ئاقیدەی شێخ سەمیع/باسی خواردن و خواردنەوەی بەهەشتیان
Appearance
| شاخ و درەختی دوڕڕ و یاقووتە | پەلکی پیرۆزە، عەینی زمڕووتە |
| نە ووشکی پاییز نە ساردی زستان | نە خزمەتکردن ڕەنجی باغەوان |
| میوەیان بۆنخۆش، عەجەب لەزیزن | خۆشتام و خۆشبۆ، تازە و تەمیزن |
| ئەنواعی میوە و جەمعی مەتعوومات | حەڵوا و گۆشت وڕۆن، هەم نۆقڵ و نەبات |
| هەتا لێی بخۆن، کەم نابێ لێیان | فەورەن یێکی تر دێتەوە جێیان |
| چوار جۆگەی تێدا، یێکیان هەنگوینە | یێک شیری سافە، عەجەب شیرینە |
| یێکیان شەڕابە، یێک ئاوی خۆشە | ئەتڕافیان سونبول، لالە و وەنەوشە |
| بە دەرختانەوە تەیر ئەخوێنێ | گۆشتی هەر تەیرێ، تۆ مەیلت بێنێ |
| بە برژاوی دێ، هەتا تێر ئەخۆی | پاشی هەڵئەفڕێ، ئەچتەوە جێی خۆی |
| لە هەر تەعامێ، هەتا تێر ئەخوا | جامێ شەڕابی، لەسەر نۆش ئەکا |
| بە عاڕەق خۆشبۆ وەک میسک و عەنبەر | لە جەمعی بەدەن بۆ خۆی دێتەدەر |
| گشت موسڵمانێ بە قەدەر دونیا | لە موڵک و دەوڵەت پێی کەڕەم ئەکا |