غەزاڵی خۆشخەرامی من، کە توڕڕە ئینتیشار ئەکا
|
هەزار شێری سەفشکەن بە ڕشتەیێ شکار ئەکا
|
کە تیری غەمزە تێژ ئەکا، لە جەرگ و سینە کار ئەکا
|
کە قامەتی بەدەر ئەخا، قیامەت ئاشکار ئەکا
|
چ قامەتێ؟ بە ڕاستی لە سەروی جۆیبار ئەکا
|
فیدایی دڵبەرێ ئەبم کە عەینی دڵڕوبایییە
|
غوڵامی سەروەرێ ئەبم کە فەخری پادشایییە
|
کە ڕۆژی هیجری ماتەمە و شەوی ویساڵی شایییە
|
کە سەد هەزاری وەک منی بە جان و دڵ فیدایییە
|
نە من کە نەقدی جان و مڵک لەڕێی ئەوا نیسار ئەکا
|
لە گوڵشەنی نوبووەتا گوڵێکی نەودەمیدەیە
|
لە قولزومی ڕیسالەتا دوڕێکی کەسنەدیدەیە
|
لە بورجی چەرخی عیززەتا مەهێکی بەرگوزیدەیە
|
هەزار شاهـ و حاکمی غوڵامی زەڕخەریدەیە
|
کەسێکە موعجیزەی ئەسەر لە وردەبەرد و دار ئەکا
|
گەدایی بارەگاهی ئەو ئەگەر ئەمیر، ئەگەر وەزیر
|
فیدایی عیزز و جاهی ئەو ئەگەر غەنی، ئەگەر فەقیر
|
مەپرسە خەرقی عادەتی شەهەنشەهی فەلەک سەریر
|
ئەگەر لە فەیزی ئەو نەبێ دوو هۆقە جۆ و یەک چتیر
|
چلۆن لە ڕۆژی خەندەقا کیفایەتی هەزار ئەکا
|
موتیعی ئەمر و نەهی ئەو ملووکی سەرکەش و بزێو
|
ئەسیری قەهر و لوتفی ئەو سیباع و وەحشی دەشت و کێو
|
نیگاری دڵشکاری من لە هەر فەراز و هەر نشێو
|
کە پەردە لابدا لە ڕوو بە بۆیی زوڵف و خەدد و لێو
|
لە ڕایحەی بەهەشت ئەکا، لە نوور ئەکا، لە نار ئەکا
|
لە ئەووەڵ و لە ئاخرا مەداری ئەنبیایە ئەو
|
لە باتین و لە زاهیرا حەبیبی کیبریایە ئەو
|
کە چونکە لای خودا قسەی بەڕاستی ڕەوایە ئەو
|
دە موژدە بێ لە ئوممەتی کە گەورەیێکی وایە ئەو
|
لە ڕۆژی مەحشەرا تکای هەموو گوناهکار ئەکا
|
پەیەممەرێ کە باعیسی وجوود و خەلقی عالەمە
|
کە تاقەسواری عەرسەیی شەفاعەتە و موسەللەمە
|
کە زام و هیجر و میحنەتی سروور و وەسڵ و مەرهەمە
|
لە هەفتخوانی سینەدا موژەی خەدەنگی ڕۆستەمە
|
لە فەتحی خەیبەری دڵا برۆی لە ذوالفَقار ئەکا
|
شەها بە غەیرەتت قەسەم دەمێکە دیلە ئوممەتت
|
بە دەس عەدووی دینەوە عەجەب زەلیلە ئوممەتت
|
لە خەستەخانەیی غەما وەها عەلیلە ئوممەتت
|
بە چیهرە زەردییا ئەڵێی دوچاری سیلە ئوممەتت
|
دەوایی ڕەحم و لوتفی تۆ هەمیشە ئینتیزار ئەکا
|
خۆش ئەو دەمەی کە ڕۆژ و شەو تەواف ئەکا ڕەواقی تۆ
|
خۆش ئەو سەرەی کە کەوتبێ لە کووچە و سوقاقی تۆ
|
بە تیکە تیکە بێ دڵێ کە نەیبێ ئیشتیاقی تۆ
|
حەیاتی من ویساڵی تۆ، مەماتی من فیراقی تۆ
|
بەڵێ پەری خەیاڵی تۆ عیلاجی شێت و هار ئەکا
|
دەمێکە چاوەڕێیەتی گیان و دڵ ویساڵی تۆ
|
ئومێد ئەکا کە دەرکەوێ لە پڕ مەهی جەماڵی تۆ
|
ئەگەر لە ئاینەی منا دەمێ نەبێ میسالی تۆ
|
شکەستە بێ بە بەردی غەم بە جاهی سەحب و ئالی تۆ
|
کە ئاسمان وەکوو زەمین بەوانە ئیفتیخار ئەکا
|
خوسوس خەلیفەیی یەکەم، ڕەئیسی فیرقەی ئیهتیدا
|
کە ئەو بوو کردی ڕۆحی خۆی لەڕێی سەداقەتا فیدا
|
کەسێ کە پێی موبارەکی بخاتە ژاری ئەژدەها
|
لەبەر ڕەسوولی موحتەرەم نەوەک گەزەندی پێبگا
|
یەقین بزانە ئیشی وا لە ئیشی یاری غار ئەکا
|
لە پاش ئیمامی نامەوەر عومەر خەلیفەیی زەمین
|
درەختی مەعدەلەت سەمەر، چەمەن تیرازی شەرع و دین
|
نە هەر لە عەسری عەدڵییا مەڕە و لە گورگ ئەبێ ئەمین
|
لە جێگەیێ جەنابی ئەو کە بوو ئیتر سەگی لەعین
|
لە ترسی شێری هەیبەتی بە لوورەلوور فیرار ئەکا
|
لە وەسفی خازینی سووەم یەگانە گەوهەری حەیا
|
ئیمامی مەجمەعی ئەدەب، خەتیبی مینبەری حەیا
|
هەچی بڵێم خەجاڵەتم لە شەرمی جەوهەری حەیا
|
کەسێ کە دابخا فەلەک لەڕێی ئەوا سەری حەیا
|
هەزاری وەک من و مەلەک بە باسی سەر مەزار ئەکا
|
لەگەڵ کەسێ حەبیبی خۆی خوا کە بووی عینایەتی
|
بەیانی وەسفی ئەو ئەکا لە هَلْ أَتي بە ئایەتی
|
بەڵێ غەزەنفەرێکی وا کە وا درا هیدایەتی
|
لە ڕۆژی فەتحی خەیبەرا بە زۆری شان و ڕایەتی
|
بە دەست و تێغی هەڵمەتی لە شێری کردگار ئەکا
|
مەپرسە جاهـ و حیشمەتی دوو بێچوەشێری حەیدەری
|
لە خادیمێکی بێشەیان چ سووننی و چ جەعفەری
|
شەقێن ئەکا بە سەد سەری قوباد و تاجی قەیسەری
|
هەتا نەچیتە کەربەلا گران ئەزانی ئەی پەری
|
کە کۆمەڵی مەلەک لەوێ لە قافڵەی زوووار ئەکا
|
لە بێخود ئەر سوئال ئەکەن کە چۆنە چاکە سیححەتی؟...
|
بە دەردی عەشقی لەیلەوە نەماوە هێز و قووەتی
|
بە ناڵەناڵی گەرمیا، بە ئاهی سەردی حەسرەتی
|
بە ئەرخەوانی ئەشکیا، بە زەعفەرانی سووڕەتی
|
لە چۆڵی بێنەواییا، لە قەیسی لەشبەبار ئەکا
|
بەدەس هەوا و نەفسەوە ئەگەرچی بەندە موبتەلام
|
هیلاکی باری مەعسیەت، کەلاکی دەردی بێدەوام
|
بەڵام ئەمەم کیفایەتە کە نەعتخوانی موستەفام
|
خولاسە من لە هەر دوولا کەسێکە مەلجەء و پەنام
|
کە گفتوگۆ بە وەحشی و غەزاڵ و سووسەمار ئەکا
|
هەزار شوکر و سەد سەنا کە غونچە وا گەشایەوە
|
بە بۆی نەسیمی لوتفی حەق گرێی لە دڵ کرایەوە
|
بروودەتی هەوایی غەم لەسەر زەمین بڕایەوە
|
لیوایی شادی و فەرەح بەجارێ هەڵکرایەوە
|
موقەددیمەی شکۆفە هەر لە شاهی نەوبەهار ئەکا
|
هەتا تەجەللیی خودا لە عالەما بکا زوهوور
|
بە ئاگری گوڵی چەمەن چیا ببێتە کێوی توور
|
فریشتە و ئادەمی ئەڵێن هەتا ئەبەد لە خوار و ژوور...
|
سەلاتی حەق لەسەر شەهێ کە شەق ئەکا قەمەر لە دوور
|
سەلامی حەق لەسەر مەهێ کە ئەسپی خۆر لە غار ئەکا
|