دیوانی وەفایی/ۆ
Appearance
1
[edit]ئەی جەننەتی عەیشی ئەبەدم ڕێگوزەری تۆ | نووری نەزەرم، تاجی سەرم، خاکی دەری تۆ |
بەو قامەتە خاڵ و خەتی ڕووی تۆ کە دەبینم | هەر گوڵشەنی فیردەوسە بە نەخلی شەجەری تۆ |
سەروی سەهی، قوربان! ئەگەر ئازادە ئەدی بۆچ | بادام و گوڵ و سونبول و نەسرینە بەری تۆ؟ |
دەدرەوشێ لە نێو زولفی ڕەشت ئارەقی گەردەن | خۆ هەر شەوە پەیدا بوو ستارەی سەحەری تۆ؟ |
نازانم ئەتۆ بۆ چی بە لەب و قامەتی شیرین؟ | غونچەی شەجەری، یا نە گوڵی نەیشەکەری تۆ؟ |
ئەو چاوە کە وا مەستە بە حوسنی ڕوخی زیبا | داخۆ چ بکا فیتنەی دەوری قەمەری تۆ؟ |
توخودا دەمەکەت دەرخە لە نێو توڕڕە بزانم | تامی چییە ئەو حوققەیی شیر و شەکەری تۆ |
خۆ سەیدی حەڕەم قەتڵی حەرامە! ئەدی زولفت | کافر کە نەبوو بۆ چی منی کوشت لە دەری تۆ؟ |
ئەو ڕۆژە بە زوننارەوە من چوومە خەرابات | زولفت منی کێشا بە ئیشارەی نەزەری تۆ |
بۆ من کە نەبێ وەعدەیی دیداری جەماڵت | چ بکەم لە بەهەشت و نەزەری حوور و پەری تۆ؟ |
قەت گوڵ بە ڕوخی تۆ نەبووە، سەرو بە باڵات | سەروێکە ڕەوان بەخشە گوڵی سیمبەری تۆ |
بۆ قیبلەیی لای ڕووتە هەموو سەعیی وەفایی | عومرەم بە خودا عەینی سەفا وا لە دەری تۆ |
2
[edit]پەنجەی لە حەنا بەستووە ئایا گوڵم ئەمڕۆ؟ | دەستی لە دڵی کوشتەیی خۆی خستووە یا خۆ؟ |
باکم دڵ و ڕۆحم نییە تۆ زیز مەبە قوربان! | ئەو ڕۆحە بە سەرگەردی سەرت بێ وەرەوە تۆ |
پەیوەستە غەریقی ئەسەری ئاتەش و ئابم | بۆ ئابی ڕوخت سینەمە وەک مەجمەری پشکۆ |
تۆ بی و سەری خۆت مەمخەرە زیندانی جودایی | خوێنم نییە، ها! بمکوژە بەم خەنجەری ئەبرۆ |
بولبول سیفەت هەر لەحزە لە دەوری گوڵی زارت | ناڵینمە هەی ڕۆ! گوڵەکەم ڕۆ! دڵەکەم ڕۆ! |
بۆ چی نەگریم هەر دەمە بۆ حاڵی وەفایی | جان خەستە و دڵ عاشق و دڵدار جەفاجۆ |
3
[edit]سەرابستان خەرابستانە ئیمڕۆ | بەهاری عەیشی مە زستانە ئیمڕۆ |
بە زەردی پاییزی ڕەنگم دیارە | بە خاڵی ڕووتە تابوستانە ئیمڕۆ |
ژیانی عومرەکەم بێتۆ زیانە | گوڵستان بۆم بە خارستانە ئیمڕۆ |
تەواوی زیندەگانیت بێوجوودت | سەراپا وەک قومارستانە ئیمڕۆ |
کە نارستانی عیشقت بۆ تەجەممول | ئەوێستا نەوعی شارستانە ئیمڕۆ |
هەتاوی خاکی گەرمێنت بە من چی؟! | لە بۆ من هەر وەکوو کوێستانە ئیمڕۆ |
گوڵی من بێنەزیرە، تۆ تەماشا | ویلایەت پاکی باغستانە ئیمڕۆ |
خەدەنگت کاری ئەژماری بە میقیاس | هەموو مێشە و چنارستانە ئیمڕۆ |
وەفا مەزلوومی بەیرووتە بە ڕووتی | هەتیوی شاری کوردستانە ئیمڕۆ |
4
[edit]عەزیزم ڕۆحی شیرینم لە من بۆ چی کەناری تۆ؟ | وەرە سەر هەردوو چاوی من کە سەروی جۆیباری تۆ |
لەسەر چاکی گریبانت سەبا شێت بوو وەکێوان کەوت | کە ڕێی کەوتە خەیابانی گوڵ و باغی هەناری تۆ |
نەخۆشی چاوەکانت بووم و خەندەی تۆ سەبووری دام | شیفای بیماری خۆت دا، گوڵشەکەر باری لە زاری تۆ |
لەلایێ تارە داوی دڵ، لەلایێ مارە قەسدی سەر | چ سیحرێکە؟ عەجەب ماوم لە زولفی تار و ماری تۆ |
خەتت هێنا جەمالت پێ نوما، کوا ڕەونەقی خاڵت؟ | فەڕەنگی هات و کەعبەی گرت و مەندی چوو لە شاری تۆ |
ڕەگ و ڕیشەی دڵم هەر دەنگ و ناڵەی عیشقی تۆی لێ دێ | بڵێ موتریب، وەرە ساقی، سەراپا بوومە تاری تۆ |
بە چاوت کەوتووم، بۆ زاری تۆ ئاگر لە من بەر بوو | سپەندم هەر بسووتێم چاکە من بۆ چاوەزاری تۆ |
کوتم: شێواوی زولفم چاوەکەت بەڵکوو عیلاجم کا! | ئیشارەی دایە خاڵ و یانی وایە داغداری تۆ |
نەخۆشی چاوی تۆم بێهوودەیە دڵداریی خاڵت | بە ئیفلاتوون عیلاجی نایە بیللا دەردەداری تۆ |
جەماڵت ئاهی من گرتی خەتی سەبزت بەسەردا کەوت | چەمەن ڕابرد و سەرما هات و تێک چوو نەوبەهاری تۆ |
نیگاهی کردە من هەستاوە زولفی خستە ڕوو فەرمووی: | قیامەت هات و ڕۆژ گیرا، وەفایی هەر خوماری تۆ؟! |