دیوانی مەحوی/ج
Appearance
-١-
[edit]| بۆ پارە حەیفە خۆ دەکەیە پوولی ناڕەواج | بۆ پاروێکی نان ئەسەفە روو دەکەی بە ساج |
| رێی دا لە قاپییا بمرم، پێشی سەر سەرم | نا، وا گەدا دەبێ بە خوادەوەندی تەخت و تاج |
| بۆ زەبتی موڵکی دڵ بەسە لەو لێوە یەک قسە | شاھم، بە سەوقی لەشکری غەمزە چ ئیحتیاج |
| با بێنە سەیری گەردن و سینە نیگاری من | نەیدیوە ھەرکەسێ بتی زیوو سەنەم لی عاج |
| کەی دڵ دەسێنرێ لە بتێ سەندبێتی ئەو | لێوی لە میسر و زوڵفی لە چینی خەراج و باج |
| کێ قەدری شیعری ئێمە دەزانێ، بەری دەکا | ھەر ساحێبە لەبەرکەری کاڵایی بێ ڕەواج |
| ((مەحوی)) عەبەس بە دیدەیی بیمار ماتیلە | ناگیرێ ئاشنایی لەگەڵ مەستی نامیزاج |