دیوانی کوردی/و
Appearance
1
[edit]| وا بە ئاسان عالەمێ تەسخیری تۆ بوون ماهڕوو | ساحیری یا ئەولیایی؟ ڕاست بێژە ماهڕوو |
| دەس بە خەنجەر دێی و باز خۆت دەگری سا کەی | لێم دەدەی؟ ئینتیزاری کوژتنم زوو لێم دە یاڵڵا ماهڕوو |
| دڵ دەبەی بە دزی لە ناو خەڵقی دەلێی خۆی داگیە پێم | من دڵم دا پێت بە ڕاست؟ دادەی بزانم ماهڕوو |
| بێچووە جەللاد! خۆت لە ناو مەردوم بە سۆفی بۆ دەکەی؟ | هیچ کەسی نەتناسێ، خۆم چاکت دەناسم ماهڕوو |
| پڕ دڵم خوێن کرد و دام پێت وا بەزوویی جێ بە جێ | باعیسی بەدمەستییە دەشکێنم پیاڵە ماهڕوو |
| ڕەنگی زەردت دیم دەڵێی کوردی بڕۆ بێنە بەهێ | بەس بیانوو بگرە وەختی بەی کوانێ؟ ماهڕوو |
2
[edit]| لاڵ بم ئەگەر شەبیهی ڕوخی کەم بە ماهی نەو | یا دڵ بدەم بە میهری نیگارێ بە غەیری ئەو |
| تەسخیری ڕۆم و غارەتی ئێران دەکا ئەگەر | کاکۆڵی زەنگباری بە هێرش بخا جڵەو |
| شادم، کە بەڵکوو بێتە خەوم یار و بەختەکەم | بەدبەختی نایەڵێ کە دوو چاوم بچێتە خەو |
| حاسڵ بە غەیری دەرد و جەفا و ئەلەم نییە | ڕۆژێ کە بێن زەراعەتی عومرم بکەن درەو |
| ئەمن و جەفا، فیراق و ئومێدی ویساڵی یار | کاغەز ڕەفیقی ڕۆژمە، شەمعیش ئەنیسی شەو |
| کوردی دلێری عەرسەیی نەزم و فەساحەتە | جەولان دەکا هەمیشە وەکوو بەرقی تیژڕەو |
3
[edit]| شەوی یەلدایە یا دەیجوورە ئەمشەو؟ | کە دیدەم دوور لە تۆ بێ نوورە ئەمشەو |
| دڵم وەک حاکمی مەغدوورە قوربان | خەڵاتی وەسڵی تۆی مەنزوورە ئەمشەو |
| کە تۆی شای کەچ کولاهی دیدە مەستان | چ باکم قەیسەر و فەغفوورە ئەمشەو؟! |
| سروشکم نەخشی ناوی تۆ دەکێشێ | کە جێی سێدارەکەی مەنسوورە ئەمشەو |
| دڵیش مایل بە دیدەی تۆیە بۆیە | لە من وەحشی و ڕەمیدە و دوورە ئەمشەو |
| لە خەو هەڵساوە یا ئاڵۆزە چاوت؟ | هەمیشە وایە یا مەخموورە ئەمشەو؟ |
| لە دووریت من وەکوو بولبول دەناڵم | بە وەسڵت عالەمێ مەسروورە ئەمشەو |
| سوپای موژگان و تیغی ئەبروانت | شکستی فیرقەیی تابوورە ئەمشەو |
| ئەگەر یاران دەپرسن حاڵی کوردی | لە کونجی بێکەسی مەهجوورە ئەمشەو |
4
[edit]| زەمانی فیرقەتی یارانە ئەمشەو | شنەی بای هیجری ناودارانە ئەمشەو |
| لە سەحرای سینە خاری خەم ڕواوە | لە هەوری دڵ خەفەت بارانە ئەمشەو |
| لە پێی دڵدا سەدایێ دێت، مەزندە | زڕەی زنجیرەکەی جارانە ئەمشەو |
| کەبابی دڵ لە ئەشکی دیدە سوێرە | لەکن من جەژنی مەیخارانە ئەمشەو |
| لەسەر دڵ قەترەیی ئەشکم کە دەتکێ | خیزابی دەستی ئەغیارانە ئەمشەو |
| حەریری زەرد و سوور و ڕەنگی ئەشکم | مەتای کاروانی غەمبارانە ئەمشەو |
| حەیات و مەرگ و وەسڵ و هیجر و خۆشیم | دەڵێی هیجرانی بیمارانە ئەمشەو |
| مەکەن مەنعم لە ئاهـ و ناڵە کوردی | سەبووری خۆی ڕیاکارانە ئەمشەو |
5
[edit]| لە غەم شاری دەروون مەعموورە ئەمشەو | بناغەی مڵکی دڵ خاپوورە ئەمشەو |
| ڕەوانسەر! بۆ لە زیددی من فەڕەنگی | لەبەر دەرگای ڕەقیب مەسروورە ئەمشەو؟ |
| ئەمن فەرهاد و شاهید بێستوونە | ئەتۆ شیرین، شەماڵ شاپوورە ئەمشەو |
| لە وەسڵت مەنزڵی دوور کەوتەوە دڵ | دووسەد مەنزڵ لە شادی دوورە ئەمشەو |
| برا گیان گیان و تۆ گیان ئەلوەدایە | هەوای کۆی تۆ دیگەر مەستوورە ئەمشەو |
| بە موژدەی وەسڵی تۆ دڵ شاد بێ حەقیە | کە هەر وەک حاکمی مەغدوورە ئەمشەو |
| لەمن ناپرسێ ئەغیار ئەی چ گەوجە؟ | بە وەسفی لوتفی تۆ مەغروورە ئەمشەو |
| لە ناو ئەشک و لە ڕووتەی چاو شەهێنم | دڵ ئاهوو وار و چاو بێ نوورە ئەمشەو |
| لە سوبحی جەژن و شوﺑهەی مانگەشەو ئاخ؟ | لە بەختی من دەڵێی دەیجوورە ئەمشەو |
| بە حازر باشی فەوجی غوسسە و ناڵە | وەکوو زیلەی ئەوەڵ شەیپوورە ئەمشەو |
| لە ناڵین مەنعی کوردی مەحزی کوفرە | فەقیر و ناخۆش و مەغدوورە ئەمشەو |
6
[edit]| سەدای سەمتوورە کەللەم گەرمە ئەمشەو | چریکەی بانگی دڵ بێ شەرمە ئەمشەو |
| بە ناخون کاری فەرهاد دێ لە دەستم | وەها شاهۆ لە ناڵەم گەرمە ئەمشەو |
| لە تەنیایی بە یادی ڕۆحی مەجنوون | خەیاڵی گەشتی دەشت و دەرمە ئەمشەو |
| غوباری خاکی وا حەق گەر بەهەشت بێ | لە دەرگای تۆ خەبەر ئاوەرمە ئەمشەو |
| دڵم وەک حاکمی مەغدوورە قوربان | تەمای سەنعاتەکەی ئازەرمە ئەمشەو |
| ئەگەرچی یار و یاوەر بوون بە دوژمن | خەمی بێ یاوەری یاوەرمە ئەمشەو |
| لە دەوریشم گەڕا پەروانە ناکام | لە سەر ڕێی وەسڵی نووری هیجرە ئەمشەو |
| کە چونکە بۆی ویساڵی تۆی تێدایە | نەسیمی سوبح خەبەر ئاوەرمە ئەمشەو |
| سەرم شۆری ویساڵی کەوتە سەر باز | دیسان کوردی لە دەردی سەرمە ئەمشەو |
7
[edit]| ئەرێ یاران! شەوی یەلدایە یاخۆ مەحشەرە ئەمشەو؟ | سەدای عەبباسە یا ناڵە و فوغانی ئەسغەرە ئەمشەو؟ |
| سوپای غەم هاتە تاراجی قەرار و سەبر و ئارامم | کە زانی مڵکی دڵ بێ شەهریار و لەشکەرە ئەمشەو |
| موشەخخەس مردنم نێزیکە سایاران! خودا حافیز | لەبۆ قەسدی هیلاکی من موژەت وەک خەنجەرە ئەمشەو |
| هەناسەی ئاگرینم بێ سەبەب نایە پەی ئەندەر پەی | کە بەرگی قرمزی پۆشی دڵم وەک مەجمەرە ئەمشەو |
| لە ئیقلیمی مەلاحەتدا فەرید و نادری عەسرە | جڵەوداری وەکوو قزڵ ئەرسلان و سەنجەرە ئەمشەو |
| بە خەتتی سەبزی ڕوخساری جەماڵی ئاتەشین ڕەنگی | فرووغی شەمسی ئەعجازی خەلیلی ئازەرە ئەمشەو |
| چ حاسڵ تاسی ئیقباڵم دووشەش بێنێ ئەمێستاکە؟ | کە داشی دڵ لە خانەی سەبر و هیجران شەشدەرە ئەمشەو |
| لە مەستیدا وەکوو ڕەههامە بۆ مەردی وەکوو شیدە | بە توندی هەر وەکوو تووسە، بە شۆخی جەعفەرە ئەمشەو |
| ئەوا کوردی لە کونجی بێکەسیدا زار و بیمارە | بە وەسڵی خۆت عیلاجی کە، کە حەججی ئەکبەرە ئەمشەو |