دیوانی حاجی قادری کۆیی/ر
Appearance
1
[edit]ئەم ئاهووە مومکین نییە نەخچیری بە تەدبیر | هەڵناخەڵەتێ باوکەسەگی پیرە لە تەزویر |
چاهی زەقەنی مەهلەکە ئەی دڵ بە گوریسی | ئەو زولفە ئەگەر سیلسیلەیە خۆت مەخە نێو بیر |
ئەی بادی سەبا من ببە سوودی نییە نامە | تەشریحی زەعیفی من و خەم نایەتە تەحریر |
جەیشی حەبەشی زولفی لەگەڵ خەتتی بەشەڕهات | سۆفی دڵی بێچارە لەبەر پێ بووە هەنجیر |
بەم موهری سولەیمانی زەمان هەروەکوو خورشید | دونیا بگرە بێ مەدەدی خەنجەر و شەمشیر |
بێ دیتن و بێ واسیتە چاتر لە من و تۆ | هیچکەس نییە نەیناسێ ئەگەر شێتە ئەگەر ژیر |
بێ میننەتە گەر خوانی وەلی نیعمەتی حاجی | ئەم شێخە چییە، قونچکی پیوازە، سەری سیر |
2
[edit]دەستگیریت لە عەمەلدا کە نەکا موڕشیدی پیر | دەستی تۆی گرتووە، پێی بەستوویی، مانەندی ئەسیر |
ڕیشی وەک شیرە بەشیرت، ئەوە جەللادی ئەجەل | قۆڵی ماڵیوەتەوە، دەستی لە تۆ داوەتە شیر |
ئەو دەمی هاتمە سەر شەکوە لە خزم و کەسی خۆم | ڕۆستەم و یوسفی گوڵپیرەهەنم کەوتەوە بیر |
مار و ماسین دەبنە ئەژدەری سەحرا و نەهەنگ | دەست و پای بێسەروپای زاڵمە دەیکەن بە وەزیر |
چوومە پارێزی، کە موژگان و برۆم دی لە کەمین | تیری من بوو بە کەمان، پشتی کەمانم بووە تیر |
خەفییە نایەتە لای ئێمە لە تاریکی شەوا | ڕۆژی ڕووناکە دەترسێ لە عەوام و لە گزیر |
حاجی وەک دڵ تۆ بە گرییە بە شوێنی مەکەوە | ئاسکێکە بە بەزین و بە هەرا نایەتە گیر! |