دیوانی ئەحمەدی کۆر/م
Appearance
1
[edit]| ئەی خالیقی لەمیەزەلی، بسم الله الرحمن الرحيم | دنیات ڕۆنا لە ئەزەلی، بسم الله الرحمن الرحيم |
| تۆ ڕەحیم و تۆ ڕەحمانی، یا خێوی سیڕڕی پەنهانی | لە دنێ نەبوو ئاوەدانی، بۆخۆت شەیتانت کرد ڕەجیم |
| ڕەجیمت کرد ئەو حیلەگەر، ئەی خوای لە ژووری بانی سەر | نە ئادەم بوو نە پێغەمبەر، بۆخۆت بووی قەدیمولقەدیم |
| خالیق هەر تۆی بێ فکری، تۆ ئەزەلی و تۆ ئاخری | تۆ ئەرز و ئاسمان ڕاگری، ماشەڵڵا تۆی گەورە و عەزیم |
| خالیق تۆی عەزیم و گەورە، داتناوە ساماڵ و هەورە | مەخلووقی تۆ بە سەد تەورە، شەل و کوێر و ساغ و سەلیم |
| شەل و کوێری تۆ هەزارە، پەنام بە تۆ خانەدارە | ئەحمەد زەلیل، گوناهبارە، اَسْتَغْفِرُ اللَّهَ الْعَظِيم |
| تۆ عەزیمی، تۆ سەرداری، ڕۆزیدەری مەل و ماری | لە گشت کارێک خەبەرداری، دەکەم تۆبەی فیعلی قەدیم |
| دەکەم تۆبەی بە ئیخلاسی، محەممەد دانەی دوڕناسی | هەر تۆ بۆ سەرداری خاسی، ئەزەل ئەلف دوو مات و میم |
| ئەزەل ئەلفە ناوی ئەڵڵا، قیبلەمانە، کابەتوڵڵا | بە نەسیبمان کە ئینشەڵڵا، بە شەرافەت ئیسمی عەزیم |
| بە شەرافەت پادشای لە ژوور، محەممەدت خوڵقاند لە نوور | لە عالەمی دەتکرد مەشهوور، هەر تۆی بەخشندە وو کەریم |
| کردت بە پادشای عالەمێ، ئەی خودای ساحێب کەرەمێ | ڕەسیدەم تازە دەگەمێ، اَسْتَغْفِرُ اللَّهَ الْعَظِيم |
| پەنام بە تۆ ئەی غەففارە، ئەحمەد بۆمان تکاکارە | ئەحمەدی کۆر گوناهبارە، اَسْتَغْفِرُ اللَّهَ الْعَظِيم |