دیوانی مەحوی/ژ
Jump to navigation
Jump to search
-١-
[edit]رووتی دی لەو رۆژەوە، گەر رۆژە سەرگەردانە رۆژ | گەییە ئێوارە وەکوو من، ئیشی قوڕپێوانە رۆژ |
رەھڕەوی ڕێگەی مەحەببەت وا دەبێ، ھەر سەعیەتی | تا ھەیە لەم ڕێگە ئاخر کاری سەردانانە رۆژ |
لاجەرەم کردوویە نووری جیلوەی ئەو ماھە بە چاو | دەوری بۆ ئەو شەمعەیە دایم وەکوو پەروانە رۆژ |
شەو بە ئێمە با نەویدی ھاتنی جانانی دا | یەعنی: ئەی شەونم گەلینە! موژدەبێ میوانە رۆژ |
مەتڵەبت گەر یارە، ھەر سەعیت بەکارە دائیما | بۆ تەوافی قاپییەک وا بەر زەدە دامانە رۆژ |
شەو دەبێ بادەی لە دەستی ساقییەک وەرگرتبێ | ئەم سبەینێییە لە مەشریق دێتە دەر مەستانە رۆژ |
ئەڵبەتە مەجنوونی رۆژی روومەتی لەیلایەکە | موتتەسیل، شام و سحەر، کەوتۆتە ئەم شاخانە رۆژ |
ماھەکەم ئەمشەو شوکر پڕ تەوفشانی خانەیە | قەت لە دەرگا دەردەچم گەر بێتە ئەم سەربانە رۆژ |
ئەم گلاراوەی لە عیشقا تا قیامەت ھەر دەبێ | سەد مەسیحا چاری ناکا، دەردی بێ دەرمانە رۆژ |
رۆژو شەو ئەم سەرزەمین و بن زەمینەی پشکنی | نەبووە شوێن ھەڵگر لە عەکسی جیلوەی ئەو جانانە رۆژ |
رۆحی بەفداکە، بزانە کێیو چەوگان بازەکە | ((مەحویا)) چەوگانە عیشق و گۆیە لەم مەیدانە رۆژ |
حەقیە رۆژ و شەو بێ تابی دەکا، وادەی ویسال | شەو بوو، بێ بەش ما لە وەسڵی ئەو سەراپا جانە رۆژ |
شەو چ شەو، لێ پشکواوی قەڕنەھا سوبحی ئومێد | ھەر لە داوێنی یەکێ سوبحا بە لەک پەنھانە رۆژ |
شەو شەوی میعراجی شاھی ئەنبیا بێ، وا دەبێ | بیپەرستێ، بەڵکی سوجدەی بۆ ببا ھەر ئانە رۆژ |
شەو نەبوو، بەحری موحیتی عەنبەری بوو، ناوی شەو | بوو بە نیسبەت ئەو شەوە، خاکستەری گوڵخانە رۆژ |
بۆ کەمێ لەو عەنبەر، بۆ تەقوییەی رۆحی دەماغ | بێنی کا، وەک ئێمە دایم چاوەڕێی ئیحسانە رۆژ |
من فیدای ئەو زاتە بم، بەو، ئەو شەوە بوو بەم شەوە | تا قیامەت ھەر حەسەد با، بەو شکۆھـ و شانە رۆژ |
تۆ قوبووڵم کەی بە عەبدی خۆت و بەندەی ئەو، خودا! | تا ببێتە خانەڕووبم، چەند ئەگەر خاقانە رۆژ |
دائیمەن سەر خۆی و سەر ئال و سەحابەی بێ نیسار | پڕ بە عیلمی تۆ، سەلامی تۆ، ھەتا تابانە رۆژ |
بەڵکە تا ئەو وەقتە مەبرووکە موبارەک جێگەیە | غەیری نووری ئەو، نە مەھـ نووری لەناوا ما، نە رۆژ |
لەو سەلاتانە کە وەک گەوھەرن و دەدروشێنەوە | جیلوەدەر، لامیع، ھەموو رەخشندە، وەک رەخشانە رۆژ |
-2-
[edit]پرسرا حاڵم، کە من کەوتم لەبەر پێیا درێژ | ئەو وتی: ھەر سێبەری دیوم بووە سەرسام و گێژ |
تا لە دەوری لێوی ئاڵی خەتتی سەبزی بوو عەیان | عاشقانی جوملە وەک بەنگی دەبینم گێژ و وێژ |
وا مشەوەش بوو کە میحرابی برۆتی دی ئیمام | ئیزنی خەڵقی دا کە دنیا ئاخرە، بۆ دێنە نوێژ |
ئابڕوو ڕێژە ویساڵی یار و خوێن ڕێژە فیراق | عالەمی عیشق و مەحەببەت ھەر بڕێژە، ھەر بڕێژ |
کێ لە گوڵزاری نیشاتا گوڵبوونی شیرینی ناشت | ئەو لە کۆساری غەما فەرھادی کردە لالەنێژ |
ھەر بە تیرێ خستمی، ھەڵیاوەسین، ئیشی منی | بەس لە کورتی بڕیەوە، عومری موژە و زوڵفی درێژ |
نەبووە قەت ((مەحوی))!، وتی: بوونی من و تۆ پێکەوە | حوسنە ئاوی زیندەگی، عیشق ئاگرێکە دڵ بڕێژ |