ئینجیلی موقەدەس/ئینجیلی یوحەننا

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
ئینجیلی موقەدەس  (1919)  by لودڤیگ فاسوم
ئینجیلی یوحەننا

باب ١[edit]

1) دە هەوەڵێدا کەلەمە هەبوو، و ئەو کەلەمە لەکن خوڵای بوو، و کەلەمە خوڵا بوو.

2) ئەوە دە هەوەڵێدا لەکن خوڵای بوو.

3) هەموو چتێک بە وی بوو و بێ وی هیچ چتێک نەبوو لە وەی کە بووە.

4) دە وێدا ژیان بوو و ئەو ژیانە ڕووناکایی بەنی ئادمێ بوو.

5) و ئەو ڕووناکایییە دە تاریکاییدا ڕووناکایی دەدا و تاریکایی دە ئەوی نەگەیشت.

6) پیاوێک بوو لەلای خوڵای ناردراو، نێوی یوحەننا بوو.

7) ئەو بۆ شایەدی هات کە لەسەر ئەو ڕووناکایی شایەدی بدا، هەتاکوو هەموو بە سەبەبی وی ئیمان بێنن.

8) ئەو ئەو ڕووناکایی نەبوو، بەڵا هات کە لەسەر ڕووناکایی شایەدی بدا.

9) ئەو ڕووناکایی ڕاست کە هەر کەسێک ڕووناک دەکا، بۆ نێو دنیایی دەهات.

10) دە دنیایدا بوو، و دنیا بە وی بوو و دنیا ئەوی نەناسی.

11) بۆ کن ئی خۆی هات و ئی خۆی ئەویان قەبوڵ نەکرد.

12) بەڵا هەر کامێکی کە ئەویان قەبوڵ کرد بە وان حکماتی دا کە ببنە منداڵانی خوڵای یەعنی بە وانەی کە بە نێوی وی ئیمان بێنن.

13) ئەوانەی کە نە لە خوێن و نە لە ئیرادەی بەدەن و نە لە ئیرادەی ئینسان، بەڵا لە خوڵای بە وەلەد بوون.

14) و ئەو کەلەمە بوو بە بەدەن و مەنزڵی لەنێو مە گرت و جەلالی ویمان دی، جەلالێکی وەکوو ئی تاقانەی لە باب، پڕ لە ڕەحم و ڕاستی.

15) یوحەننا لەسەر ئەوی شایەدی دا و قیژاندی، دەیگوت: ئەوە هەو بوو کە بەحسی ویم گوت، ئەوەی کە لەدوای من دێ، لە پێش ئەمن بووە، چونکە لە من پێشتر بوو.

16) چونکە لە پڕی وی هەموومان قەبوڵمان کردووە و ڕەحم لە جێی ڕەحم.

17) چونکە شەریعەت بە مووسا درا، ڕەحم و ڕاستی بە یەسووع مەسیح بوو.

18) هیچکەس قەت خوڵای نەدیوە، کوڕی تاقانەی کە دە باوەشی بابیدایە ئەو ئەوی ئاشکرا کردووە.

19) و ئەوەیە شایەدی یوحەننا وەختێکی یەهوودییان لە ئورشەلیمی کاهینان و لیویانیان ناردە کن ئەوی کە لێی بپرسن: ئەتۆ کێی؟

20) و ئیقراری کرد و حاشای نەکرد و ئیقراری کرد، ئەمن مەسیح نیم.

21) و لێیان پرسی: «دەنا چی؟ ئەرێ ئەتۆ ئەلیاسی؟» و کوتی: «نیم.» ئەرێ ئەتۆ ئەو پێغەمبەرەی؟ و جوابی دا: نەخێر.»

22) ئەو دەمی بە وییان گوت: «ئەتۆ کێی؟ هەتاکوو جواب بدەین بە ئەوانەی کە ئەمەیان ناردووە. چی دەڵێی بەحسی خۆت؟»

23) کوتی: «ئەمن دەنگی بانگکەرێکم کە دە چۆڵیدا دەڵێ: ڕێی ڕەب ڕاست بکەن، چلۆنێکی ئەشعیا پێغەمبەر کوتی.»

24) و ناردراوان لە فریسییان بوون.

25) و لێیان پرسی و بە وییان گوت: «ئەگەر ئەتۆ مەسیح نی، و نە ئەلیاس و نە ئەو پێغەمبەر، دەنا بۆچی تەعمید دەکەی؟»

26) یوحەننا بە وان جوابی دا، دەیگوت: «ئەمن بە ئاوێ تەعمید دەکەم. لە نێوو و کەسێک ڕاوەستاوە کە ئەنگۆ نایناسن.

27) ئەوەی کە لەدوای من دێ، کە ئەمن لایق نیم کە بەندی کەوشی وی بکەمەوە.»

28) ئەو چتانە دە بەیت عەنیادا بوون، لەو لای ئوردن لە کوێ کە یوحەننا بوو و تەعمیدی دەکرد.

29) دە ڕۆژی دیدا یوحەننا یەسووعی دی کە دەهاتە کن ئەوی و کوتی: ئەوەتا بەرخی خوڵای کە گوناحی دنیایی هەڵدەگرێ.

30) ئەوەیە ئەوەی کە بەحسی وی ئەمن کوتم، لەدوای من کەسێک دێ کە لە پێش ئەمن بووە، چونکە لە من پێشتر بوو.

31) و ئەمن ئەوم نەدەناسی، بەڵا هەتاکوو بۆ ئیسرائیل ئاشکرا ببێ، لەبەر ئەوەی ئەمن هاتووم و بە ئاوێ تەعمید دەکەم.

32) و یوحەننا شایەدی دا، دەیگوت: ڕوحم دی وەکوو کۆترێک لە ئاسمانێ دەهاتە خوارێ و لەسەر ئەوی گیر بوو.

33) و ئەمن ئەوم نەدەناسی، بەڵا ئەوەی کە ئەمنی نارد کە بە ئاوێ تەعمید بکەم، هەر ئەو بە منی گوت: لەسەر کێ کە دەبینی کە ڕوح دێتە خوارێ و لەسەر ئەوی گیر دەبێ، ئەوەیە ئەوەی کە بە ڕوحولقدوس تەعمید دەکا.

34) و ئەمن دیومە و شایەدیم داوە کە ئەوە کوڕی خوڵایە.

35) دە ڕۆژی دیدا دیسان یوحەننا ڕاوەستابوو و دوو لە شاگردانی وی.

36) و کە تەماشای یەسووعی دەکرد کە دەگەڕا، کوتی: ئەوەتا بەرخی خوڵای.

37) و ئەو دوو شاگردانە قسەکردنی وییان بیست و وەدوای یەسووع کەوتن.

38) و کە یەسووع وەرگەڕا، ئەوانی دی کە وەدوای دەکەوتن و بە وانی گوت: لە چی دەگەڕێن؟ بە وییان گوت: ڕەببی، کە تەرجمەی ئەوەیە: ئەی مامۆستا مەنزڵت لە کوێیە؟

39) بە وانی گوت: وەرن و دەبینن. ئەو دەمی هاتن و دیتیان مەنزڵی لە کوێ بوو. و ئەوی ڕۆژێ لەکن ئەوی مان و نیزیکی سەعاتی دەیەم بوو.

40) یەکێک لەو دوانەی کە لە یوحەننایان بیست و کە وەدوای وی کەوتن ئەندریاس برای شەمعوون پیترۆس بوو.

41) ئەوە هەوەڵێ برای خۆی شەمعوونی پەیدا کرد و بە وی گوت: مەسیح، کە بە تەرجەمە کریستۆسە، پەیدامان کردووە.

42) و ئەوی بۆ کن یەسووعی برد. یەسووع تەماشای وی کرد و کوتی: ئەتۆ شەمعوون کوڕی یوحەننای، ئەتۆ کیفا بانگ دەکرێی، کە بە تەرجەمە پیترۆسە.

43) دە ڕۆژی دیدا ویستی کە بۆ جەلیلی بڕوا و فیلپۆسی پەیدا کرد. و یەسووع بە وی گوت: وەدوای من بکەوە.

44) و فیلپۆس لە بەیت سەیدا بوو لە شاری ئەندریاس و پیترۆس.

45) فیلپۆس نەتەنائیلی پەیدا کرد و بە وی گوت: ئەوەی کە مووسا بەحسی وی دە تەوڕاتدا نووسیوە و پێغەمبەرانیش پەیدامان کردووە یەعنی یەسووع کوڕی یوسف لە ناسرەتی.

46) و نەتەنائیل بە وی گوت: ئەرێ مومکینە کە چتێکی چاک لە ناسرەتی ببێ؟ فیلپۆس بە وی گوت: وەرە و ببینە.

47) یەسووع نەتەنائیلی دی کە دەهاتە کن ئەوی و بەحسی وی گوت: ئەوەتا بەڕاستی ئیسرائیلییەکی کە حیلە دە ویدا نییە.

48) نەتەنائیل بە وی گوت: ئەتۆ ئەمن لە کوێ دەناسی؟ یەسووع جوابی دا و بە وی گوت: لە پێش ئەوەی کە فیلپۆس ئەتۆی بانگ کرد، کە هێشتا لە بن دارەهەنجیری بووی، ئەتۆم دی.

49) نەتەنائیل بە وی جوابی دا، ڕەببی ئەتۆی کوڕی خوڵای، ئەتۆی پادشای ئیسرائیل.

50) یەسووع جوابی دا و بە وی گوت: ئەرێ چونکە بە تۆم گوت: کە ئەتۆم لە بن دارەهەنجیری دی، ئیمان دێنی؟ چتانی گەورەتر لە وان دەبینی.

51) و بە وی گوت: ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم: لەوەی پاش ئەنگۆ ئاسمانی ئاواڵەکراو دەبینن و کە مەلایکەتانی خوڵای لەسەر کوڕی ئینسانی بۆ سەر و بۆ خوارێ دێن.

باب ٢[edit]

1) و دە ڕۆژی سێیەمدا داوەتێک دە قانای جەلیلیدا بوو و دایکی یەسووع لەوێ بوو.

2) و یەسووع و شاگردانی ویش بۆ داوەتێ بانگ ئێشتران.

3) و کە شەراپ کەم بوو دایکی یەسووع بە وی گوت: «شەراپیان نییە.»

4) یەسووع بە وی گوت: «ئەی ژن، چم دەگەڵ تو هەیە؟ سەعاتی من هێشتا نەهاتووە.»

5) دایکی وی بە خزمەتکارانی گوت: «هەر چی کە بە ئەنگۆ بڵێ بیکەن.»

6) بەڵا شەش کوپەی برد وەکوو عادەتی پاککردنەوەی یەهوودییان لەوێ داندرا بوون کە هەر یەکێک دوو یان سێ مەشکانی دەگرت.

7) یەسووع بە وانی گوت: «کوپان پڕ بکەن لە ئاوێ و ئەوانیان پڕ کرد هەتا سەر لێوان.»

8) و بە وانی گوت: «ئەوێستا هەڵبکێشن و بیبەنە کن گەورەی مەجلیس و ئەوان بردیان.»

9) ئەمما وەختێکی گەورەی مەجلیس ئەو ئاوەی کە ببوو بە شەراپ تامی کرد و نەیدەزانی لە کوێیە، بەڵا خزمەتکارانی کە ئاویان هەڵکێشابوو، دەیانزانی، گەورەی مەجلیس زاوای بانگ کرد.

10) و بە وی گوت: «هەر کەس هەوەڵێ شەراپی چاک پێش دادەنێ و وەختێکی مەست بوون ئەوەی خراپتر. ئەتۆ شەراپی چاک هەتا ئەوێستات ڕاگرتووە.»

11) یەسووع ئەو دەستپێکردنی نیشانان دە قانای جەلیلیدا کرد و جەلالی خۆی ئاشکرا کرد و شاگردانی وی ئیمانیان بە وی هێنا.

12) لەپاش ئەوەی چۆ خوارێ بۆ کەفەرناحومی بۆخۆی و دایکی و برایانی و شاگردانی و زۆر ڕۆژان لەوێ نەمان.

13) و فەسحی یەهوودییان نیزیک بوو و یەسووع وەسەر کەوت بۆ ئورشەلیمی.

14) و دە هەیکەلیدا گا و مەڕ و کۆترفرۆشانی پەیدا کرد و سەڕافان ڕۆنیشتوو.

15) و قامچێکی لە بنی دروست کرد و هەمووانی لە هەیکەلی دەر کرد، مەڕان و گایانیش و دراوی سەڕافانی ڕشتە دەرێ و تەختانی وەرگێڕا.

16) و بە کۆترفرۆشانی گوت: «ئەوانە هەڵگرن لە ئێرە. ماڵی بابی من بە ماڵی تجارەتێ مەکەن.»

17) شاگردانی وی وەبیریان هاتەوە کە نووسراوە: «غیرەتی ماڵی تۆ ئەمن دەخوا.»

18) ئەو دەمی یەهوودییان جوابیان دا و بە وییان گوت: «چی موعجزەیەک بە مە نیشان دەدەی کە ئەو چتانە دەکەی؟»

19) یەسووع جوابی دا و بە وانی گوت: «ئەو هەیکەلەی بڕووخێنن و بە سێ ڕۆژان هەڵی دەستێنمەوە.»

20) ئەو دەمی یەهوودییان کوتیان: «ئەو هەیکەلە بە چل و شەش ساڵان دروست کراوە و ئەرێ ئەتۆ بە سێ ڕۆژان هەڵی دەستێنییەوە؟»

21) بەڵا ئەو بەحسی هەیکەلی بەدەنی خۆی قسەی دەکرد.

22) لەبەر ئەوەی وەختێکی لەنێو مردووان هەڵ ئەستاندرا بۆوە شاگردانی وی وەبیریان هاتەوە کە ئەوەی کوتبوو؛ و بە کتێب و بەو قسەی کە یەسووع کوتبووی ئیمانیان هێنا.

23) و کە دە ئورشەلیمی دە جێژنی فەسحیدا بوو، زۆران بە نێوی وی ئیمانیان هێنا، وەختێکی ئەو نیشانانەی وییان دی کە دەیکرد.

24) بەڵا یەسووع، خۆی بە وان نەدەسپارد، لەبەر ئەوەی کە ئەو هەموو کەسی دەناسی.

25) و چونکە موحتاج نەبوو کە کەسێک بەحسی ئینسان شایەدی بدا، چونکە ئەو بۆخۆی دەیزانی دە ئینساندا چی بوو.

باب ٣[edit]

1) و پیاوێک لە فریسییان هەبوو، نێوی نێقۆدێمۆس، مەزنێکی یەهوودییان.

2) ئەوە دە شەوێدا هاتە کن ئەوی و بە وی گوت: «ڕەببی، دەزانین کە ئەتۆ مامۆستایەکی لە خوڵا هاتووی، چونکە کەس ناتوانێ ئەو نیشانان بکا کە ئەتۆ دەکەی، ئەگەر خوڵا دەگەڵ ئەوی نەبێ.»

3) یەسووع جوابی دا و بە وی گوت: «ڕاستی ڕاستی بە تۆ دەڵێم: ئەگەر کەسێک لە تازەیەوە بە وەلەد نەبێ، ناتوانێ پادشایەتی خوڵای ببینێ.»

4) نێقۆدێمۆس بە وی گوت: «چلۆن دەتوانێ کەسێک بە وەلەد ببێ، وەختێکی پیرە؟ ئەرێ دەتوانێ جاری دوویەم وەژوور زگی دایکی خۆی بکەوێ و بە وەلەد ببێ؟»

5) یەسووع جوابی دا: «ڕاستی ڕاستی بە تۆ دەڵێم: ئەگەر کەسێک لە ئاو و ڕوح بە وەلەد نەبێ، ناتوانێ وەژوور پادشایەتی خوڵای بکەوێ.

6) ئەوەی کە لە بەدەن بە وەلەد بووە، بەدەنە و ئەوەی کە لە ڕوح بە وەلەد بووە ڕوحە.

7) تەعەجوب مەبە کە بە تۆم گوت: لازمە کە ئەنگۆ لە تازەیەوە بە وەلەد ببن.

8) «با» بۆ هەر جێیەکی کە دەیەوێ لێ دەدا و دەنگی وی دەبیێی، بەڵا نازانی لە کوێ دێ و بۆ کوێ دەچێ. وەهایە هەر کەس کە لە ڕوح بە وەلەد بووە.»

9) نێقۆدێمۆس جوابی دا و بە وی گوت: «ئەوانە چلۆن دەتوانن ببن؟»

10) یەسووع جوابی دا و بە وی گوت: «ئەرێ ئەتۆ مامۆستای ئیسرائیلی و ئەو چتانە نازانی؟

11) ڕاستی ڕاستی بە تۆ دەڵێم: ئەوەی کە دەزانین قسان دەکەین و ئەوەی کە دیومانە شایەدی دەدەین و شایەدیی مە ئەنگۆ قەبوڵ ناکەن.

12) ئەگەر چتانی دنیایی بە ئەنگۆم کوتووە و باوەڕ ناکەن، چلۆن باوەڕ دەکەن ئەگەر چتانی ئاسمانی بە ئەنگۆ بڵێم؟

13) و هیچکەس نەچۆتە سەرێ بۆ ئاسمانێ، بێجگە لە ئەوەی کە لە ئاسمانێ هاتە خوارێ یەعنی کوڕی ئینسانی.

14) و چلۆنێکی مووسا دە چۆڵیدا مارەکی بڵند کرد، هەر واش لازمە کە کوڕی ئینسانی بڵند بکرێ.

15) هەتاکوو هەر کەس کە بە وی ئیمان بێنێ، ژیانی ئەبەدی ببێ.

16) چونکە خوڵا دنیای وەها حوبباند کە کوڕی تاقانەی خۆی دا هەتاکوو هەر کەس کە بە وی ئیمان بێنێ هەلاک نەبێ، بەڵا ژیانی ئەبەدی ببێ.

17) چونکە خوڵا کوڕی خۆی نەناردە دنیایێ کە حوکم لەسەر دنیای بکا، بەڵا کە دنیای بە وی خەڵاس ببێ.

18) ئەوەی کە بە وی ئیمان بێنێ حوکم لەسەری ناکرێ، بەڵا ئەوەی کە ئیمانان نایەنێ ئەلان حوکم لەسەری کراوە، چونکە بە نێوی کوڕی تاقانەی خوڵای ئیمانی نەهێناوە.

19) و حوکم ئەوەیە کە ڕووناکایی دە دنیایدا هاتووە و بنی ئادەمێ تاریکاییان لە ڕووناکایی خۆشتر ویست، چونکە عەمەلی وان خراپ بوون.

20) چونکە هەر کەس کە خراپی دەکا، ڕووناکایی دەبوغزێنێ و بۆ کن ڕووناکایی نایێ، هەتاکوو عەمەلانی وی زەم نەکرێن.

21) بەڵا ئەوەی کە ڕاستی دەکا بۆ کن ڕووناکایی دێ هەتاکوو عەمەلانی وی ئاشکرا ببن چونکە دە خوڵایدا کراون.»

22) لەپاش ئەوانە یەسووع و شاگردانی وی هاتنە وڵاتی یەهوودییە و لەوێ دەگەڵ ئەوان ڕایدەبوارد و تەعمیدی دەکرد.

23) بەڵا یوحەنناش دە عینون نیزیکی سالیم تەعمیدی دەکرد، چونکە ئاوی زۆر لەوێ هەبوو و دەهاتن و تەعمید دەکران.

24) چونکە یوحەننا هێشتا دە بەندیخانەیدا نەهاویشترابوو.

25) ئەو دەمی لە شاگردانی یوحەننا دەگەڵ یەهوودییەک موباحیسەیەکی بوو لەسەر پاککردنەوەی.

26) و هاتنە کن یوحەننا و بە وییان گوت: «ئەی مامۆستا ئەوەی کە دەگەڵ ئەتۆ لەو لای ئوردن بوو، کە ئەتۆ بۆ وی شایەدت داوە، ئەوەتا ئەو تەعمید دەکا و هەمووان دێنە کن ئەوی.»

27) یوحەننا جوابی دا و کوتی: «کەس ناتوانێ چتێکی وەرگرێ، ئەگەر لە ئاسمانێ بە وی نەدراوە.

28) ئەنگۆ بۆخۆتان بۆ من شایەدی دەدەن کە کوتم: ئەمن مەسیح نیم، بەڵا لە پێش ئەوی ناردراوم.

29) ئەوەی کە بووکی هەیە زاوایە، بەڵا دۆستی زاوای کە ڕادەوەستێ و گوێی لێ دەگرێ، زۆر کەیفخۆشی دەکا لەبەر دەنگی زاوای. دەنا ئەوە کەیفخۆشی من تەواو بووە.

30) لازمە کە ئەو گەورەتر ببێ و ئەمن پچوکتر ببم.

31) ئەوەی کە لە سەرڕا دێ، لەسەر هەمووانە. ئەوەی کە لە ئەرزێیە لە ئەرزێیە و لە ئەرزێ قسان دەکا. ئەوەی کە لە ئاسمانێ دێ لەسەر هەمووانە.

32) ئەو چتەی کە دیویە و بیستوویە، ئەوی شایەدی دەدا و شایەدی وی کەس قبوڵ ناکا.

33) ئەوەی کە شایەدی وی قەبوڵ کردووە، مۆری کردووە کە خوڵا ڕاستە.

34) چونکە ئەوەی کە خوڵا ناردووە، کەلامی خوڵا قسان دەکا. چونکە خوڵا بە پێوان ڕوح نادا.

35) باب کوڕی دەحوببێنێ و هەموو چتانی بە دەستی وی داوە.

36) ئەوەی کە بە کوڕی ئیمان بێنێ ژیانی ئەبەدی هەیە، ئەمما ئەوەی کە ئیتاعەتی کوڕی نەکا، ژیانی نابینێ بەڵا غەزەبی خوڵای لەسەر ئەوی دەمێنێ.»

باب ٤[edit]

1) دەنا وەختێکی ڕەب زانی کە فریسییان بیستبوویان کە یەسووع لە یوحەننا پتر شاگردانی پەیدا دەکرد و تەعمیدی دەکرد.

2) هەر چەند یەسووع بۆخۆی تەعمیدی نەدەکرد، بەڵا شاگردانی وی.

3) یەهوودییەی بەجێ هێشت و دیسان چوو بۆ جەلیلی.

4) و لازم بوو کە بە نێو سماریەدا ڕاببرێ.

5) و هاتە شارێکی سماریەی کە نێوی سوخار بوو، نیزیکی ئەو موڵکەی کە یەعقوب بە کوڕی خۆی یوسفی دابوو.

6) و چاڵاوی یەعقوب لەوێ بوو. کە یەسووع لە سەفەرێ ماندوو بوو، لەسەر چاڵاوێ ڕۆنیشت. بەقەد سەعاتی شەشەم بوو.

7) ژنێک لە سماریە هات کە ئاوێ هەڵبکێشێ. یەسووع بە وی گوت: ئاو بە من بدە کە بخۆمەوە.

8) چونکە شاگردانی وی بۆ شاری چووبوون کە خۆراک بکڕن.

9) ئەو دەمی ئەو ژنەی سماری بە وی گوت: ئەتۆ کە یەهوودییەکی چلۆن لە من کە ژنێکی سماریم ئاوی خواردنەوەی تەڵەب دەکەی؟ چونکە یەهوودییان دەگەڵ سمارییان بەڕێ ناچن.

10) یەسووع جوابی دا و بە وی گوت: ئەگەر ئەتۆ خەڵاتی خوڵات بزانیبایە و کێیە کە بە تۆ دەڵێ: ئاو بە من بدە کە بخۆمەوە، ئەتۆ لە وی تەڵەبت کردبایە و ئەو بە تۆ ئاوی زیندووی دەدا.

11) ژنەکە بە وی گوت: یا ڕەب دۆڵچەت نییە و ئەو چاڵاوە قووڵە، دەنا لە کوێ ئەو ئاوی زیندووت هەیە؟

12) مەگەر ئەتۆ لە بابی مە یەعقووب گەورەتری کە ئەو چاڵاوەی بە مە دا و لە وی خواردییەوە بۆخۆی و ئەولادی و حەیوانی؟

13) یەسووع جوابی دا و بە وی گوت: هەر کەس کە لەو ئاوەی بخواتەوە دیسان تینوو دەبێ.

14) ئەمما هەر کەس کە لەو ئاوەی کە ئەمن بە وی دەدەم، بخواتەوە هەتا ئەبەدی تینوو نابێ، بەڵا ئەو ئاوەی کە بە وی دەدەم دەبێتە کانییەکی ئاو دە ویدا کە بۆ ژیانی ئەبەدی هەڵدەقوڵێ.

15) ژنەکە بە وی گوت: یا ڕەب، ئەو ئاوەی بە من بدە هەتاکوو تینوو نەبم و نەیێمە ئێرە کە ئاو هەڵبکێشم.

16) ئەو بە وی گوت: بڕۆ مێردی خۆت بانگ بکە و وەرە ئێرە.

17) ژنەکە جوابی دا و کوتی: مێردم نییە. یەسووع بە وی گوت: چاکت گوت کە مێردم نییە.

18) چونکە پێنج مێردت ببوو و ئەوەی کە ئەوێستات هەیە، مێردی تو نییە. ئەوەت ڕاست کوتووە.

19) ژنەکە بە وی گوت: یا ڕەب دەبینم کە ئەتۆ پێغەمبەری.

20) بابانی مە لەسەر ئەو کێوەی سجدەیان کرد و ئەنگۆ دەڵێن کە دە ئورشەلیمیدایە، ئەو جێی کە لازمە لەوی سجدەی بکەن.

21) یەسووع بە وی گوت: ئەی ژن، باوەڕ بە من بکە کە سەعاتێک دێ، کە ئەنگۆ نە لەسەر کێوی و نە دە ئورشەلیمێدا لە باب سجدەی دەکەن.

22) ئەنگۆ سجدەی ئەوەی دەکەن کە نایناسن. ئەمە سجدەی ئەوەی دەکەین کە دەیناسین، چونکە خەڵاسی لە یەهوودییانە.

23) بەڵا سەعاتێک دێ و ئەوێستایە کە سجدەکەرانی ڕاست بە ڕوح و بە ڕاستی لە باب سجدەی دەکەن، چونکە باب ئەو جۆرە سجدەکەرانەی دەوێ.

24) خوڵا ڕوحە و لازمە کە ئەوانەی کە سجدەی لێ دەکەن، بە ڕوح و بە ڕاستی سجدەی لێ بکەن.

25) ژنەکە بە وی گوت: دەزانم کە مەسیح ئەوەی کە کریستۆس بانگ دەکرێ دێ. وەختێکی ئەو دێ لە هەموو چتان بە مە خەبەر دەدا.

26) یەسووع بە وی گوت: ئەمن هەوم کە دەگەڵ ئەتۆ قسان دەکەم.

27) و دە وێدا شاگردانی وی هاتن و مات مان کە دەگەڵ ژنێکی قسەی دەکرد. بەڵا هیچکەس نەیگوت: چت دەوێ؟ یان بۆچی دەگەڵ ئەوی قسان دەکەی؟

28) ئەو دەمی ژنەکە جەڕی خۆی بەجێ هێشت و چوو بۆ شاری و بە خەڵکی گوت:

29) وەرن کەسێکی ببینن کە هەموو ئەو چتانەی کە کردوومە بە منی گوت. مەگەر ئەوە مەسیح نییە؟

30) لە شاری وەدەر کەوتن و دەهاتنە کن ئەوی.

31) دەو بەینەیدا شاگردان تەڵەبیان لێ دەکرد، دەیانگوت: ڕەببی بخۆ.

32) بەڵا ئەو بە وانی گوت: ئەمن خۆراکی خواردنم هەیە کە ئەنگۆ نایزانن.

33) ئەو دەمی شاگردان بە یەکتریان گوت: مەگەر کەس چتێکی خواردنی بۆ وی هێناوە؟

34) یەسووع بە وانی گوت: خۆراکی من ئەوەیە کە ئیرادەی وەی بکەم کە ئەمنی ناردووە و کاری وی تەواو بکەم.

35) ئەرێ ئەنگۆ ناڵێن چاوی خۆتان هەڵێنن و تەماشای زەوییان بکەن کە سپین بۆ دروێنەی.

36) ئەلان دروێنەکەر حەقی دەستێنێ و حاسڵ بۆ ژیانی ئەبەدی خڕ دەکا هەتاکوو کە هێشتا چوار مانگی دیکە و دروێنە دێ؟ ئەوەتا ئەمن بە ئەنگۆ دەڵێم، تۆچێن و دروێنەکەر پێکەوە خۆشحاڵ ببن.

37) چونکە لێرە ئەو قسە ڕاستە کە تۆچێن یەکێکە و دروێنکەر یەکێکی دیکەیە.

38) ئەمن ئەنگۆم ناردووە کە دروێنەی بکەن ئەوەی کە زەحمەتوو دەگەڵی نەکێشاوە. ئی دیکان زەحمەتیان کێشاوە و ئەنگۆ وەژوور زەحمەتی وان کەوتوون.

39) و لە ئەو شارەی زۆران لە سمارییان بە وی ئیمانیان هێنا لەبەر قسەی ئەو ژنەی کە شایەدی دەدا کە هەموو ئەو چتانەی کە کردوومە بە منی گوت.

40) و کە سمارییان هاتنە کن ئەوی تەڵەبیان لێ کرد کە لەکن ئەوان بمێنێ، و دوو ڕۆژان لەوێ ما.

41) و زۆرانی دیکە ئیمانیان هێنا لەبەر قسەی وی.

42) و بە ژنەکەیان گوت: ئیدی لەبەر قسەی تۆ ئیمان نایەنین، چونکە بۆخۆمان بیستوومانە و دەزانین کە بەڕاستی ئەوە خەڵاسکەری دنیایێیە.

43) و لەپاش ئەو دوو ڕۆژانە لە ئەوێ وەدەر کەوت بۆ جەلیلی.

44) چونکە یەسووع بۆخۆی شایەدی دا کە پێغەمبەرێک دە وەتەنی خۆیدا حورمەتی نییە.

45) بەڵا وەختێکی هاتە جەلیلی، جەلیلییان ئەویان قەبوڵ کرد، چونکە هەموو ئەو چتانەیان دیبوو کە دە ئورشەلیمی دە جێژنیدا کردبووی، چونکە ئەوانیش بۆ جێژنی هاتبوون.

46) و دیسان هاتە قانای جەلیلی، ئەو جێی کە ئاوی کردبوو بە شەراپ و شاهزادەیەک هەبوو کە کوڕی وی دە کەفەرناحومێدا نەخۆش بوو.

47) وەختێکی ئەو بیستی کە یەسووع لە یەهوودییە بۆ جەلیلی هاتبوو، چۆ کن ئەوی و تەڵەبی لێ کرد کە بێتە خوارێ و کوڕی وی ساغ بکاتەوە چونکە نیزیکی مردنێ بوو.

48) یەسووع بە وی گوت: ئەگەر ئەنگۆ نیشانان و عەجایبان نەبینن قەت ئیمان نایەنن.

49) شاهزادە بە وی گوت: یا ڕەب، وەرە خوارێ لە پێش ئەوەی کە منداڵی من بمرێ.

50) یەسووع بە وی گوت: بڕۆ، کوڕی تۆ دەژی. پیاوەکە باوەڕی کرد بەو قسەی کە یەسووع بە وی گوت و چوو.

51) و کە دەچۆ خوارێ، خزمەتکارانی وی تووشی بوون دەیانگوت کە منداڵی وی دەژی.

52) ئەو دەمی پرسیاری لە وان کرد لە ئەو سەعاتەی کە دە وێدا چاتر ببوو. و بە وییان گوت: دوێنێ شەعاتی حەوتەم نۆبەتێ بەری دا.

53) ئەوجار بابی زانی کە هەر دەو سەعاتەیدا بوو کە یەسووع بە وی گوت: کوڕی تۆ دەژی. و ئیمانی هێنا بۆخۆی و هەموو ماڵی وی.

54) ئەوە دیسان نیشانەی دوویەم بوو کە یەسووع کردی وەختێکی لە یەهوودییە بۆ جەلیلی هات.

باب ٥[edit]

1) لە پاش ئەوەی جێژنی یەهوودییان بوو و یەسووع وەسەر کەوت بۆ ئورشەلیمی.

2) و دە ئورشەلیمیدا لەکن دەروازەی مەڕان حەوزێک هەیە کە بە عیبرانی بەیت حسدا بانگ دەکرێ کە پێنج هەیوانی هەیە.

3) دە واندا جەمعێکی زۆر لە نەخۆشان، کوێران، شەلان و ئیفلیجان ڕاکشابوون کە چاوەنۆڕی بزوتنی ئاوێ بوون.

4) چونکە جار جار مەلایکەتێک دەهاتە خوارێ دەو حەوزەیدا و ئاوی دەبزواند. و لەپاش بزوتنی ئاوێ هەر کەسێکی کە هەوەڵێ وەژوور کەوت، لە هەر نەخۆشییەکی کە بیبایە ساغ دەبوو.

5) و پیاوێک لەوێ هەبوو کە سی و هەشت ساڵ نەخۆش بوو.

6) وەختێکی یەسووع ئەوی دی کە کەوتووە و زانی کە ئەلان زۆر وەخت لەوێ ببوو، بە وی گوت: ئەرێ دەتەوێ کە ساغ ببی؟

7) نەخۆشەکە بە وی جوابی دا: یا ڕەب، کەسم نییە کە وەختێکی ئاو دەبزوترێ ئەمن دە حەوزی باوێژێ. بەڵا وەختێکی ئەمن دێم، یەکێکی دیکە لە پێش ئەمندا دەچێتە خوارێ.

8) یەسووع بە وی گوت: هەڵستە دۆشەگی خۆت هەڵگرە و بڕۆ.

9) و جێبەجێ ئەو پیاوە ساغ بۆوە و دۆشەگی خۆی هەڵگرت و ڕۆیی. و ئەوێ ڕۆژێ شەمۆ بوو.

10) لەبەر ئەوەی یەهوودییان بەو پیاوەی کە ساغ ببۆوە کوتیان: شەمۆیە و بۆ تۆ دروست نییە کە دۆشەگت هەڵگری.

11) بەڵا ئەو بە وان جوابی دا: ئەوەی کە ئەمنی ساغ کردەوە، هەر ئەو بە منی گوت: دۆشەگی خۆت هەڵگرە و بڕۆ.

12) و پرسیاریان لێ کرد: کێیە ئەو پیاوە کە بە تۆی گوت، هەڵگرە و بڕۆ؟

13) بەڵا ئەوەی کە ساغ ببۆوە نەیدەزانی کە کێیە، چونکە یەسووع خۆی وەلا کێشا لەبەر غەڵەبایی کە دەو جێیەیدا بوو.

14) لە پاش ئەوەی یەسووع ئەوی دە هەیکەلیدا پەیدا کرد و بە وی گوت: ئەوەتا ساغ بوویەوە، ئیدی گوناح مەکە، هەتاکوو چتێکی خراپترت بەسەر نەیێ.

15) ئەو پیاوە چوو و بە یەهوودییانی گوت کە یەسووع بوو کە ئەوی ساغ کردبۆوە.

16) و لەبەر ئەوەی یەهوودییان بە یەسووع ئەزیەتیان دا چونکە ئەو چتانەی دە شەمۆیدا دەکرد.

17) بەڵا ئەو بە وان جوابی دا: بابی من هەتا ئەوێستا کار دەکا و ئەمنیش کار دەکەم.

18) لەبەر ئەوەی یەهوودییان زیاتر حەولیان دەدا کە ئەوی بوکوشن چونکە نە تەنیا شەمۆی دەشکاند، بەڵا خوڵای بە بابی خۆشی بانگ دەکرد و خۆی بەرابەری خوڵای دەکرد.

19) ئەو دەمی یەسووع جوابی دا و بە وانی گوت: ڕاستی ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم: کوڕ لە خۆی ناتوانێ چتێکی بکا، بەڵا تەنیا ئەوەی کە دەبینێ کە باب دەکا. چونکە هەر چی ئەو دەکا ئەو چتەی کوڕیش دەکا وەکوو ئەوی.

20) چونکە باب کوڕی دەحوببێنێ و هەموو چتانی کە بۆخۆی دەکا، بە وی نیشان دەدا. و کارانی گەورەتر لە ئەوانە بە وی نیشان دەدا هەتاکوو ئەنگۆ عەجایب بمێنن.

21) چونکە چلۆنێکی باب مردووان وەخەبەر دێنێ و زیندووی دەکاتەوە، هەر واش کوڕ ئەوانەی کە دەیەوێ زیندووی دەکاتەوە.

22) چونکە باب لەسەر هیچکەس حوکم ناکا، بەڵا هەموو حوکم بە کوڕی داوە.

23) هەتاکوو هەمووان حورمەتی کوڕ بگرن وەکوو حورمەتی باب دەگرن. ئەوەی کە حورمەتی کوڕ ناگرێ، حورمەتی باب کە ئەوی ناردووە ناگرێ.

24) ڕاستی ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم: ئەوەی کە لە کەلامی من گوێ بگرێ و ئیمان بە وەی بێنێ کە ئەمنی ناردووە، ژیانی ئەبەدی هەیە و دە حوکمێ ناکەوێ بەڵا لە مردنێ بۆ ژیان ڕابردووە.

25) ڕاستی ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم کە سەعاتێک دێ و ئەوێستاشە کە مردووان دەنگی کوڕی خوڵای دەبیێن و ئەوانەی کە دەبیێن دەژینەوە.

26) چونکە چلۆنێکی باب دە خۆیدا ژیانی هەیە، هەر واش بە کوڕی داوە کە ژیان دە خۆیدا ببێ.

27) و بە وی حیکماتی داوە کە حوکمێ بکا، چونکە کوڕی ئینسانە.

28) لە ئەوەی عەجایب مەبن چونکە سەعاتێک دێ کە هەمووان کە دە قەبراندان دەنگی وی دەبیێن.

29) و وەدەر دەکەون ئەوانەی کە چاکەیان کردووە بۆ قیامەتی ژیانێ و ئەوانەی کە خراپەیان کردووە بۆ قیامەتی عازابێ.

30) ئەمن لە خۆم ناتوانم چتێکی بکەم. وەکوو دەبیێم وا حوکم دەکەم و حوکمی من حەقە چونکە ئەمن حەولی ئیرادەی خۆم نادەم، بەڵا ئیرادەی وەی کە ئەمنی ناردووە.

31) ئەگەر ئەمن لەسەر خۆم شایەدی بدەم، شایەدی من ڕاست نییە.

32) یەکێکی دیکە هەیە لەسەر ئەمن شایەدی دەدا و دەزانم کە ئەو شایەدەی کە ئەو لەسەر ئەمن شایەدی دەدا، ڕاستە.

33) ئەنگۆ ناردووتانە کن یوحەننا و ئەو بۆ ڕاستی شایەدی داوە.

34) ئەمما ئەمن شایەدی لە ئینسانێ قەبوڵ ناکەم، بەڵا ئەو چتانە دەڵێم هەتاکوو ئەنگۆ خەڵاس ببن.

35) ئەو چرایەکی هەڵکراو و ڕووناکیدار بوو و ئەنگۆ دەتانویست کە هەتا وەختێکی دە ڕووناکایی ویدا کەیفخۆشی بکەن.

36) بەڵا ئەمن شایەدی گەورەترم هەیە لە ئەوەی ئی یوحەننا، چونکە ئەو کارانەی کە باب بە منی داوە کە ئەوانە تەواو بکەم، یەعنی هەر ئەو کارانەی کە دەیکەم لەسەر ئەمن شایەدی دەدەن کە باب ئەمنی ناردووە.

37) و باب کە ئەمنی ناردووە بۆخۆی شایەدی لەسەر ئەمن داوە. دەنگی وی قەت نەتان بیستووە و شکلی ویشوو نەدیوە.

38) و کەلامی وی دە ئەنگۆدا ڕاگیراو نییە، چونکە ئەوەی کە ئەو ناردوویە بە وی ئیمان نایەنن.

39) ئەنگۆ کتێبان سۆراغ دەکەن چونکە ئەنگۆ فکر دەکەن کە دە واندا ژیانی ئەبەدیو هەیە و هەر ئەوانن کە لە سەر ئەمن شایەدی دەدەن.

40) و ئەنگۆ ڕازی نین کە بێنە کن ئەمن هەتاکوو ژیانوو ببێ.

41) جەلال لە ئینسانێ قەبوڵ ناکەم.

42) بەڵا ئەنگۆ دەناسم کە موحەبەتی خوڵای دە خۆتاندا نییە.

43) ئەمن بە نێوی بابی خۆم هاتووم و ئەنگۆ ئەمن قەبوڵ ناکەن. ئەگەر یەکێکی دیکە بە نێوی خۆی بێ، ئەوی قەبوڵ دەکەن.

44) ئەنگۆ چلۆن دەتوانن ئیمان بێنن کە لە یەکتری جەلال قەبوڵ دەکەن و لەو جەلالەی کە لە خوڵای تەنیایە حەول نادەن؟

45) فکر مەکەن کە ئەمن لەکن باب گلەیی لە ئەنگۆ دەکەم. یەکێک هەیە کە گلەیی لە ئەنگۆ دەکا یەعنی مووسا، ئەوەی کە ئەنگۆ هومێدوو لەسەر داناوە.

46) چونکە ئەگەر ئەنگۆ بە مووسا باوەڕوو کردبایە بە منیشوو باوەڕ دەکرد، چونکە ئەو بەحسی منی نووسیوە.

47) بەڵا ئەگەر ئەنگۆ بە نووسینانی وی ئیمان نێنن، بە کەلامی من چلۆن ئیمان دێنن؟

باب ٦[edit]

1) لە پاش ئەوەی یەسووع چوو بۆ ئەو لای بەحری جەلیلێ، یەعنی بەحری تێبرییە.

2) و خەڵکێکی زۆر وەدوای وی دەکەوتن چونکە ئەو نیشانانەیان دەدی کە لەسەر نەخۆشانی دەکرد.

3) و یەسووع وەسەر کێوی کەوت و لەوێ دەگەڵ شاگردانی خۆی ڕۆنیشت.

4) و فەسح، جێژنی یەهوودییان نیزیک بوو.

5) و کە یەسووع چاوی خۆی هەڵێنا و خەڵکێکی زۆری دی کە دەهاتنە کن ئەوی، بە فیلپۆسی گوت: لە کوێ نان بکڕین کە ئەوانە بخۆن؟

6) بەڵا ئەوەی دەگوت کە ئەوی تەجرەبە بکا، چونکە بۆخۆی دەیزانی چی دەبا بکا.

7) فیلپۆس بە وی جوابی دا: دووسەد دینار نان بۆ وان بەس نییە هەتاکوو هەر یەک کەمێکی بستێنێ.

8) یەکێک لە شاگردانی وی، ئەندریاس برای شەمعوون پیترۆس بە وی گوت:

9) لێرە کوڕێکی چکۆلە هەیە کە پێنج نانی جۆ و دوو ماسی هەیە. بەڵا ئەوانە چن بۆ ئەوەندە زۆران؟

10) یەسووع کوتی: با خەڵکی ڕۆبنیشن. بەڵا دەو جێیدا گیای زۆر هەبوو و پیاوان بە حیساب بەقەد پێنج هەزار ڕۆنیشتن.

11) ئەو دەمی یەسووع ئەو نانانەی هەڵگرت و کە شوکری کردبوو، بۆ ڕۆنیشتووانی بەش کرد و هەر واش لەو ماسییان هەر چەندێکی کە ویستیان.

12) و کە تێر بوون بە شاگردانی خۆی گوت: ئەو لەتکانەی کە زیاد بوون، خڕ بکەنەوە هەتاکوو چتێک ون نەبێ.

13) و خڕیان کرد و لە لەتکانی ئەو پێنج نانانەی جۆ کە زیاد بوون لە ئەوانەی کە خواردبوویان، دوازدە زەمبیلیان پڕ کردەوە.

14) و کە خەڵکی ئەو نیشانەیان دی کە کردی، کوتیان: بەڕاستی ئەو پێغەمبەرەی کە دێتە دنیای ئەوەیە.

15) دەنا وەختێکی یەسووع تێ گەیشت کە دەبا بێن و ئەوی بە زۆری بگرن کە بیکەنە پادشا، دیسان چۆ سەر کێوی ئەو بۆخۆی بەتەنێ.

16) بەڵا وەختێکی ئێوارێ بوو، شاگردانی وی چوونە خوارێ، لەکن بەحری.

17) و وەژوور گەمێیەکی کەوتن و بۆ ئەو لای بەحرێ بۆ کەفەرناحومی دەچوون، و ئەلان تاریک بوو و یەسووع هێشتا بۆ کن ئەوان نەهاتبوو.

18) و بەحر لە بایەکی گەورە کە لێی دەدا زۆر تێکەڵ دەبوو.

19) وەختێکی بەقەد بیست و پێنج یان سی تیرهاویشتنێ سەوڵەیان لێ دابوو یەسووعیان دی لەسەر بەحرێ دەگەڕا و نیزیکی گەمێ دەهات و ترسان.

20) بەڵا ئەو بە وانی گوت: ئەمنم مەترسێن.

21) ئەو دەمی ویستیان کە ئەوی دە گەمێدا قەبوڵ بکەن و جێبەجێ گەمێ لەکن ئەو ئەرزەی بوو کە بۆ ئەوێ دەچوون.

22) دە ڕۆژی دیدا، خەڵکی کە لەو بەری بەحرێ ڕاوەستابوون دیتیان کە گەمێیەکی دیکە لەوێ نەبوو بێجگە لە یەکێک، و کە یەسووع دەگەڵ شاگردانی خۆی وەژوور گەمێ نەکەوتبوو، بەڵا کە شاگردانی وی بەتەنێ چووبوون.

23) بەڵا گەمێیانی دیکە هاتن لە تێبرییە نیزیکی ئەو جێی کە نانیان لەوێ خواردبوو لەپاش شوکرکردنی ڕەب.

24) دەنا وەختێکی خەڵکی دیتیان کە نە یەسووع لەوێ بوو و نە شاگردانی ویشی، ئەوان وەسەر گەمێیان کەوتن و هاتنە کەفەرناحومی و حەولی یەسووعیان دەدا.

25) و کە ئەویان لەو لای بەحرێ پەیدا کرد، بە وییان گوت: ڕەببی کەنگێ هاتوویە ئێرە؟

26) یەسووع بە وان جوابی دا و کوتی: ڕاستی ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم: ئەنگۆ حەولی من دەدەن نە لەبەر ئەوەی کە نیشانانوو دی، بەڵا لەبەر ئەوەی کە نانانوو خوارد و تێر بوون.

27) کارێ مەکەن بۆ ئەو خۆراکەی کە هیلاک دەبێ، بەڵا بۆ ئەو خۆراکەی کە هەتا ژیانی ئەبەدی دەمێنێ، ئەوەی کە کوڕی ئینسانی بە ئەنگۆ دەدا، چونکە باب یەعنی خوڵا ئەوی مۆر کردووە.

28) ئەو دەمی بە وییان گوت: چی بکەین هەتاکوو کارانی خوڵای بەجێ بێنین؟

29) یەسووع جوابی دا و بە وانی گوت: کاری خوڵای ئەوەیە کە ئیمان بێنن بە ئەوەی کە ئەو ناردوویە.

30) ئەو دەمی بە وییان گوت: دەنا چی نیشانەیەکی دەکەی هەتاکوو ببینین و ئیمان بە تۆ بێنین؟ چی کارێکی دەکەی؟

31) بابانی مە دە چۆڵیدا مننەیان خوارد چلۆنێکی نووسراوە، نانی لە ئاسمانێ بە وان دا کە بخۆن.

32) یەسووع بە وانی گوت: ڕاستی ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم: مووسا ئەو نانەی لە ئاسمانێ بە ئەنگۆ نەداوە بەڵا بابی من ئەو نانی ڕاست لە ئاسمانێ بە ئەنگۆ دەدا.

33) چونکە نانی خوڵای ئەوەیە کە لە ئاسمانێ دێتە خوارێ و بە دنیای ژیانێ دەدا.

34) ئەو دەمی بە وییان گوت: یا ڕەب، ئەو نانەی هەمیشە بە مە بدە.

35) یەسووع بە وانی گوت: ئەمنم نانی ژیانێ، ئەوەی کە بێتە کن ئەمن برسی نابێ و ئەوەی کە ئیمان بە من بێنێ قەت تینوو نابێ.

36) بەڵا بە ئەنگۆم گوت: کە ئەمنیشوو دیوە و ئیمان نایەنن.

37) هەموو کە باب بە من دەدا دێتە کن ئەمن، و ئەوەی کە بێتە کن ئەمن قەت دەری ناکەم.

38) چونکە لە ئاسمانێ هاتوومە خوارێ نە کە ئیرادەی خۆم بکەم، بەڵا ئیرادەی وەی کە ئەمنی ناردووە.

39) و ئەوەیە ئیرادەی وەی کە ئەمنی ناردووە، کە لە هەموو ئەوەی کە بە منی داوە چتێکی ون نەکەم، بەڵا کە دە ڕۆژی ئاخرێدا ئەوی هەڵدەستێنمەوە.

40) چونکە ئیرادەی بابی من ئەوەیە کە هەر کەس کە کوڕی ببینێ و ئیمان بە وی بێنێ ژیانی ئەبەدی دەبێ و کە ئەمن دە ڕۆژی ئاخرێدا ئەوی هەڵدەستێنمەوە.

41) ئەو دەمی یەهوودییان لەسەر ئەوی بۆڵەبۆڵیان دەکرد چونکە کوتی: ئەمنم ئەو نانەی کە لە ئاسمانێ هاتۆتە خوارێ.

42) و دەیانگوت: ئەرێ ئەوە یەسووع کوڕی یوسف نییە کە ئەمە باب و دایکی دەناسین؟ دەنا چلۆن دەڵێ کە لە ئاسمانێ هاتوومە خوارێ؟

43) یەسووع جوابی دا و بە وانی گوت: دەگەڵ یەکتری بۆڵەبۆڵێ مەکەن.

44) هیچکەس ناتوانێ بێتە کن ئەمن ئەگەر باب کە ئەمنی ناردووە ئەوی نەکێشێ و ئەمن دە ڕۆژی ئاخرێدا ئەوی هەڵدەستێنمەوە.

45) دە پێغەمبەراندا نووسراوە و هەمووان لە خوڵای تەعلیم دەکرێن. هەر کەس کە لە باب بیستوویە و فێر بووە دێتە کن ئەمن.

46) نە کە کەسێک بابی دیوە. هەر ئەوەی کە لە خوڵایە ئەو بابی دیوە.

47) ڕاستی ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم: ئەوەی کە ئیمان بێنێ ژیانی ئەبەدی هەیە.

48) ئەمنم نانی ژیانێ.

49) بابانی ئەنگۆ دە چۆڵیدا مننەیان خوارد و مردن.

50) ئەوەیە ئەو نانەی کە لە ئاسمانێ دێتە خوارێ هەتاکوو کەسێک لە وی بخوا و نامرێ.

51) ئەمنم ئەو نانەی زیندوو کە لە ئاسمانێ هاتۆتە خوارێ. ئەگەر کەسێک لەو نانەی بخوا، هەتا ئەبەدی دەژی. و ئەو نانەی کە ئەمن دەدەم بۆ ژیانی دنیایێ بەدەنی منە.

52) ئەو دەمی یەهوودییان دەگەڵ یەکتری شەڕیان کرد، دەیانگوت: ئەوە چلۆن دەتوانێ بەدەنی خۆی بە مە بدا کە بیخۆین؟

53) یەسووع بە وانی گوت: ڕاستی ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم: ئەگەر ئەنگۆ بەدەنی کوڕی ئینسانی نەخۆن و خوێنی وی نەخۆنەوە، دە خۆتاندا ژیانوو نییە.

54) ئەوەی کە بەدەنی من دەخوا و خوێنی من دەخواتەوە ژیانی ئەبەدی هەیە و ئەمن دە ڕۆژی ئاخرێدا ئەوی هەڵدەستێنمەوە.

55) چونکە بەدەنی من خواردنی ڕاستە و خوێنی من خواردنەوەی ڕاستە.

56) ئەوەی کە بەدەنی من دەخوا و خوێنی من دەخواتەوە، دە مندا دەمێنێ و ئەمن دە ویدا.

57) چلۆنێکی بابی زیندوو ئەمنی ناردووە و ئەمن بە سەبەبی باب دەژیم، هەر واش ئەوەی کە ئەمن دەخوا ئەویش بە سەبەبی من دەژی.

58) ئەوەیە ئەو نانەی کە لە ئاسمانێ هاتۆتە خوارێ، نەوەکوو بابان خواردیان و مردن. ئەوەی کە لەو نانەی بخوا، هەتا ئەبەدێ دەژی.

59) ئەو چتانەی دە کەنیشتێکیدا گوت وەختێکی دە کەفەرناحومێدا تەعلیمی دەدا.

60) و زۆران لە شاگردانی وی وەختێکی بیستییان کوتیان: ئەو قسەڕەقە، کێ دەتوانێ گوێی لێ بگرێ؟

61) بەڵا یەسووع وەختێکی دە خۆیدا دەیزانی کە شاگردانی وی لەسەر ئەو چتەی بۆڵەبۆڵیان دەکرد بە وانی گوت: ئەرێ ئەو چتە ئەنگۆ هەڵدەنگوێنێ؟

62) دەنا چلۆن دەبێ ئەگەر کوڕی ئینسانی ببینن وەسەر بکەوێ بۆ ئەو جێی کە هەوەڵێ لەوێ ببوو؟

63) ڕوحە کە زیندووی دەکاتەوە، بەدەن هیچ فایدەی نییە. ئەو قسانەی کە ئەمن بە ئەنگۆم کوتووە ڕوحە و ژیانە.

64) بەڵا لە ئەنگۆ هێندێک هەن کە ئیمان نایەنن، چونکە یەسووع لە هەوەڵەوە دەیزانی کێن ئەوانەی کە ئیمان دێنن و کێیە کە ئەوی تەسلیم دەکا.

65) و کوتی: لەبەر ئەوەی بە ئەنگۆم کوتووە کە کەسێک ناتوانێ بێتە کن ئەمن، ئەگەر لە باب بە وی نەدراوە.

66) لە ئەو سەبەبەی زۆران لە شاگردانی وی بۆ پاشەوە چوون و ئیدی دەگەڵ ئەوی نەدەگەڕان.

67) ئەو دەمی یەسووع بەو دوازدانەی گوت: ئەرێ ئەنگۆش دەتانەوێ کە بچنەوە؟

68) شەمعوون پیترۆس بە وی جوابی دا: یا ڕەب بۆ کن کێ بچین؟ ئەتۆ کەلامی ژیانی ئەبەدیت هەیە.

69) و ئەمە ئیمانمان هێناوە و زانیومانە کە ئەتۆ موقەدەسی خوڵای.

70) یەسووع بە وان جوابی دا: ئەرێ ئەمن ئەنگۆ دوازدەم هەڵنەبژاردووە؟ و یەکێک لە ئەنگۆ شەیتانە.

71) بەڵا بەحسی یەهوودا کوڕی شەمعوون ئێسخەریوتی قسەی دەکرد چونکە ئەو دەبا ئەوی تەسلیم بکا و یەکێک لەو دوازدانە بوو.

باب ٧[edit]

1) و لە پاش ئەوەی، یەسووع دە جەلیلیدا دەگەڕا، چونکە نەیدەویست کە دە یەهوودییەدا بگەڕێ، لەبەر ئەوەی کە یەهوودییان حەولیان دەدا کە بیکوژن.

2) و جێژنی یەهوودییان یەعنی جێژنی کەپرەشینێ نیزیک بوو.

3) لەبەر ئەوەی برایانی وی بە وییان گوت: «لە ئێرە وەدەر بکەوە و بڕۆ بۆ یەهوودییە هەتاکوو شاگردانی تۆش ببینن کارانی تۆ کە دەکەی.

4) چونکە هیچکەس چتێک بە دزی ناکا و بۆخۆی دەیەوێ کە ناسراو ببێ. ئەگەر ئەو چتانە دەکەی خۆت بۆ دنیای ئاشکرا بکە.»

5) چونکە برایانی ویش ئیمانیان بە وی نەدەهێنا.

6) ئەو دەمی یەسووع بە وانی گوت: «وەختی من هێشتا نەگەیشتووە، بەڵا وەختی ئەنگۆ هەمیشە حازرە.

7) دنیای ناتوانێ ئەنگۆ ببوغزێنێ، بەڵا ئەمن دەبوغزێنێ چونکە ئەمن لەسەر ئەوی شایەدی دەدەم کە عەمەلانی وی خراپن.

8) ئەنگۆ وەسەر بکەون بۆ ئەو جێژنەی. ئەمن هێشتا بۆ ئەو جێژنەی وەسەر ناکەوم، چونکە وەختی من هێشتا تەواو نەبووە.»

9) و کە ئەوانەی بە وان کوتبوو، دە جەلیلیدا ما.

10) بەڵا وەختێکی برایانی وی وەسەر کەوتبوونە جێژنی، ئەو دەمی ئەویش وەسەر کەوت، نە بە ئاشکرایی بەڵا وەکوو بە دزی.

11) و یەهوودییان دە جێژنیدا لە وی دەگەڕان و دەیانگوت: «ئەو لە کوێیە؟»

12) و بۆڵەبۆڵێکی زۆر لە سەر ئەوی لەنێو خەڵکی هەبوو. هێندێکیان دەگوت کە چاکە و ئی دیکان دەیانگوت: نەخێر، بەڵا خەڵکی هەڵدەخەڵەتێنێ.

13) ئەمما هیچکەس بەحسی وی بە ئاشکرا قسەی نەدەکرد لە ترسی یەهوودییان.

14) بەڵا کە ئەلان نێوی جێژنێ بوو، یەسووع وەسەر کەوت بۆ هەیکەلێ و تەعلیمی دەدا.

15) و یەهوودییان مات دەمان، دەیانگوت: «ئەوە کە نەیخوێندووە چلۆن کتێبان دەزانێ؟»

16) یەسووع بە وان جوابی دا و کوتی: «تەعلیمی من ئی من نییە، بەڵا ئی وەیە کە ئەمنی ناردووە.

17) ئەگەر کەسێک بیەوێ ئیرادەی وی بکا دەزانێ بەحسی ئەو تەعلیمەی ئەگەر لە خوڵایە یان ئەمن لە خۆم قسان دەکەم؟

18) ئەوەی کە بەحسی خۆی قسان دەکا، بۆ جەلالی خۆی حەول دەدا، بەڵا ئەوەی کە بۆ جەلالی وەی کە ئەوی ناردووە حەول دەدا، ئەو ڕاستە و ناحەقی دە ویدا نییە.

19) ئەرێ مووسا بە ئەنگۆ شەریعەتی نەداوە؟ و هیچکەس لە ئەنگۆ شەریعەت ناکا. بۆچی حەول دەدەن کە ئەمن بکوژن؟»

20) خەڵکی جوابیان دا: «جیننت هەیە. کێ حەول دەدا کە ئەتۆ بکوژێ؟»

21) یەسووع جوابی دا و بە وانی گوت: «تاقە کارێکم کرد و هەمووتان مات دەمێنن.»

22) مووسا بە ئەنگۆ سوننەتی داوە، نە وەها کە لە مووسایە بەڵا لە بابان، و ئەنگۆ دە ڕۆژی شەمۆیدا کەسێکی سوننەت دەکەن.

23) ئەگەر کەسێک دە ڕۆژی شەمۆیدا سوننەت دەکرێ هەتاکوو شەریعەتی مووسا نەشکێندرێ، ئەرێ لە من ڕقو هەڵدەستێ چونکە دە ڕۆژی شەمۆیدا کەسێکی تەواوم ساغ کردەوە؟

24) وەکوو دیاری حوکمێ مەکەن، بەڵا حوکمێکی حەق، حوکمێ بکەن.

25) ئەو دەمی هێندێک لە ئەهلی ئورشەلیمی دەیانگوت: «ئەرێ ئەوە هەو نییە کە حەول دەدەن کە بیکوژن؟

26) و ئەوەتا بە ئاشکرا قسان دەکا و هیچ چتێک بە وی ناڵێن. مەگەر مەزنان بەڕاستی تێ گەیشتوون کە ئەوە مەسیحە؟

27) بەڵا دەزانین ئەوە لە کوێیە، ئەمما وەختێکی مەسیح دێ، هیچکەس نازانێ لە کوێیە.»

28) وەختێکی یەسووع دە هەیکەلیدا تەعلیمی دەدا، قیژاندی و دەیگوت: «ئەنگۆ ئەمن دەناسن و دەشزانن لە کوێم. و لە خۆم نەهاتووم، بەڵا بەڕاستی یەکێکە کە ئەمنی ناردووە، ئەوەی کە ئەنگۆ نایناسن.»

29) ئەمن ئەوی دەناسم، چونکە لە ویم و ئەو ئەمنی ناردووە.

30) و حەولیان دەدا کە ئەوی بگرن، بەڵا هیچکەس دەستی لەسەر ئەوی ناویشت چونکە سەعاتی وی هێشتا نەهاتبوو.

31) بەڵا زۆران لە خەڵکی بە وی ئیمانیان هێنا و کوتیان: «وەختێکی مەسیح دێ، ئەرێ پتر نیشانان دەکا لە ئەوەی کردوویە؟»

32) فریسییان بیستیان کە خەڵکی ئەو چتانەی لەسەر ئەوی بۆڵەبۆڵیان دەکرد و کاهینانی گەورە و فریسییان خزمەتکارانیان نارد کە ئەوی بگرن.

33) ئەو دەمی یەسووع کوتی: «ئیدی وەختێکی کەم دەگەڵ ئەنگۆم و دەچمە کن ئەوەی کە ئەمنی ناردووە.

34) ئەنگۆ بۆ من حەول دەدەن و پەیدا ناکەن و لە کوێ کە ئەمنم، ئەنگۆ ناتوانن بێن.»

35) ئەو دەمی یەهوودییان بە یەکتریان گوت: ئەو بۆ کوێ دەچێ کە ئەمە ئەوی پەیدا ناکەین. ئەرێ بۆ کن بڵاوبوان لەنێو یۆنانیان دەچێ و یونانیان تەعلیم بدا؟

36) ئەوە چی قسەیەکە کە کوتی: «ئەنگۆ بۆ من حەول دەدەن و پەیدا ناکەن، و لە کوێ کە ئەمنم، ئەنگۆ ناتوانن بێن؟»

37) و دە ڕۆژی ئاخیر و گەورەی جێژنیدا یەسووع ڕاوەستا و دەیقیژاند، دەیگوت: «ئەگەر کەسێک تینوو بێ با بێتە کن ئەمن و بخواتەوە.

38) ئەوەی کە بە من ئیمان بێنێ، چلۆنێکی کتێب کوتوویە: «لە زگی وی چۆمانی ئاوی زیندوو جاری دەبێ.»

39) بەڵا ئەوەی گوت بەحسی ئەو ڕوحەی کە ئەوانەی دەبا قەبوڵ بکەن کە بە وی ئیمانیان هێنا، چونکە ڕوح هێشتا نەهاتبوو، چونکە یەسووع هێشتا بە جەلال نەببوو.

40) هێندێک لە خەڵکی وەختێکی ئەو قسانەیان بیست کوتیان: بەڕاستی ئەوەیە ئەو پێغەمبەرە.

41) ئی دیکان کوتیان: ئەوەیە ئەو مەسیحە، بەڵا هەبوون کە کوتیان: مەگەر مەسیح لە جەلیلی دێ؟

42) ئەرێ کتێب نەیکوتووە کە لە تۆی داوود و لە بەیت لێحێمی ئەو دێی کە داوود لێی بوو مەسیح دێ؟

43) دەنا لە سەبەبی وی لەنێو خەڵکی جوێبوونەوە بوو.

44) و هێندێک لە وان ویستییان کە ئەوی بگرن، بەڵا هیچکەس دەستانی لەسەر ئەوی ناویشت.

45) دەنا خزمەتکاران هاتنە کن کاهینانی گەورە و فریسییان و ئەوانە بە وانیان گوت: «لەبەر چی ئەوی نەتان هێناوە؟»

46) خزمەتکاران جوابیان دا: «هیچکەس قەت وەها قسەی نەکردووە وەکوو ئەو پیاوە قسان دەکا.»

47) ئەو دەمی فریسییان بە وان جوابیان دا: «مەگەر ئەنگۆش هەڵخەڵەتاندراون؟

48) ئەرێ کەسێک لە مەزنان یان فریسییان ئیمانیان بە وی هێناوە؟

49) بەڵا ئەو غەڵەبایییەی کە شەریعەت نازانن مەلعوونن.»

50) نێقۆدێمۆس ئەوەی کە پێشتر بۆ کن ئەوی هاتبوو و کە یەکێک لە وان بوو بە وانی گوت:

51) «ئەرێ شەریعەتی مە لەسەر کەسێک حوکم دەکا ئەگەر هەوەڵێ لە وی نەبیێ و بزانێ چی کردووە؟»

52) جوابیان دا و بە وییان گوت: «ئەرێ ئەتۆش لە جەلیلی؟ سۆراغ بکە و ببینە کە لە جەلیلی هیچ پێغەمبەرێک هەڵناستێ.»

53) و هەر یەک بۆ ماڵی خۆی چوون.

باب ٨[edit]

1) و یەسووع بۆ کێوی زەیتوونێ چوو.

2) بەڵا سبحەینێ زوو، دیسان هاتە هەیکەلێ و هەموو خەڵکی دەهاتنە کن ئەوی و ڕۆنیشت و ئەوانی تەعلیم دەدا.

3) و خوێندەواران و فریسییان ژنێکیان هێنا کن ئەوی کە دە زیناحدا گیرابوو و کە ئەویان لە نێوی ڕاگرتبوو.

4) بە وییان گوت: «ئەی مامۆستا، ئەو ژنە وەختێکی عەمەلی زیناحی دەکرد، گیرا.

5) و مووسا دە شەریعەتدا بە مە حوکمی داوە کە ئەوانە بەردەباران بکەین، دەنا ئەتۆ چی دەڵێی؟»

6) ئەمما ئەوەی کوتیان کە ئەوی تەجرەبە بکەن هەتاکوو لەسەر ئەوی گلێییان ببێ. بەڵا یەسووع خوار بۆوە و بە قامکی لەسەر ئەرزێ نووسی.

7) ئەمما کە هەر پرسیاریان لێ دەکرد، ڕاست بۆوە و بە وانی گوت: «ئەوەی لە ئەنگۆ کە بێ گوناحە با ئەو هەوەڵێ بەردێکی لەسەر ئەوی باوێژێ.»

8) و دیسان خوار بۆوە و لەسەر ئەرزێ نووسی.

9) بەڵا وەختێکی ئەوەیان بیست، یەک بە یەک وەدەر کەوتن، دەستیان پێ کرد لە پیران. و یەسووع بەتەنێ ما و ژنەکە لە نێوی ڕاوەستاو.

10) و کە یەسووع ڕاست بۆوە، بە وی گوت: «ئەی ژن لە کوێن؟ ئەرێ هیچکەس حوکمی لەسەر ئەتۆ نەکردووە؟»

11) و ئەو کوتی: «هیچکەس ئەی ڕەب.» و یەسووع کوتی: «ئەمنیش حوکمێ لەسەر ئەتۆ ناکەم، بڕۆ و لە وەی پاش گوناح مەکە.»

12) و یەسووع دیسان دەگەڵ ئەوان قسەی کرد، دەیگوت: «ئەمن ڕوناکایی دنیایێم. ئەوەی کە وەدوای من بکەوێ قەت دە تاریکاییدا ناگەڕێ، بەڵا ڕووناکایی ژیانی دەبێ.»

13) ئەو دەمی فریسییان بە وییان گوت: «ئەتۆ لەسەر خۆت شایەدی دەدەی. شایەدی تۆ ڕاست نییە.»

14) یەسووع جوابی دا و بە وانی گوت: «هەر چەند ئەمن لەسەر خۆم شایەدی دەدەم، شایەدی من ڕاستە، چونکە دەزانم لە کوێ هاتووم و بۆ کوێ دەچم. بەڵا ئەنگۆ نازانن لە کوێ دێم یان بۆ کوێ دەچم.

15) ئەنگۆ وەکوو بەدەن حوکمێ دەکەن، ئەمن لەسەر هیچکەس حوکمێ ناکەم.

16) و ئەگەر ئەمن حوکمێ بکەم، حوکمی من ڕاستە، چونکە بەتەنێ نیم، بەڵا ئەمن و ئەوەی کە ئەمنی ناردووە.

17) و دە شەریعەتی ئەنگۆشدا نووسراوە کە شایەدی دوو کەس ڕاستە.

18) ئەمنم کە لەسەر خۆم شایەدی دەدەم و باب کە ئەمنی ناردووە لەسەر ئەمن شایەدی دەدا.»

19) ئەو دەمی بە وییان گوت: «بابی تۆ لە کوێیە؟» یەسووع جوابی دا: «ئەنگۆ نە ئەمن دەناسن و نە بابی من. ئەگەر ئەنگۆ ئەمنوو بناسیبایە، بابی منیشوو دەناسی.»

20) ئەو قسانە دە جێی خەزێنەیدا باسی کرد وەختێکی دە هەیکەلێدا تەعلیمی دەدا و هیچکەس ئەوی نەگرت، چونکە سەعاتی وی هێشتا نەهاتبوو.

21) دەنا دیسان بە وانی گوت: «ئەمن دەچم و ئەنگۆ بۆ من حەول دەدەن و دە گوناحی خۆتاندا دەمرن. بۆ کوێ کە ئەمن دەچم ئەنگۆ ناتوانن بێن.

22) ئەو دەمی یەهوودییان کوتیان: «ئەرێ خۆی دەکوژێ کە دەڵێ: بۆ کوێ کە ئەمن دەچم ئەنگۆ ناتوانن بێن؟»

23) و بە وانی گوت: «ئەنگۆ لە خوارەوەن، ئەمن لە سەرەوەم، ئەنگۆ لە ئەو دنیایەن، ئەمن لە ئەو دنیایەی نیم.

24) لەبەر ئەوەی بە ئەنگۆم گوت کە دە گوناحانی خۆتاندا دەمرن. چونکە ئەگەر ئیمان نێنن کە ئەمنم، دە گوناحانی خۆتاندا دەمرن.»

25) ئەو دەمی بە وییان گوت: «ئەتۆ کێی؟» یەسووع بە وانی گوت: «هەر ئەوەی کە لە هەوەڵەوە بە ئەنگۆم کوتووە.

26) چتانی زۆرم هەیە کە دەرحەقی ئەنگۆ بڵێم و حوکمێ بکەم، بەڵا ئەوەی کە ئەمنی ناردووە ڕاستە و ئەمن هەر چی کە لە ویم بیستووە ئەو چتانە بە دنیایێ قسان دەکەم.»

27) ئەوان تێ نەگەیشتن کە بەحسی باب دەگەڵ ئەوان قسەی دەکرد.

28) ئەو وەختی یەسووع بە وانی گوت: «وەختێکی کوڕی ئینسانیو بڵند کردەوە ئەو وەختی تێ دەگەن کە ئەمنم و کە لە خۆمەوە هیچ چتێک ناکەم، بەڵا ئەو چتانە قسان دەکەم، چلۆنێکی باب ئەمنی تەعلیم کردووە.

29) و ئەوەی کە ئەمنی ناردووە، دەگەڵ ئەمنە. ئەمنی بەتەنێ بەجێ نەهێشتووە، چونکە ئەمن هەمیشە ئەوەی دەکەم کە پێی خۆشە.»

30) وەختێکی ئەو چتانەی قسە دەکرد، زۆران بە وی ئیمانیان هێنا.

31) ئەو دەمی یەسووع بەو یەهوودییان کە بە وی ئیمانهێنەر بوون کوتی: «ئەگەر ئەنگۆ دە کەلامی مندا بمێنن، بەڕاستی شاگردانی منن.

32) و ڕاستی تێ دەگەن و ئەو ڕاستییە ئەنگۆ ئازاد دەکا.»

33) جوابیان بە وی دا: «ئەمە تۆی ئیبراهیمین و قەت دە عەبدێتی کەسدا نەبووین. ئەتۆ چلۆن دەڵێی کە ئەنگۆ ئازاد دەبن؟»

34) یەسووع بە وان جوابی دا: «ڕاستی ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم: هەر کەس کە گوناح دەکا، عەبدی گوناحە.

35) ئەمما عەبد هەتا ئەبەد دە ماڵێدا نامێنێ، بەڵا کوڕ هەتا ئەبەد دەمێنێ.

36) دەنا ئەگەر کوڕ ئەنگۆ ئازاد بکا، بەڕاستی ئازاد دەبن.

37) دەزانم کە ئەنگۆ تۆی ئیبراهیمن، بەڵا حەول دەدەن کە ئەمن بکوژن، چونکە کەلامی من دە ئەنگۆدا جێ ناگرێ.

38) ئەمن هەر چی کە لەکن بابم دیوە قسان دەکەم، و ئەنگۆ هەر چی کە لە بابوو بیستووە دەکەن.»

39) جوابیان دا و بە وییان گوت: «بابی مە ئیبراهیمە.» یەسووع بە وانی گوت: «ئەگەر ئەنگۆ منداڵانی ئیبراهیمێ ببان عەمەلانی ئیبراهیموو دەکرد.

40) بەڵا ئەوێستا ئەنگۆ حەول دەدەن کە ئەمن بکوژن، پیاوێکی کە ڕاستی بە ئەنگۆ قسەی کردووە ئەوەی کە لە خوڵام بیستووە، ئەو چتەی ئیبراهیم نەیکرد.

41) ئەنگۆ عەمەلانی بابی خۆتان دەکەن.» بە وییان گوت: «ئەمە لە زیناحێ بە وەلەد نەبووین. هەر یەک بابمان هەیە یەعنی خوڵا.»

42) یەسووع بە وانی گوت: «ئەگەر خوڵا بابی ئەنگۆ ببایە، ئەنگۆ ئەمنوو دەحوبباند، چونکە ئەمن لە خوڵای وەدەر کەوتووم و هاتووم. چونکە لە خۆشمەوە نەهاتووم، بەڵا ئەو ئەمنی ناردووە.

43) ئەنگۆ لەبەر چی قسەکردنی من تێ ناگەن؟ چونکە ناتوانن گوێ لە کەلامی من بگرن.

44) ئەنگۆ لە بابی خۆتان شەیتانن و دەتانەوێ کە تەمایانی بابی خۆتان بکەن. ئەو لە هەوەڵەوە ئینسانکوژ بوو و دە ڕاستیدا ڕانەوەستاوە چونکە ڕاستی دە ویدا نییە. وەختێکی درۆ قسان دەکا لە ئی خۆی قسان دەکا، چونکە درۆزنە و بابی وی.

45) بەڵا ئەمن چونکە ڕاستی قسان دەکەم ئەنگۆ بە من ئیمان نایەنن.

46) کێهە لە ئەنگۆ دەتوانێ لەبەر گوناح ئەمن ئیلزام بکا؟ و ئەگەر ڕاستی قسان دەکەم، ئەنگۆ لەبەر چی بە من ئیمان نایەنن؟

47) ئەوەی کە لە خوڵایە لە کەلامی خوڵای گوێ دەگرێ، لەبەر ئەوەی ئەنگۆ گوێ ناگرن، چونکە لە خوڵای نین.»

48) یەهوودییان جوابیان دا و بە وییان گوت: «ئەرێ ئەمە چاک ناڵێین کە ئەتۆ سماریی و جیننت هەیە؟»

49) یەسووع جوابی دا: «ئەمن جیننم نییە بەڵا حورمەتی بابی خۆم دەکەم و ئەنگۆ ئەمن بێ حورمەت دەکەن.

50) بەڵا ئەمن حەولی جەلالی خۆم نادەم، یەکێک هەیە کە حەولی وی دەدا و حوکمێ دەکا.

51) ڕاستی ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم: ئەگەر کەسێک کەلامی من ڕابگرێ هەتا ئەبەد قەت مردنێ نابینێ.»

52) یەهوودییان بە وییان گوت: «ئەوێستا دەزانین کە جیننت هەیە. ئیبراهیم مرد و پێغەمبەرانیش و ئەتۆ دەڵێی: ئەگەر کەسێک کەلامی من ڕابگرێ، هەتا ئەبەد قەت مردنێ ناچێژێ.

53) ئەرێ ئەتۆ گەورەتری لە بابی مە ئیبراهیم کە مرد؟ و پێغەمبەرانیش مردن. خۆت بە کێ دەکەی؟»

54) یەسووع جوابی دا: «ئەگەر ئەمن بە خۆم جەلال بدەم، جەلالی من چتێک نییە، بابی منە کە جەلال بە من دەدا، ئەوەی کە ئەنگۆ بەحسی وی دەڵێن، خوڵای مەیە.

55) و ئەنگۆ ئەوی ناناسن، بەڵا ئەمن ئەوی دەناسم و ئەگەر بڵێم کە ئەوی ناناسم، هەر وەکوو ئەنگۆ درۆزن دەبم. بەڵا ئەوی دەناسم و کەلامی وی ڕادەگرم.

56) بابی ئەنگۆ ئیبراهیم کەیفخۆشی دەکرد کە ڕۆژێ من ببینێ و دیتی و خۆشحاڵ بوو.»

57) ئەو دەمی یەهوودییان بە وییان گوت: «هێشتا پەنجا ساڵت نییە و ئەرێ ئیبراهیمت دیوە؟»

58) یەسووع بە وانی گوت: «ڕاستی ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم: لە پێش ئەوەی کە ئیبراهیم هەبوو، ئەمن هەم.»

59) ئەو دەمی بەردانیان هەڵگرت کە لەسەر ئەوی باوێژن بەڵا یەسووع خۆی شاردەوە و لە هەیکەلێ وەدەر کەوت.

باب ٩[edit]

1) و کە ڕادەبرد پیاوێکی دی کە لە زگماکی کوێر بوو.

2) و شاگردانی وی پرسیاریان لێ کرد دەیانگوت: «ڕەببی، کێ گوناحی کردووە؟ ئەوە یان والدەینی وی کە کوێر بە وەلەد بووە؟»

3) یەسووع جوابی دا: «نە ئەوە گوناحی کردووە و نە والدەینی ویش، بەڵا هەتاکوو کاری خوڵای دە ویدا ئاشکرا ببێ.

4) بۆ من لازمە کە کاری وەی کە ئەمنی ناردووە بەجێ بێنم کە هێشتا ڕۆژە. شەو دێ وەختێکی هیچکەس ناتوانێ کار بکا.

5) وەختێکی دە دنیایدام ڕووناکایی دنیایێم.»

6) و کە ئەوەی کوتبوو، تفی لەسەر ئەرزێ کرد و قوڕی لە تفی دروست کرد و ئەو قوڕەی لەسەر چاوانی وی دانا.

7) و بە وی گوت: «بڕۆ بشۆ دە حەوزی سلوامدا»، کە بە تەرجەمەیە: ناردراو. دەنا چوو، شووشتی و هاتەوە و دیتی.

8) ئەو دەمی جیرانان و ئەوانەی کە پێشتر ئەویان دیبوو کە سواڵکەر بوو، کوتیان: «ئەرێ ئەوە هەو نییە کە ڕۆدەنیشت و سواڵی دەکرد؟»

9) هێندێک کوتیان: هەوە، ئی دیکان کوتیان: نەخێر، بەڵا وەکوو ئەویە. بۆخۆی کوتی: ئەمنم.

10) ئەو دەمی بە وییان گوت: «دەنا چاوانی تۆ چلۆن کرانەوە؟»

11) ئەو جوابی دا: «پیاوێکی کە بە وی یەسووع دەڵێن، قوڕی دروست کرد و لە چاوانی منی ماڵی و بە منی گوت: بڕۆ بۆ سلوامی و بشۆ و کە چووم و شووشتم دیتوو بووم.»

12) و بە وییان گوت: ئەو لە کوێیە؟ کوتی: نازانم.

13) ئەوەی کە پێشتر کوێر ببوو، بردیانە کن فریسیان.

14) و ئەوێ ڕۆژێ شەمۆ بوو کە یەسووع قوڕی دروست کرد و چاوانی وی کردەوە.

15) دیسان فریسییانیش پرسیان لێ کرد چلۆن دیتوو ببوو و بە ئەوانی گوت: قوڕی لەسەر چاوی من دانا و شووشتم و دەبینم.

16) ئەو دەمی هێندێک لە فریسیان کوتیان: ئەو پیاوە لە خوڵای نییە چونکە شەمۆی ڕاناگرێ. ئی دیکان کوتیان: چلۆن دەتوانێ پیاوێکی گوناحکار وەها نیشانان بکا؟ و جوێبوونەوەی لەنێو ئەوان بوو.

17) دەنا دیسان بەو کوێرەیان گوت: ئەتۆ چی دەڵێی بەحسی وی، چونکە چاوانی تۆی کردەوە؟

18) و ئەو کوتی: پێغەمبەرە. ئەو دەمی یەهوودییان باوەڕیان نەکرد دەرحەقی وی کە کوێر ببوو و دیتوو بوو هەتا والدەینی ئەو دیتووبووەیان بانگ کرد.

19) و لە وانیان پرسی دەیانگوت: «ئەرێ ئەوە کوڕی ئەنگۆیە، کە ئەنگۆ دەڵێن کە کوێر بە وەلەد بوو؟ دەنا ئەوێستا چلۆن دەبینێ؟»

20) والدەینی وی جوابیان دا و کوتیان: «دەزانین کە ئەوە کوڕی مەیە و کە کوێر بە وەلەد بوو.»

21) بەڵا چلۆن ئەوێستا دەبینێ، نازانین. یان کێ چاوانی وی کردۆتەوە ئەمە نازانین. لە خۆی بپرسن، باڵقە، با ئەو بەحسی خۆی قسان بکا.

22) والدەینی وی ئەوەیان گوت لەبەر ئەوەی کە لە یەهوودییان دەترسان، چونکە یەهوودییان ئەلان وەعدەیان کردبوو کە ئەگەر کەسێک ئەوی بە مەسیح ئیقرار بکا، لە کەنێشتی دەر بکرێ.

23) لەبەر ئەوەی والدەینی وی کوتیان کە باڵقە، لە خۆی بپرسن.

24) دەنا جاری دوویەم ئەو پیاوەی کە کوێر ببوو بانگیان کرد و بە وییان گوت: «جەلال بە خوڵای بدە، ئەمە دەزانین کە ئەو پیاوە گوناحکارە.»

25) ئەو جوابی دا: «ئەگەر گوناحکارە نازانم، یەک چت دەزانم کە کوێر بووم و ئەلان دەبینم.»

26) ئەو دەمی بە وییان گوت: «بە تۆ چی کرد؟ چلۆن چاوانی تۆی کردەوە؟»

27) جوابی بە وان دا: «ئەلان بە ئەنگۆم کوتەوە و گوێو نەگرت. بۆچی دیسان دەتانەوێ کە ببیێن؟ مەگەر ئەنگۆش دەتانەوێ کە شاگردانی وی ببن؟»

28) و جنێویان پێ دا و کوتیان: «ئەتۆ شاگردی وی بەڵا ئەمە شاگردانی مووساین.

29) ئەمە دەزانین کە خوڵا دەگەڵ مووسا قسەی کردووە، بەڵا نازانین ئەوە لە کوێیە؟»

30) ئەو پیاوە جوابی دا و بە وانی گوت: «ئادی دە وەیدا چتێکی عەجایبە کە ئەنگۆ نازانن لە کوێیە و چاوانی منی کردۆتەوە.

31) دەزانین کە خوڵا لە گوناحکاران گوێ ناگرێ، بەڵا ئەگەر کەسێک خوڵاترس ببێ و ئیرادەی وی بکا، لە وی گوێ دەگرێ.

32) لە هەوەڵی دنیایێ نەبیستراوە کە کەسێک چاوانی کوێری زگماکی کردبێتەوە.

33) ئەگەر ئەوە لە خوڵای نەبایە چتێکی نەدەتوانی بکا.»

34) جوابیان دا و بە وییان گوت: «ئەتۆ یەکجار دە گوناحاندا بە وەلەد بووی و ئەرێ ئەتۆ ئەمە تەعلیم دەدەی؟» و ئەویان دەر کرد.

35) یەسووع بیستی کە ئەویان دەر کردبوو و کە ئەوی پەیدا کرد کوتی: «ئەرێ ئەتۆ بە کوڕی ئینسانی ئیمان دێنی؟»

36) ئەو جوابی دا و کوتی: «یا ڕەب، ئەرێ کێیە کە بە وی ئیمان بێنم؟»

37) یەسووع بە وی گوت: «ئەویشت دیوە و ئەوەی کە دەگەڵ ئەتۆ قسان دەکا هەوە.»

38) و ئەو کوتی: «یا ڕەب، ئیمان دێنم و سجدەی لێ کرد.»

39) و یەسووع کوتی: «ئەمن بۆ حوکمکردنێ هاتوومە ئەو دنیایەی هەتاکوو ئەوانەی کە نابینن، ببینن و ئەوانەی کە دەبینن کوێر ببن.»

40) ئەوان لە فریسییان کە دەگەڵ ئەوی بوون ئەو چتانەیان بیست و بە وییان گوت: مەگەر ئەمەش کوێرین؟

41) یەسووع بە وانی گوت: «ئەگەر ئەنگۆ کوێر ببان، هیچ گوناحوو نەدەبوو، بەڵا ئەوێستا دەڵێن دەبینین، دەنا گوناحوو دەمێنێ.»

باب ١٠[edit]

1) ڕاستی ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم: ئەوەی کە بە دەرکەی وەژوور ئاغەڵی مەڕان ناکەوێ بەڵا لە جێیەکی دیکە وەسەر دەکەوێ، ئەو دز و جەردەیە.

2) بەڵا ئەوەی کە بە دەرکەی وەژوور دەکەوێ شوانی مەڕانە.

3) بۆ وی دەرکەوان دەکاتەوە و مەڕان دەنگی وی دەبیێن و مەڕانی خۆی بە نێو بانگ دەکا و ئەوان دەباتە دەرێ.

4) وەختێکی هەموو ئی خۆی دەر کردەوە لە پێش ئەوان دەچێ و مەڕان وەدوای وی دەکەون، چونکە دەنگی وی دەناسن.

5) ئەمما وەدوای غەریبەیەکی قەت ناکەون، بەڵا لە وی هەڵدێن، چونکە دەنگی غەریبان ناناسن.

6) یەسووع ئەو مەسەلەی بە وان گوت، بەڵا ئەوان تێ نەگەیشتن ئەو چتە چی بوو کە دەگەڵ ئەوان قسەی دەکرد.

7) لەبەر ئەوەی یەسووع بە وانی گوت: «ڕاستی ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم: ئەمنم دەرکەی مەڕان.

8) هەموو ئەوانەی کە لە پێشی من هاتوون، دز و جەردانن، بەڵا مەڕان گوێیان لە وان نەگرتووە.

9) ئەمنم دەرکە، ئەگەر کەسێک بە من وەژوور بکەوێ، خەڵاس دەبێ و وەژوور و وەدەر دەکەوێ و لەوەڕێ پەیدا دەکا.

10) دز نایێ مەگەر کە بدزێ و سەر ببڕێ و هەلاکی بکا. ئەمن هاتووم کە ژیانیان ببێ و کە زێدەیان ببێ.

11) ئەمنم شوانی چاک. شوانی چاک گیانی خۆی بۆ مەڕان دادەنێ.

12) ئەوەی کە کرێکارە و شوان نییە، کە مەڕان ئی وی نین، دەبینێ کە گورگ دێ و مەڕان بەجێ دێڵێ و هەڵدێ و گورگ ئەوان دەگرێ و بڵاو دەکا.

13) چونکە کرێکارە و خەمی مەڕان ناخوا.

14) ئەمنم شوانی چاک و ئی خۆم دەناسم و لە ئی خۆم ناسراوم.

15) چلۆنێکی باب ئەمن دەناسێ و ئەمن باب دەناسم و گیانی خۆم بۆ مەڕان دادەنێم.

16) مەڕانی دیکەشم هەیە کە لە ئەو ئاغەڵەی نین، ئەوانیش دەبێ بێنم و دەنگی دەبیێن و یەک مێگەڵ و یەک شوان دەبێ.

17) لەبەر ئەوەی باب ئەمن دەحوببێنێ، چونکە ئەمن گیانی خۆم دادەنێم هەتاکوو دیسان ئەوی بستێنمەوە.

18) هیچکەس ئەوی لە من ناستێنێ، بەڵا ئەمن لە خۆم ئەوی دادەنێم. حیکماتم هەیە کە ئەوی دابنێم و حیکماتم هەیە کە دیسان ئەوی بستێنمەوە. ئەو حوکمەی کە بابی خۆمم قەبوڵ کردووە.»

19) دیسان لەنێو یەهوودییان لەبەر ئەو قسانە جوێبوونەوەی بوو.

20) و زۆران لە وان کوتیان: «جننی هەیە و شێتە، بۆچی گوێ لە وی دەگرن؟»

21) ئی دیکان کوتیان: «ئەو قسانە ئی جنندارێ نین. مەگەر جننێک دەتوانێ چاوانی کوێران بکاتەوە؟»

22) ئەو وەختی جێژنی مەمبارەکبادی هەیکەلێ دە ئورشەلیمیدا بوو و زستان بوو.

23) و یەسووع دە هەیکەلێ دە هەیوانی سلێماندا دەگەڕا.

24) ئەو دەمی یەهوودییان دەوری وییان گرت و بە وییان گوت: «هەتا کەنگێ گیانی مە دە شکدا ڕادەگری؟ ئەگەر ئەتۆی ئەو مەسیح، بە ئاشکرا بە مە بڵێ.»

25) یەسووع بە وان جوابی دا: «بە ئەنگۆم کوتووە و ئیمان نایەنن. ئەو کارانەی کە ئەمن بە نێوی بابی خۆم دەکەم، ئەوانە لەسەر ئەمن شایەدی دەدەن.

26) بەڵا ئەنگۆ ئیمان نایەنن، چونکە لە مەڕانی من نین.

27) مەڕانی من دەنگی من دەبیێن و ئەمن ئەوان دەناسم و وەدوای من دەکەون.

28) و ئەمن ژیانی ئەبەدی بە وان دەدەم و هەتا ئەبەدێ قەت هەلاک نابن و هیچکەس ئەوان لە دەستی من ناڕفێنێ.

29) بابی من کە ئەوانی بە من داوە لە هەمووان گەورەترە و هیچکەس ناتوانێ ئەوان لە دەستی باب بڕفێنێ.

30) ئەمن و باب یەکین.»

31) دیسان یەهوودییان بەردانیان هەڵگرت کە ئەوی بەردەباران بکەن.

32) یەسووع بە وان جوابی دا: «ئەمن زۆر کارانی چاک لە بابی خۆم بە ئەنگۆم نیشان داوە. ئەرێ لەبەر کێهە کارێکی لە وان ئەمن بەردەباران دەکەن؟»

33) یەهوودییان بە وی جوابیان دا: «لەبەر کارێکی چاک ئەتۆ بەردەباران ناکەین، بەڵا لەبەر کفر و چونکە ئەتۆ کە ئینسانی خۆت بە خوڵا دەکەی.»

34) یەسووع بە وان جوابی دا: «ئەرێ دە شەریعەتی ئەنگۆدا نەنووسراوە، ئەمن کوتم: ئەنگۆ خوڵایانن؟

35) ئەگەر ئەوانی بە خوڵایان بانگ کرد کە کەلامی خوڵای بۆ وان هات و کتێب ناتوانێ بەتاڵ بکرێ.

36) ئەرێ بە وەی کە باب موقەددەسی کردووە و بۆ دنیایەی ناردووە ئەنگۆ دەڵێن کفر دەڵێ، چونکە کوتم: کوڕی خوڵام؟

37) ئەگەر کارانی بابی خۆم ناکەم، باوەڕ بە من مەکەن.

38) بەڵا ئەگەر دەیکەم، هەر چەند ئەنگۆ بە من باوەڕ ناکەن، بە کاران باوەڕ بکەن هەتاکوو تێ بگەن و بزانن کە باب دە مندایە و ئەمن دە بابدام.»

39) لەبەر ئەوەی دیسان حەولیان دا کە ئەوی بگرن و لە دەستی وان دەرچوو.

40) و دیسان چوو بۆ ئەولای ئوردن، بۆ ئەو جێی کە یوحەننا هەوەڵێ لەوێ بوو و تەعمیدی دەکرد و لەوێ ما.

41) و زۆران هاتنە کن ئەوی و کوتیان: «یوحەننا هیچ نیشانەیەکی نەکرد، بەڵا هەموو چتی کە یوحەننا بەحسی وی گوت، ڕاست بوو.»

42) و زۆران لەوێ بە وی ئیمانیان هێنا.

باب ١١[edit]

1) و نەخۆشێک هەبوو ئیلعازەر لە بەیت عەنیا، لە دێی مریەم و خوشکی وی مەرتا.

2) و ئەو مریەم بوو کە ڕەببی بە ڕۆنی بۆنخۆش چەور کرد و پێیانی وی بە مووی خۆی وشک کرد، کە برای وی ئیلعازەر نەخۆش بوو.

3) دەنا خوشکان ناردیانە کن ئەوی و دەیانگوت: «یا ڕەب، ئەوەتا ئەوەی کە ئەتۆ خۆشت دەوێ، نەخۆشە.»

4) بەڵا وەختێکی یەسووع بیستی کوتی: «ئەو نەخۆشیەتی بۆ مردن نییە، بەڵا بۆ جەلالی خوڵای، هەتاکوو کوڕی خوڵای بە وی بە جەلال ببێ.»

5) و یەسووع، مەرتا و خوشکی وی و ئیلعازەری دەحوبباند.

6) دەنا وەختێکی بیستی کە نەخۆش بوو، دوو ڕۆژی دیکە ما دەو جێیدا کە لەوێ بوو.

7) لە پاش ئەوەی بە شاگردانی گوت: با دیسان بچینە یەهوودییە.

8) شاگردان بە وییان گوت: «ڕەببی، هەر ئەوێستا یەهوودییان حەولیان دەدا کە ئەتۆ بەردەباران بکەن و ئەرێ دیسان بۆ ئەوێ دەچی؟»

9) یەسووع جوابی دا: «ئەرێ ڕۆژ دوازدە سەعات نییە؟ ئەگەر کەسێک بە ڕۆژ بگەڕێ هەڵنانگوێ چونکە ڕووناکایی ئەو دونیایەی دەبینێ.

10) بەڵا ئەگەر کەسێک بە شەو بگەڕێ هەڵدەنگوێ چونکە ڕووناکایی دە ویدا نییە.»

11) ئەو چتانەی گوت و لە پاش ئەوەی بە وانی گوت: «دۆستی مە ئیلعازەر خەوی لێ کەوتووە، بەڵا دەچم هەتاکوو ئەوی وەخەبەر بێنم.»

12) ئەو دەمی شاگردان بە وییان گوت: «یا ڕەب، ئەگەر خەوی لێ کەوتووە ساغ دەبێتەوە.»

13) ئەمما یەسووع بەحسی مردنی وی قسەی کردبوو، بەڵا ئەوان فکریان دەکرد کە بەحسی نووستنی خەو قسەی دەکرد.

14) ئەو دەمی یەسووع ئاشکرا بە وانی گوت: «ئیلعازەر مرد.

15) و بۆ خاتری ئەنگۆ خۆشحاڵم کە لەوێ نەبووم هەتاکوو ئیمان بێنن. بەڵا با بچینە کن ئەوی.»

16) ئەو دەمی تۆما کە دوانە بانگ دەکرا بە هاواڵ شاگردانی خۆی گوت: «با ئەمەش بچین هەتاکوو دەگەڵ ئەوی بمرین.»

17) دەنا وەختێکی یەسووع هات ئەوی پەیدا کرد کە ئەلان چوار ڕۆژ بوو کە دە قەبرێدا ببوو.

18) و بەیت عەنیا نیزیکی ئورشەلیمی بوو بەقەد پازدە تیرهاویشتنێ دوور.

19) و زۆران لە یەهوودییان هاتبوونە کن مەرتا و مریەم هەتاکوو لەبەر براکەی سەرەخۆشی بە وان بدەن.

20) وەختێکی مەرتا بیستی کە یەسووع دەهات، بە پیرەوەی وی چوو، بەڵا مریەم دە ماڵێدا ڕۆدەنیشت.

21) ئەو دەمی مەرتا بە یەسووعی گوت: «ئەی ڕەب، ئەگەر ئەتۆ لێرە ببوویایی، برای من نەدەمرد.

22) بەڵا ئەوێستاش دەزانم کە هەر چی لە خوڵای تەڵەب بکەی، خوڵا بە تۆ دەدا.»

23) یەسووع بە وی گوت: «برای تۆ هەڵدەستێتەوە.»

24) مەرتا بە وی گوت: «دەزانم کە دە قیامەتێ دە ڕۆژی ئاخرێدا هەڵدەستێتەوە.»

25) یەسووع بە وی گوت: «ئەمنم قیامەت و ژیانێ، ئەوەی کە بە من ئیمان بێنێ ئەگەر بشمرێ، دەژی.»

26) و هەر کەس کە دەژی و ئیمان بە من بێنێ، هەتا ئەبەدێ قەت نامرێ. ئەرێ ئەوەی باوەڕ دەکەی؟

27) بە وی گوت: «بەڵێ ئەی ڕەب، ئەمن باوەڕ دەکەم کە ئەتۆ مەسیح کوڕی خوڵای، ئەوەی کە بۆ دنیایێ دێ.»

28) و کە ئەوەی کوتبوو، چوو و خوشکی خۆی مریەمی بانگ کرد و بە دزی کوتی: «مامۆستا لێرەیە و بانگت دەکا.»

29) و کە ئەو ئەوەی بیست زوو هەڵستا و هاتە کن ئەوی.

30) ئەمما یەسووع هێشتا لەنێو دێی نەهاتبوو، بەڵا دەو جێیەیدا بوو کە مەرتا بە پیرەوەی وی چووبوو.

31) ئەو یەهوودییان کە دەگەڵ ئەوی دە ماڵێدا بوون و سەرەخۆشییان بە وی دەدا، وەختێکی دیتیان کە مریەم بە زوویی هەڵستا و چوو دەرێ وەدوای وی کەوتن، فکریان دەکرد دەچێتە سەر قەبرێ کە لەوێ بگریێ.

32) وەختێکی مریەم هاتە ئەو جێیەی کە یەسووع لەوێ بوو و کە ئەوی دی، کەوتە پێیانی وی و بە وی گوت: «ئەی ڕەب ئەگەر ئەتۆ لێرە ببوویایی برای من نەدەمرد.»

33) وەختێکی یەسووع ئەوی دی کە دەگریا و ئەو یەهوودییانەش کە دەگەڵ ئەوی هاتبوون کە دەگریان، دە ڕوحدا عاجز بوو و خۆی لەرزاندەوە.

34) «و کوتی ئەوو لە کوێ داناوە؟» بە وییان گوت: «ئەی ڕەب، وەرە و ببینە.»

35) یەسووع گریا.

36) ئەو دەمی یەهوودییان کوتیان تەماشا بکەن چلۆن ئەوی خۆش دەویست.

37) بەڵا هێندێک لە وان کوتیان: «ئەوە کە چاوانی ئەو کوێرەی کردەوە، ئەرێ نەیدەتوانی کارێکی بکردبایە کە وەش نەمردبا؟»

38) لەبەر ئەوەی یەسووع دیسان دە خۆیدا عاجز بوو و هاتە کن قەبرێ و ئەشکەوتێک بوو و بەردێک لەسەر ئەوی داندرا بوو.

39) یەسووع کوتی: «ئەو بەردەی هەڵگرن.» مەرتا خوشکی مردووەکەی بە وی گوت: «ئەی ڕەب ئەلان بۆگەنیو بووە، چونکە چوار ڕۆژە.»

40) یەسووع بە وی گوت: «ئەرێ بە تۆم نەگوت کە ئەگەر باوەڕ بکەی جەلالی خوڵای دەبینی.»

41) ئەو دەمی بەردەکەیان هەڵگرت و یەسووع چاوانی خۆی بۆ سەرێ هەڵێنا و کوتی: «یا بابە، مننەتی تۆ هەڵدەگرم کە گوێ لە منت گرتووە.

42) ئەمن دەزانم کە ئەتۆ هەمیشە گوێ لە من دەگری، بەڵا لەبەر خەڵکی کە دەورەندەور ڕاوەستاون ئەوەم گوت، هەتاکوو باوەڕ بکەن کە ئەتۆ ئەمنت ناردووە.»

43) و کە ئەوەی کوتبوو بە دەنگێکی بڵند قیژاندی: «ئەی ئیلعازەر وەرە دەرێ.»

44) مردووەکە هاتە دەرێ، دەست و پێیانی بە کفنێ بەستراو و ڕووی وی بە دەسماڵێکی پێچراو. یەسووع بە وانی گوت: «ئەوی بکەنەوە و بێڵن کە بڕوا.»

45) ئەو دەمی زۆران لە یەهوودییان کە هاتبوونە کن مریەم و دیبوویان ئەو چتەی کە کردی، بە وی ئیمانیان هێنا.

46) بەڵا هێندێک لە وان چوونە کن فریسییان و ئەو چتەی کە یەسووع کردبووی بە وانیان گوت.

47) ئەو دەمی کاهینانی گەورە و فریسییان مەجلیسێکیان خڕ کردەوە و کوتیان: «چی بکەین؟ چونکە ئەو پیاوە زۆر نیشانان دەکا.

48) ئەگەر ئەمە ئەوی وەها بێڵین، هەمووان بە وی ئیمان دێنن و ڕوومییان دێن و جێی مە و میللەتی مەش دەستێنن.»

49) بەڵا یەکێک لە وان، قیافا، کە ئەوێ ساڵێ کاهینی گەورە بوو بە وانی گوت: «ئەنگۆ هیچ چتێک نازانن.

50) و حیسابیش ناکەن کە بۆ ئەنگۆ قازانجە کە یەک نەفەر بۆ قەومێ بمرێ و کە هەموو میللەت هەلاک نەبێ.»

51) ئەمما ئەو چتەی لە خۆیەوە نەگوت، بەڵا چونکە ئەوێ ساڵێ کاهینی گەورە بوو پێغەمبەرێتی کرد کە یەسووع بۆ میللەت دەبا بمرێ.

52) و نە تەنیا بۆ ئەو میللەتەی، بەڵا هەتاکوو منداڵانی خوڵای کە بڵاویش بوونەوە بۆ یەکی خڕ بکاتەوە.

53) دەنا لە ئەوێ ڕۆژێ پاش تەگبیریان کرد کە ئەوی بکوژن.

54) لەبەر ئەوەی یەسووع لەنێو یەهوودییان ئیدی بە ئاشکرا نەدەگەڕا، بەڵا لە ئەوێ وەدەر کەوت بۆ دێیانی نیزیکی چۆڵی، بۆ شارێکی کە نێوی ئافرایم بوو و لەوێ دەگەڵ شاگردانی ما.

55) و فەسحی یەهوودییان نیزیک بوو و زۆران لە دێیان لە پێش فەسحی بۆ ئورشەلیمی وەسەر کەوتن هەتاکوو خۆیان پاک بکەن.

56) و بۆ یەسووع حەولیان دەدا. و کە دە هەیکەلێدا ڕاوەستابوون بە یەکتریان دەگوت: «ئەنگۆ چی فکر دەکەن؟ ئەرێ بۆ جێژنێ نایێ؟»

57) بەڵا کاهینانی گەورە و فریسییان حوکمیان دابوو کە ئەگەر بزانێ لە کوێیە خەبەر بدا هەتاکوو ئەوی بگرن.

باب ١٢[edit]

1) و یەسووع شەش ڕۆژان لە پێش فەسح بۆ بەیت عەنیای هات، لە کوێ کە ئیلعازەر بوو، ئەوەی کە یەسووع لەنێو مردووان هەڵی ئەستاندبوو.

2) و لەوێ بۆ وی شامێکیان دروست کرد و مەرتا خزمەتی دەکرد، بەڵا ئیلعازەر یەکێک لە وان بوو کە دەگەڵ ئەوی لەسەر سفرەی ڕۆنیشتبوو.

3) ئەو دەمی مریەم گرونکێکی ڕۆنی ناردینی خالس و بە قیمەتی گرت و پێیانی یەسووعی چەور کرد و پێیانی وی بە مووی خۆی وشک کرد و ماڵێ لە بۆنی ڕۆنی پر بوو.

4) بەڵا یەکێک لە شاگردانی وی یەهوودای ئێسخەریوتی کە دەبا ئەوی تەسلیم بکا کوتی:

5) «لەبەر چی ئەو ڕۆنە بە سێسەد دیناری نەفرۆشرا و بە فەقیران نەدرا؟»

6) ئەمما ئەوەی گوت نە لەبەر ئەوەی کە خەمی فەقیرانی دەخوارد، بەڵا چونکە دز بوو و کیسە لەکنی بوو و هەر چی دە وێدا داندرا دەیبرد.

7) ئەو دەمی یەسووع کوتی: «لێی گەڕێ کە ئەوی بۆ ڕۆژی ناشتنی من ڕابگرێ.

8) چونکە فەقیرانوو هەمیشە دەگەڵ خۆتان هەیە، بەڵا ئەمنوو هەمیشە نییە.»

9) دەنا ئەو جەمعەی گەورەی یەهوودییان خەبەریان بوو کە ئەو لەوێ بوو و هاتن نە تەنیا لەبەر یەسووع، بەڵا هەتاکوو ئیلعازەریش ببینن، ئەوەی کە لەنێو مردووان هەڵی ئەستاندبوو.

10) بەڵا کاهینانی گەورە تەگبیریان کرد کە ئیلعازەریش بکوژن.

11) چونکە لە سەبەبی وی زۆران لە یەهوودییان دەچوون و بە یەسووع ئیمانیان دەهێنا.

12) دە ڕۆژی دیدا، وەختێکی ئەو خەڵکەی زۆر کە هاتبوونە جێژنەی بیستیان کە یەسووع بۆ ئورشەلیمی دەهات.

13) لکانی دارە خورمایان هەڵگرت و بۆ بە پیرەوەچوونی وی وەدەر کەوتن و قیژاندیان: «هو صعنا ممبارەک بێ ئەوەی کە بە نێوی ڕەب دێ و پادشای ئیسرائیل.»

14) و یەسووع جاشکێکی پەیدا کرد و لەسەر ئەوێ ڕۆنیشت وەکوو نووسراوە.

15) مەترسە ئەی کچی سەهیۆن، ئەوەتا پادشای تۆ لەسەر جاشکی ماکەرێکی ڕۆنیشتوو دێ.

16) شاگردانی وی دە هەوەڵێدا ئەو چتانەی تێ نەگەیشتن، بەڵا وەختێکی یەسووع بە جەلال بوو، ئەو دەمی وەبیریان هاتەوە کە ئەو چتانە بەحسی وی نووسرابوون و کە ئەو چتانەیان بە وی کردبوو.

17) دەنا ئەو خەڵکەی کە دەگەڵ ئەوی بوون، وەختێکی ئیلعازەری لە قەبری بانگ کرد و ئەوی لەنێو مردووان هەڵ ئەستاند شایەدییان دەدا.

18) لەبەر ئەوەش خەڵکی بە پیرەوەی وی چوون، چونکە بیستبوویان کە ئەو، ئەو نیشانەی کردبوو.

19) ئەو دەمی فریسییان لەنێو خۆیان کوتیان: ئەنگۆ دەبینن کە هیچ فایدەیەکی ناکەن. ئەوەتا هەموو دنیایێ لەدوای وی ڕۆیون.

20) و چەند یونانییان هەبوون لەنێو ئەوانەی کە وەسەر دەکەوتن کە دە جێژنەیدا سجدەی بکەن.

21) ئەوانە هاتنە کن فیلپۆس کە لە بەیت سەیدای جەلیلی بوو و لێیان تەڵەب کرد، دەیانگوت: «یا ڕەب دەمانەوێ کە یەسووع ببینین.»

22) فیلپۆس هات و بە ئەندریاسی گوت. ئەندریاس و فیلپۆس هاتن و بە یەسووعیان گوت.

23) بەڵا یەسووع بە وان جوابی دا دەیگوت: «ئەو سەعاتە هاتووە کە کوڕی ئینسانێ بە جەلال دەبێ.

24) ڕاستی ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم ئەگەر دەنکی گەنمێک دە ئەرزێدا نەکەوێ و نەمرێ، ئەو بەتەنێ دەمێنێ، بەڵا ئەگەر بمرێ حاسڵی زۆر دێنێ.

25) ئەوەی کە گیانی خۆی خۆش بوێ، ونی دەکا و ئەوەی کە گیانی خۆی دەو دنیایدا ببوغزێنێ، بۆ ژیانی ئەبەدی ڕایدەگرێ.

26) ئەگەر کەسێک خزمەتی من بکا، با وەدوای من بکەوێ و لە کوێ کە ئەمنم خزمەتکاری منیش لەوێ دەبێ. ئەگەر کەسێک خزمەتی من بکا، باب ئەوی حورمەت دەکا.

27) ئەوێستا گیانی من شێواوە و چی بڵێم؟ یا بابە خەڵاسم بکە لە ئەو سەعاتەی. بەڵا لەبەر ئەوەی هاتوومە ئەو سەعاتەی.

28) یا بابە نێوی خۆت بە جەلال بکە.» ئەو دەمی دەنگێک لە ئاسمانێ هات: «ئەوم بە جەلال کردووە و دیسانیش ئەوی بە جەلال دەکەم.»

29) ئەو خەڵکەی کە لەوێ ڕاوەستابوون و ئەوەیان بیست کوتیان: «گرماندی.» ئی دیکانە کوتیان مەلایکەتێک دەگەڵ ئەوی قسەی کرد.

30) یەسووع جوابی دا و کوتی: «ئەو دەنگە بۆ خاتری من نەهات، بەڵا بۆ خاتری ئەنگۆ.

31) ئەلان حوکمێ لەسەر ئەو دنیایەیە. ئەلان مەزنی ئەو دنیایەی فڕێ دەدرێتە دەرێ.

32) و ئەمن ئەگەر لە ئەرزێ بڵند بکرێم، هەمووان بۆ کنە خۆم دەکێشم.»

33) بەڵا ئەوەی گوت کە نیشان بدا بە چی جۆر مردن دەبا بمرێ.

34) ئەو دەمی خەڵکی بە وی جوابیان دا: «ئەمە لە تەوراتمان بیستووە کە مەسیح هەتا ئەبەدێ دەمێنێ، دەنا ئەتۆ چلۆن دەڵێی کە کوڕی ئینسانی دەبێ بڵند بکرێ؟ ئەو کوڕەی ئینسانی کێیە؟»

35) یەسووع بە وانی گوت: «ئیدی وەختێکی کەم ڕووناکایی لەنێو ئەنگۆیە. بگەڕێن کە هێشتا ڕووناکاییو هەیە، نەبا تاریکایی ئەنگۆ بگرێ. ئەوەی کە دە تاریکاییدا دەگەڕێ نازانێ بۆ کوێ دەچێ.

36) کە هێشتا ڕووناکاییو هەیە، ئیمان بە ڕووناکایی بێنن هەتاکوو کوڕانی ڕووناکایی ببن.» یەسووع ئەو چتانەی قسە کرد و چوو خۆی لە وان شاردەوە.

37) بەڵا هەر چەند کە ئەوەندە نیشانانەی لە پێش چاوی وان کردبوو ئیمانیان بە وی نەدەهێنا.

38) هەتاکوو قسەی ئەشعیا پێغەمبەر تەواو ببێ کە کوتی: «یا ڕەب بە خەبەری مە کێ باوەڕی کردووە؟ و باسکی ڕەب بۆ کێ ئاشکرا بووە؟»

39) لەبەر ئەوەی نەیاندەتوانی ئیمان بێنن چونکە دیسان ئەشعیا کوتی:

40) چاوانی وانی کوێر کردووە و دڵی وانی ڕەق کردووە هەتاکوو بە چاوان نەبینن و بە دڵ نەفامن و وەرگەڕێن و ئەمن ئەوان نەجات بدەم.

41) ئەو چتانەی ئەشعیا گوت، چونکە جەلالی وی دی و بەحسی وی قسەی کرد.

42) بەڵا دیسان زۆران لە مەزنانیش ئیمانیان بە وی هێنا، بەڵا لەبەر فریسییان ئیقراریان نەدەکرد، نەبا لە کەنیشتی دەر بکرێن.

43) چونکە حورمەتی بنی ئادەمێ لە حورمەتی خوڵای پتریان خۆش ویست.

44) بەڵا یەسووع قیژاندی و کوتی: «ئەوەی کە بە من ئیمان بێنێ، بە من ئیمان نایەنێ، بەڵا بە وەی کە ئەمنی ناردووە.

45) و ئەوەی کە ئەمن ببینێ ئەوەی دەبینێ کە ئەمنی ناردووە.

46) ئەمن وەکوو ڕووناکایی هاتوومە دنیایێ کە هەر کەس کە بە من ئیمان بێنێ دە تاریکاییدا نامێنێ.

47) و ئەگەر کەسێک قسانی من ببیێ و ئەوان ڕانەگرێ، ئەمن لەسەر ئەوی حوکمێ ناکەم چونکە نەهاتووم کە لەسەر دنیایێ حوکمێ بکەم، بەڵا هەتاکوو دنیای خەڵاس بکەم.

48) ئەوەی کە ئەمن حیساب ناکا و کەلامی من قەبوڵ ناکا یەکێکی هەیە کە لەسەر ئەوی حوکمێ دەکا. ئەو کەلامەی کە قسەم کردووە هەر ئەو دە ڕۆژی ئاخرێدا لەسەر ئەوی حوکمێ دەکا.

49) چونکە ئەمن لە خۆمەوە قسەم نەکردووە بەڵا باب کە ئەمنی ناردووە، ئەو بە من ئەمری داوە کە چی بڵێم و چی قسان بکەم.

50) و دەزانم کە ئەمری وی ژیانی ئەبەدییە، دەنا هەر چی کە ئەمن قسان دەکەم، چلۆنێکی باب بە منی کوتووە هەر وا قسان دەکەم.»

باب ١٣[edit]

1) بەڵا لە پێش جێژنی فەسحێ، وەختێکی یەسووع زانی کە سەعاتی وی هاتبوو کە لە ئەو دنیایەی بۆ کن باب دەبا بڕوا، چلۆنێکی ئی خۆی کە دە دنیایدا بوون حوبباندبوو، هەر وا هەتا ئاخیرێ ئەوانی حوبباند.

2) و کە شام حازر بوو، کە شەیتان ئەلان دە دڵی یەهوودای ئێسخەریوت، کوڕی شەمعوونێ دانابوو کە ئەوی تەسلیم بکا.

3) کە یەسووع زانی کە باب هەموو چتی بە دەستی وی دابوو و کە لە خوڵای هاتبوو و بۆ کن خوڵای دەچوو.

4) لە شامێ هەڵستا و جلی لەبەر داکەند و دەسماڵێکی گرت و لە پشتی خۆی بەست.

5) لە پاشان ئاوی دە لەگەنی تێ کرد و دەستی پێ کرد کە پێیانی شاگردانی بشوا و کە وشکی بکا بەو دەسماڵەی کە پشتی بە وی بەسترابوو.

6) و کە هاتە کن شەمعوون پیترۆس ئەو بە وی گوت: «یا ڕەب ئەرێ ئەتۆ پێیانی من دەشۆی؟»

7) یەسووع جوابی دا و بە وی گوت: «ئەو چتەی کە ئەمن دەکەم ئەتۆ ئەوێستا تێ ناگەی، بەڵا لە پاشان تێ دەگەی.»

8) پیترۆس بە وی گوت: «هەتا ئەبەدێ قەت پێیانی من ناشۆی»، یەسووع بە وی جوابی دا: «ئەگەر ئەمن ئەتۆ نەشۆم، دەگەڵ ئەمن بەشت نییە.»

9) شەمعوون پیترۆس بە وی گوت: «یا ڕەب نە تەنیا پێیانی من، بەڵا دەستان و سەریش.»

10) یەسووع بە وی گوت: «ئەوەی کە شۆراوە موحتاج نییە، مەگەر پێیان بشوا، بەڵا یەکجار پاکە و ئەنگۆ پاکن بەڵا هەموو نە.»

11) چونکە تەسلیمکەری خۆی دەناسی، لەبەر ئەوەی کوتی کە ئەنگۆ هەموو پاک نین.

12) دەنا وەختێکی پێیانی وانی شووشتبوو و جلی خۆی هەڵگرتبوو و دیسان لەسەر سفرەی ڕۆنیشتبوو بە وانی گوت: «ئەرێ تێ دەگەن چیم بۆ ئەنگۆ کردووە؟

13) ئەنگۆ ئەمن بە مامۆستا و ڕەب بانگ دەکەن و چاک دەڵێن، چونکە وام.

14) دەنا ئەگەر ئەمن کە ڕەب و مامۆستام پێیانی ئەنگۆم شووشت، بۆ ئەنگۆش واجبە کە پێیانی یەکتری بشۆن.

15) چوونکە بە ئەنگۆ نموونەیەکم داوە هەتاکوو وەکوو ئەمن بۆ ئەنگۆم کردووە، ئەنگۆش بکەن.

16) ڕاستی ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم: خزمەتکار لە ئاغای خۆی گەورەتر نییە و نە ڕەسووڵ گەورەتر لە وەی کە ئەوی ناردووە.

17) ئەگەر ئەو چتانە دەزانن خۆزگە بە ئەنگۆ ئەگەر ئەوانە بەجێ بێنن.

18) بەحسی هەمووتان قسان ناکەم. ئەمن دەزانم ئەوانەی کە هەڵمبژاردووە کێن، بەڵا هەتاکوو کتێب تەواو ببێ ئەوەی کە دەگەڵ ئەمن نان دەخوا پانیەی خۆی لەسەر ئەمن بڵند کردووە.

19) لە ئەوێستاوە بە ئەنگۆ دەڵێم: لە پێش ئەوەی کە دەبێ هەتاکوو وەختێکی دەبێ، ئیمان بێنن کە ئەمنم.

20) ڕاستی ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم: ئەوەی کە ئەو کەسەی قەبوڵ بکا کە ئەمن دەینێرم ئەمن قەبوڵ دەکا و ئەوەی کە ئەمن قەبوڵ بکا، ئەوەی قەبوڵ دەکا کە ئەمنی ناردووە.»

21) وەختێکی یەسووع ئەوەی کوتبوو، دە ڕوحدا لەرزاو بوو و شایەدی دا و کوتی: ڕاستی ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم کە یەکێک لە ئەنگۆ ئەمن تەسلیم دەکا.

22) شاگردان تەماشای یەکتریان دەکرد دە شکدا کە بەحسی کێ قسەی دەکرد.

23) یەکێک لە شاگردانی وی لەسەر سفرەی لەکن باوەشی یەسووع ڕۆنیشتبوو، ئەوەی کە یەسووع دەیحوبباند.

24) شەمعوون پیترۆس بە وی ئیشارەتی کرد و بە وی گوت: «بڵێ کێیە کە بەحسی وی قسان دەکا.»

25) ئەو بۆ پاشەوە لەسەر سنگی یەسووع خوار بۆوە و بە وی گوت: «ئەی ڕەب، کێیە؟»

26) یەسووع جوابی دا: «ئەوەیە کە ئەمن ئەو پارووەی دە قاپی دەخەم و بە وی دەدەم.» کە پارووی تێ خستبوو هەڵی گرت و بە یەهوودا کوڕی شەمعوون ئێسخەریوتی دا.

27) و لە پاش پارووەکەی شەیتان وەژوور ئەوێ کەوت. ئەو دەمی یەسووع بە وی گوت: «ئەوەی کە دەکەی زوو بکە.»

28) بەڵا هیچکەس لە ئەوانەی کە لەسەر سفرەی ڕۆنیشتبوون تێ نەگەیشتن لەبەر چی ئەوەی بە وی گوت.

29) چونکە هێندێک فکریان کرد کە چونکە کیسە لەکن یەهوودا بوو، یەسووع بە وی گوت ئەوەی کە ئەمە بۆ جێژنەی موحتاجین بکڕێ، یان کە چتێکی بە فەقیران بدا.

30) دەنا وەختێکی ئەو پارووەی وەرگرتبوو جێبەجێ وەدەر کەوت و شەو بوو.

31) و کە وەدەر کەوتبوو یەسووع کوتی: «ئەوێستا کوڕی ئینسانێ بە جەلال بووە و خوڵا دە ویدا بە جەلال بووە.

32) ئەگەر خوڵا دە ویدا بە جەلال بووە، خوڵاش دە خۆیدا ئەوی بە جەلال دەکا و جێبەجێ ئەوی بە جەلال دەکا.

33) ئەی ڕۆڵەینە کەمێکی دیکە دەگەڵ ئەنگۆم. ئەنگۆ بۆ من حەول دەدەن و چلۆنێکی بە یەهوودییانم گوت: «کە بۆ کوێ کە ئەمن دەچم ئەنگۆ ناتوانن بێن، ئەلان بە ئەنگۆش دەڵێم.»

34) حوکمێکی تازە بە ئەنگۆ دەدەم کە یەکتری بحوببێنن چلۆنێکی ئەمن ئەنگۆم حوبباندووە هەتاکوو ئەنگۆش یەکتری بحوببێنن.

35) بە ئەوەی هەموو دەزانن کە ئەنگۆ شاگردانی منن ئەگەر بۆ یەکتری موحەببەتوو هەبێ.»

36) شەمعوون پیترۆس بە وی گوت: «یا ڕەب بۆ کوێ دەچی؟» یەسووع جوابی دا: «بۆ کوێ کە ئەمن دەچم ئەتۆ ئەوێستا ناتوانی وەدوای من بکەوی، بەڵا لە پاشان وەدوای من دەکەوی.»

37) پیترۆس بە وی گوت: «یا ڕەب، لەبەر چی ناتوانم ئەوێستا وەدوای تۆ بکەوم؟ گیانی خۆم بۆ تۆ دادەنێم.»

38) یەسووع جوابی دا: «ئەرێ گیانی خۆت بۆ من دادەنێی؟ ڕاستی ڕاستی بە تۆ دەڵێم: کەڵەباب ناخوێنێ هەتا سێ جار حاشا لە من نەکەی.»

باب ١٤[edit]

1) با دڵوو شێواو نەبێ. ئیمان بە خوڵای بێنن و بە من ئیمان بێنن.

2) دە ماڵی بابی مندا مەنزڵانی زۆر هەن و ئەگەر نە بە ئەنگۆم دەگوت، چونکە دەچم کە بۆ ئەنگۆ جێی حازر بکەم.

3) و ئەگەر بچم و بۆ ئەنگۆ جێی حازر بکەم، دیسان دێمەوە و ئەنگۆ بۆ کن خۆم هەڵدەگرم هەتاکوو لە کوێ کە ئەمنم ئەنگۆش لەوێ دەبن.

4) بۆ کوێ کە ئەمن دەچم ئەنگۆ ڕێی دەزانن.

5) تۆما بە وی گوت: «یا ڕەب نازانین بۆ کوێ دەچی، ئەرێ ڕێی چلۆن بزانین؟»

6) یەسووع بە وی گوت: «ئەمنم ڕێی و ڕاستی و ژیانێ، هیچکەس بۆ کن باب نایێ، مەگەر بە دەستی من.

7) ئەگەر ئەنگۆ ئەمنوو بناسیبایە بابی منیشوو دەناسی. لەوەی پاش ئەوی دەناسن و ئەوو دیوە.»

8) فیلپۆس بە وی گوت: «یا ڕەب، باب بە مە نیشان بدە و بەسە بۆ مە.»

9) یەسووع بە وی گوت: «ئەوەندە وەختێکی دەگەڵ ئەنگۆم و ئەرێ ئەمنت نەناسیوە ئەی فیلپۆس؟ ئەوەی کە ئەمنی دیوە، بابیشی دیوە، ئەتۆ چلۆن دەڵێی باب بە من نیشان بدە؟

10) ئەرێ باوەڕ ناکەی کە ئەمن دە باب دام و باب دە مندایە؟ ئەو قسانەی کە ئەمن بە ئەنگۆ دەڵێم، لە خۆمەوە قسان ناکەم، بەڵا باب کە دە مندا دەمێنێ کارانی خۆی دەکا.

11) باوەڕ بە من بکەن کە ئەمن دە بابدام و باب دە مندایە. و ئەگەر نە، لەبەر ئەو کارانە باوەڕ بکەن.

12) ڕاستی ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم: ئەوەی کە بە من ئیمان بێنێ ئەو کارانەی کە ئەمن دەکەم ئەویش دەیکا و گەورەتر لە ئەوانە دەکا چونکە ئەمن بۆ کن باب دەچم.

13) و هەر چی کە ئەنگۆ بە نێوی من تەڵەب بکەن ئەوی دەکەم، هەتاکوو باب دە کوڕدا بە جەلال ببێ.

14) ئەگەر ئەنگۆ چتێک لە من بە نێوی من تەڵەب بکەن ئەمن دەیکەم.

15) ئەگەر ئەنگۆ ئەمن بحوببێنن حوکمانی من ڕادەگرن.

16) و ئەمن لە باب تەڵەب دەکەم و یاریدەدەرێکی دیکە بە ئەنگۆ دەدا کە هەتا ئەبەدێ دەگەڵ ئەنگۆ ببێ.

17) یەعنی ڕوحی ڕاستی کە ئەو دنیایەی ناتوانێ ئەوی قەبوڵ بکا، چونکە ئەوی نابینێ و ناشیناسێ. ئەنگۆ ئەوی دەناسن چونکە دەگەڵوو دەمێنێ و دەنێوودا دەبێ.

18) ئەنگۆ وەکوو هەتیوان بەجێ نایەڵم، بۆ کن ئەنگۆ دێم.

19) کەمێکی دیکە ئەو دنیایە ئەمن ئیدی نابینێ، بەڵا ئەنگۆ ئەمن دەبینن، چونکە ئەمن دەژیم و ئەنگۆ دەژین.

20) دەو ڕۆژەیدا ئەنگۆ دەزانن کە ئەمن دە بابی خۆمدام و ئەنگۆ دە مندا و ئەمن دە ئەنگۆدا.

21) ئەوەی کە حوکمانی منی هەیە و ئەوان ڕادەگرێ، ئەوەیە کە ئەمن دەحوببێنێ. و ئەوەی کە ئەمن دەحوببێنێ لە بابی من دەحوببێندرێ و ئەمن ئەوی دەحوببێنم و خۆم بۆ وی بەیان دەکەم.»

22) یەهوودا (نە ئێسخەریوتی) بە وی گوت: «یا ڕەب چی بووە کە خۆت بۆ مە بەیان دەکەی و نە بۆ دنیایێ؟»

23) یەسووع جوابی دا و بە وی گوت: «ئەگەر کەسێک ئەمن بحوببێنێ، کەلامی من ڕادەگرێ و بابی من ئەوی دەحوببێنێ و ئەمە بۆ کن ئەوی دێین و مەنزڵ لەکن ئەوی دەگرین.

24) ئەوەی کە ئەمن نەحوببێنێ، کەلامی من ڕاناگرێ و ئەو کەلامەی کە ئەنگۆ دەبیێن ئی من نییە بەڵا ئی باب کە ئەمنی ناردووە.

25) ئەو چتانەی بۆ ئەنگۆ قسەم کردووە کە هێشتا لەکن ئەنگۆ بووم.

26) بەڵا ئەو یاریدەدەر کە یەعنی ڕوحولقدوس کە باب بە نێوی من دەنێرێ ئەو هەموو چتانەی بە ئەنگۆ تەعلیم دەدا و هەموو چتانەی کە ئەمن بە ئەنگۆم کوتووە وەبیروو دێنێ.

27) سەلام بە ئەنگۆ بەجێ دێڵم. سەلامی خۆم بە ئەنگۆ دەدەم. نە وەکوو دنیایێ دەدا ئەمن بە ئەنگۆ دەدەم. با دڵوو شێواو نەبێ و نەشترسێ.

28) بیستووتانە کە ئەمن بە ئەنگۆم کوتووە کە دەچم و بۆ کن ئەنگۆ دێم. ئەگەر ئەنگۆ ئەمنوو بحوبباندبایە خۆشحاڵ دەبوون کە بۆ کن باب دەچم، چونکە باب لە من گەورەترە.

29) و ئەوێستا بە ئەنگۆم کوتووە لە پێش ئەوەی کە بووە هەتاکوو وەختێکی ببێ، باوەڕ بکەن.

30) لەوەی پاش دەگەڵ ئەنگۆ زۆر قسان ناکەم چونکە مەزنی ئەو دنیایەی دێ و دە مندا هیچی نییە.

31) بەڵا هەتاکوو دنیایێ بزانێ کە باب دەحوببێنم و چلۆنێکی باب بە من ئەمری کردووە هەر وا دەکەم، هەڵستن لە ئێرە با بڕۆین.»

باب ١٥[edit]

1) ئەمنم مێوی ڕاست و بابی من ڕەزوانە.

2) هەر لکێک دە مندا کە بەر نەیێنێ ئەوی هەڵدەگرێ و هەر یەکێکی کە بەر دێنێ ئەوی پاک دەکا هەتاکوو پتر بەر بێنێ.

3) ئەنگۆ ئەلان پاکن بە سەبەبی ئەو کەلامەی کە بۆ ئەنگۆ قسەم کردووە.

4) دە مندا بمێنن و ئەمن دە ئەنگۆدا. چلۆنێکی لکەکە لە خۆیەوە ناتوانێ بەر بێنێ، ئەگەر دە مێودا نەمێنێ، وەها ئەنگۆش ئەگەر دە مندا نەمێنن.

5) ئەمنم مێو، ئەنگۆ لکانن. ئەوەی کە دە مندا دەمێنێ و ئەمن دە ویدا، ئەو زۆر بەر دێنێ چونکە بێ من ئەنگۆ ناتوانن چتێکی بکەن.

6) ئەگەر کەسێک دە مندا نەمێنێ، وەکوو لکێک فڕێ دەدرێتە دەرێ و وشک دەبێ و ئەوان خڕی دەکەن و دە ئاوری داوێژن و دەیسووتێنن.

7) ئەگەر ئەنگۆ دە مندا بمێنن و کەلامی من دە ئەنگۆدا بمێنێ، هەر چی کە دەتانەوێ تەڵەب بکەن و بۆ ئەنگۆ دەبێ.

8) دە وەیدا بابی من بە جەلال بووە کە ئەنگۆ زۆر بەر بێنن و شاگردانی من ببن.

9) چلۆنێکی باب ئەمنی حوبباندووە، ئەمنیش ئەنگۆم حوبباندووە، بمێنن دە موحەببەتی مندا.

10) ئەگەر ئەنگۆ حوکمانی من ڕابگرن دە موحەببەتی مندا دەمێنن، چلۆنێکی ئەمن حوکمانی بابی خۆمم ڕاگرتووە و دە موحەببەتی ویدا دەمێنم.

11) ئەو چتانەی بە ئەنگۆم کوتووە هەتاکوو خۆشحاڵی من دە ئەنگۆدا ببێ و خۆشحاڵی ئەنگۆ تەواو ببێ.

12) حوکمی من ئەوەیە کە یەکتری بحوببێنن، چلۆنێکی ئەنگۆم حوبباندووە.

13) هیچکەس موحەببەتێکی لە ئەوەی گەورەتری نییە کە یەکێک گیانی خۆی بۆ دۆستانی خۆی دابنێ.

14) ئەنگۆ دۆستانی منن ئەگەر ئەوەی کە ئەمن بە ئەنگۆ حوکم دەکەم بەجێ بێنن.

15) ئیدی بە ئەنگۆ عەبد ناڵێم چونکە عەبد نازانێ ئاغای خۆی چی دەکا، بەڵا بە ئەنگۆم دۆست کوتووە چونکە هەموو ئەو چتانەی کە لە بابی خۆمم بیستووە بە ئەنگۆ خەبەرم داوە.

16) ئەنگۆ ئەمنوو هەڵنەبژاردووە بەڵا ئەمن ئەنگۆم هەڵبژاردووە و ئەنگۆم تاعین کردووە کە بچن و مێوی بێنن و کە مێوی ئەنگۆ بمێنێ هەتاکوو هەر چی کە لە باب بە نێوی من تەڵەب بکەن بە ئەنگۆ دەدا.

17) ئەو چتانە بە ئەنگۆ حوکمێ دەکەم کە یەکتری بحوببێنن.

18) ئەگەر دنیا ئەنگۆ ببوغزێنێ بزانن کە لە پێش ئەنگۆدا ئەمنی بوغزاندووە.

19) ئەگەر ئەنگۆ لە دنیایێ ببان، دنیا ئی خۆی دەحوبباند، ئەمما چونکە لە دنیایێ نین، بەڵا ئەمن ئەنگۆم لە دنیایێ هەڵبژاردووە، لەبەر ئەوەی دنیا ئەنگۆ دەبوغزێنێ.

20) وەبیروو بێنن ئەو قسەی کە ئەمن بە ئەنگۆم گوت کە خزمەتکار لە ئاغای خۆی گەورەتر نییە. ئەگەر بە من ئەزیەتیان داوە، بە ئەنگۆش ئەزیەت دەدەن. ئەگەر قسەی منیان ڕاگرتووە ئی ئەنگۆش ڕادەگرن.

21) بەڵا هەموو ئەو چتانەی دەگەڵ ئەنگۆ دەکەن لەبەر نێوی من، چونکە ئەوەی کە ئەمنی ناردووە نایناسن.

22) ئەگەر نەهاتبام و بۆ وان قسەم نەکردبایە، گوناحیان نەدەبوو، بەڵا ئەوێستا بۆ گوناحی خۆیان بیانوویان نییە.

23) ئەوەی کە ئەمن دەبوغزێنێ ئەو بابی منیش دەبوغزێنێ.

24) ئەگەر لەنێو ئەوان ئەو کارانەم نەکردبایە کە هیچکەسی دیکە نەیکردووە، گوناحیان نەدەبوو، بەڵا ئەوێستا دیویانە و ئەمن و بابی منیشیان بوغزاندووە.

25) بەڵا ئەوە بوو کە تەواو ببێ ئەو کەلامەی کە دە تەوراتی خۆیاندا نووسراوە: «بێ سەبەب ئەمنیان بوغزاند.»

26) وەختێکی یاریدەدەر کە بێ کە ئەمن لە باب بۆ ئەنگۆ دەنێرم، یەعنی ئەو ڕوحی ڕاستی کە لە باب وەدەر دەکەوێ، ئەو لەسەر ئەمن شایەدی دەدا.

27) و ئەنگۆش شایەدی دەدەن چونکە لە هەوەڵەوە دەگەڵ ئەمنن.

باب ١٦[edit]

1) ئەو چتانەی بە ئەنگۆم کوتووە هەتاکوو هەڵنەنگوێندرێن.

2) ئەنگۆ لە کەنیشتان دەر دەکەن، بەڵێ سەعاتێک دێ کە هەر کەس کە ئەنگۆ بکوژێ فکر دەکا کە خزمەتی خوڵای دەکا.

3) و ئەو چتانە دەکەن چونکە نە باب دەناسن و نە ئەمنیش.

4) بەڵا ئەو چتانەی بە ئەنگۆم کوتووە هەتاکوو وەختێکی سەعاتی وان بێ، ئەنگۆ وەبیر بێنن کە ئەمن ئەوانەی بە ئەنگۆم کوتووە، بەڵا ئەو چتانەی لە هەوەڵەوە بە ئەنگۆم نەکوتووە چونکە دەگەڵوو بووم.

5) بەڵا ئەوێستا دەچمە کن ئەوەی کە ئەمنی ناردووە و لە ئەنگۆ هیچکەس لە من پرسیار ناکا بۆ کوێ دەچی.

6) بەڵا چونکە ئەو چتانەی بە ئەنگۆم کوتووە دڵوو لە خەمێ پڕ بووە.

7) بەڵا ئەمن ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم: بۆ ئەنگۆ قازانجە کە ئەمن بچم چونکە ئەگەر نەچم یاریدەدەرەکە نایەتە کن ئەنگۆ. بەڵا ئەگەر بچم ئەوی دەنێرمە کن ئەنگۆ.

8) و وەختێکی ئەو بێ دنیایێ لەبەر گوناح و لەبەر سداقەتێ و لەبەر حوکم ئیلزام دەکا.

9) لەبەر گوناح چونکە ئیمان بە من نایەنن.

10) لەبەر سداقەتێ چونکە بۆ کن باب دەچم و ئیدی ئەنگۆ ئەمن نابینن.

11) و لەبەر حوکم چونکە لەسەر مەزنیی ئەو دنیایەی حوکم کراوە.

12) هێشتا زۆر چتانم هەیە کە بە ئەنگۆ بڵێم، بەڵا ئەوێستا ئەنگۆ ناتوانن ئەوانە هەڵبگرن.

13) بەڵا وەختێکی ئەو یەعنی ڕوحی ڕاستی بێ، ئەو ئەنگۆ دە هەموو ڕاستیدا بەڵەد دەکا چونکە لە خۆیەوە قسان ناکا، بەڵا هەر چی کە دەبیێ قسان دەکا و لەو چتانەی کە دەبن بە ئەنگۆ خەبەر دەدا.

14) ئەو ئەمن بە جەلال دەکا چونکە لە ئی من وەردەگرێ و بە ئەنگۆ خەبەر دەدا.

15) هەموو چتانی کە باب هەیەتی ئی منە، لەبەر ئەوەی کوتم کە لە ئی من وەردەگرێ و بە ئەنگۆ خەبەر دەدا.

16) کەمێکی و ئیدی ئەنگۆ ئەمن نابینن و دیسان کەمێکی و ئەمن دەبینن.

17) ئەو دەمی هێندێک لە شاگردانی وی بە یەکتریان گوت: ئەوە چییە کە بە مە دەڵێ: کەمێکی و ئەنگۆ ئەمن نابینن و دیسان کەمێکی و ئەمن دەبینن و بۆ کن باب دەچم؟

18) ئەو دەمی کوتیان: ئەوە چییە کە دەڵێ: ئەو کەمێکی؟ نازانین چی قسان دەکا.

19) یەسووع تێ گەیشت کە ویستیان کە لێی بپرسن و بە وانی گوت: ئەرێ لەنێو خۆتان لەبەر ئەوەی پرسیار دەکەن کە کوتم: کەمێکی و ئەنگۆ ئەمن نابینن و دیسان کەمێکی و ئەمن دەبینن؟

20) ڕاستی ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم کە ئەنگۆ دگریێن و شینێ دەکەن، بەڵا دنیا خۆشحاڵ دەبێ، ئەنگۆ خەمناک دەبن، بەڵا خەمی ئەنگۆ دەبێتە خۆشحاڵی.

21) ژن وەختێکی دەزێ خەمی هەیە چونکە سەعاتی وی هاتووە، بەڵا وەختێکی منداڵی بووە ئەو زەحمەتەی ئیدی وەبیر نایێ لەبەر خۆشحاڵی کە ئینسانێک دە دنیایدا بە وەلەد بووە.

22) دەنا ئەنگۆش ئەوێستا خەموو هەیە، بەڵا دیسان ئەنگۆ دەبینم و دڵوو خۆشحاڵ دەبێ و هیچکەس خۆشحاڵی ئەنگۆ لێو ناستێنێ.

23) و دەو ڕۆژەیدا ئەنگۆ چتێک لە من پرسیار ناکەن. ڕاستی ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم: هەر چی کە لە باب بە نێوی من تەڵەب بکەن بە ئەنگۆ دەدا.

24) هەتا ئەوێستا بە نێوی من چتێکوو تەڵەب نەکردووە. تەڵەب بکەن و وەردەگرن هەتاکوو خۆشحاڵی ئەنگۆ تەواو ببێ.

25) ئەو چتانەی بە مەسەلان دەگەڵ ئەنگۆ قسەم کردووە. سەعاتێک دێ کە ئیدی بە مەسەلان دەگەڵ ئەنگۆ قسان ناکەم. بەڵا بە ئاشکرا بەحسی باب بە ئەنگۆ خەبەر دەدەم.

26) دەو ڕۆژەیدا بە نێوی من ئەنگۆ تەڵەب دەکەن و بە ئەنگۆ ناڵێم کە ئەمن بۆ ئەنگۆ لە باب تەڵەب دەکەم.

27) چونکە باب بۆخۆی ئەنگۆی خۆش دەوێ. لەبەر ئەوەی کە ئەنگۆ ئەمنوو خۆش ویستووە و باوەڕوو کردووە کە ئەمن لە خوڵای وەدەر کەوتووم.

28) لە باب وەدەر کەوتووم و هاتوومە دنیایێ. دیسان دنیایێ بەجێ دێڵم و بۆ کن باب دەچم.

29) شاگردانی وی کوتیان: ئەوەتا ئەوێستا بە ئاشکرا قسان دەکەی و هیچ مەسەلێکی ناڵێی.

30) ئەوێستا دەزانین کە هەموو چتی دەزانی و ئیحتیاجت نییە کە کەسێک لە تۆ پرسیار بکا. بە وەی باوەڕ دەکەین کە ئەتۆ لە خوڵای وەدەر کەوتووی.

31) یەسووع بە وان جوابی دا: ئەرێ ئەنگۆ ئەوێستا باوەڕ دەکەن؟

32) ئەوەتا سەعاتێک دێ و هاتووشە کە ئەنگۆ بڵاو دەبن هەر یەک بۆ ئی خۆی و ئەنگۆ ئەمن بەتەنێ بەجێ دێڵن. بەڵا ئەمن بەتەنێ نیم چونکە باب دەگەڵ ئەمنە.

33) ئەو چتانەی بە ئەنگۆ قسەم کردووە هەتاکوو دە مندا سەلاموو هەبێ. دە دنیایدا ئەزیەتوو هەیە، بەڵا خاترجەم بن، ئەمن لەسەر دنیایێ غاڵب بووم.

باب ١٧[edit]

1) یەسووع ئەو چتانە قسەی کرد و چاوانی خۆی بۆ ئاسمانێ هەڵێنا و کوتی: «یا بابە، سەعات هاتووە، کوڕی خۆت بە جەلال بکە هەتاکوو کوڕەکە ئەتۆ بە جەلال بکا.

2) چلۆنێکی لەسەر هەموو مەخلووق بە وی حیکماتت داوە هەتاکوو ژیانی ئەبەدی بە هەموو ئەوانەی بدا کە بە ویت داوە.

3) و ئەوەیە ژیانی ئەبەدی کە ئەتۆ خوڵا تەنیا و ڕاست بناسن و یەسووع مەسیح ئەوەی کە ناردووتە.

4) ئەمن ئەتۆم لەسەر ئەرزێ بە جەلال کردووە بە وەی کە ئەو کارەی کە بە منت داوە کە بیکەم تەواوم کردووە.

5) و ئەوێستا یا بابە ئەتۆ ئەمن بە جەلال بکە لەکن خۆت بە ئەو جەلالەی کە لەکن تۆم هەبوو لە پێش ئەوەیدا کە دنیا بوو.

6) نێوی تۆم بەیان کردووە بۆ ئەو کەسانەی کە لە دنیایێ بە منت داوە. ئی تۆ بوون و ئەوانەی بە منت داوە و کەلامی تۆیان ڕاگرتووە.

7) ئەوێستا تێ گەیشتوون کە هەموو چتانی کە بە منت داوە لە تۆن.

8) چونکە ئەو کەلامەی کە بە منت دا، بە وانم داوە و ئەوان ئەویان قەبوڵ کردووە و بەڕاستی تێ گەیشتوون کە لەکن ئەتۆ وەدەر کەوتووم و باوەڕیان کردووە کە ئەتۆ ئەمنت ناردووە.

9) ئەمن بۆ وان دوعا دەکەم. بۆ دنیایێ دوعا ناکەم بەڵا بۆ ئەوانەی کە بە منت داوە، چونکە ئی تۆن.

10) و هەموو ئی من، ئی تۆن و ئی تۆ، ئی منن و دە واندا بە جەلال بووم.

11) و ئیدی دە دنیایدا نیم بەڵا ئەوان دە دنیایێدان و ئەمن بۆ کن ئەتۆ دێم. یا بابە موقەددەس، ئەوانەی کە بە منت داوە بە نێوی خۆت ڕابگرە هەتاکوو یەک ببن وەکوو ئەمە.

12) وەختێکی دەگەڵ ئەوان بووم ئەمن بە نێوی تۆ ئەوانم ڕادەگرت کە بە منت داوە و ئەوانم حێفز کرد و هیچکەس لە وان ون نەبوو بێجگە لە کوڕی هیلاکی هەتاکوو کتێب تەواو ببێ.

13) بەڵا ئەوێستا بۆ کن ئەتۆ دێم و ئەو چتانە دە دنیایدا قسان دەکەم هەتاکوو خۆشحاڵی من دە خۆیاندا تەواو ببێ.

14) ئەمن کەلامی تۆم بە وان داوە و دنیا ئەوانی بوغزاندووە، چونکە ئەوان لە دنیایێ نین چلۆنێکی ئەمنیش لە دنیایێ نیم.

15) تەڵەب ناکەم کە ئەوانە لە دنیایێ هەڵبگری، بەڵا کە ئەوانە لە خراپەی ڕابگری.

16) ئەوان لە دنیایێ نین، چلۆنێکی ئەمن لە دنیایێ نیم.

17) ئەوانە دە ڕاستیدا موقەددەس بکە، کەلامی تۆ ڕاستە.

18) چلۆنێکی ئەمنت دە دنیایدا ناردووە، ئەمنیش ئەوانم دە دنیایدا ناردووە.

19) و بۆ ئەوان ئەمن خۆم موقەددەس دەکەم هەتاکوو ئەوانیش بەڕاستی موقەددەس ببن.

20) و نە تەنیا بۆ ئەوانە دوعا دەکەم، بەڵا بۆ ئەوانەش کە بە سەبەبی قسەی وان ئیمان بە من بێنن.

21) کە هەموویان یەک ببن چلۆنێکی ئەتۆ ئەی بابە دە مندا و ئەمن دە تۆدا، کە ئەوانیش دە مەدا ببن، هەتاکوو دنیا باوەڕ بکا کە ئەتۆ ئەمنت ناردووە.

22) و ئەو جەلالەی کە بە منت داوە، بە وانم داوە هەتاکوو یەک ببن، چلۆنێکی ئەمە یەکین.

23) ئەمن دە واندا و ئەتۆ دە مندا هەتاکوو دە یەکدا تەواو ببن، هەتاکوو دنیا بزانێ کە ئەتۆ ئەمنت ناردووە و ئەوانت حوبباندووە، چلۆنێکی ئەمنت حوبباندووە.

24) یا بابە، ئەوانەی کە بە منت داوە دەمەوێ کە لە کوێ کە ئەمنم ئەوانیش دەگەڵ ئەمن ببن، هەتاکوو جەلالی من کە بە منت داوە ببینن. چونکە لە پێش بوونی دنیایێ ئەمنت حوبباندووە.

25) یا بابە سادق، و دنیا ئەتۆی نەناسیوە، بەڵا ئەمن ئەتۆم ناسیوە و ئەوانە تێ گەیشتوون کە ئەتۆ ئەمنت ناردووە.

26) و نێوی تۆم بە وان ناسراو کردووە و ناسراوی دەکەم، هەتاکوو ئەو موحەببەتەی کە بە وی ئەمنت حوبباندووە دە واندا ببێ و ئەمنیش دە واندا.»

باب ١٨[edit]

1) وەختێکی یەسووع ئەو چتانەی کوتبوو، دەگەڵ شاگردانی خۆی بۆ ئەو لای جۆگەلەی قەدرۆن وەدەر کەوت، لە کوێ کە باغچەیەک هەبوو و دە وێدا وەژوور کەوت بۆخۆی و شاگردانی وی.

2) و یەهووداش کە ئەوی تەسلیم دەکرد ئەو جێی دەزانی چونکە یەسووع زۆر جاران دەگەڵ شاگردانی خۆی لەوێ خڕ دەبۆوە.

3) دەنا کە یەهوودا دەستەیەکی عەسکەر و خزمەتکاران لە کاهینانی گەورە و لە فریسییان وەرگرتبوو هاتە ئەوێ بە مەشخەڵان و چرایان و چەکان.

4) کە یەسووع هەموو چتی کە لەسەر ئەوی دەهات دەیزانی وەدەر کەوت و بە وانی گوت: «لە کێ دەگەڕێن؟»

5) جوابیان بە وی دا: «لە یەسووعی ناسری.» بە وانی گوت: «ئەمنم.» و یەهووداش کە ئەوی تەسلیم دەکرد دەگەڵ ئەوان ڕاوەستابوو.

6) وەختێکی بە وانی گوت، ئەمنم، بۆ پاشەوە چوون و کەوتنە ئەرزێ.

7) دەنا دیسان لە وانی پرسی: «لە کێ دەگەڕێن؟» و ئەوان کوتیان: «لە یەسووعی ناسری.»

8) یەسووع جوابی دا: «بە ئەنگۆم گوت کە ئەمنم. دەنا ئەگەر لە من دەگەڕێن، بێڵن کە ئەوانە بڕۆن.»

9) هەتاکوو تەواو ببێ ئەو قسەی کە کوتبووی: «ئەوانەی کە بە منت داوە لە وان هیچیەکم ون نەکردووە.»

10) ئەو دەمی شەمعوون پیترۆس کە شیرێکی هەبوو ئەوی هەڵکێشا و لە خزمەتکاری کاهینی گەورەی دا و گوێی ڕاستی وی بڕی و نێوی ئەو خزمەتکارەی مەلخوس بوو.

11) یەسووع بە پیترۆسی گوت: «شیرەکەی دە قالانی بنێوە. ئەو پیاڵەی کە باب بە منی داوە، ئەرێ ئەوی ناخۆمەوە؟»

12) ئەو دەمی عەسکەران و سەرکردە و خزمەتکارانی یەهوودییان، یەسووعیان گرت و ئەویان بەست.

13) و هەوەڵێ بردیانە کن حەننا چونکە ئەو خەزووری قیافا بوو کە کاهینی گەورەی ئەوێ ساڵێ بوو.

14) بەڵا قیافا ئەوە بوو کە بە یەهوودییان ئەو تەگبیرەی دابوو کە قازانجە کە یەک نەفەر بۆ قەومی بمرێ.

15) بەڵا شەمعوون پیترۆس و شاگردێکی دیکە وەدوای یەسووع کەوتن و ئەو شاگردە کە لە کاهینی گەورە ناسراو بوو و دەگەڵ یەسووع دە حەساری کاهینی گەورە وەژوور کەوت.

16) بەڵا پیترۆس لە دەرێ لەکن دەرکەی ڕاوەستابوو. و ئەو دەمی ئەو شاگردەی دیکە کە لە کاهینی گەورە ناسراو بوو وەدەر کەوت و دەگەڵ دەرکەوانی قسەی کرد و پیترۆسی وەژوور هێنا.

17) ئەو دەمی قەرەواش دەرکەوانەکە بە پیترۆسی گوت: «ئەرێ ئەتۆش لە شاگردانی ئەو کەسەی نی؟» ئەو کوتی: «نیم.»

18) بەڵا عەبدان و خزمەتکاران ئاورێکی ڕەژییان دروست کردبوو، چونکە سەرما بوو و ڕاوەستابوون و خۆیان گەرم دەکردەوە و پیترۆسیش دەگەڵ ئەوان ڕاوەستابوو و خۆی گەرم دەکردەوە.

19) ئەو دەمی کاهینی گەورە لە یەسووع پرسیاری کرد، بەحسی شاگردانی وی و بەحسی تەعلیمانی وی.

20) یەسووع بە وی جوابی دا: «ئەمن بۆ دنیایێ بە ئاشکرا قسەم کردووە. ئەمن هەمیشە دە کەنیشتی و دە هەیکەلێدا تەعلیمم داوە، لە کوێ کە هەموو یەهوودییان خڕ دەبنەوە و بە دزی هیچ قسەم نەکردووە.

21) بۆچی لە من پرسیار دەکەی؟ بپرسە لە ئەوانەی کە بیستوویانە چ بۆ وان قسەم کردووە. ئەوەتا ئەوان دەزانن ئەمن چم کوتووە.»

22) بەڵا وەختێکی ئەوەی گوت، یەکێک لە خزمەتکاران کە لەکنی ڕاوەستابوو زللەیەکی لە یەسووعی دا، دەیگوت: «ئەرێ بە کاهینی گەورە وەها جواب دەدەی؟»

23) یەسووع بە وی جوابی دا: «ئەگەر خراپ قسەم کردووە، لەسەر خراپی شایەدی بدە. بەڵا ئەگەر چاک قسەم کردووە بۆچی لێم دەدەی؟»

24) ئەو دەمی حەننا ئەوی بەستراو بۆ کن قیافا کاهینی گەورەی نارد.

25) و شەمعوون پیترۆس ڕاوەستابوو و خۆی گەرم دەکردەوە. ئەو دەمی بە وییان گوت: «ئەرێ ئەتۆش لە شاگردانی وی نی؟» ئەو حاشای کرد و کوتی: نیم.

26) یەکێک لە خزمەتکارانی کاهینی گەورە، خزمی وەی کە پیترۆس گوێی وی بڕیبوو کوتی: «ئەرێ ئەمن ئەتۆم دە باغچەیدا دەگەڵ ئەوی نەدی؟»

27) پیترۆس دیسان حاشای کرد و جێبەجێ کەڵەباب خوێندی.

28) ئەو دەمی یەسووعیان لەکن قیافای بۆ دیوانخانی برد. و سبحەینێ زوو بوو و بۆخۆیان وەژوور دیوانخانی نەکەوتن هەتاکوو ناپاک نەبن، بەڵا کە فەسحی بخۆن.

29) لەبەر ئەوەی پیلاتۆس وەدەر کەوتە کن ئەوان و کوتی: ئەنگۆ لەسەر ئەو پیاوەی چی گلێیی دادێنن؟

30) جوابیان دا و بە وییان گوت: «ئەگەر ئەوە خراپەکەر نەبایە ئەومان بە تۆ تەسلیم نەدەکرد.»

31) ئەو دەمی پیلاتۆس بە وانی گوت: «ئەنگۆ ئەوی هەڵگرن و وەکوو شەریعەتی خۆتان لەسەر ئەوی حوکمێ بکەن.» یەهوودییان بە وییان گوت: «بۆ مە دروست نییە کە کەسێکی بکوژین.»

32) هەتاکوو تەواو ببێ قسەی یەسووع کە کوتی وەختێکی نیشانی دا بە چی جۆر مردنێ دەبا بمرێ.

33) ئەو دەمی پیلاتۆس دیسان وەژوور دیوانخانی کەوت و یەسووعی بانگ کرد و بە وی گوت: «ئەرێ ئەتۆ پادشای یەهوودییانی؟»

34) یەسووع جوابی دا: «ئەرێ ئەتۆ ئەوەی لە خۆتەوە دەڵێی یان ئی دیکان بەحسی من ئەوەیان بە تۆ کوتووە؟»

35) پیلاتۆس جوابی دا: «مەگەر ئەمن یەهوودیم؟ میللەتی تۆ و کاهینانی گەورە ئەتۆیان بە من تەسلیم کردووە، چت کردووە؟»

36) یەسووع جوابی دا: «پادشایەتی من لە ئەو دنیایەی نییە. ئەگەر پادشایەتی من لە ئەو دنیایەی بوویایە خزمەتکارانی من شەڕیان دەکرد کە بە یەهوودییان تەسلیم نەکرابامایە، بەڵا ئەوێستا پادشایەتی من لە ئێرە نییە.»

37) ئەو دەمی پیلاتۆس بە وی گوت: «دەنا ئەتۆ پادشای؟» یەسووع جوابی دا: «ئەتۆ دەڵێی کە پادشام. ئەمن بۆ ئەوەی بە وەلەد بووم و بۆ ئەوەی هاتوومە دنیایێ کە بۆ ڕاستی شایەدی بدەم. هەر کەس کە لە ڕاستییە دەنگی من دەبیێ.»

38) پیلاتۆس بە وی گوت: «ئەرێ ڕاستی چییە؟» و کە ئەوەی کوتبوو، دیسان وەدەر کەوتە کن یەهوودییان و بە وانی گوت: «ئەمن دە ویدا هیچ سووچێک پەیدا ناکەم.

39) بەڵا ئەنگۆ عادەتێکوو هەیە کە دە فەسحێدا یەکێک بۆ ئەنگۆ بەرەڵڵا بکەم. دەنا ئەرێ دەتانەوێ کە پادشای یەهوودییان بۆ ئەنگۆ بەرەڵڵا بکەم؟»

40) ئەو دەمی دیسان قیژاندییان دەیانگوت: «ئەوی نە، ئەمما براباسی»، بەڵا براباس جردەیەک بوو.

باب ١٩[edit]

1) ئەو دەمی پیلاتۆس یەسووعی گرت و قامچی لێ دا.

2) و عەسکەران تاجێکیان لە دڕووی چنی و لە سەری وییان دانا و جلێکی سوور لە سەریان هاویشت.

3) و هاتنە پێش ئەوی و کوتیان: سەلام ئەی پادشای یەهوودییان و زللەیان لێ دا.

4) و پیلاتۆس دیسان وەدەر کەوت و بە وانی گوت: ئەوەتا ئەمن ئەوی بۆ کن ئەنگۆ دەردێنم، هەتاکوو بزانن کە دە ویدا هیچ سووچێک پەیدا ناکەم.

5) دەنا یەسووع هاتە دەرێ کە تاجی دڕوان و جلی سوورەکەی هەڵدەگرت. و پیلاتۆس بە وانی گوت: ئەوەتا ئەو کەسە.

6) و کە کاهینانی گەورە و خزمەتکاران ئەویان دی، قیژاندیان، دەیانگوت: لە سێدارەی بدە، لە سێدارەی بدە. پیلاتۆس بە وانی گوت: ئەنگۆ ئەوی هەڵگرن و لە سێدارەی بدەن، چونکە ئەمن دە ویدا هیچ سووچێک پەیدا ناکەم.

7) یەهوودییان بە وی جوابیان دا: ئەمە شەریعەتێکمان هەیە و وەکوو ئەو شەریعەتەی لایقە کە بمرێ، چونکە خۆی بە کوڕی خوڵای کردووە.

8) دەنا وەختێکی پیلاتۆس ئەو قسەی بیست پتر ترسا.

9) و دیسان وەژوور دیوانخانی کەوت و بە یەسووعی گوت: ئەتۆ لە کوێی؟ بەڵا یەسووع جوابی بە وی نەدا.

10) ئەو دەمی پیلاتۆس بە وی گوت: ئەرێ دەگەڵ ئەمن قسان ناکەی؟ نازانی کە حیکماتم هەیە کە ئەتۆ بەرەڵڵا بکەم و حیکماتم هەیە کە ئەتۆ لە سێدارەی بدەم؟

11) یەسووع جوابی دا: قەت حیکماتت لەسەر ئەمن نەدەبوو ئەگەر لە بەرەژوورێ بە تۆ نەدرابایە. لەبەر ئەوەی، ئەوەی کە ئەمنی بە تۆ تەسلیم کرد، گوناحی گەورەتری هەیە.

12) لە ئەو سەبەبەی پیلاتۆس سەعی دەکرد کە ئەوی بەرەڵڵا بکا. بەڵا یەهوودییان قیژاندییان، دەیانگوت: ئەگەر ئەوی بەرەڵڵا بکەی دۆستی قەیسەرێ نی. هەر کەس کە خۆی بە پادشا دەکا زیددی قەیسەرێ قسان دەکا.

13) دەنا پیلاتۆس وەختێکی ئەو قسانەی بیست یەسووعی بردە دەرێ و لەسەر کورسی دیوانی ڕۆنیشت دە جێیەکیدا کە بەرد فەرشکراو بانگ دەکرا، بەڵا بە عیبرانی گەبباتا.

14) و ڕۆژی تەدارکی فەسحێ بوو و بەقەد سەعاتی شەشەم بوو و بە یەهوودییانی گوت: ئەوەتا پادشای ئەنگۆ.

15) ئەو دەمی ئەوان قیژاندییان: بیبە، بیبە. لە سێدارەی بدە. پیلاتۆس بە وانی گوت: ئەرێ پادشای ئەنگۆ لە سێدارەی بدەم؟ کاهینانی گەورە جوابیان دا: پادشامان نییە بێجگە لە قەیسەرێ.

16) ئەو وەختی ئەوی بە وان تەسلیم کرد هەتاکوو لە سێدارەی بدرێ. دەنا یەسووعیان هەڵگرت.

17) و کە سێدارەی خۆی هەڵدەگرت، وەدەر کەوت بۆ ئەو جێی کە کاسەی سەر بانگ دەکرێ. کە بە عیبرانی گۆلگۆتا کوتراوە.

18) لەوێ ئەویان لە سێدارەی دا و دەگەڵ ئەوی دوانی دیکە، لە هەر لای یەکێک و یەسووع دە نێویدا.

19) و پیلاتۆس سەرنامەیەکیشی نووسی و لەسەر سێدارەی دانا. و نووسرابوو: یەسووعی ناسری پادشای یەهوودییان.

20) دەنا زۆران لە یەهوودییان ئەو سەرنامەیان خوێند، چونکە ئەو جێی کە یەسووع لە سێدارەی درا نیزیکی شاری بوو و بە عیبرانی، بە لاتینی و بە یۆنانی نووسرابوو.

21) ئەو دەمی کاهینانی گەورەی یەهوودییان بە پیلاتۆسیان گوت: مەنووسە پادشای یەهوودییان، بەڵا کە ئەو کوتی: پادشای یەهوودییانم.

22) پیلاتۆس جوابی دا: هەر چی کە نووسیومە نووسیومە.

23) و عەسکەران وەختێکی یەسووعیان لە سێدارەی دابوو، جلی وییان هەڵگرت و چوار بەشیان کرد. بۆ هەر عەسکەرێکی بەشێک و کراسەکەشی. بەڵا کراسەکە بێ دروون بوو لە سەرڕا تەواو تەندراو.

24) لەبەر ئەوەی بە یەکتریان گوت: با ئەوی نەدڕین بەڵا پشکی لێ باوێژین ئی کێ دەبێ. هەتاکوو کتێب تەواو ببێ، جلی منیان لەنێو خۆیان بەش کرد و لەسەر جلی من پشکیان هاویشت. دەنا عەسکەران ئەو چتەیان کرد.

25) بەڵا لەکن سێدارەی یەسووع، دایکی وی و خوشکی دایکی وی مەریەم ژنی کلۆپای و مەریەمی مەگدەلی ڕاوەستابوون.

26) دەنا وەختێکی یەسووع دایکی خۆی دی و ئەو شاگردەی کە دەیحوبباند، لەکنی ڕاوەستا و بە دایکی گوت: ئەی ژن، ئەوەتا کوڕی تۆ.

27) لە پاشان بە شاگردەکەی گوت: ئەوەتا دایکی تۆ. و لە ئەو سەعاتییەوە ئەو شاگردە ئەوی بۆ کن خۆی هەڵگرت.

28) لە پاش ئەوەی چونکە یەسووع زانی کە هەموو چتی ئەلان تەواو بوو، هەتاکوو کتێب تەواو ببێ کوتی: تینوومە.

29) قاپێکی پڕ لە سرکە لەوێ داندرابوو. دەنا هەورییەکی پڕ لە سەرکەیان لەسەر قامیشێکی دانا و بردیانە کن زاری وی.

30) وەختێکی یەسووع سرکەی وەرگرتبوو کوتی: تەواو بووە و سەری بەرداوە خوارێ و ڕوحی تەسلیم کرد.

31) ئەو دەمی یەهوودییان چونکە ڕۆژی تەدارەک بوو، هەتاکوو مەیتەکان لەسەر سێدارەی دە شەمۆیدا نەمێنن، چۆنکە ئەو شەمۆیە ڕۆژێکی گەورە بوو، لە پیلاتۆسیان تەڵەب کرد کە لوولاکانی وان بشکێندرێن و هەڵبگرێن.

32) دەنا عەسکەران هاتن و لوولاکانی ئەوی هەوەڵێ و ئی ئەوی دیکە کە دەگەڵ ئەوی لە سێدارەی درابوو شکاندیان.

33) بەڵا وەختێکی هاتنە کن یەسووع و دیتیان کە ئەو ئەلان مردبوو، لوولاکانی وییان نەشکاند.

34) بەڵا یەکێک لە عەسکەران بە ڕمبێکی تەنیشتی وی کون کرد و جێبەجێ خوێن و ئاو هاتە دەرێ.

35) و ئەوەی کە دیویە شایەدی داوە و شایەدیی وی ڕاستە و ئەو دەزانێ کە ڕاست دەڵێ، هەتاکوو ئەنگۆش ئیمان بێنن.

36) چونکە ئەو چتە بوو هەتاکوو کتێب تەواو ببێ، ئێسکی وی ناشکێندرێ.

37) و دیسان کتێبی دیکە دەڵێ: لەسەر ئەوەی کە ڕمبیان لێداوە تەماشا دەکەن.

38) و لە پاش ئەوەی یوسف لە ئیرماتییە کە شاگردی یەسووع بوو، بەڵا بە دزی لەبەر ترسی یەهوودییان، لە پیلاتۆسی تەڵەب کرد کە مەیتی یەسووع هەڵگرێ و پیلاتۆس ئیزنی دا. دەنا هات و مەیتی وی هەڵگرت.

39) و نێقۆدێمۆسیش ئەوەی کە هەوەڵێ بە شەو لەکن ئەوی هاتبوو هات و مۆری تێکەڵ بە عوودی بەقەد سەد گرونکی هێنا.

40) دەنا مەیتی یەسووعیان هەڵگرت و بە کەتانان دەگەڵ عەترانیان پێچاوە، چلۆنێکی عادەتی یەهوودییانە کە کفن بکەن.

41) بەڵا دەو جێیەیدا کە ئەو لە سێدارەی درابوو باغچەیەک هەبوو و دەو باغچەیدا قەبرێکی تازە کە دە وێدا قەت هیچکەس دانەندرابوو.

42) دەنا لەبەر ڕۆژی تەدارکی یەهوودییان یەسووعیان لەوێ دانا چونکە ئەو قەبرە نیزیک بوو.

باب ٢٠[edit]

1) بەڵا دە ڕۆژی هەوەڵی حەوتوویدا، سبحەینێ زوو کە هێشتا تاریک بوو، مریەمی مەگدەلی هاتە سەر قەبری و دیتی کە بەردەکە لە قەبرێ هەڵگیرابوو.

2) دەنا لنگی دا و هاتە کن شەمعوون پیترۆس و لەکن ئەو شاگردەی دیکە کە یەسووع خۆشی دەویست و بە وانی گوت: «ڕەبیان لە قەبرێ هەڵگرتووە و نازانین ئەویان لە کوێ داناوە.»

3) ئەو دەمی پیترۆس وەدەر کەوت و ئەو شاگردەی دیکە و دەهاتنە سەر قەبری.

4) و هەردووک پێکەوە لنگیان دەدا و ئەو شاگردەی دیکە لە پیترۆس زووتر وەپێش کەوت و هەوەڵێ هاتە سەر قەبری.

5) و کە خوار بۆوە کەتانانی دی لەوێ داندراو بەڵا وەژوور نەکەوت.

6) ئەو دەمی شەمعوون پیترۆسیش کە وەدوای وی دەکەوت هات و وەژوور قەبرێ کەوت و کەتانانی دی لەوێ داندراو.

7) و دەسماڵێ کە لە سەری وی بوو دەگەڵ کەتانان دانەندرابوو بەڵا دە جێیەکی (الاحده)دا پێچراو.

8) ئەو وەختی ئەو شاگردەی دیکەش کە هەوەڵێ هاتبووە سەر قەبری وەژوور کەوت و دیتی و ئیمانی هێنا.

9) چونکە هێشتا کتێبیان نەدەفامی کە بۆ وی لازم بوو کە لەنێو مردووان هەڵبستێتەوە.

10) دەنا ئەو شاگردانە دیسان بۆ جێی خۆیان چوون.

11) بەڵا مریەم لەکن قەبری لە دەرێ ڕاوەستابوو و دەگریا. و کە دەگریا بۆ نێو قەبرێ خوار بۆوە.

12) و دوو مەلایکەتانی دی بە جلی سپی ڕۆنیشتوو، یەکێک لەکن سەری و یەکێک لەکن پێیانی دەو جێیەیدا کە مەیتی یەسووع لێی داندرابوو.

13) و ئەوان بە وییان گوت: «ئەی ژن، بۆچی دەگریێی؟» بە وانی گوت: «چونکە ڕەببی منیان هەڵگرتووە و نازانم ئەویان لە کوێ داناوە.»

14) وەختێکی ئەوەی کوتبوو بۆ پشتەوە وەرگەڕا و یەسووعی دی لەوێ ڕاوەستاو و نەیدەزانی کە یەسووع بوو.

15) یەسووع بە وی گوت: «ئەی ژن بۆچی دەگریێی؟ لە کێ دەگەڕێی؟» ئەو فکری دەکرد کە باغەوان بوو و بە وی گوت: «ئەی ئاغا، ئەگەر ئەتۆ ئەوت بردووە بە من بڵێ ئەوی لە کوێ داناوە و ئەمن ئەوی هەڵدەگرم.»

16) یەسووع بە وی گوت: «ئەی مریەم»، ئەو خۆی وەرگێڕا و بە عیبرانی بە وی گوت: «ڕەبوونی» یەعنی ئەی مامۆستا.

17) یەسووع بە وی گوت: «دەست لە من مەدە چونکە هێشتا بۆ کن باب وەسەر نەکەوتووم. بەڵا بڕۆ کن برایانی من و بە وان بڵێ کە بۆ کن بابی خۆم و بابی ئەنگۆ و خوڵای خۆم و خوڵای ئەنگۆ وەسەر دەکەوم.»

18) مریەمی مەجدەلی هات و بە شاگردانی خەبەر دا: ڕەببم دیوە، و کە ئەو چتانەی بە وی کوتبوو.

19) دەنا وەختێکی ئێوارێ بوو دەو ڕۆژی هەوەڵی حەوتوویدا و کە دەرکەکان بەسترابوون دەو جێیەیدا کە شاگردان لەبەر ترسی یەهوودییان لێی بوون، یەسووع هات و دە نێویدا ڕاوەستا و بە وانی گوت: «سەلام عەلەیکوم.»

20) و کە ئەوەی کوتبوو دەستان و تەنیشتی خۆی بە وان نیشان دا و شاگردان وەختێکی ڕەبیان دی خۆشحاڵ بوون.

21) ئەو دەمی یەسووع دیسان بە وانی گوت: «سەلام عەلەیکوم. چلۆنێکی باب ئەمنی ناردووە، ئەمنیش ئەنگۆ دەنێرم.»

22) و کە ئەوەی کوتبوو، فووی لە وان کرد و بە وانی گوت: «ڕوحولقدوس وەرگرن.»

23) ئەگەر ئەنگۆ گوناحانی کەس ببەخشن بە وان بەخشراون و ئەگەر ئەوان لەسەر کەس ڕابگرن، ڕاگیراون.

24) بەڵا تۆما، یەکێک لە ئەو دوازدانەی کە دوانە بانگ دەکرا دەگەڵ ئەوان نەبوو وەختێکی یەسووع هات.

25) دەنا شاگردانی دیکە بە وییان گوت: «ڕەبمان دیوە.» بەڵا ئەو بە وانی گوت: «ئەگەر دە دەستانی ویدا نیشانی بزماران نەبینم و قامکی خۆم دە جێی بزماراندا دانەنێم و دەستی خۆم دەنێو تەنیشتی ویدا دانەنێم قەت باوەڕ ناکەم.»

26) و لە پاش هەشت ڕۆژان شاگردانی وی دیسان دە ژوورێدا بوون و تۆماش دەگەڵ ئەوان. یەسووع هات وەختێکی دەرکەکان بەسترابوون و دە نێویدا ڕاوەستا و کوتی: «سەلام عەلەیکوم.»

27) لە پاشان بە تۆمای گوت: «قامکی خۆت بێنە ئێرە و دەستانی من ببینە و دەستی خۆت بێنە و دەنێو تەنیشتی مندا دایبنێ و بێ ئیمان مەبە بەڵا ئیمانهێنەر بە.»

28) تۆما جوابی دا و بە وی گوت: «ئەی ڕەببم و خوڵام.»

29) یەسووع بە وی گوت: «ئەرێ چونکە ئەمنت دیوە ئیمانت هێناوە؟ خۆزگە بە ئەوانەی کە نەیاندیوە و دیسان ئیمانیان هێناوە.»

30) و یەسووع لەبەر چاوی شاگردانی خۆی زۆر نیشانانی دیکەشی کرد کە دەو کتێبەیدا نەنووسراون.

31) بەڵا ئەوانە نووسراون هەتاکوو ئەنگۆ ئیمان بێنن کە یەسووعە ئەو مەسیح، کوڕی خوڵای، و هەتاکوو بە ئیمانهێنانی بە نێوی وی ژیانی ئەبەدیو ببێ.

باب ٢١[edit]

1) لە پاش ئەوەی یەسووع دیسان خۆی بۆ شاگردانی ئاشکرا کرد، لەکن بەحری تێبرییای و بەو جۆرە ئاشکرا کرد.

2) شەمعوون پیترۆس و تۆما کە دوانە بانگ دەکرا و نەتانائیل ئەوەی لە قانای جەلیلی و کوڕانی زەبدی و دوانی دیکە لە شاگردانی وی پێکەوە بوون.

3) شەمعوون پیترۆس بە وانی گوت: «دەچم ماسی بگرم.» بە وییان گوت: «ئەمەش دەگەڵ ئەتۆ دێین.» و وەدەر کەوتن و چوونە نێو گەمێ و دەو شەوەیدا هیچیان نەگرت.

4) ئەمما کە ئەلان سبحەینێ بوو، یەسووع لەسەر قەراغێ ڕاوەستا، بەڵا شاگردان نەیان دەزانی کە یەسووع بوو.

5) ئەو دەمی یەسووع بە وانی گوت: «ئەی ڕۆڵەینە، ئەرێ چتێکی خواردنیو هەیە؟» جوابیان بە وی دا: «نەخێر.»

6) و بە وانی گوت: تۆڕەکە لەلای ڕاستی گەمێ باوێژن و پەیدا دەکەن. دەنا هاویشتیان و لەبەر زۆریی ماسییان ئیدی نەیاندەتوانی کە ئەوی هەڵبکێشن.

7) ئەو دەمی ئەو شاگردەی کە یەسووع خۆشی دەویست بە پیترۆسی گوت: «ئەوە ڕەببە.» شەمعوون پیترۆس وەختێکی بیستی کە ڕەب بوو، کەوا لەسەر خۆی پێچاوە، چونکە ڕووت بوو و خۆی دە بەحرێ هاویشت.

8) بەڵا ئەو شاگردانەی دیکە بە گەمێ دهاتن چونکە دوور لە ئەرزێ نەبوون، بەڵا بەقەد دووسەد گەز، و تۆڕەکەی ماسیانیان دەکێشا.

9) دەنا وەختێکی هاتنە سەر ئەرزێ پۆلوویان لەوێ داندراو و ماسی لەسەری داندراو و نانیان دی.

10) یەسووع بە وانی گوت: «بێنن لەو ماسییانەی کە ئەوێستا گرتتان.»

11) شەمعوون پیترۆس وەسەر کەوت و تۆڕەکەی بۆ سەر ئەرزێ هەڵکێشا پڕ لە ماسییانی گەورە، سەد و پێنجا و سێ. و هەر چەند ئەوەندە زۆر بوون، تۆڕەکە نەدڕا.

12) یەسووع بە وانی گوت: «وەرن کاوەلتون بخۆن.» بەڵا کەس لە شاگردان نەیدەوێرا کە لێی بپرسێ ئەتۆ کێی؟ چونکە دەیانزانی کە ڕەب بوو.

13) یەسووع هات و نانی هەڵگرت و بە وانی دا و هەر واش ماسی.

14) ئەوە ئەلان جاری سێیەم بوو کە یەسووع لە شاگردان بیندرا، لە پاش ئەوەی کە لەنێو مردووان هەڵ ئەستاندرا بۆوە.

15) دەنا وەختێکی کاوەلتونیان خواردبوو، یەسووع بە شەمعوون پیترۆسی گوت: «ئەی شەمعوون کوڕی یوحەننا ئەرێ ئەتۆ ئەمن زیاتر لە ئەوانە دەحوببێنیٚ؟» بە وی گوت: «بەڵێ ئەی ڕەب، ئەتۆ دەزانی کە ئەتۆم خۆش دەوێ.» بە وی گوت: «بەرخانی من بلەوەڕێنە.»

16) دیسان جاری دوویەم بە وی گوت: «ئەی شەمعوون کوڕی یوحەننا، ئەرێ ئەتۆ ئەمن دەحوببێنی؟» بە وی گوت: «بەڵێ ئەی ڕەب، ئەتۆ دەزانی کە ئەتۆم خۆش دەوێ.» بە وی گوت: «مەڕانی چکۆلەی من شوانی بکە.»

17) جاری سێیەم بە وی گوت: «ئەی شەمعوون کوڕی یوحەننا، ئەرێ ئەمنت خۆش دەوێ؟» پیترۆس خەمناک بوو کە جاری سێیەم بە وی گوت: «ئەرێ ئەمنت خۆش دەوێ؟» و بە وی گوت: «یا ڕەب ئەتۆ هەموو چتێکی دەزانی. ئەتۆ دەناسی کە ئەتۆم خۆش دەوێ.» یەسووع بە وی گوت: «مەڕانی چکۆلەی من بلەوەڕێنە.

18) ڕاستی ڕاستی بە تۆ دەڵێم: وەختێکی جحێڵتر بووی پشتی خۆتت دەبەست و هەر جێیەکی کە دەتویست، دەچووی، بەڵا وەختێکی پیر دەبی دەستانی خۆت درێژ دەکەی و ئی دیکە پشتت دەبەستێ و دەتبا بۆ کوێ کە ناتەوێ.»

19) بەڵا ئەوەی گوت، کە نیشان بدا بە چی جۆر مردنێ دەبا خوڵای بە جەلال بکا و کە ئەوەی کوتبوو بە وی گوت: «وەدوای من بکەوە.»

20) کە پیترۆس وەرگەڕا دیتی کە ئەو شاگردەی کە یەسووع خۆشی دەویست وەدوای دەکەوت، ئەوەی کە لەکن سفرەش لەسەر سنگی وی خوار بۆوە و کوتی: «ئەی ڕەب کێیە کە ئەتۆ تەسلیم دەکا؟»

21) دەنا وەختێکی پیترۆس ئەوی دی بە یەسووعی گوت: «ئەی ڕەب، بەڵا ئەوە چی بەسەر دێ؟»

22) یەسووع بە وی گوت: «ئەگەر بمەوێ کە ئەو بمێنێ هەتا بێمەوە بە تۆ چی؟ ئەتۆ وەدوای من بکەوە.»

23) لەبەر ئەوەی ئەو قسە لەنێو برایان وەدەر کەوت کە ئەو شاگردە نەمرێ، ئەمما یەسووع بە وی نەگوت کە نامرێ، بەڵا ئەگەر بمەوێ کە ئەو بمێنێ هەتا بێمەوە بە تۆ چی؟

24) ئەوەیە ئەو شاگردەی کە لەسەر ئەو چتانەی شایەدی دەدا و ئەو چتانەی نووسیوە و ئەمە دەزانین کە شایەدی وی ڕاستە.

25) بەڵا زۆر چتانی دیکەش هەن کە یەسووع کردوویە و ئەگەر یەک یەک بنووسرابان فکر دەکەم کە ئەو دنیایە بۆخۆشی نەیدەگرت ئەو کتێبانەی کە دەبا بنووسرێن.