دیوانی سالم/ێ
Appearance
1
[edit]ئەو یارە هەتا وا لە منی غەمزەدە لابێ | شوربم لە دەما ژەهرە ئەگەر ئابی بەقا بێ |
زوڵفت لە دوو لا سابیتی نەفیی وەکوو تۆی کرد | لێی لادە بڵا دا لە دوو سەر شێوەیی لا بێ |
دیدەم بە نیگای دیدەیی مەستت دڵی سەد چاک | بەس سەهوە سپاردوومە کە چاکێ بە خەرابێ |
مەعشووقەیی ئەم شارە هەموو تالیبی جاهن | تف لەو کەسە وەک من کە گەدا و بێ سەروپا بێ |
بۆ خاتری ئەغیارە کە یار سالمی تۆراند | نەیداوە کەسێ تووتییی ناتیق بە غورابێ |
2
[edit]زەمانە قەت لەگەڵ ئەولادی ئادەم باوەفا نابێ | وەکوو گوربەی سیەهـ ئەسڵەن بە مەردوم ئاشنا نابێ |
مەکانی تیرە وەک تەرکەش لە غەمزەت قەلبی بیمارم | لە لەوحی سینە بۆ تیری نیگاهی غەیرە جا نابێ |
چ سوڵحێکە، وتم: زوڵفت لەگەڵ ڕوو باهەمن دایم؟ | وتی: هەرگیز لە شەودا مەجلیسی من بێ چرا نابێ |
لە زەربی نەبزی ئاشوفتە و لەبی خوشکم موحەققەق بوو: | بەجوز بۆسەی لەبت دەردم بە سەد حیکمەت دەوا نابێ |
دەبێ هەر حەق بپارێزێ لە گێژاوی غەما کەشتی | تەلاشی ناخودا ئەی دڵ بە ئەلتافی خودا نابێ |
لە فیتنەی دامە ماهی تیشنەلەب هیجرانی ئاوی دی | لە زوڵفت شانە گەر موهڵەت بدا دڵ قەت جودا نابێ |
مەقامی حیرەتە لێوت لەناو ئایینەیی ڕووتا | لە جێگەی ڕۆشنا سەرچەشمەیی ئاوی بەقا نابێ |
لەڕووی غونچەی دەهانت گوڵ لە گوڵشەندا بەها ناکا | کە سککەی زەڕ زوهووری بوو ڕەواجی شەهڕەوا نابێ |
نەچوونی خزمەتی جانانە گەر وەک مردنە ئەمما | مەچۆ سالم لە بەزمی مونعیما جێگەی گەدا نابێ |
3
[edit]جانا! هەوەسی عیشقت بێ تەرکی هەوەس نابێ | کامە کەسی وا بێ، کام نایابە؟ چ کەس نابێ؟ |
شەهـ کێیە لەلای مەعشووق؟ عوششاقی گەدا شاهن | ئارێ لە نەزەر ئەودا عەنقا بە مەگەس نابێ |
عومرێکە لەتاو زوڵفت یاتاغی دڵە سینەم | بۆ مورغی لەداوترساو گوڵشەن بە قەفەس نابێ! |
ئەم مەرحەلەجۆ بۆ دوزد، ئەو مەسئەلەجۆی ڕیشوەت | بۆ نەفعی موسوڵمانان «قازی» بە «عەسەس» نابێ |
سالیک لە بیابانا شەو قافڵە گەر گوم کا، | سەد قیبلەنوما بۆ ئەو وەک سەوتی جەرەس نابێ |
تەبعی نەجیسی بەنگی ناجینسی لەلا جینسە! | بۆ جینسی کەسیفی وا شاور بە تەوەس نابێ |
زەنجیری وەفا مەحکەم کێشامی بەلای تۆوە | عارف، سەگی وەک «سالم» حاجەت بە مەرەس نابێ! |
4
[edit]ئەبەد قەت سەتری ئەندامت بە تای جامەی کەتان نابێ | بەڵێ شەوقی چرا ئەڵبەت لە فانووسا نیهان نابێ |
لە جوستەندایە موژگانی بە تەحریکی برۆ ئەی دڵ | حەزەر لەو تورکە بۆ ناکەی کە بێ تیر و کەمان نابێ |
بوخاری مەوجی ئەشکم ڕەونەقی دێبایی ڕووی لابرد | مەتاعی مایەیی تاجیر لە دەریا بێ زیان نابێ |
لە ڕووی تۆ مەهڕوخی گەر بێتە مەیدانی جەدەل سەهوە | ئەگەرچی تا میان مووی بێ وەکوو تۆ موومیان نابێ |
لە مەعنای شیعری مەتڵووبا دەبێ ئیزهاری مەتڵەب کەم | ئەگەر دڵداری سەنگین دڵ لە سالم دڵگران نابێ |
5
[edit]چ دەبێ گەر لە ڕەقیبم دڵم ئازاری ببێ؟ | هەر گوڵێ بولبولی بێ حوکمە دەبێ خاری ببێ |
مانیعە بۆ گوزەری دڵ لە ڕوخت زوڵفی سیاهـ | گەنجی بێ هەر تەرەفێ شەرتە دەبێ ماری ببێ |
زەحمەتە عوقدەیی خاتر بە ویساڵیش وا بێ | قۆرغەیی بۆسە دەکەی وا لەبی من باری ببێ |
نایەڵێ لەززەتی وەسڵت لە دڵا جەوری ڕەقیب | شادمانی نییە بۆ ئەو کەسە ئەغیاری ببێ |
لە ڕەهی کەشمەکەشا جانی هەمیشە هەدەرە | عاشقی بێدڵ ئەگەر دڵبەری عەییاری ببێ |
بە شەوێ ڕەنگە بەڵەد بێ لە غەمی توولی فیراق | گەر تەبیبم وەکوو من دیدەیی بێداری ببێ |
جان نیساری ڕەهی جانانەیە سالم بە ئەبەد | لەتی کا تیغی جەفا گەر دڵی ئینکاری ببێ |
6
[edit]پێم خۆشە کە عومرم بە جەفا سەرفی غەمت بێ | بەو شەرتە کە مایەی زەرەرم ماچی دەمت بێ |
خۆ ڕۆشنە خانەی دڵی من مەنزڵی تۆیە | مروەت نییە بەم ڕەنگە خەرابی ستەمت بێ |
یاقووتی لەبت جایزە بەخشینی بە ئیسبات | بێت و بەقەدەر خدمەتی من گەر کەرەمت بێ |
7
[edit]ئەگەر نەخلی مورادم بێ سەمەر بێ | بە من چی باغی دونیا جوملە بەر بێ |
ڕەقیب یار ئەر بە من بۆسێ کەرەم کا | بە تۆ چی گەر هەمووی شەهد و شەکەر بێ |
لە وەختێکا سەری خۆم بێ کڵاو بێ | بە من چی تاجی شاهی پڕ گوهەر بێ؟ |
ڕەقیب ئەمجار کە دڵبەر رامە بۆ من | بە تۆ چی گەر هەموو شام و سەحەر بێ |
کە خۆم ڕەختی غوڵامی شک نەبەم هیچ | بە من چی خواجە گەر زەڕڕین کەمەر بێ |
ئەیا دوشمن کە بەختم هاتە یاری | بە تۆ چی گەر قەبای شاهیم لەبەر بێ |
لە کونجێکا لەگەڵ یار ئەر بنیشم | بە من چی عالەمێ زیر و زەبەر بێ؟ |
ئەرێ حاریس کە مونعیم پێم کەرەم کا | بە تۆ چی سەد تمەن گەر بیشتەر بێ |
بە نەومیدی دەرم کا گەر لە دەرگا | بە من چی تاق و حوجرەی پڕ لە زەر بێ؟ |
کە سالم بازی دەوڵەت هاتە سەر من | بە تۆ چی دوشمن ئەر خاکی بەسەر بێ |
8
[edit]ئیشارەی غەمزە ڕەنگە قەسدی سەر بێ | کە بۆ سەر بێ دەسا با زوودتەر بێ |
سەرم گەر سەرسەری شۆرەت قوبووڵ کا | هەموو مایەم سەراسەر دەردیسەر بێ |
حەساری سینە با لابەم لە ڕێدا | مەبادا بۆ دڵم تیرت خەتەر بێ |
گوشادیی دڵمە هەر جا گەر لە تیرت | لە سینەم بۆ هەناسەم ڕێ گوزەر بێ |
لە خۆشیدا کەسێ دوشمنمە گاهێ | بە ڕووی مندا لە ڕووی تیغت سوپەر بێ |
ویداعی دڵ دەکا جانم لە چاوت | کە وەختێ تیرەبارانی نەزەر بێ |
چ مەنناعێ فیراقی خستە بەر من | ئەویش وەک من خودایا دەربەدەر بێ |
شەفیعم بێ بە عەفو ئەر قابیزی جان | لەڕێی تیرت دەبێ خوونم هەدەر بێ |
وەها پڕ بوو لەبالەب دڵ لە غەمها | دەترسم جێی نەبێ مەیلت بەدەر بێ |
ئەگەر گاهێ تەڵەب کا عاشقی زار | بە پێ نا ڕەنگە سالم هەر بە سەر بێ |
9
[edit]بە ئیما گەر لە عاشق خواهیشی مەعشووقە بۆ سەر بێ | ئەگەر نەیخاتە بەر پێی ڕووڕەشی سەحرایی مەحشەر بێ |
لە ڕووی ئەو شەمعەدا سیححەت تەڵەب کا قوربجۆ سەهوە | دەسووتێ یەک نەزەر پەروانەئاسا گەر سەمەندەر بێ |
لە مەیدانی نەزەر چاوت شەجاعەت نایەڵێ بۆ من | بە چاو کێ دیی غەزالی وا کە سەییادی غەزەنفەر بێ |
لەسەر خاڵی ڕوخت کەس وەسفی خاڵی کەس نەکا خەتمە | خەلیلی پێ بڵێن نابێ کە هەر کەس جێی لە ئازەر بێ |
هونەر سابت دەکەم بۆ ئەو ئیمامەی قامەتی تۆی دی | لە وەختی خوێندنی قدقامتا گەر ڕووی لە مینبەر بێ |
لەناو سینەی قەفەسما شەرتە ئازادی نەکەم ئیتر | لە داوی زوڵفی دڵبەر گەر بە سالم مورغی دڵ بەربێ |
10
[edit]تا مەنزڵی تیری نیگەهت ناوی دڵم بێ | یاڕەب هەمەجا توڕڕەیی تۆ تەوقی ملم بێ |
خوێن کا جگەرم خاری ئەلەم گاهی تەماشا | بێ عاریزی تۆ گەر هەوەسی ڕوویی گوڵم بێ |
پڕ بادەیی خوێن بێ بە ئەلەم بیلبیلەیی چاو | بێ دڵبەر ئەگەر ئارەزوویی جامی مولم بێ |
11
[edit]هەتا کەی ئەی فەلەک بۆ بەختی من جەور و تەزەللوم بێ | وە چاکە چەند ڕۆژێ نەوبەتی لوتف و تەرەححوم بێ |
لە قەهرت مودەتێکە زەهرنۆشی جامی بەدبەختیم | لە خوانی نیعمەتم با هەفتەیێ باری تەنەععوم بێ |
چلۆن دڵ دێنێ ئەی یاران دەخیل سوحبەت لەگەڵ دوشمن | گرانە ئیستیخوانی لێی گەڕێن تو خوا بڵا گوم بێ |
بە ئوممێدی خودا واجیب دەبێ قەتڵی ڕەقیب شەرعەن | لە بەزمی دڵبەرا گەر بۆ زوبانم ڕێی تەکەللوم بێ |
قەدیم جانبازی ڕێی عیشقم لەمەو لا تازە لا نادەم | ئەگەر لوتفت موجەددەد بێ وەگەر قەهرت تەقەددوم بێ |
تەسەلسول تەعزییەی دونیا ئەبەد پایانی قەت نابێ | بەجێیە خەرقەیی سالم مودام ئالوودەیی خوم بێ |
12
[edit]چ حاسڵ ئەژدەهای زوڵفت بەدایم وەقفی گەردن بێ؟ | کەرەم کە، با ئەمانەت یەک شەوێ تەوقی ملی من بێ |
کە بێ تیری نیگاهت وەختی ئیما بۆ دڵی خوێنین | بە نەرمیی مۆمە سینەم گەر بە سەختیی حیسنی ئاهەن بێ |
نیامی تیغی پاداشە بە مەخفی دڵ لە سینەمدا | لە وەختا هەر کەسێ فرسەت بە دوشمن دا دەبێ ژن بێ |
هەتا جێت غورفە بێ وەک دووربینە دیدە بۆ چیهرەت | بە تیری غەمزەت ئەر وەک پەنجەرە دڵ جوملە کونکون بێ |
لە ڕووی ئەغیار ئەگەر شیرینە حەرفم مەسڵەحەت وایە | لەگەڵ مەردی گەدا کەلبی دڕندە سەعبە دوشمن بێ |
نەنووسراوە لە مەکتەبخانەیی عیشقا حورووفی «نا» | لە جوابت هەر «بەڵێ» بۆ سالمە گەر ئەمری مردن بێ |
13
[edit]فەلەک! ئەر مەرتەبەیێ بێت و وەفا کەی، چ دەبێ!؟ | دەری شادی له دڵم دەفعەیێ وا کەی، چ دەبێ!؟ |
وەک دەکەی عاشقی سەرگەشته هەزارێ بێ ڕۆح | دەردەدارێ به کەرەم جارێ دەوا کەی، چ دەبێ!؟ |
من فوتادەم بە میحەن، تۆ بە غەزەب دێی و دەچی | وەختی گەردش نیگەهێ سوویی گەدا کەی، چ دەبێ!؟ |
حەق، حەقی کاهێ لە کۆهـ وەردەگرێ ڕۆژی حیساب | تۆ بە کۆهێ گونەهـ ئەر فیکری خودا کەی، چ دەبێ!؟ |
دڵ لە قەیدی ستەمت زارە بە دایم مەهـ و ساڵ | چەند ڕۆژێ بە وەفا تەرکی جەفا کەی، چ دەبێ!؟ |
ڕەسمی عاشق نییە «سالم» لە فەلەک شەکوە بکا | سەر و جان بۆ ڕەهی جانانە فیدا کەی، چ دەبێ!؟ |
14
[edit]خۆزگە دەمزانی لە تارانێ نەجاتم کەی دەبێ | کۆیی یارە مەشهەدم یا مەدفەنم هەر ڕەی دەبێ |
تەییی ئەرزم بۆ نەکا تا ڕۆحی شاهی نەقشبەند | کەی بە پێی پڕ ئابڵەم وادیی فیراقت تەی دەبێ |
هەر کەسێ زانیی لە سۆزی ناڵە حاڵی دەردی دڵ | مەتڵەبی نابێ هەموو حاڵی لە فەحوای نەی دەبێ |
نێشی حەییەی زوڵفی لەیلا ڕاستە مەجنوونکوش بووە | خۆ گەزیدەی ماری وا قەت نامرێ هەر حەی دەبێ |
عەیشی وەسڵم بردە سەر ئەندووهی هیجریش سەردەچێ | مەوسیمی ئوردیبیهیشتم دی دەمێکیش دەی دەبێ |
بۆ تەلیسمی ڕوو برۆ شەمشێری ڕووتە ڕاست و چەپ | تا دەگاتە گەنجی حوسنت پەیکی فیکرم پەی دەبێ |
گەر بە حوججەت بێ ڕوخم سابیت دەکا سیدقی زەمیر | مایلی سیبی ڕوخت ڕەنگی بە میسلی بەی دەبێ |
من لە نەشئەی جامی لەعلت مەحشەریش نایێمە هۆش | جامی وا سالم لە دەورا قسمەتی جەم کەی دەبێ؟ |
15
[edit]تا لەسەر لێوم خودایا باری ئەم هیجرانە بێ | بێ لەبی من لێوی غونچەت بۆ لەبی کەس وا نەبێ |
هەر کەسێ دەستی خەیاڵ لەو زوڵفی تۆ بێنێتە یاد | لەوحی سینەی چاک بە چاک وەک چاک و زەخمی شانە بێ |
ورد کە ئەستۆم ئیستیخوانم ئامیتەی خڕخاڵە کە | تەوقە لێم ئەم گەردنە با سیلسیلەی پاوانە بێ |
مەرحەمەت بێهوودەیە ئەو شەمعی ڕووی خۆی دەربخا | دڵ دەسووتێ چار نییە لابد دەبێ پەروانە بێ |
تا لە فانۆسی جەماڵا شوعلەوەر بێ شەمعی ڕووت | دڵ بە تاریکیی لەگەڵ غەم هەر دەبێ هەمخانە بێ |
16
[edit]دەک ڕەقیب تووشی بەڵایێ بی، نەجاتت قەت نەبێ | مانیعی وەسڵی حەیاتم تۆی، حەیاتت قەت نەبێ |
وەک لە من تێک چوو حوزووری دڵبەرم، ڕەببی خودا! | غەیری دەست و داری کوێری، تۆش جمانت قەت نەبێ |
ئەی موفەتتین هێندە بەدگۆ بووی نیشاتت کردمە غەم | تا بەسەر زیندوو بی ڕەببی تۆش نیشاتت قەت نەبێ |
چاوەکانت هەر دوو کوێر بن دەستەوئەژنۆ دانیشی | زیندەگیت زەهری هەلاهیل بێ مەماتت قەت نەبێ |
سینەپاڵوو بدگرێ عیللەت بە سەردیی جێگەکەت | پارچە بۆریایێ ڕزیو فەرشی بیساتت قەت نەبێ |
ئەی ڕەقیب بیمارە دڵ تیکرار دوعای ئەووەڵ دەکا | دەک ئە زنجیرێ کەوی ڕەببی نەجاتت قەت نەبێ |
17
[edit]ڕەنجشی مەعشووقە گەر عاشق لە بەرچاوی نەبێ | پادشەهـ عاجز دەبێ هەر وادییێ ڕاوی نەبێ |
لامەبە گێسوویی موشکینت لەدەوری خاڵی ڕوو | مفتە بۆ مورغانی جۆیا دانە گەر داوی نەبێ |
نەهری ئەشکم بۆ مەداری دڵ گەلێ نەفعی هەیە | ناگەڕێ سەنگ ئاسیا تا قووەتی ئاوی نەبێ |
مەنعی موژگانت مەکە با باجی خۆی بگرێ لە دڵ | شەهـ بە لەشکر، چی بدا گەر کیشوەری ساوی نەبێ؟ |
باعیسە بۆ پوختەگیی دڵ سۆزی ناری فیرقەتت | نانی نابرژێ تەنوور ئەر گەرمیی و تاوی نەبێ |
خاوی غەفڵەت عەهدی چاوت سەهلە بۆ بێداردڵ | کەی زەبوونگیری دەکا خەرگۆش ئەگەر خاوی نەبێ |
باری دڵ گەر هەڵگرێ دەشکێ بەتەنها گەردنم | حامیلی ناکا سەمەک هەمدۆشی وەک گاوی نەبێ |
بەردە بۆ دڵ داشی جانم دەر نەکا گەر حوکمی خاڵ | داوی بەرنووی بۆسەیە گەر داشی کوژراوی نەبێ |
هەر خودادادێ نەکا جامەی هەتیوێ بۆ خودا | وا دەزانم هەر کە بمرێ بۆ کفن جاوی نەبێ |
سەردمیهری وا لە بەینا ناوی سالم گەر نەبەی | ساحیبی خۆی کەی دەناسێ هەر سەگێ ناوی نەبێ |
18
[edit]هەموو شەو چاوەڕێم بەڵکم بە مەخفی یاری جانی بێ | لە تاریکیی شەوا شوعلەی چرا موشکیل نیهانی بێ |
چرای ئەووەڵ شەوی قەبرم گڕەی دڵمە لە هیجرانت | بە سروەی بای ئەجەل شەمعی حەیاتم هەر کە فانی بێ |
لە سەحرای مەحشەریشا یاری من تەرکی ستەم ناکا | فیدای ئەو شۆخە بێ ڕۆحم کە جەوری دوو جیهانی بێ |
لیقا خواهیش دەکەم دایم کە بنوێنێ وەلێ ناچار | ڕەزام حەرفێ لە جوابت بشنەوم گەر لن ترانی بێ |
بە شێوەی چەنبەریی قەددی خەمیدەی پیری بێتاقەت | دەبێ فیکرێ بکا یار ئەر غورووری نەوجەوانی بێ |
بەجوز مانی، موسەوویر قەوسی ئەبرۆی وی نەکێشاوە | کە مانی نەقشی کێشا بێ دەبێ هەروا کەمانی بێ |
وەفا داغی نەکا گەر دڵ بە کزلک چاکە دوولەت بێ | زوبانی پێوەدا عەقرەب کەسێ سیدقی زوبانی بێ |
ڕەوانی کۆهکەن با تازە کا تەقریری شیرینم | بە شیرینیی لەبت ناگا شەکەر با ئیسفەهانی بێ |
خەمۆشی بەسیەتی سالم برینی باتینی کوشتمی | نیهانی تا بە کەی خوێنم حەنای پەنجەی فڵانی بێ |
19
[edit]ئەی بە تەلعەت ماهی کامیل، وەی بە حورمەت «ب» و «ت» | زلف داری همچو عنبر، لب چو «ش» و «ک» و «ر» |
عیشوەیی چاوت، دەبا وەختی نیگەهـ سەد گیان و دڵ | قبله آزادگانی، ای صنم! با «ر» و «خ» |
دڵ وەها ئاشوفتەیە شەوها لە قەیدی «م» و «و» | دردمندم، مستمندم تن گرفته «ت» و «ب» |
«غەین» و «میم» گەر نەخۆی، جانا! لە دەستت دەر دەچم | دردمندان را بباید «ط» و «ب» و «ی» و «ب» |
بەزمی «ی» و «ا» و «ر» وەک جەننەتە بۆ «م» و «ن» | مطربان! با نای و بربط، با رباب و «دال» و «ف» |
موددەعی دوورە منیش مەستم لە «و» و «ص» و «ل» | تا سحرگاهان نهاده «ل» و «ب» با «ل» و «ب» |
«س» و «ا» و «ل» و «م» ئاگاهە بۆ کیزب و خیلاف | این غزل گفتست مسکین «س» و «ع» و «د» و «ی» |
20
[edit]بەسەر گوڵدا لە شانەت دڵ دەبارێ | قەزا بۆ دڵ لەسەر سونبول دەبارێ |
چراغێ ڕووبەڕووی حوسنت بسووتێ | بە دوودی ئەو لە هەورا گوڵ دەبارێ |
بەرێ باد ئەر غوباری کوشتەیی ڕووت | بەسەر باغا سەحەر بولبول دەبارێ |
لە دڵتا ناڕوێ توخمی مەحەببەت | لە چاوم ئەشکی بێ حاسڵ دەبارێ |
بەسەر کیشتی دڵا بارانی شادی | لە هەوری بەختی من موشکڵ دەبارێ |
لەسەر یەک سەنگها لەم سەقفە هەر سوو | بەسەر شیشەی دڵا غافڵ دەبارێ |
لە هەوری تالیعی نامەردی جاهیل | کودوورەت بۆ دڵی عاقڵ دەبارێ |
لە قوربانگاهی عیشقا خوێنی سالم | لە شەمشێری برۆی قاتڵ دەبارێ |
21
[edit]بۆ منی سووختەدڵ شەمعی نەدامەت دەگڕێ | کە لەمێ بەخت سەگە، بۆیە هەموو دەم دەوەڕێ |
واعیزان گوێ بگرن لەم قسەیە زۆر خۆشە | سەیری وا نابێتەوە گەر بە دو ئاویش بگەڕێ |
ئەسپەکەی چەوت و سیەهـ عینە وەکوو تالیعی خۆم | سەقەت و ساتمەزەن و لاجڵەو و لوقمەبڕێ |
شیڕەت و بەدعەمەل و کەم ڕەوەش و بەدسیرەت | سەرکەش و دەم قەویی و ئەستۆ کوڵ و پوزەخڕی |
زینم لێ کرد و لەسەر ئاخوڕەکەی بەستمەوە | توورەکە دەس نەدەکەوت نامە بەری سەویە شڕێ |
ماینەبۆزە، دەبێ شووڵی قەفەسی هەڵکێشم | کەبکی جەنگی بە بۆیی هەجوی ئەو هەڵدەفڕێ |
گەر لەبن داری بەڕوو کیسەڵی ڕەق خشپە بکا | بێ هەوەس وەسڵی ئەویش بێ لە قوڕ هەڵدەپەڕێ |
بۆزە بەو عیسمەتەوە هەر کە ئەوا تەقریر بوو | ساحیبی بەستییە جووت لەتەنیشت ئەسپە خڕێ |
ئەسپەخڕ توند و بەجۆش ماینەکوێت بۆز بەخورۆش | لە تەویلەی درێژا سەربەرەوژێر دایە بەرێ |
ماین گرد و دەرکی نزم و سیازینی پێوە | زین و قەڵتاخی بەجارێ دووکەرت کرد، دەرپەڕێ |
پێی دەڵێم: شای ئاڵچاغ ماینی بۆز زینی شکاند | پێم دەڵێ: چاکی ئەکەم گەر تەڵێ هەنجیر بکڕێ |
هەی خودا داد لەدەست زوڵمی حسەینی ڕانک سوور | زینیشم دەشکێنێت و هەنجیریشم پێ دەکڕێ |
22
[edit]بە پابۆسی لە قەدتا توڕڕە تا کەی چین بە چین دەڕژێ | وەکوو بارانی ڕەحمەت هەر لەسەردا بۆ زەمین دەڕژێ |
دەمی هیجرت شەوێ گەر بێتە یادم لەززەتی بۆسەت | لە لێوی وشکی بێ ئاوم سەحەرگەهـ ئەنگەبین دەڕژێ |
بە چاکیی چاکی زەخمی دڵ، لە وەسڵا سەهوە ئوممێدم | نەمەک تا وا بەسەر ئەودا لە لێوی شەککەرین دەڕژێ |
دەڕێژێ دیدەکەت خوێنی دڵی پڕ میحنەتم ئارێ | پیاڵەی پڕ لە دەستی تورکی مەستا بێ یەقین دەڕژێ |
بە میسلی ئەشکی مەجنوون خوێنی موشتاقانی بێ سامان | لە شەمشێری برۆی بێدادی لەیلی مەهجەبین دەڕژێ |
لەیەک مسرەع ئەگەر سالم بنووسێ شەرحی هیجرانت | بەسەر مەعنای کەلاما تا حەشر دوڕڕی سەمین دەڕژێ |
23
[edit]بێم ڕەقەم کەم گەر لە شەرحی غەم کەمێ | ماتەمێ دەگرێ دەروونی عالەمێ |
بێتە یادم هەر سەحەرگەهـ ڕوویی تۆ | دێ بەسەر ڕووما لەهەر چاوم یەمێ |
چاوی من مەخفی دەڕێژێ ئەشکی خوێن | نەک بزانێ دەردی دڵ نامەحرەمێ |
تا بە کەی لەم کارە کۆتاهی دەکەی؟ | ئەی تەبیبی دەردی کاری مەرهەمێ |
بەندی دێوی میحنەتە کاووسی دڵ | سا لە وەسڵت بۆ نەجاتی ڕۆستەمێ |
بۆ منی پڕغەم چ حاسڵ تەرفی باغ | خاسسە گوڵگەشتی چەمەن بۆ بێغەمێ |
سوحبەتی حوور و بەهەشت و کەوسەرە | جۆیبار و سەبزەزار و هەمدەمێ |
دیدە نابینێ بەغەیرەز زوڵفی یار | هەر تەرەف وەک کاری سالم دەرهەمێ |
24
[edit]بەندی کردم بە جەفا لامەزەبێ پڕستەمێ | نەمەکی ڕیتە برینم نەمەکین لەب سەنەمێ |
جیلوە تاووس و نیگەهـ ئاهوو و دوڕڕاج خەرام | تووتی ئاواز و هوماسایە و فەڕڕوخ قەدەمێ |
نەقش چین، بوویی خەتا، خوویی فەڕەنگ، موویی حەبەش | هیندوویی خاڵ و عەرەب دیدە، نەزاکەت عەجەمێ |
یەک نیگەهـ ڕەونەقی باخی ئیرەمی خستە دڵم | دڵبەرێ لالەڕوخێ گوڵبەدەنێ غونچەدەمێ |
گەنجی کونجی لەبی ڕاگرت و وتی: بگرە بڕۆ | فازیلی فەزل وەلی مونعیم حاتەم کەرەمێ |
وەهـ لەپاش ڕەنجی چ گەنجێ بوو لە کونجی دەست کەوت | چ کەریمێکە کە دەروێشی غەنی کرد بە دەمێ |
تا زوبان قوفڵە لە کونجی لەبی گەنجا سالم | گەنجی شاهی نییەتی قوربێ بەقەدری درەمێ |
25
[edit]ڕۆژی دڵ هەر شەوی تارە چ لەوێ بم چ لەمێ | مەنزڵی گێسوویی تارە چ لەوێ بم چ لەمێ |
گۆشەگیرم لە فیراق و لە ویسال دەمخەیە لا | جایی من هەر لە کەنارە چ لەوێ بم چ لەمێ |
گاهی بوعدت دەڕژێ لوئلوئی ئەشکم وەکوو قورب | دیدە مەشغووڵی نیسارە چ لەوێ بم چ لەمێ |
جەوری وەسڵت شەرەر و حاڵی فیراقت سەقەرە | مەنزڵم هەر دوو لە نارە چ لەوێ بم چ لەمێ |
بەری دا تووڕڕە دڵ و لەشکری غەم دەورەیی دا | گەردی ئەو جوملە خەسارە چ لەوێ بم چ لەمێ |
تا خەیاڵ قووەتی بێ قوربە بە سالم فیرقەت | ڕوویی جانانە دیارە چ لەوێ بم چ لەمێ |
26
[edit]هونەر ئیکسیرمە، بێ، تا زەڕ و سیمت بدەمێ | دیدە دەریامە، وەرە دوڕڕی یەتیمت بدەمێ |
داومە بۆ جەزبی دڵت دڵ وەکوو داروویی تەبیب | هەمە ئوممێدی دروست، ئەرچی بە بیمت بدەمێ |
وەزعی ئەربابی جیهان؛ گەر هەموو تەغییرە، چ غەم؟ | دڵ لە جێدایە، وەرە مەیلی قەدیمت بدەمێ! |
ئەدەب ئامووختەیە دڵ، نیگەرانم، سا بێ | تۆ کە شای مەملەکەتی حوسنی، نەدیمت بدەمێ |
وەهـ چ کۆتا بوو، لەبەر توولی ئەمەل، عومری خەسیس | بە حەڵاڵی وەرە میراسی لەئیمت بدەمێ! |
دڵی ئیسقاتییی مەعیووبی ڕەقیبم بکە ڕەد | لە سەقیم لابدە، بێ، قەلبی سەلیمت بدەمێ |
تەرجەمەی ئایەیی «لاتَقْنِطوا» ئەم شیعرە دەکا | با نەویدێ لە غەفوورییی ڕەحیمت بدەمێ |
حادیس و فەردی مەجازن هەموو فەرماندەهی دەهر | بێرە لای من، خەبەری فەردی قەدیمت بدەمێ |
تەنگە بەرچاوی لەئیمانی جیهان، «سالم»! بێ، | موژدەیی ویسعەتی بەرچاوی کەریمت بدەمێ |
27
[edit]نەسیمی سوبحدەم دەم دەم بەسەر مندا قەزا دێنێ | لە توڕڕەی چینی زوڵفی یارەوە موشکی خەتا دێنێ |
لە هەمدەردانی ئەهلی دڵ، ئەمەلها بۆچی پەنهان کەم؟ | دڵم بۆس و کەناری دڵبەری حووری لیقا دێنێ |
ئەگەر گوڵگوون دەکا پەنجەی نیگارین، دڵ خەبەردار کا | لە تاسی دیدەیی تارم مودام ئەشکی حەنا دێنێ |
هەوا حاسڵ دەکا دڵ، گەر لە غەم یەک لەحزە فاریغ بێ | بەڵێ، شیشە سەری خاڵی بێ، ئەڵبەتتە هەوا دێنێ |
لە زەردیدا ڕوخم هەمزادی کایە و خەوفی ون ناکا | بە بێڕەنگی، لە جەلبی ئیمتیحانا، کەهڕوبا دێنێ |
مولووکی تەنگدەستە، من نەبم، دڵبەر لەگەڵ ئەغیار | بەبێ ڕەنگی تەڵاکارم ڕەواجی شەهڕەوا دێنێ |
خوداوەند نەقشی تەسویری لە دڵما حەک نەکا هەرگیز | بە یادی بێکەسی وەک من لە بەختا دڵگوشا دێنێ |
لە سەیری گوڵشەنی ڕووی، هەر زەمان دیدەم خەتاکارە | نیگاهی جاویدانەی بۆ دڵم، تیری قەزا دێنێ |
عەجەب ساحێب ئیعجازە و ساحیرە، یاران تەماشا کەن | بەبێ نێش، ئەژدەهای زوڵفی بە حەلقە سەر بە پا دێنێ |
چ موشتاقم خەرامان بێ بە شۆخیی قامەتی سەروی | غوباری مەقدەمی، بۆ چاوی تارم، تووتیا دێنێ |
حەکیم تا خۆی نەدا داروو، دەوایی عیللەتم نابێ | ئەگەر زەهریشە شیرینە، بە دەستی ئەو شیفا دێنێ |
بە خاڵی مەسحەفی «سالم»! تەکاسول غەیرە مەقدوورە | بە ئەمری سیرعەتی کۆشش کە ئایەی «ماسَعی» دێنێ |
28
[edit]بە خودایێ کە ڕۆژ و شەو دێنێ | دڵی من هەر ویسالی ئەو دێنێ |
بە هەوای مەزرەعەم درەوکەری چەرخ | داسی بوڕڕا لە ماهی نەو دێنێ |
ڕامی بۆسەی پیاڵەیی لێوت | سوبحی مەحشەر خوماری نەو دێنێ |
فەرەح و غەم بە دەستی گەردوونە | ئەم بە ئاهیستە ئەو بە دەو دێنێ |
پەرچەمت کەوتە سەر بەیازی جەبین | ئەووەڵی سوبحە تازە شەو دێنێ |
تیفلی دڵ هەرزەگەرد و لایەشعور | ئاسمان ئەسپی لاجڵەو دێنێ |
ماتی کردم ڕەفاقەتی زاهید | هەر کوجا هەمنشینە خەو دێنێ |
دوڕڕی ئەشکە بیزاعەتی سالم | قەرزی بۆسەت دەکا، گرەو دێنێ |
29
[edit]سەری زوڵفت، بە ڕووی ڕۆژا، لە عەسرت تیرەشەو دێنێ | لە شاما ناسییەت، وەک سوبحدەم، ئاساری خەو دێنێ |
ڕەوایە گەر بزانی ماهی دووهەفتەش بەقای نابێ | خەمیدەقامەتم هەردەم بە یادت ماهی نەو دێنێ |
ڕەهینت گەر قوبووڵ بێ، قیمەتی بۆسەت موعەییەن کە | لە بەحری دیدەیی مەردوم لوئلوئی ئەشکم گرەو دێنێ |
کەسێکم ناردە دووی دڵبەر، یەکێ چوو بادە حازر کا | نە ئەو هات و ئەمی هێنا، نە ئەم زوو دێت و ئەو دێنێ! |
مەگەر مەرگ ئاشتیی تەن دا لەگەڵ بالینی ئاسایش | نەوید، ئەی جانی بێ تاقەت! ئەجەل وا دێت و خەو دێنێ! |
بە ڕەنجم گەندومینگوونی لە خەرمانی مەحەببەتدا | جەفا و جەوری بە خەروار و وەفا و لوتفی بە جەو دێنێ |
بە هەدیە کوحلە بۆ «سالم»، سەبا عەهدی لەگەڵ کردی | هەتا بەختت وەها سست بێ، نە لەم دێنێ، نە لەو دێنێ |
30
[edit]بەرابەر گوڵعوزاری، دیدە خوێن وەک لالە دەڕژێنێ | بەسەر ڕووی زەردما بەو ڕەنگە ئەم تیمسالە دەڕژێنێ |
خەیاڵی بۆسەیی عاشق بە دڵیا گەر خوتووری بێ | بەسەر لەبیا تەب و لەرزی حەیا تەبخاڵە دەڕژێنێ |
نیشانەی کەسرەتی بارانی ئەشکم، دیدەنی تۆ بوو | لە دەوری ماهی ڕوو زوڵفت کە ڕەنگی هالە دەڕژێنێ |
مەراقی گریە بۆیێ دیدە دەگرێ، حاڵەتی دووری | بەسەر باغی خەیاڵی ڕوویی یارا ژالە دەڕژێنێ! |
بە قەسدی دڵ، لە مەهتابی ڕوخا، ئەگریجە کەچ وەستا | بە نێشی عەقرەبی زەهری لەسەر دونبالە دەڕژێنێ |
بە مەیلی موددەعی، یارم بە قەتلی من میانی بەست | بە میسلی «سامیری» خوێنم لە پێی گووسالە دەڕژێنێ! |
زیادیی قووەتی زاڵم، نیشانەی فەتحی مەزلوومە | لە عەینی خوارییا خوێنی بە تیری ناڵە دەڕژێنێ |
نیگای ساقی لە گەردشدا بەبێ مەی حاڵی هێنامێ! | لە مەجلیس دەستی «سالم» مەی لەتاو ئەم حاڵە دەڕژێنێ! |
31
[edit]دڵ لە مەعموورەی جیهانا، مونتەخەب هەر تۆی دەوێ | وا لەناو چاهی زەنەختا، ئابڕوو گەر دەس کەوێ |
دایێ لێڵاییی دوو دیدەم، دوور لە دیدەت دەفعەیێ | غەیری دەرگانەت، ئەگەر بێ، پێی خەیاڵم هەڵکەوێ |
تۆ فیراقیشت لەلای من حوکمی نەزدیکی هەیە | ڕاستە خۆم لێرەم، بە مەرگت، ڕۆح و دڵ هەر وا لەوێ |
دوژمنێکی چەند موهەییایە ڕەقیبی سەگ سیفەت | ڕۆژ و شەو بۆ مەلعەنەت قەت یەک دەقیقە ناسرەوێ |
شەو دەڵێن دڵبەر نیشانەی «ليله القَدْر»ی هەیە | پەرتەوی ئەو نوورە، بۆچ جارێ لە کولبەم ناکەوێ؟ |
گەردنی دڵ کەوتە ژێر سەنگی فیراق و «سالم»ە! | وای لەژێر ئەم کێوەدا، چەند مەحکەمە و چۆن نانەوێ؟ |
32
[edit]داغی کردم بە جەفا لالەڕوخێ، زێبایێ | پیری کردم بە ستەم لامەزەبێ، تەرسایێ |
تیزبین وەختی ستەم، گاهی کەرەم بێ بەسەرێ | لە وەفا هیچ نەدانێ، بە جەفا دانایێ! |
یاری ئەغیارخویێ، موئمینی کافرسیفەتێ | خوێشی دوشمن ڕەوشێ، قاتیلێ، بێ پەروایێ |
قەوم بێگانەدڵێ، خوونڕەسێ، خوونی هەوەسێ | سەرکەشێ، ڕاست قەدێ، کەچڕەوشێ، ڕەعنایێ |
ناموسوڵمان سەنەمێ، خوونی موسوڵمان ڕیزێ | سەرکەشێ، توندخوێ، دڵشکەنێ، خودڕایێ |
هۆش و عەقڵ و خیرەدی برد بە تاراجی نیگاهـ | زیرەکێ، ساحیرەیێ، پڕخیرەدێ، دانایێ |
قیسسەیی حاڵەتی ئەو کەشفە لە ڕۆم و عەجەما | نییە وەک «سالم»ی سەرگەشتە ئەبەد، ڕیسوایێ |
33
[edit]سەراپا بەندە ئەندامم لە قەیدی سیحری جادوویێ | فەرەنگی مەزهەبێ، تەرسامیزاجێ ئاتەشی خوویێ |
بە ئیما قاتیلی عوششاقە دیدەیی مەست بێماری | دەکا سەیدئەفگەنی سەییادی خوونڕێزم بە ئاهوویێ |
وەفا ناکا بەڵا بەم موومیانەی من سەری یەک موو | ئەگەر هەر مووم زوبانێ بێت و دەرکا هەر زوبان موویێ |
سەرەنگوشتی گەزی ڕاهیب کە دیی خاڵێ لە موهری ڕوو | بەسەریادا وتی: هەممەنزڵی عیسایە هیندوویێ |
خزرئاسا دڵم ئابی بەقای نۆشی لە خوەی عاریز | کە شەوهای زوڵمەتی تەی کرد لە حەلقەی چینی گێسوویێ |
لە سایەی تووبەیا زەخمی دەشۆن مەحشەر لە کەوسەر حوور | بەرێ هەر کەس لە دونیادا برینی تیغی ئەبروویێ |
حیجابت با بە ناری ئارەزوو، سالم نەسووتێنێ | لە چاکی جامە بۆ دەفعی تەبی، سا دەرخە لیموویێ |