دیوانی حەمدی/ق

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
دیوانی حەمدی  (1936)  by حەمدی
پیتی ق

1[edit]

وەختی شەفەق لە غەربەوە یارم کە کەوتە بەرق عالەم وتی قیامەتە خۆر غەربی کرد بە شەرق
گوڵ وەعدەیی ویساڵی بە بولبول نەدا ئەویش ناکا بەهەشت لە قەعری جەهەننەم بەزەڕڕە فەرق
ڕووی بەرقیدا لە دوورەوە من دیم وەکوو سەراب لەم بەحری عەشقەدا وەکوو گوهەر بووم کە غەرق
بینایە کوێر و دادی فەساحەت دەدا کە لاڵ کافی نییە لە نووری موحیببەت ئەمەندە خەرق
جل شین و مل کەچن ئەوی ئەهلی موحیببەتن ئەی ئافەرەم وەنەوشە کە نیتە لیباسی زەرق
حەمدی لە ناری فیرقەتت عاجز نییە فەقەت دڵ مەخزەنی سەرائیری عەشقە دەچێ بە حەرق

2[edit]

دەخیلت بم لە شاخ و بەرد و تەق تەق ملم دەشکێ ئیشارەم کە بە تەق تەق
بە ناحەق چوومەتە کایەی مناڵان بە لوتفی خۆی مەگەر بیکا بە حەق حەق
لە بازیچەی زەمانا بوومەتە گۆ وجوودی سەیری چۆن کردم بە شەق شەق
موقەسسیم وەختی شەڕ چاکم دەبینێ لە خێرا سەیر دەکا نابینی زەق زەق
بەلنگ ڕووتی عەرەب ئەمدا بە شوو جا هوما نابێتە جووتی حاجی لەق لەق
دەروونم هێندە کەیلە حەمدی وەختە لە داخانا بەرم وەک سفرە شەق شەق

3[edit]

ئاشکاری کرد هەموو ئەسرار و خۆی پەنهانە عەشق پڕ بە کاشانەی وجوودە جانە یا جانانە عەشق
جوزء و کول ئەجزایی فەردی کائیناتە کائینات هەرچی ئەفعالی تێدایە مەسدەری هەمووانە عەشق
غەرقی مەوجی ئاورنگی گەوهەری عەشقە وجوود گەوهەری دەریایی لوتفی حەزرەتی یەزدانە عەشق
شەمعی داگیرساوی دەستی عەشقە شەخسی تێگەییو تێ نەگەیویشی بە قەد خۆی چاکر و سوڵتانە عەشق
بۆ گەڕانی بەزمی عالەم عامیلە ساقی سیفەت ماددەیێکە میسلی مەی غایەی هەموو ڕەندانە عەشق
دڵ لەم ئافاقە بە ویسعەت هەر دەبێ کەمتر نەبێ بۆیە وەک بەرقێ لەوێدا ئارەزووی جەولانە عەشق
بۆ شەهادەت شەمع و گوڵ ئەندامییان بۆتە زەمان ئاگری بەرداوەتە دڵ بولبول و پەروانە عەشق
عەشقی چی من ئاگرێکی قودرەتم دیوە دەخیل دڵمی کردۆتە جەهەننەم نەک بە ئاتەشخانە عەشق
سایقی مەجزووبە لایێ لایێ قووەی جازیبە نووری شەوقی عاشقان و ڕەنگی مەعشووقانە عەشق
بارەگاهی عەشقە جێگەی سەرفرازی حەمدییا موشکیلە ئەمڕۆ سبەینێ موشکیلی ئاسانە عەشق

4[edit]

دەس لە دەریادا دەبا بۆ پووشێ ئینسانی غەریق ناعیلاجی مەرد دەکا ئەلبەت بە نامەردێ ڕەفیق
گەر ڕەفیقت دڵ بشێوێنێ بە بێ عەقڵی برا ئەو ڕەفیقە زوو موقابیل تۆ دەوەستێ وەک فەریق
لێوی تۆ پەروەردەیی خوێنی دڵی ئەهلی دڵە یا دەسێنێ خەرج لە مەوجی بەحری مەرجان و عەقیق
سەردە دۆزەخ بۆ ئەوانەی گەرمی عەشقی دلبەرن کەی مەجاز سۆزی دەگاتە مەرتەبەی عەشقی حەقیق
ڕێ بە قەعری بەحرەبا غەوواسی عاریف بۆ گوهەر حەقیە بۆ مەزموون کە شاعیر کەوتە ئەفکاری عەمیق
یەک پڕیشکی نووری عەشقت ئاگرێکی خستە دڵ کەس لە بابی عالیا نەدیوە بەو نەوعە حەریق
هەر شەوێ دەیهێنمە خاتر جەلالی ڕوویی یار ئەوجی دڵ پڕیە لە ناڵەی ڕەعد و چەخماخەی بەریق
بۆ جەفا بێ با لە فکری دەرنەچم کافیمە من حەمدی نابێ قەت وەکوو ئەو شۆخە غەددار و شەفیق

5[edit]

قەت مەکەن عاشق بەسەربەستی بەیانی ئیشتیاق پڕ بە دنیایێکە شێخ و زاڵم و ئەهلی نیفاق
ئەم سبەینێیە کە کەوتە جیلوە دلبەر ڕۆژهەڵات ڕوو بە ڕووی یەک بوونەوە ڕۆژێ بوو نیعمەلئیتتیفاق
سەیری ساقی گەردنی ساقی و ملی مینایی مەی بۆ سەری مەیخوارە کردوویانە ئەلبەت ئیتتیفاق
دڵ بە ناری فیرقەتت برژاوە چاوم پڕ لە ئەشک جەم لە ئەسبابی تەرەبدا نەیبووە وەک من تفاق
یار لە من ڕۆحی دەوێ من ماچی لێوم ویستووە من وتم پێشکەشتە فەرمووی تۆ مەکە تەکلیفی شاق
وەک خەتیبی کفر و موئمین وەختی خوتبە یەک کەون من فیغانی ئەلویساڵم کرد ڕەقیبیش ئەلفیراق
ڕوو بچەرخێنی لە عوششاقت دەزانی وەک چییە ئەهلی قیبلە یا بڕووخێ قیبلەیان یا بێتە تاق
حەمدی بادەی تاڵە شەکراوی نیشاتی عاریفان چونکە باسی زاهیدان گۆڕیویەتی تامی مەزاق