دیوانی ئەحمەد موختار جاف/د
Appearance
1
[edit]| ڕەقیبی سەگ هەتا چاوم کلا کرد | منی دووچاری سەد دەرد و بەڵا کرد |
| نیگار وەک ئاسکی وەحشی وەهابوو | دەم ودەس چۆن لەگەڵ خۆی ئاشنا کرد |
| کە دیمی ڕووی لە من چەرخان و ڕۆیی | بەهانەی ڕۆینی، شەرم و حەیا کرد |
| شوکور ئەو شۆخە دەردی عاشقی زار | بە ماچی لێوی شیرینی دەوا کرد |
| کە تۆ ڕۆییت دڵی بێچارەیی من | ویداعی خۆی لەگەڵ عەیش و سەفا کرد |
| نە تەنها ئەحمەدی بێچارە ڕووتە | قوماری عیشقی تۆ زۆری گەدا کرد |
2
[edit]| کە دڵبەر خۆی نواند خورشیدی خاوەر زوو فیراری کرد | خەجاڵەت ما و بە زەردی عەزمی پشتی کۆهساری کرد |
| بە سۆزی سینە ناڵانی لە فەسڵی پایزا بولبول | کە ڕۆیە ناو گوڵستان و خەیاڵی نەوبەهاری کرد |
| خوا ڕۆژی ئەزەل ئەو بەژن و باڵایەی کە تەسویر کرد | لە شەوقی ئەو بوو، خەڵقی عەرعەر و سەرو و چناری کرد |
| وتی میسکی خەتا، بۆ من خەتایە لافی بۆنخۆشی | کە هات و بۆنی عەتری پەرچەمی شێواوی یاری کرد |
| ڕەقیب وەختێ کە دی یار میهرەبانە دەرحەقی عاشق | تەقی کرد وەک سەگ و تۆپی، لە داخا ئینتیحاری کرد |
| لە حەسرەت لێوی لەیلا بوو کە مەجنوون شێت و ڕیسوا بوو | بەجارێ کەوتە کێو و دەشت و سەحرا، تەرکی شاری کرد |
| کە بیستی موژدەیی تەشریفی تۆ، عاشق لە خۆشیدا | حەیاتی مابوو تەنها و ئەویشی زوو نیساری کرد |
| بژی ئەو شاهی حوسنە وا لە ڕووی لوتف و کەرەمکاری | کە وا یادێکی حاڵی ئەحمەدی ڕووت و هەژاری کرد |
3
[edit]| یەخەی خۆی دادڕی گوڵ یار کە مەیلی گوڵستانی کرد | لە داخی قامەتت سەرویش لە باڵای خۆی کەمانی کرد |
| لە تارمەی ڕوو بە مەغریب خۆی نیشاندا ئەو کڵاولارە | وتم یاران کە حەشرە ڕۆژ لە مەغریب وا عەیانی کرد |
| ڕەقیب شەرتە لە داخت تەرکی کەم من بەندەییی یارم | دڕک سا مژدە بێ بولبول کە تەرکی ئاشیانی کرد |
| شەشی ئەیلوول ئەزانن ئێوە ئەی قەومی وەفاکردار | ئەوە ڕۆژێ بوو دوژمن قەتڵوعامی کوردەکانی کرد |
| بوتی پەیمانشکێن ئەی کافری بێ ڕەحم و بێ مروەت | لە داخت ئەحمەدی بێچارە وا تەرکی ژیانی کرد |