دیوانی ئەحمەد موختار جاف/ا
Appearance
1
[edit]| برسی بە شەو تەماعی قوبووڵی و پڵاو ئەکا | بێ نانییە خەیاڵی بەشەر وا بڵاو ئەکا |
| گاهێ خەیاڵ و فکری لە خوودە و سدارەیە | گاهێ ئومێدی مشکیی و تەپڵە و کڵاو ئەکا |
2
[edit]| بە خەتا چووبوو، خەتای کرد، بە خودا، موشکی خەتا | هاتبوو لافی لەگەڵ پەرچەمی تۆدا لێدا |
| بە ئومێدی ئەوە ڕابوورێ بەسەرما ڕۆژێ | کەوتووم من لە سەری ڕێگەکەیا دەست و دوعا |
| بەس بلاوێنە ڕەقیب، وا دڵەکەم لەت لەت بوو | سا بکە لوتفێ لە حەق بەندەیی خۆت، تۆ بی خودا |
| غەم و دەرد و خەفەت و عاجزیی و دووریی تۆ | زەحمەتە جێگە و گونجایشی بێتۆ لە دڵا |
| کەوتە سەر ڕوومەتی ئاڵت عەرەقی ناز ئێستا | هەر ئەڵێی شەونمی پەخشانە بەسەر بەرگی گوڵا |
| زوهرە و موشتەری ئێستاکە لە خۆشیی چاوت | وەکوو سەرخۆش لە سەما کەوتنە ناو ڕەقس و سەما |
3
[edit]| فوستانی ڕەشی نازکی چین چینی لەبەردا | وەک هەوری سیا بێ بەسەری قورسی قەمەردا |
| قوربانی نیگاهی غەزەبت ڕۆح و دڵی من | یەک لەحزە دووسەد تیر و ڕمت چۆن لە جگەر دا |
| مادام کە بە شمشێری برۆت لەت لەتە جەرگم | لازم نییە ئەو خەنجەرە کردووتە بە بەردا |
| دوو دیدەیی مەخمووری نیگارم بە شەباهەت | وەک ئاهو وەهایە کە لە خەو بێ لە سەحەردا |
| دەستێ کە بە داوێنی ئەتۆ، دەستێ بە دڵ بم | چی بکەم کە نییە دەستێ بکەم خاکێ بەسەردا |
| قوربان وەکوو خاکی بەری پێت کەوتووە دایم | ئەحمەد کە مەگەر دڵبەری خۆی بێ لە گوزەردا |
4
[edit]| گوڵ لە گوڵزارا نەما بولبول ئەبێ زاری بکا | شێوەیی شادی لەسەر دەرکات و غەمباری بکا |
| نێرگسی شەهلا کە مەشهوورە بە مەخمووری ئەبێ | دایمەن لەو چاوە کەسبی عیلمی بیماری بکا |
| فەسڵێ ئەو ناسک غەزالە ڕۆیی عوششاقی حەزین | هەر ئەبێ سەیلی سروشکی خوێن لە چاو جاری بکا |
| تو خودا بادی سەبا بەو نازەنینە تۆ بڵێ | بەس ڕەقیب تەلتیف بکات و دەردی دڵ کاری بکا |
| دڵبەرم لەم شارە ڕۆیی ئەحمەدی بێچارە وا | بۆ سوپاهی غەم ئەبێ ڕەسمی سوپەهداری بکا |
5
[edit]| من ئەڕەنجێنێ نیگار و وا ڕەقیب دڵشاد ئەکا | بێخ و بنچینەی حەیات و عومری من بەرباد ئەکا |
| بێستوون ئێستەش کە وەقتێ لالەیی لێ سەوز ئەبێ | باسی خوێنی دیدە و داغی دڵی فەرهاد ئەکا |
| بولبولی دڵ، وا لە دەوری ڕوومەتی گوڵڕەنگی تۆ | بێ قەرارە، شەو هەتا ڕۆژ ناڵە و فەریاد ئەکا |
| بێت و گەر ڕوخسار و باڵای ئەو نیگارە دەرکەوێ | گوڵ خەجاڵەتبار ئەبێ و پەست و نیگون شمشاد ئەکا |
| قەت نەبوو ڕەحمێ بە حاڵی ئەم دڵەم کا کافرە | شاهی من لە خوا نەترسە، زاڵمە و بێداد ئەکا |
| ئەحمەدی بێچارە بۆ دەرد و موسیبەت مایەوە | دڵبەری بێ ڕەحمی ئەو، سەیر و سەفای بەغداد ئەکا |
6
[edit]| یار بە ماچی لێوی خۆی زامی دڵان ساڕێژ ئەکا | توند تەماشاکردنێکی شەخسی عاقڵ گێژ ئەکا |
| ئەی خودا تا کەی لە دەرهەق من وەفا و مەیلی نییە | بۆچ گڵۆڵەی بەختی من هەر ڕوو لە جێگەی لێژ ئەکا |
| ماڵەکەم وێران ئەکا، ڕۆژم ڕەش و تاریک ئەبێ | یار بە سورمەی ناز کە وەختێ چاوی خۆی کلڕێژ ئەکا |
| وشکەسۆفی هاتبوو ئەیوت بەهەشت هەر بۆ منە | ڕیشی خۆی جووڵان وەکوو سابرێن کە شەو کاوێژ ئەکا |
| کەی خوا توججارە، خوا گەورە و غەفوور و عادڵە | چۆن لەگەڵ عەبدا حیسابی قەرزی ڕۆژوو و نوێژ ئەکا |
| قافییە هەر چەندە تیکرارە بەڵام ئەحمەد بەدڵ | هەر بەیادی تاقی ئەبرۆی تۆیە جارجار نوێژ ئەکا |
7
[edit]| دڵ وەکوو بولبول لە هیجری نەوگوڵێ ئەفغان ئەکا | ناری جەرگ و سۆزی سینەم عالەمێ بوریان ئەکا |
| وادیارە لەم وڵاتی کۆهسارە عاجزە | مەیلی خاکی گەرمەسێر و هەم قەڵای شێروان ئەکا |
| ئەم وڵاتە بێ سەفایە، ساردە بۆ عوششاقی ڕووت | ئیشتیاقی بەر هەتاوی ڕوومەتی خووبان ئەکا |
| بارش و بارانی هەوری چاوەکانم جارییە | زەڵمە یا خۆ تانجەڕۆیە تێکەڵی سیروان ئەکا |
| هەر کەسێ ئەمڕۆ لە ڕێگای ئەو نیگارە ڕێی ببێ | بۆ سبەینێ گەپ بە موڵک و تەختی شا و سوڵتان ئەکا |
| ئافەرین بۆ لەشکەری موژگان و زولفەینی سیات | وا بە یەکدەم موڵکی جان و دڵ هەموو وێران ئەکا |
| بەرقی ئاهـ و سەیلی دیدەی من لە هیجری دڵبەرم | هەر ئەڵێی هەوری بەهارە ناڵە و تۆفان ئەکا |
| مەحمەلی لەیلا دەخیلم تۆ بە توندی وا مەڕۆ | عاشقی مەجنوون سیفەت لەم دەشتەدا گریان ئەکا |
| وا بە یادی تیغی ئەبرۆی دڵبەری بێ ڕەحمی خۆی | ئەحمەدی عاشق خەریکە ڕۆحی خۆی قوربان ئەکا |
8
[edit]| عادەتی ئەم چەرخە وایە، ئەهلی دڵ غەمگین ئەکا | شا هەمیشە ماتە، پیادە مەیلی جێی فەرزین ئەکا |
| ئەبلە وا دایم لە عەیش و شادمانی و عیززەتا | ئەهلی عیرفان و کەماڵ ئێستاکە زاری و شین ئەکا |
| دوژمنە چەرخی فەلەک، بۆ پیاوی ساحیب عەقڵ و هۆش | ڕووی کەرەم دایم لە هەرزە و شێت و بێ تەمکین ئەکا |
| سەیری کەن عاشق کە چەن شێتە ئومێدی مەرحەمەت | لەو نیگارەی، دڵفەریبەی، زاڵمەی بێ دین ئەکا |
| بێستوون وەختێ کە لالەی ئەحمەری لێ سەوز ئەبێ | مەشقی لێوی شەککەرینی ناسکی شیرین ئەکا |
| عاشقی مەجنوون بە یادی دڵبەری لەیلا سیفەت | خوێنی دوو چاوی بەخوڕ دێ دامەنی ڕەنگین ئەکا |
| قەت لە زیکری خێری تۆ غافڵ نییە ئەحمەد بە شەو | هەر بە ئوممێدی ویسالت سەر لەسەر باڵین ئەکا |
9
[edit]| خوێنی دوو چاوم بە نەوعێ دامەنم ڕەنگین ئەکا | هەر کەس ئەمبینێ بە حاڵی ناتەوانم شین ئەکا |
| شێخی ئیڕشاد و مورید و سالیک و سۆفی و فەقێ | ئەو بەیەک نواڕین بەجارێ کافر و بێ دین ئەکا |
| هیچ خەنە پێویست نییە بۆ دەست و پەنجەی دڵبەرم | وا بە خوێنی من خەریکە دەست و پێی نەخشین ئەکا |
| قەت لە لێوی شەککەر ئەفشانی قسەی خۆشم نەبیست | دایمەن بێ دینە مەشغووڵە دڵم غەمگین ئەکا |
| وا لە هیجری قامەتی سەروی نیگاری نازەنین | ئەم دڵەم قومری سیفەت هەر گریە و ناڵین ئەکا |
| گەر بڵێی ئەحمەد لە یاری بووسەیێ داوا بکا | ڕوو ئەچەرخێنێ لە تۆ و گوێی لەو قسە سەنگین ئەکا |
10
[edit]| وەرە بگرە بە یادی چاوی دڵبەر پیاڵەیی سەهبا | پەشێو بە هەر وەکوو مەجنوون لە هیجری قامەتی لەیلا |
| کە دەرخا دڵبەرم ئەو گەردنی سافیی بلوورینی | لە پەنجەم موو دەزێ، گەر دەس درێژ کەم بۆ ملی مینا |
| غوڵامی و بەندەیی ئەو شۆخە گەر دەستم کەوێت حەیفە | تەنەززول کەم کە بچمە مەسلەکی ئەسکەندەر و دارا |
| گریبانی نواند و پێکەنی و فەرمووی تەماشا کە | کە ئەمڕۆ موعجیزەی من چاکترە یاخۆ یەدی بەیزا؟ |