ئینجیلی موقەدەس/ئینجیلی لوقا

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
ئینجیلی موقەدەس  (1919)  by لودڤیگ فاسوم
ئینجیلی لوقا

باب ١[edit]

1) چونکە زۆران دەستیان درێژ کردووە بە ڕیز دانانی حیکایەتێکی، بەحسی ئەو چتانەی کە لەنێو مە تەواو بوون.

2) چلۆنێکی ئەوانەی کە لە هەوەڵەوە تەماشاکەران و خزمەتکارانی کەلامی بوون بە مە تەسلیمیان کردووە.

3) ئەمنیش کە لە هەوەڵەوە هەمووم بە وردی سۆراغ کردووە، مەسڵەحەتم دیوە کە بە قاعیدە بۆ تۆ بنووسم ئەی تیۆفیلووسی موحتەبەر.

4) هەتاکوو یەقینی ئەو کەلامەی کە دە وێدا فێر بووی چاک بزانی.

5) دە ڕۆژانی هیرۆدیس پادشای یەهوودیەدا، کاهینێک نێوی زەکەریا لە دەستەی ئەبییا هەبوو و ئەو ژنێکی بوو لە کچانی هاروون و نێوی ئێلیزابت بوو.

6) و هەردووک دە حزووری خوڵایدا سادق بوون و دە هەموو حوکمان و شەریعەتانی ڕەبدا بە بێ عەیبی بەڕێ دەچوون.

7) و ئەوان ئەولادیان نەبوو چونکە ئێلیزابت نەزۆک بوو؛ و هەردووک دە ڕۆژانی خۆیاندا پیر بوون.

8) و بوو کە دە نۆبەی دەستەی خۆیدا لە حزووری خوڵای کاهینێتی دەکرد.

9) وەکوو عادەتی کاهینێتی پشکی لەسەر کەوت کە وەژوور هەیکەلی ڕەب بکەوێ و بوخور بسووتێنێ.

10) و هەموو جەماعەتی قەومی دە سەعاتی بوخوریدا لە دەرێ بوون و نوێژیان دەکرد.

11) و مەلایکەتی ڕەب لە لای ڕاستی مەزبەحی بوخوری ڕاوەستاو بۆ وی بیندرا.

12) و زەکەریا وەختێکی ئەوی دی تێک چوو و ترس کەوتە سەری.

13) بەڵا مەلایکەت بە وی گوت: «مەترسە ئەی زەکەریا، چونکە دوعای تۆ قەبوڵ کراوە و ژنی تۆ ئێلیزابت کوڕێکی بۆ تۆ دەزێ و نێوی وی یوحەننا بانگ دەکرێ.

14) و بۆ تۆ خۆشحاڵی و شادیەتی دەبێ و زۆران لەبەر بە وەلەدبوونی وی کەیفخۆش دەبن.

15) چونکە دە حزووری ڕەبدا گەورە دەبێ و شەڕاپ و مەستکەران قەت ناخواتەوە و لە زگی دایکی خۆشییەوە پڕ لە ڕوحولقدوس دەبێ.

16) و زۆران لە بەنی ئیسرائیل بۆ لای ڕەب خوڵای خۆیان وەردەگێڕێ.

17) و ئەو وەپێش ئەوەی دەکەوێ بە ڕوح و قووەتی ئەلیاس کە دڵی بابان بۆ لای منداڵان و بێ ئیتاعەتان بۆ عەقڵداریی سادقان وەردەگێڕێ، کە قەومێکی حازر بۆ ڕەب ڕێک بخا.»

18) و زەکەریا بە مەلایکەتی گوت: «ئەوەی بە چی بزانم؟ چونکە ئەمن پیرم و ژنی من دە ڕۆژانی خۆیدا پیر بووە.»

19) مەلایکەت جوابی دا و بە وی گوت: «ئەمن جیبرائیلم کە لە حزووری خوڵای ڕادەوەستم و ناردراوم کە دەگەڵ ئەتۆ قسان بکەم و ئەوانە بە تۆ مزگێنی بدەم.

20) و ئەوەتا لاڵ دەبی و ناتوانی قسان بکەی هەتا ئەو ڕۆژەی کە ئەوانە دەبن؛ لەبەر ئەوەی کە بە قسانەی من کە دە وەختی خۆیاندا تەواو دەبن باوەڕت نەکرد.»

21) و قەومێ چاوەنۆڕی زەکەریا بوون و لە مەعتەلبوونی وی دە هەیکەلێدا عەجایب دەمان.

22) بەڵا وەختێکی هاتە دەرێ نەیدەتوانی دەگەڵ ئەوان قسان بکا، و تێ گەیشتن کە دە هەیکەلێدا دیتوویەکی دیبوو و ئەو بۆ وان ئیشارەتی دەکرد و بێدەنگ ما.

23) و بوو کە وەختێکی ڕۆژانی خزمەتی وی تەواو بوون چۆ ماڵی خۆی.

24) و لە پاش ئەو ڕۆژانە، ژنی وی ئێلیزابت ئاوس بوو و پێنج مانگ خۆی دەشاردەوە و دەیگوت:

25) «ڕەب دەگەڵ ئەمنی کردووە دەو ڕۆژانەدا کە تەماشای کرد کە ئابڕووی من لەنێو خەڵکی هەڵگرێ.»

26) و دە مانگی شەشەمدا جیبرائیل مەلایکەت لەلای خوڵای ناردرا بۆ شارێکی جەلیلی، نێوی ناسرەت.

27) بۆ کن بیکرێکی کە دەزگیران بوو بە پیاوێکی نێوی یوسف لە ماڵی داوود و نێوی ئەو بیکرەی مریەم بوو.

28) و کە مەلایکەت هاتە ژوورێ کن ئەوی کوتی: «سەلام عەلەیک ئەی ڕەحم پێکراو، ڕەب دەگەڵتە.»

29) بەڵا لەسەر ئەو قسە زۆر شێوا و فکری دەکردەوە کە ئەو سڵاوە چی جورێکە.

30) و مەلایکەت بە وی گوت: «مەترسە ئەی مریەم چونکە لەکن خوڵای ڕەحمت پەیدا کردووە.

31) و ئەوەتا ئاوس دەبی دە منداڵدانتدا و کوڕێکی دەزێی و نێوی وی یەسووع بانگ دەکەی.

32) ئەو گەورە دەبێ و کوڕی تەعالا بانگ دەکرێ و ڕەب خوڵا تەختی داوود بابی وی بە وی دەدا.

33) و لەسەر ماڵی یەعقوب هەتا ئەبەد پادشایەتی دەکا و پادشایەتی وی ئاخیری نابێ.»

34) بەڵا مریەم بە مەلایکەتی گوت: «ئەوە چلۆن دەبێ، چونکە پیاو ناناسم.»

35) و مەلایکەت جوابی دا و بە وی گوت: «ڕوحولقدوس لەسەر ئەتۆ دێ و قووەتی تەعالا سێبەری لەسەر ئەتو داوێ لەبەر ئەوەش ئەو موقەدەسەی کە بە وەلەد دەبێ کوڕی خوڵای بانگ دەکرێ.

36) ئەوەتا ئێلیزابت خزمی تۆ، ئەویش دە پیریەتی خۆیدا بە کوڕێکی ئاوس بووە و ئەوە مانگی شەشەمە بۆ وی کە نەزۆک بانگ دەکرا.

37) چونکە لە کن خوڵای هیچ چتێک نامومکین نابێ.»

38) و مریەم کوتی: «ئەوەتا قەرەواشی ڕەب، وەکوو قسەی تۆ وا دەگەڵ ئەمن ببێ.» و مەلایکەت لە کن ئەوی ڕۆیی.

39) و مریەم دەو ڕۆژانەدا هەڵستا و بە تاڵووکە چوو کوێستانی بۆ شارێکی یەهوودییە.

40) و وەژوور ماڵی زەکەریای کەوت و لە ئێلیزابت سڵاوی کرد.

41) و بوو کە وەختێکی ئێلیزابت سڵاوی مریەمی بیست تیفلەکە دە منداڵدانی ویدا خۆی هەڵاوت و ئێلیزابت لە ڕوحولقدوس پڕ بوو.

42) و بە دەنگێکی بڵند بانگی کرد و کوتی: «ممبارەکی لەنێو ژنان و ممبارەکە میوەی منداڵدانی تۆ.

43) و ئەوە بۆ من لە کوێ بوو کە دایکی ڕەببی من بۆ کن ئەمن بێ.

44) چونکە ئەوەتا وەختێکی دەنگی سڵاوی تۆ بۆ گوێیانی من گەیشت تفلەکە دە منداڵدانی مندا بە خۆشحاڵی خۆی هەڵاوت.

45) و خۆزگە بە ئەوەی کە باوەڕی کرد کە ئەو چتانەی کە لە ڕەب بە وی کوتراون تەواو دەبن.»

46) و مریەم کوتی: «گیانی من تەعریفی ڕەب دەکا.

47) و ڕوحی من لە خوڵای خەڵاسکەرم خۆشحاڵ بووە.

48) چونکە لە سووکیی قەرەواشی خۆی تەماشای کردووە، چونکە ئەوەتا لەوەی پاش هەموو سلسلان ئەمن مەمبارەک دەخوێنن.

49) چونکە ئەو ساحب قووەتە چتانی گەورەی بە من کردووە و نێوی وی موقەدەسە.

50) و ڕەحمی وی لە سلسلە بۆ سلسلەیە لەسەر ئەوانەی کە لە وی دەترسن.

51) بە باسکی خۆی قووەتی کردووە و تشخوسانی دە فکری دڵی خۆیاندا بڵاو کردووە.

52) ساحیب قووەتانی لە تەختان فڕێ داوەتە خوارێ و نەوییانی بڵند کردووە.

53) برسیانی بە چتانی چاک تێر کردووە و دەوڵەمەندانی بە بەتاڵی بەڕێ کردووە.

54) عەبدی خۆی ئیسرائیلی کۆمەگ کردووە بۆ یادگاری ڕەحمی.

55) چلۆنێکی بە بابانی مە خەبەری داوە، بە ئیبراهیم و بە تۆی وی هەتا ابد الابد.»

56) و مریەم بەقەد سێ مانگ لەکن ئەوی ما و بۆ ماڵی خۆی گەڕاوە.

57) بەڵا وەعدەی ئێلیزابت تەواو بوو کە بزێ و کوڕێکی زا.

58) و جیرانان و خزمانی وی بیستیان کە ڕەب ڕەحمی خۆی بە وی زیاد کردبوو و کەیفخۆشییان دەگەڵ ئەوی دەکرد.

59) و بوو کە دە ڕۆژی هەشتەمدا هاتن کە منداڵەکەی سوننەت بکەن و ئەویان بە نێوی بابی خۆی زەکەریا بانگ دەکرد.

60) و دایکی وی جوابی دا و کوتی: «نە، بەڵا دەبێ یوحەننا بانگ بکرێ.»

61) و بە وییان گوت: «لەنێو خزمانی تۆ کەس نییە کە بە ئەو نێوەی بانگ بکرێ.»

62) و بۆ بابی وی ئیشارەتیان کرد کە چی دەیویست کە ئەو بانگ بکرێ.

63) و تەختۆلەیەکی تەڵەب کرد و نووسی، دەیگوت: «یوحەننایە نێوی وی» و هەموویان عەجایب مان.

64) و جێبەجێ زاری وی کراوە و زمانیشی و قسەی دەکرد و شوکری خوڵای دەکرد.

65) و ترس هاتە سەر هەموو جیرانی وان و هەموو ئەو قسانە دە تەواوی کوێستانی یەهوودییەدا دەکوتران.

66) و هەموویان کە بیستیان دە دڵی خۆیاندانا دەیانگوت: «ئەرێ ئەو منداڵە چی دەبێ؟» چونکە دەستی ڕەببیش دەگەڵ ئەوی بوو.

67) و زەکەریا بابی وی پڕ لە ڕوحولقدوس بوو و پێغەمبەریەتی کرد، دەیگوت:

68) «ممبارەک بێ، ڕەب خوڵای ئیسرائیل: چونکە تەماشای کردووە و فیدیەی بۆ قەومی خۆی کردووە.

69) و شاخێکی خەڵاسی بۆ مە دە ماڵی داوود عەبدی خۆیدا هەڵ ئەستاندووە.

70) چلۆنێکی بە زاری پێغەمبەرانی موقەدەسی خۆی لە هەوەڵەوە قسەی کردووە.

71) خەڵاسی لە دوژمنانی مە و لە دەستی هەموو ئەوانەی کە ئەمە دەبوغزێنن.

72) هەتاکوو ڕەحمی دەگەڵ بابانی مە بکا و عەهدی موقەدەسی خۆی وەبیر بێنێ.

73) یەعنی ئەو سوێندەی کە بۆ ئیبراهیمی بابی مەی خوارد کە بە مە بدا.

74) کە لە دەستی دوژمنان خەڵاس ببین و بێ ترس خزمەتی وی بکەین.

75) بە پاکی و سداقەتی لە حزووری وی هەموو ڕۆژانی خۆمان.

76) و ئەتۆش ئەی منداڵ؛ پێغەمبەری تەعالا بانگ دەکرێی، چونکە لە حزووری ڕەب وەپێش دەکەوی هەتاکوو ڕێی وی حازر بکەی.

77) هەتاکوو زانینی خەڵاسی بە قەومی وی بدەی بە بەخشینی گوناحانی خۆیان.

78) بە سەبەبی دڵی پڕ ڕەحمی خوڵای مە؛ کە بە دەستی وی ڕۆژهەڵاتن لە بەرەژوورێ تووشی مە بووە.

79) هەتاکوو بە ئەوانەی کە دە تاریکایی و سێبەری مردنیدا ڕۆدەنیشن ڕووناکایی بدا و پێیانی مە دە ڕێی سەلامەتیدا ڕاست بکا.»

80) بەڵا ئەو منداڵە گەورە دەبوو و دە ڕوحدا بە قووەت دەبوو و هەتا ڕۆژی نیشاندانی وی بۆ ئیسرائیل دە چۆڵیاندا بوو.

باب ٢[edit]

1) و بوو کە دەو ڕۆژانەدا حوکمێکی وەدەر کەوت لە ئوغوستوس قەیسەر کە هەموو دنیای نێونووس بکرێ.

2) ئەوە نێونووسی هەوەڵێ بوو وەختێکی کیرینیوس حاکمی سووریە بوو.

3) و هەموو دەچوون کە نێونووس بکرێن، هەر کەس بۆ شاری خۆی.

4) و یوسفیش وەسەر کەوت لە جەلیلی لە شاری ناسرەی بۆ یەهوودیە بۆ شاری داوود کە بەیت لەحم بانگ دەکرێ، چونکە ئەو لە ماڵی و ئوجاغی داوود بوو.

5) کە نێونووس بکرێ دەگەڵ مریەم دەزگیرانی خۆی کە ئاوس بوو.

6) و بوو کە وەختێکی ئەوان لەوێ بوون، ڕۆژان تەواو بوون کە بزێ.

7) و کوڕی هەوەڵی خۆی زا و ئەوی پێچاوە و دە ئاخوڕێکی نا چونکە بۆ وان دە کاروانسەرادا جێ نەبوو.

8) و دەو نیزیکانەدا شوانان هەبوون کە دە دەشتیدا بوون و شەوێ کێشکی مێگەڵی خۆیان دەکێشا.

9) و مەلایکەتی ڕەب لە ناکاو لەکنیان پەیدا بوو و جەلالی ڕەب لە دەوری وان شەوقی دا و بە ترسێکی زۆر ترسان.

10) و مەلایکەت بە وانی گوت: «مەترسێن! چونکە ئەوەتا خۆشحاڵییەکی گەورە بە ئەنگۆ مزگێنی دەدەم کە بۆ هەموو قەومی دەبێ.

11) چونکە ئەوڕۆ بۆ ئەنگۆ خەڵاسکەرێک بە وەلەد بووە، کە ڕەب مەسیحە دە شاری داووددا.

12) و نیشانەی بۆ ئەنگۆ ئەوەیە: تیفلێکی پێچراو و دە ئاخوڕێکیدا داندراو پەیدا دەکەن.»

13) و لە ناکاو غەڵەبایییەک لە لەشکەری ئاسمانی دەگەڵ مەلایکەت پەیدا بوون کە شوکری خوڵایان دەکرد و دەیانگوت:

14) «جەلال بۆ خوڵای دە بڵنداندا و لەسەر ئەرزێ سەلام و لە نێو خەڵکی ڕەزامەندی ببێ.»

15) و بوو کە وەختێکی مەلایکەتان لە کن ئەوانەی بۆ ئاسمانێ چوون؛ شوانان بە یەکتریان گوت: «ئەوێستا با بچین هەتا بەیت لەحمی و ئەو چتەی کە بووە و کە ڕەب بە مە نیشان داوە ببینین.»

16) و بە تاڵووکە هاتن و مریەم و یوسف و ئەو تیفلەی دە ئاخوڕێدا داندراو پەیدایان کرد.

17) و کە دیتیان خەبەریان دا لەو قسەی کە بەحسی ئەو منداڵەی بە وان کوترابوو.

18) و هەموو ئەوانەی کە بیستیان عەجایب دەمان لەسەر ئەو چتانەی کە لە شوانان بە وان کوتران.

19) بەڵا مریەم هەموو ئەو قسانەی ڕادەگرت و دە دڵی خۆیدا فکری دەکردەوە.

20) و شوانان گەڕانەوە بە حەمد و سەنا و شوکری خوڵای کردن بۆ هەموو چتانی کە دیبوویان و بیستبوویان، چلۆنێکی بە وان کوترابوو.

21) و کە هەشت ڕۆژان بۆ سوننەتکردنی وی تەواو بوون؛ نێوی وی یەسووع بانگ کرا چلۆنێکی لە مەلایکەت بانگ کرابوو لەپێش ئەوەی کە دە منداڵداندا داندرا.

22) و کە ڕۆژانی پاککردنی وان موافقی شەریعەتی مووسا تەواو بوون؛ ئەویان بردە سەر بۆ ئورشەلیمی، هەتاکوو بۆ ڕەب ڕایبگرن.

23) چلۆنێکی دە شەریعەتی ڕەبدا نووسراوە کە هەر نێرینەیەکی کە منداڵدان بکاتەوە؛ موقەددەس بۆ ڕەب بانگ دەکرێ.

24) و کە قوربانی بدەن وەکوو دە شەریعەتی ڕەبدا کوتراوە؛ جووتێکی کۆرکۆران یان دوو جوجیلانەی کۆتر.

25) و ئەوەتا دە ئورشەلیمێدا پیاوێک هەبوو، نێوی شەمعوون و ئەو پیاوە سادق و خوڵاترس بوو و چاوەنۆڕی دڵخۆشیی ئیسرائیل بوو و ڕوحولقدوس لەسەر ئەوی بوو.

26) و لە ڕوحولقدوس بە وی خەبەر درابوو کە مردنێ نابینێ هەتا مەسیحی ڕەب نەبینێ.

27) و بە ڕوح بۆ هەیکەلێ هات و وەختێکی والدەین منداڵەکە یەسووعیان هێنا ژوورێ کە وەکوو عادەتی شەریعەتی بۆ وی بکەن.

28) ئەویش ئەوی دە باوەشی گرت و شوکری خوڵای کرد و کوتی:

29) «ئەوێستا یا ڕەب، عەبدی خۆت مورەخەس دەکەی بە سەلامی موافقی قسەی خۆت.

30) چونکە چاوانی من خەڵاسی تۆیان دیوە.

31) کە دە پێش ڕووی هەموو میللەتاندا حازرت کردووە.

32) نوورێکی بۆ ڕووناککردنی تایفان و جەلالی قەومی خۆت ئیسرائیل.»

33) و باب و دایکی وی عەجایب دەمان لەسەر ئەو چتانەی کە بەحسی وی دەکوتران.

34) و شەمعوون ئەوانی ممبارەک کرد و بە مریەم دایکی وی گوت: «ئەوەتا ئەوە داندراوە بۆ کەوتن و هەڵستانی زۆران دە ئیسرائیلدا و بۆ نیشانەیەکی کە زید دەکوترێ.

35) بەڵا دە گیانی تۆشدا شیرێک دەچەقێتەوە هەتاکوو فکرانی زۆر دڵان ئاشکرا دەبن.»

36) پێغەمبەرێک هەبوو حەننا کچی فنوئیل لە ئێلی ئەشیر، ئەو ڕۆژانی زۆری ڕابواردبوو. حەوت ساڵ لە بیکرێتی خۆی دەگەڵ مێردی بەسەری بردبوو.

37) و ئەوێستا بێوەژنێک بە قەد هەشتا و چوار ساڵ بوو کە لە هەیکەلێ جوێ نەدەبوو، بەڵا شەو و ڕۆژ بە ڕۆژووان و دوعایان خزمەتی دەکرد.

38) و ئەو دەو سەعاتیدا هات، شوکری خوڵای کرد و بەحسی وی بۆ هەموو چاوەنۆڕانی خەڵاسی دە ئورشەلیمیدا قسەی دەکرد.

39) و کە هەموو چتانی موافقی شەریعەتی ڕەب تەواویان کردبوو بۆ جەلیلی بۆ ناسرەی، شاری خۆیان گەڕانەوە.

40) بەڵا منداڵەکە زیادی دەکرد و بە قووەت دەبوو و بە عەقڵ پڕ دەبوو و ڕەزای خوڵای لەسەر ئەوی بوو.

41) و والیدەینی وی هەموو ساڵ بۆ ئورشەلیمی بۆ جێژنی فەسح دەچوون.

42) و کە دوازدە ساڵانە بوو، وەکوو عادەتی جێژنی بۆ ئورشەلیمی وەسەر کەوتن.

43) و کە ئەو ڕۆژانەیان تەواو کردبوو، دە گەڕانەوەی خۆیاندا منداڵەکە یەسووع دە ئورشەلیمێدا ما و والیدەینی وی نەیاندەزانی.

44) بەڵا کە فکریان دەکرد کە ئەو دە کارواندایە ڕێی ڕۆژێکی هاتن و لەنێو خزمان و ئاشنایان بوو و حەولیان دەدا.

45) و کە پەیدایان نەکرد، بۆ ئورشەلیمی گەڕانەوە و حەولیان بۆ وی دەدا.

46) و بوو کە لە پاش سێ ڕۆژان ئەویان دە هەیکەلێدا پەیدا کرد لەنێو مامۆستایان ڕۆنیشتبوو و گوێی لە وان دەگرت و پرسیاری لە وان دەکرد.

47) و هەموو ئەوانەی کە گوێیان لێ دەگرت، لە عەقڵ و جوابانی وی عەجایب دەمان.

48) و کە ئەویان دی تەعەجوب مان و دایکی وی بە وی گوت: «ئەی ڕۆڵە، بۆچی دەگەڵ ئەمە وات کردووە؟

ئەوەتا بابت و ئەمن بە خەمناکی بۆ تۆ حەولمان داوە.»

49) و بە وانی گوت: «بۆچی بۆ من حەولوو دا؟ ئەرێ نەتاندەزانی کە بۆ من لازمە کە دە ماڵی بابی خۆمدا ببم؟»

50) و ئەوان تێ نەگەیشتن ئەو قسەی کە بە وانی گوت.

51) و چوو خوارێ دەگەڵ ئەوان و هاتە ناسرەی و ئیتاعەتی وانی کرد و دایکی وی هەموو ئەو قسانەی دە دڵی خۆیدا ڕادەگرت.

52) و یەسووع دە عەقڵداری و بەژن و ڕەزامەندیدا لەکن خوڵای و خەڵکی تەرەققی دەکرد.

باب ٣[edit]

1) بەڵا دە ساڵی پازدەیەمی حکومەتی تیباریوس قەیسەردا، وەختێکی پۆنتیوس حاکمی یەهوودییە بوو و هیرۆدیس تێترارکی جەلیلی بوو و برای وی فیلپۆس تێترارکی ئیتوریە و وڵاتی تراخونیتس و لیسانیووس تێترارکی ئەبیلینی بوو.

2) دە وەختی کاهینێتی گەورەی حەننا و قیافادا، کەلامی خوڵای هات لەسەر یوحەننا کوڕی زەکەریا دە چۆڵیدا.

3) و هات دە هەموو وڵاتی دەورەی ئوردندا و تەعمیدی تۆبەی بۆ بەخشینی گوناحان وەعز دەکرد.

4) چلۆنێکی نووسراوە دە کتێبی قسانی ئەشعیا پێغەمبەردا؛ دەنگی بانگکەرێکی دە چۆڵیدا دەڵێ: «ڕێی ڕەب حازر بکەن و جادانی وی ڕاست بکەن.»

5) هەموو دۆڵ پڕ دەکرێ و هەموو کێو و تەپۆلکە نوێ دەکرێ و خواران ڕاست دەبن و کەند و کلۆیان بوو ڕێیانی ساف.

6) و هەموو کەس خەڵاسی خوڵای دەبینێ.

7) ئەو دەمی بە جەماعەتانی کە وەدەر دەکەوتن کە لە ئەوی تەعمید بکرێن، کوتی: «ئەی ئەولادی ماران، کێ بە ئەنگۆی نیشان دا کە هەڵبێن لە ئەو غەزەبەی کە دێ.

8) دەنا میوەی لایقی تۆبەی بێنن! و دەست پێ مەکەن کە دە خۆتاندا بڵێن: ئەمە ئیبراهیممان هەیە بۆ باب، چونکە بە ئەنگۆ دەڵێم: کە خوڵا دەتوانێ لە ئەو بەردانە منداڵان بۆ ئیبراهیمی هەڵبستێنێ.

9) و ئەلانیش بێور لە کن ڕەگی داران داندراوە. دەنا هەر دارێکی کە میوەی چاک نایەنێ دەبڕدرێ و دە ئاوری داوێژرێ.»

10) و جەماعەتان لە وییان پرسی دەیانگوت: «دەنا چی بکەین؟»

11) بەڵا جوابی دا و بە وانی گوت: «ئەوەی کە دوو کراسی هەیە با بەشی بکا دەگەڵ ئەوەی کە نیەتی و ئەوەی کە خۆراکی هەیە با واش بکا.»

12) و ڕادارانیش هاتن کە تەعمید بکرێن و بە وییان گوت: «ئەی مامۆستا چی بکەین؟»

13) و بە وانی گوت: «پتر لە ئەوەی کە بۆ ئەنگۆ قەرار کراوە مەستێنن.»

14) و عەسکەرانیش لە وییان پرسی، دەیانگوت: «ئەمەش چی بکەین؟» و بە وانی گوت: «زوڵمێ لە کەس مەکەن و شڵتاغ مەکەن و بە مەواجبی خۆتان ڕازی بن.»

15) و کە قەوم چاوەنۆڕ دەبوون و هەمووان دە دڵی خۆیاندا دەر حەقی یوحەننا فکریان دەکردەوە ئەگەر ئەو مەسیح بێ، یان نە.

16) یوحەننا جوابی دا و بە هەمووانی گوت: «ئەمن ئەنگۆ بە ئاوێ تەعمید دەکەم بەڵا ئەوەی کە لە من بە قووەتترە دێ کە ئەمن لایق نیم کە بەندی کەوشی وی بکەمەوە. و ئەنگۆ بە ڕوحولقدوس و ئاور تەعمید دەکا.

17) کە بێژنگی دە دەستی خۆیدایە هەتاکوو جۆخینی خۆی پاک بکا و گەنمی دە ئەمباری خۆیدا خڕ بکا، بەڵا کاکە دەسووتێنێ بە ئاورێکی کە ناکوژێتەوە.»

18) و بە زۆر چتانی دیکەش نەسیحەتی دەدا و بۆ قەومی وەعز دەکرد.

19) بەڵا هێرۆدێس تێترارک کە لە وی زەم کرابوو لەبەر هیرۆدیا ژنی برای خۆی و لەبەر هەموو خراپەی کە هێرۆدێس کردبووی.

20) ئەویشی لەسەر هەموو زیاد کرد کە یوحەننای دە بەندیخانەیدا حەبس کرد.

21) و بوو کە وەختێکی هەموو قەوم تەعمید کران، یەسووعیش تەعمید کرا. و کە دوعای دەکرد ئاسمان ئاواڵە بۆوە.

22) و ڕوحولقدوس بە شکلێکی جسمانی وەکوو کۆترێک هاتە خوارێ سەر ئەوی و دەنگێک لە ئاسمانی هات: «ئەتۆ کوڕی خۆشەویستی منی، لە تۆ خۆشحاڵم.»

23) و یەسووع بۆخۆی بەقەد سی ساڵ بوو وەختێکی دەستی پێ کرد و وەکوو فکر دەکرا کوڕی یوسف بوو؛ ئەو ئی هێلی.

24) ئەو ئی مەتتاتی، ئەو ئی لاوی، ئەو ئی مەلکی، ئەو ئی یەننای، ئەو ئی یوسفی.

25) ئەو ئی مەتتاتیای، ئەو ئی ئاموسی، ئەو ئی ناحومی، ئەو ئی حێسلی، ئەو ئی نەگگای.

26) ئەو ئی ماتی، ئەو ئی مەتتاتیای، ئەو ئی شێمعی، ئەو ئی یۆسکی، ئەو ئی یودای.

27) ئەو ئی یوحەننای، ئەو ئی ڕێسای، ئەو ئی زێرۆبابێلی، ئەو ئی شێئەتیئیلی، ئەو ئی نێری.

28) ئەو ئی مەلکی، ئەو ئی ئەدی، ئەو ئی قۆسامی، ئەو ئی ئێلمادامی، ئەو ئی عیری.

29) ئەو ئی یێسوسی، ئەو ئی ئیلعازەری، ئەو ئی یۆریمی، ئەو ئی مەتتاتی، ئەو ئی لاوی.

30) ئەو ئی شەمعوونی، ئەو ئی یەهوودای، ئەو ئی یوسفی، ئەو ئی یۆنامی، ئەو ئی ئیلیاقیمی.

31) ئەو ئی مێلیای، ئەو ئی مێننای، ئەو ئی مەتتاتای، ئەو ئی ناتانی، ئەو ئی داوودی.

32) ئەو ئی یێسسای، ئەو ئی یۆبێدی، ئەو ئی بوعەزی، ئەو ئی شالحی، ئەو ئی نەحشۆنی.

33) ئەو ئی عەمینادابی، ئەو ئی ئەدمینی، ئەو ئی ئارنی، ئەو ئی حێسرومی، ئەو ئی فارێسی، ئەو ئی یەهوودای.

34) ئەو ئی یەعقووبی، ئەو ئی ئیسحاقی، ئەو ئی ئیبراهیمی، ئەو ئی تێراحی، ئەو ئی ناحۆری.

35) ئەو ئی سێروگی، ئەو ئی ڕێعوی، ئەو ئی فێلێگی، ئەو ئی عێبری، ئەو ئی شالحی.

36) ئەو ئی قینانی، ئەو ئی ئەرفاکشادی، ئەو ئی سامی، ئەو ئی نوحی، ئەو ئی لامێکی.

37) ئەو ئی مێتوشالحی، ئەو ئی خنۆخی، ئەو ئی یارێدی، ئەو ئی مەهەللئیلی، ئەو ئی قینامی.

38) ئەو ئی ئەنوشی، ئەو ئی شیتی، ئەو ئی ئادەمی، ئەو ئی خوڵای.

باب ٤[edit]

1) بەڵا یەسووع پڕ لە ڕوحولقدوس لە ئوردنی گەڕاوە و بە ڕوح دە چۆڵیدا بردرا.

2) و چل ڕۆژان لە شەیتان تەجرەبە دەکرا و دەو ڕۆژاندا چتێکی نەخوارد. و کە ئەوان خەڵاس بوون، برسی بوو.

3) و شەیتان بە وی گوت: «ئەگەر ئەتۆ کوڕی خوڵای، بڵێ بە ئەو بەردەی کە ببێ بە نان.»

4) و یەسووع بە وی جوابی دا: «نووسراوە کە ئینسان نە تەنیا بە نان دەژی بەڵا بە هەر قسەیەکی خوڵای.»

5) و کە ئەوی بردە سەر کێوێکی بڵند هەموو پادشایەتانی دنیای بە لەحزەیەکی بە وی نیشان دا.

6) و شەیتان بە وی گوت: «هەموو ئەو حیکماتەی و جەلالەی ئەوانە بە تۆ دەدەم، چونکە بە من تەسلیم بووە و بە هەر کەسێکی کە دەمەوێ دەیدەم.

7) دەنا ئەگەر ئەتۆ لە پێش ئەمن سجدەی بکەی، هەموو ئی تو دەبێ.»

8) و یەسووع جوابی دا و بە وی گوت: «نووسراوە دەبێ ڕەب خوڵای خۆت سجدەی بکەی و تەنیا بە وی عیبادەت بکەی.»

9) و ئەوی بۆ ئورشەلیمی برد و لەسەر قوببەی هەیکەلی دانا و بە وی گوت: «ئەگەر ئەتۆ کوڕی خوڵای، خۆت لە ئێرە باوێژە خوارێ.

10) چونکە نووسراوە کە بە مەلایکەتانی خۆی دەرحەقی تۆ ئەمر دەکا کە ڕاتبگرن.

11) و ئەتۆ لەسەر دەستان هەڵدەگرن نەبا پێی تۆ وە بەردێکی بکەوێ.»

12) و یەسووع جوابی دا و بە وی گوت: «کوتراوە ڕەب خوڵای خۆت تەجرەبە مەکە.»

13) و کە شەیتان هەموو تەجرەبەی خەڵاس کردبوو، هەتا وەختێکی لە کن ئەوی لاچوو.

14) و یەسووع بە قووەتی ڕوح بۆ جەلیلی گەڕاوە. و خەبەری بەحسی وی دە هەموو وڵاتی دەورەندەور وەدەر کەوت.

15) و ئەو دە کەنێشتانی واندا تەعلیمی دەدا و لە هەمووان تەعریف دەکرا.

16) و هاتە ناسرەی لە کوێ کە گەورە ببوو و وەکوو عادەتی خۆی دە ڕۆژی شەمۆیدا وەژوور کەنێشتی کەوت و هەڵستا کە بخوێنێ.

17) و کتێبی ئەشعییا پێغەمبەر بە وی درا و کە ئەو کتێبەی ئاواڵە کرد ئەو جێیەی پەیدا کرد کە لەوی نووسرابوو.

18) «ڕوحی ڕەب لەسەر ئەمنە، چونکە ئەمنی مەسیح کردووە کە مزگێنی بە فەقیران بدەم. ئەمنی ناردووە کە بە دڵشکاوان شەفا بدەم، کە ئازادی بۆ یەخسیران و دیتنێ بۆ کوێران وەعز بکەم. کە زوڵم لێکراوان دە ئازادی بنێرم.

19) و کە ساڵی مەقبولی ڕەب وەعز بکەم.»

20) و کتێبەکەی پێچاوە، دای بە خزمەتکاری و ڕۆنیشت و چاوی هەمووان دە کەنێشتیدا لەسەر ئەوی دروا بوون.

21) و دەستی پێ کرد کە بە وان بڵێ، ئەوڕۆ ئەو نووسینەی دە گوێیانوو تەواو بووە.

22) و هەمووان شایەدی بۆ وییان دەدا و لە قسانی ڕەحم کە لە زاری وی وەدەر دەکەوتن عەجایب دەمان. و کوتیان: «ئەرێ ئەوە کوڕی یوسف نییە؟»

23) و بە وانی گوت: «هەڵبەتە ئەنگۆ ئەو مەسەلەی بە من دەڵێن: ئەی حەکیم، خۆت ساغ بکەوە. هەر چی کە بیستوومانە کە دە کەفەرناحومیدا بووە لێرەش دە وەتەنی خۆت بکە.»

24) و کوتی: «ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم کە هیچ پێغەمبەر دە وەتەنی خۆیدا مەقبوول نییە.

25) بەڵا بە ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم: زۆر بێوەژنان دە ئیسرائیلیدا هەبوون دە ڕۆژانی ئەلیاسدا وەختێکی ئاسمان سێ ساڵ و شەش مانگ بەسترا وەها کە قاتییەکی گەورە لەسەر هەموو ئەرزێ پەیدا بوو.

26) و ئەلیاس بۆ کن هیچیان نەناردرا بێجگە بۆ کن بێوەژنێکی دە سەرێفتی سیدونیدا.

27) و زۆر گولان دە ئیسرائیلدا هەبوون دە وەختی ئەلیشع پێغەمبەردا و هیچ یەک لەوان پاک نەکرا بێجگە لە نوعمان سۆریانی.

28) و هەمووان دە کەنێشتیدا وەختێکی ئەوانەیان بیست پڕ لە ڕق بوون.

29) و هەڵستان ئەویان لە شاری وەدەر خست و هەتا قەراغی ئەو کێوەی کە شاری وان لەسەری دروست کرابوو، ئەویان برد، هەتاکوو بیاوێژنە خوارێ.

30) بەڵا ئەو لەنێو وان ڕابرد و ڕۆیی.

31) و هاتە خوارێ بۆ کەفەرناحومی، شارێکی جەلیلی و دە شەمۆیاندا ئەوانی تەعلیم دەدا.

32) و لە تەعلیمی وی مات بوون چونکە قسەی وی بە حیکمات بوو.

33) و دە کەنێشتیدا پیاوێک هەبوو کە ڕوحی جننی پیسی بوو، و بە دەنگێکی بڵند قیژاندی.

34) «ئاخ چمان دەگەڵ تۆ هەیە ئەی یەسووع ناسری، ئەرێ هاتووی کە ئەمە هیلاک بکەی؟ ئەتۆ دەناسم کە کێی، ئەی موقەددەسی خوڵای.»

35) و یەسووع هەڕەشەی لێ کرد، دەیگوت: «بێدەنگ بە و لە وی وەدەر بکەوە!» و جن ئەوی دە نێویدا خست و لە وی وەدەر کەوت و بێ زەرەر لێی دانی.

36) و تەعەجوبی کەوتە سەر هەمووان و دەگەڵ یەکتری قسەیان دەکرد، دەیانگوت: «ئەوە چی قسەیەکە؟ چونکە بە حیکمات و قووەت لەسەر ڕوحانی پیس ئەمر دەکا و دێنە دەرێ.»

37) و خەبەر بەحسی وی دە هەموو جێی وڵاتی دەورەندەور کەوت.

38) و لە کەنێشتی هەڵستا و وەژوور ماڵی شەمعوونی کەوت. بەڵا خۆی شەمعوون بە نۆبەتێیەکی گران کەوتبوو و تکایان لە وی بۆ وی کرد.

39) و لەسەر ئەوی ڕاوەستا و هەڕەشەی لە نۆبەتێ کرد و بەری دا و جێبەجێ هەڵستا و خزمەتی وانی کرد.

40) و کە ڕۆژ ئاوا دەبوو هەموو ئەوانەی کە نەخۆشانیان هەبوو بە دەردانی جوێ جوێ ئەوانیان هێنا کن ئەوی و دەستانی لەسەر هەر یەک لە وان دانا و ئەوانی ساغ کردەوه.

41) و جننانیش لە زۆران دەهاتنە دەرێ، دەیانقیژاند و دەیانگوت: «ئەتۆ کوڕی خوڵای» و کە هەڕەشەی دەکرد نەیدەیێشت کە ئەوان قسان بکەن چونکە دەیان زانی کە ئەو مەسیحە.

42) و کە ڕۆژ بوو وەدەر کەوت و چوو جێیەکی چۆل و خەڵکی حەولیان بۆ وی دەدا و هاتن هەتا کن ئەوی و ئەویان ڕادەگرت کە لەکن ئەوان نەڕوا.

43) بەڵا ئەو بە وانی گوت: «بۆ من لازمە کە بە شارانی دیکەش پادشایەتی خوڵای مزگێنی بدەم، چونکە بۆ ئەوەی ناردراوم.»

44) و دە کەنێشتانی جەلیلێدا وەعزی دەکرد.

باب ٥[edit]

1) و بوو کە وەختێکی خەڵکی لەسەر ئەوێ خڕ بوونەوە کە گوێ لە کەلامی خوڵای بگرن و ئەو لە کن بەحری جنیسارت ڕاوەستابوو.

2) دوو گەمێیانی دی لە کن بەحری ڕاوەستاو، بەڵا ماسیگران لە وان وەدەر کەوتبوون و تۆڕانیان دەشووشت.

3) و دە یەکێک لەو گەمێیانە کە ئی شەمعوونی بوو وەژوور کەوت و لە وی تەڵەب کرد کە کەمێک لە وشکی دوور بکێشێ و ڕۆنیشت و لە گەمێ جەماعەتانی تەعلیم دەدا.

4) و کە لە قسەکردنی خەڵاس بوو بە شەمعوونی گوت: «لێ خوڕێ بۆ قووڵی و تۆڕانی خۆتان باوێژن بۆ ڕاوێ.»

5) و شەمعوون جوابی دا و کوتی: «ئەی ئاغا دە هەموو شەوێدا زەحمەتمان کێشاوە و هیچمان نەگرتووە، بەڵا بە قسەی تۆ، تۆڕان داوێژم.»

6) و کە ئەوەیان کرد، دەورەی جەمعێکی زۆری ماسیانیان گرت و تۆڕانی وان دەدڕان.

7) و بۆ هاواڵان دە گەمێی دیکەدا ئیشاڕەتیان کرد کە بێن و دەگەڵ ئەوان بکێشن و هاتن و هەر دووک گەمێیان پڕ کرد، وەها کە ئەوان قم دەبوون.

8) و کە شەمعوون پیترۆس دیتی کەوتە بەر چۆکانی یەسووع، دەیگوت: «یا ڕەب لە کن ئەمن وەدەر بکەوە چونکە پیاوێکی گوناحکارم.»

9) چونکە شێواوی ئەوی گرتبوو و هەموو ئەوانەی کە دەگەڵ ئەوی بوون، لە سەر ئەو ڕاوەی ماسییان کە گرتبوویان.

10) و هەر واش یەعقووب و یوحەننا، کوڕانی زەبدی کە شەریکی شەمعوونی بوون. و یەسووع بە شەمعوونی گوت: «مەترسە، لەوەی پاش ئینسانان دەگری.»

11) و کە گەمێیانیان لەسەر وشکی هێنابوو هەموو چتیان بەجێ هێشت و وەدوای وی کەوتن.

12) و بوو کە وەختێکی ئەو دە یەکێک لە شاراندا بوو، ئەوەتا پیاوێک پڕ لە گولێتی بوو و کە یەسووعی دی بەسەر ڕوودا کەوت و لێی پاڕاوە، دەیگوت: «یا ڕەب ئەگەر بتەوێ دەتوانی ئەمن پاک بکەیەوە.»

13) و دەستی درێژ کرد و دەستی لێ دا، دەیگوت: «دەمەوێ، پاک بەوە.» و جێبەجێ گولێتی لەسەر ئەوی لاچوو.

14) و ئەو حوکمی لێ کرد کە بە هیچکەس نەڵێ، بەڵا بڕۆ خۆت بە کاهین نیشان بدە و ئەو قوربانییەی بەرە بۆ پاکبوونەوەی خۆت چلۆنێکی مووسا ئەمری کردووە بۆ شایەدی لەسەر ئەوان.

15) بەڵا خەبەری بەحسی وی هەر پتر بڵاو بۆوە و جەماعەتانی زۆر خڕ بوونەوە کە گوێی لێ بگرن و کە لە نەخۆشیانەی خۆیان ساغ ببنەوە.

16) بەڵا ئەو خۆی وەلای دەکێشا دە چۆڵاندا و دوعای دەکرد.

17) و بوو دە یەکێک لەو ڕۆژانەدا کە ئەو تەعلیمی دەدا و فریسیان و موعەلیمانی شەریعەت کە لە هەر دێیەکی جەلیلێ و یەهوودییە و ئورشەلیمێ هاتبوون ڕۆنیشتبوون و قووەتی ڕەب دە ویدا بوو بۆ ساغکردنەوەی.

18) و ئەوەتا چەند کەس، پیاوێکی کە ئیفلیج بوو لەسەر دۆشەگێکیان دەهێنا و دەیانویست کە ئەوی وەژوور بێنن و دە پێش ئەوی دایبنێن.

19) و کە لەبەر خەڵکی ڕێیان پەیدا نەکرد کە ئەوی وەژوور بێنن؛ وەسەر بانی کەوتن و بە نێو خشتاندا ئەویان دەگەڵ دۆشەگی بۆ نێوی لە پێش یەسووع دایشتە خوارێ.

20) و کە باوەڕی وانی دی کوتی: «ئەی پیاو، گوناحانی تۆ، بە تۆ، بەخشراون.»

21) و خوێندەواران و فریسیان دەستیان پێ کرد کە فکر بکەن، دەیانگوت: «ئەوە کێیە کە کفر دەڵێ؟ کێ دەتوانێ گوناحان ببەخشێ بێجگە لە خوڵای تەنیا؟»

22) بەڵا کە یەسووع خەیاڵانی وانی زانی جوابی دا و بە وانی گوت: «دە دڵی خۆتاندا چی فکر دەکەن؟

23) کێهە هاسانترە؟ کە بڵێی: گوناحانی تۆ بەخشراون یان کە بڵێی: هەڵستە و بگەڕێ؟

24) بەڵا هەتاکوو ئەنگۆ بزانن کە کوڕی ئینسانی حیکماتی هەیە لەسەر ئەرزێ کە گوناحان ببەخشێ، بەو ئیفلیجەی گوت، بۆ تۆ دەڵێم، هەڵستە و دۆشەگی خۆت هەڵگرە و بڕۆ ماڵی خۆت.»

25) و جێبەجێ هەڵستا لە پێش ئەوان و ئەو چتەی کە لەسەری کەوتبوو هەڵگرت و چوو ماڵی خۆی و شوکری خوڵای دەکرد.

26) و تەعەجوب هەمووانی داگرت و شوکری خوڵایان کرد و لە ترس پڕ بوون، دەیانگوت: «ئەوڕۆ چتانی عەجایبمان دیوە.»

27) و لە پاش ئەو چتانە وەدەر کەوت و ڕادارێکی دی کە نێوی لاوی بوو، لە کن گومروگی ڕۆنیشتبوو و بە وی گوت: «وەدوای من بکەوە.»

28) و هەموو چتی بەجێ هێشت، هەڵستا و وەدوای وی کەوت.

29) و لاوی میمانییەکی گەورەی دە ماڵی خۆیدا بۆ وی کرد و جەمعێکی زۆری ڕاداران و ئی دیکانە دەگەڵ ئەوان لەسەر سفرەی ڕۆنیشتبوون.

30) و فریسیان و خوێندەوارانی وان لەسەر شاگردانی وی بۆڵەبۆڵیان دەکرد، دەیانگوت: «لەبەر چی دەگەڵ ڕاداران و گوناحکاران دەخۆن و دەخۆنەوە؟»

31) یەسووع جوابی دا و بە وانی گوت: «ساغان ئیحتیاجی حەکیمیان نییە بەڵا نەخۆشان.

32) نەهاتووم کە سادقان بۆ تۆبەی بانگ بکەم، بەڵا گوناحکاران.»

33) و ئەوان بە وییان گوت: «شاگردانی یوحەننا زۆر جاران ڕۆژوو دەگرن و دوعا دەکەن، هەر واش ئی فریسیان، بەڵا ئی تو دەخۆن و دەخۆنەوە.»

34) و یەسووع بە وانی گوت: «ئەرێ ئەنگۆ دەتوانن بکەن کە خەڵکی داوەتێ ڕۆژوو بگرن، وەختێکی زاوا دەگەڵ ئەوانە؟

35) بەڵا ڕۆژان دێن کە زاوا لە وان دەستێندرێ و ئەو وەختی دەو ڕۆژاندا بە ڕۆژوو دەبن.»

36) و مەسەلێکی بە وان گوت کە هیچکەس پەڕۆیەکی لە جلی تازە نادڕێ و لە جلێکی کۆنی بدا، ئەگەر نە، ئەو تازەش دەدڕێ و پینەی لەو تازەی دە کۆنەیدا جێ ناگرێ.

37) و هیچکەس شەڕاپی تازە دە مەشکانی کۆن تێ ناکا، ئەگەر نە، شەڕاپی تازە مەشکان دەقەڵەشێنێ و بۆ خۆی دەڕژێ و مەشکان زایە دەبن.

38) بەڵا شەڕاپی تازە دە مەشکانی تازە تێ دەکرێ و هەردووکیان ڕادەگیرێن.

39) و هیچکەس کە شەڕاپی کۆنی خواردبێتەوە، ئی تازەی ناوێ، چونکە دەڵێ، ئەو کۆنە چاترە.

باب ٦[edit]

1) و بوو کە دە شەمۆیدا بە نێو زەوییاندا ڕادەبرد و شاگردانی وی گوڵیان دەچنی و بە دەستان دەیانپەروەراند و دەیانخوارد.

2) بەڵا هێندێک لە فریسیان کوتیان: «بۆ چی دەکەن ئەوەی کە دە شەمۆیدا دروست نییە؟»

3) و یەسووع جوابی دا و بە وانی گوت: «ئەرێ ئەوەشوو نەخوێندووە کە داوود چی کرد وەختێکی برسی بوو ئەو و ئەوانەی کە دەگەڵ ئەوی بوون.

4) چلۆن وەژوور ماڵی خوڵای کەوت و نانی ڕابواردنی هەڵگرت و خواردی و داشی بە ئەوانەی کە دەگەل ئەوی بوون، ئەوەی کە حەڵاڵ نییە کە بیخوا مەگەر تەنیا بۆ کاهینان؟»

5) و بە وانی گوت: «کوڕی ئینسانی ڕەببی شەمۆییە.»

6) و بوو دە شەمۆیەکی دیکەدا کە ئەو وەژوور کەنێشتی کەوت و تەعلیمی دەدا و پیاوێک لەوێ هەبوو کە دەستی ڕاستی وی وشک بوو.

7) و خوێندەواران و فریسیان لە وی سیاد بوون کە ئەگەر دە شەمۆیدا ساغی بکاتەوە هەتاکوو گلێیەکی لێ پەیدا بکەن.

8) بەڵا ئەو خەیاڵانی وانی زانی و بەو پیاوەی کە دەستە وشکەکەی بوو کوتی: «هەڵستە و ڕاوەستە نێوی!» و هەڵستا و ڕاوەستا.

9) و یەسووع بە وانی گوت: «لە ئەنگۆ دەپرسم ئەگەر دروستە دە شەمۆیدا چاکەکردن یان خراپەکردن، خەڵاسکردنی گیانێکی یان هەلاککردنی؟»

10) و کە تەماشای دەورەندەور لەسەر هەمووانی کرد، بە وی گوت: «دەستی خۆت درێژ بکە!» و کردی و دەستی وی ساغ بۆوە.

11) بەڵا ئەوان پڕ لە هاری بوون و بە یەکتری قسەیان دەکرد کە دەگەڵ یەسووع چی بکەن؟

12) و بوو کە دەو ڕۆژاندا بۆ کێوی وەدەر کەوت کە نوێژ بکا و شەوی بە دوعاکردنی خوڵای ڕابوارد.

13) و کە ڕۆژ بۆوە؛ شاگردانی خۆی بانگ کرد و دوازدەی لە وان هەڵبژارد کە ئەوانیشی ڕەسوڵان نێو نا.

14) شەمعوونی کە پیترۆسیش نێو ناو ئەندرییاس برای وی یەعقوب و یوحەننا و فیلپۆس و بێرتولمای.

15) و مەتتا و تۆما و یەعقوب کوڕی حەلفی و شەمعوون کە غیرەتدار بانگ دەکرێ.

16) و یەهوودای یەعقوبی و یەهودای ئێسخەریوتی کە تەسلیمکەر بوو.

17) و کە دەگەڵ ئەوان هاتبووە خوارێ لەسەر جێیەکی دەشت ڕاوەستا و دەگەڵ جەماعەتێکی زۆر لە شاگردانی وی و جەمعێکی زۆر لە قەومی لە هەموو یەهوودییە و ئورشەلیمێ و قەراغی بەحری سۆور و سیدوون.

18) کە هاتبوون هەتاکوو گوێی لێ بگرن و کە لە نەخۆشیانی خۆیان ساغ ببنەوە. و ئەوانەی کە لە ڕوحانی پیس ئەزیەتیان دەکێشا ساغ بوونەوە.

19) و هەموو خەڵکی دەیانویست کە دەستی لێ بدەن چونکە قووەتێک لە وی وەدەر دەکەوت و هەمووانی ساغ دەکردەوە.

20) و ئەو چاوانی خۆی لەسەر شاگردانی هەڵێنا و کوتی: «خۆزگە بە ئەنگۆ ئەی فەقیران، چونکە پادشایەتی خوڵای ئی ئەنگۆیە.

21) خۆزگە بە ئەنگۆ کە ئەوێستا برسین، چونکە تێر دەبن. خۆزگە بە ئەنگۆ کە ئەوێستا دەگرین، چونکە پێ دەکەنن.

22) خۆزگە بە ئەنگۆ وەختێکی خەڵکی ئەنگۆ دەبوغزێنن و وەختێکی ئەنگۆ لە خۆیان جوێ دەکەنەوە و جنێوو پێ دەدەن و نێوی ئەنگۆ وەکوو چتێکی خراپ وەدەر دەخەن بۆ خاتری کوڕی ئینسانی.

23) دەو ڕۆژانەدا شاد بن و کەیفخۆشی بکەن، چونکە ئەوەتا حەقی ئەنگۆ دە ئاسماندا زۆرە. چونکە هەر بەو تەرزە باپیرانی وان بە پێغەمبەرانیان دەکرد.

24) بەڵا وای بۆ ئەنگۆ ئەی دەوڵەمەندان چونکە دڵخۆشیی خۆتانوو وەرگرتووە.

25) وای بۆ ئەنگۆ کە ئەوێستا تێرن، چونکە برسی دەبن. وای بۆ ئەنگۆ کە ئەوێستا پێ دەکەنن، چونکە شینێ دەکەن و دەگرین.

26) وای بۆ ئەنگۆ وەختێکی هەموو کەس بە چاکی بەحسی ئەنگۆ دەکەن، چونکە باپیرانی وان هەر بەو تەرزە دەگەڵ پێغەمبەرانیان درۆزنیان دەکرد.

27) بەڵا بە ئەنگۆ کە گوێ دەگرن دەڵێم: دوژمنانی خۆتان بحوبێنن، بۆ ئەوانەی کە ئەنگۆ دەبوغزێنن چاکەی بکەن.

28) بۆ ئەوانەی کە ئەنگۆ لەعنەت دەکەن بەرەکەت تەڵەب بکەن و بۆ ئەوانەی کە خراپ بەحسی ئەنگۆ دەکەن دوعای خێر بکەن.

29) ئەوەی کە لە ڕوومەتێکی تۆ دەدا، ئەوەی دیکەشی بۆ وەرگێڕە. و ئەوەی کە عەبات دەستێنێ، کراسەکەش لێی مەنع مەکە.

30) هەر کەس کە لە تۆ تەڵەب دەکا، بدە و ئەوەی کە ماڵی تۆ دەستێنێ لێی تەڵەب مەکەوە.

31) و چلۆنێکی کە دەتانەوێ کە خەڵکی دەگەڵ ئەنگۆ بکەن هەر واش دەگەڵ ئەوان بکەن.

32) و ئەگەر ئەنگۆ ئەوان بحوببێنن کە ئەنگۆ دەحوببێنن مننەتوو چییە؟ چونکە گوناحکارانیش دەحوببێنن ئەوانەی کە ئەوان دەحوببێنن.

33) چونکە ئەگەر چاکەش بکەن بۆ ئەوانەی کە بۆ ئەنگۆ چاکەی دەکەن مننەتوو چییە؟ گوناحکارانیش هەر وا دەکەن.

34) و ئەگەر قەرز بدەن بە ئەوانەی کە هومێدوو هەبێ لە وان بستێننەوە، مننەتوو چییە؟ گوناحکارانیش بە گوناحکاران قەرز دەدەن هەتاکوو ئەوەندەی بستێننەوە.

35) بەڵا دوژمنانی خۆتان بحوببێنن و چاکەی بکەن و قەرز بدەن، بێ هومێدی ئەستاندنەوەی و حەقی ئەنگۆ زۆر دەبێ و کوڕانی تەعالا دەبن، چونکە ئەو لەسەر بێ مننەتان و خراپان چاکە.

36) بە ڕەحم بن چلۆنێکی بابی ئەنگۆ بە ڕەحمە.

37) و حوکمێ مەکەن و قەت لەسەر ئەنگۆ حوکم ناکرێ و خەتادار مەکەن و قەت خەتادار ناکرێن. ببەخشن و دەبەخشرێن.

38) بدەن و بە ئەنگۆ دەدرێتەوە. پێوانەیەکی چاک شێلدراو، ڕاوەشاندراو و ڕێژاڕێژ دە کۆشی ئەنگۆدا دەکەن، چونکە بە هەر پێوانەیەکی کە دەپێون بۆ ئەنگۆ دەپێورێتەوە.»

39) و مەسەلێکیشی بە وان گوت: «مەگەر کوێرێک دەتوانێ کوێرێکی بەڵەدی بکا؟ ئەرێ هەردووک دە چاڵەیدا ناکەون؟

40) شاگرد لە مامۆستا زیاتر نییە، بەڵا هەر کەس کە کامڵە وەکوو مامۆستای خۆی دەبێ.

41) و بۆچی پوشکەی دە چاوی براتدا دەبینی، بەڵا لە کاریتەی دە چاوی خۆتدا ئاگات لێ نییە؟

42) چلۆن دەتوانی بە برات بڵێی: «ئەی برا لێم گەڕێ کە پوشکەی کە دە چاوی تۆ دایە دەریێنم»، کە بۆخۆت کاریتەی دە چاوی خۆتدا نابینی؟ ئەی ڕیاکار؛ هەوەڵێ ئەو کاریتەی لە چاوی خۆت دەرێنە و ئەو وەختی چاک دەبینی کە پوشکەی کە دە چاوی براتدایە دەریێنی.

43) چونکە دارێکی چاک نییە کە میوەی خراپ بێنێ و ئیدی نەش دارێکی خراپ کە میوەی چاک بێنێ.

44) چونکە هەر دارێک لە میوەی خۆی دەناسرێ، چونکە لە دڕوان هەنجیران خڕ ناکەنەوە و لە گوێنی ترێ لێ ناکەنەوە.

45) ئینسانی چاک لە خەزێنەی چاکەی دڵی خۆی چتی چاک دەردێنێ و ئی خراپ لە خەزێنەی خراپەی چتی خراپ دەردێنێ، چونکە لە زیددی دڵ، زاری وی قسان دەکا.

46) بەڵا بۆچی ئەنگۆ ئەمن ڕەب بانگ دەکەن و ئەو چتەی کە دەڵێم نایکەن؟

47) هەر کەس کە بێتە کن ئەمن و لە قسانی من گوێ بگرێ و ئەوانی بەجێ بێنێ بە ئەنگۆی نیشان دەدەم کە بە کێ دەشوبهێ.

48) دەشوبهێ بە پیاوێکی کە خانووێکی دروست دەکا کە هەڵی دەکەند و قووڵی کرد و بناغەی لەسەر شاخی دانا و کە سێڵاو هات چۆمی لەو خانووەی خست و نەیتوانی ئەوی ببزوێنێ لەبەر ئەوەی کە ئەو چاک دروست کرابوو.

49) بەڵا ئەوەی کە دەبیێ و نایکا دەشوبهێ بە پیاوێکی کە خانووێکی لەسەر ئەرزێ بێ بناغە دروست کرد و چۆمی لێ خست و جێبەجێ کەوت و ڕووخاندنی ئەو خانووەی گەورە بوو.»

باب ٧[edit]

1) وەختێکی هەموو قسەکانی خۆی دە گوێی قەومیدا خەڵاس کردبوو وەژوور کەفەرناحومێ کەوت.

2) و عەبدێکی یوزباشی کە لە کن ئەوی خۆشەویست بوو، نەخۆش و نیزیکی مردنێ بوو.

3) و کە بەحسی یەسووعی بیست چەند پیرانی یەهوودییانی ناردە کن ئەوی و تکای لێ دەکرد کە بێ و عەبدی وی خەڵاس بکا.

4) و کە ئەوان هاتنە کن یەسووع، زۆر پاڕانەوە، دەیانگوت: «لایقە کە ئەو چتەی بۆ وی بکەی.

5) چونکە میللەتی مەی خۆش دەوێ و ئەو بۆ مە کەنێشتی دروست کردووە.»

6) و یەسووع دەگەڵ ئەوان چوو. بەڵا وەختێکی ئەو ئیدی دوور لە ماڵێ نەبوو، یوزباشی چەند دۆستانی نارد، بە وی دەگوت: «یا ڕەب زەحمەت مەکێشە چونکە ئەمن لایق نیم کە لەبن میچی من وەژوور بکەوی.

7) لەبەر ئەوەش خۆمم لایق حیساب نەکرد کە بێمە کن ئەتۆ. بەڵا قسەیەکی بڵێ و خزمەتکاری من ساغ دەبێتەوە.

8) چونکە ئەمنیش پیاوێکم لە بن حیکمات داندراو و عەسکەران بە دەستی خۆمم هەیە و بە یەکێک دەڵێم، بڕۆ و دەڕوا و بە یەکی دیکە، وەرە و دێ و بە عەبدی خۆم ئەوەی بکە و دەیکا.»

9) بەڵا وەختێکی یەسووع ئەوەی بیست لە وی عەجایب ما و وەرگەڕا بۆ خەڵکی کە وەدوای وی دەکەوتن و کوتی: بە ئەنگۆ دەڵێم: «دە ئیسرائیلیشدا وەها باوەڕێکی گەورەم پەیدا نەکردووە.»

10) و کە ناردراوان بۆ ماڵێ گەڕانەوە، ئەو عەبدەیان ساغ پەیدا کرد.

11) و بوو کە دە ڕۆژی دیدا، بۆ شارێکی کە نائین بانگ دەکرا، دەچوو و شاگردانی وی و خەڵکێکی زۆر دەگەڵ ئەوی دەچوون.

12) و کە نیزیکی دەروازەی شاری بوو، ئەوەتا مردووێک دەبردرا بۆ دەرێ، کوڕی تاقانەی دایکی خۆی، و ئەو بێوەژن بوو و زۆر خەڵکی شاری دەگەڵ ئەوی بوون.

13) و کە ڕەب ئەوی دی، دڵی بۆ وی سووتا و بە وی گوت: «مەگریێ.»

14) و هاتە پێشێ، دەستی لە تابوتی دا و هەڵگران ڕاوەستان، و کوتی: «ئەی جەوان، بە تۆ دەڵێم هەڵستە!»

15) و مردووەکە ڕاست ڕۆنیشت و دەستی پێ کرد کە قسان بکا و ئەوی بە دایکی خۆی دا.

16) و ترس هەمووانی داگرت و شوکری خوڵایان کرد، دەیانگوت: «پێغەمبەرێکی گەورە لەنێو مە هەڵستاوە و خوڵا تەماشای قەومی خۆی کردووە.»

17) و ئەو خەبەرەی بەحسی وی دە هەموو یەهوودییە و دە هەموو وڵاتی دەورەندەوردا وەدەر کەوت.

18) و شاگردانی یوحەننا لە هەموو ئەو چتانەی بە وی خەبەریان دا.

19) و یوحەننا دوو کەس لە شاگردانی خۆی بانگ کرد و ناردیە کن ڕەب دەیگوت: «ئەرێ ئەتۆی ئەوەی کە دێ یان چاوەنۆڕی یەکی دیکە ببین؟»

20) و کە ئەو پیاوانە هاتنە کن ئەوی کوتیان: یوحەننا تەعمیددەر ئەمەی ناردووە کن ئەتۆ، دەڵێ: «ئەرێ ئەتۆی ئەوەی کە دێ یان چاوەنۆڕی یەکی دیکە ببین؟»

21) دەو سەعاتەیدا زۆرانی لە نەخۆشییان و دەردان و ڕوحانی پیس ساغ دەکردەوە و بە زۆر کوێران دیتنی بەخشی.

22) و جوابی دا و بە وانی گوت: «بڕۆن و بە یوحەننا خەبەر بدەن لە ئەو چتانەی کە دیوتانە و بیستووتانە: کوێران دەبینن، شەلان دەگەڕێن، گولان پاک دەکرێنەوە، کەڕان دەبیێن، مردووان هەڵدەستێندرێنەوە و بە فەقیران مزگێنی دەدرێ.

23) و خۆزگە بە هەر کەسێکی کە لە من هەڵنانگوترێ.»

24) و کە ناردراوانی یوحەننا ڕۆیین، دەستی پێ کرد کە بەحسی یوحەننا بۆ خەڵکی بڵێ، بۆ تەماشاکردنی چی بۆ نێو چۆڵی وەدەر کەوتن؟ ئەرێ قامیشێکی کە بە بای دەبزوێ؟

25) بەڵا بۆ دیتنی چی وەدەر کەوتن؟ ئەرێ پیاوێکی بە جلی ناسک دەبەرکراو؟ ئەوەتا ئەوانەی کە بە جلی بە شەوقەت و دە عەیشدا دەژین، دە عیمارەتانی پادشایاندان.

26) بەڵا بۆ دیتنی چی وەدەر کەوتن، ئەرێ پێغەمبەرێکی؟ بڵێ: بە ئەنگۆ دەڵێم: پتریش لە پێغەمبەرێکی.

27) ئەوەیە کە بەحسی وی نووسراوە، ئەوەتا دەنێرمە پێش ڕووی تۆ مەلایکەتی خۆم، ئەوەی کە ڕێک دەخا ڕێی تۆ، پێشی تۆ.

28) بە ئەنگۆ دەڵێم: لەنێو ئەولادانی ژنان کەس لە یوحەننا گەورەتر نییە. بەڵا ئەوەی کە پچووکترە دە پادشایەتی خوڵایدا لە ئەوی گەورەترە.

29) و هەموو قەومی کە بیستیان و ڕاداران تەسدیقی خوڵایان کرد بە وەی کە بە تەعمیدی یوحەننا تەعمید کران.

30) بەڵا فریسیان و شەرعزانان تەگبیری خوڵای دەرحەقی خۆیان بەتاڵیان کرد بە وەی کە لە وی تەعمید نەکران.

31) دەنا خەڵکی ئەو سلسلەی بە چی بشوبهێنم و بە چی دەشوبهێن؟

32) دەشوبهێن بە منداڵان کە دە مەیداناندا ڕۆدەنیشن و بۆ یەکتری بانگ دەکەن و دەڵێن: بۆ ئەنگۆ زوڕنامان لێدا و هەڵنەپەڕین. شینمان کرد و نەگریان.

33) چونکە یوحەننا تەعمیددەر هاتووە. نە نانی دەخوا و نە شەڕاب دەخواتەوە و ئەنگۆ دەڵێن: جننی هەیە.

34) کوڕی ئینسانی هاتووە، دەخوا و دەخواتەوە و ئەنگۆ دەڵێن: ئەوەتا پیاوێکی زۆرخۆر و شەراپخۆر، دۆستی ڕاداران و گوناحکاران!

35) و عەقڵداری لە هەموو منداڵانی خۆی تەسدیق بووە.

36) و یەکێک لە فریسیان لێی تەڵەب کرد کە دەگەڵ ئەوی نان بخوا. و وەژوور ماڵی فریسیی کەوت و لەسەر سفرەی ڕۆنیشت.

37) و ئەوەتا ژنێکی گوناحکار دەو شارەیدا هەبوو و وەختێکی زانی کە دە ماڵی فریسی لەسەر سفرەی ڕۆنیشت، شووشەیەکی ڕۆنی بۆنخۆشی هێنا.

38) و لە پشتەوە، لە کن پێیانی وی ڕاوەستا و دەگریا و دەستی پێ کرد کە پێیانی وی بە فرمێسکان تەڕ بکا. و بە مووی سەری خۆی وشکی دەکردەوە و پێیانی وی ماچ دەکرد و بە ڕۆنی بۆنخۆش چەوری دەکرد.

39) بەڵا وەختێکی ئەو فریسییەی کە ئەوی بانگ ئێشتبوو، دیتی، دە خۆیدا قسەی دەکرد و دەیگوت: «ئەوە ئەگەر پێغەمبەر بایە، دەیزانی ئەو ژنەی کە دەستی لێ دەدا کێیە و چلۆنە، چونکە گوناحکارە.»

40) و یەسووع جوابی دا و بە وی گوت: «ئەی شەمعوون چتێکم هەیە کە بە تۆ بڵێم.» و ئەو کوتی: «ئەی مامۆستا بڵێ!»

41) «تەڵەبکارێک دوو قەرزدارانی هەبوو. یەکێک پێنجسەد دینار قەرزدار بوو و ئەوی دیکە پێنجا.

42) کە هیچیان نەبوو کە ئەدای بکەن هەر دووکی بەخشی. دەنا کێهە لەوان، ئەوی پتر خۆش دەوێ؟»

43) شەمعوون جوابی دا و کوتی: «فکر دەکەم ئەوەی کە پتری پێ بەخشی.» و ئەو بە وی گوت: «ڕاستت حوکم کرد.»

44) و کە بۆ ژنەکەی وەرگێڕا، بە شەمعوونی گوت: «ئەرێ ئەو ژنەی دەبینی؟ وەژوور ماڵی تۆ کەوتم. ئاوت بۆ پێیانی من نەدا، بەڵا ئەوە پێیانی من بە فرمێسکانی تەڕ کردووە و بە مووی خۆی وشکی کردووە.

45) ماچێکت بە من نەدا، بەڵا ئەوە لەو وەختەی کە وەژوور کەوتم لە ماچکردنی پێیانی من ڕانەوەستاوە.

46) سەری من بە ڕۆن چەورت نەکرد، بەڵا ئەوە پێیانی منی بە ڕۆنی بۆنخۆش چەور کردووە.

47) لەبەر ئەوەی بە تۆ دەڵێم: گوناحانی زۆری وی بەخشراون، چونکە زۆری خۆش ویست. بەڵا ئەوەی کە کەم دەبەخشێ، کەم خۆش دەوێ.

48) و بە وی گوت: گوناحانی تۆ بەخشراون.»

49) و ئەوانەی کە دەگەڵی لەسەر سفرەی ڕۆنیشتبوون دەستیان پێ کرد کە دە خۆیاندا بڵێن: «ئەوە کێیە کە گوناحانیش دەبەخشێ؟»

50) و بە ژنەکەی گوت: «ئیمانی تۆ، ئەتۆی خەڵاس کردووە، بە سڵامەتی بڕۆ!»

باب ٨[edit]

1) و بوو لە پاش ئەوەی کە ئەو شار بە شار و دێ بە دێ دەگەڕا، وەعزی دەکرد و مزگێنی پادشایەتی خوڵای دەدا، و ئەو دوازدانە دەگەڵ ئەوی بوون.

2) و چەند ژنان کە لە ڕوحانی پیس و نەخۆشییان ساغ ببوونەوە یەعنی مریەم کە مەجدەلی بانگ دەکرا کە لە ئەوی حەوت جننان وەدەر کەوتبوون.

3) و یوننا ژنی خوزا، نازری هێرۆدێس و سوسانا و زۆرانی دیکە کە بە ماڵی خۆیان خزمەتیان بە وان دەکرد.

4) و کە خەڵکێکی زۆر خڕ بوونەوە و لە هەر شارێکی دەهاتنە کن ئەوی بە مەسەلێکی گوت.

5) تۆچێن وەدەر کەوت کە تۆی خۆی بچێنێ و کە ئەو تۆی دەچاند هێندێک کەوتە سەر ڕێی و پاماڵ بوو و تەیڕانی ئاسمان ئەویان خوارد.

6) و هێندێک کەوتە سەر جێیەکی بەرداوی و کە ڕوا وشک بوو، چونکە تەڕایی نەبوو.

7) و هێندێک کەوتە نێو دڕوان و کە دڕوان دەگەڵی هەڵچوون، ئەویان خنکاند.

8) و هێندێک کەوتە سەر ئەرزی چاک و کە گەورە بوو یەک و سەد بەری هێنا. کە ئەو چتانەی دەگوت، قیژاندی: «ئەوەی کە گوێی بیستنی هەیە با ببیێ!»

9) بەڵا شاگردانی وی پرسیاریان لێ کرد کە ئەو مەسەلەی چی بێ.

10) و ئەو کوتی: «بە ئەنگۆ دراوە کە سیڕڕانی پادشایەتی خوڵای بزانن، بەڵا بە ئی دیکانە بە مەسەلان، هەتاکوو دەبینن و نابینن و دەبیێن و نافامن.

11) بەڵا ئەو مەسەلە ئەوەیە: تۆکە کەلامی خوڵایە.

12) و ئەوان لەسەر ڕێی ئەوانەن کە دەبینن. لە پاشان، شەیتان دێ و کەلامی لە دڵی وان لا دەبا، نەبا ئیمان بێنن و خەڵاس ببن.

13) و ئەوان لەسەر جێی بەرداوی ئەوانەن کە وەختێکی دەبیێن، بە خۆشحاڵی کەلامی قەبوڵ دەکەن و ئەوانە ڕەگیان نییە، هەتا دەمێکی ئیمان دێنن و دە وەختی تەجرەبەیدا دەکەون.

14) و ئەوەی کە کەوتە نێو دڕوان ئەوانەن کە بیستوویانە و کە لە بن خەمان و دەوڵەت و لەزەتانی ژیانی دەگەڕێن، دەخنکێندرێن و بەری گەیشتوو نایەنن.

15) بەڵا ئەوەی لەسەر ئەرزی چاک، ئەوانەن کە وەختێکی بە دڵێکی چاک و زەریف کەلامیان بیستووە، ڕایدەگرن و بە سەبر بەر دێنن.

16) ئەمما هیچکەس وەختێکی چرایەکی هەڵ کردووە ئەوی لە بن قاپێکی ناشێرێتەوە یان لە بن تەختێکی دانانێ، بەڵا لەسەر پێچرا دادەنێ هەتاکوو ئەوانەی کە دێنە ژوورێ، ڕووناکایی ببینن.

17) چونکە هیچ چتێک شاردراو نییە کە ئاشکرا نەبێ و نە چتێک بە دزی کە نەناسرێ و نێتە دەرێ.

18) دەنا تەماشا بکەن چلۆن دەبیێن، چونکە هەر کەس کە هەیەتی بە وی دەدرێ و هەر کەس کە نیەتی ئەوەی کە فکر دەکا کە هەشیەتی لێی دەستێندرێ.»

19) بەڵا دایک و برایانی وی هاتنە کن ئەوی و نەیانتوانی بگەنە کنی لەبەر خەڵکی.

20) و خەبەر بە وی درا، دایک و برایانت لە دەرێ ڕاوەستاون و دەیانەوێ کە ئەتۆ ببینن.

21) بەڵا ئەو جوابی دا و بە وانی گوت: «دایک و برایانی من ئەوانەن کە کەلامی خوڵای دەبیێن و بەجێ دێنن.»

22) و بوو دە یەکێک لەو ڕۆژاندا کە ئەو وەسەر گەمێیەکی کەوت و شاگردانی ویش و بە وانی گوت: «با بپەڕینەوە ئەو بەری بەحرێ!» و چوون.

23) بەڵا وەختێکی ئەوان دەچوون، ئەو نووست. و گێژییەکی بای هاتە خوارێ لەسەر بەحرێ و پڕ دەبوونەوە و دە ترسدا بوون.

24) و هاتنە کنی و ئەویان وەخەبەر هێنا، دەیانگوت: «ئەی مامۆستا، ئەی مامۆستا، هیلاک دەبین!» بەڵا ئەو هەڵستا و هەڕەشەی لە با و شەپۆلانی کرد و ڕحەت بوون و ئارام بوو.

25) و بە وانی گوت: «ئیمانوو لە کوێیە؟» بەڵا ترسان و عەجایب مان و بە یەکتریان دەگوت: «دەنا ئەوە کێیە کە لەسەر بایان و ئاویش ئەمر دەکا و ئیتاعەتی وی دەکەن؟»

26) و سواری گەمێ بوون بۆ وڵاتی جرەسنیان کە بەرامبەری جەلیلییە.

27) و کە لەسەر ئەرزێ وەدەر کەوت، پیاوێک لە شاری تووشی وی بوو کە جننانی هەبوو و دەمێکی زۆر هیچ جلی دەبەر نەکردبوو و دە ماڵێدا نەدەما بەڵا لەنێو قەبران.

28) و کە یەسووعی دی قیژاندی، لە پێش ئەوی کەوت و بە دەنگێکی بڵند کوتی: «چم دەگەڵ تۆ هەیە، ئەی یەسووع کوڕی خوڵای تەعالا، تکات لێ دەکەم عازابم مەدە!»

29) چونکە لە ڕوحی پیسی ئەمر کرد کە لە ئەو ئینسانەی وەدەر بکەوێ. چونکە گەلێک جاران ئەوی گرتبوو و بە زنجیران و کوتان بەسترابۆوە و ڕاگیرابوو و بەندانی پساند و لە جننی بۆ نێو چۆڵی خسترابوو.

30) بەڵا یەسووع لێی پرسی نێوت چییە؟ و ئەو کوتی: لەجیون، چونکە زۆر جننان وەژوور ئەوی کەوتبوون.

31) و لێی پاڕانەوە کە لە وان ئەمر نەکا کە بچنە بن ئەرزێ.

32) بەڵا لەوێ لەسەر کێوی گاڕانێکی زۆری بەرازان لە لەوەڕی بوو و لێی پاڕانەوە کە بە وان ئیزن بدا کە وەژوور ئەوان بکەون و ئەوانی ئیزن دا.

33) و جننان لە ئەو پیاوەی وەدەر کەوتن و چوونە نێو بەرازان و گاڕانەکە خۆیان لە سەربەرەژوورێ هەڵداشتە خوارێ دە بەحرێدا و خنکان.

34) بەڵا وەختێکی بەرازوانان دیتیان ئەو چتەی کە ببوو، هەڵاتن و دە شاری و دێیاندا خەبەریان دا.

35) و وەدەر کەوتن کە ببینن ئەو چتەی کە ببوو و هاتنە کن یەسووع و ئەو پیاوەی کە جننان لەوی وەدەر کەوتبوون پەیدایان کرد، ڕۆنیشتبوو دەبەرکراو و عاقڵ لەبەر پێیانی یەسووع و ترسان.

36) بەڵا ئەوانەی کە دیبوویان، خەبەریان بە وان دا چلۆن ئەو جنندارە خەڵاس ببوو.

37) و هەموو خەڵکی وڵاتی دەورەندەوری جرەسنیان لێیان تەڵەب کرد کە لە کن ئەوان بڕوا، چونکە بە ترسێکی گەورە گیرابوون و ئەو وەژوور گەمێ کەوت و گەڕاوە.

38) ئەمما ئەو پیاوەی کە جننان لە وی وەدەر کەوتبوون تکای لێ کرد کە دەگەڵ ئەوی ببێ. بەڵا ئەوی مورەخەس کرد، دەیگوت:

39) «بگەڕێوە بۆ ماڵی خۆت و خەبەر بدە چی چتێکی گەورە خوڵا دەگەڵ ئەتۆی کردووە.» و چوو و دە هەموو شاریدا وەعزی دەکرد چی چتێکی گەورە، یەسووع دەگەڵ ئەوی کردبوو.

40) بەڵا وەختێکی یەسووع گەڕاوە، خەڵکی ئەویان قەبوڵ کرد، چونکە هەموویان چاوەنۆڕی وی بوون.

41) و ئەوەتا پیاوێک نێوی یایروس هات و ئەو مەزنی کەنێشتی بوو و لە بەر پێیانی یەسووعی کەوت و لێی پاڕاوە کە بێتە ژوور ماڵی وی.

42) چونکە کچێکی تاقانەی هەبوو بەقەد دوازدە ساڵانە و نیزیکی مردنێ بوو. و کە ئەو دەچوو، خەڵکی ئەویان ڕێک دەکوشی.

43) و ژنێکی کە مودەی دوازدە ساڵان خوێنلەبەرچوونی هەبوو و کە نەیتوانی بە هیچکەس ساغ بکرێتەوە، لە پشتەوە هات و دەستی لە داوێنی جلی وی دا.

44) و جێبەجێ خوێنلەبەرچوونی وی بڕا.

45) و یەسووع کوتی: «کێ دەستی لە من دا؟» بەڵا کە هەمووان حاشایان دەکرد، پیترۆس کوتی: «ئەی مامۆستا، خەڵکی زەحمەت بە تۆ دەدەن و ئەتۆ ڕێک دەکوشن.»

46) بەڵا یەسووع کوتی: «کەسێک دەستی لە من دا، چونکە ئەمن زانیم کە قووەتێک لە من وەدەر کەوت.»

47) و کە ژنەکە دیتی کە نەشاردرابۆوە، بە لەرزین هات و کەوتە پێشی و لە پێش هەموو قەومی خەبەری دا کە لە چی سەبەب دەستی لە وی دا و چلۆن جێبەجێ ساغ بۆوە.

48) و ئەو بە وی گوت: «ئەی کچ ئیمانی تۆ، ئەتۆی خەڵاس کردووە، بە سڵامەتی بڕۆ.»

49) هێشتا ئەو قسەی دەکرد، یەکێک لە ماڵی مەزنی کەنێشتی هات، دەیگوت: «کچەکەت مردووە، ئیدی مامۆستای زەحمەت مەدە!»

50) بەڵا وەختێکی یەسووع بیستی، بە وی جوابی دا، «مەترسە، فەقەت ئیمان بێنە و خەڵاس دەبێتەوە.»

51) و کە چوو ژوور ماڵێ نەییێشت کەس دەگەڵ ئەوی وەژوور بکەوێ، بێجگە لە پیترۆس و یوحەننا و یەعقووب و باب و دایکی کچەی.

52) و هەموویان دەگریان و شینیان بۆ وی دەکرد، ئەمما ئەو کوتی: «مەگریێن، نەمردووە، بەڵا نووستووە.»

53) و پێی پێکەنین، چونکە دەیان زانی کە مردبوو.

54) بەڵا ئەو دەستی وی گرت، دەنگی دا، دەیگوت: «ئەی کچ، هەڵستە.»

55) و ڕوحی وی گەڕاوە و جێبەجێ هەڵستا و ئەمری کرد کە چتێکی خواردنی بە وی بدرێ.

56) و والیدەینی وی مات بوون و حوکمی لە وان کرد کە لە ئەو چتەی کە ببوو، بە هیچکەس نەڵێن.

باب ٩[edit]

1) و ئەو دوازدانەی بانگ کرد و قووەت و حیکماتی لەسەر هەموو ڕوحانی پیس، بە وان دا و کە نەخۆشییان ساغ بکەنەوە.

2) و ئەوانی نارد کە پادشایەتی خوڵای وەعز بکەن و کە نەخۆشان ساغ بکەنەوە.

3) و بە وانی گوت: «چتێک بۆ ڕێی هەڵ مەگرن، نە عەسا، نە توربین، نە نان و نە دراو و نەش هەر کەسێک دوو کراسی هەبێ.

4) و دە هەر ماڵێکیدا کە وەژوور دەکەون، لەوێ بمێنن و لە ئەوێ بڕۆن.

5) و هەر کامێکی کە ئەنگۆ قەبوڵ نەکەن، وەختێکی لەو شارەی دێنە دەرێ، تۆزی لە پێیانی خۆتان بتەکێنن بۆ شایەدی لەسەر ئەوان.»

6) و وەدەر کەوتن و دە دێیان دەگەڕان و ئینجیلیان وەعز دەکرد و دە هەموو جێیەکیدا ساغیان دەکردەوە.

7) بەڵا هێرۆدێس تێترارک بیستی ئەو هەموو چتانەی کە دەبوون و تەواو بە شک بوو، چونکە لە هێندێکی کوترا کە یوحەننا لەنێو مردووان هەڵستاوەتەوە.

8) و لە هێندێکی کە ئەلیاس بیندراوە، بەڵا لە ئی دیکانە کە پێغەمبەرێک، یەکێک لە قەدیمییان هەڵستاوەتەوە.

9) ئەمما هێرۆدێس کوتی: «یوحەننا ئەمن بێ سەرم کردووە، بەڵا ئەوە کێیە کە بەحسی وی ئەو جورە چتانەی دەبیێم؟ و دەیویست کە بیبینێ.»

10) و کە ڕەسوڵان گەڕانەوە لە هەر چی کە کردبوویان، خەبەریان بە وی دا. و ئەوانی هەڵگرت و خۆی وەلا کێشا بەتەنێ بۆ شارێکی کە بەیت سەیدا بانگ دەکرا.

11) بەڵا وەختێکی خەڵکی ئەوەیان زانی، وەدوای وی کەوتن و ئەوانی قەبوڵ کرد و بەحسی پادشایەتی خوڵای بۆ وان قسەی دەکرد و ئەوانەی کە موحتاجی ساغبوونەوەی بوون، ساغی دەکردنەوە.

12) بەڵا وەختێکی ڕۆژ ئاوابوونی دەست پێ دەکرد، ئەو دوازدانە هاتنە پێش و بە وییان گوت: «خەڵکی مورەخەس بکە، هەتاکوو بۆ دێیان و مەزرایانی دەورەندەور بچن و مەنزڵ بگرن و خۆراک پەیدا بکەن، چونکە لێرە دە جێیەکی چۆڵدا هەین.»

13) بەڵا ئەو بە وانی گوت: «ئەنگۆ بە وان بدەن کە بخۆن.» بەڵا ئەوان کوتیان: «ئەمە پتر لە پێنج نان و دوو ماسیمان نییە. مەگەر ئەمە بچین و بۆ هەموو ئەو خەڵکەی خۆراک بکڕین.»

14) چونکە بەقەد پێنج هەزار پیاو بوون و بە شاگردانی خۆی گوت: «ئەوانە ڕۆبنیشێنن بە دەستە دەستە، هەر یەکەی بەقەد پێنجا کەس.»

15) و وەهایان کرد و هەموویان ڕۆنیشاندن.

16) و کە ئەو پێنج نانان و دوو ماسیانی هەڵگرت، ڕووی دە ئاسمانێ کرد، ئەوانی ممبارەک کرد و لەتی کرد و دای بە شاگردان کە لە پێش خەڵکی دابنێن.

17) و خواردیان و هەموویان تێر بوون و لە لەتکان کە لە وان مابوونەوە دوازدە قرتاڵەی پڕ هەڵگیرانەوە.

18) و بوو کە وەختێکی ئەو دوعای دەکرد شاگردان بەتەنێ دەگەڵ ئەوی بوون و لە وانی پرسی، دەیگوت: «خەڵکی کێ دەڵێن کە ئەمن بم؟»

19) و ئەوان جوابیان دا و کوتیان: «یوحەننا تەعمیددەر و هێندێک ئەلیاس، بەڵا ئی دیکان کە پێغەمبەرێک، یەکێک لە قەدیمییان هەڵستاوەتەوە.»

20) و ئەو بە وانی گوت: «بەڵا ئەنگۆ کێ دەڵێن کە ئەمن بم؟» و پیترۆس جوابی دا و کوتی: «مەسیحی خوڵای.»

21) و قەدەغەی لە وان کرد و ئەسپاردی کە ئەو چتەی بە هیچکەس نەڵێن.

22) دەیگوت: «لازمە بۆ کوڕی ئینسانی کە ئەزیەتی زۆر بکێشێ و ڕەد بکرێ لە پیران و کاهینانی گەورە و خوێندەواران، و بکوژرێ و دە ڕۆژی سێیەمدا هەڵبستێندرێتەوە.»

23) و بە هەمووانی گوت: «ئەگەر کەسێک بیەوێ لە دوای من بێ، با لە خۆی ببوورێ و هەر ڕۆژ سێدارەی خۆی هەڵگرێ و وەدوای من بکەوێ.

24) چونکە ئەوەی کە بیەوێ گیانی خۆی خەڵاس بکا، ونی دەکا، بەڵا ئەوەی کە گیانی خۆی بۆ خاتری من ون بکا، ئەو خەڵاسی دەکا.

25) چونکە بۆ ئینسان چی فایدەیە ئەگەر هەموو دنیایی قازانج بکا، بەڵا خۆی ون یا خەسار بکا؟

26) چونکە هەر کەس کە لە من و لە کەلامی من شەرمێ بکا، کوڕی ئینسانیش لە ئەوی شەرمێ دەکا، وەختێکی دێ دە جەلالی خۆی و ئی باب و ئی مەلایکەتانی موقەددەسدا.

27) بەڵا ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم لە ڕاوەستاوان لێرە هێندێک هەن کە مردنێ قەت ناچێژن هەتا پادشایەتی خوڵای نەبینن.»

28) و بوو بەقەد هەشت ڕۆژان لە پاش ئەو قسانە کە پیترۆس و یوحەننا و یەعقووبی هەڵگرت و وەسەر کێوی کەوت کە دوعا بکا.

29) و کە ئەو دوعای دەکرد، شکلی ڕووی وی گۆڕا و جلی وی سپی و تریشکەدار بوون.

30) و ئەوەتا دوو کەس دەگەڵ ئەوی قسەیان دەکرد کە مووسا و ئەلیاس بوون.

31) کە دە جەلالدا بیندران و بەحسی ڕۆینی وی کە دە ئورشەلیمێدا دەبا تەواوی بکا، قسەیان دەکرد.

32) ئەمما پیترۆس و ئەوانەی کە دەگەڵ ئەوی بوون لە خەوی گران بوون؛ بەڵا وەختێکی چاک وەخەبەر هاتن، جەلالی وی و ئەو دوو کەسانەیان دی کە دەگەڵ ئەوی ڕاوەستابوون.

33) و بوو کە وەختێکی ئەوان لە ئەوی جوێ بوونەوە، پیترۆس بە یەسووعی گوت: «ئەی مامۆستا، چاکە کە ئەمە لێرە بین. و با سێ کەپران دروست بکەین، یەکێک بۆ تۆ و یەکێک بۆ مووسا و یەکێک بۆ ئەلیاس.» نەیدەزانی چی دەگوت.

34) بەڵا وەختێکی ئەوانەی دەگوت، هەورێک هات و سێبەری خستە سەر ئەوان و کە ئەوان وەژوور هەوری دەکەوتن ترسان.

35) و دەنگێک لە هەورێ بوو دەیگوت: «ئەوەیە کوڕی من؛ ئەو هەڵبژێراوە، گوێی لێ بگرن!»

36) و کە ئەو دەنگەی بوو، یەسووع بەتەنێ پەیدا بوو و ئەوان بێدەنگ بوون و بۆ هیچکەس دەو ڕۆژاندا خەبەریان نەدا لە ئەو چتانەی کە دیبوویان.

37) و بوو کە دە ڕۆژی دیدا، وەختێکی ئەوان لە کێوی هاتنە خوارێ، خەڵکێکی زۆر بە پیرەوەی وی هاتن.

38) و ئەوەتا، پیاوێک لە خەڵکی قیژاندی دەیگوت: «ئەی مامۆستا، تکات لێ دەکەم تەماشا بکە لە کوڕی من، چونکە تاقانەی منە.

39) و ئەوەتا ڕوحێک ئەوی دەگرێ و جێبەجێ دەچریکێنێ و ئەوی دەدڕێ وەها کە کەف هەڵدەخرێنێ و بە زەحمەت لەوی دەڕوا و شل و کوتی دەکا.

40) و لە شاگردانی تۆ تکام کرد کە ئەوی دەر بکەن و نەیانتوانی.»

41) بەڵا یەسووع جوابی دا و کوتی: «ئەی سلسلەی بێ ئیمان و لاڕێ، هەتا کەنگی دەگەڵ ئەنگۆ بم و لە ئەنگۆ سەبرێ بکەم؟ کوڕی خۆت بێنە ئێرە.»

42) و کە هێشتا ئەو دەهاتە پێش، جن ئەوی خستە خوارێ و دڕاندی. بەڵا یەسووع هەڕەشەی لەو ڕوحە پیسەی کرد و کوڕەکەی ساغ کردەوە و دای بە بابی خۆی.

43) و هەمووان لە گەورەیی خوڵای شێوان، بەڵا وەختێکی هەمووان عەجایب دەمان لەسەر هەموو چتانی کە دەیکرد؛

44) بە شاگردانی خۆی گوت: «ئەنگۆ ئەو قسانە دە گوێیانی خۆتاندا دابنێن، چونکە کوڕی ئینسانی تەسلیم بە دەستانی ئینسانان دەکرێ.»

45) بەڵا ئەوان ئەو قسەی تێ نەگەیشتن و لە وان شاردراو بووە وەها کە ئەویان نەفامی و دەترسان کە بەحسی ئەو قسەی لە وی بپرسن.

46) و خەیاڵێک لەنێو وان پەیدا بوو کە کێهە لە وان گەورەتر بێ.

47) و کە یەسووع خیاڵی دڵی وانی زانی، منداڵێکی گرت و ئەوی لە کن خۆی ڕاگرت.

48) و بە وانی گوت: «هەر کەس کە ئەو منداڵەی بە نێوی من قەبوڵ بکا، ئەمن قەبوڵ دەکا و هەر کەس کە ئەمن قەبوڵ بکا، ئەوەی قەبوڵ دەکا کە ئەمنی ناردووە. چونکە ئەوەی کە لەنێو ئەنگۆ چکۆلەترە، ئەو گەورەیە.»

49) یوحەننا جوابی دا و کوتی: «ئەی مامۆستا، یەکێکمان دی کە جننانی بە نێوی تۆ دەر دەکرد و مەنعمان لێ کرد چونکە دەگەڵ ئەمە ناکەوێ.»

50) و یەسووع بە وی گوت: «مەنعی مەکەن؛ چونکە ئەوەی کە زیددی ئەنگۆ نییە، لەلای ئەنگۆیە.»

51) و بوو کە وەختێکی ڕۆژانی هەڵکێشرانی وی تەواو دەبوون؛ و ئەو ڕووی خۆی قایم دانا کە بۆ ئورشەلیمێ بڕوا.

52) و قاسیدانی دە پێش خۆیدا نارد و چوون و وەژوور دێیەکی سۆمەرییان کەوتن، هەتاکوو بۆ وی حازر بکەن.

53) و ئەویان قەبوڵ نەکرد چونکە ڕووی وی بۆ ئورشەلیمێ دەچوو.

54) بەڵا وەختێکی شاگردان، یەعقووب و یوحەننا دیتیان، کوتیان: «ئەی ڕەب، ئەرێ دەتەوێ کە بڵێین کە ئاور لە ئاسمانێ بێتە خوارێ و ئەوان هیلاک بکا؟»

55) بەڵا ئەو وەرگەڕا و ئەوانی زەم کرد و کوتی: «ئەنگۆ نازانن لە کێهە ڕوح هەن، چونکە کوڕی ئینسانێ نەهاتووە کە گیانی بنی ئادەمێ هیلاک بکا، بەڵا کە خەڵاس بکا.»

56) و بۆ دێیەکی دیکە چوون.

57) و کە ئەوان دە ڕێیدا دەچوون، کەسێک بە وی گوت: «هەر جێیەکی کە بچی وەدوای تۆ دەکەوم.»

58) و یەسووع بە وی گوت: «ڕێوییان کونانیان هەیە و تەیڕانی ئاسمانێ هێلانان، بەڵا کوڕی ئینسانی جێی نییە کە سەری لێ دابنێ.»

59) ئەمما بە ئی دیکەی گوت: «وەدوای من بکەوە.» بەڵا ئەو کوتی: «ئیزنم بدە کە هەوەڵێ بچم و بابی خۆم بنێشم.»

60) ئەمما ئەو بە وی گوت: «لە مردووان گەڕێ کە مردووانی خۆیان بنێشن، بەڵا ئەتۆ بچوو پادشایەتی خوڵای وەعز بکە.»

61) و یەکی دیکەش کوتی: «وەدوای تۆ دەکەوم، یا ڕەب، بەڵا هەوڵێ ئیزنم بدە کە لە ئەوانەی کە دە ماڵی خۆمدان خوڵاحافیزی بکەم.»

62) بەڵا یەسووع بە وی گوت: «کەسێک کە دەست لەسەر ئاموری دابنێ و تەماشای پشتەوە دەکا، لایقی پادشایەتی خوڵای نییە.»

باب ١٠[edit]

1) لە پاش ئەو چتانە، ڕەب حەفتای دیکەی هەڵبژارد و ئەوانی نارد دوو دوو لە پێش ڕووی خۆی بۆ هەر شار و جێیەکی کە ئەو بۆخۆی تەمای بوو کە بێ.

2) و بە وانی گوت: «بەڕاستی دروێنە زۆرە، بەڵا فەعلان کەمن، دەنا لە ساحیبی دروێنەی تەڵەب بکەن کە فەعلان بۆ دروێنەی خۆی دەر بکا.

3) بڕۆن، ئەوەتا ئەنگۆ دەنێرم وەکوو بەرخان لەنێو گورگان.

4) نە کیسە، نە توربین و نە کەوشان هەڵگرن و دە ڕێیدا لە کەس سڵاوێ مەکەن.

5) بەڵا دە هەر ماڵێکیدا کە وەژوور دەکەون، هەوەڵێ بڵێن: «سەلام بۆ ئەو ماڵەی بێ!»

6) و ئەگەر کوڕێکی سەلامی لەوێ بێ، سەلامی ئەنگۆ لەسەر ئەوی ڕادەوەستێ، بەڵا ئەگەر نە، لەسەر ئەنگۆ دەگەڕێتەوە.

7) بەڵا دەو ماڵەیدا بمێنن کە بخۆن و بخۆنەوە لە چتانی وان، چونکە فەعلە لایقی حەقی خۆیەتی. لە ماڵ بۆو ماڵ مەچن.

8) و دە هەر شارێکیدا کە وەژوور دەکەون و ئەنگۆ قەبوڵ دەکەن ئەو چتانەی کە لە پێش ئەنگۆ دادەندرێن بیخۆن.

9) و ئەو نەخۆشانەی کە دە وێدان ساغ بکەنەوە و بە وان بڵێن: «پادشایەتی خوڵای لەسەر ئەنگۆ نیزیک بووە.»

10) بەڵا دە هەر شارێکیدا کە وەژوور دەکەون و ئەنگۆ قەبوڵ ناکەن، وەدەر بکەون دە کوچانی ویدا و بڵێن:

11) ئەو تۆزەش کە لە شاری ئەنگۆ بە پێیانی مە نووساوە بۆ ئەنگۆی دەتەکێنین، بەڵا ئەوەی بزانن کە پادشایەتی خوڵای نیزیک بووە.

12) بە ئەنگۆ دەڵێم: کە دەو ڕۆژیدا بۆ سدومی هاسانتر دەبێ لە بۆ ئەو شارەی.

13) وای بۆ تۆ ئەی خۆرزەین، وای بۆ تۆ ئەی بەیت سەیدا، چونکە ئەگەر ئەو قووەتانە کە دە ئەنگۆدا کراون دە سوور و سیدوندا کرابان، لەمێژ بوو ده پلاس و خۆڵەمێش ڕۆنیشتوو تۆبەیان دەکرد.

14) بەڵا دە ڕۆژی دیواندا بۆ سۆور و سیدوون هاسانتر دەبێ لەبۆ ئەنگۆ.

15) و ئەتۆ ئەی کەفەرناحوم، مەگەر هەتا ئاسمان بڵند نەبووی؟ هەتا جەهەننەمێ دخرێیە خوارێ.

16) ئەوەی کە لە ئەنگۆ گوێ دەگرێ، لە من گوێ دەگرێ و ئەوەی کە ئەنگۆ حیساب ناکا، ئەمن حیساب ناکا، و ئەوەی کە ئەمن حیساب ناکا، ئەو، ئەوەی کە ئەمنی ناردووە حیساب ناکا.»

17) و ئەو حەفتا بە خۆشحاڵی گەڕانەوە دەیانگوت: «ئەی ڕەب، بە نێوی تۆ جننانیش زەوتی مەن.»

18) و بە وانی گوت: «شەیتانم دی وەکوو برووسکە لە ئاسمانێ دەکەوت.

19) ئەوەتا بە ئەنگۆ حیکماتم داوە کە لەسەر ماران و دووپشکان پاماڵ بکەن و لەسەر هەموو قووەتی دوژمن، و هیچ چتێک قەت زەرەر لە ئەنگۆ نەدا.

20) ئەما دە ئەوەیدا خۆشحاڵ مەبن، کە ڕوحان زەوتی ئەنگۆن، بەڵا خۆشحاڵ بن کە نێوانی ئەنگۆ دە ئاسماناندا نووسراون.

21) دەو سەعاتەیدا دە ڕوحولقدوسدا کەیفخۆشی کرد و کوتی: «شوکری تۆ دەکەم یا بابە، ساحیبی ئەرز و ئاسمان، کە ئەوانەت لە عاقڵان و زانان شاردۆتەوە و ئەوانەت بۆ منداڵان ئاشکرا کردووە. بەڵێ یا بابە، چونکە لەپێش تۆ وەها خۆش بوو.

22) هەموو چتانەی لە بابی خۆم بە من تەسلیم بوون و هیچکەس نازانێ کوڕ کێیە، بێجگە لە باب و باب کێیە بێجگە لە کوڕ و ئەوی کە کوڕ بیەوێ بۆ وی ئاشکرا بکا.

23) و بۆ شاگردانی بەتەنێ وەرگەڕا و کوتی: «خۆزگە بەو چاوانەی کە دەبینن ئەو چتەی کە ئەنگۆ دەبینن.»

24) چونکە بە ئەنگۆ دەڵێم، زۆر پێغەمبەران و پادشایان ویستوویانە کە ببینن ئەو چتانەی کە ئەنگۆ دەبینن و نەیاندیوە و کە ببیێن ئەو چتانەی کە ئەنگۆ دەبیێن و نەیانبیستووە.»

25) و ئەوەتا شەریعەتێک هەڵستا و ئەوی تەجرەبە کرد، دەیگوت: «ئەی مامۆستا، چی بکەم کە ژیانی ئەبەدی میرات بگرم؟»

26) بەڵا ئەو بە وی گوت: «دە شەریعەتدا چی نووسراوە؟ چلۆن دەخوێنی؟»

27) بەڵا ئەو جوابی دا و کوتی: «دەبێ ڕەب خوڵای خۆت بحوببێنی بە هەموو دڵت و بە هەموو گیانت و بە هەموو قووەتت و بە هەموو فکرت و جیرانی خۆت وەکوو خۆت.»

28) و ئەو بە وی گوت: «ڕاست جوابت دا. ئەوەی بکە و دەژی!»

29) بەڵا کە ئەو دەیویست خۆی سادق بکا بە یەسووعی گوت: «و جیرانی من کێیە؟»

30) یەسووع دەستی بە قسان کرد و کوتی: «پیاوێک لە ئورشەلیمێ بۆ یەریحۆی دەچۆ خوارێ و وە دەستی جەردان کەوت کە ئەویان ڕووت کرد و برینداریشیان کرد و نیوەمردوو ئەویان بەجێ هێشت و ڕۆیین.

31) و هەڵکەوت کە کاهینێک هەر بەو ڕێیەی دەچۆ خوارێ و کە ئەوی دی ڕابرد.

32) و هەر واش لاوییەکیش هاتە ئەو جێیەی و کە دیتی ڕابرد.

33) بەڵا سامەرییەک کە سەفەرێکی دەکرد هاتە کن ئەوی و کە دیتی دڵی سووتا.

34) و چوو کنی، برینەکانی پێچاوە و ڕۆن و شەڕاپی تێ کرد و ئەوی لەسەر ئوڵاغی خۆی سوار کرد و بردیە کاروانسەرایەکی و خزمەتی کرد.

35) و دە سبحەینێدا دوو دیناری دەرهێنا، دای بە خانچی و کوتی خزمەتی وی بکە و هەر چی پتر کە خەرج بکەی ئەمن وەختێکی بێمەوە بە تۆ ئەدا دەکەم.

36) لە ئەو سێیانە کێهە فکر دەکەی کە جیران بوو بۆ وی کە وەدەستی جەردان کەوت؟»

37) و ئەو کوتی: «ئەوەی کە ڕەحمی بە وی کرد.» و یەسووع بە وی گوت: «ئەتۆش بڕۆ و وەها بکە.»

38) و کە ئەوان دەچوون ئەو وەژوور دێیەکی کەوت و ژنێک نێوی مەرتا ئەوی دە ماڵی خۆیدا قەبوڵ کرد.

39) و ئەوە خوشکێکی هەبوو کە نێوی مریەم بوو کە لە کن پێیانی ڕەب ڕۆنیشت و گوێی لە قسەی وی دەگرت.

40) بەڵا مەرتا لەبەر زۆر خزمەتکردن خەریک بوو و هاتە کنی و کوتی: «یا ڕەب، ئەرێ باکت نییە کە خوشکم ئەمنی بەتەنێ بەجێ هێشتووە کە خزمەت بکەم؟ دەنا بە وی بڵێ کە یاریدەم بکا.»

41) بەڵا ڕەب جوابی دا و بە وی گوت: «ئەی مەرتا، ئەی مەرتا، خەم دەخۆی و لەبەر زۆر چتانە ناڕەحەتی دەکێشی.»

42) بەڵا یەک چت لازمە. مریەم ئەو بەشە چاکەی هەڵبژاردووە کە لە وی ناستێندرێتەوە.

باب ١١[edit]

1) و بوو کە ئەو دە جێیەکیدا دوعای دەکرد، وەختێکی خەڵاس بوو، یەکێک لە شاگردانی بە وی گوت: «یا ڕەب، فێرمان بکە کە دوعا بکەین، چلۆنێکی یوحەنناش شاگردانی خۆی فێر کرد.»

2) و بە وانی گوت: «وەختێکی دوعا دەکەن بڵێن: یا بابە، نێوت موقەددەس ببێ، پادشایەتی تۆ بێ.

3) نانی مە، ئی هەر ڕۆژ، ڕۆژ بە ڕۆژ بە مە بدە.

4) و گوناحانی مە ببەخشە، چونکە ئەمەش هەر قەرزدارێکی خۆمان دەبەخشین و ئەمەی دە تەجرەبەیدا مەبە.»

5) و بە وانی گوت: «کێهە لە ئەنگۆ دۆستێکی هەبێ و نیوەشەوێ بچیتە کن ئەوی و بە وی بڵێ: ئەی دۆست، سێ نان بە قەرز بە من بدە!

6) چونکە دۆستێکی من، لە سەفەرێکی هاتۆتە کن ئەمن و هیچم نییە کە لە پێشی وی دابنێم.

7) و ئەوەی لە ژوورێ جواب بدا و بڵێ: زەحمەتم مەدە! دەرکە ئەلان داخراوە و منداڵانی من دەگەڵ ئەمن دە دۆشەگیدان. ناتوانم هەڵستم و بە تۆ بدەم.

8) بە ئەنگۆ دەڵێم: هەر چەند ئەو هەڵناستێ و نایدا لەو سەبەبەی کە دۆستی وییە، دیسان لەبەر ڕووسەختی وی هەڵدەستێ و هەر چەندێکی کە موحتاجە بە وی دەدا.

9) ئەمنیش بە ئەنگۆ دەڵێم: تەڵەب بکەن، بە ئەنگۆ دەدرێ، حەول بدەن و پەیدا دەکەن، لە دەرکەی بدەن و بۆ ئەنگۆ دەکرێتەوە.

10) چونکە هەر کەس کە تەڵەب بکا وەردەگرێ و ئەوەی کە حەول بدا پەیدا دەکا و بۆ وەی کە لە دەرکەی بدا دەکرێتەوە.

11) بەڵا کێهە لە ئەنگۆ کە بابە، ئەگەر کوڕی وی ماسییەکی لێ تەڵەب بکا، مەگەر لەجیاتی ماسییەکی مارێکی بە وی دەدا؟

12) یان ئەگەر هێلکەی لێ تەڵەب بکا مەگەر دوپشکێکی بە وی دەدا؟

13) دەنا ئەگەر ئەنگۆ کە خراپن دەزانن کە دیارییانی چاک بە منداڵانی خۆتان بدەن، چەند زیاتر بابی ئاسمانی ڕوحولقدوس دەدا بە ئەوانەی کە لێی تەڵەب بکەن.»

14) و جننێکی وەدەر خست و ئەو لاڵ بوو. و بوو کە وەختێکی ئەو جننە وەدەر کەوتبوو، ئەو لاڵە قسەی کرد و خەڵکی عەجایب مان.

15) بەڵا هێندێک لە وان کوتیان: «بە بەعلەزبول مەزنی جیننان، جیننان دەر دەکا.»

16) و ئی دیکانێ کە ئەویان تەجرەبە دەکرد، نیشانەیەکیان لە ئاسمانێ لە وی تەڵەب دەکرد.

17) بەڵا ئەو خەیاڵانی وانی زانی و بە وانی گوت: «هەر پادشایەتییەکی کە لەسەر خۆی جوێ ببێ، خراپ دەبێ و ماڵ لەسەر ماڵ دەڕوخێ.

18) و ئەگەر شەیتانیش لەسەر خۆی جوێ بوویایە، پادشایەتی وی چلۆن ڕادەوەستێ؟ چونکە ئەنگۆ دەڵێن کە ئەمن بە بەعلەزبول جیننان دەر دەکەم.

19) و ئەگەر ئەمن بە بەعلەزبول جیننان دەر دەکەم، کوڕانی ئەنگۆ بە کێ ئەوان دەر دەکەن؟ لەبەر ئەوەی ئەوان حوکمکەرانی ئەنگۆ دەبن.

20) بەڵا ئەگەر ئەمن بە قامکی خوڵای جیننان دەر دەکەم، دەنا پادشایەتی خوڵای لەسەر ئەنگۆ گەیشتووە.

21) وەختێکی ئەو ساحیب قووەتە لە قەڵای خۆی بە چەککراوی کێشکی دەکێشێ، ماڵی وی دە سڵامەتی دایە.

22) بەڵا وەختێکی یەکێک لە وی بە قووەتتر لەسەر ئەوی بێ و ئەوی زەوت بکا، چەکی وی دەستێنێ کە هومێدی لەسەر دانابوو و تاڵانی وی بەش دەکا.

23) ئەوەی کە دەگەڵ ئەمن نییە، زیددی منە. و ئەوەی کە دەگەڵ ئەمن خڕ ناکا بڵاو دەکا.

24) وەختێکی ڕوحی پیس لە ئینسانێکی وەدەر کەوتەوە دە جێیانی بێ ئاو دەگەڕێ و حەولی ڕەحەتی دەدا. و کە پەیدا ناکا دەڵێ دەگەڕێمەوە بۆ ماڵی خۆم کە لێی وەدەر کەوتووم.

25) و کە دێتەوە ئەوێ ماڵدراو و جوانکراو پەیدا دەکا.

26) ئەو وەختی دەچێ و حەوت ڕوحانی دیکە خراپتر لە خۆی دەگەڵ خۆی هەڵدەگرێ و وەژوور دەکەون و لەوێ دەمێنن و ئاخری ئەو ئینسانەی لە هەوەڵێ خراپتر دەبێ.»

27) و بوو کە وەختێکی ئەو، ئەوانەی گوت، ژنێک لەو غەڵەباییەی دەنگی هەڵێنا و بە وی گوت: «خۆزگە بە ئەو منداڵدانەی کە ئەتۆی هەڵگرت و ئەو مەمکانەی کە مژتت.»

28) بەڵا ئەو کوتی: «ئەدی بەڵا خۆزگە بە ئەوانەی کە کەلامی خوڵای دبیێن و ڕایدەگرن.»

29) و کە خەڵکی زۆر خڕ بوونەوە، دەستی پێ کرد کە بڵێ ئەو سلسلە سلسلەیەکی خراپە. نیشانەی تەڵەب دەکا و نیشانەیەک بە وی نادرێ بێجگە لە نیشانەی یونس.

30) چونکە چلۆنێکی یونس بۆ نەینەوایان نیشانەیەکی بوو، هەر واش کوڕی ئینسانی بۆ ئەو سلسلەی دەبێ.

31) مەلەکەی جنووبی دە دیواندا دەگەڵ پیاوانی ئەو سلسلەی هەڵدەستێ و حوکمی لەسەر ئەوان دەکا چونکە ئەو لە پەڕانی ئەرزێ هات کە عەقڵداری سلەیمان ببیێ و ئەوەتا لێرە زیاتر لە سلەیمان هەیە.

32) پیاوانی نەینەوا دە دیواندا دەگەڵ ئەو سلسلەی هەڵدەستن و حوکمی لەسەر ئەوی دەکەن، چونکە بە وەعزی یونس تۆبەیان کرد و ئەوەتا لێرە زیاتر لە یونس هەیە.

33) هیچکەس وەختێکی چرایەکی هەڵ کردووە دە جێیەکی دزی یان لە بن کێلی دانانێ بەڵا لەسەر پێچرا هەتاکوو ئەوانەی کە دێنە ژوورێ ڕوناکایی ببینن.

34) چرای بەدەن چاوتە. وەختێکی چاوی تۆ ڕوونە هەموو بەدەنی تۆش ڕووناکە. بەڵا وەختێکی خراپە بەدەنی تۆش تاریکە.

35) دەنا تەماشا بکە کە ڕووناکایی کە دە تۆدایە تاریک نەبێ.

36) دەنا ئەگەر هەموو بەدەنی تۆ ڕووناک بێ و پارچەیەکی تاریکی نەبێ، تەواو ڕووناک دەبێ وەکوو وەختێکی چرایەک بە شەوقی خۆی ڕووناکی بە تۆ دەدا.

37) بەڵا وەختێکی قسەی دەکرد فریسییەکی لێی تەڵەب کرد کە دەگەڵ ئەوی کاوەڵتون بخوا و وەژوور کەوت و لەسەر سفرەی ڕۆنیشت.

38) و کە ئەو فریسیە دیتی کە هەوەڵێ لە پێش کاوەڵتونی دەستی نەشووشت، عەجایب ما.

39) بەڵا ڕەب بە وی گوت: «ئەوێستا ئەنگۆ فریسییان دەرەوەی جامی و بوشقاپی پاک دەکەن بەڵا ژوورەوەی ئەنگۆ پڕە لە زوڵم و خراپی.

40) ئەی کەم عەقڵان ئەوەی کە دەرەوەی دروست کرد، ئەرێ ژوورێشی دروست نەکردووە؟

41) بەڵا ئەو چتانەی ژوورێ سەدەقە بدەن و ئەوەتا هەموو چتی بۆ ئەنگۆ پاکە.

42) بەڵا وای بۆ ئەنگۆ ئەی فریسییان کە دە یەکی نەعنە و ڕازیانە و هەر جۆر سەبزیەتی دەدەن و لە عەداڵەتی و موحەببەتی خوڵای ڕادەبرن! ئەوانە لازمە کە بەجێ بێنن و کە لە ئەوانی دیکە ڕانابرن.

43) وای بۆ ئەنگۆ ئەی فریسییان کە کورسی بەرەژوور دە کەنیشتاندا خۆشوو دەوێ و سڵاوان دە مەیداناندا.

44) وای بۆ ئەنگۆ کە وەکوو قەبرانی ونن و ئینسانان کە لەسەریان دەگەڕێن نازانن.»

45) و یەکێک لە شەرعکەران جوابی دا و بە وی گوت: «مامۆستا، بە کوتنی ئەوانە ئەمەش سەرکۆنە دەکەی.»

46) بەڵا ئەو کوتی: «وای بۆ ئەنگۆش ئەی شەرعکەران کە ئینسانان بار دەکەن بە باران کە بە زەحمەت هەڵدەگرن و بۆخۆتان بە یەکێک لە قامکانی خۆتان لەو بارانەی لێ نادەن.

47) وای بۆ ئەنگۆ کە قەبرانی پێغەمبەران دروست دەکەن، بەڵا بابانی ئەنگۆ ئەوانیان کوشت.

48) کە وایە شایدن و قایلن بە عەمەلانی بابانی خۆتان چونکە ئەوان بەڕاستی ئەوانیان کوشت بەڵا ئەنگۆ دروستی دەکەن.

49) لەبەر ئەوەش عەقڵداری خوڵای کوتی: پێغەمبەران و ڕەسوڵان دەنێرمە کن ئەوان. هێندێک لە وان دەکوژن و هێندێک دەر دەکەن.

50) هەتاکوو خوێنی هەموو پێغەمبەران کە لە هەوەڵی دنیایێ ڕژاوە لە ئەو سلسلەی بستێندرێ.

51) لە خوێنی هابیل هەتا خوێنی زەکەریا کە لە مابەینی مزبەح و هەیکەلێدا کوژرا. بەڵێ بە ئەنگۆ دەڵێم، لە ئەو سلسلەی دەستێندرێ.

52) وای بۆ ئەنگۆ ئەی شەرعکەران کە هاچەری ناسینیو هەڵگرتووە. بۆ خۆتان وەژوور نەکەوتوون و ئەوانەی کە وەژوور دەکەوتن مەنعوو کردووە.»

53) و کە ئەو لە ئەوێ وەدەر کەوت خوێندەواران و فریسییان دەستیان پێ کرد بە زۆر تاڵووکە و پرسیار لێ کردن، بەحسی جوێ جوێ چتانی.

54) و لە وی دە کەلێندا بوون کە چتێک لە زاری وی بگرن.

باب ١٢[edit]

1) دەو بەینەیدا وەختێکی غەڵەبایی خەڵکی خڕ بوونەوە وەها کە یەکتریان پاماڵ دەکرد دەستی پێ کرد کە هەوەڵێ بە شاگردانی خۆی بڵێ: «هۆشیار بن بۆخۆتان لە هەویرترشی فریسییان کە ڕیاییە.

2) بەڵا هیچ چتێک شاردراو نییە کە ئاشکرا نەبێ، و نە چتێک بە دزی کە نەناسرێ.

3) لەبەر ئەوەی هەر چتێ کە دە تاریکاییدا کوتوتانە، دە ڕوناکاییدا دەبیسترێ. و ئەوەی کە دە گوێی دە ئوتاغاندا قسەو کردووە لەسەر بانان وەعز دەکرێ.

4) بەڵا بە ئەنگۆ دۆستانی خۆم دەڵێم: مەترسێن لە ئەوانەی کە بەدەن دەکوژن و لە پاش ئەوەی چتێکی دیکە ناتوانن بکەن.

5) بەڵا بە ئەنگۆ نیشان دەدەم کە لە کێ بترسێن. لە ئەوەی بترسێن کە لە پاش کە کوژتویە حیکماتی هەیە کە دە جەهەننەمی باوێژێ. بڵێ بە ئەنگۆ دەڵێم، لە ئەوی بترسێن.

6) ئەرێ پێنج چوێلەکان بە دوو پوڵ نافرۆشێن؟ و یەکێک لە وان لەکن خوڵای لەبیری نەچووە.

7) بەڵا موویانی سەری ئەنگۆش هەموو ژماردراون، مەترسێن لە زۆر چوێلەکان زیاترن.

8) بە ئەنگۆ دەڵێم: هەر کەس کە ئەمن لەپێش خەڵکی ئیقرار بکا، کوڕی ئینسانیش ئەوی لە پێش مەلایکەتانی خوڵای ئیقرار دەکا.

9) بەڵا ئەوەی کە لە کن خەڵکی لە من حاشا بکا، لە کن مەلایکەتانی خوڵای حاشا دەکرێ.

10) و هەر کەس کە قسەیەکی زیددی کوڕی ئینسانی بڵێ، بە وی دەبەخشرێ، بەڵا بە وەی کە زیددی ڕوحولقدوس کفر بڵێ نابەخشرێ.

11) بەڵا وەختێکی ئەوان ئەنگۆ دەبەنە کەنیشتان و لە پێش حاکمان و حیکماتان خەمێ مەخۆن چلۆن یان چی جواب بدەن یان چی بڵێن.

12) چونکە ڕوحولقدوس هەر دەو سەعاتەیدا ئەنگۆ فێر دەکا چی لازمە کە بڵێن.»

13) و یەکێک لە ئەو غەڵەبایییەی بە وی گوت: «ئەی مامۆستا، بە برای من بڵێ کە میراتی دەگەڵ ئەمن بەش بکا.»

14) بەڵا ئەو بە وی گوت: «ئەی پیاو کێ ئەمنی لەسەر ئەنگۆ قازی یان بەشکەر داناوە؟»

15) و بە وانی گوت: «تەماشا بکەن و هۆشیار بن لە هەموو تەماکاری، چونکە عومری کەس دە زیادی ماڵی ویدا نییە.»

16) بەڵا مەسەلێکی بۆ وان دەهێنا دەیگوت: «موڵکی پیاوێکی دەوڵەمەند حاسڵی زۆری هێنا.

17) و دە خۆیدا فکری دەکرد، دەیگوت: چی بکەم چونکە جێم نییە کە حاسڵی خۆم لەوێ خڕ بکەم؟

18) و کوتی: ئەوەی دەکەم، عمبارانی خۆم دەڕووخێنم و گەورەتر دروست دەکەم و هەموو حاسڵ و ماڵی خۆم لەوێ خڕ دەکەم.

19) و بە گیانی خۆم دەڵێم: ئەی گیان، بۆ زۆر ساڵان زۆر چتانی چاک دانداروت هەیە، ڕەحەت بە، بخۆ، بخۆوە و خۆشحاڵ بە.

20) بەڵا خوڵا بە وی گوت: ئەی بێ عاقڵ، دەو شەوەیدا، گیانی تۆ لە تۆ دەستێنن. و ئەو چتانەی کە حازرت کردووە بۆ کێ دەبن؟

21) هەر وایە ئەوەی کە خەزینەیەکی بۆخۆی خڕ بکا و لەکن خوڵای دەوڵەمەند نییە.

22) و بە شاگردانی خۆی گوت: لەبەر ئەوەی بە ئەنگۆ دەڵێم: خەمی ژیانێ مەخۆن کە چی بخۆن و نە بۆ بەدەن کە چی دەبەر بکەن.

23) چونکە ژیان لە خۆراک و بەدەن لە جل زیاترە.

24) تەماشای قاژوان بکەن کە نە دەچێنن و نە دروێنەی دەکەن. نە خەڵوەتیان هەیە و نە عمبار و خوڵا ئەوان بەخێو دەکا. ئەنگۆ لە تەیڕان چەند زیاترن.

25) بەڵا کێهە لە ئەنگۆ بە خەمخواردن دەتوانێ گەزێک لەسەر بەژنی خۆی زیاد بکا؟

26) دەنا ئەگەر بۆ چتێکی پچووکتر قووەتوو نییە، لەبەر چتانی دیکە بۆچی خەم دەخۆن؟

27) تەماشای سوێسنان بکەن چلۆن نە دەڕێسن و نە دەتەنن. بەڵا بە ئەنگۆ دەڵێم: سلەیمانیش دە هەموو جەلالی خۆیدا وەکوو یەکێک لە ئەوانەی دەبەر نەکرابوو.

28) بەڵا ئەگەر خوڵا گیای کە ئەوڕۆ دە زەویدایە و سبحەینێ دە تەندووری داوێژرێ وەها دەبەر بکا، چەند زیاتر ئەنگۆ ئەی کەم ئیمانان.

29) و ئەنگۆ حەول مەدەن کە چی بخۆن و چی بخۆنەوە و خیاڵوو بڵند نەبێ.

30) چونکە بۆ هەموو ئەو چتانە تایفانی دنیایی حەول دەدەن بەڵا بابی ئەنگۆ دەزانێ کە بۆ ئەوانە ئیحتیاجیو هەیە.

31) بەڵا پادشایەتی وی تەڵەب بکەن و ئەو چتانە بۆ ئەنگۆ زیاد دەبن.

32) مەترسێن، ئەی مێگەڵی پچووک چونکە بابی ئەنگۆ ڕازی بووە کە پادشایەتی بە ئەنگۆ بدا.

33) ماڵی خۆتان بفرۆشن و سەدەقە بدەن، کیسان بۆخۆتان دروست بکەن کە کۆن نەبن. خەزێنەیەکی دە ئاسماندا کە خەڵاس نەبێ. لە کوێ کە نە دز نیزیک دێ و نە مورانە خراپی دەکا.

34) چونکە لە کوێ کە خەزێنەی ئەنگۆیە، دڵی ئەنگۆش لەوێ دەبێ.

35) با پشتانی ئەنگۆ بەستراو ببن و چرایانوو هەڵکراو.

36) و ئەنگۆ وەکوو ئەو کەسانە بن کە چاوەنۆڕی ئاغای خۆیانن وەختێکی لە داوەتێ دەگەڕێتەوە، هەتاکوو وەختێکی دێ و لێ دەدا زوو بۆ وی ئاواڵە بکەن.

37) خۆزگە بە ئەو خزمەتکارانەی کە وەختێکی ئاغا بێ، ئەوان وەخەبەر پەیدا دەکا. ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم کە پشتی خۆی دەبەستێ و ئەوان لەسەر سفرەی ڕۆدەنێ و دێتە پێش و خزمەتی وان دەکا.

38) و ئەگەر دە نۆبەی دوویەمدا بێ، و ئەگەر دە ئی سێیەمدا و وەها پەیدا بکا، خۆزگە بە ئەوانە.

39) بەڵا ئەوەی بزانن کە ئەگەر خانەخوێ بیزانیبایە دە کێهە سەعاتەیدا دز دێ، نەیدەیێشت کە ماڵی وی کون بکرێ.

40) ئەنگۆش حازر بن، چونکە دەو سەعاتەیدا کە فکر ناکەن، کوڕی ئینسانی دێ.»

41) بەڵا پیترۆس کوتی: «یا ڕەب، ئەرێ ئەو مەسەلەی بە مە دەڵێی یان بە هەمووانیش؟»

42) ڕەب کوتی: «دەنا کێیە ئەو نازری ئەمین و عاقڵ کە ئاغا لەسەر خزمەتکارانی خۆی دادەنێ هەتاکوو خۆراکی تەعین کراو دە وەختی خۆیدا بە وان بدا؟

43) خۆزگە بە ئەو عەبدەی کە ئاغای وی وەختێکی دەیبینێ وەها دەکا.

44) بەڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم: کە ئەوی لەسەر هەموو ماڵی خۆی دادەنێ.

45) بەڵا ئەگەر ئەو عەبدە دە دڵی خۆیدا بڵێ: ئاغای من هاتنی خۆی درەنگ دەکا و دەست پێ دەکا کە لە نۆکەران و قەرواشان بدا و کە بخوا و بخواتەوە و مەست ببێ.

46) ئاغای ئەو عەبدەی دێ دە ڕۆژێکیدا کە چاوەنۆڕ نەبێ و دە سەعاتێکیدا کە نەزانێ و ئەوی دوو لەت دەکا و بەشی وی دەگەڵ بێ ئیمانان دادەنێ.

47) بەڵا ئەو عەبدەی کە ئیرادەی ئاغای خۆی زانی و حازری نەکرد، یان وەکوو ئیرادەی وی نەکرد، قامچی زۆری لێ دەدرێ.

48) ئەما ئەوەی کە نازانێ بەڵا لایقی قامچیانی کرد، قامچی کەمی لێ دەدرێ. و هەر کەس کە زۆری دراوە، لە وی زۆر دەستێندرێ و ئەوەی کە زۆر بە وی تەسلیم بووە لە وی پتر تەڵەب دەکرێ.»

49) هاتووم کە ئاورێکی لەسەر ئەرزێ باوێژم و چم دەوێ ئەگەر ئەلان هەڵکرابایە؟

50) بەڵا تەعمیدێکم هەیە کە پێی تەعمید بکرێم. و چەند تەنگانەم هەتا خەڵاس دەبێ.

51) ئەرێ فکر دەکەن کە هاتووم سوڵح لەسەر ئەرزێ بدەم؟ بە ئەنگۆ دەڵێم نەخێر، بەڵا جوێبوونەوەی.

52) چونکە لەوەی پاش دە یەک ماڵدا پێنج جوێ دەبنەوە، سێ لەسەر دوو و دوو لەسەر سێ.

53) باب لەسەر کوڕی و کوڕ لەسەر بابی، دایک لەسەر کچی و کچ لەسەر دایکی، خەسووی لەسەر بووکی و بووک لەسەر خەسووی جوێ دەبنەوە.

54) و بە خەڵکیشی گوت: وەختێکی دەبینن کە هەورێکی دە لای ڕۆژئاوایدا بڵند دەبێتەوە، زۆر دەڵێن کە باران دێ و وەها دەبێ.

55) و وەختێکی بای جنووبی لێ دەدا دەڵێن کە گەرم دەبێ، و دەبێ.

56) ئەی ڕیاکاران ڕووی ئەرز و ئاسمان دەزانن کە سۆراغ بکەن، بەڵا ئەو زەمانە چلۆن ئەوی سۆراغ ناکەن؟

57) و بۆچی لە خۆتانیش حوکم ناکەن ئەو چتەی کە حەققە؟

58) چونکە وەختێکی دەگەڵ موددەعی خۆت بۆ کن حاکم دەچی، دە ڕێیدا سەعی بکە کە لە ئەوی خەڵاس بی، نەبا ئەتۆ بۆ کن قازی بکێشێ و قازی ئەتۆ بە داروغە تەسلیم بکا و داروغە ئەتۆ دە بەندیخانەی باوێژێ.

59) بە تۆ دەڵێم: قەت لە ئەوێ وەدەر ناکەوی هەتا پوڵی ئاخریشت ئەدا نەکردووە.

باب ١٣[edit]

1) و دەو وەختەیدا هێندێک لەوێ بوون کە بە وی خەبەریان دا، بەحسی ئەو جەلیلیانە کە پیلاتووس خوێنی وانی دەگەڵ قوربانانی وان تێکەڵ کردبوو.

2) و جوابی دا و بە وانی گوت: «ئەرێ فکر دەکەن کە ئەو جەلیلییانە لە هەموو جەلیلییان گوناحکارتر بوون، چونکە ئەو چتانەیان کێشاوە؟

3) بە ئەنگۆ دەڵێم نەخێر، بەڵا ئەگەر تۆبەی نەکەن هەمووتان هەر وا هیلاک دەبن.

4) یان ئەو هەژدانەی کە بورجی دە سلوامدا کەوتە سەریان و ئەوانی کوشت، ئەرێ فکر دەکەن کە ئەوان لە هەموو کەسانی کە دە ئورشەلیمیدا دەژین خەتادارتر بوون؟

5) بە ئەنگۆ دەڵێم: نەخێر، بەڵا ئەگەر تۆبەی نەکەن هەمووتان هەر وا هیلاک دەبن.»

6) و ئەو مەسەلەی گوت: کەسێک دارەهەنجیرێکی چەقاندراو دە ڕەزی خۆیدا هەبوو و هات و حەولی میوەی لە وی دەدا و پەیدای نەکرد.

7) و بە ڕەزوانی گوت: «ئەوەتا سی ساڵە کە دێم و لەو دارەهەنجیرەی حەولی میوەی دەدەم و پەیدا ناکەم. ئەوی ببڕە، بۆچی ئەرزیش بەتاڵ دەکا؟»

8) بەڵا ئەو جوابی دا و بە وی گوت: «ئەی ئاغا، ئەو ساڵیش لێی گەڕێ هەتا دەوری وی هەڵبکەنم و زبڵی تێ بکەم.

9) و ئەگەر میوەی بێنی لە پاش ئەوەی، چاک، بەڵا ئەگەر نە ئەوی ببڕێ.»

10) و دە شەمۆی دە یەکێک لە کەنیشتاندا تەعلیمی دەدا.

11) و ئەوەتا ژنێک هەبوو کە هەژدە ساڵ ڕوحێکی زەعیفی بوو و کووڕ بوو و نەیدەتوانی خۆی تەواو ڕاست بکاتەوە.

12) بەڵا وەختێکی یەسووع ئەوی دی بانگی کرد و بە وی گوت: «ئەی ژن، لە زەعیفیی خۆت ڕەد بووی.»

13) و دەستانی لەسەر ئەوی دانا و جێبەجێ ڕاست بۆوە و شوکری خوڵای دەکرد.

14) بەڵا گەورەی کەنیشتی کە ناقایل بوو چونکە یەسووع دە شەمۆیدا ساغ دەکردەوە، جوابی دا و بە خەڵکی گوت: «شەش ڕۆژ هەن کە دە واندا لازمە کە کار بکەن، دەنا دە واندا وەرن و ساغ ببنەوە و نە دە ڕۆژی شەمۆیدا.»

15) بەڵا ڕەب بە وی جوابی دا و کوتی: «ئەی ڕیاکاران، ئەرێ هەر یەکێک لە ئەنگۆ دە شەمۆیدا گای خۆی یان کەری لە ئاخوڕی ناکاتەوە و نایبا کە ئاوی بدا؟

16) بەڵا ئەوە کە کچی ئیبراهیمە، کە شەیتان بەستوویە ئەوەتا هەژدە ساڵ، ئەرێ واجب نییە کە دە ڕۆژی شەمۆیدا لەو بەندەی بکرێتەوە؟»

17) و کە ئەو چتانەی گوت، هەموو ئەوانەی کە زیددی وی بوون، شەرمییان کرد و هەموو خەڵکی خۆشحاڵ دەبوون لەسەر هەموو چتانی جەلالدار کە بە وی دەکران.

18) ئەو وەختی کوتی: «پادشایەتی خوڵای بە چی دەشبهێ و بە چی ئەوی بشبهێنم؟

19) دەشبهێ بە دەنکێکی خەردەل کە پیاوێک گرتی و دە باغچەی خۆیدا هاویشتی و گەورە بوو و بوو بە دارێک و تەیڕانی ئاسمان دە لکانی ویدا هەڵنیشتن.»

20) و دیسان کوتی: «ئەرێ پادشایەتی خوڵای بە چی بشبهێنم؟»

21) دەشبهێ بە هەویرترشێکی کە ژنێک گرتی و دە سێ کیلەی ئاردیدا شاردیەوە هەتا هەموو ترشا.

22) و دە نێو شاران و دێیاندا دەگەڕا؛ تەعلیمی دەدا و بۆ لای ئورشەلیمی دەچوو.

23) و کەسێک بە وی گوت: «یا ڕەب ئەرێ کەمن کە خەڵاس دەبن؟»

24) بەڵا ئەو بە وانی گوت: «زەحمەت بکێشن کە لە دەرکەی تەنگ وەژوور بکەون، چونکە بە ئەنگۆ دەڵێم: زۆران سەعی دەکەن کە وەژوور بکەون و ناتوانن.

25) لەپاش ئەوەی کە خانەخوێ هەڵستاوە و دەرکەی داخستووە و ئەنگۆ دەست پێ دەکەن کە لە دەرێ ڕاوەستن و لە دەرکەی دەدەن و بڵێن یا ڕەب بۆ مە بیکەوە! و جواب دەدا و بە ئەنگۆ دەڵێ: ئەنگۆ ناناسم لە کوێن.

26) ئەودەمی ئەنگۆ دەست پێ دەکەن کە بڵێن: لە بەر چاوی تۆمان خواردووە و خواردوومانەوە و دە کوچەی مەدا تەعلیمت داوە.

27) و ئەو دەڵێ، بە ئەنگۆ دەڵێم: ناناسم لە کوێن، لە من دوور بن ئەی هەموو ناحەقکەران.

28) لەوێ گریان و جیڕاندنی دەدانان دەبێ وەختێکی ئیبراهیم و ئیسحاق و یەعقوب و هەموو پێغەمبەران دە پادشایەتی خوڵایدا، بەڵا خۆتان دەرکراو دەبینن.

29) و لە ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژئاوای و لە شوماڵ و جنوب دێن و لەسەر سفرەی دە پادشایەتی خوڵایدا ڕۆدەنیشن.

30) و ئەوەتا ئاخیران هەن کە هەوەڵ دەبن و هەوەڵان هەن کە ئاخیر دەبن.»

31) دەو سەعاتەیدا چەند فریسییان هاتنە پێش و بە وییان گوت: «وەدەر بکەوە و بڕۆ لە ئێرە، چونکە هیرۆدیس تەمای هەیە ئەتۆ بکوژێ.»

32) و بە وانی گوت: «بڕۆن و بەو ڕێوییەی بڵێن: ئەوەتا جیننان دەر دەکەم و ساغیەتی دەکەم، ئەوڕۆ و سبحەینێ و دە ڕۆژی سێیەمدا خەڵاس دەبم.

33) بەڵا بۆ من لازمە کە ئەوڕۆ و سبحەینێ و دە ڕۆژی دیدا بگەڕێم، چونکە نابێ کە پێغەمبەرێک لە ئورشەلیمی بەدەر هەلاک ببێ.

34) ئەی ئورشەلیم، ئەی ئورشەلیم کە پێغەمبەران دەکوژی و ئەوانەی کە ناردراونە کن ئەتۆ بەردەباران دەکەی، چەند جاران ویستم کە منداڵانی تۆ خڕ بکەمەوە چلۆنێکی مریشک جوچکان لە بن باڵانی خۆی خڕ دەکاتەوە و نەتانویست.

35) ئەوەتا ماڵوو بۆ ئەنگۆ وێران دەمێنێ و بە ئەنگۆ دەڵێم: قەت ئەمن نابینن هەتا ئەو وەختی بێ کە دەڵێن: «ممبارەک بێ ئەوەی کە بە نێوی ڕەب دێ.»

باب ١٤[edit]

1) و بوو کە وەختێکی ئەو وەژوور ماڵی یەکێک لە مەزنانی فریسییان دە شەمۆیدا کەوت کە نان بخوا و ئەوان لە وی سیاد بوون.

2) و ئەوەتا پیاوێک ئیسقادار لەپێش ئەوی هەبوو.

3) و یەسووع جوابی دا و بە شەرعکەران و فریسییان قسەی کرد، دەیگوت: «ئەرێ دە شەمۆیدا ساغکردنەوە دروستە یان نە؟»

4) بەڵا ئەوان بێدەنگ بوون. و گرتی، ئەوی ساغ کردەوە و بەری دا.

5) و بە وانی گوت: «کێهە لە ئەنگۆ کە کوڕی یان گای دە چاڵێکیدا بکەوێ و جێبەجێ دە ڕۆژی شەمۆیدا ئەوی دەرناکێشێ؟»

6) و نەیاندەتوانی جوابی ئەو چتانەی بدەن.

7) بەڵا بۆ بانگێشتراوان مەسەلێکی دەهێنا، وەختێکی دیتی چلۆن جێیانی ژوورەوەیان هەڵدەبژارد، بە وانی دەگوت:

8) «وەختێکی لە کەسێک بۆ داوەتێ بانگ ئێشترای، دە جێی ژوورەوەدا ڕۆمەنیشە، نەبا یەکێک لە تۆ موحتەبەرتر لەوێ بانگ ئێشترابێ.

9) و ئەوەی کە ئەتۆ و ئەوی بانگ ئێشتووە بێ و بە تۆ بڵێ، جێی بە وی بدە. و ئەودەمی بە شەرمی دەست پێ دەکەی کە جێی خوارێ بگری.

10) بەڵا وەختێکی بانگ ئێشترای، بڕۆ دە جێی خوارێ ڕۆبنیشە هەتاکوو وەختێکی ئەوەی کە ئەتۆی بانگ ئێشتووە بێ و بە تۆ بڵێ: «ئەی دۆست، وەرە ئێرە ژوورەوەتر.» ئەو دەمی حورمەتت دەبێ دە پێش هەموو ئەوانەی کە دەگەڵ ئەتۆ لەسەر سفرەی ڕۆدەنیشن.

11) چونکە هەر کەس کە خۆی بڵند بکا، نەوی دەکرێ، و ئەوەی کە خۆی نەوی بکا بڵند دەکرێ.»

12) بەڵا بە ئەویش کە ئەوی بانگ ئێشتبوو کوتی: «وەختێکی کاوەڵتونێکی یان شامێکی دروست دەکەی: دۆستانی خۆت یان برایانی خۆت یان خزمانی خۆت یان جیرانانی دەوڵەمەند بانگ مەکە، نەبا کە ئەوانیش ئەتۆ بانگ بکەنەوە و تۆڵە بۆ تۆ ببێ.

13) بەڵا وەختێکی میمانی دەکەی، فەقیران، نقوستانان، شەلان و کوێران بانگ بکە.

14) و خۆزگە دەبی، چونکە هیچیان نییە کە تۆڵە بە تۆ بدەن. چونکە دە قیامەتی سادقاندا تۆڵە بە تۆ دەدرێ.

15) و کە یەکێک لە ڕۆنیشتووان لەسەر سفرەی دەگەڵی ئەو چتانەی بیست، بە وی گوت: «خۆزگە بە ئەوەی کە دە پادشایەتی خوڵایدا نان دەخوا.»

16) بەڵا ئەو بە وی گوت: «پیاوێک شامێکی گەورەی دروست کرد و زۆرانی بانگ ئێشت.

17) و دە وەختی شامێدا، خزمەتکاری خۆی نارد کە بە بانگ ئێشتراوان بڵێ: وەرن چونکە ئەلان حازرە.

18) و هەموویان بە یەک قول دەستیان پێ کرد بە بیانووهێنانی، ئی هەوەڵ بە وی گوت: «زەوییەکم کڕیوە و لازمە بۆ من کە بچم ئەوی ببینم. تکات لێ دەکەم کە بەخشراو حیسابم بکە.»

19) و ئەوی دیکە کوتی: «پێنج جووت گام کڕیوە و دەچم کە ئەوانی تەجرەبە بکەم. تکات لێ دەکەم کە بەخشراو حیسابم بکە.»

20) و ئی دیکە کوتی: «ژنێکم هێنا و لەبەر ئەوەی ناتوانم بێم.»

21) و خزمەتکار کە هاتەوە و ئەو چتانەی بە ئاغای خۆی خەبەر دا، ئەو دەمی خانەخوێ ڕقی هەڵستا و بە خزمەتکاری خۆی گوت: «بە زوویی وەدەر بکەوە ده کوچان و مەیدانانی شاریدا و فەقیران و نقوستانان و کوێران و شەلان بێنە ژووری ئێرە.»

22) و ئەو خزمەتکارە کوتی: «ئەی ئاغا ئەو چتەی کە ئەمرت کردووە بووە و هێشتا جێ هەیە.»

23) و ئاغا بەو خزمەتکارەی گوت: «وەدەر بکەوە دە ڕێیان و قەراغاندا و مەجبوریان بکە کە وەژوور بکەون هەتاکوو ماڵی من پڕ ببێ.

24) چونکە بە ئەنگۆ دەڵێم کە هیچکەس لەو پیاوانەی کە بانگ ئێشترابوون، شامی من ناچێژن.»

25) و خەڵکی زۆر دەگەڵ ئەوی دەچوون. و وەرگەڕا و بە وانی گوت: «ئەگەر کەسێک بێتە کن ئەمن و باب و دایک و ژن و منداڵان و برایان و خوشکانی خۆی و ژیانی خۆشی نەبوغزێنێ، ناتوانێ شاگردی من ببێ.

27) و هەر کەس کە سێدارەی خۆی هەڵنەگرێ و لە دوای من نەیێ ناتوانێ شاگردی من ببێ.

28) چونکە کێهە لە ئەنگۆ کە بیەوێ بورجێکی دروست بکا، هەوەڵێ ڕۆنانیشی و خەرجی حیساب ناکا ئەگەر بۆ تەواوکردنی وی هەیەتی؟

29) نەوەکوو کە وەختێکی بناغەی وی داناوە و نەتوانێ تەواوی بکا، هەمووان کە دەبینن دەست پێ بکەن کە مسخارە بە وی بکەن.

30) و بڵێن کە ئەو پیاوە دەستی پێ کرد کە دروست بکا و نەیتوانی تەواوی بکا.

31) یان کێهە پادشا کە دەچێ کە دەگەڵ پادشایەکی دیکە شەڕێ بکا هەوەڵێ ڕۆنانیشێ و تەگبیر ناکا ئەگەر بە دە هەزار دەتوانێ بەرامبەری وی بچێ کە بە بیست هەزار لەسەر ئەوی دێ؟

32) و ئەگەر نە، وەختێکی ئەو هێشتا دوورە قاسدێکی دەنێرێ و شەرتی سوڵحی تەڵەب دەکا.

33) دەنا هەروەها هەر کەس لە ئەنگۆ کە دەست لە هەموو چتی ئی خۆی هەڵ نەگرێ ناتوانێ شاگردی من ببێ.

34) دەنا خوێ چاکە، بەڵا ئەگەر خوێش بێتام ببێ، بە چی سوێر دەکرێ؟

35) نە بۆ ئەرزی بە کار دێت و نە بۆ سەرگوێلکی، بەڵا فڕێی دەدەنە دەرێ. ئەوەی کە گوێی بیستنی هەیە با ببیێ.»

باب ١٥[edit]

1) بەڵا هەموو ڕاداران و گوناحکاران نیزیکی وی دەبوون کە گوێی لێ بگرن.

2) و فریسییان و خوێندەواران بۆڵەبۆڵیان دەکرد، دەیانگوت: «ئەوە گوناحکاران قەبوڵ دەکا و دەگەڵ ئەوان دەخوا.»

3) بەڵا ئەو مەسەلی بۆ وان دەهێنا، دەیگوت:

4) «کێهە کەس لە ئەنگۆ کە سەد مەڕی هەبێ و یەکێک لە وان ون بکا، ئەو نەوەت و نۆی دە چۆڵیدا بەجێ نایەڵێ و لە دوای ئەوەی کە ون بووە ناچێ، هەتا ئەوی پەیدا بکا؟

5) و کە پەیدای کردەوە بە خۆشحاڵی لەسەر شانانی خۆی دادەنێ.

6) و کە دێتە ماڵێ، دۆستان و جیرانان بانگ دەکا و بە وان دەڵێ: دەگەڵ ئەمن خۆشحاڵ بن، چونکە مەڕی خۆم کە ون بوو، پەیدام کردووە.

7) بە ئەنگۆ دەڵێم: کە هەر واش دە ئاسماندا خۆشحاڵی دەبێ لەسەر یەک گوناحکار کە تۆبە دەکا، پتر لە لەسەر نەوەت و نۆ سادقان کە موحتاجی تۆبەی نین.

8) یان کێهە ژن کە دە درهەمی هەبێ ئەگەر یەک درهەم ون بکا چرای هەڵ ناکا و ماڵی گەسک لێ نادا و بە وردی لێی ناگەڕێ هەتا ئەوی پەیدا بکا؟

9) و کە پەیدای کردەوە، دۆستان و جیرانان بانگ دەکا و دەڵێ: «دەگەڵ ئەمن خۆشحاڵ بن، چونکە ئەو درهەمەی کە ونم کردبوو، پەیدام کردەوە.»

10) بە ئەنگۆ دەڵێم: کە هەروەها دە پێش مەلایکەتانی خوڵایدا خۆشحاڵی دەبێ، لەسەر یەک گوناحکار کە تۆبە دەکا.

11) و کوتی: پیاوێک دوو کوڕی هەبوو.

12) و ئەو چکۆلەتری وان بە بابی گوت: «ئەی بابە، ئەو بەشەی ماڵێ کە بۆ من دەکەوێ بە من بدە!» و ماڵی بۆ وان بەش کرد.

13) و چەند ڕۆژان لە پاش ئەوەی ئەو کوڕی چکۆلەتر هەموو چتی خڕ کرد و بۆ وڵاتێکی دوور چوو و لەوێ ماڵی خۆی بە لوتیگەری خەسار کرد.

14) بەڵا وەختێکی ئەو هەموو چتی فەوتاندبوو، قاتییەکی گەورە دەو وڵاتەیدا پەیدا بوو و ئەو دەستی پێ کرد کە محتاج ببێ.

15) و چوو خۆی بە یەکێک لە ئەهلی ئەو وڵاتەی چەسپاند و ئەو ئەوی ناردە زەویانی خۆی کە بەرازان بلەوەڕێنێ.

16) و ئارەزووی دەکرد کە زگی خۆی پڕ بکا لە خڕنۆکانی کە بەرازان دەیانخوارد و کەس بە وی نەدەدا.

17) بەڵا وەختێکی لەسەر خۆی هات، کوتی: «چەند کرێکارانی بابی من نانی زیادیان هەیە بەڵا ئەمن لێرە لە برسان هیلاک دەبم.»

18) هەڵدەستم و دەچمە کن بابی خۆم و بە وی دەڵێم: «ئەی بابە، گوناحم کردووە لەسەر ئاسمان و دە پێشتی تو.

19) ئیدی لایق نیم کە کوڕی تو بانگ بکرێم، ئەمن وەکوو یەکێک لە کرێکارانی خۆت بکە.»

20) و هەڵستا و هاتە کن بابی خۆی. بەڵا وەختێکی ئەو هێشتا دوور بوو، بابی وی دیتی و دڵی سووتا و لنگی دا و کەوتە سەر ئەستۆی وی و زۆری ماچ کرد.

21) و کوڕەکە بە وی گوت: «ئەی بابە، گوناحم کردووە لەسەر ئاسمان و دە پێشی تو، ئیدی لایق نیم کە کوڕی تو بانگ بکرێم.»

22) بەڵا بابەکە بە خزمەتکارانی خۆی گوت: «جلی لە هەمووان چاتر زوو دەرێنن و دەبەر ئەوی بکەن و ئەنگوستیلێکی دە دەستی وی بکەن و کەوشان دە پێیانی.

23) و جوانەگای قەڵەو بێنن، سەری ببڕن و با بخۆین ۆ کەیفخۆش ببین.

24) چونکە ئەو کوڕەی من مردوو بوو و زیندوو بۆوە، ون بوو و پەیدا بۆوە». و دەستیان پێ کرد کە کەیفخۆش ببن.

25) بەڵا کوڕی گەورەی وی دە زەوییدا بوو، و کە نیزیکی ماڵێ دەهات، دەنگی بەزم و سەمای بیست.

26) و یەکێک لە نۆکەرانی بانگ کرد و پرسیاری کرد کە ئەو چتە چی بێ.

27) و ئەو بە وی گوت: «کە برای تۆ هاتەوە و بابی تۆ جوانەگای قەڵەوی سەر بڕیوە، لەبەر ئەوەی کە ئەوی بە ساغ و سڵامەتی وەرگرتەوە.»

28) و ڕقی هەستا و نەیویست کە وەژوور بکەوێ، بەڵا بابی وی وەدەر کەوت و لێی پاڕاوە.

29) بەڵا ئەو جوابی دا و بە بابی گوت: «ئەوەتا چەند ساڵ خزمەتی تۆ دەکەم، و قەت لە ئەمری تۆ دەر نەکەوتووم و قەت کاریلێکت بە من نەداوە، هەتاکوو دەگەڵ دۆستانی خۆم کەیفخۆشی بکەم.

30) ئەمما وەختێکی ئەو کوڕەی تۆ هات کە ماڵی تۆی دەگەڵ قاحبان خواردووە، جوانەگای قەڵەو بۆ ویت سەر بڕیوە.»

31) بەڵا ئەو بە وی گوت: «ئەی ڕۆڵە، ئەتۆ هەمیشە دەگەڵ ئەمنی و هەموو چتی من ئی تۆیە.

32) ئەمما کەیفخۆشکردن و خۆشحاڵبوونی لازیمە چونکە ئەو برای تۆ مردوو بوو و زیندوو بۆوە و ون بوو و پەیدا بۆوە.»

باب ١٦[edit]

1) بەڵا بە شاگردانیشی گوت: «پیاوێکی دەوڵەمەند هەبوو کە نازرێکی بوو و ئەو لەکن ئەوی گلێیی لێ کرابوو، وەکوو یەکێکی کە ماڵی وی خەسار دەکرد.»

2) و ئەوی بانگ کرد و بە وی گوت: «ئەوە چییە کە بەحسی تو دەبیێم؟ حیسابی نازرێتی خۆت بدە، چونکە ئیدی ناتوانی نازرێتی بکەی.»

3) بەڵا ئەو نازرە دە خۆیدا کوتی: «چی بکەم؟ چونکە ئاغای من نازرێتی لە من دەستێنێ. ناتوانم کە هەڵبکەنم و شەرمێ دەکەم کە سواڵ بکەم.

4) دەزانم چی بکەم، هەتاکوو وەختێکی لە نازرێتی دەر کراوم ئەمن دە ماڵانی خۆیاندا قەبوڵ بکەن.

5) و هەر یەکێکی لە قەرزدارانی ئاغای خۆی بانگ کرد و بە ئی هەوەڵێی گوت: «بە ئاغای من چەند قەرزداری؟»

6) و ئەو کوتی: «سەد باتمان ڕۆن.» بەڵا ئەو بە وی گوت: «سیای خۆت بگرە و ڕۆنیشە و زوو پینجای بنووسە.»

7) لە پاشان بە یەکی دیکەی گوت: «بەڵا ئەتۆ چەند قەرزداری؟» و ئەو کوتی: «سەد بار گەنم.» بە وی گوت: «سیای خۆت بگرە و هەشتای بنووسە.»

8) و ئاغا لەو نازرەی ناحەق ئافەرینی کرد کە بە عەقڵی کار کردبوو. چونکە کوڕانی ئەو دنیایەی دەگەڵ سلسلەی خۆیان عاقڵترن لە کوڕانی ڕووناکایی.

9) ئەمنیش بە ئەنگۆ دەڵێم: «بە مامونای ناحەقی، دۆستان بۆ خۆتان پەیدا بکەن هەتاکوو وەختێکی ئەو خەڵاس دەبێ، ئەنگۆ دە خێوەتانی ئەبەدیدا قەبوڵ بکەن.

10) ئەوەی کە دە کەمدا ئەمینە، دە زۆریشدا ئەمینە، و ئەوەی کە دە کەمدا ناحەقە، دە زۆریشدا ناحەقە.

11) دەنا ئەگەر دە مامونای ناحەقدا ئەمین نەبووباین کێ ئەوەی حەق بە ئەنگۆ دەسپێرێ؟

12) و ئەگەر دە ئی دیکەیدا ئەمین نەبووباین کێ ئی خۆتان بە ئەنگۆ دەدا؟

13) هیچ خزمەتکارێ ناتوانێ خزمەتی دوو ئاغایان بکا، چونکە یان یەکێکی دەبوغزێنێ و ئەوی دیکە دەحوببێنێ، یان تابعی یەکێکی دەبێ و ئەوەی دیکە سووک دەژمێرێ. ئەنگۆ ناتوانن خزمەتی خوڵای و مامونای بکەن.»

14) بەڵا فریسییان کە دراودۆست بوون هەموو ئەو چتانەیان بیست و مسخارەیان بە وی دەکرد.

15) و ئەو بە وانی گوت: «ئەنگۆ ئەوانەن کە خۆتان دە پێش خەڵکیدا سادق دەکەن، بەڵا خوڵا دڵوو دەناسێ، چونکە ئەو چتەی کە لە نێو خەڵکی بڵندە، دە پێش خوڵایدا ناحەزە.

16) شەریعەت و پێغەمبەران هەتا یوحەننا بوون. لە ئەو وەختێوە مزگێنی پادشایەتی خوڵای دەدرێ. و هەر کەس بە زۆری وەژوور ئەوێ دەکەوێ.

17) بەڵا هاسانترە کە ئەرز و ئاسمان ڕاببرن لە وەی کە یەک تەختە لە شەریعەت بکەوێ.

18) هەر کەس کە ژنی خۆی بەرەڵڵا بکا و یەکی دیکە مارە بکا، زیناح دەکا. و ئەوەی کە بەرەڵڵاکراوێکی لە مێردی، مارە بکا، زیناح دەکا.»

19) بەڵا پیاوێکی دەوڵەمەند هەبوو و ئەرغەوان و کەتانی دەبەر دەکرد و هەر ڕۆژ بە عەیشی کەیفخۆشی دەکرد.

20) و فەقیرێک هەبوو نێوی ئیلعازەر، کە بریندار لە بەر دەرکەی وی هاویشترابوو.

21) و ئارەزووی دەکرد کە خۆی تێر بکا، لەو چتانەی کە لە سفرەی ئەو دەوڵەمەندەی دەکەوتن. بەڵا سەگانیش دەهاتن و برینەکانی وییان دەلێستەوە.

22) بەڵا بوو کە ئەو فەقیرەی مرد و بە مەلایکەتان بۆ باوەشی ئیبراهیمی بردرا. بەڵا دەوڵەمەندەکەش مرد و نێشترا.

23) و کە چاوانی خۆی دە عالەمی مردوواندا هەڵێنا کە دە عازاباندا بوو، لە دوورەوە ئیبراهیمی دی و ئیلعازەر دە باوەشی ویدا.

24) و ئەو قیژاندی و کوتی: «ئەی بابە ئیبراهیم ڕەحمێ بە من بکە و ئیلعازەر بنێرە هەتاکوو سەری قامکی خۆی دە ئاوێ بخا و زمانی من فێنک بکا، چونکە دەو هاڵاوەیدا عازاب دەکێشم.»

25) بەڵا ئیبراهیم کوتی: «ئەی ڕۆڵە، وەبیرت بێنە کە چتانی چاکی خۆت دە عومری خۆتدا وەرتگرت و هەر وەها ئیلعازەر چتانی خراپ. بەڵا ئەوێستا ئەو لێرە دڵخۆشی دەدرێ و ئەتۆ عازاب دەکێشی.

26) و لەسەر هەموو ئەو چتانەی مابەینی مە و ئەنگۆ خەندەقێکی گەورە قایمکراو هەیە هەتاکوو ئەوانەی کە دەیانەوێ لە ئێرە بۆ کن ئەنگۆ ڕابرن، نەتوانن و نەش لە ئەوێ بۆ کن ئەمە ڕابرن.»

27) بەڵا ئەو کوتی: «دەنا تکات لێ دەکەم، ئەی بابە، کە ئەوی بۆ ماڵی بابم بنێری.

28) چونکە پێنج برام هەیە، هەتاکوو شایەدی چاک بە وان بدا، نەبا ئەوانیش بۆ ئەو جێی عازابی بێن.»

29) بەڵا ئیبراهیم کوتی: «مووسا و پێغەمبەرانیان هەیە. با گوێ لە وان بگرن.»

30) بەڵا ئەو کوتی: «نەخێر، ئەی بابە ئیبراهیم، بەڵا ئەگەر یەکێک لە مردووان بۆ کن ئەوان بڕوا تۆبە دەکەن.»

31) بەڵا ئەو بە وی گوت: «ئەگەر لە مووسا و پێغەمبەران گوێ ناگرن باوەڕیش ناکەن ئەگەر یەکێک لە مردووان هەڵبستێتەوە.»

باب ١٧[edit]

1) و بە شاگردانی خۆی گوت: «نامومکینە کە هەڵئەنگوتنان نێن، بەڵا وای بۆ ئەوەی کە بە سەبەبی وی دێن.

2) بۆ وی چاتر دەبوو ئەگەر بەرداشێک دە ئەستۆی وی بخرابایە و دە بەحری باوێژرابایە لە وەی کە یەکێک لەو چکۆلانە هەڵبنگوێنێ.

3) لە خۆتان ئاگادار بن. ئەگەر برای تۆ گوناح بکا، ئەوی مەزەممەت بکە و ئەگەر تۆبەی بکا، ئەوی ببەخشە.

4) و ئەگەر ڕۆژێ حەوت جاران لەسەر ئەتۆ گوناح بکا و حەوت جاران بۆ کن ئەتۆ بگەڕێتەوە و بڵێ تۆبەی دەکەم، ئەوی ببەخشە.»

5) و ڕەسوڵان بە ڕەب کوتیان: «ئیمانی مە زیاد بکە.»

6) بەڵا ڕەب کوتی: «ئەگەر وەکوو دەنکێکی خەردەل ئیمانوو هەبایە، بەو دارە تووەی دەتانگوت: هەڵبکەندرێ و دە بەحرێدا بچەقێندرێ و ئیتاعەتی ئەنگۆی دەکرد.

7) بەڵا کێهە لە ئەنگۆ کە عەبدێکی هەبێ کە جووتی یان شوانێ دەکا، کە وەختێکی لە زەوی بێتەوە بە وی بڵێ: زوو وەرە ئێرە و لەسەر سفرەی ڕۆنیشە؟

8) بەڵا ئەرێ بە وی ناڵێ: چتێکی حازر بکە کە شام بخۆم و پشتی خۆت ببەستە و خزمەتی من بکە هەتا بخۆم و بخۆمەوە و لە پاشان ئەتۆ بخۆ و بخۆوە؟

9) مەگەر لەو عەبدەی مننەت هەڵدەگرێ چونکە ئەو چتانەی کە ئەمر کران بەجێی هێنا؟

10) هەر واش ئەنگۆ وەختێکی هەموو چتانی کە بە ئەنگۆ ئەمر کراون کردووتانە بڵێن: عەبدانی بێ فایدە هەین، ئەو چتەی کە بۆ مە واجب بوو کە بیکەین کردوومانە.»

11) و بوو کە وەختێکی بۆ ئورشەلیمی دەچوو، دە مابەینی سماریە و جەلیلیدا ڕادەبرد.

12) و کە ئەو وەژوور دێیەکی دەکەوت، دە پیاوی گول تووشی وی بوون کە لە دوورەوە ڕاوەستان.

13) و ئەوان دەنگیان هەڵێنا، دەیانگوت: «ئەی یەسووع مامۆستا، ڕەحمێ بە مە بکە.»

14) و وەختێکی ئەوانی دی بە وانی گوت: «بڕۆن و خۆتان بۆ کاهینان نیشان بدەن.» و بوو کە وەختێکی ئەوان دەچوون پاک بوونەوە.

15) بەڵا یەکێک لە وان، وەختێکی دیتی کە ساغ بۆوە گەڕاوە و بە دەنگێکی بڵند، شوکری خوڵای دەکرد.

16) و لەبەر پێیانی وی بە سەر ڕوودا کەوت و مننەتی لێ هەڵدەگرت و ئەو سماری بوو.

17) بەڵا یەسووع جوابی دا و کوتی: «ئەرێ ئەو دەیانە پاک نەبوونەوە؟ ئەو نۆیانە لە کوێن؟

18) ئەرێ پەیدا نەبوون کە بگەڕێنەوە، کە شوکرانە بە خوڵای بدەن بێجگە لەو غەریبە؟»

19) و بە وی گوت: «هەڵستە بڕۆ. ئیمانی تۆ، ئەتۆی خەڵاس کردووە.»

20) و کە لە فریسییان پرسیاری لێ کرا، کە پادشایەتی خوڵای کەنگێ دێ، جوابی بە وان دا و کوتی: «پادشایەتی خوڵای بە دیتنێ ئاشکرا نایێ.»

21) و ناشڵێن، ئەوەتا لێرە یان لەوێ، چونکە ئەوەتا پادشایەتی خوڵای لەنێو ئەنگۆیە.

22) بەڵا بە شاگردانی گوت: «ڕۆژان دێن کە ئارەزوو دەکەن کە یەکێک لە ڕۆژان کوڕی ئینسانی ببینن و نایبینن.

23) و بە ئەنگۆ دەڵێن: «ئەوەتا لێرە، مەچن و وەدوای مەکەون.»

24) چونکە چلۆنێکی بروسکە وەختێکی دەبروقێ لە لایەک لە بن ئاسمان هەتا بۆ لایەکی دیکە لە بن ئاسمان شەوق دەدا، هەر واش کوڕی ئینسانی دە ڕۆژی خۆیدا دەبێ.

25) بەڵا هەوەڵێ بۆ وی لازمە کە ئەزیەتانی زۆر بکێشێ و لە ئەو سلسلەی ڕەد بکرێ.

26) و چلۆنێکی دە ڕۆژانی نوحدا بوو، هەر واش دە ڕۆژانی کوڕی ئینسانیدا دەبێ.

27) دەیانخوارد و دەیانخواردەوە، مارەیان دەکرد و مارە دەکران هەتا ئەو ڕۆژەی کە نوح وەژوور گەمێ کەوت و تۆفان هات و هەموویانی هیلاک کرد.

28) هەر وەکوو دە ڕۆژانی لوتیشدا بوو، دەیانخوارد و دەیانخواردەوە، دەیانکڕی و دەیانفرۆت، دەیانچاند و دروستان دەکرد.

29) بەڵا دەو ڕۆژەیدا کە لوت لە سدومی وەدەر کەوت ئاور و گوگرد لە ئاسمانێ باری و هەموویانی هیلاک کرد.

30) هەر واش دەبێ دەو ڕۆژەیدا کە کوڕی ئینسانی ئاشکرا دەبێ.

31) دەو ڕۆژەیدا ئەوەی کە لەسەر بانی دەبێ و ئەسبابانی وی دە ماڵێدان، با نێتە خوارێ کە ئەوان هەڵبگرێ و هەر وا ئەوەی کە دە زەویدایە، با نەگەڕێتە ئەو چتانەی پاشەوە.

32) ژنی لوت وەبیروو بێنن.

33) هەر کەس کە بیەوێ کە گیانی خۆی خەڵاس بکا، ونی دەکا و هەر کەس کە ونی بکا، زیندووی دەکاتەوە.

34) بە ئەنگۆ دەڵێم: «دە ئەوی شەوێدا دوو لەسەر یەک دۆشەک دەبن، یەکێک دەستێندرێ و ئەوی دیکە بەجێ دەهێشترێ.

35) دوو ژن دەبن کە پێکەوە دەستار دەکەن، یەکێک دەستێندرێ، بەڵا ئەوی دیکە بەجێ دەهێشترێ.

36) دوو دە زەویدا دەبن، یەکێک دەستێندرێ و ئەوی دیکە بەجێ دەهێشترێ.»

37) جوابیان دا و بە وییان گوت: «لە کوێ ئەی ڕەب؟» بەڵا ئەو بە وانی گوت: «هەر جێیەکی کە کەلاک بێ، لەوێش داڵان خڕ دەبنەوە.»

باب ١٨[edit]

1) و مەسەلێکی بۆ وان دەهێنا لەسەر ئەوەی کە لازمە کە هەمیشە دوعا بکەن و عاجز نەبن.

2) دەیگوت: «دە شارێکیدا قازییەک هەبوو کە لە خوڵای نەدەترسا و لە ئینسانی شەرمی نەدەکرد.

3) و بێوەژنێک دەو شارەیدا هەبوو و دەهاتە کن ئەوی دەیگوت: «حەققم بۆ بستێنە لە موددەعی خۆم.»

4) و هەتا زەمانێکی زۆر نەیدەویست، بەڵا لە پاشان دە خۆیدا کوتی: «هەر چەند لە خوڵای ناترسم و لە ئینسانێ شەرمی ناکەم.

5) دیسان چونکە ئەو بێوەژنە زەحمەتم دەدا، حەققی بۆ دەستێنم، نەبا دە ئاخرێدا بێ و لێم بدا.»

6) و ڕەب کوتی: «ببیێن کە ئەو قازیی ناحەق چی دەڵێ.»

7) بەڵا مەگەر خوڵا حەقی هەڵبژێراوانی خۆی کە شەو و ڕۆژ لە وی دەپاڕێنەوە ناستێنێ؟ و مەگەر دەگەڵ ئەوان درەنگی دەکا؟

8) بە ئەنگۆ دەڵێم کە حەقی وان بە زوویی دەستێنێ. بەڵا وەختێکی کوڕی ئینسانی دێ مەگەر ئیمان لەسەر ئەرزێ پەیدا دەکا؟»

9) بەڵا بە هێندێکان کە هومێدیان لەسەر خۆیان دانا کە سادق بوون و ئی دیکانیان بە سووکی دەژمارد، ئەو مەسەلەی گوت:

10) دوو کەس بۆ هەیکەلی وەسەر کەوتن کە دوعا بکەن. یەکێک فریسی بوو و ئەوی دیکە ڕادار.

11) فریسییەکە ڕاوەستا و دەگەڵ خۆی وەها دوعای دەکرد: «یا خوڵا، شوکری تۆ دەکەم کە وەکوو ئینسانانی دیکە نیم. جەردان، ناحەقان، زیناحکاران، یان وەکوو ئەو ڕادارەش.

12) حەوتووی دوو جار ڕۆژوو دەگرم، لە هەموو چتی کە قازانج دەکەم، دە یەک دەدەم.»

13) ئەمما ڕادار کە لە دوورەوە ڕاوەستا و نەیدەویست چاوانیشی بۆ ئاسمان هەڵێنێ، بەڵا لە سنگی خۆی دا، دەیگوت: «یا خوڵا بە منی گوناحکار ڕەحمێ بکە.»

14) بە ئەنگۆ دەڵێم: ئەوە سادق کرا و بۆ ماڵی خۆی وەخوار چوو پتر لە ئەوەی دیکە. چونکە هەر کەس کە خۆی بڵند بکا، نێوی دەکرێ و ئەوەی کە خۆی نەوی بکا بڵند دەکرێ.

15) و تفلانیشیان هێنا کن ئەوی کە دەستی لە وان بدا، بەڵا وەختێکی شاگردان دیتیان لە وان توند بوون.

16) بەڵا یەسوع ئەوانی بانگ کرد، دەیگوت: «لە منداڵان گەڕێن کە بێنە کن ئەمن و مەنعیان مەکەن چونکە پادشایەتی خوڵای ئی ئەو تەرزانەیە.

17) ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم: هەر کەس کە وەکوو منداڵێک پادشایەتی خوڵای قەبوڵ نەکا قەت وەژوور ئەوێ ناکەوێ.»

18) و یەکێک لە مەزنان پرسیاری لێ کرد، دەیگوت: «ئەی مامۆستای چاک، چی بکەم کە ژیانی ئەبەدی میرات بگرم؟»

19) بەڵا یەسووع بە وی گوت: «بۆچی بە من دەڵێی چاک؟ هیچکەس چاک نییە بێجگە لە یەکێک یەعنی خوڵا.

20) حوکمان دەزانی، زیناحێ مەکە، قەتڵێ مەکە، دزی مەکە، شایەدی بە درۆ مەدە، حورمەتی باب و دایکی خۆت بگرە.»

21) و ئەو کوتی: «ئەوانەم هەموو لە جحێڵییەوە ڕاگرتووە.»

22) بەڵا وەختێکی یەسووع بیستی، بە وی گوت: «هێشتا چتێکت کەمە. هەر چی کە هەتە بفرۆشە و بە فەقیرانی بدە و خەزێنەیەکت دە ئاسماندا دەبێ و وەرە وەدوای من بکەوە.»

23) ئەمما وەختێکی ئەوەی بیست، زۆر خەمناک بوو، چونکە زۆر دەوڵەمەند بوو.

24) بەڵا وەختێکی یەسووع ئەوی دی، کوتی: «چەند زەحمەتە بۆ وان کە دەوڵەتیان هەیە کە وەژوور پادشایەتی خوڵای بکەون.

25) چونکە هاسانترە کە وشترێک بە کونی دەرزی تێوە بچێ لە وەی کە دەوڵەمەندێک وەژوور پادشایەتی خوڵای بکەوێ.»

26) و ئەوانەی کە بیستیان کوتیان: «دەنا کێ دەتوانێ خەڵاس ببێ؟»

27) بەڵا ئەو کوتی: «ئەو چتانەی کە لە کن خەڵکی نامومکینە لە کن خوڵای مومکینە.»

28) و پیترۆس کوتی: «ئەوەتا ئەمە چتی خۆمان بەجێ هێشتووە و وەدوای تۆ کەوتووین.»

29) بەڵا ئەو بە وانی گوت: «ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم: هیچکەس لەبەر خاتری پادشایەتی خوڵای بەجێی نەهێشتووە ماڵ یان ژن یان برایان یان والیدەین یان ئەولاد.

30) کە زۆر جار ئەوەندەوە وەرنەگرێ و دەو دنیایەی کە دێ ژیانی ئەبەدی.»

31) بەڵا ئەو دوازدانەی هەڵگرت و بە وانی گوت: «ئەوەتا وەسەر دەکەوین بۆ ئورشەلیمی و هەموو چتانی کە بە پێغەمبەران دەرحەقی کوڕی ئینسانی نووسراون تەواو دەبن.

32) چونکە بە بتپەرستان تەسلیم دەکرێ و گەپی پێ دەدرێ و بێ حورمەت و تفی لێ دەکرێ.

33) و کە قامچییان لێ داوە، دەیکوژن و دە ڕۆژی سێیەمدا هەڵدەستێتەوە.»

34) و ئەوان هیچ چتێک لەو چتانەی نەیانفامی و ئەو قسە لە وان شاردراو بۆوە و تێ نەگەیشتن ئەو چتانەی کە کوتران.

35) و بوو کە وەختێکی ئەو نیزیکەی یەریحۆ هات، کوێرێک لەسەر ڕێی ڕۆنیشتبوو و سواڵی دەکرد.

36) بەڵا وەختێکی بیستی کە غەڵەبایی ڕادەبرد پرسیاری کرد کە ئەوە چییە؟

37) و خەبەریان بە وی دا کە یەسووع ناسری ڕادەبرێ.

38) و قیژاندی، دەیگوت: «یا یەسووع کوڕی داوود، ڕەحمێ بە من بکە.»

39) و ئەوانەی کە دە پێشدا دەچوون لە وی توند بوون کە بێدەنگ بێ. بەڵا ئەو هەر پتر قیژاندی: «یا کوڕی داوود ڕەحمێ بە من بکە.»

40) و یەسووع ڕاوەستا و ئەمری کرد کە ئەو بهێندرێتە کن ئەوی. و کە نیزیکی وی بوو لێی پرسی:

41) «چت دەوێ کە بۆ تۆ بکەم؟» بەڵا ئەو کوتی: «یا ڕەب، کە ببینم.»

42) و یەسووع بە وی گوت: «ببینە! ئیمانی تۆ ئەتۆی خەڵاس کردووە.»

43) و جێبەجێ دیتی و وەدوای وی کەوت و شوکری خوڵای دەکرد. و هەموو قەوم وەختێکی ئەویان دی حەمدی خوڵایان دەکرد.

باب ١٩[edit]

1) و هاتە ژوورێ و بە نێو یەریحۆدا ڕادەبرد.

2) و ئەوەتا پیاوێک هەبوو نێوی زەککی، و ئەوە مەزنی ڕاداران بوو و ئەو دەوڵەمەند بوو.

3) و دەیویست کە یەسووعی ببینێ کە کێهەیە و نەیدەتوانی لەبەر غەڵەبایی، چونکە بە بەژن چکۆلە بوو.

4) و بۆ پێشەوە لنگی دا و وەسەر دارەتویەکی کەوت هەتاکوو ئەوی ببینێ، چونکە دەبا بەو ڕێیدا ڕاببرێ.

5) و کە یەسووع هاتە ئەو جێی تەماشای سەرەوەی کرد و بە وی گوت: «ئەی زەککی، زوو بە و وەرە خوارێ چونکە بۆ من لازمە کە ئەوڕۆ دە ماڵی تودا بمێنم.»

6) و بە زوویی هاتە خوارێ و ئەوی بە خۆشحاڵی قەبوڵ کرد.

7) و کە دیتیان هەموو بۆڵەبۆڵیان دەکرد، دەیانگوت: «کە لە کن پیاوێکی گوناحکار وەژوور کەوت کە مەنزڵ بگرێ.»

8) بەڵا زەککی ڕاوەستا و بە ڕەببی گوت: «ئەوەتا ئەی ڕەب: نیوەی ماڵی خۆم بە فەقیران دەدەم، و ئەگەر بە زوڵم چتێکم لە کەسێکی ئەستاندبێ، چوار هێندە دەدەمەوە.»

9) و یەسووع بە وی گوت: «ئەوڕۆ خەڵاسی بۆ ئەو ماڵەی بووە، چونکە ئەویش کوڕی ئیبراهیمە.

10) چونکە کوڕی ئینسانی هاتووە کە بۆ ونبووی حەول بدا و خەڵاس بکا.»

11) و کە ئەوان لە ئەو چتانی گوێیان دەگرت مەسەلێکی زیادی گوت، چونکە ئەو نیزیکی ئورشەلیمی بوو و ئەوان فکریان دەکرد کە پادشایەتی خوڵای دەبێ جێبەجێ ئاشکرا ببێ.

12) دەنا کوتی: «پیاوێکی ئەسڵزادە بۆ وڵاتێکی دوور چوو کە پادشایەتییەکی بۆ خۆی وەرگرێ و بگەڕێتەوه.

13) و دە عەبدانی خۆی بانگ کرد و دە مەنی بە وان دا و بە وانی گوت: «سوودێ بکەن هەتا دێمەوە.»

14) بەڵا ڕەعیەتانی وی ئەویان دەبوغزاند و قاسدیان لە دوای وی نارد، دەیانگوت: «نامانەوێ کە ئەوە لەسەر ئەمە پادشایەتی بکا.»

15) و بوو کە وەختێکی پادشایەتی وەرگرتبۆوە گەڕاوە و کوتی کە ئەو عەبدانەی کە دراوەکی بە وان دابوو بۆ کن ئەوی بانگ بکرێن هەتاکوو بزانی هەر یەک چەند قازانجی کردبوو.

16) بەڵا ئی هەوەڵ هاتە پێشێ دەیگوت: «ئەی ئاغا مەنی تۆ دە مەنی قازانج کردووە.»

17) و بە وی گوت: «ئافەرین ئەی عەبدی چاک، چونکە دە چتێکی زۆر کەمدا ئەمین بووی، حکماتت لەسەر دە شاران دەبێ.»

18) و ئی دوویەم هات دەیگوت: «ئەی ئاغا، مەنی تۆ پێنج مەنی هێنا.»

19) بە ویشی گوت: «ئەتوش لەسەر پێنج شاران دەبی.»

20) و یەکی دیکە هات دەیگوت: «ئەی ئاغا، ئەوەتا مەنی خۆت کە دە دەسماڵێکی داندراو ڕامگرتووە.

21) چونکە لە تۆ ترسام لەبەر ئەوەی کە پیاوێکی توندی. ئەو چتەی کە داتنەناوە هەڵدەگری و ئەو چتەی کە نەتچاندووە دەیچنی.»

22) بە وی گوت: «لە زاری خۆت حوکم لەسەرت دەکەم، ئەی عەبدی خراپ. ئەرێ دەتزانی کە ئەمن پیاوێکی توندم؛ کە ئەو چتەی کە دامنەناوە هەڵدەگرم و ئەو چتەی کە نەمچاندووە دەیچنم.

23) دەنا لەبەر چی دراوی من بە سەڕافت نەداوە؟ و ئەمن وەختێکی هاتم ئەوم دەگەڵ سوتی تەڵەب کردبایە.»

24) و بە وانەی کە لەکنی ڕاوەستابوون کوتی: «مەنی لێ بستێنن و بدەن بە وەی کە دە مەنی هەیە.»

25) و بە وییان گوت: «ئەی ئاغا دە مەنی هەیە.»

26) «بە ئەنگۆ دەڵێم: هەر کەس کە هەیەتی بە وی دەدرێ، بەڵا ئەوەی کە نیەتی ئەوەی کە هەشیەتی لێی دەستێندرێ.

27) بەڵا ئەو دوژمنانەی من، ئەوانەی کە نەیاندەویست کە ئەمن لەسەر ئەوان پادشایەتی بکەم بێننە ئێرە و لەبەر چاوی من ئەوان بکوژن.»

28) و کە ئەوانەی کوتبوو، لە پێشەوە دەڕۆیی و بۆ ئورشەلیمی وەسەر دەکەوت.

29) و بوو کە وەختێکی نیزیکی بەیت فاگی و بەیت عەنیا بوو لەکن ئەو کێوەی کە کێوی زەیتوونی بانگ دەکرێ، دوانی لە شاگردانی نارد.

30) دەیگوت: «بڕۆنە ئەو دێیەی کە لە پێشتانە. دە وێدا کە چوونە ژوورێ، جاشکێکی بەستراو پەیدا دەکەن کە هێشتا هیچکەس لەسەر ئەوێ ڕۆنەنیشتووە. ئەوی بکەنەوە و بیهێنن.

31) و ئەگەر کەسێک لە ئەنگۆ بپرسێ لەبەر چی دەیکەنەوە، وەها بڵێن: چونکە ڕەب موحتاجی وییە.»

32) و ناردراوان ڕۆیین و چلۆنێکی بە وانی کوتبوو پەیدایان کرد.

33) و کە ئەوان جاشکەکەیان دەکردەوە ساحیبانی وی بە وانیان گوت: «بۆچی ئەو جاشکەی دەکەنەوە؟»

34) بەڵا ئەوان کوتیان: «چونکە ڕەب موحتاجی وییە.»

35) و ئەویان هێنا کن یەسووع و جلی خۆیان هاویشتە سەر جاشکەکەی و یەسووعیان سوار کرد.

36) و کە ئەو دەچوو؛ جلی خۆیان دە ڕێیدا ڕادەخست.

37) بەڵا وەختێکی نیزیکی بەرەژێری کێوی زەیتوونی بوو، هەموو جەماعەتی شاگردان بە خۆشحاڵی دەستیان پێ کرد کە بە دەنگێکی بڵند شوکری خوڵای بکەن، بۆ هەموو ئەو قووەتانەی کە دیبوویان.

38) دەیانگوت: «ممبارەک بێ ئەو پادشای کە بە نێوی ڕەب دێ. دە ئاسماندا سەلام و دە بڵنداندا جەلال.»

39) و هێندێک لە فریسییان لەو غەڵەباییەی بە وییان گوت: ئەی مامۆستا، شاگردانی خۆت زەم بکە.

40) و جوابی دا و کوتی: «بە ئەنگۆ دەڵێم: ئەگەر ئەوانە بێدەنگ بن، بەردان دەقیژێنن.»

41) و کە نیزیک بوو و شاری دی، لەسەر ئەوێ گریا.

42) و کوتی: ئەگەر بزانیبای ئەتۆش هێشتا دەو ڕۆژێدا ئەو چتانی سەلامەتی خۆت، بەڵا ئەوێستا لەبەر چاوانی تۆ شاردراون.

43) چونکە ڕۆژان لەسەر ئەتۆ دێن کە دوژمنانی تۆ لە دەوری تۆ سەنگەرێکی هەڵدەکەنن و دەورەندەوری تۆ دەگرن و لە هەموو لایێکی ئەزیەتت دەدەن.

44) و ئەتۆ دەگەڵ خاکی ڕێک دەخەن و منداڵانت دە تۆدا و بەرد لەسەر بەرد دە تۆدا نایەڵن. لەبەر ئەوەی کە زەمانی توش بوونی خۆتت نەزانیوە.

45) و کە وەژوور هەیکەلی کەوت، دەستی پێ کرد کە ئەوانە دەر بکا کە دەیانفرۆت.

46) بە وانی گوت: «نووسراوە کە ماڵی من دەبێ ماڵی نوێژ ببێ، بەڵا ئەنگۆ ئەوو کردۆتە ئەشکەوتی جەردان.

47) و هەموو ڕۆژ دە هەیکەلیدا تەعلیمی دەدا، بەڵا کاهینانی گەورە و خوێندەواران و موحتەبەرانی قەومی حەولیان دەدا کە ئەوی هیلاک بکەن.»

48) و پەیدایان نەدەکرد کە چی بکەن، چونکە جەمعی قەومی لەسەر ئەوی هەڵئاوەسرابوون کە گوێی لێ بگرن.

باب ٢٠[edit]

1) و دە یەکێک لەو ڕۆژانەدا بوو کە وەختێکی ئەو دە هەیکەلیدا خەڵکی تەعلیم دەدا و ئینجیلی وەعز دەکرد، کاهینانی گەورە و خوێندەواران دەگەڵ پیران، هاتنە سەرێ.

2) و ئەویان دواند دەیانگوت: «بە مە بڵێ: بە چی حکماتێکی ئەوانە دەکەی یان کێیە کە ئەو حیکماتەی بە تۆ داوە؟»

3) بەڵا جوابی دا و بە وانی گوت: «ئەمنیش قسەیەکی لە ئەنگۆ دەپرسم و بە من بڵێن.

4) ئەرێ تەعمیدی یوحەننا لە ئاسمانێ بوو یان لە ئینسانێ؟»

5) بەڵا ئەوان دە خۆیاندا مەسڵەحەتیان کرد دەیانگوت: «ئەگەر بڵێین لە ئاسمانێ، دەڵێ لەبەر چی بە وی باوەڕوو نەکرد؟

6) و ئەگەر بڵێین لە ئینسانێ، هەموو خەڵکی ئەمە بەردەباران دەکەن، چونکە خاترجەمن کە یوحەننا پێغەمبەر بوو.»

7) و جوابیان دا: «نازانین لە کوێ بوو.»

8) و یەسووع بە وانی گوت: «ئەمنیش بە ئەنگۆ ناڵێم بە چی حیکماتێکی ئەوانە دەکەم.»

9) بەڵا دەستی پێ کرد کە ئەو مەسەلەی بە خەڵکی بڵێ: «پیاوەک ڕەزێکی چەقاند و ئەوی بە ڕەزوانان ئەسپارد و هەتا مودەیەکی زۆر سەفەری کرد.

10) و دە وەختی خۆیدا خزمەتکارێکی ناردە کن ڕەزوانان هەتاکوو لە حاسڵی ڕەز بە وی بدەن، بەڵا ڕەزوانان ئەویان کوتا و بە بەتاڵی ناردیانەوە.

11) و دیسان خزمەتکارێکی دیکەی نارد، بەڵا ئەوان ئەویشیان کوتا و بێ حورمەتییان کرد و بە بەتاڵی ناردیانەوە.

12) و دیسان ئی سێیەمی نارد، بەڵا ئەوان ئەویشیان بریندار کرد و وەدەریان خست.

13) بەڵا ساحیبی ڕەز کوتی: «چی بکەم؟ کوڕی خۆشەویستی خۆم دەنێرم. بەشکم لە وی شەرمێ بکەن.»

14) بەڵا وەختێکی ئەو ڕەزوانانە ئەویان دی، دەنێو خۆیاندا مەسڵەحەتیان کرد، دەیانگوت: «ئەوە میراتگرە، با بیکوژین هەتاکوو میراتەکە ئی مە ببێ.»

15) و ئەویان لە ڕەزی خستە دەرێ و کوشتیان. دەنا ساحیبی ڕەز دەگەڵ ئەوان چی دەکا؟

16) دێ و ئەو ڕەزوانانە هیلاک دەکا و ڕەز بە ئی دیکان دەدا. بەڵا وەختێکی بیستیان کوتیان حاشا.

17) بەڵا ئەو تەماشای وانی کرد و کوتی: «دەنا ئەوە کە نووسراوە چییە؟ ئەو بەردەی کە بەننایان فڕێیان دا، ئەو بوو بە سەری قولنچکی.»

18) هەر کەس کە لەسەر ئەو بەردەی بکەوێ دەشکێندرێ بەڵا لەسەر کێ کە ئەو بکەوێ، ئەوی ورد و خاش دەکا.

19) و خوێندەواران و کاهینانی گەورە دەو سەعاتەیدا تەمایان بوو کە دەستان لەسەر ئەوی باوێژن و لە خەڵکی ترسان، چونکە تێ گەیشتن کە ئەو مەسەلەی دەرحەقی وان گوت.

20) و کە لە وی سیاد بوون جاسووسان کە خۆیان بە درۆ سادق دەکرد ناردیان کە قسەی وی بگرن هەتاکوو ئەوی بە قووەت و بە حیکماتی حاکم تەسلیم بکەن.

21) و لێیان پرسی دەیانگوت: «ئەی مامۆستا، دەزانین کە ڕاست قسان دەکەی و تەعلیم دەدەی و خاتر ناگری، بەڵا بەڕاستی ڕێی خوڵای فێر دەکەی.

22) ئەرێ بۆ مە دروستە کە سەرانەی بە قەیسەری بدەین یان نە؟»

23) بەڵا دە حیلەی وان گەیشت و بە وانی گوت:

24) «دینارێک بە من نیشان بدەن، ئەرێ شکل و خەتتی کێی هەیە؟» و ئەوان کوتیان: «ئی قەیسەری.»

25) و ئەو بە وانی گوت: «دەنا چتی ئی قەیسەری بە قەیسەری بدەن و چتی ئی خوڵای بە خوڵای.»

26) و نەیاندەتوانی قسەی وی لەکن خەڵکی بگرن و لە جوابی وی عەجایب مان و بێدەنگ بوون.

27) بەڵا هێندێک لە سدوقیان کە حاشا دەکەن کە قیامەت هەیە، هاتنە پێشێ و لێیان پرسی.

28) دەیانگوت: «ئەی مامۆستا، مووسا بۆ مەی نووسیوە، ئەگەر کەسێک برای بمرێ کە ژنی هەبێ و ئەو بێ ئەولاد بێ، کە برای وی دەبێ ئەو ژنەی بێنێ و تۆی برای خۆی هەڵبستێنێ.

29) دەنا حەوت برا هەبوون و ئی هەوەڵ ژنێکی هێنا و بە بێ ئەولادی مرد.

30) و ئی دوویەم.

31) و ئی سێیەم ئەوی هێنا و هەر واش ئەو حەوتانە مردن و ئەولادیان بەجێ نەهێشت.

32) و دە ئاخیرێدا ژنەکەش مرد.

33) دەنا ئەو ژنە دە قیامەتێدا ژنی کێهە لە وان دەبێ؟ چونکە هەر حەوتان ئەویان ژن ببوو.»

34) و یەسووع بە وانی گوت: «ئەهلی ئەو دنیایەی مارە دەکەن و مارە دەکرێن.

35) بەڵا ئەوانەی کە لایق حیساب کراون کە ئەو دنیایەی دیکە و قیامەتی لەنێو مردووان وەرگرن، نە مارە دەکەن و نە مارە دەکرێن.

36) چونکە ئیدی ناتوانن بمرن، چونکە وەکوو مەلایکەتانن و منداڵانی خوڵان، چونکە منداڵانی قیامەتن.

37) ئەمما کە مردووان هەڵستێندرێنەوە مووساش نیشانی داوە لەکن دڕووی وەختێکی بە ڕەب دەڵێ، خوڵای ئیبراهیم و خوڵای ئیسحاق و خوڵای یەعقوب.

38) ئەمما ئەو خوڵا ئی مردووان نییە، بەڵا ئی زیندووان. چونکە هەموو بۆ وی دەژین.»

39) هێندێک لە خوێندەواران جوابیان دا و کوتیان: «ئەی مامۆستا، چاکت گوت.»

40) چونکە ئیدی نەیاندەوێرا چتێکی پرسیاری لێ بکەن.

41) و ئەو بە وانی گوت: «چلۆن دەڵێن کە مەسیح کوڕی داوودیە؟»

42) چونکە داوود بۆخۆی دە کتێبی زەبووردا دەڵێ: «ڕەب بە ڕەببی من کوتی: لەلای ڕاستی من ڕۆنیشە.

43) هەتا دوژمنانی تۆ بۆ پێڕاخەری پێیانی تۆ دابنێم.

44) دەنا داوود ئەوی بە ڕەب بانگ دەکا و چلۆن کوڕی وییە؟»

45) و کە هەموو خەڵکی دەیانبیست، بە شاگردانی گوت:

46) هۆشیار بن لە خوێندەواران کە کەیفیان لێیە کە بە جلی درێژ بگەڕێن و پێیان خۆشە سڵاوان دە مەیداناندا و کورسیانی بەرەژوور دە کەنیشتاندا و جێیانی ژوورۆ دە میمانیاندا.

47) ئەوانەی کە ماڵانی بێوەژنان قوت دەدەن و بە ڕیای نوێژانی درێژ دەکەن. ئەوانە دیوانی گرانتر وەردەگرن.

باب ٢١[edit]

1) و کە تەماشای سەرەوەی کرد، دەوڵەمەندانی دی کە دیاریی خۆیان دە خەزێنەی داویشت.

2) بەڵا بێوەژنێکی فەقیری دی کە دوو فلووسی دە وێ هاویشت.

3) و کوتی: «بەڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم: کە ئەو بێوەژنە فەقیرە لە هەمووان پتری تێ هاویشت.

4) چونکە هەموو ئەوانە لە زێدی خۆیان دەنێو دیارییاندا هاویشت، بەڵا ئەوە لە فەقیریی خۆی هەموو بەڕێچوونی کە هەیبوو تێی هاویشت.»

5) و کە هێندێک بەحسی هەیکەلی دەیانگوت کە بە بەردانی چاک و دیارییان ڕازاندراو بوو کوتی:

6) «ئەو چتانەی کە دەبینن، ڕۆژان دێن کە دە واندا بەرد لەسەر بەرد نامێنێ کە نەڕوخێندرێ.»

7) بەڵا پرسیاریان لێ کرد دەیانگوت: «ئەی مامۆستا، دەنا کەنگێ ئەوانە دەبن؟ و نیشانەی چییە وەختێکی ئەوانە دەبن؟»

8) و ئەو کوتی: «هۆشیار بن کە هەڵنەخەڵەتێندرێن، چونکە زۆران بە نێوی من دێن و دەڵێن ئەمنم و وەخت نیزیک بووە. لەدوای وان مەچن.»

9) ئەمما وەختێکی بەحسی شەڕان و شلوقییان دەبیێن مەشێوێن چونکە لازمە کە ئەوانە هەوەڵێ ببن بەڵا ئاخیری زوو نەبێ.

10) ئەو دەمی بە وانی گوت: «میللەت لەسەر میللەت ڕاست دەبێتەوە و پادشایەتی لەسەر پادشایەتی.

11) و زلزلانی گەورە و قاتییان و وەبایان دە جێ جێیاندا دەبن. و دیتوانی ساحب ترس و نیشانانی گەورە لە ئاسمانێ پەیدا دەبن.

12) بەڵا لە پێش هەموو ئەو چتانە دەستانی خۆیان لەسەر ئەنگۆ داوێژن و ئەزیەتوو دەدەن و بە کەنیشتان و بەندیخانان تەسلیموو دەکەن و لە پێش پادشایان و حاکمان دەبردرێن لەبەر خاتری نێوی من.

13) شایەدی بۆ ئەنگۆ دەبێ.

14) دەنا دە دڵی خۆتان دابنێن کە دە پێشدا بۆ جوابدانی فکر نەکەن.

15) چونکە ئەمن زار و عەقڵی بە ئەنگۆ دەدەم کە هەموو مودەعییانی ئەنگۆ ناتوانن زید ڕاوەستن یان قسان بکەن.

16) بەڵا ئەنگۆ لە والیدەینیش و برایان و خزمان و دۆستان تەسلیم دەکرێن و لە ئەنگۆ دەکوژن.

17) و ئەنگۆ لە هەمووان دەبوغزێندرێن لەبەر نێوی من.

18) و موویەک لە سەری ئەنگۆ ون نابێ.

19) بە سەبری خۆتان، گیانی خۆتان قازانج بکەن.

20) بەڵا وەختێکی دەبینن کە ئورشەلیم بە لەشکران دەورەندەور بدرێ، ئەو دەمی بزانن کە خراپی وی نیزیک بووە.

21) ئەو دەمی ئەوانەی کە دە یەهودیدان با بۆ کێوان هەڵێن و ئەوانەی کە دەنێو وێدان با وەدەر بکەون و ئەوانەی کە دە دێیاندان با وەژوور ئەوێ نەکەون.

22) چونکە ئەوانە ڕۆژانی تۆڵەن هەتاکوو هەموو چتانی کە نووسراون تەواو ببن.

23) وای بۆ ئاوسان و شیردەران دەو ڕۆژانەدا چونکە تەنگانەیەکی گەورە لەسەر ئەرزێ دەبێ و غەزەب لەسەر ئەو قەومەی.

24) و بە دمی شیری دەکەون و لەنێو هەموو تایفان یەخسیر دەبردرێن و ئورشەلیم لە تایفان پاماڵ دەکرێ هەتا وەختانی تایفان تەواو ببن.

25) و دە ڕۆژ و مانگ و ئەستێراندا نیشانان دەبن و لەسەر ئەرزێ شێواوی تایفان بە بێ هومێدی، لە دەنگی بەحری و شەپۆلان.

26) و دڵی خەڵکی لە ترس و چاوەنۆڕی ئەو چتانەی کە لەسەر ئاوەدانی دێن لەخۆ دەبنەوە، چونکە قووەتانی ئاسمانان دەلەرزن.

27) و ئەو وەختی کوڕی ئینسانی دەبینن دە هەورێکیدا بە قووەت و جەلالی گەورە دێ.

28) بەڵا وەختێکی ئەو چتانە دەس پێ دەکەن کە ببن، خۆتان ڕاست بکەنەوە و سەری خۆتان بڵند بکەن لەبەر ئەوەی کە خەڵاسی ئەنگۆ نیزیکە.»

29) و مەسەلێکی بە وان گوت: «لە دارەهەنجیری و لە هەموو داران تەماشا بکەن.

30) وەختێکی ئەوێستا گەڵای دەر دەکەن، دەبینن و بۆخۆتان دەزانن کە ئەلان هاوین نیزێکە.

31) هەر واش ئەنگۆ، وەختێکی دەبینن کە ئەو چتانە دەبن، بزانن کە پادشایەتی خوڵای نیزێکە.

32) ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم کە ئەو سلسلە قەت ڕانابرێ هەتا ئەو چتانە هەموو دەبن.

33) ئەرز و ئاسمان ڕادەبرن بەڵا کەلامی من قەت ڕانابرن.

34) بەڵا لە خۆتان ئاگادار بن نەبا دڵانی ئەنگۆ بە زۆرخۆری و مەستی و خەمی بەڕێچوونی گران ببن و ئەو ڕۆژەی لەنکاو لەسەر ئەنگۆ بێ وەکوو داوێکی.

35) چونکە لەسەر هەموو ڕۆنیشتووان لەسەر ڕووی هەموو ئەرزێ دێ.

36) بەڵا بەخەبەر بن دە هەر وەختدا و دوعا بکەن هەتاکوو بتوانن لە هەموو ئەو چتانەی کە دێن خەڵاس ببن و لە حوزوری کوڕی ئینسانێ ڕاوەستن.»

37) و بە ڕۆژان دە هەیکەلیدا تەعلیمی دەدا بەڵا بە شەوان وەدەر دەکەوت و دە کێوێ کە کێوی زەیتوونی بانگ دەکرێ ڕایدەبوارد.

38) و سبحەینێ زوو هەموو قەومی هاتنە کن ئەوی دە هەیکەلیدا کە گوێی لێ بگرن.

باب ٢٢[edit]

1) و جێژنی فەتیری کە فەسح بانگ دەکرێ نیزێک بوو.

2) و کاهینانی گەورە و خوێندەواران حەولیان دەدا چلۆن ئەوی بکوژن، چونکە لە قەومی دەترسان.

3) بەڵا شەیتان وەژوور یەهوودای کەوت کە ئێسخەروتی بانگ دەکرا و کە لە حسابی ئەو دوازدانە بوو.

4) و چوو و دەگەڵ کاهینانی گەورە و سەرداران قسەی کرد چلۆن ئەوی بە وان تەسلیم بکا.

5) و خۆشحاڵ بوون و ڕێک کەوتن کە دراو بە وی بدەن.

6) و ڕازی بوو و حەولی فورسەتی دەدا کە ئەوی بە دزی لە خەڵکی بە وان تەسلیم بکا.

7) و ڕۆژی فەتیری هات کە دە وێدا لازم بوو کە بەرخی فسەحی بکوژێتەوە.

8) و پیترۆس و یوحەننای نارد دەیگوت: «بڕۆن و فسەحی بۆ مە حازر بکەن کە بیخۆین.»

9) و ئەوان بە وییان گوت: «لە کوێ دەتەوێ کە حازر بکەین؟»

10) و ئەو بە وانی گوت: «ئەوەتا وەختێکی ئەنگۆ وەژوور شاری دەکەون، پیاوێک تووشوو دەبێ کە جەڕێک ئاو هەڵدەگرێ. وەدوای وی بکەون وەژوور ئەو ماڵەی کە ئەو وەژوور دەکەوێ.

11) و بە ساحبی ئەو ماڵەی بڵێن؛ مامۆستا بە تۆ دەڵێ: لە کوێیە ئەو مەنزڵەی کە لەوێ دەگەڵ شاگردانی خۆم فسەحی بخۆم.

12) و ئەو بە ئەنگۆ نیشان دەدا باڵاخانەیەکی گەورە و فەڕشکراو، لەوێ حازر بکەن.»

13) و ڕۆین و پەیدایان کرد هەر وەکوو ئەو بە وانی کوتبوو و فسەحیان حازر کرد.

14) و کە سەعات هات لەسەر سفرەی ڕۆنیشت و ڕەسوڵان دەگەڵ ئەوی.

15) و بە وانی گوت: «زۆر حەسرەتم کێشاوە کە ئەو فەسحەی دەگەڵ ئەنگۆ بخۆم لە پێش ئەوەی کە ئەزیەت دەکێشم.

16) چونکە بە ئەنگۆ دەڵێم کە ئیدی قەت ئەوەی ناخۆم هەتا دە پادشایەتی خوڵایدا تەواو دەبێ.»

17) و پیاڵەی هەڵگرت، شوکری کرد و کوتی: «ئەوەی وەرگرن و لەنێو خۆتان بەشی بکەن.

18) چونکە بە ئەنگۆ دەڵێم لەوەی پاش قەت ناخۆمەوە لە حاسڵی میوەی هەتا پادشایەتی خوڵای دێ.»

19) و نانی هەڵگرت، شوکری کرد، لەتی کرد و دای بە وان دەیگوت: «ئەوە بەدەنی منە کە بۆ ئەنگۆ دەدرێ. ئەوەی بکەن بۆ یادگاریی من.

20) و هەر واش لە پاش خواردنی شام پیاڵەی هەڵگرت دەیگوت: ئەو پیاڵە عەهدی تازەیە دە خوێنی مندا کە بۆ ئەنگۆ دەڕژێندرێ.

21) بەڵا ئەوەتا دەستی تەسلیمکەری من دەگەڵ ئەمن لەسەر سفرەیە.

22) چونکە هەڵبەتە کوڕی ئینسانی دەڕوا چلۆنێکی تاعین کراوە، بەڵا وای بۆ ئەو کەسەی کە بە سەبەبی وی تەسلیم دەکرێ.»

23) و ئەوان دەستیان پێ کرد کە لەنێو خۆیان پرسیار بکەن کێهە لە وان دەبا ئەو چتەی بکا.

24) و موباحیسەیەکیش لەنێو ئەوان بوو کە کێهە لە وان گەورەتر حیساب بکرێ.

25) بەڵا ئەو بە وانی گوت: «پادشایانی میللەتان حیکماتی لەسەر ئەوان دەکەن و ئەوانەی کە دەستەڵاتیان لەسەر ئەوان هەیە چاکەکەران بانگ دەکرێن.

26) ئەمما ئەنگۆ وا نەبن، بەڵا ئەوەی گەورەتر لەنێو ئەنگۆ با وەکوو چکۆلەتر ببێ و ئەوی هەوەڵ وەکوو ئەوەی کە خزمەت دەکا.

27) چونکە کێهە گەورەترە، ئەوەی کە لەسەر سفرەی ڕۆدەنیشێ یان ئەوەی کە خزمەت دەکا؟ مەگەر ئەوەی نییە کە لەسەر سفرەی ڕۆدەنیشێ؟ بەڵا ئەمن لەنێو ئەنگۆم وەکوو ئەوەی کە خزمەت دەکا.

28) بەڵا ئەنگۆ ئەوانەن کە دەگەڵ ئەمن دە تەجرەبانی مندا چاک ڕاوەستاون.

29) و ئەمن بۆ ئەنگۆ پادشایەتێکی وەعدە دەکەم چلۆنێکی بابم بۆ من وەعدەی کردووە.

30) هەتاکوو دە پادشایەتی مندا لە سفرەی من بخۆن و بخۆنەوە و لەسەر تەختان ڕۆبنیشن و لەسەر ئەو دوازدە سێبتی ئیسرائیل حوکمێ بکەن.

31) ئەی شەمعوون، ئەی شەمعوون، ئەوەتا شەیتان ئەنگۆی تەڵەب کردووە کە وەکوو گەنم بێژینگوو بکا.

32) بەڵا ئەمن بۆ تۆ دوعام کردووە کە ئیمانی تۆ کەم نەبێ و ئەتۆ وەختێکی وەردەگەڕێی برایانی خۆت قایم بکە.»

33) و ئەو بە وی گوت: «یا ڕەب حازرم کە دەگەڵ ئەتۆ دە بەندیخانەی و دە مردنیشدا بچم.»

34) بەڵا ئەو کوتی: «بە تۆ دەڵێم: ئەی پیترۆس، ئەوڕۆ کەڵەباب ناخوێنی هەتا سێ جار حاشا دەکەی کە ئەمن دەناسی.»

35) و بە وانی گوت: «وەختێکی ئەنگۆم نارد، بە بێ کیسە و توربین و کەوش، ئەرێ بۆ چتێکی کەمێتیو کێشا؟ بەڵا ئەوان کوتیان: بۆ هیچ چتێک.»

36) بە وانی گوت: «بەڵا ئەوێستا ئەوەی کە کیسەی هەیە با هەڵی گرێ هەر وا توربینیش. و ئەوەی کە نییەتی با جلی خۆی بفرۆشێ و شیرێکی بکڕی.

37) چونکە بە ئەنگۆ دەڵێم کە ئەو چتەی کە نووسراوە لازمە کە دە مندا تەواو ببێ، یەعنی ئەوە، و دەگەڵ بێ شەرعییان حیساب کرا. چونکە هەر چتی بەحسی منیش ئاخری هەیە.»

38) و ئەوان کوتیان یا ڕەب، ئەوەتا دوو شیر لێرە هەن و ئەو بە وانی گوت: بەسە.

39) و وەدەر کەوت و وەکوو عادەتی بوو بۆ کێوی زەیتوونی چوو و شاگردانیش وەدوای وی کەوتن.

40) و کە گەیشتە ئەو جێیەی، بە وانی گوت: دوعا بکەن کە دە تەجرەبەی نەکەون.

41) و ئەو بەقەد بەرد هاویشتنێکی لە وان کێشرا و بە سەر چۆکاندا هات و دوعای کرد.

42) دەیگوت: یا بابە، ئەگەر بتەوێ ئەو پیاڵەی لە من هەڵگرە، ئەمما نە ئیرادەی من بەڵا ئی تۆ بێ.

43) و مەلایکەتێک لە ئاسمانێ بۆ وی ئاشکرا بوو کە ئەوی بە قووەت دەکرد.

44) و کە دە زۆر تەنگانەیدا بوو بە سەعیتر دوعای دەکرد و عەرەقی وی وەکوو دڵۆپانی خوێن بوو کە لەسەر ئەرزێ دەکەوتن.

45) و کە لە دوعا هەڵستا هاتە کن شاگردان و ئەوانی لە خەمناکی نووستوو پەیدا کرد.

46) و بە وانی گوت: «بۆچی دەنوون؟ هەڵستن و دوعا بکەن کە دە تەجرەبەی نەکەون.»

47) کە هێشتا ئەو قسەی دەکرد ئەوەتا غەڵەباییەک و ئەوەی کە یەهوودا بانگ دەکرا یەکێک لەو دوازدانە لە پێش ئەوان دەچوو و نیزێکی یەسووعی هات کە ئەوی ماچ بکا.

48) بەڵا یەسووع بە وی گوت: «ئەی یەهوودا، ئەرێ کوڕی ئینسانی بە ماچێکی تەسلیم دەکەی؟»

49) و ئەوانەی کە دەورەی وی بوون وەختێکی دیتیان ئەو چتەی کە دەبا ببێ، کوتیان: «یا ڕەب ئەرێ بە شیر لێی بدەین؟»

50) و یەکێک لە وان لە خزمەتکاری کاهینی گەورەی دا و گوێی ڕاستی وی بڕی.

51) بەڵا یەسووع جوابی دا و کوتی: «لێی گەڕین هەتا ئەوی و دەستی لە گوێی دا و ئەوی ساغ کردەوە.»

52) و یەسووع بە کاهینانی گەورە و سەردارانی هەیکەلی و پیران کە لەسەر ئەوی هاتبوون کوتی: «وەکوو بۆ سەر جەردەیەکی وەدەر کەوتوون بە شیران و کوتکان.

53) وەختێکی هەر ڕۆژ دەگەڵ ئەنگۆ دە هەیکەلیدا بووم دەستوو لەسەر ئەمن درێژ نەکرد، بەڵا ئەوە سەعاتی ئەنگۆیە و حیکماتی تاریکایی.»

54) و کە ئەویان گرتبوو، بردیان و هێنایانە ژوور ماڵی کاهینی گەورە و پیترۆس لە دوورەوە وەدوای دەکەوت.

55) و کە ئاورێکیان دە نێوەڕاستی حەسارێدا هەڵ کردبوو و پێکەوە ڕۆنیشتبوون پیترۆس لەنێو ئەوان ڕۆنیشت.

56) و قەرەواشێک ئەوی لە کن ڕووناکایی ڕۆنیشتوو دی و چاوی لە وی درو و کوتی: «ئەوەش دەگەڵ ئەوی بوو.»

57) بەڵا حاشای کرد، دەیگوت: «ئەی ژن ئەوی ناناسم.»

58) و لەپاش کەمێک یەکی دیکە ئەوی دی و کوتی: «ئەتۆش لە وانی.» بەڵا پیترۆس کوتی: «ئەی پیاو، نیم.»

59) و کە بەقەد سەعاتێکی ڕابردبوو، یەکێکی دیکە قایمی کرد، دەیگوت: «بەڕاستی ئەوەش دەگەڵ ئەوی بوو، چونکە جەلیلیشە.»

60) بەڵا پیترۆس کوتی: «ئەی پیاو نازانم چی دەڵێی». و هەر دەو سەعاتەیدا کە هێشتا ئەو قسەی دەکرد کەڵەباب خوێندی.

61) و ڕەب وەرگەڕا و لە پیترۆس تەماشای کرد و پیترۆس ئەو قسەی ڕەببی وەبیر هاتەوە، چلۆنێکی بە وی کوتبوو لە پێش ئەوەی کە کەڵەباب ئەوڕۆ بخوێنێ، سێ جار لە من حاشا دەکەی.

62) و وەدەر کەوتە دەرێ و بە تاڵی گریا.

63) و ئەو پیاوانەی کە ئەویان ڕادەگرت گەپیان پێ دەدا و قامچییان لێ دەدا.

64) و کە ڕووی وییان داپۆشی لێیان دەپرسی و دەیانگوت: «پێغەمبەرێتی بکە ئەوە کێیە کە لە تۆی دا؟»

65) و زۆر چتانی دیکە بە کفرێتی زیددی وییان قسە دەکرد.

66) و کە ڕۆژ بوو، پیرانی قەومی و کاهینانی گەورە و خوێندەواران خڕ بوونەوە و ئەویان بردە مەجلیسی خۆیان.

67) دەیانگوت: «ئەگەر ئەتۆی مەسیح، بە مە بڵێ.» بە وانی گوت: «ئەگەر بە ئەنگۆ بڵێم، قەت باوەڕ ناکەن.

68) و ئەگەر بپرسم قەت جواب نادەن.

69) بەڵا لەوەی پاش کوڕی ئینسانی لەلای ڕاستی قووەتی خوڵای ڕۆدەنیشێ.»

70) و هەموو کوتیان: «دەنا ئەتۆ کوڕی خوڵای؟» و بە وانی گوت: «ئەنگۆ دەڵێن کە ئەمنم.»

71) بەڵا ئەوان کوتیان: «ئیدی چ ئیحتیاجیمان بە شایەدی هەیە؟ چونکە بۆخۆمان لە زاری ویمان بیستووە.»

باب ٢٣[edit]

1) و هەموو جەماعەتی وان هەڵستان و ئەویان بردە کن پیلاتۆس.

2) و دەستیان پێ کرد کە گلەیی لێ بکەن دەیانگوت: «ئەوەمان پەیدا کردووە کە میللەتی مە هەڵدەخەڵەتێنێ و قەدەغە دەکا کە خەرج بە قەیسەری نەدەن و دەڵێ کە ئەو بۆخۆی مەسیح و پادشایە.»

3) بەڵا پیلاتۆس لێی پرسی دەیگوت: «ئەرێ ئەتۆ پادشای یەهوودیانی؟» ئەو جوابی دا و کوتی: «ئەتۆ دەڵێی.»

4) و پیلاتۆس بە کاهینانی گەورە و خەڵکی گوت: «دەو پیاوەیدا هیچ سوچێک پەیدا ناکەم.»

5) بەڵا ئەوان زۆرییان لێ دەکرد، دەیانگوت: «قەومی دەشێوێنێ بە وەی کە دە هەموو یەهوودستاندا تەعلیمی دەدا و لە جەلیلیڕا گرتوویە هەتا ئێرە.»

6) و کە پیلاتۆس ئەوەی بیست پرسیاری کرد ئەگەر ئەو پیاوە جەلیلییە.

7) و کە زانی کە لە حیکماتی هێرۆدێسە، ئەوی ناردە کن هێرۆدێس کە بۆخۆشی دەو ڕۆژاندا دە ئورشەلیمیدا بوو.

8) بەڵا هێرۆدێس وەختێکی یەسووعی دی زۆر خۆشحاڵ بوو چونکە لەمێژە حەزی دەکرد کە ئەوی ببینێ لەبەر ئەوەی کە بەحسی وی بیستبوو و بە هومێد دەبوو کە کردنی نیشانەیەکی لە وی ببینێ.

9) و بە زۆر قسان پرسیاری لێ دەکرد، بەڵا ئەو هیچ جوابی بە وی نەدا.

10) و کاهینانی گەورە و خوێندەواران ڕاوەستابوون و بە توندی گلەیییان لە وی دەکرد.

11) بەڵا هێرۆدێس دەگەڵ عەسکەرانی خۆی ئەوی بێ حورمەت کرد و گەپی پێ دا و جلێکی بریقەدار لە سەری هاویشت و ناردیەوە کن پیلاتووس.

12) و دەو ڕۆژیدا هێرۆدێس و پیلاتۆس دەگەڵ یەکتری دۆست بوونەوە چونکە لە پێش ئەوەی دەگەڵ یەکتری دە دوژمنێتیدا بوون.

13) بەڵا پیلاتۆس کاهینانی گەورە و مەزنان و قەومی بانگ کرد.

14) و بە وانی گوت: «ئەو پیاوەتان هێناوە کن ئەمن وەکوو یەکێکی کە قەومی هەڵدەخەڵەتێنێ و ئەوەتا ئەمن لەبەر چاوی ئەنگۆ سۆراغم کردووە و دەو پیاوەیدا هیچ سوچێکم پەیدا نەکردووە وەکوو ئەنگۆ گلەیی لێ دەکەن.

15) و نە هێرۆدێسیش. چونکە ئەوی بۆ کن ئەمە ناردووە و ئەوەتا هیچ چتێک لایقی کوشتنی بە وی نەکراوە.

16) دەنا ئەوی تەمبێ دەکەم و بەرەڵڵای دەکەم.»

17) بەڵا دە جێژنیدا واجب بوو کە یەکێک بۆ وان بەرەڵڵا بکا.

18) بەڵا هەموویان پێکەوە قیژاندییان دەیانگوت: «ئەوە هەڵگرە و براباسی بۆ مە بەرەڵڵا بکە.»

19) ئەوەی کە لەبەر شلوقییەکی کە دە شاریدا بوو و لەبەر قەتڵ دە بەندیخانەی هاویشترابوو.

20) بەڵا دیسان پیلاتۆس دەگەڵ ئەوان قسەی کرد، چونکە دەیویست کە یەسووعی بەرەڵڵا بکا.

21) ئەمما ئەوان قیژاندییان و دەیانگوت: «ئەوی لە سێدارەی بدە، لە سێدارەی بدە!»

22) بەڵا جاری سێیەم بە وانی گوت: «بۆچی؟ ئەوە چی خراپەیەکی کردووە؟ هیچ سەبەبی کوشتنی دە ویدا پەیدام نەکردووە، دەنا ئەوی تەمبێ دەکەم و بەرەڵڵای دەکەم.»

23) ئەمما ئەوان بە دەنگانی بڵند زۆرییان لێ دەکرد و تەڵەبیان دەکرد کە ئەو لە سێدارەی بدرێ و دەنگانی وان غاڵب بوون.

24) و پیلاتۆس حوکمی کرد کە وەکوو تەڵەبی وان ببێ.

25) و ئەوی بەرەڵڵا کرد کە لەبەر شلوقی و قەتڵ دە بەندیخانەیدا هاویشترابوو و کە تەڵەبیان دەکرد، بەڵا یەسووعی بە ئیرادەی وان تەسلیم کرد.

26) و کە ئەویان دەبرد یەکێک شەمعوونی کوورێنی کە لە زەوی دەهات گرتیان و سێدارەی لەسەر ئەویان دانا کە لەدوای یەسووع هەڵگرێ.

27) و جەمعێکی زۆری خەڵکی وەدوای وی دەکەوتن و لە ژنان کە شینیان دەکرد و لەسەر ئەوی دەگریان.

28) بەڵا یەسووع بۆ وان وەرگەڕا و کوتی: «ئەی کچانی ئورشەلیمی، لەسەر ئەمن مەگرین ئەمما لەسەر خۆتان و لەسەر منداڵانی خۆتان بگرین.

29) چونکە ئەوەتا ڕۆژان دێن کە دە واندا دەڵێن: «خۆزگە بە نەزۆکان و زگان کە نەزاون و مەمکان کە شیریان نەداوە.»

30) ئەو دەمی دەست پێ دەکەن کە بە کێوان بڵێن: لەسەر ئەمە بکەون و بە تەپۆلکان ئەمەی داپۆشن.

31) چونکە ئەگەر ئەو چتانەی بە داری تەڕ دەکەن، بە وشکی چی دەبێ؟»

32) و دوو خراپکارانی دیکەش دەگەڵ ئەوی بردران کە بکوژرێن.

33) و کە هاتنە ئەو جێی کە کاسەی سەر بانگ دەکرێ لەوێ ئەویان لە سێدارەی دا و ئەو خراپکارانەش یەکێک لەلای ڕاستی و یەکێک لەلای چەپی.

34) و یەسووع کوتی: «یا بابە، ئەوانە ببەخشە چونکە نازانن چی دەکەن.» و کە جلی وییان بەش دەکرد پشکانیان لێ هاویشت.

35) و خەڵکی ڕاوەستابوون و تەماشایان دەکرد. بەڵا مەزنانیش مەسخەرەیان دەکرد، دەیانگوت: «ئی دیکانەی خەڵاس کردووە، با خۆی خەڵاس بکا ئەگەر ئەو مەسیحەی خوڵای، ئەو هەڵبژێراوە ببێ.»

36) و عەسکەرانیش گەپیان پێ دەدا بە وی کە دەهاتنە پێشی و سرکەیان بە وی دەدا.

37) و دەیانگوت: «ئەگەر ئەتۆ پادشای یەهوودیانی، خۆت خەڵاس بکە.»

38) و سەرنامەیەکیش لە بەرەژووری وی هەبوو: ئەوەیە پادشای یەهوودییان.

39) و یەکێک لەو خراپکارانەی کە هەڵ ئاوەسرابوون کفری پێ دەکرد، «ئەرێ ئەتۆ مەسیح نی؟ خۆت و ئەمە خەڵاس بکە.»

40) بەڵا ئەوی دیکە جوابی دا، زەممی لێ کرد و کوتی: «ئەرێ ئەتۆ لە خوڵاش ناترسێی کە هەر دەو عازابیدای؟

41) و ئەمە بێ شک، بە حەقە، چونکە وەکوو عەمەلانی خۆمان حەقی وەردەگرین، بەڵا ئەوە هیچ چتێکی بێ قایدەی نەکردووە.»

42) و کوتی: «یا یەسووع، ئەمن وەبیرت بێنە وەختێکی دە پادشایەتی خۆتدا بێی.»

43) و ئەو بە وی گوت: «ڕاستی بە تۆ دەڵێم، ئەوڕۆ دەگەڵ ئەمن دە فیردۆسدا دەبی.»

44) و ئەلان نیزیکی سەعاتی شەشەم بوو و تاریکایی لەسەر هەموو ئەرزێ بوو هەتا سەعاتی نۆیەم.

45) چونکە ڕۆژ تاریک بوو و پەردەی هەیکەلی دە نێوەڕاستیدا لەت بوو.

46) و یەسووع بە دەنگێکی بڵند قیژاندی و کوتی: «یا بابە، ڕوحی خۆم بە دەستی تۆ دەسپێرم.» و کە ئەوەی گوت، ڕوحی تەسلیم کرد.

47) و کە یوزباشی دیتی ئەو چتەی کە بوو، شوکری خوڵای کرد، دەیگوت: «بەڕاستی ئەو پیاوە سادق بوو.»

48) و هەموو خەڵکی کە بۆ ئەو تەماشایی خڕ بوونەوە، وەختێکی دیتیان ئەو چتانەی کە بوون، لە سینگانیان دا و گەڕانەوە.

49) بەڵا هەموو ئاشنایانی وی و ژنان کە دەگەڵ ئەوی لە جەلیلی هاتبوون لە دوورەوە ڕاوەستابوون و تەماشای ئەو چتانەیان دەکرد.

50) و ئەوەتا پیاوێک نێوی یوسف کە موشیر بوو، پیاوێکی چاک و عاقڵ.

51) ئەو بە تەگبیر و عەمەلی وان ڕازی نەدەبوو، لە ئەریماتییە شارێکی یەهوودیان و کە چاوەنۆڕی پادشایەتی خوڵای بوو.

52) ئەوە چوو کن پیلاتۆس و مەیتی یەسووعی تەڵەب کرد.

53) و هێنایە خوارێ و ئەوی بە کەتانی پێچاوە و دە قەبرێکی هەڵقەندراوی نا کە دە وێدا قەت هیچکەس دانەندرابوو.

54) و ڕۆژی تەدارەک بوو و شەمۆ نیزیک دەبوو.

55) و ئەو ژنانەی کە دەگەڵ ئەوی لە جەلیلی هاتبوون، وەدوای کەوتن و قەبرەکەیان دی و چلۆن مەیتی وی داندرا.

56) و کە گەڕانەوە، عەتران و ڕۆنانی خۆشبۆنیان حازر کرد و دە شەمۆیدا موافقی حوکم ڕحەت بوون.

باب ٢٤[edit]

1) بەڵا دە ڕۆژی هەوەڵی حەوتویدا، سبحەینێ زوو هاتنە سەر قەبری و ئەو عەترانەی کە حازریان کردبوو دەیانهێنا.

2) و بەردەکی لەسەر قەبری خللۆرکراو پەیدایان کرد.

3) بەڵا وەختێکی وەژوور کەوتن مەیتی ڕەب یەسووعیان پەیدا نەکرد.

4) و بوو کە وەختێکی ئەوان لەسەر ئەو چتەی عەجایب دەمان، ئەوەتا دوو کەس دە جلی بریقەداردا لەکن ئەوان ڕاوەستابوون.

5) و کە ئەوان ترسەنۆک بوون و ڕووی خۆیان بۆ ئەرزێ بەر دابۆوە، بە وانیان گوت: «بۆچی بۆ زیندووی لەنێو مردووان حەول دەدەن؟

6) لێرە نییە بەڵا هەڵستاوەتەوە. وەبیروو بێنن چلۆن دەگەڵ ئەنگۆ قسەی کرد، وەختێکی هێشتا دە جەلیلیدا بوو.»

7) دەیگوت: «بۆ کوڕی ئینسانی لازمە کە بە دەستانی ئینسانانی گوناحکار تەسلیم بکرێ و لە سێدارەی بدرێ و دە ڕۆژی سێیەمدا هەڵبستێتەوه.»

8) و قسانی وییان وەبیر هاتەوە.

9) و لەسەر قەبری گەڕانەوە و هەموو ئەو چتانەی بەو یازدانە و بە هەموو ئی دیکانیان خەبەر دا.

10) بەڵا مریەم مەگدەلی و یوننا و مریەم دایکی یەعقووب بوون و ئی دیکان دەگەڵ ئەوان، کە ئەو چتانەی بە ڕەسوڵانیان گوت.

11) و ئەو قسانە لەکن ئەوان وەکوو بەتاڵ دیار بوون و باوەڕیان بە وان نەدەکرد.

12) بەڵا پیترۆس هەڵستا و بۆ سەر قەبری لنگی دا و کە خوار بۆوە کەتانانی بەتەنێ دی و چۆ ماڵی خۆی و عەجایب دەما لەسەر ئەو چتەی کە ببوو.

13) و ئەوەتا هەر دەو ڕۆژیدا دوو لە وان بۆ دێیەکی شێست تیرهاویشتنێ دوور لە ئورشەلیمی دەچوون کە نێوی عێماوس بوو.

14) و ئەوان دەگەڵ یەکتری قسەیان دەکرد بەحسی هەموو ئەو چتانەی کە قەوما بوون.

15) و بوو کە وەختێکی ئەوان پێکەوە قسە و پرسیاریان دەکرد، یەسووع بۆخۆی نیزیک بوو و دەگەڵ ئەوان دەچوو.

16) بەڵا چاوانی وان گیران هەتاکوو ئەوی نەناسن.

17) و بە وانی گوت: «ئەو قسانەی کە ئەنگۆ دەگەڵ یەکتری قسان دەکەن وەختێکی دەڕۆن چین؟» و ڕاوەستان بە ڕووی خەمناک.

18) بەڵا یەکێک کە نێوی کێلیۆپاس بوو جوابی دا و بە وی گوت: «ئەرێ هەر ئەتۆ تەنیا، غەریب دە ئورشەلیمدای و ئەو چتانەی کە دەو ڕۆژاندا لەوێ بوون نازانی؟»

19) و بە وانی گوت: «چتانی چی؟» و ئەوان بە وییان گوت: «ئەو چتانەی بەحسی یەسووع ناسری، پیاوێکی کە پێغەمبەرێکی بە قووەت دە عەمەل و قسەدا لە پێش خوڵای و هەموو قەومی بوو.

20) و چلۆن کاهینانی گەورە و مەزنانی مە ئەویان بە حوکمی کوشتنی تەسلیم کرد و ئەویان لە سێدارەی دا.

21) بەڵا ئەمە بە هومێد دەبووین کە هەو بوایە کە دەبا ئیسرائیل خەڵاس بکا. و بێجگە لە هەموو ئەو چتانەی، ئەوە ڕۆژی سێیەمە لە ئەو وەختی کە ئەو چتانە بوون.

22) و چەند ژنانیش لە مە ئەمەیان دە تەعەجوبی خستووە کە سبحەینێ زوو لەسەر قەبری بوون.

23) و کە مەیتی وییان پەیدا نەکرد، هاتن و دەیانگوت: کە دیتویەکی مەلایکەتانیشیان دیبوو کە کوتیان کە ئەو زیندووە.

24) و هێندێک لە وان کە دەگەڵ ئەمە بوون بۆ سەر قەبری چوون و هەر وەکوو ئەو ژنانەش کوتبوویان پەیدایان کرد، بەڵا ئەویان نەدی.»

25) و ئەو بە وانی گوت: «ئەی کەم عاقڵان و دڵگرانان کە باوەڕ بکەن بە هەموو چتی کە پێغەمبەران کوتویانە.

26) ئەرێ لازم نەبوو کە مەسیح ئەوانە بکێشێ و وەژوور جەلالی خۆی بکەوێ؟»

27) و دەستی پێ کرد لە مووسا و لە هەموو پێغەمبەران و ئەو چتانەی بەحسی خۆی دە هەموو کتێباندا بۆ وان تەرجەمە دەکرد.

28) و نیزیکی ئەو دێیەی بوون کە بۆ وێ دەچوون، و ئەو وای دیار کرد کە دەبا دوورتر بچێ.

29) و زۆرییان لێ کرد، دەیانگوت: «دەگەڵ ئەمە بمێنە چونکە نیزیکی ئێوارەیە و ڕۆژ ئەلان درەنگە.» و وەژوور کەوت کە دەگەڵ ئەوان بمێنێ.

30) و بوو کە وەختێکی ئەو لەسەر سفرەی دەگەڵ ئەوان ڕۆنیشتبوو، نانی هەڵگرت، ممبارەکی کرد، لەتی کرد و دای بە وان.

31) و چاوانی وان کرانەوە و ئەویان ناسی، و ئەو لە وان ون بوو.

32) و بە یەکتریان دەگوت: «مەگەر دڵی مە دەنێو مەدا نەئەسووتا وەختێکی دەگەڵ ئەمە دە ڕێیدا قسەی دەکرد و کە کتێبانی بۆ مە دەکردەوە؟»

33) و هەر دەو سەعاتەیدا هەڵستان و بۆ ئورشەلیمی گەڕانەوە و ئەو یازدانە و ئەوانەی کە دەگەڵ ئەوان بوون پەیدایان کرد کە خڕ بوونەوە.

34) و دەیانگوت: «بەڕاستی ڕەب هەڵستاوەتەوە و بە شەمعوونی بیندراوە.»

35) و ئەوان لەو چتانەی کە دە ڕێیدا بوون خەبەریان دا و چلۆن بە لەتکردنی نانی لە وان ناسرابۆوە.

36) و کە ئەوان لەو چتانە قسەیان دەکرد، ئەو بۆخۆی لەنێو ئەوان ڕاوەستا و بە وانی گوت: «سەلام عەلەیکم.»

37) بەڵا لەرزاو و ترساو بوون و فکریان دەکرد کە ڕوحێکیان دەدی.

38) و ئەو بە وانی گوت: «بۆچی تێک دەچن و لەبەر چی دە دڵی ئەنگۆدا فکرانی شک هەڵدەستن؟

39) ببینن دەستان و پێیانی من کە ئەمن بۆخۆمم. دەست لە من بدەن و ببینن چونکە ڕوحێک گۆشت و ئێسکی نییە وەکوو دەبینن کە ئەمن هەمە.»

40) و کە ئەوەی گوت، دەستان و پێیانی بە وان نیشان دا.

41) و کە ئەوان هێشتا لە خۆشحاڵی باوەڕیان نەدەکرد و عەجایب دەمان بە وانی گوت: «ئەرێ چتێکی خواردنیو هەیە لێرە؟»

42) و ئەوان لەتێکی ماسی سوورکراو بە وییان دا.

43) و وەریگرت و لەبەر چاوی وان خواردی.

44) و بە وانی گوت: «ئەوانە قسانی منن کە دەگەڵ ئەنگۆ قسەم کرد، وەختێکی هێشتا دەگەڵ ئەنگۆ بووم، لازمە کە هەموو ئەو چتانەی کە دە شەریعەتی مووسا و دە پێغەمبەران و دە زەبووراندا بەحسی من نووسراون تەواو ببن.»

45) ئەو دەمی عەقڵی وانی کردەوە کە کتێبان بفامن.

46) و بە وانی گوت: «وەها نووسراوە کە مەسیح ئەزیەت دەکێشێ و دە ڕۆژی سێیەمدا لەنێو مردووان هەڵدەستێتەوە.

47) و کە بە نێوی وی تۆبەی بۆ بەخشینی گوناحان لەنێو هەموو میللەتان وەعز دەکرێ، دەست پێکردن لە ئورشەلیمی دەبێ.

48) ئەنگۆ شایدانی ئەو چتانە هەن.

49) و ئەوەتا ئەمن وەعدەی بابی خۆم لەسەر ئەنگۆ دەنێرم، بەڵا ئەنگۆ دە شاریدا ڕۆنیشن هەتا بە قووەت لە بڵندی دەبەرکراو دەبن.»

50) و ئەوانی بردە دەرێ هەتا کن بەیت عەنیا و دەستانی خۆی هەڵێنا و ئەوانی مەمبارەک کرد.

51) و بوو کە وەختێکی ئەو ئەوانی مەمبارەک دەکرد، لە وان جوێ بۆوە و وەسەر بردرا بۆ ئاسمانێ.

52) و ئەوان سجدەیان لێ کرد و بە خۆشحاڵییەکی گەورە بۆ ئورشەلیمی گەڕانەوە.

53) و هەمیشە دە هەیکەلیدا بوون و شوکری خوڵایان دەکرد.