دیوانی بێخود/یانەی سەرکەوتن

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
دیوانی بێخود  (1939)  by بێخود
یانەی سەرکەوتن
«یانەی سەرکەوتن» کە «نادی» ناوە لە شاری بەغدا بینا کراوە
بانی ئەم یانەش مەعرووف جیاوکە کە بۆ قەومی خۆی اَلحَق باوکە
لە ساحەی سەعیا ئازا و دەس و برد «مُشار اِلیە» گۆی سەبقەتی برد
ڕەئیس و ڕوکنی ئەم یانە بەرزە چونکە هۆ ناکەن لە شێری شەرزە
ئەگەر ئەویانە و ئەگەر ئەمیانە خوا سەربەرزیان کا ئەعزای ئەم یانە
لەگەڵ سکرتێر کە ئەوڕەحمانە ئەو ئەوڕەحمانەی کە نووری جانە
وەتەن پەرستە و خادیمی کوردە لە هەموو عیلما شارەزا و وردە
گەر ئەو تەئریخەش نازانی چیە!؟... ساڵی میلادی نۆسەد و سییە
غایەی نادیمان بۆ ئەم کوردانە بڵاوکردنەوەی عیلم و عیرفانە
وەک ئەخلاق، ئەدەب، تەئریخ، جوغرافی لەگەڵ یەکیەتی بە دڵێکی سافی
وەکوو بە کوردی دانانی لوغات وەک تەشجیع کردن لەسەر مەسنووعات
بۆ کتێب دانان لەگەڵ تەرجەمە هەرچەند تێکۆشین هێشتا هەر کەمە
لە موساعەدەی تەلەبەی فەقیر تکامان وایە هیچ نەکەین تەقسیر
قوتابی زیرەک بنێرین ئاوا بۆ وڵاتی دوور یانێ ڕۆژئاوا
ئەمجا یارمەتی و ژینی ئەم یانە لە میللەتی کورد زۆر هیوامانە
چونکە پێویستە بکرێ سەرفی ماڵ چ بۆ ئیستیقباڵ، چ بۆ ئیستیقلال
ئیتر هەر بژی لاوانی وەتەن یانێ ئاوا بێ باوانی وەتەن!