دیوانی سالم/ن

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
دیوانی سالم  (1860)  by سالم
پیتی ن

1[edit]

ئەگەر دەستم دەگاتە گۆیی پوستان دەکەم گۆی مەتڵەبم بیروون لە مەیدان
لە غەمزەی تۆوە دڵ ڕووبین تەنێکە بەجێ ماوە لە تیرت بەسکی پەیکان
بەرابەر لەشکری کەیخوسرەوی عیشق گورێزی دا خیرەد وەک شاهی تووران
بزانم گەر هیلاکی موددەعی دێ لە فرمێسکم دەڕێژم ڕەنگی تۆفان
سمی گۆڕ و سەری بەهرامە جێی تیر نیگاهـ ئاهوویی من گەر بێتە مەیدان
لەڕووی دەریایی غەم خوێنزایە دیدەم لەجێی لوئلوء سەدەف پڕ بوو لە مەرجان
کەفی عەقڵی بڕی دڵ وەک زولەیخا بە تیغی غەم لە عیشقی ماهی کەنعان
ئەگەر دڵبەر قوبووڵ کا دینی تەرسا دڵا تۆ وەیسە بی، گەر نەبیە سەنعان
لە گریەی سالمی دڵدادە دڵبەر دەبێ خوڕڕەم وەکوو گوڵشەن بە باران

2[edit]

مەسئەلەم پرسی لە دڵدارم بە مەحزی ئیمتحان بۆی عەیان کردم لە لەفزا، هەر چی مەعنا بوو نیهان
پێی دەڵێم: ئەشکم ڕوواندی موو لەناو چاوما، دەڵێ: دێتە بەر چاوت، لە عەکسی قامەتم، نەقشی میان
شکڵی سفرێکم بینا نا، لێوی لێ گەزتم، یەقین یەعنی: ئەفزوون دێ لە وەزنا، هیچە ئەندازەی دەهان!
ئەو دەڵێ: چی خۆشە هەر بێ؟ من دەڵێم: سەیری ڕوخت پێم دەڵێ: چی دێتە بەر چاوت؟ دەڵێم: باغی جینان
من دەڵێم: جێی موشکە نافەی، ئەو دەڵێ: گێسوویی من من دەڵێم: شمشادە قەددت، ئەو دەڵێ: سەروی ڕەوان
من دەڵێم: گوڵ عەتربێزە، ئەو دەڵێ: ئاغۆشی من من دەڵێم: نەی شەهدخێزە، ئەو دەڵێ: خەندەی دەهان
هەر جەدەلمانە لەسەر ئیسمی موژە و ئەبرۆیی ‌ئەو من دەڵێم: شەمشێر و خەنجەر، ئەو دەڵێ: تیر و کەمان
ئەو وتی: حاڵت چلۆنە؟ من وتم: تابم نەما ئەو وتی: چارەت بە چی دێ؟ من وتم: وەسڵت نیهان
ئیسمی وەسڵم هات بە دەمدا، بەستی ڕێگەی گفتوگۆ پێی وتم: سالم! لە گوستاخی دەبێ ببڕی زوبان

3[edit]

ئەی قیبلەیی مورادم، داخۆ بە ڕۆزگاران پرسیوتە قەت لە هیچ کەس حاڵی غەریبی تاران
بەو سوێندەکەی کە خواردت من هەر ئەوەم کە دیومت حاشا بکەم فەرامۆش میساق و عەهدی جاران
تا نەقشی خاترم بێ خوڕڕەم بەهاری حوسنت دەتکێ لە هەوری چاوم پەیوەستە تاوی باران
شەو تا سەحەر لە هیجرت بۆ من حەرامە خۆ خەو هەر دێ سەدایی گریەم وەک ڕەعدی نەوبەهاران
لاکین لە ئەسڵی کارا ناسیومە حاڵەتی تۆ سەنگینە گوێی سەماعت بۆ دادی دەردەداران
تۆ هەر ئەوەی کە چاوت، جەرگی بڕیم بە ئیما من هەر ئەوەم کە عیشقت، کردوومی وێڵی شاران
سالم لە جەوری دڵبەر، کۆتا کە شەرحی دەفتەر تۆ بێخودی لەتاو ئەو، ئەو بێ خەبەر لە یاران!

4[edit]

بێ تۆ مەهیبە گریەم وەک ڕەعدی نەوبەهاران پەیوەستە دێ بە ڕووما ئەشکم بە میسلی باران
نابێ بکەم بەبێ تۆ سوحبەت لەگەڵ چ دڵبەر ئارێ مەقامی وەرعە پەرهێزی تۆبەکاران
ناکاتە دەر لە خاتر سەد کۆششی ئەرەستوو غەیرەز ویسالی یاران ئەندووهی بێقەراران
ئیستادە و خەجاڵەت گەردەنکەچ و تەریقم جانا بە چاوی توندی مەڕوانە شەرمەساران
شام و سەحەر وەکوو خاک پاماڵی پایی خەڵقم از بس بە یادی لوتفت کەوتم لە ڕەهگوزاران
سەدبار ئەگەر لە گوڵشەن گوڵ چەتری زەڕ لەسەر نێ دڵ، تەنگە، غونچەئاسا، بێ ڕوویی گوڵعوزاران
شێواوە دڵ لە هیجرا ناگاتە شامی زوڵفت پەیوەستە ئینتزارە وەک چاوی ڕووزەداران
بێهوودەیە لە گوڵزار ئەفغانی بولبولی زار ناگاتە گۆشی یاران ئەندووهی بێقەراران
سالم لەبی بە سالم ناگاتە ڕوویی دڵبەر جەمعن بە دەوری گەنجا هەر سوو سیاهماران

5[edit]

لێم گەڕێن با گریە کەم دیدەم بە دیدەی خوونفشان نایەڵێ یەکدەم بە ڕاحەت ڕابوێرم ئاسمان
چونکە سیوەیلی قەدیمن حەق لەپاش عەهدی سەلیم دایە دەس مەحموودی حاتەم دڵ چراغی دوودەمان
شەمعی دەسگاهی ملووکانەی گەیانە مەرکەزێ بەرقی قەندیلی فرووزانی دەچوو بۆ کەهکەشان
وەهـ چ خوڕڕەم دەوڵەتێکە با بە شەرتێ توولی بی دەستی حەق بەم نەوعە ڕۆشن کا چراغی خانەدان
شیوەکەڵ بووبوو بە بەندەن خۆ بەسەر نەقشی بەدیع لالە و نەسرین گەییبوو، جام بلوورین شەمعدان
شیوەکەڵ بووبوو بە خانەی پادشا وەختی نەهار دیم لە هەر سوو سفرەیی ئەیوانی حاتەم گردخوان
واقیعەن لەو خوانەدا بوو خام و پوختە ڕۆژ و شەو هەر تەعامێکی کە نەفسی ئارەزوو کا میهمان
شیوەکەڵ بووبوو بە عوربانی عەنێزە و مونتەفیک سەد کەمەند پڕ بوو لە سەرجی تازی ئەسپ و مادیان
چووم نیگاهم کرد لە هەر لادا لە حوجرەی خاسسی ئەو دیم بەقەد بازاڕی قوستەنتین تفەنگی زەڕنیشان
زێوەری تاقی عەمارەت بوو سەراسەر ڕەنگ ڕەنگ ڕەخت و قرتاسە و حەمایەڵ، خەنجەر و شیری دەبان
دیم وەکوو دوککانی بەززازی لە سەر یەک بوخچەها شاڵی تورمە و کەوڵی خەز دیبایی هیند و پەڕنیان
ئاسمان زانیی سەری سەوزە نیهالی بەختی ئەو نازڵی کرد چاوی بەد وەک ئافەتی بادی خەزان
خانەوێرانە بە یەک تەب عالەمێکی کرد تەباهـ ڕەنگی بێ ڕەنگی لەسەر ڕەنگی پەڕیدەی بوو عەیان
دای بەسەریا هەر کە گرتی نەبزی مەوج ئاسایی ئەو یەک نەزەر شێوا بەجارێکی حەواسی بابەجان
تەنفسوردەی بێ زمانی تەن بە تەن عالەم مەلوول تائیری ڕۆحی ڕەوانی پەڕزەنان چوو بۆ جینان
گوڵ بە وەیشوومەی حەوادس گەر قەزا پەژموردە کا فائیدەی کوانێ بە حەسرەت قوڕ بپێوێ باغەبان
کەی خەیاڵی بوو کوتوپڕ خاسسە بۆ سەر خەرمەنی ئاسمان نازڵ بکا بەرقی غەزەب وا ناگەهان
گریە دەڕژێنێ بەسەر ڕووما دەمادەم ئەشکی خوێن بێن تەماشا کەن لە یەک سەفحەی عەقیق و زەعفەران
نائیرەی سەبرم بە حەسرەت وا لە گریانا بڕا دێ بەخوڕ فرمێسکی خوێنینم لەچاو وەک ئاودان
سا قەڵەم بێ دادی ئەم ئەندووهی کوبڕایە بدە من لەتاو ئەم تەعزییەی عوزمایە ماوم بێ زمان
تا خەدەنگی قامەتی تۆی گرتە باوەش ماڵی قەبر پشتی تاقانەت لە خەم، خەم بوو وەکوو ماڵی کەوان
پشتی ئەحمەد بەگ شکا لەم ڕیحلەتی ناوەختەدا کاشکی مەوقووف دەبوو کۆچت لە ڕەغمی دوژمنان
پشتی ناو تابووتی ڕەختت پشتی سیوەیلی شکاند پشتیوانی بانە و تاژان و قەومی تاژەبان
بوو بە زێبی کۆتەڵت ساتیرەکەی پاشایی ڕۆم بۆ نەبەم لەم حەسرەتە ئەنگوشتی حیرەت بۆ دەهان
تۆ وەکوو سەر بووی ئەقاریب تەن، کە سەر چوو تەن چییە؟ تەن بە تەن بێ سەر هەموو کەوتن لە خاکا بێ ڕەوان
چاو بچەرخێنە لە تابووتا بەلای کاک ئەحمەدا هەر لەسەر تا دامەنی بۆ تۆ لە قوڕدایە نیهان
خۆ بە سەیڵابی خەفەت خانەی ڕەسووڵت کرد خەراب تۆ بە ئیمان خانەیی قەبرت کە بووبوو ئاوەدان
ئەمڕۆ بۆ تۆ حاڵی ئەم خەڵکە نموونەی مەحشەرە کاشکی دەتدی لە تابووتا جەمیعی مەردومان
کاشکی دەتدی لە تابووتا پەرێشانیی کەریم ڕەنگپەڕیدە خوشک لەب بێدەنگ و مات و بێ زمان
ڕۆژەکەی قەتڵی حوسەینە حەیفە ماوی بێ خەبەر کاشکی دەتبیست لەتابووتا سەدای گریە و فوغان
خۆت لەجیاتی من دەگریای، گەر بە چاو دەتدی ڕەشید قوڕ بەسەر دڵ پڕکەدەر شینی پودەر ئەفغانکونان
خۆ نەفیری مەرد و زەن لەم شیوەنە چوو بۆ فەلەک سەر بوڵەند ناکەی وەها دایگرتویی خوابی گران
گەهـ لەبەر تابووتی ئەودا گریە و شینێ دەکا پێی بڵێن: توخوا بڵا مەحشەر چییە داد و فیغان
حاڵی واپەسماندەگان با ئیبتدا بێنێتە یاد سانیەن بۆ باسی ئەو بەم بەیتە کا شیوەن بەیان:
بەختی بەد، مەیدانی کۆتەهـ، خانە تێکچوو، تیرە ڕۆژ مەتڵەبی زۆر، عومری کەم، ناکام ڕەفت و نەوجەوان
سەنگ دەتاوێنێ سەدای پۆشیدە ڕوویانی حەرەم الأمان ئەی چەرخی سەنگین دڵ، لە جەورت الأمان
دێ بەسەر ڕوویا بەسەر ڕوخساری زەردا ئەشکی سوور هەر بەسەر پێدا لە پادامانی دەڕژێ ناودان
هیممەتی پاکان دەبوو لەم ڕێگە وا یاری بکا یاوەری ڕێگەی خەتەر بۆ عەدڵی بوو بۆ ڕەهڕەوان
مەعبەری تابووتی تۆ وەختێ کە کەوتە گردەشین کەی دەبێ ئیتر بە ئالانا عوبووری کارەوان
سەددی سەرحەددی عەجەم هەم پاسەبانی مەملەکەت شێری بێشەی موڵکی بابان ژێردەستی ڕۆمییان
حوکمی تۆ حیسنی ویلایەت عەزمی تۆ پەرژینی باغ عیزمی تۆ پابەندی ساریق عەدلی تۆ ئەمنی مەکان
تەرزەکووبی ئافەتی دەستی ڕەزانن باغ و تاک واقیعەن ئەم قەزیە ناوەختە خەزان بوو بۆ ڕەزان
پیشەوەر، دوزدانی سابیق، تۆبەکاری سەهمی تۆن هەر لە ئێستاوە لە دڵدا موستەعیددن بۆ زیان
نۆکەر و سوارەی تفەنگدارت سەراسیمەن هەموو نەزمی تێک چوو مانەوە وەک گووسفەندی بێ شوان
زائیقەی سالم هەوای شەکراوی شایی بوو بە خێر ئاسمان ڕیتی بە شەڕ ژەهری بە دەمدا ناگەهان

6[edit]

بۆ منی سەرگەشتە، ئەلحەق، بێ وەفا بوو ئاسمان دەرحەقم ئەمجارە یەکسەر پڕ جەفا بوو ئاسمان
تێکی دا بونیادی وەسڵ و شیشەیی بەزمی شکاند بۆ خەرابی موڵکی دڵ، پڕ موودەعا بوو ئاسمان
«الغرض» هات ڕۆشناییی دڵ لەبەر شەمعی موراد دەرحەقی بەختم نەسیمی سوبحگا بوو ئاسمان
چاک چاک و لەت لەتە سینەم لە ئەندووهی فیراق بۆ دڵی خوێنینی من، تیری قەزا بوو ئاسمان
وەک هەماوەردانی مەیدان، چاو و ڕووی هەر وا لە من بۆ کەمینم گەردشی ڕووبەرقەفا بوو ئاسمان!
چونکە زانی دڵ موحەسسەن بوو لەتاو جەیشی فیراق وەک عەلەم بۆ لەشکری میحنەت بەپا بوو ئاسمان
تێکی دا غورفەی مورادم، بوومەلەرزەی ئینقیلاب بۆ بناغەی موڵکی عیشقم بەدبەنا بوو ئاسمان
موڵکی بابان پڕ لە غەوغا، خاکی کوردستان خەراب مایەیی فیتنە و فەساد و ماجەرا بوو ئاسمان
حەققی سوحبەت، بۆ بە چاو نادرێ سالم! بەسیەتی پار لە وەسڵا چەند ڕۆژێ ئاشنا بوو ئاسمان!

7[edit]

باسی شەڕی عەزیز بەگی بابان و ئیسماعیل پاشای ڕۆم

لێم گەڕێن با گۆشەگیر بم، دەستەوئەژنۆ، کەفزەنان گێژەڵووکەی بای نەدامەت تاری کرد سەفحەی جیهان
شارەزوور بەحر و سولەیمانی لەسەر ئاو، گەمیەڕەنگ بۆ شکستی وەک نەهەنگ بوو فیتنەیی ئاخرزەمان
کێ دوعای کردبێ بەسۆز ئەمساڵ لە کشتی شەهرەزوور دا ببارێنێ لە تەنخوای تەرزە ڕۆمی، ئاسمان؟
ڕاستە گەردوون چابوکە بۆ ڕەنگی بەد ڕیتن وەلێ ناڕژێنێ ڕەنگی بەم ڕەنگە بە موددەی سەد قیڕان
بەزمی سەیدی ئێمە سەییادی فەلەک کارێکی کرد ڕەنگە باڵای تیرقەددان بێتە تەرکیبی کەمان
زیعفی تالیع جازیبە وەک کەهڕوبا بۆ خوێن و دەم سەیری چیهرەی بەختی من کەن بوو بە ڕەنگی زەعفەران
نەوبەهاری من خەزان و فێنکیی سوبحم تەمووز پەرتەوی ماهە غەم و چاکی دەروونم وەک کەتان
تورکی قورسی خۆر کە تالیع بوو تولووعی کرد بە ڕەقس کەوکەبەی ماهی مورادی ئەهلی بابان بوو نیهان
ئاگری نەگبەت لە خەرمەنهایی تالیع کەوتەوە شەمعی دەوڵەت هەر تەرەف دەگڕا هەموو خامۆش کران
حەلقە دەین یاران بڵا ئاشوفتەبەخت و تیرەڕۆژ ڕۆزگار دونیای لە ئێمە کردە گێسووی دڵبەران
هەوری بەدبەختی کە هاتە ڕووی فەلەک وەک ڕەنگی قیر کەوکەبەی ماهی مورادی ئەهلی بابان بوو نیهان
ساعیقە و بەرقی نەدامەت زوڵمەتی دا شەرق و غەرب بەردەبارانە بە مەخسووسی لەسەر موڵکی بەبان
چاوی عیبرەت هەڵبڕە ئەی دڵ لە وەزعی دەهری دوون سەیر کە سا تورکی فەلەک چیی کرد بە زومڕەی کوردزوبان
چارەسەر کەن ئەهلی دەروێش نانی مفتیمان بڕا لوولە بوو سفرە و نەواڵە، ون کراوە زەرف و خوان
ئەهلی سادات و مەلا و حاجی بڵا شین کەن بەسۆز دەفتەری ئەهلی وەزایف دیم عوموومەن حەک کران
عەرسەیی مەیدانی چەرخە ئێستە جەولانگاهی بووم بوو بە لانەی زاغی بەدخوو، ئاشیانەی باڵەبان
دڵ لە میحنەت کەیلە تابی سەیری ناوشارم نییە عەینی چاوم خوێنی تێ زاوە لە داغی مەردومان
بێ زوبان کووکووزەنان هەر خانەدان تێ دەفکرم عەنکەبووت خواجانشینە و جفت جوغدن دیدەبان
حاکمە ڕۆمی لەسەر تەختی سولەیمانی درێغ کەوتە دەستی دێوی دوون موهری سولەیمان ئەلئەمان
مەجلیسێ وا بێ موشەخخەس دوودی گۆگرد عوودە بۆی دەروێش ئاغا بوو لەجێی مستۆ هەموو شەو نەغمەخوان
عەزل و نەسبی کرد بە تەدبیری کیا مەنسووبی ڕۆم قاوەچی عەوڵایی قاپی بێت و سووران پاڵەوان
کێ دەکا تەقسیمی مەنسەب وا موقابیل شانی شەخس بۆ عەزیز سەرواز یەکوم و حاجی قادر ئاشەوان
ئاڵووگۆڕی مەنسەبی دوو شەخسی عالیجاهـ کرا: مەحموودئاغای زل حەکیم باشی، حەمامچی بابەجان
کۆڵ بە دۆش با خەرقەپۆش بن تاج و کەشکۆڵ هەڵگرن ڕوو کەنە ئەملاکی پیتر و بچنە شاری خامۆشان
ئەسکەمل بێنن قەراریان دەن لەجێی ئاغالەران مەجلیسی شووڕا ئەمێستە خاسسە بۆ ئەسنافەکان
وا کەریم ئاغای نەنێ تەدبیری: هەستە جاف دەکا خاڵە هۆمەر دارۆغەی شارە و مودیر حاجی ئەحان
کەس نەچێتە پێشەوە حاجی غەنی تەدبیرییە مەئموری سەبتی نوفووسە و شاغیلی باجی دوکان
حاجی میرزا کەوتە ناو کار و تەرازووی شاردەوە مەسرەف ئاسا حاسیبە بۆ خاسەجاتی مالوان
میری خوڵمار و دەلێن ئەمساڵ مەزەننە ساڵحە باز بە جەبباریان سپارد باقڵ ئومووری دۆمەکان
ئاغەتاها مەشرەوەرەتجۆیە لەگەڵ سەرکاتبی وا دەزانم وەرگرێ حوکمی چیاسەوز و شوان
بۆ گەڕانی دەوری شار ئەمشەو مەلایوونس دەچێ مشتەکەی گورز و کەمەندی کشتەک و دەرزیی سینان
حامید و وەستا حسێنی کۆڵ لە شارا گەزمەچین هەر دوو بۆ خوێن ڕیتنی دز کۆ بە کۆ تیشنەن بە جان
شیری قەیچی، تیری دەرزی، زەرگی نیوگەز، دیرعی ڕم نەخ کەمەند، ئیسپەردە توو، جەوشەن بەتێ، بەنبڕ ددان
غەڵبەغەڵبی هەی بکوژ هەڵسا لە دەوری چوارباغ قادری دەللاکە هەر شەو تا سەحەرگەهـ پاسەبان
سەتڵی سەرخووسێنی تەپڵ و ئەسپی قاپقاپی حەمام لۆنگی جەوشەن، شیری کزلک، تۆپزی کاری ددان
وا موسەللەح بوون بە ئەسبابی یەلی نەججاری شار بۆ کەمینگاهی گوزەر وەک شێری بەندی بەردران
ناچەخ و تیر و کەمان و زەرگ و دەشنە و دەهرە بوو ئەسکەنە و تێشە و مشار و لێسک و مەنگەنە و کەوان
چاکی کرد میرزا سڵێمان پاسی دەککەی زیندروو سەنگەری دەستگایە بۆ شەڕ، شەو هەتا وەختی بەیان
مشتەیی نایە هەمانە و دەیوەشێنێ میسلی گورز گازنی تیژی نەجەخ، زووپین درەفش، ئیسپەر هەسان
موونسی خاسس و ئەدەب ئامووزی پاشایە بزە بۆ نەدیمی چوون وزەش بێنن لە تیمار و کچان
باش خەیاتی خەرقەیی کەهیا ئەلە کۆپاندروو ئەحمەدئاغای دەرزی باشی بوو بە قاترچی خەران
هەی پەنا بەخوا لەدەست ئێڵی غەوارەی دەوری شار کافرۆشی و چنگنی و چووچانیی و جافی تەلان
عەزمی هەر کارێ بکا فەرزەن ئەگەر کاک ئەحمەدە وای دەماڵن سێ کەڕەت تا دێتە کانیی ئاسکان
بۆ نەجیبانی ویلایەت بوونە ئافەت نانەجیب جامەیی شەهری لەدەست سەحرانشین بەس دادڕان
بانەیی و ئەوڵا سووتەڵ هەر دوو شەریکی قیسمەتن سەبتی توغرا بوون بە حوکمی ماوەت و سەمتی قەشان
لوتفی ڕۆمی پەرتەوی ڕۆژە، لە نیک و بەد دەدا لەقلەق و نێریش دەچن بۆ زابتی نەهری مووان
کەس نەڵێ ڕۆمی لە تەسخیری مەمالیک چابوکن سستیی بەختی عەشیرەت بوو بە چالاکی ئەوان
وەر نە ڕۆستەم وەک ئەمان کەی دێتە دەست بۆ چابوکی؟ وا بە جورئەت، وا بە غیرەت، وا یەل و ساحیب سینان
وەختی حەملەی ڕۆژی مەیدان موددەعی وا پێ دەکەن: دێتە لەغزش پێ و ڕیکاب و سست دەبێ دەستی عینان
شێری بێشەی موڵکی بابان مەردی مەیدان زاهیرە گەر کەسێ بێنێتە خاتر دەستوبردی گەرمییان
مەرگی تورکانی جەفاجۆ سەد قەدەم پێش گوللە کەوت تا پلە ئەنگوشتێ بۆسێ، ئەو گەییشتە سەر نیشان
ئیختراعی تورک لە دڵدا مەشقجۆی شێوەی شوغاڵ یەککەتازی کورد لە دونبالی وەکوو شێری ژیان
خۆ لە بیمی تیغی جانفەرسایی میر، ئەو ڕۆژە تورک میسلی کەوباڕی هەڵۆیین شەش جیهەت لێک هەڵوەشان
هەر کە شوعلەی ماهیچەی تیغی بوڕەهنە بوو زوهوور وەک قوڵنگی شەوچرابین تێکەڵاو بوون ڕۆمییان
گوللەتۆپ وەک تۆپی قایش بوو لە ئاقار غیرەتی تەبعی جۆیای بەزمی شێلگ بوو لەجێی سینەی کەمان
بۆ قوماری مەعرەکە تیغێ بە ڕووتی نابەزێ بۆ جەلای جەوهەر لە خوێنی موددەعی وەردەگرێ قان
شۆری مەخفی ڕۆمییان زانیوتە بۆ زاهیر دەبوو؟ نووکی نەی دەیخۆند لە دڵیانا هەموو ڕازی نیهان
ئیسمی قابیز بوو لەجێی جەوهەر، لە حەربەی ڕممی ئەو وەک چەپەر پۆستەی ئەجەل هات و بە تورکی دا نیشان
وەختەبوو تای پیرەهەن کفنی حەیات کەن بۆ مەمات هەر لە ناکادا نیزام دایان لە ڕیزی باڵەبان
ئاهی ئەم حاکمانە تەحقیقە ئەگەر نەگرێ نیزام قەومی نووحیش دەچنە جەننەت، بێ شک و شوبهە و گومان
سەرفی نەقدی ڕووحی شیرین بوو هەتا پەروەردە بوون بەچچە گورگ ئاسا لە ئاخر کەوتنە کۆزی دوودمان
فەرقی فەخری میرئاڵا گەییە بەهرام و ئەسەد کەوتە قەعری چاهی غەم لەو حاڵە، میری بازیان
باز وەکوو بازی تەوار دەورێکی کرد و هاتەوە دەوری کەهیا و شاری دا، دیسان بڕا ڕای نۆکەران
ئاغەلەر وەک گورچکی گا، هەر یەکێ فیکرێ لە دڵ خۆ نیزامیش میسلی سەوسەن، جوملە خودڕوو دووزوبان
هاتە ژێر پاساری تەنگ لەشکر، ڕیکاب ئەندەر ڕیکاب کەوتنە سەر کۆڵان و بێ ڕێگە، عینان ئەندەر عینان
بوو بە جێی بەبر و غەزەنفەر، کووچە کووچە و ناو سوقاق سەرمەحەللە ڕەنگی بێشەی گرت لە نێزەی جانستان
ڕەنگی سەحرای مەحشەری بوو شیوەکەی لای پیرمەسوور گرمەگرمی تۆپی ڕۆمی، هەوهەوی سوارەی بەبان
پەیکی تەقدیر بوو بە سەققا، ڕاوییەی زوڵمی بەدۆش ئاوی ئەڵماسی بە تیزی ڕیتە حەلقی پڕدڵان
ئارەقی ئابی نەبوو غەیرەز شەرەنگ مینایی تیغ بێخودی نەشئەی خەمۆشی تا حەشر بوو بۆ یەلان
بوو بە جاڕووبی مەحەللە هەر تەرەف پەنجەی پەڕیو پەی کراو بێ پێ لە مەیدان، پەهلەوان وەک پاڵەوان
سەن سەنی سوارەی نیزام گێل ئۆڵانی تورک ئوشاخ بگرە بگرەی کوردزوبان و ئاخ ئاخی تورکمان
قەهرناک و سەر بوڕەهنە ئاتەش ئەفشان حەملەوەر جەنگجۆ بوون یەک بە یەک هەرسوو وەکوو بەبری بەیان
هەی خودا ڕۆ لەو دەمە چیی کرد غەوی تۆپ و تفەنگ؟ سەرزەمین تاریک و دونیا تۆز و کەڕ گوێی ئاسمان
ماهی تالیع ڕووی میحاق و ڕۆژی نەگبەت جیلوەگەر خەرمەنی شادی لەبەر با بەرقی غەم ئاتەشفشان
لاغیری تالیع شکاندی حەسرەتا بازووی قەوی ئەختەری بورجی موزەففەر خۆی لە ئێمە کرد نیهان
گەرچی پێشاپێش بەهەیبەت بوون و ئازا چوونە پێش حەسرەتا باز هەم نەیانزانی نیزام وا بێ حەیان
سێ بلووک لای پشتی گرت و سونگی دووران هاتنە پێش فیرقەیێ لای پیرمەسوور و نیوی کۆڵانی ئەحان
سەر بلووکیان خاڵەکەی هەورامی بوو و قالەی شەریف هەم ڕەفیقیان بوو عەزیزە حیزەکەی چوچانیان
پێشی دەمیان ئۆغڵەمەی تۆپ، پشتی سەر ئەو ئاگرە گەیییە چەرخی هەفتەمین لەو حینەدا ئاهـ و فیغان
غەیری تیغێ تەڕ، گەرووی لەب تیشنەگان ئاوی نەدی کوشتەگانی کوردزوبان دەتوت شەهیدی کەربەلان
گوێی فەلەک کەڕ بوو لەبەر ناڵە و نەفیری ئەهلی شار لامەکانی گرت سەدای ئاهـ و فیغان و ئەلئەمان
موددەعی کوێر بێ نیزام ئیفلیج مەکان زیر و زەبەر میری سوورداش و ئەمینەی پیاوی هەر دوو ئەنگووان
گەر عەشیرەت گریە کەن هەر یەک هەتا دەمرن کەمە کوشتنی ئەو بای موخالیف بوو لە شەمعی دوودمان
ڕۆژی قەتڵ ئەمڕۆیە ئەلحەق وا حوسەینی پێ دەوێ بۆ ئەدای قەزیە سەراسەر نیلگوونە ئاسمان
یادگاری حاکمان و جانشینی سیلسیلە ناموراد و نەوڕەس و مەقسەدنەدیو و نەوجەوان
سا فەلەک کەیخوسرەوی خوێنی سیاوش گوم مەکە ڕۆستەمی سانی عەزیزە و موددەعی توورانیان
قادری قودرەتنوما تۆ قودرەت خۆت کردە کار قادری ئێمەت موسەلسەل خستە بەندی ڕۆمییان
وەر نە قادر تۆ دەزانی قەت کەسێ قادر نەبوو وا بە مەقهووری بکا قادر ئەسیری ڕۆمییان
گوللە وەک تەرزە دەباری، ئەهلی لەشکر کەتنە باڵ پای ڕیکابیان قورس لەنگەر بوو، سەبوک دەستی عینان
هاتنە ناو کۆزیلکەوە چەندێک سەلامەت چوونە دەر بەعزێ کوژران، جوملەیێ گیران و چەندێ ڕووت کران
ئەم لە غەمدا هاتە جۆش، ئەو سێر و ئەمیان بوو غەنی سەگ لە لاک، عەسکەر لە ماڵ، دڵ لە تیغێ قاتیلان
دەرپەڕین باز مەیلی ئیقدامیان نەبوو لەو بیدعەتە حەسرەتا یەکدڵ نەگەینە شیوەکەی گردی گوڵان
مەیلی لانیان بوو وەکوو کەروێشکی پاش ڕاو هاتنەوە دەرنەچوون چا بوو بە حەملەی دێڵە کەهیا کول کران
گەر مەحەللی گریە بوو ئەو وەختە من زۆر پێکەنیم پوورە ماتان، ئەحمەدئاغای بردە شکڵی دۆمەکان
گەرچی میسرە شارەزوور ئەمما خەرابە بێ عەزیز ڕوو دەدا لەم خەڵقە ئاخر حاڵەتی کەنعانییان
شێری بێشەی موڵکی بابان بوو عەزیز ئەمما درێغ وەک گرێی دامووسکی بێ، ئاو قەومەکەی زوو هەڵوەشان
دیدە نابینایە وەک یەعقووب لە هیجرانی عەزیز تۆی خودا ساحیب مەکان و تۆی خودایا لامەکان
کەوکەبەی بەختی عەزیزم وا لە چاها بێنە دەر شەعشەعەی ئەمری مونەووەر کا زەمین و ئاسمان
چەنگەڵی شەهبازی بازی بازیانی باز نەدی فش هەڵات کەهیا لەسەر بەیزەی تەمەع وەک ماکییان
بۆ مەداری نانی عەشرەت قەت مەدارێکی نەبوو ئاشەکەی تەبعی بە ئاوی کەیدی ڕۆمی هاتە دان
بەختی سووتێ سا لە ڕێی حەق، حەق حەقی لێ وەرگری بەد نەمەکگیری نەمەک بێ، وەک ئەوانی دا بەمان

8[edit]

حەک بکەم دەفتەری سەعدی دەمی وەسف ئەر بە بەیان بێمە سەر مەدحی دەهانت لە دەما بەندە زوبان
بیمی بەدنامییە گەر نایەمە بەر تیری موژەت کە دڕا پەردەیی دڵ دەردەکەوێ ڕازی نیهان
نۆشی حازر لە لەبا، نێشی لە موژگانی سیاهـ مەگەسی نەحلە بە سەنعەت بوتی زەنبوورمیان
نەفعی کوا ناڵەیی بولبول لە چەمەن گاهی سەحەر لە تەرەف شیکوەیی ئەو گوێی گوڵە یەکبارە گران
تا بە خاکی قەدەمت دیدەیی کێ ڕۆشن کەی فەرشە بۆ مەقدەمی تۆ دیدەیی ساحیب نەزەران
تەڵخە گەر حاڵەتی دووری بە منی خەستە چ باک؟ دەمی وەسفی لەبی جانانە شەکەر دێتە دەهان
دیدە نابینێ کەسێ گاهی تەماشا جوز تۆ نیگەرانت نییەتی خەوفێ لە تەعنەی دیگەران
شیکوە بێ حاسڵە سالم لە جەفاهایی حەبیب کێ دەسێنێ لە مەهی چاردەهەم دادی کەتان؟

9[edit]

خاڵە بیستوومە، موئمینی جافان کە لە تەبعی کەسێکە وەک حەسسان
نەسەبی ئەسپی تۆی بە سەگ داوە سەگساری دەکا بە تۆ و دیگەران
«حاشا لله» نە تۆبە مەرگی تۆ نە سەگئەندامن و نە سکئاسان
شەممەیێکە لە وەسفی تۆ و ئەسپت قیسسەیی ڕەخش و ڕۆستەمی داستان
لاکین ئەو جووتە بوون، دروست و درشت ئێوە هەردوو لە قاڵبا نوقسان
ئەسپەکەت فیلە، لێک بێ خەرتووم تۆ پوڵەنگی وە لێک بێ دوندان
تۆ بە سواری کەمە بێی، نمایانە گورگی بێ کلک و شێری بێ شیریان
یۆزی بێ کەڵبە، بەبری بێ میخلەب خۆت و ئەسپەکەت بە شەکڵ و بە شان
چونکە تۆ شێری، با لەتیفە بڵێم: هەر دەبێ خوێن بخۆی و ئێسقان
تۆ کە گورگی بە بەڕڕە قانیع بە، مەلەقێنە دومت لە کەس بۆ نان
ئەسپی تۆ تازیی و ئەتۆ تازی تا زیانە بە تازی ئەر تا زان
وا دەزانم لە بیمی تازیی تاز دەمنە ڕاکا وەکوو سەگی چۆپان
بێتە بەندی کەمەندی تۆ، ئیکلیل سەگی کێیە کە بیبڕێ بە تەکان
وای بۆ حاڵییی کەمتیاری فەقیر تووشی ئەم بەبرە ئەگەر لە بەیان
ئینتیقامی سەگی دەبێ زاهیر تووتکی هەرچی خواردبێ بە تەکان
ئەسپی سواریی وەها نییە و نابێ هەر لە «بەربەر» هەتا بە «داغستان»
جووتی ئەم ئەسپە وا لە موڵکی عەدەم ڕەنگی وا قەت نییە لە ڕوبعی جیهان
لچی وەک کاڵەکی بڵ، قڵەشاو سەری وەک کوولەکەی درێژی پان
چوارپەلی پانە وەک ترۆزیی چەم: نەرم و باریک و بێ ڕەگ و لەرزان
لەق و شل، کلکی وەک گوڵی هەرزن وەختی لنگدان دەچێتە ناو لنگان
چاوی هەر وەک ترێی هەتاوبردوو سیس و بێ ئاو و قووڵ و نابینان
ئەسپی تۆ، بۆچی خراپە، خاڵی خۆم پاک و بێ عەیب و ساغ و بێ نوقسان
ناڵی بێ و ئەگەر جۆ بخوا، ڕەخشت ڕۆستەمانە کە لێی خوڕی بە دوودان
شڕی، شەو گەر «گرێزە» بێ مەنزڵ تا سەحەرگەهـ دەگەیتە دەشتی مووان
لە ئەڵەبجە دەگەی بە بەکراوا شەو لەناوێ کە لێی خوڕی چێشتان
بە گرەو سواری بە لە گوڵ عوممەر هەفتەیێ دەچیتە خاکی هەورامان
لە «نەوێ» لێی خوڕی لە پایزدا دەچیتە «دزڵی» لە ئاخری زستان
تا لە «دەق» دەچیتە «قەڵبەزە»، بەهار پایزێ ئێڵ دەگاتە بەر ئالان
گورزی تۆ گەر لە پشتی گوربە کەوێ دەمیاوێنێ تا سەری مەیدان
موختەسەر پێت بڵێم، بەڵێ: واتە ئەسپی شین فیلە، خۆتی شێری ژیان
حەرفی سەربەستە، بەسیەتی ئیتر با بڵێم هەرچی مەخفییە بە عەیان
بە قەراری حەدیسی موئمینی جافان پێی وتم دوێنێ، وازیح و پەنهان:
بارگەیێک کە بەستی بۆ تولەک شاپەڕت کەندبوو بە زۆری ددان
بەڵکە هەر کەس بە بینی پەرەر بوو بێ، بڵێ قەلبی کەس نامودانان
پەڕ گزاوە وەک پەڕی توولەک توولەکی تۆ لە توولکان نادان
خاڵە سا وەک تەریقی فینۆ بی خاڵە سا بی خەجاڵەتی سەگبان
خاڵە! توعمەی قوشت بە لوقمە بکەی خاڵە! گۆشتت نەبێتە نۆشی جان
گورچەوێڵەی مەڕت قوززەڵقورت بێ زیقەتۆرەی مڕت ببێ سندان
با قەرەقەش بە گورزی کەللەت بێ جەننەت بێتە دۆزەخی ئیران
پۆڕی چەم، هەرچی بێتە قیسمەتی تۆ لە شکەمتا سەمەر نەدا، جوز ژان
دڵی کۆتر دڵت بەدەر بێنێ بە سەلامەت نەخۆی کەوی بوریان
با ببی مونفەعیل لەلای قوشچی با سەرئەفگەندە بی وەکوو چۆپان
دەک ئیلاهی بە میسلی پەڕڕەقەش دەست و پا بەستە بیت و تەن لەرزان

10[edit]

نوکتەیی خاڵت دەکا بۆم سیڕڕی فەردیییەت عەیان کردوویە قەددت لە دڵما ئەلفی لینیییەت عەیان
«كلّ شی» مەزهەری حەققە، وەکوو تێ دەفْکرم کەوتە توێی پەردەی ڕوخت، نووری ئیلاهیییەت عەیان
من لە خزمەت تۆ چ لازم عەرزی ئەحواڵم بکەم؟ خۆت دەزانی، بێ وتن، ئەسراری هەر نیییەت عەیان
عەهدی ئەم چاوانە مەستم، مەمدوێنن ئەی حەریف! نەک بکەم لەم وەختەدا ئەسراری کەیفیییەت عەیان
دڵ لەلاتە، با بە تەن دووریم نەبا «سالم» لە ڕووت تا نەبێ بۆ موددەعی ئەحواڵی قوربیییەت عەیان

11[edit]

«ٲبشروا»، یا ئەهلی زوڵمەت، پەرتەوی زەو بوو عەیان تیغ بەرکەف سوبحدەم بۆ گەردنی شەو بوو عەیان
مەرکەبی خۆر ئاسمانە، نێزەیی زەڕڕین بە کەف وەک عەرەب دیسان لە مەیدانا بە هەو هەو بوو عەیان
دەستی ڕەددم دا لە سینەی جارییەی ئەهلی حەبەش وا لە لەعلی موڵکی ڕوویی شاهیدی نەو بوو عەیان
باز نیهان بوو لەشکری زەنگی لە حیسنی نیستی وا لەبەر تیپی شەهی خاوەر، ڕەواڕەو بوو عەیان
ئەرمەنیم گەر شەوپەرست بم، چا بوو ئەو چوو، ڕۆژ هەڵات دڵبەرم ناگەهـ وەکوو شیرینی خوسرەو بوو عەیان
شەو ڕەقیب بوو، نووری چاوی بردم، ئەمجا دیق بکا هەر کە دەرکەوت مەرکەبی خۆر، ساعەتەن ئەو بوو عەیان
دڵبەرم وا هات سەحەر، سێ موعجیزە هەمڕاهی بوو: ڕەونەقی خۆر، نووری دیدەم، مەرکەبی شەو بوو عەیان
سیلخی ماهی ڕۆزەیە، وەعدەی منە، یاران نەوید: وا لە ئەوجی عاریزی یارم، مەهی نەو بوو عەیان
پەردەیی شەو چاک چاک بوو، نووری زاهیر کرد سەحەر سوورەتی یارم، شوکور، بۆ چاوی بێ خەو بوو عەیان
حەمدولیللاهـ ڕۆژ هەڵات و شەو ڕەقیب بوو، دەفنی کرد قووتی «سالم» دەمبەدەم هەردەم لەدەست ئەو بوو عەیان

12[edit]

بەخوڕ خوێن بێنە ئەی گریە! لە چاوەی چاوی تاری من حەنا لازم بووە بۆ پێی سەگی کۆیی نیساری من
ڕەفیقان گەر دەچن بۆ سەیری باغ و گوڵ خوداحافیز موهەییایە لە ڕووی یارا گوڵ و باغ و بەهاری من
ئەگەر فەرقم بگاتە مەرکەزی خاکی کەفی پێی یار دەگاتە ئاسمان گۆشەی کولاهی ئیفتخاری من
لە دونیادا جەفای عوقبام هەموو دیوە لەدەس هیجران دەبێ فەردا لەپاشا عەفوی من کا کردگاری من
گوڵ و سەرو و سنەوبەر هەر تەرەف سەریان فروودێنن بچێتە باغەوە گەر دڵبەری سیمین عوزاری من
ئیلاهی ناسەلامەت ئەی ڕەقیب هەمدەردی سالم بێ وەکوو کردت لە کۆی جانانە قەتعی ڕەهگوزاری من

13[edit]

مەعنەیێ نین وەکوو یەک شەرحی من و دڵبەری من قەتڵی من سیححەتی ئەو شیکوەیی ئەو دەفتەری من
خوێنی زەرفی بەدەنم وشکە لەتاو ئاگری غەم دڵی من مەجمەری ئەو دووریی ئەو ئەخگەری من
ڕستەیی زەوق و ئەلەم دێتە موقابیل بە ویسال دڵی من لالەیی ئەو دیدەیی ئەو عەبهەری من
زوو بەری بووم لە بەر و نیعمەتی فیردەوسی بەرین نەخلی من قامەتی ئەو بۆسەیی ئەو نۆبەری من
ڕەبتی ئاب و سەمەکن دووسەرە هەر وەک تەن و جان سەری من سایەیی ئەو خاکی ڕەهی ئەو سەری من
وەهـ چ خوابێکی بە ئارامە هەماغۆشییی یار دەستی من گەردنی ئەو ساعیدی ئەو بەستەری من
لە نیگاهی دوو تەرەف تیرە و لامیع پەیدا چیهرەیی من شەوی ئەو گەردنی ئەو گەوهەری من
نامەوێ شادییی خۆم شادییی جانانە بەسە زەوقی من غوسسەیی ئەو ڕەونەقی ئەو جەوهەری من
حەقی تەڵخییی فیراقم لە ویسالا دەسکەوت ڕوویی من حەنزەلی ئەو توندیی ئەو شەککەری من
کوشتنم قیمەتی وەسڵێکە ئەگەر بێ حازر لەبی من بۆسەیی ئەو خەنجەری ئەو حەنجەری من
سەقەر و باغی ئیرەم دوورە بەیەک بن سالم بوونی من دۆزەخی ئەو بۆسەیی ئەو کەوسەری من

14[edit]

بە ئەفسوونی نیگاهی سیحری دیدەی نازەنینی من بە با چوو سەربەسەر مایەی حەیات و عەیش و دینی من
لە شۆری بەختی بەد یاران لە دونیا شیوەنی خۆم کرد مەنێن بۆ تەعزییەی فەوتم بینایی شۆر و شینی من
جودا نابێ ئەبەد سێ ڕەنگ لەسەر سێ ڕوو هەتا دەمرم دڵ و میحنەت، سەر و زانوو، سروشک و ئاستینی من
موهەییایە مەکانی تەن لە خاک و خارە و خارا لە جێگەی ڕەختی خواب و باڵشی تەکیە و سەرینی من
بنووسن حەرفی میحنەتها لە چاکی کفنی من یاران وەکوو دونیا لە عوقباش غەم ببێ با هەمنشینی من
دڵم فەللاح و سینەم وەردە، ئەشکم نەهر و غەم بەزرە سەد ئەندەر سەد دەدا حاسڵ لە هەر وەرزا، زەمینی من
بە ڕەنگ سالم چ سەهلە سوبحی نەورۆز، گەر بە یەلدا بێ بەبێ ڕوویی جیهانەفرۆزی یاری نازەنینی من

15[edit]

یادی تۆیە، سەنەما! یەک بە یەک ئەندیشەیی من: شوغڵی من، شێوەیی من، فیکرەتی من، پیشەیی من
نەخلی هەستیم بە جەفا سەبزە لە باغی دونیا شاخی من، غوسسەیی من، میحنەتی من، ڕیشەیی من
بۆ قوبووڵ کەم بە ئەبەد نازشی ساقیی بەچەڕوو؟! ئەشکی من، بادەیی من، دیدەیی من، شیشەیی من!
ڕووبەڕووی هەیبەتی عیشقت لە هونەردا ئەسەدم خوێنی من، توعمەیی من، کولبەیی من، بیشەیی من!
حەرەکاتم وەکوو فەرهادە، لەڕێی میحنەتی عیشق کۆهی من، سینەیی من، ناخونی من، تیشەیی من
جەرگ و دڵ پوختە کە «سالم» بە زیافەت بۆ دۆست دیگی من، سینەیی من، هیممەتی من، پیشەیی من!

16[edit]

باسی پەرێشانی دارودەستەی بابان پاش ڕۆیشتنی عەبدوڵڵاپاشا بۆ ئەستەمبووڵ

بەدا ئەحواڵی ئەشخاسێ کە خاسسەی موڵکی بابانن لە بێدادیی فەلەک هەر یەک سەراسیمە و هەراسانن
جەوانانی سەهی قەد بەس کە داماون لە بێ چیزی لەژێر باری غەما هەر یەک لە خەم وا میسلی چەوگانن
لە بابانا گرفتارن پەرێشان خاتر و بێکەس بە جەمعییەت سیەهبەختانە وەک گێسوویی خووبانن
گەدان و بۆ گەدا دەرگانە وا ناکەن لە بێ چیزی وەکوو نەڕڕادی دانا هەر لە فیکری خانەبەندانن
لە زوڵمی چەرخی دوونپەروەر سەخیتەبعانی حاتەم دڵ بە ڕاهی کۆیی دوونانا لە هەر سوو کاسەگەردانن
بە دەستی کەشمەکەش هەر سوو دڕا بەرگی خودارایی قەبایی نۆکەر و ئاغا هەموو بێ چاک و دامانن
لە بابانا ئەمێستە چونکە قاوەی نۆکەری دووغە لە حەلقەی ئەهلی حەسرەتدا هەموو کەممۆلە فینجانن
ئەوانەی تورمەپۆش و شەهدنۆش و نازپەروەر بوون ئەمێستە خانەبەردۆش و نەخۆش و زار و عوریانن
ئەوانەی جێ نشیمەنیان لە گۆشەی تەختی حاکم بوو بە دەشتی شەهرەزوورا جوملە وەک غوولی بیابانن
دەلەرزن هەوری نەو گەر بێتە ڕووی گەردوون لە پایزدا بە ڕووتی کۆنە خەزپۆشان لە فیکری بەرگی زستانن
سەفی باشانی باب ئۆغلی لە دێی کۆستە و دەباشانا بە دەوری گەللەدا چۆماغ دەر کەف جوملە چۆپانن
موریدی خانەقا زۆرن لە عەهدی عەدلی ڕۆمیدا لە ئاغایانی بێبەش حوجرەها جێی تۆبەکارانن
ئەگەرچی تاعەتی جەبرە وەلێ عیللەت بە بێکاری وەکوو قاری یەکایەک حافیزی سی جزمی قورئانن
لە توولی ڕۆزگارانا لە هەر لا خادیم و مەخدووم وەکوو ئەسحابی پێغەمبەر عوموومەن ڕووزەدارانن
سیەهبەختانی بێدەوڵەت لەبەر بێ ماڵی و عوسرەت گەهێ حەمماڵی ماڵانن گەهێ عەللافی مەیدانن
نە بانیی و نە باغی ما لە فەوجی لەشکری ئیسلام لە خۆفا تیفلی مەردوم وەک عەیالی ئەهلی زەنگانن
سەفی مەقرووزی قەرزی ئیلتیزامی حاسڵی ڕۆمی لەناو هەورامی و کوردا هەموو تەبدیل و پەنهانن
لە فیکری ئیلتزاما شەو دەکەن شوورا لەبەر عوسرەت سەحەر بۆ هەوڵی قووتی شەو لەناو شارا پەرێشانن
ئەوانەی بەرشکەستی ئیلتزامی حاسڵی ڕۆمن لەتاو بێنە و نییە، گاگەلچەرێنی میری جافانن
زەرەرکەردەی ئیجارەی پادشاهی چوونە دەروێشی فەقیری موڵکی هەوشار و غەریبی شاری تارانن
بە دیهقانی بڵاوبوون دایەرەی بێکەس بە قۆپی دا لە بەڵخە و دۆکەرۆ و نەوتی و دەلووجە و سەیدوسێنانن
بە کەوبازی خەریکن دەستەیی مەعزوولی بێ ئاغا موقیمی قەهرەمان و مێوڵی و تیمار و باغانن
حەیادارانی بێ حورمەت لەتاو بێ ماڵی و عوسرەت فەقیری دێی فەقیرە و تەکیە و ئەستێڵ و تافانن
گرووهێ چەمچەتاشن هەروەکوو ئوستادی خوانساری لە دێی تەنگی سەر و زەیدۆمەر و تیمار و دۆڵانن
نەدیمانی قەدیمی موستەعیددن بۆ خەڕەکداری بەیادی توربە و کا و جۆ و ئەفسار و پاڵانن
قەدیم تەنپەروەری نازن بە بازاڕا غوبارالوود ئەگەر گاباری کائاوەر وەگەر هێزومفرۆشانن
لە بیمی تازیانەی مەردی ڕۆمی سەیید و سۆفی بە ئوممێدی گەزۆ و مازوو لەبن داری مەریوانن
هونەرمەندانی شێرئەوژەن قەوی دەستانی پیل ئەفگەن لە ڕووی غەواسی ئەتراکا وەکوو ڕووبەهـ گورێزانن
کوهەن سەوداگەری شاری لە شوورا مەسڵەحەتبینن وەلێ نۆکەر بە بەققاڵی تەرازووبازی دووکانن
کرێکارانی ناکەس بۆ بناغەی کولبەیی دێهقان لە خانەی کاولی نۆکەر پەیاپەی خشتکێشانن
بە ڕێی بیم و خەتەردا یەکبەیەک بۆ قاسیدی چاکن بەبێ تەکلیفی ڕەهزەن خودبەخود بێ چیز و عوریانن
سەفی مەقڕووزی بێ تەوسەن لە سەهمی سَن سَنی ئەتراک وەکوو عاشق لە هیجرانا یەکایەک ئەشکڕێزانن
گەهێ قلب الأسد از بس که بێ سایەن لە وادیدا وەکوو مەجنوونی سەحرایی لەبن خاری موغەیلانن
کزە و دوودی کەباب دەردێ لە مەتبەخهایی بێ دوودا بە یادی قووتی شامی شەو جگەرها بەس کە بوریانن
تەڵەب ناکا گەدا قەت سوویی سفرەی ساحیبی نیعمەت لەتاو ئەحواڵی بێ نانی لە هەر جا خوانە میهمانن
بە زاهیر خوڕڕەم و شادن لە ڕووی تورکی ئەرۆملیدا لە دڵدا گەرچی دیگاسا بەمەخفی جوملە جۆشانن
بە ئەحواڵی ملووکانی گەداپەروەر دڵم سووتا لە بابانا ئەمێستە موستەحەققی خێر و ئێحسانن
لە جەوری چەرخی گەردوون بەسکی حەیرانن بە ناچاری بە لەب خەندان و شادانن بە دڵ غەمگین و گریانن
بە نامەردی سەراسەر میسلی گەرگینن لەلای ڕۆمی ئەگەر ڕووبینتەنی عەهدن وەگەر سامی نەریمانن
نیزامانی مولازیم مەنسەبی مازی بیحەمدیللا لە لادێدا بە دوو شایی هەموو جۆچێنی دێهقانن
خەیانەت پیشەکانی فەوجی بیرئینجی لە برسانا بە ناچاری لە دێی سۆفیلەرا وەرزێری دۆمانن
مەلەخ تەبعن لە هێشووی دەغڵی دیهقانی بە هەر لادا لەناو جاڕی گەنم هەر یەک وەکوو داهۆڵی خەرمانن
درێغا بۆ سواری خاسسی پاتەختی سولەیمانی لە قڕگە و قزلەر و قۆرخ بە ڕووتی جوملە گاوانن
بەسێ سەگمەرگ و بێعار و گرانجان و سەبوک عەقڵن ئەوانەی ئەهلی بابانن بەدڵ لەم عەهدە خەندانن
لە ئەوزاعی سولەیمانی ئەوانەی شاد و ئاسوودەن لە فەرعا نوتفەیی حەیزن لە ئەسڵا جینسی شەیتانن
لە ئەسڵا بانیی ئەم کارە کاسبهایی شەهری بوون لە ئەمری فیتنەئەنگێزا سەراسەر میسلی مەروانن
گەهێ هەمدەردی ئەکرادن گەهێ هەمعەیشی ئەتراکن لە یەک لا مادەری بەڕڕەن لە یەک لا یاری گورگانن
لە زوڵمی چەرخی چەپگەردیش درێغا، حەسرەتا، دەردا بە میسلی سالمی بێکەس گەلێ کەس وێڵی شارانن

17[edit]

ئەو کەسانەی کە عەدووی عاشقی سەرگەردانن بێ دڵ و بولهەوەس و کەم خیرەد و حەیوانن
کەس بە سەرحەددی بیابانی مەحەببەت نەگەیشت وەکوو من سالیکی ئەم ڕاهە هەموو حەیرانن
ڕێی حەریمی حەرەمی عیشقی نییە سوفلەیی دز پاسەبانی سەری ئەم کۆیە جەوانمەردانن
ئەشکی سالم کە بە یادی لەبی تۆ دێتە کەنار قەترەقەترەی لە نەزەر ئەهلی بەسەر مەرجانن

18[edit]

دڵ لەناو چاهی زەنەختا، قەد بە من نایێ بیروون حەبس و زیندانی نییە وەک تۆ چ کافر، سەرنگوون!
وا دڵی هێنامە جۆشش، جونبوشی گێسوویی تۆ ئۆف خودا! دیسان سەبا بزواندی زەنجیری جونوون
بەختی لەعلی لێوی تۆ بەستی دوو دەستی مەتڵەبم من بە ئەو تیشنەی مەکین، ئەو تیشنەیە بۆ من بە خوون
پێی دەڵێم: عاشقکوشی تا کەی، دەکەی نەرمی؟ دەڵێ: با بپۆشێ، ئاینەی گەردوون لە عەکسا، بەرگی خوون!
نەقدی جانم، نرخی یەک ئیما تەڵەب کەی، حازرە! بۆ مەتاعی وا کەسێ ناکا لە بەیعا چەندوچوون
کێ بدا غەیری خودا سامانی شێواوی وەها: دەست تەهی، هیممەت بوڵەند، مەتڵەب قەوی، تالیع زەبوون!
ڕەنگە ناسیح! تەرکی مەنعی سالمی بێ چارە کەی، گەر بڵێم جارێ بە گوێتا، ڕەمزی ئەسراری دەروون!

19[edit]

عەهدی ئەم چاوانە، مەردووم توهمەتی بێجا دەکەن فیتنە و شۆڕش کە ڕوو دا، حەملی سەر دونیا دەکەن
بۆ نیشانەی قەلبی دڵ، ڕەسمی قەجەریان گرتووە چاوەکانت، وا بە قیرقاچی نیگەهـ داوا ئەکەن
دڵبەران عەینی مەحەببەتیان جەفایە بۆ ڕەفیق زەهری پەنهانی لە خوانی ئامێتەی حەڵوا دەکەن
شێفتەی ڕووتە مەگەر زوڵفی سیاشت، چین بە چین وەک سەری عاشق، لە هەر سوو، سەرقەدەم بۆ پا دەکەن
بۆ جەفای «سالم» عەجایەب موشتەرین یار و فەلەک ڕاهی شادی سەدد و دەروازەیی ئەسەف وا دەکەن

20[edit]

لابە سا پەرچەم لەسەر نووری جەبین پایی کافر با نەگاتە فەرشی دین
دڵ کە کەوتە زوڵفی تۆ، کەی دێتەوە؟! بێ سەروشوێنن ئەوانەی چوونە چین!
جازیبەی لێوت دڵی تونگ گرتْوْم دامی باڵی نەحلە، شیرەی ئەنگەبین
چونکە ڕەنجم حاسڵی هەر گریە بوو دەفعەیێ نەمدی بە خوشکی، ئاستین!
ئەشکی خوێن تەغییری دا بەرگی عەزا نایێڵێ ڕەنگی بەقەم، ئەسبابی شین!
تیری ئاهی من ئەگەر نەگرێ ڕەقیب هیچە، گەر بڕواتە چەرخی هەفتەمین!
ئەی برادەر، تۆ و تەلەتتوفهایی سەدر سالم و دەرگاهی «ربّ العالمين»

21[edit]

قادری بۆ نەزم و بەینی کوفر و دین پەرچەمت وا بگرە دانەگرێ جەبین
تا دەنووسێ سینی بۆسەی تۆ قەڵەم دێنە سەر کاغەز مەگەس بۆ ئەنگەبین
جانشینی جەم بە حیشمەت من دەبم گەر وەکوو لەعلی لەبت بمبێ نگین
بەرمەدە دەستم لە گۆشەی دامەنت با لە دنیا هەڵتەکێنم ئاستین
پێنج و خەم بەس وا لە مووتا تا برۆ کێ دەگاتە چینی زوڵفت حیسنی چین؟
غەیری قاروون کێ دەزانێ جێی ڕەقیب مووسەئاسا گەر موتیعم بێ زەمین
خوونفشانە گاهی لوتفیشت نیگاهـ فەرقی کوا بۆ دڵ زەمانەی سوڵح و کین
فەرزی عەینە حەمدی ئەو تا بێ نەفەس خالیقێ ئیجادی نووری کرد لە تین
خانە وەک زیندانە بۆ سالم لە غەم غەیری سایەت گەر ببینێ هەمنشین

22[edit]

ڕووە یا گوڵ ئەمە یا بەرگی نەسرین؟ لب است این یا شکر یا جان شیرین؟
هەموو شەو تا سەحەر بۆ دڵ خەیاڵت حکایت می کند بتخانهٔ چین
چ نەققاشێ شەوی لێک دا لەگەڵ ڕۆژ تعالی خالق الانسان من طین
لەلای تۆ غەیری خۆم گەر کەس ببینم جهانم تیره گردد بر جهانبین
خەوە دەفعی سوداعی من وەلێ ئاهـ سر بی دوست کی باشد به بالین
لە دڵتا نەنگە من نەخچیری تۆ بم نمی آید ملخ در چشم شاهین
گەلێ ساحیب ستەم هەن نەک وەکوو تۆ جفا بر عاشقان آید نه چندین
لە خاترما نییە غەیرەز وەفا و سیدق تو را در دل اگر مهر اگر کین
بە قەسدی قەتڵی من تیغت مەکێشە مرا خود می کشد دست نگارین
لە جورمی عیشقی تۆ گەر بمکوژن زار ز دنیا رفتنی باشد به تمکین
بە مەرگی تۆ لە عیشقی گۆشوارەت ز چشمانم بیفتادست پروین
لە دینی سالما میحرابە ئەبرۆت مباد آن روز کو برگردد از این دین

23[edit]

بە ڕوخ ڕەنگین و دڵ سەنگین، میان لاغیر، کەمەر زەڕڕین نیگەهـ شاهین و موو موشکین زەنەخ سیمین و لەب شیرین
لەبت شەککەر خەتت عەنبەر موژەت خەنجەر قەدت عەرعەر لە عیشقت دڵ وەکوو بولبول لە ڕووتا گوڵ وەکوو گوڵچین
سەهی قامەت قەوی شەوکەت قەمەر تەلعەت مەلەک خەسڵەت کەمان ئەبروو نیگەهـ ئاهوو فەڕەنگی خووی مووموشکین
بە ڕوخ وەک شەم بە ئەبرۆ خەم، سیەهـ پەرچەم لە من بێ غەم گوارەی توو کە هات و چوو موقارین بوو مەهـ و پەروین
بە چین زوڵفت ئیحاتەی دا وەکوو سونبول لەدەوری گوڵ بە موو هەرسوو لە ڕێگەی موو بەڕووی دڵما دەکەی پەرژین
چهار فەسڵی لەهەر فەسڵا بە یەک دەم وا لەلای سالم بەهار ئەشک و خەزان ڕەنگ و زومستان ئاهـ و دڵ هاوین

24[edit]

شۆڕشی خستە جیهان، شوهرەتی ڕوویی نەمەکین بێن، بە یادی لەبی ئەو بانەمەکە، لەب بمەکین
لەم دەره ئێمە بە سەد گۆنە جەفا سەعبە بڕۆین دەست و پا بەستە و ئوفتادەیی حوکمی فەلەکین!
مەکە ئەی دڵ! بە ئەبەد قەسدی وەزیفەیی جاران ئیسمەن ئێستاکە لە ڕووی دەفتەری جانانە حەکین!
پشتیوانم هەیە بۆ مەعرەکە و جەنگی ڕەقیب سەگی دەرگانەیی یار و منی غەمدیدە یەکین
«سالم» ئێمە لە یەما زەحمەتە سالم دەرچین وا لە گێژاوی سروشکا بە شەنا وەک سەمەکین!

25[edit]

من و بادی سەحەر یاران! عەجایب بێ قەرارێکین بە سەرگەردانییا هەر دوو دەڵێی مەشغووڵی کارێکین
لە سایەی دەوڵەتی حاجیب، مەکان و ئاشنام دەسکەوت لە کۆی جانانەدا دایم لەگەڵ سەگ یاری غارێکین
لە هەمدەردت مەکە وەحشەت، وەرە بولبول ڕەفێقت هات بناڵین با بەجووت هەر یەک، ڕەهەندەی گوڵعوزارێکین
سەدای گریانی خۆم و دەنگی ناڵەی دڵ لەدەس هیجران وەها دێ موتتەسیل شەو، هەر دەڵێی زەنگی زەوارێکین
تەنی زار و ڕوخی زەردم، لە حورمەتدا خەس و پووشن لە مەددی مەوجی بەحری لوتفی یارا بەرکەنارێکین
لەگەڵ زاهید بە تەقدیری فەلەک هەرگیز جودا نابم لە قوربی غەیرە ڕەغبەتدا بەمیسلی سیر و مارێکین
ستادەم خۆم و جان و دڵ بە سالم وەختێ ڕابووری لەڕێگەت نەقد دەر کەف بۆ نیسارت ئینتزارێکین

26[edit]

موسکیری چاوی ڕەشی تۆی نییە، خەمری چلەمین ڕایحەی گێسوویی تۆی نییە بۆی نافەیی چین
ڕۆژی ئەووەڵ کە دڵم بێخودی ڕووت بوو، زانیم تووشی ئەم دەردە دەبم، بەم دڵە، ئاخر بە یەقین
ڕۆح بەدەربردنی سەیدی دڵی وەحشیم سەعبە تیری ڕاگرتووە دیدەت لە کەمانا بە کەمین!
شەبەهی سەفوەتی سینەت نییە، بێن فەرزەن ئەگەر سەدەف و لوئلوء و مەڕمەڕ بکەنە سافی عەجین!
ئەژدەها حەلقەیی وا داوە لە ڕووی گەنجی جەمال مانیعە بۆ گوزەری دڵ لە یەسار و لە یەمین
زەن مەبە بسرەوێ دڵ قەد بە چ دڵبەر بێ تۆ بێ سەرت، بەو سەرە، سەر ناکەمە سەر ڕوویی سەرین
بە سەرت شۆڕشی عیشقت لە سەرم دەرناچێ گەر بە قەسدی سەر و ماڵ بێنە سەرم، ڕوویی زەمین
خەبەری مردنی «سالم» بەنە لای یار و بڵێن: شینی یەکجارییی تەعزییەشی بکرێ بە شین

27[edit]

ئەوەند باری لە چاوم ئەشکی خوێنین لە لالە قرمزە «ڕەی» تا «وەرامین»
لەناو فرمێسکی چاوما مونعەکیس بوون: گوارە و ڕوومەتت، وەک ماهـ و پەروین
خودا بۆخۆی دەزانێ چی دروست کرد: میانت موو، وجوودت کێوی تەمکین
بەشەر بەم حوسنە مەخلووقی لە کوێ دی؟! «تعالی خالق الانسانِ مِنْ طين»
دڵم تەسلیمی چاوت کرد بە شێتی! بەرم دا یەک کەبووتەر بۆ دوو شاهین!
بڵێم با حاڵی دڵ چۆنە لەدەست چاو: موسوڵمانێکە، مەحبووسی دوو بێ دین!
حەلاوەت نایێڵێ شۆری لە شەهدا لەبی یارم نەمەک کردوویە شیرین!
موحیتی باغی ڕووتە، چینی زوڵفت کەسێ نەیدیوە ماری ڕەش بە پەرژین!
شەو و ڕۆژ زیکری «سالم» ئیسمی تۆیە به «اَلْحمْد» و بە «طاها» و بە «یاسین»

28[edit]

قامەتت سەروی ڕەوانە، بە حوسەین عاریزت باغی جینانە، بە حوسەین
شەربەتم زەهرە لە دووریت، بە حەسەن زیندەگیم دەردی گرانە، بە حوسەین
غەیری دووری، نییە سیل و یەرەقان هەر فیراق قابیلی جانە، بە حوسەین
هێرشی لەشکری غەم نەوعی یەزید وا لە دڵ زەخمی زەمانە، بە حوسەین
دڵ لەبەر تیری نیگاهیی غەمزەت ڕووبەڕوو میسلی نیشانە، بە حوسەین
سالمی تیشنەیی هیجرت، بە عەلی پەیڕەوی ڕێگەی ڕەوانە، بە حوسەین

29[edit]

نیگەهـ ناکەی بە لای ئوفتادەگانا، قەد لەبەر تەمکین دڵت کردم بە خوێن، سا بەسیەتی، ئەی کافری بێ دین!
بە دین سەنعانم و غەم کۆهکەن، مەنزڵ لە لای مەجنوون! بە خوو تۆ دوختی تەرسایی، بە موو لەیلا، بە ڕوو شیرین!