دیوانی حاجی قادری کۆیی/ت
Appearance
1
[edit]| مەماتم حەیاتە، حەیاتم مەمات | کە لێم توند دەبێ ئەو دەمی ئیلتیفات |
| لەبی «نازەنین»ی بە خەتتی «جەلی» | لە «ئیران»ەوەی گرتووە تا هیرات |
| «عومر گونبەتی» لەززەتی داتەپی | «تەکتەڵوو»ی شکا زینی ئەسپی حەیات |
| تەماعم بۆ دونیا و عوقبا بخۆم | ئەمم چوو لە دەست و ئەوم بۆ نەهات |
| لە غوربەت بە شاهی لە بیر ناکرێ | زەمانی جوانی و یادی وڵات |
| لە «قوشخانە»وە تا دەمی «ئیچقەڵا» | لە «بایزاغە»وە تا مەحەللەی «قەڵات» |
| هەموو خزمی خۆمن دەزانم دەڵێن: | لە بێ حورمەتیمان بوو حاجی هەڵات! |
2
[edit]| ماهی سەرچاوەی حەیاتم کەوتە بەند و داوی شەست | پشتی دەستی خۆم لە حەیوانی و لە بێعاری نەگەست |
| کامە لوقمان کەوتە چەنگی پیری، قۆڵی بانەدا | کامە ڕۆستەم تووشی بوو، نەیخست و دەست و پێی نەبەست |
| هێندە سوورەت زۆر بووە، مەعنا لە بەینا ون بووە | ئێستەکێ بێ سوورەت و مەعنایە عەیبی بتپەرست |
| غەیری چاوی نووستوو و بێداری تۆ نەمدیتووە | بێ نەزەرکردن بەسیر و مەردومی هوشیار و مەست |
| زولفی بۆ دەفعی هوجوومی لەشکری سوڵتانی خەت | کەوتە خاک و سەرکەشی دانا وەکوو عەهدی «الست»! |
| با وجوودی نەوجەوانی خەتتی سەوزی دەرکەوێ | عەهد و پەیمانی نەبوو موو، بۆیە پشتی پێ نەبەست |
| داوەموویێکی بە دونیا و بە مافیها نەدەی | حاجی گەر ئەحبابەکی جانی بە جانیت کەوتە دەست! |
3
[edit]| بە قسەی بێ سەر و پا تاڵی مەکە لەززەتی خۆت | بێ موبالات مەسووتێنە چرای فیکرەتی خۆت |
| حاڵە نەقدینەیە، موستەقبەل و مازی پەشمە | بێ ئەمەل سەرفی مەکە سیم و زەڕی فورسەتی خۆت |
| ئەی سولەیمانی زەمان ئاخیری دەیگێڕییەوە | بە حیکایەت وەکوو خۆت سەڵتەنەت و حیشمەتی خۆت |
| من بە پەیغام و بە قاسید موتەسەللی نابم | تا کو بانگم نەکەیە بارەگەهی حەزرەتی خۆت |
| وەرە ئەی دڵ بەسییە، بیدە سەگانی دەری یار | دڵەکەی کوتکوتی من یا جگەری لەتلەتی خۆت |
| زولفی سەد دەفعە گوتی: خانەخەراب ڕووی مەدەرێ | حەیفە بەربادی مەکە شانی من و شەوکەتی خۆت |
| بۆ چی یارانی وەتەن دڵ دەشکێنن حاجی | زاهیرەن ناچیەوە تۆ، باسی مەکە غوربەتی خۆت! |
4
[edit]| جەبەرووتی کە شکا دڵ لە حوزووری مەلەکووت | هاتە ئەم عالەمی ناسووتە غەریبێکی نەسووت |
| ناهەقە شەکوە لە بێعەهدی و بێپەروایی | کەی وەفایێکی ئەدا کردووە؟ سەد دەفعە زمووت |
| بە گوڵ و لالە بەهاری ڕوخی ڕازاوەتەوە | غایەتی کوێری وەرە هێچ نەبێ سەیری کە بە لووت |
| وەکوو دەریایە نەسیمی سەحەری سەبزەیی گوڵ | پێکەوە مەوج و حوبابی دەهەژا و دەبزووت |
| ئەشعەس و باقلی و حاتەم و گەر حەسسانی | دەوڵەتی تۆ بە فەنای نەفسە، سکوونت بە سکووت |
| هەرچی لەو لاوە نەیێ من لەوێ نایناسمەوە | ئەوی ناسیوتە مەئموورە بە ئەمری جەبەڕووت |
| نانی خۆی تا کو بە تەندووری گەرم پێوە نەدا | ناڕوا حاجی ئەگەر چاوی دەرێنن بە بزووت |