دیوانی مەحوی/ق

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
310847دیوانی مەحوی — پیتی ق1896مەحوی

-1-

[edit]
ئەو دەمە ڕۆحم لە سەر لەب بوو لە بەر دەردی فیراق هات و زوو کردم بە پێ شاباشی، نعم الإتفاق
بێمە کوێ؟ دڵبەر وتی، گەر چاوە، تۆفانێکی ئەشک دڵ، تەنووری ئاگری عیشق و خرۆشی ئیشتیاق
ئەو دوو ئەبرۆیە کە پەیوەستە بە جووتە، وەک هوما سایەبانی چاوی بیمارن، لە عالەم بوونە تاق
مەحشەرێ هەستا کە هەستا ڕۆیی، ڕۆیی دوو بە دووی الوداعێکی ئەوا ناڵەی هەزاران الفراق
هەر شوانێ کەی دەبێتە هەمقەرینی شاهی من؟ سواری کەر نابێ ببێتە هەمتەکی سواری بوراق
عەیشی ناخۆشە، سەری مەدهۆشە دایم زەڕپەرست خاسسە هەر سەفرایە بۆتە موریسی تاڵی مەزاق
تا لە ماڵی دەرنەکردووی ئەم شەوی سەد شووکەرە مەحوی ئازانە بدە تۆ سێ بە سێ دنیا تەڵاق

-2-

[edit]
ئەوی ئەمڕۆ بە دەوری تەختیایە هەلهەلەی مەخلووق لە دەوری نەعشیا سبحەی دەبینێ وەلوەلەی مەخلووق
بە پەل پەل کردنی سبحەی ئەگەر ببووایە باوەڕیان دەبوو قەت بەم حەدە نەبووایە بۆ دنیا پەلەی مەخلووق
دەخاتە فکری ئەهلی مەعریفەت شێوەیی جەجاڵ الحق دەبینی بەعزە ئەشخاسێ بە دوویا خەرگەلەی مەخلووق
وەها پڕ فیتنە بوو عالەم کە ئیبلیسێکی وەک ئیبلیس نەماوە مەئمەنی غەیری کڵیشە و کەڵکەڵەی مەخلووق
لە پەردەی جیلوەیەکتا ڕوونمایە شۆری سەد مەحشەر نیقابێ لا دە لەو چیهرە، ببینە زەلزەلەی مەخلووق
بە ئاوی تێ گەیشتین ئێمە دنیا، هەر سەرابێ بوو هەموو دەشچن بە خنکان و لە وشکیشە مەلەی مەخلووق
لە سووقی دەهردا دووکانی هەر کەس موددەتی عومرە گوهەر دانە بە پشکڵ دانە مەحوی، مامەڵەی مەخلووق

-3-

[edit]
وەک بولبول، ئەی تۆ تازە گوڵم، پڕ بە دڵمە شەوق وەک قومری، ئەی تۆ سەرو سەهی، پڕ بە ملمە تەوق
خۆشە بە یادی ئەو لەبەوە نۆشی خوێنی دڵ بەم نەشئە ئاشنا نەبووە غەیری ئەهلی زەوق
باڵاتە وەک ئەلیف لە حورووفاتی کائینات مافەوقی تۆ کوژایەوە ناوی لە تەحت و فەوق
ئەو بەرقی جیلوە شەوقی کە ئەمشەو بڕی لە ماهـ سینەی جیهانی بۆ بووە مەجمەر بە ناری شەوق
سەیری هەیە عەقیقی لەبی، خەت بە دەوریا بۆ سەر یەمەن لە زەنگەوە لەشکر کراوە سەوق
شێرێکی پێ لە سیلسیلەدایە ئەسیری عیشق مەردی، بزانە زینەتی مەردانە تەوق و ڕەوق
هاتۆتە سەر ئەمە لە سەرتدا، سەر هەڵبڕە مەحوی ئەم ئیشی خێرە لە سەر تۆیە ماوە عەوق