گەنجینەی مەردان/پیرەمێرد

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
گەنجینەی مەردان  (1948)  by زێوەر
پیرەمێرد

ڕەفیقی سەفەر و حەزەرم، دۆستی دانا و موعتەبەرم، پیرەمێرد، کە ناوی حاجی تۆفیق بەگە، ئەم پیرە لە سولەیمانی تەحسیلی ئیبتیدائی تەواو کردووە، لە ئەستانبووڵیش حوقوق. جەنابی حەق بەهرەیێکی وای لە عیلم و مەعریفەتدا داوەتێ ئەتوانم بڵێم لە سولەیمانیدا هاوتای نییە. لەپاش تەحسیلی ئیبتیدائی مەهارەت و ئیقتیدارێکی تەبیعیی لە کیتابەتی تورکی و فارسی و عەرەبیدا بوو، بەو واسیتەوە حوکوومەت موحتاج بوو بە کەسێکی وا لە وەزیفەدا ئیستیخدامی بکا. بە باشکاتبی مەحکەمە تەعیین کرا. موددەتێ لەسەر ئەو وەزیفەیە بوو. نەقیب شێخ موستەفا ئیحتیاج بوو بە کاتبی خوسووسی بۆ لای خۆی، دڵخۆشی دایەوە، بردیە لای خۆی کە عەینی مەعاشی حوکوومەتی بداتێ و مەسرەفی جلوبەرگ و خواردنی ماڵ و مناڵیشی عەلاوە بێت و خۆیشی دائیما لە سەفەر و حەزەردا لە خدمەتی خۆیدا بێت، هەموو تەدارەکاتی و ئەسپی سواری و مەیتەر بۆ ئەسپی ببێت. بەم شەرائیتە چووە خدمەتی شێخ موستەفا، تەرکی خدمەتی حوکوومەتی کرد کە حوڕڕییەت و سەربەستی لەوێدا زیاتر بوو، ئەویش تەحریراتی بۆ ویلایەت یا ئەستەنبوول یا موتەسەڕڕیفیەت ببوایە ئەینووسی و ئیش و کارێکی نەقیب لە دائیرەیێکدا بوایە ئەچوو تەعقیبی ئەکرد. باقی بە ڕاو و شکار لە خدمەت نەقیبدا ڕای ئەبوارد، تا لە خدمەتیا چوو بۆ ئەستەنبووڵ و لە ئەستەنبووڵەوە ئیشتیراکی سەفەری حیجازیشی کرد، نائیلی تەوافی بەیتوڵڵا بوو. کە نەقیب لە مەککەی موکەڕڕەمە وەفاتی کرد لە خدمەت شێخ سەعیددا دێتەوە ئەستەنبووڵ، لەوێدا مایەوە، نەهاتەوە سولەیمانی. بە واسیتەی ئیستیعدادی تەبیعی لەسەر وەزیفە موعەتتەل نەبوو، کرا بە مودیری ناحیە، بە قائیم مەقام، هەتا موتەسەڕڕیفی تەرفیعی کرد. لە ئیعلانی مەشرووتیەتی عوسمانی لەگەڵ کوردەکانی ئەستەنبووڵ جەمعییەتیان دروست کرد بۆ خدمەتی کورد و نەشری غەزەتە و مەجەللەیان دەست پێ کرد، ئەمجا کەوتە خدمەتکردن بۆ میللەت و وەتەن بە هەموو ڕەنگێ، لە خدمەت دوا نەکەوت.

لەپاش چەند ساڵ و کەشاکەشی حوڕڕییەت پەروەرانە هاتەوە سولەیمانی. لە سولەیمانییش لەخدمەت زیادی کرد، غەزەتەی «ژیان»و «ژین»ی بیست پێنج ساڵ بە فیکری بیکری، بە قەڵەمی ئاگرینی بڵاو ئەکردەوە. ئەدەبیاتی کوردی ژیاندەوە. بە چەند سەترێکی غەزەتەکەی پەندی پێشنیانی هێنایەوە بەرچاو کە ئەو پەندی پێشینانەی دیوانێکی مەنزوومەی خۆیەتی.

هەر بە خدمەت کردن، نووسین ڕازی نەبوو، کەسێ ئیشێکی ببوایە یا موحتاج، خۆی «بالذات» شوێن ئیشەکەی ئەکەوت هەتا بۆی ڕێک ئەخست و دەفعی ئیحتیاجی موراجیعینیشی لەلا وەکو فەرز وابوو. خوا تەبیعەتێکی وای داوەتێ پارەو ماڵی دنیا لە نەزەریا بێقەدرو قیمەتە. ئەو مەعاشەی کە بووی لەگەڵ مەنافیعێ کە لە غەزەتە پەیدای ئەکرد، بەشی مەساریفی ئەو نەبوو کە موجەڕڕەدو تەنهاش بوو.

جەژنی نەورۆزی لە سولەیمانیدا زیندوو کردەوە. هەموو ساڵێ ئەوەڵی بەهار نزیک سەد بار داری ئەکڕی لەلای گردی سەیواندا ئەیکردەوە بە ئاگر و بۆ زائیرین خێوەت و ڕەشماڵ لەو دەشتەدا هەڵ ئەدرا، عوموومی مەئموورین و تەلەبە و توججار و ئەشرافی دەعوەت ئەکرد بۆ زیافەتی جەژنی نەورۆز، مەسرەفێکی زیاد لە چێشت و گۆشت و حەلەویات و قاوە و چایی ئەکرا بۆ ئەم هەموو خەڵقەو ژنانیش بەجوێ خێوەت و ڕەشماڵیان بۆ ڕێکخرابوو ئەهاتنە ئەم سەیرانە. خۆلاسە ئەوی ئەو ئەیکرد و ئەو شادی و سوروورە کە دڵی ژن و پیاوی خۆش ئەبوو، هیچ مەلیکێ لە جەژنی نەورۆزدا نەیکردووە.

لەخوسووسی دیانەتەوەش هەتا لەدەستی بێ، بێقوسوورە. ئەکسەری ساڵ مەولوودێکی پێغەمبەر لە مزگەوتەکەی هەمزەئاغا کە ئەو مزگەوتەش باپیری ئەو بینای ناوە، ئەخوێنێ. حافزقورئان و مەلایان و تەلەبەی عولووم دەعوەت ئەکا بۆ ئەو مەولوودە و تەعامێکی زۆریان بۆ ئەکا. لە هەموو حەفلەیەک کە لە سولەیمانیدا بۆ ئیعانەی مەعاریف بێت یا فەقیران یا سائیرە، حازرە وەک دەعوەت کراوەکان بەقەدەر خۆی ئیعانە ئەدات وە زیاد لەوان بۆتەرغیب خوتبەش ئەخوێنێ.

ئەو جەژنی نەورۆزەی کە لە سولەیمانیدا زیندووی کردەوە تەئسیری کردە ڕۆحی هەموو تەلەبەی مەداریس. لە هەولێر، لە کەرکووک، لە کۆیە، لە سەلاحیە، لە خانەقین، حەتتا لە شاری بەغدا، ئەم جەژنە بە زەمزەمە و خۆشییەوە ئیجرا کرابوو. تەبیعەتی مەوزوونی ئاساری لە غەزەتەکانیا دەرئەکەوێ. ئەدیب، شاعیر، دانا، نیکتەگۆیە. ئەمما قەڵەمی لە نەسرا بێمیسلە، کەس نایگاتێ. خوا ئەم پیرەمێردەمان بۆ ئەم نەوعە خدمەتانە لێ نەستێنێ.

خاتیمەی مەردان، لەسەر ئەم فازیلە با تەواو بێت و چاولێکەریان زۆر.