فرمێسک و هونەر/شیوەن و فرمێسک

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
فرمێسک و هونەر  (1968)  by گۆران
شیوەن و فرمێسک

هاوڕێم بێکەس[edit]

ئەی فریشتەی شیعری جوان! کۆستی کەوتووی هەردووکمان،
بۆ ئەم جارە بێکەسە کە وتمان بێکەس، بەسە!
شاعیرێک بوو، فەننان بوو، ئەدای خوڕ، خرۆشان بوو،
بۆ باغچەی کزی کوردی بولبول بوو نەغمەی وردی،
سەرەڕای بەهرەی فەننی دڵسۆز بوو بۆ وەتەنی،
نرکەی شیعری ڕزگاری بێکەس، شتێکە دیاری:
لە هەموو کوردستانا، لە ناو بیر ئازادانا!
***
پەریی شیعری شۆخ و شەنگ! تۆ دڵتەنگ و من دڵتەنگ
با سکاڵا بۆ یەکتر لەگەڵ ئاخی سارد و سڕ
دوور و درێژ هەڵڕێژین: مەیتی بێکەس ئەنێژین!
ئاشنای تۆ بوو، هاوڕێی من، لێی داگیر کردین مردن!
ئەی پەری! ناڕەوایە فرمێسک لە چاومان نایە
چونکە بێکەس بچووک بوو، پایەی کۆمەڵیی سووک بوو!
کام پیاوماقووڵ، کام گەورە کە بەرزیی جێی ژوور هەورە،
وێنەی ئەو جوامێر بوو؟ بەرامبەر دوژمن شێر بوو؟
لە کاتێکا ئەوانە نۆکەر بوون بۆ بێگانە،
دەست لە سەر سنگ ئەوەستان، یان بۆ پایە، یان بۆ نان!
بێکەس بوو وەک پاڵەوان پەنجەی لە چاوی چەقان،
پەنجەی تیژی سەرزەنشت، داخی دڵی خۆی پێ ڕشت!
بەڵێ بێکەس نابووت بوو، جار جار برسی بوو، ڕووت بوو!
بەڵام کام تێر، کام پۆشتە وێنەی ئەو، ئەی فریشتە،
بێ باک وەستا بەرامبەر نووکی سونگیی ستەمگەر؟
کێ وا: لە ژێر زنجیرا ئازادیی هات بە بیرا؟
بە شیعری جوان نەڕانی: بە یادی کوردستانی!
ئەی شۆخ و شەنگ، ئەی پەری! زۆرتر بۆ ئەوەی بگری:
کە بێ بەرگیی و بێ نانیی خۆی لە ڕووی تۆ ئەزانی،
لەگەڵ ئەوەش تا مردن نەکەوت لە تۆ پەرستن!
مل کەچی قیبلەی ڕووت بوو، دێوانەی عیشوە و خووت بوو...
وەک هەندێ شاعیری تر
تەماع هەڵی نەفریوان شیعر بفرۆشێ بۆ نان؛
ئابڕووت بەرێ وەک بردیان، بەو کردەوانەی کردیان!
***
لە پاشانا ئەی پەری! نابێ لە بێکەس بگری،
کە گیرۆدەی مەستی بوو، مەستیی ئەو مەبەستی بوو!
ناوچە و سەردەمی ژینی پڕ بوو لە ناشیرینی،
وڵاتی پەرێشان بوو، بۆ هاووڵات زیندان بوو؛
نەتەوەی: هەموو هەژار، مایەی ڕەنجیان بۆ زۆردار!
هەموو: برسی، دەغەزار، نەزان و نەخوێندەوار...
دیل بوون هەم بۆ بێگانە هەم بۆ ئەو زۆردارانە،
کە خۆیشیان ئەیانمژین، بۆ خەڵقیشیان سەرئەبڕین!
ئەمجا کە ئەیدی ئاوا: کەشتی بۆ گەرداو ئەڕوا،
هەزاران هاوار بکرێ کەس نییە ڕێی ڕاست بگرێ،
ناچار خۆی سەرخۆش ئەکرد، هەستیی فەرامۆش ئەکرد!
جار جار، کە زۆر پەست ئەبوو، کەمێکیش بەدمەست ئەبوو:
داخی دڵی خۆی ئەڕشت، بە جوێن، توانج، سەرزەنشت!
***
ئەی فریشتەی چاوخومار! بەڵام بێکەسی هوشیار،
بێکەسی دنیای نووسین، دانەری بەستەی شیرین،
مەبەستی من و تۆیە، بۆ ئەوە ئەم «ڕۆ ڕۆ»یە!
تۆ: پەریی شیعر و جوانی، من: هاوڕێی گیانی گیانی،
دانیشین بە جووت، دڵتەنگ، بڕێژین فرمێسکی مەنگ،
بۆ شاعیرێک بێ کەس بوو، بەڵام «کەس» ئێمەی بەس بوو!
سا باڵای بۆ ڕەش پۆش کە، گڕی شیوەنی خۆش کە،
بە پەردەی نزمی ماتەم، بەستەی کوردیی پڕ لە خەم
لە سەر مەیتی بخوێنە، وەفای جوانی بنوێنە،
بۆ شاعیرێک کە گیانی، لێی هەڵئەقوڵا جوانی،
ئەگەرچی هۆی بەخی خۆی جوانیی فەساڵ نەبوو بۆی!
ناقۆڵا و تێک سمڕاو بوو، ڕوومەت کونج، کزی چاو بوو
هونەر بۆ ڕووخۆشیی بوو کە خەوشی داپۆشیبوو!
بەڵام پەری! تۆ ژیری، خاوەندی هۆش و بیری؛
جوانیی باڵا و دەموچاو، بەهرەی تا سەر نین بۆ پیاو؛
هەزار چاوجوان، قەدباریک کەوتوونە چاڵی تاریک،
چی بەجێ ما لە دوایان بۆ دۆست و ئاشنایان؟
یا جوانێک تا «پیری» ما کام گیرۆدەی بیری ما:
خوێنی کوڵمی چەن گەش بوو؟ چاو و برۆی چەن ڕەش بوو؟
یەک جوانییە: بای پاییز گەڵای زەرد ناکا هەرگیز،
کە لە گیان، سەرچاوەی دڵ سەر هەڵئەدا قوڵەقوڵ:
وەک ڕۆح سووکی، ڕووخۆشی، خوێن گەرمی، خزمەت کۆشی،
دڵی باش، دەروونی پاک، بیری ڕوون، کردەوەی چاک،
پێشتری گشت ئەمانە: بەهرەی هونەری جوانە!
بە ڕاستی ئەو فەننان بوو، سەلیقەی شیعری جوان بوو!
***
ئەی شێوەشۆخ، ئەی پەری! دانیشە لای ژوور سەری،
وەک یاری وەفادار بە، بە ڕاستی خەفەت بار بە!
قژی زەرد با پەشێو بێ، بەستەی خەم لە سەر لێو بێ:
تۆ بڵێ و منی هاوڕێ، تا دەستم قەڵەم بگرێ
ئەنووسم: دێڕ دێڕ، بەن بەن، بۆ بێکەس شیعری شیوەن!

لاوانەوەی سەرەڕێ[edit]

لە بەغدا دەرچووە، سەیوانە ئامانجی ڕێ چۆڵ کەن ئەی برای زازایی و کرمانجی!
ڕێ چۆڵ کەن بۆ مەیتی ڕێبواری مات و زیز توخوا! با کەم تەڕ بێ بە فرمێسکی پاییز!
با کەم با ڕەشەبا لە لەشی سارد و سڕ نەک بەردی سەرەڕێ بێتە گۆ، بێ بە گڕ!
ئەی برای کرمانجی! ئەی برای زازایی! مەبەنە سەر مەیتی لێشاوی خۆڕایی!
ئەو مەحموود جەودەتەی کە قیبلەی هیوا بوو، ئەو مەحموود جەودەتەی قەڵا بوو، پەنا بوو،
ئەو مەحموود جەودەتەی کە ڕۆژی تەنگانە تۆڵەی بۆ ئەسەندین لە ئۆردووی بێگانە
ئەو مەحموود جەودەتەی سروشتی خاکی بوو سەر تا پای کردەوەی پاکی بوو، چاکی بوو،
ئەو کوردە، ئەو مەردە، ئەو ڕۆڵەی هەڵکەوتە، ئەو زانا و ئەدیبە، ئەو مەحموود جەودەتە!
وەک تاجی سوڵتانی، دەک لاڵ بم، لەکیس چوو، ئەی برا بۆچ ئەدەن پەلاماری بێسوو؟
ڕێ بەردەن، با بڕوا بۆ سەیوان تابووتی، چاو شۆڕ کەن لە عاستی توانج و تانووتی!

لە سەرەمەرگی هیوادا[edit]

ڕۆڵەی تاقانەم، هیوای ژیانم! ئەستێرە گەشەی بەری بەیانم!
ڕۆژی نەورۆزی پرشنگ زێڕینم! تریفەی سپیی مانگی هاوینم!
شنەی شەماڵی کەلی بەهارم! لەرەی ئاونگی مێرگی ئاودارم!
جریوە و جووکەی شادیی هێلانەم! شەوبۆی پەخشانی ئەم گشت هەردانەم!
خونچەی پشکووتووی باغی جوانیم! ڕۆلەی شیرینم، ئەی گیانی گیانیم!
توخوا بەو جووتە چاوە شینانە، ئاخر نیگاتە تێر بۆم بڕوانە!
با بە کڵۆڵی، بە ڕۆڵەڕۆیی، کە دانیشتم کز، وەختی بێ تۆیی:
بە یادی دوو گۆم، دوو گۆمی بێ بن، کە هۆگریان بوو ماسیی ڕۆحی من،
هۆن هۆن فرمێسکم بڕژێتە داوێن فرمێسکی تا سەر جەرگ و دڵ تاوێن
***
هیوا! ئەو لێوەی بە زەردەخەنە، گزنگی ڕۆژی گوڵانی منە،
بۆ زەردەخەنەی ئێستا تێ نازێ؟ بۆ لە ژێر هەوری مەرگا ئەلەرزێ؟
هەی هاوار، هەی داد هیوای شیرینم گیان ئەدەی، ئەمریی، ئیتر ناتبینم!
ئیتر... ئاخ ئیتر... ناتبینم هەرگیز، لە خەوا نەبێ، شەو شەوی پاییز
جار جار وەک بەرقی ئاو بۆ زۆر تینوو دێیت و ناشکێنی تاسە و ئارەزوو!
***
سا بۆم بڕوانە تێر بەو چاوانە! ڕۆڵە مردنە و فرمێسک بارانە!
هیوا ڕۆڵە ڕۆ، کۆرپەم ڕۆڵە ڕۆ! ئەو کوڵمە ئاڵە نەرم و نۆڵە ڕۆ!
ئەو قژە زەردە، ئەو چاوانە ڕۆ! ئەو نەغمەی «دایە» و «بابە» جوانە ڕۆ!
تا دەممان لە گۆ ئەکەوێ وەک تۆ: هیوای دایە ڕۆ! هیوای بابە ڕۆ!

گوڵی کەمخایەن[edit]

لە بەربەیانی شەباب و جوانییا ئەی گوڵ!
گوڵی گەشی پەمەیی وەک ستارە پرشنگدار!
لە خەندەتا ئەگەڕا جیلوەیی تولووعی بەهار،
لە نەغمەتا مەلی خوێندن ئەهاتە سۆزش و کوڵ!

لە چاوتا دوو گەلاوێژی ڕۆشنی پڕ تاو،
لە ناو شەپۆلی فسوونا نیگای ئەخستە مەلە،
لە پێشی پێی حوسنتا سەرانی دانووشتاو،
سەری سجوودی عیشق بوون بەرامبەری قیبلە!

وەهام ئەزانی کە ئەی گوڵ، نیگای شەوقی زەمان
لە سەیری شێوەیی شۆخت هەمیشە تێر نابێ،
وەهام ئەزانی کە هەرگیز کزەی گەڵاڕێزان،
بە ناسکیی پەل و پۆی تۆ «مەحاڵە» فێر نابێ!

کەچی چ زوو، چ کتوپڕ لە پەنجەیی وەرەما
لەشی شل و پەمەییت، ئەی گوڵی جوان، ژاکا!
چ زوو توایەوە حوسنت لە قرچەقرچی غەما،
دوو پێشە ما... ئەویش ئەڕزێ لە سینەیی خاکا!

لە لالەزاری جوانیت نیشانەیەک مابێ:
هەر ئەو فوغانەیە ئەڕژێ لە ماتەمی یاران،
هەر ئەو دڵۆپەیە ئەتکێ لە دیدەیی گریان!
بەڵام ئەمین بە! شەو و ڕۆژ هەتا بەرودوا بێ،

فوغان و گریە بە شوێنتا بڕانەوەی نایە،
فوغان و گریەیی پاش تۆ هەتیوی سەودایە!

شیوەنی گوڵاڵە[edit]

کچم، مایەی ژیانم، یادگاری شەبابم، نۆبەرەی شیرینی داری
غەرامی کەم دەوامی عومری لاویم! دڵۆپی خوێنی گەرمی ئاگراویم!
جگەرگۆشەی عەزیزم، نووری چاوم! سەری تاڵە دەزووی ئامالی خاوم
چ زوو مردی؟ کچم هەیهات کچی خۆم، چ زوو مردی؟ چ زوو کەوتیتە بن گۆم؟
چ زوو کەوتیتە بن گۆمی عەدەم؟ خۆ بە ئۆخەی تەڕ نەبوو لێوم وتم ڕۆ!
دەمێ پشکووتی تێر بۆنم نەکردی، گوڵاڵەی خۆشەویست دەرلەحزە مردی!
ئەجەل داد! ئاسمان داد! عەرشی خوا داد! حەکیم، عیلمی بەشەر، دەرمان، دەوا داد!
کچێکم بوو، کچێ، تەنیا کچێ، بەس! ئەویشت ئاخری کوشت چەرخی ناکەس!
قەبر! ئەی خاکی ڕەش، ئەی چاڵی تاریک: دڕندەی لاشەخۆری باوک و داییک!
لە دەورت هەڵچنیم خوشک و برا پاک، کچێکم بوو ئەویشت کردە خۆراک!
چ داوێکە؟ چ ئینسافێکە، زاڵم؟ جەهەننەم تاو ئەدەی ئەیکەی بە حاڵم؟
لەبەر یەک لوقمە، یەک پل گۆشتی مەعسووم، منت بۆچ کرد لە نووری دیدە مەحرووم؟
ئەگەر، ئەی خاکی زاڵم، ئیختیارت نییە، ناچارییە تۆیش کاروبارت،
لە کردارت ئەگەر مەسئوول سەمایە، تەبیعەت، هەرچی... حەتتا زاتی خوایە
بەڵێ: هەرچی و هەچ کەس بێ سەبەب کار، پرۆتستۆی ئەوم مەتڵووبە ئێجگار:
ئەڕێژم ئەشک، ئەکێشم ئاهی بێ بن: سیلاحی عاجزی زنجیر لە گەردن!
***
کچم خۆ تو نەماوی تا ببینی کە باوکت چەن بە ناسۆرە برینی!
نە تۆی پێ دێتەوە نە عەقڵی ئەبڕێ، لە سەر تۆ کام یەخە، کام ئەستۆ بگرێ؟
کچم تەنیا گوڵم، نەشئەی ژیانم، دڵی شادم، ترووسکەی چاوەکانم،
کچم، ڕۆحم، کچم، هەیهات! هەیهات! چ کۆچێ بوو! چ کۆچێ؟ وا کش و مات؟!