواییدا سوڵتان بە پارە کڕییەوە.

سوڵتان سەلاحەددین گەڕایەوە میسر و ئەمجارە لەشکرێکی بەقووەتی کۆ کردەوە و لە دوای سێ مانگ ڕووی کردە سووریە و لەشکری شامیشی خستە تەک خۆی و تەنگی بە فەرەنگ هەڵچنی، لەو بەینەدا لەشکری گاور حەممایان تەزییق کردبوو و لە دواییدا چوونە سەر «حارم» کە لە ژێر حاکمی حەڵەبدا بوو و لە دوای سەندنی پارەیەکی زۆر لە مەلیک ساڵح، گەڕانەوە دواوە.

فەرەنگ بەرامبەر بە سوڵتان، خۆی بە زەعیف دی و بە ترسێکی دوایی، دەسی کرد بە قایمکردنی سەرحەدی خۆی و دروستکردنی قەڵایەک لە نزیک «بەیت یەعقووب». ئەم قەڵایە بۆ ئیسلام خراپ بوو، لە بەر ئەوە سوڵتان ویستی بە تەماعی ماڵ وازیان پێ لێ بێنێ، بەڵام فائیدەی نەبوو و تەواویان کرد و بوو بە مەرکەزێکی موهیمی حەربی. مەلیکی قودس لە دوای تەواوکردنی ئەم قەڵایە، لەشکرێکی ناردە سەر سووریە و سوڵتانیش ئەمیر فەڕوخشاهی برازای بە لەشکرێکەوە ناردە بەرامبەریان. فەڕوخشاه فەرەنگی خراپ شکاند و ئەوەندەی نەمابوو مەلیکی قودس ئەسیر کا، بەڵام شوالییەیەکی گاور کە ناوی «هەمفێری» بوو، مەلیکی ڕزگار کرد.

لە لایەکی تریشەوە سوڵتان سەلاحەددین خۆی بە لەشکرەوە چووە سەر قەڵای یەعقووب و موحاسەرەی کرد و دەسی کرد بە تاڵانکردنی ئەترافی سەیدا و بەیرووت.

مەلیکی قودس بۆ ئینتیقام لە سوڵتان و مەنعی تاڵانی موسوڵمانان، بە لەشکرێکی زۆر بەقووەتەوە ڕووی کردە لەشکری سوڵتان و لە «مبرح ئەلعیوون»دا شەڕێکی زۆر قورس لە بەیندا قەوما و فەرەنگ زۆر خراپ شکا و زۆریان لێ بە دیل گیرا، حاکمی تەڕابلوس (ڕیاموند)، حاکمی ڕەملە (بولدوین) و حاکمی تەبریە (هرج) و بەعزێ پیاوماقووڵانی تری فەرەنگیش لە ناو ئەسرادا بوون (٢ی موحەڕەمی ٥٧٥؛ ١٠ی حوزەیرانی ١١٧٩).

سوڵتان لە دوای ئەم زەفەرە بڵندە بە دوو مانگ هاتەوە سەر قەڵای یەعقووب و لە زەرفی پێنج ڕۆژدا گرتی و موحافیزانی فەرەنگی ئەسیر کرد و قەڵاکەی تێکومەکان دا.

بە سەبەبی لەدەست‌چوونی قەڵای یەعقووب، فەرەنگ کەوتە ترسەوە و تەڵەبی موتارەکەیەکی دوو ساڵیی کرد و سوڵتان قەبووڵی کرد. بە غەیری حاکمی ئەنتاکییە، هەموو ئومەرای فەرەنگ داخڵی ئەم سوڵحە بوون.

سوڵتان سەلاحەددین ویستی لەم فرسەتەدا ئیش و کاری جەزیرەش ساغ بکاتەوە، حاکمی حەسەن‌کێف، نوورەدین، کە زاوای قلیج ئەرسەلانی حاکمی سەلجووقی ڕۆم بوو، لەگەڵ خەزووریدا تێک چووبوو و لە سەر ئەوە، قلیج ئەرسەلان ئیعلانی حەربی لەگەڵ کردبوو. وەلحاڵ ئەمیر نوورەدین موتتەفیقی سوڵتان بوو، هەرچەندە سوڵتان سەلاحەددین لە وەقعەی «حیسن ڕەعبان»ەوە ڕقی لە قلیج ئەرسەلان بوو، بەڵام دیسان نەیویست خوێن لە بەینی موسوڵمانانا بڕژێ و ڕێکی خستن و خۆشی چووە سەر حاکمی ئەرمەنییەی بچووک کە «ڕووبین» بوو و شکاندی و مەجبووری سوڵحی کرد.

لەم زەفەرانەی یەک لە دوای یەکەی سوڵتان، هەموو کەس ئاگادار بوو و دەرەجەی شەوکەت و قودرەتیان ئیقرار کرد و هەموو حکوومەتە بچکۆلەکان بۆ دۆستایەتی هەوڵیان دا و گەورەیی سوڵتان سەلاحەددینیان قەبووڵ کرد و لە بەینی خۆیان و سوڵتاندا ئیتیفاقێکیان کرد کە لە ئیعتیباری جەمادی ئەلئەوەڵی ٥٧٥ هـ (تشرینی ئەوەڵی ١١٨٠ م)وە ئەبوایە دوو ساڵ دەوامی بکردایە. حاکمی مووسڵ و جەزیرە و هەولێر و حەسەن‌کێف و ماردین و سوڵتانی ڕۆم و مەلیکی ئەرمەنییەش داخڵی ئەم ئیتیفاقە بوون و قەول و بڕییان کرد کە لەم موددەتەدا شەڕ لەگەڵ یەک نەکەن. بەم نەوعە شەڕی بەینی موسوڵمانان دوایی هات و شۆرەتی گەورەیی سوڵتان بە ناو وڵاتانی بەینی بەحری ڕەش و خەلیجی فارس و بەحری سپیدا بڵاو بۆوە و بە واسیتەی ئەم ئیتیفاقەوە ئیمکانی ئیستیعمالکردنی هەموو قووەتی ئیسلام بەرامبەر بە فەرەنگ حاسڵ بوو.

لە دوای ئەمە، سوڵتان بە دڵێکی ڕاحەتەوە لە ڕەجەبی ٥٧٦ هـ.دا گەڕایەوە میسر و ئەمیر فەڕوخشاهی برازای بە سەر شامەوە بەجێ هێشت.

سوڵتان کە گەیشتە میسر، دەسی کرد بە ڕێکخستنی ئیش و کاری ئەوێ و کردنەوەی مەکتەب و مەدرەسە و چاککردنی ڕێگەوبان و تەحکیمکردنی ئەسکەندەرییە. توورانشاهی برای، کە لە دوای بەعلەبەک، ئەسکەندەرییەی درابوویە، لە پێش گەیشتنی سوڵتان بە میسر، وەفاتی کردبوو.

لە وەقتێکدا کە سوڵتان لەگەڵ ئیش و کاری میسر خەریک بوو، خەبەری بۆ هات کە ڕینۆڵد (ئەرنات)ی حاکمی «کرگ»، بە خیلافی شرووتی موسالەحە، کاروانێکی تیجاری ئیسلامی کە لە نزیک «کرن»ەوە تێئەپەڕن، تاڵان کرد. تەسادوف لەو وەقتەدا گەمییەکی حەجاجی مەسیحی لای دابووە دەمیات، سوڵتان بۆ بەرامبەریی بە موعامەلەی حاکمی کرگ، ئەو حەجاجانەی گرت. هەر لەو بەینەدا حاکمی مووسڵ و جەزیرە، ئەمیر سەیفەددین غازی، وەفاتی کرد. جەزیرەی ئیبنی عومەری دابوو بە سەنجەر شاهی کوڕی و عەقری حەمیدیشی دابوو بە ناسرەدین کشک و باقی وڵاتانی مووسڵ و جەزیرەشی وەسیەت کردبوو بۆ عیزەدین مەسعوودی برای.

لە دوای چەند وەقتێکی تر، مەلیک ساڵح ئیسماعیلیش وەفاتی کرد (٢٥ی ڕەجەبی ٥٧٧ هـ) و حەڵەبی وەسیەت کردبوو بۆ عیزەدین مەسعوود. ئەمیر عیزەدین لە دواییدا حەڵەبی بەرامبەر بە سنجار دا بە عیمادەدینی برای (١٣ محەڕڕەمی ٥٧٨).

سوڵتان سەلاحەددین لە وەفاتی مەلیک ساڵح و لە زەوتکرانی حەڵەب لە تەڕەفی عیمادەدینەوە زۆر سەغڵەت بوو، بەڵام بە سەبەبی ئیتیفاقی دوو ساڵەوە، مومکین نەبوو بچێتە سەری و حەڵەبی لێ بستێنێ، واقیعەن زۆر ڕیعایەتی شەرت و عەهدی ئەکرد و قەت عەهد و میساقی نەئەشکاند و نەیشکاندووە. لەگەڵ ئەمەشدا هێشتا بۆ تەواوبوونی موددەتی موعاهەدە چوار مانگ مابوو، کەچی خەبەری بۆ هات کە بەعزێ لە موتتەفیقەکانی لەگەڵ شێخ جەبەل و فەرەنگدا لە عەلەیهی سوڵتان خەریکی ڕێککەوتنن.

لە سەر ئەم ئەحواڵ و ئەخبارە، سوڵتان سەلاحەددین بە لەشکرەوە ڕووی کردە شام، بارگرانی لەگەڵ تاج‌ئەلـملووک بووری برایدا نارد بۆ شام و خۆی بە لەشکرەوە دەسی کرد بە تاڵانکردنی وڵاتی فەرەنگ و دوشمن نەیوێرا ڕێگەی پێ بگرێ و بەبێ زەحمەت لە سەفەری ٥٧٨دا گەیشتە شام.

لە دوای ئیستراحەتی چەند ڕۆژێک دیسان، هەڵیکوتایە وڵاتی فەرەنگ، زۆری لێ کوشتن و «بیسان»یشی گرت و گەڕایەوە شام. لە دوای مانگێک چوو بەیرووتی لە جیهەتی بەحر و بەڕەوە، بە ئۆردوو و دوننما موحاسەرە کرد، بەڵام لە پێش گرتنی ئەم شارە، لە سەر دەعوەتی «گوگبوری»ی حاکمی حەڕان، ڕووی کردە جەزیرە. لەم بەینەدا موددەتی ئیتیفاق تەواو بوو و ئەغڵەبی حاکمانی جەزیرە ئەیانویست بچنە ژێر ئیتاعەتی سوڵتانەوە و ئەم ئارەزووەشیان عەرز کردبوو. ئەم حاڵە بۆ غەلەبەی سوڵتان موقەددەمەیەکی خێر بوو و ویستی لەمە ئیستیفادە بکا و مووسڵ بگرێ و واقیعەن چوو و موحاسەرەی کرد، بەڵام لە دوای دوو مانگ مووسڵی بەجێ هێشت و چوو سنجاری گرت (٢ی ڕەمەزانی ٥٧٨).

لەو بەینەدا خەبەری زانی کە فەرەنگ خەریکی خۆ حازرکردنە بۆ تاڵانی جنووبی سووریە؛ سوڵتان ئەهمیەتی نەدایە و گوتی فەرەنگ لەوێ بەڵکوو بەعزێ گوندوموند زەوت ئەکا و وەلحاڵ ئێمە لێرە شاران ئەگرین، هەر وەقتێ گەڕاینەوە ئەوێ، مومکینە فەرەنگ بشکێنین و لە وڵاتەکەی دەرکەین. واقیعەن مەقسەدی سوڵتان، ئەووەڵ و ئاخیر، هێنانە ژێر ئیتاعەتی ئومەرای ئیسلام و ئیستیفادە لە قووەت و ئیتیحادیان بوو بەرامبەر بە فەرەنگ، بۆ سەندنەوەی قودسی شەریف، بەم فیکرە ویستی ئەووەڵەن ئیشی جەزیرە تەواو کا.

سوڵتان سەلاحەددین لە دوای سنجار ڕووی کردە قەڵای ئامەد (دیاربەکر) و لە دوای موحاسەرەیەکی هەشت ڕۆژە، ئەو قەڵا مەحکەم و گەورەیەی گرت. لەو بەینەدا خەبەری بۆ هات کە عیمادەدینی حاکمی حەڵەب، لە عەلەیهی لەگەڵ فەرەنگدا ئیتیفاقی کردووە و ئەیانەوێ تەعەڕوز بکەنە وڵاتانی سوڵتان. لە دوای ئەم خەبەرە دەستبەجێ لە فورات پەڕیەوە و لە ڕێگەدا «غیتان»ی لە ١٦ی موحەڕەمی ٥٧٩دا گرت و لە پاشدا چوو حەڵەبی موحاسەرە کرد.

عیمادەدین کە زانی ناتوانێ خۆی ڕابگرێ، تەڵەبی لە سوڵتان کرد کە لە باتی حەڵەب، سنجاری لەگەڵ تەوابعیدا (وەکوو نەسیبین، خاپوور، ڕەققە و سرووچ) بداتێ. سوڵتان سەلاحەددین ئەم گۆڕینەوەیەی قەبووڵ کرد و لە ١٧ی سەفەری ٥٧٩ (١٩ی حوزەیرانی ٨١٣)دا داخڵی حەڵەب بوو و خەڵکی وڵاتەکە بە ئاهەنگ و شادی، ئیستقبالیان کرد و زۆر مەمنوون بوون.

لە وەقتی موحاسەرەی حەڵەبدا بوو کە خەبەری وەفاتی مەجدەدین بوری برای بۆ هات و زۆر سەغڵەت بوو.

قازیی شام، موحیەدینی کوڕی زەکی، لە دوای فەتحی حەڵەب قەسیدەیەکی مەدحییەی بۆ سوڵتان نووسی کە ئەم بەیتە لەوە:

و فَتْحُکُم حَلَباً بِالسَّیفِ في صَفَر / مُبَشِّرٌ بِفُتوحِ الْقُدسِ في رَجَب

حەقیقەت فەتحی قودس بە فاسیلەیەکی چوار ساڵی تەسادوفی مانگی موحەرەمی کرد.

لە دوای فەتحی حەڵەب، شۆرەت و گەورەیی سوڵتان بە تەبیعەت زیاتر بوو و بە گەورەی هەموو ئومەرای ئیسلام ناسرا؛ بە غەیری مووسڵ، لە جەزیرەوە تا ڕەملە و لەوێوە تا تەڕابلوس و یەمەن هەمووی تابیعی ئەمر و نەهی بوو. تەنیا فیکری لەگەڵ زەوتکردنی قودسی شەریف و دەرکردنی فەرەنگ لە وڵاتی ئیسلام خەریک بوو.

سوڵتان سەلاحەددین لە ٣ی جەمادی ئەلئەوەلی ٥٧٩دا لە حەڵەب جوێ بووەوە. لەو بەینەدا فەرەنگ لە وەفاتی فەڕوخشاهی نائیبی سوڵتان لە شام، ئیستیفادەیان کرد و تا نزیکی شام وڵاتیان تاڵان کرد. لە لایەکی تریشەوە ئەمیری کرگ تا مەدینەی مونەووەرە ئەو ناوەی وێران کرد و حەتتا ئەوەندەی نەمابوو کە مەدینەش بگرێ، بەڵام ئەمیر لوءلوء بە فریادا گەیشت و لەشکری کرگی شکاند و زۆری لێ بە دیل گرتن. سوڵتان لەم ئەحواڵە عاجز بوو و ویستی زۆر باش فەرەنگ تەربیە بکا، بە لەشکرەوە لە چەمی ئەردەن پەڕیەوە و گەیشتە «ببسان» و سووتاندی و لە ژووری «ئەلفولە = عەفولە» تووشی لەشکری فەرەنگ بوو، بە عەکسی زۆریی، نەیانوێرا بکەونە شەڕەوە و لە دوای بەینێک گەڕانەوە تەڕەفی «حوزوورییە». لە دوای ئەمە، سوڵتان چووە سەر کرگ و موحاسەرەی کرد، بەڵام فائیدەی نەبوو. ساڵی دواییش هاتەوە سەری و دیسان نەگیرا. مەجمووعەی «کلّ شیء» لە نوسخەی ٢٦٩ و لە تاریخی ١١ی یۆلییەی ١٣١٩ لە ژێر عینوانی «صلاح الدین و الامیرة الافرنجیة»دا دەرحەق بەم موحاسەرەی کەرگە حیکایەتێکی نووسیوە و خولاسە ئەڵێ:

لە تشرینی سانی ٥٧٩ هـ.دا سوڵتان سەلاحەددین قەڵای کەرگی تەزییق کرد. لەو بەینەدا هەمفروای چوارەم (کۆنت دی تۆرۆن)، کچی کۆنت ڕینۆدی شاتلیۆنی مارە کردبوو و لە بورجێکی قەڵاکەدا خەریکی شایی بوون. دایکی زاوا، پرەنسس ئیتانات، ئێلچییەکی لەگەڵ بەعزێ پیاوماقووڵ و دیاریدا نارد بۆ لای سوڵتان و کاغەزێکی بۆ نووسی و ڕجای کرد کە لە شەوی مەعلوومدا ئەو بورجە ناڕاحەت نەکەن و تەڕەفی ئیسلامیش شایی قەبووڵ بکەن. پرەنسس لە کاغەزەکەیدا خەتاب بە سوڵتان ئەڵێ: لە وەقتێکدا لە قەسری ئێمە ئەسیر بووی و دایمە منت ئەگرت بە باوەشەوە ئەتگێڕام، لە بەر خاتری دۆستایەتیی ئەو ڕۆژەمان، شایی کوڕەکەم مەشێوێنە. واقیعەن سوڵتان سەلاحەددین ئەمری دا و موەققەتی وازی لە تەزییق هێنا و سوڵتان بە ئیمزای خۆی کاغەزێکی دڵنەوایی بۆ پرەنسس نووسی و ناردی.

بە گوێرەی ئەم مەعلووماتە وا حاڵی ئەبین کە سوڵتان لە وەقتی خۆیدا ئەسیر بووە و موددەتێک بە دەس هەمفرواوە ماوەتەوە.

لە پاش ئەم حادیساتە ئومەرای فەرەنگ بە موتتەفیقی تەڵەبی سوڵحی چوار ساڵیان کرد و ئەم تەکلیفەش قەبووڵ کرا و سوڵتان گەڕایەوە شام.

لەو بەینەدا حاکمی مووسڵ بە موافەقەتی خەلیفەی عەباسی، ویستی لەگەڵ سوڵتاندا سوڵح بکا و بەم مەقسەدە، بەهائەددین کوڕی شەدادی کە لە لای سوڵتان زۆر خۆشەویست بوو، لەگەڵ شێخ ئەلشیوخ سەدرەدیندا ناردە شام، بەڵام سوڵتان سەلاحەددین بە مەسڵەحەتی نەزانی و لە دوای بەینێک بە لەشکرەوە ڕووی کردە مووسڵ و موحاسەرەی کرد (٥٨١ هـ)، حاکمی مووسڵ بۆ ڕجای سوڵح، کچی سوڵتان نوورەدینی مامی کە دایکی بوو، ناردە لای سوڵتان، بەڵام فائیدەی نەبوو.

سوڵتان کە خەبەری بەعزێ ئەحواڵ و ئیختیلافاتی ئەرمەنشاتی بیست، وازی لە موحاسەرە هێنا و چوو میافارقینی گرت (ڕەبیع ئەلئاخری ٥٨١) و لە پاشدا گەڕایەوە سەر مووسڵ، بەڵام نەخۆش کەوت و ناعیلاج ما، گەڕایەوە حەڕان. لە ڕێگە تووشی مورەخەسێکی تری حاکمی مووسڵ هات، بەعزێ شرووتی باش، وەکوو خوتبە خوێندن و سکە لێدان بە ناوی سوڵتانەوە و تەرککردنی بەعزێ وڵاتانی تر، ڕجای ئاشتی بوو.

سوڵتان سەلاح کە گەیشتە حەڕان، نەخۆشییەکەی قورستر بوو و حەتتا بەعزێک ئومێدیان لە ژیانی بڕی و سوڵتانیش وەسیەتی کرد، بەڵام زۆری پێ نەچوو نەخۆشییەکەی چاک بووەوە و لەو وەقتەدا ئیبنی شەداد گەیشتە حەڕان (ئەواخیری زی‌ئەلقەعدەی ٥٨١) و بە ناوی حاکمی مووسڵەوە سوڵحنامەی مۆر کرد، بە گوێرەی ئەم سوڵحە، سوڵتان سەلاحەدین بووە حوکمداری جەزیرەی شیمالی و بەشێکی کوردستان.

سوڵتان لە دوای ئەم سوڵحە لە حەڕان هەڵسا و چەند ڕۆژێک لە حومسدا مایەوە و لەوێ ناسرەدینی کوڕی شێرکۆهی مامی کوشت، چونکە لە وەقتی نەخۆشیی سوڵتاندا لە بەینی ئومەرادا سەعی بۆ حوکمداریی خۆی کردبوو، لە جێگەی ناسرەدین، کوڕەکەی کرد بە حاکمی حومس و لە موحەڕەمی ٥٨٢دا هاتەوە شام.

سوڵتان سەلاحەددین و ئەهلی سەلیب[edit]

سوڵتان سەلاح لە دوای ئەمە کە ئیش و کاری سووریە و جەزیرەی بڕییەوە، ئاگری حەسادەت و نیفاقی ئومەرای ئەو ناوەی کوژاندەوە و هەمووی تابیعی ئەمر و فەرمانی خۆی کرد. قووەتە بڵاوەکەی ئومەرای موسلیمین، کە ئەغڵەب بۆ شەڕ و دەعوای ناو خۆیان سەرف ئەکرا، کۆ کردەوە و بۆ گەیشتن بەو مەقسەدە موبارەکەی خۆی، کە فەتحی قودس و دەرپەڕاندنی ئەهلی سەلیب لە فەلەستین بوو، توانی بە عەمەلی بهێنێ و لەم وەحدەتە و نفووزی حاکیمەی خۆی بە تەواوی ئەمین بوو.

ئینجا قەراری بە ئیعلانی جیهادی موقەدەس بەرامبەر بە فەرەنگ دا. تەفرەقە و نیفاقی ئومەرای فەرەنگ لە فەلەستیندا بۆ تەتبیقی ئەم قەرارە زۆر موساعید بوو، باخسووس لە دوای مردنی مەلیک بالدوینی چوارەم، ئیش و کاری حکوومەت بەینێک بە وەکالەت بە دەس ڕیاموندی حاکمی تەڕابلوسەوە بوو، لە دواییدا «سیبیل»ی خوشکی پادشا مردووەکە، شووی کرد بە «جۆی»ناو ئەمیرێکی فەرەنگ و تاجیشی نایە سەر سەری. ئەم جۆیە لەشکری کردە سەر ڕیاموند کە لە تەبریە بوو و ئەم ڕیاموندەش داوای کۆمەکی لە سوڵتان کرد، بەڵام سوڵتان ئارەزووی نەئەکرد کە لە پێش تەواوبوونی موددەتی موعاهەدە هەڵکوتێتە سەر فەرەنگ.

ئەم نەقزی عەهدە ئەمجارەش لە تەڕەف فەرەنگەوە و بە واسیتەی ڕینۆڵدی ئەمیری کەرگەوە کرا. واقیعەن لە ٥٨٢ هـ.دا کاروانێکی گەورەی ئیسلام لە وەقتێکدا کە لە نزیک کەرگەوە تێپەڕ ئەبوو، تووشی تەعەڕوزی فەرەنگ بوو و هەموو ماڵیان لە دەس چوو، پیاو و ئافرەتی ئەم کاروانەش ئەسیر کرا؛ بە ڕیوایەتێک خوشکی سوڵتانیش لە ناو ئەم ئەسیرانەدا بوو. ڕینۆڵد بەمەش ڕازی نەبوو و بەعزێ تەحقیرات و تەعەڕوزاتی بە دینی ئیسلامیش کرد. ئەم خەبەرە کە گەیشتە سوڵتان، زۆر سەغڵەت بوو و سوێندی خوارد ئەگەر ڕینۆڵد بگرێ، ئەبێ بە دەسی خۆی بیکوژێ.

لە دوای ئەم وەقعەیە سوڵتان ئیعلانی غەزای کردبوو، موحافەزەی حەجاجیش ئەوەی پێویست بوو کردی و لە قەسری سەلامە کە لە نزیک «بەسری»یەوە بوو، ئۆردووگای دامەزراند. زۆری پێ نەچوو لەشکری میسریشی گەیشتێ و مەلیک ئەفزەلی کوڕیشی لە جیهەتی عەککاوە شکستێکی باشی بە بەشێکی ئۆردووی فەرەنگ دابوو، نیهایەت ڕیاموندیش لەگەڵ فەرەنگ ئاشت بووەوە و بەم تەرحە قووەتی فەرەنگ زۆر بوو.

سوڵتان سەلاحەددین مەجلیسی شۆڕای حەربی کۆ کردەوە و ئەم مەجلیسە قەراری بە شەڕی فەرەنگ دا. ڕۆژی پێنجشەممو ١٦ ڕەبیع ئەلئەوەلی ٥٨٣ هـ، لەشکری ئیسلام بە بەردەمیدا ڕابورد و ڕۆژی دوایی لە دوای نوێژی جومعە لە خوار تەبرییەوە لە چەمی ئەردەن پەڕیەوە و ناردی بۆ کەشفی لەشکری دوژمن، کە لە «سخورییە» بوو. لە دواییدا قووەتێکی بەرامبەر دوژمن دانا و خۆی چووە سەر تەبرییە و زەوتی کرد، بەڵام ماڵ و منداڵی ڕیاموند خۆیان هاویشتە قەڵاکە و تەڵەبی موعاوەنەتیان لە مەلیک جۆی کرد.

لە دوای موزاکەرەیەکی دوور و درێژ، فەرەنگ قەراری شەڕی دا و ویستی ڕێگەی ئاو لە سوڵتان ببڕێ، بەڵام بە غەڵەت چوو، چونکە سوڵتان ئەم خسووسەی تەئمین کردبوو، ڕێگەی ئاوی لە لەشکری فەرەنگ بڕیبوو، ڕۆژی ئەووەڵ لەشکری فەرەنگ هەوڵی بۆ بڕینی ڕێگەی ئاو دا، بەڵام موەفەق نەبوو و لەو ڕۆژە گەرمایەدا خۆیان لە بێ‌ئاوی شپرزە بوون و گەڕانەوە ئۆردووگای خۆیان. ڕۆژی دوایی لەشکری ئیسلام بە هەڵمەتێکی شێرانە ڕوویان کردە لەشکری فەرەنگ و تەفروتوونایان کردن، لە لایەکەوە حەملەی ئیسلام و لە لایەکی تریشەوە تەئسیری تینوویەتی، فەرەنگی بە تەواوی لە کار خست و ئەم ڕۆژی ٢٦ی ڕەبیع‌ئەلئاخری ٥٨٦ە، ڕۆژی ڕووخانی بناغەی ئیماراتی فەرەنگی فەلەستین بوو. مەلیک جۆی، ئەمیری کەرگ، برای مەلیک و بەعزێ ئومەرای تریش لەگەڵ فەرەنگێکی زۆر بە دیل گیران. داری سەلیبی موقەدەسیش لە ناو تاڵانا بوو و لەو ڕۆژەوەی کە فەرەنگ هاتبووە ئەم ناوە، تا ئەو ڕۆژە، تووشی شکستێکی وا گەورە و بەتەئسیر نەبووبوو.

لە دوای شەڕ، خێوەتێکیان بۆ سوڵتان هەڵدا و لەگەڵ ئومەرا و پیاوماقووڵانا تیا دانیشت. مەلیک جۆی و ئەمیری کەرگیان هێنا و دانیشتن. مەلیک داوای ئاوی کرد، دەسبەجێ بەفراویان بۆ هێنا، تۆزێکی لێ خواردەوە و دای بە ئەمیری کەرگ، بەڵام سوڵتان دەسبەجێ مەنعی کرد و گوتی: ئێمە ئەم ئاوەمان بەو نەداوە تا لە ئینتیقامی ئێمە ئەمین بێ. لە دوای ئەمە باسی وەحشەت و غەدداریی ئەمیری کەرگی دەرحەق بە کاروان و حەجاجی موسوڵمانان کرد و لە پاشدا بە دەسی خۆی سەری بڕی و سوێندەکەی هێنایە جێ.

مەلیک جۆی لەم موعامەلەیە ترسا، بەڵام سوڵتان دڵخۆشیی دایەوە و لەگەڵ باقی دیلەکانا بە حورمەت و عیززەت ناردنی بۆ شام، تەنیا لە بەینی ئەمانەدا دووسەد کەسێکی هەڵبژارد کە بە خراپە و زوڵمیان دەرحەق ئیسلام مەشهوور بوون، ئەم دووسەدەی کوشت.

لە دوای چەند ڕۆژێ، سوڵتان چووەوە سەر تەبریە و ژنەکەی ڕیاموند مەئیووس بوو و قەڵاکەی تەسلیم کرد. لە دوای ئەمە، سوڵتان سەلاحەددین ڕووی کردە باقی وڵاتانی فەلەستین، زاتەن قووەتێکی وا نەمابوو بەرامبەری ڕاوەستێ و گەیشتە بەرامبەر هەر قەڵا و شارێک، دەسبەجێ قاپیی بۆ ئەکرایەوە و دەرحەق بە ئەهالی، دایمە ڕووخۆشی و عەدالەتێکی بەرزی ئەنواند.

لە دوای تەبریە ڕووی کردە عەککا، بەڵام ئەم قەڵایە تەسلیم نەبوو و مودافەعەیەکی کورتی کرد، لە پاشدا بە ئومێدی لوتفی سوڵتان، تەسلیم بوو و خەڵکی ڕۆیشتن و ڕۆژی ٢ جەمادی‌ئەلئەوەلی ٥٨٣ لەشکری ئیسلام داخڵی ئەو قەڵایە بوو و لە مزگەوتەکەیدا کە گاورەکان کردبوویان بە کلێسا، نوێژی جومعەیان کرد. لێرە ماڵ و غەنائیمێکی زۆر دەس ئیسلام کەوت.

لە دوای ئەمە، سوڵتان، مەلیک عادڵی برای نارد تا لە حدوودی میسرەوە دەس پێبکا و مەلیک عادڵ، حیسنی «مەجدەلیانا» و «یافا»ی گرت و دیلێکی زۆری دەس کەوت.

سوڵتان خۆشی لە عەککاوە، بەعزێ قۆڵی ناردە «ناسرە»، «قیساریە»، «سەیفا»، «سەفورییە»، «شەقیف» و «ئەلفوولە = عەفوولە»ی داگیر کرد. لە لایەکی تریشەوە «نابلۆس» و «سەبسەتییە» و بەعزێ قەسەبەی تری ئەو ناوەی گرت. لە دواییدا خۆی بیلزات چووە سەر «تینین» و گرتی، لەوێوە ڕووی کردە «سەیدا» و ئەم شارەی بێ شەڕ گرت و بەیرووتی لە دوای هەشت ڕۆژ موحاسەرە زەوت کرد.

لە دواییدا سوڵتان ویستی «عەسقەلان» بگرێ، چونکە لە سەر ڕێگەی میسر و عادەتەن قاپیی قودس بوو. حەیف کە لەو وەقتەدا ئەهمیەتی نەدایە «سوور». وەلحاڵ گاورەکان وردەوردە لەوێ کۆ بوونەوە، بەڵام بێ ڕەئیس بوون، بە هیممەتێکی جوزئی ئەگیرا؛ وەلحاڵ ئەهمیەتی نەدایە و لە پاشدا ئەم قەڵایە بوو بە ئوسسی حەرەکە بۆ گاورەکان و زۆری پێ نەچوو «مارکیز کونارد» لە قوستەنتەنییەوە بە ماڵ و ئەسڵەحەیەکی زۆرەوە هاتە ئەم قەڵایە و مودافەعەی تەنزیم کرد و بوو بە ئوسسی حەرەکەی ئەهلی سەلیبی سێیەم و سەبەبی فەلاکەتی زۆر بۆ موسوڵمانان. ئیهمالی سوور خەتایەکی سەوقەلجەیشی و سیاسیی سوڵتان بوو. لە پێش هاتنی ئەم مارکیزە، خەڵکی سوور خەریکی تەسلیم بوون، بەڵام کە کونارد هات، فیکریان گۆڕی.

سوڵتان سەلاحەددین ویستی بە واسیتەی باوکی کونارد کە لە شام ئەسیر بوو، مەنعی مودافەعەی سوور بکا، بەڵام ئەم تەدبیرە سەری نەگرت.

سوڵتان لە دوای ئەمە ڕووی کردە عەسقەلان و موحاسەرەی کرد و چواردە ڕۆژ لەگەڵی خەریک بوو، ویستی بە واسیتەی مەلیک جۆیەوە ئەم قەڵایە بگرێ، بەڵام فائیدەی نەبوو و لە نیهایەتی جەمادی ئاخردا بە شیددەت هجوومی کردە سەری و گرتی. لە دوای ئەمە، غەززە، ڕەملە، خەلیل ئەلڕەحمان و بەیت ئەللەحم و چەند جێگەیەکی تریشی گرت.

ئەم هەموو فتووحاتە لە زەرفی دوو مانگدا بۆ سوڵتان مەیسەر بوو و بەڕاستی ئەمە بە قیسمەتی هیچ پادشایەک نەبووبوو. لە دوای ئەمە، ڕێگەی قودسی شەریف بۆ ئیسلام کرابووەوە. سوڵتان سەلاحەددین ئەیزانی کە ئەهمیەتی ئەو شارە موبارەکە لە لای ئیسلام و گاور زۆر گەورەیە، لە بەر ئەوە، نەیئەویست بە زۆر و بە شەڕ بیگرێ و تووشی موحاسەرە و تەخریبی بکا. بەم فیکرە هەیئەتێکی ناردە قودس، تا بۆ تەسلیمبوونیان قسە لەگەڵ خەڵکەکەی بکەن. فەرەنگی ئەوێ تەکلیفی تەسلیمیان قەبووڵ نەکرد، لەو وەقتەدا قوماندانی قودس، حاکمی ڕەملە، بلبان بوو کە لە شەڕی «حەتتین»دا ئەسیر بووبوو و ئیزنی لە سوڵتان خواستبوو کە بچێتە قودس و ماڵەکەی بهێنێ و شەوێک زیاتر لە قودسدا نەمێنێتەوە، بەڵام ئەم قوماندانە بێ‌شەرەفە بیلعکەس، لە قودسدا مایەوە و بوو بە قوماندانی مودافەعەی شارەکە و شەست هەزار کەسێکی لێ کۆ بووەوە و گەورەی قەشەکانی قودس، خەزێنەی کلێسای بۆ کردەوە تا بۆ مودافەعە سەرفی بکا.

سوڵتان سەلاحەددین کە وای زانی، بە لەشکرەوە ڕووی کردە قودس و لە ١٥ی ڕەجەبی ٥٨٣ هـ.دا گەیشتە ئەوێ و دەورەی دا و لە دوای کەشف و سەرنجێکی پێنج ڕۆژە، لای شیمالی بۆ هجووم بە موناسب زانی و نەقڵی ئەوێی کرد و جەبەل ئەلزەیتوونی کرد بە مەرکەزی ئۆردوو و لەوێوە دەسی کرد بە تەزییقی شارەکە. لەشکری ئیسلام وردەوردە پێش کەوتن، لە چاڵەکەی دەوری تێپەڕ بوون و شوورەی وڵاتەکەشیان کون کرد. ئەم حاڵە بووە سەبەبی مەئیووسییەتی مودافعینی فەرەنگ و تەڵەبی ئەمان و تەسلیمیان. لە دوای موزاکەرەیەکی دوور و درێژ، بە شەرتی ئەمەی کە لە زەرفی چل ڕۆژدا فەرەنگ بە سەربەستی لە شارەکە دەرچن و هەر پیاوێک دە دینار و ژن پێنج و منداڵ دوو دینار فیدیەی نەجات بدەن.

بەم قەول و بڕیدەیە قەراری تەسلیمی شارەکە درا. لە ئیعتیباری ڕۆژی جومعەی ٢٧ی ڕەجەبی ٥٨٣وە، ئەهالی دەسی کرد بە دەرچوون لە قودس، بەم تەرحە فەتحی قودس مەیسەر بوو و هەر وەکوو قازیی شام، موحیەددین لە دوای فەتحی حەڵەب تەخمینی کردبوو، لە مانگی ڕەجەبدا واقیع بوو. فیلحەقیقە سوڵتان ئەم قازییەی بانگ کردە قودس تا لە ڕۆژی فەتحیدا وەزیفەی خەتیبی بەجێ بهێنێ و ئەو جومعەیە نوێژکەر ئەوەندە زۆر بوو کە مەسجدی ئەقسا نەیئەگرت. مەرحووم ئیبراهیم ئەفەندی حەیدەری، پێی گوتم کە قازی موحیەددین ئەم شێعرەی کرد بە موقەددەمەی خوتبەکەی:

اَلْحَمدُ لِلّهِ الّذي ذَلَّتْ دَوْلَةَ الصَّليبيّ / وَ عَزَّ بِالْکُرديِّ دینَ مُصْطَفی الْعَرَبيّ

زۆر جێگەی ئەسەفە کە مەرحووم مەئخەزەکەی لە فیکر چووبووەوە، بەڵام لە سیحەتی ئەمەدا هیچ شوبهەی نەبوو.

ئەم فیدیەیەی سوڵتان سەلاحەددین تەڵەبی کردبوو، تەنیا بۆ مەنسووبینی لەشکری فەرەنگ بوو و موساعەدەی کردبوو کە گاورەکانی قودس وەکوو خەڵکی گاوری شارانی تر لە جێگەی خۆیانا بە سیفەتی تەبەعە بمێننەوە.

سوڵتان سەلاحەددین لە دوای دەرچوونی ئومەرا و لەشکری فەرەنگ، ئینجا داخڵی قودس بوو. بێجگە لەوەش سوڵتان حەوت هەزار فەقیری لە سەر تکای مەلیک عادڵی برای و خۆشی دەهەزار کەسی لە فیدیە عەفو کرد. ڕۆژێکیش لە سبەینێوە تا ئێوارە بەبێ فیدیە موساعەدەی دەرچوونی فەقیر و فوقەرا کرا. ئیزنی بە قەشەکان و مەئموورینی ڕوحانیش دا کە تا ئەتوانن شتومەک لەگەڵ خۆیانا بەرن.

خولاسە گەورەیی و مەرحەمەت و عەدالەتی سوڵتان، لە فەتحی قودسدا لە حەد بەدەر بوو و موحەریرین و موئەریخینی گاوران هەموو تەسدیقیان کردووە. زۆر حورمەتی زوعەفا و باخسووس ئافرەتی گرت و زۆر یارییەی دان و مەلیکە سیبیلی بە حورمەت و ئیکرام و لە سەر ئارەزووی خۆی ناردە لای مەلیک جۆی مێردی کە لە نابلۆس ئەسیر بوو.

بەعزێ لە ئافرەت لە وەقتی دەرچوونیان کە گەیشتنە لای سوڵتان، ڕجای بەردانی مێرد و کوڕ و باوکیان لە ئەسارەت کرد و سوڵتان زۆر موتەئەسیر بوو و ڕجاکەی بەجێ هێنان.

ئەم موعامەلەی ئینسانانەی سوڵتان دەرحەق بە فەرەنگی فەلەستین و قودس، بە تەواوی عەکسی موعامەلەی ئەوان بوو دەرحەق بە موسوڵمانان. واقیعەن کە لە ساڵی ١٠٩٩ م.دا کە «غودفری» قودسی گرت، ئەنواعی شەناعەت دەرحەق موسوڵمانان کرا و بە ئیعتیرافی موئەریخینی عیسەوی، نزیکی حەفتا هەزار موسوڵمان قەتڵوعام کرا.

سوڵتان سەلاحەددین نزیکی مانگێک لە قودسی شەریفدا مایەوە و ئیش و کاری ڕێک خست و مزگەوتەکانی تەعمیر و ئیحیا کردەوە و مەدرەسەکانی دامەزراندەوە و باقی نوقسانی ئیکمال کرد. لە دوای ئەمە، بە لەشکرەوە ڕووی کردە سوور. دوننمای میسیریش بە ئەمری سوڵتان ڕووی کردبووە ئەم قەڵایە. مارکیز کونارد لە فرسەت ئیستیفادەی کردبوو و ئەم قەڵایەی زۆر باش تەحکیم کردبوو، هەرچەند لە بەحر و بەڕەوە تەزییقیان کرد، فائیدەی نەبوو، زاتەن زستانیش بە سەرا هات و لە سەر تەکلیفی بەعزێ ئومەرا سەرفی نەزەر لە موحاسەرە کرا، بەڵام سوڵتان لەم حاڵە زۆر پەشێو بوو، چونکە ئومەرای لەشکر ئەهمیەتی ئەم قەڵایەیان بە قەدەر سوڵتان تەقدیر نەکردبوو؛ وەلحاڵ لازم بوو هەرچۆنێ بێ، ئەم قەڵایەش لە دەس فەرەنگ بسێنن و فەلەستین بە تەواوی پاک بکەنەوە. حەیف کە خیلافی ئارەزووی سوڵتان ئیسراریان لە سەر گەڕانەوە کرد.

زاهیر وایە کە لەم جیهەتەوە سێ غەڵەت کراوە؛ ئەووەڵی، لە وەقتی خۆیدا و لە پێش فەتحی قودسدا، ئەبوایە ئەم قەڵایە لە دەس فەرەنگ بسێنرێ؛ دووەمی، ئەبوایە سوڵتان سەلاحەددین نەیهێشتایە ئەوانەی کە شەڕیان پێ ئەکرێ و لە ئەسیری بەرەڵا کران وەیا لە شارە زەوتکراوەکان دەرچوون، لە سووردا کۆ ببنەوە و مانیعەیەکی تازە بۆ ئیسلام تەشکیل بکەن؛ سێیەمی، ئەبوایە لە دوای فەتحی قودس، کە لەشکری ئیسلام هاتە سەر ئەم قەڵایە، وازی لێ نەهێنن و هەرچۆنێ بوایە، زەوتیان بکردایە.

خولاسە فەتحی قودس لە تەڕەف موسوڵمانانەوە ئەورووپای خستە تەعەسوب و تەلاشەوە، قەشە موتەعەسیبەکان داوێنیان لێ هەڵکرد و دەسیان بە تەحریکات کرد و بە نەتیجە قووەتێکی عەزیم کۆ بووەوە و لە هەموو لایەکەوە ڕوویان کردە فەلەستین. ئیمپراتۆری ئاڵمانیا و مەلیکی ئینگلیز کە بە ڕیشاری شیردڵ مەشهوور بوو، لە ڕوئەسای هەرە گەورەی ئەم ئەهلی سەلیبە بوون.

سوڵتان سەلاحەددین لەو بەینەدا قەڵای «هونین»ی گرت و قەڵای «کەوکەب» و «سەفد» و «کەرگ»یشی موحاسەرە کرد و لە ١٦ی ڕەبیع ئەلئەوەڵی ٥٨٤دا هاتەوە شام و لەوێ لەشکرێکی زۆری هەڵگرت و ڕووی کردە تەڕابلۆس و ئەنتاکییە، لە دوای زەوتکردنی، ئەنترۆس، مەلیک جۆی بەرەڵا کرد و شەرتی لەگەڵ کرد کە لە سووریەدا نەمێنێتەوە و بچێتەوە بۆ ئەورووپا و قەت بەرامبەر بە سوڵتان شەڕ نەکا. وەلحاڵ ئەم مەلیکە درۆزنە چوو بۆ سوور، بەڵام کونارد قەبووڵی نەکرد و لە پاشدا چووە تەڕابلۆس و بەعزێ لە بەقایای ئەهلی سەلیبی کۆ کردەوە و لە پاشدا لەگەڵ لەشکری سوور چووە سەر عەککا.

سوڵتان سەلاحەددین لەم سەفەرەیدا «مەرقەب، جەبەلە، لازقییە، سەهیۆن» و بەعزێ قەڵا و شارانی تریشی زەوت کرد. لە پاشدا بە سەر حەڵەبدا گەڕایەوە شام و لە دوای ئەمە لەشکری ئیزن دا و خۆی لەگەڵ خەواسی لەشکری، بەو زستانە چووە سەر سەفەد و کەوکەب و هەردووکی زەوت کرد و لەو بەینەدا خەبەری زەوتکرانی کەرگیش لە تەڕەف مەلیک عادلەوە گەیشتە سوڵتان.

سوڵتان سەلاحەددین بە غەیری سوور، هەموو شاران و قەڵای فەلەستینی گرت، بەڵام مانەوەی سوور بە دەس فەرەنگەوە تەهلوکەیەکی زۆر گەورە بوو. زاتەن هەیەجانی تەعەسوبی ئەورووپاش ئەهلی سەلیبی سێیەمی وردەوردە ئەگەیاندە سوور و نیهایەت لە ئیبتیدای ساڵی ٥٨٥دا وەزعییەتی عەسکەرییەی سوڵتان گۆڕا و لە تەعەڕوزەوە کەوتە مودافەعە.

کوناردی قوماندانی سوور، لەشکرێکی بەقووەتی پێکەوەنا. ئەم حەرەکەتە موقەددەمەی فەرتەنەیەکی گەورە بوو کە ڕووی ئەکردە مەملەکەتی ئیسلام. مەلیک جۆی خیلافی وەعدی، لەشکری زۆری لە تەڕابلۆس کۆ کردبووەوە و سەفائینی فەرەنگ دائیمە ئەهاتن و ئەرزاق و سیلاحیان بۆ ئەهێنا.

سوڵتان سەلاحەددین بەرامبەر بەم ئەحواڵە خۆی حازر کرد و بە لەشکرەوە لە «مەبرەح ئەلعیون»دا ئینتیزاری ئەحواڵی کرد و لە لایەکی تریشەوە قەڵای «شەقیف ئەرنوون»ی موحاسەرە کرد، بەڵام کە دی فەرەنگ تەنگی بە عەککا هەڵچنیوە، بەشێکی لەشکری لە دەوری شەقیف بەجێ هێشت و خۆی ڕووی کردە عەککا.

موحاسیری عەککا، مەلیک جۆی بوو و نزیک دوو ساڵێک ئەم موحاسەرەیە توولی کێشا. سەبەبی دەوامکردنی موحاسەرەیش یەک لە دوای یەک هاتنی ئیمدادی فەرەنگ بوو، حەتتا کوناردیش ئیشتیراکی ئەم موحاسەرەیەی کرد. ئەگەر سوڵتان سەلاحەددین ئەهمیەتێکی تەواوی بە موحاسیرینی عەککا بدایە و لە پێش زۆر بوونیان و هاتنی کونارد، زەربەیەکی باشی لێ بدانایە، نە موحاسەرە توولی ئەکێشا و نە فەرەنگ ئەکەوتە تەماعی سەندنەوەی فەلەستین و قودس.

بە عەکسی ئەمە، سوڵتان زۆر ئەهمیەتی بە قەڵای شەقیف دا و مەلیک جۆی سەربەست جێ هێشت بەرەبەرە قووەتی زیاد بکا.

سوڵتان سەلاحەددین گەیشتە عەککا و دی کە فەرەنگ لەگەڵ موحاسەرە خەریکن. لە دوای چەند ڕۆژێک تەعەڕوزی کردە قووەتی موحاسەرە، باخسووس ئەمیر تەقیەددینی برازای بە قووەتێکەوە بەڕاستی هجوومێکی شێرانەی کرد و تەڕەفێکی عەککای بە دوژمن چۆڵ کرد و ڕێگەی بۆ شارەکە کردەوە و سوڵتان میقدارێ قووەتی گەیاندە ناو شار و حەتتا «ستانلی» ئەڵێ بیلنەفس سوڵتان خۆشی وەقتی عەسری ڕۆژی ٢ی شەعبانی ٥٨٥ هـ، داخڵی عەککا بوو. «ئەمیر حیسامەددین سەمین»ی کرد بە قوماندانی قەڵاکە و کە شەو هات بە سەردا، لەشکری ئیسلام گەڕانەوە ئۆردووگا و لەم فرسەتەدا فەرەنگ تەحکیماتێکی زۆری کرد و ئەو ڕێگەیەی کە ئۆردووی ئیسلام بە ڕۆژ گرتبووی، بەربەستی کرد. بەم تەرحە ڕەنجی سوڵتان بە زایع چوو.

سامی دوژمن بە نەوعێک شکا، کە لە ٥ی ڕەمەزانی ٥٨٥ هـ.دا بێجگە لە موحاسەرەی قەڵاکە، هجوومێکی بەشیددەتیشی کردە سەر لەشکری ئیسلام و بڵاوەی پێ کردن. لەم بەینەدا لەشکری ئیسلام زۆر بڵاو بووبۆوە، بەشێکی بەرامبەر بە ئەمیری ئەنتاکییە (بوئەمۆند) وەستابوو، قووەتێکی تر بەرامبەر بە تەڕابلۆسی شام، دیمەشقی موحافەزە ئەکرد و قووەتێکی تریش بەرامبەر بە ئەهلی سەلیب، دەمیات و ئەسکەندەرییەیان موحافەزە ئەکرد.

لە لایەکەوە تەئسیری ئەم نیوە شکانە و لە لایەکی ترەوە بەسەراهاتنی زستان و ڕەمەزان و ئیسراری ئومەرای ئیسلام بۆ شەڕنەکردن و گەڕانەوە، سوڵتان سەلاحەددینی مەجبووری هاتنە دواوە تا «خروبە» کرد و عەککای سپارد بە قەزا و قەدەر.

سوڵتان سەلاحەددین لە غیرەت و فەعالییەتی فەرەنگ و سستی و خۆ لە شەڕ پاراستنی ئیسلام، زۆر سەغڵەت بوو و دەرکی تەهلوکەی دوایی کرد. کاغەزی بۆ هەموو لایەک نووسی و داوای کۆمەکی کرد و زستانی بەبێ حەرەکەت لە خرووبەدا ڕابوارد و لەو نەخۆشییەی کە تووشی هاتبوو ، وردەوردە چاک بووەوە و لەشکریشی لێ کۆ بووەوە و لە دواییدا هەڵسا و ڕووی کردە فەرەنگ (١٧ی ڕەبیع‌ئەلئەوەلی ٥٨٦). لە دوای ئەو تەئریخە بە ٧ ڕۆژ سوڵتان گەیشتە بەر عەککا. تا ئەو وەقتە دوژمن تەرتیباتی موحاسەرەی تەواو کردبوو و تەنگی بە مودافعین هەڵچنیبوو.

لەو بەینەدا دوننمای میسریش هاتبووە بەر عەککا و دوننمای فەرەنگی شکاند و داخڵی لیمانی قەڵاکە بوو و ئیحتیاجاتی مودافیعین، ئیکمالی کرد.

لەم وەقتەدا بوو کە خەبەری داخڵبوونی ئیمپراتۆری ئاڵمان، فرێدریق یاریارۆس، بە ئەهلی سەلیب و حەرەکەتکردنی بۆ فەلەستین گەیشتە سوڵتان. پێشداری ئۆردووی ئاڵمان گەیشتبووە شیمالی کلکیا (وڵاتی ئەدەنە). سوڵتان سەلاحەددین بەرامبەر بە لافاوی ئەهلی سەلیب داوای کۆمەکی لە حوکمداران و ئومەرای ئیسلام کرد و حەتتا بۆ تەڵەبی موعاوەنەت هەیئەتێکیشی ناردە لای سوڵتانی مەراکیش، یەعقووب ئەلـمەنسوور. زۆر حەیف کە لە هیچ لایەکەوە گوێ نەدرایە قسەی سوڵتان و کەس یارمەتی بۆ نەنارد و بەم تەرحە ئەم قەهرەمانی گەورەی ئیسلامە بەرامبەر بە ئەهلی سەلیب تەنیا بە لوتفی خوا و قووەتی خۆی ڕایپەرموو.

ئیمپراتۆری ئاڵمان لە ١١ی حوزەیرانی ١١٩٠ م.دا لە چەمێکدا خنکا و لە دوای ئەمە، بەشێکی ئۆردووی ئاڵمان گەڕایەوە مەملەکەتی خۆی و بەشێکیشی لە ئیدارەی کوڕی فرێدریق یاریارۆس (دوق دوسوابیادا)، بە سەر ئەنتاکییەدا ڕووی کردە فەلەستین.

بەشێکی ئۆردووی ئەهلی سەلیب لەگەڵ موحاسەرە خەریک بوون و بەشێکی زۆریشی بۆ شەڕی سوڵتان جوێ کرابووەوە. ئەم بەشە لە ٢٠ی جەمادی ئاخری ٥٨٦ هـ (٢٥ی تەمموزی ١١٩٠ م)دا هجوومیان کردە سەر لەشکری سوڵتان و لە ئیبتیدادا بەشێکی لەشکری ئیسلام خراپ شکا و بڵاوەی کرد. حەتتا بەعزێ لەمان تا تەبەرییە و شام خۆیان نەگرتەوە و لەشکری فەرەنگ تا ئۆردووگای سوڵتان هات، بەڵام لە پاشدا موتەبەقی قووەتی ئیسلام هەڵیانکوتایە سەر فەرەنگ و زۆر خراپ شکاندیان. مەیدانی موحارەبە پڕ بوو لە مەیت و جورئەتی سەلیب بە تەواوی شکا.

لە لایەکی تریشەوە مودافیعین بە بەعزێ وەسائیتی ئیبتیدائی، بورجەکانی موحاسرینیان ئاگر تێبەردا و لەگەڵ موحاریبەکانیا سووتاندیان.

تەماسی سوڵتان لەگەڵ لەشکری ئینگلیز[edit]

لە ٢٢ی جەمادی ئاخری ٥٨٦ هـ.دا لەشکری زۆری ئەهلی سەلیب لە قوماندانی قۆنت هانریدا کە خوشکەزای قەڕاڵی ئینگلیز بوو، گەیشتە بەردەمی عەککا و هاتە دەرەوە و ئۆردووگای دامەزراند و خۆی بۆ تەعەڕوزێک حازر کرد. سوڵتان کە ئەم خەبەرەی بیست، مەوقیعی خۆی بۆ موحارەبە بە موساعید نەدی، گەڕایەوە ئەلخرووبە. وەلحاڵ بەم تەرحە دوورکەوتنەوەی سوڵتان، عەزم و شیددەتی فەرەنگی لە موحاسەرەدا زیاتر کرد و سەرلەنوێ تەنگیان بە مەحسوورین هەڵچنی.

میری قەڵا، ئەمیر حیسامەددین، لە لایەکەوە و قوماندانی تەحکیمات، بەهائەددین قەرەقووش، لە لایەکی ترەوە مودافیعینیان تەشجیع ئەکرد و مەردانە بەرامبەر هەموو هجوومی فەرەنگ وێستان. موئەریخ میشو، زۆر مەدح و سەنای فەعالییەت و مەتانەتی ئەم دوو قوماندانە ئەکا. زۆر جار سیارقلەی هجوومی دوژمنیان سووتاند و گەلێ جار لە قەڵا دەرئەپەڕین و فەرەنگەکانیان مەجبووری جێگە گۆڕین و گەڕانە پاشەوە ئەکرد.

قۆنت هانری، بەرامبەر بەم مودافەعەی مەردانەیە مەئیووس بوو و هەموو قووەت و تەدبیری حەسر کردە سەر دەورەدان و تەزییقی قەڵاکە. لەو بەینەدا خواردەمەنی لە هەر دوو لادا زۆر کەم بووبوو، بەڵام سوڵتان لە بەیرووتەوە میقدارێکی موناسیب زەخیرەی گەیاندە عەککا و تەسلیمی مودافیعینی کرد.

ئەهلی سەلیب کە زانییان موحاسەرەی بەڕڕی، ئەوەندە تەئسیر ناکاتە مودافیعین، هاواریان نارد بۆ پاپا و سەرلەنوێ لە ئەورووپا پڕوپاغاندا دەسی پێکرد و قووەتێکی زۆری سەلیب پەی‌دەرپەی گەیشتە بەردەمی عەککا.

قۆنت هانری وەزعییەتی حەربییەی بۆ ئەهلی سەلیب بە موساعید زانی و تەعەڕوزی کردە لەشکری ئیسلام. تەسادوف سوڵتان سەلاحەددین ناساغ بوو و لە ژێر خێوەتێکدا دانیشت و سەیری مەیدانی موحارەبەی کرد. شەڕ گەلێ توولی کێشا، بەڵام لە نەتیجەدا فەرەنگ زائیعاتێکی زۆری دا و بە پەشۆکی گەڕایەوە جێگەی خۆی. موئەلیفی «مصور تاریخ اسلام»، سەیید ئەمیر عەلی ئەڵێ ئەگەر سوڵتان خۆی شەڕی ئیدارە بکردایە، موحەققەق لەشکری ئیسلام زەفەرێکی قەتعی و گەورەی دەس ئەکەوت.

لەو بەینەدا بە سەبەبی فەرتەنە، دوننمای فەرەنگ لە عەکا دوور کەوتبووەوە و لەشکری ئیسلام لەم زەفەرە ئیستیفادەیان کرد و مودافیعینی عەککایان گۆڕی. بەڵام خیلافی ئارەزووی سوڵتان، لەشکرێکی کەمتریان تیا دانا و لە لایەکی تریشەوە سیلاح و جبەخانەیەکی تەواویان نەدانێ. ئەمیر سەیفەددین عەلی ئەلـمەشتووب کرا بە قوماندانی عەککا.

بەعزێ لە موئەریخین ئەڵێن سەبەبی لەدەسچوونی عەککا، کەمیی مودافیعین و شەڕکردنی نابەدڵیان و هاتنی ئیمدادێکی زۆر بۆ ئەهلی سەلیب بوو.

قەڕاڵی فەرەنگ، فیلیب ئۆگۆست، لە ١٢ی ڕەبیع‌ئەلئەوەلی ٥٨٧ هـ.دا بە لەشکرێکی زۆرەوە گەیشتە بەردەمی عەککا، بەمە لەگەڵ ئەهلی سەلیب یەکدگیر بوو. ئەم قووەتە تازەیە فائیقیەتی عەدەدییەکی فەوقەلعادەی دا بە ئەهلی سەلیب و سوڵتان لە سەر ئەمە، داوای کۆمەکی لە ئومەرای ئیسلامی تابیعی خۆی کرد. زۆری پێ نەچوو قەڕاڵی ئینگلیز، ڕیشاری شێردڵیش کە بە جورئەت و ئازایی لە ئەورووپادا بەشۆرەت بوو، گەیشتە عەککا.

موحاسەرەی عەکا لە تەڕەف بەحر و بەڕەوە بە شیددەت دەوامی کرد. مودافیعین موددەتێک بەڕاستی سەربازانە مودافەعەیان کرد. سوڵتان سەلاحەددین هێشتا ئیمدادی بۆ نەهاتبوو و قووەتەکەش بۆ تەعەڕوز موساعید نەبوو. مودافیعین زۆری پێ نەچوو تووشی برسیەتی و تاعوون بوون و لە ژێر باری ئەم موسیبەتەدا زۆر بێ‌هێز کەوتن. بە ئەمری سوڵتان گەمییەک لە بەیرووتەوە پڕ لە زەخیرە و ئیمداد، نێررا بۆ عەککا. بەڵام لە ڕێگادا تووشی تەعەڕوزی قەڕاڵی ئینگلیز بوو و قوماندان گەمیەکەی بە ناعیلاجی غەرق کرد و ئەمە بۆ مودافیعینی عەککا زەربەیەکی بەشیددەت بوو.

ئەهلی سەلیب لە تەڕەف بەحر و بەڕەوە، بە شیددەت قەڵاکەیان تەزییق کرد. مودافیعین لە لایەکەوە بەرامبەر بە تەزییقات و بۆمباردمانی دوژمن و لە لایەکی تریشەوە بەرامبەر بە برسێتی و ئەنواعی نەخۆشی، لە موجادەلەدا بوون و قودرەتی موقاوەمەتیان بە تەواوی شکابوو. قەڵای عەککا دوو ساڵ بوو کە موقابیل بە فەرتەنەی سەلیب بە هیممەمتی موجاهیدانەوە خۆی ڕاگرتبوو، بەڵام ئیتر کەڵکی پێوە نەمابوو، تەڵەبی موعاوەنەتی لە سوڵتان کرد بەڵام چونکە قووەتی لەشکری ئیسلام ئەوەندە نەبوو، ئەم موعاوەنەتە نەکرا.

قوماندانی قەڵاکە ئەمیر سەیفەددین عەلی ئەلـمەشتووب، موقابیل بەم وەزعییەتە بۆ موزاکەرە چووە لای قەڕاڵی فەرەنسا و پێی گوت ئێمە شارەکەتان تەسلیم ئەکەین بە شەرتێک ئێوەش عەینی موعامەلەمان لەگەڵ بکەن. فلیب ئۆگۆست بەرامبەر بەم تەکلیفە ماقووڵە گوتی من قەت ڕازی نابم کە لە خەڵکی عەککا و مودافیعینی، یەکێک ساغ بمێنێ. لە سەر ئەم جوابە، ئەمیر سەیفەددین گەڕایەوە عەککا.

عەککا موددەتێکی تر خۆی ڕاگرت، بەڵام برسیەتی و نەخۆشی، مەیدانی نەدا و نیهایەت بە شەرتی موحافەزەی ڕۆحی موسوڵمانان، تەسلیم بوو (١٧ی ڕەجەبی ٥٨٧ هـ/ ١٢ی تەمموزی ١١٩١ م). بە گوێرەی شەرتنامەی تەسلیم، ١٦٠٠ ئەسیری ئەهلی سەلیب بەرەڵڵا کرا و ٢٠٠ لیشەر بە ڕوئەسای سەلیبیوون ئەدرا. بەڵام ئەهلی سەلیب کە سەرمەستی تەعەسوب بوون، گوێیان نەدایە شەرت و عەهد، قەتڵوعامێکی زۆریان لە عەککادا کرد. قەڕاڵی ئینگلیز بەقایای مودافیعینی کۆ کردەوە و لە دەرێی شار، لە ٢٣ی ڕەجەبدا هەمووی کوشتن. بەم تەرحە مودافەعەی عەککا بووە سەبەبی لەناوچوونی شەست‌هەزار موسوڵمان.

لە پێش گرتنی عەککادا لە بەینی ڕوئەسای ئەهلی سەلیبدا نیفاق و ئیختیلاف دەسی پێکردبوو. بەینی قەڕاڵی فەرانسە و قەڕاڵی ئینگلتەرە، خراپ بوو. بەینی مەلیک جۆی و مارکیز غوناردیش لە سەر تەمەعی تاجی فەلەستین تێک چووبوو. قەڕاڵ فلیب تەرەفداری غونارد بوو و قەڕاڵ ڕیشاریش مەلیکی جۆی حیمایە ئەکرد. لە سەر بەعزێ موعامەلەی حەقارەتی مەلیک ڕیشار، قەڕاڵی فەرانسە عاجز بوو و لە ٧ی ڕەجەبی ٥٨٧دا فەلەستینی بەجێ هێشت و ڕۆیی. غونارد لە عەلەیهی مەلیکی ئینگلتەرە لە ژێرەوە موخابەرەی لەگەڵ سوڵتان ئەکرد و خەریکی ئیتیفاق بوو.

قەڕاڵی ئینگلیز تەقریبەن لە دوای مانگێ ئیستراحەت لە عەککادا، ڕووی کردە یافا و لە ڕێگا لە ژێر تەعەڕوزی بەردەوامی لەشکری ئیسلامدا زائیعاتێکی زۆریان دا. قەڕاڵ ڕیشار، یافای تەحکیم کرد و بەعزێ قەڵاشی لەوێشدا دروست کرد، بەڵام لەشکری موجاهیدین فرسەتیان نەئەدایە و دایمە بە شەڕ و شۆر تەنگەتاویان ئەکرد، حەتتا دەفعەیەکیان ئەوەندەی نەمابوو کە ڕیشارد ئەسیر بێ.

خولاسە قەڕاڵی ئینگلیز باش تێئەگەیشت کە عەزم و سەباتی سوڵتان و مەهارەتی حەربییەی، لەگەڵ هیچ دوژمنێکدا موقایەسە ناکرێ و بەرامبەر بەم دوژمنە گەورەیە، شەڕکردن بێ‌فائیدەیە. چ ئەم قەناعەتە، چ مەیلی گەڕانەوەی بۆ ئینگلتەرە، هێنایە سەر ئەوەی کە تەڵەبی سوڵح بکا.

سوڵتان سەلاح لەگەڵ عەزم و مەتانەتی خاریقەلعادەی، لە بەعزێ ئەحواڵ و زۆریی زائیعاتی لەشکرەکەی، موتەئەسیر بوو. لە بەر ئەمە، موراجەعەتی ڕیشاری بە مەلیک عادڵی برای بۆ سوڵح بە موناسیب بینی. مەلیک عادڵ و ڕیشار مولاقاتیان کرد و «هۆمفری دوتورن» تەرجومانی لە بەیندا کردن. بەڵام چونکە تەکلیفی قەڕاڵی ئینگلیز ئەوەندە موساعید نەبوو، موزاکەرە و هاتوچۆ سەری نەگرت. لەگەڵ ئەمەشدا لە دوای تەشەبوسی سوڵحی «مارکی دوفروا»، قەڕاڵی ئینگلیز دیسانەوە داوای ئاشتیی کرد. نیهایەت موازەکەرەی ڕیشار و مەلیک عادڵ هاتە سەر ئەوەی کە قەڕاڵی ئینگلیز خوشکەکەی خۆی بدا بە مەلیک عادڵ و ئەو موڵکانەی قەراغی بەحر کە دەسی کەوتبوو، بە شکڵی دیاری مارەیی تەرکی کا و سوڵتان سەلاحەددینیش ئەڕازیی مەفتووحەی قودس بدا بە مەلیک عادڵ و شاری قودسیش بۆ ئیسلام و گاور سەربەست بهێڵرێتەوە و لە ژێر ئیدارەی خوشکی قەڕاڵدا بێ.

سوڵتان سەلاحەددین ئەم شرووتەی بە نابەدڵی قەبووڵ کرد. بەڵام قەشەکان بەم ئیزدیواجە ڕازی نەبوون و هەڕەشەی «ئافوروز»یان لە قەڕاڵ و خوشکەکەی کرد، لە بەر ئەمە، ئەم سوڵحە سەری نەگرت.

تەنیا فائیدەی ئەم موزاکەرە و هاتوچۆیە ئەوە بوو کە سوڵتان سەلاحەددین لەم فرسەتە ئیستیفادەی کرد، عەسقەلانی وێران کرد و سەبەبی ئەم تەخریبەی ئەوە بوو کە ئومەرای موسلیمین ڕازی نەبوون کە وەکوو عەککا مودافەعەی بکەن و لە لایەکی تریشەوە هێشتنەوەی ئەبووە سەبەبی ئیستیفادەی ئەهلی سەلیب لەو قەڵایە و تەعەڕوز کردنە قودس.

خولاسە تەخریبی ئەم قەڵایە لە ٢٩ی شەعبانی ٥٨٧دا تەواو بوو و لە دوای ئەمە، سوڵتان ئەمری بە تەخریبی ڕەملەش دا و خۆشی بە لەشکرەوە چووە «عەین ئەلنەتروون» و لەو ناوەدا جێگەیەکی نەهێشت کە ئەهلی سەلیب بتوانن ئیستیفادەی لێ بکەن؛ کە زستان هات بە سەرا، سوڵتان چووە قودسی شەریف و موجاهیدینیشی ئیزن دا و قووەتێکی کەمی لە دەور ما و بە واسیتەی ئەمانەوە، لە لایەکەوە تەحکیماتی قودسی تەقویە ئەکرد و لە لایەکی تریشەوە دەرحەق بە حەرەکاتی دوژمن، ئیستیکشافاتی ئەکرد.

ڕیشار، لە ئەوائیلی زی‌حەججەدا و بە عەکسی سەرماوسۆڵەی زستان، ڕووی کردە ڕەملە و بە ئەزیەتێکی زۆر، ئەم قەسەبەیەی گرت و لە پاشدا تا «بەیت نەوبە»ش هات، بەڵام خۆی ڕانەگرت و گەڕایەوە و بەعزێ ئەهلی سەلیبیش بڵاوەی کرد و چوون بۆ یافا و عەککا. بەم تەرحە قووەتی ڕیشار کەم بووەوە و ویستی عەسقەلان تەعمیر بکاتەوە و بیکا بە ئوسسی حەرەکە بۆ خۆی؛ بەڵام نیفاقی بەینی سەلیب و ڕقەبەریی کونارد لەگەڵ ڕیشاردا و ئەخباری ناموساعیدی ئینگەلتەرە ڕیشاری مەئیووس کرد و دیسانەوە کەوتە تەڵەبی سوڵح. لە وەقتی بەهاردا بەعزێ عوسیان لە وڵاتانی جەزیرەدا ڕووی دا و سوڵتان سەلاحەددین مەجبوور بوو لەشکرەکەی نارد بۆ جەزیرە.

ڕیشار ویستی لەم وەزعییەتە ئیستیفادە بکا و تەعەڕوز بکاتە سوڵتان، بەم فیکرە لەشکری کۆ کردەوە و لە ئەواسیتی جەمادی‌ئەووەڵی ٥٨٨ هـ.دا تا حیسن‌ئەلدارون چوو.

لە دوای خراپە و کوشتارێکی زۆر لە ئیسلامی ئەو ناوەدا، ڕیشار لە ترسی شکان و نەگرتنی قودس، ویستی بگەڕێتەوە، بەڵام ئەهلی سەلیب بە قسەیان نەکرد و ناعیلاجی تا بەیت نەوبە چوو، بەرامبەر بەم حەرەکەتی ئەهلی سەلیبە، سوڵتان سەلاحەددینیش بۆ مودافەعە و موقاوەمەت خۆی حازر کردبوو و هەر کانی و ئاوێکی سەر ڕێگەی دوژمن بوو، هەمووی وێران کرد. نیهایەت ئەم حاڵە ئومەرای سەلیبی بێزار کرد و لە مەجلیسێکی حەربدا، قەراریان دا کە واز لە قودس بهێنن و بچنە سەر میسر.

قەڕاڵ ڕیشار گەڕایەوە عەککا و کاغەزی بۆ سوڵتان نووسی. سەرلەنوێ داوای سوڵحی کرد. نیهایەت بە شەرتی ئەمە کە یافاش بە دەس ئەهلی سەلیبەوە بمێنێ، سوڵح کرا (٢٢ی شەعبانی ٥٨٨ هـ/ ٢ی کانوونی ئەووەڵی ١١٩٢ م).

ئەمە نەتیجەی سێیەم سەفەری ئەهلی سەلیب بوو. ئەم چەندسەد هەزار فیدائی و جەنگاوەرە کە لە ئەورووپاوە وەکوو لافاوێکی تەعەسوب ڕووی کردبووە قودسی شەریف، پێنج ساڵ بەرامبەر بە عەزم و تەدبیر و جورئەت و بەجەرگیی سوڵتان سەلاحەددین هیچی پێ نەکرا و نیهایەت دوو قەسەبەی قەراغ بەحری دەس کەوت و بەشی زۆری لە ناو چوو و بەشێکی کەمیشی دەرباز بوو و ڕۆییەوە بۆ وڵاتی خۆی.

بێینەوە سەر ئیستیفادەی سوڵتان سەلاحەددین. وەکوو موحەڕیڕی «حیاة صلاح الدین الایوبي» ئەڵێ، غەزای فەلەستین لە ئیعتیباری شەڕە گەورەکەی حەتتینەوە دەسی پێکرد و لەو تەئریخەدا بستێک لە خاکی فەلەستین بە دەس ئیسلامەوە نەبوو، بەڵام لە دوای سوڵحی ڕەملە (٢٢ی شەعبانی ٥٨٨ هـ)، هەموو فەلەستین بە غەیری پارچەیەکی باریک لە «سوور»ەوە تا عەککا، بوو بە موڵکی سوڵتان. فەرەنگ لەو هەموو وڵاتانە دەرکرا. بەیت‌ئەلـموقەدەس سێنرایەوە و شان و شەرەفی ئیسلام، سەرلەنوێ بەرز کرایەوە.

قەهرەمانی کورد و ئیسلام، لە دوای سوڵح چووە قودس، ئەحواڵ و ئیدارەی داخڵییەی ڕێک خست و بەعزێ مەکتەب و خەستەخانەی تیا دروست کرد و لە پاشدا ویستی بچێ بۆ حەج، بەڵام ئومەرای ئیسلام لە ترسی غەدری فەرەنگ بە نەفسی موبارەکی، ڕجایان لێ کرد کە نەچێ و نیهایەت لە سەر ئیسراری ئەوان، موەققەتی وازی لەم فیکرە موبارەکە هێنا. لە پاش بەینێک لەگەڵ قووەتێکی بچووکی خاسەی، چوو بۆ وڵاتانی ساحلی و تەفتیشی قەڵاکانی و ئیستراحەتی خەڵکەکەی کرد و لە پاشدا بە سەر نابلۆس و بیسان و کەوکەبدا چووە بەیرووت و لەوێ لەگەڵ ئەمیری ئەنتاکییە مولاقاتی کرد و لە دواییدا لە ٢٦ی شەووالی ٥٨٨دا چووە دیمەشق.

وەفاتی سوڵتان سەلاحەددین[edit]

سوڵتان سەلاحەددین بەینێک لە شامدا لەگەڵ ڕێکخستنی ئیش و کاری وڵاتەکەی و دابەشکردنی سەدەقە بە سەر سواڵکەر و داماو و ناردنەوەی غازییان بۆ جێگەی خۆیان خەریک بوو و هەموو ڕۆژێکیش چەند سەعاتێک بە ڕاو ڕایئەبوارد.

ڕۆژی ١٤ی سەفەری ٥٨٩ هـ چوو بە پیر حەجاجەوە و ئەم ئیستیقبالە زۆر قەرەباڵغ و ڕۆحانی بوو، تەئسیری تێ کرد و لە نەچوونی بۆ حەج زۆر عاجز بوو و گریا و هەر ئەو شەوە لەرزی لێ هات و ڕۆژ بە ڕۆژ نەخۆشییەکەی گرانتر بوو. نیهایەت ڕۆژی چوارشەممۆ ٢٧ی سەفەری ٥٨٩ هـ (٤ی مارتی ١١٩٣ م) ئەمری خوای بەجێ هێنا؛ عومری ٥٧ ساڵ بوو. عالەم بۆی گریا و ڕۆژی وەفاتی، کەس لە ماڵی خۆی نەچووە دەرەوە. بازاڕ و دووکان نەبوو، ڕێگە و کۆڵان خاڵی بوو، مەیتی موبارەکی، بەبێ تەکلیف و هەرا، کفن و دەفن کرا. لە دوای سێ ساڵ، مەلیک ئەفزەلی کوڕی، لە نزیک مزگەوتی ئومەوییەوە ماڵی پیاوێکی ساڵحی کڕی و بەقایای جەسەدی موبارەکی، ڕۆژی عاشوورا بە حورمەت و عیزەتێکی زۆر نەقڵ کرایە ئەوێ و سەرلەنوێ دەفن کرا و مەلیک ئەفزەل سێ ڕۆژ تەعزییەی بۆ گرت.

ڕۆژی دووەمی وەفاتی، عالەم کۆ بووەوە و دەنگی گریان و شیوەن ئەگەیشتە ئاسمان، مەنعی لاوانەوەی بۆ کرا، تەنیا شاعیر «عیماد» قەسیدەیەکی بەتوول و مەرسییەی بۆ نووسی.

دوقتۆر بیللی ئەڵێ: سوڵتان وەفاتی کرد و بەم وەفاتە، ئوممەتی ئیسلام پادشایەکی زۆر بەهێزی وای لە کیس چوو کە لە بەڵایەکی وای ڕزگار کرد کە ئەوەندەی نەمابوو تووشی فەوتانی بکا. سوڵتان سەلاحەددین وەفاتی کرد و دوژمنەکانیشی ئیقراریان بە گەورەیی کرد و ئیقراریان کرد کە ئوستادێکی گەورە و عالمێکی عەزیم بوو، زۆر دەرسی ئازایی و شاسوارییان لێ وەرگرت، نموونەی کەرەم، میسالی خەلقی باش و سەرچاوەی ڕەحم و شەفەقەت بوو.

لە حاڵی حەیاتیدا حەڤدە کوڕ و کچێکی بوو. (کتێبی الفتح القسي في الفتح القدسي).

ئەوسافی بڵیندی و ئەخلاق و تەبیاتی باشی[edit]

لە خولاسەی تاریخی ئەم قەهرەمانی ئیسلامە، باش تێگەیشتین، کە لەو ڕۆژەوەی کە بووە وەزیری خەلیفە عازد، تا وەفاتی، چەند سەعی کرد بۆ غەزا و چەند خزمەتی گەورەی بۆ عالەمی شەرق کرد، چۆن غەلەبەی بە سەر فەرەنگ و ئومەرای ئیسلامدا کرد و چۆن توانی دوو مەملەکەتی وەکوو سووریە و میسر کە بە سەبەبی ئیختیلافاتی مەزهەبی و تەمەعی شەخسییەوە زۆر لە یەک جوێ بوون، لە ژێر حوکمی خۆیدا دامەزرێنێ و لە کوردستانەوە تا توونس و یەمەن و عەدەن، زۆر قەومی جوێ‌جوێی لە ژێر نفووزی خۆیدا کۆ کاتەوە و برایەتییان لە بەینا بێنێتە وجوود.

لە بەینی ئەم قەومانەدا کەس نەبوو کە بە دڵ، سوڵتانی خۆش نەوێ و ئیتاعەتی نەکا و لە وەقتی تەنگانەدا ڕۆحی خۆی بۆ فیدا نەکا و ئەمەش دەلیلی موحیبەتی و حورمەتی عوموومیی بوو و بۆیە خۆشیان ئەویست چونکە موعین و نەسیریان بوو، بۆ دوژمنیان قەههار بوو، بۆ نەفسی خۆی و بۆ ماڵی دنیا هەوڵی نەئەدا، هەموو سەعی و تەقەلای، بۆ مەسڵەحەتی ئیسلام بوو.

سوڵتان سەلاحەددین تەنیا بە عەقڵی خۆی، ئیشی نەئەکرد و دایمە لە ڕا و فکری ڕوئەسا و عاقڵان ئیستیفادەی ئەکرد. ئەم حاڵەش بە گوێرەی حوکمی دینی ئیسلام و سوننەتی پێغەمبەر بوو. قەت حەزی لە ئیستیبداد و موستەبید نەئەکرد. زۆر جار لە سەر فیکر و قەراری هەیئەتی ئیستیشارە ڕای خۆی تەرک ئەکرد (وەکوو لە بەرامبەری سوور و عەککادا دیمان).

لە سەنعەتی جەلبی قلووبدا زۆر شارەزا بوو. هەموو کەس خۆشی ئەویست، لە بەر ئەمە، وەفاتی بووە سەبەبی شیوەن بۆ هەموو خزم و ئومەرا و ئەتباع و ڕەعیەتی. هەموو کەسێک زاتی موبارەکی سوڵتانی، بە باوکێکی دڵسۆز و بەڕەحم، بە پادشایەکی عادڵ، بە حوکمدارێکی توند و کوشندە بۆ دوژمن، بە تەڕەفداری ڕاست و بە دوژمن زاڵم و پەنای پیاوچاک، بە غازییەکی مەتین و خادیمێکی دین و تەوحیدی ئیسلام ئەزانی. لە خزمەتکردنی بۆ ئیسلام نە نەخۆشی و نە ماڵ و منداڵی، مانعی نەئەبوو.

لە وەقتێکدا کە مەلیک زاهیری کوڕی مەئموور کرد، ئەم نەسیحەتە باشەی دایە: تەوسیەی تەقوات ئەکەم، کە مەبدەئی هەموو خێرێکە، ئەوی خوا ئەمری پێ کردووە، منیش ئەمرت پێ ئەکەم، چونکە سەبەبی ڕزگاریتە، خۆت بپارێزە لە خوێن‌ڕشتن، چونکە خوێن نانوێ، دڵی ڕەعیەت ڕاگرە و تەماشای ئەحواڵی بکە، چونکە تۆ ئەمینی من و ئەمینی خوای بە سەریانەوە. دڵی ئومەرا و ئەرکانی حکوومەت ڕاگرە، چونکە موەففەقیەتی من لە سایەی مودارای خەڵکەوەیە. حەسوودی بە کەس مەبە، چونکە ئەجەل مۆڵەتی کەس نادا، لە موعامەلە لەگەڵ خەڵکا زۆر دیققەت بکە، چونکە ئەگەر ئەوانت لێ ڕەزا نەبێ، خوا عەفووت ناکا، بەڵام ئەوەی لە بەینی تۆ و خواتا واقیع بێ، بە تۆبەکردنێ لێت ئەبوورێ، چونکە گەورە و لێبوورە.

سوڵتان سەلاحەددین بەرامبەر بە ڕەعیەتی، قەت کیبر و داعیەی سوڵتانی نەبوو، هەموو کەس بەبێ زەحمەت ئەیتوانی بچێتە لای، نە قاپیەوان نە وەزیر مەنعی نەئەکرد. ساحێب شکات بەبێ ترس و خۆف، ئەچووە لای و شکاتی ئەکرد. لە هەموو لایەکەوە شکاتکەر ئەهاتە لای و قەت سەغڵەت نەئەبوو. خەڵک بۆیە ئەچوونە لای، چونکە شارەزای ڕەحمی و حەقسەندنی بوون. لای سوڵتان، گەورە و بچووک لە مەقامی حەقدا یەک بوو. دڵێکی نازکی هەبوو و زۆر موتەئەسیر ئەبوو کە دەنگی فەقیر و هەژاری ئەبیست، مەرحەمەتی ئەهاتە جۆش و چاوی پڕ ئەبوو لە فرمێسک و خەڵات و پارەی ئەدانێ. ئینسانیەت و خێری زۆری، لە لا خۆش بوو. قەت نەیئەهێشت لە خادم و کۆیلە بدرێ، وەلحاڵ لەو زەمانەدا حاڵی ئەم نەوعانە زۆر خراپ بوو. کە چاوی بە هەتیوێ بکەوتایە، مەرحەمەتی ئەهاتە جۆش و ئەگەر کەسی نەبوایە، جێگەی بۆ ئەدۆزییەوە و ئەگەر کەسێکی ببوایە، پارە و مانگانەی ئەدایە تا تەربیەی بکەن.

ڕەحمەتی خوای لێ بێت، لە جلوبەرگا، لە خسووس خواردن و مەسکەندا، نموونەیەکی قەناعەت و فەزیلەت بوو. دەفعەیەک خانوویەکی باشی بۆ خۆی دروست کرد، کە تەواو بوو، هاتە سەیری و قەدەرێ تەماشای کرد و گوتی: لەم خانووەدا تا نیهایەت نامێنین و ئەم خانووە لایەقی کەسێک نییە کە ئەجەلی لە شوێنی بگەڕێ و ئێمە لە دنیادا وەزیفەمان تەنیا خزمەتی خوایە.

ماڵ و موڵکی زۆر، قەت مەغرووری نەئەکرد و ئەیگوت: ماڵ و خۆڵ لام یەکە. لە بەر ئەوە، هەر کەس داوای لێ بکردایە، بە مەئیووسی نەیئەگێڕایەوە و دائیمە لە تەڵەب زیاتری ئەدا. لە بەر زۆریی کەرەم و دەسبڵاوی، مەعییەتی زۆر جار مەوجوودی پارەی خەزێنەیان لێ ئەشاردەوە، تا بە سەبەبی کەرەمی زۆری، بۆ وەقتی تەنگانە بێ پارە نەمێنێتەوە. میسالێکی زۆر گەورە [بۆ] کەرەم و دەسبڵاویی، ئەمە بوو کە لە وەقتی وەفاتیدا نە پارە و نە موڵک و نە خانووی لە پاش بەجێ ما.

ئەمیر محەمەد عەلی لە «رحلة الشامیة»دا ئەڵێ: مەرحووم لە غایەت بەدەر کەریم و سەخی بوو و ئەڵێن لە دوای وەفاتی، تەنیا چل و حەوت درهەمی لە پاش بەجێ ما کە میراتی سواڵکەرێکیش مومکینە لەمە گەلێ زۆرتر بێ.

لە ساڵی ١٣١٦ هـ (١٨٩٨ م) کە ئیمپراتۆری ئاڵمانیا شامی زیارەت کرد، نوتقێکی دا و گوتی: زۆرم پێ خۆشە کە لە شارێکدام کە لە وەقتی خۆیدا زاتێکی وای تیا ژیاوە کە هەرە گەورەی پیاوی عەسری خۆی بوو و لە شەجاعەت و ئازاییدا بێ‌ئەمسال بوو، شۆرەت و شەهامەتی بە دنیادا بڵاو بووبووەوە و ئەو زاتەش قەهرەمان سەلاحەددین ئەیووبییە. لە دوای ئەمە بۆ تەعزیم و تەزکار، ئیکلیلێکی لە سەر مەرقەدی موبارەکی دانا.

موحەڕیری «حیاة صلاح الدین الایوبی» ئەڵێ لە شەڕێکی ئەهلی سەلیبدا بەبێ ئەمەی کە لە تیرەبارانی لەشکری سەلیب پەروا بکا، هەڵیکوتایە پێشەوە و بانگی کردن: لە جێگەی خۆتان بوێستن، دڵی ئەم شێرە لە دڵی شێری ئێوە بەقووەتترە.

لە وەقتێکدا کە هیلاکیی بە دەوامی غەزا، بێ‌تاقەتی کردبوو و لە بەر شیددەتی نەخۆشی، لە سەر وڵاخەکەی زۆر ناڕاحەت بووبوو، پێیان گوت دابەزە و تۆزێ بحەسێرەوە، بەڵام لێی قەبووڵ نەکردن و گوتی: من کە لەو وڵاغە دابەزیم، ئەوسایە بە نەخۆشییەکەم ئەزانم.

خولاسە ئەم سوڵتانە بێ‌ئەمسالە بە سایەی ئەخلاق و ئەوسافی بڵندیەوە ببوو بە نموونەی شەرەفی ئیسلام و تیمسالی گەورەیەتیی شەرق. مەجلیس پڕ بوو لە عولەما و عوقەلا، بەر قاپی پڕ بوو لە فەقیر و هەژار و موحتاجین و لەگەڵ ئەم هەموو گەورەییەشدا بە دەرەجەیەکی وا موتەوازیع بوو کە گوتوویانە: تەوازوع و تەقوای بەڕاستی موحەییرول‌عوقول بوو.

زۆر جار لە شەڕدا بۆ غەلەبە سەندن و ڕزگاریی مەملەکەت، خۆی تووشی تەهلوکە ئەکرد. وەلحاڵ لە ناو ئەمسالیدا نادر هەیە کە ئەوەندە جەلادەت و فیداکاری نواندبێ. بێجگە لەمەش بۆ ڕێکخستنی ئیش و کاری مەملەکەت، زۆر خەریک بوو و لە سایەی ئەمەوەیە کە مەملەکەتی ئەیووبی لە زەمانیدا و لە هەموو شتێکدا تەرەقیی کرد.

بە سەر ڕەعیەتەوە وەکوو باوکێکی دڵسۆز وا بوو، دائیمە بۆ خێر و سەعادەتیان نەسیحەتی ئەکردن.

لەم خسووساتەوە شاهیدی هەرە بەقووەت دوژمنەکانیەتی، واقیعەن ئیستانلی ئەڵێ: عالەم لە ئەوساف و ئەخلاقی ئەم سوڵتانە، ئەوەندە تێنەگەیشتبوو، وەلحاڵ هیچ شوبهە نییە کە نەفسێکی شەریف و بڵیند و قەهرەمانێکی ئازا بوو، زۆر حەساس و بەڕەحم بوو، دڵێکی ساف و پاکی بۆ حەیاتی زاهیدانەی بوو، بۆ دینی زۆر بەغیرەت بوو، بەم ئەوسافەیەوە بەڕاستی لایق بوو کە ببێتە نموونەیەکی قەهرەمانی و مەردایەتیی بۆ ئیسلام.

کتێبی تاریخی موئەریخینیش ئەڵێ: لە خسووسی سەلاحەددینەوە ئەوەی کە مەسیحییەکانی تووشی دەهشەت و حیرەت کردبوو، مورووەت و عولووی جەنابی، سەخا و کەرەمی، ڕەحم و حیلمی، لێبوردن و عەفووکردنی و باخسووس ڕیعایەتی عەهد و پەیمانی بوو، بەڕاستی زۆر مەوجیبی حیرەتە کە ئەم هەموو ئەوسافە بڵیندە، کە دڵی ئەورووپاییەکانی پڕ لە تەقدیر و تەبجیل کردبوو، هەموو ئەمانە وەسفی زاتێکی وایە کە غەلەبەی بە سەریانا کردووە و لە ئاسیای دەرپەڕاندوون.

حورمەتی مەعییەتی خۆی ئەگرت و لەگەڵیان زۆر باش بوو و ئەگەر قەباحەتێک لە یەکێکیان بقەومایە، قەت نەیئەدایە ڕووی. قسەی کەم ئەکرد و مەعییەتیشی بەم تەرحە فێر کردبوو. مەجلیسی زۆر پاک بوو، کەس نەیئەوێرا لە عەلەیهی دراوسێ وەیا کەسێک غەیبەتی لە لا بکا. ماڵ و منداڵی خۆی خۆش ئەویست. زۆر جار لەگەڵ منداڵەکانیا یاری ئەکرد. زۆر دیندار بوو و منداڵەکانیشی بەو تەرحە پێگەیاندبوو. عەداڵەتی زۆر لە لا خۆشەویست بوو، هەر کەس خیلافی حەرەکەتی بکردایە، بە شیددەت جەزای ئەکرد. حەفتەی دوو دەفعە بە نەفسی خۆی، بۆ بیستنی شکاتی مەزلوومین دائەنیشت. دەرگای بۆ گەورە و بچووک و بۆ فەقیر و دەوڵەمەند کرابووەوە. ئەم عادەتەی لە وەقتی سەفەریشدا نەئەگۆڕی.

ئیستیفان سەن ئەڵێ: «سەلاحەددین لە ئیجرائاتیدا موەففەق، لە ئیشیدا شارەزا، لە تەقدیر و لێکدانەوەی قووەتی دوژمندا وریا بوو. کە قەراری بۆ کردنی ئیشێک بدایە، لە کردنیدا هیچ تەڕەدودی نەئەکرد. لە ئیشدا قەت هیلاکی و بێزاری نەئەزانی، بەرامبەر زەحمەت و هیلاکی زۆر سەبوور بوو. ئەمنیەتێکی خاریقەلعادەی بە نەفسی خۆی بوو. ئەو هەموو ئەوساف و مەزایا بڵندەی تیا زاهیر بوو. نەزەری لە ئیشدا زۆر سادق و حوکمیشی دەرحەقی زۆر عادڵ بوو.»

سوڵتان سەلاحەددین لە جڵدی دووەمی تەرجەمەی «مصور تاریخ اسلام»دا لە تەڕەف سەیید ئەمیر عەلییەوە بەم تەرحە وەسف کراوە: «صلاح الدین جهانک بویوک و اک قهرمان حکمدار درندن بری ایدی».

ئەحمەد زەکی پاشا لە موجەلەدی «ڕەمسیس»دا بە موناسەبەتی کاسەکەی سەلاحەددین ئەڵێ: «قەومی قیبتی ئەم پادشا گەورەیەیان زۆر خۆش ئەویست، چونکە حیمایە و ڕیعایەتی کردن، لە دەوری سەڵتەنەتیدا سەعادەت و ڕەفاهیان چاو پێکەوت، دەلیلی هەرە گەورەی ئەم موحیبەتەش ئەمەیە کە ڕەسمی سوڵتان سەلاحەددینیان لە تەنیشت کاسەی موقەدەسەوە داناوە».

لە وەسیەتنامەکەیدا فەرموویەتی: «بۆ ئەمەی کە ڕۆژی حەشر شاهیدی غەزام بێ، شیرەکەشم لەگەڵ بنێژن». (هامەر، جڵدی ٤، ل ٢٠٧ و ٢٠٩).

ئاساری عومران و مەدەنیەتی[edit]

ئاساری عەزەمەتی سوڵتان سەلاحەددین تەنیا عیبارەت بە غەزا و تەوحیدی ئیسلام و حوسنی ئیدارە و دەهای حەربی و سیاسەتی نەبوو. لەگەڵ ئەمەشدا زۆر بە بینای باش باش وڵاتەکەی ڕازاندۆتەوە. لە ٥٦٦ هـ.دا لە نزیک مزگەوتی قەدیم، مەدرەسەی ناسریەی بۆ تەدریساتی مەزهەبی شافیعی دروس کرد و ئەمەش ئەووەڵ مەدرەسەیەکە کە لە میسردا دروست کراوە. لە دوای ئەمە «مدرسة القمحیة»ی لە نزیک ئەوەوە بینا کرد بۆ مەزهەبی مالکی. لە ٥٧٢شدا «مدرسة الحنفیة»ی لە ماڵی وەزیر ئەلبەتائیحیدا کردەوە کە ئێستاکە «السیوفیة»ی پێ ئەڵێن. لەگەڵ کردنەوەی ئەم مەدرەسانەدا وەزیفەی بۆ مامۆستا و قوتابییەکانیش تەعیین کرد و بەم تەرحە توانی لە جێگەی مەزهەبی شیعە، مەزهەبی سوننی بڵاو کاتەوە.

ساحێبی کتێبی «صبح الاعشی» ئەڵێ: «خانەقا و تەکیە لە پێش حکوومەتی ئەیووبییەدا لە میسردا نەبوو، ئەووەڵ موئەسیسی ئەمانە، سوڵتان سەلاحەددینە و لە دروستکردنی خانەقای سەلاحییەوە کە بە «سعید السعداء» مەشهوورە، دەسی پێکرد و بەعزێ ئەوقافیشی بۆ دانا».

ئەساسی قووەتی بەحرییە لە میسردا لە تەڕەف سوڵتان سەلاحەددینەوە دانرا و بە عینوانی «دیوان الاسطول» دائیرەیەکی مەخسووس لە ژێر نەزارەتی مەلیک عادڵی برایدا بۆ دامەزراند. ئەسکەندەرییە و دەمیات لە قەراغ بەحری سپی، «فەستات» و «قوس» لە سەر نیل، بەندەری بەحریی موهیم بوون.

چونکە دی کە ئەسکەندەرییە دایمە تووشی تەعەڕوزی فەرەنگ ئەبێ، شوورە و قەڵای زۆر باش تەعمیر کردووە و لەوێ و لە میسردا دوو خەستەخانەشی دروست کرد. قەسری «عەزیز ئیبنی ئەلـموعیز»ی فاتیمیشی کرد بە خەستەخانە و لە ناو ئەو قەسرەدا غەرباخانەیەکیشی تەئسیس کرد.

بۆ ئیسلاحی زراعەت و تەسهیلاتی زوراع، بەعزێ پرد و جۆگەشی دروست کرد.

بە غەیری ئەمانە، شوورەیەکی مەحکەمیشی بە دەوری پایتەختی میسردا کە عیبارەت بوو لە فەستات و عەسکەر و قەتائیع و قاهیرەی موزرییە کێشا و قەڵایەکی مەحکەمیشی لە جێگەیەکی بەرزیدا کە بتوانێ مودافەعەیەکی ئەو چوار گەڕەکە بکا، دروست کرد و لە ناو ئەو قەڵایەشدا خانوویەکی بۆ خۆی و سەرای حکوومەتی تیا بینا کرد. ئێستاکەش بە سەر دیواری ئەم قەڵایەوە ڕەسمی هەڵۆیەک هەیە کە عەلامەتی بەیاخی نەفسی سوڵتان سەلاحەددین بووە (هەڵۆیەکی سوور لە سەر ڕوخامێکی زەرد).

ڕەسمی کەمەرکێشی بە تەواوی لەغو کردەوە و بەم تەرحە ئیش و کاری زوراع و توجاری زۆر سەهل کرد. واقیعەن لە دەوری حکوومەتی فاتیمیدا ئەهلی میسر لە ژێر باری گرانی ئەم ڕەسمەدا بە تەواوی پشتی کۆما بووەوە و لە ڕووی ئەمەوە زۆری زوڵم لێ ئەکرا.

بێجگە لەمەش، ساڵی دوو هەزار دیناری لەگەڵ هەزار ئەردەب گەنمی بە ئەمیری مەککە ئەدا و ڕەسمی لە سەر حەجاج هەڵگرت. دوقتۆر ئەحمەد بیللی لە نیهایەتی بەحسی ئەم سوڵتانە گەورەیەدا ئەڵێ: ئەمەی کە باسمان کرد جوزئێکە لە ئەوسافی ئەم سوڵتانە گەورەیە و ئەم سەردارە بەشەوکەتە و ئەم فاتیحە موزەففەرە؛ من لەو فیکرەدام کە ئەگەر ئەمسالی سەلاحەددین لە ناو ملووکی ئیسلامدا زۆر هەڵبکەوتایە، ئەحواڵی ئیسلام بەم نەوعە لە خارج و داخڵدا بێ‌خێر و پەشۆکاو نەئەبوو.

سەیید ئەمیر عەلی ئەڵێ: ئەلفەزلی قازی کە وەزیری بوو، لە ئومووری خەیرییەدا زۆرێ یارییەی ئەدا، شوورای حکوومەتی سەلاحەددین تەنیا قەرەقوش، حیسامەددین و مەشتووب و ئەمسالی نەبوو، وەکوو قازی و کاتب عیمادەددین و عیسا ئەلحەکاری و بەعزێ عولەمای بەشۆرەتیشی تیا بوو.

کوڕانی سوڵتان سەلاحەددین[edit]

سوڵتان سەلاحەددین لە حاڵی حەیاتیدا حکوومەتی فەلەستین و سوورییەی بە مەلیک ئەفزەل عەلی (ئەبو ئەلحەسەن نوورەدین) و میسری بە مەلیک عەزیز عوسمان (ئەبو ئەلفەتح عیمادەددین) و حەڵەبیشی بە مەلیک زاهیر غازی (غیاسەددین) دابوو. مەلیک عادڵی براشی، بەشێکی جەزیرەی بە دەسەوە بوو. کوڕانی شێرکۆهی مامیشی لە حومسدا جێگیر بوون و یەمەنیش بە دەس کوڕانی سەیف‌ئەلئیسلام تەفتەکینی برایەوە بوو. لە وەقتی وەفاتیدا سوڵتان کەسی نەکردبوو بە واریس و خەلەف، لە بەر ئەوە کوڕەکانی هەر کەسە لە جێگەی خۆی ئیدارەی حکوومەتیان کرد و تەقریبەن نزیکی ساڵێک تابیعییەتی عالییەی مەلیک ئەفزەلیان موحافەزە کرد.

مەلیک ئەفزەل، مەلیک عەزیز، مەلیک عادڵ[edit]

مەلیک ئەفزەل کوڕە گەورەی سوڵتان سەلاحەددین بوو و لە دوای باوکی، مەتبووعی باقی حکوومەتانی ئەیووبی بوو. زیائەددین ئیبنی ئەسیر (برای موئەریخی مەشهوور، ئیبنی ئەسیر) وەزیر و مودیری ئومووری بوو. ئەم وەزیرە لە ئیدارە و سیاسەتدا زۆر زەعیف بوو. لە بەر ئەوە، ئینتیزامی ئیدارە زۆر تێک چوو و لە ڕووی ئەم وەزیرە بێ‌ئیدارە و تەدبیرەوە ئومەرای مەشهوور و ئێشکداری زەمانی سوڵتان سەلاحەددین زوو لە بەرچاوی مەلیک ئەفزەل کەوتن و عەزل کران. لە بەر ئەمە، هەموویان عاجز بوون و یەک لە دوای یەک سوورییەیان بەجێ هێشت و چوونە میسر لای مەلیک عەزیز و زاتەن زۆری پێ نەچوو مەلیک عەزیز سەربەخۆیی میسری ئیعلان کرد و لە ٥٩٠ هـ.دا بۆ زەوتکردنی موڵکی براکەی، بە لەشکرەوە ڕووی کردە سوورییە.

ئیختیلافی بەینی ئەم دوو برایە بە ناوبژیی مەلیک عادڵ و بەعزێ ئومەرای ئەیووبی، هەرچۆنێ بوو ئەمجارە تەسکین کرا؛ بەڵام ساڵی دوایی، مەلیک عەزیز دیسانەوە هاتە سەر شام و ئەمجارە مەلیک عادڵ یارمەتیی مەلیک ئەفزەلی دا و بە سیاسەت و تەشویقاتی خۆی، لەشکری میسری لە مەلیک عەزیز وەرگێڕا و ئەم شازادەیەش بە نەتیجە، مەجبوور بوو گەڕایەوە میسر.

مەلیک عادڵ لە ئەووەڵدا، بە زاهیر تەڕەفداری ڕێککەوتنی برازاکانی بوو، بەڵام لە دواییدا کە تەماشای بێ‌ئیدارەیی و بێ‌تەجرەبەیی کردن و زانی کە ڕەنجی سوڵتان سەلاحەددین لە ڕووی کوڕەکانیەوە مومکینە بە باد بچێ و مەملەکەتی ئەیووبی، تووشی نشوستی و بێ‌هێزی بێ، ویستی ئیدارەی مەملەکەت بگرێتە ژێر دەسی خۆی و زاتەن ناڕێکیی برازاکانیشی بۆ ئەم مەقسەدە خدمەتی بوو.

بەم فیکرە لای مەلیک ئەفزەلی گرت و مەلیک عەزیزی بە نائومێدی گێڕایەوە میسر و لە پاشدا دیسانەوە ئاشتی کردنەوە و مەلیک ئەفزەل گەڕایەوە شام و خۆیشی لە میسردا بۆ ڕێکخستنی ئیش و کاری میسر، بە ناوی مەلیک عەزیزەوە مایەوە. لە حەقیقەتدا ئەیویست بناغەی حاکمی خۆی لە مەملەکەتی فیرعەونەکانا دابنێ. لە دوای بەینێک بە بەعزێ بەهانە، لەگەڵ مەلیک عەزیزدا لەشکریان کردە سەر مەلیک ئەفزەل، لە دوای شەڕ و دەعوا، لە ٥٩٢ هـ.دا شام زەوت کرا و مەلیک ئەفزەلی بەدبەخت، لە باتی دیمەشق، بە ناعیلاجی بە قەڵای «سارخد» ڕازی بوو، سوورییە بە ناوی تابیعی زاهیری میسر، کەوتە دەس مەلیک عادڵ.

واقیعەن ئەم موعامەلەیە لە خسووس ئەخلاق و خزمایەتییەوە زۆر ناشیرین بوو، بەڵام سەلامەتی مەملەکەتی ئەیووبی وای ئیجاب ئەکرد و لازم بوو بەرامبەر بە تەعەڕوزاتی یەک لە دوای یەکی ئەهلی سەلیب و ڕێکخستنی ئیش و کاری مەملەکەتی ئەیووبی، حوکمدارێکی بەشەوکەت و سەردارێکی بەنفووز و تەجرەبە، بێتە سەر ئیش. لە بەر ئەمە، هەر تەماشای مەسڵەحەتی عموومی بکرێ، هیچ عیتابێکی تاریخی ڕوو ناکاتە فاتیحی کەرگ.

مەلیک عادڵ لە دوای ساخکردنەوەی سوورییە بۆ خۆی و ڕێکخستنی کاروباری، تەفتیشێکی ئەحواڵی جەزیرەی کرد و ئیدارەی ئەوێشی دامەزراند و لە دوای وەفاتی کتوپڕی مەلیک عەزیز (٢٧ی محەڕەمی ٥٩٥)، بە ناعیلاجی گەڕایەوە سوورییە، چونکە مەلیک ئەلـمەنسوور مەحموودی کوڕی مەلیک عەزیز هێشتا منداڵ بوو. مەلیک ئەفزەلی مامی، بانگ کرابووە میسر و کرابوو بە نائیبی مەلیک مەنسوور.

مەلیک ئەفزەل ویستی لەم وەزیفە تازەیە ئیستیفادە بکا و حەقی خۆی لە مەلیک عادڵی مامی بسێنێ، لەگەڵ مەلیک زاهیری برای کە حاکمی حەڵەب بوو، موخابەرەی کرد و وەعدی یارمەتیی لەویش سەند و هاتە سەر ئەوەی کە لەشکر بکاتە سەر سوورییە.

مەلیک عادڵ لەم کەین و بەینە خەبەردار بوو و بە نفووز و سیاسەت، زوو بەینی مەلیک ئەفزەل و ئومەرای مەعییەتی تێکدا و بە لەشکرێکەوە ڕووی تێکرد و تەنگی پێ هەڵچنی؛ نیهایەت لە ڕەبیع‌ئەلسانی ٥٩٦ هـ.دا مەجبووری تەسلیمبوونی کرد و خۆی و مەلیک مەنسووری لە میسر کردە دەرەوە و مەملەکەتی میسریشی داگیر کرد و [حوکمداریی] خۆی ئیعلان کرد.

مەلیک ئەفزەلی بەدبەخت، بە مەئیووسی گەڕایەوە قەڵای «سرخد». لە دوای بەینێک مەلیک زاهیری برای، ویستی شامی بۆ بسێنێتەوە و حەتتا بە لەشکری حەڵەبەوە هاتە سەر ئەم شارە و موحاسەرەشی کرد، بەڵام ئەو وەقعەیەش سیاسەت و تەدبیری مەلیک عادڵ بە فریادا گەیشت و بەینی دوو برای تێکدا و مەلیک زاهیر وازی لە موحاسەرە هێنا و گەڕایەوە حەڵەب. مەلیک ئەفزەلیش گەڕایەوە سرخد.

لە دوای بەینێک. مەلیک عادڵ قەلعەی ئەلنەجم و سرووج سەمسادیشی دا بە مەلیک ئەفزەل، بەڵام ئەم ئیحسانە، ئەوەندە دەوامی نەکرد و لە ٥٩٩دا لە دەسی سەندەوە. دایکی مەلیک ئەفزەل گەلێ تکای لە مەلیک عادڵ کرد، بەڵام فائیدەی نەبوو. مەلیک ئەفزەل کە وای زانی، قەڵای سەمسادی تەعمیر کردەوە و خۆی بە تابیعێکی سەلجووقی ڕۆم ئیعلان کرد و موددەتێکیش بەو نەوعە ڕایبوارد. حەتتا کە مەلیک زاهیری برای وەفاتی کرد، بە یارمەتیی کەیکاوسی حوکمداری سەلجووقی، ویستی حەڵەب بگرێ و حکوومەتێک بۆ خۆی پێکەوە بنێ. بەڵام ئەم ئاخر تەقەلایەش بە سەبەبی ناڕێکیی موتتەفیقەکانی و موداخەلەی مەلیک ئەشرەفی کوڕی مەلیک عادڵەوە سەری نەگرت (٦١٥ هـ) و شازادەی بەدبەخت بە مەئیووسی گەڕایەوە سەمساد و تا ئاخری عومری، مەترووک و مەهجوور لەوێدا ژیا و لە ٦٢٢دا کتوپڕ وەفاتی کرد.

سەڵتەنەتی مەلیک عادڵ[edit]

سەیفەددین مەلیک عادڵ لە ١٦ی ڕەبیع‌ئەلئاخری ٥٩٦ هـ (٢ی شوباتی ١٢٠٠ م)دا لە قاهیرە حوکمداریی خۆی ئیعلان کرد و وەکوو باسمان کرد بە سووڕەتێکی ماهیرانە، مەملەکەتی سوڵتان سەلاحەددینی تەقریبەن بە تەواوی (بێجگە لە حەڵەب) هێنایە ژێر حوکمی خۆی. لە خسووسی ئیدارەوە لە سەر شوێنی کاکی ڕۆیشت و ئیدارەی مەملەکەتی بە ناوی خۆیەوە دایە دەس کوڕەکانی. مەلیک کامیلی بە سەر میسرەوە، مەلیک ئەلـموعەززەم عیسای بە سەر سوورییەوە و مەلیک ئەلئەشرەف مووسای بە سەر جەزیرەوە دانا. بەعزێ لە کوڕەکانی تریشی کرد بە حاکمی جێگایانی تر و تابیعی براکانی بوون.

لە دەوری حکوومەتی مەلیک عادڵدا تەزییقاتی ئەهلی سەلیب ئەوەندە نەبوو. لەگەڵ ئەمەشدا ئومەرای فەرەنگ بە ئایینێکی مەخسووس ئەو عەهد و پەیمانەی کە لەگەڵ سوڵتان سەلاحەددینیان کردبوو، شکاندیان و ئۆردوویەکی گەورەی ئەهلی سەلیب لە «عبرە»وە هاتە سەر بەیرووت و گرتی. ئەم تەعەڕوزە تەسادوفی وەقتی شەڕ و هەرای بەینی کوڕانی سوڵتان سەلاحەددینی کردبوو.

مەلیک عادڵ لە دوای هاتنە سەر تەختی، بە لەشکرێکەوە چوو یافای داگیر کرد. ئەهلی سەلیبیش «تیبنین»یان موحاسەرە کرد بەڵام بۆیان نەگیرا و داوای سوڵحیان کرد و موتارەکەیەکی سێ ساڵی لە بەیندا کرا و فەرتەنەی ئەهلی سەلیبی چوارەم بەم تەرحە بڕایەوە.

لە ٦١٣دا مەلیک زاهیری غازی، حاکمی حەڵەب، وەفاتی کرد و تەشەبوسی مەلیک ئەفزەل بۆ گرتنی ئەم شارە لەگەڵ کەیکاوسی سەلجووقی ڕۆمدا سەری نەگرت و حەڵەبیش کەوتە دەس مەلیک ئەشرەفی کوڕی مەلیک عادڵ و ئیدارەی کوڕانی قەهرەمانی هەرە گەورەی ئیسلام بەم تەرحە دوایی هات.

لە بەر ‌تالعی مەلیک عادڵ بوو کە ئاگری ئەهلی سەلیبی ئەمجارە نەگەیشتە مەملەکەتی ئیسلام و تەنیا ئەستامبۆڵی سووتاند و وێران کرد.

پاپا ئینوسانی سێیەم لە ١٢١٦ ـ ١٢١٧ م.دا فەرتەنەی ئەهلی سەلیبی پێنجەمی ئیجاد کرد. قەڕاڵی مەجار و دۆقەکانی ئاوستریا و باویرا، لەگەڵ ئومەرای ئاڵمانیای جنووبی، هەموو داخڵی ئەم قافڵەی پێنجەمە بوون و ئۆردوویەکی ٢٥٠٠٠٠ کەسی (زۆری ئاڵمان بوو) ڕووی کردە ساحیلی سوورییە و لە بەحر هاتنە دەرەوە و تەڕەفی عەککایان تاڵان و وێران کرد و حەتتا لەگەڵ گەورەکانی سوورییەشدا کەوتنە شەڕەوە. لە دواییدا قەراریان دا کە بچنە سەر میسر. واقیعەن گەڕانەوە قەراغ بەحر و سواری گەمییەکانیان بوون و ڕوویان کردە مەنسەبی نیل و لەوێ هاتنە دەرەوە و دەوری دەمیاتیان دا. مەلیک عادڵ لەو بەینەدا لە شیمالی سوورییە بوو، کە خەبەری دەمیاتی بیست، بە تاڵووکە بۆ کۆکردنەوەی لەشکر و موقابەلەی ئەهلی سەلیب، ڕووی کردە شام، بەڵام ئەجەل مۆڵەتی نەدا و لە نزیک شام لە عەلاکین وەفاتی کرد (جەمادی‌ئەلئاخری ٦١٥ هـ/ ٣١ی ئۆغستۆسی ١٢١٨ م).

ئەوساف و مەزییاتی

موئەلیفی «مصور تاریخ اسلام»، سەیید ئەمیر محەمەد عەلی ئەڵێ سەیفەددین مەلیک عادڵ، ئەهلی مەعریفەت و تەدبیر، زۆر دوورئەندێش، لە حەرەکاتیا فەزیلەت‌پەروەر و لە تەشەبوسیا بەسەبات و لە ئەعمالیدا مەییالی چاکە بوو. وەکوو کاکی، زۆر عیلم و مەعاریفی خۆش ئەویست. بە ئازایی و بەجەرگی لە شەڕا، بە عەقڵ و کەماڵی لە ئیدارە و سیاسەتدا، لە زەمانی کاکیا دەسە ڕاستی بوو، چ لە زەمانی کاکیا و چ لە دەوری حکوومەتی خۆیدا غەزایەکی زۆری لەگەڵ ئەهلی سەلیب کردووە.

لەگەڵ قەڕاڵی ئینگلیز، ڕیشاری شێردڵدا زۆر دۆستایەتی بوو و ئەم قەڕاڵە لە موخابەرە و موکالەمەدا «خۆشەویست و برام»ی پێ ئەگوت و حەتتا بە ناوی ئەم دۆستایەتییەوە مەلیک کامیلی کوڕی کردبوو بە شوالیە (= جەنگاوەر).

لە سککەدا عینوانی «ئەبو ئەلفیدا»ی قەبووڵ کردبوو. لە زەمانی خۆیدا شەوکەت و سەتوەتی حکوومەتی بە تەواوی موحافەزە کرد.

دەوری سەڵتەنەتی مەلیک کامیل[edit]

عینوانی «ناسرەددین» و کونیەی «ئەبو ئەلمەعالی محەمەد»ە و کوڕی مەلیک عادڵە. لە ڕەبیع‌ئەلئەوەلی ٥٧٦ هـ.دا هاتۆتە دنیاوە. لە دوای وەفاتی باوکی، بوو بە حوکمداری میسر و دەرکردنی ئەهلی سەلیب لە دەوری دەمیات و خاکی میسر کەوتە عۆدەی ئەو.

لەو بەینەدا ئەلمەلیک ئەلموعەززەم عیسا (شەرەفەددین) حوکمداری سوورییە بوو و مەلیک ئەلئەشرەف مووسا (موزەففەرەددین)یش ئیدارەی حەڵەبی گرتبووە دەس خۆی.

ئۆردووی ئەهلی سەلیب موددەتێکی زۆر دەمیاتی موحاسەرە و تەزییق کرد، چ موحاسرین و چ مەحسوورین، لە بەر نەخۆشی و برسیەتی، زایەعاتێکی زۆریان دا و لە دوای ساڵ و نیوێک موحاسەرە و تەزییق، ئینجا دەمیات کەوتە دەس ئەهلی سەلیب. لە ئیبتیدای موحاسەرەدا ئەهالی و مودافیعینی ئەم شارە ٧٠٠٠٠ کەسێک بوو، بەڵام لە وەقتی تەسلیمدا تەنیا سێ‌هەزار مابووەوە و ئەمانەش لە تەڕەف ئەهلی سەلیبی موتەعەسیب و خوێنخوارەوە قەتڵوعام کران.

ئۆردووی سەلیب لە دوای گرتنی دەمیات ڕووی کردە قاهیرە. ئۆردووی مەلیک کامیل، هەرچەندە لە تەڕەف لەشکری براکانیەوە تەقوییە کرابوو، بەڵام دیسانەوە بە نەزەر ئۆردووی دوشمنەوە زۆر کەم بوو و بەربەستی تەعەڕوزی پێ نەکرا، لە بەر ئەوە، مەلیک کامیل لەگەڵ قوماندانی ئۆردووی ئەهلی سەلیب کەوتە موخابەرە و بە شەرتی وازهێنان لە دەمیات، وەعدەی ڕەتکردنەوەی فەلەستینی دانێ، بەڵام ئەم تەکلیفی سوڵحە، لە تەڕەف ئەهلی سەلیبەوە قەبووڵ نەکرا.

سقووتی دەمیات و تەعەڕوزی ئەهلی سەلیب بۆ سەر قاهیرە، لە ئەورووپادا تەئسیرێکی زۆری بوو، ئەهلی سەلیب کەوتە تەمەعی میسر و مەلیک کامیلیش بۆ نەجاتدانی میسر حازر بوو واز لە قودس بهێنێ، لەم حاڵەدا بەتاشەتی ئۆردووی ئەهلی سەلیب و توغیانی نیل، فەرحەتێکی باشی دا بە مەلیک کامیل. ئەمری دا هەموو سەدەکانیان شکاند و ئەرازیی دیلتا غەرق کرا. خەتی ڕەجعەتی ئەهلی سەلیب بڕڕا، لە بەحرەوە خواردەمەنییان نەئەگەیشتێ و تووشی برسیەتییەکی خراپ بوون، لە لایەکی تریشەوە لەشکری ئیسلام بە کۆمەڵی بچووک‌بچووک لێیان کەوتبووە هجووم و تەعەڕوز و شڵەژاندبوویانن. لە سەر ئەم ئەحواڵە، ئەهلی سەلیب کەوتە تەڵەبی سوڵحەوە، بە شەرتی موساعەدەکردن بە گەڕانەوەیان و موساعەدەی زیارەتی حەجاجیان، سوڵحیان کرد و ڕۆیشتن.

لە دوای ئەمە کە هەرای ئەهلی سەلیبی شەشەم بڕایەوە، ئەوەندەی پێ نەچوو لە ناو کوڕانی مەلیک عادڵدا شەڕی خۆماڵی دەسی پێکرد. مەلیک ئەلموعەززەم عیسا، حاکمی سوورییە، لە کاکی وەرگەڕا و چاوی بڕیە تەختی میسر و خەریک بوو لەگەڵ جەلالەددین خوارەزمشاهدا ئیتیفاق بکا. مەلیک کامیل کە ئەمەی بیست، سەغڵەت بوو و لەو وەقتەشدا ئیمپراتۆری ئاڵمانیا، فرەدریقی دووەم، بە لەشکرێکی گەورەوە ڕووی کردبووە میسر. مەلیک کامیل، ناعیلاج ما و کەوتە موخابەرە لەگەڵ ئیمپراتۆر و ویستی سوڵحێکی لەگەڵ بکا.

بە تەقدیری خوا، لەو بەینەدا مەلیک ئەلموعەززەمی حوکمداری سوورییە، وەفاتی کرد (زی‌قەعدەی ٦٢٤ هـ) و مەملەکەتەکەی بۆ مەلیک ناسر داودی کوڕی بەجێ هێشت. مەلیک کامیل لەم وەزعییەتە ئیستیفادەی کرد و بە لەشکرەوە ڕووی کردە شام؛ مەلیک ئەشرەفی برای لە ئەوەڵا ویستی یارمەتیی مەلیک ناسر بدا، بەڵام لە دواییدا لەگەڵ مەلیک کامیل ڕێکەوت و بە یەکەوە شامیان گرت و مەلیک کامیل بەرامبەر بە بەعزێ وڵاتانی جەزیرە، شامی دا بە مەلیک ئەشرەف (٦٦ هـ) و کەرگ و ئەلشواک و بەعزێ قەڵای تر، لە باتی شام، درا بە مەلیک ناسر داود.

مەلیک کامیل لە دوای جێبەجێکردنی ئیش و کاری سوورییە، ڕووی کردە جەزیرە (مەزۆپۆتامیا) و بۆ بەربەستکردنی لافاوی خوارەزمی و موغول، ئەم وڵاتەی تەنزیم کرد و بەعزێ جێگەشی کە بە دەس ئەم و ئەوەوە بوو، زەوت کرد و «حیسن‌کورد»ی بە ناوی موڵکی خاسەوە دا بە مەلیک نەجمەددین ئەیووبی کوڕە گەورەی و بە سەر جەزیرەوە داینا. لە دوای بەینێ، موساعەدەی کرد کە نەجمەددین ئەیووب لەشکری بێ‌ساحێبی خوارەزمی بگرێتە ژێر دەسی خۆی تا بتوانێ بەربەستی لافاوی موغول بێت.

لە ٦٢٩ هـ.دا (١٢٢٩ م) ئیمپراتۆری ئاڵمانیا، فرەدریق، کە گەیشتە سوورییە، موزاکەراتی سوڵحی بەینی ئیمپراتۆر و مەلیک کامیل لەم ڕۆژانەدا دوایی هات. بە گوێرەی ئەم موعاهەدەیە قودسی شەریف لەگەڵ ناسرە و ئەترافی و لە عەککاوە تا یافا، پارچەیەکی ساحیلیش، بە موەققەتی کەوتە دەس فرەدریق و بەرامبەر بەمە تا موددەی دە ساڵ و شەش مانگ و دە ڕۆژ واز لە شەڕ هێنرا، لە لایەکی تریشەوە بەرامبەر بە هەموو دوژمنێک ئیمپراتۆر ئەبوایە یارییەی مەلیک کامیلی بدایە. خوالاسە، ئەم موعاهەدەیە نە موسوڵمان و نە گاوری مەمنوون نەکرد و ئیمپراتۆریش زۆری پێ نەچوو فەلەستینی بەجێ هێشت و چووەوە بۆ ئاڵمانیا.

لە دوای ئەم سوڵحە، زۆری پێ نەچوو کە بەینی مەلیک کامیل و مەلیک ئەشرەفی برای، لەگەڵ سوڵتانی ڕۆم تێکچوو و سوڵتان کەیقوبادی سەلجووقی، لەشکری کردە سەر شیمالی جەزیرە (٦٣١ هـ) و لەگەڵ لەشکری ئەیووبیدا کەوتە شەڕەوە. لە ئەوەڵا، تالعی شەڕ بۆ لەشکری سەلجووقی موساعید بوو و بەعزێ جێگەیان لە موڵکی ئەیووبی داگیر کرد، بەڵام پێیان موحافەزە نەکرا و نیهایەت ئەم دەعوایە بە وەفاتی سوڵتان کەیقوباد بڕایەوە و لەشکری سەلجووقی لە خاکی ئەیووبی دەرکرا (٦٣٣ هـ).

ڕێکیی بەینی مەلیک کامیل و مەلیک ئەشرەف ئەوەندە دەوامی نەکرد و مەلیک ئەشرەف لە عەلەیهی کاکی، لەگەڵ باقی ئومەرای ئەیووبیدا ئیتیفاقی کرد. مەلیک کامیل ئەمەی بیست و دەسپێشکەری کرد، بە لەشکری میسرەوە ڕووی کردە شام، بەڵام لە پێش ئەوەدا کە لەگەڵ لەشکری مەلیک ئەشرەف و موتتەفیقەکانی بکەوێتە شەڕەوە، مەلیک ئەشرەفی برای لە شام ئەمری خوای بەجێ هێنا (٤ی محەڕەمی ٦٣٥ هـ) و شاری شام بێ موحارەبە کەوتە دەس مەلیک کامیل. بەڵام بەرامبەر بە تەسیلمکردنی ئەم شارە، بەعلەبەک و بەسری دا بە مەلیک ساڵح ئیسماعیلی برای.

مەلیک کامیل لە دوای ئەم غەلەبەیە بە چەند مانگێک لە دیمەشق وەفاتی کرد (٢١ی ڕەجەبی ٦٣٥ هـ/ ٨ی مارتی ١٢٣٨ م).

ئەوساف و مەزییاتی

مەلیک کامیل بێ شوبهە حوکمدارێکی زۆر باش و موقتەدیر بوو. ئەوسافی بڵندی خۆی، چ لە مەیدانی شەڕدا و چ لە ئومووری سیاسیدا زۆر چاک نواندووە. وەفاتی، مەبدەئی نوشوستیی حکوومەتی ئەیووبییە. لە تەڕەف ڕیشاری شێردڵەوە بە شوالیە قەبووڵ کرابوو. لە خسووس عیرفان و عیمرانەوە لە سەر شوێنی باوک و مامی ڕۆیشت. بەعزێ ئاساری باشی هەیە و لەگەڵ ڕێکخستنی ئومووری ئیسقا و ئیروای میسر گەلێ خەریک بوو. تەحکیماتی قەڵای قاهیرەش لە زەمانی ئەودا تەواو کرا.

واقیعەن بە سەبەبی تەسلیمکردنی قودسی شەریف و بەعزێ جێگەی تر بە ئیمپراتۆری ئاڵمانیا، بە زاهیر لایقی عیتابە؛ بەڵام لە پێش ئەمەدا کە ئینسان لەم خسووسەوە حوکمێکی قەتعی بدا، لازمە مولاحەزەی وەزعییەتی سیاسییەی ئەو زەمانە بکا و ئەحواڵ و حەسادەتی براکانیش بێنێتە بەر چاو.

مەلیک عادڵی دووەم[edit]

لە دوای وەفاتی مەلیک کامیل، ئومەرای ئەیووبی، مەلیک عادڵی دووەمیان کە کوڕە بچووکی مەلیک کامیل بوو، بە سوڵتان ئیعلان کرد. وەلحاڵ ئەم شازادەیە چ لە بەر بچووکی و چ لە بەر بێکارەیی، قابلیەتی حوکمداری نەبوو و لەم خسووسەوە حەق لە تەڕەف مەلیک نەجمەددینی برا گەورەیەوە بوو کە لەو بەینەدا حاکمی جەزیرە بوو. لە وەقتێکدا کە لەگەڵ موحاسەرەی ڕەها خەریک بوو، خەبەری وەفاتی باوکی زانی و وازی لە موحاسەرە هێنا و لەوەدا بوو کە بێ بۆ سوورییە، بەڵام لە پڕێکا تووشی عوسیانی خوارەزمییەکانی مەعییەتی بوو و ویستیان بیگرن، هەرچۆنێ بوو نەجاتی خۆی دا و خۆی گەیاندە سنجار.

بەدرەدین لوءلوئی حاکمی مووسڵ، کە یەکێ لە دوژمنانی ئەمیر نەجمەدین بوو، لەم فرسەتەدا ویستی مەحوی بکاتەوە و لە سنجاردا موحاسەرەی کرد. بەڵام قازییە عاقڵەکەی شازادە، بە حوسنی تەدبیری، خوارەزمییەکانی لەگەڵ ئاشت کردەوە و بە یارمەتیی ئەو، لەشکری بەدرەددین لوءلوئی زۆر خراپ شکاند و لەوێوە ڕووی کردە دیاربەکر و سوڵتانی ڕۆمیشی لە دەوری ئەم قەڵایەدا شکاند و وڵاتانی جەزیرەی دیسانەوە هێنایە ژیر ئیتاعەتی.

لە ساڵی ٦٣٦ هـ.دا حاکمی شام، مەلیک جەواد یوونس، تەکلیفی گۆڕینەوەی سنجار و ڕەقە و عانەی لەگەڵ شام لە ئەمیر نەجمەددین کرد. ئەمیر نەجمەددین ئەم فرسەتەی لە دەس نەدا و قەبووڵی کرد. توورانشاهی کوڕی بە سەر جەزیرەوە بەجێ هێشت، حەڕان و ڕەها و بەعزێ جێگەی تریشی دا بە ئومەرای خوارەزمی و بە لەشکرێکەوە ڕووی کردە سوورییە و شامی گرت.

مەلیک عادڵ و ئەمیر داودی ئامۆزای کە حاکمی کەرگ بوو، لە بەینی خۆیانا وایان قەرار دانابوو کە بچنە سەر مەلیک نەجمەددین ئەیووب. لەو وەقتەدا بەعزێ ئومەرای بەناوبانگ لە موعامەلەی مەلیک عادڵ عاجز بووبوون و هاتبوونە لای مەلیک نەجمەددین. حەتا ئەمیر داودیش بە شەرتی ئەمەی کە شامی بدرێتێ، ویستی لەگەڵ مەلیک نەجمەددیندا ئیتیفاق بکا، بەڵام ئەم تەکلیفەی قەبووڵ نەکرا و لە دوای ئەمە، دیسان بایدایەوە سەر مەلیک عادڵ.

لە ساڵی ٦٣٧ هـ.دا مەلیک نەجمەددین بۆ زەوتکردنی میسر، خۆی حازر کرد و بە پێنج هەزار کەسێکەوە لە شام هەڵسا و چوو بۆ نابلۆس. نەجمەددین ویستی بزانێ مەلیک ئیسماعیلی مامی، بەڕاستی یارمەتیی ئەدا یان نا، چونکە ئەم مامە زۆر تەفرەی دابوو و بە قسە هیچی نەهێشتبووەوە؛ وەلحاڵ ئەم مامە لەگەڵی خیانەتی ئەکرد و لە ژێرەوە لەگەڵ ئەمیری حومس قسەیان کردبوو بە یەک. لە لایەکی تریشەوە ئومەرای لەشکری مەلیک نەجمەددینی بە ئەنواعی وەعد و فێڵ تەفرە دا و لە پڕێکدا بڵاوەیان کرد و مەلیک نەجمەددینیان لە نابلۆسدا بە تەنیا بەجێ هێشت. ئەمیر داودی حاکمی کەرگ کە ئەمەی بیست، بە لەشکرەوە هاتە سەر نابلۆس و مەلیک نەجمەددینی ئەسیر کرد و ناردیە کەرگ. هەرچەند مەلیک عادڵ داوای کرد کە بۆی بنێرێ، قەبووڵی نەکرد.

لەو بەینەدا موعاهەدەی بەینی مەلیک کامیل و ئیمپراتۆر فرەدریق وەعدەی تەواو ببوو، بەڵام فەرەنگەکان نەیانئەویست بیدەنەوە. ئەمیر داود، بە خۆیا ڕاپەرموو و بە لەشکرەوە چووە سەر قودس و لە دوای موحاسەرەیەکی بیست و یەک ڕۆژی، زەوتی کرد (جەمائی ئەلئەوەلی ٦٣٧ هـ) و ئەو تەحکیمانەی کە لە شارەکە لە تەڕەف فەرەنگەوە کرابوو، هەمووی تێکدا.

لە حوسنی تالعی مەلیک نەجمەددین، موزاکەرەی بەینی ئەمیر داود ئیسماعیل و مەلیک عادڵ، سەری نەگرت و بە تەوەسوتی ئەمیری حەمما، مەلیک نەجمەددین ئەیووب و ئەمیر داود ڕێک کەوتن و هەردووکیان لە قودسدا موعاهەدەیەکیان لە بەینی خۆیانا کرد. بە گوێرەی ئەم موعاهەدەیە میسر بۆ مەلیک نەجمەددین و سوورییە و وڵاتانی شەرقیش بۆ ئەمیر داود ئەبوو.

ئیتیفاقی بەینی ئەمیر داود و مەلیک نەجمەددین، مەلیک عادڵی ترساند و دەسبەجێ ئەمری دا بە مەلیک ئیسماعیلی مامی کە بچێتە سەر ئەو دوو موتتەفیقە و خۆشی بە فیکری چوونە سەر فەلەستین، بە لەشکری میسرەوە لە «بلبایس»دا ئۆردووگای دامەزراند. بەشێکی لەشکری مەملووک کە بە ناوی مەلیک ئەشرەفی برای مەلیک کامیلەوە ئەشرەفییەیان پێ ئەگوتن، لە مەلیک عادڵ ڕازی نەبوون، لە ئۆردووگادا چوونە سەری و گرتیان و لە سوڵتانیی خەلعیان کرد و ناردیان لە قەڵای قاهیرە حەپسیان کرد و لە دوای چەند ڕۆژێک موڵکی میسریان تەکلیفی مەلیک نەجمەددین کرد.

مەلیک ئەلساڵح نەجمەددین ئەیووب[edit]

کوڕە گەورەی مەلیک کامیلە، لە ٦٢٣ هـ.دا لە میسر هاتۆتە دنیاوە. لە ٦٢٥دا باوکی کردی بە وەلیعەهدی خۆی. بەڵام بە تەئسیر و بوختانی دایکی مەلیک عادڵی دووەم، لە دوای بەینێک لە بەر چاو کەوت و لە میسر دوور خراوە. وەکوو لە سەرەوە گوتمان، زۆر تووشی ئەزیەت و کوێرەوەری بوو، بەڵام نیهایەت بێکارەیی مەلیک عادڵ ئەبووبەکر، بە فریادا گەیشت و لە دوای خەلع و حەپسی مەلیک نەجمەددین، بانگ کرایە میسر و لەوێ ئیعلانی سوڵتانی کرا (٦٣٧ هـ، ١٢٤٠ م). زۆری پێ نەچوو سەڵتەنەتی مەلیک ساڵح لە تەرەف خەلیفەی بەغداشەوە تەسدیق کرا.

مەملەکەتی میسر، بەم تەرحە، بێ شەڕ و هەرا، بۆ مەلیک ساڵح ساغ بووەوە. وڵاتانی شەرقیش بە واسیتەی توورانشاهی کوڕیەوە لە ژێر ئیدارەیەکی باش و مەزبووتدا بوو. تەنیا سووریە لە بەینی شەڕ و شۆڕ و نیفاقی ئومەرای ئەیووبی ناڕەحەت بوو و ئەگەر ئەم وڵاتەشی بۆ ساغ بکرایەوە، بە تەواوی دەوری شەوکەتی زەمانی سوڵتان سەلاحەددین بە دەرەجەیەک ئیعادە ئەکرایەوە.

ئەوەی مەلیک نەجمەددین ئەیووبی سەغڵەت ئەکرد، موعاهەدەی قودس بوو. واقیعەن بۆی دەست نەئەدا کە سووریە دەس ئەمیر داوود بکەوێ. زاتەن چونکە موعاهەدەی قودسیش لە ژێر جەبر و تەسدیقدا ئیمزا کرابوو، ئەوەندە قیمەتی حقووقییە و ئەخلاقییەی نەبوو. مەلیک ساڵح بەم فیکر و قەناعەتە، بەتاڵیی ئەو موعاهەدەیەی ئیعلان کرد و بە زاهیری، ئەمیر داودیشی بە وەعدی حاکمییەتی شام دامرکاند.

مەلیک ساڵح، ساڵی دوایی لەگەڵ ڕێکخستنی ئیش و کاری میسردا ڕابوارد. بەدەویی میسری عولیای تەئدیب کرد، ڕوئەسا و مەشایخی ئیختیلالی گرت و موڵک و ئەرزەکانی بە سەر مەملووکەکاندا دابەش کرد. لە عەینی ساڵدا لە جەزیرەی «ڕەوزە»دا کە لە ناو نیلدا بوو، سەرایەکی بۆ خۆی و قشڵەیەکی بۆ مەملووکەکانی دروست کرد.

لە عەینی ساڵدا مەلیک نەجمەددین لەگەڵ دوژمنانی خۆماڵیدا تێکچوو، ئەمیر داود لە دوای بەتاڵکردنەوەی موعاهەدەی قودس، باش تێگەیشت کە سوڵتان نەجمەدین مەیدانی ناداتێ تا نفووزێکی زۆر پەیا کا. ئەمیر نەجمەدین ئیسماعیلی مامی سوڵتانیش، لە بەر کردەوەی خائینانەی پێشووی لە ترس و لەرزدا بوو و ئەیزانی کە سوڵتان، شامی بە دەسەوە ناهێڵێ. لە شەرقیشدا لە جەزیرەش بەدرەددین لوءلوئی حاکمی مووسڵ، نفووزێکی زۆری پەیا کردبوو. شاری ئامەدی لە توورانشاهی کوڕی سوڵتان زەوت کردبوو و بە غەیری حەسەنکێف و «قەلعەتەالهاسم» جێگەیەکی بە دەسەوە نەهێشتبوو.

نیهایەت ئەمیر داود و ئەمیر ئیسماعیلی حاکمی شام، لە عەلەیهی سوڵتان، لەگەڵ فەرەنگی میسردا ئیتیفاقیان کرد. لە موڵکی فەتحکراوی سوڵتان سەلاحەددین، تەبەرییە، شەقیف، ئارنون و سەفەدیشیان دانێ، موساعەدەیان کردن کە لە شام سیلاح بکڕن. خولاسە لە بەینی ئەم ئومەرای حەسوود و تەمەعکاری ئەیووبی و فەرەنگەدا بۆ مەحوی مەلیک نەجمەددین ئەیووب ئیتیفاق کرا و دەسیان کرد بە خۆ حازر کردن. ئەساس و مودەبیری ئەم فەسادە، ئەمیر نەجمەددین ئیسماعیلی مامی سوڵتان بوو. لە وەقتی خۆیدا دیسان هەر بە حیلە و فەساد، شامی لە مەلیک جەواد یۆنس سەندبوو و ئەم ئەمیرە لە ترسی ئەو لە خوا نەترسە ڕایکردبووە لای فەرەنگ. ئەمیر ئیسماعیل لەم ئیتیفاق و تێکەڵییە لەگەڵ فەرەنگدا ئیستیفادەی کرد و میقدارێ پارەی نارد بۆ فەرەنگ و مەلیک جەوادی لێ وەرگرتن و زاڵمانە کوشتی.

خولاسە بۆ ڕووخاندنی بناغەی سەڵتەنەتی ئەیووبی، داود و ئیسماعیل دەنائەتیان گەیاندە دەرەجەی نیهایەت و لە ژێرەوە خەبەریان نارد بۆ فەرەنگ کە ئوسەرای ئیسلام کە لە شەقیف و ئەرنوندان، ئەیانەوێ عوسیان بکەن. فەرەنگی موتەعەسیب کە ئەم خەبەرەی بیست، هەموو ئەسیرەکانی هەڵگرت و بردنیە عەککا و لەوێ هەمووی کوشتن.

لە دوای بەینێ، لەشکری فەرەنگ و داود و ئیسماعیل، بە یەکەوە ڕوویان کردە لەشکری سوڵتان نەجمەددین و لە بەینی غەزە و عەسقەلاندا تووشیان بوون و شەڕێکی قورس لە بەینیاندا قەوما. لەشکری موسوڵمانی ئەمیر ئیسماعیل لە وەقتی شەڕدا خۆیان جوێ کردەوە و چوونە لای مەلیک نەجمەددین ئەیووب و لە نەتیجەدا موتتەفیقین زۆر خراپ شکان و لە فەرەنگ زۆر بە دیل گیرا و مەجبوور بوون لەگەڵ سوڵتانی میسردا سوڵحیان کرد و لەشکری میسر گەڕایەوە.

بە سەبەبی دوورکەوتنەوەی مەلیک نەجمەدین لە سووریە، ساڵی دوایی، فەرەنگ و ئەمیر داوود بەعزێ حەرەکاتی بچووک بچووک بەڵام زۆر زاڵمانەیان کرد. لە ٦٤١ هـ.دا لە بەینی مەلیک نەجمەدین و ئیسماعیلدا موزاکەراتی سوڵحییە دەسی پێکرد و ئەساسی ئەم موزاکەرەیەش ئەمە بوو کە مەلیک غیاسەددین کوڕی مەلیک نەجمەددین کە لای ئەمیر ئیسماعیل ئەسیر بوو، بەر بدرێ و مەلیک بە مەتبووع بناسرێ و لە خوتبەدا ناوی بخوێنرێتەوە. بەڵام ئەمیر ئیسماعیل خەبەری وەرگرتبوو کە مەلیک نەجمەددین بە دزییەوە خوارەزمییەکانی لێ هان ئەدا، بە سەبەبی ئەمەوە قەتعی موزاکەرات کرا و لە ئەواخیری ئەو ساڵەدا ئیسماعیل و داود ئیتیفاقێکی قەتعییان لەگەڵ فەرەنگدا ئیمزا کرد و بەشی زۆر فەلەستینیان لەگەڵ قودسی شەریف و بەعزێ مەواقیعی موقەدەسەی ئیسلامییان کە لەو ناوەدا بوو، بۆ تەرک کردن (٦٤١ هـ). ئەمیر داود کە دوشمنێکی زۆر بەشیددەتی فەرەنگ بوو، مەجبوور بوو کە مێزەکەی ناو سەخرە و زەنگەکەی مەسجیدول ئەقساشیان بداتێ.

مەلیک نەجمەددین بەرامبەر بەم دوژمنە موتتەفیقانەی، خوارەزمییەکانی بە ئیمدادەوە هێنا. واقیعەن لەشکری خوارەزمی، ساڵی دوایی (٦٤٢ هـ) لە سەر ڕێگەیانا قودسی شەریفیان زەوت کرد و تەخریباتێکی مودهیشیان لەو ناوەدا کرد. مەلیک نەجمەددینیش لە میسرەوە ئۆردوویەکی بە یارمەتیی خوارەزمییەکانەوە نارد. ئیسماعیلیش لەشکرێکی بە ئیمدادی فەرەنگەکانەوە نارد. دوو لەشکر لە غەزەدا شەڕێکی زۆر مودهیشیان کرد و زەفەری قەتعی، کەوتە دەس خوارەزمی و لەشکری میسر. لەشکری خوارەزمی تاڵانێکی بێ حەد و حیسابی کرد. لە دوای ئەم غەلەبەیە، لەشکری میسر قودسی شەریف و فەلەستینیان داگیر کردەوە (٦٤٢ هـ)، کە ئەم وڵاتە لە ئیعتیباری ئەم تاریخەوە تا ١٩١٨م بە دەس ئیسلامەوە مایەوە. ئەمیر داود، تەنیا «کرت» و «سەلت» و «عەجلوون»ی پێ موحافەزە کرا. لەشکری میسر، شامیشی موحاسەرە کرد و موحاسەرە زۆر توولی کێشا.

ئینجا ساڵی دوایی (٦٤٣ هـ) ئیسماعیل تەسلیم بوو و موقابیل بە شام، بەعلەبەک و بەسری و مولحەقاتی درایە. لە دوای ئەم موەفەقییەتە، خوارەزمییەکان بە تەمای موکافاتێکی زۆر بوون، بەڵام چونکە بەوەی کە دەسیان کەوتبوو ڕازی نەبوون، داخڵی خزمەتی ئیسماعیل و داود بوون و بە ئەمری ئەوان شامیان موحاسەرە کرد، کە لە تەڕەف قوماندانێکی ئەیووبییەوە تا ئەوائیلی ٦٤٤ هـ مودافەعە کرا. ئەمیری حەڵەب و حەمما کە تا ئەو وەقتە تەڕەفداری مەلیک نەجمەددینیان نەکردبوو، بۆ خاتری بڕینەوەی شەڕ و موسیبەتی خوارەزمی، لەشکری خۆیان ناردە سەریان و خوارەزمییەکان لە سەر ئەمە وازیان لە موحاسەرەی شام هێنا و چوون بە پیر لەشکری حەڵەبەوە و لە «قەسەب»دا تووشیان بوون و خوارەزمی زۆر خراپ شکا و یەکێ لە ڕوئەساشی کوژرا و یەکێکی تریشیان مەجبووری فەرار کرا.

ئیسماعیل ئیلتیجای کردە حەڵەب و ئەمیری حەڵەب (یۆسفی دووەم)، حیمایەی کرد؛ بەڵام بەعلەبەک لە دەس چوو و کەوتەوە دەس مەلیک ئەیووب. کوڕ و ژنەکانی ئەسیر کران و برانە قاهیرە. ئەمیر داودیش بە غەیری کەرگ هەموو موڵکەکانی لە دەس چوو و ئەویش ڕایکردە حەڵەب و کوڕێکی زۆر منداڵی بە سەر کەرگەوە بەجێ هێشت. ئەمیری حەڵەب، زۆر ڕقی لە مەلیک نەجمەدین ئەیووب بوو و بۆ مودافەعەی موڵکی خۆی بەرامبەر بە مەلیک ئەیووب، ویستی «حومس»ی لێ زەوت بکا و لەشکرێکی ناردە ئەو شارە و لە دوای دوو مانگ موحاسەرە، لە ئەمیر ئەشرەفی داگیر کرد (٦٤٦ هـ).

مەلیک نەجمەددین لەم تەجاوزە زۆر عاجز بوو و بۆ شەڕی ناسر یۆسفی دووەم، هاتە شام. یەکێ لە سەردارانی خۆی بە لەشکرێکەوە ناردە سەر حومس. مەلیک نەجمەددین لە دوای گەیشتنی بە شام، خەبەری هاتنی ئەهلی سەلیبی حەوتەمی زانی، کە لە قوماندای قەڕاڵی فرانسس، لووئی حەوتەمدا ڕوویان کردبووە دەمیات. ئەم حادیسەیە مەجبووری کرد کە بە تەوەسوتی خەلیفەی بەغدا لەگەڵ یوسف ناسری دووەمدا سوڵحێکی بە عەجەلە بکا. لە دوای ئەم سوڵحە بە ڕەغمی نەخۆشییەکی گرانی، بە سدیە نەقڵ کرایە ئاشمونەن ، بەڵام نەیتوانی مانعی ئیخراجی ئەهلی سەلیب و گرتنی دەمیات بێ، چونکە لە دوای نەخۆشکەوتنی، ئینزیبات و ئیتاعەتی ناو لەشکری سست بووبوو. عەشیرەتی بەدەوی کەنانە کە موحافەزەی ئەو مەوقیعەی گرتبووە ئەستۆی خۆی، وای زانیبوو کە لە تەڕەف لەشکری سوڵتانەوە بەجێ هێڵراوە و بەم ترسە، نامەردانە و بڵحانە ڕایانکردبوو.

مەلیک نەجمەددین موددەتێکی کەم لە پێش وەفاتیدا وەزعییەتی کوڕانی داودی بە مەمنوونی چاو پێکەوت، واقیعەن کوڕە گەورەکەی کە دیتی باوکی، برا چکۆلەکەی لە جێگەی خۆی داناوە بە حاکمی کەرگ، چووبووە سەری و ئەسیری کردبوو و بە ڕجای گۆڕینەوەی کەرگ لەگەڵ مەوقیعێکی تر بۆی، ئەم قەڵایەی تەقدیمی مەلیک نەجمەددین کرد و مەلیک یەکێ لە ئومەرای بە میقدارێ لەشکرەوە نارد و ئیشغاڵی کرد.

مەلیک ساڵح نەجمەددین ئەیووب، لە ١٥ی شەعبانی ٦٤٧ هـ (٢٣ی تشرینی سانی ١٢٤٩ م)دا وەفاتی کرد.

ئەفکار و ئاساری:

غایەی موبارەکی ئەم حوکمدارە، تەئسیسی حکوومەتێکی بەشەوکەتی وەکوو حکوومەتی سوڵتان سەلاحەددین و مەلیک کامیلی باوکی بوو، کە عیبارەت بوو لە میسر و فەلەستین و سووریە و جەزیرە، بە فەرقێکی زۆر کەم؛ ئەم مەقسەدەی لە ئەواخیری دەوری سەڵتەنەتیدا هاتە جێ. تەنیا ئیمارەتی سەربەخۆی حەڵەب و مووسڵ لە دائیرەی نفووزی بەدەر بوو. مەلیک نەجمەددین بۆ زیادکردنی قووەت و تەئسیری خۆی، لەشکرێکی مەملووکی ئەم مەملووکانە عەساکیری سوڵتان نەجمەددین ئەیووب بوون و «مەملووکی بەحری»یان پێ ئەگوتن. هەموویان عەبدی بە پارە کڕدراوی چەرکەس بوون. لە ناو نیلدا و لە جەزیرەی ڕەوزەدا قشڵەیەکی مەخسووسیان بوو.

لە زەمانی سوڵتانی مەملووک «قلاون»دا سنفێکی تر لەمانە ئیجاد کرا و ناویان نرا «برجی»، چونکە لە برجەکانی ئیچ قەڵای قاهیرەدا بوون.

بەشی ئەووەڵی حکوومەتی ئەیووبی، لە ٦٤٨ هـ تا ٧٩٢ هـ سەڵتەنەتی لە میسر و سووریەدا کرد. سنفی دووەمیش سەڵتەنەتی «مەملووکی بەحری»ی لە ناو برد، تا دەوری یاوز دەوامی کرد (لە ٧٨٤ هـ تا ٩٢٢ هـ). ئیجاد کرد و ئەم قووەتە لە زەمانی خۆیدا بەڕاستی زۆر بە عەمەل هات و فائیدەی بوو، بەڵام ئەم قووەتە غەریبەیە، وەکوو ئەمسالی تاریخی، لە دواییدا بووە سەبەبی لەناوچوونی حکوومەتی ئەیووبییە.

مەلیک نەجمەددین بە سەر مەئموورین و ئومەرای خۆیدا نفووز و نەزارەتێکی بەقووەتی بوو، هیچیان لە حوزووریدا تا لێیان نەپرسرایە، نەیانئەتوانی قسە بکەن. ئەم مەلیکە گەورەیە، بۆ ئیعمار و ئینشائات زۆر هیممەتی کردووە. قەسرەکانی ڕەوزە و کبشی و مەدرەسەکانی، نموونەیەکی زۆر بڵندی هیممەتیە. بێجگە لەمانەش شاری «ساڵحییە»یشی دروست کرد و مەقسەدیشی ئەوە بوو کە بیکا بە قەڵایەکی سەرحەد.

دەوری سەڵتەنەتی توورانشاهـ[edit]

کوڕی مەلیک ساڵح نەجمەددین ئەیووبە، لە وەقتی وەفاتی باوکیا، حاکمی جەزیرە و کوردستان بوو. هێشتا لە زەمانی باوکیا و لە شەڕ و شۆری بەدرەددین لوءلوئی ئەتابەکی مووسڵ و سوڵتانی سەلجووقی ڕۆمدا لە ئیش و کاری سەرداری و ئیدارەدا پێگەیشتبوو. لە سەنعەتی حەربدا شۆرەتێکی گەورەی هەبوو.

کە خەبەری وەفاتی باوکی بیست، دەسبەجێ هەڵسا و ڕووی کردە میسر. «شجرة الدرّ»ی باوەژنی، ئافرەتێکی تێگەیشتوو و عاقڵ بوو. تا توورانشاهـ گەیشتە میسر، مردنی مەلیک نەجمەددینی شاردەوە. توورانشاهـ کە گەیشتە میسر، دەسبەجێ لە تەڕەف ئومەراوە بەیعەتی پێ کرا و بە سوڵتان ئیعلان کرا.

تا ئەو وەقتە لەشکری سەلیبی «سەن لوء»، دەمیاتی کردبوو بە ئوسسی حەرەکە و لە دوای گەیشتنی ئیمداد، کە عیبارەت بوو لە ئینگلیز و فرانسز، ڕووی کردبووە پایتەختی میسر. ئەووەڵ هەدەفی ئۆردووی سەلیب، مەنسوورە بوو. توورانشاهـ لە دوای گەیشتنی بە میسر، لەگەڵ کۆکردنەوەی لەشکر و تەئمینی مودافەعە خەریک بوو. ئەهلی سەلیب بە سستییەکی عەجائیب ئینجا لە زەرفی مانگێکدا لە دەمیاتەوە گەیشتە مەنسوورە. توورانشاهـ لە سستی و تەمەڵی ئەهلی سەلیب ئیستیفادەی کرد و لەشکرێکی باشی کۆ کردەوە و لە لایەکی تریشەوە قەسەبەی مەنسوورەشی باش تەحکیم کرد.

تا ئەو وەقتە لەشکرێکی ئاڵمانیش هاتبوو بە ئیمدادی ئەهلی سەلیبەوە و ئەم لەشکرە بێ‌حیسابە، گەیشتبووە مەنسوورە و موحاسەرەی کردبوو. فەیەزانی شەتی نیل، پلانی سەن لوئی تێکدا و بە ئەمری توورانشاهـ پردەکانی بەینی مەنسوورە و قاهیرە تێکدرا و سەدەکان شکێنرا و لافاوی ئاو لە هەموو لایەکەوە دەوری ئۆردووگای سەلیبی دا و خەتی ڕەجعەتی بڕین و لە لایەکی تریشەوە لەشکری توورانشاهـ لە هەموو لاوە، تەنگیان بە ئەهلی سەلیب هەڵچنی و هاتوچۆیانی لەگەڵ دەمیات [بڕی و ] تووشی نەخۆشییەکی خراپی کردن.

لە لایەکی ترەوە توورانشاهـ تەشەبوسێکی خارقولعادەی بۆ زەوتی دەمیات و بڕینی ڕێگەی دەرچوونی ئەهلی سەلیب کرد، بەعزێ سەفائینی بەحری پارچە پارچە و بە پشتی حوشتر ناردە قەراغ بەحری سپی و لەوێ تێکی چەسپاندن و دوننامەیەکی موناسیبی پێکەوە نا و لە پڕێکا ناردیە سەر دەمیات و ئیرتیباتی بەحریی سەلیبی لەگەڵ ئەورووپادا بڕی.

خولاسە لە لایەکەوە تەزییقی لەشکری میسر و لە لایەکەوە هجوومی دائیمی شەتی نیل و لە لایەکی تریشەوە برسیەتی و نەخۆشی، سەرداری لەشکری سەلیبی لەگەڵ ئۆردووەکەیدا مەجبووری گەڕانەوە کرد و لەم ڕەجعەتەدا لەشکری میسر زۆریان لێ کوشتن و تەنگیان پێ هەڵچنین و نیهایەت ئەسیریان کردن (٦٤٧ هـ).

سەن لوء بەو بەیاخەوە کە لە مناستری «سن دەنیس» وەریگرتبوو، کەوتە دەس توورانشاهـ و لە دوای دانی سەرانەیەکی ٨٠٠٠٠٠ ئاڵتوونی و تەسلیمکردنی دەمیات، ئینجا خۆی و ڕوئەسای ڕزگار کرد و موعاهەدەیەکیشی لەگەڵ توورانشاهدا ئیمزا کرد کە بە گوێرەی ئەوە، ئەبوو دەسبەجێ لە خاکی میسر بچێتە دەرەوە و ئەم شەرتەشی بەجێ هێنا و چووە سووریە و سێ ساڵێک لەودا ما. زایعاتی ئۆردووی سەلیب لەم حەرەکەتە بێ‌فائیدەیەدا نزیک ٣٠٠٠٠ کەسێک بوو (معالم تاریخ العصور الوسطی).

لە دوای بڕانەوەی هەرای ئەهلی سەلیب، توورانشاهـ خەریکی تەئسیسی زەبت و ڕەبتێکی عەسکەری لە ناو لەشکری مەملووکدا بوو. بەشی بەحری کە مەملووکی باوکی بوون، زۆر خودسەر بوون؛ توورانشاهـ بە لەشکری جەزیرەی پشت‌ئەستوور بوو و ویستی مەملووکی بەحری بهێنێتە ژێر زەبت و ڕەبتەوە. ئەم فیکرەی سوڵتان بۆ لەشکری عەبدانی لە ئیتاعەت دەرچوو، دەسی نەدا و سووئی قەسدێکیان دەرحەقی تەرتیب کرد و بە غافڵی کوشتیان (٦٤٨ هـ).

بەعزێ لە موئەریخین ئەڵێن لەم جینایەتەدا دەسی «شجرة الدرّ»ی باوەژنی تیا بووە و ڕەنگە قسەی ئەمانە ڕاست بێ، چونکە ئەم ئافرەتە چاوی لە سەڵتەنەت بوو. بەحسی باوەژنی، بە تەبیعەت توورانشاهی خۆش نەئەویست، لە لایەکی تریشەوە لەگەڵ مورتەکیبی ئەم جینایەتە کە مەملووکی بەحری بوو، زۆر ڕێک بوو و حەتتا بەینێک لە دوای سەڵتەنەتیش شووی کرد بە قوماندانی مەملووکی بەحری کە «ئیبیک» بوو. جا بە گوێرەی ئەمە، هیچ دوور نییە کە تەرتیباتی ئەم جینایەتە بە مەعلووماتی «شجرة الدّرّ» کرابێ.

خولاسە هەر چۆنێ بێ، مەملەکەتی بەدتالعی ئەیووبی، لە حوکمدارێکی بەهەیبەت و لە سەردارێکی بەشۆرەت مەحرووم بوو. توورانشاه، ئاخیر سوڵتانی بەشەوکەتی ئەیووبی بوو. عەزم و سەباتی، جورئەت و جەسارەتی، زۆر ڕەنگە کە ڕەونەقێکی باشی بە سەڵتەنەتی ئەیووبی بدایە، بەڵام قەزا و قەدەر و خیانەتی داخڵی، مەیدانی نەدا. تاریخ نەقڵکردنی دوننمای بە پشتی حوشتر هەر لەم سەردارە دیوە و ئینجا لە دوای دوو عەسر و چوار ساڵ، سوڵتان محەمەدی فاتیح، شتێکی وای لە بەر ئەستامووڵدا کرد و هیچ شوبهە نییە کە دەرسی ئەم خاریقەیەی لە مەناقیبی جەلادەتی توورانشاهـ وەرگرتبێت، چونکە [زیاد] لەمەش مەحوکردنەوەی ئۆردووی سەلیب و ئەسیرکردنی قەڕاڵی فرانسەش خاتیرەیەکی ئەبەدی شان و شەرەفی ئەم حوکمدارەیە.

دوایی حکوومەتی ئەیووبیی میسر:

مەملووکی بەحریی عاسی لە دوای شەهیدکردنی توورانشاهـ، «شجرة الدّرّ»ی باوەژنیان کرد بە مەلیکەی میسر، خوتبەیان بە ناویەوە خوێندەوە و سککەشیان بە ناویەوە لێدا، عینوانی سککەی «المستعصمة الصالحة الملکة المسلمین، امّ الملک المنصور خلیل» بوو. لە دوای ئیعلانی مەلیکە، موعیزەددین ئیبیکی ڕەئیسی مەملووکی بەحری، کرا بە قوماندانی ئۆردووی میسر.

سەڵتەنەتی «شجرة الدرّ» زۆر دەوامی نەکرد، چونکە ئومەرای میسر لە سەر تەعیینکردنی حوکمدارێک لە خانەدانی ئەیووبی، ئیسراریان کرد و نیهایەت مەلیک ئەلئەشرەف مووسای کچەزای مەلیک کامیل و کوڕەزای ئاخیر ئەمیری ئەیووبیی یەمەن، لە جێگەی شجرة الدرّ کرا بە مەلیکی میسر (٦٤٨ هـ، ٥ ئۆغستۆسی ١٢٥٠ م)، بەڵام حوکم و نفووز بە دەس ئەمیر «ئیبیک»ەوە بوو.

ساڵی دوایی، میسر لەگەڵ مەلیک ناسری یۆسفی حوکمداری حەڵەبدا تێکچوو. ئەم شەڕ و ئیختیلافە سێ ساڵێک دەوامی کرد و نیهایەت خەلیفەی بەغدا کەوتە بەینەوە و سوڵحی بە مەلیک ناسر یۆسف و ئیبیک کرد (٦٥٢ هـ).

ئەمیری مەملووکی بەحری و قوماندانی لەشکری میسر، ئیبیک، لە ٦٥٣ هـ.دا حوکمداریی سەربەخۆی خۆی بە سەر میسردا ئیعلان کرد و مەلیک ئەشرەفی مەخلووعیشی ناردەوە یەمەن لای خزمەکانی. بەم تەرحە سەڵتەنەتی بەشەوکەتی ئەیووبیی میسر، نیهایەت کەوتە دەس عەبدەکانیان و ئەو غەڵەتی سیاسی و عەسکەرییە کە بووە سەبەبی لەناوچوونی حکوومەتی عەباسی، بووە سەبەبی مەحوی سەڵتەنەتی ئەیووبیی میسریش. وەلحاڵ لازم بوو کە مەلیک عادڵ لە پێش دانانی بناغەی لەشکری مەملووک، تەماشایەکی تاریخی خەلافەتی عەباسییەی بکردایە و عیبرەتی لێ وەربگرتایە.

حکوومەتی ئەیووبیی حەڵەب (٥٧٩- ٦٨٥ هـ)[edit]

سوڵتان سەلاحەددین ئەووەڵ جار ئەم وڵاتەی حەڵەبەی دا بە مەلیک زاهیر غازیی کوڕی، کە هێشتا یانزە ساڵە بوو. لە دوای چەند مانگێک ئیدارەی ئەم وڵاتەی دا بە مەلیک عادڵی برای. لە ٥٨٢ هـ.دا سوڵتان سەرلەنوێ تەقسیماتی موڵکی کرد و مەلیک عادڵی کرد بە ئەتابەکی مەلیک عەزیزی کوڕی لە میسر و وڵاتی حەڵەبی دیسانەوە دا بە مەلیک زاهیر غازی و «سەفیە خاتوون»ی کچی مەلیک عادڵی لێ مارە کرد. مەلیک زاهیر لە حاڵی حەیاتی باوکیا وەکوو تابیعێکی سادق، لە هەموو شەڕی ئەهلی سەلیبدا کۆمەکی باوکی کرد و لە دوای وەفاتی باوکی، تابیعی مەلیک عادڵی مامی بوو.

غایەی ئەم ئەمیرە ئەوە بوو کە بە ئیتیفاق، موازەنەی قووەتی حکووماتی ئەیووبی موحافەزە بکرێ و بۆ خاتری ئەمەی کە بتوانێ بەرامبەر بە هەموو تەعەڕوزێک مودافەعە بکا، قەڵای حەڵەبی زۆر مەحکەم، تەعمیر و تەقویە کرد. مەلیک زاهیر لە ٦١٣ هـ.دا وەفاتی کرد، مەڕحووم لە پێش وەفاتیدا مەلیک عەزیز مەحموودی کوڕە بچووکی کە کچەزای مەلیک عادڵ بوو، کردبووی بە خەلەفی خۆی و مەقسەدیشی لەمە، ئیستیفادەکردن لە نفووز و موعاوەنەتی مەلیک عادڵ بوو.

مەلیک ئەشرەف مووسای کوڕی مەلیک عادڵ، ئەمر و قوماندای لەشکری حەڵەبی گرتە دەس خۆی و بەرامبەر بە تەعەڕوزی سوڵتان کەیکاوسی سەلجووقی، مودافەعەیەکی باشی کرد. ئومووری ئیدارەی موڵکییەی وڵاتەکە بە دەس ئەتابەک توغرولی نائیبی مەلیک زاهیر و مەشهوور قازی بەهائەددین ئیبنی شەددادەوە بوو.

مەلیک عادڵ و مەلیک کامیلی خەلەفی و کوڕی، تەسدیقی حکوومەتی مەلیک عەزیزیان کرد و مەلیک عەزیز لە ساڵی ٦٢٨ هـ.دا ئیدارەی گرتە دەس خۆی و بۆ تەئمینی ئیدارەی خۆی، لە ئومەرای مەنسووبینی، مەئموورینی تازەی تەعیین کرد و قوماندای قەڵای حەڵەبیشی دایە دەس ئەمیرێکی خۆی. بە یارمەتیی مەلیک کامیلی خاڵی، قەڵای شیرازی گرت. «ئەلبیرە» کە قەسەبەیەکی سەر فورات بوو، لە ناو میراتی ئەلزاهیر داودی مامیا، کەوتە دەسی. چ باوکی و چ خۆی زۆر تەرەقییان بە شاری حەڵەب کرد، عومران و تیجارەت زۆر پێش کەوت. لە تەڕەف جەزیرە و سووریەوە حدوودی تەوەسوعی کرد.

مەلیک عەزیز لە ساڵی ٦٣٤دا بە جوانەمەرگی مرد و مەقامی حکوومەتی بۆ مەلیک ناسر یۆسفی دووەمی کوڕی بەجێ هێشت کە هێشتا حەوت ساڵە بوو. نەنکی یۆسف، سەفیە خاتوون، لە دەوری بوحرانێکی سیاسیدا، بوو بە نائیبەی مەلیک ناسر یۆسف و لە دوای عاجزییەکی لەگەڵ مەلیک کامیلدا، لەگەڵ مەلیک ئەشرەفی حاکمی شام ئیتیفاقی کرد. لە وەقتێکدا کە لەشکری میسر هاتە سەری و وڵاتەکەی ئیستیلا کرد، زۆر باش توانی خۆی مودافەعە بکا و ئۆردووەکەی کە لە قوماندای ئەلموعەززەمی کوڕی سوڵتان سەلاحەددیندا بوو، لەشکری دوشمنی تووشی زایعاتێکی زۆر کرد و گێڕایەوە دواوە.

سەفیە خاتوون بۆ زیادکردنی نفووز و قووەتی خۆی، بە ئاشکرا لەگەڵ سوڵتان کەیخەسرەوی سەلجووقی ڕۆمدا ئیتیفاقی کرد و ئەوی بە مەتبووعی خۆی قەبووڵ کرد، لە سککە و خوتبەدا ناوی ئەوی دانا و خوشکی سوڵتان کەیخەسرەوی بۆ مەلیک ناسری کوڕەزای خواست. لەم بەینەدا تەهلوکەیەکی گەورە ڕووی کردبووە سووریە و هەموو ئەهالیی شەڕکەری خوارەزمی، لە تەڕەف جەنگیزخانەوە لە خاکی خۆی دەرکرابوو و لە جەنووبی بەحری خەزەرەوە ڕووی کردبووە جەزیرە و مەملەکەتی مەلیک ساڵح ئەیووبی کوڕی مەلیک کامیلی ئیستیلا کردبوو.

جێگەی ئەسەفە کە ئەو حیسسی حەسادەتە کە لە بەینی ئومەرای ئەیووبییەدا هەبوو، نەیهێشت بەرامبەر بەم تەهلوکەیە ئیتیحاد بکەن وەیا بە گوێرەی مەنفەعەتی خۆیان لەگەڵ خوارەزمی یەک بگرن. نیهایەت لە ساڵی ٦٣٨ هـ.دا لەشکری حەڵەب بەرامبەر بە قووەتی زۆر غالبی خوارەزمی شکا و ئەلموعەززەمی قوماندانی، ئەسیر بوو. هەموو بارگرانیان کەوتە دەس دوژمن و تا حەمما هەموو وڵاتەکە کەوتە ژێر ئیستیلای خوارەزمییەوە.

لە پاشدا لەشکری حەڵەب لە تەڕەف مەلیکی حومس و عەشایری بەدەوی، کە لە لەشکری خوارەزمی ڕایکردبوو، تەقویە کرا و قودرەتێکی وای پەیا کرد کە بتوانێ سەرلەنوێ لەگەڵ لەشکری خوارەزمی شەڕ بکا و لە ئەووەڵ موسادەمەدا شکاندی و شوێنی خوارەزمی کەوت و تا ڕەحبە ڕادووی نا و لەوە زیاتر تەعقیبی نەکرد. خوارەزمی شکا و بە سەر حەڕاندا تا عانە خۆی نەگرت و لەوێ داخڵی وڵاتی خەلیفەی عەباسی بوو. شارانی جەزیرە کە لە تەڕەف خوارەزمییەوە زەوت کرابوو، هەمووی سێنرایەوە. ئەو ئەسیرانەی کە لە تەڕەف خوارەزمییەوە لە حەڕاندا حەبس کرابوون، هەمووی بەرەڵا بوون.

لە ٦٤٠دا لەشکری حەڵەب جارێکی تریش لەشکری خوارەزمی شکاند و لە دوای ئەم غەلەبەیە بە چەند مانگێک سەفیە خاتوون وەفاتی کرد. مەلیک ناسر یۆسف ئەم جارە ئومووری حکوومەتی گرتە دەس خۆی و بە سەر بەشی زۆری سووریەدا لە ئەلعەریشەوە تا فورات حاکمیەتی خۆی جاری کرد. لە تەڕەف خەلیفەی بەغدادەوە عینوانی سوڵتانی درایە، زۆر حەیف کە تالعی ناساز موسیبەتی تاتاری هێنایە پێش، واقیعەن هۆلاکۆ لە ٦٥٨ هـ.دا ڕووی کردە حەڵەب. سوڵتان ناسر بێ‌فائیدە ئینتیزاری معاوەنەتی لە میسر کرد و نیهایەت ناعیلاج ما حەڵەبی بەجێ هێشت و چووە شام، بەڵام دیسان نەجاتی نەبوو و کەوتە دەس هۆلاکۆ و لە ناو چوو و حکوومەتی حەڵەبی ئەیووبی بەم تەرحە دوایی هات.

حکوومەتی ئەیووبیی شام[edit]

سوڵتان سەلاحەددین لە حاڵی حەیاتیدا شام و سووریەی دابوو بە مەلیک ئەلئەفزەلی کوڕە گەورەی. لە دوای وەفاتی خۆی، زۆری پێ نەچوو بەینی مەلیک ئەفزەل و مەلیک عەزیزی حوکمداری میسر تێکچوو و لە دواییدا مەلیک عادڵیش خۆی تێکەڵی ئەم هەرایە کرد و موددەتێکی زۆر ئەم دەعوایە توولی کێشا و لەم بەینەدا مەرکەزی حکوومەتی مەلیک ئەفزەل، کە شام بوو، چەند جارێک کەوتە ژێر موحاسەرەوە.

ئینجا لە دوای وەفاتی مەلیک عەزیز و شکانی مەلیک ئەفزەل، شام و سووریە لە ژێر ئیدارەی مەلیک عادڵدا حەسایەوە. لە دوای وەفاتی مەلیک عادڵ، حکوومەتی سووریە کەوتە دەس ئەلموعەززەم عیسای کوڕی و لە زەمانی ئەمدا تەهلوکەی فەرەنگ ئەو وڵاتەی ناڕاحەت کرد. لە دوای وەفاتی ئەلموعەززەم، مەلیک ناسری کوڕی بوو بە حاکمی شام. بەڵام مەلیک کامیل وازی لێ نەهێنا و بە لەشکرەوە چووە سەری. مەلیک ئەشرەف مووسای برای مەلیک کامیل، ئەووەڵەن لای مەلیک ناسری گرت، بەڵام لە دواییدا لەگەڵ مەلیک کامیل ڕێک کەوت و شامیان گرت و ئیدارەی ئەم شارە کەوتە دەس مەلیک ئەشرەف (٦٢٦ هـ).

ئەوەندەی پێ نەچوو مەلیک ئەشرەف بۆ دەفعی تەهلوکەی جەلالەددین خوارەزمشاهـ، لەگەڵ سوڵتانی ڕۆم، کەیقوباددا ئیتیفاقی کرد و لەشکرێکی لە قوماندای ئەمیر عیززەددین عومەری حەکاریدا نارد و ئەم دوو موتتەفیقە جەلالەددینیان لە نزیک ئەرزەنجان شکاند (٢٨ی ڕەمەزانی ٦٢٧ هـ). لە دوای بەینێ، مەلیک ئەشرەف لەگەڵ مەلیک کامیلی برایدا لەگەڵ عەلائەددین کەیقوباد تێک چوو. تەعەڕوزی کەیقوباد بۆ سەر جەزیرە، ئینجا لە دوای دوو ساڵ لە ٦٣٣ هـ.دا دەفع کرا. مەلیک ئەشرەف لە ئەواخیری حەیاتیدا لەگەڵ مەلیک کامیلیش تێک چوو و لەشکری میسر هاتە سەر شام و لەو بەینەدا مەلیک ئەشرەف وەفاتی کرد.

لە زەمانی مەلیک عادڵی دووەمدا شەڕ و دەعوای بەینی ئومەرای ئەیووبی دەسی پێکرد و مەلیک ساڵح ئیسماعیلی حاکمی شام، بەرامبەر بە مەلیک ساڵح ئەیووبی حاکمی میسر، لەگەڵ فەرەنگدا ئیتیفاقی کرد. مەلیک ساڵح ئەیووب، بە یارمەتیی لەشکری خوارەزمی، موتتەفیقینی غەززەی شکاند (٦٣٤ هـ/ ١٢٤٤ م) و سەرلەنوێ سووریە و میسری تەوحید کرد.

لە دوای وەفاتی موعەززەم توورانشاهی کوڕی مەلیک ساڵح ئەیووب، حاکمی حەڵەب، مەلیک ناسر یۆسف شامی زەوت کرد. ئەم زاتە ئاخیر ئەمیری ئەیووبیی شام بوو.

شاران و وڵاتانی سووریە لە زەمانی ئەیووبیدا زۆر تەعمیرات و ئیسلاحاتی دی. ئومەرا و ئەمیراتی خانەدانی ئەیووبی و ڕوئەسای ئەم دەورە، لە بیناکردنی سەرا و قەسری جوان جوان عادەتەن لەگەڵ یەک دەسپێشکەرییان ئەکرد. باخسووس شام زۆر پێش کەوت و بووە مەرکەزی عیلم و مەجمەعی مەدارس. ئیبنی جەبیر کە لە زەمانی سوڵتان سەلاحەددیندا ئەم شارەی دیوە، ئەڵێ لە شامدا بیست مەدرەسەیەک هەبوو و ئەوەندەی پێ نەچوو دوو میسلی ئەم عەدەدە مەدرەسە کرا.

حکوومەتی ئەیووبیی حەمما[edit]

لە دوای ئەمە کە لیوای حەمما کەوتە دەس ئەیووبی، سوڵتان سەلاحەددین دای بە مەلیک ئەلموزەففەری کوڕی تەقیەددین عومەری برای و نەتەوەی ئەم ئەمیرە لێرەدا حاکم بوون و دایمە چاویان لەوە بووە کە لەگەڵ حوکمدارە گەورەکانی ئەیووبی باش ڕابوێرن. لە وەقتێکدا کە هۆلاکۆ هاتە سەر سووریە، نەیانتوانی بەرامبەری ڕاوێستن و لە دوای شکان و گەڕانەوەی هۆلاکۆ لە سووریە، بوونە تابیعی حکوومەتی مەملووکی میسر. ئەم خانەدانە لە تاریخی ٦٩٨ هـ.دا لە ناو چوو. برازای ئاخیر مەلیکی حەمما، موئەریخ و عالمی مەشهوور، ئەمیر ئەبولفیدا ئیسماعیل بوو و لەگەڵ سوڵتان محەمەد ئەلناسردا ئیشتراکی شەڕی کرد. ئەو سوڵتانە زۆری خۆش ئەویست و حەممای دایە و عینوان و حقووقی سوڵتانیشی دایە. لە ئیدارەی ئەبولفیدادا شاری حەمما زۆر تەرەقی کرد. قەبری ئەم ئەمیرە گەورە لەوێیە.

لە دوای سوڵتان ئەبولفیدا، مەلیک ئەفزەل محەمەدی کوڕی، بە سەبەبی بێ‌ئیدارەیی خۆی، ئەمنیەتی سوڵتانی میسری زایع کرد و نیهایەت گیرا و لە شامدا قەڵابەند کرا و بەم تەرحە دوایی حکوومەتی ئەیووبیی حەمما هات.

ئیمارەتی ئەیووبیی حومس[edit]

ئەم وڵاتی حومسە لە ٥٧٠ هـ.دا کەوتە دەس سوڵتان سەلاحەددین و لە دوای ئەم تاریخە بە چوار ساڵ، دای بە محەمەدی کوڕی شێرکۆهی مامی. بەینێک ئەم وڵاتە لە تەڕەف مەلیک ناسر یۆسفی دووەمی حاکمی حەڵەبەوە زەوت کرا (٦٤٦ هـ). بەڵام ئەوەندە بە دەسیەوە نەما و لەگەڵ ئەم فاسیلە کورتەدا دایمە بە دەس نەتەوەی شێرکۆهەوە بوو و حکوومەتی ئەم خانەدانە تا ٦٦١ هـ دەوامی کرد و لە هاتنی هۆلاکۆدا، بێ موقاوەمەت قاپیی حومسیان بۆ کردەوە و حکوومەتی خانەدانی شێرکۆهـ لە ناو چوو.

ئیمارەتی ئەیووبیی یەمەن[edit]

ئەیزانین کە یەمەن لە تەڕەف مەلیک ئەلموعەززەم توورانشاهی برای سوڵتان سەلاحەددینەوە و لە تاریخی ٥٦٩ هـ.دا فەتح کرا و مەلیک ئەلموعەززەم دوو ساڵێ لە یەمەندا بە ناوی کاکیەوە حکوومەتی کرد. لە دواییدا وەکیلێکی بە سەرەوە دانا و خۆی گەڕایەوە میسر. لە دوای وەفاتی، یەمەن درا بە مەلیک ئەلعەزیز توغتەکینی برای سوڵتان سەلاحەددین (٥٧٩ هـ). ئەم ئەمیرە تا وەفاتی، لەوێ ما (١٦ی شەووالی ٥٩٣). لە دوای ئەم، ئەلموعیزز ئیسماعیلی کوڕی، هاتە جێگەی، بەڵام لە ٥٩٨ هـ.دا کوژرا. ناسر ئەیووبی برای، جێگەی گرتەوە و ئەمیش لە ١٢ی موحەڕڕەمی ٦١١دا دەرمانخوار کرا.

لە دوای ئەمە، مەلیک مەسعوود سەلاحەددین یۆسفی کوڕی مەلیک کامیل، بۆتە حاکمی یەمەن و بە قووەتێکەوە ڕووی کردە یەمەن و لە ٢ی موحەڕڕەمی ٦١٢دا گەیشتە مەرکەزی یەمەن کە «زبید» بوو. لە دوای گرتنی تەعز، سلێمان ئیبنی تەقیەددین عومەر ئیبنی شەهەنشاه بۆ میسر، لەگەڵ ئیمامدا کەوتە شەڕەوە و لە ٨ی جەمادی ئاخری ٥١٤دا سەنعای زەوت کرد.

لە ٦١٩دا ئومووری حکوومەتی، تەودیعی کوڕانی ڕەسووڵی کرد و لە ٦٢٠ هـ.دا گەڕایەوە میسر. لە ٦٢٤ لە ڕەجەبدا هاتەوە یەمەن و کوڕانی ڕەسووڵی حەپس کرد و لە عەینی ڕۆژدا بەری دان. لە عەینی ساڵدا گەڕایەوە میسر و ئیدارەی یەمەن دیسان درایە دەس نورەددین عومەری کوڕی عەلی ڕەسووڵی و لە دوای موددەتێک ئەمیر نوورەددین ئیعلانی سەربەخۆیی کرد و «حکوومەتی ڕەسووڵی»ی یەمەنی دامەزراند.

ئیمارەتی ئەیووبیی جزیرە[edit]

لە ئەساسدا تا ساڵی ٦٤٣ هـ دەوامی کرد. مەرکەزی میافارقین بوو و لە زەمانی ئەلموزەففەری غازیدا بە دەس مەغۆلەوە لە ناو چوو. بەڵام لە بەعزێ شارانی جەزیرە و کوردستاندا بەقایای ئەیووبی هەر مابوو و حەتتا لەمانە ئیمارەتی حەسەنکێف تا عەسری دەهەمی هیجریش دەوامی کردووە.

موتالەعەیەکی عوموومی

سەڵتەنەتی ئەیووبی کە لە سەر میراتی خولەفای فاتیمی و ئەتابەک دامەزرابوو، بە ڕەغمی هوجوومی یەک لە دوای یەکی ئەهلی سەلیب، لە دەوری سوڵتان سەلاحەددین و مەلیک عادڵ و مەلیک کامیلدا شەوکەتێکی تەواوی بوو. لە دەوری مەلیک عادڵی دووەمدا بێ‌ئیدارەیی و سستی، بێ‌هێزی کرد. بەڵام مەلیک ساڵح نەجمەددین ئەیووب بە ئەزیەت و کوێرەوەرییەکی زۆر، نیهایەت غەلەبەی بە سەر بەعزێ ئومەرای بێ‌ئیدارە و تەمەعکار و موفسیددا کرد و بە دەرجەیەک ڕەونەقی پێشووی دایەوە بە حکوومەتی توورانشاهی کوڕی. ئەگەر بە سەبەبی شیددەتیەوە تووشی عوسیانی لەشکری مەملووک نەبوایە، مومکین بوو خزمەتێکی گەورەی ئەم حکوومەتە بکا، چونکە سەردارێکی مومتاز بوو.

فەعالیەتی سەلاتینی ئەیووبی، تەنیا لە مەیدانی شەڕدا نەبوو، بەڵکوو لە مەیدانی عیرفان و عومران و ئیقتیسادیاتیشدا ئاسارێکی گەورە و بەناوبانگی بەجێ هێشت. لەگەڵ ئومووری زەراعەت و ڕێک‌خستنی ئوسوولی ئیسقادا زۆر خەریک بوون. لە زەمانی خۆیاندا بۆ تەشویق و تەسهیلی ئیش و کاری تیجارەت، گەلێ موعاهەدەیان لەگەڵ حکووماتی ئەورووپادا کردووە.

ئۆردووی ئەیووبی دوو بەش بوو: لەشکری خاسە (مەملووک)، لەشکری ئومەرای تابیعە؛ ئەم نەوعە تەشکیلاتە بە گوێرەی ئەو زەمانەوە زۆر باش بوو و لەگەڵ واریداتی حکوومەتدا موتەناسیب بوو. لەشکری مەملووک کە هەمووی عەبدی بە پارە کڕاو و تەربیەکراو بوو، بە فیکرێکی عەسکەری هێنرابووە وجوود، لە ئیبتیدادا وەکوو لەشکری تورکی عەباسی و یەنیچێری عوسمانی، زۆر باش بوو و گەلێ خزمەتی کرد، بەڵام وەکوو ئەمسالی، لە دەوری زوعفی حکوومەتدا بوو بە میقرۆبێکی موهلیک و نیهایەت بونیەی حکوومەتی تووشی نەخۆشی ئینقراز کرد.

دەوری سەڵتەنەتی ئەیووبی بۆ عالەمی ئیسلام، بناغەیەکی بەقووەتی پێشکەوتنی دانا. لە هەموو لایەکەوە عولەما و موتەخەسیسینی مەشهوور، ڕوویان کردە سەرای سەلاتینی ئەیووبی و حورمەت و عیزەتێکی زۆریان دی. بۆ عیرفان و عومرانی مەملەکەت زۆریان خزمەت کرد. ئوسوولی ئیدارە و کۆکردنەوەی ڕسوومی حکوومەت هێنرایە ژێر قاعیدەیەکی مونتەزەمەوە. ئاداب و مەراسیمی سەرای حکوومەت و عینوانی ڕەسمی، تەنزیم کرا. ئوسوولی ئیمارەت (دەرەبەگی) لە مەملەکەتی ئەیووبیدا زۆر تەرەقی کرد و ئەم ئوسوولە بە واسیتەی ئەهلی سەلیبەوە داخڵی ئەورووپاش کرا. زۆر ئوسوول و مەراسیمی شوالیەی ئەورووپا لە ئەساسدا لە ئوسوولی دەوری ئەیووبی وەرگیراوە. مەسەلەن ئارمەی خانەدان لە A و Bیەکانەوە ئیقتیباس کرابوو.