دیوانی حاجی قادری کۆیی/ک
Appearance
1
[edit]تا بڵێی فەڕقی هەیە میهری من و ماهی فەلەک | لە سەرا تا بە سورەییا، لە سەما تا بە سەمەک |
هەر کە لای کردەوە عوقدەی سەری زولفی لادا | لە هەموو لاوە سەدای سەللی عەلا گەییە مەلەک |
گوێ لە واعیز مەکە ئەمشەو تەک و تەنها وەرە لام | ڕۆژی مەحشەر بەمە گەر بمخەنە دۆزەخ بە دەرەک |
کوتکوت و تیکەبەتیکەم بکەن و بمدەنە سەگ | جێگەمە لەم دەرە ناڕۆم بە جنێو و بە کوتەک |
خالیسە سیککەیی ئیخلاسی دڵی موخلیسی من | بیخە نێو بۆتە چ حاجەت بەمە بیدەی لە مەحەک |
ئەی مەهی چاردە سەیری مەهی دوو هەفتە بکە | وەک منی دابنێ چاوی من و تۆ ناگەنە یەک |
لە نقووشی غەزەلم چین و خەتا داماون | کێ دەڵێ ئەمتیعەیی کوردە کەڵاش و کەپەنەک؟! |
بۆ تەماشای بەلەک و زەندی سپی و چاوی بەڵەک | نیشتووە لەم دەرە عاشق وەکوو حاجی لەکلەک |
2
[edit]لە گاوان و شوانی کوردەکان یەک | بەسە بۆ لەشکری سەد کەڕڕە دوو لەک |
فیدای جوتیارتان بێ حاتەمی تەی | بە قوربانی سەپانتان ئالی بەرمەک |
مریشکی ئێوە سەییادی شەهێنە | لە کن عەنقا فڕووجە حاجی لەکلەک |
شوانی مێگەلی کوردان لە شەڕدا | وەکوو قەسسابە، دوشمن نێرگەلی شەک |
لەبەر حیزەبەخۆیی و ناتەبایی | لە ژێری حیزی حیزان بووینە دۆشەک |
هەتا وەک ئاگری بن کان لەگەڵ یەک | ئەگەر تۆفان بێ لەشکرتان بە پووشەک |
لە گوێی گا نوستوون بۆیێکە ڕێوی | لە سەر ئێوە وەها شێرگیرە وەک سەک |
سەلاحی ئێوە ئێستاکە سیلاحە | تەماعی گەورەیی بێ چەک نەکەن نەک |
کراوە ئینتیجابی وشکەسۆفی | لە دیوانی کەری بێ نوقتەیی شەک |