دیوانی سالم/م

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
دیوانی سالم  (1860)  by سالم
پیتی م

1[edit]

دەمەوێ مەستی بادە بم، تا بم پایی خوم ئوفتادە بم تا بم
هەر سەحەرگەهـ بە دەنگی نەی هەڵسم بادە وەرگر لە سادە بم تا بم
تۆ کە شاهی بە ڕوخ لەبەر ئەسپت فەرزە بۆ من پیادە بم تا بم
حاجیب ئەر ڕێ بدا دڵم دێنێ سوویی دەر ئیستادە بم تا بم
حەق لە دڵ دەرنەکا خەیاڵی مەحاڵ هەر لەسەر ئەم ئیرادە بم تا بم
بۆ شکارت منم سەگی عاریف بێڵە با بێ قەلادە بم تا بم
حەق بدا فورسەتم بە ئیزنی عومەر دوشمنی شیعەزادە بم تا بم
دەمەوێ بۆ نیشانەیی تیرت دڵی سالم نیهادە بم تا بم

2[edit]

لە مەحشەردا ئەگەر بێ ڕوویی تۆ مایل بە جەننەت بم لەلای یارانی ساحیبدڵ سەرەفگەندە و خەجاڵەت بم
قیامەت قامەتم ڕۆژی قیامەت دەرکەوێ هەر سوو نەکەم گەر سوجدە بۆ میحرابی ئەبرۆی ئەو بە لەعنەت بم
شنۆی ئوردیبەهەشتی وەسڵی یار ئەر بێ بەسەر مندا لە لام قەندیل و لاجانە بە هاوین گەر لە مەسقەت بم
غەمم دەریا، دڵم زەورەق، منم تاجر، وەسڵ بەندەر دەبێ یا تەرکی بەندەر کەم وەیا نەزدیکی ئافەت بم
لە وەختی پاسەبانیتا من و نامەحرەمی دوورین لە خەودا بووسە نەزدیکە ئەگەر جۆیایی فورسەت بم
لە کوشتنما ئەگەر ڕەحمت نەبێ مایەی تەرەححومتە لە سایەی زەخمی تیغت بێڵە با ئەهلی شەهادەت بم
کە تیری غەمزە دڵ کون کا دووسەف تێکەڵ دەبن موژگان لە من قاتیل دەبێ ون بێ ئەگەر ساحیب کەرامەت بم
تەمەننای مەرحەمەت سالم لە دڵبەر قەت نەکەی ئامان لەگەڵ من ئیلتیفاتی با نەبێ نەک فێری عادەت بم

3[edit]

تەریقی عیشقت ئەر ون کەم، تەریقی دەشتی مەحشەر بم قیامەت نامەوێ جەننەت بەبێ تۆ گەر موخەییەر بم
هەناسەی سەردی پڕسۆزم بە یادت گەر لە دەم ببڕێ لە سۆزی فیرقەتا یاڕەب سەراپا میسلی ئەخگەر بم
کە شەیتانیش ستێزەم دا خەیاڵی دانە قەت ناکەم لەتاو دەردی جەفا ئەم دەفعەیە لەم داوە گەر بەر بم
بە پایین هات شەوی هیجر و نەسیمی سوبحی وەسڵ ئەنگووت بەرم دە ئەی تەبی غەم وا بەیانە با سەبوکتەر بم
بە یادی بووسەیی لەعلی لەبت ئەز بەس کە لەبخوشکم ئەبەد تیشنەم ئەگەر فەڕزەن لە گۆشەی حەوزی کەوسەر بم
تەمامە خۆم وەها گوم کەم بە ناکامی لەدەست جەورت هەتا دەمرم بەنایابی وەکوو گۆگردی ئەحمەر بم
ڕەهی کۆی دڵبەرم دوورە بە سالم ناگەمە مەقسەد لە پەروازی تەڵەبدا گەر بەتوندی وەک کەبووتەر بم

4[edit]

خەراب بێ، خانەیی دڵ هەر وەکوو خانەی خەراب کردم خوداوەند ئابڕووی دیدەم بەرێ وەک ئابڕووی بردم
هەتا زیندووم دەچێنم توخمی هەر خارێ لە دڵ بەڵکەم کە بێی بۆ سەر مەزارم دامەنت بگرن ئەگەر مردم
دەبینم مووی موژەی مووریچە میسلی زەڕڕەبین میرئات لە فیکری مووشکافی مووی میانت وا بەدڵ وردم
لە سەرمای قەوسی سەردی میهری تۆدا وا بەیەک هاتم لە ڕێی چەوگانی میحنەتدا وەکوو گۆ دائیمەن گردم
بەبێ سەددی تەنم بۆ دڵ، ڕەهێ غەم کوا لەبەر ئەشکم؟ هەمیشە بۆ عوبووری قافڵەی جەورت وەکوو پردم
مه پارس زبانم گفت: سالم، شرح حالت گو وتم: جانا بەڵەد نیم ئیستیلاحی ئێوە من کوردم!

5[edit]

سیاهیی کاغەزم چی بێ؟ سەوادی دیدەیی تارم لە قاسید زوودتەر، بەڵکە ببینم ڕوویی دڵدارم
لە تەحریراتی عاشقدا، وەرەق ڕەسمێکی مەترووکە دەکا ئەفشان مەکتووبت، سەراپا ئەشکی گوڵنارم
بە میسلی زوڵفی شەبڕەنگت سیاهـ و دەرهەمە ڕۆژم وەکوو شەرحی فیراقت، هەر تەڕەف ئاشوفتەیە کارم
چ حاجەت پورسشی ئەحواڵی ئاشوفتەم لە قاسید کەن؟! سەراسەر وەسفی گێسووتە هەموو مەزموونی تۆمارم
بە ڕەنگی کاغەزی بێ خەت سفیدە چاوی تاریکم وەکوو زوڵفی پەرێشانت سیاهە بەختی ئەدبارم
وە چاکە نامەیی سادیق بە خاکی پێت موشەڕڕەف بێ بە میسلی «صاد»ی صادیق، وایە دایم، چاوی بێدارم
لەگەڵ نوقتەی مەحەببەت کەی جودا بوو خاتری سالم لە دەوری نامە و قاسید، بە دڵ وەک نووکی پەڕگارم

6[edit]

سەبووریم دێ ببینم، گەر بە خەو، دیداری دڵدارم لەگەڵما دوشمنە، چ بکەم ڕەفیقان، چاوی بێدارم
لەپاش دەردی فیراق، ئیتر لەلام دونیا هەموو پەشمە لە عومر و زیندەگی و عەیش و جەوانی، جوملە بێزارم!
ئەجەل! دارووی شیفای من مردنە، سا دەی خەڵاسیم کە لە دەست دەردی حەیات و جەوری دونیا زۆر بە ئازارم
بە میسلی زوڵفی دڵبەر تیرە و ئاشوفتەیە، ڕۆژم بە ڕەنگی لەعلی لێوی ئاڵە دایم، ئەشکی گوڵنارم
بەهەم نایێ لەبەر کورتی لە هەر سوو ڕشتەیی ئوممێد یەهوودانە فەلەک عوقدەی ئەوەندە خستە ناو کارم
نومایان کە سەبا! ئیعجازی یووسف، وەختی ئیمدادە غوبار بێنە لە کۆی جانانەوە بۆ دیدەیی تارم
بە یەک دڵ بۆ دڵارامێ بە دڵ مەجنوون و خوو سەنعان خەیاڵی زوڵفی لەیلایە، بە دایم بەند و زوننارم
لە حیرسی غەم، بە لەب گەر ئاشنا بێ شەکوەیی دووری دڵی عیسا بە جۆش دێنێ، سەدای ئەفغان و هاوارم
لەگەڵ دونیا بەشەڕ هاتووم و کۆ نادەین، دەسا یاران! فەلەک چەرخێ ترە، یا من ئەزەل جانسەخت و بێ عارم؟
کەسێ تەفتیشی ئەحواڵ کا، بڵێ: ناسالمە «سالم» سەبا تەشریفی خاست، گەر دەچیتە مەنزڵی یارم!

7[edit]

لەدەس ئەم ئەسپە بۆزە بێقەرارم هەمیشە دڵ غەمین و داغدارم
لەبەر بێنی برینی لاشەویلەی وەها گێژم نەماوە ئیختیارم
وەرن کاروانی توججارییم ببینن مەتاعم مشکییە هەممانە بارم
کە دێ لافاوی خوێنین، دری؟ شەوقی وەرن پێم هەڵپژێن کۆتایە کارم
لەتاو کێم هێندە دەست و پەل دەشۆرم دەڵێی نەوسۆفیەکانی تۆبە کارم
ئەمەندە ڕاست و چەپ فکریم لە زامی بەبێ عیللەت ئەمێستاش خێل و خوارم
دەنووم جارجار لەژێر سایەی چنارا لە شڵپەی دەنگی گوێچکەی گەشکەدارم
بۆ خۆم سەرگەشتە و ئەسپیش وەهاتە هەمیشە بۆیە من زویر و زگارم

8[edit]

قەت تەواو نابێ ئارەزووی یارم ئاخری عومرە ئەووەڵی کارم
وا حەکیمم دەڵێ: دڵی بیمار سیححەتی دێ بە چاوی بیمارم
دەک زیاد بن جەماڵی تۆ و عیشقم جانم ئازادە تا گرفتارم
قەت گورێزم نەدا لە تیری موژەت ئەی بەسا سەخت جان و بێ عارم
پەڕتەوی ئافتابە شەمعی شەوی عوعرەها دڵ لە زوڵفی دڵدارم
تا نەبینێ مەهی جەماڵی حەبیب عارە خەو بێتە چاوی بێدارم
سالم ئەمشەو بە ناڵە قادر نیم بەسکە زار و نەزار و ئەفگارم

9[edit]

درێغا سەعوەئاسا سەیدی دیدەی شاهبازێکم زەدەی تیری نیگاهی جادووانەی عیشوەسازێکم
ئەگەرچی زاهیرەن دەروێش و مسکین و گەداڕەنگم لە غەزنەی خاترا مەحموودی گێسوویی ئەیازێکم
لە چەتری نادری ڕوتبەم گەلێ باڵاترە ئێستا کە من ئیکسیری خاکی ڕەهگوزاری سەرفرازێکم
وەکوو ئەنجوم بە ڕەجمی موددەعی ئەخگەرنومام ئەمشەو سەراپا نار و شوعلەی ئاتەشی ڕووی جانگودازێکم
درێغا کشتی ئوممێدم کە دێتە حاڵەتی سەبزی ڕەقیبی سەگ سیفەت حازر دەبێ یەعنی: بەرازێکم
ئەگەر دۆستە ئەگەر دوشمن لە قاپیت نائومێد نابن منیش لەم دەرگەدا یاڕەب! تەڵەبکاری نیازێکم
ئەگەرچی میهرەبانی حوکمی وەک عەنقایە لەم عەهدە غولامی تالیعی خۆمم کە دیلی دڵنەوازێکم
تەڵەبکاری حەقیقەت خاتری سالم لە باتیندا ئەگەرچی زاهیرەن دڵدادەیی عیشقی مەجازێکم

10[edit]

شەو هاتەوە، من بێ دڵ و مەجنوونی کەسێکم ماتەمزەدە و بێخود و مەحزوونی کەسێکم
قەد خاری جەفا نێشی نەماوە، بە سیاقێ مەحوی نەزەری عاریزی گوڵگوونی کەسێکم
ساقی لە سەفا، نەوبەتی من، مەی مەدە ئەسڵەن مەستی نیگەهی دیدەیی مەیگوونی کەسێکم
نەوحەم لە سروشک لوججە و تۆفانی بەهەمدا سەرگەشتە شەناجۆ لە یەما، نوونی کەسێکم
بۆ گەنجی تەرەب، تالیبی تەسویری پەشیزم بۆ نەقدی جەفا، مونعیم و قاروونی کەسێکم
پڕ موشکیلە تەبعم لەگەڵ ئەم ئەهلە بگونجێ بۆ قاڵبی تینەت ئەزەل ئەفیوونی کەسێکم
لەم ڕاهە خەتەرناکە، گوزەر زەحمەتە سالم! جاندادە و ئوفتادەیی ئەفسوونی کەسێکم

11[edit]

لەسەر ڕوو دانەیی خاڵت بە فەن داناوە، دەیزانم بە قەسدی مورغی دڵ زوڵفت بە دەورا داوە، دەیزانم
خەریکی دڵنەوازیمی بە چاوی مەرحەمەت زاهیر نیهانی بۆ سەرم تیغی برۆت ساو داوە، دەیزانم
گرانخێزی لە ڕەفتارا بەهانەت عوجب و تەمکینە بە باڵاتا لە گێسوو ئەژدەها ئاڵاوە، دەیزانم
سیەهدڵ مەردومان چ بکەم لە شەرعا شاهیدی نادەن دزینی دڵ لە سینەمدا فوتووری چاوە، دەیزانم
وەکوو سینەم دەبێ تێ کچێ لە هەر جێ دڵ قەراری بێ لە زوڵفا ئاشیانی بەستبێ شێواوە، دەیزانم
لە ڕووی بەرقی تەجەللیی حوسنتا موشکیل دڵم مابێ موجەسسەم گەر لە سەنگی خارە بێ سووتاوە، دەیزانم
فەریبی دڵ دەدەم دایم بە موژدەی ڕوئیەتی حوسنت ئەگەرچی وەسڵی تۆ عەنقاسیفەت هەر ناوە، دەیزانم
قیامەت حەشرە بۆ عالەم وەلاکین هەر لە ئێستاوە خوداوەند بۆ ڕەقیبم دۆزەخی تاوداوە، دەیزانم
موبالاتی نەبوو دڵبەر بە حاڵی سالمی مەزڵووم بە حەرفی موددەعیی زاڵم، بەدڵ تۆراوە، دەیزانم!

12[edit]

ڕەفیقی گۆشەیی غوربەت هەراسانن لە ناڵینم لە ئەشکی دیدە ئەمشەو باز لە خوێنا مەوجە باڵینم
عورووجی سەند لە سەنعان وەسفی ئەحواڵم لە ڕێی عیشقا مەگەر ئوستادی تەرسایە بە خەسڵەت یاری بێ دینم؟!
چ جایی دڵ؟ لە شەوقا خوێن بە چاو دێنێ، ئەگەر جارێ خیزابی پێی سەگی کۆت بێ حەنایی ئەشکی ڕەنگینم
لە غەم ئێستەم دەبینن، وای دەزانن ئەووەڵی دەردمە دەمێکە بێخودم یاران، بە یادی یاری دێرینم
شەهیدم من، وەرن مەمشۆن و دەفنم کەن، دەخیل یاران! لە قەبرا حوججەتی حەشرە سەراپا بەرگی خوێنینم!
بڵێن: با یار لە وەختی مردنا زوو بێتە سەر شیوەن قوبوڵمە گەر سەدای ئەو بێ لەباتیی دەنگی یاسینم
خەیاڵی دەست لە هیجرانا کە دێتە گەردنت هەر شەو بە ڕەنگی گوشوارەی تۆ دەبارێ ئەشکی پەروینم
لە کۆی عیشقا دووسەد کێوی جەفا بارە لەسەر شانم یەقین سالم لە میحنەتدا منیش فەرهادی شیرینم

13[edit]

سەهی قەددانی موشکین زوڵف و پەرچەم همه کس دوست می دارند و من هم
نەزەر زاهید قەرارێکی قەدیمە نه این بدعت من آوردم به عالم
مەڵێن گەردوونە ڕەنگڕێژی موسیبەت گُنه اول ز حوا بود و آدم
بە تەرکی دڵبەرم ناسیح مەڵێ هیچ من این دعوا نمی دارم مسلّم
بە ئیما گەر تەڵەب کەی گیانی شیرین مسلّم دارمت واللهُ اعلم
بەجوز عوننابی لێوت بۆ تەبی دڵ به گیتی در ندارم هیچ مرهم
وەها مەحوم لە سەودای عیشقی تۆ دا نه از مدحش خبر باشد نه از ذم
غورووبی ڕۆژی غەم زۆر چاکە گەرچی ز عُمرِ مانده روزی می شود کم
وەفای دونیا لەگەڵ هەرکەس دەمێکە به روی دوستان خوش باش و خُرّم
حەریفی تۆم منیش ساقی! نیگاهێ! بیاموز از فلک دور دمادم
دەزانم لوتفی تۆ وەک میهری گەردوون که بنیادش نه بنیادیست محکم
جیهان سالم وەکوو مارانی زەححاک که مغزت می خورد، چندین مخور غم

14[edit]

کەوتە سەر ڕوو ئەگریجەی تارت بە خەم ڕۆژ و شەو، ڕۆژ و شەوی لێک دا بەهەم
سەرفگەندەی دیدەتە ئاهووی خەتا پایەماڵی لەنجەتە سەروی ئیرەم
جەلبی دڵ بەم ڕەنگە کا گەر سوورەتت ناپەرەستن بعد از این ڕاهیب، سەنەم
خاکی دەرگات سوورمەیە بۆ چاوی تار ماچی لێوت دارووە بۆ دەرد و غەم
قەیسی تۆن کوللەن لە غەم زومرەی عەرەب شەمسی تۆن جەمعەن بەهەم ئەهلی عەجەم
حەسرەتا! ڕۆژی ئەزەل نەیدا قەسیم قیسمەتی سالم بەغەیرەز دەرد و غەم

15[edit]

پووچە ناسیح، بە هەوای تەرکت، ئەگەر لێدا دەم دانەنێم ئەم سەرە تا لەم ڕەهە، زەحمەت لادەم
بە خودا تا دەمرم گوێ بە نەسیحەت نادەم «فاش می‌گویم و از گفتهٔ خود دلشادم
بنده عشقم و از هر دو جهان آزادم»
لە حیجابی عەدەم، ئەو ڕۆژە کە من هاتمە وجوود ویسعەتی خاکی دەرت خاتری کردم خۆشنوود
دووری خستم بە ستەم حاجیبی بەدبەختی حەسوود «من ملک بودم و فردوس برین جایم بود
آدم آورد بدین دیر خراب آبادم»
دێتە خول دڵ لە پەڕەی سینە بە ئەفسانەیی عیشق ئابەدانییی خەفەتە خانەی وێرانەیی عیشق
ڕەنگە هەر بێم و بەرم سوجدەیی شوکرانەیی عیشق «تا شدم حلقه به گوش در میخانهٔ عشق
هردم آید غمی از نو به مبارک بادم»

16[edit]

بۆ وجوودی منی بێخود، نییەتی حوکمی عەدەم نەقدی سەرمایەیی عومرم کە هەموو سەرفە لە غەم
خوێن لە زەخمی موژە، هەنگامی تەڕەححوم، دەڕژێ دامەنی دڵ پڕی یاقووتە لە ئیمایی کەرەم
ڕەغبەتی من لە جەفای یارە لە هەنگامی سەفا نۆشی ئولفەت نییەتی لەززەتی ئێشانی ستەم
بولبولی دڵ کە جودا ماوە لە گوڵزاری ڕوخت هەر پەرێشانە، ئەگەر بیبەمە ناو باغی ئیرەم
تا بە لەیلایی عەرەب مایلە، مەجنوونی دڵم سەعبە خوڕڕەم بێ لە هیجرا بە زەریفانی عەجەم
مورغی باغی حەرەمی تۆیە دڵم، لێی مەدە تیر بێ غەمانە بە ستەم مەکوژە وەها، سەیدی حەرەم
سوویی من مایلە دڵدار و ڕەقیبم لە حەسەد بەسکی ڕەشکی هەیە، نەزدیکە کە بدڕێ بە وەرەم
جۆگەیی خوێنی سروشکت، چ بوو سالم! نەبڕا ڕەگی چاوت لە نەزەردا بووە شیریانی بەقەم

17[edit]

بۆ خاڵی لەبت زوڵفی سیەهـ دامە هەموو دەم گونجیشکی هەوەس لەم ڕەهە ناکامە هەموو دەم
دڵ سوبحی نەجاتی نییە بۆ جەبهە لە ڕێی زوڵف ئەم توڕڕەیە تا سەر بە ئەبەد شامە هەموو دەم
حەبسی منی ئەیمەنشودە بەس دوورە لە ئینساف ئەم مورغە بەبێ قەید و قەفەس ڕامە هەموو دەم
عاشق لە دڵ و دیدەیی ئەغیاری جەفاکار ڕیسوا و ئەلەم دیدە و بەدنامە هەموو دەم
بێهوودە دەبەی دەستی تەمەع بۆ سەری گێسو سالم بە سەرت ئەم هەوەسە خامە هەموو دەم

18[edit]

لە دڵدا چونکە هەر خوێنم دەخوا غەم بە تەدریج ئەشکی خوێنینم دەکا کەم
سەمەک دێنێتە جونبوش ئەشکی شۆرم مەلەک دەگری لەبەر تەئسیری ناڵەم
خەیاڵیشی وەکوو خۆی وەحشە، دڵبەر نەفەس دەگرم لە دڵما نەک بکا ڕەم
بەنەفشە کەوتە ژێر سونبول لەسەر گوڵ کە تێکەڵ بوو، لە سوبحا زوڵف و پەرچەم
نیهان نەکرا کەبابی دڵ لە ئەغیار چ زوو تەشخیسی دا بۆنی هەناسەم
لە دڵمایە حەجی کەعبەی خەیاڵت سەقای چاوم دەگێڕێ ئاوی زەمزەم
ڕوخت بۆ مووسیی دڵ ئاتەشی توور دەمت بۆ دەردی من عیسایی مەریەم
دەزانم دێتە سەر چی کاری سالم فەریبی چاوەکەت دەیکا بە بەلعەم

19[edit]

بۆ ڕەواجی قەلبی بێ قیمەت، منم سەڕڕافی غەم ڕەنگی زەردم سیمی سافە، قەترەیی ئەشکم درەم
شۆڕشی دەریایی ئەشکم بۆ هیلاکم هاتەوە تەن لە گەردشدایە وەک کەشتی لەسەر گەردابی یەم
بۆ نیگاهی مەرحەمەت ئیستادە و گەردەنکەچم وەک گەدای موفلیس لە ڕێی مونعیم بە ئوممێدی کەرەم
نەقدی جان و دڵ دەدەم، بەیعەن، بە بۆسەی ئەو جیهان لەم جیهانە گەر بقەبڵێنێ بە دڵ توڕڕەی سەلەم
حەیفە سالم لەم دەرە بکوژی بە پەیکانی نیگاهـ، خاریجی ئەرکانی دینە کوشتنی سەیدی حەرەم

20[edit]

حیسابی نەفحەیی زوڵفت لەگەڵ موشکی خەتا ناکەم خەتا ناکەم سەبا شاهیدمە من تەشبیهی وا ناکەم
بزانم گەر لە قەبرا بۆی دەمی تیغت لە خاکم دێ هەتا دەمرم لە دونیا زەخمی خوێنینم دەوا ناکەم
لە دورجی سینەما تا گەوهەری یادی ڕوخی تۆ بێ لەبەر شوعلەی ئەوا شەو تا سەحەر مەیلی چرا ناکەم
هەناسەی حەسرەتی وەسڵی نیهانت ڕێی بە نەی ئادەم معاذالله بە لەب ئەم سیڕڕە هەرگیز ئاشنا ناکەم
لە سەحرای شۆرەزاری عشقی جانانا گیاهێکم بەبێ بارانی تیری غەمزە قەت نەشئوونما ناکەم
بە خڵخاڵ ئەر بشێ پیشەی هەرەس کووبیدەیی هیجرت لە لەبما تا نەفەس مابێ سوراغی مۆمیا ناکەم
دەبێ ئەشکت ترازووی ئارەزوو، ئەی دیدە! بڕژێنێ لە بەرما تا نەبێ دەریا بە کامی دڵ شەنا ناکەم
لە هیجرانا سەحەر وەختێ فنا في النوری چیهرەت بم لەبەر تاقی برۆی تۆ ڕوو لە میحرابی دوعا ناکەم
دەمی قوربت لە پشتی سەر ئەجەل گەر دامەنم بگرێ وەها مەحوم دەکا دیداری تۆ ڕوو بۆ قەفا ناکەم
لە توولی زوڵمەتی هیجرا سەراسەر چونکە تۆی مەتڵەب لە زەوقی بۆسەیی لێوت هەوای ئابی بەقا ناکەم
ڕەها بێ گەر لە بەندی زوڵفی یارا گەردنم سالم بە سەهلی بعد از این بازی بە حەڵقەی ئەژدەها ناکەم

21[edit]

بە من بێ سینەیی سەختم بە قەڵغانی نەزەر ناکەم نیشانەی تیری خوونڕێزت بەجوز لوختی جگەر ناکەم
دەمی نازت بە ڕووسەختی کە تابی تیری غەمزەم بوو لەڕێی تیغی جەفاتا بعد از این جەوشەن لەبەر ناکەم
لەتاو شانەت لە چینی زوڵفتا دڵ حەڵقەهای لێ دا خودا گەر وا بدا قودرەت بە من کەس دەربەدەر ناکەم
ئەگەر پایانی بێ هیجرت لە دەرگاتا هەتا دەمرم بە مەحزی جەوری حاجیب یەک وەجەب مەیلی سەفەر ناکەم
لە ڕەشکا گەر سەراسەر نوتقی تووتی بێتە سەر هەجوم لەسەر مەدحی لەبی شیرینی تۆ، وەسفی شەکەر ناکەم
لە فەردی وەسفی یارا عارە ناوی موددەعی بردن لە ڕشتەی فکرما خەرموهرە هەمسیلکی گوهەر ناکەم
لە یاقووتی لەب ئەر یەک بووسە مایەم دی دەمی ئاخر تەلەف کەم گەر سەروماڵم لە سەوداتا زەرەر ناکەم
لەگەڵ دڵ شەرتە سالم گەر نەجاتم بێ لە تارانا بەهەشت ئەر بێتە دەشتی ڕەی بە ئێرانا گوزەر ناکەم

22[edit]

لە کونجی میحنەتا هەر شەو خەیاڵی وەسڵی دڵبەر کەم وجوودم وا بە جارێ دێتە جونبوش وەختە پەڕ دەرکەم
لە ئەووەڵ حەرفییا وەک دڵ لە کاغەز بەر دەبێ ئاگر ئەگەر شەرحی شەرارەی ناری هیجرت سەبتی دەفتەر کەم
تەلاشی تەییی ڕاهی کەعبەیی کۆی یارە مەقسوودم منی بێ دەست وپا لازم، کە پا بۆ ئەم ڕەهە سەر کەم
بە گێسوو چاکە زنجیرم بکا دڵبەر لە ڕووی موژگان لەڕوویا با منی دێوانە بەس ڕووی دڵ لە خەنجەر کەم
لە ئەفلاکی خەیاڵا کەوکەبی ڕووی یارە تا قوتبم لە زوڵماتی شەوی هیجرا ڕەهی کۆی ئەو دەبێ دەرکەم
سەرئەفگەندەی حوزووری سەربوڵەندانی قیامەت بم سەرم تا دانەنێم شۆری ویسالت گەر لە سەر دەرکەم
بە نەڕڕادی فیراقت نەقدی جان ئاخر دەدۆڕێنم بە خاڵی موهرەیی وەسڵت ئەگەر سەد دەفعە شەشدەر کەم
قوبووڵی نرخی بۆسەی لەعلی ڕوممانی لەبت ناکەی لە ئەشکم پڕ بە دامانت ئەگەر یاقووتی ئەحمەر کەم
لەسەر ئەم مەزهەبەم سالم بە مەحزی ڕووبەڕووی مەتڵەب وەکوو هیندوویی گێسوو هەر سەحەر تەعزیمی ئازەر کەم

23[edit]

مورادم حاڵی خۆمە گەر حەدیسی شۆری بولبول کەم ئیشارەی ڕوویی تۆیە گەر بەیانی نازکیی گوڵ کەم
بە میقرازی ئەجەل کۆتا بێ میسلی پەرچەمت عومرم لەسەر تەعریفی مووی زوڵفت ئەگەر بێم وەسفی کاکوڵ کەم
ئەبەد ئاشوفتەخاتر بم لە هیجرانا هەتا دەمرم ئەگەر بێ زوڵفی موشکینت لە باغا مەیلی سونبول کەم
بنێرێ یاری شیرینم ئەگەر بۆ جانی شیرینم دەرەک بێ جێم لە دۆزەخدا ئەگەر ئانێ تەئەممول کەم
مەلالی ئارەزوو سالم بەقەد دووری لە دڵمایە لە وەسڵا بۆ تەماشای ڕوویی دڵبەر گەر تەغافول کەم

24[edit]

دەک موبارەک بێ موکەڕڕەر، هەجوی سەنگهەڵکەن دەکەم بای شەماڵی هەجوی دێ، خەرمانی عومری شەن دەکەم
دیرعی هەجوم با بپۆشم، تیژ بکەم نێزەی قەڵەم جەنگی مەیدانی لەگەڵ ئاغایی ئەهریمەن دەکەم
تیغی هەجوم خوونچەکانە و ئەسپی فیکرم خارەسوم با موهەییا بێ ئەساسم، شەڕ لەگەڵ دوشمەن دەکەم
با لە مەیدانا بە پا بێ قیسپی هەجوم، قابغی هەر ئەمێستە قازوغی سەرکار مێخئەفگەن دەکەم
کلکی دووشەق، تیری دووسەر کەم بە سیمورغی خیرەد ڕۆستەمی دەوری زەمانم، ڕەزمی ڕووبین تەن دەکەم
دا بمێنێ مەزرەعەی فیکرم سەراسەر بێ زیان بۆ شکاری خووگی وا، ڕاوی وەکوو بیژەن دەکەم
«في المثل» گەر کێوی سەنگین بێ لە وەزن و قورسییا قیسپی هەجوی تێ دەگیرێنم، لە جێی بنکەن دەکەم
هەر دەرێنم و داکوتم قیسپێ بە بن قیسپی ئەوا ماڵی تاریکی پەسی بەم قیسپە پڕ ڕەوزەن دەکەم
سنگی هەجوی گۆیژینم، هیی لە «مابعد» ی کوتم دێی «سەماوات» و «گوڵ ئەحمەد» تا بەوی بۆگەن دەکەم
ئاغە دەیزانێ لەبەر چی گۆیژم پێ لازمە؟ بۆ جەواڵی دەرکی دوبرت، دڕکی ئەو سووزەن دەکەم
باقە باقە قیسپی گۆیژ بێنمه ناو چاڵی سیات بۆ حەمامی گەرمی پشتت ئاگری گوڵخەن دەکەم

25[edit]

سەوادی دا بە مەغریب توڕڕەیی گێسوویی جانانەم خەمی بەخشی بە ماهی یەکشەبە ئەبروویی جانانەم
بەناز ئیتر نەزاکەتهایی گوڵ بولبوڵ قەبووڵ ناکا بەسەر باغا سەبا بێنێ سەحەر گەر بوویی جانانەم
نەبوونی شەمعی کافووری لە وەسڵا سەهلە بۆ عاشق هەموو شەو ڕۆشنە کولبەم بەیادی ڕوویی جانانەم
بەیان ناکا كیتابی تیب دەوایی دەردی موشتاقان شیفایە بۆ تەبی ئوفتادەگان لیموویی جانانەم
ڕەهاییم قەت نییە سالم لە بەندی سلسلەی عیشقا لە گەردنمایە تا زەنجیری حەلقەی موویی جانانەم

26[edit]

بۆ گەڕانی ئاشی دڵ فرمێسکی چاوم بوو بە یەم بۆ منی بێکەس مزەی نابێ، بە غەیرەز دەرد و غەم
کافرم گەر بەحسی بتخانە و جگەر لات بێنمە ناو بۆ منی شەیدا، هەمیشە، ئەی سەمەنبۆ! تۆی سەنەم
لافی دانایی چلۆن لێ دەم لە خزمەت مەهوەشا عیشقی دڵبەر بۆ خەبەردان گورگە بۆ قەلبی غەنەم
چا بوو تەسکینم ئەهات جاران بە ئەشک و ئاهی خوێن لەم دەمە بۆ من، درێغ، ئەمشەو نە دەم ماوە، نە دەم
بۆ سەفی مەجنوون لان، ئاهوو لە ڕەمدا ڕام دەبێ بەڕڕەئاهووی من لەپاش ڕامبوون دەبێ بنیاد ڕەم
بێ تەبەسسووم کردنت عوقدەی دڵم نابێ گوشاد سا دەهەن واز کە بە خەندە دەفعەیێ، ئەی غونچەدەم!
نوسخەیی ئەو خاڵە نەدراوە لە تەختەی ڕۆزگار ڕۆح دەکا بەستە لە نەردی عیشقی ئەودا خاڵەکەم
خوسرەوی خوبان گوزەر کا گەر، بە پایەندازیی ئەو چاو لە ئەشکی نوقرەگوون دەڕژێنێ دینار و درەم
کێ وتی: سالم لە عیشقت عاجزە! با پێت بڵێم: ڕاستی واللهِ درۆی مەحزە، بە مەرگی تۆ قەسەم

27[edit]

عەبدی تۆن، باری خودایا! چ غولام و چ نەدیم ئیحتیاجن بە وەزیفەت، چ گەدا و چ نەعیم
بە کەرەم داوتە حەیات و بە ڕەحم قووەت و قووت لازمە سوجدەیی شوکرت، چ کەریمی، چ ڕەحیم؟
پەڕەکاهێکە لە لات کوللی جیهان، هەرچی هەیە حادیسێکە لە نەزەرتا، چ جەدید و چ قەدیم
ڕووبەڕووی جونبوشی قەهرت کەمەریی کۆ موورە لە کەفی قودرەتی تۆدا، چ زەعیف و چ زەخیم
لە یەمی موعجیزەتا قەترەیە ئەنفاس و کەلام هەردوو لا شاهیدی ئەو قەولە، چ عیسا، چ کەلیم
تاجیر و ساعیی و مەللاح و بەرید و دەروێش کەس بەدەرناچێ لە موڵکت، چ موسافیر، چ موقیم
ئەی حەکیمی ئەزەلی! چارەکەرم تۆی بە کەرەم نەبزی هەر کەس لە کەفتدایە، چ سالم، چ سەقیم

28[edit]

دوور لە خاڵی سەری کۆی تۆ، سەنەما! تا سەفەریم لە بەهەشتێکی وەک ئەم شارە بە حاڵی سەقەریم
گەرچی باویسعەتە ئەم موڵکە وەلاکین بێ تۆ دڵی من تەنگە بەقەد دیدەیی نامەردی لەئیم
زەمزەمەی عیشقە لەناو میسری وجوودم هەمەجا ئاتەش ئەفشانە هەناسەم وەکوو سوعبانی کەلیم
ئاگرێ بوو وەرەقی کەوتە دڵی ناو مورغی چەمەن دوگمەیی تیکمەیی هەر غونچە ترازا بە نەسیم
وا ڕژا ئاوی فەرەح جوملە، کە تاسی دڵی زار بە دەمی ئەبرۆیی شەمشێری کەچت، بوو بە دو نیم
گەر لە نەفحەت بە خەتا فەحلی سەبا نوتفە نەدا لە ئەمەل حەملی دەبێ ئاهوو و بۆی نافە عەقیم
تالیبم دیدەیی تۆ بێ بە شیفاجۆی دڵی ڕێشم گەرچی نایێ بە ئەبەد، کاری حەکیمی لە سەقیم
خاڵی تۆی دی کە لەناو حەلقەیی زوڵفا بە هەوەس نایە ناو دائیرە مەششتاقی ئەزەل نوقتەیی جیم
لافی لێ داوە بە بۆی نافە، لە نەفحەی گوڵی ڕووت ڕووڕەشی کردووە تەئسیری گوناهانی عەزیم
تورکی تیرئەفکەنی شیرین دەهەنی سیم زەقەن سەری سوڵحی هەیە گەر دەرحەقی یارانی قەدیم
گەر بە قیمەت نیگەهێ کا لە ڕوخی زەرد و سروشک دەیدەمێ ڕیشوەتی یەک غەمزە بە دامەن زەڕ و سیم
کافییە یەک نیگەهت بۆ دڵی تیشنەی سالم دەستی کەم ناگرێ هەنگامی کەرەم، مەردی کەریم

29[edit]

ژەهرە مول بێ ڕووت بە والله العظيم خارە گوڵ بێ بووت بە بالله الكريم
تاقە خاڵی ڕووت بە تەجریدی مەسیح ساحیرە چاوت بە ئیعجازی کەلیم
نەقشە ڕووت بۆ دڵ بە شاهی نەقشبەند یاری دێرینە بە قورئانی کەریم
قامەتت سەروە بە گوڵزاری ئیرەم سیبە ڕوخسارت بە فیردەوسی نەعیم
پەرچەمت تارە بە وَاللَّيْلی کەلام بێ وەفا و ڕەحمی بە ڕەحمان و ڕەحیم
خەم بووە قەددم بە شەمشێری عەلی قیسمەتم عیجزە بە تەقسیمی قەسیم
بێ لەبت شاد نیم بە سەرچەشمەی حەیات دەردی تۆ نادەم بە دەرمانی حەکیم
ڕەونەقە بۆ حوسنی تۆ ئاشوفتەگی سەرحیسابم خۆم بە ئەسراری عەلیم
سالمیم ڕابورد بە مەرگی دڵبەرم دڵ بریندارم لەبەر دیدەی سەقیم