ئینجیلی موقەدەس/ئینجیلی مەرقوس

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
ئینجیلی موقەدەس  (1919)  by لودڤیگ فاسوم
ئینجیلی مەرقوس

باب ١[edit]

1) هەوەڵی ئینجیلی یەسووع مەسیح.

2) چلۆنێکی نووسراوە دە ئەشعیا پێغەمبەردا، ئەوەتا دەنێرمە پێش ڕووی تۆ مەلایکەتی خۆم، ئەوەی کە ڕێک دەخا ڕێی تۆ.

3) دەنگی بانگکەرێکی دە چۆڵیدا دەڵێ: «ڕێی ڕەب حازر بکەن و جادانی وی ڕاست بکەن.»

4) یوحەننا تەعمیددەر دە چۆڵیدا پەیدا بوو و تەعمیدی تۆبەی بۆ بەخشینی گوناحان وەعز دەکرد.

5) و وەدەر کەوتنە کن ئەوی تەواو وڵاتی یەهوودییە و هەموو خەڵکی ئورشەلیمی و لە وێ تەعمید دەکران دە چۆمی ئوردندا بە ئیقرارکردنی گوناحانی خۆیان.

6) و یوحەننا جلی لە تووکی وشتری بوو و پشتێندێکی چەرم دە پشتیدا و کوللە و هەنگوینی کێوی دەخوارد.

7) و وەعزی دەکرد، دەیگوت: «لەدوای من دێ ئەوەی کە لە من بە قووەتترە، ئەوەی کە ئەمن لایق نیم کە دابێمەوە و بەندی کەوشی وی بکەمەوە.

8) ئەمن ئەنگۆم بە ئاوی تەعمید کرد، بەڵا ئەو ئەنگۆ بە ڕوحولقودوس تەعمید دەکا.»

9) و بوو دەو ڕۆژانەدا کە یەسووع لە ناسرەی جەلیلی هات و لە یوحەننا دە ئوردندا تەعمید کرا.

10) و جێبەجێ کە لە ئاوی وەدەر کەوت دیتی ئاسمانان ئاواڵە بوونەوە و ڕوح وەکوو کۆترێک هاتە خوارێ سەر ئەوێ.

11) و دەنگێک لە ئاسمانان هات: «ئەتۆ کوڕی خۆشەویستی منی، لە تۆ خۆشحاڵم.»

12) و زوو ڕوح ئەوی وەدەر خستە چۆڵی.

13) و چل ڕۆژان دە چۆڵیدا بوو لە شەیتان تەجرەبە دەکرا و دەگەڵ جانەوەران بوو و مەلایکەتان خزمەتی وییان دەکرد.

14) و لە پاش ئەوەی کە یوحەننا تەسلیم کرا، یەسووع هاتە جەلیلی و وەعزی ئینجیلی خوڵای دەکرد.

15) و دەیگوت: «وەعدە تەواو بووە و پادشایەتی خوڵای نیزیک بووە. تۆبەی بکەن و ئیمان بە ئینجیلی بێنن.»

16) و کە بە قەراغی بەحری جەلیلێدا دەڕۆیی، شەمعوون و ئەندرییاس برای شەمعوونی دی کە تۆڕیان دە بەحرێ داویشت؛ چونکە تۆڕەوان بوون.

17) و یەسووع بە وانی گوت: «لەدوای من وەرن، و ئەنگۆ دەکەمە تۆڕەوانی ئینسانان.»

18) و جێبەجێ تۆڕانیان بەجێ هێشت و وەدوای وی کەوتن.

19) و کە کەمێک وەپێش کەوتبوو، یەعقوب کوڕی زەبدی و یوحەننا برای وی دی. ئەوانیش دە گەمێدا تۆڕانیان دەچنیەوە.

20) و زوو ئەوانی بانگ کرد و بابی خۆیان زەبدی، دە گەمێدا دەگەڵ کرێکاران بەجێ هێشت و وەدوای وی کەوتن.

21) و هاتنە نێو کەفەرناحوم و زوو دە شەمۆیدا چوو نێو کەنێشتی و تەعلیمی دا.

22) و لە تەعلیمی وی مات بوون، چونکە ئەوانی تەعلیم دەدا وەکوو کەسێکی کە حیکماتی بێ و نە وەکوو خوێندەواران.

23) و زوو دە کەنێشتی واندا پیاوێک هەبوو کە ڕوحی پیسی دەگەڵ بوو و قیژاندی.

24) دەیگوت: «چمان دەگەڵ تۆ هەیە، ئەی یەسووع ناسری؟ ئەرێ هاتووی کە ئەمە هیلاک بکەی؟ ئەتۆ دەناسم کە کێی، ئەی موقەدەسی خوڵای.»

25) و یەسووع هەڕەشەی لێ کرد، دەیگوت: «بێدەنگ بە و لەوی وەدەر بکەوە.»

26) و ڕوحی پیس ئەوی ئاڵۆز کرد و قیژاندی بە دەنگێکی گەورە و لەوێ وەدەر کەوت.

27) و هەموو عەجایب مان وەها کە لە یەکتریان دەپرسی دەیانگوت: «ئەوە چییە؟ تەعلیمێکی تازەی بە قووەت، لەسەر ڕوحانی پیسیش ئەمر دەکا و ئیتاعەتی دەکەن.»

28) و نێوبانگی وی زوو وەدەر کەوت هەموو جێ دە تەواوی وڵاتی دەوری جەلیلیدا.

29) و جێبەجێ کە لە کەنێشتی وەدەر کەوتن، هاتنە ماڵی شەمعوون و ئەندرییاس دەگەڵ یەعقووب و یوحەننا.

30) و خەسووی شەمعوون بە نۆبەتێ کەوتبوو و زوو خەبەریان لە وی بە وی دا.

31) و چوو کن ئەوی، دەستی گرت، هەڵی ئەستاند و نۆبەتێ بەری دا و خزمەتی وانی کرد.

32) و کە ئێوارێ بوو، وەختی ڕۆژئاوای، هەموو نەخۆشان و جندارانیان هێنا کن ئەوی.

33) و تەواوی شاری لە بەر دەرکەی خڕ بوونەوە.

34) و زۆرانی کە نەخۆش بوون بە نەخۆشیانی جوێ جوێ ساغ کردەوە و جننانی زۆری دەر کرد و نەییێشت کە جننان قسان بکەن، چونکە ئەویانی ناسی.

35) و سبحەینێ زوو هەڵستا و وەدەر کەوت و چوو جێیەکی چۆل و لەوێ نوێژی دەکرد.

36) و شەمعوون و ئەوانەی کە دەگەڵ ئەوی بوون، لە دوای وی کەوتن.

37) و ئەویان پەیدا کرد و بە وییان گوت: هەموو لە تۆ دەگەڕێن.

38) و بە وانی گوت: «با بڕۆینە جێیەکی دیکە، بۆ قەسەبانی نیزیک، کە لەوێش وەعز بکەم، چونکە بۆ ئەوێ وەدەر کەوتووم.»

39) و هات و دە تەواوی جەلیلی دە کەنێشتانی واندا وەعزی دەکرد و جننانی دەر دەکرد.

40) و گولێک هاتە کن ئەوی، لێی تەڵەب کرد و چۆکی لەپێش دادا و بە وی گوت: «ئەگەر بتەوێ دەتوانی ئەمن پاک بکەیەوە.»

41) و یەسووع ڕەحمی کرد، دەستی درێژ کرد، دەستی لێ دا و بە وی گوت: «دەمەوێ، پاک بەوە.»

42) و جێبەجێ، گولێتی لەسەر ئەوی لاچوو و پاک بۆوە.

43) و قەدەغەی لێ کرد و جێبەجێ ڕەوانەی کرد.

44) و بە وی گوت: «هۆشیار بە و بە هیچکەس مەڵێ، بەڵا بڕۆ خۆت بە کاهین نیشان بدە و ئەو قوربانییە بەرە بۆ پاکبوونەوەی خۆت کە مووسا ئەمری کردووە بۆ شایەدی لەسەر ئەوان.»

45) بەڵا ئەو وەدەر کەوت و دەستی پێ کرد کە زۆری خەبەر بدا و کە ئەو قسەی بڵاو بکا وەها کە ئەو نەیدەتوانی بە ئاشکرا بچێتە نێو شارێکی، بەڵا لە دەرەوە دە جێی چۆڵدا بوو لە هەموو لایان دەهاتنە کن ئەوی.

باب ٢[edit]

1) و لە پاش چەند ڕۆژان دیسان هاتە کەفەرناحومی و بیسترا کە دە ماڵێدایە.

2) و زۆران خڕ بوونەوە وەها کە ئیدی لە بەر دەرکەش جێ نەما، و کەلامی بۆ وان قسەی دەکرد.

3) و هاتن و ئیفلیجێکیان دەهێنا کن ئەوی کە بە چوار کەس هەڵگیرابوو.

4) و کە نەیانتوانی نیزیکی وی بن لەبەر خەڵکی بانیان هەڵدڕی لە جێیەکی کە ئەو لێی بوو. و کە کونیان کردبوو دۆشەگی کە ئەو ئیفلیجەی تێدا کەوتبوو دایانهێشتە خوارێ.

5) و کە یەسووع باوەڕی وانی دی بەو ئیفلیجەی گوت: «ڕۆڵە گوناحانی تۆ بەخشراون.»

6) بەڵا چەند کەس لە خوێندەواران لەوێ ڕۆنیشتبوون و دە دڵی خۆیاندا فکریان دەکرد.

7) «بۆچی ئەوە وا قسان دەکا؟ کفر دەڵێ. کێ دەتوانێ گوناحان ببەخشێ بێجگە لە یەکێکی یەعنی خوڵا؟»

8) و یەسووع جێبەجێ دە ڕوحی خۆیدا زانی کە ئەوان دە خۆیاندا وا فکریان دەکرد و بە وانی گوت: «بۆچی ئەوەی دە دڵی خۆتاندا فکر دەکەن؟

9) کێهە هاسانترە کە بە ئیفلیجی بڵێی: «گوناحانی تۆ بەخشراون» یان کە بڵێی: «هەڵستە و دۆشەگی خۆت هەڵگرە و بگەڕێ.»

10) بەڵا هەتاکوو ئەنگۆ بزانن کە کوڕی ئینسانی حیکماتی هەیە لەسەر ئەرزی کە گوناحان ببەخشێ، بەو ئیفلیجەی گوت:

11) «بە تۆ دەڵێم هەڵستە دۆشەگی خۆت هەڵگرە و بڕۆ ماڵی خۆت.»

12) و هەڵستا و جێبەجێ دۆشەگی هەڵگرت و وەدەر کەوت لە پێش هەمووان، وەها کە هەموو واق مان و شوکری خوڵایان کرد، دەیانگوت: «چتی وەهامان قەت نەدیوە.»

13) و دیسان وەدەر کەوتە کن بەحرێ و هەموو خەڵکی هاتنە کن ئەوی و ئەوانی تەعلیم دەدا.

14) و کە ڕادەبرد، لیوی کوڕی حەلفی دی دە گومڕوگیدا، ڕۆنیشتبوو و بە وی گوت: «وەدوای من بکەوە.» و هەڵستا و وەدوای وی کەوت.

15) و بوو کە دە ماڵی ویدا ڕۆنیشتبوو و زۆر لە ڕاداران و گوناحکاران دەگەڵ یەسووع و شاگردانی وی ڕۆنیشتبوون، چونکە زۆر بوون و وەدوای وی کەوتبوون.

16) و خوێندەواران و فەریسیان وەختێکی دیتیان کە دەگەڵ ڕاداران و گوناحکاران دەخوا، بە شاگردانی وییان گوت کە دەگەڵ ڕاداران و گوناحکاران دەخوا و دەخواتەوە.

17) و کە یەسووع ئەوەی بیست بە وانی گوت: «ساغان ئیحتیاجی حەکیمیان نییە، بەڵا نەخۆشان. نەهاتووم کە سادقان بانگ بکەم، بەڵا گوناحکاران.»

18) و شاگردانی یوحەننا و فەریسیان بە ڕۆژوو دەبوون و هاتن و بە وییان گوت: «لەبەر چی شاگردانی یوحەننا و شاگردانی فەریسیان بە ڕۆژوو دەبن؟ بەڵا شاگردانی تۆ بە ڕۆژوو نابن؟»

19) و یەسووع بە وانی گوت: «ئەرێ دەتوانن خەڵکی داوەتێ بە ڕۆژوو ببن وەختێکی زاوا دەگەڵ ئەوانە؟ وەختێکی زاوا دەگەڵ ئەوانە ناتوانن بە ڕۆژوو ببن.

20) بەڵا ڕۆژان دێن کە زاوا لە وان دەستێندرێ و ئەو وەختی، دەو ڕۆژەیدا بە ڕۆژوو دەبن.

21) هیچکەس پەڕۆیێکی تازە لە جلێکی کۆن نادا، ئەگەر نە پینەی تازە لە کۆنەی دەبێتەوە و دڕاوەکە خراپتر دەبێ.

22) و هیچکەس شەڕاپی تازە دە مەشکانی کۆن تێ ناکا، ئەگەر نە ئەو شەڕاپە مەشکان دەقەڵەشێنێ و شەڕاپ و مەشکان زایە دەبن. بەڵا شەڕاپی تازە دە مەشکانی تازە تێ دەکرێ.»

23) و بوو کە دە شەمۆیدا بە نێو زەوییاندا ڕادەبرد و شاگردانی وی دەستیان پێ کرد بە گوڵچنینێ کە دەڕۆیین.

24) و فەریسیان بە وییان گوت: «ئەوەتا بۆچی دەکەن ئەوەی کە دە شەمۆیدا دروست نییە؟»

25) و بە وانی گوت: «ئەرێ قەت نەتان خوێندووە داوود چی کرد، وەختێکی موحتاج و برسی بوو؛ ئەو و ئەوانەی کە دەگەڵ ئەوی بوون.

26) چلۆن وەژوور ماڵی خوڵای کەوت دە زەمانی ئابیتار، کاهینی گەورەدا، و نانی ڕابواردنێی خوارد ئەوەی کە حەڵاڵ نییە کە بخوا، مەگەر بۆ کاهینان، و داشی بە ئەوانەی کە دەگەڵ ئەوی بوون؟»

27) و بە وانی گوت: «شەمۆ بۆ خاتری ئینسانی بووە و نە ئینسان بۆ خاتری شەمۆی.»

28) وەهایە کە کوڕی ئینسانی ڕەببی شەمۆیشە.

باب ٣[edit]

1) و دیسان چوو کەنێشتی و پیاوێک لەوێ هەبوو کە دەستێکی وشکی بوو.

2) و لەوی سیاد بوون کە ئەگەر دە شەمۆیدا ساغی بکاتەوە هەتاکوو گلەیی لێ بکەن.

3) و بەو پیاوەی کە دەستە وشکەکەی بوو، کوتی: «هەڵستە نێوێ.»

4) و بە وانی گوت: «ئەرێ دروستە دە شەمۆیاندا چاکەکردن یان خراپەکردن، خەڵاسکردنی گیانێکی یان کوشتنی؟» بەڵا ئەوان بێدەنگ بوون.

5) و بە ڕق تەماشای دەوراندەور لە وانی کرد، خەمناک لەبەر غەلیزیی دڵی وان و بەو پیاوەی گوت: «دەستت درێژ بکە.» و درێژی کرد و دەستی وی ساغ بۆوە.

6) و فەریسیان زوو وەدەر کەوتن و دەگەڵ هێرۆدییان زیددی وی تەگبیریان کرد کە چلۆن ئەوی هیلاک بکەن.

7) و یەسووع دەگەڵ شاگردان خۆی بۆ کن بەحرێ کێشا و خەڵکێکی زۆر لە جەلیلی و لە یەهوودییە وەدوای وی کەوتن.

8) و لە ئورشەلیمی و لە ئەدومییە و لەولای ئوردن و لە دەوری سۆور و سیدوون، جەمعێکی زۆر وەختێکی بیستیان چەند چتانی گەورەی دەکرد، هاتنە کن ئەوی.

9) و بە شاگردانی خۆی گوت کە گەمێیەکی چکۆلە بۆ وی حازر بێ لەبەر خەڵکی هەتاکوو ئەوی ڕێک نەکوشن.

10) چونکە زۆرانی ساغ دەکردەوە وەها کە بە سەر ئەویدا دەکەوتن کە دەستی لێ بدەن هەر کامێکی دەردیان بوو.

11) و ڕوحانی پیس کە تەماشای وییان دەکرد لە پێش ئەوی دەکەوتن و هاواریان دەکرد، دەیانگوت: «ئەتۆ کوڕی خوڵای.»

12) و هەڕەشەی زۆری لە وان کرد کە ئەوی ئاشکرا نەکەن.

13) و چوو سەر کێوی و ئەوانەی کە ویستی بانگی کرد و چوونە کن ئەوی.

14) و ئەو دوازدانەی تاعین کرد کە دەگەڵ ئەوی ببن و کە بیاننێری بۆ وەعزکردنێ.

15) و کە حیکماتیان ببێ بۆ وەدەرخستنی جننان.

16) و ئەو دوازدانەی تاعین کرد و شەمعوونی پیترۆس نێو نا.

17) و یەعقووب کوڕی زەبدی و یوحەننا برای یەعقووب و ئەوانی بُوَانَرْجِس نێو نا یەعنی کوڕانی گرمەی.

18) و ئەندرییاس و فیلیپۆس و بەرتۆلومای و مەتا و تۆما و یەعقووب کوڕی حەلفی و تێدی و شەمعوون قانوی.

19) و یەهوودا ئێسخەریوتی کە ئەوی تەسلیم کرد.

20) و هاتە ماڵێکی و دیسان خەڵکی خڕ بوونەوە وەها کە نەیاندەتوانی نانیش بخۆن.

21) و کە نیزیکانی وی بیستیان، وەدەر کەوتن کە ئەوی بگرن، چونکە کوتیان بێهۆش بووە.

22) و خوێندەواران کە لە ئورشەلیمی هاتبوون کوتیان کە بەعلەزبولی هەیە و کە بە مەزنیی جننان، جننان دەر دەکا.

23) و ئەوانی بانگ کرد و بە مەسەلان بە وانی گوت: «چلۆن دەتوانێ شەیتان، شەیتان دەر بکا؟»

24) ئەگەر پادشایەتێک لەسەر خۆی جوێ ببێ ئەو پادشایەتییە ناتوانێ ڕابوەستێ.

25) و ئەگەر خانوویێک، لەسەر خۆی جوێ ببێ، ئەو خانووە ناتوانێ ڕابوەستێ.

26) و ئەگەر شەیتان لەسەر خۆی هەڵبستێ و جوێ ببێ ئەو ناتوانێ ڕابوەستێ بەڵا ئاخیری دەبێ.

27) بەڵا هیچکەس ناتوانێ وەژوور ماڵی ساحیب قووەتێ بکەوێ کە ئەسبابانی وی تاڵان بکا مەگەر ئەو ساحیب قووەتەی هەوەڵێ ببەستێ و ئەو وەختی ماڵی وی تاڵان بکا.

28) ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم: کە هەموو گوناحان بە بنی ئادەمێ دەبەخشرێن و کفران هەر چەندێکی کفر بکەن.

29) بەڵا کەسێکی کە زیددی ڕوحولقودوس کفر بڵێ، بۆ وی بەخشین نییە هەتا ئەبەد، بەڵا خەتادارە بە گوناحی ئەبەدی.

30) چونکە کوتیان: «ڕوحی پیسی هەیە.»

31) و دایک و برایانی وی هاتن، و کە لە دەرێ ڕاوەستابوون ناردیانە کن ئەوی و بانگیان کرد.

32) و خەڵکی لە دەوری وی ڕۆنیشتبوون و بە وییان گوت: «ئەوەتا دایک و برایانت لە دەرێ لە تۆ دەگەڕێن.»

33) و بە وان جوابی دا و کوتی: «دایک و برایانی من کێن؟»

34) و تەماشای ئەوانی کرد کە لە دەوری خۆی ڕۆنیشتبوون و کوتی: «ئەوەتا دایک و برایانی من.

35) هەر کەس کە ئیرادەی خوڵای بەجێ بێنێ، ئەوە برا و خوشک و دایکی من.»

باب ٤[edit]

1) و دەستی پێ کرد دیسان بە تەعلیمدانێ لەکن بەحری و خەڵکێکی زۆر لەکن ئەوی خڕ بوونەوە وەها کە وەژوور گەمێیەکی کەوت و لەسەر بەحرێ ڕۆنیشت و هەموو خەڵکەکە لەکن بەحری لەسەر ئەرزێ بوون.

2) و ئەوانی چتانی زۆر تەعلیم دا بە مەسەلان و دە تەعلیمی خۆیدا بە وانی گوت:

3) «ببیێن، ئەوەتا تۆچێن وەدەر کەوت کە تۆی بچێنێ.

4) و بوو کە وەختێکی تۆی دەچاند هێندێک کەوتە سەر ڕێی و تەیڕان هاتن و ئەویان خوارد.

5) و هێندێک کەوتە سەر جێیەکی بەرداوی لە کوێ کە گڵی زۆری نەبوو و زوو ڕوا چونکە ئەرزی قوڵی نەبوو.

6) و کە ڕۆژ هەڵات سووتاندی و چونکە ڕەگی نەبوو، وشک بوو.

7) و هێندێک کەوتە نێو دڕوان و دڕوان هەڵچوون و ئەویان خنکاند و بەری نەدا.

8) و هێندێک کەوتە سەر ئەرزی چاک و بەری هێنا کە وەدەر کەوت و گەورە بوو و هەتا یەک و سی و یەک و شێست و یەک و سەدی بڕی.»

9) و کوتی: «هەر کەس کە گوێی بیستنی هەیە، با ببیێ.»

10) و کە بەتەنێ بوو، ئەوانەی کە لە دەوری وی بوون، دەگەڵ ئەو دوازدانە، لێیان پرسی لە مەسەلان.

11) و بە وانی گوت: «بە ئەنگۆ دراوە کە سیڕڕانی پادشایەتی خوڵای بزانن، بەڵا بۆ ئەوانەی کە لە دەرێن بە مەسەلان هەموو چت دەبێ.»

12) هەتاکوو بە دیتنی ببینن و نەناسن و بە بیستنی ببیێن و نافامن، نەبا وەرگەڕێن و ببەخشرێن.

13) و بە وانی گوت: «ئەرێ ئەو مەسەلەی نازانن؟ و چلۆن هەموو مەسەلان دەزانن؟

14) تۆچێن کەلامی دەچێنێ.

15) و ئەوانە ئەوانەن لەسەر ڕێی، جێیەکی کەلام دەچێندرێ و وەختێکی دەبیێن جێبەجێ شەیتان دێ و ئەو کەلامەی چێندراو دە دڵی واندا لا دەبا.

16) و هەر وا ئەوانە ئەوانەن کە لەسەر جێی بەرداوی چێندراون، ئەوانەی کە وەختێکی کەلامی دەبیێن، جێبەجێ بە خۆشی ئەوی قبووڵ دەکەن.

17) و هیچ ڕەگ دە خۆیاندا نییە، بەڵا دەمێکی دەمێنن. لە پاشان وەختێکی تەنگانەی یان ئەزیەت، لەبەر ئەو کەلامەی پەیدا دەبێ، جێبەجێ هەڵدەنگوێن.

18) و ئەوەی دیکە ئەوانەن کە لە نێو دڕوان چێندراون، ئەوانەی کە کەلامی دەبیێن؛

19) و خەمی ئەو دنیایەی و فریوی ماڵ و ئارەزووی چتانی دیکە وەژووری وان دەکەون و کەلامی دەخنکێنن و بێ بەر دەبێ.

20) و ئەوانە ئەوانەن کە لەسەر ئەرزی چاک چێندراون، ئەوانەی کە کەلامی دەبیێن و قبووڵی دەکەن و بەر دێنن، بە سی و بە شێست و بە سەد.»

21) و بە وانی گوت: «مەگەر چرا دێ کە لەبن کیلەی یان لەبن تەختی داندرێ؟ ئەرێ نابێ لەسەر پێچرا داندرێ؟

22) چونکە هیچ چتێک شاردراو نییە کە ئاشکرا نەبێ و چتێک بە دزی نەبووە کە نێتە دەرێ.

23) ئەگەر کەسێک گوێی بیستنی هەیە، با ببیێ.»

24) و بە وانی گوت: «تەماشا بکەن کە چی دەبیێن، بە هەر پێوانەیەکی کە دەپێون، بۆ ئەنگۆ دەپێورێ و زیاد بۆ ئەنگۆ دەکرێ.

25) چونکە هەر کەس کە هەیەتی بە وی دەدرێ و هەر کەس کە نیەتی ئەوەی کە هەشیەتی لێی دەستێندرێ.»

26) و کوتی: «هەر وایە پادشایەتی خوڵای، وەکوو پیاوێکی کە تۆی باوێتە سەر ئەرزێ.

27) و دەنوێ و هەڵدەستێ شەو و ڕۆژ و تۆ دەڕوێ و بڵند دەبێ و ئەو نازانێ چلۆن.

28) ئەرز لە خۆیەوە بەر دێنێ، هەوەڵێ گیا، لە پاشان گوڵ، لە پاشان دەنکی تواو دە گوڵیدا.

29) و وەختێکی بەر گەیشتەوە جێبەجێ داس دەنێرێ چونکە دروێنە گەیوە.»

30) و کوتی: «پادشایەتی خوڵای چلۆن بەرانبەر بکەین؟ یان بە چی مەسەلێکی ئەوی بنوێنین؟

31) وەکوو دەنکێکی خەردەل کە وەختێکی لە ئەرزێ بچێندرێ چکۆلەترە لە هەموو تۆیان لەسەر ئەرزێ.

32) و کە چێندراوە وەدەر دەکەوێ و گەورەتر دەبێ لە هەموو شیناوەردان و لکانی گەورە دەر دەکا وەها کە تەیڕانی ئاسمان دەتوانن لەبن سێبەری وی هەڵبنیشن.»

33) و بە مەسەلانی زۆر وەکوو ئەوانە کەلامی بۆ وان قسەی دەکرد بەقەد ئەوەی کە بتوانن ببیێن.

34) و بێ مەسەلە قسەی دەگەڵ ئەوان نەدەکرد، بەڵا بەتەنێ هەمووی بۆ شاگردانی خۆی بەیان دەکرد.

35) و دەو ڕۆژەیدا، کە ئێوارێ بوو، بە وانی گوت: «با بپەڕینەوە ئەو بەری.»

36) و کە ئەو خەڵکەیان مەرەخەس کردبوو، ئەویان هەڵگرت هەر وەکوو دە گەمێدا بوو، و چەند گەمێی دیکەش دەگەڵ ئەوی بوون.

37) و گێژییەکی گەورەی بای بوو و شەپۆلان لەنێو گەمێیان دەدا وەها کە گەمێ پڕ دەبۆوە.

38) و ئەو لە دواوە لەسەر سەنیرێکی نووستبوو. و خەبەریان هێنا و بە وییان گوت: «ئەی مامۆستا، ئەرێ ئەتۆ دەربەند نی کە ئەمە هیلاک دەبین؟»

39) و هەڵستا و هەڕەشەی لە بای کرد و بە بەحری گوت: «بێدەنگ بە، لاڵ بە»، و با ساکن بوو و ئارامییەکی گەورە بوو.

40) و بە وانی گوت: «بۆچی وا ترسەنۆکن؟ چلۆنە کە ئیمانوو نییە؟»

41) و بە ترسێکی گەورە ترسان و بە یەکتریان گوت: «دەنا ئەوە کێیە کە با و بەحریش ئیتاعەتی وی دەکەن؟»

باب ٥[edit]

1) و هاتە ئەو بەری بەحری بۆ وڵاتی جرەسنیان.

2) و کە لە گەمێ وەدەر کەوت جێبەجێ تووشی وی بوو لە قەبران پیاوێکی کە ڕوحی پیسی هەبوو.

3) کە جێی وی دە قەبراندا بوو و هیچکەس نەیدەتوانی ئەوی ئیدی بە زنجیرانیش ببەستی.

4) چونکە گەلێک جاران بەسترابۆوە بە کوتان و زنجیران، و زنجیران بە وی پساندرابوون و کوتان شکاندرابوون و هیچکەس نەیدەتوانی ئەوی ڕام بکا.

5) و هەمیشە شەو و ڕۆژ دە قەبران و دە کێواندا بوو و دەیقیژاند و بە بەردان لە خۆی دەدا.

6) و کە یەسووعی لە دوورەوە دی، لنگی دا و سجدەی لێ کرد.

7) و قیژاندی بە دەنگێکی بڵند و کوتی: «چم دەگەڵ تو هەیە ئەی یەسووع کوڕی خوڵای تەعالا. بە خوڵات سوێند دەدەم عازابم مەدە.»

8) چونکە بەوی دەگوت وەدەر بکەوە لە ئەو ئینسانەی ئەی ڕوحی پیس.

9) و لێی پرسی نێوت چییە؟ و بە وی گوت: «نێوم لەجیونە چونکە زۆرین.»

10) و زۆری لێ پاڕاوە کە ئەوان لە وڵاتی وەدەر نەخا.

11) بەڵا لەوێ لەکن کێوی گارانێکی گەورەی بەرازان لە لەوەڕێ بوو.

12) و لێی پاڕانەوە دەیانگوت: «بماننێرە نێو بەرازان هەتاکوو وەژوور ئەوان بکەوین.»

13) و ئەوانی ئیزن دا. و ڕوحانی پیس وەدەر کەوتن و چوونە نێو بەرازان، و گاڕانەکە خۆیان لە سەر بەرەژووری هەڵداشتە بەحری بەقەد دوو هەزار و دە بەحرێدا خنکان.

14) و بەرازوانان هەڵاتن و دە شاری و دێیاندا خەبەریان دا و وەدەر کەوتن کە بیبینن چی بووە.

15) و هاتنە کن یەسووع و ئەو جندارەیان دی ڕۆنیشتبوو و دەبەرکراو و عاقڵ ئەوەی کە لەجیون تێیدا بوو و ترسان.

16) و ئەوانەی کە ئەویان دیبوو بۆ ئەوانیان گێڕاوە چلۆنێکی بەسەر جندارەکە هاتبوو و بەحسی بەرازان.

17) و دەستیان پێ کرد کە لێی بپاڕێنەوە کە لە سەرحەدانی وان بڕوا.

18) و وەختێکی چوو نێو گەنمی ئەوەی کە جندار ببوو لێی پاڕاوە کە دەگەڵ ئەوی ببێ.

19) و نەییێشت، بەڵا بەوی گوت: «بچۆ ماڵی خۆت، کن ئەهلی خۆت و بە وان خەبەر بدە چی چتێکی گەورە ڕەب دەگەڵ ئەتۆی کردووە و کە ڕەحمی بە تۆ کردووە.»

20) و چوو و دەستی پێ کرد دە دیکاپۆلسدا کە وەعز بکا چی چتێکی گەورە یەسووع دەگەڵ ئەوی کردبوو و هەموو عەجایب مان.

21) و کە یەسووع دیسان بە گەمێ پەڕیەوە ئەو بەری، خەڵکێکی زۆر لەکن ئەوی خڕ بوونەوە. و لە کن بەحرێ بوو.

22) و یەکێک لە مەزنانی کەنشتی نێوی یایروس هات. و کە ئەوی دی لەبەر پێیانی وی کەوت.

23) و زۆری لێ پاڕاوە و کوتی: «کچی چکۆڵەی من دە گیانئەڵڵایەدایە. بریا هاتبای و دەستانت لەسەر ئەوی دانابا کە خەڵاس بێتەوە و بژی.»

24) و دەگەڵ ئەوی ڕۆی و خەڵکێکی زۆر وەدوای وی کەوتن و ئەویان ڕێک دەکوشی.

25) و ژنێکی کە مودەی دوازدە ساڵان خوێنلەبەرچوونی هەبوو.

26) و زۆر زەحمەتی کێشابوو لە حەکیمانی زۆر، و هەر چی کە بووی خەرجی کردبوو و فایدەی نەببوو بەڵا هەر خراپتر بوو.

27) وەختێکی بەحسی یەسووعی بیست، هات دەنێو خەڵکیدا لە پشتەوە و دەستی لە جلی وی دا.

28) چونکە کوتی: «ئەگەر دەستی لێ بدەم هەر جلیشی بێ، ساغ دەبمەوە.»

29) و جێبەجێ کانی خوێنی وی وشک بوو و زانی دە بەدەنی خۆیدا کە لە نەخۆشی ساغ بۆوە.

30) و زوو یەسووع زانی دە خۆیدا کە قووەتێک لەوی وەدەر کەوت و ئاوڕوی داوە دەنێو خەڵکیدا و کوتی: «کێ دەستی لە جلی من دا؟»

31) و شاگردانی وی بە وییان گوت: «دەبینی کە خەڵکی ئەتۆ ڕێک دەکوشن و دەڵێی: کێ دەستی لە من دا؟»

32) و تەماشای دەورەی خۆی دەکرد کە ببینێ ئەوەی کە ئەو چتەی کردبوو.

33) بەڵا ژنەکە هات دەترسا و دەلەرزی، دەیزانی ئەوەی کە بەسەری هاتبوو. و کەوتە پێشی و هەموو ڕاستی بە وی گوت.

34) ئەو بەوی گوت: «ئەی کچ، ئیمانی تۆ ئەتۆی خەڵاس کردووە، بە سڵامەتی بڕۆ و ساغ بەوە لە دەردی خۆت.»

35) هێشتا ئەو قسەی دەکرد هێندێک لە ماڵی مەزنی کەنێشتی هاتن دەیانگوت: «کچەکەت مرد، ئیدی مامۆستای بۆچی زەحمەت دەدەی؟»

36) بەڵا یەسووع وەختێکی بیستی ئەو قسەی کە کوترا، بە مەزنی کەنێشتی گوت: «مەترسە، فەقەت ئیمان بێنە.»

37) و نەییێشت کەس دەگەڵ ئەوی بچێ بێجگە لە پیترۆس و یەعقوب و یوحەننا برای یەعقوب.

38) و هاتنە ماڵی مەزنی کەنێشتی و گاپۆڕێکی دی و ئەوانەی کە دەگریان و زۆر شینییان دەکرد.

39) و کە چوو ژوورێ بە وانی گوت: «بۆچی شینێ دەکەن و دەگرین؟ کچەکە نەمردووە، بەڵا نووستووە.»

40) و پێی پێ کەنین. بەڵا ئەو هەمووانی دەر کرد و بابی کچەکەی و دایکی و ئەوانەی کە دەگەڵ ئەوی بوون هەڵی گرت و چوو ژوورێ ئەو جێی کە کچەکەی لێ بوو.

41) و کە دەستی کچەکەی گرت بەوی گوت: «طليتا قومی کە تەرجەمەی ئەوەیە: «ئەی کچ، بە تۆ دەڵێم هەڵستە.»

42) و جێبەجێ کچەکە هەڵستا و گەڕا، چونکە دوازدە ساڵانە بوو.

43) و جێبەجێ مات بوون بە ماتێکی گەورە.

44) و قەدەغەی زۆری لەوان کرد کە کەس ئەو چتەی نەزانێ، و کوتی کە چتێکی خواردنی بە وی بدرێ.

باب ٦[edit]

1) و لە ئەوێ وەدەر کەوت و هاتە وەتەنی خۆی و شاگردانی وی وەدوای کەوتن.

2) و کە شەمۆ داهات، دەستی پێ کرد کە تەعلیم بدا دە کەنێشتیدا و زۆران کە بیستیان عەجایب مان دەیانگوت: «ئەوە ئەوانەی لە کوێ بووە و چی حیکماتێکە کە بە وی دراوە؟ و ئەو قووەتانەی کە بە دەستی وی دەکرێن!

3) مەگەر ئەوە نەججار کوڕی مریەم و برای یەعقوب و یوسی و یەهودا و شەمعونی نییە؟ و ئەرێ خوشکانی وی لێرە لەکن ئەمە نین؟» و لە وی هەڵدەنگوتران.

4) و یەسووع بە وانی گوت: «پێغەمبەرێک بێ قەدر نییە مەگەر دە وەتەنی خۆی و لەنێو خزمانی خۆی و دە ماڵی خۆیدا.»

5) و نەیدەتوانی لەوێ هیچ قووەتێکی بکا بێجگە لە وەی کە دەستی لەسەر چەند نەخۆشان دانا و ساغی کردنەوە.

6) و عەجایب ما لە بێ ئیمانی وان و دە دێیانی دەورەندەور دەگەڕا و تەعلیمی دەدا.

7) و ئەو دوازدانەی بانگ کرد و دەستی پێ کرد کە ئەوانی بنێرێ جووت جووت و حیکماتی لەسەر ڕوحانی پیس بە وان دا.

8) و بە وانی ئەسپارد کە چتێک بۆ ڕێی هەڵنەگرن بێجگە لە عەسایەک تەنیا، نە توربین، نە نان و نە دراو دە پشتێندیدا.

9) بەڵا کاڵان دە پێ کراو و دوو کراسان دەبەر مەکەن.

10) و بە وانی گوت: «هەر جێیەکی کە وەژوور ماڵێکی دەکەون لەوێ بمێنن هەتا لە ئەوێ وەدەر دەکەون.

11) و هەر جێیەکی کە ئەنگۆ قەبوڵ نەکەن و گوێ لە ئەنگۆ نەگرن، وەختێکی لە ئەوێ وەدەر دەکەون، تۆزی لەبن پێیانی خۆتان بتەکێنن بۆ شایەدی لەسەر ئەوان.»

12) و وەدەر کەوتن و وەعزیان دەکرد کە تۆبەی بکەن.

13) و جیننانی زۆریان دەر دەکرد و زۆر نەخۆشانیان بە ڕۆنی چەور دەکرد و ساغیان دەکردنەوە.

14) و هێرۆدێس پادشا بیستی- چونکە نێوی وی مەشهوور بوو- و کوتی یوحەننا تەعمیددەر لەنێو مردووان هەڵستاندراوەتەوە لەبەر ئەوەی ئەو قووەتانە دە ویدا کار دەکەن.

15) هێندێک کوتیان کە ئیلیاسە و ئی دیکانێ کوتیان کە پێغەمبەرێکە وەکوو یەکێک لە پێغەمبەران.

16) بەڵا وەختێکی هێرۆدێس بیستی کوتی یوحەننا کە ئەمن بێ سەرم کرد ئەوە هەڵستاوەتەوە.

17) چونکە هێرۆدێس بۆخۆی ناردبووی، یوحەننای گرت و دە بەندیخانەیدا بەستی بۆ خاتری هێرۆدیا ژنی فیلپۆس برای خۆی.

18) چونکە یوحەننا بە هێرۆدێسی گوت: «بۆ تو دروست نییە کە ژنی برای خۆت بێنی.»

19) هێرۆدیا غەرەزی لێ بوو و تەمای بوو کە بیکوژێ و نەیدەتوانی.

20) چونکە هێرۆدیس لە یوحەننا دەترسا. بە پیاوێکی سادق و موقەدەسی دەزانی و دەیپارازت. و کە بیستی، لە زۆر چتانی بە شک بوو و بە خۆشی گوێی لە وی دەگرت.

21) و ڕۆژێکی مناسب بوو کە هێرۆدێس میمانییەکی دە بە وەلەدبوونی خۆیدا بۆ مەزنانی خۆی و سەرکردان و ماقوڵانی جەلیلی دروست کرد.

22) و کە کچی هێرۆدیا هاتە ژوورێ و سەمای کرد، هێرۆدێسی خۆشحاڵ کرد و ئەوانەی کە دەگەڵ ئەوی ڕۆنیشتبوون. و پادشا بە کچەکەی گوت: هەر چت دەوێ لە من تەڵەب بکە و دەتدەمێ.

23) و سوێندی بۆ وی خوارد هەر چی لە من تەڵەب بکەی دەتدەمێ هەتا نیوەی پادشایەتیم.

24) و چۆ دەرێ و بە دایکی خۆی گوت: «چی تەڵەب بکەم؟» و ئەو کوتی: «سەری یوحەننا تەعمیددەر.»

25) و زوو چۆ ژوورێ بە تاڵووکە بۆ کن پادشای، تەڵەبی کرد و کوتی: «دەمەوێ کە هەر ئەوێستا سەری یوحەننا تەعمیددەر لەسەر تەبەقێکی بە من بدەی.»

26) و پادشا زۆر خەمناک بوو، بەڵا لەبەر سوێندان و ئەوانەی کە دەگەڵی لەسەر سفرەی ڕۆنیشتبوون نەیویست ڕەدی بکاتەوە.

27) و جێبەجێ پادشا جەللادی نارد و ئەمری کرد کە سەری وی بێنێ.

28) و ڕۆی و سەری دە بەندیخانەیدا بڕی و سەری وی هێنا لەسەر تەبەقێکی و دای بە کچەکەی و کچەکە دای بە دایکی خۆی.

29) و کە شاگردانی وی بیستیان، هاتن و مەیتی وییان هەڵگرت و دە قەبرێکیان نا.

30) و ڕەسوڵان لەکن یەسووع خڕ بوونەوە و خەبەریان بە وی دا لە هەموو چتێک، هەر چی کە کردبوویان و هەر چی کە تەعلیمیان دابوو.

31) و ئەو بەوانی گوت: «وەرن ئەنگۆ بۆخۆتان بەتەنێ بۆ جێیەکی چۆڵ و کەمێک بحەسێنەوە»، چونکە ئەوانەی کە دەهاتن و دەچوون زۆر بوون و فوڕسەتی خواردنیشیان نەبوو.

32) و بە گەمێ بۆ جێیەکی چۆڵ بەتەنێ چوون.

33) و کە دەڕۆین خەڵکی ئەوانیان دی و زۆران ئەویان ناسی و لە هەموو شاران بە پێیان پێکەوە لنگیان دەدا بۆ ئەو جێی و وەپێش ئەوان کەوتن.

34) و کە یەسووع وەدەر کەوت جەمعێکی زۆری دی و ڕەحمی بە وان داهات چونکە وەکوو مەڕان بوون کە شوانیان نەبێ و دەستی پێ کرد کە ئەوانی زۆر چتانی تەعلیم بدا.

35) و کە ڕۆژ ئەلان درەنگ بوو، شاگردانی وی هاتنە کنی و کوتیان: «جێکە چۆلە و ڕۆژ ئەلان درەنگە.»

36) مەرەخەسیان بکە هەتاکوو بۆ مەزرایان و دێیانی دەورەندەور بچن و چتێکی بۆ خۆیان بکڕن کە بیخۆن.

37) بەڵا ئەو جوابی دا و بە وانی گوت: «ئەنگۆ بەوان بدەن کە بخۆن.» و بە وییان گوت: «مەگەر بچین و قیمەتی دوو سەد دینار نان بکڕین و بە وانی بدەین کە بیخۆن؟»

38) بەڵا ئەو بە وانی گوت: هـچەند نانوو هەیە؟ بڕۆن و ببینن.» و کە زانیان کوتیان: «پێنج و دوو ماسی.»

39) و بە وانی ئەمر کرد کە هەمووان دەستە دەستە لەسەر گیای شین ڕۆبنیشێنن.

40) و ڕۆنیشتن کۆمەڵە کۆمەڵە، سەد سەد و پینجا پینجا.

41) و ئەو نانانە و دوو ماسیانەی هەڵگرت، ڕووی دە ئاسمانێ کرد، ممبارەکی کرد و نانەکانی لەت کرد و دای بە شاگردان کە لە پێش ئەوان دابنێن، و ئەو دوو ماسیانەی بۆ هەمووان بەش کرد.

42) و هەموویان خواردیان و تێر بوون.

43) و لە لەتکان دوازدە قرتاڵەی پڕیان هەڵ گرتەوە و لە ماسیانیش.

44) و ئەوانەی کە لەو نانەیان خواردبوو پێنج هەزار پیاو بوون.

45) و جێبەجێ شاگردانی خۆی مەجبوور کرد کە وەژوور گەمێ بکەون و لەپێش بچن بۆ ئەو بەری بۆ بەیت سەیدا؛ هەتا بۆخۆی خەڵکی مورەخەس بکا.

46) و کە ئەوانی مورەخەس کردبوو، چۆ سەر کێوێکی کە دوعا بکا.

47) و کە ئێوارە دەهات، گەمێ دە نێوەڕاستی بەحرێدا بوو و ئەو لەسەر وشکی بەتەنێ.

48) و ئەوانی دی کە دە زەحمەتدا بوون لە سەوڵەی، چونکە با زیددی وان بوو. و نیزیکی نۆبەی چوارەمی شەوێ هاتە کن ئەوان لەسەر بەحرێ دەگەڕا و تەمای بوو کە لەوان تێپەڕێ.

49) بەڵا وەختێکی کە ئەویان دی لەسەر بەحرێ دەگەڕا فکریان کرد کە غەیبییە و قیژاندیان.

50) چونکە هەموو ئەویان دی و تێک چوون. و جێبەجێ ئەوانی دواند و بە وانی گوت: «بە غیرەت بن، ئەمنم مەترسێن.»

51) و وەسەر کەوتە کن ئەوان دە گەمێدا و باکە ئارام بوو و دە خۆیاندا مات مان لە حەد بەدەر.

52) چونکە لە نانان تێ نەگەیبوون، بەڵا دڵیان غەلیز بوو.

53) و کە پەڕینەوە سەر ئەرزی هاتنە گنیسارت و ڕایانگرت.

54) و کە لە گەمێ وەدەر کەوتن جێبەجێ ئەویان ناسی.

55) و لنگیان دا دەورەندەور دە هەموو ئەو وڵاتەیدا و دەستیان پێ کرد کە نەخۆشان لەسەر تەختان هەڵگرن بۆ ئەو جێی کە دەیانبیست کە ئەو لەوێیە.

56) و هەر جێیەکی دە دێیان یان دە شاران یان دە مەزرایاندا دەچوو؛ نەخۆشانیان دە مەیداناندا دادەنا و تەڵەبیان لێ دەکرد کە دەستی لێ بدەن ئەگەر چی داوێنی جلیشی بێ. و هەر کامێکی کە دەستیان لێدا ساغ بوونەوە.

باب ٧[edit]

1) و لە کن ئەوی خڕ بوونەوە فریسیان و چەندێک لە خوێندەواران کە لە ئورشەلیمی هاتبوون.

2) و دیتیان کە هێندێک لە شاگردانی وی بە دەستانی چڵکن یەعنی نەشۆراو نانی دەخۆن.

3) چونکە فریسیان و هەموو یەهودییان هەتا دەستیان بە زەریفی نەشۆن، ناخۆن، بە ڕاگرتنی حەدیسی پیران.

4) و کە لە بازارێ دێنەوە، هەتا نەشۆن ناخۆن و زۆر چتانی دیکەش هەیە کە هەڵیانگرتووە کە ڕایبگرن وەکوو ششتنی جامان و ئافتاوان و قاپانی مس.

5) و فریسیان و خوێندەواران لێیان پرسی: «لەبەر چی شاگردانی تۆ وەکوو حەدیسی پیران ڕەفتار ناکەن بەڵا نان دەخۆن بە دەستانی چڵکن.»

6) بەڵا ئەو بە وانی گوت: «بە زەریفی پێغەمبەرێتی کرد ئەشعیا دەر حەقی ئەنگۆ، ئەی ڕیاکاران؛ وەکوو نووسراوە: ئەو تایفە بە لێوان حورمەتی من دەگرن بەڵا دڵی وان لە من دوورە.

7) و بەخۆڕایی ئەمن دەپەرستن بە ئەوەی کە فێر دەکەن تەعلیمان کە ئەمرانی ئینسانین.

8) ئەمری خوڵای تەرک دەکەن و حەدیسی ئینسانی ڕادەگرن.»

9) و بە وانی گوت: «بە زەریفی ئەمری خوڵای بەتاڵ دەکەن هەتاکوو حەدیسی خۆتان ڕابگرن.

10) چونکە مووسا کوتی: حورمەتی باب و دایکی خۆت بگرە و ئەوەی کە جنێو بە باب یان دایک بدا بە مردن بمرێ.

11) بەڵا ئەنگۆ دەڵێن: ئەگەر کەسێک بە باب و دایکی خۆی بڵێ ئەو چتەی کە لە منەوە قازانج بۆ تو بگا قوربان یەعنی دیارییە.

12) ئیدی ئەنگۆ نایەڵن کە چتێکی بۆ دایک و بابی خۆی بکا.

13) کەلامی خوڵای بەتاڵ دەکەن بە حەدیسی خۆتان کە داتان ناوە و زۆر چتانی وەکوو ئەوانە دەکەن.

14) و دیسان خەڵکەکەی بانگ کرد و بەوانی گوت: «ببیێن لە من هەمووتان و بفامن.»

15) هیچ چتێک نییە کە لە دەرەوەی ئینسانی بچیتە ژووری بتوانێ پیسی بکا، بەڵا ئەو چتانەی کە لە ئینسانی وەدەر دەکەون ئەوانن کە ئینسانی پیس دەکەن.

16) ئەگەر کەسێک گوێی بیستنی هەیە با ببیێ.

17) و کە لەکن خەڵکی چوو ژوور ماڵێ، شاگردانی وی لێیان پرسی لە ئەو مەسەلەی.

18) و بە وانی گوت: «ئەرێ ئەنگۆش هەر وا نەفامن؟ نازانن کە هەر چی کە لە دەرەوە وەژوور ئینسانی دەکەوێ ناتوانێ پیسی بکا؟

19) چونکە ناچێتە نێو دڵی وی بەڵا نێو زگی و دە مبالیدا دەچێتە دەرێ بە پاککردنەوەی هەموو خۆراکی.»

20) و کوتی: «ئەو چتەی کە لە ئینسانی وەدەر دەکەوێ ئەو ئینسانی پیس دەکا.

21) چونکە لە ژوورەوە لە دڵی ئینسانی وەدەر دەکەون فکری خراپ، فسق، دزی، قەتڵ.

22) زیناح، تەماح، خراپی، حیلە، بەدعەمەلی، چاوپیسی، کفر، تشخسی، نەفامی.

23) هەموو ئەو چتانەی خراپ لە ژوورەوە وەدەر دەکەون و ئینسانی پیس دەکەن».

24) و هەڵستا و لە ئەوێ ڕۆیی بۆ سەرحەدانی سۆور و چوو ژوور ماڵێکی و ویستی کە کەس نەزانێ و نەیدەتوانی ون بێ.

25) بەڵا جێبەجێ ژنێکی کە کچەی چکۆلەی وی ڕوحی پیسی هەبوو بەحسی وی بیست و هات و کەوتە بەر پێیانی وی.

26) و ژنەکە یونانی و بە ئەسڵ خەڵکی فینیقیی شامێ بوو و لێی تەڵەب دەکرد کە جننی لە کچەی وی وەدەر بخا.

27) و ئەو بەوی گوت: «لە منداڵان گەڕێ هەوەڵێ تێر بخۆن، چونکە چاک نییە کە نانی منداڵان هەڵگری و بیاوێژیە بەر توتکان.»

28) بەڵا ئەو جوابی دا و بە وی گوت: «بەڵێ ئەی ڕەب، توتکانیش لەبن میس لە ورتکانی منداڵان دەخۆن.»

29) و بە وی گوت: «لەبەر ئەو قسەی بڕۆ، جننەکە لە کچی تۆ وەدەر کەوتووە.»

30) و کە چووە ماڵی خۆی کچەکەی پەیدا کرد لەسەر دۆشەگی کەوتووە و جننەکە وەدەر کەوتبوو.

31) و کە دیسان وەدەر کەوت لە سەرحەدانی سۆور، بە ڕێی سیدونی هاتە بەحری جەلیلێ دە نێوەڕاستی سەرحەدانی دیکاپۆلسدا.

32) و یەکێکی کەڕ و لاڵەپەتەیان هێنا کن ئەوی و لە وییان تەڵەب کرد کە دەستی لەسەر دابنێ.

33) و ئەوی هەڵگرت لەنێو خەڵکی بەتەنێ، قامکانی خۆی دە گوێیانی وی نا و تفی کرد و دەستی لە زمانی وی دا.

34) و ڕووی دە ئاسمانێ کرد، ئاخی هەڵکێشا و بە وی گوت: «افّتا» یەعنی بکرێوە.

35) و گوێیانی وی کرانەوە و جێبەجێ گرێی زمانی وی بەر بوو و بەڕاستی قسەی کرد.

36) و قەدەغەی لەوان کرد کە بە هیچکەس نەڵێن، بەڵا هەر چەند لەوان قەدەغەی دەکرد پتر بڵاویان دەکردەوە.

37) و لە حەد بەدەر عەجایب مان، دەیانگوت هەموو چتی چاک کردەوە. دەیکا کە کەڕان ببیێن و کە لاڵانیش قسان بکەن.

باب ٨[edit]

1) دەو ڕۆژانەدا کە دیسان خەڵکی زۆر بوون و هیچیان نەبوو کە بیخۆن، شاگردانی بانگ کردە کن خۆی و بەوانی گوت:

2) «ڕەحمم بە ئەو خەڵکەی دادێ چونکە ئەلان سێ ڕۆژە کە دەگەڵ ئەمنن و هیچیان نییە کە بیخۆن.

3) و ئەگەر بە برسیەتی بۆ ماڵی خۆیان مورەخەسیان بکەم دە ڕێیدا لەخۆ دەبنەوە. هێندێکیش لە وان لە دوورین.»

4) و شاگردان جوابیان بە وی دا: «لە کوێ دەتوانێ کەسێک ئەوانە بە نانی لێرە دە چۆڵیدا تێر بکا؟»

5) و لەوانی پرسی: «چەند نانوو هەیە؟» و ئەوان کوتیان: «حەوت.»

6) و لە خەڵکی ئەمری کرد کە لەسەر ئەرزێ ڕۆبنیشن. و ئەو حەوت نانانەی هەڵگرت، شوکری کرد، لەتی کرد و دای بە شاگردانی خۆی کە دایبنێنە پێش و لە پێش خەڵکیان دانا.

7) و چەند ماسی چکۆلەیان بوو و ئەوانی ممبارەک کرد و کوتی کە ئەوانەش لەپێش دابنێن.

8) و خواردیان و تێر بوون و لە لەتکان کە زیاد بوون حەوت زەمبیلیان هەڵگرت.

9) بەڵا بەقەد چوار هەزاری بوون، و ئەوانی مورەخەس کرد.

10) و جێبەجێ دەگەڵ شاگردانی خۆی وەژوور گەمێ کەوت و هاتە وڵاتی دڵمانوتە.

11) و فریسیان وەدەر کەوتن و دەستیان پێ کرد کە موباحیسە دەگەڵ ئەوی بکەن و نیشانێکیان لە ئاسمانێ لە وی تەڵەب دەکرد هەتا تەجرەبەی بکەن.

12) و دە ڕوحی خۆیدا هەناسەی هەڵکێشا و کوتی: «بۆچی ئەو سلسلە نیشانەی تەڵەب دەکا؟ ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم: بەو سلسلەی نیشانێک نادرێ.»

13) و ئەوانی بەجێ هێشت و دیسان وەژوور گەمێ کەوت و پەڕیەوە ئەو بەری.

14) و لەبیریان چووبوو کە نانی هەڵگرن و دە گەمێدا بێجگە لە نانێکی پتر لەکنیان نەبوو.

15) و بە وانی ئەمر کرد دەیگوت: «تماشا بکەن، هۆشیار بن لە هەویرترشی فریسیان و هەویرترشی هێرۆدێس.»

16) و دەگەڵ خۆیان فکریان دەکرد چونکە نانمان نییە.

17) و کە ئەو زانی، بە وانی گوت: «بۆچی فکر دەکەن کە نانوو نییە؟ ئەرێ هێشتا تێ ناگەن و نافامن؟ مەگەر دڵوو غەلیزە؟

18) مەگەر چاوو هەیە و نابینن، گوێو هەیە و نابیێن و وەبیروو نایێ؟

19) وەختێکی ئەو پێنج نانانەم بۆ پێنج هەزاری لەت کرد چەند قرتاڵەی پڕ و بەرماوو هەڵگرتەوە؟» بە وییان گوت: «دوازدە.»

20) «و وەختێکی ئەو حەوتە بۆ چوار هەزاری، ئەرێ چەند زەمبیلی پڕوو بەرماو هەڵگرتەوە؟» و کوتیان: «حەوت.»

21) و بە وانی گوت: «هێشتا تێ ناگەن؟»

22) و هاتنە بەیت سەیدا و کوێرێکیان هێنا کن ئەوی و لێی پاڕانەوە کە دەستی لێ بدا.

23) و دەستی ئەو کوێرەی گرت، ئەوی لە دێی بردە دەرێ و تفی لە چاوانی وی کرد، دەستانی لەسەر دانا و لێی پرسی: «ئەرێ چتێکی دەبینی؟»

24) و کە تەماشای سەرەوەی کرد کوتی: «خەڵکی دەبینم، چونکە چتێکی وەکوو داران دەبینم کە دەگرین.»

25) ئەو وەختی دیسان دەستانی لەسەر چاوانی وی دانا و نواڕی و ساغ بۆوە و هەموو چتی بە زەریفی دی.

26) و ئەوی ناردە ماڵی خۆی دەیگوت: «مەچۆ نێو دێی.»

27) و یەسووع وەدەر کەوت و شاگردانی وی بۆ دێیانی قەیسەریی فیلپۆس و دە ڕێیدا لە شاگردانی خۆی پرسی: بە وانی گوت: «خەڵکی کێ دەڵێن کە ئەمن بم؟»

28) و ئەوان جوابیان بە وی دا، دەیانگوت: «یوحەننا تەعمیددەر و هێندێک ئەلیاس، بەڵا ئی دیکانێ یەکێک لە پێغەمبەران.»

29) و ئەو لە وانی پرسی: «بەڵا ئەنگۆ کێ دەڵێن کە ئەمن بم؟» پیترۆس جوابی دا و بە وی گوت: «ئەتۆی مەسیح.»

30) و قەدەغەی لەوان کرد کە بەحسی وی بە هیچکەس نەڵێن.

31) و دەستی پێ کرد بە فێرکردنی وان کە لازمە کە کوڕی ئینسانی ئەزیەتی زۆر بکێشێ و ڕەد بکرێ لە پیران و کاهینانی گەورە و خوێندەواران و بکوژرێ و لە پاش سێ ڕۆژان هەڵبستێتەوە.

32) و ئەو قسەی بە ئاشکرا گوت، و پیترۆس ئەوی کێشا کنە خۆی و دەستی پێ کرد کە ئەوی مەزەممەت بکا.

33) بەڵا ئەو وەرگەڕا و تەماشای شاگردانی خۆی کرد، لە پیترۆس توند بوو و کوتی: «بڕۆ پشتەوەم ئەی شەیتان، چونکە فکری چتانی خوڵای ناکەی بەڵا چتانی ئینسانی.»

34) و خەڵکی دەگەڵ شاگردانی خۆی بانگ کرد و بە وانی گوت: «ئەگەر کەسێک بیەوێ لە دوای من بێ با لە خۆی ببوورێ و سێدارەی خۆی هەڵگرێ و وەدوای من بکەوێ.

35) چونکە هەر کەس کە بیەوێ کە گیانی خۆی خەڵاس بکا، ونی دەکا، بەڵا هەر کەس کە گیانی خۆی لەبەر خاتری من و ئینجیلی ون بکا خەڵاسی دەکا.

36) چونکە بۆ ئینسانی چی فایدەییە، ئەگەر هەموو دنیای قازانج بکا و گیانی خۆی خەسار بکا؟

37) چونکە چی دەدا ئینسان لەجیاتی گیانی خۆی؟

38) چونکە هەر کەس کە لە من و لە کەلامی من شەرمێ بکا لەنێو ئەو سلسلەی زیناحکار و گوناحکارە، کوڕی ئینسانیش لە وی شەرمێ دەکا وەختێکی دێ دە جەلالی بابی خۆیدا دەگەڵ مەلایکەتانی موقەددەس.»

باب ٩[edit]

1) و بە وانی گوت: «ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم کە لە ڕاوەستاوان لێرە هێندێک هەن کە مردنی قەت ناچێژن، هەتا پادشایەتی خوڵای نەبینن بە قووەت بێ.»

2) و لە پاش شەش ڕۆژان یەسووع، پیترۆس و یەعقوب و یوحەننای هەڵگرت و ئەوانی بردە سەر کێوێکی بڵند بۆخۆیان بەتەنێ و لەپێش ئەوان گۆڕا.

3) و جلی وی بریقەدار بوون زۆر سپی، وەها کە هیچ گازۆرکەرێک لەسەر ئەرزی ناتوانێ وەها سپی بکا.

4) و ئەلیاس دەگەڵ مووسا بۆ وان بیندران و دەگەڵ یەسووع قسەیان دەکرد.

5) و پیترۆس جوابی دا و بە یەسووعی گوت: «ئەی ڕەب، چاکە کە ئەمە لێرە بین و با سێ کەپران دروست بکەین، یەکێک بۆ تۆ و یەکێک بۆ مووسا و یەکێک بۆ ئەلیاس.»

6) چونکە نەیدەزانی چی جواب بدا چونکە زۆر ترسابوون.

7) و هەورێک بوو کە سێبەری خستە سەر ئەوان و دەنگێک لە هەوری هات: «ئەوەیە کوڕی خۆشەویستی من، گوێی لێ بگرن.»

8) و زوو کە تەماشای دەورەی خۆیان کرد، بێجگە لە یەسووع بەتەنێ ئیدی هیچ کەسیان دەگەڵ خۆیان نەدی.

9) و کە ئەوان لە کێوی دەهاتنە خوارێ، قەدەغەی لەوان کرد کە بۆ کەس نەگێڕنەوە ئەو چتانەی کە دیبوویان هەتا وەختێکی کوڕی ئینسانی لەنێو مردووان هەڵدەستێتەوە.

10) و ئەو قسەیان لەکن خۆیان ڕاگرت و لە یەکتریان پرسی: «هەڵستانەوەی لەنێو مردووان چییە؟»

11) و لە وییان پرسی دەیانگوت: «خوێندەواران دەڵێن کە هەوەڵێ دەبێ ئەلیاس بێ.»

12) و ئەو بە وانی گوت: «هەڵبەتە ئەلیاس هەوەڵێ دێ و هەموو چتی ڕێک دەخا. و چلۆن نووسراوە لە کوڕی ئینسانی؟ کە ئەزیەتی زۆر دەکێشێ و بێ حورمەت دەکرێ.

13) بەڵا بە ئەنگۆ دەڵێم: کە ئەلیاسیش هاتەوە و هەر چی کە ویستیان دەگەڵ ئەویان کرد، وەکوو لە وێ نووسراوە.»

14) و کە هاتە کن شاگردان، خەڵکێکی زۆری دی لە دەوری وان و خوێندەواران کە دەگەڵ ئەوان موباحیسەیان دەکرد.

15) و جێبەجێ هەموو خەڵکەکە وەختێکی ئەویان دی شیوەن و لنگیان دا لە کنی و سڵاویان لێ کرد.

16) و لە وانی پرسی: «دەگەڵ ئەوان چی موباحیسە دەکەن؟»

17) و یەکێک لەو خەڵکەی بە وی جوابی دا: «ئەی مامۆستا، کوڕی خۆمم هێناوە کن ئەتۆ کە ڕوحێکی لاڵی هەیە.

18) و هەر وەختێکی ئەوی دەگرێ دەیدڕێ و کەف هەڵدەخرینێ و دەدانی دە چیڕەوە دەبا و وشک دەبێ. و بە شاگردانی تۆم گوت کە ئەوی دەر بکەن و نەیانتوانی.»

19) بەڵا ئەو بە وان جوابی دا و کوتی: «ئەی سلسلەی بێ ئیمان، هەتا کەنگی دەگەڵ ئەنگۆ بم؟ هەتا کەنگی لە ئەنگۆ سەبرێ بکەم؟ ئەوی بهێننە کن ئەمن.»

20) و ئەویان هێنا کن ئەوی و کە ڕوح ئەوی دی جێبەجێ فێی گرتی و کەوتە سەر ئەرزێ و دەگەوزی و کەفی هەڵدەخڕاند.

21) و لە بابی وی پرسی: «چەند وەختە کە ئەو چتە تووشی وی بووە؟» ئەو کوتی: «لە منداڵییەوە.»

22) «و گەلێک جاران ئەوی دە ئاور و دە ئاوێ هاویشتووە هەتا هیلاکی بکا، بەڵا ئەگەر چتێک دەتوانی، ڕەحمێ بە مە بکە و یاریدەمان بدە.»

23) و یەسووع بە وی گوت: «ئەگەر دەتوانی هەموو چت مومکینە بۆ وەی کە ئیمان دێنێ.»

24) جێبەجێ بابی ئەو منداڵەی هاواری کرد و کوتی: «ئیمان دێنم، کۆمەگی بێ ئیمانیی من بکە.»

25) و کە یەسووع دیتی کە خەڵکی بە لنگدان دەهاتن، هەڕەشەی لە ڕوحی پیسی کرد و بە وی گوت: «ئەی ڕوحی لاڵ و کەڕ؛ ئەمن حوکمت لێ دەکەم لە ئەوی وەدەر بکەوە و ئیدی مەچۆ نێو وی.»

26) و کە قیژاندی و زۆری دڕاند وەدەر کەوت و وەکوو مردوو بوو وەها کە زۆران کوتیان مردووە.

27) بەڵا یەسووع دەستی وی گرت، هەڵی ئەستاند و هەڵستا.

28) و کە هاتەوە ماڵێ، شاگردانی وی لێیان پرسی بەتەنێ، «بۆچی ئەمە نەماندەتوانی ئەوی دەر بکەین؟»

29) و ئەو بەوانی گوت: «ئەو تەرزە بە هیچ چتێک دەر ناکرێ مەگەر بە دوعا.»

30) و کە لە ئەوێ ڕۆیین، بە نێو جەلیلێدا ڕادەبردن و نەیدەویست کە کەس بزانێ.

31) چونکە شاگردانی خۆی فێر دەکرد و بە وانی دەگوت: «کە کوڕی ئینسانی تەسلیم بە دەستی خەڵکی دەکرێ و دەیکوژن و کە کوژرا لە پاش سێ ڕۆژان هەڵدەستێتەوە.»

32) بەڵا ئەوان دەو قسەی نەگەیشتن و ترسان کە پرسیاری لێ بکەن.

33) و هاتە کەفەرناحوم و وەختێکی دە ماڵێدا بوو، لە وانی پرسی: «قسەو لە چی دەکرد دە ڕێیدا؟»

34) بەڵا ئەوان بێدەنگ بوون چونکە دە ڕێیدا بە یەکتریان دەگوت: «کێهە گەورەترە.»

35) و کە ڕۆنیشت ئەو دوازدانەی بانگ کرد و بە وانی گوت: «ئەگەر کەسێک بیەوێ هەوەڵ بێ، ئاخری هەمووان دەبێ و خزمەتکاری هەمووان.»

36) و منداڵێکی گرت و لەنێو ئەوان ڕایگرت. و کە ئەوی دە باوەشی گرت بە وانی گوت:

37) «هەر کەس کە یەکێک لە منداڵانی وەکوو ئەوەی بە نێوی من قەبوڵ بکا، ئەمن قەبوڵ دەکا و هەر کەس کە ئەمن قەبوڵ بکا، ئەمن قەبوڵ ناکا، بەڵا ئەوەی کە ئەمنی ناردووە.»

38) یوحەننا بە وی گوت: «ئەی مامۆستا، یەکێکمان دی کە جننانی بە نێوی تو دەر دەکرد کە وەدوای مە نەکەوێ و مەنعمان لێ کرد چونکە وەدوای مە نەدەکەوت.»

39) بەڵا یەسووع کوتی: «مەنعی لێ مەکەن چونکە هیچکەس نییە کە قووەتێکی بە نێوی من بکا و بتوانێ زوو خراپ بەحسی من بکا.

40) چونکە هەر کەس کە زیددی مە نییە، لەلای مەیە.

41) چونکە هەر کەس کە جامێکی ئاو بە نێوی من بە ئەنگۆ بدا کە بیخۆنەوە لەبەر ئەوەی کە ئەنگۆ ئی مەسیحین، ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم، حەقی وی قەت ون نابێ.

42) و هەر کەس کە یەکێک لەو چکۆلانەی کە ئیمان بێنن هەڵبنگوێنێ، بۆ وی چاتر دەبوو ئەگەر بەرداشێک دە ئەستۆی وی بخرابایە و دە بەحرێ باوێژرابایە.

43) و ئەگەر دەستی تۆ هەڵتبنگوێنێ بیبڕە. چاترە بۆ تۆ کە وەژوور ژیانێ بکەوی بە کۆڵی لەوەی کە دوو دەستت هەبێ و بچیە جەهەننەمێ دەنێو ئاورێ کە ناکوژێتەوە.

44) جێیەکی کە کرمی وان نامرێ و ئاوری ناکوژێتەوە.

45) و ئەگەر پێی تۆ هەڵتبنگوێنێ بیبڕە. چاترە بۆ تۆ کە وەژوور ژیانێ بکەوی بە شەلی لە وەی کە دوو پێت هەبێ و باوێژرێیە جەهەننەمی.

46) جێیەکی کە کرمی وان نامرێ و ئاوری ناکوژێتەوە.

47) و ئەگەر چاوی تۆ هەڵتبنگوێنێ دەرییێنە. چاترە بۆ تۆ کە وەژوور پادشایەتی خوڵای بکەوی بە کوێری لەوەی کە دوو چاوت هەبێ و باوێژرێیە جەهەننەمی.

48) جێیەکی کە کرمی وان نامرێ و ئاوری ناکوژێتەوە.

49) چونکە هەر کەس بە ئاور خوێ دەکرێ.

50) خوێ چاکە، بەڵا ئەگەر خوێ بێتام ببێ، بە چی ئەوی سوێر دەکەن؟ با ئەنگۆ خوێو پێ بێ و دەگەڵ یەکتری بسولحن.»

باب ١٠[edit]

1) و لە ئەوێ هەڵستا و هاتە سەرحەدی یەهودییە و ئەولای ئوردن و خەڵکی دیسان لەکن ئەوی خڕ بوونەوە و وەکوو عادەتی بوو دیسان ئەوانی تەعلیم دەدا.

2) و فریسیان هاتنە کن ئەوی و لێیان پرسی هەتاکوو تەجرەبەی بکەن؛ «ئەرێ دروستە کە پیاو ژنی خۆی بەرەڵڵا بکا؟»

3) بەڵا ئەو جوابی دا و بەوانی گوت: «مووسا بە ئەنگۆ چی ئەمری کردووە؟»

4) و ئەوان کوتیان: «مووسا ئیزنی دا کە تەڵاقنامە بنووسرێ و بەرەڵڵا بکرێ.»

5) و یەسووع بەوانی گوت: «لەبەر دڵڕەقی ئەنگۆ ئەو حوکمەی بۆ ئەنگۆ نووسی.

6) بەڵا لە هەوەڵی خەڵقکردنێ، خوڵا ئەوانی نێر و مێ دروست کرد.

7) لەبەر ئەوەی پیاو، باب و دایکی خۆی بەجێ دێڵێ و دەگەڵ ژنی خۆی جووت دەبێ.

8) و ئەو دوانە دەبنە یەک بەدەن و وەها کە ئیدی دوو نین بەڵا یەک بەدەن.

9) دەنا ئەوەی کە خوڵا جووتی کردووە بە ئینسان جوێ ناکاتەوە.»

10) و دە ماڵێدا دیسان شاگردان لێیان پرسی لە ئەو چتەی.

11) بە وانی گوت: «هەر کەس کە ژنی خۆی بەرەڵڵا بکا و یەکی دیکە مارە بکا، زیددی وی زیناح دەکا.

12) و ئەگەر ژنێک مێردی خۆی بەرەڵڵا بکا و مێردێکی دیکە بکا، زیناح دەکا.

13) و منداڵانیان هێنا کن ئەوی کە دەستی لەوان بدا. بەڵا شاگردان لە وان توند بوون.

14) بەڵا وەختێکی یەسووع ئەوی دی ناقایل بوو و بە وانی گوت: «لە منداڵان گەڕێن کە بێنە کن ئەمن و مەنعیان مەکەن چونکە پادشایەتی خوڵای ئی ئەو تەرزانەیە.

15) ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم: هەر کەس کە وەکوو منداڵێک پادشایەتی خوڵای قەبوڵ نەکا قەت وەژوور ئەوی ناکەوێ.»

16) و ئەوانی دە باوەش گرت، دەستانی لەسەر ئەوان دانا و ئەوانی ممبارەک کرد.

17) و کە وەدەر دەکەوت دە ڕێیدا یەکێک لنگی دا کن ئەوی و چۆکی لە پێش دادا و لێی پرسی: «ئەی مامۆستای چاک، چی بکەم کە ژیانی ئەبەدی میرات بگرم؟»

18) بەڵا یەسووع بە وی گوت: «بۆچی بە من دەڵێی چاک، هیچکەس چاک نییە، بێجگە لە یەکێک یەعنی خوڵا.

19) حوکمان دەزانی؟ قەتڵێ مەکە، زیناحێ مەکە، دزی مەکە، شایەدی بە درۆ مەدە، هەڵمەفریوێنە، حورمەتی باب و دایکی خۆت بگرە.»

20) بەڵا ئەو بە وی گوت: «ئەی مامۆستا ئەوانەم هەموو لە جحێڵییەوە ڕاگرتووە.»

21) و یەسووع تەماشای وی کرد، ئەوی خۆش ویست و بە وی گوت: «چتێکت کەمە، بڕۆ و هەر چی کە هەتە بفرۆشە و بە فەقیرانی بدە و خەزینەیەکت دە ئاسماندا دەبێ و وەرە وەدوای من بکەوە.»

22) بەڵا ئەو بە خەفەت بوو لەسەر ئەو قسەی و بە خەمناکی ڕۆیی چونکە ماڵی زۆری بوو.

23) و کە یەسووع تەماشای دەورەندەوری کرد، بە شاگردانی خۆی گوت: «چەند زەحمەتە بۆ وان کە دەوڵەتیان هەیە کە وەژوور پادشایەتی خوڵای بکەون.»

24) و شاگردان لەسەر قسانی وی تەعەجوب مان، بەڵا یەسووع دیسان جوابی دا و بە وانی گوت: «ئەی منداڵینە! چەند زەحمەتە کە وەژوور پادشایەتی خوڵای بکەوێ.

25) هاسانترە کە وشترێک بە کونی دەرزی تێوە بچێ لە وەی کە دەوڵەمەندێک وەژوور پادشایەتی خوڵای بکەوێ.»

26) بەڵا ئەوان زیاتر عەجایب مان و بە یەکتریان گوت: «دەنا کێ دەتوانێ خەڵاس ببێ؟»

27) یەسووع تەماشای وانی کرد و کوتی: «لە کن خەڵکی نامومکینە بەڵا لە کن خوڵای نە، چونکە هەموو چت لە کن خوڵای مومکینە.»

28) پیترۆس دەستی پێ کرد کە بە وی بڵێ: «ئەوەتا ئەمە هەموو چتمان بەجێ هێشتووە و وەدوای تۆ کەوتووین.»

29) یەسووع کوتی ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم: «هیچکەس لەبەر خاتری من و لەبەر خاتری ئینجیلی بەجێ نەهێشتووە ماڵ یان برایان، یان خوشکان، یان باب، یان دایک، یان ئەولاد یان زەوییان.

30) مەگەر کە وەردەگرێ سەد ئەوەندە ئەلان دەو زەمانەیدا، ماڵان و برایان و خوشکان و دایکان و ئەولادان و زەوییان دەگەڵ زەحمەتان و دەو دنیایەی کە دێ ژیانی ئەبەدی.

31) بەڵا زۆران کە هەوەڵن دەبنە ئاخیر و ئاخیران هەوەڵ.»

32) و دە ڕێیدا بوون و وەسەر دەکەوتن بۆ ئورشەلیمی و یەسووع لە پێش ئەوان دەڕۆیی و عەجایب مان و ئەوانەی کە وەدوای دەکەوتن دەترسان. و دیسان ئەو دوازدانەی هەڵگرت و دەستی پێ کرد کە بە وان بڵێ لەو چتانەی کە بەسەر ئەوی دێن.

33) «ئەوەتا وەسەر دەکەوین بۆ ئورشەلیمی و کوڕی ئینسانی تەسلیم بە کاهینانی گەورە و خوێندەواران دەکرێ و حوکمێ لەسەر ئەوی بە مردن دەکەن و ئەوی بە بتپەرستان تەسلیم دەکەن.

34) و گەپی پێ دەدەن و تفی لێ دەکەن و قامچی لێ دەدەن و دەیکوژن و لە پاش سێ ڕۆژان هەڵدەستێتەوە.»

35) و یەعقوب و یوحەننا کوڕانی زەبدی هاتنە کن ئەوی و بە وییان گوت: «ئەی مامۆستا، دەمانەوێ کە بۆ مە بکەی هەر چی کە ئەمە لێت تەڵەب دەکەین.»

36) بەڵا ئەو بە وانی گوت: «چوو دەوێ کە بۆ ئەنگۆ بکەم؟»

37) و ئەوان بە وییان گوت: «بماندەیە کە یەکێک ڕۆبنیشین لە ڕاستی و یەکێک لە چەپی تۆ دە جەلالی خۆتدا.»

38) بەڵا یەسووع بە وانی گوت: «نازانن چی تەڵەب دەکەن، ئەرێ دەتوانن ئەو پیاڵەی بخۆنەوە کە ئەمن دەیخۆمەوە یان تەعمید بکرێن بەو تەعمیدەی کە ئەمن پێی تەعمید دەکرێم؟»

39) و ئەوان بە وییان گوت: دەتوانین، بەڵا یەسووع بە وانی گوت: «ئەو پیاڵەی کە ئەمن دەیخۆمەوە، دەیخۆنەوە و بەو تەعمیدەی کە ئەمن پێی تەعمید دەکرێم تەعمید دەکرێن.

40) بەڵا ڕۆنیشتن لە لای ڕاستی یان چەپی من، ئەو ئیمن نییە کە بیدەم، بەڵا بۆ ئەوانە کە بۆ وان حازر کراوە.»

41) و کە ئەو دەیانە بیستیان، لەسەر یەعقوب و یوحەننا دەستیان پێ کرد کە ناقایل ببن.

42) و یەسووع ئەوانی بانگ کردە کن خۆی و بە وانی گوت: «ئەنگۆ دەزانن کە ئەوانەی کە بە مەزنانی میللەتان حیساب دەکرێن حیکماتی لەسەر ئەوان دەکەن و گەورەکانی وان دەستەڵاتیان لەسەر ئەوان هەیە.

43) ئەمما لەنێو ئەنگۆ وا نابێ؛ بەڵا هەر کەس کە بیەوێ لەنێو ئەنگۆ گەورە ببێ، خزمەتکاری ئەنگۆ دەبی.

44) و هەر کەس کە بیەوێ لەنێو ئەنگۆ هەوەڵ بێ، عەبدی هەمووان دەبێ.

45) چونکە کوڕی ئینسانیش نەهاتووە کە خزمەت بکرێ، بەڵا کە خزمەت بکا و کە گیانی خۆی بدا بۆ بەدەڵیی زۆران.

46) و هاتنە یەریخۆ و کە دەگەڵ شاگردانی خۆی و خەڵکێکی زۆر لە یەریخۆی وەدەر کەوت، بێرتیمای کوڕی تیمای، سواڵکەرێکی کوێر لەسەر ڕێی ڕۆنیشتبوو.

47) و کە بیستی کە یەسووع ناسریە، دەستی پێ کرد کە بقیژێنێ و بڵێ: «یا یەسووع، کوڕی داوود، ڕەحمێ بە من بکە.»

48) و زۆران، لە وی توند بوون کە بێدەنگ بێ، بەڵا ئەو هەر پتر قیژاندی: «یا کوڕی داوود، ڕەحمێ بە من بکەن.»

49) و یەسووع ڕاوەستا و کوتی: «بانگی بکەن.» و ئەو کوێرەیان بانگ کرد و بە وییان گوت: «بە غیرەت بە. هەڵستە، بانگت دەکا.»

50) و جوببی خۆی فڕێ دا، هەڵستا و هاتە کن یەسووع.

51) و یەسووع بە وی جوابی دا و کوتی: «چت دەوێ کە بۆ تو بکەم؟» و ئەو کوێرە بە وی گوت: «یا ڕەب! کە ببینم.»

52) و یەسووع بە وی گوت: «بڕۆ، ئیمانی تۆ، ئەتۆی خەڵاس کردووە.» و جێبەجێ دیتی و وەدوای وی کەوت دە ڕێیدا.

باب ١١[edit]

1) و کە نیزیکی ئورشەلیمی بوون، بۆ بەیت فاگی و بەیت عەنیا لەکن کێوی زەیتوونی، دوانی لە شاگردانی خۆی نارد.

2) و بە وانی گوت: «بڕۆنە ئەو دێیەی کە لە پێشتانە و جێبەجێ کە چوونە ژوور ئەوێ، جاشکێکی بەستراو پەیدا دەکەن کە هێشتا هیچکەس لەسەر ئەوێ ڕۆنەنیشتووە. ئەوی بکەنەوە و بیهێنن.

3) و ئەگەر کەسێک بە ئەنگۆ بڵێ: بۆچی ئەوەی دەکەن؟ بڵێن: ڕەب موحتاجی وییە و جێبەجێ دەینێریتەوە ئێرە.»

4) و چوون و ئەو جاشکەیان پەیدا کرد بەستراو لەکن دەرکەی لە دەرەوە لەسەر ڕێی و ئەویان کردەوە.

5) و هێندێک لە ڕاوەستاوان لەوێ بە وانیان گوت: «چی دەکەن کە ئەو جاشکەی دەکەنەوە؟»

6) بەڵا ئەوان بە وانیان گوت، وەکوو یەسووع کوتبووی و لێیان گەڕان.

7) و ئەو جاشکەیان هێنا کن یەسووع و جلی خۆیان هاویشتە سەری و لەسەر ئەوێ ڕۆنیشت.

8) و زۆران جلی خۆیان لەسەر ڕێی ڕاخست بەڵا ئی دیکانە لکان کە لە زەوییانیان بڕی.

9) و ئەوانەی کە لە پێشی دەڕۆین و ئەوانەی کە لە دوای دەهاتن دەیانقیژاند ««هو صعنّا» ممبارەک بێ ئەوەی کە بە نێوی ڕەب دێ.

10) ممبارەک بێ پادشایەتی بابی مە داوود کە دێ، «هو صعنّا» دە بڵنداندا.»

11) و وەژوور ئورشەلیمێ و هەیکەڵێ کەوت و کە تەماشای دەورەندەور لە هەموو چتی کردبوو و کە ئێوارە داهات وەدەر کەوت بۆ بەیت عەنیای دەگەڵ دوازدان.

12) و دە سبحەینێدا، وەختێکی وەدەر کەوتن لە بەیت عەنیای برسی بوو.

13) و کە لە دوورەوە دارە هەنجیرێکی دی کە گەڵای هەبوو، هات کە بەشکم چتێکی لەسەر ئەوی پێدا بکا. و کە هاتە کن ئەوی هیچی پەیدا نەکرد بێجگە لە گەڵا چونکە وەختی هەنجیری نەبوو.

14) و جوابی دا و بە وی گوت: «لەوەی پاش هەتا ئەبەد هیچ کەس میوەی لە تۆ نەخوا.» و شاگردانی وی بیستیان.

15) و هاتنە ئورشەلیمی؛ و کە وەژوور هەیکەلێ کەوت دەستی پێ کرد کە ئەوانەی دەر بکا کە دەیانکڕی و دەیانفرۆت دە هەیکەلێدا و تەختانی سەڕڕافان و کورسیانی کۆترفرۆشانی وەرگێڕا.

16) و نەییێشت کە کەسێک قاپێکی بە نێو هەیکەلێدا بەرێ.

17) و تەعلیمی دا و بە وانی گوت: «ئەرێ نەنووسراوە کە ماڵی من ماڵی نوێژ بانگ دەکرێ بۆ هەموو تایفان؟ بەڵا ئەنگۆ ئەوو کەردۆتە ئەشکەوتی جەردان.»

18) و کاهینانی گەورە و خوێندەواران بیستیان و حەولیان دا چلۆن ئەوی هیلاک بکەن، چونکە لێی دەترسان، لەبەر ئەوەی کە هەموو خەڵکی لە تەعلیمی وی عەجایب دەمان.

19) و کە ئێوارە داهات وەدەر کەوتە دەرێ لە شاری.

20) و سبحەینێ زوو کە ڕادەبردن ئەو دارە هەنجیرەیان دی کە لە ڕەگیەوە وشک بووە.

21) و پیترۆش وەبیری هاتەوە و بە وی گوت: «ئەی ڕەب، ببینە ئەو دارە هەنجیرەی کە لەعنەتت لێ کرد وشک بووە.»

22) و یەسووع جوابی دا و بە وانی گوت: «ئیمانوو بە خوڵای بێ.

23) ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم: هەر کەس کە بەو کێوەی بڵێ هەڵبگیرێی و دە بەحرێدا فڕێ بدرێی و شکی دە دڵی خۆیدا نەکا بەڵا باوەر بکا کە هەر چی کە بیڵێ دەبێ، بۆ وی دەبێ.

24) لەبەر ئەوەی بە ئەنگۆ دەڵێم: هەر چی کە دەپاڕێنەوە و تەڵەب دەکەن، باوەڕ بکەن کە وەگیروو کەوتووە و بۆو دەبێ.

25) و وەختێکی ڕادەوەستن و دوعا دەکەن، ئەگەر لەسەر کەسێکی چتێکوو هەبێ ببەخشن هەتاکوو بابی ئەنگۆش کە دە ئاسماندایە زەلانوو بە ئەنگۆ ببەخشێ.

26) بەڵا ئەگەر ئەنگۆ نەبەخشن، بابی ئەنگۆ کە دە ئاسماندایە، زەلانی ئەنگۆش نابەخشێ.»

27) و دیسان هاتنە ئورشەلیمێ و کە دە هەیکەلێدا دەگەڕا کاهینانی گەورە و خوێندەواران و پیران هاتنە کن ئەوی.

28) و بە وییان گوت: «بە چی حیکماتی ئەوانە دەکەی؟ یان کێ ئەو حیکماتەی بە تۆ داوە کە ئەوانە بکەی؟»

29) بەڵا یەسووع بە وانی گوت: «تاقە قسەیەکی لە ئەنگۆ دەپرسم و بە من جواب بدەن و ئەمنیش بە ئەنگۆ دەڵێم بە چی حیکماتێکی ئەوانە دەکەم.

30) ئەرێ تەعمیدی یوحەننا لە ئاسمانێ بوو یان لە ئینسانێ؟ بە من جواب بدەن.»

31) و لەنێو خۆیان فکریان دەکرد دەیانگوت: «ئەگەر بڵێین لە ئاسمانێ، دەڵێ: دەنا لەبەر چی بە وی باوەڕوو نەکرد؟

32) بەڵا ئەگەر بڵێین لە ئینسانێ لە خەڵکی ترسان چونکە لە کن هەمووان یوحەننا بەڕاستی پێغەمبەر بوو.»

33) و جوابیان بە یەسووعی دا و کوتیان: «نازانین.» و یەسووع بە وانی گوت: «ئەمنیش بە ئەنگۆ ناڵێم بە چی حیکماتێکی ئەوانە دەکەم.»

باب ١٢[edit]

1) و دەستی پێ کرد کە بە مەسەلان دەگەڵ ئەوان قسان بکا؛ «پیاوێک ڕەزێکی چەقاند و پەرژینی دە دەورەی گرت و چرزیکی هەڵقەند و برجێکی لێ دروست کرد و ئەوی بە ڕەزوانان ئەسپارد و سەفەری کرد.

2) و دە وەختی خۆیدا، خزمەتکارێکی ناردە کن ڕەزوانان هەتاکوو لە ڕەزوانان حاسڵی ڕەز بستێنێ.

3) و ئەویان گرت و کوتایان و بە بەتاڵی ناردیانەوە.

4) و دیسان خزمەتکارێکی دیکەی ناردە کن ئەوان و ئەویشیان سەر شکاند و بێ حورمەتیان کرد.

5) و یەکێکی دیکەی نارد و ئەویان کوشت و زۆری دیکەی نارد، هێندێکیان کوتا و هێندێکیان کوشت.

6) ئیدی یەکێکی هەبوو، کوڕێکی خۆشەویست، دە ئاخیرێدا ئەوی ناردە کن ئەوان، دەیگوت: «لە کوڕی من شەرمێ دەکەن.»

7) بەڵا ئەو ڕەزوانانە دەنێو خۆیاندا کوتیان: «ئەوە میراتگرە، وەرن با بیکوژین و میرات ئی مە دەبێ.»

8) و گرتیان، ئەویان کوشت و لە ڕەزیان خستە دەرێ.

9) ئەرێ ساحیبی ڕەز چی دەکا؟ دێ و ئەو ڕەزوانانە هیلاک دەکا و ڕەزی بە ئی دیکانە دەدا.

10) ئەرێ ئەو نووسینەشوو نەخوێندەوە؟ ئەو بەردەی کە بەننایان فڕێیان دا ئەو بوو بە سەری قولنچکی.

11) ئەوە لەلای ڕەب بووە و لە پێش چاوی مە عەجایبە.»

12) و تەمایان بوو کە ئەوی بگرن، بەڵا لە خەڵکی ترسان چونکە تێ گەیشتن کە ئەو مەسەلەی دەرحەقی وان گوت. و ئەویان بەجێ هێشت و ڕۆیین.

13) و هێندێک لە فریسیان و لە هێرۆدیانیان ناردە کن ئەوی کە ئەوی بە قسە بگرن.

14) و کە هاتن بە وییان گوت: «ئەی مامۆستا، دەزانین کە ئەتۆ ڕاستی و کە دەربەندی کەس نی، چونکە تەماشای ڕووی خەڵکی ناکەی بەڵا بە ڕاستی ڕێی خوڵای فێر دەکەی، ئەرێ دروستە کە سەرانەی بە قەیسەری بدەین یا نە؟ بیدەین یان نەیدەین؟»

15) بەڵا ئەو ڕیای وانی زانی و بە وانی گوت: «بۆچی ئەمن تەجرەبە دەکەن؟ دینارێک بێننە کن ئەمن کە ببینم.»

16) و ئەوان هێنایان و بە وانی گوت: «ئەو شکل و خەتتە ئی کێیە» و بە وییان گوت: «ئی قەیسەرێ.»

17) و یەسووع بە وانی گوت: «چتی ئی قەیسەرێ بە قەیسەری بدەن و چتی ئی خوڵای بە خوڵای.» و لە وی عەجایب مان.

18) و سدوقیان هاتنە کن ئەوی، ئەوانەی کە دەڵێن قیامەت نییە و لێیان پرسی دەیانگوت:

19) «ئەی مامۆستا، مووسا بۆ مەی نووسیوە ئەگەر کەسێک برای بمرێ و ژنێک بەجێ بێڵێ و ئەولاد بەجێ نەیێڵێ، کە برای وی دەبێ ئەو ژنەی بێنێ و تۆی برای خۆی هەڵبستێنێ.

20) حەوت برا هەبوون و ئی هەوەڵ ژنێکی هێنا و کە مرد تۆی بەجێ نەهێشت.

21) و ئی دوویەم ئەوی هێنا و مرد کە تۆی بەجێ نەهێشت، و هەر واش ئی سێیەم.

22) و ئەو حەوتانە ئەویان هێنا و تۆیان بەجێ نەهێشت و ئاخیری هەمووان ژنەکەش مرد.

23) دە قیامەتێدا وەختێکی هەڵدەستنەوە ژنی کێهە لە وان دەبێ؟ چونکە هەر حەوتان ئەویان ژن ببوو.»

24) یەسووع بە وانی گوت: «مەگەر لەبەر ئەوەی نییە کە خۆتان هەڵدەخەڵەتێنن کە نە کتێب دەزانن و نە قووەتی خوڵای؟

25) چونکە وەختێکی لەنێو مردووان هەڵدەستنەوە نە مارە دەکەن و نە مارە دەکرێن. بەڵا وەکوو مەلایکەتانن کە دە ئاسماندان.

26) بەڵا بەحسی مردووان کە هەڵدەستنەوە ئەرێ نەتان خوێندووە دە کتێبی مووسادا لەکن دڕووی چلۆن خوڵا قسەی دەگەڵ ئەوی کرد، دەیگوت: «ئەمنم خوڵای ئیبراهیم و خوڵای ئیسحاق و خوڵای یەعقوب؟

27) ئەو خوڵای مردووان نییە، بەڵا ئی زیندووانە. خۆتان زۆر هەڵدەخەڵەتێنن.»

28) و یەکێک لە خوێندەواران کە مەباحیسی وانی بیست، هاتە پێشێ، وەختێکی دیتی کە جوابی چاکی بە وان دا، و لێی پرسی: «حوکمی هەوەڵی هەمووان کێهەیە؟»

29) یەسووع جوابی دا: «ئی هەوەڵ ئەوەیە ببیە ئی ئیسرائیل، ڕەب خوڵای مە، ڕەبێکی تەنیایە.

30) و دەبێ بحوببێنی ڕەب خوڵای خۆت بە هەموو دڵت و بە هەموو گیانت و بە هەموو فکرت و بە هەموو قووەتت.

31) و ئی دوویەم ئەوەیە: جیرانی خۆت دەبێ بحوببێنی وەکوو خۆت. حوکمێکی دیکە لە وانە گەورەتر نییە.»

32) و ئەو خوێندەوارە بە وی گوت: «چاک ئەی مامۆستا، بە ڕاستت گوت کە تەنیایە و بێجگە لە وی ئی دیکە نییە.

33) و کە ئەوی بحوببێنی بە هەموو دڵ و بە هەموو عەقڵ و بە هەموو قووەت، و کە جیران بحوببێنی وەکوو خۆی زۆر پترە لە هەموو قوربانانی سووتاندنی و کوشتنەوەی.»

34) و کە یەسووع دیتی کە بە عەقڵی جوابی دا، بە وی گوت: «لە پادشایەتی خوڵای دوور نی.» و لەوەی پاش هیچکەس نەیدەوێرا کە پرسیاری لێ بکا.

35) و یەسووع جوابی دا و کوتی وەختێکی تەعلیمی دەدا دە هەیکەلێدا، خوێندەواران چلۆن دەڵێن کە مەسیح کوڕی داوودیە؟

36) داوود بۆخۆی دە ڕوحولقودوسدا کوتی: «ڕەب بە ڕەببی من کوتی: لە لای ڕاستی من ڕۆنیشە هەتا دوژمنانی تۆ لەبن پێیانی تۆ دابنێم.»

37) داوود بۆخۆی ئەوی بە ڕەب بانگ دەکا، دەنا لە کوێ ئەو کوڕی وییە؟ و ئەو خەڵکە زۆرە بە خۆشی گوێیان لێ دەگرت.

38) و دە تەعلیمی خۆیدا کوتی: «هۆشیار بن لە خوێندەواران کە کەیفیان لێیە بە جلی درێژ بگەڕێن و پێیان خۆشە سڵاوان دە مەیداناندا.

39) و کورسیانی بەرەژوور دە کەنێشتاندا و جێیانی ژوورۆ دە میمانیاندا.

40) ئەوانەی کە ماڵانی بێوەژنان قووت دەدەن و بە ڕیای نوێژانی درێژ دەکەن. ئەوانە دیوانی گرانتر وەردەگرن.»

41) و یەسووع بەرامبەر سندووقی خەزێنەی ڕۆنیشت و تەماشای دەکرد چلۆن خەڵکی دراویان دە خەزێنەی داویشت. و زۆر دەوڵەمەندان زۆریان تێداویشت.

42) و بێوەژنێکی فەقیر هات و دوو فلووسی تێ هاویشت کە پوڵێکە.

43) و شاگردانی خۆی بانگ کرد و بە وانی گوت: «ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم: کە ئەو بێوەژنە پتری تێ هاویشت لە هەموو ئەوانەی کە دە خەزێنەیان هاویشت.

44) چونکە هەموو لە زیادیی خۆیان تێ هاویشت، بەڵا ئەوە لە فەقیری خۆی هەر چی کە بووی، هەموو بەڕێچوونی خۆی تێ هاویشت.»

باب ١٣[edit]

1) و کە ئەو لە هەیکەلێ وەدەر دەکەوت یەکێک لە شاگردان بە وی گوت: «ئەی مامۆستا! تەماشا بکە چی بەردانێ و چی جور عیمارەتان.»

2) و یەسووع بە وی گوت: «ئەرێ دەبینن ئەو عیمارەتانەی گەورە؟ بەرد لەسەر بەرد قەت نامێنێ کە نەڕوخێندرێ.»

3) و کە ئەو لەسەر کێوی زەیتوونێ بەرامبەری هەیکەلێ ڕۆدەنیشت، پیترۆس و یەعقووب و یوحەننا و ئەندریاس بەتەنێ لێیان پرسی.

4) «بە مە بڵێ کەنگی ئەوانە دەبن؟ و نیشانەی چییە وەختێکی ئەوانە هەموو تەواو دەبن؟»

5) بەڵا یەسووع دەستی پێ کرد کە بە وان بڵێ: «هۆشیار بن کە هیچکەس ئەنگۆ هەڵنەخەڵەتێنێ.

6) زۆران بە نێوی من دێن و دەڵێن کە ئەمنم و زۆران هەڵدەخەڵەتێنن.

7) ئەمما وەختێکی لە شەڕان دەبیێن مەشێوێن، لازمە کە ببێ، بەڵا هێشتا ئاخیری نییە.

8) چونکە میللەت لەسەر میللەت ڕاست دەبێتەوە و پادشایەتی لەسەر پادشایەتی و زلزلان دە جێ جێیاندا دەبن و قاتییان دەبن، ئەوانە هەوەڵی ژانانن.

9) بەڵا ئەنگۆ بۆخۆتان هۆشیار بن، ئەوان ئەنگۆ بە مەجلیسی کەیخودایان تەسلیم دەکەن و دە کەنێشتاندا دەکوترێن و لە پێش حاکمان و پادشایان ڕادەگیرێن لەبەر خاتری من، بۆ شایەدی لەسەر ئەوان.

10) و لازمە کە هەوەڵی ئەو ئینجیلەی بۆ هەموو میللەتان وەعز بکرێ.

11) وە وەختێکی ئەوان ئەنگۆ دەبەن و تەسلیموو دەکەن، خەمێ مەخۆن دە پێشدا کە چی قسان بکەن، بەڵا هەر چی کە بە ئەنگۆ دەو سەعاتەیدا بدرێ، ئەوی قسان بکەن، چونکە ئەنگۆ نین کە قسان دەکەن بەڵا ڕوحولقدوسە.

12) و برا، برای بە مردنێ تەسلیم دەکا و باب ئەولادی و ئەولادان لەسەر والدەین ڕاست دەبنەوە و دەیانکوژن.

13) و ئەنگۆ لەکن هەموو خەڵکی دەبوغزێندرێن لەبەر نێوی من، بەڵا ئەوەی کە هەتا ئاخیرێ سەبرێ بکا ئەو خڵاس دەبێ.

14) بەڵا وەختێکی ناحەزی وێرانی ڕاوەستاو لە جێیەکی کە نابێ ببێ دەبینن ئەوەی کە دەیخوێنێ با بفامێ- ئەو وەختی ئەوانەی کە دە یەهوودی دان با بۆ کێوان هەڵێن.

15) ئەوەی کە لە سەر بانییە با نێتە خوارێ و نەچیتە ژوورێ کە چتێکی لە ماڵی خۆی هەڵگرێ.

16) و ئەوەی کە دە زەویدایە با نەگەڕێتە ئەو چتانەی پاشەوە کە جلی خۆی هەڵگرێ.

17) ئەمما وای بۆ ئاوسان و شیردەران دەو ڕۆژانەدا.

18) بەڵا دوعا بکەن کە دە زستانیدا نەبێ.

19) چونکە دەو ڕۆژانەدا وەها تەنگانەیەک دەبێ کە وەکوو ئەوەی لە هەوەڵی خەڵقکردنێ کە خوڵا خەڵقی کرد هەتا ئەوێستا نەبووە و قەتیش نابێ.

20) و ئەگەر ڕەب ئەو ڕۆژانەی کورت نەکردبایە هیچ گیانێک خڵاس نەدەبوو، بەڵا لەبەر هەڵبژێراوان کە هەڵیبژاردووە ئەو ڕۆژانەی کورت کردووە.

21) و ئەو وەختی ئەگەر کەسێک بە ئەنگۆ بڵێ، ئەوەتا مەسیح لێرەیە یان ئەوەتا لەوێ، باوەڕ مەکەن.

22) چوونکە مەسیحانی درۆزن و پێغەمبەرانی درۆزن ڕاست دەبنەوە و نیشانان و عەجایبان دەکەن هەتاکوو ئەگەر مومکین ببێ، هەڵبژێراوانیش هەڵبخەڵەتێنن.

23) بەڵا ئەنگۆ هۆشیار بن. هەموو چتم دە پێشدا بە ئەنگۆ کوتووە.

24) بەڵا دەو ڕۆژانەدا، لە پاش ئەو تەنگانەی، ڕۆژ تاریک دەبێ و مانگ ڕووناکایی خۆی نادا.

25) و ئەستێران لە ئاسمانێ بەر دەبنەوە و قووەتان کە دە ئاسماناندان دەلەرزن.

26) و ئەو وەختی کوڕی ئینسانی دەبینن دە هەوراندا بە قووەتی زۆر و جەلال دێ.

27) و ئەو وەختی مەلایکەتان دەنێرێ و هەڵبژێراوانی خۆی خڕ دەکاتەوە لە چوار لایان، لە پەڕی ئەرزێ، هەتا پەڕی ئاسمان.

28) بەڵا لە دارەهەنجیری ئەو مەسەلەی فێر بن: وەختێکی لکی وی تازە شیرەدار بووە و گەڵای دەر دەکا، دەزانن کە هاوین نیزیکە.

29) هەر واش ئەنگۆ وەختێکی بوونی ئەو چتانە دەبینن بزانن کە نیزیکە لە بەر دەرکەی.

30) ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم: ئەو سلسلە قەت ڕانابرێ هەتا ئەو چتانە هەموو دەبن.

31) ئەرز و ئاسمان ڕادەبرن، بەڵا کەلامی من قەت ڕانابرن.

32) بەڵا لە ئەو ڕۆژە یان سەعاتە کەس نازانێ، نە مەلایکەتان دە ئاسماندا و نە کوڕ بێجگە لە باب.

33) هۆشیار بن، بە خەبەر بن، چونکە نازانن ئەو وەعدە کەنگییە.

34) وەکوو پیاوێکی سفرەی ماڵی خۆی بەجێ هێشت و بە خزمەتکارانی خۆی حیکماتی دا. بە هەر یەکەی کاری خۆی و بە دەرکەوانی ئەسپارد کە بەخەبەر بێ.

35) دەنا بەخەبەر بن، چونکە نازانن ساحیب ماڵی، کەنگێ دێ، یان ئێوارەی یان نیوەشەوێ یان کەڵەباب خوێندنێ یان سبحەینێ زوو.

36) نەبا کە وەختێکی لەناکاو بێ، ئەنگۆ نووستوو ببینێ.

37) بەڵا ئەوەی کە بە ئەنگۆ دەڵێم، بە هەمووان دەڵێم: بەخەبەر بن.»

باب ١٤[edit]

1) و لە پاش دوو ڕۆژان جێژنی فەسح و فەتیری بوو و کاهینانی گەورە و خوێندەواران حەولیان دەدا چلۆن ئەوی بە فێڵ بگرن و بیکوژن.

2) چونکە کوتیان دە جێژنیدا نە، نەبا شێواوی لەنێو قەومی ببێ.

3) و وەختێکی ئەو دە بەیت عەنیا دە ماڵی شەمعوونی گولدا بوو و کە لەسەر سفرەی ڕۆنیشتبوو، ژنێک هات کە شووشەیەکی ڕۆنی ناردینی خالس و زۆر بە قیمەتی هەبوو. شووشەکەی شکاند و بە سەری ویدا ڕشت.

4) و هێندێک دە خۆیاندا ناقایل بوون و کوتیان، «بۆچی زایەی ئەو ڕۆنەی بووە؟

5) چونکە مومکین بوو کە ئەو ڕۆنە بە پتر لە سێسەد دینار بفرۆشرێ و بە فەقیران بدرێ.» و بۆڵەبۆڵیان لەسەر ئەوەی کرد.

6) بەڵا یەسووع کوتی: «لێی گەڕێن، بۆچی ئەوی عاجز دەکەن؟ عەمەلێکی چاکی بۆ من کردووە.

7) چونکە فەقیرانوو هەمیشە دەگەڵ خۆتان هەیە و هەر وەختێکی کە بتانەوێ دەتوانن چاکەی دەگەڵیان بکەن، بەڵا ئەمنوو هەمیشە نییە.

8) ئەوەی کە توانی کردی، بەدەنی منی دە پێشدا چەور کردەوە بۆ ناشتنێ.

9) ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم: هەر جێیەکی کە ئینجیل وەعز دەکرێ دە هەموو دنیایدا، خەبەریش دەدرێ لە ئەوەی کە ئەو کردی بۆ یادگاری وی.»

10) و یەهودای ئێسخەریوتی یەکێک لەو دوازدانە چۆ کن کاهینانی گەورە کە ئەوی بە وان تەسلیم بکا.

11) و کە ئەوان بیستیان خۆشحاڵ بوون و وەعدەیان کرد کە دراو بە وی بدەن. و حەولی دەدا چلۆن ئەوی بە فورسەت تەسلیم بکا.

12) و دە ڕۆژی هەوەڵی جێژنی فەتیرێدا کە بەرخی فەسحیان دەکوشتەوە، شاگردان بە وییان گوت: «بۆ کوێ دەتەوێ کە بچین و حازر بکەین کە فەسحی بخۆی؟»

13) و دوانی لە شاگردانی خۆی نارد و بە وانی گوت: «بڕۆنە شاری و پیاوێک تووشوو دەبێ کە جەڕێک ئاو هەڵدەگرێ، وەدوای وی بکەون.

14) و دە هەر جێیەکیدا کە بچیتە ژوورێ بە ساحیب ماڵی بڵێن کە مامۆستا دەڵێ: «لە کوێیە ئەو مەنزڵەی من کە لەوێ دەگەڵ شاگردانی خۆم فەسحی بخۆم؟

15) و ئەو بە ئەنگۆ نیشان دەدا باڵاخانەیەکی گەورە، فەڕشکراو و حازر و لەوێ بۆ مە حازر بکەن.»

16) و شاگردان وەدەر کەوتن و هاتنە نێو شاری و هەر وەکوو ئەو بە وانی کوتبوو پەیدایان کرد و فەسحیان حازر کرد.

17) و کە ئێوارێ بوو، دەگەڵ ئەو دوازدانە هات.

18) و کە ئەوان ڕۆنیشتبوون و دەیانخوارد یەسووع کوتی: «ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم کە یەکێک لە ئەنگۆ، ئەمن تەسلیم دەکا، ئەوەی کە دەگەڵ ئەمن دەخوا.»

19) و دەستیان پێ کرد کە خەمناک ببن و بە وی بڵێن؛ یەک یەک، مەگەر ئەمنم؟

20) بەڵا ئەو بە وانی گوت: «یەکێک لەو دوازدانە، ئەوەی کە دەگەڵ ئەمن دەست دە قاپی دەخا.

21) چونکە هەڵبەتە کوڕی ئینسانی دەڕوا چلۆنێکی بەحسی وی نووسراوە؛ بەڵا وای بۆ ئەو کەسەی کە کوڕی ئینسانی بە سەبەبی وی تەسلیم دەکرێ. بۆ ئەو کەسە چاکتر دەبوو ئەگەر بە وەلەد نەبووبایە.»

22) و کە ئەوان نانیان دەخوارد، یەسووع نانی هەڵگرت؛ ممبارەکی کرد، لەتی کرد و دای بە وان و کوتی: «وەرگرن، ئەوە بەدەنی منە.»

23) و پیاڵەیەکی هەڵگرت، شوکری کرد، دای بە وان و هەموویان لە وییان خواردەوە.

24) و بە وانی گوت: «ئەوە خوێنی منە ئەی عەهدی تازە، کە بۆ زۆران دەڕێژێندرێ.

25) ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم کە ئیدی قەت ناخۆمەوە لە حاسڵی مێوی هەتا ئەو ڕۆژەی کە دە پادشایەتی خوڵایدا ئەوی تازە دەخۆمەوە.»

26) و کە زەبووریان خوێندبوو بۆ کێوی زەیتوونی وەدەر کەوتن.

27) و یەسووع بە وانی گوت: «هەمووتان لە من هەڵدەنگوترێن، چونکە نووسراوە لە شوانی دەدەم و مەڕان بڵاو دەبن.

28) بەڵا لە پاش هەڵستانەوەی من وەپێش ئەنگۆ دەکەوم بۆ جەلیلێ.»

29) و پیترۆس بە وی گوت: «ئەگەر هەموو هەڵبنگوترێن بەڵا ئەمن نە.»

30) و یەسووع بە وی گوت: «ڕاستی بە تۆ دەڵێم کە ئەتۆ ئەوڕۆ، دەو شەوەیدا، لە پێش ئەوەی کە کەڵەباب دوو جار بخوێنێ، سێ جار لە من حاشا دەکەی.»

31) بەڵا ئەو هەر زۆر زیاتر کوتی: «ئەگەر بۆ من لازم بێ کە دەگەڵ ئەتۆ بمرم، قەت لە تۆ حاشا ناکەم» و هەر واش هەموو کوتیان.

32) و هاتنە جێیەکی کە نێوی گتسمانی بوو و بە شاگردانی خۆی گوت: «ڕۆنیشن لێرە هەتا دوعا بکەم.»

33) و پیترۆس و یەعقوب و یوحەننای دەگەڵ خۆی هەڵگرت و دەستی پێ کرد بە ترسان و دڵتەنگی.

34) و بە وانی گوت: «گیانی من زۆر خەمناکە هەتا مردنێ، لێرە بمێنن و بەخەبەر بن.»

35) و کەمێک چۆ پێش و کەوتە سەر ئەرزێ و دوعای کرد کە ئەگەر مومکین بێ ئەو سەعاتە لەسەری ڕاببرێ.

36) و کوتی: «یا ئەببا بابە، هەموو چت بۆ تۆ مومکینە. ئەو پیاڵەی لە من هەڵگرە؛ ئەمما نە ئەوەی کە ئەمن دەمەوێ، بەڵا ئەوەی کە ئەتۆ دەتەوێ.»

37) و هات و ئەوانی نووستوو پەیدا کرد و بە پیترۆسی گوت: «ئەی شەمعوون نووستووی؟ ئەرێ نەتدەتوانی سەعاتێک بەخەبەر بی؟

38) بە خەبەر بن و دوعا بکەن هەتاکوو دە تەجرەبەی نەکەون. هەڵبەتە ڕوح ڕازییە، بەڵا بەدەن زەعیفە.»

39) و دیسان چوو و دوعای کرد، هەر ئەو قسەی دەگوت.

40) و کە دیسان گەڕاوە ئەوانی نووستوو پەیدا کرد چونکە چاوی وان گران بوون. و نەیاندەزانی چی جواب بە وی بدەن.

41) و جاری سێیەم هات و بە وانی گوت: «ئەوێستا بنوون و بحەسێنەوە. بەسە ئەو سەعاتە هاتووە ئەوەتا کوڕی ئینسانی بە دەستانی گوناحکاران تەسلیم دەکرێ.

42) هەڵستن با بڕۆین، ئەوەتا ئەوەی کە ئەمن تەسلیم دەکا نیزیکە.»

43) و جێبەجێ کە هێشتا ئەو قسەی دەکرد، یەهوودا، یەکێک لەو دوازدانە هات و غەڵەبایییەک دەگەڵ ئەوی بە شیران و کوتکان لە لای کاهینانی گەورە و خوێندەواران و پیران.

44) و تەسلیمکەری وی نیشانێکی بە وان دابوو دەیگوت: «ئەوەی کە ماچی دەکەم هەوە، بیگرن و بە هۆشیاری بیبەن.»

45) و کە هات جێبەجێ وەپێش کەوتە کن ئەوی و کوتی؛ ئەی مامۆستا و ئەوی ماچ کرد.

46) و ئەوان دەستانیان هاویشتە سەر ئەوی و گرتیان.

47) بەڵا یەکێک لە حازران شیری هەڵکێشا و لە خزمەتکاری کاهینی گەورەی دا و گوێی وی بڕی.

48) و یەسووع جوابی دا و بە وانی گوت: «وەکوو بۆ سەر جەردەیەکی وەدەر کەوتوون بە شیران و کوتکان هەتاکوو ئەمن بگرن.

49) هەر ڕۆژ دەگەڵ ئەنگۆ دە هەیکەلێدا بووم و تەعلیمم دەدا و ئەمنوو نەگرت، بەڵا هەتاکوو کتێبان تەواو ببن، ئەوە بووە.»

50) و هەموو ئەویان بەجێ هێشت و هەڵاتن.

51) و جحێڵێک وەدوای وی دەکەوت کە چارشێوێکی کەتانی لە بەدەنی ڕووتی خۆی هاڵاندبوو و ئەویان گرت.

52) بەڵا ئەو چارشێوی بەجێ هێشت و بە ڕووتی هەڵات.

53) و یەسووعیان بردە کن کاهینی گەورە. و هەموو کاهینانی گەورە و پیران و خوێندەواران خڕ بوونەوە.

54) و پیترۆس لە دوورەوە وەدوای وی کەوت هەتا ژوور حەساری کاهینی گەورە و دەگەڵ خزمەتکاران ڕۆنیشتبوو و خۆی لەبەر ئاوری گەرم دەکردەوە.

55) و کاهینانی گەورە و هەموو مەجلیسی کەیخودایان لە شایەدی لەسەر یەسووع دەگەڕان هەتاکوو بیکوژن و وەدەستیان نەدەکەوت.

56) چونکە زۆران شایەدی بە درۆیان لەسەر ئەوی دەدا و شایەدییان یەک نەبوون.

57) و هێندێک ڕاست بوونەوە و شایەدی بە درۆیان لەسەر ئەوی دا، دەیانگوت:

58) «ئەمە بیستمان لە ئەوی کە دەیگوت: ئەمن ئەو هەیکەلەی بە دەست دروستکراو دەڕوخێنم و بە سێ ڕۆژان یەکی دیکە بە دەست دروستنەکراو دروست دەکەم.»

59) و بە ئەوەش شایەدی وان یەک نەبوو.

60) و کاهینی گەورە هەڵستا نێوەڕاستی لە یەسووع پرسیاری کرد دەیگوت: «ئەرێ هیچ جواب نادەی؟ ئەوانە لەسەر ئەتۆ چی شایەدی دەدەن؟»

61) بەڵا ئەو بێدەنگ بوو و هیچ جوابی نەدا. دیسان کاهینی گەورە لێی پرسی و بە وی گوت: «ئەرێ ئەتۆی مەسیح کوڕی ئەو ممبارەکەی؟»

62) و یەسووع کوتی: «ئەمنم و ئەنگۆ کوڕی ئینسانی دەبینن کە لەلای ڕاستی قووەتی ڕۆدەنیشێ و دەگەڵ هەورانی ئاسمان دێ.»

63) بەڵا کاهینی گەورە جلی خۆی دڕی و کوتی: «ئیدی چی ئیحتیاجیمان بە شایەدی هەیە؟

64) کفروو بیستووە تەگبیروو چییە؟ و ئەوان هەموو حوکمیان لەسەر ئەوەی کرد کە لایقی مردنێیە.»

65) و دەستیان پێ کرد، هێندێک کە تفی لێ بکەن و کە ڕووی وی دابپۆشن و مستی لێ بدەن و بە وی بڵێن پێغەمبەرێتی بکە! و فراشان بە زللان ئەویان وەرگرت.

66) و کە پیترۆس لە خوارێ دە حەسارێدا بوو یەکێک لە قەرواشانی کاهینی گەورە هات.

67) و کە پیترۆسی دی کە خۆی گەرم دەکردەوە، تەماشای وی کرد و کوتی: «ئەتۆش دەگەڵ یەسووع ناسری بووی.»

68) بەڵا ئەو حاشای کرد دەیگوت: «نازانم و نافامم ئەتۆ دەڵێی چی.» و وەدەر کەوتە دەرێ دە داڵانیدا.

69) و کە قەرواشەکە ئەوی دی، دیسان دەستی پێ کرد کە بە حازران بڵێ؛ ئەوە لە وانە.

70) بەڵا ئەو دیسان حاشای کرد. و لە پاش کەمێک دیسان حازران بە پیترۆسیان گوت: «بەڕاستی ئەتۆ لە وانی چونکە ئەتۆش جەلیلی.»

71) بەڵا ئەو دەستی پێ کرد کە لەعنەت بکا و سوێند بخوا، ئەو پیاوەی ناناسم کە ئەنگۆ قسەی لێ دەکەن.

72) و جێبەجێ کەڵەباب جاری دوویەم خوێندی. و پیترۆس ئەو قسەی وەبیر هاتەوە چلۆنێکی یەسووع بە وی کوتبوو: «لە پێش ئەوەی کە کەڵەباب دوو جار بخوێنێ، سێ جار لە من حاشا دەکەی.» و کە فکری لێ کردەوە گریا.

باب ١٥[edit]

1) و جێبەجێ سبحەینێ زوو کاهینانی گەورە دەگەڵ پیران و خوێندەواران و هەموو مەجلیسی کەیخودایان تەگبیریان کرد، یەسووعیان بەست و بردیان و بە پیلاتۆسیان تەسلیم کرد.

2) و پیلاتۆس لێی پرسی: «ئەرێ ئەتۆ پادشای یەهوودیانی؟» بەڵا ئەو جوابی بە وی دا و کوتی: «ئەتۆ دەڵێی.»

3) و کاهینانی گەورە گلەیییان زۆر لە وی دەکرد.

4) و پیلاتۆس دیسان لێی پرس، دەیگوت: «ئەرێ هیچ جواب نادەی؟ ئەوەتا چەند چتان لە تۆ گلەیی دەکەن.»

5) بەڵا یەسووع ئیدی هیچ جوابی نەدا وەها کە پیلاتۆس عەجایب ما.

6) بەڵا دە جێژنیدا گرتوویەکی بەرەڵڵا دەکرد، هەر کەس کە تەڵەبیان کردبا.

7) و یەکێک هەبوو نێوی براباس کە گیرابوو دەگەڵ شلۆقان کە دە شلۆقیدا قەتڵیان کردبوو.

8) و خەڵکی چوونە سەری و دەستیان پێ کرد کە تەڵەب بکەن کە وەکوو هەمیشە بۆ وانی دەکرد، وا بکا.

9) و پیلاتۆس بە وان جوابی دا، دەیگوت: «ئەرێ دەتانەوێ کە پادشای یەهوودیان بۆ ئەنگۆ بەرەڵڵا بکەم؟»

10) چونکە دەیزانی کە کاهینانی گەورە لە بەخیلی ئەویان تەسلیم کردبوو.

11) بەڵا کاهینانی گەورە خەڵکیان فێر کرد کە براباسی بۆ وان بەرەڵڵا بکا.

12) و پیلاتۆس دیسان جوابی دا و بە وانی گوت: «دەنا چوو دەوێ کە دەگەڵ ئەوی بکەم، کە پێی دەڵێن پادشای یەهوودیان؟»

13) بەڵا ئەوان دیسان قیژاندیان: «ئەوی لە سێدارەی بدە!»

14) و پیلاتۆس بە وانی گوت: «دەنا چی خراپییەکی کردووە؟» بەڵا ئەوان هەر پتر قیژاندیان، ئەوی لە سێدارەی بدە!

15) و کە پیلاتۆس کەیفی لێ بوو کە خەڵکی ڕازی بکا؛ براباسی بۆ وان بەرەڵڵا کرد. و کە لە یەسووع قامچی لێ دابوو تەسلیمی کرد کە لە سێدارەی بدرێ.

16) و عەسکەران ئەویان بردە ژوور حەسارێ کە دیوانخانەیە و هەموو فەوجیان بانگ کرد.

17) و جلێکی سوور دەبەر ئەویان کرد و تاجێکیان لە دڕووی چنی و لە سەریان دانا.

18) و دەستیان پێ کرد کە سڵاوی لێ بکەن، سەلام ئەی پادشای یەهوودیان!

19) و بە قامیشێکی لە سەری وییان دەدا و تفیان لێ دەکرد و چۆکیان دادەدا و سجدەیان لێ دەکرد.

20) و کە گەپیان پێ دابوو؛ جلە سوورەکە لەبەر ئەویان داکەند و جلی خۆی دەبەریان کرد و بردیانە دەرێ کە لە سێدارەی بدەن.

21) و ڕێبوارێکی کە لە زەوی دەهات، شەمعوون کووڕێنی، بابی ئەسکەندەر و ڕوفوسیان مەجبوور کرد کە سێدارەی وی هەڵگرێ.

22) و ئەویان بردە جێیەکی نێوی گۆلگۆتا کە تەرجەمە دەکرێ بە جێی کاسەی سەر.

23) و شەراپی تێکەڵ بە مۆریان بە وی دا، بەڵا ئەو قەبوڵی نەکرد.

24) و ئەویان لە سێدارەی دا و جلی وییان بەش کرد کە پشکیان لێ داویشت کە هەر یەکە چی وەرگرێ.

25) بەڵا سەعاتی سێیەم بوو و ئەویان لە سێدارەی دا.

26) و سەرنامی خەتای وی وا نووسرابوو: «پادشای یەهوودیان.»

27) و دەگەڵ ئەوی دوو جەردەیان لە سێدارەی دا، یەکێک لە لای ڕاستی و یەکێک لە لای چەپی.

28) و ڕێبواران کفریان پێ دەکرد و سەری خۆیان ڕادەوەشاند و دەیانگوت.

29) ها ئەی خراپکەری هەیکەلێ و دروستکەری وی دە سێ ڕۆژاندا!

30) خۆت خەڵاس بکە و وەرە خوارێ لە سێدارەی.

31) و هەر واش کاهینانی گەورە دەگەڵ خوێندەواران، دەنێو خۆیاندا گەپیان پێ دەدا و کوتیان: «ئی دیکانەی خەڵاس کردووە، خۆی ناتوانێ خەڵاس بکا.

32) مەسیح پادشای ئیسرائیل، با ئەوێستا بێتە خوارێ لە سێدارەی هەتاکوو ببینین و ئیمان بێنین.» و ئەوانەش کە دەگەڵ ئەوی لە سێدارەی درابوون خراپیان بە وی دەگوت.

33) و کە سەعاتی شەشەم داهات؛ تاریکایی لەسەر هەموو ئەرزێ بوو هەتا سەعاتی نۆیەم.

34) و دە سەعاتی نۆیەمدا یەسووع بە دەنگێکی بڵند قیژاندی: «ايلوی ايلوی لما سبختنی!» کە تەرجەمە دەکرێ «یا خوڵای من، یا خوڵای من؛ بۆچی ئەمنت بەجێ هێشتووە؟»

35) و هێندێک لە حازران وەختێکی بیستیان، کوتیان: «ئەوەتا ئەو ئەلیاسی بانگ دەکا.»

36) و یەکێک لنگی دا و هەورییەکی لە سرکە پڕ کرد و لەسەر قامیشێکی دانا و دای بە وی کە بخواتەوە، دەیگوت: «لێی گەڕێن! با ببینین ئەگەر ئەلیاس بێ کە ئەوی بهێنێتە خوارێ.»

37) و یەسووع بە دەنگێکی بڵند قیژاندی و ڕوحی تەسلیم کرد.

38) و پەردەی هەیکەلێ دوو لەت بوو لە سەرڕا هەتا خوارێ.

39) و کە یوزباشی کە بەرامبەری وی ڕاوەستابوو دیتی کە وەها ڕوحی تەسلیم کرد، کوتی: «بەڕاستی ئەو پیاوە کوڕی خوڵای بوو.»

40) و چەند ژنانیش هەبوون کە لە دوورەوە تماشایان دەکرد، کە لەنێو ئەوان مریەم مەگدەلیش بوو و مریەم دایکی یەعقووبی چکۆلە و یوسی و سالۆمە.

41) ئەوانەی کە وەدوای وی دەکەوتن و خزمەتیان دەکرد، وەختێکی دە جەلیلێدا بوو و زۆرانی دیکە کە دەگەڵ ئەوی وەسەر کەوتبوونە ئورشەلیمی.

42) و کە ئێوارە داهات، چونکە ڕۆژی تەداروک بوو کە لە پێش شەمۆیە.

43) یوسف، ئەوەی کە لە ئەریماتییە؛ موشیرێکی ماقوڵ هات کە بۆخۆشی چاوەنۆڕی پادشایەتی خوڵای بوو و جورئەتی کرد، چۆ کن پیلاتۆس و مەیتی یەسووعی تەڵەب کرد.

44) و پیلاتۆس عەجایب ما ئەگەر ئەلان مردبێ و یوزباشی بانگ کرد و پرسیاری لێ کرد ئەگەر لەمێژ بوو مردبوو.

45) و کە یوزباشی زانی، مەیتی بە یوسفی بەخشی.

46) و کەتانی کڕی و ئەوی هێنا خوارێ و بەو کەتانەی پێچایەوە و دە قەبرێکی نا کە دە شاخیدا هەڵقەندرابوو و بەردێکیان لەسەر دەرکی قەبری خللۆر کردەوە.

47) و مریەم مەگدەلی و مریەم دایکی یوسی تەماشایان دەکرد لە کوێ داندرابوو.

باب ١٦[edit]

1) و کە شەمۆ ڕابردبوو مریەم مەگدەلی و مریەم دایکی یەعقووب و سالۆمە عەترانیان کڕی هەتاکوو بێن و چەوری بکەن.

2) و زۆر زوو دە ڕۆژی هەوەڵی حەوتویدا هاتنە سەر قەبری وەختێکی ڕۆژ هەڵات.

3) و بە یەکتریان دەگوت: «کێ ئەو بەردەی لە دەرکی قەبرێ بۆ مە خللۆر دەکاتەوە؟»

4) و کە تماشایان کرد دیتیان کە بەردەکە خللۆر ببووە، چونکە زۆر گەورە بوو.

5) و کە چوونە نێو قەبری دیتیان جحێڵێک لە لای ڕاستی ڕۆنیشتبوو و عەبایەکی سپی دەبەر کراوە و زۆر ترسان.

6) بەڵا ئەو بە وانی گوت: «مەترسێن، ئەنگۆ لە یەسووع ناسری لە سێدارەدراو دەگەرێن. هەڵستاوەتەوە لێرە نییە، ئەوەتا ئەو جێی کە ئەویان لێ دانا.

7) بەڵا بڕۆن و بە شاگردانی وی و بە پیترۆس بڵێن کە وەپێشوو دەکەوێ بۆ جەلیلی. لەوێ ئەوی دەبینن چلۆنێکی بە ئەنگۆی گوت.»

8) و وەدەر کەوتن و لە قەبری هەڵاتن چونکە لەرز و سام ئەوانی گرتبوو. و بە هیچ کەسیان چتێک نەگوت، چونکە ترسان.

9) و کە هەڵستابوو زوو دە ڕۆژی هەوەڵی حەوتوویدا، هەوەڵێ بۆ مریەم مەگدەلی بیندرا، ئەوەی کە حەوت جننانی لێ دەر کردبوو.

10) ئەو چوو و خەبەری بە وان دا کە دەگەڵ ئەوی ببوون، کە شینیان دەکرد و دەگریان.

11) و کە ئەوانە بیستیان کە زیندووە و لەوێ دیترابوو، باوەڕیان نەکرد.

12) و لە پاش ئەوەی بە شکڵێکی دیکە بیندرا بۆ دوو لەوان وەختێکی دەگەڕان و بۆ دێهاتی دەچوون.

13) و ئەوانە چوون و خەبەریان بە وانی دیکە دا، بەڵا بە وانیشیان باوەڕ نەکرد.

14) و لە پاشان بۆ ئەو یازدانە بۆخۆیان بیندرا وەختێکی لەسەر سفرەی ڕۆنیشتبوون و سەرکۆنەی بێ باوەڕی و دڵڕەقی وانی کرد چونکە بە ئەوانی کە ئەوی هەڵستاو دیبوویان باوەڕیان نەکرد.

15) و بە وانی گوت: «بڕۆن دە هەموو دنیایدا و ئینجیلی بۆ هەموو مەخلوقێ وەعز بکەن.

16) ئەوەی کە ئیمان بێنێ و تەعمید بکرێ خەڵاس دەبێ، بەڵا ئەوەی کە ئیمان نێنێ حوکم لەسەری دەکرێ.

17) و ئەو نیشانانە دەگەڵ ئیمانهێنەران دەبن، بە نێوی من جننان دەر دەکەن و بە زمانانی تازە قسان دەکەن.

18) ماران هەڵدەگرن و ئەگەر چتێکی کوشەندە بخۆنەوە زەرەر بۆ وان ناگا. دەستان لەسەر نەخۆشان دادەنێن و ساغ دەبنەوە.»

19) دەنا لەپاش ئەوەی کە ڕەب یەسووع قسەی دەگەڵ ئەوان کردبوو بۆ ئاسمانێ هەڵکێشرا و لە لای ڕاستی خوڵای ڕۆنیشت.

20) بەڵا ئەوان وەدەر کەوتن و دە هەموو جێیەکیدا وەعزیان دەکرد و ڕەب کۆمەگی وانی دەکرد و کەلامی ئیسبات دەکرد و بەو نیشانانەی کە دەگەڵیان دەبوون.