دەخیلت بم نەڕەنجێنی دڵی ئەولادی پێغەمبەر
|
لە دونیا و قیامەت خۆت نەکەی ڕیسوایی پێغەمبەر
|
رسول اللّه و عاجز کردنی ئەولادی ئەو! هەیهات!
|
معاذ الله لە گەردی خاتری مینایی پێغەمبەر
|
زمانت بگرە تا پاپۆڕی ئیمانت سەلامەت بێ
|
پەنا بە خوا لە گێژی حیددەتی دەریایی پێغەمبەر
|
ئەبیتە مانگی گیراو، تا ئەبەد ڕوو ڕەش ئەبی بیللا
|
بە وەر چەرخاندنی ڕووی ڕۆژی حەشرارایی پێغەمبەر
|
کە ئیمڕۆ کوندەبووی ئەملاک و خانووی عیترەتی ئەو بی
|
سبەی چۆن ئەچیە ژێر سایەی هومائاسایی پێغەمبەر
|
هەتاکەی هەر خەریکی مەحوی ساداتی کە ناترسی
|
لە قەهری حەیدەر و کوورەی دڵی زەهرایی پێغەمبەر
|
بەشارەت بێ جەهەننەم جێگەتە ئەی باغِضی سادات
|
بە تووبای قامەت و ڕووی جَنَّةُ المَأويیی پێغەمبەر
|
بە زاهیربوونی، تاقی کیسرەوی نەتدی کە چی پێ هات
|
قەمەر نازانی چۆن شەق بوو بە یەک ئیمایی پێغەمبەر
|
بە شمشێری نوعووتی خۆی و ئال و سەحب و ئەولادی
|
ئەبێ شەقیان بکەم تا شەق بەرن ئەعدایی پێغەمبەر
|
هەموو ڕۆژێ بە با و باپیر و خۆم و کەسمەوە سەد جار
|
لە سەرتاپایی من قوربانی سەرتاپایی پێغەمبەر
|
بجووڵێنێ سەبا تا سەرو و شمشادی چەمەن بێخود
|
سەڵاوات بێ لە قەدد و قامەتی ڕەعنایی پێغەمبەر
|