Jump to content

دیوانی حاجی قادری کۆیی/م

From Wikisource

1

[edit]
جیهان بوویتە جەزیرەی بەحری گریەم بەبێ بوختان ئەتۆ زین و ئەمن مەم
لە جینسی ئادەمی وەک تۆ نەزاوە پەری ڕوویەک لە ئادەم تا بە خاتەم
ئەمن شێخم، سەرم شاخە، هەناسەم نەسیمە، دیدە کانی، مێزەرم تەم
دەڵێن مەعشووقە دێتە سەر سەرینم دەزانم وا نییە وەڵڵاهو ئەعلەم
لەبی زەححاکی فەرمووی ماری زولفم جەمی کەللەی کەیە، مووچەی سەری جەم
مەڵێ کەززابە سۆفی، ساغە واعیز لە لای من وەک یەکن بێ کەیف و بێ کەم
موریدی سادق و شێخی کەرامەت حەریسی قانیعە و عوششاقی بێخەم
سەوادی ئەعزەمی قوستەنتەنییە گەلێ بێناوی کردە سەدری ئەعزەم
بە دەستوور و بە قانوون و نیزامی خودا وای کرد کە سووری کرد بە ماتەم
کوڕانی دوو هەوێن دونیا و عوقبا میسالی داکیانن ئەو لەگەڵ ئەم
بە یەک ناچن ڕەقیب و حاجی قادر خودایا ئەو ڕەزیل کە و ئەم موکەڕڕەم

2

[edit]
وەها مەشغووڵی تۆیە جیسم و جانم بە ڕووحکێشانی خۆم زەحمەت بزانم
ڕەقیب و سەگ چ لازم تا ئەمن هەم بە ڕۆژێ دەرگەوان، شەو پاسەوانم
میسالی ڕۆنی زەیت و مێوی شانە وەها مەعلوومە سووتانی نیهانم
پەرێشانی دڵ و جەمعی ڕەقیبە لە سەودای زولفی تۆ، سوود و زیانم
بڵێن: قادر! دەڵێم: ناوم حەبیبە بە زیکری ئێوە وا فێرە زوبانم
ئەوی شاعیر نەبێ کوێرە وەجاخی لە سایەی شیعرەکان بابی کوڕانم
مەڵێن: بێکارە بوو حاجی لە ڕووما ئەمن پیاوم لە نێو شاری ژنانم

3

[edit]
وەکوو ڕۆژ و شەوە فەرقی گودازی شەمع و سووتانم کە ئەو هەر شەو دەسووتێ، من هەموو دەم؛ گەرچی ئینسانم
بە تەخمین وەسفی فیردەوس و جەهەننەم بۆچ دەکا واعیز لە سایەی وەسڵ و هیجرانت بە خۆم دیتوومە دەیزانم
لە سیڕڕی حیکمەتی چاوت گەیشتم باعیسی ڕووحە تەبەسسوم ماوە تێ ناگەم لە فەهمی ڕەمزی حەیرانم
کزەی جەرگم دەخیلت بم فیراقم کرد ئەوا مردم دەسا دەی بێرە لام ساتێ نەماوە تابی هیجرانم
ئەبووزەیدی دەکا ڕۆحم لەگەڵ ماچی دەمت ئەمما دەترسێم وەک نیشانم دا بڵێ: هیچە و پەشیمانم
کە دوێنێ هاتی فەرمووت بێ و نەهاتم مەسڵەحەت وا بوو ئەمێستە چاوەکەی من چی دەفەرمووی بەندەفەرمانم
ئەگەر بەغدا شکا سەددی، نەما داری لە سەر بەردی لە دەجلەی ناگرن حاجی، دیارە جۆشی گریانم

4

[edit]
بە شەستی زولف و ڕووی ماهی وەکوو ماهی گرفتارم گەهێ دڵگەستەیی مارم، گەهێ گیانخەستەیی نارم
سەگی دەرگات و مەجنوون و نجوومی ئاسمان یەکسەر مەگەر هەر خۆت بزانی چۆن گەواهن من کە بێدارم
بە یادی نەخلی باڵات ئاو لە چاوما بێ قسوور هەردەم دەجۆشێ، غایەتی دوورم، دەزانی من وەفادارم
لە بەحر و بێشە و سەحرا، نەهەنگ و زەیغەم و ڕووبار وەکوو سەگ هەڵدەیێن ئێستا لە ئاهـ و ناڵەیی زارم
ئەمەیش جاران نییە قوربان توفەیلی بێمە سەر خوانت خەتت میهمانییە ئەمساڵ نەماوە لەززەتی پارم
بە گریانی ڕیا واعیز بەسەرما هات و نەیزانی کە وا من ئاشنام ناگاتە قاپیم مەستی هوشیارم
عەراقی بێ نەوا، مەشرەب موخالیف، وەک سەبا هەستە مەقامی ڕاستی حاجی حیجازە گەر دەچێ یارم

5

[edit]
دووسەد گوناهی هەیە خەڵق با وجوودی کەریم ئەمی کە داویە دەیدا، چ ڕازقێکە، کەریم!
مەپرسە دەردی غەریبی و لەززەتی وەتەنم ئەوی لە دەستی دەگریام ئەمێستە بۆی دەگریم
سەوادی سێبەری تۆیان هەتا نەکردە میداد نەنووسرا وەرەقی ئەمری كُنْ فَكانی قەدیم
لە لای مەعاریجی تۆ تەلغراف و بەرق و شەهاب نەزیری ڕەوتی تەنافبازە فیکری تەبعی عەقیم
جودایی باسی مەکە فەسڵی قابەقەوسەینت کەمانی ئەبرویی تۆ بوو لە بەزمی خاسی عەلیم
خەڵاتی عیززەتی لەولاک و تاجی ئەڕسەلناک بەسە سەنایی جەلال و کەماڵی خوڵقی عەزیم
خولاسە نێوی نوبووەت لە پاش ڕیسالەتی تۆ میسالی مار گەزیدەی مولەققەبە بە سەلیم
بە بەر شەفاعەتی خۆتی ئەگەر نەخەی حاجی لیباسی کەعبە لە بەر کا دەبێ بچێتە جەحیم