گەنجینەی مەردان/شێخ مارفی قازانقایە

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
گەنجینەی مەردان  (1948)  by زێوەر
شێخ مارفی قازانقایە

لە ساداتی حوسەینی، مەردی مەیدانی مورووەت و سەخاوەت شێخ مارف کوڕی شێخ موحەممەد ئەمین، دانیشتووی دێی قازانقایە بوو. زاتێ بوو بەسەخاو کەرەم و بەشاشەت و ڕووخۆشێ و میهمان نەوازی و ئینعام و ئیحسان، یەکە پیاوی زەمانی خۆی بوو. مەناقیبی زۆرە، بۆ نموونە چەند مەنقەبەی ئەنووسم:

١ - ڕۆژێ لە بازاڕی سولەیمانی لەسەر دووکانی حاجی عەزیزی قارانقایەیی دانیشتبوو، سەڵتەیەکی تازەی دیاربەکریی لەبەردا ئەبێ کە ئەو زەمانە باوی بوو، هەمووی بەسورمە چنرابوو، تازە پەیدا بووبوو. پیاوێکی جاف بەلایا ڕائەبوورێ چاوی بە سەڵتەکە ئەکەوێ، حەزی لێ ئەکا، ئەچێتە بەردەمی شێخ مارف وە ئەیناسێ، ئەڵێ کاکە ئەم سەڵتەیەت لەکوێ سەندووە؟ ئەویش ئەڵێ لە شابازم کڕیوە، دووکانەکەی لە قەیسەرییە. کابرا ئەچێ پرس ئەکا، دووکانی شاباز ئەدوزێتەوە پرسیاری سەڵتە ئەکا لەو نموونەیە کە چاوی پێ کەوتبوو، نەیمابوو. دێتە لای شێخ مارف ئەڵێ کاکە شاباز سەڵتەی نەماوە، لە جێگای تر لەم چەشنە شک نابەی؟ شێخ مارف ئەڵێ زۆرم حەز لەم سەڵتەیە ئەکەی؟ ئەڵێ بەڵێ. «فورا» سەڵتەکەی دائەکەنێ ئەیدا بە کابرای جافە، ئەڵێ بڕۆ موبارەکت بێ، هیچ پارەشی پێ مەدە. جافە هەر لەوێ سەڵتەکە لەبەر ئەکا و ئەڕوا لە نرخ و قیمەت ناپرسێ. کە ئەڕوا پێی ئەڵێن ئەتۆ ئەو زاتەت ئەناسی؟ وتی نەوەڵڵا! وتیان ئەوە شێخ مارفی قازانقایە بوو. کابرا وتی کەیفی خۆیەتی، من بە مەرامی خۆم گەیشتم. لەپاش ساڵێ جافە ماینێکی نایابی جنس بەدیاری ئەبات بۆ شێخ مارف لە قازانقایە. ئەویش دیارییەکەی لێ قوبووڵ ئەکات، دووباڕە خەڵاتی ئەکات. لەپاش ئەوە جافە بوو بە موخلیس و خدمەتکاری شێخ مارف.

٢ - جارێک پیاوێ لە گەرمیانەوە تانجییەکی بەدیاری بۆ دێنێ. لەبەرچاوی کابرا زۆر مەدحی تانجییەکە ئەکا کە دڵی خۆش بێت. وەختی گەڕانەوە دەستێ لیباسی نایاب لەگەڵ سەد قرانی دایە. عەرزیان کرد بۆ تانجییەک ئەوەندە ببەخشی، هەموو دەوڵەتی دنیا بەشت ناکا. ئەڵێ لە گەرمیانەوە بەئۆمێدی من ئەوەندە ڕێگایە تانجیی هێناوە، ئەبێ منیش بەدڵخۆشی ڕەوانەی بکەمەوە.

٣ - هەموو؛ ساڵێ شێخانی سولەیمانی بۆ سەیران و تەفەڕڕوج ئەچوونە قازانقایە، موددەتێک بەسەفا و خۆشی ڕایان ئەبوارد. ساڵێکیان کە هاتنەوە بیست سی سەر مەڕ و بەرانی قاورمەی دابوو بە پیاوەکان و تەعەللوقاتی نەقیب شێخ مستەفاو بە سەیید حەسەن و سەیید عومەر و باقیی شێخان.

ساڵێکیان کە ئەچن بۆ قازانقایە لە مزگەوتەکەیا هەموو مەشغووڵی سوحبەت و شەڕەشووتی و شەڕەترێ ئەبن، خدمەتکارێکی دێت سەر ئەخاتە بناگوێی و عەرزی ئەکا کە کوڕەکەت مرد. ئەویش ئەڵێ دەنگ مەکە، کەس دەنگی لێوە نەیێت، مەلا بانگ کەن بیشوا و چەند کەسێ بچن قەبری بۆ هەڵبکەنن بینێژن. کورکەتان لەدەمەوە بێت هەرچی خراپە پێتان ئەکەم. خدمەتکار ئەڕوا. وەکوو قسەکانی ئەو ئیشی کوڕە مردوویان دروست کرد، نەیهێشت میوانەکان پێ بزانن نەوەک کەیف و عوشرەتی خۆیان دوابکەون و بەجێی نەهێشتن، نەچوە ماڵەوە هەتا شەو یەکێ بە نەقیبی گوت، ئەوسا سەرخۆشی و تەعزییەیان لێ کرد.

جارێکیان لەوەقتی سوحبەت و کەیفێ کە شێخان ئەیانکرد، خەڵقیان ئەخستە ناو حەوزەکەی مزگەوتەوە. میوانێکی کوردی هاتبوو دیارییشی بۆ هێنابوو. شێخ موستەفای نەقیب پاڵێکی پێوەنا خستیە ناو حەوزەکە. شێخ مارف چاوی لێ بوو ڕای کرد بە سەڵتەی سورمە و کەوای تاقەوە خۆی فڕێدایە ناو حەوزەکەدا پێی گوت کاکە عاجز مەبە، نەقیب وا منیشی خستە ناو حەوزەکەوە، لەگەڵی کرد بە یاری و شەڕەئاو. کە هاتنە دەرێ کەواو سەڵتەکەی داکەند دای بە کابرای کوردە، ناردی لە ماڵەوە جلیان بۆ هێنا لەبەری کرد.

شێخ مارف زۆر مەراقی ڕاوی هەبوو، خوسووس ڕاوەبەراز. بەو واسیتەوە دائیما پەنجا سەگ و گەماڵ و تووڵە و تانجیی هەبوو. سێ چوار ماڵ مسکێن تەرخان بوون خدمەتی ئەو سەگانەیان ئەکرد. مەسرەفی ئەو هەموو سەگەو ئەو ماڵانە بەقەدەر مەسرەفی دیواخانی حاتەمی مەشهوور بوو، چونکە حاتەم ئەگەر کەسێ ڕووی بکردایە ماڵی خدمەتی ئەکرد، ئەو مەسرەفیشی دائیمی نەبوو، ئەم دائیما میوان ڕووی لە دەرگای ئەکرد. غەرقی ڕەحمەتی خوادیی بێ.