دیوانی مەحوی/ی
Appearance
-1-
[edit]| دڵم دەرهات و تۆ هەر دەر نەهاتی | نەهاتی، هەر نەهاتی، هەر نەهاتی |
| کە ئەم خەندە و قسە و لێوەت هەیە تۆ | لە باتی شەککەر و نوقڵ و نەباتی |
| دەدەی وادەم بە قەتڵ ئەمڕۆ، سبەی هیچ | ئەتۆ شاهی، چیە وا بێ سەباتی! |
| لە دنیا جەننەتی خۆ دیوە هەر کەس | کە تۆ بی حازری وەختی وەفاتی |
| ئەگەر ڕۆژە، بتی من! هەر بتێ بێ | سەرەوژێرە کە تۆ وەک ڕۆژ هەڵاتی |
| کە خزر ئەو خاک و خۆڵی بەردەرەی دی | وتی: تۆ خاکی یا ئاوی حەیاتی؟ |
| ڕوخیشی کردە ئەو لا، دەیشیپرسی | بە شۆخی، شاهی من، تۆ بۆ چی ماتی! |
| کە داغی سینەمی دی، دەردی دامێ | وتی: مۆرت هەیە، ساحێب بەراتی |
| کە شیرین و تەڕی دی شیعرەکانم | وتی: مەحوی کە میراوی فوڕاتی |
-2-
[edit]| سەروی ڕەوانە قامەتی لاوی ڕەواندزی | ئافاتی جانە غەمزەی چاوی ڕەوان دزی |
| لەو ناسیحانی ئێمە کە بۆ دڵ دەدەن بە دز | دڵ ڕەنجە بۆ نیگارم و دینی لەوان دزی |
| مەجنوونی جیلوەی ئەو پەریەم دیوە هەرچی دی | یەغماگەرێکە عەقڵی لە پیر و جەوان دزی |
| وەک کارەبا لە کا کەششی جەزبی حوسنی تۆ | سەبری بە دزیەوە لە منی ناتەوان دزی |
| لێشاوی بەستووە بە ڕووا مەحویا سروشک | داخۆ چ بێ قەراری لە ئاوی ڕەوان دزی! |
-3-
[edit]| حەقی بوو دڵ لە کۆیا ما بە سینەی ئێمە ناڕازی | کە عاسی قەسری خولدی دی بە جێ ئەڵحەد نەما ڕازی |
| چووە چوو، خۆ نەهات و نادیارە، حاڵە ماڵت بێ | بەس ئەم نەقدە بکە سەرفی غەمی موستەقبەل و مازی |
| ببینن گەر لە ساقی ناز و عیشوێک، ئێمە دەیبینین | بە مەی نۆشی دەدەن فتوا بە مەستی موفتی و قازی |
| لە نان و ئاو ئەوا ئیمساکییە مردووش، ئەرێ زاهید | چ عوجبێکە، ئەمەندە بۆ دەنازی تۆ بە مورتازی |
| قسە و باست لە عیرفانە، کە چی دنیایە مەنزوورت | لە عینوانی جەواهیر جۆییایی و ڕوو لە ئەعرازی |
| قسە گەر عیقدی گەوهەر بێ، غەرەز دەیکا بە خەرموهرە | چ تەسیرێ لە وەعزتدایە واعیز، وا پڕە ئەغرازی! |
| مەبە مەحوی بە ڕووپێدانی یاری عیشوەگەر مەغروور | وەکوو دنیا سەباتێکی نییە ئیقبال و ئعیرازی |
-4-
[edit]| پیری نوفووزی کردە بەدەن، بەسییە تەنبەڵی | دەرچۆ لە خانووێ کە خەلەل گەییە تەنبەڵی |
| قەیکردنی سوراحی ئەگەر تێ بگەی دەڵێ | دڵ تێکەڵ هاتنە لەگەڵ ئەم خەڵکە تێکەڵی |
| وا دڵ بە داغم ئەز لە ڕەقیب، ئەرسەری بڕن | بۆ ئەکلی لەحمی ئەو سەگە من دەبمە حەنبەڵی |
| تەرسا بە دینی ئەو یەدی بەیزایە بوونە جووی | بۆ کوشتنم کە دەستی دەرێنا لە باخەڵی |
| دنیا بە تەوسەوە دەمی مەرگی وتی کە | ذوالقرنین دی زەلیلە، لە کن خۆت ئەتۆ کەڵی |
| زاهید چیە، هەیە گەبەڵی ڕیش و تووکەسەر | ئاگر نەبێ چ بێ سەری دەرکا لە جەنگەڵی! |
| مەحوی، قەزا قسێکی خۆشی وت بە چاری ڕووس... | دوێنێ گەماڵە گەورەکە، ئەمڕۆ یەکێ دەڵی |
-5-
[edit]| لا عاش سوىٰ ذكرك قلبي و لساني | ای آنکه به نام همچو مسیحای زمانی |
| هەر غەمکەش و حەسرەتبەشی فەرهادی حەزینم | لەو وەقتەوە تۆ خوسرەوی شیرینی جیهانی |
| در آرزوی لعل لبت اشک چو لعلم | ای لعل دل از لعل لبت لعل یمانی |
| ڕەحمێ کە بە حاڵی دڵی غەمکێشی غەریبان | جانانەیی جانی، چییە هەر یاری زوبانی |
| عوششاقی جگەر سۆختە هەر حەسرەتە بەشیان | لوتفی نییە مەعشووقە لە بۆ عاشقی فانی |
| محوی به غم از یار به هجران جفایش | لو أهرُبُ من حُبه فاللّهُ جفاني |
-6-
[edit]| تێدەگا هەرکەس بکا فەهمی ڕمووزی مەعنەوی: | هیجر و وەسڵە نار و جەننەیی ئایەتی لا یستوي |
| کێوی غەم، وادی جەفا تەی کردنە ئەشراتی عیشق | باکی هەوراز و نشێوت کەی دەبێ گەر ڕەهڕەوی |
| ناوی هاروون، ئیسمی قاروون، ئیبتیدا ئیما دەکەن | سەرفەرازە سەرکز ئاخر، سەرنیگونە سەرقەوی |
| ئەی لە سەر تەختی غینا ئەمڕۆ، سبەینێ تێ دەگەی | ئەو گەدایەی تۆ کە وا موحتاجی شێوی یەک شەوی |
| دەنگی پێی ئەحبابی ڕۆییو پڕ بە عالەم مەوج ئەدا | تۆ بە غەفڵەت موبتەلا، گەر نەیبیەی مەستی خەوی |
| تف لە چارەی خەندە، گرییە و شیوەنی پێ خۆشە دۆست | داکە ئەی بارانی ئەشک، ئەی بەرقی ناڵە، نەسرەوی! |
| باسی چ بکەم بێ کەرانی بەحری پڕ تەشویری عیشق؟! | تاقە قەترێکی فتووحاتە، نمێکە مەسنەوی |
| ساعیدی دەرکەوت و عالەم بوو بە مووسایی هەموو | موعجیزەی لێوی کە دەرخا، جوملە دەبنە عیسەوی |
| ڕامی عاشق بۆنی ئەو وەحشی نیگارە موشکیلە | مەبیە هەرگیز ئەم قسە: عەنقا دەبێ وەک کەو کەوی |
| چاوی بیماری، بە وەعدی تیرە بارانی نیگاهـ | گفتی دا، جەهدێ کە ئەی دڵ، بەڵکی تۆشی بەر کەوی |
| مەحویا! هەر ئەشک و ئاهی تۆ لە جێ جوێ بوونەوەت | چوونە بەر بادی فەنایە دەرکەوی یا سەرکەوی |
-7-
[edit]| گوم کە بوو ڕاهی هودا، شاهڕەهە گومڕاهی | بعد درویشی اگر هیچ نباشد شاهی |
| ئەم مەجازە چییە، ڕوو کەینە حەقیقەت، ئەوجا | لا إلهەت بەسە گەر تالیبی إلّا اللّهی |
| ڕێ درابێ بە گەدایی نەفەسێ لەو دەرەدا | هەر کەسێ، تا نەفەسە عارییە شاهەنشاهی |
| دووکەڵی ئاهی دەبێ دایمە بگرێ بەری ڕۆژ | ڕۆژە ڕەش، غەمزەدەیی من بم و تۆ بی ماهی |
| لە دڵا بوونمت هەر عارە لە لا، وا بکە فەرز: | ماهی کەنعانی و ئەم موددە موقیمی چاهی |
| کوشتمی و ئەو دەمە خوێنم بە ئەدەب دامەنی گرت | بەسمەلی عیشقم و کارم بە خوێنە ڕاهی |
| بێ خەتا ئەو شەهە لەو بەردەرە مەحوی دەرکرد | بۆچ کەس سەر نەچووە شەوکەتی ساحێب جاهی |
-8-
[edit]| دڵ فریبی دڵبەری دڵدار، هەی! | فیتنەگەر، هەی! ڕەند هەی عەییار هەی! |
| بوویە یاری غەیر و من بێگانە مام | بێوەفا، هەی! هەی جەفاکردار، هەی! |
| خۆ موسوڵمانم، بە ناحەق خوێنی من | بۆ دەڕێژی، کافری خوونخوار، هەی! |
| چا نیە، ڕەفتاری وا بەد بەس بکە | دەرحەقی من، شۆخی بەدرەفتار، هەی! |
| تۆ دڵت دێوانە کردم، ئێستەکەش | نانوێنی ڕوو، پەری ڕوخسار هەی! |
| قەت لە تیری ئاهی مەزڵوومانی عیشق | تۆ نەترسی، زاڵمی غەددار هەی! |
| غەیری بەد نەیدی لە تۆ مەحوی ئەتۆش | هەر بەدت ڕێ بێ، بەدی بەدکار هەی! |