دیوانی وەفایی/ە

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
دیوانی وەفایی  (1902)  by وەفایی
پیتی ە

1[edit]

بە لێوی تۆ و بە چاوی تۆ کە وا هەر مەست و سەرمەستە عەزیزم تا بەکەی ئەم خەستەیە هەر مەست و سەربەستە؟
لە قوببەی سینە سووتاوە دڵم بەو نارە پڕ نارە برۆی پەیوەستی خستوومی منی وا خەستە پەیوەستە
بە ئاهـ و گریەیی من پێکەنی، وەک بەرق و باران بێ! بەهاران پستە خەندان بێ بە ناز ئاهێستە ئاهێستە!
هەتا زنجیری زولفی تۆم هەبێ هەر شاد و ئازادم سەرم هەر داوە بەو داوە، دڵم پابەستە بەو بەستە
بەڵێنم ڕاستە من گەردەن کەچم بێڕستی دەستی وی قەلادە و ڕستە بۆ من پەرچەمی ئەو سەروە نەوڕەستە
قەد و قامەت قیامەت، قد قيامت تا بڵێن قامەت بڕۆ ئەی تازە گوڵدەستە، دەمێکی هەستە ڕاوەستە
ببارێنە گوڵ و نافە بە خەندە داغی باغانە سەری زولفت کە دەم بەستە لە دەم بەستە ئەمە بەستە
وەفایی مەجلیسێ گەرمە چ خۆشە بێی و ساقی بێ وەکوو گوڵدەستە بتگێڕێ بە دڵ لەو دەستە بەو دەستە

2[edit]

لەسەر ڕووت کازیبەی زولفت وەلابە کە سادیق بێ تلووعی ئافتابە
دڵ و دین هەرچی بوو قوربانی تۆ بوون هەتاکەی ئیدی ئەم ناز و عیتابە؟
بڵا بەو ڕۆژە نیلووفەڕ نەسووتێ بە مەرگی من سەری زولفت وەلابە
لە عەکسی عاریزت فرمێسکی چاوم گوڵاوی ڕووتە هەم خوونابی نابە
وەرە بنوێنە خۆت بمکووژە قوربان بە دینێک کوشتنی عاشق سەوابە
وەرە بنواڕە بەزمی عالەمی دڵ چ خۆش دەورێکە هۆشیاری خەرابە
ئەگەرچی ناڵەیە هەر زەوق و شەوقە ئەگەرچی گریەیە عەینی سەوابە
بە ناڵینی دڵی سووتاوی عاشق هەموو هەر نەغمەیی چەنگ و ڕەبابە
بە چاو و گەردەن و ڕوخساری ساقی هەموو هەر شاهید و شەمع و شەڕابە
کوتم: با قیمەتی وەسلت بە دڵ بێ بە ماچێکیش لە زاری خۆت ڕەزا بە
کەچی فەرمووی: دڵت نەشکێ وەفایی ئەوە سەودایە، زەڕڕێکیش حیسابە

3[edit]

ڕۆژی تەرەب و کەیف و دەمی جۆیە کوتانە! بەو دەستەیی جوانێ وە پەری بۆتە نیشانە
دەستی بەمە توند گرتووە گەرمی قەوەتانە نێوکی نەکەوێ یاڕەبی بەم بارە گرانە
جانی منە جۆ دەکوتێ بێ عوزر و بەهانە
پەروانە سیفەت سووختەیی شەوقی چراغم وەک بولبولی شەیدا هەموو سووتاوە دەماغم
دڵ پڕ لە غەم و داغی جەماڵی گوڵەباغم وەک نێرگسی مەخمووری پەری مەست و نەساغم
جانی منە جۆ دەکوتێ بێ عوزر و بەهانە
دولبەر کە بە خەندە سەری زولفان دەهەژێنێ بازاڕی شەکەر، قیمەتی عەنبەر دەشکێنێ
ماندوو بووە ئارەق بە ڕواندا دەڕژێنێ بەرگی گوڵ و نەسرین بە گوڵاوێ دەڕشێنێ
جانی منە جۆ دەکوتێ بێ عوزر و بەهانە
ئەو شۆخە کە جیلوە و ڕەوشی کەبکی دەری بێ گێسووشەب و مەهـ عاریز و گەردەن سەحەری بێ
چاوی ڕەش و زاری گوڵ و زولفی قەجەری بێ ئەو دڵبەرە بەو ڕەنگی جوان ڕەنگە پەری بێ
جانی منە جۆ دەکوتێ بێ عوزر و بەهانە
هەر لەحزە لە خەندەی دەمی وەک حوققەیی یاقووت شەککەر دەوەری، گوڵ دەڕژا، غونچە دەپشکووت
سەر تا بە قەدەم ڕۆحی وەفایی لە غەمان سووت ناڵەی دڵی زاری گەیییە عالەمی لاهووت
جانی منە جۆ دەکوتێ بێ عوزر و بەهانە

4[edit]

دڵ دەناڵێ دەم بەدەم سووتاوی تاوی فیرقەتە بولبولە بۆ ڕوویی گوڵ دڵ پڕ لە داخ و حەسرەتە
چاو پڕ ئاو و دڵ پڕ ئاور، دڵ بە دولبەر چاوەڕێ ئەی خودا دەردی جودایی چەند گران و زەحمەتە
ڕۆح لەسەر لێو چاوەڕێتم ئەی تەجەللای نووری توور هێندە جارێک خۆت بە دڵ بنوێنە، مەرگم حەسرەتە
ڕەمز و غەمزەی یەک نیگاهت قەلبی کون کون کردووم بوومە جێی دەسڕێژی تورکان؛ بۆیە جەرگم لەت لەتە!
داغداری ئەلفی باڵات با لە ڕووت مەحرووم نەبێ من کەفیلی وەسڵی جەننەت هەرچی ئەهلی وەحدەتە
زولفی لەرزاند کەوتە سەر ڕوو شادمان فەوجی دڵان قەت لە دۆزەخدا ئەبەد نین، جەننەتین ئەو ئوممەتە
قەت چ دەرگای وا نییە عالی بە شەرتێ بچمەوە با هەزار جورم و خەتا، باز یار! لەسەر ڕووی ڕەحمەتە
چاوی بازی کوشتمی، خەندەی بە ناز هێنامیەوە سەد کە بیمار و نەخۆش بێ، پێکەنینم شەربەتە
با حیجابێکم نەمێنێ لادە تاری زولفەکان تا بەکەی دڵ نامورادی وەحدەتە لەو کەسرەتە
گوڵ بە دەم بادی سەباوە پێکەنی، خۆش بوو جیهان؟ یا لە تەئسیری هەناسەم عەتری بەرقی خەندەتە؟
چاوەکەت با این که خەت هات و بە من ڕوحمی نەکرد ئارێ ئارێ! مەردومی نەوکیسە هەر دوون هیممەتە
من پەرێشانم لەبەر زولفت بە ڕوودا کەوتووم زولف و ڕووی تۆ سونبول و گوڵ، یا کە نوور و زوڵمەتە؟
ئەو بوتەی سەوداسەری کردووم بە زولفی بێمیسال چاو غەزال، باڵا نیهال، ئەبرۆ هیلال، گوڵ وەجنەتە
ئەو گوڵەی شەیدا دڵی کردووم بە لێوی شەککەرین عەنبەرین موو، نەستەرەن بۆ، لالە ڕوو، مەهـ جەبهەتە
بۆ ڕوخی تۆ ڕوو بە ئەبرۆ وەک موژەت دەستەو دوعام ئەی چرای میحرابی ئەهلی قیبلە ڕۆژی ڕەحمەتە
بۆ جەمالی تۆ منیش وەک زولفی سەرگەردانی تۆم ئەی چرای ئیسلام و کافر وەقتی مەردی و مەروەتە
مردم و نەمزانی ئەو ئاورەی منی سووتاند چ بوو حاسڵی سەیر و سلووکی عاشقان هەر حەیرەتە
مردم و هەرگیز نەگەیمە قیبلەیی تاقی برۆت ئاخر ئەی قیبلەی مورادان تا بەکەی ئەم حەسرەتە؟
یار ئەوا بەیعی ویساڵی ڕووی لەگەڵ تۆ کردووە جەننەتی داوە بە ڕۆح، نامەرد وەفایی فورسەتە!

5[edit]

تۆ سەری زولفی بڵاوت زولفی خاوت بامەدە جێی دڵی سەودایییە، چی دی دڵم جەزیا مەدە
من کە بێت ناژیم وەرە ڕوحمت هەبێ نەشکێ دڵم با بینای کەعبە نەڕووخێ، چاوەکەم لێم لا مەدە
عاشقی زولفم بە ڕۆح و دڵ ئەمن جۆیایی تۆم خێری خۆتە دەست لە سینەی مەردی خۆش سەودا مەدە
هەر دەمەی من خاڵی گۆشەی لێوی تەعلیمی دەدام عەیش و نۆش و کونجی تەنهایی بە ڕووی دونیا مەدە
شەو قەرارت دا لەسەر زولفت بە دڵ شادبم بەتۆ لامەدە زولفت وەفات بێ! وەعدەیی فەردا مەدە
با قیامەت ڕا نەبێ، با ڕۆژ نەگیرێ چاوەکەم! توند مەبە! هەڵمەستە پێ، سونبول بە ڕووی گوڵدا مەدە!
چت لە زەوقی دینی دڵبەر داوە! تۆ بی و دینی خۆت! تا بمێنی دەم لە وەسڵی ئاتەشی سینا مەدە
مەرگی من ساقی دڵم بگرە دەمت وا بێنەوە یا کەرەم کە جامی لەب ڕێز، یا شەرابی وا مەدە
نیوە سووتاوم ئەمان، بێ بەس مەکە ئەی تارزەن یا وەفات بێ، یا جەفایی عاشقی شەیدا مەدە
ئەی وەفایی هێندە خوێن مەگری لە ڕووی ئارامی دڵ گەوهەری تۆ وا لە کن تۆ، خۆت بە دەم دەریا مەدە

6[edit]

دڵبەرا! تۆ بی و سەری زولفت بە عاریزدا وەرە کێ دەڵێ ئاخر کە شەو بێڕۆژە، ڕۆژ بێسێبەرە!
تا بە دڵ نووری عیزاری تۆم نەدی زارم نەدی زەڕڕە مەعلوومە کە شەو هەڵبێ لە گۆشەی پەنجەرە
عاشقی بەرگی گوڵم، ئەو مارە بگرە باغەبان ڕۆحەکەم! یەعنی کە کوڵمت بێنە زولفت لابەرە
حەڵقەیی زولفی بە بارێ خستە بەردەم دولبەرم یەعنی عەینی عەنبەرم بەو نوقتە ئەمڕۆ غەم بەرە
هەردوو زولفی خستە سەر دەم شاهیدی ڕوو، دا بڵێن میمی بسم الله لە جەننەت عەینی شەهد و شەککەرە
خەتتی بەر زولفی پەرێشانی بە موژگانی دەڵێ: پادشای حوسنی شکا، تۆزی شکستەی لەشکەرە
تاقە ئەبرۆی تۆ بە خوێنڕێژی بە دوو زولفی سیاهـ خەنجەری زیجەوشەنە عیشوە و ئیشارەی جەوهەرە
تۆ کە ئاوێنەی دڵم دەشکێنی بنوێنە ویسال با هەناسەم نەتگرێ ڕووت واوە بێنی چاترە
چاوەکەت وا تەشنەیی خوێنە بە موژگانی سیات بۆ هیلاکی من دەڵێی مەستێکە دەستەوخەنجەرە
قیبلە گۆڕاوی وەفایی عاشقی سادق نەبی بێ سەفای دڵ، عومرەکەم، ئەو سەعیە هەر دەردیسەرە

7[edit]

غەمزەدەی خۆتم نیشانەی تیری موژگانم مەکە عاشقی ڕووتم، عەزیزم، تیرەبارانم مەکە
بەس دڵم بشکێنە بەو ئەبرۆیە بۆ ماچی دەمت مەمدە بەر تیغ و لەسەر هیچێ لە گریانم مەکە
چیم لە ئەبرۆ داوە من پابەندی زولفم لێم گەڕێ کافری عیشقم، بە قیبلەی خۆت موسوڵمانم مەکە
عاشقی خەندێکی تۆم با بەس بە ئاهـ و ناڵە بم بولبولم پەروانە نیم و حەز بە سووتانم مەکە
دڵ بە من ناکا لەبەر ئاوری دەروونم دێتە جۆش تۆ کە سووتانت نەدیوە مەنعی گریانم مەکە
مەمدە بەر تابووری موژگانت هەتاکوو غەمزە بێ ها بەجارێک بمکوژە، یەخسیری تورکانم مەکە
سەد کەڕەت کوژراوی یار بم لێم مەپرسە ئەی تەبیب دەردی یارم خۆشترە بێهوودە دەرمانم مەکە
عەرزەچی نی تۆ، بەقوربان، پادشاهی عالەمی دادی مەزڵوومان بپرسە، حەیفە بێلانم مەکە
پێم بڵێ: یاقووت و ڕێحان خەتتی کامیان خۆشترە؟ وا عەیارە چاوەکانی، لەعلی خەندانم مەکە
حەقیەتی بەو چاوە کاڵانە کە تاڵانم دەکا تیفلی نادانم لەسەر ماچێک لە گریانم مەکە
پەنجەکەی پاکی لەسەر خوێنی وەفایی بۆتە گوڵ دەمکوژێ و پێشم دەڵێ: ئالوودەدامانم مەکە

8[edit]

دوور لە تۆ بۆ و زولفە دڵ حەققی بەڵا و وەرهەمە بۆ عەزیزی خۆی هەموو کەس وا بە شین و ماتەمە
خاڵی سەرچاهی زەنەخدانت چ شیرینە؟ دەڵێی هیندوێکی تەشنەیی جۆیایی ئابی زەمزەمە
زولفەکەت گرتمی، بەیازی گەردەنت سووتاندمی خوێنی پەروانە بە دەستەی شەو لەسەر ئەستۆی شەمە
شەمعی مەجلیس دەرمەکە پەروانەکەی سووتاوتە هەر ئەوە سەر تا قەدەم بۆت ئاتەشین و مەحرەمە
عوشرەت و عەیشی جیهان خەتمە لەسەر ماچی دەمت هەر سولەیمانە ئەوی دەستی بگا بەو خاتەمە
ساعیدی ئیمدادی پەنجەی دا بە فەتحی دڵ کوتی: سەفشکێنی قۆڵی گورجستانە، فەوجی پێنجەمە
زولف و خاڵی تۆ کە وا شاد بوون بە تۆ عەیبی نییە ئەمڕۆ هەرچی ڕووڕەشە باڵانشین و مەحرەمە
من دڵم بۆ ماچێکی چاوی بە زولفی دا کوتی ئەی پەشیمانم! وەفایی! مەستە سەودای بەرهەمە

9[edit]

مەمکوژە تۆ گەردەنی خۆت ڕووت لە زولفان دەرخەوە ئەی سەبای ساڵحان ئەتۆ بکەی ئەم شەوە ڕۆژ بێتەوە
تاقەتم چوو ئارەقی گەردنت بە زولفان ون مەکە ئەی ستارەی سوبحدەم ئەوشۆکە زووتر دەرکەوە
سووتبووم خۆم دا پەنای زولفت دەمێک ئاسوودە بم ڕووت نیشان دام باز لە سایەی تۆوە ئاورم گرتەوە
زولفت ئەفشان کرد و پەنهان بووی و دونیات کردە تەم خۆت وەدەرنا عالەمت سووتاند و ئاورت کردەوە
با بە هەویای پایبووسیت عومری من کۆتا نەبێ مەیخە پشت گوێ، مەرگی من، بێ زولفەکانت بەردەوە
ئولفەتی زولفت چییە قوربان لەگەڵ ڕوخساری تۆ؟ خۆ بە هیچ دینێکی نابێ کوفر و ئیمان پێکەوە
هاتە سەر خەندە کە من سوڵتانی حوسن و دڵبەرم غایەتی سووڕەت نومای ڕۆژی جەماڵی من شەوە
بای سەبای بەرقەع گوشا بوو؟ یا ئەتۆ بووی خۆت نواند؟ یا نە ڕیزوان دەرکی گوڵزاری بەهەشتی کردەوە؟
من لەبەر عەکسی نیگاهت کەوتووم هۆشم نییە چاوەکەی تۆ هەر نەخۆشە یا نە سەرخۆشی خەوە؟
خارق العاداتی زولف و خاڵ و خەندەی زاری تۆ میشک و عەنبەر، شەهد و شەککەر، لەعل و گەوهەر پێکەوە
زولفی لادا تا دیار بێ جاعیلی لەیل و نەهار ڕووی وەدەرنا تا بزانن خالق الأصباح ئەوە
نەوڕەسیدەی نەخلی باڵای شەرحی حەرفی وەحدەتە نەور و نەکهەت، نوور و زوڵمەت، نار و جەننەت پێکەوە
وەک سەری زولفت دەبێ کێ بێ حیسابی تێک نەچێ گەر بە ناز تۆ بێیە پەی مەحشەر بە چاوی مەستەوە؟
چم لە ئوممێدی بەهەشت و بیمی دۆزەخ داوە من؟ دۆزەخی من هەر فیراقە، جەننەتم وەسڵی ئەوە
لێوەکەت عومرم بوو شەرتت کرد بە دڵ جارێکی دیش وەختە بوو بمرم وەرە عومری دوبارەم پێ بدەوە
خۆش بە ناز ڕامەبرە، قوربان، ئیلتیفاتێکت هەبێ دادخواهـ زۆر کەوتوون نەختێ سەمەندت بگرەوە
تاقی ئەبرۆت دەرخە شادم کا هەتا قوربانی بم عیدی قوربان چونکی شەرتی ڕوئیەتی ماهی نەوە
داخۆ چ بکا پاش خەت و خاڵان سەفی موژگان بە ناز؟ لەشکری تورکان ئەوا هات و فەڕەنگی پێشڕەوە!
ئاهـ و ناڵەی بێقەراریم عالەمی خستۆتە جۆش گوڵ بەناز پەروەردەیە ئەی دڵ دەمێکی بسرەوە
من لە سەر خاکی دەری یاری سەفەرکەردە نەمام نامرم ئەهلی بەهەشتم گەر ژیانم بێتەوە
تۆ هەڵستای بەو دەمە ڕۆحی وەفاییت زیندە کرد با قیامەت کەس نەڵێ هەر یێکە توخودا هەستەوە

10[edit]

تا بە تا لەو ڕۆژە تۆ زولفت بە ڕوودا خستەوە من لە سایەی زولف و ڕووی تۆ ڕۆژی ڕووناکم شەوە
دا بزانن خەت لە دەوری عاریزی هات و کوتی: «هەرچی نەیدیوە شەو و ڕۆژ نوور و زولمەت پێکەوە!»
دڵ لەسەر تاقی برۆی خۆی خستە داوی زولفی خاو قیبلەکەم گۆڕاوە بۆیە پێم بە داوی کوفرەوە
ڕۆحی شیرینم بە چاوان وا بە زاری دەمکوژێ قەد نەڵێ: داخۆ ئەوە فەرهادە یاخۆ خەسرەوە؟
چونکە دڵ عاشق بە ئەبرۆی بوو بە داوی زولفی بەست حەقیە زنجیری بکا دێوانەیی ماهی نەوە
من وەها زوو مەستی مەی نابم بە نەشئەی چاوەکەت مەرگی من ساقی لەگەڵ ئەو جامە لێوت بێنەوە
تۆ وەفاییت کوشتووە ئیسباتی کوڵمی سوورتە ڕۆژ کە گیرابێ نیشانەی قەتڵی مەزڵوومان ئەوە

11[edit]

کار و پیشەی ئەم دڵەم چ بکەم خودا هەر زارییە؟ سەیلی فرمێسکم وەکوو جۆگە لە چاوم جارییە
سەروە یا شمشادە؟ یاخۆ عەرعەرە، یا نارەوەن؟ یا چنارە یا کە تووبای قامەتی دڵدارییە؟
نوختەیی ئایاتی قورئان، یا نە هیندووی خەتتی تۆ یا سەوادی عەینە، یاخۆ خاڵی سەر ڕوخسارییە؟
بێ قسە وەختی تەبەسسوم سەد هەزارانی دەکوشت یا نە غیلمان، یا پەری، یا حوورە، یا گوڵزارییە؟
مات و حەیرانم کە بۆچ ئەمڕۆ دەمی هێنا ئەمە یا نە تەئسیری فوغانە، یا نە وەعدەی پارییە؟
زەخمی ناسۆری قەرارە، یا نە ئێشی خەنجەرە؟ یا خەدەنگی چاوی بیمارت لە جەرگم کارییە؟
دەنگی قووقووی قومرییە، یاخۆ سەڵایی شیوەنە؟ دەنگ و نەغمەی بولبولە یا ناڵەناڵی تارییە؟
ئەشکی دوو چاوی وەفایی سوورە جارێ ئاوییە چونکی لێوی لەعلە گەردەنبەندەکەی مروارییە

12[edit]

چاوی پڕ خوێنم دەگێڕم قیبلەکەم پەیدا نییە نووری چاوم ڕۆییوە یا دیدەکەم بینا نییە؟
وەک نەیستان ئاورێ بەربۆتە دەروونم بەندبەند دڵ کە هەروەک نەی دەناڵێ دەم بە دەم بێجا نییە
ئەی چرا لەحزێک مودارا تێر ببینێ ڕەنگ و ڕووت وەرنە پەروانەی غەریب جان و دڵی پەروا نییە
بۆ نیساری مەقدەمت عومرێکە دەگریم ڕۆژ و شەو تا بەکەی گەوهەرفشانی، چاوەکەم دەریا نییە؟
چی دەکەم، دەگریم، دەسووتێم، ئاوری دڵ نامرێتەوە چ بکەم ئاخر نووری دیدەم، سینەکەم سینا نییە
گەر هەزار جار بێ بە کۆی زووخاڵ بە نووری کێوی توور ئەو دڵە، جۆیایی یەک دیداری وەک مووسا نییە
هات و ڕووی وا کرد و دونیای کردە ناڵەی عاشقان دا نەڵێن نایێ قیامەت، ڕۆژی واوەیلا نییە
حەڵقە حەڵقە تاری زولفت خستە سەر ڕووی نازەنین دا نەڵێن ڕۆژ حەڵقەگۆشی ماهی شەوئارا نییە
پێکەنی مەمنوونی کردم، زولفەکەی دامێ بە دڵ دا نەڵێن شەککەرفرۆشی ئێمە خۆشسەودا نییە
خۆم بەسەر گێڕا کوتم: قوربان پەرێشانی بەسە! سوێندی خوارد بەو زولفە وەسڵم عەینی سەرگەردانییە
مەنعی ناڵینم لە شەوقی گەردەن و ڕووی خۆت مەکە بولبولی سوبحی بەهار بێشین و واوەیلا نییە
دڵ کە بەستەی زولفە لەو لێوانە مەحڕوومی مەکە بێشەکەر ئەم تووتییە ناژی کە هێندوستانییە
گا بە ناز، گاهێ بە غەمزە مەمدە بەر تیغی برۆت کوشتنی عاشق بە هیچ دینێکی قوربان چا نییە
با فریبی من نەدا واعیز بە گوڵزاری ئیرەم عاشقی ڕووی تۆ بە هەویای جنة المأوی نییە
گەر هەموو عالەم بڵێن: مەجنوونە، تا دەمرم دەڵێم: هەردوو دونیا قیمەتی دیداری یەک لەیلا نییە
داد لە دەست حوسنت کە زولفت نابێ بێ ناڵەی دڵان ئارێ ئارێ دائیرەی شاهانە بێغەوغا نییە؟
چت لە وەسڵی زولفی من؟ فەرموو وەفایی ها دەمم تالیبی عەیشی ئەبەد بە، عومری دونیا فانییە
سەد هەزار دڵ پێکەنی وەک گوڵ بەدەم بادی بەهەشت یا هەناسەی جانفەزای گوڵزاری غەوسی سانییە؟
جانشینی حەزرەتی غوث الخلایق قوتبی حەق فەرعی تاها ئەسڵی یاسین نەوبەری گەیلانییە
ڕەوشەنی چاو و قولووبی عاریفە عەکسی دڵی کێوی توورە، مەزهەری نوورە، کلی سوبحانییە
پێی لەسەر شانی هەموو وەلیانە جەددی خۆی دەڵێ جێی لەسەر چاوانە شاهـ و شانشینی سانییە

13[edit]

بریندارە دڵم سەودازەدەی زولفی دڵارامە مەکەن مەنعی دڵی زارم کە وا بێسەبر و ئارامە
بە ناز هات بۆ تەماشای شیوەنی دڵ، پێکەنی فەرمووی: لەگەڵ گریەی سوراحی، نەشئەیی مەی، خەندەیی جامە
موفەسسیر غەمزەکەی ڕێزە و شکستەی زولفی مەعنا کرد دەڵێ: چی کەوتە بەرپێم کافریش بێ سەر بە ئیسلامە
خەتی هات و بەسەرچوو ڕەونەقی زولفی دڵئاوێزی لە تازیەی ئەهلی دڵ گیرانی ڕۆژ مەشهووری ئەییامە
بە مەرگی من هەتا ماوم سەرت وابێنە بیزانم: ڕوخە یا بەرگی نەسرینە؟ لەبە یا شەککەری خامە؟
بە مەحزی ڕوئیەتی زولفت سەرم دانا، دەبێ چ بکەم لەئەم بازاڕە تەرکی سەر کە ئەووەڵ سوود و سەودامە
بە غەمزەی چاو و لوتفی ئەو دەمە ڕۆحم وەبەر بێنە دەمی تۆ ڕۆحی شیرین، چاوەکەی مەستت مەسیحامە
لەشەوقی ڕووت دەناڵێنم لە سایەی گەردەن و زولفت گوڵستان بێسەدای بولبول نییە، گەر سوبحە، گەر شامە
بە تاتا زولف و ڕووی کردە وەفایی پێکەنی یەعنی: شەکەر هەمڕاز و عەنبەر هەمسەر و گوڵ باغی باڵامە

14[edit]

بە ماچێ جان دەبەخشێ، ئەم مەسیحای عەسرە، بیستوومە ئەوا من عاشقی ڕووتم دەخیل دڵ زار و مەزلوومە
ئیشارەم کردە زولفی ڕوو بە ئەبرۆ بۆ چییە؟ فەرمووی: بە قیبلەم نۆ موسوڵمانێکە زەنگی زادەیی ڕوومە
دڵم تیفلی دەبستانی غەمە وا مەیدە بەر غەمزە هەتاکەی تیرە باران؟ ئاخر ئەو مەزلوومە مەعسوومە
لەبەر تاقی برۆت گریانی دڵ بۆ زولفە بەرپا بوو عەجەب ماوم دەڵێن: شەو ڕوو بە قیبلە ناڵە مەحکوومە
لە سیڕڕی حیکمەتی زارت کە نوقتەی جەدوەلی ڕووحە عەجەب ماوم! چ نیکتێکە؟ نە مەوجوودە نە مەعدوومە!
سیەهـ ڕۆژ و نەخۆشی تۆم گوڵم ئاشفتە بوو، یەعنی: بە داوی توڕڕە وایە چی لە دووی دوو چاوی جادوومە
وەفایی وا لە کوڵ دەگری، بە دڵ بۆ گوڵ دەناڵێنێ بە سەد غولغول دەڵێ بولبول لە باغی قیبلە مەحروومە

15[edit]

ئەلا ئەی ساقیی مەستان! بە حەققی پیری مەیخانە بە گەردش بێنە جامی مەی بە یادی چاوی جانانە
ئەمان ئەی موتریبی مەجلیس بە حەققی تاری ڕۆحانی بڵا بێ نەغمەکەی سازت کە ئاوی ئاوری هیجرانە
ئەتۆ ئەی ڕۆحەکەم ساقی، ئەتۆ ئەی عومرەکەم موتریب پەیاپەی لێدە چەنگ و نەی، دەمادەم بێنە پەیمانە
بە تیری غەمزە بملاوێنەوە زولفم لە گەردەن کە بەسەر هاتوومە مەیدانت، بە دڵ بۆت بوومە نیشانە
ئەگەر شەوقی جەماڵی تۆ نەبێ من مەست و حەیرانم لەبەرچی بۆتە بولبول گوڵ، چرا بۆچ بۆتە پەروانە
لە شەوقی تۆیە سەرمەستە، بە زەوقی تۆیە پا بەستە ئەگەر عاریف لە کەعبەیدا، ئەگەر کافر لە بوتخانە
لە شیرینی جەماڵی تۆیە ڕۆژی ڕوونی لەیلایە ئەگەر فەرهادی سەرگەردان، ئەگەر مەجنوونی دێوانە
دەمێکی مەست و بیمارم، دەمێک بێهۆش و هۆشیارم چ کەس نازانی دەردی من، مەگەر ئەو چاوە کاڵانە
دە هەر حەلقێکیدا سەد دڵ گرفتارە دەناڵێنێ سەری زولفی پەرێشانت مەگەر زنجیری شاهانە
هەناسەی عاشقان با نەتگرێ بێمروەتی تاکەی؟ بترسێ ئەی گوڵی نازک بەدەن لەو بایی زریانە
ئەگەر زولفت وەکوو من عاشقی ڕووی تۆ نییە بۆچی: سەراپا تێک چووە کەوتۆتە بەرپێت دەست و دامانە؟
ترازا دوگمەکەی سینەی، بە یاریی زولفی هات غەمزە بەیان بەربوو لەلای چین، باخەبەر بن تیرە بارانە
وەفایی بۆ گوڵێکی سەروباڵا شێت و شەیدایە وەکوو قومری دەناڵێنێ وەکوو بولبول غەزەلخوانە

16[edit]

دڵی پڕ ئێشی من بۆیە وەها خوونابی گریانە هەموو سینەم وەکوو نیشانە جێگا نێشی موژگانە
بە زاری پێم کوت: ئاخر بوردەباری تابەکەی؟ فەرمووی: دەسا دەی بیکوژن یاران، کە ڕۆژی بەردەبارانە
بەڵاگەردانی تۆم، ئەی من بنازم خاڵی ڕوخسارت خەلیلی ئاتەشی نەمروودە، خەتتی سەبزی ڕێحانە
کە تۆ سوڵتانی حوسنی بۆ لە حەزرەت ئەبرووت ڕێت دا لەبەر چاوت کە هیندوو ماڵی کەعبەی کردە مەیخانە
تەبیبی میهرەبان بێهوودە تاکەی دڵنەوازی من؟ وەکوو بۆ خۆم دەزانم هەستە - بیللا - ڕۆژی گریانە
دەڵێ حاڵت لە سەیلی دیدە، سۆزی دڵ چییە؟ قوربان لە دووری تۆ بڵێم چی؟ حاڵی من خنکان و سووتانە
ئەمن لەو شارە کوژراوی خەدەنگی نازەنینێکم فەڕەنگی تینەتە، کافر دڵە، زاهیر موسوڵمانە
بە هیچ وەجهێکی ناوێرم کە نێزیکت ببم، قوربان بعەینە هەر لە من ڕوویداوە حاڵی شەمع و پەروانە
دەخیل ئەی مەحرەمی دەردی وەفایی! خزمە تەدبیرێ ئەوا مەحبووبە چارەی نایێ خۆ کوژرانم ئاسانە

17[edit]

حەریقی ئاوری دووریم، داغداری زولفی جانانە ئەگەر بایێ لە لای قیبلەم نەیێ حاڵم پەرێشانە
نەسیمی سوبحدەم قوربانی نەشئەی تۆزی ڕێگاتم غەریبم، بێکەسم، ڕۆح و دڵم سووتاوی هیجرانە
ئەمن وا لێرەکە و ڕۆحم لە خاکی پاکی بەتحادا حەیاتم بێنەوە ڕاببرە بەو باغ و گوڵستانە
ئەگەر دەریایی ئاور بێ، ئەگەر تۆفانی خوێن هەستێ بە سۆز و گریەیی زارم، بڵێ بەو ماهە تابانە
بە غەمزەی چاوەکەی مەستت هەموو جێی نەشتەرە جەرگم بە موژگانی سیات قەلبم سەراسەر جێگە پەیکانە
بە تاری زولف و گوڵناری جەماڵی تۆ بە ڕۆژ و شەو سەرم دەربەندی سەودایە، دڵم سەرگەرمی سووتانە
دڵم سەوداسەرە و جانم پُر اَز غەوغایە نازانم نە داغی تاری زولفانە، نە دەردی وردە خاڵانە؟
نە خاڵت ڕوحمی پێمدا دێ، نە حەڵقەی دایرەی زولفت عەجەب ماوم! دەڵێی دەوری فەڕەنگی کافرستانە
بە شەوقی ڕووت لە حەلقەی زولفەکەت دێ ئاهـ و ناڵەی دڵ لە سوبحی کازیبەی شەودا چریکەی مورغی خۆشخانە
شەهیدی تیغی ئەبرۆتم بە جەزبەی خاڵەکەی چاوت مەقامم قابەقەوسەینە لە سایەی پیری مەیخانە
هەموو عالەم بە دیدارێکی تۆ قوربانی ئەبرۆتن مەگەر تاقی برۆت، قوربان، هیلالی عیدی قوربانە؟
عیبادەتخانە بەرهەم بوو بە نەشئەی قیبلەکەی ئەبرۆت لە سایەی چاوەکانت ماڵی کەعبەش بۆتە مەیخانە
بە ئاهـ و گریە بۆ سەیری جەماڵی چووم و پێی فەرمووم: تەماشای باغ و گوڵشەن بۆ چییە بەو با و بارانە؟!
خەتی هات زولفەکەی لەرزی لەسەر خاڵی سیا، گۆیا! حەبەش بۆ چین لە تێلی دا کە ڕۆم و هیندە شەڕیانە
بە ناز ڕووی کردە میحرابی برۆ موژگانی دەیفەرموو: کە تۆ لوتفت هەبێ، قوربان، خەراباتیش موسوڵمانە
وەفایی دەردی بێدەرمانە بەو چاوانە نازانم هیلاکی تۆیە؟ یا نە خەستەجانی دەستی پەریانە؟

18[edit]

خەرامان بەو سەری زولفی پەرێشان چیهرە بنوێنە لە گوڵ ڕەنگ و لە سونبول بۆ، لە سەروان جیلوە بستێنە
شەهیدی تاقی ئەبرۆی تۆ بە جەننەت شادە، ئازادە ئەتۆ قیبلەی مورادانی دەمێکی ڕووت وەها بێنە
زەکاتی خاڵی لێوت بووسەیێ لەو چاوە کافیمە ئەتۆ بی و ساقیی کەوسەر دڵم بەو جامە مەشکێنە!
بە زولف و ڕووی گوشاد جارێک بپرسە حاڵی شێواوم دەمێک شەککەر بدە، سونبول بە بادە، گوڵ ببارێنە
دڵم هێناوە بۆ لێوت بڵا زولفت ڕەزای لێ بێ وەکوو قەننادی خۆش سەودا بە، زوو زوو بیدە بستێنە
زەدەی چاوم، لە لێوی خۆت شیفام دە، بەس بە ڕقدا چۆ بە قەترێک ئابی حەیوانت نەخۆشی خۆت مەسووتێنە
ئەگەر سەد ڕۆح و دڵ بێنم مورادی من ڕەوا نابێ لەبی لەعلی بە من نادا دەزانێ ڕۆح چ شیرینە
لە ئەنفاسی سەحەرگاهی بترسێ، ئەی چرا، جارێک هەناسەی عاشقان تیرە، مەڵێ پەروانە بێخوێنە
دەلیلی چاک و پاکی پێ دەوێ وەسڵی ڕوخ و زولفی خودا شادی بە شانەی دا و سەفای جەننەت بە ئاوێنە
لەسەر میحرابی ئەبرۆی کەوتمە زولفی دامیە بەر غەمزە بە جەللادی دەکوت: مورتەدد! حەڵاڵە خوێنی بڕژێنە
سەری دانا لەسەر ڕووی تۆ، بە شوێنی زولفی تۆدا چوو وەفایی ئاخری خێر بێ، دەمێکە بێسەر و شوێنە

19[edit]

دەمێکی هەستە پێ، قوربان، جەماڵت عالەم ئاراکە بزانن نەخلی تووبا، باغی جەننەت، خار و خاشاکە
ئەگەر ڕەنجیدە بووی، قوربان، لە وێرانەی دڵی تەنگم وەرە سەر مەنزەرەی چاوم تەماشای مەوجی دەریاکە
بە ئەمری چاوی بیمارت کە هەر خوێنخوارییە کاری مەگەر تاری سەری زونناری زولفت ماری زەححاکە؟
لە عەینی ئاهـ و سۆز و گریە زولفت هاتە تاراجم شەوی پڕ بەرق و بارش ڕۆژی هیندووی دوزدی ناپاکە
شەهیدی چاوی بازی پڕ لە نازی شاسوارێکم کە گۆی چەوگانی زولفی دائیرەی خورشیدی ئەفلاکە
دڵم شێواوی چاو و زولفتە بەو زارە چارەی کە کە ئەو بیمارە مارانگەستەیە دەرمانی تریاکە
لە ڕووی تۆ دانەما، پەروای شەهیدانی نەبوو چاوت لە ڕۆژی حەشرێ ناترسێ، عەجەب تورکێکی بێباکە!
بە یادی ڕووم دەڵێ بگری، بڵا چاوم لە گریەت بێ بەهاران نم نمی باران بە مەیخواران تەرەبناکە
لە فەهمی جەوهەری خەندەی دەمت عومرم چوو نەمزانی کە سیڕڕی حاڵی ویجدانی وەرایی فەهم و ئیدراکە
لە قەتڵی عالەمی دڵ بۆوە خاڵی ڕووت، بڵا بەس بێ سوهەیلی کارەوانکوژ چی دەوێ بەو ڕۆژە ڕووناکە؟
دەمی هێنا، دڵم کردە نیساری پێکەنی و فەرمووی کە زەڕڕێکیش بێ ون نابێ وەفایی! چاکە هەر چاکە

20[edit]

ئەرێ ئەی زولفەکەت سەر تا قەدەم هەر حەلقە و بەندە چ داوێکە کە هەر داوێکی بەندی سەد خیرەدمەندە؟
کە تۆ هاتی بە گوڵشەندا لە شەرمی زولف و ڕووی تۆ بوون وەنەوشە و گوڵ سەراسەر غەرقی خوێن، مات و سەر ئەفگەندە
خودایا ئەو جەمال و قامەتەی دوورکەی لە چاوی بەد درەختی گوڵ لە نارنج و گوڵ و بادامی پەیوەندە
کوتم: قوربان زەدەی چاوم! شیفای دەردم چییە بیدە؟ دەمی خۆی کردە غونچە و پێکەنی فەرمووی: کە گوڵقەندە
بە خەتتێکی شکستەی زولفی ڕێحانی لە سەر عاریز لە مەعنای ئاتەش ئەم تۆمارە شەرحی زەند و پازەندە
لە عیشقی تۆ هیلاکی ئەو دڵەی دێوانە دوو چت بوون: وەک ئاهوو چاوڕەش و وەک غونچە زاری پڕ شەکەرخەندە
لە ژێر باری غەمی زولفی خەتی هات و ڕەهای کردم ئیلاهی قەت جەوانمەردان نەکەی داماو و دەرمەندە
وەفایی هەرچی بێ، ئاخر، هیلاکی چاوەکەی خۆتە بە چاوی سووکی مەنواڕێ، مەڵێ: مەیخوارە و ڕەندە

21[edit]

سەرگەشتە و شێواوە وەکوو سایە لە دووتە گۆیا سەری زولفت وەکوو من عاشقی ڕووتە
زەنگی و فەڕەنگی سەفی کێشاوە بە قەتڵم غەمزە و موژە دێن بۆ دڵی دێوانە بە جووتە
یاقووتی لەبانت بە کەرەم بێنە تەبەسسوم بۆ تەن ئەوەیە قووەت و بۆ دڵ ئەوە قووتە
نوورانییە عالەم کە لە سایەی سەری زولفت سایەی سەری تۆ سایەیی مولک و مەلەکووتە
هەرچی هەیە جەننەت بە گوڵ و نافە نەنازێ! عەکسی ڕوخ و عەتری شکەن و تایەکی مووتە
غافڵ مەبە بۆ ڕابیتەیی گەردەن و چاوی مەی بگرە «وەفایی» کە ئەمە جام و سەبووتە

22[edit]

ڕۆژی تەرەب و وەختی گوڵ و فەسڵی بەهارە یاران گوڵەکەم کوا کە دەمی بووس و کەنارە
گوڵزاری ئیرەم، سووڕەتی غیلمان، قەدی تووبا گۆشەی چەمەن و ڕوویی گوڵ و پایی چنارە
بنواڕە لە نێو حەڵقەیی زولفی سەری کوڵمی دوو ڕۆژی درەخشانە لە نێو دوو شەوی تارە
هەر لەحزە کە دێ پێدەکەنێ حەقمە کە بگریم پشکووتنی گوڵ مایەیی بارانی بەهارە
بۆ چی نەگریم کوشتەیی سەد غەمزە خەدەنگم؟ من یێک و نیزامی حەبەشیزادە هەزارە
بەو زولف و موژە مەمکوژە هەردەم بە جەفایێ جارێ لە تەنافم مەدە جارێ لە قەنارە
بەو قامەتە حەیرانی شکۆفەی قەد و باڵام قەد نارەوەنە و باغی گوڵان باغی هەنارە
سووتاوم و شێواوم و سەودایی و مەستم بەو عاریزە بەو پەرچەمە بەو چاوە خومارە
گوڵدەستە، نیگەهـ مەستە، دەهەن پستە، گوڵئەندام زولفی کە هەموو داوی دڵی عاشقی زارە
بەو دوو مەمە زولف و ڕوخی تۆ نۆبەری سەرون هەر عەترە بە تا هەر گوڵ و نارنجە بە بارە
پرسیم: چییە؟ تەبخاڵە لەسەر ئەو لەبە؟ فەرمووی: جێی ماچی وەفایی ئەوە نیشانەیی پارە

23[edit]

تا خەندەیی گوڵ کاشیفی ئەسراری نیهانە زارت لە تەبەسسوم نەکەوێ قەت لە زەمانە!
زولفت چییە وا تا بەری پێ حەلقە بە حەلقە یا نە شەوی هیجرانە کە زیندانی دڵانە؟
تۆی پێدەکەنی زەوقی دڵانی بە هەناسە؟ یا عەترە دەبارێ؟ ئەسەری باغی گوڵانە
قوللابی موژەت گرتمی ڕووی کردمە ئەبرۆت یەعنی کە ئەوە قیبلەنومای ئەهلی دڵانە
تۆ ڕۆژی درەخشان و ئەمن شەو وەکوو زولفت سەرگەشتە لە دووی تۆ دەگەڕێم: خانە بە خانە
گریانی دڵانە لەسەر ئەو زولفە بە ڕوودا یا ناڵەیی مورغانی شەب ئاوێزی بەیانە؟
باعیس بە جودایی لە بەهاری گوڵی ڕووتە بێ ڕەنگیی ڕەنگم کە وەکوو ڕەنگی خەزانە
هێشتا دڵی من نادەیەوە هەر لە جەفادای بۆ تیری هەموو دەرد و غەمت بوومە نیشانە
بولبول لە زبان کەوت و بووە خوێن پەڕی گوڵ، گوڵ جارێکی نەپرسی: کە چ فریاد و فوغانە؟
حەیرانی برۆ و خاڵی لە ڕووی تۆیە وەفایی بۆ چی حەرەم ئاتەشکەدەیی پیری موغانە؟

24[edit]

ئەی حوسنی ئەزەل، دا نەفەسێ خۆت بنوێنە ئاوێنەیی ڕووی خۆتە دڵی من مەشکێنە
کەوتوومە شکەنجی سەری زولفت بە تەمای ڕووت یاریم کە نەکەی چووم بە تەلیسماتی خەزێنە
عالەم هەموو ڕەنگینە لەبەر عەکسی جەماڵت هەر ڕەنگە بە ڕەنگێکی هەزار ڕەنگە نوێنە
چونکە سەبەبی دەوڵەتی خەندەی گوڵە باران ئەی دیدهـ! هەتا هەی بگری، خوێن بڕژێنە
چونکە شەرەفی قوربی بەقا وا لە فەنادا ئەی دڵ وەرە تا زیندووە بی، خۆت بمرێنە
سووتاوە دەروونم، وەرە ئەی بادی بەهاری زیندووم کەوە بێنێکی لە غونچەی دەمی بێنە
ڕاببرە بە دامان و خەیابانی یەخەیدا نەختێ لە گوڵ و سونبول و نەسرین بوەشێنە
مومکین نییە لەو چاوە نەجاتی دڵی زارم ئەو مورغە بریندارە گرفتاری شەهێنە
عەینی کەرەم و مەرحەمەتە هەرچی بفەرمووی لوتفت نییە جارێ بە جوێنم بدوێنە
دەمکوت: کە خەتت بێ دڵی خۆم نادەمە چاوت نەمزانی کە مەی فەسڵی بەهار تۆبە شکێنە
خۆی داوەتە زولفت لە دوو لا گۆشەیی ئەبرۆت میزان کە دڵان هێندە دەبا سووچی شەهێنە
فەرموویە: وەفایی بە دڵی تۆیە ویسالم قوربان هەر ئەتۆ و دڵ؟ وەرە ڕۆحیش بستێنە!

25[edit]

ڕۆحم بە فیدات ئەی گوڵی گوڵزاری مەدینە لوتفت هەبێ ڕوو وا بکە مەقسوودی مە، دینە
بەو جێگە بوویتە شەرەف و قورب و مەقامت لوتفت ببێ بمبەخشە وەرە جورمێ مەبینە
دەرمان مەکە، هاتوومە حەکیمی هەموو دەردان! دەرمان بکە جەرگم کە هەموو کۆنەبرینە
عومرێکە دەناڵم بە ئومێدی گوڵی زارت جارێکی بفەرموو کە چ هاوارە؟ چ شینە؟
فەڕزەن هەموو دونیا من و عومری خزرم بوو بێ جەننەتی ڕووی تۆ چ حەیاتێکە؟ چ ژینە؟
ئیحسانی گوڵ و خاکی دەری پاکی لە چاودا بۆیێکە فەلەک تا هەیە چاوی لە زەمینە
ڕەوشەن بکە چاوم بە کلی خاکی دەری خۆت بەو عیززەتە فەرشی قەدەمت عەرشی بەرینە
زولفت لە دوولا شاد و گوشادن بە جەماڵت کوا ئەهلی شیمالی؟ هەموو ئەسحابی یەمینە
مەوقووفی نیگاهێکە بفەرموو بە تەڕەححوم ژەنگاوییە ئاوی نییە ئاوێنەیی سینە
پابەندی ئیشارێکە دەری کە لە دەروونم خودبینی و بوخل و حەسەد و نیخوەت و کینە
بەو خاڵ و خەت و سووڕەتی گیسووی هەتە حەقیە مانی کە پەرێشانی سەنەمخانەیی چینە
نایدەم بە هەموو دەوڵەتی دنیا و قیامەت جارێ بە وەفایی کە بڵێ کەلبی ئەمینە

26[edit]

لەمحەت بە سەفا نیوەیی ماهێکی تەمامە دڵ عاشق و سەودائییە ماهێکی تەمامە
حەڵقەی سەری زولفت لە دو لا چەتری عیزارن دەوری وەرەقی لالە و گوڵعەنبەری خامە
بۆ قەتڵی دڵم بۆتە دو سەف لەشکری موژگان دوو نەرگسە فەرماندەری سوڵتانە نیزامە
ئەو ڕۆژە کە دیم توڕڕە لەسەر عەنبەری خاڵی زانیم ئەوە بۆ سەیدی دڵم دانە و دامە
پێم کوت: وەرە بۆ خۆت بە دەمت بمکوژە! فەرمووی: مومکین نییە ئەو ئەمرە لەسەر چاوی سیامە
بەو پەنجە کە ڕەنگی دڵە ساقی کە ئەتۆبی پەیمانەیێ زەهرم بدەرێ عەینی شیفامە
بۆ کوشتنی من دەست مەدە خەنجەر، بە فیداتم، لەو خونچەگوڵی وەک دەمە یەک ماچی تەمامە
من تالیب و دڵ ڕەهڕەوی نێو زوڵمەتی زولفت خاڵت خدری زیندە، دەمت ئابی بەقامە
قوربانییە ئەو ماهە تەمامە وەرە قوربان قوربانی سەرت بم بە دڵ ئەو ماهە تەمامە
پێم کوت بە نەسیمی سەحەر ئەی پەیکی وەفایی مروەت نییە گوڵ هێندە لەسەر جەور و جەفامە
گوڵ هاتە شەکەرخەندە بەدەم بادی سەباوە فەرمووی وەفایی کە جەفا عەینی وەفامە
مەتڵەب نییە شیعر و غەزەل و بەیت و قەسیدە مەنزووری وەفایی کە لەگەڵ کاکە سەلامە

27[edit]

ئەو زولفە دوتایە چ تەلیسمێکە چ دامە؟ سووتاوە ئەوی پوختەیە بەو عەنبەرە خامە
دڵ کەوتە سەری زولفی لەبەر جەزبەیی خاڵی وەحشی سەبەبی دانەیە پابەستەیی دامە
دەستم بگری تۆ کە بە جامێکی سەبووحی بەو چاوە، ئەگەر پادشەهی شامە، گەدامە
شەیداییی من غەمزەیی ئەو چاوەیە باعیس سەرمەستیی من جوملە لەبەر نەشئەیی جامە
بۆ قەتڵی دڵم بوونە دوو سەف لەشکری موژگان ئەو نێرگسە فەرماندەری سوڵتانی نیزامە
لەو زولفە بڵاو و سەفی موژگانە دەلەرزم مەعلوومە کە شەو لەشکری بەرگەشتە بە سامە
بۆ ماچی دەمی کوڵمە لە نێو پەرچەمی خاوی لەو زوڵمەتە بۆ ئابی بەقا نووری چرامە
عومرێکە دەناڵم بە دڵ، ئەو قەدگوڵە نەیکوت: ئەو بولبولە - ئاخر - بە تەمای میهر و وەفامە
بۆ کوشتن ئەتۆ دەست مەدە خەنجەر لە وەفایی لەو غونچەگوڵەی وەک دەمە یەک خەندە تەمامە

28[edit]

ئەی سەبا! تێک مەدە تۆ پەرچەم و کاکۆڵی گوڵە زولف و کاکۆڵی گوڵە مەسکەنی سەد پارە دڵە
ڕامی دامم نەبوو هەرگیز بە فسوون دڵ بووە خوێن گوڵە سەرمەستە غەزاڵێکی عەجەب وەحش و سڵە
چییە ئەم نوقتە کە وا بۆتە نیشانەی دەمی تۆ؟ نوقتەیی هیچە کەچی نوکتەیی سەد ئاهی دڵە!
دەمی خەندە و قسەیی ماچی دەم هەرزانە بە ڕۆح دەم و خەندەی نوقوڵستانە قسەی وی نوقوڵە
وەرە بڕوانە دڵم ئەی گوڵە! بۆ زاری گوڵت بولبولێکە چ حەزینە، چ لە گریان بە کوڵە؟!
قەت بە دڵ یاری وەفایی نەبوو، حەیرانم ئەمن دڵ کە مەعلوومە یەکە بەس گوڵە بۆ چی دوو دڵە؟!

29[edit]

چ تەلیسمێکە؟ چ سیحرێکە؟ چ سەودایێکە؟ سەری زولفت کە دوسەد چینی بە هەودایێکە
ناڵەناڵی دڵی سەودازەدە لەو پەرچەمەدا ئەوە نیشانەیە دێوانەیی سەودایێکە
وەرە مەنواڕە بە سووکی لە نیساری قەدەمت ئەشکی دیدەی تەڕی من گەوهەری دەریایێکە
ئەی شەکەرلەب کەمەری تۆ چییە بەو مەحکەمییە کە هەزاری وەکوو من بەستەیی هەودایێکە
نێرگسە غارەتی دین، پەرچەمە شێواویی دڵ هەر یەکە ئافەت و فیتنەی سەری مەولایێکە
کوشتەیی تیغی غەمی، کافییە ماچێکی دەمی بەڵێ ئەو دولبەرە لەو عەسرە مەسیحایێکە
مەنعی ناڵینی وەفایی مەکە مەجنوون سیفەتە ئاخر ئەو غەمزەدە پابەستەیی لەیلایێکە

30[edit]

دڵی دێوانە لەسەر زولفی لە عالەم بەرییە قەد ڕەهایی نییە لەو داوە کە بەستەی پەرییە
بە وەفا بە کە دەشمکوژی بە میهرم وەرە سەر دا نەڵێن عاشقی بێمیهر و وەفا سەرسەرییە
چت لە دڵ داوە عەزیزم وەرە نێو دیدەیی من دڵ هەموو ئاورە، چاو مەنزەرەیی دوودەرییە
چاوی بیماری تەبیبی هەموو دەردی دڵمە غەمزە دەرمانییە، پەیکانی موژە نەشتەرییە
قامەتی تۆ کە گوڵ و بەی بەری بێ، بێ بەری بێ بۆچ دەڵێن ئیدی سنەوبەر بەری بێ بێبەرییە؟
بۆیە سووتاوم ئەمن عاشقی بەدناوم ئەمن دڵەکەم غەمزەدەیی غەمزە و نازی پەرییە
ڕوو بە ئەبرۆتە ئەگەر بۆ چی دڵ ئازارە موژەت؟ ئەهلی قیبلە عەجەبا وا ڕەوشی کافەرییە
سەروی گوڵزاری وەفایییە کە گوڵزاری جەمال خەندەگوڵ، گوڵ بەرییە، هەم گوڵە هەم گوڵپەرییە

31[edit]

سەروە یا عەرعەرە یا تازە نیهالی چەمەنە؟ یا ئەوە گوڵبونی باڵای گوڵی گوڵزاری مەنە؟
عاشقی زولف و ڕوخی سەرسەری یارێکم ئەمن چاوی بیمارە، گوڵی زارە، قەدی نارەوەنە
قەدی سەروە بەری هێناوە کە میوەی دەمی وی ناری پستانە، گوڵی نەوڕەسە، سیبی زەقەنە
بە هەوای باغی گوڵانی کە دەنازێ حەقیە گوڵی من گوڵ دەمە، گوڵ چەپکەنە، گوڵ پیرەهەنە
دڵ کە کوشتەی ڕوخیە بەستەیی زولفە دەگری شەوی هیجرانە دەڵێی ناڵەیی مورغی چەمەنە
ئەشکی من چونکە لە سەرچاوەیی دڵ دێتە دەرێ ڕەنگی گوڵنارییە مرواریی خاکی یەمەنە
زولفی لەرزانی بە سەر چاوی بە دەم بادی وەزان میشکی تەڕ، عەنبەری تەڕ، چەتری غەزاڵی خوتەنە
کوشتنی بولبولی مسکین چییە؟ پشکووتنی گوڵ مەتڵەبت کوشتنی عاشق نییە، تۆ پێمەکەنە
دڵ و دینم لە بەهای ماچی دەمی داوە دەڵێ: لە وەفایی مەگرن عاشق و مەجنوونی مەنە

32[edit]

ئەی خۆش خەبەر نەسیمی سەحەر پەیکی عاشقان ئەی قاسیدی نیازی هەر ئاوارە وا وەرە
دیدەم ببینە هەروەکوو دوو چاوی پڕ لە خوێن سینەم ببینە هەروەکوو کوورەی پڕ ئاورە
گەر ئاوی سەیلی دیدە نەبێ سینە سووتووە گەر تاو و جۆشی سینە نەبێ دیدە مضطرە
سووتاوی تاوی سینەم و غەرقی نێو ئاوی چاو لوتفێ بفەرموو چارەیێ لەو ئاو و ئاورە
وەک «نەهری» چاو و مەشعەلەیی دڵ بڕۆ بە تاو بۆ ئەو دڵبەرە کە گوڵبەرە پەیغامی دڵ بەرە
«نەهری» کە جێگەیێکە هەموو خاکی سوورمەیە «نەهری» کە جەننەتی گوڵ و گوڵئاوی کەوسەرە
«نەهری» غوباری عەترە بوخاری بوخووری ڕووت خاکی تەڕی کە وشکە هەموو میشکی ئەزفەڕە
«نەهری» وەهایە «با» لە گوڵاو و گوڵئاتەشی عەنبەرفرۆشە خاکی لە کەوسەر موخەممەرە
«نەهری» کە خولدە نەهری ڕەوان سەلسەبیلیە «نەهری» کە پاکی دار و دەوەن پاکی عەنبەرە
«نەهری» کە خاکی قیبلەمە گوڵزاری گوڵبەرە «نەهری» کە شاری دیدەمە جێڕاوی دڵبەرە
دڵبەر بە لوتفی حەزرەتی باری مەتیبە گوڵبەر بە نووری ڕەحمەتی داوەر مونەووەرە
دڵبەر کە سەروی نەوڕەسی باغی سیادەتە گوڵبەر کە نەوشکۆفەیی ڕەوزەی پەیەمبەرە
دڵبەر کە وا لە گوڵبونی یاسین شکۆفەیە گوڵبەر کە وا لە گوڵشەنی تاها سنەوبەرە
ئەو تاقە نەسڵە ئەسڵی لە جووتێ فریشتەیە دوڕڕی یەتیمە زادەیی بەحری دوو گەوهەرە
ئەو شەمعە زەینی مەحفەلی شەمزینە ڕەوشەنە ئەو شەمعە خۆ موبەرهەنە ئەو نوورە ئەزهەرە
فەیزی جەسیمە، خولقی بەسیمە، عەتای عەمیم بۆ لوتفی جوود و مەرحەمەت ئەو سەدرە مەسدەرە
بەحری دڵی کە وادی ڕووناکی ئەیمەنە جێگای زوهووری مەرحەمەت و نووری داوەرە
نەوری حەدیقەیە کە لە عیرفان موتەییەبە نووری حەداقەیەکە بە ڕەحمەت مونەووەرە
سەر تا قەدەم بە نووری خودا ڕۆشنە بەڵێ ئەو نەخلە بۆ تەجەللییە، ئەو نوورە مەزهەرە
ئەبرۆی مەحەببەتی ئەوە میحرابی خانەقا توڕڕەی مەوەددەتی ئەوە میعماری مینبەرە
کەعبێکە خانەدان کە هەموو خەلقی تائیفە قیبلێکە ئاستانی هەموو ئەهلی زایەرە
بەیتی ئەوێ چ بەیتە؟ مەڵێ پاکە! جەننەتە خاکی ئەوێ چ خاکە؟ مەڵێ چاکە! عەنبەرە
گەر سەر نە خاکی مەقدەمی ئەو ڕۆحە پاکەیە گەر دڵ نە تۆزی ڕێگەیی ئەم شەخسە تاهیرە
سەر خاڵییە لە مەعریفەت و دڵ لە ئەهلییەت بیللا نە دڵ دڵی منە، حاشا نە سەر سەرە
ئەی پەیکی شارەزا! بە ئەدەب ڕوو بکە حەزرەتی پەردەی عەرووسی عەرزی من ئاهێستە لا بەرە
دەستێ بدە لە دامەنی بگری بە زاری من بۆیێ بکە لە مەقدەمی پاکی کە ئەنوەرە
چاوم لە دووری نووری جەماڵی، بە خاڵی تۆ خاڵی لە نووری بینشە دایم موسەییەرە
سینەم لە شەوقی میهری کەماڵی کەماڵی تۆ سینە چ سینە؟ نا، وەکوو سینا پڕ ئاورە
یاخۆ گڵێ لە خاکی بەری پێت بە بابدە یاخۆ گوڵێ لە تووتنی خۆت، بیخە ئەم بەرە
بۆ دیدە ئەو موفەڕڕیحە هەر عەینی سورمەیە بۆ سینە ئەو موفەڕڕیخە ئارامی دڵ دەرە
ئەو تووتنە کە مەیلی وەکوو دڵ بە سووتنە ئەو تووتنە کە ڕەنگی وەکوو عاشق ئەسفەرە
ئەو تووتنە کە زێڕی بەر دووکانی غەزنەیە ئەو تووتنە کە خۆشە لەتیفە و موعەتتەرە
تا تووتنی لەتیفە دەگاتن لە هاتنێ دوو چاوی پڕ لە خوێنی وەفایی لەبەر دەرە
تا شەو وەکوو ڕەواقی دڵم تەنگ و تیرەیە تا ڕۆژ وەکوو ویساڵی گوڵم هەر مونەووەرە
زەڕڕێک لە میهری تالیعی تۆ بێ کە سەروەری نوقتێک لە بەختی دوژمنی تۆ بێ کە بەدفەڕە

33[edit]

بەم ڕوخ و لەب مەیلی گوڵستان مەکە هەتکی گوڵ و غونچەیی خەندان مەکە
جانی عەزیزم بەسەری زولفی خاو! یووسفی دڵ چی دی لە زیندان مەکە
بمکوژە بۆ خۆ نە بە دوو چاوی مەست قەتڵی منی خەستە بە مەستان مەکە
دڵ مەدە زولفت بە تەمای کوشتنم یاریی کافر لە موسوڵمان مەکە
گوڵشەکەری زار و عیزاری دەوێ تیفلی دڵم حەیفە لە گریان مەکە
حەیفە لەسەر خاڵی دەمی ئەی خزر ئارەزوویی چەشمەیی حەیوان مەکە
تووتیی دڵ زاری قسەی زارتە مەنعی لە قووتی شەکەرستان مەکە
حاڵی وەفایی، گوڵە باتێک نەچێ سونبولی ژوولیدە پەرێشان مەکە

34[edit]

قەد گوڵ و ڕوو گوڵ و دەرمانی گوڵە ڕاستە ئەمڕۆ گوڵە خەرمانی گوڵە
تا بە تای زولفی کە شێواوە بە ڕوو سونبوڵستانی گوڵستانی گوڵە
ڕۆژ بەدەرناکەوێ تا سوبحی عیزار هەڵنەیێ شەو کە لە گریانی گوڵە
بۆ دڵی شیفتە بۆ چی بگریم؟ بەستەیی چاو و زەنەخدانی گوڵە
زولفی تورکانە لەسەر عاریزی یار ئەوە چەتری سەری سوڵتانی گوڵە
ڕوو بە میحرابی برۆ پەرچەمی خاو کافری تازەموسوڵمانی گوڵە
عەتری خەندەی گوڵی باغانە کە دێ، یا هەناسەی دەمی خەندانی گوڵە؟
غولغولەی شۆری وەفایی کە دەڵێی بولبولی گۆشەیی بوستانی گوڵە

35[edit]

لەسەر چی لێم زیزی چ بووە؟ چ قەوماوە؟ دەمم لە ڕووی تۆ دا، کابە نەڕووخاوە
چ کێوی توورێکە چ شوعلە نوورێکە دڵم لە تاوی ڕووی تۆ ئەگەر نەسووتاوە؟!
چ بەرق و بارانە چ گوڵبەهارانە؟ چاوم لەبەر خەندەت ئەگەر نەگریاوە
نە زولفی جادووتم نە خاڵی لای ڕووتم عەزیزەکەم بۆ چی ئەمنت وەلا ناوە؟
چ بکەم کە هەر نەگریم لە دەست ئەو چاو کاڵە؟ شەهید بە هیچ وەختان خوێنی نەوەستاوە!
لەبەر هەناسەی من زولفی لە ڕوو لاچوو مەگەر نەسیم ئەنگووت؟ بەیانی بەرداوە؟
بە زاری خۆی داخۆ پرسی لە من ئاخۆ گوڵ بوو وەها پشکووت؟ شەکەر بوو دەتواوە؟!
بە تاری زولفانت ئەمن وەها شێواوم سەبر و قەراری من ڕۆیی نەگەڕاوە
لەبەر شەکەرخەندەت ئاورم وەها کەوتێ سۆز و گودازی من نەی بوو نەشێراوە
سۆراغی دێوانان، چراغی پەروانان شەڕابی مەیخانان، خوماری ئەو چاوە
ئەتۆ و گوڵی بۆ خۆت کردت بە ئاوێنە ئەتۆ و دەمی فەرمووت بەو ئاوە کووژاوە
ئەی ڕۆژی شەوگەردان، ڕووی تۆ لەنێو پەردان شیفای هەموو دەردان، بە خەندەت هێناوە
تۆ و زولف و خاڵی خۆت، ئەتۆ و جەماڵی خۆت کە شەو بە تاریکی لەو ڕۆژە گیراوە
بەو ئاڵ و واڵایە، بەو بەژن و باڵایە کە زاتی ئەسمایە، کە وەحدەتی ناوە
یەخسیر و بەندی تۆم، لەدووی کەمەندی تۆم بە زولفەکان جارێ بفەرموو بەولاوە
فەرمووت: دەبێ بگری، سەبر و قەرار نەگری ئەمرت لەسەر عومرم، حوکمت لەسەر چاوە
بە تیری ئەو شۆخە چلۆن نەناڵێنم؟ برینی تیراوێ بە ئێش و زووخاوە
فەڕزەن ئەمن شێت بووم ڕووم نەبوو نەمزانی هەمیشە خۆ پاشا ڕووی بە گەدا داوە
بە غەمزە کوشتوومی، بە شێوە گرتوومی دەشڵێ: وەفا مەگری، شەهید نەشۆراوە
دەمێکە ڕەنجوورم، لە یاری خۆم دوورم شەماڵ دەخیلت بم، وەعدەی دوعا و سڵاوە
بڕۆ بە زاری من، بڵێ بە یاری من: دوور بێ لە حاڵی تۆ، ڕۆحم بە نێو ماوە
ئەتۆ کە ڕێزانی چۆڵ و بیابانی دەستی من و دامانت وەفایی داماوە!

36[edit]

لەبەر نازی چاوبازان خورد و خەوم خوێناوە بە تیری تیرەندازان چ بکەم جەرگم بڕاوە؟!
شێت و شەیدا و سەحرایی، دەگریم هەروەک وەفایی چ بکەم لە دڵەی سەودایی، پەرییان دەستیان لێداوە؟
لە سەر تاقی دوو ئەبرۆت مەیلی زولفان دەمکێشێ خۆ وەختە من کافر بم، چ بکەم قیبلەم گۆڕاوە
عیشوەی ڕووی تۆ هەر خۆش بێ، موشکل گوشا و سەرخۆش بێ بزووت بادی نەورۆزی، گرێی زولفت کراوە
ئەی ئاوێنەی دڵبەری، زارت گوڵ زولفت زەڕی با هەناسەم نەتگرێ، ڕووی خۆت بێنە بەم لاوە
زولفت جێی بێقەراران، ڕووت ڕۆژی شەوبێداران ئەمان ئەی شای گوڵزاران، ڕوحمێک تا ڕۆحم ماوە
بەس عومری من بە بادە، ڕووت بێنە زولفت لادە دڵ بۆیە نامورادە، بەو شەوە ڕۆژ گیراوە
با شەو بڕوا سەحەر بێ، باغی گوڵان وەبەر بێ گەر تۆ مەیلت لە سەر بێ، کافر ئیسلامی ناوە
دەستم لە تای زولفت دا بەم باڵایە نەمزانی بۆچ دەمکوژی خۆ قوربان پردی قیامەت نەپساوە؟
لەبەر چاوت نەمزانی، بێ باغەبان گوڵچینم مەست بووم هۆشم لێ نەبوو، دەمم بۆ ڕووت هێناوە
هاتم بە بۆنەی خاڵت، تووشی داوی زولفت بووم تەیرێکی نابەڵەد بووم نەمزانی دانە و داوە
ئەمڕۆ سەبای مورادان کاسی کردم نەمزانی: نە عەتری نافەی چینە، نە بۆنی زولفی خاوە؟
لە سایەی چاوەکانت بوومە ڕەندی خەرابات لەلای پیری مەیخانە خەرقەم لە گرەو مەی ناوە
تو خودا دڵم مەشکێنە، با بزانم ڕووت وا بێنە ڕووتە یان گوڵ هەنارە؟ لێوتە یان شەکری خاوە؟
وەقتێ ئارەق دەڕێژێ بۆ کوشتنی وەفایی بە گوڵی کوڵمی سوێند دەخۆم گەردن شووشەی گوڵاوە
لە دەردی بێ دەرمانی، کەوتوومە سەرگەردانی بە جوابی لن تراني چ بکەم ڕۆحم سووتاوە
قەیتانی دوو لێوانت بەندی جەرگی پساندم کوفرت لەلام زاهیرە ڕوحمت لەلا نەماوە
سڵاوم کرد لە یارم، بە دڵێکی غەمگینەوە بە لەفزێکی زۆر شیرین جوابی سڵاوی داوە

37[edit]

چین چین و تاتا گرێی زولفی حەریری بکەوە دین و دڵان مەسکە ڕیێ میسک و عەبیری بکەوە
چەند خۆشە بۆسە کردن، پێکەوە دەست و گەردن ئیدی هەتاکوو مردن بە شەهد و شیری بکەوە
هیلاکی غەمزە و برۆی، شاد و شەهیدە بۆ خۆی ئەی دڵی ڕەنجەڕۆ بۆی، شیر و تیری بکەوە
گەر وەکوو زولفی سیای، حەلقە ببەستن سەفای بمرە لەبەر خاکی پای، هەر بە ئەسیری بکەوە
لە مێژە بێحاسڵم، تاکەی بناڵێ دڵم؟ بولبولی خۆتە گوڵم، جارێکی بیری بکەوە
دڵ کە لە تۆ زیز بووە، خوێن وە سەری کەوتووە تیفلە گڕووی گرتووە، بەو مەمە ژیری بکەوە
چاو مەستە ڕوو گوڵدەستە زاری خۆت کردە پستە فەرمووی وەفایی هەستە بەس بە زویری بکەوە!