دیوانی کوردی/م
Jump to navigation
Jump to search
1
[edit]تاکوو دڵ مابێ مەکۆشە قەت لە ئابڕوو بردنم | عیشق تا خۆش بێ مەکێشە ڕەنجی ڕیسوا کردنم |
پێشەوای کاروانی بێ ڕەحمی هەتا ماوی ئەتۆی | هەڵگری باری جەفا و هیجران هەتا دەمرم منم |
هەر ئەتۆم دیوە لە خۆم دڵسۆز و موشفیق تر بە خۆم | چونکە وا ساعی و عەجوول و تالبی بۆ مردنم |
خۆ نواندن بەس بێ بە خوا ڕووی جیهان زانی کە تۆ | قادری بۆ کوژتن و تاڵان و زەجر و گرتنم |
نازە یا خۆ مەیلە یا نەشئەت تلووعی کردووە؟ | یا بە هوشیاری وەکی مەستی بەهانەی کوژتنم |
تینوویی نەزعی فیراق و یادی جوللابی لەبت | جوبڕەئیل یارم بێ باز ئیشکالە ڕۆح دەربردنم |
بەخت یەک هیجرەت دوو و غوربەت سیان و دڵ چوار | من یەکم، چوار تەوقی ناحەق بۆ چی چۆتە گەردنم؟! |
گەر لە عیشقی سادەڕوویان دڵ بگۆڕم بێ گومان | موڕتەدم؛ یەعنی ئەسیری زولف و پوستانی ژنم |
دڵ دەڵێ کوردی ڕەقیب دوژمنتە کۆنە لۆتییە | بۆیە وای کوت تا نەزانم کێیە دۆست و دوژمنم |
2
[edit]کێ دەڵێ دڵبەر بەخیلن؟ ئەمڕۆ وەڵڵا دڵبەرم | بەردی ژێر پێی خۆشی حەتتا هەر دەهاوێ بۆ سەرم |
ئەو، سەگی سەد ساڵ جەفاکێشی لە هیچێ دەردەکا | وای بە حاڵی من، کە سێسەد پایە ناماقووڵ ترم |
ئیلتماسی کوژتنم لێ کرد، کوتی نازانی تۆ | من چەپەڵ ناکەم لە خوێنی هەر سەگێدا خەنجەرم |
پێم وت ئاخر تۆ دڵی من کوێ دەبەی؟ توند بوو وتی | های بە تۆچی؟ ماڵمە خواهیشتمە هەر کوێی بەرم |
ڕۆح لە کوێدا خۆی نیهان کا ئەر لە بەر تیری موژەی | کون کونی کردووە وەکوو بێژنگ جەمیعی پەیکەرم |
هێند وتت لاچۆ سەرت با بێت پشتت کەندەڵان | چاهی غەم کەوتە دوام و بای فیراق کەوتە بەرم |
ئەی فەلەک! مروەت کە من بەو قالبی پڕ دەردەوە | جەوری تۆ یا نازی یار یا جەوری ئەغیار هەڵگرم؟ |
ڕۆح و دین پێشکەش دەکا هەر کەس، منی بێ دین، خودا! | سا چلۆن ئەو لاشە فەرتووتە و زەعیفەی بۆ بەرم؟ |
شاهی ئیقلیمی وەفا نازانی ئەی کوردی منم | فەقر و فاقە، تاج و تۆمارمە و گەدایی ئەفسەرم |
3
[edit]حۆریی باخی جینانی یا گوڵی باخی ئیرەم؟ | ام نُجوم العرشِ؟ أَم شَمس علَي فَوقِ العلَم؟ |
سەرکەشی ئێڵی گەڵاڵی شۆخی بابان و عیراق | نور ابصارِ العرَب ظلُّ الرُّؤَساء الْعجم |
کوژتن و عەفوت لە لای من هەردوویان هەر ڕەحمەتن | لو تُمتْني تَرحمني لو تَعفني عين الكَرَم |
ئاخری کوژتت بە هیجران ئاسکەکەی بەرماڵی خۆت | كَم نَديت بالنّداء لا تَقْتُلِ صيد الحرَم |
کوژتمت ئەمما لە ئاخردا پەشیمانی دەبەی | يا حبيبي بعد قَتلي لاحصولَ في النَدم |
وەک تەبیب ئەر بێی و عیلاجی ئەم برینانە بکەی | أُعطك الرّوح لَئن تَقبلْه في حقِّ القَدم |
سەد کە مەحزوون و نەخۆشم نامەکەت گەر بێتە لام | يندفع حزني و ما يبقي من القَلبِ اَلَم |
گەر وەکوو عیسا لە پاش مردن بە سەرما ڕابری | تَجمعِ العظم الرَّميم تُحيِني بعد العدم |
چونکە نامەی دەردی کوردی قەت نەهاتە ئینتیها | تَمت القرطاس، جف الحبرُ و انشَقَّ القَلَم |
4
[edit]تەشنە لەب تا کەی ڕەفیقی وەحشیانی بەڕ بکەم؟ | تیغی خوێنڕێژیت بکێشە تا دەمی پێ تەڕ بکەم |
تاکوو لێم دوورە خەتی ڕەیحان و ڕووی گوڵ ڕەنگی تۆ | کوێر بم ئەر بێم سەیری ڕەیحان و گوڵی شەستپەڕ بکەم |
وا لە بۆتەی عیشقتا قاڵە ڕوخی زەردم ئیتر | قەت لە خۆ ناگرم لە کەس داوایی قەرزی زەڕ بکەم |
ڕەنگی زەردیش چاکە بۆ کوێری ڕەقیب و دوژمنان | چونکە دوژمن شاد دەبێ گەر خۆم گەدا و موزتەڕ بکەم |
کیمیای وەسڵت بە هیچ نایێتە دەستم، بێ ئەمە | بچمە غاری مەغریب و خۆم فێرە عیلمی جەڕ بکەم |
من لە تەعنەی دوژمنی بێ بیر قوتار نابم، مەگەر | یا خودا مەرگم بدا یا هەردوو گوێی خۆم کەڕ بکەم |
قەت مەڵێن یاران! لەگەڵ فیرقەت وەرە سازش بکە | شێت نەبووم وەک پەششە من خۆم تووشی بای سەڕسەڕ بکەم |
من لەگەڵ جەور و جەفات گەر لافی ئولفەت لێ بدەم | هەر وەکوو ئاهوو دەبێ خۆم جووتی شێری نەڕ بکەم |
پێم دەڵێن کوردی فڵان کەس یادی دووری تۆ دەکا | من لە ئەو چاک شارەزام، بیللا ئەگەر باوەڕ بکەم |
5
[edit]لەیلەکەی بێ مەیلەکەی مەحبووبەکەی عەییارەکەم | شۆخەکەی پڕ حەملەکەی بێ ڕەحمەکەی غەددارەکەم |
زاڵمەی لە خوا نەترسەی کافرەی بێ مروەتە! | قاتڵەی عاشق کوژەی جەللادەکەی خوون خارەکەم |
گوڵ بەدەن، سیمین زەقەن، خەت یاسەمەن، فەندەق دەهەن | ئەسمەرەی قەد عەرعەرەی ناز و نەزاکەت دارەکەم |
نەوجەوان، ئەبرۆ کەمان، شیرین دەهان و نوکتەدان | تورک ڕەفتار و پەری ڕوخسار و کاکۆڵدارەکەم |
ئەی ڕەقیب! سەد جار دەرم کەی یا جوێنم پێ بدەی | ناعیلاجم هەر دەبێ بێم بۆ سەلاحی کارەکەم |
ژەهری دووری چەژتووە هیجری ئەمێستا بۆیە وا | تەڵخ گوفتارە کەلامی لەعلی شەککەر بارەکەم |
6
[edit]چاوەکەم! خۆ من برینداری خەدەنگی چاوی تۆم | زار و بیمار و گرفتاری کەمەند و داوی تۆم |
وێڵ و سەرگەردان و خار و عاجز و ئاشوفتە حاڵ | دڵ بە تاڵان چووی سوپای کاکۆڵی تێک ئاڵاوی تۆم |
گەر دەپرسی داد و گریان و فوغانم بۆچییە | ڕاستە باوک مردە نیم ئەمما جگەر سووتاوی تۆم |
سەد کە تۆ فیکری ئەسیری خۆت نییە ئەمما ئەمن | خۆ دەزانی چونکە ڕۆژ بێ خورد و شەو بێ خاوی تۆم |
من لە بەر پیری قەدم خەم نەبووە ئەر باوەڕ دەکەی | قەد خەمیدەی قامەت و باڵای وەکوو لاولاوی تۆم |
قاتڵی من کەس نییە بوختانی ناحەق بۆچ بکەم | من شەهیدی خەنجەری موژگانی تازە ساوی تۆم |
هەر کەسە عەبد و موریدی موڕشیدێکە سا ئەمن | هەر وەکوو هیجری مورید و گیان فیدای هەمناوی تۆم |
7
[edit]عەزیزم! من ئەسیری قامەتی نەوتوول نەمامێکم | غوڵامی زولف و ئەگریجە و غوڵامانەی غوڵامێکم |
گرفتاری کەمەندی مەهوەشێکم تفڵ و بێ ڕەحمە | هیلاکی ناز و عیشوەی نیم نیگای ئاهوو خەڕامێکم |
جگەر خوێنین و چاو ئەسرین و خوێن خوار و دڵەفگارم | خەریک و وێڵ و وەحشی مەهوەشی شیرین کەلامێکم |
هەموو عومرم بە زایع چوو لە ڕێگای عیشقدا چونکە | گرفتار و ئەسیری داوی عیشقی تفڵ و خامێکم |
ڕەواجی سککەیی ساحیبقڕانی مڵک و میللەت بووم | ئەمێستا وێڵ و سەرگەردانی گەرداوی عەوامێکم |
شەهی ئیقلیمی عیشقم، پیری ڕەندانی خەراباتم | ئەگەرچی زاهیرەن تفڵ و نەزان و ئەبلە فامێکم |
ئومێدی وەسڵ و دیداری نەما هیجری ئەمێستاکە | هەمیشە ئینتزاری نامەو و پەیک و کەلامێکم |
8
[edit]ڕەفیقی کونجی میحنەت عاجزن هەر شەو لە ناڵینم | گورێزانن لەبەر لێشاوی مەوجی بەحری ئەسرینم |
ئەگەرچی ڕۆژ و شەو مەشغووڵی نەغمەی موتریبم ئەمما | لە خەم خاڵی نییە ساتێ دڵەی مەحزوون و خەمگینم |
تەبیب دێنێ دەوای دەردم بکا، خۆ من زەدەی دووریم | بە بێ داڕوویی وەسڵی، نابێ هیچ ئارام و تەسکینم |
ئەگەر مومکین نەبوو وەسڵم، کە من مردم وەسییەت بێ | لە باتی قەوم و خێشانم لە سەر مەیتم بکا شینم |
شەهیدی عیشقم و مەمشۆن و کفنم بۆ مەکەن یاران | گەواهی حەشرە بۆ دەعوای شەهادەت بەرگی خوێنینم |
بە پەردەی زاهیری گەر بێ سەدای ئەو عاشقی یارم | ئیتر حاجەت نییە بێنن مەلا بۆ وەعز و تەڵقینم |
عەبەس کوردی مەلائیک دێن دەپرسن مەزهەب و دینت | کە قادر خۆی دەزانێ من لە سەر کام مەزهەب و دینم |
9
[edit]فەلەک! ڕەحمێ بە حاڵم کە بە غایەت دڵ پەرێشانم | ڕەهەندەی زێد و مەسکەن، دوور لە یار و قەوم و خێشانم |
دەڵێن میهمان پەزیر و دڵنەواز و خاوەن ئیکرامی | دەسا بۆ کەیتە؟ وا من بێنەوا و دەروێش و میهمانم |
عەزیز و خۆشەویستی کوللی عالەم بووم ئەمێستاکە | غەریب و بێکەس و تەنهانشینی کونجی ئەحزانم |
چ میننەت گەر نەوازشت و تەعاروف کەی لەگەڵ مونعیم؟ | بە من فەڕزە کە ڕووت و موستەحەققی خێر و ئیحسانم |
لەبەر جەور و جەفای یاران نییە ناڵە و فوغانی من | هیلاکی لەوم و تەعنەی ناکەس و خەندەی ڕەقیبانم |
ئەگەر بێت و بە ناحەق خۆت بکەی پەنهان وەکوو یۆسف | وەریدی عیشق و ڕیشی توهمەت و چاکی گریبانم |
ئەگەر کوردی دەپرسن مەزهەب و پیری تەریقی من! | عەلی مەولامە، قادر پیرمە، مەحموودە سوڵتانم |
10
[edit]ئەگەر مەیلت لە دڵ دەرکەم، غەریبی کۆیی دڵبەر بم | ئەگەر ساتێ لە یادم چی، هیلاکی ژەهری ئەژدەر بم |
بە غەیری بۆسەیی چاوت ئەگەر قەسدی ویسالت کەم | بە شوعلەی قەهری تۆ یا ڕەب سەراپا قەتڵی ئەخگەر بم |
ئەگەر یەک لەحزە سستی کەم لە ژێر باری غەمی عیشقت | بە میسلی پەنجەرە قوربان بە تەن سووراخی خەنجەر بم |
لە سەر تەعریفی ئەگریجەت ئەگەر بێم وەسفی کاکۆڵ کەم | بە زەربی تیغی ئەبرۆی تۆ ئەمن مەقتوولی بێ سەر بم |
ئەگەر یەک لەحزە غافڵ بم لە شوعلەی ماهی ڕوخسارت | لە حەشرا بێ نەسیبی جەننەت و هەم حەوزی کەوسەر بم |
گەدایی کۆیی جانانە بە شاهیی عالەمی نادەم | گەدایی خۆشترە بۆ من لە شاهی، گەر موخەییەر بم |
ئەرێ یاران! بڵا کوردی لە بۆتەی فیرقەتە یەکجار | خولاسە و بێ غەش و مەقبووڵی عالەم هەر وەکوو زەڕ بم |
11
[edit]ئەمن وەک پەرچەمی جانان، ئەمن وەک پەرچەمی یارم | لە لایێ خاو و سەرگەردان، لە لایێ مەست و بیمارم |
دەبا بگریم، بناڵێنم، کە وا تێکچوو سەر و کارم | دڵم دانا لە ڕێی دڵبەر، نە دڵ بۆم بوو، نە دڵدارم |
دڵم کەیلە لە میحنەت، وا ڕەوانە خوێن لە زامانم | لە گێژاوی بەڵادا غەرقە سەر هەتا بە دامانم |
لە دەستی کەچڕەوی گەردوون لە کوورەی فیرقەتی غەمدا | بە دایم هەر وەکوو قەقنەس حەریقی نار و حیرمانم |
وەسییەت بێ مەبن دوودڵ کە نادا مەنفەعەت پێتان | منیش دوو دڵ بووم ئاخر ئێستە بۆیە وا پەشیمانم |
خودا تادای بە من وای دا بە جارێ وەسڵی دوو دڵبەر | .............. فەلەک چۆن کردی تاڵانم |
وەکوو کوردی لە دوو جەژن بوو لە ناو حیرەت و دەردا | ئەمیشم چوو ئەویشم چوو بە جارێ ماڵی وێرانم |
12
[edit]جانا وەرە ئەم جەژنە بە قوربانی سەرت بم | بۆ تیری قەزای چاوی حەسوودان سپەرت بم |
شادن لە تەماشای نەزەرت مەحرەم و ئەغیار | مروەت نییە تەنها هەر ئەمن دەربەردەرت بم |
ڕازیم بەدەنم هەر وەکوو خاکی بەری پێت بێ | شایەد کە لە ڕێی مەدرەسەدا ڕەهگوزەرت بم |
تۆ بەو دوو ڕوخی خۆتەوە وەک شاهی و فەڕزە | دایم کە لە پێش ئەسپەکەتا وەک نەفەرت بم |
وا قاڵ و زەعیفم لە هەتیتەی غەمی دووریت | شایستەیە ئێستاکە کە ئاڵقەی کەمەرت بم |
بۆ قەتڵی منی خەستە موژەت هەر وەکوو تیرە | ئەی من بە فیدای تیری نیگای پڕ خەتەرت بم |
ئەر خەشمە، وەگەر لوتفە بە کوردی نەزەرێ کە | قوربانی غەزەب گرتن و گۆشەی نەزەرت بم |
13
[edit]عەزیزم! باعیسی عەیش و نیشاتم! | گوڵم! سەرمایەکەی ژین و حەیاتم! |
دەزانی خۆ ئەمن سەودازەدەی تۆم؟ | نەچیری ئاهوویی چاوی سیاتم؟ |
هەمیشە من لە کونجی دەرد و غەمدا | ئەسیری شەرت و مەحبووسی وەفاتم |
بە ساڵی جارێ قوربانی دەکەن حاج | ئەمن هەر دەم بە قوربانی وەفاتم |
بە جاڕووبی موژەی چاوم هەمیشە | خەریکی مشت و ماڵی خاکی ڕاتم |
لە شەوق و زەوقی عالەم بوومە فارغ | کە هەم زانوویی هیجرانی و بەڵاتم |
لە بەرچی وا لە من ئازوردە بووی تۆ؟ | نییە ڕەحمت بە حاڵم لێو نەباتم |
ئەگەر کردوومە تەقسیر و گوناهێ | هەزاران تۆبە بێ تا ڕۆی مەماتم |
بە مەرگی تۆ وەها خەستە و زەبوونم | نەماوە زەڕڕەیێ سەبر و سوباتم |
14
[edit]عەزیزم! نووری چاوانم! حەبیبم! | سەبووری بەخشی جانانی شەکیبم! |
وەرە ڕەحمێ بە حاڵم کە عەزیزم! | لە یار زویر و لە مەسکەن بێ نەسیبم |
ڕەهندەی دەستی کەس نیم خۆت دەزانی | فیراری جەوری ئەغیار و ڕەقیبم |
دوو شەش بۆ داوی نەگبەت هەر لە ڕێدا | لە بەختی شەش دەر و یاری عەقیبم |
ئومێدی زیندەگیم ناوە بە لاوە | کە قاتڵ بوو بە جەڕڕاح و تەبیبم |
عەجوولی و وەحشەتی ئەم وەختە خۆم بووم | کە دیدەت بوو بە ئوستاد و ئەدیبم |
ئەمەی دەیڵێم ئەگەر ئیغراقە هیجری | هیلاکی دەستی «مەیتەن قرمزی» بم |
15
[edit]عەزیزم! وا لە دووریت دڵ فیگارم | کە خوێن دەڕژێ لە دیدەی ئەشکبارم |
وەها فرمێسکی خوێنین دێ لە چاوم | وەکوو دامانی ئەلوەندە کەنارم |
لە گەردی قاسیدی یەئسی ویسالت | بە کوللی کوێرە دەیدەی ئینتیزارم |
کە ئوممێدی ویساڵی تۆم نەماوە | بە مەرگی تۆ بە مەرگ ئومێدەوارم |
لە چاوی خۆت بپرسە ئەو دەزانێ | کە من بۆ وا عەجوول و بێ قەرارم |
مەکەن مەنعم کە سەرگەردان و وێڵم | بە دەس عیشقە زەمامی ئیختیارم |
لەگەڵ عیشقت وەها یار و ئەنیسم | لە تۆش حەتتا بە کوللی بەرکەنارم |
وەکوو مەنسوور ئەگەر بیشم سوتێنن | أنا القادر دەڵێ گەرد و غوبارم |
ئەگەر تاڵع ببێ کوردی سزایە | بە حۆققە دوڕڕ و گەوهەر کەن نیسارم |