Jump to content

دیوانی سالم/ت

From Wikisource
312982دیوانی سالم — پیتی ت1860سالم

1

[edit]
موحیتی عاریزی دڵبەر لە سەردا زوڵفی پڕچین هات بە دەوری باغی گوڵدا، تەرزی سونبول، مەحزی پەرژین هات
هەوای ماچی لەبت ڕێی بەندەری زوڵفی بە دڵ ون کرد موسافیر بۆ سیاحەت سوویی چین چوو تووشی ماچین هات
بە تەم کەللەی دەماوەند بوو لە ئاهم گەردەنەی ئەلبورز بە ڕێی ڕەیدا کە قیسمەت ڕۆژی ئەووەڵ بوو وەرامین هات
کەلامی وەسفی حوسنی تۆم دەخوێند دوێشەو بەتەنهایی لە پەردەی غەیبەوە تا ڕۆژ بە گوێما دەنگی تەحسین هات
دوعام بۆ دەفعی چاوی بەد لە حوسنی تۆ دەکرد ئەمشەو لە دەم روح الأمين تا سوبحدەم ئاوازی ئامین هات
حەدیسی کوشتنی فەرهادی بێکەس پێت بڵێم چۆن بوو؟ لە شەوقا دای بە سەریا تیشە وەختێ، دەنگی شیرین هات
هەمیسان کەوتە خوێن زەخمی دڵی سالم، وەکوو جاران بە سروەی بای سەحەر یەکدەم، کە نەفحەی زوڵفی موشکین هات

2

[edit]
سا بە زاری بۆ نەناڵێنم لە داغی فیرقەتت بەندبەندم نەیسیفەت سووتا بە ناری میحنەتت
کەی لە قەبرا تا بە مەحشەر دەردەچێ یادت لە دڵ زەحمەتە بۆ عاشقی دڵدادە تەرکی سوحبەتت
دێتە خاتر تا لە خوانی حوسنی تۆ حەققی نمەک قەت بە من پایانی نایێ زیکری شوکری نیعمەتت
ڕاستە دڵ بەندە لە توڕڕەی زوڵمەتی زوڵفت وەلێ ڕۆشنە کولبەم لەبەر شەوقی خەیاڵی ڕوومەتت
سوجدەجۆن وەک بیدی مەجنوون سەروها ئەفکەندەسەر بۆ تەفەڕڕوج گەر خەرامان بێ لە باغا قامەتت
بێ ڕەمەق وا ئووفتادەم تاقەتی ناڵەم نییە ئەی تەوانا! بۆ زەعیفان کوانێ ئاخر مروەتت
تەرکی دامەن گرتنی دڵبەر نەکەی سالم بە مەرگ نامەوێ بڕوێ گیای بێ خار لە خاکی توربەتت!

3

[edit]
چ بڵێم برا؟! بە قورئان، حەیرانە دڵ له کارت ڕیتی تەعەششوقی پوول پەیمانەیی قەرارت!
پەڕ دەردەکەی لە شەوقا، پەروانەیی لەپێی پوول بەرقی تەڵایی مەسکووک شەمعی شەبانی تارت
تۆ بولبولی پەرێشان، گوڵ پوول و کیسە بوستان! نیو قازەکانی تاران، نەوغونچەیی بەهارت
مەعشووقە یەک تومانی، جانانە دوو هەزاری ساحێبقڕانە پیرت، مانووتە یاری غارت
پوولێ بەرابەری تۆ، کێشاویە دڵبەری تۆ تا پوولە دڵبەری تۆ، چۆن من دەبم بە یارت
ڕووبەندەپۆشی کیسەت ئاغۆشی چەند کەسی دی؟! وەک یاری من، هەتا سەر، موشکیل ببێ بە یارت
مەحجووبەکەی کە شەبها غەڵتانی باخەڵت بوو باقڵ بە میلی بەققال خاڵی دەکا کەنارت
داخۆ قەدیم چ ڕەندێ نیم دانگی بردبێ لێی؟ گوێی کەل بووە بە میقراز، مەستووری نازدارت!
ئیتر بە چاوی تەمکین مەیڕوانەرێ لە وەزنا سەڕڕاف بە سووکی هانی، سەنگینی باویقارت
سێسەد نیقابی دێبا، گەر بۆی دروست کەی ئاخر بێ پەردە دێتە بازار، خاتوونی پەردەدارت
بازووتە هەردوو جێی پوول، زانیومە چەند عەزیزن؟! «مودخەل» فیدای یەمینت، «ئەشعەس» فیدای یەسارت!
نەقڵی مەواجیبی کۆن هێناومە ناو، وتت: ئۆف! ساڵێکه من دەکێشم، خەرجیی هەموو نەهارت
دەموت: ئەرێ برادەر! ئەمساڵ مەواجیبم کوا؟! دەدوت: بڵا حیساب کەم ئالیکی ئەسپی پارت!
دەموت: لە پوولی قوللوغ، قیسمەت بە ئێمە ناگا دەدوت: ئەویش لەباتیی نان و پەنیری شارت!
دەموت: لە قیستی سەرتان نادەی حیسابی جەوزا؟ دەدوت: لەپێی چ بوو دام ئەو خەرجەکەی بەهارت؟!
پەشمەک دەبا وتم: دڵ، دەدوت: بە نۆشی جانت دەموت: گرانە نرخی، دەدوت: بە زەهری مارت
ئەو ڕۆژە پێم وتی: بێ، پوولێ بدەین بە شەربەت دەدوت: منی تەواو کرد، تەکلیفی بێ شومارت!
باری حیسابی بێجا ناڵێم بە چنگی تۆ بوو چەنگاڵی تەنگچەشمی بردوویە ئیختیارت!
سالم! کلیدە گریان بۆ قوفڵی مەخزەنی دڵ سا دەی بڕێژە سەحرا لوولوویی شاهوارت
ئەی دیدە! بێنە چابووک مەرجان و دوڕ بە دامەن با هەڵگرن حەریسان ئوفتادەیی نیسارت
سالم ئەگەر تەڵەب کەی «ئەشعەس» بە کۆمەکی کار وەک کیسەپوولی «مودخەل»، سەد عوقدە دێتە کارت!

4

[edit]
هونەرمەندی نییە بۆ دام، ئەگەر یەکدەفعە ماهیی گرت خەمی زوڵفی پەرێشانت بە موو سەد دەفعە ماهی گرت
هەمیسان ڕووی لە من پۆشی، دەرێغا، یاری مەحجووبم بە قانوونی قەدیمی، ماهی دوو هەفتە پەناهی گرت
تەرەححوم کە، بڵا جەورت نەگاتە مەرکەزی ئاخر بڵێن: عاشق لەدەست دڵبەر زەمامی پادشاهیی گرت
لە توهمەت، تا تەوانا بێ، «حذر کن»، ئەی ڕەقیب ئامان! لە دامەن پاکیی مووسا زەمین ساحێب گوناهی گرت
لە قوربی قافڵەی دونیا، موکەممەل، دوشمنە ئیبلیس بە هۆشیاری بڕۆ سالم، کە دوشمن دەوری ڕاهی گرت

5

[edit]
دڵی پڕ وەحشەتم جانا لەبەر موژگانی وەک تیرت حەساری بوو لە حەڵقەی دەرهەمی گێسوویی زەنجیرت
لە سەعیی هاتوچۆدای، ئەی خەیاڵی غەمزە دەیزانم نیهانی بۆ شەبیخوونی دڵە دووبارە تەدبیرت
میانت بەستووە، تورکانە، بۆ قەتڵم لە مەستیدا تەحەممول کە زەمانێ با ببۆسم دەست و شەمشیرت
ویداعی جان و دڵ ناکەم وەلاکین غائیلەم زۆرە لە وەختی زەربی شەمشێرا ببینم حاڵی تەئخیرت
موفەڕڕەح بێ دەماغم با لە نەفحەی توڕڕەیی جانان وەرە ئەی بادی شەبگیری سەرم قوربانی تەئسیرت
بە تیرت جەرگم ئەر لەت کەی ئەبەد تەرکی نەزەر ناکەم لە مەرگا بۆ تەماشا بازە دایم چاوی نەخچیرت
دەزانم فیعلی پەنهانت ئەگەر چی موئمینی زاهیر فەریبی من مەدە زاهید بە تەسبیحات و تەزویرت
بەتەنگ هات ئەی شەوی زوڵمەت دڵی سالم لەدەس توولت چ بوو نەتشوشت بە ئابی سوبحدەم ڕوخساری وەک قیرت؟

6

[edit]
دەستوبردی دڵبەری، ئێستە لە غەمزە و ڕووتە ڕاست مەنسەبی شەمشیرداری، بۆ کەچیی ئەبرووتە ڕاست
موویی موشکئەفشانی تۆیە باعیسی ئەحواڵی من زەخمی ناسۆری دڵی مەحزوون لە بۆی گێسووتە ڕاست
دەورەیی «ماء الحياة» ی لەب لە زوڵفی زوڵمەتە پاسەبانی ئاوی حەیوان خاڵەکەی هیندووتە ڕاست
قووەتی بازوو بەکار نایێ لە وادیی عیشقتا شێرگیری ناوەک ئەفگەن دیدەیی ئاهووتە ڕاست
ئەژدەهای زوڵفت لە کوێری کەوتە سەر تیغی برۆ خاڵی تۆ بۆ دیدەیی حەی دانەیی زمڕووتە ڕاست
عیشقی تۆ بۆ جانی عاشق وەک تەلیسمی بابلە بۆ گرفتی دڵ، زەنەخدانت چەهی هارووتە ڕاست
سالمی دێوانە هوشیارە لە بەحسی مەدحی تۆ نوکتە نوکتە، یەک بە یەک، وەسفی هەمووی مەربووتە ڕاست

7

[edit]
دڵە خەڵوەتسەرایی حەزرەتی دووست دیده آیینه دار طلعت اوست
سیمیای عیشق و کیمیایی ویسال هر چه دارم ز یمن همت اوست
ڕێی دڵی داوە چونکە توڕڕەیی یار گردنم زیر بار منت اوست
بە کەسێ عاشقم منی ڕیسوا همه عالم گواه عصمت اوست
دڵ بە خدمەت تەقەڕڕوبی دەس کەوت پرده‌دار حریم حرمت اوست
هەر چی گوڵڕوخ کە جازبی دڵ بن ز اثر رنگ و بوی صحبت اوست
چ کەمە ئامەدی جیهانی خەراب، هر کسی پنج روزی نوبت اوست
بولبول و تەوفی گوڵ، من و ڕوویی یار فکر هر کس به قدر همت اوست
دیدە نازانێ بۆ عەزیزە لەلام زانکه این گوشه خاص خلوت اوست
لادە سالم لە ڕاهی تیری نەزەر سینه گنجینهٔ محبت اوست

8

[edit]
بێنە سا بادی سەبا لەم حاڵەدا پەیغامی دووست تا کنم جان از سر رغبت فدای نام دوست
وەختە بونیادی وجوودم نەیسیفەت ئاگر بدا طوطی طبعم ز عشق شکر بادام دوست
ئاوی کەوسەر قەت قوبووڵ ناکا لە دەس غیلمان و حوور هر که چون من در ازل یک جرعه خورد از جام دوست
ناڵە بێ تەئسیرە ئەی دڵ زەحمەتی خۆت بەس بدە دردسر باشد نمودن بیش از این ابرام دوست
قەسدی ئەو دوشنام و جەورە مەیلی من بووس و کەنار ترک کام خود گرفتم تا برآید کام دوست
دیدە کوحلی پێ دەوێ بادی سەبا سا بێنە زوو خاک راهی کان مشرف گردد از اقدام دوست
تووشی دەردی ئادەمم یاران لە قەیدی خاڵەوە بر امید دانه‌ای افتاده‌ام در دام دوست
مردنە یا سەبرە سالم، چارەیی ئەم عیللەتە زان که درمانی ندارد درد بی‌آرام دوست

9

[edit]
ڕەنگی ڕووم ڕابوورد، درێغا، باز لە حەسرەت ڕوویی دۆست خەم بووە قەددم لە غەمدا هەر وەکوو ئەبروویی دۆست
مەیلی عەتر و میسک و ڕەیحان و گوڵ و خاوم نییە گەر سەحەر بادی سەبا بێنێ بەلاما بوویی دۆست
سەهلە گەر سەد خامی وەک من، مولحید و دەهری ببن سالیکی دین وەردەگێڕێ، دیدەیی جادوویی دۆست
کێ بوو دەیوت هیندییان ئەورەنگی زێب نین، سەهوی کرد پادشاهی موڵکی ڕوومە خاڵەکەی هیندوویی دۆست
ئاگری جەوری دڵارامم هەتا دێ خۆش دەبێ ناری زەردەشتی بە دائیم کەی دەگاتە خوویی دۆست
باڵ دەکاتە ئەڕڕە قومری، پەی دەکا سەروی چەمەن گەر لە گوڵزارا ببینێ قامەتی دڵجوویی دۆست
زەحمەتە ئیتر نەجاتم بێ لەدەست شەبهایی هیجر دەرهەم و توولانیی و تاریکە میسلی موویی دۆست
ئاخ و داخ و حەسرەتا، خۆزگەم بە پار کە ڕۆژ و شەو دادەنیشتم کامەران، پەیوەستە هەمزانوویی دۆست
بۆ دەوای مەحرووق دڵ، سالم مەچۆرە لای حەکیم قەد دەوای تەبرید نییە بۆ تۆ، مەگەر لیموویی دۆست

10

[edit]
دەوری ئەم قەڕنە لەسەر من بە ستەم هات و گوزەشت ساڵ و مەهـ، هەرچی حەیاتم بوو، بە غەم هات و گوزەشت
لەنگەری تایری دەوڵەت لەسەرم توولی نەبوو وەکوو هەورێ کە بخا سایە، بەهەم هات و گوزەشت
قافڵەی عومری گرانمایە لە ئیقلیمی وجوود چەند چالاک و سەبوکڕەو، بە عەدەم هات و گوزەشت
جوستەنی تیری ڕەوانت بە نەفەس توولی نەما وەک کەمان قامەتی پیری کە بە خەم هات و گوزەشت
لە گوزەرگاهی وجوودا بە شیتابێکی تەواو بۆ بیابانی عەدەم، مەوکیبی جەم هات و گوزەشت
بوو بە چین جوملە لە پێشانییی نامەردی بەخیل لە کەفی مەردی سەخی، هەرچی درەم هات و گوزەشت
ئەشکی سالم کە لە جۆشا هەموو خوێناوی دڵە وەهـ چ سەیلێ بوو کە وەک ڕەنگی بەقەم هات و گوزەشت!

11

[edit]
لە چەمەن سەروی ڕەوانم کە عەیان هات و گوزەشت لە سروشکم بە ڕوخا جۆیی ڕەوان هات و گوزەشت
مەدد و توولێکی نەبوو شەعشەعەیی ئامەدی بەخت وەکوو بەرقی فەلەکی، جیلوەکونان هات و گوزەشت
وەکوو شادی نەبوو ئیستی لەسەرم، یاری عەزیز موددەعی، وەک غەمی دێرینە، گران هات و گوزەشت
یار و ئەغیاری منن هەردوو کە ڕۆیین پەس و پێش بە عەقەب فەسڵی بەهارا سەرەتان هات و گوزەشت
ئەشکی من، چونکە تەڕاوەتدەهە بۆ باغی ڕوخت ئەی بەسا شەو لە دوو دیدەم سەیەلان هات و گوزەشت
زۆر نیکت لە سەفای سینە بە هەر کەس کە نوواند جامەیی سەبری دڕی، سینەزەنان هات و گوزەشت
دڵ وەکوو نوقتەیی سابیت لە میان بەستەییی تۆ چەرخی پەڕگارسیفەت بەس دەوەران هات و گوزەشت
یێرشی تیپی موژەی دی، کە دڵم، ڕوو بە قەفا لە پەنای سایەیی زوڵفت، بە ئەمان هات و گوزەشت
شوێنی هەر باقییە ئێستەش لە لەتیفیی لەبی تۆ دەفعەیێ بوو، لە خەیاڵا، بە دەهان هات و گوزەشت
خوونبەهای ماچی خەیاڵیتە، ئەگەر هەر سەری من، بوو بە پا، سەر لە ڕەهی تۆ بە دەوان هات و گوزەشت
دڵ کە سالم بوو، لە ڕووی زێوەر، توڕڕەیی نەدەبەست! ئێستە مەجرووحە، لە موو موشکفشان هات و گوزەشت

12

[edit]
وەک دوڕڕ و عەقیق نەقشە دەندان و لەبی ئاڵت میسلی بەڕەزا پەخشە ئەگریجە لەسەر خاڵت
نارنجی زولەیخایە گۆی چاهی زەنەخدانت تەوقی ملی شیرینە پاوانە و خڕخاڵت
پەنجەت لە حەنا مەگرە سوورێکی تەڵخڕەنگە خوێنی دڵی من ئاڵە بۆ پەنجەیی شمشاڵت
بەخبەخ لە قەدی سەروت، چەند دڵبەر و مەوزوونە سەیری کە چ شیرینە فێس و گوڵی دەسماڵت
گەر بێت و نیقاب لادەی في الجمله دەبن دەردەم مەحزوونی سیەهـ چەشمان مەجزووبی دیدەی کاڵت
بێ ڕەحم و جەفاکاری بۆ کۆهکەنی غەمگین شیرینی زەمان ئامان! ڕەحمێ بە پەشێو حاڵت

13

[edit]
ئەی تاسی بەدەن پڕ فەرەحی لەززەتی نامت! وەی داغی دڵی خەستە، نەمەکسوودی کەلامت!
ئەی سونبولی زولفت هەمەدەم عەتری مەشامم! وەی زێوەری سەرچەشمەیی چەم، قەددی نەمامت!
ئەی گەردنی جانم بە ئەبەد حەبسی کەمەندت! وەی مورغی دڵی شێفتە پەڕبەستەیی دامت!
قاسید لە تەرەف تۆوە سەلامێکی گەیاندم قوربانی وەفای دەم بە دەم و جەوری مودامت
ئەی جان بە فیدای نوکتەیی شیرینی دەهانت! وەی سەر بە نیساری قەدەمی پەیکی پەیامت!
قاسید نییە ئەم پەیکە، یەقین «خضر»ی نەجاتە بەخشی بە منی موردە حەیاتێ لە سەلامت!
تۆ نیتە مەگەر ئارەزوویی دیدەنی مەهجوور سا دەی وەرە ئەم مەردومەکەی دیدە مەقامت
با سوجدە بەرێ کەبکی دەری، نەقشی بەری پێت سا هەڵسە بکەن خۆشڕەوشان مەشقی خەرامت
کوشتت کە هەموو مونتەزیری شۆڕشی حەشرن قەد دەرخە؛ هووەیدا کە قیامەت لە قیامت
تەئسیری تەعەششوقتە، وەیا وەسفی فڵانی؟ سالم کە تکا شەهدی چەکیدە لە کەلامت

14

[edit]
تاڵانی سەر و ماڵم چاوی ڕەشی فەتتانت پابەندی دڵ و دینم گێسوویی پەرێشانت
وەک خەنجەری ذی جوشن تا ڕۆژی حەشر دەتکێ خوێنی دڵی مەزڵوومان بەو خەنجەری موژگانت
بۆ چم دەوێ ئەو قیبلە گەر نەیکەمە خاکی ڕێت ڕۆحم بە چ مەسرەف دێ، گەر نەیکەمە قوربانت
لەب تیشنەیی ماچێکە لەو دامەنی پاکی تۆ مانیع مەبە لەم خێرە، دەستی من و دامانت

15

[edit]
ڕایگرت بە ستەم دیسان چاوی ڕەشی فەتتانت بۆ قەلبی دڵی زارم سەف سەف سەفی موژگانت
ئاشوفتەگییی دەوران کوللەن لە دڵم قەیدە سەوداییی پەرێشانم بۆ زولفی پەرێشانت
تیری موژە قاتیلمە، خۆت دوور بە لە نەزدیکم وا چاکە نەبێ خوێنم ئالوودە بە دامانت
دڵ ساکینی گێسووتە، ڕەهجۆیە لەناو زوڵمەت تا ئابی بەقا مابێ، لەو چاهی زەنەخدانت
دووهەفتەمەهی من تۆی، دوو هەفتەیە مەستووری بێ، چاکی نیقاب لادە بۆ عاشقی حەیرانت
بەدگۆ! بە بەدی کردمت بەدنامی هەموو عالەم سا لادە لە من ئیتر، توو مەسحەف و ئیمانت
وەک بولبولی شۆریدەم بۆ لێوی وەکوو غونچەت پەروانەیی بێ پەروام بۆ عاریزی ڕەخشانت
سا حەرفی دوعا خوانت گوێ بگرە، بڵێ ئامین جان و دڵی سالم بێ، قوربانی دڵ و جانت

16

[edit]
دەناسی قاتیلی دڵ گەر نیگەهـ کەی سوویی موژگانت ئەدا کە خوونبەها سا بووسەیێ دەستم بە دامانت
تەواو نابێ لە سەودای عاریزت بۆ دڵ، گرفتاری لە داوی توڕڕە بەربوو کەوتە نێو چاهی زەنەخدانت
کەفەن پیراهەنم بێت و مەشۆن زەخمم وەسییەت بێ بە خوونالوودە ئازادن لە مەحشەردا شەهیدانت
سەرم، ئەووەڵ قەدەم، دانا لەسەر کووچەی ڕەهی عیشقت دڵ و دینم بە یەغما چوو لە سیحری چاوی فەتتانت
بەریم یەکسەر لە نیعمەتهایی فیردەوسی، لە دونیادا کەرەم کەی گەر بە من لیمۆیی پوستانت لە بوستانت
دەپرسی گەر لە مەهجوورت: بە پەیکانی موژەت سەوگەند، خەمیدەقامەتە سالم کەمان ئاسا لە هیجرانت

17

[edit]
هەمیسان لەت لەتە جەرگم، بە یادی تیری موژگانت سەراسیمەم لەبەر فیکری ئیشارەی چاوی فەتتانت
سییەهـڕۆژ و پەرێشانم لە قەیدی سیلسیلەی زوڵفت گڕی خستە دڵم، دیسان، خەیاڵی لەعلی خەندانت
بە شەرحی میحنەتی دووری، دڵی سەختت دەسووتێنم لەپاش دەردی جودایی، گەر ببم یەک شەو بە میهمانت
لەگەڵ من جەوری خۆت کەم بوو، ڕەقیبیش بوو بە هەمڕازت! دەخیل فیرعەونی عەسری خۆت! مەکە سا گوێ لە هامانت
لە هەر سوو حاسیڵە زوڵمەت، ڕەهـ ئەندەر ڕەهـ لە گێسووتا دەسا ئاوی حەیاتیش وا لەناو چاهی زەنەخدانت
ئەگەر خوێن ئاستینت تەڕ نەکا، ئەی خوسرەوی خووبان! دەزیبێ سەر لە مەیدانا بە بازیی گۆیی چەوگانت
دڵی پەروانەوارم، حەسرەتا، عومری چ کۆتا بوو؟ بە ئەوەڵ شوعلە سووتاندی، چراغی ڕوویی ڕەخشانت
دوبارە زەخمی دڵ موشتاقە بۆ تیری نیگاهت، دەی لە عیشوەت ئاوی زەهری چێشتبێ، گەر نووکی پەیکانت
بەبێ تو زیندەگیم ناوێ، لە دووریی تۆ حەیات مەرگە لە دەستم بەرمەدە دامەن، وەرە دەستم بە دامانت
مەرامی خاتری ئەغیارە ڕەفتارت لەگەڵ سالم بە میسلی عەهدی دونیایە وەفا و عەهد و پەیمانت

18

[edit]
موسەلسەل هاتە سەر دۆشت، بە بازی، زوڵفی چەوگانت لە حەلقەی جەدوەلی خەمیا، دەڵێی گۆی عاجە پوستانت
نیشانەی فەتحییە وەختی هەزیمەت لەشکری غەمزەت شکستە بۆ دڵی عاشق سەفی بەرگەشتەموژگانت
لە باغا غونچە دڵتەنگە لە حەسرەت غونچەیی لێوت گەریبانچاک ڕوواوە گوڵ لەبەر شەوقی گەریبانت
لەلای من زوڵفی تۆیە باعیسی ئاشوفتەگیی دونیا نەماوە فیتنە بۆ عالەم، بە غەیرەز چاوی فەتتانت
ئومێدی دڵ نەماوە تا حەشر ئازادی قەیدت بێ تەلیسمی بابلە، جانا! مەگەر چاهی زەنەخدانت؟!
حوبابی ئاو موبەددەل بوو بە ئەسڵی بەیزەیی قومری لە حەسرەت عەکسی سایەی قامەتی سەروی خەرامانت
سولەیمان نەیدەکرد ئەسراری خاتەم قەت لەگەڵ سوخرە ئەگەر لەو وەختەدا زاهیر دەبوو، لەعلی بەدەخشانت
بە غەیرەز جانفشانی، فیکری هیچ ناکا دڵی سالم بە عەفوا بەرمەدە، تووبی و خودا، دەستم لە دامانت

19

[edit]
میرزا! وەرە لێم لادە، دەستی من و دامانت ئەیمەن مەبە لێم نەک بێم یەک دەفعە بە مەیدانت
تۆ قاژیی و من شاهێن مەقڕێنە بەدەورمدا نەک حەملە بەرم، ڕۆبەم چنگەڵ لە چیقڵدانت
من توغرول و تۆ سەعوە، قەسدم ئەمەتە ناگاهـ میخلەب لە سەرت گیر کەم، دەرچێ لە عەقەب جانت
من شێرم و تۆ گاوی، شەڕڕاڕیی و ناترسی جوستەن کەم و بشکێنم وەک نەی هەموو ئێسقانت
بۆ من قەڵەمە نێزە، بۆ تۆ سپەرە دەستگا بۆ تەجرەبە، با لێ دەم یەک حەربە لە قەڵغانت
نووکی قەڵەمم تیژە وەک نێشی درەفشی تۆ سەوهان زەدەیە فیکرم وەک گازنی بوڕڕانت
ڕەنگینە هەموو شیعرم وەک نەقشی تەکەڵتووی زین مەزموونکەشە فیکرم وەک قوللاپی دروومانت
سەڕڕاجیی و هەم شاعیر، هەم ڕۆبەم و هەم داشۆم دەفتەر لە تەغاراوت دەرزی لە بنی ڕانت
ڕەنگدۆمیی و ڕەنگزیندۆز، هەم لێ دەم و هەم بەند کەم کشتەک لە کونی لووتت، مشتەت لە دەفەی شانت
هەم لێ دە تەقەڵ هەم خەت، هەم لێ بەم و هەم تێ کەم نەخ نەخ لە کونی دەرزی، نەم نەم لە قەڵەمدانت
تێت ناوە، لەلات خۆشە، ناخۆشە دەری بێنن بەو خەرجە دەبێ دەربێ، ئەو پارە لە گیرفانت
دەرپێ بکەنە هەم ڕەخت، هەم بتبەم و هەم بتخەم لەو حەوزی حەمامی گەرم، بێ جل تەنی عوریانت
سەنعات و سەخایی تۆ بەس تەنگ و گوشاد هاتن: هەم حەلقەیی ئاوزوونەت، هەم سفرەیی میهمانت!

20

[edit]
بە نەزاکەت نییە گوڵ وەک بەدەنت غونچە دڵتەنگە لە حەسرەت دەهەنت
سینە پڕ چاکە لە تیری غەمزەت دڵ گرفتارە لە چاهی زەقەنت
باغەبان ئەمڕۆ لە باغا قەدی یار پەستی کرد قامەتی سەروی چەمەنت
کاشیفی کوفرە لە ڕوو کافری دین تاری گێسوویی خەمی پڕ شکەنت
ئەی گوڵاو جێگەیی تۆ شیشە نییە عاریزی دڵبەرە ئەسڵی وەتەنت
سوجدە بۆ تاقی برۆی یار بەرە تۆ وەسەنی بی مەپەرەستە وەسەنت
دادی شیرین مەدە سالم بە قەڵەم نییە قەندی قەڵەمێ وەک سوخەنت

21

[edit]
ئەگەر باوەڕ دەکەی، سەوگەند بە ئەبرووت هیلال ئاسا خەمیدەم بۆ مەهی ڕووت
دووسەد عوقدەم لە دڵدایە بەبێ تۆ درۆ ناکەم بە عوقدەی چینی گێسووت
فسوونی عیشقی تۆ بۆ من تەلیسمە بە ئەفسوونی نیگاهی چاوی جادووت
لە کونجی بێکەسی جانم بە لەب هات بە گۆشەی لەبنشینی خاڵی هیندووت
لە ئەشکی خوێن بە یادی لێوی ئاڵت کەنارم بوو بە کانی لەعل و یاقووت
تەنووری پڕ گڕە میحنەتسەرای دڵ بە گەرمیی تابی شوعلەی ئاتەشیی خووت
کەناری چاوی سالم جۆیبارە بە سەروی قامەتی مەوزوونی دڵجووت

22

[edit]
جیهان ئارایە مەهـ ئەمما نە وەک ڕووت هیلالی یەکشەبە ناگاتە ئەبرووت
لە لەبتا مەنبەعی ئابی حەیاتە دەڵێی ڕێی زوڵمەتە هەر سوو لە گێسووت
هەوای سێبی زەقەن ئەی دڵ نەکەی قەت موهەییایە لە ڕێتا چاهی هاڕووت
کە تۆ غائیب دەبی تاریکە چاوم دەڵێی نوقتەی بەسەرمە خاڵی هیندووت
بە یادی لەعلی دڵبەر ئەشکی خوێنین مەڕێژە لەعلی خۆی نادا بە یاقووت
لە نوتفەی، تیفلی موشک، ئاهوو عەقیمە نەبا فەحلی سەبا گەر بۆ خەتا بووت
لەگەڵ بەرگەشتەبەختی من موژەی تۆ قیاسم کرد لە ڕووتا وەک یەکن جووت
تەبی موحریقمە بۆ پوستان و لێوت دەوای تەبریدی من عونناب و لیمووت
لە باغا غونچە مەشقی لێوی تۆی کرد نوخوستین گوڵ لە خەندەی تۆوە پشکووت
مەپۆشە ڕووبەڕوو ڕووی ئافتابت بەبێ ڕووی تۆ دەلەرزێ سالمی ڕووت


23

[edit]
شۆری شەهرم گەر وەها بێ، جێمە هاموون عاقیبەت یاری لەیلا خەسڵەتم دەمکاتە مەجنوون عاقیبەت
گەر شەپۆلی بەحری ئەشکم موڵکی ڕووم وا داگرێ دەبنە یەک هەر دوو لەگەڵ دەریایی جەیحوون عاقیبەت
ڕامی خۆی کردم لە ئەووەڵدا بە عیشوە، چاوی مەست دەست و پای بەستم بە سیحر و کەید و ئەفسوون عاقیبەت
بۆ موتیعی، عیسەئاسا ڕاستڕەو بوو پیش از این وەک خەتی تەرسا بینای نا حەرفی واروون عاقیبەت
سەرچناری چەشمەیی چاوم ئەگەر وا هەڵقوڵێ مەوج و گەردابی دەگاتە کێوی گودروون عاقیبەت
سێ بە سێ یەک یەک تەڵاق دەن، بادەکەش، با دوختی ڕەز تا ئەبەد مەستی دەبەخشێ چاوی مەیگوون عاقیبەت
ئەی ڕەقیب با تۆ لەگەڵ من زوڵمی فیرعەونی بکەی سەرزەمین قوتت دەدا وەک گەنجی قاروون عاقیبەت
عافییەت بێ، وەک غەزەنفەر، دوشمن ئەر خوێنم بخوا پشتی ئەو دەشکێنێ پەنجەی شێری گەردوون عاقیبەت
تەنگدەستی دەوڵەتی لەدوایە سالم موژدە بێ شادمانی دێ لەگەڵ ئەحواڵی مەحزوون عاقیبت

24

[edit]
هەمیسان کەوتمە ناو دەریایی فیکرەت سەری دا باز لە خاتر مەوجی میحنەت
هیلاکی کردْوم زەهری تەحەممول سەبووریم چوو لەدەست ئەندووهی فیرقەت
سەنەندوج، باوجوودی باغ و گوڵزار، بەبێ تۆ تارە لێم، وەک شامی میحنەت
دەجۆشێ خوێن لە دڵما میسلی دەریا، بە ڕووما دێ، سروشکم هەروەکوو شەت
وەها کەوتومە سەر فرمێسکی چاوم تەفاوت ناکرێ ئەسڵەن لەگەڵ بەت
کەماندارن جەفای چەرخ و غەمی یار لەدەست تیری قەزایان نیمە موهلەت

25

[edit]
بە نەقدی جان دەدا یەک بۆسە دڵدارم، وەلێ زەحمەت دەگاتە حەددی وابوون عوقدەیی کارم، وەلێ زەحمەت
بە پایین گەر نەیێ عومرم، بە پایین دێ شەوی هیجران دەبینێ سوبحی وەسڵت دیدەیی تارم، وەلێ زەحمەت
حەکیم ئەووەڵ زەعیفی کردوْم بۆ کەشفی دانایی دەکا ئاخر دەوایی قەلبی بیمارم، وەلێ زەحمەت
بەسەرچێ گەر حەیاتم، بێ زمستانی غەم و هیجران دەکەم ڕۆژێ تەماشای باغ و گوڵزارم، وەلێ زەحمەت
بە شوهرەت سالمم، ئەمما لە هیجرت پیری کەنعانم دەبێ ڕۆشن بە وەسڵت، دیدەیی تارم، وەلێ زەحمەت

26

[edit]
سروورم پەست و باڵادەستە میحنەت زەعیفی قووەتی ساندم لە قووەت
عەجائیب سەبعە عومری ئەهلی دونیا لە ئەووەڵ دەردیسەر، ئاخر مەشەققەت
بە تەحقیق جاهیل و شێت و نەفامە کەسێ بیبێ لەگەڵ دونیا مەحەببەت
لە دونیا ڕاحەتی قەت نابێ بۆ کەس خەیاڵم بێ لەناو قەبرا فەراغەت
ڕەفیق بێن باربەندی کەین لە دونیا مەحەللێکە مەکانی قەحت و عوسرەت
دەخیلتان بم، مەکەن لەم تەکیە، تەکیە نییە ئەسڵەن ئومێدی ئیستیقامەت
وەرە سالم مەبە میهمانی دوونان بەقینە، دەتکوژێ ئاخر بە زەیقەت


27

[edit]
ڕەشە، تیغی شکەمی کەر بە ڕەشت ڕەشە، پاپاخی ڕەشت ڕاست بە ڕەشت
خایەوو پاچکەوو شاخی بەران بە لەشت، هەم بە پشتت، هەم بە ڕەشت
ڕەشە هیندوویی خەبیست میهمان کەم بە ڕەشیی خۆی ڕەشە گیرکا لە ڕەشت
شافی سوور لەو ڕەشە لێیی دەردێ ڕەشە، ... وەک خومی لیلەنگە ڕەشت
ڕەشە، دیدەی پەست ئەزبەسکی ڕەشە شەوە کافوورە لەچاو چاڵی ڕەشت
مەسکەنی ڕەش بەچچەیە مابەعدت ڕەشە ئەوسا ڕەشەڕەشیان بە ڕەشت
تاوی دا ناری ڕەشت مەترەقی تر ڕەشە دوور بێ ڕەشیی مەردوم لە ڕەشت
ڕەشە، نازانی لەبەر چی ڕەشە مووت؟ دایکوتاوە ڕیشە، ڕەشە لە ڕەشت
(بو برەی میم کوقالی؟) خۆشیەکەت ڕەشە بتبینم و ڕەش کەم لە ڕەشت
بیست دوو سەد ئیسمی لەغزی ڕەشە ڕەش ب، ڕەشە ڕەنگین لە ڕەشت
گەر تەڵەبکاری،گەلێ کافییە بۆت ڕەشە سووری گەڵی گونڕەش بە ڕەشت
ڕەشە زەربی گەڵ ئەگەر زەربی کەسە ڕەشە مەششاکی کەری ڕەش بە ڕەشت
ڕەشە بەم شیعرە ڕەشت پارە دەکەم چڵ و چێوی چەمەڕەش بێ بە ڕەشت
ڕەشە هەر شام و سەحەرە شەش نەوبەت شاخی جەمعی بزی سەردەشت بە ڕەشت
چوارچێوەی کورسی بە پشتی کەفەڵت ڕەشە وەک تاقی خەڵووزانە ڕەشت
سوختەگەزیت هەیە بۆ توندیی و تاو ڕەشە، چەند گەرمە لە تا پشتی ڕەشت
میسرەعی ماوە شریتەیی وەسفت تا ڕەشە ماوە، ڕەشە سوور بە ڕەشت

28

[edit]
تاقە لە مەرکەزی جەمال خاڵی سیەهـ وەکوو نوقەت جەدوەلی زوڵف چەنبەری دەوری کراوە میسلی خەت
پایی خەیاڵی جوزئیی من، لەنگە لە وەسفی کولیی تۆ وادییی سەنگڵاخی عیشق، پایی خیرەد دەکا سەقەت!
دەیکەمە بەندەری «فورات» گەر بە «ڕەی»ا گوزەر بکەم ئەشکی ڕەوان بە ڕوومدا دێت و دەچێ بە ڕەنگی شەت
دڵ لە سەوادی زوڵفتا، ئابی بەقای لەبی دەوێ چونکە بە زوڵمەتا دەچێ، زەحمەتە ڕێ نەکا غەڵەت
ڕەمزی میانی چاو و دڵ کەشفە لە فیکری سالما مەنعە لە کوردییا بکا عەرزی مەعانییی لەغەت