دیوانی جەوهەری/م
Appearance
1
[edit]داوای حوب و قورس (شەکۆلات) لە حەمەدەمین بەگی تیکانتەپە
| جەنابی کاکەمین دایم دۆعاگۆی بەژن و باڵاتم | بە عێلی حاجی سەرتیپە هەموو فەخر و موباهاتم |
| سەرم نەختێ گرانە، سەردڵم قورسە، دەمم وشکە | منیش زۆر ترسەنۆکم دایمەن غەرقی خەیاڵاتم |
| هەتا دەستم دەگاتە شار و بازاڕ و حەکیمی چاک | ئەگەر ماوە لەلات موحتاجی دوو دانە شەکۆلاتم |
2
[edit]| نە حیزبی کۆمەڵە و توودە، نە پابەندی دیموکڕاتم | نە جوزوی نەهزەتی میللی، نە ئەربابی سیاساتم |
| لەسەر ئەم عەرزە پانە مالکی یەک بستە خاکێک نیم | عەمامە و خەرقە و بەرماڵە ئەسباب و موهیمماتم |
| ئەمن پیرێکی حەفتاساڵە عومر و پێ لە سەر تابووت | هەمیشە قەبر و کفن و مردنە فکر و خەیاڵاتم |
| لە حەد بانگم دەکا ئەی جەوهەری زوو وەختی هاتنتە | لە جوابدا پێی دەڵێم تۆ مونتەزیر بە وا منیش هاتم |
3
[edit]وەڵامی مەئموورێکی ئیدارەی غەللە کە داوای گەنمی لە سالاری ئاغای ئاڵبڵاغ کردبوو
| هەر دەمانهێنێ و دەمانبا ئیقتیسادی بۆ گەنم | هیچ نەما تەحویلی غەللەی دەم، مەگەر کیرم و گونم |
4
[edit]تاسەی دۆستان و وڵات و دیداری مەلا ساڵحی برای و نەوەکانی لە دزەوە
| هەوای دیداری یارانی وەتەن کەوتۆتە سەر فکرم | هەتا ئەمجار دەیانبینم بە چاوانم خودا نەمرم |
| لە هیجرانی مەلا ساڵحی برام و دوو نەوەم دایم | بە چاوی پڕ لە فرمێسکم کوڵی گریان و شین دەگرم |
| بە ئیزنی حەزرەتی شێخ چەندە پێم خۆشە بە دڵخۆشی | لە ورمێ سواری ماشین بم جەوازی ڕێگە وەربگرم |
| لە سابڵاغ و لە میاندواو و لە بۆکان تێپەڕم یەکسەر | لە هیچ لایێ هەتا سەر مەرقەدانی باغچە خۆ نەگرم |
| لەنێو ئەو سێ خەلیفانە بە ئیخلاس و بە هۆشیاری | لە ئەڕواحی ئەوان زاتانە فەیز و بەهرە وەربگرم |
| لە بەرپێی باب و دایک و ژوور سەری کاکەعەلی چەند ڕۆژ | بە گریان سەر لە سەر ئەو مەرقەدانە ساتێ هەڵنەگرم |
| بە چاوی پڕ لە ئەسرین دەست هەڵێنم ڕەببی ئەمجارە | بە ئیمانێکی زۆر کامیل بە لوتف و ڕوحمی تۆ بمرم |
دزە
5
[edit]لەپاش وتاری نوێژی جێژنی جەعفەراغای کەریمی ئاغای قوونقەڵا
| وەمدەزانی هەر ئەمن ساحیب وجوود و جەوهەرم | بۆ خەتابەت دەست و داوێن پڕ لە لەعل و گەوهەرم |
| تا لە جێژنێدا کەریمی هاتە سەر نوتق و خیتاب | بۆم موسەللەم بوو کە من شاگردی ئاغای جەعفەرم |
6
[edit]بۆ حاجی سەیید عەبدوڵڵای شەمزینی
| ئەرێ ئەی پیری شەمزینم، ئەرێ ئەی کۆڵەکەی دینم | ئەرێ ئەی ڕۆحی شیرینم، خودا بمکا بە قوربانت |
| فەقیر و موستەمەندی تۆم، گرفتاری کەمەندی تۆم | شەو و ڕۆژ دڵ لە بەندی تۆم، خودا بمکا بە قوربانت |
| ئەتۆ ئەولادی گەیلانی، ئەتۆ شابازی شێخانی | ئەتۆ دەرمانی دەردانی، خودا بمکا بە قوربانت |
| بە جامی عیشقی تۆ مەستم، لە عیشقی تۆوەیە هەستم | گرفتاری سەر و دەستم، خودا بمکا بە قوربانت |