گەنجینەی مەردان/عەرەب

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
گەنجینەی مەردان  (1948)  by زێوەر
عەرەب

قەومی بەرزی عەرەب لە هەموو عەسرێکا پیاوی بەمورووەت، بەئینساف، بەسەخاوەت و کەرەمی زۆر بووە. تەواریخ لە ئیسم و کرداریان پڕە، ئیحتیاج بە بەیان ناکا. نیهایەت بەشی ئەوانیش لە مەردان، چەند زاتێ لە گەنجینەدا ئەنووسم.

***

«اولا» لەپێش ئیسلامیەتدا ئەوانەی مەشهوورن: حاتەمی تائی، هەریم کوڕی سینان، کەعب کوڕی مامەی ئەیادی. مەشهووریان حاتەم و کەعبە کە ناویان بووەتە «ضرب المثل»، کرداریان لە کتێبی تەئریخدا نووسراوە.

***

لەپاش ئیسلامیەت ئەو زاتانەی کە خدمەتیان بە میللەت کردووە و بە سەخاوەت مەشهوورن «اولا» حەزرەتی عەلی. حەزرەتی حەسەن. عەلی فەرموویەتی: حەیا مەکە لە بەخششی کەم، مەئیوسی کەمترە و، هەم فەرموویە: کەسێک ئیحتیاجی ببێ لە کاغەزێکا بۆم بنووسێ موحافەزەی لەسوئال ئەکەم. ڕۆژێ عەرەبێک هاتە خدمەتی گوتی: ئەی «اميرالمۆمنين» ئیحتیاجییەکم هەیە حەیا ئەکەم عەرزت بکەم. فەرمووی لەسەر ئەرز بینووسە. نووسی من فەقیرم. فەرمووی بە قەنبەری عەبدی دەستێ جلی منی لەبەر بکە. فەقیر وتی منت پۆشتە کرد، ئەم بەرگە ئەدڕێ. منیش بە سەنای جوان تۆ پۆشتە ئەکەم. وتی قەنبەر سەد دیناریشی بدەرێ. قەنبەر وتی ئەگەر ئەم پارەیە بە موسوڵمانانا بڵاو بکەیتەوە ئیسڵاحی حاڵیان ئەبێ. فەرمووی قەنبەر بێدەنگ بە، من لە «رسول الله»م بیستووە شوکری ئەو کەسە بکەن سەناو مەدحتان ئەکا.

***

مونکەدیر پیاوێ بوو هاتە خدمەت حەزرەتی عائیشە، وتی ئەی دایکی موسوڵمانان تووشی فەقیری بووم. فەرمووی هیچم نییە. ئیستا دەهەزار دەرهەمم بوایە ئەمدایتێ. مونکەدیر ڕۆیە دەرەوە. لەو وەقتەدا لەتەرەف خالیدی ئەسیەد دەهەزار درهەمی بۆهات. دەست بەجێ ناردی بۆ مونکەدیر، بە هەزار درهەمی جاریەیەکی کڕی، سێ کوڕی لەو جاریە بوو، موحمەممد و ئەبووبەکر و عومەر ئەولادی مونکەدیر، لە ئیسلامیەتدا ئەکرەمی عەرەب بوون.

***

ئەکرەمی عەرەب تەلحە کوڕی عوبەیدوڵڵا خوا لێی ڕازی بێ، زیاد کوڕی جەریر ئەگێڕێتەوە کە لە مەجلیسێکدا تەلحەم دی دەهەزاری سەرف کرد، کەچی بە دەستی خۆی دەرپێکەی پینە ئەکرد.

***

ئەشعەس کوڕی قەیس ناردیە لای عەدی کوڕی حاتەم مەنجەڵەکانی باوکی لێ خواست. مەنجەڵیان لازم بوو. ئەویش هەموو مەنجەڵەکانی پڕ کرد لە زەخیرە بۆی نارد، وتی ئێمە بە بەتاڵی مەنجەڵ نادەین بە دراوسێ.

***

موعاویە لە حەزرەتی حەسەنی پرسی: کەرەم کامەیە؟ فەرمووی لەپێش تەڵەب و داواکردنا تەبەڕڕوع بکەی و ڕەحمت بە سواڵکەر ببێ لەگەڵ بەخشین.

***

عەبدوڵڵا کوڕی ئەبووبەکر لە مەردانی مەشهوورە. ڕۆژێ بەڕێگایەکدا ئەڕوا، تینووی ئەبێ. لەماڵێ داوای ئاوی بۆئەکەن. ئافرەتێ ئاوی بۆ دێنێ. لەپەنا دەرگاکە ڕائەوەستێ نایێتە دەرەوە. ئەڵێت ئەمر بکە خدمەتکارێکت بێت بۆ ئاوەکە، من ژنێکی بێمێردم، بێوەژنم، عازەبم. عەبدوڵڵا ئاوەکەی خواردەوە ئەڵێت دەهەزار درهەمی بدەنێ. ژنەکە ئەڵێت بۆچ گاڵتەم پێئەکەی؟ ئەفەرموێ بیست هەزاری بدەنێ. وتی خوا عافیەت و سیحەتت بداتێ. وتی سی هەزار درەمی بۆ بێنن. عەبدوڵڵا عادەتی وابوو نەفەقەی چل ماڵ دراوسێ لای ڕاست، چل لای چەپ، چل لەپێشەوە، چل لەپاشەوەئەدا هەموو گۆشتی قوربانی بۆ ئەناردن. لە جەژناندا بەرگی بۆ ئەکردن و هەموو جەژنێ سەد عەبدی ئازاد ئەکرد، خوا لێی ڕازی بێ.

***

عەبدوڵڵا کوڕی جەعفەری یەکەم پیاوی مەیدانی سەخاوەت بووە. کە موعاویە وەفات ئەکا بۆ تەعزیە ئەچێتە لای یەزید. ئەویش لێی ئەپرسێ ساڵیانە لەتەرەف باوکمەوە چەندت بووە؟ ئەڵێت هەزار هەزار درهەم. یەزید ئەڵێت وا منیش ئەوەندەی کەم لێ زیاد کرد، چونکە بەپرسەوە هاتووی، ڕەحمت هەیە. بە یەزیدیان گوت چۆن دروستە لە بەیتولماڵی موسوڵمانان ئەم میقدارە ئەبەخشی بەتەنها پیاوێ؟ ئەویش گوتی وەڵڵا بە هەموو ئەهلی مەدینەم داوە. جاسووس شوێنی ئەکەوێ بزانێ ئەو پارەیە چۆن سەرف ئەکا. کە ئەگاتە مەدینە دەست ئەکا بە خەرج و سەرفی بەناو ئەهالیدا. لەپاش مانگێ ئیحتیاجی کەوتە قەرز کردن.

***

جارێ لەگەڵ حەسەن و حوسەین و ئەبوو قوحافە ئەچن بۆ سەفەر، بارانیان لێ دائەکا، پەنا ئەبەنە ماڵێکی عەرەب لە خێڵێکدا. ئەویش مەڕێکیان بۆ سەرئەبڕێت. سێ شەو مانەوە هەتا باران خۆشی کردەوە. کە ڕۆیشتن عەبدوڵڵا بە عەرەبەکەی گوت ئەگەر هاتیە مەدینە ئەحواڵی ئێمە بپرسە. لەپاش چەند ساڵێک عەرەبەکە ئیحتیاجی پەیدا ئەکا، ژنەکەی وتی بۆچ ناچیە مەدینە بۆلای میوانەکانمان؟ وتی ناوەکانیانم لەبیر چووەتەوە. گوتی بڵێ «ابن الطيار». کابرا چووە مەدینە تووشی حەزرەتی حەسەن بوو. ئەمری کرد سەد وشتری بەشوان و فەحلەکانیانەوە بدەنێ. لەپاش ئەوە چووە خدمەتی حەزرەتی حوسەین، وتی کاکت لە وشتر دەوڵەمەندی کردووین. فەرمووی هەزار سەر مەڕی بدەنێ. لەپاشا چووە لای عەبدوڵڵا، وتی لە مەڕ و وشتر دەوڵەمەند بووم. ئەمری کرد سەدهەزار درهەمی بدەنێ. چووە لای ئەبووقوحافە، وتی من وشتر و مەڕ و پارەم نییە، وشترەکانت بێنە باریان کەم لە خورما. ئیتر دەوڵەت و حۆشی لە عەرەب جوێ نەبوەو هەتا وەفاتی کرد. (لە «المستطرف»ەوە).

***

بۆ نموونە و تەبەڕڕوک لە پیاوانی ئیسلامی عەرەب ئەم چەند زاتەم نووسی، وەئیللا بە سەد جڵد کتێب ناوی مەردانی عەرەب تەواو نابێ و مەناقیبیان خۆیان بە تەفسیل نووسیویانە.