خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان/جڵدی 03/1
3. فەسڵی سێیەم
[edit]موختەسەر ئەحواڵی تاریخییەی کورد و کوردستان
3.1. لە ئەدواری قەدیمەوە تا دەوری مەدیا
[edit]باسی تاریخی قەدیمی کورد و کوردستان، بەڕاستی بەشێکی هەرە زەحمەتی ئەم کتێبەیە. سەبەبەکەشی نەبوونی مەعلووماتێکی ڕێکوپێک دەرحەق بە قەومانی قەدیمی کورد و خەبەراتی زەمانیانە. واقیعەن هیممەت و غیرەتی دووسەد ساڵەی عولەمای غەرب و عیلمی ئاسار و باخسووس ئیکتشافاتی تازە، بەعزێ ڕووناکایی خستۆتە تاریخی کوردەوە، بەڵام ئەمە کافی نییە و باخسووس چونکە تەنیا بە مناسەبەتی شەڕ وەیا معامەلەیان لەگەڵ دراوسێیەکانیانا باسیان کراوە، سەرگوزەشتەیەکی تەواویان مومکین نییە. لەگەڵ ئەمەشدا دڵ بڕوایی نادا کە بەم بەهانەیەوە بە سەر ئەم بەحسەدا بڕۆم و هیچ باسێکی لێ نەکەم. بەم فکرە موختەسەرێک تەماشای تاریخیان ئەکەین.
زۆر جێگەی ئەسەفە کە فەجری تاریخ، هێشتا ئەوەندە ڕووناک نییە کە ئینسان بتوانێ دەرحەق بەنیئادەمی ئەو وەقتە فکرێکی ڕاست و تەواو پەیا بکا. تەماشا ئەکەی کە موئەرریخە هەرە مەشهوورەکانیش لەم نوقتەیەدا شڵەژاون، بە تەواوی نازانن کە «سۆممەر»ی وڵاتی ساحل و «عیلامی»ی «سوسا» کێ بوون و لە کوێوە و چ وەقتێ هاتوون؛ تەنیا ئەڵێن تاریخی خەڵکی «سۆممەر»ی لە «سۆممەر»دا و «عیلامی» لە دۆڵی «قاڕوون»دا بووە و ڕەنگە لە پێش سۆممەرییەکانا قەومێکی پێش سۆممەر (هۆری) بووبێ و لە وڵاتی ساحل و بەینەلنەهرەیندا ژیابێ.
دیسان هەر بەم تەرحە ئەڵێن لە زەمانی «سۆممەر»یەکانا لە شاخانی زاغرۆسدا بەعزێ ئەقوام بووە و ئەمانە کە عیلامی، لۆللۆ، گۆتی، کاسای و هۆری (سوبیر)یە، «مەنزوومەی گەورەی زاغرۆس» ناو نراون، بەڵام ئەم قەومانە ئەسڵ و فەسڵیان چییە؛ کەی و لە کوێوە هاتوون، بە تەواوی نەزانراوە.
قەنیم (عیلام)، هەرچەندە لە مەنزوومەی زاغرۆسە، بەڵام لەگەڵ ئەسڵی کورددا هێشتا موناسەبەت و ڕابیتەیەکی کەشف نەکراوە لە بەر ئەمە باسی ناکەین و لە «لۆللۆ» و «گۆتی»یەوە کە دوو قۆڵی گەورە و هاووڵاتین و ئەسڵی زۆر قەدیمی کوردن، دەس پێئەکەین.
3.1.1. لۆللۆ
[edit]ئەم قەومە لە وڵاتی سلێمانیی ئیمڕۆدا بوون. سەرحەدیان هەرچەندە مەعلووم نییە، بەڵام لە لەوحەیەکی دۆزراوەی «زەهاو»دا کە عائید بە «ئاننو-بانینی»ی قڕاڵی «لۆللۆ» و «گۆتی»یە و لە عەسری بیست و هەشتەمی پێش میلاددا نووسراوە، ئەڵێ مەنتیقەی «هالمان» کە وڵاتی «حەلوان»ی دەوری ئیسلام و مەنتیقەی «زەهاور»ی ئێستایە، ئەویش بە دەست لۆللۆوە بووە. بە گوێرەی تەدقیقاتی دوقتۆر سپایزەر، ڕەنگە بەعزێ لە حاکمانی ئاسووریی قەڕنی ١٨ و ١٩ی پێش میلادیش لە قەومی لۆللۆ بووبێ و موحتەمەلە کە قۆڵێکیشی لە سووریەدا ژیابێ.
لە زەمانی «سارغۆن»ی قڕاڵی ئاکادا، پادشای لۆللۆ «لاسیراب» بووە (تاریخی قەدیمی شەرقی قەریب، لاپەڕە ١٨٦). بە گوێرەی لەوحەیەکی نووسراوە کە لە دەربەندی «گاوور»دا دۆزراوەتەوە و عائید بە «نارام-سین»ی قڕاڵی ئاکاد، ئۆردووی ئاکاد لە مەعییەتی ئەم قڕاڵەدا هاتۆتە سەر وڵاتی «لۆللۆ» و زەوتیان کردووە. باسی تەفسیلیی ئەم شەڕە لەو لەوحەیەدا نووسراوە.
هەر لە دەوری ئەم «نارام-سین»ەدا بووە کە لەشکری گۆتی، ئۆردووی ئاکادی شکاندووە و حکوومەتی ئاکادی لە ناو بردووە و لە سایەی ئەم زەفەرەوە وڵاتی لۆللۆش ڕزگار بووە و ئیستقلالی خۆی سەندۆتەوە. لە دوای دەورەی نارام-سین، ئیتر زۆر کەم باسی لۆللۆ کراوە. لە ڕیوایەتی قڕاڵانی ئاسووریدا، لۆللۆ لەگەڵ گۆتی و کاسای و سوبارو تێکەڵ کراوە و بە جوێ باسیان نەکردووە. بەڵام لە دوای فاسیلەیەکی نزیک دووهەزار ساڵ ئەبینین کە قڕاڵانی ئاسووری، «تیغلات پلایزەر»، «ئاداد-نیراری» و «توکولتی-نینورتا» لەگەڵ قەومی لۆللۆدا گەلێ شەڕیان کردووە و «ئاشوور ناسرپاڵ»ی دووەمیش لە بەینی ٨٨٤ و ٨٨٠ پ.م.دا چوار دەفعە لەشکری کردۆتە سەر لۆللۆ؛ لە ئەووەڵ سەفەریدا وڵاتی ئەم قەومەی بە دەست حاکمێکی بابلییەوە دیوە و ناوی ئەم حاکمە «نورئاداد» بووە، بە گوێرەی ئەمە، ئەبێ ئەم وڵاتە تابعی حکوومەتی بابل بووبێ. لەگەڵ ئەمەشدا ئیستقلالی داخڵیی هەبووە. ئۆردووی ئاسووری، لە دەربەندی بازیانەوە کە لەو زەمانەدا «بابیت»یان پێ ئەگوت، داخڵی وڵاتی لۆللۆ بووە. ئەم دەربەندە بە دیوارێکی مەحکەم چنرابوو و لە پشتیەوە قەڵای «ئۆزی» هەبوو. ئۆردووی ئاسووری، لە ڕێگەی شاخەوە پشت دەربەند کەوتوون و گرتوویانە و لە پاشدا شاری «بابیت»، «دغارا»، «بارا»، «کاکری» و بیست شاری تریان زەوت کردووە. «زیمیری»یان کە مەرکەزی لۆللۆ بووە، داگیر کردووە . قڕاڵی لۆللۆ کە ناوی «ئامیخا» بوو، خۆی کێشاوەتە شاخان (چیا) و بە گوێرەی سێر ئۆلمستید لەگەڵ بەعزێ ڕوئەسا و لەشکریدا لە قەڵای «نیسیر = کینبا = پیرەمەگروون»دا خۆیان قایم کردووە، لەشکری ئاسووری کە لە ژێر قۆماندای وەلیعەهد «شەلمانەسر»دا بوو، هاتۆتە سەریان و ئەووەڵ تەجروبەی هجوومیان سەری نەگرتووە و موهاجمینی ئاسوورییان لە ناو بردووە، بەڵام وا دەرئەکەوێ لە دواییدا لەگەڵ مودافعین ڕێک کەوتوون. «ئاشوور ناسرپاڵ» بەم غەلبەیە زۆر فەخری کردووە و حەتا لە نزیک ستوونی زەفەری «تیغلات پلایسەر» و «توکولتی نینورتا»دا ئەویش ستوونێکی زەفەری داناوە.
«شەلماناسەر»ی دووەمیش لە ٨٥٩ی پ.م.دا هاتۆتە سەر وڵاتی زاموا و تا هەورازی شاخانی «نیکدیم» و «نیکدی ئیرا»ی زەوت کردووە. هەر ئەم مەلیکە لە ٨٤٤ی پ.م.دا لەشکری کردۆتە سەر وڵاتی «نامری» و ڕەنگە بە ناو وڵاتی زاموادا ڕۆیشتبێ. قڕاڵی نامری کە ناوی «مەردۆک-مودامیک» بووە هەڵاتۆتە شاخان.
لە ٨٢٩ی پ.م.دا ئەم قڕاڵی ئاسوورییە مەنتیقەی «کارخی»شی وێران کردووە. ساڵێ لە دوای ئەم سەفەرە وڵاتی زاموا بۆ ئاسووری ساغ بۆتەوە و بۆتە ئیقلیمێکی دەوڵەتی ئاسووری. لە دوای شکانی «شەلمانەسەر»ی سێیەم (٨٨٣ـ ٧٧٣ی پ.م) بەرامبەر بە «ساردوریس»ی ئەووەڵی قڕاڵی ئورارتو، وڵاتی لۆللۆ بەینێک کەوتە دەس تەڕەفی غالب.
لە ئەواسیتی قەڕنی هەشتەمی پێش میلاددا وڵاتی زاموا کەوتە دەس «ئاپلیا»ناو حاکمێکی عاسیی ئاسووری و لە نیهایەتی ئەم قەڕنەدا وڵاتەکە لە تەڕەف حکوومەتی ئاسوورییەوە ناو نرا «لۆللۆم» . تیغلات پلایزەری چوارەم (٧٤٥ـ ٧٢٧ پ.م) بەعزێ لە ئارامییەکانی مەزۆپۆتامیای نەقڵی ئەم وڵاتە کردووە (فورەر، لاپەڕە ٤٣).
خولاسە ئەم وڵاتی «لۆللۆم»ە، لە ئەواخیری حکوومەتی ئاسووریدا موددەتێکی زۆر لە ناو شەڕ و شۆر و عوسیانی ئومەرای ئاسووریدا ما و نیهایەت لە دوای پەیابوونی حکوومەتی میدیا و لەناوچوونی حکوومەتی ئاسووری، کەوتە دەس حکوومەتی میدیا. سێیەم پادشای ئەم حکوومەتە تازەیە، دەفعەی دووەم کە چووە سەر «نەینەوا»، بە سەر ئەم وڵاتی «لۆللۆم»ەدا ڕابورد.
مەدەنیەتی:
زاهیر وایە کە ئەم قەومی لۆللۆوە، مەدەنییەتێکی مناسبی بووە و لە دوای تەماسیان لەگەڵ قەومی «ئاکاد»ا، زیاتر پێش کەوتوون و لە نووسینا ئوسوولی خەتی «ئاکاد»یان قەبووڵ کردووە. سەنعەتکارێکی باش بوون و شاهیدی ئەمەش، ڕیوایەتی قڕاڵی ئاسووری، «ئاشوور ناسرپاڵ»ە، حەتا ئەم قڕاڵە گەلێ سەنعەتکاری لەم وڵاتەوە بردۆتە شارانی ئاسووری و مەقسەدیشی بڵاوکردنەوەی سەنعەتیان و جوانکردنی شارانی ئاسووری بوو. وڵاتەکەیان زۆر بەرەو ئاوەدانی چووە. بە گوێرەی وەسائیقی ئاسووری، شارانی زۆریان بووە کە ئەمەش دەلیلی ڕفاه و مەدەنییەتیانە.
زمانی:
بە گوێرەی موستەشریق هۆزینغ، ئەبێ زمانی ئەم قەومە لە تەوابعی زمانی عیلامی، یەعنی لە شوعبەی قۆقازی بێ. لەگەڵ ئەمەش، ئەگەر تەماشای ئەسمای خاسسەی لۆللۆ بکرێ، ئەبینرێ کە لەگەڵ زمانی «هۆری»دا بەعزێ موشابەهەتی هەیە. ڕاستییەکەی ئەمەیە کە ئاساری دۆزراوە دەرحەق بە زمانی ئەم قەومە مەعلووماتێکی کافییە نادا.
جوغرافیای:
حدوودی وڵاتی لۆللۆ، بە تەواوی مەعلووم نییە، بەڵام بە گوێرەی خەریتەکانی تەواریخی قەدیمە و بەعزێ مەعلوومات کە لە وەسائیقی دۆزراوە دەرهێنراوە، ئەبێ لە شیمالی «زاموا» مەنتیقەی «نامری»، لە تەڕەف ڕۆژهەڵاتیەوە نەواحیی «سومی» و «هاشمار» و «هارهار» ، «هالمان = نارمان» ، لە داخڵیشدا نەواحیی «لارا» و «سیماش» و «کیماش» بووبێ . لە تەڕەفی جنووبیەوە لەگەڵ وڵاتانی «باراهسی» و «توکریش»ی عیلامدا دراوسێ بووبێ، لە تەڕەف ڕۆژئاوایەوە وڵاتی «ئاررافا = ئارابخا» یەعنی کەرکووکی ئێستا هەبووە.
شارانی بەشۆرەتی: «بابیت»، «داغارا»، «بارا»، «کاکری»، «زیمری»، «هۆدون»، «مەسۆ»، «ئارزیرۆ» و قەڵای «ئۆزی» و «کینبا» بووە. شاخانی بەناوبانگی، «نیسیر» Nisir.
بە گوێرەی ڕیوایەتی بابلییەکان سەفینەکەی حەزرەتی نووح (علیە السلام) لە دوای تۆفان لە سەر شاخی «نیسیر» نیشتۆتەوە. «ئاشوور ناسرپاڵ»ی قڕاڵی ئاسووری ئەڵێ ئەم شاخە لە شەرقی وڵاتی ئاسوور بوو، شاخێکی تەنیا (منفرد) و سەرەکەی وەکوو نووکی ڕم تیژ بوو. ئەم ڕیوایەتە ئیدیعای فۆن مینۆرسکی تەئیید ئەکا. وەکوو قورئانی موبین ئیشارەتی فەرمووە: «استوت علی الجودی ...»، موئەللیفینی ڕوحانیەی گاورەکان ئەڵێن سەفینەی حەزرەتی نووح (علیە السلام) لە سەر شاخی جوودی نیشتۆتەوە. ئەم لەفزی جۆدییە (سێر کینغ، جۆدی و شاخی نیپوور بە یەک شاخ دائەنێ) ئەبێ لە گۆتییەوە هاتبێ. ناقلی ئەم ناوە کە عەرەبە، زاتەن حەرفی «گ» بە «ج» تەلەفوز ئەکەن: ماگدەبورگ = ماجدە بورج، ئینگلیز = ئانجلیز، و لە بەینی تەلەفوزی «ت» و «د»دا قەرابەت هەیە و بەم تەرحە «گۆتی»ی تاریخی، بە شکڵی «جودی» داخڵی کتێبی عەرەبی بووە و بە گوێرەی ئەم مولاحەزەیە جەبەل جۆدی ئەبێ شاخی «گۆتی، کوتی، کورتی، کوردی» بێ. واقیعەن بە گوێرەی وەسائیقی قەدیمە، مەهبەت [شوێنی نیشتنەوە]ی سەفینەکە «نیسیر = شاخی ڕزگاری» لە وڵاتی گۆتیدا بووە. کە وا بوو، ئەبێ موحیتی «نیسیر»یش دووەم جێگەی پەیابوون و زۆربوون و بڵاوبوونەوەی بەنیئادەم بێ. زۆر موحتەمەلە کە لە دوای موددەتێکی زۆر بەنیئادەم لە دوای تۆفان کە زۆر بوو، بەرەبەرە بڵاوەی کردبێ و وەکوو «هاروەی ڕۆبنسن» و «هەنری بریستید» ئەڵێن بەشێکی ئەبێ ڕووی کردبێتە جنووبی غەربی سووریە، فەلەستین و ئەفریقیا و بەشێکی تریشی ڕووی کردبێتە پشت شاخی قەفقاس، کێوی قاف و بەرەبەرە لە شەرق و شیمالی بەحری خەزەرەوە تا حەوزەی سوفلای «تونە» بڵاو بووبنەوە و بەڵکوو بەعزێ قەومیشی لە جێگەی خۆیانا ماونەوە.
مستەر م. سترەک لە ئەنسقلۆپەدیای ئیسلامدا، جڵدی ١، لاپەڕە ١٠٦دا ئەڵێ موئەللیفینی نەسارا بە «جەبەل جۆدی»یان «شاخانی کوردوئەن» گوتووە، زاتەن «نیسیر»یش لە ناو وڵاتی کوردوئەندا بوو. لە دەوری ئاسووریدا وڵاتی بۆتان و ئاسووری بە «گۆتیوم» یەعنی وڵاتی قەومی «گۆتی ـ کوتی» ناسرابوو و ڕەنگە ئەم ناوە لە مەبادیی ئیسلامدا هێشتا لە فکر نەچووبێتەوە و لەفزی «جودی»ی لێ پەیا بووبێ. وەیا «کینبا = شاخی ڕزگاری»، نیکدیم، نیکدی-ئیرا، سیماکی، ئازیروا = ئەزمڕ، کولار ، لالار، سوانی ، نیشپی و شاخی هەورامان بووە. چەمی «رادنو» و «ئەدیر» یشی مەعلوومە. (سپایزەر)
3.1.2. گۆتی (Guti)
[edit]وەکوو لە مادەی سێیەمی فەسڵی دووەمدا باسمان کرد، ئەم قەومەش لە کۆمەڵە گەورەی زاغرۆسە و بە گوێرەی فکر و قەناعەتی بەعزێ موستەشریقین بە ئاشکرا ئەسڵی زۆر قەدیمی کوردە و لە زاغرۆسدا مەنتیقەیەکی گەورەی بە دەستەوە بووە و حکوومەتێکی سەربەخۆشی بووە. بە گوێرەی جەدوەلی حوکمدارانی «تاریخی قەدیمی شەرقی قەریب»، ئەبێ ئەووەڵ قڕاڵی ناسراوی، «ئانناتوم» بێ کە لەگەڵ «عیلامی»دا شەڕی کردووە و لە عەینی وەقتدا قڕاڵی «لاغاش» بووە (لە عەسری ٣١ی پێش میلاددا).
عەینی جەدوەل باسی «لۆگال زاگیس»ی «گۆتی» ئەکا کە لە قەڕنی ٢٩یەمینی پێش میلاددا قڕاڵی «ئەریخ» و «سۆممەر» بووە. یەکێ لە قڕاڵانی «گۆتی»یش، فاتحی «هالمان»، «ئاننوبانینی» بوو کە پێش دەوری «سارغۆن»ی ئاکاد کەوتووە. دوقتۆر سپایزەر لە کتێبە نایابەکەی خۆیدا (لاپەڕە ٩٩) ئەڵێ بە گوێرەی ئەسمائی خاسسەی سۆممەری، مومکینە ئیدیعا بکرێ کە لە زەمانی حکوومەتە هەرە قەدیمەکانیشدا لە وڵاتی «سۆممەر»دا عەناسری «گۆتی» بووە و لە دوای ئەمە کە ئەم عەشائیری «گۆتی»یە قووەت و نفووزێکی زۆریان لەو وڵاتەدا پەیا کرد ئینجا هەڵیانکوتایە سەر وڵاتی ئاکاد و قڕاڵە گەورەکەی ئاکادیان، کە مەشهوور «نارام-سین» (عەسری ٢٧ی پێش میلاد) بوو، شکاند و لە دوای موددەتێک وڵاتی ئاکادیشیان داگیر کرد و بەڵکوو نزیک دوو عەسرێک حکوومەتیان تیا کردووە. لە مەجرای حادیسات، کە لە ئاساری دۆزراوە دەرهێنراوە، وا دەرئەکەوێ کە وڵاتی سۆممەر و ئاکاد، موددەتێکی زۆر بە دەس حکوومەتی «گۆتی»یەوە بووە و حوکمدارانی هەرە بەقووەتی، «لاغاش»یش تابعیان بووە. واقیعە دەوری سەعادەتی لاغاش، لە ژێر ئیدارەی «پاتەسی، گودی» دا بووە (٢٥٠٠ پ.م)، تەوافوقی دەوری حکوومەتی گۆتی ئەکا و ڕەنگە گۆدی بە تەواوی گۆتی بێ. زۆر جێگەی ئەسەفە کە دەرحەق بە وەقایعی تاریخییەی ئەم حکوومەتە هەرە قەدیمەی کوردە، مەعلووماتێکی کافی دەس نەکەوتووە و نازانین لە زەرفی ئەو موددەتی حکوومەتەیدا (نزیک دوو عەسر) چی بووە و چەند قڕاڵی حوکمی کردووە و ناویان چی بووە، لە جەدوەلی حوکمدارانی قەدیمەدا کە ساحێبی «تاریخی قەدیمی شەرقی قەریب»، مستر هۆل، لە ناو کتێبەکەیدا دایناوە، لە بەینی نارام-سین و ئیستیلای حکوومەتی ئوور بە سەر ئاکاددا (٢٧٠٠- ٢٥٠٠ پ.م) ناوی هیچ قڕاڵێک نەنووسراوە. بەڵام دوقتۆر سپایزەر لە کتێبەکەی خۆیدا ئەڵێ ئاخر حوکمداری گۆتیی ئاکاد، «تیرگان» بووە.
بە گوێرەی جەدوەلەکەی میستر هۆل، (لاپەڕە ٢١٠)، ئەبێ لە عەسری ٢٨می پێش میلاددا مەشهوور سارغۆن، یاخود «شارگانی – شارری» لەگەڵ قڕاڵی گۆتی، «شارلاک»دا شەڕی کردبێ و غالب بووبێ (تاریخی قەدیمی شەرقی قەریب، لاپەڕە ١٨٦).
لە دوای ئەمە کە حکوومەتی گۆتی، لە تەڕەف «ئوتو-هیگال»ی قڕاڵی «ئور-ئوروک»ەوە لە ناو برا، عەشائیری «گۆتی» گەڕایەوە وەتەنی قەدیمی، یەعنی شاخانی زاغرۆس و ئیتر ئەو وڵاتەیان ناڕەحەت نەکردووە. تەنیا لە تەعەڕوزی عەشائیری «کاسای»دا بۆ سەر بابل، قەومی «گۆتی»یش یارمەتی دا. «گۆتی» لەگەڵ «لۆللۆ»دا تێکەڵاو بوون و بەشێک لە وڵاتی «لۆللۆ» بووە، دەلیلی ئەمەش بوونی شاخی «نەیسیر» لە وڵاتی هەر دوو قەومەکەدا و بوونی شارێکی گۆتی لە «زاموا»دایە، ئەم شارەش ئەبێ «ئولوبولاغ = ئابلاخ» بێ کە لە تەڕەف موحەرریرێکی ئاسوورییەوە لە شکڵی «تاغالاغا» و «لاغاب» وەیا «غالاغا»دا نووسراوە. لە ئیعتیباری ئەم تاریخەوە تا مەبادیی حکوومەتی ئاسووری، دەرحەق بە ئەحواڵی تاریخییەی گۆتی، وەسیقەیەک نەدۆزراوەتەوە. زاتەن لە سێ ڕوبعی دووەم هەزار ساڵی پێش میلاددا، حکوومەتی ئاسووری عیبارەت بوو لە بەعزێ حکووماتی پچووک پچووک و بێهێز، نەک ئەمەی کە بتوانن لەگەڵ قەومانی کێویدا خەریک بن، بەڵکوو خۆشیان لە ژێر نفووز و تەئسیری ئەوانا ماون و موددەتێکی زۆر لە ژێر حوکمی «میتانی»دا بوون. ئەبینین کە ئەووەڵ حوکمداری ئاسووری ـ کە ڕەنگە لە عەسری ٢٣یەمینی پێش میلاددا بووبێ ـ کوڕی «ئایاکولابا» بووە کە لە ناوێکی گۆتی ئەچێ. «ئەوشیا» و «کیکیا»ی حاکمانی قەدیمی ئاسووریش کە لە عەینی عەسردا بوون، وا دیارە کە «میتانی»ن. یەکێ لە قڕاڵەکانی ئاسووری عەسری نۆزدەهەمی پێش میلاد کە ناوی «ئاداسی» بوو، ئەبێ زاغرۆسی بێ. لە دوای ئەمەش، «لۆللۆلای»ناو قڕاڵێکیان بووە کە بە تەواوی لە قەومی «لۆللۆ»یە. خولاسە لە ئەواخیری دووەم هەزار ساڵی پێش میلاددا ئینجا ئاسووری بۆتە ساحێبی ئیستقلالێکی سیاسی و لەگەڵ دراوسێیەکانی کەوتۆتە شەڕەوە.
«ئەدادـ نیراری»ی قڕاڵی ئاسووری (١٣١٠- ١٢٨١ پ.م) لە ئەسەرێکی دۆزراوەیا ئەڵێ ئۆردووەکانی «کاسایگ»، «گۆتی»، «لۆللۆم»، و «سۆباری»م شکاند. ئەم «گۆتی»یەی کە لێرەدا باس کراوە، عەینی قەومی «گۆتی»یە کە لە سجیللاتی «سۆممەر» و «ئاکاد»دا باس کراوە. «شەلماناسەر»ی ئەووەڵ (١٢٨٠- ١٢٦١ پ.م) دائیرەی غەلبەی خۆی تا «ئوروئارتی»، یەعنی ئەرمەنیە و «خانی گالبات» تەوسیع کردووە و ئەڵێ: «قەومی گۆتی، کە لە ئاسمانی ئەم دەورەدا وەکوو ئەستێرە ئەدرەوشایەوە و نەک هەر بە زۆری، بەڵکوو بە عەزم و شیددەت و دیهشەت و تەخریباتی، مەشهوور بوو، بەرامبەر بە من عوسیانی کرد و لە دوشمنایەتیدا دەوامی کرد». ئەم ڕیوایەتە دەرحەق بە قووەت و دڕی و ئەخلاق و تەبیاتی ئەم قەومە، تەسویرێکی زۆر تەواوە و عەشائیری نەبەز و نەترسی کوردستانی ئیمڕۆ دێنێتەوە بەر چاو.
دوایی ئەم شەڕە وا بوو کە ئۆردووی ئاسووری، دوشمنەکەی بە موەقەتی شکاند بە تەرحێ کە بۆ قڕاڵانی ئاسوور بۆ تەمسیل، دەرحەقیان زوڵم و وەحشەت کرا و «شەلماناسەر» ئەڵێ: «لە حدوودی «ئۆراتری»یەوە تا ئەگاتە «کەموخی»، لە داخڵی ئەو مەملەکەتە گەورەیەدا خوێنی «کۆتی» وەکوو ئاو ڕێژرا». لەم ڕیوایەتە وا تێئەگەین کە مەنتیقەی عوسیانی قەومی گۆتی، لە ئەرمەنیەوە تا شاخی «تۆرعابدین» چووە. خولاسە، چ بە نەزەر ئەم وەسیقەیە و چ بە ڕیوایەتی «توکولتی- ئینورتا» و قڕاڵە قەدیمەکانی تر، ئەبێ هەموو مەنتیقەی زاغرۆسی ناوەڕاست، وەتەنی قەومی گۆتی بووبێ.
پرۆفیسۆر سپایزەر لە سەر قسەی خۆی ئەڕوا و ئەڵێ: قەومی گۆتی وەیا (کوتی = کورتی)، لە خسووس زمانەوە لە کۆمەڵی زاغرۆسە و لە بەر ئەمە نابێ بە چاوی سامی یا «هیند و ئەورووپی» تەماشای بکرێ. واقیعەن بەعزێ ئەقوامی «هیند و ئەورووپی»ی تێکەڵ بووە و لە ئەواسیتی دووەم هەزار ساڵی پێش میلادیشدا بەعزێ ئەقوامی ئاریە لە مەزۆپۆتامیادا بینراوە و حەتا لە ئەووەڵ هەزار ساڵی پێش میلاددا بەشی زۆری زاغرۆس بووبوو بە «هیند و ئەورووپی» وەیا «ئاری»، بەڵام بۆ بوونی «کۆتی» بە «هیند و ئەورووپی» دەلیلێکی قەتعی نییە (ئەقوامی مەزۆپۆتامیا، لاپەڕە ٩٦-١١٩).
3.1.3. کاسای (Kassites)
[edit]قەومی کاسای وەیا «کاششو»ی ئاکاد وەیا «کوش»ی ئینجیل و بابلی، لە مەنزوومەی زاغرۆس بووە. بەرەبەرە شەرقی بابلستانی تا قەراغ دیجلە داگیر کردبوو. زۆر جار وڵاتی بابلستانی ناڕەحەت و تاڵان ئەکرد. حەتا «ئامی-زادوغا»ی قڕاڵی بابل، کە چوارەم خەلەفی حەموورابی بوو (١٩٧٧- ١٩٥٦ پ.م)، بۆ بەربەستکردنی هجووم و خراپەی قەومی «کاسای»، لەگەڵ عیلامییەکانا ئیتفاقێکی تەدافوعی کردووە (تاریخی قەدیمی شەرقی قەریب، لاپەڕە ١٩٨). عەشائیری کاسای لە زەمانی «سامسو-ئیللونا»دا هەڵیانکوتایە سەر بابلستان بەڵام پێیان زەوت نەکرا.
لە زەمانی یانزەمین و ئاخر قڕاڵی بابل، «سامسو-دیتانا»ی عامووریدا قەومی «خاتی»ی ئەناتۆلی، لافاوی تاڵان و تەخریبیان گەیاندە بابلستان و وڵاتەکەیان وێران کرد و لە ناو خوێن و فرمێسکدا بەجێیان هێشت و گەڕانەوە وڵاتی خۆیان. ئەم حادیسەیە بووە سەبەبی لەناوچوونی حکوومەتی عامووری. بەڵام لە لایەکی تریشەوە خدمەتی غایەی سیاسییەی قەومی کاسای کرد، لە دوای ئەم ئیستیلایە ڕەنگە موددەی دوو عەسرێک دیسانەوە وڵاتی بابلستان بە دەس حکوومەتێکی خۆماڵییەوە مابێ. بەڵام دەرحەقی، هیچ مەعلووماتێک نییە. لە نیهایەتی ئەم دەورەیەدایە کە قەومی کاسای، بە موعاوەنەتی عەشائیری خزم (گۆتی، لۆللۆ) و لە ژێر ئیدارەی «غاندیش»ی ڕەئیسیدا هەڵیکوتاوەتە سەر بابلستان و زەوتی کردووە (١٧٦٠ پ.م، و بە گوێرەی سپایزەر ١٧٤٦ پ.م)
فاتحی تازەی بابل، تا موددەتێک داخڵی ئیش و کاری سیاسیی حکوومەتی جنووبی نەکرد. ئەم حکوومەتە نزیک سێ عەسر مەوجوودییەتی سیاسییەی خۆی موحافەزە کردبوو (٢٠٦٨- ١٧١٠ پ.م). ئەم حکوومەتی جنووبە ئاخر تیمسالی «عیرقی سۆممەر»ی قەدیم بوو. لە دوای لەناوچوونی ئەم حکوومەتە، قەومی سۆممەریش ون بوو و زمانەکەشی بوو بە زمانێکی مردوو و هەر لە تەڕەف قەشەکان (ڕەهبان)ەوە موحافەزە کرا.
لە زەمانی حکوومەتی «ئی. گامیل» دا دوایی حکوومەتی سۆممەری هات (غالبەن لە ١٧١٠ پ.م). ئەم قڕاڵە ویستی وڵاتی عیلام زەوت بکا، فەقەت بۆی نەچووە سەر و شکا و گێڕایەوە دواوە. لەو وەقتەدا دایکی لە ڕوئەسای کاسای، کە ناوی «ئولام-بوریاش» بوو، هەڵیکوتایە سەر «ئی-گامیل» و حکوومەتەکەی لە دەس سەند وەکوو تابعێکی قڕاڵی بابل، کە باوکی بوو، ناوی «بورنابوراریش» بوو، وڵاتی سۆممەری ئیدارە کرد. لە دوای چەند ساڵێک، دوایی حادیسە ڕووی دا و قڕاڵی کاسای بابلستان (ئاگۆم)ی سێیەم کە برازای «ئۆلام بوریاش» بوو، ئاخر قەڵای خەڵکی وڵاتی ساحلی کە «دوور-ئی» بوو گرت.
لە دوای ئەمە کە وڵاتی ساحل (وڵاتی سۆممەر) بە تەواوی زەوت کرا، قڕاڵی کاسای، عینوانی «کاردونیاش»ی بۆ دوو وڵاتەکە (سۆممەر و ئاکاد)، قەبووڵ کرد و بەم ناوە تازەیەوە نزیک شەش عەسر (لە ١٧٤٦ەوە تا ١١٧١ پ.م) (بە گوێرەی سپایزەر) ئەم حکوومەتە بە شان و شەوکەتە دەوامی کرد و ویسعەتی مەملەکەتەکەی لە ویسعەتی ئیقلیمی «خەموورابی»ش زیاتر بوو. قەومی «هیتیت»یان بە تەواوی شکاند و بوتەکانی بابلیان لێ سەندنەوە. واقیعەن خەموورابی و ئەسلاف و ئەخلافی نەیانتوانیوە کە حەتا وڵاتی سۆممەریش بۆ خۆیان ساغ بکەنەوە (دەرحەق بە حکوومەتی کاسای لە جڵدی دووەمدا تەفسیلات ئەدرێ).
قەومی کاسای، وەکوو عەشائیری گۆتی لە دوای لەناوچوونی حکوومەتەکەیان گەڕانەوە زاغرۆس. لە دوای حکوومەتی ڕۆما، هێندێ لە عەشائیری کاسای، لە خووزستاندا و لە دەوری سووس بینرا و لە ئاساری قەدیمە وا دەرئەکەوێ کە بەشی جنووبی شەرقی کاسای، بەینێک لە ژێر حوکم و نفووزی عیلامیدا بووە (ئینسقلۆپەدیای ئیسلام) .
خولاسە وا دەرئەکەوێ کە ئەم قەومە تا میلاد و بەڵکوو تا دواییشی هەر بەو ناوەوە لە وڵاتی لوڕستاندا بوون و بەرەبەرە ئەو ناوە ون بووە و لە جێگەی ئەو، عەشائیری لوڕ پەیا بووە. واقیعەن لە بەینی لەفزی «کاسای = کاشوو = کوشی» و «لوڕ»دا موشابەهەتێکی لەفزییە نییە و تەعبیری لوڕ، هەر وەکوو نەزەرییەی پرۆفیسۆر سپایزەر [ئەڵێ]، نزیکی لەفزی لۆللۆیە؛ بەڵام هیچ بەدوور نییە کە لەفزی لوڕ، ناوی شوعبەیەکی کاسایی بێ و لە دواییدا بووبێتە عینوان بۆ هەموو عەشائیرەکە.
عیرق و دیانەت:
بەشی زۆری موستەشریقین لەو قەناعەتەدان کە ئەم قەومە لە عیرقی ئارییە. پرۆفیسۆر سپایزەر و بەعزێکیش ئەڵێن بە نەزەر زمانەکەیانەوە ڕەنگە لەگەڵ عیرقی «قۆقازی»دا ڕابیتە و مناسەبەتیان بێ. قەومی «کاسی»، وەکوو دراوسێکان، بوتپەرست بوون و هەرە گەورەی مەعبوودەکانیان «سریاش» یەعنی «الهة الشمس» بوو. مەعبوودەکانی تریان، «خارب، دونیاش، شاخ، شیپاک، شوکامونا ... الخ»ە. تەعبیری «ئیلاهە» بە زمانی کاسای، «بوغاش» بوو.
دەرحەق بە ئایین و عیبادەتی ئەم قەومە مەعلووماتێک نییە. (تاریخی قەدیمی شەرقی قەریب)
زمان و مەدەنییەت:
بە گوێرەی میستر هۆل، زمانی کاسای، ئاری بووە، مەسەلەن وەکوو «ئایندابوغاش» کە بە سەڕاحەت کەلیمەیەکی ئارییە و موقابەلەکەی بە پارسی «ئینتافەرنەس»ە. مستەر پینچێر دەرحەق بە زمانی کاسای، کتێبێکی نووسیوە بەڵام ئەوەندە باوەڕی پێ ناکرێ. لەگەڵ ئەمەشدا مناسەبەتی زمانی کاسای لەگەڵ زمانی کۆمەڵی زاغرۆسدا بێشوبهەیە. (ئەقوامی مەزۆپۆتامیا).
موستەشریق هۆزینغ ئەڵێ لەهجەی کاسای لە زمانی شیمالی عیلامی ئەکا، و لە تەڕەفێکی تریشەوە بەعزێ ئەسمای کاسای لە ناوانی «هۆری» ئەکا. خولاسە بە تەواوی ساغ نەکراوەتەوە.
دەرحەق بە مەدەنییەتی ئەم قەومە مەعلووماتێکی وا نییە. بە ڕەغمی ئەمە، وا دیارە لە پێش تەشکیلی حکوومەتی بابلیدا لە خسووس زەراعەتەوە قابلیەتێکی بەرزیان بووە، جنسی ئەسپیان بۆ ئەرەبانە ڕاکێشان و بۆ سواری ئیستعمال کردووە. ئەم بەرزەوڵاخە لە تەڕەف ئەمانەوە هێنراوەتە بابلستان. لە دوای فەتحی بابل، مەدەنییەتی بابلییەکانیان قەبووڵ کردووە، لە خەت و سەنایعیشدا ئیستفادەیان لێ کردوون.
3.1.4. میتانی (Mitanni)
[edit]موحەرریری «تاریخی بابلستان»، سێر کینغ، ئەم قەومە بە قۆڵێکی کاسای دائەنێ و ئەڵێ لە عیرقی ئارییە، بەڵام ئیزاحاتی «ئەقوامی مەزۆپۆتامیا، لاپەڕە ١٢٨ و ١٣٥» نەوعێکی ترە و ئەڵێ: شوعبەیەکی قەومی «سوبارو = سوبارتۆ»یە. لە فوراتی ئەوسەتدا (بەینی مووسڵ ـ جەرابلس) بوون، تەقریبەن لە عەسری شانزەمینی پێش میلاددا حکوومەتێکی بەقووەتیان دامەزراندووە (تەفسیلاتی لە جڵدی دووەمدایە) و یەکێ لە چوار حکوومەتە گەورەکان (میسر، هیتیت، کاردۆنیاش، میتانیش)ە. پایتەخی، شاری «واششوغانی» بوو. لە ئەوراقی «ئامارنا»دا باسی مناسەبەتی «میتانی» لەگەڵ حکوومەتی میسردا کراوە. کاغەزێکی «توشراتا»ی قڕاڵیان کەشف کراوە و بە زمانی میتانی نووسراوە و ٦٠٠ دێڕە. وەلحاڵ زمانی سیاسیی ئەو زەمانە «ئاکادی» بووە. موستەشریق بۆرک ئەڵێ: زمانی ئەو کاغەزە لە عەناسری زمانی «قۆقازی»یە.
وڵاتی میتانی بە عینوانی «سوباری»ش مەشهوور بووە. لە مەنتیقەی کەرکووکدا چەند هەزار وەسیقەیەک دەرحەق بە سوباری و میتانی کەشف کراوە. لە «بوغازکۆی»شدا گەلێ ئاساریان دۆزراوەتەوە. موستەشریق جەنس ئەڵێ تەعبیری «میتانی» بۆ خانەدانی حکوومەت بوو و ئەسڵی قەومەکە «سوباری» بوون و ناوی وڵاتەکەیان «هانی گالبات» بووە و ئەم تەفسیرە لەگەڵ ئەلواحی دۆزراوەی کەرکووک تەوافوق ئەکا.
ئەم حکوومەتی میتانییە، لە دەوری سەڵتەنەتی «ئاشوور ناسرپاڵ»ی سێیەمدا بەرەبەرە وڵاتانی لە تەڕەف ئاسوورییەوە زەوت کرا و حکوومەتەکەی لە ناو چوو (تاریخی عموومیی موئەرریخین). وەکوو لە جڵدی دووەمدا ئەیبینین ئەم حکوومەتە بەینێک زۆر بەقووەت بوو، سووریە، وڵاتی عامووری، بەشێکی کوردستان تا ئۆرفا و وڵاتی ئاسووری هەموو لە ژێر حوکمیدا بوون.
ئەهالیی قەدیمەی میسر بەم «میتانی»یەیان گوتووە «ناهاری» و لە توورانیشدا بە «ئارام-ناهارەم» ناو براون (تاریخی عموومیی موئەرریخین، جڵدی ٢، لاپەڕە ٣٨١). بە گوێرەی ئەم ناوە هیچ بەدوور نییە کە ئیسمی «نایری» لەم «ناهاری»یەوە هاتبێ.
3.1.5. سوباری (Subari)
[edit]ئەم ناوە لە پێشا، یەعنی لە دەورەی ئاکاددا، تەعبیرێکی جوغرافی و ناوی مەملەکەتێکی زۆر گەورە بووە لە حدوودی شیمالی غەربی «عیلام»ەوە تا شاخی «ئامانۆس» چووە. لە دواییدا بۆتە عینوانی عەشائیرێکی زۆری کوردستان؛ ئەم عەشائیرە لە ئەقوامی ئەساسییەی زاغرۆس جیا بوون. بەشێکی ئەقوامی سوباری، لە مەزۆپۆتامیا، سووریە و ئەناتۆلیشدا بووە. وەکوو لە سەرەوە گوتمان، بەعزێ موستەشریقین «میتانی»ش بە قۆڵێکی «سوباری» دائەنێن و ڕەنگە قۆڵی مەزۆپۆتامیای «هۆری»ش لە ژێر ناوی «سوباری»دا ناسرابن (سپایزەر). سێر سیدنەی سمیت ئەڵێ: بەشی غەربی دیجلە [لە خەڵکی] سوباری، بە ناوی هۆرییەوە ناسراوە.
دەرحەق بە تاریخی سیاسیی ئەم قەومە مەعلوومات زۆر کەمە. تەنیا لە وەسائیقی بەعزێ شەڕی قڕاڵانی ئاسووری کە لەگەڵیانا کردوون ناویان هێنراوە. «تیغلات پلایسەر»ی ئەووەڵ (١١١٠- ١١٠٠ پ.م) یەکێ لە شارانی مەشهوورەی سوباری کە «شەریش» بووە، موحاسەرە کرد، لەم شەڕەدا عەشائیری سوباری لەگەڵ موشکی و کارتیدا موتتەفیق بوون و مودافەعەیەکی مەردانەیان کردووە (تاریخی قەدیمی ئاسوور).
لە دەوری حکوومەتی ئاسووریدا ئەم ناوی «سوباری»یە بە تەدریجی ون بووە و لە جێگەی ئەو، ناوی «نایری» هاتە مەیدانەوە و ئاسوورییەکانیان زۆر هیلاک کردووە.
3.1.6. نایری (Nairi)
[edit]ئەو قەومە دڕ و گەورەیە، وەکوو لە فەسڵی دووەم (مادەی ٣)دا باسمان کرد، هەموو ئەقوامی کوردستانی تەمسیل کردووە و جێگەی «سوباری»ی بە تەواوی گرتۆتەوە. زۆر جێگەی ئەسەفە کە دەرحەق بە تاریخی ئەم «نایری»یەش مەعلووماتێکی دروستمان نییە. قڕاڵی ئاسووری، «تیغلات پلایسەر»ی ئەووەڵ، لەگەڵ بیست و سێ قڕاڵی نایری و چەند موتتەفیقێکیانا لە دەشتی «مەلازگەرد»دا شەڕێکی گەورەی کردووە و لە مەنبەعی دیجلەدا ستوونێکی زەفەری بۆ ئەم شەڕە داناوە و تەفسیلاتی لە سەر نووسیوە (ئینسقلۆپەدیای ئیسلام).
لە ٩١٠ پ.م.یشدا لەشکری ئاسووری چۆتە سەر وڵاتی «کوتموخ» و لە بەینی «جۆدی» و دیجلەدا» شەڕی لەگەڵ نایری کردووە و ئەم وڵاتەی هێناوەتە ژێر ئیتاعەتەوە. «توکولتی نینیب»ی دووەم (٨٩٠- ٨٨٤ پ.م)یش دیسانەوە زۆریان لەگەڵ خەریک بووە.
خولاسە، کەم قڕاڵی ئاسووری بووە کە لەگەڵ ئەم عەشائیرە دڕەی نایرییەدا کەم یا زۆر خەریک نەبووبێ و ئەمەش وە نییە کە دائیمەن لە شکڵی تەعەڕوزدا بووبێ، گەلێ جار عەشائیری کێویی نایری، ئاسوورییەیان تەهدید کردووە و ئۆردووی ئاسووری تەنیا بۆ موحافەزەی مەملەکەتەکەی خۆیان لەگەڵیانا کەوتۆتە شەڕەوە. مەسەلەن ئەبینین کە عەشائیری نایری لە ٧٤٣ پ.م.دا لە شیمالی شەرقییەوە ڕوویان کردۆتە وڵاتی ئاسووری و تا ناوەڕاستی هاتوون و «تیغلات پلایسەر»ی چوارەم بە هەزار حاڵ ئەم عەشائیرەی لە ئاسوورییە کردۆتە دەرەوە و تا پشت شاخی جۆدی بردوونی (تاریخی قەدیمی شەرقی قەریب، لاپەڕە ٤٦٢).
مەشهوور «سناخریب»ی قڕاڵی ئاسووری (٧٠٥- ٦٨٢ پ.م)ش لە ٦٩٩پ.م.دا لە دەوری شاخی جۆدیدا شەڕێکی بە توولی لەگەڵ کردوون و ئەم سەفەرەی بە «سەفەری پێنجەم» قەید کراوە.
موستەشریقی مەشهوور میجەرسۆن لە بەحسی نایریدا ئەڵێ:
«وڵاتی نایری هەر بەشی لای ژووری زێی گەورە (زابی گەورە) نەبوو. واقیعەن «تیغلات پلایسەر» و ئەحفادی، بەو قەومەی کە لە مەنبەعی دیجلە و فوراتدا و لە شیمالی «نیفاتس»دا یەعنی لە وڵاتانی «دیاربەکر»، «خەربوت»، «دێرسیم»ی ئێستادا و لە شاخانی بتلیس و توروسدا ساکن بوون، «نایری»یان ئەگوت و ئەم وڵاتانەش ئەو مەملەکەتەیە کە لە دوای لەناوچوونی حکوومەتی میدیا و لە ئەواسیتی دەوری حکوومەتی «ئەخمەن»ی فارسدا (٤٠١ پ.م) قەومی «کوردوئەن»ی قەهاری تیا بینراوە و ئەم قەومە لە ئەجدادی کوردی ئیمڕۆ و ئەحفادی «مەد»ی مەشهوورەی دوێنێ بوون.
لەو تاریخەوە کوردستان وەتەنی بەعزێ ئەقوام بووە کە زمانێکی قەدیم و نەتێکەڵاویان هەبووە، دەلیلی ئەم ئیدیعایەش ئەوەیە کە لەو وەقتەدا کە کۆمەڵە گەورەکانی ئەقوامی ئاری لە جێگەی قەدیمیانەوە ڕوویان کردۆتە وڵاتانی «فارس» و «میدیا» و بەشێکی ئەورووپا، قەومی کوردیش هاتە شاخ و کێوانی کوردستان و تیا دانیشت و بیلزات ئێمەش (ئینگلیز) بە موناسەبەتی قەومی قاقسۆنەوە نەتەوەی ئەوانە و خزمی کوردین. قەومی کورد، خوێنی لەگەڵ خوێنی ئەقوامی تر تێکەڵ بووە و دائیمەن وەکوو زمانەکەیان، خوێنەکەشیان لە تێکەڵبوون لەگەڵ خوێنی عەناسری غەیرەدا پاراستووە.
لە دوای ئەمە کە «مەد» و «پارسی»، حکوومەتیان لە دەس چوو، قەومی «پارسی» ئیتاعەتی قووەی حاکمە یەعنی «پارت»ی کرد، بەڵام قەومی «مەد» خۆی کێشایە قەڵا و شاخانی و لە ئیعتیباری ئەم دەورەوە تاریخیان بە ناوی «کوردوئەن» یەعنی «کورد»ەوە دەوامی کرد.
ئەکسەنوفۆن تووشی ئەم قەومی «کوردوئەن»ە بووە و «کاردۆخۆی»ی پێ گوتوون و زەرەر و زیانێکی زۆری بە دەستیانەوە کێشاوە. هەر کەسێ «ڕەجعەتی دەهەزارە»ی موتاڵا کردبێ، ئەزانێ کە ئەکسەنوفۆن چی بە سەر هاتووە. ئەم قوماندانی یۆنانییە قەومی «کوردوئەن»ی لە «ئانتی توروس»دا دیوە کە ئیمڕۆ ئێمە «حەکاری» وەیا «کوردستانی مەرکەزی» پێ ئەڵێین.
ئەگەر تەماشای بەشی لای ژووری ئاسیای غەربی بکەین، ئەبینین کە مەیدانی ئینقلاباتی گەورە و عموومی بووە، ئیستیلا و فتووحاتی قۆماندانە مەشهوورەکان، کە ناویان لە تاریخی عالەمدا بەناوبانگە، لەم وڵاتەدا جەرەیانی کردووە و ئەم فاتحانەش ئاسووری، پارسی، یۆنانی، ڕۆمانی و عەرەبی، تورک و موغول بوون و ئەبینین کە قودرەتی موقاوەمەتی کورد بەرامبەر بەمانە، لە موقاوەمەتی ئەقوامی تر زیاتر بووە و لە بەینی ئەقوامی تری ئەم وڵاتەدا هەر تەنیا قەومی کوردە کە توانیویەتی بەرامبەر بە هەموو لەشکرێک خۆی ڕابگرێ و سافییەتی زمان و خوێنەکەی موحافەزە بکا. بەڕاستی قەومی کورد، بەعزێ مەفاخری هەیە کە هیچ ئینسانێکی بەئینساف ناتوانێ تەقدیری نەکا».
مێجەرسۆن لە سەر ئەم بەحسە دەوام ئەکا و ئەڵێ:
«ئەم دەشت و کێوانە لای ژووری ڕێگەی ئۆرفە ـ مووسڵ، کە لە مەبادیی تاریخەوە ناسراوە، لە بەینی وڵاتانی شیمالی و جنووبی ئەلجەزیرە (مەزۆپۆتامیا)دا سەرحەدێکی سیاسی و تەبیعی بووە و ئەو شاخە تاریک و بەرزانە (مەقسەدی تۆر عابدینە) کە ناوی قەدیمی «نیفات» بووە، ئێستا لە بیرمان چۆتەوە، سەرچاوەی دیجلە (تیغریس)ە ، لە زەمانی «تیغلات پلایسەر»ی قڕاڵی ئاسووریدا (١١٠٠ پ.م) حدوودی لای ژووری ئاسوورییە بوو و لە پشتەوە وڵاتی نەزانراوی «نایری» هەر بووە، ئەم قڕاڵە گەورەیە دائیمەن هەوڵی بۆ داگیرکردنی ئەدا. لە دواییدا ناوی وڵاتی نایری بوو بە «کوردوئەن»، کە بە تەواوی «کوردوئەن» وەیا «کورد»ە. لەمەوە تێئەگەین کە قەومی کورد، لە مەبادیی تاریخی عیرقی ئاریدا هاتۆتە ئەم وڵاتە و جێگیر بووە.
ئۆردووی قەومە گەورەکان، وەکوو یۆنانی، پارت (ئەشکانی) و ڕۆما لە بەردەمی ئەم کێوانەدا ڕوویان وەرگێڕاوەتەوە. دەشتەکانی جنووبی ئەم شاخە بەرزانە شاهیدی شکان و گەڕانەوەی گەلێ میللەتانی شەرقن، تەنیا ئاسووری توانیویەتی کە داخڵی وڵاتی نایری (کوردوئەن) بێ کە خەڵکەکەی لە مەیلی سەربەخۆییدا لە کوردی ئیمڕۆ دوا نەکەوتوون. بەڕاستی ئەم قەومە، کە بە ژیانی بەسیتی، بە ئازایی و فکری خۆ موحافەزە کردنی مەشهوورە، بە تەواوی تێکەڵ نەبوونی لەگەڵ فاتحە گەورەکانیا جێی حیرەتە ... ئەو حیسسە کە قەومی کورد بە موستەشرقین و موئەرریخی داوە ئەمەیە: کورد تەحەککوم قەبووڵ ناکا، ناشکێنرێ و لە ناو نابرێ ، حەز لە مەدەنییەت و پێشکەوتن ئەکا، وەتەنەکەی بە کەس نادا، حەز لە چارەی ئەو قەومانە ناکا کە ئەیانەوێ حوکمی بە سەردا بکەن. ئەیەوێ لە شاخ و دۆڵانی خۆیدا میللییەت و زمانەکەی موحافەزە بکا».
3.2.7. مەد
[edit]لە فەسڵی دووەمدا باسی ئەم قەومەمان کرد و گوتمان ڕەنگە لە عەسری دەهەم وەیا نۆهەمدا هاتبێتنە وڵاتانی «میدیا»، لە ئەوەڵدا بە تەواوی حەیاتی خێڵاتییان ڕائەبوارد و هەر عێلێک بۆخۆی حکوومەتێکی پچووکی سەربەخۆ بوو.
ئۆردووی ئاسووری، لە زەمانی «شەلمانەسەر»ی دووەمدا و لە تاریخی ٨٣٥ پ.م.دا لە حدوودی شەرقیانەوە تووشی عەشائیری «مەد» هاتوون و ئەم عەشائیرە بەعزێ دیارییان بۆ بردوون. قڕاڵی ئاسووری ئەم موسافیرپەروەرێتیەی بە سەرانە فەڕز کردووە و بەینێک قوماندانێکی ئاسووری لەوێ داناوە. لە حەقیقەتدا ئاسووری قەت لە میدیادا نفووزی نەبووە و ئەوانیش تەعەڕوزیان لێ نەکردوون.
«ئاداد-نیراری»ی سێیەمش (٨١٢- ٧٨٣ پ.م) چوار پێنج دەفعە لەگەڵ عەشائیری مەددا شەڕی کردووە. بەڵام لە زەمانی «تیغلات پلایسەر»ی چوارەمدا (٧٤٥- ٧٢٧ پ.م) بە سەبەبی یارمەتییان بە حکوومەتی «ئورارتۆ» دراوسێی، ئەم قڕاڵە لەشکری کردۆتە سەریان و بە ڕیوایەتی خۆی تا داوێنی شاخی دەماوەند چووە. (تاریخی قەدیمی شەرقی قەریب، لاپەڕە ٤٤٦)
لە زەمانی «ئەسارهادەن»دا (٦٨١- ٦٩٩ پ.م)، لەگەڵ موتتەفیقەکانیدا (مانی، سیت، کاسکاشی و عەشائیری کوردستان) ویستوویەتی زەربەیەکی باش لە ئاسوورییە بدا، بەڵام قڕاڵی ئاسووری بە سیاسەت قەومی «سیت»ی لێ جوێ کردنەوە و کردنی بە موتتەفیقی خۆی و بەم تەرحە خۆی نەجات دا. لە دوای ئەمە «مەد» دائیمەن لە فورسەت ئەگەڕا، حەتا لە زەمانی دووەم حوکمداریدا کە «فرائورتسن» بوو هەڵیکوتایە سەر ئاسووریە، بەڵام موەفەق نەبوو (٦٤٣ پ.م)، نیهایەت «کی ئەقسار» ئارەزووی کاکی هێنایە جێ و ئاسووری لە ناو برد. ئەساسی حکوومەتی «مەدیا» وەکوو لە جڵدی دووەمدا بە تەفسیل ئەیبینین، لە ٧٠١ پ.م.دا دامەزراوە و لە زەمانی «کی ئەقسار»دا شەوکەتێکی بڵندی پەیا کرد. حدوودەکەی لە باختەریانەوە تا «قزیل ئیرمق»ی بەحری خەزەرەوە تا خەلیجی فارس ئەچوو. لە زەمانی «ئیستاغ»دا و لە تاریخی ٥٥٠ پ.م لە تەڕەف «سیرۆس = کەیخسرەوی گەورە»ی ئەخمەنەوە لە ناو برا.
لە دوای سقووتی حکوومەتی ماد، هەموو وڵاتانی کوردستان لە ناو میرایەتیی حکوومەتی ماددا بەر حکوومەتی ئاخمەن یاخود کیانی کەوت و تا ئیستیلای ئەسکەندەر تەقریبەن دوو عەسر بە دەس حکوومەتی ئێرانەوە بوو، لە وەقتێکدا کە «داریۆس»ی ئەووەڵ، لە بابلستاندا مەشغووڵ بووە، وڵاتی میدیا لە ئیدارەی «فەرەوەرتیش»دا عوسیانی کرد. «داریۆس» لەشکرێکی ناردە سەر میدیا، بەڵام بێفائیدە بوو، نیهایەت لە پاش ئیستردادی بابل بیلزات خۆی چوو بۆ میدیا و عوسیانەکەی تەسکین کرد (٥٢١ پ.م)
«ڕەجعەتی دەهەزارە»ی ئاکسەنوفۆن کە لە کتێبی «ئەنابازیس»دا باسی کردووە، لە تەڕەف قەومی «کاردۆشوی»یەوە زۆر تووشی ئەزیەت و تەعەڕوز بووە. ناوی ئەم قەومە تا ئەو وەقتە کەسێ نەیبیستبوو و ئەووەڵ دەفعە ئەکسەنوفۆن باسی کردوون و ئەم قەومە لە دەربەندی زاخۆدا ئۆردووی ئەکسەنوفۆنیان تەنگەتاو کردووە و شەڕێکی موناسبیان بووە و تا نزیک «تەرابزۆن» لە کۆڵیان نەبۆتەوە. ئەکسەنوفۆن لە کتێبەکەیدا بەعزێ ئیزاحاتی دەرحەق بەم قەومە داوە و ئەڵێ: ئەم قەومی کاردوشۆییە قەت ئیتاعەتی ئێرانیان نەکردووە، حەتا دەفعەیەک یەکێ لە ملووکی ئێران بە ئۆردوویەکی ١٢٠هەزار کەسییەوە چۆتە سەریان، بەڵام ئۆردووەکەی بە تەواوی مەحو بۆتەوە.
عەشائیری کورد لە زەمانی حکوومەتی میدیا و ئاخمەندا ئیستقلالی داخڵی خۆی موحافەزە کردووە و نیوە موستەقیل بووە و ئەم حەقەی خۆی لە زەمانی حکوومەتانی ماکدۆنیا، پارت و ساسانی و عەرەب و تورکیشدا دیسان موحافەزە کردووە (مەسئەلەی کورد بەرامبەر بە تورک، لاپەڕە ٢٣)
«دارا»ی سێیەم کە دوانزەمین حوکمداری «ئەخمەنی» (هاخامنشی)ی ئێران بوو، لە پێش حوکمداریدا والیی ئەرمینییە و وڵاتی «کوردوئەن» بوو و تا ساڵی ٣٣٨ پ.م یەعنی تا بوو بە حوکمدار، لەم وەزیفەیەدا بوو، لەم دەورەدا «کوردوئەن» (= کاردۆیکای)، لە سەرچاوەی «زێی بادینان»ەوە تا سەرچاوەی دیجلە ئەچوو.
لە فەوتانی حکوومەتی «ئەخمەنی» (= کیانی)دا ئێران دەس ئەسکەندەری ماقدۆنی کەوت و بە تەبیعەت وڵاتی کوردیش (ماد، کوردوئەن) لە ناو ئەم میراتەدا بوو.لە دوای مردنی ئەسکەندەر لە بابل، ئەم وڵاتانە کەوتە ناو بەشی «سەلەئۆقوس»، کە یەکێ بوو لە قۆماندان و واریسەکانی ئەسکەندەر (٣٢٣ پ.م) و سەد ساڵێک بە دەستیەوە ما، بەڵام دائیمەن شەڕ و شۆری تیا بوو. نیهایەت بە یارمەتیی «میهرداد»ی ئەووەڵ، حوکمداری ئەشکانی، بەشی لای ژوورووی کوردستان لە ڕوبعی ئەووەڵی قەڕنی دووەمی پێش میلاددا کەوتە دەس حکوومەتی ئەرمەنی و بەشی خوارووشی بەرەبەرە و تا ئەوائیلی قەڕنی ئەووەڵی پێش میلاد دەستی ئەم حکوومەتە کەوت و مەرکەزیشی، «ئامەد» (دیاربەکر) بوو.
موئەرریخ ئەسترابۆن لە بەحسی حکوومەتی ئەرمەنیدا ئەڵێ قەومی کورد سەنعەتکار و لە هەموو ئومووری هیندەسەدا ماهیر بوون. قڕاڵی ئەرمەنی، تیگران، لەم نەوعە وەزیفانەدا دائیمەن لە کوردەکان ئیستیفادەی ئەکرد، «پلوترخس»یش ئەم جیهەتە تەئیید ئەکا.
سەرداری ڕۆما، «لۆکۆللۆس»، لە ڕوبعی دووەمی ئەوەڵی قەڕنی میلادیدا هاتە سەر ئەرمەنستان و لە نزیک دیاربەکر، قڕاڵی ئەرمەنی «دیگران»ی شکاند و هەموو وڵاتەکەی زەوت کرد. لە بەینی ساڵانی ٦٩-٦٠ پ.م.دا حوکمداری ئەشکانی، فەرهادی سێیەم، تەعەڕوزی کردووەتە وڵاتانی کوردوئەن و ئەدیابەن، بەڵام ئەم تەعەڕوزە بێنەتیجە بوو.
لە زەمانی سیانزەمین حوکمداری ئەشکانی، «ئۆرۆد»ی ئەووەڵدا، لە بەینی ئۆردووی ئەشکانی و ڕۆکادا لە نزیک «حەرران» شەڕێکی قورس بووە و سەرداری ڕۆما، «کراسۆس»، کوژرا و ئۆردووی ڕۆما پەرێشان بوو (٥٣ پ.م). لە ساڵی ٣٦ پ.م.دا کوردستان کەوتە ژێر ئیستیلای «ئەنتوان»، سەرداری ڕۆما کە لەگەڵ ئۆردووی «پارت» (ئەشکانی)دا لە شەڕدا بوو. لە نەتیجەدا ئۆردووی ڕۆما شکا و تاڵانێکی زۆر دەس پارتەکان کەوت، حکوومەتی مادی پچووک کە لە ئازەربایجانی ئیمڕۆدا بوو، لەم شەڕەدا لەگەڵ ئۆردووی ئەشکانی بوو و چونکە لە مەسئەلەی دابەشکردنی تاڵاندا عاجز بوو، بە دزیەوە لەگەڵ سەرداری ڕۆما «مارک ئەنتوان» موخابەرەی کرد و بۆ شەڕی ئەشکانی تەشویقی کرد و واقیعەن ئەم سەردارە بە فکری ئینتقام لە ٣٤ پێش میلاددا بە ئۆردوویەکەوە هات و ئەرمەنستانی کە تابعی پارت بوو زەوت کرد. لە دوای بەینێک، حوکمداری ئەشکانی، «فەرهاد»ی چوارەم بە لەشکرەوە چووە سەر حکوومەتی مادی پچووک و لە دوای شەڕێک حوکمدارەکەی ئەسیر کرد و ئەرمەنستانیشی سەندەوە و لە مەنسووبانی خۆی، قڕاڵێکی بۆ تەعیین کرد.
ساڵێک لە پێش میلاددا حکوومەتی ئەشکانی، معاهەدەیەکی لەگەڵ حکوومەتی ڕۆما کرد و ئەرمەنستان و کوردستانی دا بە حکوومەتی ڕۆما. لە دەوری «ئەردەوان»ی سێیەمدا دیسانەوە لە بەینی پارت و ڕۆمادا لە ئەرمەنستان و کوردستاندا شەڕ و هەرایەکی زۆر بوو.
لە زەمانی قەیسەری ڕۆما مەشهوور بە «نەرۆن»دا لەشکرێکی ڕۆما هاتە سەر ئەرمەنستان و کوردستان و هەمووی زەوت کرد و لە دوای موحارەبەیەکی دوور و درێژ لە بەینی پارت و ڕۆمادا، تیرداد بە ڕەزای هەر دوو تەڕەف، بوو بە قڕاڵی ئەرمەنستان (٦٣ پ.م) ، ئەم جارە سوڵحی بەینی دوو دەوڵەت نیو قەڕنێک دەوامی کرد.
لەم بەینەدا ئەرمەنستان و کوردستان و وڵاتی مادی پچووک (ئازەربایجان)، تووشی تەعەڕوزی قەومی «ئالان» و کورجی بووە و زۆر تووشی تەخریبات و تاڵان بوو. حکوومەتی پارت موحافەزەی نەکردن، بەڵام خەڵکی مەملەکەتەکە مقاوەمەت و مدافەعەیەکی مەردانەیان کرد و زۆریان زایەعات پێ داون و داخڵی ئیتاعەتی هیچیان نەبوون (دوایی واریسانی خولەفا).
لە ساڵی ١٠٠ی میلادیدا ئیمپراتۆری ڕۆما، «تراژان» لەشکرێکی ناردە سەر ئەرمەنستان و «تیرداد»ی قڕاڵی لە ناو برد. تراژان نیهایەت لە ١١٥ی میلادیدا خۆی بە ئۆردوویەکی گەورەوە بە سەر سووریەدا ڕووی کردە ئەرمەنستان و وڵاتانی کورد و حکوومەتی ئەرمەنی بە تەواوی لە ناو برد و ئەلجەزیرە و ئادیابن (الحفر = هاترا) و بابلیشی داگیر کرد و تا خەلیجی فارس چوو.
لە ساڵی ١٢٢ی میلادیدا ئیمپراتۆری ڕۆما، «هادریەن»، فوراتی بە حدوود قەبووڵ کرد و لەگەڵ حکوومەتی پارتدا سوڵحی کرد. لە ١٦١ی میلادیدا «بەلاش»ی سێیەم، حوکمداری ئەشکانی، لەشکری کردە سەر ئەرمینییە و گرتی، بەڵام لە دواییدا بەرامبەر بە «کاسیۆس» سەرداری ڕۆما، شکا و بەشی غەربی وڵاتانی کورد و ئەرمەن دیسانەوە کەوتە دەس حکوومەتی ڕۆما.
لە زەمانی «ئەردەوان»ی پێنجەمدا کە ئاخر حوکمداری پارت (ئەشکانی) بوو، دیسانەوە لە بەینولنەهرەیندا ئێران و ڕۆما تێکچوون و لەشکری پارت بە سەر ئۆردووی ڕۆمادا غەلبەی کرد، بەڵام بێنەتیجە بوو. زهووری «ئەردەشیری بابەکان» و ئینقرازی سولالەی ئەشکانی، تەسادوفی ئەم زەمانەی کرد (٢٢٤ پا.م) . لە ئیعتباری ساڵی ٢٢٨ (پا.م)ەوە قەیسەری ڕۆم، ئەلسکاندر، لەگەڵ ئەردەشیردا لە جەزیرە و ئەرمینییەدا دەسی کرد بە شەڕکردن و لە نەتیجەدا «حەرران» و «نەسیبین» و لە پاشدا ئەرمینییە و وڵاتی «کوردوئەن»یش کەوتە دەس ئەردەشیر.
مەزهەبی زەردەشتی لەم سرەیەدا و لە تەڕەف «ئەردەشیر بابەکان»ەوە بوو بە مەزهەبی ڕەسمیی ئێران. لە زەمانی «شاپوور»ی ئەووەڵدا ئەرمینییە و کوردستان ئیختلالی کرد و شیمالی ئەلجەزیرەش تێکچوو. شاپوور ئیختلالەکەی تەسکین کرد و «حەرران» و «نەسیبین»یشی گرتەوە، بەڵام ئەوەندەی پێ نەچوو وڵاتی «کوردیەن» دیسان عوسیانی کرد و لەشکری «والەریان»، ئیمبراتۆری ڕۆم داخڵی جەزیرە بوو و حەتا «تیسفوون» (=مەداین)یشی موحاسەرە کرد. قیسمێ لەشکری ڕۆم لەگەڵ خەڵکی «کوردیەن» کەوتنە شەڕەوە و قڕاڵەکەیان کوشت و خەلەفی ئەو، لەگەڵ ئێران سوڵحی کرد و بەم تەرحە ئەرمەنستان و کوردیەن تابعی ئێران بوو (٢٤٤ پا.م). لە بەینی ٢٥٨ و ٢٦٠ی پاش میلاد دیسان لە بەینی شاپوور و والەریاندا شەڕ هەڵگیرسا و ئیمبراتۆر لە «ئودەسا»دا لەگەڵ لەشکرەکەی ئەسیر بوو.
ئیمبراتۆری ڕۆما، «دیوقلەتیەن» لە زەمانی «نەرسی»دا کە حەوتەم شاهی ساسانی بوو، تەعەڕوزی کرد و وڵاتی کوردوئەن و ئەرمینییەی داگیر کرد، لە پاشدا لەشکری ئێران سەندیەوە و لەگەڵ ئۆردووی ڕۆمادا لە نزیک حەرران تێک ئاڵان و لەشکری ڕۆمایان خراپ شکاند (٢٩٦ پا.م). ساڵی دوایی، سەرداری ڕۆما «کالەریوس» بە سەر ئەرمینییەدا تەعەڕوزی کرد و ئۆردووی ئێرانی شکاند و بیلزات نەرسی بریندار بوو. لە دواییدا لە سەر تەڵەبی ئێران موساڵەحە کرا و ئێران پێنج وڵاتی «ئەرزون، مووک ، زابدە، ڕەجیمە، کاردۆ»ی بۆ ڕۆما بەجێ هێشت و لەگەڵ بەعزێ شرووتی قورستر دیجلە بە حدوود قەبووڵ کرا (٢٩٧ پا.م). لە پاش ئەم موەفەقییەتە حکوومەتی ڕۆما لە دەوری گۆمی وان، ئەرمەنستانێکی تەشکیل کرد و تیردادی کرد بە قڕاڵی و بەشی لای ژوورووی کوردستانیشی عەلاوەی ئەم حکوومەتە کرد.
لە پاش ساڵێک مەزهەبی عیسەوی بە گوێرەی فەرمانی «میلان»، بوو بە مەزهەبی ڕەسمی ڕۆما (٣١٣ پا.م). لە ساڵی ٣٣٨ پا.م.دا دیسانەوە شەڕ لە بەینی شاپووری دووەم (ذو الاکتاف) و ڕۆمادا دەسی پێکرد و دوانزە ساڵێک دەوامی کرد. چەند ساڵێک لەمەو پێش دینی مەسیحی داخڵی ئەرمەنستان بووبوو و ئەرمەنییەکان بە فکرێکی سیاسی ئەم دینەیان قەبووڵ کرد. تیرداد، حوکمداری ئەرمەنیش قەبووڵی کرد. لە ئیعتباری ئەم تاریخەوە دینی مەسیح و ئایینی زەردەشتی کەوتنە مجادەلەوە. خەڵکی شاخ و کێوان (کورد) لە سەر مەزهەبی زەردەشتی مانەوە و دینی مەسیحییان قەبووڵ نەکرد (دوایی واریسانی خولەفا) و ئەم دینە تازەیە هەر لە بەینی خەڵکی شاران و توججاردا بڵاو بووەوە و تەئسیری بۆ دەرەوەی شاران و قەسەبات نەبوو. لە زەمانی «یەزدگورد»ی دووەمدا ئێران حەربێکی مەزهەبی لە ئەرمەنستاندا دەس پێکرد و گەلێ لە ڕوئەسای ڕوحانییە و گاورەکانی کوشت. ئەم شەڕ و شۆرەی مەزهەبی، لە زەمانی چەند حوکمدارێکا دەوامی کرد.
شاپوور، لە ساڵی ٣٥٠ پا.م.دا «نەسیبین»ی موحاسەرە کرد و بەبێ زەوتکردن بەجێی هێشت و لە ساڵی ٣٦٠دا دیسانەوە هاتە سەر کوردستان، قەڵای «ئامەد = دیاربەکر»ی موحاسەرە کرد و زەوتی کرد. لە دوای ئەمە «بازبد = بازبدی» (کە نزیک جەزیرەی ئیبن عومەر بوو)ی گرت. قەیسەری ڕۆم، ژولیەن ، بە لەشکرێکی گەورەوە (٣٦٣ پا.م) لە فورات پەڕییەوە و «فەیرووز شاپوور» و چەند شارێکی بەینولنەهرەینی گرت و لە دواییدا لە دیجلە پەڕییەوە بە قەراغی چەپیدا ڕۆیی. دۆنمای ڕۆمیش لە فوراتەوە بە قەنالی «شاهی»دا هاتە دیجلە و لەگەڵ ئۆردووی بەڕڕیدا تەوحیدی حەرەکەتی کرد. ژولیەن تا مەداین هات و لە پاشدا گەڕایەوە بۆ سەر کوردستان و لە گەڕانەوەدا لە تەڕەف ئۆردووی ئێرانەوە شکێنرا و خۆشی کوژرا. لە دواییدا لە بەینی دوو حکوومەتدا سوڵح کرا و تەقریبەن کوردستان و ئەرمینییە بە تەواوی کەوتە دەس شاپوور. بەڵام لە پێش تەتبیقی شەرائیتی سوڵح دیسانەوە شەڕ دەسی پێکرا و لە ٣٧٦دا بە موحافەزەیی بێتەڕەفی دەرحەق بە ئەرمەنستان و گورجستان ڕێک کەوتن.
لە زەمانی شاپووری سێیەم (٣٨٢- ٣٨٨ م)دا ئەرمەنستان لە بەینی حکوومەتی ڕۆما و ئێراندا تەقسیم کرا، یەعنی کرا بە دوو حکوومەت و حوکمدارەکانیان شاهزادەکانی ئەشکانی بوو. لە زەمانی بەهرامی چوارەم (سیانزەمین حوکمداری ساسانی)دا، خەسرەو، حاکمی ئەرمینییەی ئێران، عوسیانی کرد و لەشکری ئێران لە ناوی برد (٣٩٣ م).
لە زەمانی بەهرامی پێنجەم (بەهرامی گوور)یشدا وڵاتی کوردستان بووە سەحنەی حەرب و هەر لە زەمانی ئەم حوکمدارەدا حکوومەتی ئەرمەنی بوو بە وڵاتێکی ئێران (٤٢٢ م).
«قوبادی ئەووەڵ»، شاهی ساسانی، لە مەبادیی عەسری شەشەمی میلادیدا لەشکری کردە سەر ڕۆم و کوردستان کەوتە ژێر ئیستیلاوە و «ئەرزڕۆم» و «دیاربەکر»ی زەوت کرد. دیسان هەر لەم عەسری شەشەمەدایە کە عەشائیری گۆرانی کورد، لە ژێر ئیدارەی ڕەئیسەکەیانا کە ناوی «گوئاتانزا» بوو، حکوومەتێکی گەورەی دامەزراند، پایتەختەکەی کرماشان بوو و وڵاتی ئازەربایجانیشی تیا داخڵ بوو (مەسئەلەی کوردستان و تورک، لاپەڕە ٢٤). لە ساڵی ٥٠٢م.دا شەڕێکی گەورە لە بەینی سەرداری ئێران، «گوازی فیرووز» و ئۆردووی ڕۆما واقیع بوو و کوردستانی مەرکەزی کەوتە دەس ئێران و خەڵکی میافارقین نەقڵ کرایە خووزستان. ساڵی دوایی دیسانەوە لە جەزیرە و کوردستانی خواروودا شەڕ و دەعوای ئێران و قەیسەری ڕۆم دەوامی کرد.
«خەسرەوی ئەووەڵ» (ئەنووشیروانی عادڵ) لە ٥٦٢دا کە بۆ «لازیکا» چوو، بە سەر کوردستاندا ڕۆیی و لە دواییدا کە بۆ تەئدیبی تائیفەی خەزەر سەفەری کرد، دیسانەوە خەتتی حەرەکەتەکەی، کوردستان و ئەرمینییە بوو. لە ٥٧٢دا کە قەیسەری ڕۆم هاتە سەر «نەسیبین» و موحاسەرەی کرد ئەنووشیروان بە لەشکرێکەوە ڕووی کردە قەیسەر و ئۆردووی ڕۆمی شکاند و ئەم شەڕە نزیکەی پێنج ساڵ توولی کێشا و قەڵای «دارا» بۆ تەڕەفەین بوو بە غایەی شەڕ.
«خەسرەوی پەروێز»یش لە ٦٠٥دا ڕووی کردە شیمالی جەزیرە، «دارا» و «دیاربەکر» و بەعزێ وڵاتانی تری لە حکوومەتی ڕۆم زەوت کردن. ئۆردوویەکی تریشی بە سەر کوردستانی ژووروودا ڕۆیی بۆ «قەپادوقیا». لە ئیعتباری ٦٢٢ی میلادییەوە قەیسەری ڕۆم، هەرقل (هراقلیوس) کەوتە موقابل تەعەڕوزەوە، بە ئۆردوویەکەوە ڕووی کردە ئەرمینییە و کوردستان و لەوێ لەشکری «شەهربراز»ی سەرداری ئێرانی شکاند و ساڵی دوایی لە جیهەتی ئازەربایجانەوە ڕووی کردە ئێران و لەشکری ئێرانی شکاند و دەسی کرد بە یەغما و تەخریبی ئێران و ئاتەشکەدەکانی، باخسووس ئاتەشکەدەی زۆر مەشهووری «ئازەرگشتاسب»ی تەخریب و تاڵان کرد. ساڵی دواتریش لە کوردستاندا لەشکری ئێرانی پارچە پارچە شکاند. لە ساڵی ٦٢٧ی میلادیدا لە نزیک نەینەوای قەدیم شەڕێکی تر لە بەینی ئۆردووی هەرقل و خەسرەودا ڕووی دا و ڕۆمەکان موەفەق بوون. لە عەینی ساڵدا وڵاتی کوردستان، باخسووس بەشی جنووبی و شەرقی شارەزوور تووشی تەخریباتێکی زۆر بوو و تا ٦٣٩ بە دەس هراقلیوسەوە مایەوە. حەتا هەرقل بۆ تەعقیبی خەسرەوی پەروێز بە سەر شارەزووردا تێپەڕی و مانگی شوباتی ٦٢٨ی لە شارەزووردا ڕابوارد و هیچ شار و گوندی تیا نەهێشت و سووتاندی و لە پاشدا ڕووی کردە «ئەردەڵان» (ئینسقلۆپەدیای ئیسلام، جڵدی ٢، لاپەڕە ١٠٣٤).
ئەم وەقائیعە تەسادوفی زهووری ئیسلامی کرد و لەم وەقتەدا بوو کە ڕۆژی هیدایەت لە ئوفوقی موبارەکی مەککەی موکەڕڕەمەوە هەڵات و بەرەبەرە دەسی کرد بە ڕووناککردنەوەی وڵاتانی ئەتڕافی.
3.3. کورد تا دەوری فتووحاتی تورک
[edit]لە پێش میلادی حەزرەتی عیسا بە شەش عەسرێک، دینی زەردەشتی لە ئێران و میدیادا پەیا بووبوو و لە دوای ئەمە کە لە تەڕەف یەکێ لە حوکمدارانی شەرقی ئێران، گشتاسبەوە قەبووڵ کرا، عادەتەن بوو بە دینێکی ڕەسمی. قەومی کوردیش لە پاش بەینێک ئەم دینەیان قەبووڵ کرد. دینی عیسەوی لە ساڵی ٣٣ی میلادیدا گەیشتە ئەرمەنستان، بەڵام ئەوەندە ڕەغبەتی نەدی و تا ئیبتیدای عەسری چوارەم زۆر کەم تەئسیری بوو، بەڵام لە دوای ئەم تاریخە بە کۆمەکی حکوومەتی ڕۆما سەرلەنوێ لە سووریەوە ڕووی کردە ئەرمینییە و کوردستان و قڕاڵی ئەرمەنی، تیرداد و قەومەکەی ئەم دینە تازەیان قەبووڵ کرد، بەڵام خەڵکی دەرەوە و چیانشینان گوێیان نەدایە و لە سەر دینی زەردەشتی مانەوە و سەعی و تەشویقی قەشە (ڕاهیب)ەکان تەئسیرێکی لێ نەکردن، بە ڕیوایەتێک بەشێکی زۆر کەم داخڵی ئەو دینە بووە.
لە زهووری ئیسلامەتیدا و هەر لە ئەووەڵ تەماسیان لەگەڵ ئیسلامەکانا تێفکرین و دییان کە ئەم دینە تازەیە بە تەواوی موافقی تەبع و دینیانە، لە بەر ئەمە، وەکوو سێر مارک سایکس ئەڵێ بە ئاسانی و بەرەبەرە قەبووڵیان کرد، بە دەرەجەیەکی وا کە ئینجا بەربەرییەکانی ئەفریقا و تورکەکانی تورکستان بەو نەوعە بە دڵ و بە شەوق قەبووڵیان کردووە (دوایی واریسانی خولەفا، لاپەڕە ٢٥٢)
قەومی کورد، هەر وەکوو موئەرریخینی موعتەبەری عەرەب ئەڵێن، لە شانزەمین ساڵی هیجرەتدا و لە دوای فەتحی حەلوان و تکریتدا لەگەڵ ئۆردووی ئیسلام تەماسیان کرد، بەڵام پێویستە بزانین کە لە پێش ئەم تاریخەشدا بەعزێ تەماس و ئیهتدای کورد واقیع بووە. مەسەلەن مەڕحووم سالووسی مەحموود ئەفەندی لە تەفسیری «روح المعانی»دا و لە ناو ئەسحابی کیرامدا باسی جابان (گابان) ئەلکوردی و «مەیموون»ی کوڕی ئەکا، کونیەی «مەیموون» «ئەبی بەسیر» بووە؛ ئەم مەعلووماتەش عەتف ئەکاتە سەر کتێبە نایابەکەی حافزی (ئیبنی حەجەر) کە بە «الاصابة فی تمییز الصحابة» مەشهوورە و ئەم ئەسەرە دەرحەق بە مارەیی و بەعزێ خسووسیاتی تر و چەند حەدیسێک لە «گابان الکوردی»یەوە نەقڵ ئەکا. موحتەمەلە کە بەعزێ سەحابەی تری کوردیش ببێ.
تاریخ ئەڵێ حەزرەتی «سەعد ئیبنی وەقاس» لە دوای فەتحی مەداین، لە ژێر قۆماندای هاشم ئیبنی عەتەبەدا و لە تاریخی ١٦ی مارتی ٦٣٧ی میلادیدا ئۆردوویەکی ناردە سەر جەلەولا و چونکە بەقایای ئۆردووی فورس لەوێ گرد بووبوونەوە و یەزدجریش لە حەلوان بوو، ئۆردووی ئیسلام لە پاش شەڕێکی مناسب فرسەتیان دەرپەڕاند و حەزرەتی قەعقاع، شوێنیان کەوت و حەلوانی زەوت کرد و بەم نەوعە ئەووەڵ تەماسی کورد و وەتەنی کورد لەگەڵ ئۆردووی ئیسلاما واقیع بوو. لە پاش فەتحی ئەم قەڵا موهیممە کە سەرحەدی «سیواد» و «جیبال» بوو، بەعزێک ئەڵێن کە حەزرەتی عومەر ئەوەندە مەیلی پێشکەوتنی بۆ وڵاتی عەجەم نەبوو. لە دوای فەتحی تکریت و لە ساڵی ١٨ی هیجریدا حەزرەتی سەعد ئیبنی وەقاس لە قۆماندای عەیاز ئیبنی غەنەمدا و بە ئەمری حەزرەتی عومەر (رضی اللە عنە) بۆ فەتحی جەزیرە سێ قۆڵی ڕێک خست:
قۆڵی ئەووەڵ لە ژێر قۆماندای سوهەیل ئیبنی عودەیدا، ڕووی کردە ڕەققە،
قۆڵی دووەم لە ئیدارەی عەبدوڵڵا ئیبنی عەتباندا بوو و ڕووی کردە نەسیبین،
قۆڵی سێیەم لە قۆماندای عەقەبە ئیبنی ئەلوەلیددا ڕووی کردە جەزیرە.
مەقسەدی حەزرەتی عومەر لەم حەرەکەتە هەم فەتحی جەزیرە و هەم مەنعی کۆمەکی ڕۆم لە جەزیرەوە بۆ سووریە بوو. حەزرەتی عەیاز، لەگەڵ قۆڵی دووەما چووە سەر ئۆرفە و لە دوای فەتحی، هات نەسیبینی گرت و ڕووی کردە شیمال بۆ تەڕەفی ماردین و دیاربەکر و ئەرمینییە. (الامم الاسلامیة، جڵدی ١)
حەزرەتی عەیاز، حەبیب ئیبنی موسلیمە ئەلفەهریی لەگەڵ قووەتێکدا لە کوردستانەوە ناردە سەر مەڵاتیە و زەوتی کرد. بەڵام ئەم شارە لە پاش بەینێک دیسان لە دەسی ئیسلام چووە دەرەوە و لە وەقتی والیەتیی مەعاویە ئیبنی ئەبیسوفیان لە شامدا (لە عەینی وەقتا جەزیرە و ئەرمەنیش حەواڵەی ئەو کرابوو) لە ساڵی ٣٦ی هیجریدا دیسان حەبیب ئیبنی موسلیمەی ناردە سەر مەڵاتیە و دووبارە زەوتی کردەوە (ئینسقلۆپەدیای ئیسلام، جڵدی ٣).
لە ساڵی ٢١ی هیجریدا ئەووەڵەن «عومەر عەزرە ئیبنی قەیس» لە حەلوانەوە ڕووی کردە شارەزوور، ویستی فەتحی بکا بەڵام بۆی نەهات؛ لە دواییدا عەتەبە ئیبنی فەرقەد لەگەڵ قووەتێکی مناسبدا دیسان ڕووی کردە شارەزوور و لە دوای شەڕێکی قورس زەوتی کرد و لەم شەڕەدا کورد گەلێ زایەعاتی بوو و ئۆردووی ئیسلامیش چ لە شەڕدا چ بە تەئسیری دووپشکی شارەزوور، زۆری لێ شەهید بوو، (الکامل).
لە بەینی ساڵی ١٨ و ٢٣ی هیجریدا و لە مودافەعەی «ئەهواز» و «فەسا» و «دارابجێرد»دا کورد لەگەڵ ئێرانییەکانا موتتەفیق بوو و بە تەبیعەت یارمەتییان دان، لە بەر ئەمە لە تەڕەف ئۆردووی ئیسلامەوە تەئدیب و تەجزیە کران و لە ماڵ و جاندا زایەعاتێکی زۆریان بوو. دەفعەیەکی تریش هەر لە زەمانی حەزرەتی عومەر (رضی اللە عنە)دا بەعزێکیان وڵاتی «کرخا»ی مەرکەزی (بەشی سایمارا و مسابازان)یان داگیر کرد، لە سەر ئەمە حەزرەتی عومەر، قەیس ئیبنی سەلمە ئەلئەشجەعیی ناردە سەریان و تەئدیبی کردن (تاریخ الامم الاسلامیة، لاپەڕە ٣٢٩).
ئیبنی ئەلفەقیهـ ئەڵێ قەومی عەرەب لە پێش زهووری ئیسلاما داخڵی شارەزوور بوون، بەڵام شارانی «بازابدا و سامقان» ئینجا لە ساڵی ٢٢ی هیجریدا و لە پاش شەڕێکی زۆر بە شیددەت دەس ئیسلام کەوتووە. لە ساڵی ٢٥ی هیجریدا و لە زەمانی حاکمییەتی (عامل) ئەبو مووسا ئەلئەشعەری لە بەسرەدا دوو دەفعە کورد لە ئەهواز و فارسدا عوسیانی کردووە.
لە دەوری خەلافەتی عەبدولمەلیکدا کورد یارمەتیی عەبدوڕڕەحمان ئیبنی ئەلئەشعەسیان داوە و لە سەر ئەمە تووشی زوڵم و قەهری حەججاج ئیبنی یۆسف ئەلسەقەفی بوون و کوشتارێکی زۆریان لێ کرا.
لە ساڵی ١٠٨ی هیجریدا و لە دەوری والییەتی موسلیمەدا وڵاتی ئازەربایجان و لە ١١٢ی هیجریشدا متباقی کوردستان تووشی ئیستیلا و تەخریباتی تورکانی خەزەر بوو. والیی کوردستان، جەڕاح، لە شاری ئەردەوێڵدا موحاسەرە و شەهید کرا و لافاوی ئیستیلا تا مووسڵ هات. لێرەدا سەعید ئەلجەرشی قووەتێکی زۆری لە ئەهلی ئەو ناوە کۆ کردەوە و شکاندنی و لە کوردستانی کردنە دەرەوە و تاڵانیشی لێ سەندەوە (مصور تاریخ الاسلام)، بەڵام لە جێگەی موکافەئەت، خەلیفە هیشام، سەعیدی عەزل کرد. ئەووەڵەن موسلیمە و لە پاش ساڵێک محەمەد ئیبنی مەروانی کرد بە والیی کوردستان.
لە ساڵی ١٢٩ی هیجریدا کوردەکان بەرامبەر بە سلێمانی خارجی کە لە کوردستانا عوسیانی کردبوو، یارمەتیی ئۆردووی خەلیفە مەروانی دووەمیان دا، زاتەن ئەم خەلیفەیە لە تەڕەف دایکیەوە کورد بوو و لە وەقتی والییەتیی باوکیا لە کوردستاندا هاتبووە دنیاوە و لە پاش باوکی خۆشی، والیی جەزیرە و ئەرمینییە بوو. مەروان کە بەرامبەر بە خەلیفە ئیبراهیم عوسیانی کرد، بە ئۆردووی کوردستانەوە چووە سەر شام و لە بەینی بەعلەبەک و شامدا ئۆردووی خەلیفەی شکاند و داخڵی دیمەشق بوو و خیلافەتی ئیعلان کرد، (١٣٢ی هیجری).
لە هەرای دەعوەتی عەباسییە و خرووجی ئەبا موسلیم خۆراسانیدا، «قوحتوبە ئەبو ئەلعۆن» لەگەڵ ئۆردوویەکدا هاتە سەر شارەزوور و لەوێ لەگەڵ قۆماندانی خەلیفە مەروان، عوسمان ئیبنی سوفیان شەڕی کرد و لە ١٣١دا داگیری کرد. ساڵی دوایی، قوحتوبە لەگەڵ ئیبنی هەبیرەی قۆماندانی مەروان لە حەلواندا شەڕی کرد و ئەوێشی داگیر کرد (تەبەری، جڵدی ٩، لاپەڕە ١٣١)
لە دەوری خەلافەتی ئەبولعەبباس عەبدوڵڵا ئەلسەففاحدا والی جەزیرە و کوردستان و ئازەربایجان ئەبو جەعفەر ئەلمەنسووری برای بوو. لەم سرەیەدا لەشکری ڕۆم تەعەڕوزی کردە کوردستان. ئەبا موسلیم، عەبدوڵڵا ئیبنی عەلیی لە نزیک نەسیبین مەغلووب کرد (١٣٧ هیجری)
کورد لە دەوری خیلافەتی ئەبو جەعفەر ئەلـمەنسووردا تێکەڵی عوسیانی کوردستان و هەمەدان بوو. لە ١٤٧ی هیجریدا ئەستەرغانی خوارەزمی لەگەڵ ئۆردوویەکی تورک تەعەڕوزی کردە شیمالی کوردستان و ئەرمینییە و ئەو وڵاتەی تاڵان کرد و «تفلیس»یشی زەوت و تاڵان کرد، ڕەئیسی عەشیرەتی ڕەواندی، حەربی کوڕی عەبدوڵڵا گەلێ موقابەلە و مودافەعەی کرد و لە نەتیجەدا کوژرا.
خەلیفە مەهدی، لە دوای شەڕی بیزانس (١٦٣ی هیجری) هاڕوون ئەلڕەشیدی کوڕی کرد بە والیی کوردستان و ئازەربایجان و وڵاتانی غەربی. قەومی خەزەر لە زەمانی هاڕوون ئەلڕەشیدیشدا تەعەڕوزیان کردە کوردستان و زۆر جینایەت و شەناعەتیان کرد بەڵام خەلیفەش بە شیددەت تەجزیە و گەردی کردن (١٨٣ هیجری).
لە دەوری خیلافەتی «موعتەسەم بیللا»دا و لە ساڵی ٢٢٥ی هیجریدا لە ئەتڕافی مووسڵ قیامێکی کورد لە ژێر ئیدارەی «جەعفەر فهرجس»دا ڕووی دا. جەعفەر کە یەکێ لە خانەدانی کورد بوو ئەووەڵەن لە «باباکیش»دا مەغڵووب بوو، بەڵام لە دواییدا لە شاخانی «داسین»دا ئۆردووی خەلیفەی شکاند و گەلێکی لێ ئەسیر کردن. دەفعەی دووەم لە ژێر قۆماندای تورک، «ئیتاخ»دا و لە ساڵی ٢٢٦ی هیجریدا ئۆردوویەکی تری هاتە سەر و شەڕێکی قورس ڕووی دا، جەعفەر شکا و ئیتاخ کوشتارێکی زۆری کرد و شەناعەتی گەیاندە دەرەجەیەک کە حەقیقەتەن بۆ تاریخ مەوجیبی خەجاڵەتییە. جەعفەر دیسان تەسلیم نەبوو و خۆی دەرمانخوارد کرد و پیاوانە مرد (الکامل، جڵدی ٦، لاپەڕە ٢٠٨).
لە ساڵی ٢٣١ی هیجریدا لە ئەسفەهان و جیبال و فارسدا قیامێکی کوردیی تر ڕووی دا و لە تەڕەف ئۆردوویەکی مەخسووسەوە کە لە قۆماندای «واسف»دا بوو تەسکین کرا. کورد لە ساڵی ٢٥٢دا تێکەڵ حەرەکاتی «مەنسوور = مساور»ی خارجی بوو و لە ٢٦٢دا داخڵی هەرای دیلی ڕەش (سەرای زنجی و یەعقووب سەففار) بوو و گەلێ ئیشی کرد، باخسووس یەکێ لە سەرکردەی کورد کە ناوی محەمەد کوڕی عەبدوڵڵا هەزارمێرد بوو، تا سێ ساڵ لەم دەعوایەدا خۆی نواند و یەکە پیاو بوو.
لە ساڵی ٢٨١ی هیجریدا کوردەکان بۆ تەئسیسی حکوومەتی حەمدانییە زۆر کۆمەکیان کرد. لە ساڵی ٢٩٣ی هیجریدا محەمەدی کوڕی بیلال کە گەورەی عەشیرەتی «هەزبەنی» بوو، لەگەڵ عەشیرەتەکەیدا عوسیانی کرد و تا نزیکەی مووسڵ هات. تازە والیی مووسڵ، ئەبو ئەلهەیجا عەبدوڵڵا ئیبنی حەمدان» چووە سەریان و لە «مەعرووبە» لە سەر خازەر تووشیان بوو و تێک ئاڵان، بەڵام ئەبو ئەلهەیجا زەفەری پێ نەبرد و حەتا یەکێ لە خزمانی کە ناوی «سلێمان ئەلحەمدانی» بوو، لەم هەرایەدا کوژرا و ئەبو ئەلهەیجا بە مەئیووسی گەڕایەوە مووسڵ و یارمەتیی لە خەلیفەی عەباسی، ئەلموکتەفی بیللا داوا کرد. ساڵی دوایی کۆمەکی بۆ هات و شوێن هەزبەنی کەوت. پێنج هەزار ماڵێک لەم عەشیرەتە کەوتنە کێوان و کە تەنگەتاو بوون، ڕەئیسەکەیان بە فێڵ داوای ئاشتبوونەوەی کرد و ئەبو ئەلهەیجای خڵافاند تا عەشیرەتەکەی دەرچوو و ڕوویان کردە وڵاتی ئازەربایجان. محەمەد خۆی لە شاخی «قەندیل»دا مایەوە و لە دواییدا ئەبو ئەلهەیجا موحاسەرە و تەزییقی کرد، فائیدەی نەبوو و محەمەدیش نەجاتی خۆی دا و گەیشتە ئازەربایجان. دەفعەی دوایی، کۆمەکی تر لە تەڕەف خەلیفەوە بۆ ئەبو ئەلهەیجا هات و ئەم جارە بە قووەتێکی زۆرەوە دیسان چووە سەریان و لە هەموو لایەکەوە دەوری دان و کوردەکان تەسلیم بوون. محەمەدی کوڕی هیلال لە مووسڵ دانرا و ئەم هەرایە کوژایەوە (الکامل، جڵدی ٧، لاپەڕە ٢١٣)
لە زەمانی خەلیفە «ئەلـموقتەدیر بیللا»شدا بەعزێ قیام، وەکوو عوسیانی عەبدوڵڵای کوڕی ئیبراهیم و دەهەزار کورد لە دەوری ئەسفەهان و عوسیانی دەوری مووسڵ ڕووی دا. لەم بەینەدا لە تەڕەف «دەیسیم»ی کوڕی ئیبراهیمەوە ئەساسی حکوومەتی هەزبەنی دانرا و لە دواییدا لە تەڕەف کوڕانی محەمەد ئەلڕەوادییەوە حوکمی لێ سێنرا و حکوومەتی ڕەوادی لێ پەیا بوو و تا عەسری حەوتەم دەوامی کرد (تەماشای جڵدی دووەم بکە).
عەشیرەتی هەزبەنی لە سەفەری ئازەربایجانی «حسێن حەمدانی»دا لەگەڵیدا بوون و تا سەڵماس چوون (٣٢٧ی هیجری). لە ساڵی ٣٤٠ی هیجریدا ئەووەڵ حکوومەتی کورد، حکوومەتی شەددادی، لە شیمالی ئازەربایجان و جنووبی غەربی قەفقاسیادا تەشکیلی کرد و تا ساڵی ٥٩٥ی هیجری دەوامی کرد.
لە ٣٤٨ی هیجریدا دووەم حکوومەتی کورد، حەسنەوییە (= بەرزیکانی) لە جیبالدا تەشکیلی کرد و تا ٤٠٦ دەوامی کرد.
3.4. کورد لە زەمانی «ئالی بوویە»دا
[edit]لە زەمانی «موعیززوددەولە»دا چەند جارێک شەهرەزوور بۆتە سەبەبی شەڕ و شۆر و بەعزێ حەرەکاتی تیا کراوە، حەتا ساحێب «سەبوکتەکین» لە ٣٤٤ هـ.دا بە لەشکرێکی بەقووەتەوە هاتە سەر شارەزوور و موددەتێک موحاسەرەی کرد و لە دواییدا بۆ موعاوەنەتی ڕوکنوددەولە چوو بۆ ڕەی.
لە زەمانی موعیززوددەولەدا ملووکی حەمدانیش بەعزێ حەرەکاتیان لە کوردستانی مەرکەزیدا کردووە. «سەیفەددەولەی حاکمی حەلەب لە ٣٥٤ی هیجریدا بتلیس و ئەخلاتی موحاسەرە کرد. ئەم وڵاتە بە دەست برای غوڵامەکەیەوە بووە، والی عاسی بوو». (کیتابی تجارب الامم، جڵدی ٢). لە حادیسەی «ئەبو تەغلەب»دا عەزدودەولە بۆ تەعقیب، «ئەبولوەفا»ی بە لەشکرێکەوە ناردە کوردستانی مەرکەزی و شارەکانی بەرەبەرە زەوت کرد. میافارقین لە دوای سێ مانگ موحاسەرە و بە حیلە گیرا. «ساحێب ئەبوعەلی»ش بە ئۆردوویەکەوە دیاربەکری موحاسەرە کرد و لە دوای فیراری ئەبو تەغلەب دیاربەکریش گیرا (٣٦٨ هـ).
لە ساڵی ٣٦٩ی هیجری (٩٧٩ی میلادی)دا عەزدودەولە ئۆردوویەکی ناردە سەر کوردانی شارەزوور و مەقسەدیشی ئەمە بوو کە لە عەشیرەتی «بەنوشەیبان»ی عەرەب جوێیان کاتەوە، چونکە کوردی ئەم وڵاتە لەگەڵ ئەو عەشیرەتە موتتەفیق و تێکەڵ بوون. ئۆردووی عەزدودەولە شارەزووری گرت و عەرەبانی بەنوشەیبانیان بۆ تەڕەفی سەحرا دوور خستنەوە و شوێنیان کەوتن و کوشتارێکی زۆریان لێ کردن (الکامل، جڵدی ٨).
ساڵێ لە پێش ئەم هەرایەدا، «کوردی کوڕی بەدەویە»ناوێک بە یارمەتیی «حەمدانی ئەبو تەغلەب» لە «ئوردامشت»دا حکوومەتێکی سەربەخۆی دامەزراند. بەڵام ئەوەندەی پێ نەچوو کە عەزدودەولە تەفرەی دا و خستیە ژێر تابعیەتی خۆیەوە. عەزدودەولە لە ٣٧٠ی هیجریدا ئۆردوویەکی ناردە سەر کوردانی حەکاری و موحاسەرەی کردن و لە پاش ئەماندان تەسلیم بوون، بەڵام خیلافی قەول و بڕ، هەموویانی کوشت (الکامل).
لەم سرەیەدا حکوومەتی «باز ئەبو شوجاع» کە ئەساسەن ڕەئیسی عەشیرەتی حەمیدییە بوو، دامەزرا و دە ساڵێک لە کوردستانی مەرکەزیدا (دیاربەکر، ئەرجیش و میافارقین) تەوەسوعی کرد و لە دوای ئەو لە ئەتڕافی خوشکەزاکەیەوە کە «ئەبو عەلی کوڕی مەروان» بوو دەوامی پێ کرا و زۆر شەوکەتی پەیا کرد و تا ساڵی ٤٨٩ی هیجری، یەعنی نزیکەی سەد و دە ساڵێک دەوامی کرد (بۆ تەفسیلاتی، تەماشای جڵدی دووەم بکە).
لە دەوری خیلافەتی «ئەلقادر بیئەمریللا» دا موئەرریخەکان باسی یەکێ لە ڕوئەسای کورد ئەکەن کە ناوی «ئەحمەد کوڕی زوحاک» بووە. ئەم زاتە لە تاریخی ٣٨١ی هیجریدا لەگەڵ لەشکری میسر ڕووی کردبووە «قەڵای ئافامیە» کە لە قەراغ چەمی «عاسی» بوو، لەشکری میسر کە لە ئیدارەی «جەیش کوڕی محەمەد ئەلسەمسامە»دا بوو، خراپ شکا. تەنیا مەرکەزی بە پێنجسەد سوارێکەوە ڕاوەستا، لەو وەقتەدا «ئەحمەدی کوڕی زوحاک سەلیل» هەڵیکوتایە سەر قۆماندانی ڕۆم و کوشتی و بووە سەبەبی شکانی ئۆردووی ڕۆم (کتاب تجار الامم).
لە بەینی ٣٦٦ و ٣٨٨ی هیجریدا و لە شەڕ و دەعوای موڵکایەتیی «جورجان» و لە بەینی «ئالی بوویە» و «زیاری»دا ئیشتراکی کردووە و «مەحموود غازان»یش موقابیل بە تورکەکانی قەرەخانی، ئیستیفادەیەکی زۆری لە قووەتی کورد کردووە (عۆتەبی).
لەم سرەیەدا لە ٣٨٠ی هیجریدا حکوومەتێکی کورد کە بە حکوومەتی «بەنو غەناز» مەشهوور بوو، تەشکیلی کرد و گاه بە سەربەخۆیی و گاه بە تابعی، حەفتا ساڵێک دەوامی کرد. کورد لە شەڕ و دەعوای داخڵی «ئالی بوویە»دا لە حەرەکاتی عەشیرەتی «بەنو عەقیل» بۆ سەر مووسڵ و لە شەڕی ئالی بوویە لە فارس و خووزستاندا گەلێ فەعالییەتی نواندووە.
لە ساڵی ٣٩٧ی هیجریدا «بەهائوددەولە» ئۆردوویەکی ناردە سەر کوردانی «بەندینجان» و شەڕێکی قورسیان لە بەینا قەوما و ئۆردووی بەهائوددەولە شکا و تاڵانێکی زۆر دەس کوردەکان کەوت. لە ٤١١دا شەمسوددەولە ئیختلالی لەشکری تورکی تەنیا بە قووەت و یارمەتیی کوردەوە تەسکین کرد و عەسکەری تورکی لە ناو برد (الکامل، جڵدی ٩).