گەنجینەی مەردان/نەقیب شێخ مەعرووف

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
گەنجینەی مەردان  (1948)  by زێوەر
نەقیب شێخ مەعرووف

لە نەوەی حەزرەتی کاک ئەحمەد نەقیب شێخ مەعرووف زاتێ بوو بەقیمەت، بڵند هیممەت، بەکەرەم، بەسەخا، بەمرووەت، بەعەتا. ساڵی دووسەد عەباو سەڵتەی زیاتر ئەکرد بە خەڵات بۆ ئەوانەی ڕوویان ئەکردە قاپیی ئەو. ئێوارە و بەیانیان هیچ وەختێ دیواخان لە میوانی زۆر خاڵی نەبووە. جگە لە میوانی خاریج، ئەهلی مەملەکەت ئەکسەر لە مەئمووران، لە توجار، لە دیواخانی ئەوا نەهاریان ئەکرد و خۆشی ئەوەی پێ خۆش بوو هەر لەگەڵیان دانیشێ، وەئیللا بەقەدەر مناڵێکی یەکساڵە خواردنی نەبوو. وە غەیری خدمەتی میوانی، بەتایبەتی بۆ مەلا و حافزی مزگەوتی گەورە و زۆر لە فەقیران و موحتاجان تەعام دروست ئەکرا، هەرکەس ئەچوو بەشی خۆی لە مەتبەخ وەرئەگرت. بە خەڵات، بە نەقد، بە زەخیرە، بە هەموو نەوعێ دەستی خەڵقی ئەگرت. لە ساڵی ١٣٣٢ی هیجری مزگەوتی پشت ماڵێ خۆیان کە مەشهوورە بە مزگەوتی بچکۆلە لەئەساسەوا تێکی دا و دەستی کرد بە تەعمیری بە خشتی سوور و گەچ کە ناوکاری دیوارەکانیشی خشتی سوور بوو، وای لێکرد کە لایق بوو بە یەکەم مزگەوتی سولەیمانی حیساب بکرێت. یەکێ لە غەیرەت و سەباتی نەقیب ئەو ساڵە کە ئەو مزگەوتەی تەعمیر ئەکرد عیللەتی ڕشانەوە کەوتبوە ناو سولەیمانی. هەرکەس خۆی بە پیاو گەورە ئەزانی لە شار فیراری کرد ڕوویا ئەکردە دێهات. ئەم «ٲصلا» ترس و باکی نەبوو، خۆی ئەهات بەڕۆژ بەدیار وەستاو کرێکارەوە ڕائەوەستا، مەشغووڵی ئیشی مزگەوتەکە بوو. فازیلی عیرفان لە تەئریخی تەواویی مزگەوتەکە بە عەرەبی چەند شیعرێکی نووسی ئەمەیان شیعری تەئریخەکیە:

عمره من بالسخا موصوف
تٲريخه «شيخي ها معروف»
(١٣٢٢)

بۆ لێقەوماوان پەناهـ بوو. لە حەربی گەورە کە لەشکری ڕووسییە هەموو کوردی ئێرانی تاڵان کرد وە ئەیانکوشتن، هەرچی ئاغا و بەگزادە و ڕەعیەتی ئێران هەبوو هیجرەتیان کرد بۆ عێراق، بێجێگا و مەکان بڵاو بوونەوە بە دێهاتی عێراقا. چەند ئاغایەک و میقداری پەنجاهـ ماڵێ ڕەعیەت پەنایان هێنایە بەر نەقیب، ئەویش مەردانە دێی «گەڕەدێ» کە خانووی تایبەتیی خۆی تیابوو ئەمری کرد بۆ ئاغاکەیان ئەو خانووە چۆڵ بکرێت و ڕەعیەتەکان لە «گەڕەدێ» و «کانی سارد» و «ئەحمەدئاوا» ئیسکان و دابەش کران. واریداتی ئەو موڵکانەی بۆ ئەو موهاجیرانە تەرک کرد، هەتا شەڕ بڕایەوە و ڕوویان کردەوە ئێران دەنکێ واریداتی لەو دێهاتە نەسەن، مەخسووسی ئەو موهاجیرانە بوو. جگە لە واریداتی دێیەکان بەخوسووسی ئینعامیشی لەگەڵ ئەکردن بۆ بەرگ و لیباس و خواردەمەی غاقڵی نەکردن.

بەهاری جوود و کەرەمی نەقیب وەها سەبز و خوڕڕەم و ئاودار بوو تەنها بە بەخشینی ئەسپ و نەقد و ئیتعامی تەعام قەناعەتی نەبوو، موڵکیشی بەتەواوی ئەبەخشی. ئەملاکی دێیی قزلەری هەمووی کردە وەقفی مزگەوتی قزلەر. دێی باشماغ کە لە ئێرانا بوو بەخشیی بە مەلا ئەحمەدی کوڕی مەلا عەبدوڕڕەحمانی پێنجوێنی، هەتا لە حەیاتا بوو مەلا ئەحمەد تەسەڕڕوفی ئەو موڵکەی ئەکرد. وە لە ناحییەی سوورداش دێی تەڕەمار و کانی چنار کە نیوەی هیی خۆی بوو وە نیوەی ئاخری موڵکی ساڵح ئەفەندیی لاوە کە دراوسێ و نەدیمی مەجلیسی بوو، نیوەکەی خۆی بەخشی بە ساڵح ئەفەندی.

یەکەیەکە بەیانی ئینعام و جوودی مەرحووم شێخ مارف بکەم، ئەبێ گەنجینە کەسی تری تیا نەنووسرێتەوە. ئەوسافی هەمووی قابیلی نووسین نییە. خوا لەژێر بەیداخی جەددی خۆیا حەشری بکا. هەر ڕۆژێک میوانی نەبوایە مات و عاجز لەگەڵ خدمەتکار و تەعەللوقاتی شەڕ و دەعوای ئەکرد. کە میوانی ببوایە وای ئەزانی دنیای دراوەتێ. لەبەر مەساریف دائیما قەرزدار بوو. موقابیلی قەرز پسووڵەو قەبزەی ئەدا. وەختێ تەئدیە واقیع ئەبوو پسووڵە وەرنەئەگیرایەوە، ساحێب پارە بەو پسووڵانەوە داوای پارەی ئەکرد، «قطعيا» لێڵ نەئەبوو ئەویشی ئەدایەوە.

لەگەڵ براکانی سەیید حەسەن و سەیید عومەر لوتفی زۆری هەبوو. بەهەوەس ئەچووە ماڵی یەکێکیان. لە هاتنەوەدا ئێستر، دوو سێ تەغار گەندم، تەغارێ برنجی بۆ حەواڵە ئەکردن.

موڵکی مەملەحەی بەئەمانەت دا بە شێخ سەعیدی گۆگ تەپە، تا لەحەیاتا بوو داوای واریداتی لێ نەکرد. لەپاش وەفاتی هەردووکیان ئەولادی شێخ سەعید ئیددیعای موڵکایەتیی مەملەحەیان کرد، حەفسەخان کچی نەقیب مەجبوور بوو موراجەعەتی بە مەحکەمە کرد. لەپاش کەشاکەشی زۆرو سەرفی سەد دینار مەملەحەی لە کوڕانی شێخ سەعید سەندەوە.