خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان/جڵدی 02/1

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان  (1931)  by محەممەد ئەمین زەکی بەگ
جڵدی 1

2. فەسڵی دووەم: مەنشەئی کورد[edit]

ئەم بەحسە، بەشی هەرە زەحمەتی ئەم کتێبەیە، چونکە نەتیجەی ئیکتشافاتی ئاساری قەدیمەی دراوسێکانی قەومی کورد و نەفسی کوردستان دەرحەق بە مەنشەئی کورد، مەعلووماتێکی قەتعیی نەداوە. لە بەر ئەمە، بۆ بەیانکردنی فکرێکی قەتعی دەرحەق بەم مەسئەلەیە هێشتا وەقت نەهاتووە.

پرۆفیسۆر فۆن مینۆرسکی لە ئەمسالی زیاتر لەگەڵ مەسائیلی کورد و کوردستاندا مەشغووڵ بووە و لەم خسووسەوە بەڕاستی قودرەت و ئیختساسێکی فەوقەلعادەی هەیە. ئەم جارە دەرحەق بە مەنشەء و تاریخی کورد خولاسەیەکی زۆر بەقیمەتی بۆ ئینسقلۆپەدیای ئیسلام نووسیوە. زاتەن ئەوەی کە بۆ نووسینی ئەم کتێبەش منی تەشویق کرد، ئەو خولاسەیە بوو کە تەقریبەن ئەساسی ئەم کتێبە تەشکیل ئەکا. قیسمی عائید بە ئەسڵی کوردی بەڕاستی مەحسوولی سەعیێکی زۆر بەتوولە و تەقریبەن خولاسەی هەموو ئاسار و ئەفکارێکە کە تا ئێستا دەرحەق بە کورد نووسراوە و گوتراوە.

لە لایەکی تریشەوە ویستم کە لە مەعلووماتی مودیری دائیرەی ئاساری قەدیمەی عێراق، سێر سیدنەی سمیتیش ئیستفادە بکەم، ئەم زاتەش موتەخەسیسی تاریخی شەرقی قەریبە و لە ناو موستەشریقیندا مەوقعێکی خسووسی و بڵندی هەیە. ئەم زاتەش لەم خسووسەوە موساعەدەیەکی باشی کرد و دەرحەق بە کوردستانی قەدیم موتالەعەی خۆی نووسی و بۆی ناردم.

فکری ئەم دوو موتەخەسیسە مەشهوورە، لە ژێرەوە عەینەن ئەنووسم و لە دوای ئەوان لە مادەی سێیەمدا موتالەعە و قەناعەتی خۆشم، کە نەتیجەی تەدقیقی بەعزێ ئاساری مەشهوورەیە، بەیان ئەکەم. ئومێدم وایە کە بەم تەرحە دەرحەق مەنشەئی کورد، فکرێکی عموومی و مناسیب پەیا ئەکرێ.

2.1. موتالەعەی فۆن مینۆرسکی[edit]

ئەم موتەخەسیسە ئەڵێ: زۆر موحتەمەلە کە قەومی کورد لە شەرقەوە، (یەعنی غەربی ئێران)، بۆ غەربی کوردستانی ئێستا هاتبێ و جێگیر بووبێ، بەڵام هاتنی ئەم قەومە مانعی ئەوە نییە کە لە هاتنی ئەوا، قەومێکی تر یا چەند قەومێکی تێکەڵاو بە ناوێکی وەکوو «کاردۆ» کە لە ناوی ئەو بچێ، لە کوردستانی مەرکەزیدا ژیابێ و لە پاشدا لەگەڵ ئەوا تێکەڵاو بووبێ.

موستەشریق توروشانگین لە «مەجمووعەی ئەسۆریۆلۆژی»دا دوو لەوحەی نووسراوی دیوە کە تاریخەکەی دووهەزار ساڵ پێش میلادە و باسی وڵاتێکی «کار-دا-کا» ئەکا و ئەم وڵاتەش دراوسێی ئەهلی «سو» بووە، کە لە ئەرازیی جنووبی گۆمی وان دانیشتوون. شەرەفنامە ئەڵێ لە مەنتیقەی بتلیسدا قەڵایەکی کۆنی «سۆی» هەیە.

لە دوای ئەم تاریخە بە هەزار ساڵ، تیغلات پلیزەر لەگەڵ قەومێک کە ناوی «کورتی» بووە و لە شاخەکانی «ئازو»دا ساکن بووە، شەڕێکی کردووە و شکاوە. موستەشریق درایوەر ئەڵێ ئەم شاخانی «ئازۆ»یە شاخی «هازو» یەعنی «ساسون»ی ئێستایە.

هەرەدۆت لە خاتراتی عەسری پێنجەمی پێش میلادیدا باسی ناوێکی وا ناکا، بەڵام بە گوێرەی قسەی خۆی، سیانزەمین وڵاتی حکوومەتی «ئەخمەنی» کە لە دواییدا ڕەبتی ئەرمینییە کرا، «پوختەویج» بوو کە بە گوێرەی موستەشریق نولدەک و کی‌پەرس و م. هارتمان، ئەم ناوە لەگەڵ ناوی «بوختان = بوهتان»دا یەکە.

ئەکسەنەفۆن لە باسی ڕەجعەتی دە هەزارەدا، کە لە ساڵی ٤٠٠ و ٤٠١ی پێش میلاددا واقیع بووە، قسە لە قەومی «کاردۆک» ئەکا و ئەڵێ: مەملەکەتەکەیان هەتا «بوهتان» ئەچێ. لەو وەقتەوە ئیتر لە قەراغی چەپی شەتی دجلە و لە دەوری شاخی «جۆدی» تەسادوفی ئەم ناوە کراوە و لە تەرەف موحەڕڕیرە مەشهوورەکانەوە ئەو مەنتیقەیە بە «کوردویەن» ناو نراوە. (موحتەمەلە کە گۆڕانی تەلەفوزی ئەم ناوە، لە زەحمەتی ئیقتباسکردنی حەرفی «ک»ی سامییەوە حاسڵ بووبێ. درایوەر) بە زمانی «ئارامی» بەم وڵاتە «حەوزەی کاردۆ»یان پێ ئەگوت. لە ناو ئەرمەنییەکانا «کوردۆز» و لە بەینی عەرەبدا (وەکوو بلاجووری و تەبەری ئەڵێن) بە لەفزی «باکاردا» (کاردای) ناسراوە. یاقووت حەمەوی کە ڕیوایەتەکەی عەتفی ئیبنی ئەسیر ئەکا، ئەڵێ وڵاتی «باکاردا» قیسمێکی وڵاتی جەزیرەی ئیبنی عومەر بووە و دووسەد دێی هەبوو و شارانی ئەلسمانیین، جوودی، فیرۆز، شاپوور لە قەراغی چەپی شەتی دیجلە و بەرامبەری «بازابدا» بوو. (بازابدا لە قەراغی ڕاستی دیجلە بووە). لە پاشدا ئەم ناوی «باکاردا»یە کە بۆ وڵاتەکە بوو، لە کیتاباتی ئیسلامدا ون بووە و لە جێگە ئەو، ناوی «جەزیرەی ئیبنی عومەر»، «بوهتان» و ... الخ پەیدا بووە.

بە گوێرەی ئیدیعای عولەمای عەرەب و ئەرمەنی، ئەرازیی کاردۆ، مەدلوولێکی زۆر موحەددەدەی هەیە، واقیعەن سەرحەد و سنووری «کوردوئەن»مان بە تەواوی لە لا مەعلووم نییە، هەر لە سێ شارەکەی کە «ساریزا» و «ستالکا» و «پیناکا» (فێنک) بووە و لە قەراغ شەتی دیجلە بوو، باس کراوە. بەڵام ڕاپۆری موستەشریق سترابۆ کە لەم خسووسەوە دراوە زۆر بەئەهەمییەتە و بە گوێرەی ئەم ڕاپۆرە، تەعبیری «کوردوایە» مودەتێک ناوی شاخەکانی بەینی «دیاربەکر» و «مووش»ی ئێستا بووە.

خولاسە، «کاردۆخۆی» لە هەر لایەک بووبێ، هیچ شوبهە نییە کە ناوەکەی بە شکڵێکی تر دیسان هەر مەوجوود بووە، لەفزی دوایی (خۆی)، ڕەنگە لە جێگەی kh ئیستعمال کرابێ کە لە زەمانی ئەرمەنیدا ئەداتی جەمعە، ئینجا بە گوێرەی ئەمە، ڕەنگە مودەققینی ڕۆم ئەم ناوەیان لە کتێبێکی ئەرمەنیدا دیبێ؟).

لە لای ئەکسەنوفۆن وایە کە قەومی «کاردۆشوی»، نە تابعی «ئەرتاکسەرس – ئەردەشیرەکان»ە و نە تابعی حکوومەتی ئەرمەنی بوون، لە عەسری ئەوەڵی پێش میلاددا کە وڵاتی «کوردوئەن» لە تەڕەف «دیکران»ی دووەمەوە زەوت کرا، قڕاڵەکەیانی کە ناوی «زاربیونوس» بوو کوشت.

لە ساڵی ١١٥ی پاش میلاددا قڕاڵی «کوردوئەن» ناوی «مانیساروس» بوو. بە گوێرەی قسەی موستەشریق هابشمان، حکوومەتی ئەرمەنی، وڵاتی کوردوئەنی ئیسمەن زەبت کردبوو. لە زەمانی ئەکسەنوفۆندا ئەگەر عەشیرەتێکی ئێرانی لە شیمالی دیجلەدا ساکن بووبێ، هیچ عەجائیب نییە، بەڵام بە بوونی ئیسمێکی واوە بۆ قەومییەتی «کوردوشی» حوکم ناکرێ. ئەم ئیسمە ئەساس و قیاسێکی سامیی هەیە. (بە زمانی ئاسووری، «کاردۆ» یەعنی بەقووەت، وەیا پاڵەوان و «کارادۆ»ش بەقووەتبوونە).

لە لایەکی ترەوە هێندێ موشابەهەتی لەفزییەی لەگەڵ ناوی ئەهلی «خالدی» هەیە و ئەم «خالدی»یانە لە ژێر عینوانی «ئورارتۆ Urartu» یاخود «Urashtu»ی ئاسووریدا باشتر ناسراون و لە دەوری «ئارارات»دا ساکن بوون. ئەم قەومی خالدییە لە ئەواخیری قەڕنی نۆیەمینی پێش میلاددا لە ئەرمینییەدا بینراون و لە پاشا لە دەوری گۆمی واندا حکوومەتێکی بەقووەتیان تەشکیل کردووە و تا مەبادیی قەڕنی شەشەمی پێش میلاد دەوامی کردووە. موستەشریق لەهمان هوست بە گوێرەی کتێبی «گوتینگەن» کە لە ١٩٠٧دا دەرچووە، ئەڵێ: لە ناو ئەم خالدییانەدا بەعزێ موهاجرینی غەریبە بینراوە. مایەر، ئەساسی وەتەنی ئەم قەومەی لە «ئاراکس = ئاراس»ی مەرکەزیدا تەحەریر کردووە.

خولاسە لە عەسری حەوتەمی پێش میلاد و لە دەوری هاتنی ئەرمەنی بۆ کوردستان، ئەم خالدییانە بڵاو بوونەوە و چوونە شاخ و کێوانی ئەتڕاف ، بەڵام ناویان لە مەنتیقەی گۆمی واندا هەر ژیاوە و شاری ئەخلات کە لە قەراغی سەرووی گۆمی وانە، ئەبێ ئەسەری ئەم خالدییانە بێ .

قەومی «کاردۆ» چ سامی بێ و چ ئەهالیی ئەسڵییەی ئەو وڵاتە بێ، ئەمە موحەققەقە کە وڵاتی «کاردوشو»ی قەدیم، ئیمڕۆ مەرکەزی ئەسڵیی کوردە. کە وا بوو، ئەبێ تەسلیم بکرێ کە «کوردوشوی» لەگەڵ لەفزی «کورد»دا ئیسمێکی موشتەرەکە و ئەم فکرەش لە ئیبتیدای عەسری بیستەمەوە کەسبی بەداهەتی کردووە.

ئەگەر تۆزێکی تریش لێکی بدەینەوە، ئەبینین کە قەومی کورد بە تەواوی لەگەڵ «خالدی»دا یەکن. موستەشریق ڕێسک لە شەرحەکەی کە دەرحەق «قۆنستانتین پورو فیروز نەتوس» نووسیویەتی، ئەڵێ: «خالدی و کوردی لەگەڵ «کوردیای»، ئەسمائی موشتەرەکەن» و فکری یەکتری واش لە موقەددەمەی کتێبەکەی لەرج Lerch . ئەم کتێبە لە ١٨٥٦دا تەبع کراوە و عینوانی ئەمەیە:

Re churches sur les Kurds et sur leurs ancetres, les Chaleens Septentrionax. دا بەیان کراوە.

تەدقیقات و تەحەرریاتی م. هارتمەن، نولدەک و ویسباخ ئەم مەسئەلەیەی خستۆتە مەجرایەکی تازەوە. ئەم زاتانە ئەڵێن بۆ زانینی فەرقی بەینی شوعبەی «کورد» و «کاردۆ» تەدقیقاتی لیسانییە لازمە و بە واسیتەی ئاساری مەشهوورەی مودەققیقینی «میدیا» و «ئێران»ەوە لازمە لە ناو «کورتیوی» و «سیرتی»دا کورد تەشخیس بکرێ. زاتەن لە زەمانی ساسانییەکاندا بوونی عەشایری زۆری کورد لە فارسدا تەئییدی ئەم فکرە ئەکا. (کارنامۀ اردشیر بابکان) .

ئەگەر فەرقێک لە بەینی ئیسمی «کورد» و «کاردۆ»دا هەبێ، ئەم فەرقە ئەوەندە تەئسیری بۆ حەللی ئەم مەسئەلە گەورەیە نابێ. فیلحەقیقە چۆن و کەی «سیرتی = کوردی ئێران» هاتە غەربی زاغرۆس و لە جێگەی «کاردۆ»ی قەدیما و لە شیمالی سووریە و شاخەکانی ئەنتی‌گۆرۆسدا جێگیر بوو؟ ئەم مەسئەلەیە هێشتا زۆر موحتاجی تەدقیقە. ئەوەڵەن فتووحاتی میدیا و ئێران مومکین بوو ببێتە سەبەبی نەقڵی مەکانێکی زۆر بۆ ئەهالیی ئێران، میسالی ئەمەش موهاجەرەتی قیسمی لە «ئاساغاریتا»یە کە ئەسڵی مەسکەنیان «سیستان» بووە، وەلحاڵ لە زەمانی ئاسوورییەکانا ئەم عەشیرەتی «ئاساغاریتا»یە لە سەحرای ئاسووریەدا و لە دەوری «ئەربیلا = ئەربیل» بووە و ڕەئیسەکەیان «چتران تاخما» بوو کە لە تەڕەف «دارا»وە کوژراوە و ڕەسمەکەی لە سەر تاشەبەردێکی گەورە و بڵند لە کێوی بێستووندا لەگەڵ ڕەسمی «دارا» و هەشت ڕەئیسی تر ڕەسم کراوە، سیمایەکی کوردی خالیسە. (The Sceulputre of Bihiston, ١٩٠٧, London)

لە ساڵی ٢٢٠ تا ١١٧ی پێش میلاد، لە شەڕی بەینی ڕۆما و سلۆقییەکان و قڕاڵی «پیرغامون»دا عەسکەری بەکرێگیراوی «سیرتی» مەوجوود بووە (لیوای، پول بیوز، ویسباخ). لە جوغرافیای ئەرمەنیی عەسری حەوتەمدا سەفحەیەکی غەریب دەرحەق بە وڵاتی «کورچەخ» بینراوە . لە زەمانی «فوستیوس بینانتیوس»دا یەعنی لە عەسری چوارەما «کورچەخ» قەزایەک بووە نزیک سەڵماس و لە دواییدا بووە بە وڵاتێک کە لە جۆڵەمێرگەوە تا جەزیرەی ئیبنی عومەر وسعەتی بووە و ئەم قەزایانەی تیا بووە: کوردوخ، سی کوردریخ، کوردیخ، ئایتونخ، ئایگارخ، موپولوخ (ئوپولانخ)، ئەورسیروخ (ئورسیانخ)، کاراپونیخ (سارایونیخ)، چاهوک و ئەلباکی بچووک. (هارتمەن، هوپشمەن).

ئەو تەحەولات و ئینقلاباتەی کە بە تەدریجی لێرەدا واقیع بووە، دیمان لە ئەو سێ قەزایە (کوردۆخ، کوردیخ، تەموریخ) کە موستەشریق فۆستوس لە جێگەی «کوردویەن»ی قەدیم نیشانی داوە، «کوردوخ»یان بوو بە یەکە قەزای «کورچەخ» و «تەموریخ» لە ناو چوو و لەگەڵ «کوردریخ» یەکی گرت و بەم تەرحە قەزاکەی لای ژووروو و قەزاکەی ناڕەواست و خوارەوە یەکی گرت.

موستەشریق هەبشمەن بۆ دۆزینەوەی فەرقی بەینی «کوردریخ = کوردیج» و «کورتیوی» حەسری مەساعیی کردووە و لەگەڵ ئەمەشدا ئەساسەن ئەو فەرقی لیسانە کە لە تەڕەف هارتمان و نۆلدەکەوە تەسبیت کراوە، دیسان مانعی بوونی شکڵێکی مەخلووت نابێ، بیلزات نۆلدەک خۆی غرووپێکی سێیەمینی دۆزیوەتەوە و ئەڵێ: ئارامی «کارتەوای» و عەرەبی «کارتاویە» بە تەواوی قەومی کورد ئیفادە ئەکا (هوفمان).

لەمە وا دەرئەکەوێ کە لە دەوری فتووحاتی عەرەبدا ئیسمێکی موفرەدی «کورد» کە جەمعەکەی «ئەکراد»ە، بووە بە عەلەم بۆ قەومێکی مەخلووتی ئێرانی، وەیا دراوسێی ئێران. لە ناو ئەم قەومەدا بەعزێ ئەهالیی ئەسڵییەش بووە (وەکوو کاردۆ، تەموریخ = تامورایە کە لە مەنتیقەیەکدا ساکن بوون کە مەرکەزەکەی «ئالکی» یاخود «ئەلک» بووە، خویەیسای = الخویثیە) لە قەزای «خویت»ی «ساسون»دا بوو، ئۆرتاییە (= الارطان)، لە قەراغ فورات بوو، بەعزێ لەم قەومە سامی بوون. (ئەسەری، ئەنسابی عموومی عەشایری کورد)؛ بەعزێکیشیان ڕەنگە ئەرمەن بووبن، ئەڵێن ئەسڵی عەشیرەتی «مامەکان»ی کورد «مامیکونیان»ی ئەرمەن بووە.

لەم عەسری بیستەمینەدا مەوجوودییەتی عونسورێکی ئێرانیی غەیری کوردی (وەکوو گۆران و زازا) لە ناو کوردا بە تەواوی تەسبیت کراوە، لە بەعزێ جێگایانی تریشدا وەکوو سلێمانی، سابڵاخ، قوتور، ... الخ، بەعزێ سولالە و عەشیرەت کە لە خاریجەوە هاتوون و حوکمیان کردووە، مەوجوودە. (وەکوو لە قوتوردا لە ناو شکاکدا بەقایای کورەسینلی(؟) بنیراوە).

خولاسە، تەدقیقات و کەشفیاتێکی ئوسوولی زۆر موحتەمەلە کە شوێنی ئەو قەومە قەدیمە، کە ئیمڕۆ لە پەنای قەومی کوردی ئێستادا ون بووە، بە زاهیری یەکن، بدۆزنەوە.

کورد نەتەوەی کێیە (ئەنسابی)، و لە کوێوە هاتووە؟

ئاساری ئیسلام و ڕیوایات و حیکایاتی کورد، بۆ حەلکردنی مەسئەلەی ئەسڵ و فەسڵی ئەم قەومە ئەوەندە بەکەڵک نایە. مەسعوودی لە «مروج الذهب»دا ئەڵێ: کورد، نەتەوەی ئەو ئێرانییانەیە کە لە دەست «زەحاک»ی خوونخوار ڕایان کردووە. ئەم ڕیوایەتە لە شانامەدا لە تەڕەف فیردەوسییەوە بە شێعر باشتر تەسویر کراوە.

لە ساڵی ١٨١٢دا موریە لە «Second jurney» (لاپەڕە ٣٥٧)دا باسی زەماوەندی (دەماوەند) ئەکا کە هەموو ساڵێک لە ٣١ی ئۆغستۆسدا بە مناسەبەتی نەجاتبوونی ئێران لە «زەحاک = بیوراسب»ی زاڵم ئیجرا ئەکرێ و ئەم زەماوەندە «جەژنی کوردی»ی پێ ئەڵێن. موحەرریری تاریخی ئێران «سێر جان مالقۆڵم» ئەڵێ ئەم ڕیوایەتی «جەژن = چشن کورد»یە عەلەلعادە نموونەیەکی ئیستیبدادە و کورد لە ئێرانەوە فێر بووە.

موئەرریخی مەشهووری ئەڵمان، فون هاممەر، ئەڵێ: ئەم مەسئەلەی جەژنی کوردییە فەقەرەیێکی تاریخییە بۆ قەومی کورد و ئەم فەقەرەیە ئەبێ وا لێک بدرێتەوە: شەیتان‌پەرستی و ڕۆژپەرستی لە ئەدیانی قەدیمەی ئێران بووە. ڕۆژپەرستی لە ئێراندا و ئەهریمەن‌پەرستی لە کوردستاندا بڵاو بۆتەوە. فیلحەقیقە ئەم یەزیدییانەی کوردستان لە ئێرانەوە هاتوون و لەم موتالەعەیە ئەمە تێئەگەین کە لە ئێرانا قسمێکی خەڵک عیبادەتی ئەهریمەنی و قسمەکەی تریش عیبادەتی هورمزی ئیختیار کردووە و قسمی ئەوەڵ لە دواییدا مەجبووری هیجرەت بوون و هاتوونە کوردستان. (کوردلر، لاپەڕە ١١)

ئەم نەزەرییەی فۆن هاممەرە بە گوێرەی بەعزێ ئاساری ترەوە وەکوو «تاریخ عمومی مرادیک، جڵدی ١ لاپەڕە ٢١٦» ئەوەندە ڕاست و مەعقوول نییە. واقیعەن لە دەوری ئاسوور و کلدانا ئێران مووەححید یەعنی «یەزدان‌پەرست» بووە و عیلاوەی ئەم، هورمز و ئەهریمەنیش وەکوو معاون مەعبوودی خێر و شەڕ بوون. لە دواییدا لە سەر تەڵقیناتی زەندئاوێستا بەرەبەرە ئاتەشپەرستی پەیدا بووە و تا دەوری ئیسلامییەت دەوامی کرد. دیانەتی ڕۆژپەرستی ئەساسەن لە وڵاتی ئاسوور و کلدانا بووە و بۆ ئەمە مەعبوودێکی زۆریان هەبوو. «بعل» و «بل» هەرە گەورەیان بوو کە بە مەعنا «ڕۆژ»ە. جا مومکینە کە «چشن کوردی» وەکوو دوقتۆر فریج (کوردلر) ئەڵێ شایی نەجاتبوون لە زوڵمی زوحاک بێ.

لە لایەکی ترەوە ئەسڵی کورد ئەبرێتەوە سەر عەرەب؛ مەسەلەن «مروج الذهب» ئەڵێ: باپیرەگەورەی کورد، ڕەبیعە بن نەزر بن میعادە. لە لای بەعزێ موئەریخینی تر، مەزر بن نەزرە. ئەم دوو زاتە هەردووکیان ئەمیری وڵاتی ڕەبیعە (دیاربەکر) و دیارمەزرە (ڕەققە) بوون و ئەم عولەمای عەرەبە ئیدیعا ئەکەن کە قەومی کورد لە نەتیجەی حادیسەیەکدا لەگەڵ غەسسانییەکان لە کۆمەڵی عەرەب جوێ بوونەوە و چوونە شاخوداخ و لەگەڵ بەعزێ ئەقوامی بێگانە تێکەڵ بوون و زمانی عەرەبییان لە بیر چۆتەوە. هەرە غەریبی ئەمەیە کە لە سرەی ئەجدادی کوردا، کورد بن مارد (ماردوی، دراوسێکانی کوردە) بن سەعسەسە بن حەرەب بن هۆزانە و بە گوێرەی مەسعوودی، کورد بن ئەسفەندیار بن مەنووچەهرە (ئیبن حەوقەل، ئەڵێ کورد بن مارد بن عومەر) . ئەم هەموو ئەنسابە مومکینە حەقایقی تاریخییەی تیابێ، (وەکوو لە ئیختیلاتی عەشائیری زاغرۆس و فارس، قەومێکی سامی بووبێ بە ئێرانی).

ئەلحاسڵ لە تەحەرری و ئیجادی ئەم ئەنسابەدا قسوور نەکراوە و وەکوو لە «مروج الذهب»دا ئەیبینین حەتا سەعی بۆ ڕەبتکردنی ئیسمی کورد لەگەڵ لەفزی «کرادە»دا کراوە کە کەلیمەیەکی عەرەبییە و حەتا بە گوێرەی بەعزێ ئیدیعا، ئەبێ قەومی کورد نەتەوەی ئەسرای جاهیل و جاسادی دێو بێ، کە ئەم دێوە لە تەڕەف حەزرەتی سلێمان (علیە السلام)ەوە دەرکراوە. بەعزەن ئیسمی کوردیان لەگەڵ سیفەتی فارسیی «گورد = پاڵەوان» تەوحید کردووە و ئەم فکرەش لە بوونی «گ»ی پەهلەوییەوە حاسڵ بووە.

لە زەمانی دواییدا گەلێ جار عەشیرەت بە ناوی گەورەکەیانەوە ناو نراوە و بە گوێرەی شەرەفنامە، ئەبێ قەومی کورد کە عیبارەت بووە لە عەشیرەتی «باجناوی و بوختی»، لە «باجان» و «بوخت» پەیدا بووبن. ئیسمی «باجناوی» ڕەنگە لە «باسن ـ ئاو»ەوە هاتبێ کە یەکێ لە عەشایری دیجلەی قەدیم بووە. بە گوێرەی ئەفسانەیەکی تر، قەومی کورد لە پێشدا دوو قۆڵ بوون: میلان و زیلان. میلان لە عەرەبستانەوە و زیلان لە شەرقەوە هاتووە و ئەم قۆڵی دووەمە ئەوەندە ماقووڵ نەبووە، میلان موعتەبەر بووە.

2.2. موتالەعەی سێر سیدنەی سمیت[edit]

ئەو مەعلووماتەی کە تا ئێستا دەرحەق بە کوردستان دەست کەوتووە، زۆر تێکەڵ و کەمە و بۆ پەیداکردنی فکرێکی قەتعی و بە تەفسیلی کافی نییە. لە دەوری قەدیمدا کە مەعلووماتێکی کەم و زۆرمان دەرحەق نییە، مەنتیقەیەک بوو کە حدوودی شیمالی، ساحلی گۆمی وان بوو، لە غەربەوە تا وادیی خاپوور، لە شەرقەوە تا کەرکووک و لە جنووبەوە تا حدوودی بابلستان ئەچوو.

ئەم مەنتیقەیە لە تەڕەف قەومێک کە بە «شوباری» مەعرووفە، ئیشغاڵ کرابوو. ئەم مەنتیقەیە وەیا بەشێکی، جارجارێ کەوتبووە ژێر حوکمی سۆمەری کە حوکمداری شارە گەورەکانی جنووب بوون.

ئەو زمانەی کە خەڵکی ئەو مەنتیقەیە قسەیان پێ ئەکرد، لەگەڵ لۆغەتی سامی، وەیا لۆغەتی هیندو-ئەورووپایی وەیا زمانی سۆمەرییەکانا هیچ مناسەبەت و ڕابیتەیەکی نەبوو. بەعزێ عولەمای عەسریی ئەڵمان وایان زەن بردووە کە زمانی «شۆباری» لە سونفی ئەلسینەی قۆقاسییە. لە پێش ساڵی ٢٥٠٠ی پێش میلاددا، میللەتێک کە زمانەکەی سامی بوو (ئاسووری)، بەڵام ڕەنگە کە خۆی سامییەکی خالس نەبێ، هات و لە بەشی خوارووی وڵاتی شۆباریدا یەعنی لە مەنتیقەی دەوری ئاشوور یاخود قەلعەی ئەلشەرقائیی ئێستادا جێگیر بوو. لە دەوری ٢٥٢٥ی پێش میلاددا هەموو وڵاتی کوردستان بەشێک بوو لە مەملەکەتی «سارغۆن»ی قڕاڵی «ئاقاد» و «نارام-سین»ی خەلەفی لە دەوری سێیەم حکوومەتی «ئۆر»دا ، یەعنی تەقریبەن لە ٢٣٠٠ – ٢١٥٠ی پێش میلاددا چەند قۆڵێکی نێراوەتە سەر بەعزێ ئەقسامی پچووکی کوردستان کە لە شەرقی دیجلە بووە، وەکوو «سیمۆرو» کە ڕەنگە مەنتیقەی دەوری ئاڵتوون‌کۆپری بێ، «لۆلۆبوو» ، «حەلوان»، «سارسرۆ» و «ئۆربیللوم» یەعنی ئەربیل. زاهیر وایە کە هەرچەندە ئەهلی ئەم مەنتیقەیە میللەتێکی واحیدە بوون، بەڵام یەکێتییان (وەحدەت) لە بەینا نەبووە.

لە عەسری نۆزدە و هەژدەی پێش میلاددا لە بەینی ئەقوامی ئاسیای سوغرادا بەعزێ حەرەکات و نەهەزات ڕووی داوە و تەئسیری کردۆتە هەموو شەرق. عموومی ئەو حەرەکاتە، وا دەرئەکەوێ کە ئەقسامی موختەلیفەی ئەقوامی هیندو-ئەورووپایی گەلی عیلاقەدار کردووە. قەومی «هیتیت» کە زمانیان موحەققەق لە شوعبەی «سەنتیوم» وەیا «لاتین»ە ، سووریەیان زەوت و بابلیان تاڵان کرد. قەومێکی ئیبتدائی کە ناوی «ئوممان ـ ماندا» بوو و لە دواییدا لەگەڵ زومرەی میدیا «مەد» ، «سیپ» یەکدگیر بوو و لە قەراغی شەرقی بەحری ڕەش (بەحری سیاە) جێگیر بوو. لە عیرقی «هیندو-ئێرانی»، فرقەیەکی پچووک ڕێگەی بۆ خۆی کردەوە و تا غەربی کوردستان هات، جێگیر بوو و یەکێ لە خانەدانەکانیان بە ناوی «میتانی» حکوومەتێکی تەشکیل کرد و مەرکەزەکەی لە سەر ئاوی «خاپوور» بوو. لە ئیعتیباری ئەم دەورەوە قیسمی غەربی شۆباری لە ژێر ئیسمی «خۆری»دا لە قیسمی شەرقی جوێ بووەوە و زمانەکەشی هەر بەو ناوەوە ناو نرا. لەم بەینەدا لە مونتەهای شەرقی کوردستانیشدا بەعزێ ئینقلابات لە تەرەف قەومی «کاسی»یەوە بەرپا کرا و بەعزێ لە ئەرکانی ئەم قەومە لە پاش یەغما و تەخریبی هیتییەکان توانییان لە «بابل»دا حکوومەتێک دابمەزرێنن، ڕەنگە بەعزێ کەلیمەی زمانی ئەم قەومی «کاسی»یە لەگەڵ لیسانی ئێرانیدا ڕابیتە و موناسەبەتێکی ببێ.

لە عەسری شانزەیەمینی پێش میلاددا حوکمدارانی «میتانی» موددەتێکی کەم عادەتەن بە سەر هەموو کوردستاندا و تەقریبەن هەتا «ئەرپەخا = کەرکووک» ئیجرای حکوومەتیان کرد و حاکمییەتیان لە ئاسووریە و «سەحرای ئەربیل»یشدا جاری بوو. بەڵام شەڕ و هەرای بەردەوامی حکوومەتی، بە نەتیجە ئەم حکوومەتی میتانییەی دو کەرت کرد: ئەسڵی میتانی یاخود قیسمی دەشت و وڵاتی «خوری» یاخود مەنتیقەی داوێنی شاخەکان و تۆرعابدین.

هەر لەم سرەیەدا خانەدانی حوکمدارییەکی تر، یەعنی سولالەی «خانی گاڵبات» زهووری کرد و حکوومەتێکی سەربەخۆی دامەزراند و مودەتێک بە سەر ئاسوورییەدا حوکمڕان بوو، پایتەختی ئەم حکوومەتە «نسیبیس» بوو کە لە دواییدا بوو بە «نسەیبین».

حکوومەتی میتانی لە ئەوائیلی عەسری چواردەمینی پێش میلاددا لەگەڵ «هیتیت»ەکانا لە سەر «سووریە» کەوتە شەڕەوە و لەم فورسەتەدا نفووزی ئاسووری بەرەبەرە زیاد بوو و لە نەتیجەدا ڕەقیبەکەی مەغلووب کرد و عادەتەن بەشێکی کوردستان یەعنی مەنتیقەی جنووبی شەرقی کە لە تەڕەف ملووکی «کاسی»ی «بابل»ەوە ئیدیعا ئەکرا، هێنایە ژێر حوکمی خۆی. بەڵام لە ئەواخیری عەسری چواردەمینا قەومێکی تازە پەیدا بوو و ویستی لە قەراغی غەربیی شەتی دیجلە و نزیکی شاخی جوودی جێگیر بێ، بەم مەقسەدە قەومی ئارامی و بەعزێ عونسوری تری سەحرای شیمالی سووریە لەگەڵ ئاسوورییەکانا کەوتنە شەڕەوە و لە نەتیجەدا ئەم تەشەبوسی جێگیربوونە سەری نەگرت و سەبەبیشی قیسمەن ئەمە بوو کە ئۆردووی ئاسووری لە عەسری سیانزەمینا بەقووەت بوو و سەبەبەکەی تری لەو وەقتەدا جێگیربوونی قەومێکی تازە لە بەینی گۆمی وان و گۆمی ئورمێ بوو و لە ئیعتیباری ئەم وەقتەوە ئەو مەنتیقەیە ناو نرا «ئۆرارتو» وەیا «ئارارات»، کە لە کیتابی موقەدەسدا و ئەوەڵ دەفعە لە تەڕەفی «شەلمانەسەر»ی ئەوەڵەوە، لە ١٢٦٠ی پێش میلاددا بەحس کراوە، ئیسمی ئەهالییەکە بە تەواوی مەعلووم نییە، بەڵام زەننی عموومی وایە کە چونکە مەعبوودەکەیان ناوی «خالدیان» بووە، ئەهالییەکەیشی ئەوانەن کە ڕۆمەکان «خالدیوی»یان ناو ناون و ئەمانە لازمە زۆر بە دیققەت لە Chaldasans، یەعنی کلدانی تەفریق بکرێ و ئەو زمانە کە ئەم خالدیانە قسەیان پێ ئەکرد، لای موتەخەسیسەکان وایە کە شوعبەی قۆقاسی بوو. بە گوێرەی وەسائیقی ئەو ئاسارە قەدیمانە کە لە نەفسی وان و لە شاری قەدیمیی تۆپراق قەلعە کە نزیک وانە ، دۆزراونەتەوە، موحتەمەلە کە ئەم قەومە لەگەڵ مەدەنییەتی سەواحلی بەحری سپی (بەحری سفید)دا ئیرتبات و عەلاقەیەکی ببێ. تەئسیری ئەمە لە شیمالی کوردستاندا ئەوە بوو کە ئەهالیی ئەسڵییەی ئەوێ کە لە جنووبی گۆمی وانەوە بۆ جیهەتی جنووب و غەرب تەهجیر کران و ئەم حاڵە بوو بە سەبەبی تەشکیلی بەعزێ ئیمارات کە لە تەڕەف ئاسوورییەکانەوە بە ناوی وڵاتانی «نایری» ناسراوە و ئەم ئیمارەتانە بە سووڕەتی عموومی ڕیاسەت و حاکمیەتی ئۆرارتوویان قەبووڵ کردبوو.

مەعەمافیهی، لە عەسری یانزەمینی پێش میلاددا و لە ئینقڕازی ئیمبراتۆریی هیتیتدا هەموو ئەم وڵاتی شیمالی کوردستانە لە تەڕەف قەومی «موشکی»یەوە زەوت کرا و نزیکەی پەنجا ساڵێک بە دەستیانەوە بوو، ئەم میللەتە تازەیە، ئەرازیی جنووبیەی «قەپادوقیا» و «کلکیا»شی داگیر کرد و تێیدا ساکن بوو و ڕۆمەکان بەم میللەتەیان دەگوت «موشوی» . لە پاشدا ئەم موشکییانە ویستیان سنووری حاکمیەتی خۆیان تا شەرقی گۆمی وان بەرن، بەڵام لە تەڕەف حوکمداری ئاسوور، تیغلات پلایزەرەوە لە پێش ساڵی ١١٠٠ی قەبلەلمیلاددا مەغلووب کران.

لە عەسری دەیەمین و لە ئەوائیلی قەڕنی نۆیەمینی پێش میلاددا، قەومی «ئارامی» تەعەڕوزی کردە سەر وادیی خاپوور، و نیهایەت «خوری»ی قەدیم یەعنی «شوباری»ی غەربییان بە تەواوی داگیر کرد. بەڵام «شوباری»ی شەرقی، لە تەڕەف حکوومەتی ئاسوورییەوە لەم موددەتەدا یەعنی لە عەسری چواردەمینەوە تا عەسری نۆیەمین حیمایە کرا، لەگەڵ ئەمەشدا حکوومەتی ئاسووری بە سەر ئەم مەناتیقی غەیرە تابیعەی شەرقی کوردستاندا کە ئەهالییەکەی دائیمەن موقابەلەیان ئەکرد، هەر موراقەبەیەکی بوو. بە گوێرەی وەسائیق و قیووداتی ئاسووریی عەسری سیانزەمین وا دەرئەکەوێ کە لەم مەنتیقەیەدا بە غەیری دەرکەوتنی قەومێکی تازەی «پاپهی» تەبەدولاتێکی تر نەبووە. ئەم ئیسمە تا ئەم زەمانی دواییە «کورتی» ئەخوێنرایەوە و بەعزێک دەیانبردەوە سەر ئیسمی «کورد»، بەڵام ئەو سجیللاتی قەدیمە کە لە «قوغازکۆی» کەشف کرا، بەحسی قەومێکی تر ئەکا کە ناوی «پاپانخی» بووە و موحتەمەلە ئەم لەگەڵ «پایخی»دا ئیسمێکی موشتەرەک بێ و لە پێشدا بە غەڵەت خوێنرابێتەوە.

قەومی هیتیت، لەم دەورەدا، یەعنی لە عەسری سیانزەمینی پێش میلاددا، لە عەلەیهی ئاسووری دەستیان کرد بە پروپاغەندا و ئەنتریقە، بەڵام ئەوەندە موەفەق نەبوون. ئەمەش لازمە لە بەرچاو بێ کە ئەهالیی کوردستانی شەرقی لە ژێر حوکم و نفووزی مەدەنیەتی شوباری، کلدانی و ئاسووریدا بوون و ئەمەش لەو وەسائیقی حقووقییە و تیجارییە کە لە کەرکووکدا دۆزراوەتەوە و دەرکەوتووە و تاریخی ئەم وەسائیقە عائید بە عەسری پانزەمین و شانزەمینی پێش میلادە. واقیعەن لە بەینی ئەهالیدا بەعزێ نیفاق و ئیختلاف هەبوو، بەڵام دین و قانوون و عاداتی ئیجتیماعیە، ئەهلی ئێرەی لە ژێر ئەسمای وەتەنیدا و لە ناو مەدەنییەتی حەوزەی نەهری دیجلەدا تەوحید کردبوو.

سجیللاتی عەسری نۆهەم و هەشتەم و حەوتەمی ئاسووری وا نیشان ئەدا کە جوغرافیای سیاسیی کوردستانی شەرقی، بە سەبەبی موهاجەرەتی قەومێکی «هیندو-ئەورووپایی» لە شەرقی بەحری ڕەشەوە بۆ مەناتیقی جنووبییە، تووشی تەغییرات بوو، ناوی «میدیا» ئەووەڵ دەفعە لە تەڕەف شەلماناسەری پێنجەمەوە (٨٢٣- ٨١٠ پ.م) زیکر کراوە و لە پاش ئەمە بۆتە سەبەبی تەهدیدێکی دائیمی بۆ حکوومەتی ئاسووری. ئەم قەومە ئەوەڵەن شەرقی مەنتیقەی «میدیا»یان ئیشغاڵ کرد، بەڵام لە ئیعتیباری عەسری حەوتەمەوە پرەنسەکەیان هەموو ئەو وڵاتەی کە لە پاشدا میدیا ناو نرا، خستە ژێر نفووز (قۆنتڕۆڵ)ی خۆی.

لەم سرەیەدا «مانەی» ناو قەومێک، کە زمانیان مەجهوولە، ئەرازییەکی پچووکیان لە جنووبی شەرقی گۆمی ورمێ ئیشغاڵ کرد. ئەرازیی «پارسواس» کە لە جنووبی غەربی گۆمی ورمێیە، ڕەنگە لە تەڕەفی قەومی «پارسیوی» ، «پەرسانی» یەوە ئیشغاڵ کرابێ، کە ئەم قەومە لە زەمانی «پارت»ەکانا لە تەڕەفی شەرقی «ئکسارت» ساکن بوون. ئەم عەناسرە سیاسییە تازە، موقەددەمەی هیجرەتی ئەقوامی گەورەتر بوون، فیلحەقیقە لە ئیبتیدای عەسری حەوتەمی پێش میلاددا قەومی «سیس» دەسی کرد بە تاڵانکردنی مەملەکەتی ئاسووری و ئاسوورییەکانی «ئیسرهاددەن» موعاهەدەیەکی دۆستی لەگەڵ کردن و بەم نەوعە حوسنی موعامەلەیان تا نیهایەتی عەسری حەوتەم دەوامی کرد. بەڵام لە دەوری ساڵی ٦٢٥ی پێش میلاددا «نابوپولاسەر» کە خۆی بە موڵکی سەربەخۆی بابلستان ئیعلان کردبوو، لەگەڵ میدیا و سیسیدا بەرامبەر بە حکوومەتی ئاسوور ئیتتیفاقی کرد و لە دەوری ساڵی ٦١٦ی پێش میلاددا موحارەبە دەستی پێکرد و لە ٦١٢دا بە وێرانکردنی شاری «نەینەوا» و مەحوکردنەوەی حکوومەتی ئاسووری نیهایەتی هات.

لە وەقتی مەحوبوونەوەی ئاسوورییە و لە پاشتردا بەعزێ دەفعە باسی کورد کراوە و بیلخاسسە لە تەڕەف ئاکسەنوفۆنەوە لە حیکایەتی ڕەجعەتی دەهەزارەدا کە لە ساڵی ٤٠١ی پێش میلاددا واقیع بووە، باس کراوە. لەم بەینەدا فاسیلەیەکی دووسەد ساڵی هەیە و ئەمەش موددەتێکی کەم نییە و یەکانە دەلائیلی تاریخییە کە بۆ تاریخی کوردستان تەئسیری بێ، بیلخاسسە ئەلواحی نووسراوی تاریخی ملووک «ئاکمەنی» ئێرانییە کە بە سەڕاحەت بەحسی مەسئەلەی ئەسڵی کورد ناکا.

ئینسان کە باسی ئەسڵی کورد ئەکا، نابێ ئەوەی لە فیکر بچێتەوە کە بۆ ئەو عناسری موختەلیفەیە کە لە شاخوداخی کوردستاندا لەگەڵ ئەهالیی ئەسڵییە ساکین بوون، چ کورد چ ئەرمەنی، چ ئاسووری و چ تورکمانی بێ، ئەسڵی مەسئەلەکە نوقتەی عیرق نییە، بەڵکوو جیهەتی زمانەکەیە. «کاردۆخۆی» ئاکسەنوفۆن کورد بوون و مەییالی ئیستقلالی میللی بوون، چونکە لیسانێکی جوێ و سەربەخۆیان بوو.

لەم عەسرەدا نەزەرییەی زمانی کوردی زۆر گۆڕاوە، بە گوێرەی ئەفکاری ئەو موتەخەسیسانە کە مومکینە ئینسان بڕوایان پێ بکا، زمانی «کوردی» لەهجەیەکی موشتەق وەیا موشەووەشی «فارسی» نییە، بەڵکوو لیسانێکە تەتەوڕاتێکی حەقیقی و قەدیمی هەیە و لە زمانی فارسیی قەدیمیی لەوحەکەی «دارا» قەدیمترە. ئەگەر ئەمە ڕاست بێ، بە تەبیعەت عولەمای تاریخ حەقیانە بڵێن کە زمانی کوردی، لە عەسری شەشەمینی پێش میلاددا هەبووە و زمانێکی سەربەخۆ بووە. قەومی «میدیا» و «پارسی» بۆ ئێران، ئەویش هاتۆتە کوردستان. جا لەمە وا دەرئەکەوێ کە تاریخی تەقریبی هاتنی کورد بۆ کوردستان، ئەبێ لە دوای ٦٥٠ی پ.م بێ، چونکە سجیللاتی ئاسووریی پێش ئەم تاریخە هیچ باسی نەکردوون.

ڕەنگە هاتنی قەومی ئەرمەنیی «هیندو-ئەورووپایی»ش بۆ ئەرمینییە نەتیجەیەکی حەرەکەتێکی وەکوو ئەو موهاجەرەتە بێ و لە عەینی وەقتدا واقیع بووبێ. لەگەڵ ئەمەشدا ئەبێ بزانرێ کە ئەم نەزەرییەیە بە گوێرەی زمان (لیسان)ەوەیە و ئەوانەی کە ئەڵێن زمانی کوردی، فارسییەکی تێکەڵوپێکەڵە، ئەبێ بە تەواوی بزانن کە مەجرای تەدقیقاتی تاریخییە عەکسی ئیعتیقادیانە.

نەزەرییەی ڕەبتکردنی ئەهالیی ئەسڵییەی ئۆرارتۆ لەگەڵ کوردا هەرچەندە قابیلی ئیسبات نییە، بەڵام لە ئەدواری قەدیمەدا تەمسیل و مەسکرانی ئەقوامی موختەلیفە لە تەڕەف قەومی کوردەوە نەزەرییەیەکی بەقووەتە.

2.3. ڕای نووسەری ئەم کتێبە[edit]

لە مادەی ئەووەڵ و دووەمدا فکر و موتالەعەی دوو موتەخەسیسی مەشهوورمان دەرحەق بە کورد و کوردستان عەینەن نووسی، لە دوای ئەمانە وام بە مناسەبەت زانی کە نەتیجەی تەدقیقاتی خۆشم لەم مادەی سێیەمەدا عەرز بکەم. کەسێک بیەوێ تاریخی قەومی خۆی وەیا قەومێکی تر بنووسێ، ئەووەڵەن لە شوێنی ئەسڵ و مەنشەئی ئەو قەومە ئەگەڕێ و لەم خسووسەوە تووشی زەحمەتێکی کەم وەیا زۆر ئەبێ، چونکە بۆ ئەو ئەسڵ و فەسڵە مەعلووماتێکی ڕێکوپێک و بەردەوامی چنگ ناکەوێ. واقیعەن نەتیجەی سەعی و هیممەتی عولەمای ئاسار و تاریخ هێشتا ئەم جیهەتانەی بە تەواوی ڕووناک نەکردۆتەوە، جا لە بەر ئەمە تاریخنویس، بە زەروورەتێکی تابعی فکر و لیسان و وەتەنەوەیە و زۆر جار ئەم سێ دەلیلە لە مونشەئێکدا کۆ نابێتەوە و هەرە بەقووەتی ئەم دەلیلانەش، زمانە.

مەسەلەن ئەبینین قەومێکی سامیەلئەسڵ لە جەزیرەی ئەلعەرەبییەوە ڕووی کردۆتە بابلستان (٢٢٢٥ پ.م)، وڵاتی ئاکادی زەوت کردووە و «ئەووەڵ حکوومەت»ی تیا دامەزراندووە. قەومی عەرەب، بە مەحزی هاتنی ئەو قەومە کۆنە لە جەزیرەوە و لە عیرقی سامی‌بوونی، ئەسڵی خۆیان ئەبەنەوە سەر ئەو و هیچ بەدوور نییە کە شوعبەی «ئاکاد»یش کە چەند عەسرێک لە پێش ئەو قەومەدا بابلستانی داگیر کرد و حکوومەتی ئاکادی دامەزراند، لە عیرقی سامی‌بوون، ئەمیش لەگەڵ ئەسڵی عەرەبدا مناسەبەتدار بێ.

بێجگە لەمەش، ئەبینین کە قەومی تورکیش، بە سەبەبی موشابەهەت و مناسەبەتێکی کەم و زۆری زمانەوە، ئەسڵی خۆی ئەباتەوە سەر عونسوری «هۆن» وەیا «فۆن» کە نەسلی «شانغیونغ»ەکانی شیمالی چین بوون و لە دەوری ئاوی «ئۆرخۆن»دا ژیاون، بەم تەرحە مەبدەئی تاریخی قەومی تورک ئەبێ عەسری بیست و هەشتەمینی پێش میلاد بێ.

ئێمەش لەم بەحسەدا هەر لە سەر ئەو شوێنە ئەڕۆین.

وڵاتی کوردستان کە بە گوێرەی حادسات، ئەبێ جێگەی پەیابوون و بڵاوبوونەوەی نەسلی دووەمی ئینسان بێ، لە مەبدەئی تاریخدا «ئەقوامی زاغرۆس»ی تیا بینراوە و ئەم ئەقوامە: لۆللو، گۆتی، کاسای، سوبارۆ و هۆری بووە و لە مونتەهای جنووبی شەرقیشیانا قەومی «عیلام» بووە. بە گوێرەی بەعزێ مناسەبەت و موشابەهەتی زمانەکەیانەوە، بەعزێ موستەشریقین ئەڵێن لە عیرقی «قەفقاس»ن و ئەم ئەقوامە (بێجگە لە عیلامی)، ئەبێ ئەسڵی هەرە کۆنی کورد بن و لە ئەدواری سۆممەری و ئاکادی لە مەبادیی دەوری ئاسووریدا فەعالییەتی سیاسییەیان بینراوە.

لافاوی موهاجرینی عونسوری «هیند و ئەورووپی» وەیا ئاریایی بۆ زاغرۆس و شەرقی و غەربی لە پاشدا (ڕەنگە لە ئیعتباری عەسری دەهەم و نۆیەمی پێش میلادەوە دەسی پێکردبێ)، ئەبێ بەقایای ئەهالیی ئەسڵییەی زاغرۆس و کوردستانی بەرەبەرە خستبێتە ژێر نفووزی خۆی و کردبنی بە ئاری. عونسوری هەرە زۆر و بەقووەتی ئەم هیجرەتە «ماد» بووە. ئەوەڵەن لە شەرقی گۆمی ئورمێ دامەزراوە و لە دوای ئەو، ئەقوامی «پارسی»، «مانەی»، «پارسیوی»، «پارت» و «کادوشوی» و ... الخ هاتوون. ڕەنگە هاتنی ئەم قەومی دواییە یەعنی «کاردوشوی» کە ئاکسەنوفۆن لە ٤٠١ی پێش میلاددا تەسادوفی کردوون، لە عەسری حەوتەمی پێش میلاددا بێ. (سیدنەی سمیت)

کە وا بوو، ئەسڵ و فەسڵی کورد، وەکوو بەعزێ عولەمای ئاسار گوتوویانە، لەگەڵ تەبەقەی ئەووەڵیشدا ـ یەعنی مەنزوومەی زاغرۆسی قەدیم ـ زۆر عیلاقەدارن، بە گوێرەی ئەمە لە تەحریری ئەسڵی کورددا ئەبێ موتاڵای تەبەقەی ئەووەڵ و دووەم باش بکەین.

2.3.1. ئەلف) تەبەقەی ئەووەڵ، مەنزوومەی زاغرۆس[edit]

١. لۆللۆ وەیا لۆللۆبووم
ئەم قەومە لە مەنتیقەی «زەهاو ـ شارەزوور، سلێمانی»دا بینراون. تاریخی هاتنیان بۆ ئەم وڵاتە نەزانراوە. تێکەڵی قەومی «گۆتی» بوون و لە مەنتیقەی سلێمانیی ئیمڕۆدا ژیاون و وڵاتی «هالمان»یشیان دەس کەوتووە. ئەو ئاساری دۆزراوەی کەرکووک و بەعزێ وەسائیقی تر ئەم وەسائیقە لەوحەیەکی نووسراوی دەوری «نارام ـ سین»ی قڕاڵی «ئاکاد»ە کە لە تەڕەف مێجەر ئەدمۆندسەوە لە دەربەندی گاور، کە لە شاخی قەرەداغدایە، دۆزراوەتەوە، دەرحەق بەمە لە مەجمووعەی «ژەنۆغرافیک ژۆرنال»دا مەقالەیەکی موهیممی نووسیوە.

وەسیقەیەکی تریشی، بەردێکی نووسراوی قڕاڵی لۆللۆ «ئاننو ـ بانینی»یە کە لە «زەهاو» دۆزراوەتەوە. ئەوەڵیان عائید بە عەسری ٢٠، ڕەنگە دووەمیان عائید بە قەڕنی ٢٨ی پێش میلاد بێ. دەرحەق بەم قەومە مەعلووماتی باشی تیایە (لە موقەددەمەی جڵدی دووەمدا زیاتر تەفسیلات ئەدرێ)، بە گوێرەی بەعزێ ئیستیدلالاتی زمانی، وا زەن ئەبرێ کە بەعزێ حاکم و حوکمدارانی عەسری نۆزدە و هەژدەی پێش میلادی ئاسوور لە قەومی لۆللۆ بووە و ڕەنگە بەعزێ لەم قەومە لە سوورییەشدا بووبن (ئەقوامی مەزۆپۆتامیا، سپایزەر).

ئۆردووی ئاسووری لە ئیعتباری عەسری سیانزەمینەوە لەگەڵ قەومی لۆللۆدا تەماسی کردووە و لە سایەی ئەمەوە لە وەسائیقی ئاسووریدا گەلێ مەعلووماتی دەرحەق ئەم قەومە و وڵاتەکەی دراوە. زمانی ئەم قەومە بە گوێرەی تەدقیقاتی موستەشریق هوزینغ ئەبێ لە زمانی کۆمەڵی عیلامی بێ و ئەم حوکمەش بە نەزەر بەعزێ ئەسمائی خاسسەی لۆللۆوە دراوە، لەگەڵ ئەمەشدا لە بەینی زمانی ئەم قەومە و «هۆری»دا بەعزێ موشابەهەتی ئەلفاز بینراوە. (سپایزەر)

بە گوێرەی وەسائیقی دەوری ئاشوور ناسرپالی دووەم، وڵاتی لۆللۆ زۆر ئاوەدان و خەڵکەکەی لە مەدەنییەت و سەنایعدا لە پێش بوون، بە دەرەجەیەکی وا کە ئەم قڕاڵی ئاسوورییە زۆر ئەهلی سەنعەتی لەم وڵاتەوە بردەوە بۆ ئاسوورییە. (ئۆلمستید)

پرۆفیسۆر سپایزەر ئەم لۆللۆوانە بە ئەجدادی «لوڕ» دائەنێ.

٢. گۆتی
ئەم قەومەش لە کۆمەڵی گەورەی زاغرۆسە و بەینێکیش وڵاتانی «سۆممەر» و «ئاکاد»یان زەوت کردووە و موددەتێکی زۆر لە ژێر حوکمیانا ماوەتەوە.

مەشهوور قڕاڵی ئاکاد، نارام ـ سین، بەرامبەر بە ئۆردووی «گۆتی» شکاوە و حکوومەتەکەی لە دەس چووە. حوکمدارانی هەرە بەهێزی، «لاغاش»یش تابعیان بووە و ئاخیر قڕاڵیان، «تیریکان» بووە.

پرۆفیسۆر سپایزەر ئەڵێ: بە گوێرەی موشابەهەتی ئەسماء ئەبێ لە دەوری حکووماتی هەرە قەدیمەدا عەناسری «گۆتی» داخڵی «سۆممەر» بووبێ و لە دوای پەیاکردنی نفووزێکی زۆر، وڵاتی ئەکادیشیان زەوت کردبێ. عمران و سەعادەتی «لاغاش» لە ژێر ئیدارەی «گۆتی»دا (٢٥٠٠ پ.م) کە لە ئەغڵەبی ئیحتمال تەسادوفی دەوری حکوومەتی «گۆتی»ی کردووە ئەسەرێکی تەسادوف نییە (ئەقوامی مەزۆپۆتامیا، لاپەڕە ٩٩)

حکوومەتی ئاکادی عەشائیری گۆتی، لە تەڕەف قڕاڵی ئۆرەوە و لە مەبادیی عەسری بیست و پێنجەمینی پێش میلاددا لە ناو برا و عەشائیری گۆتی لە دوای ئەم شکانە، گەڕانەوە زاغرۆس. لە ئەواسیتی قەڕنی هەژدەمینی پێش میلاددا کە عەشائیری کاسای هەڵیانکوتایە سەر بابلستان، عەشائیری گۆتیشیان لەگەڵ بوو.

لە ئیعتیباری ئەم دەورەوە تا پەیابوونی حکوومەتی ئاسووری، دەرحەق بە گۆتی باس و خەبەرێک نییە، تا عەسری سیانزەمینی پێش میلاد، ئاسووری قودرەتێکی وای نەبوو کە دراوسێکانی زاغرۆسی ناڕەحەت بکا، بەڵکوو خۆی مەعاونەت و حیمایەی لۆللۆ و گۆتی بوو.

شەلمانەسەری ئەووەڵ، قڕاڵی ئاسووری، لە سەلەفی زیاتر لەگەڵ قەومی گۆتیدا خەریک بووە و بە گوێرەی ئاساری دۆزراوەی ئەم قڕاڵە، عەشائیری گۆتی، زۆر دڕ و نەبەز بوون و وەتەنیان لە حدوودی ئۆراتری ئەرمینیەیەوە تا «کەموخی» (= تۆر عابدین) دەوامی کردووە (تەفسیلاتی تاریخییەی لە فەسڵی مەخسووسدا باس ئەکرێ). خولاسە بە گوێرەی ڕیوایەت و ئاساری قڕاڵانی ئاسووری، وا دەرکەوتووە کە مەرکەزی زاغرۆس، وەتەنی قەومی گۆتی (=کۆتی) بووە.

بێینە سەر مناسەبەتی «گۆتی» و «کورتی»  : لە دوو لەوحەی دۆزراوەی زمانی «توکولتی- ئینورتا»ی قڕاڵی ئاسووریدا کە دائیر بە عەینی وەقعەیە، لە یەکێکیانا ناوی «کورتی» و لەوی تریانا ناوی «گۆتی» نووسراوە. لەمە وا دەرئەکەوێ کە ئەم دوو ناوە، هەر دوو ناوی میللەتێکە، وەیا کورتی وەیا «کورهی» ناوی بەشێکی گەورەی گۆتییە.

بەشێکی زۆری موستەشریقین کەلیمەی «کورتیوی»یان ، کە لە خسووسی تەلەفوزەوە زۆر لە «کورتی» ئەچێ، تەدقیق کردووە؛ لە کتێبی «ڕابیتەی لۆغەوی ئیسمە کورد»دا ئەڵێ: ئەم لەفزی «کورتیوی»یە، بۆ ئەسڵی خەڵکی کوردستان ئەساسێکی زۆر موهیممە. موستەشریق درایوەر فکری خۆی خۆلاسە ئەکا و ئەڵێ: «کارادا، کاردۆخی، کورتوخی، غوردی، کارداکە، سیراتی، غوردیای و غوردوئەنی، کاردۆ و کاردا، کارداویە، کارتاوایە وەیا کورداییا ... الخ هەموویان بە ڕەغمی لە یەک نەچوونیان، یەکێکن و بەم نەوعە، ئەم موستەشریقە کوردی ئیمڕۆ ئەباتەوە سەر «کاردۆخۆی» ئەکسەنوفۆن و «کاردا»ی سۆممەرییەکان، کە بە گوێرەی ڕیوایەتێکی دەوری سێیەم حکوومەتی «ئوور»، ناوی عەشیرەتێک بووە.

لەم ئیزاحاتە وا تێئەگەین کە ڕابیتەی ناوی کورد لەگەڵ ناوی قەدیمی «کورتیوی»دا موحەققەقە. تەعریفاتی جوغرافیی «کاردۆخۆی» و «کوردوئەنی» و ئەمسالی موشتەرەکەی لەفزییەی، لەگەڵ موندەرەجاتی وەسائیقی قەدیمی «کورتی» ئەوەندە موتابەقە کە بەشێکی موهیممی موئەرریخین لە قەبووڵکردنی ئەم کەلیماتە بە ئەسمائی موشتەرەکە تەردیدیان نەکردووە، لەگەڵ ئەمەشدا چونکە جوێکردنەوەی کورتی لە گۆتی مومکین نییە، ئەبێ نەتەوەی گۆتی، لە ناو خەڵکی کوردستانی ئیمڕۆدا بە موحەققەقی بێ.

دوقتۆر سپایزەر دەوام لە سەر ئەم بەحسە ئەکا (ئەقوامی مەزۆپۆتامیا، لاپەڕە ١١٧) و ئەڵێ: ئەو عێلات و خێڵاتەی کە ئیمڕۆ لە ژێر ناوی عموومیی کورددا ئەژین، هیچ وەقتێ لە ئێستا زیاتر قۆقازی، نەبینراون. ئەم عەشایرە چ لە خسووسی زمانەوە و چ لە جیهەتی عادەت و تەبیعەتەوە بەعزێ فەرقیان لە بەینا هەیە، کوردێکی خەڵکی سلێمانی، لەگەڵ هاوقەومێکی بادینانیدا بە ئاسانی ناتوانێ قسە بکا، بە گوێرەی تاریخ، تەبیعییە لە بەینی کوردی ئێستادا بەعزێ ئەرمەنی، سامی و ئاری هەیە. جا کە وا بوو ناتوانین بڵێین کە کورد، نەتەوەی یەک ئەسڵە و زۆر ڕەنگە کە ئەهالی قەدیمەی کوردستان چەند قۆڵێک بووبێ و لە ئەدواری ئەوەلییەی تاریخدا لەگەڵ بەعزێ قۆڵی گەڕۆکی ئاسووری و ئەرمەنیدا لە شاخ و کێوانی خۆیانا ژیابن و لە دواییدا لە پاش غەلبە سەندنی «ئاریەتی» بە سەر ئەم وڵاتەدا، بەعزێ عەناسری ئێرانیش هاتبن و تێکەڵاویان بووبن. ئەم نەزەرییەیە، بە گوێرەی شرووتی حازرەی مەملەکەت و زمانی کوردە.

لەگەڵ ئەمەشدا، بوونی بەعزێ عەناسر لە ئەهالیی قەدیمەی زاغرۆس لە ناو کورددا قابلی ئینکار نییە و چ لەم ئیزاحاتە و چ لە تەدقیقاتی لیسانییە، وا حاڵی ئەبین کە قەومی کورد لە ئەساسدا قۆڵێکی کۆمەڵە گەورەی زاغرۆسە، هەرچەندە زۆر تووشی ئیستیلای غەیرە بوون، بەڵام لە وەقتی تەنگانەدا کشاونە چیاکان و لە دوای ڕابوردنی لافاوی ئیستیلا گەڕاونەوە جێ و ڕێی خۆیان و وڵاتەکانیان سەرلەنوێ ئاوەدان کردۆتەوە.

٣. کاسای
قۆڵێکی کۆمەڵی زاغرۆسە، ئەوەڵ جار لە مەنتیقەی کرماشاندا بینراون. تاریخی هاتنیان بۆ ئەم وڵاتە مەعلووم نییە و بەڵکوو هەموو کۆمەڵی زاغرۆس ئەهالیی ئەسڵییەن، یەعنی وەکوو سامی و حامی هیجرەتیان نەکردووە، لە پاش بەینێک وردەوردە هاتوونە زاغرۆس و ڕوویان کردۆتە شەرقی بابلستان، یەعنی لای چەپی دیجلە و بە زەراعەت و فەلاحەت مەشغووڵ بوون. «ئاکادی»یەکان «کاشوو»یان پێ ئەگوتن و لە کوتوبی موقەددەسەدا بە «کووش» ناو نراون. لە ئەواسیتی قەڕنی هەژدەمینی پێش میلاددا بابلیان زەوت کرد و حکوومەتێکی بەقووەتیان لە سۆممەر و ئاکاددا دامەزراند کە حکوومەتی «کاردونیاش»یان پێ ئەگوت. نزیک شەش عەسر دەوامی کرد و هیچ حکوومەتێک ئەمەندە بابلی موحافەزە نەکردووە.

عەشایری کاسای، لە دوای لەناوچوونی حکوومەتەکەیان گەڕانەوە زاغرۆس (لوڕستانی ئیمڕۆ) و «سناخریب» لە مەبادیی عەسری حەوتەمی پێش میلاددا هاتۆتە سەریان و شەڕی لەگەڵ کردوون. لە دەوری حکوومەتی «ئەخمەنی»دا ئەم عەشایری «کاسای»ە، بەرامبەر بە ئامەشۆکردن لە ڕێگەی «بابل» (= ئەقباتان)، هەموو ساڵێک میقدارێکی موعەییەن پارەیان لە حکوومەتی ئێران ئەسەند. ئەسکەندەری گەورەش شەڕی لەگەڵ کردوون. سەرداری ڕۆما، «ئەنتی فونوس»یش بە ناو عەشائیری «کاسای»دا و لە دەربەندی «پولی‌تەنگلۆ» تێپەڕیوە. خولاسە، ئەم قەومە تا میلاد لە لوڕستاندا مەوجوود بوون و ئەبێ ئەجدادی لوڕی ئیمڕۆ بن. بەشی جنووبی «کاسای» ڕەنگە بەینێک لە ژێر حوکمی «عیلامی»دا بووبێ. (بۆ ئیزاحات تەماشای فەسڵی سێیەم و جڵدی دووەم بکە).

٤. سوباری
ئەم ناوە ئەوەڵ جار لە لەوحەیەکی دەوری حکوومەتی «لۆغال-ئانینی-مۆندۆ» (عەسری سێیەمی پێش میلاد)دا لە شکڵی «سوبیر» بینراوە. لە ئاساری «نارام-سین»دا بە «سوبارتیم» قەید کراوە و تەعبیرێکی جوغرافی بووە و لە سەرحەدی شیمالی غەربی «عیلام»ەوە تا شاخی «ئامانوس» دەوامی کردووە. (بۆ ئیزاحات تەماشای فەسڵی سێیەم بکە). ئەم تەعبیرە لە دواییدا بۆتە ناوی قەومێک. «خەمورابی»ش ئەم تەعبیرەی بۆ وڵاتێک ئیستعمال کردووە کە قەومێکی سەربەخۆی تیا ژیاوە. لە وەسائیقی ئاسوورییەدا بە «سوبارو» نووسراوە. خولاسە، وا دەرکەوتووە کە لە ژێر ئەم عینوانەدا قەومێک لە مەزۆپۆتامیا و سووریە و ئەناتۆڵدابووە (ئەقوامی مەزۆپۆتامیا، سپایزەر). موحتەمەلە بەشی مەزۆپۆتامیای «هوری»ش لە ژێر ناوی «سوبارۆ»دا ناسرابن.

ئەم قەومی «سوبارۆ»یە لەگەڵ ئۆردووی ئاسوورییەدا زۆر جار شەڕیان کردووە. لە ئەواخیری حکوومەتی ئاسوورییەدا ناوی «سوبارو» گوم بووە و لە جێگەی ئەو، ناوی قەومی «نایری» هاتۆتە پێشەوە و زۆر موحتەمەلە کە ئەم قەومە تازەیە قۆڵێکی گەورەی «سوبارۆ» بووبێ و بە نەتیجەی هەموو عەشائیری «سوبارۆ»ی تەمسیل کردبێ. ئاسار و ئەحفادی ئەم قەومی «نایری»یە ئێستاش لە مەنتیقەی «شەمزینان»دا هەیە.

سێر کینغ و بەعزێ موستەشریقینی تر ئەڵێن میتانی، قۆڵێکی «کاسای»یە، بەڵام پرۆفیسۆر سپایزەر ئەڵێ: میتانی شوعبەیەکی «سوباری»یە. ئەم قەومە، لە فوراتی ئەوسەتدا، [لە] «حەوزەی بەلخ» و «خاپوور» ساکن بووە و لە ئەواسیتی دووەم هەزار ساڵی پێش میلاددا حکوومەتێکی بەقووەتیان دامەزراندووە. زمانێکی مەخسووسیان بووە.

2.3.2. ب) تەبەقەی دووەم: ماد و تەوابعی[edit]

موئەرریخ هەروەی ڕۆبنسن و هەنری بریستید ئەڵێن لە دەوری تاریخی ٢٥٠٠ پ.م.دا ئەو ئەقوامە دراوسێیە و خزمەکانی، بەعزێ جار «ئاری»یان پێ ئەگوتن و عیرقی «هیند و ئەورووپی»ی لێ حاسڵ بووە، لە شەرق و شیمالی شەرقی بەحری خەزەردا ساکن بوون. بەعزێکیان بە دەرەجەیەک لەگەڵ زەراعەتدا مەشغووڵ بوون، بەڵام هێشتا لە دەوری حەجەریدا بوون و تەنیا بەشێکی پچووکی، مەعدەنی ئیستعمال ئەکرد. لەگەڵ حەیواناتی ماڵی و مەڕدا بەرزەوڵاخیشیان (ئەسب) هەبوو. فێری نووسین نەبووبوون.

بەعزێ لەم خێڵاتی ئارییە بۆ هیندوستان کۆچیان کردووە. لە کتێبی موقەددەسی ئەمانەدا کە بە زمانی سانسقریت نووسراوە و «ویداس»ی پێ ئەڵێن، دەرحەق بە ئەدواری ئەووەڵیە و ژیانی غەیری مەدەنیی ئەم ئەقوامە بەعزێ مەعلوومات هەیە . باقی عەشائیریش ڕوویان کردە وڵاتانی جنووبی غەربی وادیی ئەلرافیدین و لە ناو ئەمانەدا تائیفەی هەرە بەقووەت «ماد» و «پارسای» بوو.

١. مەد
وەکوو لە سەرەوە باسمان کرد ئەم قەومە «هیند و ئەورووپی»یە یا «ئاری»یە لە شەرقی بەحری خەزەر (کاسپیەن)ەوە (ڕەنگە لە وڵاتی باختریانەوە) و لە عەسری نۆهەم وەیا پاشتردا هاتبێتە غەربی شیمالی ئێران یەعنی وڵاتی «میدیا» و بەرەبەرە وڵاتانی دراوسێیان داگیر کردووە و بە مرووری زەمان بەعزێ ئەقوامی تریشی وەکوو مانای، سیس و کیممەری تێکەڵ بووە. هاتنی ئەم قەومە لە سجیللاتی عەسری نۆهەم و هەشتەمی پێش میلادی ئاسوورییەدا باس کراوە.

ئاسوورییەکان بەم قەومەیان گوتووە «ئامادا» و «مادا». ئەم قەومە، لە ئەواخیری عەسری هەشتەمی پێش میلاددا حکوومەتێکی سەربەخۆی دامەزراندووە و قەومی خزم و دراوسێی «پارسای»شی کە لە جنووبی غەربی ئێراندا جێگیر بووبوو، تابعی خۆی کرد و شاری «ئەقباتان»ی دروست کرد و کردی بە پایتەخت. ئەووەڵ تەماسی ئاسووری لەگەڵ ئەم قەومەدا لە دەوری شەلماناسەر (٨٣٥ پ.م)دا بووە تا لەناوچوونیان هەر لەگەڵ ئەم قەومی «مەد»ەدا لە شەڕ و هەرادا بوون (تەفسیلاتی لە جڵدی دووەمدایە).

پرۆفیسۆر سایس ئەڵێ: مادا عەشایری کورد بوون و لە شەرقی ئاسوورییەدا جێگیر بووبوون. وڵاتانیان تا جنووبی بەحری خەزەر ئەچوو. بەشی زۆریان لە خسووسی زمانەوە «هیند و ئەورووپی» و لە جیهەت عیرقەوە «ئاری» بوون (تاریخی عموومیی موئەرریخین، جڵدی ٢). بەعزێ لە موتەخەسیسین و موستەشریقین ئەڵێن: زمانی قەومی «مەد» زمانی کوردی ئیمڕۆ وەیا ئەساسی بووە (ئێرانی قەدیم، موشیروددەولە، لاپەڕە ٥٧).

عولەمای تاریخ ئەڵێن لە دوای ئینقرازی حکوومەتی میدیای، تەئسیراتی مادی و مەعنەویی قەومی پارسی بەشێکی میدیای تێکەڵی خۆی کرد و بەشێکیشی لەگەڵ کورددا زۆر ڕابیتە و دراوسێیەتی بوو، لەگەڵ قەوم و قەبیلەی کوردانی کە لا بوو. قەومی «پارت» هەر بەم تەرحە لە ناو پارسی و کورددا ون بوون و تەمسیلیان کردووە و قەرابەتی بەینی ئێرانی و کوردی ئیمڕۆش ئەبێ لەم ئەساسی «مەد» و «پارت»ەوە حاسڵ بووبێ (مەسئەلەی کوردستان بەرامبەر بە تورک، لاپەڕە ٢١). خولاسە بە نەزەر ئەم فیکرەوە و بە گوێرەی وەتەن و زمانی قەومی «مەد»ەوە، ئەبێ ئەم قەومە لە تەبەقەی دووەمدا لە ئەسڵی زۆر نزیکی کورد بێ.

٢. نایری
ئەم قەومە، لە پێش موهاجەرەتی دواییدا لە کوردستاندا بوون، واقیعەن سجیللاتی قەدیمە، ناوی ئەم عەشائیرەی نەبردووە و لە دەوری حکوومەتی ئاسووریدا باسیان کراوە. زۆر ڕەنگە کە بەشێکی قەومە قەدیمەکەی «سوبارۆ» و «گۆتی» بێ و بەرەبەرە غەلبەی سەندبێ و بە سەر هەموو خێڵاتی ترا زاڵ بووبێ و تەمسیلی کردبن و ناوەکەی، جێگەی کەلیمەی «سوبارۆ» و «گوتۆ»ی گرتبێتەوە. قەومێکی دڕ و شەڕکەر و نەبەز بوون و ئاسوورییەکان زۆر شەڕیان لەگەڵیانا کردوون. دێهات و خێڵاتی ناحیەی «نەرێ»ی شەمزینان ئەبێ ئاساری ماوەی نایری بێ.

موتەخەسیسی مەشهوور، فۆن مینۆرسکیش لەم فکرەدایە، موستەشریق تورودانژەن لە ئەسەرەکەی خۆیدا ئەڵێ: نایری وەیا «هۆپشکیا» دۆڵی «بۆتان»ە و ئەم بەشی شەرقیی نایرییە، حکوومەتێکی سەربەخۆ بووە.

بە فیکری بەعزێ موستەشریقین و موئەرریخین، ئەم قەومی نایرییە، لە دوای زهووری حکوومەتی ماد، ئیمتیزاجی لەگەڵ کردوون و قەومێکی گەورە و تێکەڵیان لێ پەیا بووە. لەم خسووسەوە مێجەرسۆن ئەڵێ: «ئەگەر بنواڕینە دەوری کۆنی بەینی قەڕنی پانزە و دوانزەی پێش میلاد، لە کوردستانی مەرکەزیدا قەومی نایری ئەبینین کە ئەسلافی ماد بووە و لە دەوری ئیقبالیدا شۆرەتی گەورەیی و ئازایی، هەموو دراوسێیەکانی ترساندبوو و لە پاشدا لە ژێر ناوی کورددا دەوامی کرد. لەم دەورەدا وڵاتی نایری، لە حەوزەی ناوەڕاستی زێی گەورەوە تا سەرچاوەی ئەو چەمە دەوامی ئەکرد. خەڵکی میدیا لە دوای لەناوچوونی حکوومەتەکەیان وردەوردە هاتۆتە ئەم وڵاتە و تیایا ژیاون».

٣. کاردۆخۆی
دەرحەق بەم عەشایری کاردۆخۆی کە لە ڕەجعەتی دەهەزارەدا ئاکسەنوفۆن تووشیان بووە، دوو نەزەرییە هەیە، یەکێکیان ئەڵێ ئەم ئیسمە ناوێکی گۆڕاوی «گۆتی»ی قەدیمی تەبەقەی ئەوەڵە. شکڵ و تەلەفوزەکەی بە مرووری زەمان گۆڕاوە و بووە بە «گۆتی» و «کورتی»ی زمانی «توکولتی-نیراری»ی قڕاڵی ئاسووری. بە گوێرەی تەدقیقات و ئیستنتاجاتی موستەشریق میستەر درایوەر، چ ئەم لەفزی «کورتی»یە و چ «کاردا»ی زمانی «ئاراد-نانار»ی قڕاڵی «لاغاش» و چ ئەلفازی موتەشابیهەی تر، هەموویان دەلالەت لە قەومی کورد ئەکەن، ئەگەر ئەم نەزەرییە سەحیح بێ، ئەبێ «کاردۆخۆی» بەقایای قەومی مەشهوورەی «گۆتی» بێ.

نەزەرییەی دووەم وەکوو فکری سیدنەی سمیت وایە کە ئەم قەومی کاردۆخۆیە، موحتەمەلە لە وەقتی هاتنی «مەد» و «پارسی»دا وەیا لە دوای ئەوان و لە ئەواسیتی عەسری حەوتەمی پێش میلاددا هاتبێتە کوردستان و جێگر بووبێ و لە دواییدا بەرەبەرە عەشایری کوردستانی تەمسیل کردبێ. زاتەن بەشێکی ئەم قەومە، موحتەمەلە کە ڕووی کردبێتە ئێران و لەوێدا جێگیر بووبێ، چونکە لە زەمانی حکوومەتی ساسانیدا گەلێ عەشائیری کورد لە ئێراندا بووە. سێر سیدنەی سمیت، تەسدیقی ئەم جیهەتە ئەکا و ئەڵێ: زمانێکی جوێ و سەربەخۆیان بووە و لەگەڵ فارسیدا مناسەبەتی نەبووە و لەو کۆنترە (تەماشای دێڕەکانی دوایی ماددەی دووەم بکە).

بە گوێرەی نەزەرییەی ئەوەڵ، کاردۆخی، نەتەوەی فاتحی سۆممەر و ئاکاد، یەعنی «گۆتی»ی قەدیمە و تابعی عیرقی «مەنزوومەی زاغرۆس»ە، بە نەزەر دووەم فکرەوە، «هیند و ئەورووپی»، وەیا «ئاری»یە و لەگەڵ «مەد» و «پارسی = پارسا»دا لە عەینی کۆمەڵ و عیرقن.

2.3.3. ڕای نووسەری ئەم کتێبە[edit]

عەلاوە لە بەینی ئەم قۆڵە گەورانەی کورددا ئەڵبەتە گەلێ بەشی گەورە و پچووک بووە، کە لە وەسائیقی قەدیمەدا جارجار باسیان کراوە. مەسەلەن سێر ئۆلمستید ئەڵێ عەشیرەتی «موسری» کە ئەجدادی عەشائیری «میسوری = مزوری»ی ئیمڕۆیە، لە زەمانی «سناخریب» (٧٠٥- ٦٨٠ پ.م)یشدا هەر وەکوو ئێستا لە بەینی دوو قۆڵی «خازەر»دا بوون (تاریخی ئاسوور، لاپەڕە ٣٣٢)

«سیرتی»ی زمانی ئاسووریش، ڕەنگە عەشیرەتی «سپرد» بێ کە سێر مارک سایکس لە شیمالی زاخۆدا تووشیان بووە. حەتا موئەرریخینی ئەرمەنی لە ناو قەومی خۆیانا باسی بەعزێ حکوومەتیان کردووە کە لەگەڵ ناوی بەعزێ عەشایری کوردی ئیسلامیی ئێستادا موشابەهەتێکی زۆریان هەیە. مەسەلەن «مامەکۆنیان»، «باغراتونیان»، «ڕەشدنیان» و «مەندیکانیان» لە موشابەهەتێکی تەسادوفی گەلێ زیاتر مناسەبەتیان لەگەڵ عەشایری کوردی مامیکانلی، بەغرانلی، ڕوشکوتانلی و مەندیکانلی هەیە (دوایی واریسانی خولەفا، لاپەڕە ٢٥٢)

خولاسە، مەنشەء و ئەسڵی قەدیمی کورد، چ تەبەقەی ئەوەڵ بێ و ئەم تەبەقەیەش وەکوو بەعزێ موستەشریقین ئەڵێن چ «قۆقازی» بێ و لە پاشدا بە لافاوای موهاجەرەتی عەسری نۆهەم و هەشتەم بووبێ بە ئاری، وەیا وەکوو بەشی زۆریان ئیدیعا ئەکەن چ «ئاری» وەیا «هیند و ئەورووپی» بێ، چوونەوەی سەر ئەسڵێکی زۆر قەدیمی، نەزەریەیەکی زۆر بەقووەتە و بۆ ئەمەی کە بە تەواوی ساغ بێتەوە، هێشتا موحتاجی بەعزێ ئاسار و دەلائیلە کە ئومێد ئەکرێ ئیکتشافاتی تازە بیخاتە مەیدانەوە.

لەگەڵ ئەمەشدا ئیعتیقادی من وایە کە نەزەریەی هاتنی قەومی کورد لە ئەواسیتی عەسری حەوتەمی پێش میلاددا زۆر زەعیفە، بیلعەکس نەزەریەی پرۆفیسۆر سپایزەر و ئەمسالی، کە ئەجدادی کورد بە ئەهالیی ئەسڵییە و زۆر قەدیمی زاغرۆس وەیا کوردستان دائەنێ، گەلێ بەقووەتە و لە عەقڵ نزیکترە. واقیعەن ئەبینین کە لە وەقایعی تاریخییەی عەشائیری کوردستاندا بەعزێ ناوی جوێ‌جوێ زیکر کراوە و ئینسان وا زەن ئەکا کە ئەم ناوە جوێ‌جوێیانە عائید بە خێڵات و عێلاتی جوێ‌جوێیە. وەلحاڵ ئەم زەننە تەواو نییە، چونکە گۆڕانی ئەم ناوانە موقتەزای تەسدیقی ئەم حاڵە ئەکا و عەینەن ئەڵێ:

Proper names are apt to be moditied vohen used by other peoples.

(ئەقوامی مەزۆپۆتامیا، لاپەڕە ١١٦)

فیلحەقیقە ئەبینین لە باسی قەومی «هۆری»دا پرۆفیسۆر سپایزەر، نۆ ناوی جوێ‌جوێی قەید کردووە: «هۆر لەلیلا، هۆر لاش، هۆر لۆ، هۆری، کورهۆروهە، هاری، موری، هوریت» و لە بەحسی میتانیدا «میتانی، میتلانی» و هەر لەم بەحسی میتانییەدا «تاریخی عموومیی موئەرریخین» ئەڵێ خەڵکی میسر پێیان گوتوون «ناهاری» و کیتابی موقەدەسیش بە «ئارام-ناهارەم» ناوی بردوون. قەومی لۆللۆ، «لۆللۆبۆ»، «لۆللۆمی» و «نۆللۆ»شیان پێ گوتوون. «مەد، ئامادا، مادا»، «کاسای، کاسی، کاششو، کوش»یش هەر نەتیجەی ئەم حاڵەیە.

هەر بەم تەرحە لە زەمانی قەدیمدا ناوی کوردیش، لە تەرەف بەعزێ ئەقوامەوە بە تەعبیراتی غەریب غەریب و جوێ‌جوێ ئیفادە کراوە و بە گوێرەی ئیجتیهادی بەعزێ موستەشریقین ئەو تەعبیراتە کەلیماتی موتەشابیهەن و هەر وەکوو لە خوارەوە نیشان دراوە، بۆ کوردی ئەسمائی موشتەرەکەن وەیا وەکوو ئێستاکە چۆن لە ژێر عینوانی کورددا و بە ئەسمائی موختەلیفە زۆر عەشایر و خێڵات هەیە، لەو زەمانەشا بەم ناوانەی خوارەوە گەلێ قۆڵی کورد بووە: ئاسووری و ئارامی گوتوویانە: گۆتی، کوتی، کورتی، کارتی، کاردۆ، کارداکا، کاردان، کارکتان، کارداک. ئێرانی گوتوویانە: گورتبوی، سیرتی، کوردراها. ڕۆم و ڕۆمانی گوتوویانە: کاردوسوی، کاردوخۆی، کاردوک، کردوکی، کردوخی، کاردویکان. ئەرمەنی گوتوویانە: کوردوئەن، کورچەخ، کورتیخ، کەرخی، کورخی. عەرەب گوتوویانە: کوردی، کاردوی، باکاردا، کارتاویە، جوردی، جودی.

ئەمە تەنیا فکر و قەناعەتی خۆم نییە، وەکوو لە موتالەعەی پرۆفیسۆر سپایزەردا (فەسڵی ٢، ماددەی ٣) چاومان پێ کەوت، گەلێ موستەشریقین و مودەققیقینی مەشهوور وەکوو میستەر درایوەر، نۆلدەک، هاوفمان و ... الخ، عەینی نەزەرییەیان تەئیید کردووە و حەتا ناوی «کالدی، کالدیوی»ش بە یەکێ لەم ئەسمائە موشتەرەکە دائەنێن.

لەم حاڵەی کە لە سەرەوە باسمان کرد، یەعنی عادەتی گۆڕینی ئەسمائی خاسسە لە تەڕەف ئەقوامی موختەلیفەوە، ئێستاکەش هەیە، واقیعەن ئەبینین کە عەرەب ئەڵێ «بندقیە»، لاتین ئەڵێ «وەنیس»، تورک ئەڵێ «وندیک»؛ وەلحاڵ هەرسێکیان ناوی شارێکی ئیتالیایە.

نەزەرییەی بەعزێ موستەشریقین وایە کە قەومی کورد لە نوسفی دووەمی عەسری حەوتەمی پێش میلاددا لە هیندوستانەوە هاتۆتە کوردستان. واقیعەن ئەگەر ئەم نەزەرییەیە بە تەواوی ڕاست بێ و هەر ئەم کۆمەڵە تازەهاتووە بە مەنشەئی کورد دابنرێ، ئەو وەقتە مومکینە دوو ئیعتیرازی بەقووەت بکرێ:

١. ئەم کۆمەڵی موهاجرینی تازەیە چۆن لە کوردستاندا جێگیر بوون؟

٢. ئەقوامی مەوجوودیان چۆن لە ناو برد؟

هەموو ئەیزانین کە لە عەسری حەوتەمی پێش میلاددا کوردستان چۆڵ نەبووە تا ئەم قەومە تازەیە بە سووک و ئاسانی بێت و جێگیر بێ. لە نەفسی کوردستانی مەرکەزیدا قەومی «کورتی» و «نایری» و لە شیمالیدا «ئۆرارتۆ = خالدی»، لە شەرقیدا «ماد»، «مانای»، «سیس»، «لۆللۆ»، لە جنووبیدا ئاسووری و لە غەربیدا «موشکی»، «هیتیت» و «ئارامی» هەبوو. کە وا بوو ئەبێ ئەم کۆمەڵی موهاجرینی تازەیە بە ناو حکوومەتی میدیای بەشەوکەتدا هاتبێ بە زۆر کوردستانی ئیشغاڵ کردبێ، وەلحاڵ ئەمەش لە عەقڵ دوورە، چونکە ئەگەر شتێکی وا ببوایە، موتڵەقەن لە سجیللاتی ئاسووری و خالدیدا باسی ئەکرا، چونکە ئەم دوو حکوومەتە هێشتا لەو تاریخەدا لە ناو نەچووبوون.

بە فکری خۆم، بۆ سوئالی ئەووەڵ هەر تەنیا جەوابێکی موناسب هەیە و ئەبێ بڵێین ئەم کۆمەڵی تازەی کوردە، بەشێکی دواکەوتووی عەناسری مەوجوودە بوون و لە پاشدا هاتوون و لەگەڵ ئەسڵەکەیانا بە سووک و ئاسانی و بەبێ شەڕ و دەعوا یەکدیگیر بوون، جا ئەگەر جەوابی سوئالی ئەووەڵ ئەمە بێ، نەزەرییەی قەبووڵکردنی ئەقوامی قەدیمە (گۆتی، لۆللۆ، کاسای، مەد، نایری ... الخ)، بە ئەسڵی کورد، کەسبی قووەت ئەکا.

جەوابی ئیعترازی دووەم لام وایە گرانترە؛ ئەو خەریتانەی ئەقوامی قەدیمە کە لە کتێبی عولەما و موستەشریقیندا دەیبینین، کۆمەڵی «کوردوئەن» وەیا «کاردویکای» کە ئەبێ کۆمەڵی موهاجرینی تازە بێ، لە مەنتیقەیەکی زۆر پچووکدا نیشان ئەدەن. مەسەلەن لە خەریتەکەی عەسری شەشەمی پێش میلادی سێر مارک سایکسدا لە بەینی دیاربەکر و مەنبەعی زێی گەورەدا ئەبینرێن و ئەم ویسعەتە تا ١٨٨ی پێش میلاد نەگۆڕاوە.

لە خەریتەکەی جڵدی سێیەمی «قامبێریج، تاریخی قەدیم»دا کە تەقریبەن وەزعییەتی عەسری شەشەمی پێش میلاد نیشان ئەدا، مەنتیقەی «کوردوئەن» لە ئاوی «باتمان»ەوە تا جنووبی بەحری ورمێ ئەچێ و شیمالی «شاخی جۆدی» و «بۆتان» ئەگرێتەوە.

ئەم مەنتیقەی «کوردوئەن»ە بە گوێرەی وڵاتانی «ماد» و «نایری» و «لۆللۆ» و «کاساسی» و «گۆتی» و «سوباری»یەوە، بەڵکوو لە دەدا یەک نابێ. جا ئەگەر «کوردوئەن» قەومێکی وا پچووک بووبێ، چۆن لە زەرفی دوو عەسر وەیا دوو عەسر و نیودا ئەو هەموو قەومە قەدیمانەی کوردستانی لە ناو برد، یا چۆن توانی تابعی خۆی کا و تەمسیلی کا؟ حەقیقەت هەموو ئەیزانین کە حکوومەتێکی بەشەوکەت و بەقووەتی وەکوو ئاسووری، چەند عەسرێک لەگەڵ ئەم ئەقوامی قەدیمەیەدا خەریک بووە و شەڕێکی زۆری لەگەڵیانا کرد، بەڵام لە نەتیجەدا نەک ئەمەی کە لە ناویان بەرێ، بەڵکوو نەیئەتوانی بە تەواوی بیانهێنێتە ژێر ئیتاعەتەوە و مەجبوور بوو مودارایان لەگەڵ بکا. مەسەلەن پرۆفیسۆر ڕاغوزین ئەڵێ: «حەقیقەت حوسنی موعامەلەی «تیغلات پلایسەر»ی قڕاڵی ئاسووری لەگەڵ ملووکی «نایری»دا جالبی دیققەتە و ئەم مودارا و موعامەلەی باشەی بە تەواوی عەکسی عادات و تەبیاتی حوکمدارانی ئاسووری بوو. شوبهە نییە کە ئەم تەبدیلی عادەتە بە مەقسەدی مودارا و ڕێککەوتن بووە».

جیهەتێکی تریش هەیە. ئاکسەنوفۆن ئیعتراف ئەکا کە لە وڵاتی ئاسوورییەوە تا نزیک «ترابزون» لە دەس قەومی «کوردوئەن» نەجاتی نەبووە. کە وا بوو، ئەبێ قەبووڵ بکرێ کە قەومی کورد، لە ئەواخیری عەسری پێنجەمدا هەر مەنتیقەیەکی پچووکی خوار گۆمی وانی ئیشغاڵ نەکردووە، بەڵکوو لە مەنبەعی زابی گەورەوە تا نزیک بەحری ڕەشی داگیر کردووە. ئەمەش دەلیلێکە بۆ ئەوەی کە قەومی کورد، وەکوو بەعزێ موستەشریقین زەنیان بردووە، هەر عیبارەت لە قەومێکی تازەهاتوو نەبوون، بەڵکوو گەلێ لە پێش عەسری حەوتەمدا و بە ناوی ترەوە لە کوردستاندا مەوجوود بووە؛ ئەگەر نەزەرییەی هاتنی قۆڵێکی تری قەومی کورد لە نوسفی دوایی عەسری حەوتەمدا سەحیح بێ، ئەم قۆڵەش لەگەڵ ئەسڵەکانی قەدیمەیدا ئەبێ یەکدگیر بووبێ.

لەگەڵ ئەمەشدا لازمە بزانرێ کە ئەم ئەفکار و موتالەعاتە عیبارەتە لە نەزەریات و ئیجتیهادات، تا ئێستا وەسیقەیەکی موعتەبەری وا نەدۆزراوەتەوە کە ئەم مەسئەلەی مەنشەئی کوردە بە قەتعی حەل بکا. واقیعەن قەومی کورد لازمە تەشەکور بۆ دوقتۆر سپایزەر بکا، چونکە بە ئەسەرە جوانەکەی (ئەقوامی مەزۆپۆتامیا، بۆستۆن، ١٩٣٠)، حەقیقەت ئەو تاریکییەی کە لە سەر تاریخی قەدیمی کورد بوو، بە دەرەجەیەک هەڵیگرت و بە وەسائیقی موعتەبەرە و دەلائیلی عیلمییە، ئەسڵەکەی بردینەوە سەر قەومی «گۆتی»ی مەشهوور. لەگەڵ ئەمەشدا هێشتا تەمتوومان لە سەر تاریخی قەدیمی کورد بە تەواوی لانەچووە، موحتاجی ئاساری ترە و بۆ ئەم ئاسارە قەدیمە، ئەگەر لە شارانی کوردستانی قەدیمەدا وەکوو «شوری»، «ئەریدی»، «ئەنی»، «میسیر»، «کینابوو»، «خوبوشکیا» ... و الخ، تەدقیقاتێکی باش بکرێ، بێشوبهە ئەم مەسئەلەیە بە تەواوی حەل ئەکرێ. جا کە وا بوو، ئێستا لەمە زیاتر درێژکردنەوەی ئەم مەسئەلەیە بێفائیدەیە.