دیوانی حەمدی/ێ

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
دیوانی حەمدی  (1936)  by حەمدی
پیتی ێ

1[edit]

خودا دوو گوێی بە تۆ داوە و زمانێ دوو ببیێ یەک بڵێ سریەی زمانێ
دوو مەجلیس بۆ ئیدارەی یەک وجوودە چەپ و ڕاستی ئەوێ زانی دەزانێ
ئەگەر نەیکەی بە ڕاستە و چەپی ئەتفال قەراری چەپ دەبێ ڕاستت نەزانێ
فەسادە دڵ ڕەئیس نەبوایە دەیکرد مەجالیس لەم وجوودە خۆش گەڕانێ
جیهان وا چوو وەهایە وا دەبێ بێ نە سەر بێ پێ، نە پێ بێ سەر دڕانێ

2[edit]

ببڕین وەرە با لەم غەزەلە تازە کەوایێ بەو شەرتە کە بیکەیتە بەر ئەم جەژنە کەوایێ
بیماری موحیببەت هەموو دەم مونتەزیری تۆن دامەن بتەکێنی کە لەگەڵ تۆزێ دەوایێ
گوێ بگرە لە ناڵەم وەکوو نەی وایە موغەننی هەنگامی نەوایە ئەجەلم وەختە نەوایێ
لەم زیندەگییە مردنەکەم چاترە ئەمڕۆ بێ شەوقە چراکەی ئەمەلم هەر بە هەوایێ
جەرحی جگەرم خۆ نەکرا چاری بە حیکمەت بۆ چاری منی خەستەیی بێ چارە ئەوایێ
ئەم بەختە کوا نووستووە هەڵسانی ئەگەر بوو مەعلوومە جەنازە وەکوو نووستوو لە خەوایێ
ئەمڕۆ بە تەمای هاتنی دلبەر مەبە حەمدی بەختم ڕەشە ئەو ڕۆژە بەدایم لە شەوایێ

3[edit]

هەزار حەقم وت و نەشبووم وەکوو مەنسوور بە سەردارێ نەما کەس دامەنی نەگرم پەنام بردە هەموو شارێ
نە هاودەردێ هەبوو فکری بە حاڵم کا نە غەمخوارێ «ئەمان مردم عیلاجێ سا لە ڕێی پێغەمبەرا چارێ
ویساڵ یا قەتل یا تەسکین لە هەر سێ بۆم بکەن کارێ»
چ بۆ وەسڵ و چ بۆ کوشتن گەلێکم دیوە من وادەی لە بەزمی خاسە بۆ من پڕ لە زەهری کردووە بادەی
لە ڕێی خوادا بڵێن گەر بیکوژی ئەو وەختە ئازادەی «وەها سووتاوم ئەسڵەن تابی فریادم نەما سادەی
ڕەفیقان نیوە سووتن ئێوە نامەرد عەرزە هاوارێ»
نەفەس سینە و کەمانێکە دەری خست شۆری مەفتوونی سەراپا بێ سەر و پا پێم ئەکا تەمسیلی مەجنوونی
کەلامم تێکەڵ و پێکەڵ شیعر نەیماوە مەزموونی «لە کونجی سینە دەنگی ئای و ئۆی دڵ دێ بە مەحزوونی
وێران بێ نەمدی ساتێ لێی نەیێ ناڵەی بریندارێ»
چ سیحرێ بوو بە عیشوە عالەمێکت شێت و شەیدا کرد بە حوسنی یووسفی خیلقەت لەبەر چی تووشی سەودا کرد
کەسێ ناڵێ سەنەم ئەم شۆری عەشقەت بۆ چی بەرپا کرد «ئەلای هەر کەس ئەچم مەنعم دەکا خۆت بۆ چی ڕیسوا کرد
درێغ کوا حاڵزانێ ڕەببی تووشم بێنی بیمارێ»
لە خوبانا نیگار وەک خۆر لە ئەنجومدا بەڵێ تاکە لەبەر ئەم حوسنەیە ئەو شۆخە بێ ئینساف و بێ باکە
بە دائیم هەر جەفا و جەوری کە ئەیکا وا هەمووی چاکە «لە ژێر باری غەما وا شانی سەبرم ڕێشە ئێستاکە
فیراقی یار لەبەر ئاخر شەڕی لێم بۆتە سەربارێ»
ئەمە کاری خودایە دامەنی هێناوەتە بەر پێت وەکوو گەرد دامەنم گرتووی و ماچی ئەکەم بەر پێت
مەڵێ چاکەت چییە تۆ یا بکەم ئەم چاکەیە بۆ کێت «سەبا یارانی مەجلیس گەر هەواڵی من بپرسن لێت
بڵێ کێشایە مەیخانە دوو چاوی بێچووە عەییارێ»
لە مەیدانی عەشقدا ئەم قسانە فەرموو کەی کوردی وەیا کێ بوو لە شاعیردا وەکوو حەمدی دەس و بردی
بە تەخمیسی کە تەسدیقی بکا ئەم نەزمە بوو وێردی «دوڕ و یاقووت ئەبارێ لەم کەلامە شیرنەی کوردی
خوا سا کوا لە دنیادا قەدرزان و خریدارێ»

4[edit]

چاکەم لە کەس نەدیوە برا مەرحەبا نەبێ چی دەردەچێ لەکیسە قسەی سادە با نەبێ
بیستوومە یەک شەوە بە شەوی پێگەیشتوو تۆ یەک ساعەتەی لە یەک دەقیقە بترسە پەیا نەبێ
دڵ کەوتووە بە بۆنی سەری زلفی عەنبەرت بەو بۆنە کەس نەکەوتووە بادی سەبا نەبێ
وەبزانە ئێستە وەسڵتە ئەگەر عەشقە ڕەهبەرت زاهید ئەگەر موحیببەتەکەت بۆ ڕیا نەبێ
ئەو سەربڕینی پەرچەمە بێ شک لەبەر ڕووە زوڵمەت قەباحەتی چییە ئاخر زیا نەبێ
ڕوو ڕەش ببی ڕەقیب خودایا ببی بە بەرد ئەمما محەک نەبی بەوە قیڕووسیا نەبێ
حەمدی ڕەئیسی مەجلیسی دەرد و غەمە ئەسەف جێگەی دیارە دەوڵەتی ئەو با جیا نەبێ

5[edit]

ئەگەر مەقسەد مووەققەت وەسڵە یارم دلبەری ناوێ ئەگەر شاهی بە نامی بێ سەرم قەت ئەفسەری ناوێ
تەرازووی عەنبەرە زلفی جەواهێراتە دەفرۆشێ بە کێشانی برۆ دیارە کە ئەم سەر ئەو سەری ناوێ
دڵ ئاوێنەی جەمالی تۆیە ژەنگی هیجرەتی هێنا بە ئاوی وەسڵ ئەگەر بیشۆی ئیتر خاکستەری ناوێ
لە کۆڕی عاشقانا پەرچەمی هێنایە سەر کوڵمی وتی عوودە لەسەر پشکۆ دەسووتێ مەجمەری ناوێ
وەرە بشکێنە ساقی ساغیر و هەڵبگرە شووشەی مەی کەسێ مەستی نگاهت بێ شەرابی کەوسەری ناوێ
کە کەوتە جیلوە ئەو ماهە بە بەرگی تاقەوە زانیم فەلەک هەڵنایەنێ مانگ و لیباسی ئەختەری ناوێ
بە نەوعێ ئابڕووی ئەرزی تکا تۆفانی لێهەڵسا لەسەر کەشتی خەجاڵەت نەوعی غیرەت لەنگەری ناوێ
مەڵێ گوللەی عەدو چونکە خەتەرناکە خەتەر ناکا پەس و پێشی نییە تیری مەلامەت سەنگەری ناوێ
لە ئەوجی میحنەتا تەبعم وەکوو تەییارە تەییارە شەرارەی ئاهە بەنزینی ئیتر باڵ و پەڕی ناوێ
کەسێ هەڵسا بە جارێ بێ شکە هەنگامی کەوتنیە کەشیش و جاف و سەرگەڵووی دوو ڕوویی پشدەری ناوێ
شەلی کەوتە گەلێ جێ ما قەلێ خێلێکی ڕووڕەش کرد شەل و قەل خادیمی ئەفکاری ئەو بن مەسدەری ناوێ
قەڵەم بەم باسە حەیفە حەمدی ئالوودە دەکەی بەسیە کە میللەت موشتەقی ئەفعالی بەد بێ مەسدەری ناوێ

6[edit]

بە سەد فەرزانەیە دێوانەیی زنجیری گێسوویێ ئەدا ناکا لە حەڵقەی زلفییا شوکرانەیی موویێ
کە نەیبێ چاو و ئەبرۆ و خاڵ و خەت و پەرچەم و زلفی بەخۆر تەشبیهی ئەو حوورە مەکەن بۆ خاتری ڕوویێ
بەرەو ئەبرۆ عەجەب خاڵی دەمی کردوویە تەسویری لە حاڵی ئیعتیکافا بێ لە کەعبە بەچە هیندوویێ
هەموو گوڵزاری تەبعم پشکنی بۆ شوبهی ڕوخسارت وتی سێوێکی لاسوورە منم پڕ چنگی ئەبروویێ
عومر کورتن نەفامان دڵ خەیاڵی سوحبەتی زلفە لە حەڵقەی داوی سەییادا ئەکا هێلانە ئاهوویێ
لە بازاڕی عەشقدا قیمەتی ئەشیا بەڕێکەوتە بە لاقە کوللەیە نابێ کە بەعزەن دەست و بازوویێ
غەزەلیاتی کە تان و پۆی لە باسی زلف و پەرچەم بێ بە دڵ هەر زیندووە حەمدی بە ڕێکا گەر چی مردوویێ

7[edit]

پڕی نووری موحیببەت کا کەسێ ویستی دڵی نەشکێ بەبێ ئاگر تەیارە فەرموو بفڕێت و پەلی نەشکێ
بە بەر کۆیی خەراباتا نەچن نامەرد بەبێ سوجدە بەبێ تەقڵە بەوێدا مەل دەبا بفڕێ و ملی نەشکێ
لە بەزمی عالەما خەندانی وەک گوڵ گەر مولایم بێ دڕک نابێ لە دامەن هەڵچەقێ لووتی چڵی نەشکێ
کە دەستی نایە مل شیشە وتم ساقی غەزەبناکە قەدەح دڵ پڕ نەبێ زەحمەت بەریدا قولقولی نەشکێ
مەمەڕڕی ناسک ئەندامانە کووچەی حەزرەتی جانان ئەگەر چوو ڕووڕەشی نابێ میسالی قەل قوولی نەشکێ
وەرە جانا لە ڕەغمی باغەوان ڕوویێ لە گوڵشەن کە لە مەیدانی چەمەندا حەیفە تیپی گوڵگوڵی نەشکێ
ئەوانەن مەرد کە عوریانی بە بەرگی عارییە نادەن ژنە عاری کە بەر کرد تا دەقاقی سەرجلی نەشکێ
دەمی خۆت بگرە بەردە دەس لە داوێنم ڕەقیب بەسیە کەساز سازندە بوو نابێ دەم و لووتی تەلی نەشکێ
لە حەمدی گەر ڕەقیب خۆی لانەدا یار قەهری لێدەگرێ ئەوەندە غونچە ناپشکوێ هەتا دڵ بولبولی نەشکێ

8[edit]

لە بورجی پەرچەمی کێدایە بەرقی داوە لاجانگێ لە سوبحی سادقیش بەڵکە سپیتر بوو کە شەو دانگێ
خودا حافیزی بێت بڕوا لە چاوما عەکسی گیراوە کە ڕۆژ ئاوا ببێ بۆخۆم هەڵی دێنم وەکوو مانگێ
هەزار بانگی بە ناحەقدا موئەززین باقییە هێشتا کە مەنسووریش بەسەر دارا ئەکەن بیدا بە حەق بانگێ
کە چاوی هەڵبڕی مومکین نییە بەندی جگەر نەبڕێ هەزار نەشتەر لەلام وایە نەکا تەئسیری برژانگێ
زەمانێکە بە ڕۆژووم بەو ئومێدەی هەر دەڵێم بیکەم لە قورسی ڕوومەت و عەننابی لێوت بەڵکە بەربانگێ
هەموو ئەعزای دەمە بۆ گرتنی یاران ڕەقیب یاڕەب لە دەریای خوڵقەتا نابێتەوە بەو نەوعە قرژانگێ
لە تاعوون و وەبا بێ باکە لەوساوە فەلەک حەمدی هەناسەی سەردی تۆ ئەیدا بە دووکەڵ کوللی شەو قانگێ

9[edit]

لەگەڵ ڕوومەت برۆت هاتۆتە مەیدان و جەدەل دێنێ هیلال و خۆر لە مەغریبدا نموونەی ئەو مەسەل دێنێ
بەبێ نووری جەمالت دیدە لێڵایی بەسەر دادێ بەبێ سورمەی غوباری ڕێگەکەت ئەلبەت سەبەل دێنێ
سەبا ڕەحمت ببێ بەسیە پەرێشانی مەکە پەرچەم بە تەشویشی دەخیلت بم، شعووری من خەلەل دێنێ
بەحەق حەقی جەنابی بولبولە نۆشینی عەتری گوڵ دراوە ئێستە بەو مێشانە وا تۆزی عەسەل دێنێ
کە وەستا مۆرەیی تاڵیع لە خانەی هەشتەما زانیم تەنەزوولمە لە کورتیدا شەمس ڕوو بۆ حەمەل دێنێ
دەکا سوڵحی عوموومی هەر بە یەک توڕڕە سەری زلفت بە تەحریکی موژە چاوت کەچی حەربی دووەل دێنێ
بە حیکمەت ناکرێ بیماری ئولفەت حەمدی یا چارە نەسیمی کۆیی جانانە کە دەرمانی عیللەل دێنێ

10[edit]

ئەگەر گوڵ بێت و شێوەی ڕوومەتی جانانە بنوێنێ دڕک دەگرێ گریبانی سەراسەر یەخخە ئەدڕێنێ
ئەگەر مەستی نیگاهێ بێتە سەیری مەجلیسی عوشرەت سەری ساقی و ملی مینا بە بەردی تەعنە دەشکێنێ
بە شەو زلفی لەسەر ڕوومەت کە لادا ڕۆژێ هەڵدێنێ بە ڕۆژ بیخاتە سەر ڕوومەت بەسەر ڕۆژایە شەو دێنێ
قیساسم کەوتەسەر من قاتیلی عەشقم بە ڕیسوایی حەیاتی عالەمی تێدایە خوێنم بێت و بڕژێنێ
بە مەیلی سەردەوە وەک ئاگرێ بەربوویە عومری من دەخیلت بم ئەگەر وریا نەبی عالەم دەسووتێنێ
ئیلاهی شانە لەت لەت بێ سەری ئەو پەرچەمە خاوە ئەمەندەت پێچ و تاب داوە خەریکە دڵ بخنکێنێ
قسەی شامی فیراقی خۆت بکە نەک باسی زلفی یار خەیاڵێکی گوڵی ئاڵۆزە حەمدی ڕشتە ئەپسێنێ

11[edit]

نەپشکووت ئەو دەمە وامایەوە ئەشکالی دڵ جارێ دە چیبکا غولغولەی بولبول نەگاتە سەمعی گوڵ جارێ
ڕەقیب و دلبەری دنیا بەیەک سک هەر دەبێ بووبێ گوڵێکی بێ دڕک دیوتە کە بێتە دەر لە چڵ جارێ
لە زلفی ئەو بتەم زەننارە بێ باکم لە نار و مار سەرو ئازادی کرد قومری کە تەوقی کردە مل جارێ
بە باسی جیلوەی ئەو ڕوخسارە نابێ دڵ مونەووەر کەم کە دڵ فانۆسی یارانە نەوەک بێ موشتەعیل جارێ
چ لازم مەنعی ئەو دنیا پەرستە موددەتولعومری لە ئەفعالی قەبیحی خۆی نەبووبێ مونفەعیل جارێ
کە دەستی گەییە قەبزەی تیغی ئەبرۆی چاوی خومماری وتم حیفزی بکەی ڕەببی لە فیتنەی مەستی کل جارێ
بەجێیە کوشتنی عاشق ڕەقیب ئەمما لە حورمەتدا وتی سەبرت ببێ جارێ ببم بەڵکو خەجڵ جارێ
مەگەر گەردم خەیاڵی عالەمی دامەن بکا حەمدی لە ڕێی وەسڵا نەبوو نەشکێ بەجارێ پێ و پل جارێ

12[edit]

قەمەر ڕەنگی لە ڕوو دەبڕی کە بکرێ باسی ڕوخسارێ کە نەیبێ کوڵمی هەر وەک گوڵ کڵافی میشکی تاتارێ
مەلەک لەم ئاسمانانە کە مەشغوولی چراخانن لە عوششاقا بە تاریکی دەڵێن نەک مابێ بیمارێ
لە شارا جێی نەما مەجنوون لەبەر ئەحواڵی بەدمەستی بە پیاڵەی دیدەیی لەیلا کە نۆشی فەرموو سەر شارێ
لەبەر پێی شەوقی فەرهادا لە کاهێ کەمترە کێوێ کە بولبول نێزە نابینێ لە گوڵشەندا بەقەد خارێ
سحوورم قورسی ڕۆژی ڕوومەتی بوو ئەم سبەینێیە چ خۆشە گەر بمێنم مەغریبیش بیکەم بە ئیفتارێ
شوکر شاخی جنوون کەوتە چرۆکردن لە کەللەمدا ئومێدم بەردەبارانە ئەگەر زوو بۆم بدا بارێ
بەبێ یار و دیاریدا دیاری داوە مەحروومم ئەوانەی بەختییان یارە یەکی کەوتۆتە دووی یارێ
لەبەر کۆیی خەراباتا بەگەردی گەر حیسابم کەن وەکوو کل گەر لە چاوم کەن بە تەکیەم من نییە کارێ
لە ڕووتا من کە زەنناری زلف بەستم لە تار و مار چ پەروامە خەلیلی عەشق ئەکا دۆزەخ بە گوڵزارێ
خودا قودرەت بە خوێنی جەرگ و دوودی ئاهـ و ئەشکمدا چ موحتاجم بە گوڵزار و خیابان و بە جۆبارێ
لەبەر فریادی فەرهادا دەناڵێ بێستوونی چەرخ کە چی شیرین نییە ئەی دڵ بکەین گەر ئێمە هاوارێ
بە ناحەق من، بە حەق مەنسوور دەبێ بکرێ بەسەر دارا حەق و ناحەق نییە مەقسەد عەشق لازمیە سەردارێ
قسەی خۆی بردە سەر ئەو شۆخە حەمدی بۆ چی بێ شەرتە کە شەرتی کردبوو نەیکا لەگەڵ کەسدا وەفا جارێ

13[edit]

دەکێشێ نەقشی شیرینت هەتا پەنجەم قەڵەم دەگرێ بەبێ فیکرت نییە قەلبم هەتا گۆشەی عەدەم دەگرێ
لەگەڵ یارا ڕەقیبم دی وەکوو زەحمەت لەگەڵ ڕەحمەت لە زوڵماتا ئەدا شوعلە غەزەب هەر بۆ کەرەم دەگرێ
بە حیکمەت چاکە بیستوومە بسووتێ عەنبەری ئەشهەب بە بۆنی زلفەوە جانا دڵم دەردی وەرەم دەگرێ
چ حاجەت بێمە سەر باسی ویساڵت چەندە موشتاقم دەمی دەشکێ قەڵەم، کاغەز ئەمەندەی کە ڕقم دەگرێ
مەقامی عالیی تا بێ عوزاری تۆیە بۆ خاڵت دەڵێی فیرعەونە نەشئەی خۆی لە گوڵزاری ئیرەم دەگرێ
دەکا ئیعلانی مردن موو بە موو ڕیشی سپی تازە لەبەر چاوی ئەجەل نەفسم سەگێکە ئێستە دەم دەگرێ
بە ڕەنگی زەردەوە عاشق ئەگەر یاقووتی ئەسفەر بێ بە غەیری تۆ کڕیداری نەبێ قەدری بەکەم دەگرێ
شەهیدی عەشقە حەمدی لازمە بیبێ عەلاماتێ لەسەر ئەم ڕووپەڕە یەک مەسرەعی کەڵکی عەلەم دەگرێ

14[edit]

بەهای یەک کلکە توورە گەر کلی تووری بە کلتوورێ بەری بۆ ئاهوویێکی مەستی نازی دیدە مەخموورێ
بە زەننار و چلیپا بۆ چی مل نادەم کە وەک زلفە لە سەبحە و تەیلەسانم چی ژنانە موو و بەرموورێ
بە ئومێدی وەفا عاشق ژیا ئاخر جەفا کوشتی بە دوو دیدەی فەلەک نەیدی وەک ئەو بێ چارە مەغدوورێ
لەبەر قاپی خەراباتا قەلەندەر مەشرەبێ دەیوت ئەسەف پیری موغان ئەم جێگەیەی داوە بە مەستوورێ
بەسە بۆ خاریقەی بەدبەختی من دۆزینەوەی یارێ نە دین و ئایینێکی بێ، نە قانوون و نە دەستوورێ
لە خیلقەتیایە ڕیحلەت وا ئەزانم پیرەزاڵی دەهر نەوەک تۆ دلبەری دینی نە میسلی پیلەتەن پوورێ
لە چینی پەرچەما تۆمار و توڕڕەیی نایە سەر خاڵی وتی با ئەم حەبەشزادەش لە چینا بێتە فەغفوورێ
کە ماری زلفی حەڵقەیدا لەسەر گەنجینەیی لێوی وتم بەم نەوعە با قاڕوون دەرێنێ گەنج و گەنجوورێ
قسەی عوششاق و تۆ هەروەک قسەی فیرعەون و مووسایە ئەگەر بووبێ لە فیرعەونا میسالی ئێوە مەغروورێ
جەفای ئەو شۆخە وەک شەوقی قەمەر حەمدی جیهانگیرە بەڵێ عەنقایە چاوت کەوت لە عالەمدا بە مەسروورێ

15[edit]

لە من با دڵ وەکوو دنیا هەتا مەحشەر تەوەللا بێ وەکوو مەجنوون دڵ و دنیا فیدایی چاوی لەیلا بێ
وەرە مەستانە بۆ گوڵشەن بە مەخمووری نیگاهێکە بە کوێری چاوی نێرگس جا لەمەولا مەست و شەهلا بێ
بەیادی قامەتت دایم خەریکی ئەم خەیابانەم لە جەولاندا ئەڵێم بەڵکە یەکێ هەمڕەنگی باڵا بێ
دەمی تۆ و غونچەیە ئەسبابی دڵتەنگی من و بولبول کە یاری فەیز بەخشە هەر وەکوو گوڵ ئاڵ واڵا بێ
وەرە جانا بە تاریکی خەریکی خاتیمەی عەشقم بەڕووتی ڕوومەتت بنوێنە با شەمعی موتالا بێ
بە سەهلی دەم لە ئەسراری دەمی نامەرد مەدە حەمدی نەپشکووتوو کە نەبووە غونچە پڕ لوئلوئی لالا بێ

16[edit]

لە بەر قاپی خەراباتا کە وەک ڕەعد نەعرەدا مەستێ لە غەیب بەرقی ئەدا بۆ مووددەعی تیغی لەسەر دەستێ
حقووقی بولبولانیش چوو لەناوانا جەنابی گوڵ کە گوێی وەک ئەو نیگارەی ناوەتە ژێر دەستی بەردەستێ
لە باڵا ناگرێ جێگەی لە دامەندا ببێ گەردم کە تا باڵانشینی بێ بەڵا ناگاتە سەر پستێ
چ سەربەستە ئیلاهی ئەم ستەمکارە لە قەتلی من بە مووسا باوەڕم نایە کە فیرعەون وا کەمەر بەستێ
بەدەست دەرخستنی دنیای کە شێواند ڕوومەت و قامەت کە دەرخا ڕەنگە هەر ڕۆژی قیامەت بێ حەشر هەستێ
وشک هەڵهاتووە لێوم وەکوو پووش و هەناسەی سەرد میسالی بەردە ئاهم ئاگرێ دێنێ وەکوو ئەستێ
گەلێ حەمدی خودام کرد وەعدی وەسڵی خستە سبحەینێ گەر ئارامی ببێ ڕۆحم دڵم ئەم موددە ڕاوەستێ

17[edit]

بە بەرقی سینەیی شۆخێ کە دڵ چاوێکی بینا بێ ئیتر ساحێب ئیعجازم کە موعجیز نووری مینا بێ
خودا ڕۆژی لە هەر کەس کردەوە یەک شەو کیفایەتیە چ ئەحمەد بێ، چ مووسا بێ، چ مینا بێ، چ سینا بێ

18[edit]

مەڵێ جیننی هەموو شکڵی بچێ شکڵی مەلەک ناچێ سولەیمان قەت لە عفریت و لە کورد هەرگیز وەلەک ناچێ
کە مادام ئینقیرازی عالەمێکی مەقسەدە گەردوون بەڵێ ئیشی موافیق قەت لە کرداری فەلەک ناچێ

19[edit]

نیمە یارایی نیگاهی «غەین و میم و زێ و هێ» غەمزە دڵدۆزە لەتم کە تۆ بە «شین و یێ و ڕێ»
شیری ئەبرۆت یەک ئیشارەی بۆ منی شەیدا بەسە تیژە چونکە داویە کوورەی موحیببەت «ئەلف و بێ»
ئابی تیغت دیارە ئاوی زیندەگانی تێکەڵە کوشتەگانت زیندوون تا ڕۆژی «حێ و شین و ڕێ»
حەشرە هەستاوە لە عالەم قاپی تۆبە داخرا غولغولەی عالەم کە گەییە ئەوجی «چێ و ڕێ و خێ»
چەرخی کەچ ڕەفتارە باقڵ دەورەیێکی تر ئەدا پڕ زەهر کا جامەکەم وەک «شین و ڕێ و بێ و تێ»
شەربەتی مەرگی لە ئاوی زیندەگی پێ خۆشترە وەعدەیی وەسڵی نەدەیتێ «حێ و میم و دێ و یێ»
حەمدی تاکەی هەر بناڵێنی لەژێر باری غەما بۆ چی نابێ ئەی سەنەم ڕەحمت بەویشا جاری بێ

20[edit]

خوێنی چاوم وا خرۆشاوە خەریکە سەربەرێ ئیحتیمالە بەم کوڵی گریانە ڕیشەی دڵ بەرێ
دڵ نەبێ چیمە لە بەحری عەشقی یاری بێ وەفا هەڵدڕێ ڕەببی وەکوو ماسی بە نووکی خەنجەرێ
عاشقی ئەمڕۆ لە دنیادا نەمابوو نەوعی تۆ گەر بە بێ ڕەحمی دەبوو شۆخی قەشەنگی دلبەرێ
نازی ئەرزی بۆ نەکێشێ ئەوجی ئیعلایی فەلەک کەی بە سنگی خۆیەوە دیویە وەکوو تۆ ئەختەرێ
بێرە خەندە غونچە قیڕووسیا وەکوو گوڵ شەق دەبا با ئەمەندە بگری بولبول تا وەکوو گیانی دەرێ
خاڵییە دنیا لە مەرد و تاقەتی سەودا نەما بێتە مەیدانی موحیببەت ماوە گەر تەنها سەرێ
تۆ خەرامان بێرەوە دەڕوا جەهەننەم عالەمێ سەد هەزاری هەر وەکوو حەمدی لە دەوری تۆ گەڕێ

21[edit]

دڵ دەزانی بۆ لە شوعلەی کوڵمی لەیلا ناگەڕێ تا نەسووتێ عەیبە پەروانە لە لەمپا ناگەڕێ
زلف و ڕوومەت کفر و ئیمانە بە شەرعی عاشقان دڵ لە مزگەوت دەستی ششت و بۆ کڵێسا ناگەڕێ
غولغولەی هیجرە نیشانەی زەمزەمەی ڕۆژی ویساڵ تا سەبو قولقول نەکا مەعلوومە سەهبا ناگەڕێ
بێ سەرە سەرو و سنەوبەر بێ بەرە قەدری نییە بۆیە وەستاوە لە دەوری قەددی ڕەعنا ناگەڕێ
پڕ لە عەشقی تۆیە خۆشی هەر لە دنیا لانەدا بەر شەقی دە هەر سەرێکە بێ دوو سەودا ناگەڕێ
من زەعیفم دەردەچێ نەفسی قەوی باقڵ لە دەست تۆ پەتی کە ئەم سەگە چونکە بە هەودا ناگەڕێ
چی لە کل کا گەر گڵی دەرگانەکەی تۆی دەس کەوێ بۆ جەواهیر سورمە ئەلبەت چاوی بینا ناگەڕێ
چوویە گوڵشەن ئابڕووی گوڵ بۆیە یەکجاری تکا عادەتا کوێرێکە نێرگس مەست و شەهلا ناگەڕێ
دەک خودا وەرگێڕە ئەم چەرخە لەبەر بێ هیممەتی قەت بە مەیلی ئەهلی هیممەت دەوری دنیا ناگەڕێ
عاشقی مەهجوورە حەمدی تۆ مەپرسە حاڵی ئەو عەهدی کرد بێ یادی تۆ ئەو دەشت و سەحرا ناگەڕێ

22[edit]

غەیری ئەم سیانە لە گوڵشەن مەنعی من ناکا کەسێ باغەوان یەک، بولبولان دوو، خاری دامەنگیر سێ
سێ بەڵایە وا منی شێت و لەت و پەت کردووە چاوی یەک، ئەگریجە دوو، ئەبرۆیی وەک شمشێر سێ
کوشتە و دڵ پڕ لە داغ و بەستەیی سێ کافرم خەتتی یەک، خاڵی سیەهـ دوو، گێسوویی زنجیر سێ
زار و دڵخون و جگەر کون کون بویی ئەم سێ شتەم خەندە یەک، دوو لێوی دوو، موژگانی هەر وەک تیر سێ
وا ئەزانم بەرکەسی ناخەن بەهەشتیش سێ گروهـ عەشقییا یەک، سائیلان دوو، مورشیدی ڕەنگ پیر سێ
ئەم سیانە نایەڵن بمرم لە کۆیی دلبەرا تەعنە یەک، تەزویر دوو، زەردەخەنەی تەحقیر سێ
مانیعم سیانە کەڕ و لاڵم ئەکەن وەختی ویساڵ شەوقی دڵ یەک، نازی یار دوو، پەنجەیی تەقدیر سێ
تا ببن ئەم سیانە لوتفی قەت لەگەڵ حەمدی دەبێ کیبری ئەو یەک، زیللی من دوو، فیتنە و تەزویر سێ

23[edit]

لەم مەسافی عەشقەدا عاشق دەبێ بێ سەر کەوێ داری مەنسوورە بەبێ حەق کێ هەیە بێ سەر کەوێ
ئارەزووی قەتلت کە کردم شیر و تیرت بۆ چییە کافییە موژگان و ئەبرۆت گۆشەیێکی دەرکەوێ
دڵ کەناری گوڵگوڵی کردم بە خوێنی ئاڵ و گەش بەڵکە جارێ بێتە سەیری بەر دڵی دلبەر کەوێ
ڕەببی مووی لێبێ زمانم زیکری زلفی تۆ نەکا گەر دەمم بێ باسی تۆ بێ بەردەمی ئەژدەر کەوێ
بۆ بەڵا بێ ڕووبەڕووی تۆ بێ دوو چاوم حازرە ئەو خسووفەی بۆ قەمەر دێ با لە دوو ئەختەر کەوێ
زلفەکانت کەوتە سەر ڕوومەت بە بۆنی خستووم دەستە دەستە عود و عەنبەر وەک سەری مەجمەر کەوێ
دوودی ئاهی خەستەگان و دەردی فیرقەت یەک نەکەوت خەرمەنی عومری ڕەقیبان بەڵکە بەر ئاگر کەوێ
دەردی گرتووە نەخلی عومرم بۆ ئەڵێن بەرناگرێ کێ بەری نەخلی مورادی سیححەتە بێ بەر کەوێ
من نەخۆشیم گرتووە بمری بەری نادەم ئیتر دوور لە تۆ زەحمەت دەدا با لەمسەر و لەوسەر کەوێ
مونکیرت زۆرە وەرە حەمدی بنێرە کوورەوە کۆمەڵێ لەعل و جەواهیر تا لە جێی ئەخگەر کەوێ

24[edit]

باسی کوڵمی تۆ بنووسێ چۆن قەڵەم گوڵ ناگرێ یا بکا یادی دەمت غونچە وەکوو چڵ ناگرێ
چۆن بەسەر نێرگس نەگیرێ ناوی چاوت بێتە ناو وەک وەنەوشە بۆ مل و خاڵت بە کەچ مل ناگرێ

25[edit]

گەر لە مەحشەردا ئەبوومە مالیکی جەننەت شەوێ حۆر و غیلمان و بەهەشت و قەسرەکانم دەس کەوێ
نەوعی تەمسیلی ئەرازی کورد و کوردستان ئەکەم هیچ کەسێ فەرقی نەکا ئێرانە خۆشە یا ئەوێ

26[edit]

تیری برژانگی لەلام وایە سەهل دڵ هەڵدرێ بەندی جەرگ و ڕشتەیی سەبر و تەحەمموول بپچڕێ
باز بە چاوی جوانەوە ڕەنگە لە شەرما هەڵفڕێ «لاوی قەد لاولاوی من گەر بێ بەناز چاو هەڵبڕێ
وا دەزانم شێخ لە من زووتر لە ئیمان وەرگەڕێ»
لەم گرۆهی شێخە زاتەن کردبووم زووتر ویداع چونکە دەمزانی بە حیلە دەمخەنە سەر ڕێی تەماع
تەکیە ئەنواعی دەسیسەی تیایە فابریقەی مەتاع «ڕۆژێ بێ جام کرد و ساتێ چوومە لای شێخ بۆ سەماع
وەک کوزە کەمتیاری پێ بێ ساعەتەن لایدام لە ڕێ»
عومری خەڵقیان هەر بە وەعدەی هیچ پووچ داوە بە باد حیرەتم بەم تەفرەدانە بۆ ئەبن مەمنوون و شاد
دوێنێ یا برسی بووە نەیماوە خەرجی ئاو و زاد «واعیز ئەمڕۆ هەم دیسان حەڵواخۆری کەوتۆتە یاد
نەک لە ڕێگەت لا بدا گوێ مەگرە لێی با هەڵتڕێ»
فیکر و زیکرم یارە مەعلوومە لە عالەم ڕۆز و شەب گەر کفر نەبوایە ئەموت ئەیپەرستم میسلی ڕەب
چی بڵێم جوزئی تەبیعەتیە بەبێ بوونی سەبەب «باز ڕەقیب دەستی بە فیشاڵ کردەوە وەک بای غەزەب
بۆیەکا ئەمشەو لە بەزمی یار چرای من ناگەڕێ»
نییەتی تۆ خێرە با عالەم بزانێ عامیلی بمکوژی ئەمجا لەسەرچی توخوا تۆ ماتەلی
واهیمە گرتووتی یاخۆ هەر بە فکری باتیلی «خوێنی من بۆ شوێن ونێ دەسڕی بە پەنجەی قاتیلی
وەختە خۆی ئەنگوشتنوما کا لێی گەڕێن با بیسڕی»
خەڵقی ژینیان مەتڵەبە بۆ کەیف و سەیرانی جیهان ئارەزووم نە ژیانە من تا بچمە ڕیزی عاشقان
عاشقانی چونکە کوشتووە مامەوە من بۆ نیشان «تیغ بە ملما دێنێ بە درۆ پێم دەڵێ نابڕێ قوبان
تیغی ئەو دەبڕێ بەڵا هاوارە بەختم نابڕێ»
توخوا «حەمدی» بە غەیری مەیکەدە بۆ کوێ چویی عاشقی مەیخوارە نابێ کردبێتی بەدخویی
کفر و ئیمان باس ئەکەی نەتماوە مەیلی کەم دویی «وای دەزانی ناسکە سەر چاوی «کوردی» پای نەنا
وا بە پا خۆشە بووە بیشیکوتن دەرناپەڕێ»

27[edit]

یا ڕەسوولەڵڵا زەلیل و دڵ حەزینم، ڕەحمەتێ موستەمەند و بێ قەرار و بێ قەرینم، ڕەحمەتێ
ڕاحەتی قەلب و وجوود و عیززەتی نەفسم نەما وەختی مەرگە حافیزی ئیمان و دینم، ڕەحمەتێ
دادخواهی مەحشەر و پشت و پەناهی موئمینان هەمنشینی زاتی دنیا ئافەرینم، ڕەحمەتێ
با بە «بِس٘مِ اللهِ الرَّحمنِ الرَحيم» دەس پێ بکەم چونکە تینووی ڕەحمەتم دڵ ئاگرینم، ڕەحمەتێ
کائینات «الحَمدُ لِلّه» پڕ لە نووری ڕوویی تۆ ئەی حەبیب و یاری «رَبِّ العالَمين»م، ڕەحمەتێ
ئەی وجوودت مەنبەعی ئەڵتافی «رَحمٰنِ الرَحيم» «مَالِكِ»ی ئیعجازی شەمسی «يَومِ الدِّين»م، ڕەحمەتێ
قائمی «إيَّاكَ نَعبُد» بووم بە تەبلیغاتی تۆ وا «وَ إيَّاكَ» دەڵێم بۆ «نَستَعِين»م، ڕەحمەتێ
«إهدِنا» بۆ ڕێی «صِرَاطَ المُستَقِيم»م تو خودا بۆ ئیرائەی ڕێیی «صِرَاطَ الَّذيِن»م، ڕەحمەتێ
من لە «ان٘عَم٘تَ عَلَيهِم٘» با نەبم بێ بەش چییە خۆ سەگی کۆیی ئەمیرول مورسەلینم، ڕەحمەتێ
«غَي٘رِ» تۆ کێ من لە «مَغضُوبِ عَلَيهِم» لا ئەدا وەک «ولاالّضالِّيِن» ئامین هیچ نەبینم، ڕەحمەتێ
توخودا غافل لە حەمدی قەت مەبە ڕۆژی جەزا ڕووسیاهم ئەی شفيع المذنبينم، ڕەحمەتێ

28[edit]

یا موحەممەد ڕووڕەشی دەرگانەکەی تۆم، تۆبە بێ هەرچی هەم بێ شک سەگی ئاسانەکەی تۆم، تۆبە بێ
زەڕڕەیێ شوعلەی جەمالت کائیناتی کردە نوور هەر وەکوو زەڕڕە منیش پەروانەکەی تۆم، تۆبە بێ
ئەنبیا هەر کەس بە ئوممەتیانەوە وەک من دەڵێن ئینتیزاری هیممەتی مەردانەکەی تۆم، تۆبە بێ
ناسیخی جوملە کیتاب و جامعی جوملە کیتاب کافریش بم عاشقی قورئانەکەی تۆم، تۆبە بێ
سەیری ئەعمالم دەکەم دایم فیغان و ناڵەمە گەر موفەڕڕەح بم لەسەر پەیمانەکەی تۆم، تۆبە بێ
هەر بە ئانێ کاشفی سیڕڕی سەماوات و مەلەک من وەک ئەفلاک و مەلەک حەیرانەکەی تۆم، تۆبە بێ
خاتیمەت کێشا بە فەرمانی هەموو پێغەمبەران من وەکوو مەهدی لەسەر پەیمانەکەی تۆم، تۆبە بێ
جەژنی قوربانە قەسابیش حازرە خۆزگەم بە خۆم خۆم و ئەولادم هەموو قوربانەکەی تۆم، تۆبە بێ
بێ کەس و حەیران و سەرگەردانە حەمدی وەک عەرەب الأمان دەستی من و دامانەکەی تۆم، تۆبە بێ