خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان/جڵدی 2/حکوومەتی زەند

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان  (1931)  by محەممەد ئەمین زەکی بەگ
جڵدی 2

حکوومەتی زەند[edit]

تاریخی ئێران لە ئیعتیباری کوژرانی نادر شاوە تا دەوری دامەزرانی حکوومەتی قاجار، کە تەقریبەن نیو عەسرێکە، بێجگە لە زەمانی کەریم خانی زەندی، زۆر موشەووەشە.

لە پێش پەیابوونی کەریم خان، وەزعییەتی داخڵیی ئێران لەم حاڵەدا بوو: لە وەقتێکدا ڕەئیس عەشیرەتی قاجار، محەمەد حەسەن خان، خۆی لە ئەستەرئاباددا دامەزراندبوو و وڵاتی مازەندەرانیشی هێنابووە ژێر حوکمی خۆی، فەتحعەلی خانی باوکی، لە تەڕەف نادر شاهەوە کوژرابوو. عەشیرەتی قاجار، بەم سەبەبەوە لەگەڵ نەتەوەی نادر شاهدا لە دوژمنایەتییدا بوو. ئەحمەد خان لە ترسی ئەمەی کە محەمەد حەسەن خان ئیش و کاری لێ تێک نەدا، لەشکرێکی ئەفغانی ناردە سەر مازەندەران، بەڵام ئەم لەشکرە شکا و زایعاتێکی زۆری دا و ئەمەش بووە سەبەبی زیادبوونی نفووز و قودرەتی ڕەئیسی قاجار.

وڵاتی ئازەربایجان لەم دەورەدا لە ژێر ئیدارەی ئەسەد خانی ئەفغانیدا بوو. گەیلان لە ئیدارەی یەکێ لە ڕوئەسای وڵاتەکەدا، هیدایەت خان، ئیستقلالی خۆی ئیعلان کردبوو؛ گورجستانیش کە لە ژێر ئیدارەی هەراقلیۆس ناو جەنراڵێکی گاوری نادر شاهدا بوو، وا دەرئەکەوت کە لە سەودای سەربەخۆییدا بوو.

لەم بەینەدا کە ئەحواڵی شیمالی ئێران وا تێک چووبوو، عەلی مەردان خانیش کە یەکێک لە ڕوئەسای عەشیرەتی بەختیاری بوو، چووبووە سەر ئەسفەهان و ئەم شارەی لە ئەبولفەتح خانی والیی شاهڕوخ زەوت کردبوو و بۆ خاتری جەلبکردنی ئەفکاری خەڵکی ئەم پایتەختە یەکێ لە ئەولادانی سەفەوی لە سەر تەخت دانابوو. بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا بەبێ موعاوەنەت نەیئەتوانی ئەم ئیشە بەرێتە سەر و مەجبوور بوو چەند ئومەرایەکی دەعوەت کرد و یەکێک لەمانە کەریم خانی زەند بوو؛ ئەم زاتە لە خانەدانێکی گەورە نەبوو و لە ئۆردووی نادر شاهدا قوماندان نەبوو، بەڵام بە حوسنی ئەخلاق و شەجاعەتی شۆرەتی سەندبوو.

موئەریخین ئەڵێن کەریم خان لە ئەووەڵا لەگەڵ عەلی مەردان خاندا و باخسووس لە دانانی شازادەیەکی سەفەوی لە سەر تەختدا لەگەڵی موتتەفیق بوو و قەراریان وا بوو یەکێکیان لای ئەم شازادەیە وەزیر بێ و یەکێکیشیان سەرداری سوپا بێ. بەعزێ مەنابیعی تر ئەڵێن کەریم خان نەیویست لەگەڵ عەلی مەردان خاندا خۆی مساوی بگرێ، بەڵکوو تەنیا لە دوای مردنی، چاوی لە جێگەکەی بوو، چونکە ئەم ڕەئیسی بەختیارییە زۆر پیر و وەجاخکوێر بوو.

لە دوای گرتنی ئەسفەهان، عەلی مەردان خان دەرحەق بە ئەهالی، گەلێ زوڵم و شیددەتی نواندن، بەڵام کەریم خان گەڕەکی جوڵفای کە لە تەڕەف خۆیەوە ئیشغاڵ کرابوو، مودافەعە کرد و نەیهێشت توخنی ڕۆح و ماڵیان بکەون. ئەم حەرەکەتەی زۆر عالی‌جەنابانە بوو، چونکە بەشی زۆری ئەم گەڕەکە گاور بوو. بەڵام کەریم خان نەک بە تەعەسوبی دینی، بەڵکوو بە گوێرەی ئەخلاقی بڵندی خۆی، موعامەلەی کرد و بە ئینسانییەت و مەرحەمەتی شۆرەتی سەند.

شۆرەتی کەریم خان و جەلبی موحیببەتی ئەهالی، بووە سەبەبی حەسادەتی عەلی مەردان خان و ئەوەندەی پێ نەچوو کە بە تەواوی بەینیان خراپ بوو. عەلی مەردان خان فکری وا بوو کە کەریم خان دوور کەوتەوە، خەڵکی گەڕەکی جوڵفا، تەزییق بکا. ئەم سووئی فیکرە، لای خەڵک مەعلووم بوو و لە لایەکی تریشەوە والیی ئەسفەهانی کوشت و مەعلووم بوو کە دووەم جینایەتی، کوشتنی کەریم خان بوو؛ خولاسە، ئەندێشە و وەهمی عەلی مەردان خان، نیهایەت بووە سەبەبی شەڕ لە بەینی دوو ڕەفیقدا.

کەریم خان بە خۆی و تەڕەفدارانییەوە بەرامبەر بە عەلی مەردان وێستا و ئیعلانی حەربی لەگەڵ کرد و لە دوای چەند شەڕێک عەلی مەردان خان بە دەست محەمەد خان ناو ڕەئیسێک کوژرا (١١٦٠ هـ/ ١٧٥٣ م) و بەم تەرحە ئێرانی جەنووبی، بێ ڕەقیب بۆ کەریم مایەوە، بەڵام لە پێش ئەمەدا کە بتوانێ لەم وڵاتانەدا بە ڕاحەتی ئیجرای سەڵتەنەت بکا، لازم بوو لەگەڵ چەند دوشمنێکی بەقووەت خەریک بێ.

بەشی زۆری لەشکری کەریم خان عەشیرەتی لەک بوو کە زەند قۆڵێکی بوو. چ بە قووەت و چ بە جورئەت و جەسارەتیان، ئیستیعدادی حوکمیان بە سەر ئێراندا هەبوو. خەڵکی شارانی ئێرانیش هەموو تەڕەفداری کەریم خان بوون. چونکە لە ئەخلاقی پاکی و عەداڵەتی، ئەمین بوون. عەشایری عەرەبیش دیسان بە دڵ بەرەی کەریم خان بوون. عەشایری تورک کە لەگەڵ خەسمی کەریم خاندا بوون، ئەوانیش بە چاوێکی حورمەتەوە تەماشای کەریم خانیان ئەکرد.

کەریم خان[edit]

لە دوای مردنی عەلی مەردان خان، دوو دوژمنی بەقووەت مابوو: ئەسەد خانی ئەفغانی، محەمەد حەسەن خانی قاجاری. کەریم خان ئەووەڵەن ڕووی کردە ئەسەد خان و لە نزیک قەزوین بەرەنگاری بوو و بە تەرحێ شکا کە نەک ئەمە هەر دەس لە ئەسفەهان هەڵگرێ، بەڵکوو وازی لە شیرازیش هێنا؛ کەریم خان لە دوای شکان، خۆی کێشایە شاخانی بەینی حەوزەی فارس و خەلیجی فارس؛ بەڵام ڕۆستەم سوڵتانی خشت (دێیەکی بچووک بوو لە نزیک لووتی شاخێکی حاکمەوە بە سەر گەرمسێردا)، لێرەدا یارمەتیی کەریم خانی دا و لە دەربەندێکی سەختدا کە «کوماریج»یان پێ ئەگوت، ئەسەد خانی شکاند. کەریم خانیش بە خۆی و لەشکریەوە لە دۆڵەکەدا وەستابوو. بەقایای لەشکری ئەسەد خان کە لە دەربەندی کوماریج لە دەست ڕۆستەم سوڵتان نەجاتی بوو، کەوتە دۆڵەکەوە و لە نزیک خشت تووشی لەشکری کەریم خان بوو و زۆریان لێ کوژرا. زەفەری کەریم خان بێ‌ئەمسال بوو.

قیسمێ لە لەشکر لەگەڵ عەشایری ئەو ناوە شوێن بەقایای دەرچووی دوشمن کەوتن و تا شیراز چوون و گرتیان. لە دوای ئەم وەقعەیە ئەسەد خان ئیتر نەهاتە بەرامبەری کەریم خان و لە شەڕێکدا لەگەڵ محەمەد حەسەن خان دیسانەوە شکا و ڕایکردە بەغدا و والیی ئەم وڵاتە هەرچەندە حوسنی قەبووڵی کرد، بەڵام خۆی نەدایە ئەو دارەتە قووەتی بداتێ تا مەملەکەتەکەی خۆی بستێنێتەوە، لە پاشدا موراجەعەتی بە والیی گورجستان (هەراقلیۆس)یش کرد بەڵام ئەویش هیچی نەکرد، نیهایەت خۆی هاویشتە لای کەریم خان و حوسنی قەبووڵ و لوتفی لێ دی و مەوقیعێکی بڵندی دایە و بە دەرجەیەک ئیعتیماد و عولووی جەنابی دەرحەق نواند کە ئەوەندەی پێ نەچوو ئەم ڕەقیبە موهیلکە، بووە دۆستێکی باش.

دوژمنی هەرە بەقووەتی کەریم خان، محەمەد حەسەن خانی قاجار بوو. ئەم عەشیرەتی تورکی قاجارە لە زەمانی تەیمووری لەنگدا لە سووریەوە هێنرابوونە ئێران و یەکێ لەو حەوت عەشیرەتەیە کە شا ئیسماعیلی ئەووەڵیان هێنابووە سەر تەخت.

کەریم خان لە دوای ئەمە کە وڵاتی فارسی دەست کەوت و باش جێگیر بوو، لە شەڕ و هەرای بەینی ئەسەد خان و محەمەد حەسەن خان ئیستیفادەی کرد و نەک هەر وڵاتی فارس، بەڵکوو وڵاتی ئەسفەهان و بەشێکی عێراقی عەجەمیشی بۆ خۆی ساغ کردەوە. بەڵام ئەوەندەی پێ نەچوو بەشی زۆری ئەم مەملەکەتەی بە مەجبووری تەرک کرد، چونکە محەمەد حەسەن خان لە دوای ئەمەی کە ئەسەد خانی شکاند و وڵاتی ئازەربایجانی خستە سەر مەملەکەتی خۆی، بە لەشکرێکی گەورەوە ڕووی کردە ئەسفەهان، لەشکرێکی وا گەورە کە لە دوای نادر شا تا ئەو ڕۆژە، لە مەعییەتی هیچ سەرکردەیەکا کۆ نەبووبووەوە. کەریم خان هەوڵی دا کە بەربەستی ئەم ئۆردووە بکا بەڵام فائیدەی نەبوو و مەجبوور بوو بگەڕێتەوە بۆ شیراز و قەراری دابوو کە لەم شارەدا مودافەعە بکا.

محەمەد حەسەن خان لە دوای ئەمە کە زۆر باش خۆی خڕ کردەوە، هەشت هەزار کەسێکی لە ئەسفەهاندا بەجێ هێشت و خۆشی بە سێ هەزار کەسێکەوە بۆ موحاسەرەی شیراز کەوتە ڕێ و لە وەقتێکدا کە ئەتڕافی شیراز بۆ موهاجمین زۆر موساعید بوو و هەموو سەحرا پڕ لە دەغڵی پێگەیشتوو بوو، گەیشتە شیراز و هێشتا تۆپەکانی دانەمەزراندبوو کە تووشی تەعەڕوز بوو (١٧٥٧ م). شێخ عەلی خان کە ڕەئیسێکی بەکار و ئازای عەشیرەتی زەند بوو، لە پڕێکدا هەڵیکوتایە سەر بارگرانی و دوایی لەشکری محەمەد حەسەن خان، خەڵکی ئەو ناوەش کە ماڵ و منداڵیان بردبووە ناو شاخانی ئەو دەورە، هەموو یارمەتیی شێخ عەلی خانیان دا و ئەم حەرەکەتە بووە سەبەبی کەمیی زاد و زەخیرە و نامەمنوونیی محەمەد حەسەن خان. لە لایەکی تریشەوە دەوام و توول کێشانی موحاسەرە، ئەم لەشکرە بێ‌زابیتە و غەیرە مونتەزەمەی کە تەنیا بە زۆری ڕەئیسەکەیان کۆ ببوونەوە، بێزار کرد. بێجگە لەوەش لە ناو ئۆردووەکەدا تەجانوس و ئیخلاس نەبوو، بەعزێکی تازە هێنرابووە ژێر سیلاحەوە و بەعزێکیش بەقایای لەشکری ئەسەد خان بوو، کە چەند مانگێک لەوەو پێش لەگەڵ محەمەد حەسەن خاندا شەڕیان کردبوو.

لەم بەینەدا لەشکری گورج و بەکاری کەریم خان موحاسرینیان زۆر ناڕاحەت کرد، نەک هەر ئەمەی شارەکە مەردانە مودافەعە بکەن، بەڵکوو بۆ بڵاوکردنەوەی زەرەر لێدان لە موحاسرین، هیچ فرسەتێکیان لە دەست نەئەدا. نیهایەت ئیش گەیشتە دەرەجەیەک کە هەموو ڕۆژێ بەشێکی لەشکری محەمەد حەسەن خان بڵاو ئەبووەوە و ڕایئەکرد و ئەمە ڕەئیسی قاجاری مەجبوور کرد کە واز لە موحاسەرە بێنێ. واقیعەن لە پڕێکا شیرازی بەجێ هێشت و گەڕایەوە بۆ ئەسفەهان و ئەو قووەتەی کە بەرامبەر بە شارەکە بەجێی هێشتبوو، ئەوانیش بڵاوەیان کرد. محەمەد حەسەن خان لە ئەسفەهانیش خۆی نەگرتەوە و لەگەڵ ئۆردوویەکی زەعیف و مەعنەوییات شکاو، کە عیبارەت بوو لە ١٢ هەزار کەسێک، خۆی گەیاندە مازەندەران.

کەریم خان لە دوای ئەمە کە خۆی باش کۆ کردەوە و ئەمنییەتی وڵاتی فارسی تەئمین کرد، ڕووی کردە ئەسفەهان و لە تەڕەف خەڵکی ئەم شارەوە بە شوکر و مەمنوونییەت قەبووڵ کرا و داخڵی بوو (١١٧٠ هـ/ ١٧٥٦ م). ئەغڵەبی شارانی عێراقیش هەر بەم تەرحە کەوتە دەس کەریم خان. بۆ ئیعادەی شەوکەت و قودرەتی خۆی، موحتاجی زەفەر بوو. واقیعەن لەو شەڕانەی کە کردبووی، لە بەعزێکیانا غاڵب بوو، بەڵام لە زۆریانا تالع موساعەدەی نەکردبوو. وەزعییەتی، زۆر جار جێگەی ئومێد نەبوو، بەڵام ئەو حورمەتەی کە خەڵکی شاران دەرحەق ئەویان ئەنواند، لە کەوتن موحافەزەی کرد و بە نەتیجە سەری خست.

کەریم خان لەگەڵ ئەمەدا کە ئەو وڵاتانەی کە بە ئارەزووی خۆیان تابیعی بوون، باش ئیش و کاری ڕێک خستن و لە لایەکی تریشەوە شێخ عەلی خانی لەگەڵ لەشکرێکی هەڵبژێردراودا نارد بۆ مازەندەران، تا محەمەد حەسەن خان بە تەواوی مەجبووری ئیتاعەت بکا و بۆ ئەمە لازم بوو ئەووەڵەن ئیتیحادی عەشایری قاجار تێک بدرێ. ئەم عەشیرەتە جەسوور و زۆرە، سێ فیرقە بوو: یەکیان لە دەوری «گەنجە» بوو، دووەمیان لە ئەتڕافی «مەرو» بوو و حدوودی خۆراسانی بەرامبەر بە ئۆزبەک موحافەزە ئەکرد. سێیەمینیش لە وڵاتی «ئەستەرئاباد» بوو. ئەم فیرقانە ئەساسەن لە ژێر نفووزی دوو خانەدانا بوو و لەم سەرەدا چ بە تەشویقاتی کەریم خان و چ بە ئارەزووی ئیعادەی نفووز، خەسمی محەمەد حەسەن خان بوو و تەسادوفی، ناوی ئەم ڕەئیس خانەدانی «بوخاری‌باش»ەش هەر محەمەد حەسەن خان بوو. ئەم حیرسی ئینتیقامە ڕەئیسی بوخاری‌باشی ئیلحاقی ئۆردووی شێخ عەلی خان کرد. ئەم حادیسەیە خەسمی کەریمی زەعیف کرد. لەگەڵ ئەمەش ناچار ما و لەگەڵ قووەتێکی زەعیف لەگەڵ شێخ عەلی خانا کەوتە شەڕەوە، بەڵام بەشێکی لەشکرەکەی لە وەقتی شەڕدا بەجێیان هێشت و خۆشی نەجاتی نەبوو و بە دیل گیرا.

لە نەتیجەی ئەم زەفەرە عەزیمەی مازەندەراندا وڵاتی گەیلان و بەشی زۆری ئازەربایجان کەوتە دەست کەریم خان، ئەم وڵاتی ئازەربایجانە ئەوەندەی پێ نەچوو تووشی ئیستیلای فەتحعەلی خان ڕەئیسی ئەفشار (= هەوشار) بوو. ئەم ڕەئیسە گەلێ جار کۆمەکی دوژمنانی کەریم خانی کردبوو و ئەم دەفعەیە ئاشکرا ئیعلانی حەربی لەگەڵ کرد. لە جەنووبی تەورێز و لە دەشتی قەرەچیمەندا شکا و ڕایکردە شاری ورمێ و لە دوای موحاسەرەی چەند مانگێک، کە زانی موقاوەمەت ناکا، خۆی فڕێ دایە لای کەریم خان و عەفو کرا (١٧٦٠ م).

فەتحعەلی خان لە پێش ئەمەدا کە تەسلیم بێ، بەعزێ لە ڕوئەسای ئۆردووی کەریم خانی بۆ خیانەت دەرحەق بە حەیاتی کەریم خان تەشویق کردبوو بەڵام ئەم سووئی قەسدە ئاشکرا بوو و فەتحعەلی خان جەزای خۆی دی و چەند ئومەرایەکی مەشهووریش کە داخڵی ئەم ئیتیفاقە بوون، هەڵئاوەسران و موئەریخینی ئێران ئەڵێن بە سەبەبی ئیشتراکی بەم خیانەتە، دە سەرداری مەشهووری شێخ عەلی خانیش بە ئیعدام مەحکووم کران، بەڵام ئەم ڕیوایەتە بەڕاستی موحتاجی تەئیدە.

کەریم خان لەم هەموو شەڕ و دەعوای حاکمییەت و نفووزەدا معاوەنەتێکی باشی لە عەشایری عەرەبی دەوری خەلیجی فارس دی. بەعزێ لە قووەتی عەرەب تا ئەسفەهان لەگەڵی چوون، لە بەر ئەمە کەریم خان موعامەلەی لەگەڵیانا باش بوو، لە حاڵی عوسیانیانا یا ڕەسم‌نەدانیانا، ئینجا لەشکری کردوونەتە سەر، مەسەلەن عوسیانی موحانای بەندەر ڕیغ (نیو دەرەجە لە شیمالی غەربی بەندەر بووشەهرەوە بوو) کە بەینی ڕێگەی شیراز ـ بەندەر بووشەهری بڕیبوو، بەم نەوعە کەریم خان بە شیددەت تەئدیبی کردن. ڕەئیسی عەشیرەتی «کەعب»یش کە شێخ سولەیمان ناو بوو، ئەویش بەرامبەر بە کەریم خان بێ‌ئیتاعەتی کرد و کەریم خان مەجبوور بوو بە لەشکرێکی زۆرەوە چووە سەری، شێخ سولەیمان بە سەفینە ڕایکردە جەزیرەیەکی نزیک.

حکوومەتی کەریم خان گەلێ جار بە سەبەبی شیددەت و شەڕ داگیرساندنی زەکی خانی برایەوە ناڕەحەت کراوە. ئەم زەکی خانە جارێک بە تەواوی عوسیانی کرد و لەگەڵ بەعزێ ئومەرا و قووەتدا ڕایکردە لای عەشیرەتی فەیلی. بەڵام ئەم تەشەبوسەی بۆ نەچووە سەر و گەڕایەوە و خۆی هاویشتە لای کەریم خان و عەفو کرا و حەتا وەزیفەی درایە و نێررایە دامغان . حسێن قولی خانی قاجار لەو مەنتیقەیەدا عوسیانی کردبوو، بەڵام زەکی خان زوو ئەم عوسیانەی تەسکین کرد و حسێن قولی خان ڕایکردە ناو تورکمان.

دەهشەت و شیددەتی زەکی خان هیچ شوبهە نییە کە بۆ موحافەزەی ئەمن و ئاسایشی مەملەکەت لە فائیدە خاڵی نەبوو، چونکە حیلم و عەدڵی کەریم خان، جەسارەتی بە بەعزێ ڕوئەسا و ئومەرا دابوو کە عوسیان بکەن و ئەیانزانی کە لە نەتیجەدا عەفو ئەکرێن. بەڵام ئیتر هەموو کەس تێگەیشتبوو کە بۆ تەنکیلی عوسیان، برا غەددارەکەی ئەنێرێ و عەفوی کەریم خان بە عەمەل نایە. عوسیان هەر لە دامغاندا نەبوو، لە مازەندەران و زۆر جێگەی تریش پەیا بووبوو، بەڵام هەمووی بە شیددەت تەسکین کرا، زۆر جار لە پێش گەیشتنیا جەمعییەتی عوسات بڵاو ئەبووەوە. خولاسە شیددەتی زەکی خان، ئێرانی لە عوسیان پاک کردەوە و ساڵانی دوایی دەوری کەریم خانی خستە سکوون و بێدەنگییەوە.

خوشکەزاکەی شاهـ حسێنی سەفەوی کە منداڵێکی نۆ ساڵە بوو و بە ناوی شاهـ ئیسماعیلەوە لە تەڕەف عەلی مەردان خانەوە هێنرابووە سەر تەخت، لە تەڕەف کەریم خانەوە موحافەزە کرا و کەریم خان بە عینوانی «وەکیل شاهـ» ئیکتیفای کرد و مەیلی مەقامی حوکمداریی نەبوو، شیرازی کرد بە پایتەخت و تیا دانیشت و ئیتر بیلزات خۆی لەشکری سەوق و ئیدارە نەکرد. لەشکرێکی زۆری بۆ موحاسەرەی بەسرە کۆ کردەوە و خستییە ژێر قوماندای سادق خانی برای. موحتەمەلە کە وەکوو حکوومەتەکانی پێشووی ئێران، کەریم خانیش، تەنها بۆ تەئمینی ئاسایشی داخڵیی خۆی، حەربێکی خارجی (تەعەڕوز بە تورک)ی بە موناسیب زانیبێ و بە گوێرەی ئەم مولاحەزەیە ئەفکاری عموومییەی بۆ غایە و هەدەفی خۆی تەوجیهـ کردبێ، ئەیزانی کە هیچ شتێک بە قەد فکری زەوتکردنی ئەو وڵاتەی کە ئەماکینی موقەددەسەی تیایە، شیعە تەشویق و تەهییج ناکا، لە بەر ئەمە، کەریم خان مەملەکەتی عێراقی کردبوو بە هەدەفی خۆی.

کەریم خان ئەووەڵەن سەری عومەر پاشای والیی بەغدای لە حکوومەتی ئەستامۆڵ داوا کرد، چونکە عومەر پاشا ڕەسمێکی خستبووە سەر زواری ئێران. حکوومەتی عوسمانییە بە تەبیعەت جوابی ڕەدی دایەوە و سادق خانیش بە لەشکرێکی پەنجا هەزار کەسییەوە لە نزیک ساحلی خەلیجی فارسەوە ڕووی کردە بەسرە، فیلوویەکی سووکی ٣٠ سەفینەییش کە لە بووشەهر و ڕیغدا بوو، لەگەڵ لەشکری سادق خاندا تەوحیدی حەرەکاتی کرد.

واقیعەن حکوومەتی عوسمانیش لە بەسرە چەند سەفینەیەکی حەربییەی هەبوو، بەڵام بێ‌عەمەل بوو و نەیتوانی بەرامبەر بە فیلووی سادق خان مقاوەمەت بکا، سادق خان لە دوای ئەمە کە بە سەر شەتتول‌عەرەبدا حاکم بوو، زوو بە زوو پردێکی لە بەلەم دروست کرد و ئۆردووەکەی پەڕاندەوە ساحیلی ڕاستی شەتتول‌عەرەب و دەسی کرد بە ئیستحزاراتی موحاسەرە.

شاری بەسرە زۆر گەورە و چەند باغچەیەکی تیا بوو. نفووسی ئەهالییەکەی تەخمینەن ٥٠ هەزار کەس و قووەتی مودافەعەی لە ڕوبعی ئەم عەدەدە زیاتر بوو. والی سلێمان ئاغا، عەسکەرێکی ئازا بوو و بە سەر مەعییەتدا ئەمری نافز بوو. دیواری قەڵای بەسرە بەرز بوو، بەڵام مەحکەم نەبوو، خەتی مودافەعەی ئەسڵی چەند ئیستحکامێک بوو و سەد تۆپی تیا بوو.

لە زستانی ١٧٧٥ م.دا موحاسەرە بە هێواشی دەسی پێکرا و ئۆردووی ئێران پێش کەوت. حکوومەتی عوسمانی ئەمری بە والییەکانی وان و مووسڵ و دیاربەکر و حەڵەب و شام دا تا بە هەموو قووەتی خۆیانەوە لە بەغدا گرد ببنەوە.

وا زەن ئەبرا کە ئەمانە دێنە بەغدا و لەگەڵ والیی ئەم وڵاتە بە فریای بەسرەدا ئەگەن. وەلحاڵ ئەمانە هاتنە بەغدا و بە فیکری ئەمەی کە حوکمداری ئێران مەمنوون بکەن، عومەر پاشای والییان کوشت و دەسبەجێ تاتارێکیان نارد بۆ شیراز تا خەبەر بدا بە کەریم خان کە سەبەبی ئەم حەربە کە والی بوو، کوژرا و ئارەزووی ئەو هێنرایە جێ. بەڵام کەریم خان گوێی نەدایە و ویستی لە زەعیفیی حکومەتی عوسمانی ئیستیفادە بکا. خولاسە والیی بەسرە لە دوای سیانزە مانگ مودافەعە، بە سەبەبی نەمانی زاد و زەخیرە، ناعیلاج تەسلیم بوو (حوزەیرانی ١٧٧٦ م).

موتەسەلیم و بەعزێ ئەرکانی شارەکە بە حورمەت نێررانە شیراز، سادق خان حوسنی موعامەلەی لەگەڵ ئەهلی بەسرە کرد و عەلی مەحموود خانی کرد بە قوماندانی بەسرە و گەڕایەوە شیراز. مەحموود خان خیلافی ئیحتیات و بەسیرەت، خۆی تێکەڵی شەڕی بەینی دوو عەشیرەت کرد و تووشی مەغلووبییەت بوو و زایعاتێکی زۆری دا و قوماندانەکانی کوژران. سادق خان کە ئەمەی بیست، خۆی گەیاندە بەسرە و بە حوسنی موعامەلە و ئەخلاقی باشی، لەو ناوەدا ئاشتی دامەزراند و تا وەفاتی کەریم خان، بە ڕاحەتی ئیدارەی ئێرەی کرد و لە پاشدا بە بەعزێ ئامالی شەخسییەی خۆی بەسرەی بەجێ هێشت و والیی بەغدادیش لە دوای ئەو، بە سووک و ئاسانی شارەکەی سەندەوە.

لە پێش زەمانی کەریم خاندا ئەورووپا لە بەر تەقەلوباتی داخڵی ، ئەوەندە ئەهمیەتی بە تیجارەتی ئێران نەدابوو، بەڵام لە زەمانی کەریم خاندا وەکوو تیجارەتی داخڵی، زەراعەتی ئێرانیش زۆر تەرەقی کرد. ئەم حوکمدارە عاقڵە، هەموو ئەهلی سەنعەتی و حەتتا ئەرمەنی ئێرانیشی زۆر تەشویق و حیمایە کرد و بەم تەرحە لە ئەواخیری حکوومەتیدا بەڕاستی ئێران کەوتبووە ڕەفاهـ و سەعادەتەوە. ساحیب موڵک و زورراع لە حاسڵاتی خۆیان بەشێکی زۆر کەمیان بە حکوومەت ئەدا بەڵام هەر وەقتێ حوکمدار تەکلیفی بکردایە، بە مەمنوونییەت قەبووڵیان ئەکرد. لە بەر ئەمە، ئەم سنفی خەڵکە ئەکسەرییەن وەکوو موستەقیل وا بوون و ساحێبی سەروەت و سەعادەتی خۆیان بوون و لە ئەمسالیان مەسعوودتر بوون. لە دەوری کەریم خاندا هەر موساعەدە و موعاوەنەتێ کە بە خەیاڵدا بێ، بۆ ئەم سنفە ئەکرا.

هەموو شارانی ئێران، لە دەوری ئەم حوکمدارەدا تەرەقی کرد، بەڵام هیچیان وەکوو شیراز نەبوون. کەریم خان ئەغڵەبی ئیحتیمال بە سەبەبی نزیکیی عەشایری خۆی و مەربووتییەتی خەڵکەکەی بە نەفسی خۆیەوە، ئەم شارەی کردبوو بە پایتەخت. بە زەحمەتێکی زۆر، ئیش و کاری مودافەعەی ڕێک خست، بە گەلێ بینای زۆر جوان و زۆر بەکەڵک، شارەکەی تەزیین کرد. دەورەکەشی بە بەعزێ باغ و باغات جوان کرد. بە قەدەر ئەوەی کە لەگەڵ تەزیینی شارەکە خەریک بوو، زیاتر بۆ تەئمینی ڕەفاه و سەعادەتی ئەهلەکەشی سەعی کرد. «شوعلەی ئەم ڕۆژە موحتەشەمە» لە تەڕەف موئەریخێکی ئێرانییەوە باش تەسویر کراوە و کە باسی کەریم خان ئەکا ئەڵێ: «ئەم شەوقە هەموو مەملەکەتی داگیر کرد، بەڵام حەرارەتی لە شیرازدا زیاتر مەحسووس بوو، خەڵکی ئەم شارە لەتیفە، لە ڕەفاه و سەعادەت بە تەواوی بەهرەمەند بوو. لە جەمعییەتی کچانی مەهـ‌ڕوویاندا وەقتی خۆیان ڕائەبوارد. عەیار و یاریکەرانی شەوقدار لە هەموو لایەکا ئەسووڕایەوە، عەشق و کەیف لە هەموو سەرێکدا حاکم بوو».

کەریم خان لە عومرێکی هەشتا ساڵیدا وەفاتی کرد (١٣ی سەفەری ١١٩٣ هـ/ ١٧٧٩ م) بە ئیستقلالێکی تەواو بیست و هەشت ساڵ حوکمدار بوو و بیلخاسسە لە بیست ساڵی دواییدا بە تەواوێ، بێ ڕەقیب حوکمدارێکی ناسراوی ئێران بوو.

ئەخلاق و تەبیاتی

تەسویری ئەخلاق و فەزائیلی ئەم زاتە، سووک و ئاسان نییە. واقیعەن بەعزێ ئاساری حوکمدارانی موتڵەقی تیا بوو، نە زۆر شەدید و نە زۆر حەلیم بوو، تەبیاتێکی موعتەدیلی بوو. لە هەموو ئەدواری حەیاتیدا بە ڕۆحی سووک و ئازادی شۆرەتی سەندبوو و بە سایەی ئەمەوە لە هەڵەشەیی و غرووری مەقامی بڵندی ئەپاراست و موحافەزەی حیلم و تەوازوعی ئەکرد. لەگەڵ ئەمەشدا وەکوو ئینسانانی تر، بەعزەن بە شیددەت جەزای ئەدا و دائیمەن بۆ ئیشێکی موخالیفی تەبعی خۆی، یەکێکی تری ئەکرد بە واسیتە و دەهشەتی ئەخستە ناو دوژمنانی و تەبەعەی عاسییەوە. بەڵام ئەوەندە بە مەرحەمەت بوو کە هەر کەسێ ئیلتیجای پێ بکردایە و تەڵەبی عەفوی لێ بکردایە، ڕەدی نەئەکردەوە. یەکێ لە ئەوسافی هەرە بڵندی، دڵپاکی و چاکی بوو. ئەغڵەبی سەرگوزشتەی حەیاتی خۆی ئەگێڕایەوە کە حەقیقەتەن زۆر غەریب و پڕ مەراق بوو.

کەریم خان لە عەفو و موسامەحەدا جورئەتێکی نەجیبانەی بوو و دەرحەق بەوان کەسانەی کە عەفوی ئەکردن، ئەمنییەت و ئیعتیمادی ئەکرد و بەو تەرحە ڕەبتی شەخسی خۆی ئەکردن. بە دڵ هەموو کەسی خۆش ئەویست، لە وەزائیفی دینیدا زۆر دروست بوو، بەڵام موتەعەسیب و شەدید نەبوو. ڕووخۆش و جازب بوو، لە ئەزواقی دنیەوی بە تەواوی ئیستیفادەی ئەکرد و ئەیویست هەموو کەسێکیش وەکوو خۆی لە نیعمەتی حەیات و دونیا بەهرەدار بێ و لەم خسووسەوە قەت مەیلی ئیفراتی نەکردووە و قەت نەیگەیاندۆتە دەرەجەیەک کە تەئسیر لە مەوقیع و وەزیفەی حوکمداری بکا.

کەریم خان هیچ تەحسیلی نەبوو و نەیئەتوانی بنووسێ و ڕەنگە لە زەمانی منداڵیدا نەچووبێتە حوجرە و نە ئارەزووی چوونی بووبێ؛ کوڕی ڕەئیسێکی بچووکی عەشیرەتێکی کێوی ، بە غەیری ئەو شتانەی کە بۆ حەیاتی بە عەمەل بێ، ئەڵبەتە مەیلی فێربوونی شتێکی تر ناکا. کەریم خانیش لە سەر ئەم شوێنە ڕۆیی و بە قەد پاڵەوانێ بەقووەت و چالاک بوو، لە سواریدا بێ ئەمسال و لە ئەنواعی ئەوسافی عەسکەرییەدا مومتاز بوو. لەگەڵ ئەمەشدا کە خوێندەوار نەبوو، ئەیویست هەموو کەسێ بخوێنێ و تەشویقی ئەکردن. مەجلیسی، جێگەی عولەما و فوزەلا بوو. مەرقەدی شێخ سەعدی و حافزی کە لە ئەتڕافی شیراز بوو، سەرلەنوێ و لە سەر جێگەی قەدیمی بینا کرد و بەعزێ باغ و ئەرازیی بۆ وەقف کرد و پاسەوانی بۆ دانا. لە ناو ئەعمالی زۆر گەورەیدا ئەم حەسەناتەی، بە نەزەری ئەهالی شیرازەوە یەکێ لە ئاساری زۆر مەقبوول و مەشهووری دەوری سەڵتەنەت بوو، چونکە ئەم شارە بە بوونی بە وەتەنی ئەم دوو شاعیرەوە ئیفتیخاری ئەکرد.

یەکێ لە عادەتی کەریم خان ئەمە بوو کە هەموو ڕۆژێک چەند ساعەتێکی بۆ بیستنی شکاتی تەبەعەی تەخسیس ئەکرد. بە موناسەبەتی ئەم عادەتەیەوە حیکایەتێک ئەگێڕنەوە کە بەڕاستی دەلیلێکی زۆر جوان و بڵندی لەسەرخۆیی و عەداڵەتی کەریم خانە کە لە ئیدارەی حکوومەت و ئەهالیدا بەجێی هێناوە.

ڕۆژێک لە دیوانی عەداڵەت، ئیشی تەواو ئەکا و ئەگەڕێتەوە. بە سەبەبی موحاکەمە و مەشغووڵییەتی ئەو ڕۆژەی، زۆر هیلاک ئەبێ. لەو حاڵەیدا کابرایەکی پەشۆکاو بە هەڵەداوان دێتە سەر ڕێگەی و هاوار ئەکا: داد! داد!

کەریم خان لێی ئەپرسێ: تۆ کێی؟

کابرا: توجارم و هەرچیم بوو دز بردی.

کەریم خان: چۆن؟ لە کوێ دزراوە؟

کابرا: نووستبووم.

کەریم خان (بە زمانێکی تووڕەیی و بێتاقەتی): بۆچی نووستی؟

کابرا: بە غەڵەت چووم، وام زانی کە تۆ بێداری.

ئەم جوابە تووڕەیی و عاجزیی لە کەریم خاندا نەهێشت و جورئەتی کابرای بەرامبەر بە عیتابی خۆی زۆر پێ خۆش بوو. ئەمری کرد بە وەزیرەکەی کە قیمەتی ماڵەکەی لە خەزێنە بداتێ و گوتی: ئەبێ سەعی بکەین ئەم ماڵە دزراوە بدۆزرێتەوە. (تاریخ ایران، مالقولم، ل ٨٧)

ئەو ڕێگەیەی کە کەریم خان بۆ دامەزراندن و موحافەزەکردنی قووەت و نفووزی خۆی ئیستیعمالی کردووە، [ویستوویە] لە سایەی حیسسییاتی ڕۆحانییەوە کەسبی قووەت بکا و قەت مەیلی ئەوەی نەکرد بە واسیتەی تاڵان و خراپە، ئۆردووەکەی بە خۆیەوە بنووسێنێ و نەیویست کە بۆ زیادکردنی شەرەفێکی میللیی بێ فائیدە، وەیا بۆ بەرزکردنەوەی مەقامی حوکمداریی خۆی، سیاسەتێکی حەریسانە تەعقیب بکا. تەبعێکی زۆر موتەوازیعی هەبوو و لە جلوبەرگیشدا ئەم حاڵەی هەبوو. لەگەڵ ئەمەشدا حوکم و ئەوامیری قەتعی بوو و لە وەقتی لازمدا توندەتەبیات بوو دەرحەق بە ڕەعیەتی. بە سووڕەتی عوموومی، ڕووخۆش و هاوحاڵ و خۆشەویست بوو، لە ئەخلاق و تەبیاتدا هیچی بە قەت ئەمەی باش و عەجائیب نەبوو کە ئەیتوانی لە موحیتێکی وادا کە تیا ئەژیا، حیس و شعوورێکی تەبیعی و ئینسانی لە ناو هەموو ئیجرائاتی حکوومەتدا بنوێنێ و موەفەقییەتی لەمەدا، بۆ حوکمدارانی موتڵەق دەرسێکی باش بوو.

بە مەسعوودی ژیا، وەفاتی وەکوو مردنی باوکێکی زۆر خۆشەویست و زۆر شایانی ئیعتیمادی عائیلەیەک بوو. هەموو ئێرانییەکی ئەو دەورە ناوی کەریم خانیان لەگەڵ ئەو ئەعمالە گەورانەی کە بۆ تەئسیسی حکوومەتەکە سەرف کردبوو، تەقدیس و تەبجیل ئەکرد و بە سەبەبی عولووی جەنابیەوە هەموو کەسێ بە دڵ و شەوق تابیعی ئەبوو. هەر وەقتێک مەزایا و ئەخلاقی بهاتایە ناوەوە، موحەققەق زۆر زۆر مەدح و سەنای ئەکرا و ئەیانگوت «پادشایەکی گەورە نەبوو، سەرا و مابەینێکی موحتەشەمی نەبوو و فتووحاتێکی کەمی بوو، بەڵام ئەبێ ئیعتیراف بکرێ کە حاکمێکی بێ ئەمسال و موستەسنا بوو» {fn|تاریخی کەدخودا، سێر مالقۆلم ئەڵێ: زۆر دەفعە بیستوومە کە ئەم موتالەعەیە لە تەڕەف ڕوئەسای قاجاری دوای دەوری کەریم خانەوە بیستراوە.

بینینگ لە ئەسەرەکەی خۆیدا (جڵدی ٢، ل ٢٦٧) ئەڵێ: لە هەموو جەدوەلی حوکمدارانی ئێراندا تەنیا ناوی کەریم خانە کە لە تەڕەف هەموو ئەهالییەوە بە باوکێکی خۆشەویست و حاکمێکی عادڵ و ئینسانیترەوە زیکر ئەکرێ و لە زوڵم و تەعەدی دوورە.} .

لە دوای کەریم خان

وەفاتی کەریم خان مەبدەئی تێکچوونی حکوومەتی زەند و پشێویی مەملەکەتی ئێران بوو. کەریم خان پێنج کوڕی بوو ، یەکێکیان لە پێش خۆیدا وەفاتی کردبوو. تەنیا چواری مابوو کە قەزا و قەدەر هەموویانی تووشی خیانەت و غەدری ڕوئەسای عائیلەی خۆیان کرد.

زەکی خان هەر لە دوای وەفاتی کەریم خان، حکوومەتی هێنایە ژێر دەسی خۆی. بەعزێ لە ڕوئەسای عەشیرەتی زەند شەخسەن لە زەکی خان ئەمین نەبوون و لە وەحشەت و خیانەتی، خۆفیان بوو. لە بەر ئەمە ئیچ قەڵایان گرت و بۆ مودافەعە خۆیان حازر کرد و لە عەینی وەقتدا خۆیان بە تەڕەفداری ئەبولفەتح خانی کوڕی کەریم خان ئیعلان کرد. زەکی خان لە ئیعلانکردنی وەلیعەهدیی ئەبولفەتح خان و محەمەد عەلی خانی برای ، بۆ تەختی باوکیان، موزاهەرەتی ئەهالی لێ مەنع کردن، بەڵام لە حەقیقەتدا هەردووکیان بە ناو حوکمدار بوون و بە بەهانەی ئەمەوە کە خزمیان بوو، ئەم دوو شازادە جاهیلە لە ئومووری ئیدارەی دەوڵەتدا شارەزا نەبوون، هەموو حوکم و نفووزی گرتبووە دەس خۆی و لە هەموو ئیش و کارێکدا لە تەڕەف مەشهوور عەلی موراد خانی خوشکەزایەوە موعاوەنەتی دی.

زەکی خان بۆ زەوتکردنی ئیچ قەڵا زۆری هەوڵ دا بەڵام ئەم ئیشە ئەوەندە سووک نەبوو. زەکی خان لە ئەندێشەی موحاسەرەیەکی دوور و درێژ ڕێگەی حیلە و فێڵی گرتە پێش. بە سوێند و قورئان ڕوئەسای ئیچ قەڵای تەئمین کرد و نەک ئەمەی هەر عەفویان بکا، بەڵکوو وەزیفەی گەورە گەورەشی پێ وەعد دان، ئەم ڕوئەسایە بڕوایان کرد و تەسلیم بوون و زەکی خان بە خیلافی سوێند و وەعدی، هەموویانی بە سووڕەتێکی فەجیعانە کوشت.

سادق خان کە خەبەری وەفاتی کەریم خانی بیست، بەسرەی بەجێ هێشت و ڕووی کردە شیراز. کە نزیک ئەم شارە بووەوە، ئۆردووگای هەڵدا و جەعفەر خانی کوڕی نادر شاهی نارد تا لە وەزعییەت و فیکری زەکی خان دەرحەق بە ئیرادەی حکوومەت بگا. جەعفەر خان گەڕایەوە و وەعد و تەئمیناتی زەکی خانی بۆ باوکی گێڕایەوە، لەگەڵ ئەمەشدا باوەڕ پێنەکردنی تەوسیە کرد، چونکە موحتەمەل بوو تووشی عەینی غەدر و ئیهانە ببێ کە دەرهەق بە ڕوئەسای زەند کرا. ئەم تەوسیەیە تەئسیری لە سادق خان کرد و ئومێدی لە ڕێکەوتن بڕی و قەراری دا کە شیراز موحاسەرە بکا و بە گوێرەی میقدار و موحیبەتی ئۆردووەکەی، لە غەلەبە ئەمین بوو. بەم قەناعەتە خۆی حازر کرد.

لەولاوە زەکی خان کە تەماشای کرد بە فێڵ سادق خانی بۆ جەلب نەکرایە شارەوە، دەسبەجێ ئەبولفەتح خانی حەپس کرد و محەمەد عەلی خانی برای کە تا ئەو وەقتە لە حوکمداریدا شەریکی ئەبولفەتح خان بوو، بە تەنیا بە شاهی ئێران ئیعلان کرد و سێ کوڕی سادق خانیشی کە لە شیرازدا بوون، خستە حەپسخانەوە. قاپیی شاری داخست و ئیعلانی کرد کە ماڵ و منداڵی زابتان و نەفەراتی ئۆردووی سادق خان هەمووی ئیعدام ئەکرێ. نەتیجەی ئەم ئیعلانە بە موافیقی مەتلووبی بوو، چونکە هەموو کەس ئەیزانی کە ڕژاندنی خوێنی ئەو مەعسوومانە لە لای زەکی خان وەکوو ئاو خواردنەوە وایە. لە ترسی ئەمە هەموو زابتانی ئۆردووی سادق خان و هەموو ئەفرادێ کە ماڵ و منداڵیان لە شاردا بوو، سادق خانیان بەجێ هێشت و چوونەوە شیراز.

بەم تەرحە هەموو پلان و ئومێدی موەفەقیەتی سادق خان تێک چوو و تەنیا ٣٠٠ کەسێکی لە دەور ما و لەگەڵ ئەمانە ناعیلاج ڕایکرد بۆ کرمان. زەکی خان قووەتێکی سوارەی ناردە سەری و لە چل میلێکی شەرقی شیراز لە دەربەندی ئورسینجاندا تووشی بوون و کەوتنە شەڕ. کوژرانی قوماندانی ئەم لەشکری سوارەیە بووە سەبەبی شکان و گەڕانەوەی قووەتەکە بۆ شیراز، سادق خان خۆی گەیاندە کرمان و ئیلتیجای کردە قەڵایەکی بچووک.

یەکێ لە وەقایعی موهیممەی دوای وەفاتی کەریم خان، خەلاسبوون و دەرچوونی ئاغا محەمەد خانی قاجار لە شیراز بوو. ئەم زاتە کە لە ساڵی ١٧٤٧ م (١١٦٠ هـ)دا ئەسیر کرابوو، لەو تاریخەوە تا ئێستا، لە شیرازدا قەلعبەند کرابوو. بەینێک موساعەدەی کرابوو کە جارجار بچێ بۆ ڕاو. کەریم خان زۆر لوتفی دەرحەقی بوو و لە ئیش و کاری حکوومەتیدا لە ڕەئی ئیستیفادەی ئەکرد. ئاغا محەمەد خان موقەددەراتی خۆی بە مردنی کەریم خانەوە ڕەبت کردبوو و ئینتیزاری ئەوەی ئەکرد. خوشکیشی ژنی کەریم خان بوو. ڕۆژی وەفاتی کەریم خان لە پەشۆکیی حکوومەت و موحافزان ئیستیفادەی کرد و لەگەڵ چەند خزمەتکارێکیدا لە شار هاتە دەرەوە و ڕۆیشت و خۆی گەیاندە مەملەکەتی خۆی و قووەتێکی زۆری کۆ کردەوە و ئیعلانی شاهی کرد (١٧٧٩ م/ ١١٩٣ هـ).

زەکی خان ئەیزانی کە ڕەئیسی قاجار تەنیا بە مازەندەران ڕازی نابێ، لە بەر ئەوە، هێنای لەشکرێکی هەڵبژێردراوی لە قوماندای عەلی موراد خانی خوشکەزایدا نارد بۆ ئەو تەڕەفە تا مەنعی پێشکەوتنی بکا؛ بەڵام بەم حەرەکەتە خۆی زیاتر تووشی تەهلوکە کرد. خوشکەزاکەی ئازا و حەریس بوو، بە تەجروبە تێگەیشتبوو کە شەرائیت و ئەحواڵی مەملەکەت بۆ کەسێکی وەکوو خۆی، بەبێ قووەت موساعید نابێ و بەم قەناعەتە لە شوێن فرسەتێک ئەگەڕا، کە بەرامبەر حوکمدارێکی وا زاڵم، کە قەت لێ ئەمین بوونی مومکین نییە و هیچ تەبەعەیەکی حەزی لێ ناکا، عوسیان بکا. دەعوەت و ئیستیمدادی سادق خان، لە وەقتی ڕاکردنی لە شیراز و لە وەقتی گەیشتنی عەلی موراد خان بە تەهران، بووە بەهانەیەکی باش. بەم فیکرە ئومەرا و زابتانی لەشکری کۆ کردەوە و پێی گوتن کە یارییەدانی ڕەئیسێکی وەکوو زەکی خان، کە موعامەلەیەکی زۆر خراپی دەرحەق بە کوڕانی کەریم خان کردبێ، جائیزە یان نا؟

خولاسە، بە ئاسانی ئەمانەی ئیقناع کرد. لە دوای ئەمە، عەلی موراد خان ڕووی کردە ئەسفەهان؛ کە نزیک بووەوە، والییەکەی زەکی خان ڕایکرد. هەموو تەبەقەیەکی ڕەعیەت، تەڕەفداری غەلەبەی عەلی موراد خان بوو. بێجگە لەوەش ئیعلانی کرد کە مەقسەدی لەم حەرەکەتە، سیرف دانانی کوڕە گەورەی کەریم خان لە سەر تەختی باوکیەتی و بە غەیری ئەمە، فیکرێکی تری نییە. ئەم ئیعلانە زیاتر موحیبەتی ئەهالی بۆ جەلب کرد.

زەکی خان، کە لە عوسیانی خوشکەزاکەی خەبەردار بوو، ئەقڵی لە سەرا نەما، زوو بە زوو لەشکرێکی کۆ کردەوە و ڕووی کردە ئەسفەهان، بەڵام ئینتیقامی ئیلاهی بۆی نزیک بووبووەوە و کە گەیشتە «یەزدی خواست»، داوای بەعزێ ڕەسمی ئەو ساڵەی لێ کردن کە ئەمری بە کۆکردنەوەی کردبوو. ئەهالی ئینکاری کرد و لە بەر کەمحاڵییان، پاڕانەوە. لە باتی عەفو، پیاوماقووڵەکانی کۆ کردەوە و لە پەنجەرەی قەڵاکەوە خستنیە خوارەوە. بەمەش وازی لێ نەهێنان و سەیدێکی موبارەکی ئەم شارەشی ڕاکێشایە لای خۆی و بە عەینی بەهانە ئەویشی بەو دەردە برد و ویستی بەعزێ شەناعەتی تریش بکا، بەڵام موحافیزەکانی قەبووڵیان نەکرد و بە سەبەبی ئەم وەحشەتەیەوە لێی سارد بوونەوە و خۆیان لێ داگرت و کوشتیان (١٧٧٩ م).

لە دوای کوژرانی زەکی خان، ئەبولفەتح خانی کوڕی کەریم خان بە شاهی ئێران ئیعلان کرا (١٧٨٠ م). ئەم زاتە جورئەتکار و عادڵ بوو، تەبعێکی باشی بوو، حەریس نەبوو. بەڵام وا دیار بوو کە لە عۆدەی ئەم ئیشە زەحمەتە نایە، لەگەڵ ئەمەشدا شوبهە نییە کە بۆ لەناونەچوونی خانەدانی زەند و ئیعادەی سکوون و ئاسایش، بە غەیری ئیعلانی شاهیی ئەو، چارەیەکی تر نەبوو.

سادق خان کە خەبەری لەناوچوونی زەکی خانی بیست، هەڵسا و ڕووی کردە شیراز . ئەم ئەمیرە سەردارێکی باش و بەعەقڵ و تەدبیر بوو، بەڵام زۆر حەریسی سەڵتەنەت بوو. لە لایەکی تریشەوە لە ژێر ئیدارەی حوکمدارێکی جاهیل و زەعیفدا ژیانی پێ ناخۆش بوو. خولاسە مودارای مام و برا، لەم خسووسەوە مومکین نەبوو. نیهایەت سادق خان برازاکەی گرت و چاوی ئەو بەسەزمانەی هەڵکۆڵی و خۆی بە شاهـ ئیعلان کرد (١١٩٤ هـ/ ١٧٨٠ م)، بەڵام هیچ ئومێد نەئەکرا کە تەختێک کە بەم زوڵمە دەست کەوتبێ، پایەدار بێ و واقیعەن تەهلوکەی هەرە گەورەی، عەلی موراد خانی زڕکوڕی بوو. جەعفەر خانی کوڕی ناردە ئەسفەهان تا لەوێوە موراقەبەی حەرەکاتی عەلی موراد خان بکا .

لە وەقتی وقووعی ئەم حادیساتەدا عەلی موراد خان لە تەهران بوو، کە ئەم خەبەرەی گەیشتێ، دەسبەجێ خۆی بە شاهـ ئیعلان کرد و لەگەڵ لەشکرێکی زۆر، ڕووی کردە ئەسفەهان و کە نزیکی ئەم شارە بووەوە، والییە تازەکەی ڕایکرد.

سادق خان، ئۆردوویەکی بیست هەزار کەسی پێکەوە نا و خستییە ژێر ئیدارەی تەقی خانی کوڕی و ئەم لەشکرە تەعەڕوزی کردە سەر عەلی موراد خان و بووە مانیعی پێشکەوتنی و بڵاوەی بە لەشکرەکەشی کرد. بەعزێکیان ئیلتیحاقی لەشکری تەقی خانیان کرد. عەلی موراد خان لەگەڵ بەعزێ لە خزمان و تەوابیعی خاسی خۆی، گەڕایەوە هەمەدان و ئەم وڵاتەی موحافەزە کرد. سادق خان کاغەزی بۆ کوڕەکەی نووسی و نەسیحەتی کرد کە لەم غەلەبەیە و موساعەدەی تالعە، ئیستیفادە بکا و تەهلوکەی عەلی موراد خان بەرتەرەف کا. بەڵام ئەم شازادە جاهیلە گوێی نەدایە و موزەففەرانە داخڵی ئەسفەهان بوو و نزیک مانگێک بەبێ غائیلە وەختی ڕابوارد، بەڵام عەلی موراد خان لەم فرسەتە بە تەواوی ئیستیفادەی کرد و خۆی کۆ کردەوە.

لە وەقتێکدا کە تەقی خان بۆ ئیکمالی فتووحات ڕووی کردبووە عێراق و بەعزێ لە ڕوئەسای مەعییەتی لێی جوێ ببوونەوە، لە نزیک هەمەدان تووشی عەلی موراد خان هات و زۆر خراپ شکا و بە هەزار حاڵ دەرچوو و ڕایکرد بۆ شیراز. عەلی موراد خانیش لە دوای ئەمە، بەعزێ فتووحاتی تری کرد و قووەتێکی زۆری پەیا کرد و قەراری بە موحاسەرەی شیراز دا.

سادق خان کە خەبەری هاتنی عەلی موراد خانی بۆ سەر پایتەخت بیست، بە پەلە ئۆردوویەکی (بەشی زۆری پیادە بوو) پێکەوە نا و ناردیە ٢٥ میلێکی شیراز، تا نەهێڵن عەلی موراد خان پێش کەوێ. وەلحاڵ ئەم لەشکرە لە وەقتێکدا کە خەریکی بەشکردنی ئەرزاق بوو، تووشی تەعەڕوزی عەلی موراد خان بوو و ڕایکرد و لە تەرەف لەشکری سوارەوە بە شیددەت تەعقیب کرا.

شیراز هەشت مانگێک موحاسەرە وەیا تەجرید کرا. موحاسرین بۆ ئیسقاتی قەڵا هیچ ئەزیەتی خۆیان نەدا، بەڵام مودافیعین و ئەهالی، چونکە زۆر زۆر موحتاجی خواردەمەنی بوون، لە فیکری عوسیانا بوون. بەشێکی مودافیعین قاپییەکەیان زەوت کرد و بۆ عەلی موراد خانیان کردەوە. بەم تەرحە شارەکە کەوتە دەسی و حوسنی موعامەلەی لەگەڵ ئەهلەکەی کرد.

سادق خان بە خۆی و ماڵ و منداڵیەوە لە ئیچ قەڵاکەدا خۆی قایم کردبوو، بەڵام ئەوەندەی پێ نەچوو بە ناعیلاجی تەسلیم بوو و لەگەڵ هەموو کوڕەکانیا کە لەوێ بوون، ئیعدام کرا (١٧٨١ م). تەنیا جەعفەر خانی کوڕی نەجاتی بوو، چونکە زۆر لە پێش گیرانی شارەکەدا لەگەڵ عەلی موراد خان تێکەڵیی پەیا کردبوو. سادق خان لە زەمانی کەریم خانی برایدا بە ئیعتیدال و حوسنی موعامەلە و عەدالەتی، لە ناو ئێراندا شۆرەتێکی باشی بوو، باخسووس فەتحی بەسرەش شەرەفێکی تری عەلاوەی ئەو ئەوسافانەی کردبوو، بەڵام لە دەوری دواییدا بەبێ حەرەکەتی و بەدموعامەلەیی دەرحەق بە قەومی خۆی، ئەم شۆرەتەی ون کردبوو و ئومێدی بە حوکم و حوکمداری نەمابوو.

لەم حاڵەدا ئینسان نازانێ بەزەیی بە سەری سادق خانی لەتاجبڕاو بێ، یا بە چاوانی هەڵکۆڵراوی کوڕی کەریم خاندا، کە شۆرەت و وەحشەتی ئەم خانەدانە تەنیا لە سایەی ئازایی و گەورەیی ئەوەوە پەیا ببوو.

عەلی موراد خان بەم تەرحە بوو بە شاهی ئێران، لە موعامەلە و غەلەبەی، وا دەرئەکەوت کە ئەم مەملەکەتە چەند ساڵێک ئەحەسێنێتەوە. لە ناو سەرلەشکرانیا هیچ کەسێ لە وەقتی موحاسەرەدا بە قەد ئەکبەر خانی کوڕی زەکی خان شۆرەتی نەسەندبوو؛ بەڵام ئەوەندەی کە ئازا و مەزبووت بوو، ئەوەندەش زاڵم و مونتەقیم بوو، بە دەرەجەیەکی وا کە بە تەعجیلی قەتڵی سادق خان و سێ کوڕەکەی و بەعزێ ڕوئەسا، ئیکتیفای نەکرد بەڵکوو ئەم جینایەتەیشی بە دەس خۆی کرد؛ بەڵام حەقسێنی گەورە ئەمەی کرد بە سەبەبی تەعجیلی قەتڵی خۆشی و بە تەرتیبی سووئی قەسد، دەرحەق بە شاهـ ئیتتیهام کرا و ئیقناعی عەلی موراد خان زەحمەت نەبوو، جەعفەر خان بە دەسی خۆی ئەم پرەنسەی کە هێشتا خوێنی باوک و براکانی بە دەستیەوە بوو، ئیعدام کرد.

عەلی موراد خان لە دوای چەند مانگێک چووە ئەسفەهان و ئێرەی کرد بە پایتەختی خۆی. ئەوەندە لە جەعفەر خانی زڕبرای ئەمین بوو کە بەبێ تەرەدود کردی بە والیی سەرلەشکر، شێخ وەیس کوڕی بوو و موحافەزەی سەرحەدی شیمال و تەرەسود کردنی ئاغا محەمەد خانی قاجاری تەودیعی ئەو کردبوو. ئەم شازادەیە لە ئەووەڵا زۆر موزەفەریەتی بوو و مازەندەرانی داگیر کرد و ڕەئیسی قاجاری شکاند و ڕایفڕاندە ئەستەرئاباد، قووەتێکی نارد بە دوایدا، بەڵام محەمەد زاهیر خانی [قوماندانی] ئەم لەشکرە، خەتی ڕەجعەتی خۆی موحافەزە نەکرد و لە پاشدا ڕێگەی گەڕانەوەی بۆ مازەندەران بڕا و نەیتوانی بگەڕێتەوە و تووشی تەعەڕوزی قاجار بوو و کوژرا. ئۆردووەکەشی تەفر و توونا بوو، بەعزێکی کە دەرچووبوو، خۆیان گەیاندە لەشکری شێخ وەیس و ئەویشیان بڵاو کردەوە و شێخ وەیس مەجبوور بوو مازەندەرانی بەجێ هێشت و گەڕایەوە تەهران و لەم شارەدا لەگەڵ لەشکری عەلی موراد خان یەکدگیر بوو (١١٩٩ هـ/ ١٧٨٤ م).

عەلی موراد خان تووشی نەخۆشییەکی زۆر گران هاتبوو، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا فەعالییەتێکی فەوقەلعادەی نواند. لەشکرێکی بۆ مازەندەران [نارد] و خۆشی فکری وا بوو کە لە دوای ئەم لەشکرەوە بچێ. لەم سەرەیەدا بیستی کە جەعفەر خان عوسیانی کردووە و ڕووی کردۆتە پایتەخت. عەلی موراد خان ئەوەندە موتەئەسیر بوو کە خۆی ڕانەگرت و ڕووی کردە ئەسفەهان و وەزیر و حاکمەکەی هەرچەندە تکایان لێ کرد، کەڵکی نەگرت و لەو زستانە ساردەدا و بەو نەخۆشییە قورسەوە، سوار بوو ڕۆیشت و بە نەتیجە لە ڕێگە وەفاتی کرد (١٧٨٥ م). ڕوئەسا و پیاوماقووڵانی لەشکر، مردنی شاهیان شاردەوە تا گەیشتنە پایتەخت. لەشکرەکە لەم وقووعاتە خەبەردار بوو، بڵاوەی کرد و لە هەموو لایەکەوە دەسیان کرد بە خراپە و تاڵان.

ئەتوار و ئەخلاقی عەلی موراد خان لە تەڕەف گەلێ کەسەوە بەیان کراوە؛ وا دیارە کە زۆر جەسوور و مەتین بووە. هیچ ئیفادەیەک بە قەدەر شەهادەتی دوشمنێکی موقتەدیر مەقبوول نابێ، ئاغا محەمەد خانی قاجار کە لە حاڵی حەیاتی ئەم حوکمدارەدا بۆ موحافەزەکردنی مازەندەران زۆر تووشی ئەزیەت ببوو، بەرامبەر بە تەشویقاتی مەعییەتی، بۆ چوونە سەر عێراق ، ئەیگوت: سەبر بکەن تا ئەم کوێرە موحتەرەمە لە ناو بچێ، ئینجا لە دوای ئەو، ئەم ئیشەمان بۆ ئەچێتە سەر.

لە بەینی وەفاتی عەلی موراد خان و گەیشتنی جەعفەر خان بە ئەسفەهان، پێنج ڕۆژ مۆڵەت بوو و لەم موددەتەدا عینوانی شاهی لە تەرەف والیی ئەسفەهان، بەکر خانەوە غەسب کرابوو؛ بەڵام کە جەعفەر خان گەیشتە پایتەخت، ڕایکرد و پیاو نێررا بە شوێنیا و گرتیان. ئیتر بە غەیری شێخ وەیس کەسێکی تر نەبوو کە بتوانێ ئیدیعای سەڵتەنەت بکا. جەعفەر خان کاغەزێکی برادەرانەی بۆ نووسی و لە دوای ئەمە کە هێنایە ژێر حوکم و نفووزی خۆی، موعامەلەی لەگەڵ گۆڕی و بۆ ئەوەی کە ئیتر نەتوانێ بەرامبەر بە مامەکەی، دەعوای حکوومەت بکا، کوێر کرا.

ئاغا محەمەد خانی قاجار ئەو وەعدەی کە بە تەرەفدارانی خۆی دابوو، بەجێی هێنا. واقیعەن گوتبووی کە لە دوای وەفاتی عەلی موراد خان لەگەڵیانا ئەچێتە سەر عێراق. ئیتر بۆ بەجێهێنانی ئەم وەعدە، مانیعێک نەمابوو، لەگەڵ ٥٠٠ تا ٦٠٠ سوارێکی خەواسی خۆی، لە چیاکانی مازەندەران هاتە خوارەوە، کە تەماشای کرد قووەتەکەی پەیدەرپەی بە ئیلتیحاقی تەرەفدارانی ڕوو لە زیادی دایە، بۆ سام شکاندنی (تەشجیعی) ئۆردووەکەی، جەسوورانە ڕووی کردە ئەسفەهان و لە دوای دوو مانگ، کەمێ زیاتر، لە پاش وەفاتی عەلی موراد خان داخڵی ئەسفەهان بوو (٦ی مایسی ١٧٨٨ م) و جەعفەر خانیش لە پێش گەیشتنی ئەودا بە تاڵووکە شارەکەی بەجێ هێشتبوو و لەم تاڵووکەیەدا هەموو بارگرانی و خەزێنە و بەیاخی شاهیش لە تەڕەف عوساتی ناو پایتەختەوە تاڵان کرابوو .

لە وەقتێکدا کە ڕەقیبە بەقووەتەکەی بەم تەڕحە لە ئەسفەهاندا جێگیر بوو، جەعفەر خانیش داخڵی شیراز بوو، سەداقەتی سەید مورادی حاکمی شیراز، زۆر جێگەی باوەڕ نەبوو، بەڵام ئەهالیی شیراز، بە تەئسیری ڕوئەسا و ئەشرافی مەملەکەتەکە، تەرەفداری جەعفەر خان بوون. لە ناو ئەشرافدا هەرە فەعال و بەنفووزیان حاجی ئیبراهیم بوو و لە تەرەف جەعفەر خانەوە دەسبەجێ ڕوتبەی کەلانتەر یەعنی والییەتی «فارس»ی درابوویە.

ئاغا محەمەد خان نەیویست فرسەت فەوت بکا، بەعزێ شەڕی بێفائیدەی لەگەڵ بەختیاریی فارس کرد و لە نەتیجەدا ناچار ما و بە عەجەلە گەڕایەوە تەهران. جەعفەر خان لەم فرسەتە ئیستیفادەی کرد و ئەسفەهانی سەندەوە و ڕەحیم خانی والیی ئاغا محەمەد خانی گرت و کوشتی. بەڵام لە دوای بەینێک کە بیستی ئاغا محەمەد خان دیسانەوە ڕووی کردۆتەوە ئەسفەهان، ئەم شارەی بەجێ هێشت. موقابەلەی جەعفەر خان لە شکڵی مودافەعەدا بوو، چونکە ئاغا محەمەد خان زۆر قووەتی پەیا کردبوو و وڵاتانی شیمالی ئێران و عێراقی عەجەمی هەموو داگیر کردبوو و فیکری موحاسەرەی شیرازی بوو. جەعفەر خان وەکوو بەرامبەر بە ڕەئیسی قاجار زەعیف و عاجز بوو، لە عۆدەی عوسیانی داخڵیش نەئەهات. والیی هەمەدان کە ناوی ئیسماعیل خان بوو، عوسیانی کردبوو و ئەو لەشکرەی کە جەعفەر خان ناردبوویە سەری، شکاندبووی. لە دوای زایعاتێکی زۆر شاری یەزدیشی لە دەس چووبوو، بەڵام لە ئاخیر ساڵی سەڵتەنەتیدا تالعی زیاتر موساعەدەی کرد. لوتفعەلی کوڕی، سەفەرێکی غالبانەی لە وڵاتی «لار»دا کرد و دووریی ئاغا محەمەد خان جەسارەتی دایە و بە قووەتێکی زۆرەوە ڕووی کردە ئەسفەهان و قووەتی موحافەزەی ئەم شارەی شکاند، بەڵام ئەم غەلەبەیە ئەوەندە دەوامی نەکرد و خەبەری نزیکبوونەوەی ڕەئیسی قاجار، دیسان ئەم شارەی پێ چۆڵ کرد. جەعفەر خان لە تەڕەف ئەهالییەوە خۆشەویست بوو و لەگەڵ ئەجانبیشدا موعامەلەی باش بوو. تەبعی حەلیم و حورمەتکار و عەداڵەت[خواز] بوو. ئومووری ئیدارەی دابووە دەس وەزیرێکی عاقڵ و موحتەرەم، بەڵام دەرحەق بە یەکێ لە ئومەرای زۆر سادقی و حەتتا بە زیددی ئیعتیقادی، موعامەلەیەکی ناشیرینی کرد و ئەمە بووە سەبەبی سووئی شۆهرەتی و حەتتا ڕووخانی بینای حەیات و سەڵتەنەتی. لە ناو ئومەرای جەعفەر خاندا «حاجی عەلی قولی خان کازروون»ی هەبوو و ئەم ئەمیرە لە تەرەف جەعفەر خانەوە بۆ تەسکینی عوسیانی کاشان نێررابوو. عەرەب محەمەد حسێن خان، ڕەئیسی عوسات بوو. حاجی عەلی قولی خان تەنگی پێ هەڵچنی و مەجبووری ئیتاعەتی کرد. لە ناو ئوسەرای عاسییەدا ١٥٠٠ کەسێکی خۆراسانی هەبوو کە لە دوای موقاوەمەتێکی تەواو، بە شەرتی موحافەزەی شەرەفیان، تەسلیم بووبوون. جەعفەر خان گوێی نەدایە ئەم قەولی شەرەفی حاجی عەلی قولی خان و ئەم خۆراسانییانەی خستە حەپسخانەوە. هەرچەندە حاجی عەلی قولی خان ڕجا و تکای کرد، فائیدەی نەبوو. لە بەر ئەوە، ئەم ئەمیرە بەشەرەفە تەرکی خزمەتی جەعفەر خانی کرد و ڕۆییەوە بۆ وڵاتی خۆی. لە دوای بەینێک جەعفەر خان لەشکرێکی ناردە سەری و تەکلیفی هاتنە سەر شیرازیان لێ کرد، بەڵام بە تەئمینات قەبووڵی نەکرد و نیهایەت گرتیان و هێنایە شیراز و خستیانە حەپسخانەوە. حاجی عەلی قولی، لەگەڵ بەعزێ مەحبووسی تردا بۆ ئینیتقام سووئی قەسدێکی لە حەق جەعفەر خان تەرتیب کرد. لە ناو ئەو مەحبووسانەدا یەکێکیان سەیید موراد خان بوو کە بە سەبەبی مەئموورییەتی پێشووی و ئیعتیباری، هەرە موهیممی ئەعزای ئەم تەرتیباتە بوو و نفووزێکی زۆری بوو. کە تەرتیباتی سووئی قەسد تەواو بوو، ئافرەتێکی ئەسیر میقدارێ دەرمانی بێهۆشیی برد و کردیە ناو خواردەمەنیی جەعفەر خانەوە و لە وەقتی بێهۆشیدا مەحبووسەکان بە واسیتەی تەرەفدارانیانەوە نەجات دران و خۆیان گەیاندە هۆدەکەی جەعفەر خان و کوشتیان و سەرەکەیان لە ئیچ قەڵاوە فڕێ دایە بەر دەرگاکەی و بە ناو شارا جاڕیان دا کە جەعفەر خان لە ناو چووە (١٧٨٩ م).

دەوری لوتفعەلی خان[edit]

لوتفعەلی خان کوڕی جەعفەر خان لەو وەقتەدا لە کرمان بوو و سەیید خان بە قووەتی ئیختیلالپەروەرانەوە بە شاهـ ئیعلان کرابوو. بەڵام نیهایەت چەند مانگێک حکوومەتی پێ کرا. والیی عوموومیی فارس، حاجی ئیبراهیم کە زۆر لەگەڵ تالع و ئیستقبالی لوتفعەلی خاندا عەلاقەدار بوو، بەعزێ لە ئەهالی و ڕوئەسای عەشایریشی داخڵی ئیتیفاقی خۆی کردبوو. لوتفعەلی خان کە خەبەری قەتڵی باوکی بیست، چونکە ئەمنیەتی بە لەشکرەکەی نەبوو، ڕایکردە لای شێخی بووشەهر و نەیتوانی بە زوو بە زوویی دەعوای تەختی باوکی بکا. شێخی بووشەهر زوو وەفاتی کرد و وەسێتی بۆ شێخ ناسری کوڕی بەجێ هێشت کە موعاوەنەتی لوتفعەلی خان بکا. واقیعەن ئەم شێخە لەشکرێکی بچووکی دایە و ناردی بۆ شیراز. بەڵام ئەم لەشکرە بەرامبەر بە قووەتی حاجی هاشمی برای سەیید خان شکا و بڵاو بووەوە. دووەم جار کە لەشکر بۆ سەر لوتفعەلی خان هات، لە قوماندای عەلی مەحموود خاندا بوو و ئەم سەرلەشکرە لە بەرەی حاجی ئیبراهیم بوو و بینا بە قەول و قەراریان، تەرەفداری [لە] لوتفعەلی خانیان ئیعلان کرد. شازادە لەمە کەوتە ئومێد و ڕووی کردە پایتەخت و بە واسیتەی دۆستان و تەرەفدارانیەوە ئەفکاری عموومییەی بۆ حازر کرابوو و لە تەرەف خەڵکەوە بە کەماڵی مەمنوونییەت قەبووڵ کرا (١٧٨٩ م). سەیید خان ئیلتیجای کردبووە ئیچ قەڵا، زۆری پێ نەچوو تەسلیم بوو و ئیعدام کرا؛ لاکین حاجی عەلی قولی کە یەکێ لە عەناسری ئیختیلال بوو، لەگەڵ ئومەرای تردا لە تەرەف حاجی ئیبراهیم خانەوە تەتبیب و تەئمین کران و لوتفعەلی خانیش نەک تەنیا ئەم وەعدی حاجی ئیبراهیمە تەسدیق بکا، بەڵکوو ئیزهاری لوتف و ئیعتیمادیشی دەرحەق کردن. لوتفعەلی خان لە عومری بیست و چوار ساڵیدا بوو. بەڵام لە زەمانی باوکیا دایمە لە وەزیفەدا بوو و گەیشتبووە دەرەجەیەکی وا کە دۆست و دوژمن تەقدیری ئەکرد و لە سەرەی هەرە جەسوور و هەرە شەڕکەری مەملەکەتی خۆی بوو. شەمائیل و لاوچاکی وای ئەنواند کە بەڕاستی لایقی ئەم تەقدیراتە و حائیزی ئەوسافی عالییەیە. لە هەموو ئەخلاق و ئەتواریدا عەلامەتی غیرەت و فەعالیەت زاهیر بوو. کەڵەگەت و لاوچاک بوو، باریک و گورج و مەزبووت و بەهێز و سوارێکی چوست و چالاک بوو و لە هەموو نەوعی تەعلیمێکدا ماهیر بوو و بێ ڕەقیب بوو. بەڵام ئەوسافی دەماغییە کە بۆ مەقامەکەی لازم بوو تێیدا ئینکشافی نەکردبوو. خیلافی جورئەت و جەسارەتی، لەگەڵ ئیشدا سڵی ئەکرد.

لە پێش ئەمەدا کە بچێتە سەر تەخت، زۆر نازک و دەرحەق بچووکی، زۆر لوتفکار بوو. بەڵام لە دوای حوکمداری، ئەوەندەی پێ نەچوو تەبیعەتی گۆڕا و بەعزێ لە مەزییاتی پێشووی نەما، لە جێگەی حیلم و شەفەقەتی قەدیمی، توندی و بێ‌ڕەحمیی ئەنواند. ئەو حیسسی مەتنداری و شوکرانەی کە بەرامبەر بە حاجی ئیبراهیم خان کە بووە سەبەبی هاتنە سەر تەختی، ئەینواند، زوو تەبەدولی کرد بە خسوومەت و شوبهە. بەڕاستی هەرە عەجایبی ئەوە بوو کە بە نەزەرێکی حەسادەتەوە تەماشای ئەو قووەتە گەورەیەی ئەکرد کە تاجی نابووە سەر سەری.

هێشتا لە مەبادی جلووسیدا بوو کە ئاغا محەمەد خان ڕووی کردە شیراز. ئەم حوکمدارە جاهیلە، جورئەتێکی فەوقەلعادەی نواند و بۆی چووە دەرەوە و لە دەوری «هەزار بیزە»دا تووشی بوو. بەڵام بەرامبەر بە قووەتی زۆری قاجار شکا و فڕانرایە شیراز. ئاغا محەمەد خان بە نەشئەی ئەم زەفەرە، هاتە سەر شیراز و لە دوای مانگێک موحاسەرە، گەڕایەوە تەهران کە پایتەختی بوو. ساڵی دوایە بە ئەندێشەی هوجوومێکی تر، لوتفعەلی خان بۆ مودافەعەیەکی بەقووەت خۆی باش حازر کرد، بەڵام ئاغا محەمەد خان بە سەبەبی مەشغووڵییەتی ئازەربایجانی، نەهات. لوتفعەلی خان نەیویست ئەو قووەتەی کە کۆی کردۆتەوە، بێ ئیش بیهێڵێتەوە، لەگەڵیانا ڕووی کردە کرمان و بە بەعزێ شرووت، والییەکەی بە تەسلیمی شارەکە ڕازی بوو، چونکە وەقتی سەفەر ڕابردبوو و خێرخواهانیش نەسیحەتیان کرد کە قەبووڵی بکا. یەکێ لە شەرتەکان سەرفی نەزەر کردن لە والی و ئەتباعی بوو. بەڵام لوتفعەلی خان قەبووڵی نەکرد؛ لە سەر ئەمە، موحاسەرە لەو زستانە سەختەدا دەوامی کرد. ئۆردووی موحاسەرە، وڵاخ و ئینسانێکی زۆری لە بەر سەرما و برسیەتی لە کیس چوو و لە دوای بارینی بەفرێکی زۆر، جەلبی خواردەمەنیش مومکین نەبوو. نیهایەت بە زۆری بەعزێ لە عەسکەر و نامەمنوونیی هەموو، وازی لە موحاسەرە هێنا و لە حاڵێکی پەرێشاندا گەڕایەوە شیراز. لە پێش حەسانەوەی لەم سەفەرە بەموسیبەتە، برایەکی بچکۆلەی کە هێشتا منداڵ بوو، بە ناو کردی بە والیی فارس و لە عەینی وەقتدا حاکمییەتی موڵکییەی شیراز و ئەترافیشی تەودیعی حاجی ئیبراهیم کرد. قوماندای قووەی موحافەزەشی بە جوێ دا بە ڕەئیسێکی عەشیرەتی زەند کە ناوی بەختیار بوو. ئیچ قەڵاشی خستە ژێر ئیدارەی ڕەئیسێکی تری خانەدانی زەندەوە. مەقسەدی لەم تەقسیمی سەلاحییەتە، مەنعی خیانەت بوو، بەڵام بێ فائیدە بوو. بەختیار خان پیاوێکی زەعیف و موتەکەبیر بوو و بە مەوقیعی خۆی و ئیستقلالی ئیدارەی عەسکەرییەی، مەغروور بوو. ئەیویست بە سەر حاجی ئیبراهیمدا زاڵ بێ و ئامریەتی بە سەرا بکا. بەڵام بۆی سەری نەگرت و دەسی کرد بە تەحریکی لوتفعەلی خان لە حەقی و ئەم تەحریکاتە کەم و زۆر تەئسیری بوو و هەموو موعامەلەیەکی دوای هاتنەوەی لە کرمان، وای نیشان ئەدا کە ئیتر ئیعتیمادی بە وەزیرەکەی نەماوە. زاتەن موددەتێک لە پێش ئەمەشدا حادیسەیەک ڕابیتەی بەینی حاجی ئیبراهیم و لوتفعەلی خانی زۆر زەعیف کردبوو. لوتفعەلی خان لە سەر تکای حاجی ئیبراهیم، چەند کەسێکی کە شوبهە لە ئیشتراکیان بە سووئی قەسد دەرحەق بە باوکی کرابوو، عەفو کردبوو. لە ناو ئەوانەدا میرزا مەهدی ناوێک هەبوو کە لە پێشدا جەعفەر خان لە خدمەتی لەشکرنویس (موحاسیبی لەشکر)دا ئیستیخدام کردبوو. لە دواییدا بەعزێ ئیختیلاسی لە سەر دۆزرایەوە و دەرکرا و گوێی بڕا. وەقتێ کە جەعفەر خان کوژرا و سەرەکەی فڕێ درایە بەر قاپیی قەڵا، میرزا مەهدیش هەر دوو گوێکەی بڕی و بەڵام ئینکاری ئەمەی ئەکرد. حاجی ئیبراهیم چونکە لە بێ‌گوناهی قانع بوو، تەلەبی عەفوی لە لوتفعەلی خان کردبوو و حوکمدار لە دوای ئەمە کە تەئمیناتی دابوویە، گوتبووی ئەگەر حەقیقەت ئەو قەباحەتەیشی کردبێ، لە بەر خاتری ئەو، دیسانەوە لە عەفوکردنی تەڕەدود ناکا. لە دوای چەند مانگێ، لوتفعەلی خان خەڵاتی دابەش کردبوو و خەڵاتێکیشی دابوو بە میرزا مەهدی. دایکی حوکمدار، کە ئەمەی بیست، بانگی کرد و پێی گوت: ئایا عەفوی قاتڵی باوکت کافی نەبوو و لزوومت بینی کە لوتفێکی مەخسووسیش دەرحەق سەفیلێک نیشان دەی کە خاتراتی باوکت ئیخلال ئەکا؟

ئەم قسەیە زۆر تەئسیری لە لوتفعەلی خان کرد و گەڕایەوە سەرای حکوومەت و میرزا مەهدی بانگ کرد و لە دوای عیتابێکی زۆر، ئەمری بە سووتاندنی دا. حاجی ئیبراهیم کە خەبەری زانی، بە عەجەلە چووە لای حوکمدار و لە موعامەلەی خەبەردار بوو، بە کەماڵی دەهشەتەوە جەسەدی سووتاوی میرزا مەهدیی چاو پێکەوت و لە دوای ئەمە ـ وەکوو حاجی ئیبراهیم بیلزات خۆی بۆ سێر مالقۆلمی گێڕاوەتەوە ـ ئیتر هیچ ئەمنیەتی بە لوتفعەلی خان نەما.

ئەم ئیختلافی بەینی حوکمدار و وەزیرە لە لای هەموو مەعلووم بووبوو. لوتفعەلی خان ئەیتوانی ئەو نیزامی ئەعمالەی کە تا ئەو وەقتە قەبووڵی کردبوو، زۆر خراپ بشکێنێ، بەڵام جەسارەتی تەعەڕوزێکی ئاشکرای نەبوو و لە نفووزی وەزیر ئەترسا. واقیعەن بێجگە لە ئیترتیباتی خەڵکی شیراز لەگەڵ حاجی ئیبراهیمدا زۆر والیی وڵاتان و ڕوئەسای عەشایریش لەگەڵیدا بە گەرمی تێکەڵ بوون و براکەشی قوماندانی پیادەی ئۆردوو بوو. بە گوێرەی ئەم وەزعییەتە بە تەبیعەت حوکمدار مەیلی شیددەت نواندنی نەبوو، بەڵام حیسسی عاجزی لە هەموو ئیشێکدا دەرئەکەوت. وەزیر کە زانی حەیات و مەوجوودییەتی لە تەهلوکەدایە، قەراری لەناوبردنی لوتفعەلی خانی دا.

لەو بەینەدا کە ئەحواڵ بەم تەرحە دەوامی ئەکرد، لوتفعەلی خان فکری چوونە سەر ئەسفەهانی بوو، ئەووەڵەن وەکوو چۆن لە پێش سەفەری کرمانیدا کردبووی، هێنای وەزائیفی ڕەسمییەی شیرازی تەقسیم کرد لە خانەدانی خۆی؛ ئەمیرێکی کرد بە قوماندانی قووەی موحافەزەی شار، یەکێکی تریشی کرد بە قوماندانی قەڵای ناو شار (ئیچ قەڵا)، زەنی وا بوو کە لە میانەی ئەم تەرتیباتەوە ئیتر خۆف لە وەزیرەکەی ناکرێ. لەگەڵ ئەمەشدا نەیئەتوانی شتێکی خیلافی سەداقەتی لە سەر بدۆزێتەوە. لە دوای ئەمە کە بە سووڕەتی ڕەسمی، والییەتی شیرازی تەودیع کرد، لە وەختی حەرەکەتی ئۆردوودا بە حاجی ئیبراهیمی گوت کە کوڕە گەورەکەی کە ناوی میرزا مەحموود بوو، بینێرێتە قەرارگای ئۆردوو. ئەو کوڕە چونکە زۆر بچووک بوو، بە تەبیعەت بە کەڵکی هیچ خدمەت و مەئموورییەتێک نەئەهات و دیار بوو کە ئەبێتە بارمتەی ئەفعال و حەرەکاتی باوکی، تا ئەم حادیسەیە حاجی ئیبراهیم لە ئیجرای قەراری خۆیدا موتەڕەدید بوو، بەڵام ئەم سووئی زەننە تەڕەدودەکەی نەهێشت و قەراری دا کە ڕۆژێ زووتر پلانەکەی تەتبیق بکا و ئەم پلانەشی ئەوە بوو کە شیراز تەسلیمی ئاغا محەمەد خان بکا و بەم تەرحە بیکاتە حاکمی یەکانەی ئێران.

واقیعەن حاجی ئیبراهیم ئیتر هیچ ئەمنییەتی بە لوتفعەلی خان نەمابوو، زاتەن دوشمنێکی زۆریشی بوو و [بۆ] موحافەزەی حەیاتی خۆی، ویستی کە بە خدمەتێکی گەورە، حیمایەی پادشایەکی بەقووەت بۆ خۆی بستێنێ و بۆ ئەم خدمەتە موقتەدیر بوو، بەڵام کە فکری لێ ئەکردەوە، بە ئەندێشەی مەحوی خانەدانێک کە ببووە باعیسی ئەم قودرەت و عیززەتەی، ویجدانی موعەززەب ئەبوو. {fn|ئەم حاجی ئیبراهیمە کوڕی حاجی هاشم بوو کە یەکێک بوو لە ئەشرافی شیراز. لە عومرێکی زویردا مرد و عائیلەیەکی زۆری لە حاڵێکی ئیحتیاجدا بەجێ هێشت، بەڵام کوڕەکەی ئەوەندەی پێ نەچوو داخڵی سەرەی ئەشراف بوو، ئەخلاقی موعاشەرەتی و موعامەلەی باش و زەکا و دیرایەتی، زۆری تەرەقی پێ کرد و گەیاندیە مەقامی گەورە. کەریم خان، حاجی ئیبراهیمی لە جێگەی باوکی دانابوو، عەلی مراد خان کردبوویە ڕەئیسی هەموو گەڕەکەکانی حەیدەری، کە تەقریبەن نیوەی شیراز بوو. لە وەقتێکدا کە جەعفەر خان لە ئەسفەهان ڕایکرد و هاتە شیراز، شارەکەی بە ئاسانی تەسلیم کرد و لە سەر ئەمە کرایە کەلانتەری فارس و لە سایەی ئەم مەئموورییەتەوە کوڕەکەی گەلێ نفووزی پەیا کرد و بەرامبەر بەم لوتفی جەعفەر خانە، لوتفعەلی خانی کوڕی گەیاندە مەقامی حوکمداری.

سێر مالقۆلم ئەڵێ خۆم لەم خسووسەوە قسەم لەگەڵ حاجی ئیبراهیم کرد و ئیدیعای ئەو وا بوو کە مەقسەدی لەم حەرەکەتەی نەجاتدانی وڵاتەکەی بوو لە شەڕ و هەرای موددەعییانی دەوڵەت و گوتی: چ یەکێ لە زەند و چ لە قاجار بێتە سەر تەخت، مەنعی لەشکر لە تاڵان ناکا، بەڵام ئەوی پێویستە بۆ هەموو، گەورەیی و بەهێزیی ئێران و قائیلبوونی بە سکوونەتێکی دائیمییە.}

لە دوای ئەمە کە لوتفعەلی خان چەند قۆناغێک دوور کەوتەوە، حاجی ئیبراهیم بە قووەتێکی شاری کە تەشکیلی کردبوو و خستبوویە ژێر ئیدارەی محەمەد حەسەن خانی برا بچووکیەوە، قوماندانی موحافیزی شار و ئیچ قەڵای گرت و ئەم موەفەقیەتەشی زۆر بە ئاسانی بۆ پێکهات و خەبەری ئەم موەفەقیەتەی بۆ براکەی نووسی کە لەگەڵ لەشکری لوتفعەلی خاندا بوو و لە دێیەکی پێنج فرسەخی (کۆمەیشا)دا ئۆردووگای دامەزراندبوو. لەشکری قاجاریش لە قوماندای باباخانی خوشکەزای ئاغا محەمەد خاندا ڕوویان تێکردبوو و بیست میلێک نزیکیان ببوونەوە، براکەی حاجی ئیبراهیم لەگەڵ ئومەرا و زابتانی ئۆردووەکەدا بۆ خیانەت ڕێک کەوتبوو و قەراریان دابوو کە تاریک داهات بەشێکی لەشکری پیادە، قەرارگای لوتفعەلی خان بداتە بەر تفەنگ و دەس بکەن بە هەرا و غەڵبە غەڵب و ئەوەش ئیشارەت بێ بۆ کۆبوونەوەی بەرەی حاجی ئیبراهیم.

واقیعەن بە گوێرەی قەرار حەرەکەت کرا و کە هەرا پەیا بوو، لوتفعەلی خان عەجایباتی لێ ما و خۆفی لێ نیشت و پیاوی نارد کە بزانن چییە. پیاو هاتەوە و پێی گوت سوار بە و دەرچۆ، چونکە لەشکرەکەی خۆت بۆتە دوشمنت. تەنیا تەهماسب خانی فەیلی لەگەڵ حەفتا سوارێکدا شوێنی کەوتن، باقی ڕوئەسا و ئومەرا ئەم حوکمدارە بێ‌تالعەیان بەجێ هێشت.

لوتفعەلی خان بە ئومێدی ئەوەی کە شیراز بە دەست قوماندانەکانیەوەیە، لەگەڵ ڕوفەقای فەلاکەتیدا ڕووی کردە پایتەخت (١٧٩١ م). بەڵام لە دوای جوێبوونەوەی لە ئۆردووگا بە دوو ڕۆژ لە ئەحواڵ خەبەردار بوو و قووەتەکەیشی گەیشتبووە سێ‌سەد سوارێک. هەرچۆنێ بوو خۆی گەیاندە دەرگای شیراز و پیاوێکی ناردە لای حاجی ئیبراهیم و ئەسبابی موعامەلەی لێ پرسی. حاجی ئیبراهیم لە جوابی ئەم پرسیارەیدا لەسەرخۆ گوتی لە وەزعییەتی لوتفعەلی خان و فکری تێگەیشتم و زانیم بۆ موحافەزەی حەیاتی خۆم لازمە لە قووەت تەجریدی بکەم و دووری بخەمەوە. تۆ نەسیحەتی بکە کە واز لە مالیکییەتی شیراز بێنێ و پێی بڵێ بۆ نەجاتدانی ڕۆحی، بێجگە لە ڕاکردن عیلاجێکی تری نییە (تاریخی حاجی ئیبراهیم)؛ بەڵام ئەم حوکمدارە مەغروورە کە قووەتێکی کەمی بوو، ئەم نەسیحەتەی ڕەد کردەوە و گوتی: هەرچۆنێ بێ، ئەم خائینە شارییە؛ قووەتەکەیشی نیهایەت بەعزێ بەقاڵ و عەتارن، کە ناتوانن بەرامبەر بە عەسکەرێکی ئازا ڕاوەستن. بەم خەیاڵە پشت‌ئەستوور بوو و لە نزیک دیواری شار دابەزی و ئۆردووگای هەڵدا. حاجی ئیبراهیم کە وای زانی، فێڵێکی تری بۆ دۆزییەوە. ماڵ و منداڵی عەسکەرەکەی کە لە ناو شاردا بوو، خەبەری بۆ ناردن و گوتی ئەگەر زوو لوتفعەلی خان بەجێ نەهێڵن و نەهێنەوە ناو شار، ماڵ و منداڵیان هەموو ئەکوژرێ. واقیعەن ئەمە تەئسیری کرد و عەسکەرەکەی لوتفعەلی خانیان جێ هێشت و حوکمداری بەدبەخت ناعیلاج لەگەڵ چوار پێنج کەسێکدا چوو بۆ بووشەهر. بەڵام کە گەیشتە ئەوێ، تەماشای کرد شێخەکەی وەکوو پێشوو، دۆستایەتی نەماوە، چونکە ئەویش مەنسووبی حاجی ئیبراهیم بوو. لە بەر ئەمە، چووە بەندەر ریگ و حاکمی ئەوێ زۆر باش قەبووڵی کرد و تا توانی موعاوەنەتی کرد، بە سایەی ئەم موعاوەنەتەوە توانی بەعزێ قووەت کۆ بکاتەوە و لەگەڵیانا سەعی بۆ سەندنەوەی شیراز بکا.

کەمیی لەشکری لوتفعەلی خان بە سایەی ئازایی خۆی و سەداقەتی عەسکەرەکەیەوە ئەوەندە دەرنەئەکەوت. ئەووەڵ غەلەبەی بە سەر لەشکری بووشەهردا بوو . دووەم شەڕی لەگەڵ حاکمی «کازروون»دا بوو و ئەسیری کرد و چاوی دەرهێنا . ئەم حەرەکەتە زاڵمانەی، موخیللی مەنفەعەتی بوو و تەقوییەی دوژمنە بەقووەتەکەی ئەکرد و ئەو موحیبەتەی کە دەرحەق بە جاهیلی و قەهرەمانی و بەدبەختیی پەیا ببوو، بەم سەبەبەوە زائیل ئەبوو.

لوتفعەلی خان لەم موەفەقیەتانەی، جەسارەتی سەند و دیسانەوە هاتە سەر شیراز و دەسی کرد بە حەسر و تەزییقی. بەڵام چونکە نە پیادە و نە تۆپچی بوو، موحاسەرەی پێ نەئەکرا. لەگەڵ ئەمەشدا تەڕەفدارانی عوسیان، پەی دەر پەی لێی کۆ ئەبوونەوە و گەیشتە دەرەجەیەکی وا کە دۆستان و تەڕەفدارانی، ئومێدی موەفەقیەت و سەندنەوەی حکوومەتیان لێ ئەکرد. بەڵام فەزیلەتی قەهرەمانی و سەعیی موتەمادیی ئەم شازادە جاهیلە، تووشی موقاوەمەتی ئینسانێک هاتبوو کە بە عەقڵ و تەدبیری، هەموو تەهلوکەیەکی لە پێش وقووعیدا حیس ئەکرد و سەلابەتی لەگەڵ ئیعتیدالیدا تێکەڵ ئەکرد و بیللزووم هیچ لە دوشمنی نەئەکەوتە خۆفەوە و دائیمەن بە سەر تەڕەفدارانی خۆیا موئەسیر و موراقیب بوو، ئەتوار و مشواری فەوقەلعادەی ئەم ئینسانە عەجائیبە، ڕەنگە بە سەبەبی ئەم وەزعییەتە موشکلەوە لە هەموو ئەدواری حەیاتیدا زیاتر دەرکەوتبێ.

لە دوای ئەمە کە لوتفعەلی خان لە سەفەری ئەسفەهاندا لە ئۆردووە عاسییەکەی جوێ بووەوە، ئەو لەشکرە لە حاڵێکی پەرێشان و تێکەڵ و پێکەڵیدا گەڕابووەوە شیراز و هاتنی ئەمانە، قووەی عەدەدییەی عەشایری موسەللەحەی فارسیان زۆر کردبوو و گەیاندبوویانە دوانزە هەزار کەسێک. پیادە یاخود عەسکەری شاری کە عیبارەت بوون لە ئەسناف و سەنعەتکار، نیهایەت پێنج یەکێکی ئەو عەدەدە بوون و حاجی ئیبراهیم تەنیا پشتی بە موعاوەنەتی ئەمانە ئەستوور بوو، چونکە ئەم عەشایرە کە سەروەت و سەعادەتیان بە دەوامی حکوومەتی زەندەوە مەڕبووت بوو، مومکین نەبوو کە لە سەر فیکری حاجی ئیبراهیم بن، یەعنی بەوە ڕازی بن کە حوکم و نفووز بکەوێتە دەس ڕەئیسی قاجار.

حاجی ئیبراهیم چونکە قانع بوو کە ئەم قووەتە نایەڵێ پلانەکەی تەتبیق کا، قەراری دا کە سیلاحیان لێ بستێنێ و دەریانکا. ئەم پلانەی بە ئیحتیاتێکی تەواو و زوو بە زوو تەتبیق کرد. خەبەری بۆ ئەو عەشایرە نارد و گوتی لە وەقتێکی موعەییەندا ئەبێ بێتە شار تا خەڵاتیان بە سەردا دابەش کرێ. خولاسە بە فێڵێکی زۆر عەجایب و بێ هەرا و شەڕ، سیلاحی لە هەموویان سەند و لە دواییدا ناردنی بۆ دێهاتان. لەمانە بەعزێکیان لە دواییدا هاتنە لای لوتفعەلی خان و بەشێکی زۆریشی، بێ سیلاح چاوەڕوانی موقەددەراتی خۆیان بوون.

حاجی ئیبراهیم، زەمانی گرتنی شیرازی بۆ ئاغا محەمەد خان نووسیبوو. ڕەئیسی قاجار لە قوماندای مستەفا خانا لەشکرێکی بە ئیمدادەوە نارد. لەم لاوە لوتفعەلی خان لە فرسەتێکی موناسیبدا هەڵیکوتایە سەر ئەو لەشکرە و لە دوای شەڕێکی قایم، شکاندی. ئاغا محەمەد خان کە ئەمەی بیست، سەفەری ئیعلان کرد و قووەتێکی وای لە قوماندای جان محەمەد خان و ڕەزا قولی خاندا نارد کە بە گوێرەی زۆری، بۆ نیهایەتدان بەم شەڕە کافی بوو. ئەم لەشکرە بەقووەتە لە دوای ئەمە کە لەگەڵ موحافزینی شیراز یەکدگیر بوون، بۆ تەعەڕوز ڕوویان کردە لوتفعەلی خان، کە لەشکرە بچووکەکەی بە نەزەری ئەوانەوە دە یەک بوو. ئەم شازادە بەغیرەتە نەیویست ڕوو وەرگێڕێ، بەڵام بۆ تەلافیی کەمیی قووەتەکەی، بە فیکرێکی ماهیرانە بەعزێ باغاتی ئەو ناوەی ئیشغاڵ کرد تا بەم تەڕحە و بە یارمەتیی مەوانیعی سەنعییە، بتوانێ موقابەلەی ئەو قووەتە زۆرە بکا.

ئیبتیدای شەڕ بۆ دوشمنی موساعید بوو. هجوومی کردە ناو مەوزعەکەی و مودافیعینی دەرپەڕاند و کەوتە شوێنیان. بەڵام لوتفعەلی خان کە حەقیقەت قودرەت و تەقدیرێکی سەردارانەی هەبوو، دی کە لەشکری دوشمن کەوتە تاڵانی قەرارگا خاڵییەکەیەوە، ئەمەی بە فرسەت زانی و چەند سوارێکی کۆ کردەوە و بە شیددەت هەڵیکوتایە سەر دوشمن. عەسکەرە شکاوەکەی، کە چاویان بە قەهرەمانیی ڕەئیسەکەیان کەوت، گەڕانەوە سەر دوشمن و لە هەموو لایەکەوە شکاندیان و بەم تەڕحە، شک و شوبهە لە زەفەری لوتفعەلی خاندا نەما. دوشمن زایعاتێکی زۆری دا و بەشێکیشی ئەسیر بوو، حەتتا ڕەزا قولی خانیش کە یەکێ لە ڕوئەسای قاجار بوو، لە ناو ئەسیرەکانا بوو.

حاجی ئیبراهیم زانیی کە ئەم زەفەری دووەمە، شان و شۆرەتی لوتفعەلی خان بڵندتر ئەکا و ئەمەش بۆخۆی خەراپە، بۆ ئاغا محەمەد خانی نووسی کە بە عەجەلە خۆی بگەیەنێتە شیراز. ئەم حوکمدارە تێگەیشت کە وەزعییەت لە تەهلوکەدایە، دەسبەجێ بە قووەتێکی زۆر گەورەوە (٣٠ ـ ٣٥ هەزار کەسی) ڕووی کردە شیراز. ئەم قووەتە بە نەزەر قووەتی لوتفعەلی خانەوە سەد بە یەک بوو و ئەمەش دەلیلی ئەمە بوو کە ئاغا محەمەد خان، بە نەزەر جورئەت و بێ‌پەروایی دوشمنەکەیەوە ئیحتیاتێکی زۆری کردبوو و حەقیشی بوو.

ئاغا محەمەد خان بە قووەتی پێشکەوتوویەوە، کە گەیشتە دێی «میان» نزیک ئیستەخر (پێرسپۆلیس)، ئۆردووگاکەی لە پڕێکا تووشی تەعەڕوزی لوتفعەلی خان بوو. ئەم شازادەیە بە جورئەتێکی وا کە ئینجا لە بەعزێ قەهرەمانانا کە مەیدانی شەڕیان لە لا وەکوو سەحنەی زەوق و سەفا وایە، لنگی دایە مەیدانی شەڕی تاجگری ئێران. ئەم سەوڵەتی شێرانەیە، پێشداری ئاغا محەمەد خانی شڵەژاند و شکاندی و شوێنیان کەوت و بە چەند سەد سوارێکەوە، بێ پەروا هەڵیکوتایە سەر لەشکرێکی سی یا سی و پێنج هەزار کەسی. لە لایەکەوە تاریکیی شەو و لە لایەکی ترەوە ئەو ترس و خۆفەی کە بە واسیتەی فیرارییەکانەوە پەیا ببوو و دەهشەتی ناوی لوتفعەلی خان، ئۆردووی قاجاری بە نەوعێ شڵەژاند و تێکی دا کە بۆ تەڕەفی ئەم لا، وەکوو موقەددەمەیەکی غەلەبە بوو . عادەتەن هەموو ئۆردووەکەی ئاغا محەمەد خان بڵاو بۆوە و موهاجمین گەیشتنە قەرارگای ئاغا محەمەد خان.

لەو وەقتەدا یەکێ لە ئومەرای لوتفعەلی خان بە شازادەی گوت کە ئاغا محەمەد خان لەگەڵ فیرارییەکان ڕایکردووە و تەئمیناتی دایە و گوتی من حەز ناکەم ئەو ماڵ و دەوڵەت و خەزێنەی شاهییە کە بەم ئەزییەتە دەس کەوتووە، لە تەڕف ئۆردووەکەتەوە بە تاڵان بچێ . سەد حەیف کە شازادە بڕوای پێ کرد و دەسبەجێ ئەمری بە لەشکرەکەی دا کە ڕاوەستن و نەچنە ناو قەرارگای شاوە. واقیعەن ئیتاعەتیان کرد و ڕوویان کردە لایەکی تر و کەوتنە تاڵانەوە.

ڕۆژی دوایی لە بەری بەیاندا و لە حاڵێکدا کە شازادەی غالب، پشتی دوشمنی کەوتبوو، لە پڕێکا و بە کەماڵی حیرەت و دەهشەتەوە دی کە لەو ئۆردووگای دوشمندا بانگی سبەینێ ئەدرێ و خەڵک بۆ نوێژ دەعوەت ئەکرێ. ئەوانەی کە لە ئۆردووگادا مابوونەوە، لەمە تێگەیشتن کە ئاغا محەمەد خان لە جێگەی خۆیەتی و قەرارگای خۆی بەجێ نەهێشتووە.

واقیعەن ئاغا محەمەد خان کە چاوی بە پەشۆکاویی ئۆردووەکەی کەوت و زانی کە ئیسلاحی قابیل نییە، لە قەرارگای خۆیدا لەگەڵ بەعزێ موحافیزانی ڕاوەستا و سەیری عەدەدی کەمی دوژمن و زۆریی جورئەت و ئینتیزامی کرد. لوتفعەلی خان لە خەوی زەفەر خەبەری بووەوە و ڕوانی کە بۆ ئەمەی ئەسیر نەکرێ، بە غەیری خۆ دەرکردن، عیلاجێکی تری نییە و واشی کرد.

ئەم تەجروبە جەسوورانەیەی کە بۆ سەندنەوەی حوکم و نفووزی کردی، نابێ بە حەرەکەتێکی مەئیووسانە تەلەقی بکرێ، کە ئیمکانی موەفەقیەتی نەبووبێ. لوتفعەلی خان بە تەجروبەی خۆی، زۆر باش تێگەیشتبوو کە لە ئۆردوویەکی وادا کە تەعەڕوزی تێکرد، ئەگەر یەک جار پەشۆکی و شڵەژانی تیا پەیا بێ، ئیتر خۆ کۆکردنەوەی مومکین نابێ و دیسان باش ئەیزانی کە زۆر ڕوئەسای عەشایر، هێشتا لە بەینی خۆی و ئاغا محەمەد خاندا موتەڕەدید بوون.

ئەم ڕوئەسایانە دایمە بە گوێرەی ئەحواڵ و زەمان حەرەکەتیان ئەکرد و ئەوان هەر یەکێکیان ئیختیار بکردایە، بەرەی ئەوانیش بێ تەڕەدود، تابعیان ئەبوون. لە لایەکی تریشەوە حەقی بوو کە ئومێدی بە نەتیجەی ئەم غەلەبەیە بێ‌ئەمسالە ببێ و بەم وەسیلەوە بە سەر دوشمنەکەیەوە کە هەموو ئەسبابی ئیزمیحلالی لە تەڕەف ئەوانەوە (ڕوئەسای عەشایر) حازر کرابوو، غەلەبە بکا. پلانی تەعەڕوزی شازادە بەڕاستی بێ قسوور بوو و بە کەماڵی ئیحتیات، حەرەکەتی کرد و لە پڕێکا دای بە سەر پێشداری ئاغا محەمەد خاندا و ئەو ئیستیفادەیەی کە لە زەرفی ئەووەڵی کرد، بەڕاستی نیشانەی قابلییەت و جورئەتی فەوقەلعادەی خۆی بوو. زەفەری قەتعی، بە سەبەبێکی واوە لە دەست چوو کە لە ئەغڵەبی نەتائیجی حەرب و سەڵتەنەتدا ئەو نەوعە ئەسبابە موئەسیر ئەبێ.

واقیعەن چۆن لوتفعەلی خان لایقی موزەفەرییەت بوو، ئاغا محەمەد خانیش لایقی ئەو تاجە بوو کە لە ئیعتیباری ئەو ڕۆژەوە بۆی ساغ بووەوە. ئەم حوکمدارە لە یەئس و پەرێشانیی لەشکرەکەی هیچ نەشڵەژا و ئەمەش نیشانەی مەتانەتی فەوقەلعادەی بوو. دەماغی دایمە لەگەڵ ئەم حادیسەیە مەشغووڵ بوو و ئەغڵەب لەم موتالەعەیەدا بوو. لە تاریخی دوایی ئێراندا تەنیا سێ شت ئەبێ زۆر باش تەڵقینی ئینسانی تالییە بکرێ: ئەووەڵەمینی، ئینزیبات و مەتانەتی ئەو حاجی ئیبراهیمە، کە لەگەڵ چەند ساحێب دووکان و ئەسنافێکدا شیرازی داگیر کرد و چەند مانگێک بەرامبەر بە هەموو عەشایری موحاریبی ئەو ناوە موحافەزەی کرد. دووەمینی، قەهرەمانیی فەوقەلعادەی لوتفعەلی خانە کە لەگەڵ چوارسەد یان پێنجسەد کەسێکدا لە هەڵکوتانە سەر ئۆردوویەکی سی هەزار کەسی پەروای نەکرد؛ سێیەمینیشی، مەتانەتی نەفسی خۆی بوو کە لە وەقتێکدا کە هەموو کەس فیراری کردبوو، ئەو قەرارگاکەی خۆی بەجێ نەهێشت و موحافەزەی سکوونەتی کرد و عادەتەن بە واسیتەی بانگدانەوە لە دۆست و دوژمنی گەیاند کە لە جێگەی خۆیەتی و ئەو پەشۆکی و شکانە تەئسیری نەکردۆتێ.

لوتفعەلی خان تا کرمان ڕانەوەستا و لەوێ دەسی کرد بە لەشکر کۆکردنەوە. ئاغا محەمەد خانیش بیلزات خۆی ڕووی کردە شیراز و لەشکرێکیشی ناردە سەر لوتفعەلی خان . ئەو چەند کەسەی کە لە دەوری لوتفعەلی خان کۆ ببوونەوە، کە ئەم خەبەرەیان بیست، بڵاو بوونەوە. لە سەر ئەمە، شازادە چوو بۆ خۆراسان (١٢٠٧ هـ)، چونکە ئەم وڵاتە لە وەفاتی نارد شاوە تا ئەو ڕۆژە، بە دەس بەعزێ ڕوئەسای سەربەخۆوە بوو. یەکێ لەم ڕەئیسانە میر حسێن خان بوو کە حاکمی مەنتیقە و شاری تەبەس بوو، شازادەی حیمایە کرد و دووسەد سوارێکی بۆ پێکەوە نا، شازادە لەگەڵ ئەم قووەتە و بەعزێ پیاوی سادقی خۆی، کە قەت لێی جوێ نەبووبوونەوە، ڕووی کردە یەزد.

والیی ئەم شارە لەشکرێکی نارد و ڕێگەی پێ گرت، بەڵام شازادە بەبێ تەڕەدود هەڵیکوتایە سەریان و تەفروتوونای کردن. لە دوای ئەمە کە بەم غەلەبەیە سامی لەشکرە بچووکەکەی شکاند، ڕووی کردە دێی ئەبەرکووهـ کە لە حودوودی فارس بوو. ئەو دێیە ئیتاعەتی کرد و لێرەوە خەبەری بۆ تەڕەفداران و دۆستانی نارد کە سەرلەنوێ هاتۆتە مەیدانەوە. واقیعەن هێشتا بە سووڕەتی خەفی، بەعزێ تەڕەفداری بوو و لە دوای ئەوە کە شۆرەتی غەلەبەی کەوتە ئەو ناوەوە، زۆر کەس بە ئاشکرا ئیعلانی تەڕەفدارییان کرد و بەم تەڕحە ئەوەندەی پێ نەچوو عەدەدی لەشکرەکەی گەیشتە ١٥٠٠ کەس و لەگەڵ ئەمانە دارابجێردی موحاسەرە کرد (١٢٠٨ هـ).

هەرچەندە ئەم شارە لەتیفە وەکوو جاران گەورە و قەڵەباڵخ نەبوو، بەڵام هێشتا ئەهمییەتی خۆی موحافەزە کردبوو و دە پانزدە هەزار نفووسێکی هەبوو. لە بەر ئەهمییەتی مەوقیعەکەی، لوتفعەلی خان زۆر هەوڵی بۆ زەوتکردنی دا، بەڵام لەو بەینەدا کە خەبەری پەیابوونی بڵاو بووەوە، لەشکرێکی قورس لە تەهرانەوە نێررایە سەری و لە لایەکی تریشەوە حاجی ئیبراهیم لەشکرێکی بەقووەتی پیادەی لەگەڵ برا بچووکەکەیدا بۆ تەقوییەی مودافیعینی دارابجێرد نارد.

نزیککەوتنەوەی ئەم لەشکرە، شازادەی مەجبووری دوورکەوتنەوە کرد و سەعی کرد کە لە دێ سەختەکەی «ڕوونیز» خۆی بگرێتەوە، بەڵام لە دوای چەند ڕۆژێ دەعوا، مەجبوور بوو کە بە تەعەڕوزێکی غەریب، تەجروبەی تالع بکا، بەڵام لە نەتیجەدا زۆریی دوژمن غەلەبەی لێ سەند و مەجبوور بوو کە تیکرار بچێتەوە لای حاکمی تەبەس. ئەم حاکمە دیسانەوە بە ڕووخۆشی قەبووڵی کرد، بەڵام لە دواییدا لە ترسی مەوقیعی خۆی، تەوسییەی کرد کە بچێتە قەندەهار و تەڵەبی موعاوەنەت لە تەیموور شاهی حوکمداری ئەفغان بکا، هەر ئەو ئەیتوانی کە بیخاتەوە سەر تەختی ئەجدادی. لوتفعەلی خان گوێی لە نەسیحەت گرت و ڕووی کردە سەرای مەلیکی ئەفغان، بەڵام هێشتا چەند قۆناغێک نەڕۆیشتبوو کە خەبەری وەفاتی تەیموور شاهی بیست و لەم وەزعییەتەدا قەراری دا کە لە ئێراندا بمێنێتەوە.

لە وەقتێکدا کە لوتفعەلی خان دەرحەق بە حەرەکەتی خۆی موتەڕەدید بوو، کاغەزی لە دوو ڕەئیسی نەرماشیر (مەنتیقەی شەرقی کرمان) کە مەحموود خان و جەهانگیر خان بوون، وەرگرت، تەوسییەیان ئەکرد کە مەملەکەتی خۆی بەجێ نەهێڵێت، تەئمینیان کرد کە ئەگەر بگەڕێتەوە، هەر موعاوەنەتێک و خدمەتێک لازم بێ، ئەیکەن. موئەلیفێکی ئێرانی بەڕاستی حەقی بووە کە گوتوویەتی: شوعلەیەکی زۆر کەم لە دڵی موحاریبدا ئاگرێکی ئومێد پەیا ئەکا. شازادە لە سەر ئەم وەعدە، دەسبەجێ هەڵسا و ڕووی کردە نەرماشیر و لەوێ کە ڕوانی چەند عەسکەرێک لە ژێر بەیاخێکدا کۆ بوونەوە، کەوتە ئومێدەوە و قەراری دا کە کرمان بگرێ و بە حەرەکەتێکی سەریع نزیک ئەو شارە بووەوە. مامە زۆر ئازاکەی، کە ناوی عەبدوڵڵا خان بوو، لە هەموو حادیساتی دەوری لوتفعەلی خاندا حەقیقەتەن شۆرەتی سەندبوو. لەگەڵ نیوەی قووەتەکەیدا پێشی خست، تا تەعەڕوزێکی بە درۆ بکاتە سەر شارەکە. متباقی قووەتی بۆ ئیحتیات گل دایەوە و لە دواییدا کە چاوی پێکەوت دوشمن هەموو قووەت و دیققەتی حەسر کردۆتە سەر عەبدوڵڵا خان، لەگەڵ قووەتەکەی خۆیدا هەڵیکوتایە سەر لایەکی تری قەڵاکە و بەم تەڕحە قوماندانی شارەکەی هەڵخەڵەتاند و لە پێش ئەوەدا کە پێ بزانێ، بە دیواری قەڵاکەدا هەڵگەڕان.

هەرچەندە موحافیزینی شارەکە لەم حەرەکەتە شڵەژان، بەڵام دیسان زۆر موقاوەمەتیان کرد و لەگەڵ ئەمەشدا ئەوەندەی پێ نەچوو هەموو مەوزیعەکانیان لە دەس سەندن و مەجبووریان کردن کە خۆیان بهاونە ناو قەڵای داخڵییەوە (ئیچ قەڵا) و لێرەش خۆیان نەگرتەوە و زوو بەجێیان هێشت. قوماندانەکانی قەڵای کرمان هەرچۆنێ بوو دەرچوون، بەڵام زۆری قووەتەکەیان کوژرا و هەموو بارگرانی و ماڵیان کەوتە دەس شازادەی غالب.

لوتفعەلی خان لە دوای ئەم غەلەبەیە وەزعییەتی حوکمداری گرت و بۆ یادگاریی ئەم ئاخر زەفەرەی، بە ناوی خۆیەوە سککەی لێدا. موئەریخینی ئەم دەورە گوتوویانە: تالیعی ئەم شازادەیە لە برووسکەیەکی وا زۆر بەشەوق ئەچوو کە زیادیی نووری لە وەقتی کوژانەوەیدا دەرئەکەوت.

ئاغا محەمەد خان کە خەبەری زەوتی کرمانی بیست (١٢١٠ هـ)، بە هەموو قووەتی خۆیەوە ڕووی کردە ئەو تەڕەفە. لوتفعەلی خان لە زۆریی لەشکری خەسمی، پەروای نەبوو. چونکە ئەووەڵەن لەشکرەکەی خۆی بە واسیتەی چەند غەلەبەیەکەوە مەهارەت و جەسارەتی پەیا کردبوو. دووەمیش بە غیرەتی قەهرەمانانەی خۆی پشت‌ئەستوور بوو؛ بەڵام لە دوای مانگێک موحاسەرە، موزایەقەیەکی زۆر تووش بوون و بەعزێ قەتەعاتی مودافەعە ئیزهاری نامەمنوونییان کرد. بەعزێ لە عەسکەری پیادە کە مەئمووری مودافەعەی چەند بورجێ بوون، لە پڕێکا ئەو بورجانەیان بۆ دوشمن بەجێ هێشت و لە پێش خەبەرداربوونی لوتفعەلی خان لەم خیانەتە، دوو سێ هەزار کەسێک لە ئۆردووی ئاغا محەمەد خان داخڵی ئەو بورجانە بوون.

لوتفعەلی خان کە ئەمەی بیست، دەستبەجێ هەڵیکوتایە سەر ئەو بورجانە و لە دوای جیدالێکی مودهیش، دوژمنی فڕێدایە دەرەوە و ئەمەش ئاخر موەفەقیەتی بوو. یەکێ لە ئومەرای، کە زۆر لێی ئەمین بوو، خیانەتی لەگەڵ کرد. ئەم خائینە قوماندانی مودافەعەی قەڵای ناوەوە (ئیچ قەڵا) بوو و لە لایەکی تریشەوە ئیشتراکی مودافەعەی خارجی ئەکرد. ئەم زابتە خائینە، قاپیی ئەو تەڕەفەی بۆ دوژمن کردەوە و ئاغا محەمەد خان بە دە دوازدە هەزار کەسەوە هاتە ناو شار و باقی قووەتەکەشی بۆ یارمەتی حازر کرد. لوتفعەلی خان کە لەم دووەم خیانەتە خەبەردار بوو، بە جەسارەتێکی خاریقول عادەوە هەڵیکوتایە سەریان، بەڵام فائیدەی نەبوو و کار لە کار ترازابوو. چونکە دوژمن لە غایەت بەدەر زۆر بوو؛ نیهایەت کە چاوی پێکەوت کە عەسکەرە هەرە ئازا و بەکارەکانی کوژراون، بە ناعیلاجی گەڕایەوە دواوە.

مەقسەدی یەکانەی ئاغا محەمەد خان مەنعی دەرچوونی شازادە بوو. دەوری شاری کرمانی دا و لە بەر هەر دەرگایەکی قەڵادا، مەفرەزەیەکی زۆر بەقووەتی دانا. لوتفعەلی خان لەگەڵ ئەمەشدا کە لە هەموو لایەکەوە موحاسەرە کرابوو، سێ ساعەت لە ناو شاردا خۆی ڕاگرت و کە شەو هات، بە سیڕڕی لە ئیلتیجاگای هاتە دەرەوە و بە واسیتەی پردێکی تەختەی زەعیفەوە کە لە دوای ئیستیعمالی لە تەڕەف دوژمنەوە فڕێدرابوو، دەرچوو. بەڵام ئەبوایە لە دوای ئەمە، خەتی دوژمنیش بدڕێ، شازادە بە جورئەتێکی خاریقول عادەی مەئیووسانەوە تەعەڕوزی کردە ئەم خەتی دوژمنەوە و لەگەڵ سێ کەسدا ئەم خەتەی دڕی و دەرچوو و بە سڵامەتی خۆی گەیاندە مەنتیقەی نەرماشیر.

ئاغا محەمەد خان لە دوای گرتنی کرمان خەڵکی شارەکەی هەموو کوشت، بە غەیری ژن و منداڵ، کەسی تیا نەهێشت و ئەم زەعیفانەشی تەسلیمی عەسکەرە وەحشییەکانی کرد و سێ ڕۆژ لەگەڵ تاڵان و قەتڵ خەریک بوو. مەقسەدیشی لەم موعامەلەیە ئەوە بوو کە هیچ شارێکی تر جەسارەت نەکا یارییەی لوتفعەلی خان بدات.

لوتفعەلی خان لە ئەووەڵدا لە تەڕەف والیی نەرماشیرەوە باش قەبووڵ کرا، بەڵام ئەوەندەی پێ نەچوو ڕۆژێک لە تەڕەف براکەیەوە کە لە وەقتی خۆیدا لەگەڵ لوتفعەلی خان بۆ کرمان چووبوو، بانگ کرا و تێی گەیێنرا کە ئەم حیمایەیەی، بۆ ئیستیقبالی خراپ ئەبێ و تووشی غەزەبی ئاغا محەمەد خان ئەبێ. مەحەبەتی براکەی و خۆفی دوایی، غەلەبەی لێ کرد و عەهد و پەیمانەکەی لە فیکر بردەوە و قەراری دا کە شازادە بگرێ و بۆ تەئمینی حەیات و ئیستیقبالی خۆی، تەسلیمی ئاغا محەمەد خانی بکا. ڕەفیقەکانی لوتفعەلی خان لە پێش وقووعیدا لەم خیانەتە گەیشتن و خەبەریان دا بە شازادە تا خۆی نەجات بدا، بەڵام گوێی لە نەسیحەتیان نەگرت و بڕوای پێ نەکردن و حەتتا بە ونبوونی ڕەفیقەکانیشی، کە لە هەموو ساعاتی فەلاکەتدا لێی جوێ نەبووبوونەوە، دیسانەوە لە خەوی غەفڵەت خەبەری نەبووەوە، بەڵام زۆری پێ نەچوو بەعزێ ئینسانی پڕ چەک و سیلاحی لە دەوری خۆیدا دی و زانی کە ڕەفیقەکانی ڕاستیان گوتووە، دەستبەجێ دەسی دایە شیرەکەی و هوجوومی کردە سەر ئەو کابرایانە کە ئەیانویست بیگرن. لە دوای موجادەلەیەکی زۆر مودهیش، شازادە خۆی گەیاندە ئەسپەکەی خۆی و سوار بوو. لەو بەینەدا یەکێ لە موهاجیمەکان بە شیر قاچێکی ئەسپەکەی پەڕاند و شازادە لەگەڵ ئەسپەکەی کەوت و هەڵسایەوە و سەرلەنوێ جیدالێکی مودهیش دەسی پێکرد و لە نەتیجەدا شازادە لە سەر و قۆڵی، دوو برینی زۆر قورسی خوارد و کەوت و بەو حاڵەوە بردیان بۆ لای ئاغا محەمەد خان. ئەووەڵەن بە دەسی خۆی چاوی هەڵکۆڵی و لە پاشدا ناردی بۆ تەهران و لەوێ لە دوای حەقارەتێکی زۆر وەحشییانە ، ئەمری دا بە لەناوبردنی ئەو شازادەیە، کە لەو حاڵی ئەسیری و لێکەوتووییەشدا بوو، دیسانەوە دوشمنە زۆر دوورئەندێش و بەقووەتەکەی خۆی ئەلەرزاند (١٧٩٤ م).

لوتفعەلی خان لە پێش تەواوکردنی ٢٥ ساڵی و لە دوای حەیاتێکی خاریقول عادە لە ناو چوو. سێر جۆن مالقۆلم ئەڵێ: «لە ئەتواری ئەم شازادەیە و لە حادیساتی حەیاتیدا بەعزێکی شایانی مەرحەمەت و بەعزێکیشی لایقی تەبجیلە و ئەگەر تەماشایەکی ئەعمال و حەرەکاتی بکرێ، بە غەیری مەزییاتی عەسکەرییە، شتێکی تری تیا نابینرێ. شازادە لە ناو سەڵتەنەتێکی واسیعەدا و لە دەورێکی وادا کە ئیتاعەتی حوکمدار عادەتێکی عوموومی بوو، هاتبووە دنیاوە و مومکینە کە ئەوساف و مەزایای ئەم شازادەیە موشابیهی ئەوساف و سەجییەی جەنگیز وەیا تەیمووری لەنگ بێ؛ بەڵام بە گوێرەی ئەحواڵ و شەرائیتی ئەو وەقتەی کە ئەو هاتە سەر تەخت، بەغەیری فەزائیلی شەخسییەی و قابیلییەتی ڕیاسەتی، هەموو ئەوسافێکی تری لە عەلەیهی بوو. مەعلووماتی بوو، بەڵام مودەبیر و دوورئەندێش نەبوو. موحاکەمە و دیرایەتی، بە سەبەبی ئیحتیراساتیەوە بێ‌تەئسیر بوو. لە غایەت بەدەر مەغروور بوو. حەتتا لە دەوری نوشوستیشدا تەنەزولی نەئەکرد لەگەڵ ئەوانەی کە قابیلییەتی سووق و ئیدارەیان بوو، ڕێک بکەوێ وەیا یەکدگیر بێ. توندەتەبیات و نەبەز بوو، هیچ وەقتێ بە غەیری فیکرێکی تەدهیش، سەعی بۆ فتووحات نەئەکرد و ڕووی بکردایە هەر لایەک، زەفەر بە پیریەوە ئەهات. قووەت و قودرەتی خۆی بە شیددەتێکی وا ئیستیعمال ئەکرد کە ئەو شیددەتە ئینجا حاکمێکی جێگیربووی بەقووەت ئەیتوانی بیکا. بەڵام بۆخۆی تەئسیرێکی وای نەئەبوو، بەڵکوو بەعزێ دوشمنی بۆ پەیا ئەکرد؛ کە هەر وەکوو خۆی دایمە بەرامبەر بە مەجرای حادیسات لە موجادەلەدا بوون، لەگەڵ ئەمەشدا قسووری کە زۆر بوو، لە بەر بەعزێ فەزائیلی عالییەی و بە سەبەبی سەرەنجامی فەجیعی، ئەم ئاخر شازادەی خانەدانی کەریم خانە، لە تەڕەف موئەریخینی موعاسریەوە، ئیهمال کراوە.»

حوکمدارانی خانەدانی زەند نزیک نیو عەسرێک بە سەر بەشی زۆری ئێراندا حوکمیان کرد، بەڵام لە دوای وەفاتی موئەسیسی ئەم خانەدانە، حوکم و نفووزیان قەت بە تەواوی دانەمەزرا و ئەمەش ئەووەڵەن لە بەر ئیختیلافاتی ناو خۆیان و دووەمیش بە سەبەبی زەکا و دیرایەتی ئاغا محەمەد خانی دوژمنیانەوە بوو. ئەم حوکمدارە لەو وەقتەی کە لە شیرازەوە ڕایکردبوو، دایمە سەعی بۆ لەناوبردنیان ئەکرد و نیهایەت موەفەقیش بوو. غەلەبەی، لە قووەتی سیلاحی زیاتر، بە سایەی سەبات و مەتانەتیەوە بوو. ئاغا محەمەد خان لەناوبردنی ئەو کەسانەی کە وا مومکین بوو سەر بەرز کەنەوە، بە وەزیفەی خۆی زانی. لەم تەبەقەیەوە باخسووس لەوانەی کە موحتەمەل بوو چاو ببڕنە تەختەکەی ، هەمووی لە ناو بردن؛ یا کوشتنی یا چاوی دەرهێنان. نەک هەر عەشیرەتی زەند، بەڵکوو هەموو عەشیرەتێک کە فێعلەن موعاوەنەتی خانەدانی زەندی کردبوو، لە فارس تەهجیر کرا و بۆ وڵاتانی دوور نێرران و لە جێگەی ئەوان، عەشایری ئەسڵییەی فارس ئیسکان کرا.

بەشی زۆری ئەم مەزالیم و قەتڵ و عامە، لە تەڕەف حاجی ئیبراهیمی خائینەوە کرا. موحەڕیڕی کتێبی «مآثر السلطانیة» یەعنی تاریخی قاجار ئەڵێ: حاجی ئیبراهیم ئەم خیانەتەی بە ئومێدی ئیستقلال کرد بەڵام لە ترسی ئاغا محەمەد خان نەیوێرا ئاشکرای بکا و بە زاهیری، بە ئیخلاس قەڵای شیرازی تەسلیم کرد و ئاغا محەمەد خان کردی بە والیی فارس. بەڵام شکی لە خیانەت و دەنائەتی نەبوو، لەگەڵ ئەمەشدا بۆ دەفعی تەعنەی خەڵک، ویستی لە فرسەتێکدا لە عۆدەی بێ. حاجی ئیبراهیم دەرحەق بە بەقایای زەند، زۆر مەزالیمی کرد و جگەری لاوانی زەندی بە سووژن دڕی و خزم و ئەقرەباشی لە مەزالیم و دەنائەتدا موسابەقەیان ئەکرد. نیهایەت عادڵی موتڵەق، حەقی لێ سەند و لە دوای وەفاتی ئاغا محەمەد خان، بە موددەتێکی کەم و بە ئەمری فەتحعەلی شا چاویان هەڵکۆڵی و چاوی کوڕانی و ژنانی و کچانیشی هەڵکۆڵرا و ئەمر درا کە برا و ئەقرەباشی لە ناو برێ. خۆشی لەگەڵ ماڵ و منداڵی کوێریدا لە قەزوین دانرا تا لە ناو چوو؛ عیبرەت!

لە دەوری حکوومەتی فەتحعەلی شاهدا محەمەد خانی کوڕی زەکی خان، دەعوای سەڵتەنەتی کرد و حەتتا ئەسفەهانیشی گرت، بەڵام بۆی موحافەزە نەکرا و ڕایکردە لای حکوومەتی عوسمانی. بێجگە لەمە تەشەبوسێکی تر واقیع نەبووە و خانەدانی کەریم خان لە تەڕەف قاجارەوە بە تەواوی لە ناو برابوو.

سکاڵایەک دەرحەق بەم حکوومەتە

ئەڵێن تاریخ عیبارەتە لە تەکەڕوڕی حادیسات. ئەم قسەیە زۆر ڕاستە، زۆر حکوومەت بە مەبدەئێکی پڕ نوور و موساعیدەوە تەشەکولی کردووە و لە ئەحواڵ و زورووفێکی ناموساعیددا لە ناو چووە. تەماشای حکوومەتی تەیموور جەلایری، قەرە و ئاق قۆیۆنلوو، سەفەوی، ئەفغان و نادری بکە. هەموویان بە فەرقێکی کەم و زۆر دەشوبهێنە یەک. مەبدەئیان پڕە لە شان و شەرەف و مونتەهایان عیبارەتە لە بەدتالعی و نەکبەت. هیچ شوبهە نییە کە موئەسیسانی، عەلاوە بە مەزایای شەخسییەی خۆیان، موساعەدەیەکی زۆریان لە بەخت و تالع دیوە، بە دەرەجەیەکی [وا] کە ئەحفادیان لەو مەزییاتە بڵندە و لەو موساعەدەی تالعە، دە یەکێکیان بە نەسیب نەبووە. حکوومەتی زەندیش عەینی وەکوو ئەم ئەمسالانەی، مەحکوومی عەینی قاعیدە بوو. کەریم خان بە ئەوساف و جەلادەتی خۆی و موساعەدەی تالع لە هیچەوە حکوومەتێکی گەورەی دامەزراند. بەڵام لە ناو ئەحفادیدا تەنها عەلی موراد خان و لوتفعەلی خان قابیلیەتی حوکمدارییان بوو. ئەجەل مۆڵەتی ئەووەڵیانی نەدا و لە عومرێکی وەسەت بەرەو خواردا بە عیللەتی ئیستیسقا لە ناوی برد، وەئیللا قابیلیەتی ئەوەی بوو کە ئێران بە تەواوی لە ڕەقیب پاک بکاتەوە و پایەداریی حکوومەتەکەی بۆ موددەتێکی بەتوول، تەئمین بکا.

بێینەوە سەر لوتفعەلی خان, ئەم حوکمدارە، کە هەر وەکوو جەنراڵ مالقۆلم ئەڵێ واریس و ئەوسافی جەنگیز و تەیموور بوو و جورئەت و جەلادەتی لە تەڕەف دوژمنی خوێنینی وەک ئاغا محەمەد خانیشەوە تەسدیق کرابوو، حەیف کە تووشی وەزیرێکی سپڵە و خائین بوو. حاجی ئیبراهیم بۆ تەبرەئەی خۆی لە لای سێر جۆن مالقۆلم زۆر هەوڵی داوە، بەڵام خیانەت و دەنائەتی، قابیلی شەرح و تەئویل نییە.

کەریم خان، باوکی هێنایە پێشەوە و لوتفێکی زۆریشی دەرحەق خۆی کرد. جەعفەر خان ڕوتبەیەکی زۆر گەورەی دایە، وڵاتی فارسی تەسلیم کرد و بەم تەڕحە لە هیچەوە بوو بە یەکەپیاوی حکوومەتی زەند. بەڵام ئەم بێچووە گورگە نیهایەت دەرحەق وەلی‌نێعمەتی، مایەی ئەسڵییەی خۆی نواند و هەر وەکوو سەعدی مەڕحووم ئەڵێ «عاقبت گرگ‌زادە گرگ شود»، ساحێبەکەی خۆی فەوتاند و موحەڕیڕی تاریخی قاجار، عەبدولڕەزاق ئیبنی نەجەف قولی، بە قەڵەمێکی بێ‌تەڕەف و حەقنویس ئەڵێ: «حاجی ئیبراهیم خان در ازاء حقوق چندین سالە بداعیۀ خودسری و بە هوس برتری، سلسلۀ فساد را بە دست فکرت تحریک ... یکی بچۀ گرگ می‌پرورید چو پروردە شد خواجە بر هم درید.»

ئەگەر لوتفعەلی خان لە سەبووری و دوورئەندێشیی کەریم خانی جەددی، نەسیبێکی تەواوی ببوایە و ئەگەر موحیتی شیرازی بە تەدبیر بکردایە بە هەواخاهی خۆی، ئەیتوانی جەزای خەیانەتی حاجی ئیبراهیم لە پێش وقووعیدا بدا و خۆی ڕزگار کا، بەڵام حەیف ئەو سەرەنجامە تاریکە بۆ ئەم ئەشپارەی جەلادەتە موقەددەر بوو و ئەبوایە وا بوایە.

وەحشییەت و دەنائەتی ئاغا محەمەد خان دەرحەق بە لوتفعەلی خان مەوجبی نەفرەتی تاریخ و لەعنەتی ئەحفادە؛ ئەو ڕەئیسە جەببارە، ئاواتەخواز بوو کە لە سولالەی خۆی قەهرەمانێکی وەکوو لوتفعەلی خان پەیدا بێ، یەعنی وای ئەنواند موقەریبی جورئەت و شەهامەتی بوو، بەڵام لە وەقتێکدا کە دەستی بەسترا و بە برینداری هێنایە لای، وەکوو کونگەپەپوو هەڵمەتی دایە و بە نینۆکە پیسەکانی خۆی ئەو چاوە جوانانەی هەڵکۆڵی و بەمەش ڕازی نەبوو، موعامەلەیەکی وەحشییانەی وای دەرحەق کرد کە هەر وەکوو سێر جۆن مالقۆلم ئەڵێ: تاریخ لە زیکری، حەیا ئەکا.