خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان/جڵدی 2/مەدخەل

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان  (1931)  by محەممەد ئەمین زەکی بەگ
جڵدی 2

مەدخەل[edit]

حکووماتی ئەقوامی قەدیمە کە لەگەڵ ئەسڵی کورددا موناسەبەتی هەیە

هەر وەکوو لە جڵدی ئەووەڵی ئەم تاریخەدا باسمان کرد، بەعزێ ئەقوامی مەنتیقەی زاغرۆس، بە گوێرەی ئاسار و وەسائیقی دۆزراوە تا ئێستا و بە نەزەری تەدقیقات و ئیستنتاجاتی عولەمای ئاسار و تاریخەوە، لەگەڵ ئەسڵی کورددا، موناسەبەتێکی بەقووەتی هەیە و ئەم موناسەبەتە ئەگەر بە چاوێکی بێتەڕەف و عیلمی باش لێی ورد بینەوە، ئەبینین کە لە موناسەبەتی قەومی «ئاکاد» و «عەمووری» لەگەڵ ئەسڵی عەرەب و موناسەبەتی قەومی «هوون = قوون» لەگەڵ تورکدا، ئەوەندە فەرقی نییە. جا ئێمەش ئەگەر وەکوو ئەم دوو قەومە، لە نووسینی تاریخی قەدیممانا لە سەر شوێنی ئەم دوو قەومە بڕۆین، باوەڕ ناکەم هیچ فامیدە و بەئینسافێک ئیعتڕازمان لێ بکا و زاتەن مەقسەدیش لەمە، بە زۆر ڕێکخستنی مازییەکی زۆر کۆن بۆ تاریخی قەومی کورد نییە. تەنیا ئەمانەوێ فیکر و نەزەری بەعزێ عولەمای ئاسار و تاریخ بخەینە سەر کاغەز.

لەگەڵ ئەمەشدا لازمە بزانرێ کە ئەم سەرچاوەی تاریخی کۆنە، هەر وەکوو بۆ بەعزێ ئەقوامی تر هێشتا بە تەواوی ڕوون نەبۆتەوە، بۆ ئێمەش دیسانەوە تا دەرەجەیەک لێڵە و بۆ ڕوونکردنەوەی پێویستی سەعییەکی زۆر و زەمانێکی بەتوولە. بەڵام ئەم حاڵە وەکوو چۆن ئەقوامی تری لە باسکردنی تاریخی کۆنی و داگیرکردنی تاریخی قەومە کۆنەکانی بە موناسەبەت لەگەڵ ئەسڵیدا، مەنع نەکردووە، لازمە موساعەدەی ئێمەش بکا کە لە سەر ئەو ڕێوشوێنە بڕۆین و وەکوو ئەوان ـ تا عەکسی دەرکەوێ ـ ئێمەش تاریخی ئەو قەومانە، کە ئاسار و تەدقیقاتی تا ئێستا بە ئەسڵی کوردییان ئەنوێنێ وەیا لەگەڵ ئەسڵی کورددا موناسەبەتداریان ئەبینێ، بکەین بە موقەددەمەی تاریخی خۆمان.

ئەو قەومە کۆنانەی کە لەگەڵ ئەسڵی کورددا کەم و زۆرێ موناسەبەتیان هەیە، لە جڵدی ئەووەڵدا باسمان کردبوون، لەم جڵدەشدا ـ بە گوێرەی موساعەدەی ئاسار و وەسائیق ـ تەنیا باسی تەشکیلاتی سیاسییە، یەعنی حکوومەتەکانیان ئەکەین.

حکوومەتی لۆللۆ[edit]

حەیف کە تاریخ هێشتا دەرحەق بەم حکوومەتە و سەرحەد و سنووری، شتێکی زۆر نازانێ. بە گوێرەی وەسائیقی زەمانی «سارغۆن» و «نارامسین»ی «ئاکاد»، ئەبێ ئەم حکوومەتە لەگەڵ «ئاڕافا» و وڵاتی «کاسای»دا هاوحدوود بێ. کە وا بوو، ئەبێ لیوای سلێمانیی ئێستا و ناحیەی هۆرێن ـ شێخان و قۆراتوو و مەنتیقەی زەهاو (= هاڵمان)، وڵاتی لۆللۆی قەدیم بووبێ.

قەومی لۆللۆ لەگەڵ بەشێکی «گۆتی»دا حکوومەتێکی سەربەخۆ بوو، مەرکەزەکەشی بە گوێرەی بەعزێ موئەرریخین، «زیمری» و بە گوێرەی پرۆفیسۆر سپایزەر «ئاراکدی» بووە. عەینی موئەرریخ ئەڵێ: «ئانوبانینی»ی قەڕاڵی لۆللۆ، وڵاتی «هاڵمان = ئەرمان»ی زەوت کردووە، کە ئەمەش تەسادوفی قەڕنی بیست و هەشتەمی پێش میلاد ئەکا. میستەر هۆڵ (تاریخی قەدیمی شەرقی قەریب)، لە دوای «ئانوبانینی» «لاسیراب» ناوێک بە قەڕاڵی لۆللۆ ئەنوێنێ و ئەبێ لە دەوری ئەم قەڕاڵەدا مەشهوور «سارغۆن»ی ئاکاد هاتبێتە سەر وڵاتی لۆللۆ.

ئەم حکوومەتی لۆللۆیە تا دەوری شەلمانەسەری سێیەمی قەڕاڵی ئاسووریش دەوامی کردووە و نیهایەت لە تاریخی ٨٢٨ی پ.م.دا لە تەڕەف لەشکری ئاسوورییەوە داگیر کراوە.

حکوومەتی گۆتی[edit]

ئەحواڵی تاریخییەی ئەم حکوومەتەش مەجهوولە. زاهیر وایە کە ئەم قەومە لە دەوری زێی کۆیەدا بوون و لەوێوە بەرەبەرە هاتوونەتە خوارەوە و لە دوای مردنی «شارکالی شاری»ی خەڵکی «نارامسین» و تەقریبەن لە ئەواسیتی بیست و شەشەمین عەسری پێش میلاددا، داخڵی وڵاتانی «ئاکاد» و «سۆمەر» بوون و لەگەڵ ئەو قەومانە کەوتوونە شەڕەوە و بەرەبەرە بە سەر هەردوو لایانا زاڵ بوون و حکوومەتی شارانی سۆمەر و وڵاتی ئاکادیان هێناوەتە ژێر چنگی خۆیانەوە.

بە گوێرەی جەدوەلێک کە لە «نیپوور» دۆزراوەتەوە، ٢١ قەڕاڵی گۆتی، ١٢٥ ساڵ و چل ڕۆژ لە بابدا حوکمدارییان کردووە. بە خسووس لەم قەڕاڵانە «ئانری داپیزر» زۆر بەشەوکەت بووە و حدوودی سەڵتەنەتی بە تەواوی بە قەد حدوودی سەڵتەنەتی نارامسین بووە. نیهایەت قەڕاڵی «ئەرنەح» مەشهوور «ئوتوخیگال» فورسەتی لە ئاخر حوکمداری گۆتیی بابل دی و لە ئاکادی کردە دەرەوە و حکوومەتی بابلی زەوت کرد (٢٥٢٤ پ.م).

قەومی گۆتی لە دوای ئەمە، گەڕاوەتەوە وەتەنی ئەسڵیی خۆی، مەنتیقەی زێی کۆیە و کەرکووک (ئابخارا) و ئیتر وەحدەتێکی سیاسیی موهیممی نەنواندووە.

حکوومەتی کاسای[edit]

لە زەمانی یانزەمین و ئاخر حوکمداری سامی بابلدا، کە «سامسوور دیتانا»یان پێ ئەگوت، قەومی خاتی وەیا هیتیت، هجوومی کردە سەر مەملەکەتی بابلستان و سیلسیلەی حکوومەتی ئەووەڵ، یەعنی حکوومەتی عەمووریی لە ناو برد (١٩٢٦ پ.م). بە گوێرەی بەعزێ موئەرریخین، لە دوای تاڵان و وێرانکردنی، ئەم قەومی خاتییە بابلستانی بەجێ هێشتووە و گەڕاوەتەوە وڵاتانی غەربی فوراتی خۆی و لە دوای ئەمانە لە بابلدا حکوومەتێکی خۆوڵاتی دامەزراندووە و نزیک عەسر و نیوێک دەوامی کردووە، لە نیهایەتی ئەم دەورەدا حکوومەتی کاسای هەڵیانکوتاوەتە سەر ئەم وڵاتە و بابلستانیان زەوت کرد (١٧٦٠ پ.م) و وڵاتی ساحل (سۆمەر)یشیان لە ١٧٦٠ پ.م.دا لە دەست ئاخیر حوکمداری سۆمەری کە «ئی گامیل» بوو، سەند و بەم تەرحە وڵاتانی سۆمەر و ئاکادیان لە ژێر عینوانی «کاردونیاش»دا تەوحید کرد و حکوومەتەکەیان بەم ناوەوە ناو نا.

موئەسیسی ئەم حکوومەتە قەڕاڵ «غاندیش» وەیا «غادداش»ە، بەڵام دەرحەق بە وەقایعی زەمانی، مەعلوومات نییە. موددەتی سەڵتەنەتی غاندیش شانزە ساڵ بووە و مستەر هۆڵ لە کتێبەکەیدا (تاریخی قەدیمی شەرقی قەریب، ل ١٩٩) ئەڵێ «ئولام بوریاش»ی کاسی، کە وڵاتی ساحلی لە ئی گامیلی سۆمەری زەوت کرد (١٧١٠ پ.م)، کوڕی قەڕاڵی بابل «بورنابوراریاش» بوو و کوڕەزای ئەم ئولام بوریاشە کە «ئاگۆم»ی سێیەمە، ئاخر شاری موستەحکەمی سۆمەری کە «دوور ئی» بوو، زەوت کرد. میستە هۆڵ ئەڵێ: دەرحەق ملووکی کاسای، مەعلووماتمان زۆر کەمە، لە دوای غاندیش، ئووشی و ئابی راتاش و تاشیگۆرماش و ئاگۆمی دووەم (وەیا ئاگۆم کاکریم) هاتووە (ل ٢٠٠).

بە گوێرەی ئەمە کە تاریخی عموومیی موئەرریخین (جڵدی ١، ل ٣٢٨) مەبدەئی سەڵتەنەتی ئەم ئاگۆم کاکریمە بە ١٧٠٠ پ.م نیشان ئەدا، وا دەرئەکەوێ لە دوای غاندیش ـ هەر وەکوو میستەر هۆڵ ئەڵێ ـ سێ چوار حوکمداری تر تا ئەم تاریخی دواییە، سەڵتەنەتیان کردبێ. لە دەوری حکوومەتی ئاگۆم کاکریمدایە کە کاسای شەڕێکی زۆر گەورەی لەگەڵ هیتیتەکانا (حثیثیین) کردووە و شکاندوونی و هەیکەلی مەعبوودانی بیلاد، «مەردووک» و «سارپانیتیۆم»ی لێ سەندوونەوە، قەومی هیتیت ئەم مەعبوودانەیان لە ئەواخیری حکوومەتی سولالەی ئەووەڵ، یەعنی لە زەمانی ئاخر خەلەفی «حاموورابی»دا و لە ئیستیلا و تاڵانی بابلدا بردبوو. حکوومەتی کاسای لە زەمانی ئەم مەلیکەدا زۆر تەوەسوعی کرد.

ئاگۆم کاکریم هەموو وڵاتی سۆمەری، عەلاوەی ئاکاد کرد و لە ژێر عینوانی کاردویاشدا کردی بە مەملەکەتێک، عەلاوەی ئەم دوو وڵاتە، قەومی هیتیتی شکاند و شیمالی سووریەشی زەوت کرد و تا دەوری فتووحاتی میسرییەکان (عەسری شانزەیەمین پ.م) بە سەر قەومی عامووریشدا حاکم بوو (تاریخی قەدیمی شەرقی قەریب، ل ٢٠١).

لە دوای ئاگۆم کاکریم، بورنابورایاش (ڕەنگە دووەم بێ) «کاشتیلیاش»ی دووەم و ئاگۆمی سێیەم هاتووە، بەڵام دەرحەق ئەمانە تەفسیلاتێ نییە. لە دوای ئەمانە فاسیلەیەکی تر دێ و لەو فاسیلەیەدا ناوی کاواشمەن خریی ئەووەڵ و کوری گالزوی ئەووەڵ و مەلی شیپکای ئەووەڵ بەیان ئەکرێ. لە دوای ئەمانە تا زەمانی سەڵتەنەتی کارانداش کە بە گوێرەی تاریخی عموومیی موئەرریخین لە ١٤٥٠ پ.م.دا دەست پێئەکا، مەعلوومات نییە، یەعنی لە دوای دەورەی حکوومەتی ئاگۆم کاکریم (٢٢ ساڵە) تا زەمانی کارائینداش، وقووعاتی دوو عەسر و بیست و هەشت ساڵ مەجهوولە. بەڵام لە ئیعتیباری ئەم حوکمدارەوە (١٤٥٠ پ.م) تاریخی کاسای تا دەرەجەیەک مەعلوومە و خولاسەکەی ئەمەیە:

١٤٥٠ پ.م. کارائینداش: لە زەمانی ئەم مەلیکەدا حکوومەتی بابل لەگەڵ حکوومەتی ئاشووردا موناسەبەتی پەیدا کردووە و لەگەڵ حوکمداری ئاشوور (ئاشوور-بەل-ینش-ئەشو)دا دەرحەق بە خەتی حدوود موعاهەدەیەک کراوە [و] بۆ مەعبوود «ئی ئاننا» مەعبەدێک دروست کراوە.

١٤٣٠ پ.م. کاداشمەن بەل  : موعاسری فیرعەونی میسر «ئامەن هوتەپ»ی سێیەم بوو.

١٤٢٠ پ.م. بورنابوریاشی ئەووەڵ: لەگەڵ قەڕاڵی ئاشووری «پۆزۆر ئاشوور»دا لە خسووسی حدوودەوە کەوتۆتە مونازەعەوە، لە «لاراسا»دا بۆ «رب الشمس» مەعبەدێکی دروست کردووە.

١٤١٠ پ.م. کوری گالزوی ئەووەڵ: لە زەمانی ئەم مەلیکەدا یەکێ لە شاران بە ناوی ئەوەوە ناو نرا و ئەغڵەبی ئیحتیمال لە دوای تەعمیرکردنی لە تەڕەفی ئەوەوە ناوەکەی تەبدیل کرا (ئەم شارە، خەرابەی عەقرقۆفە).

١٤٠٠ پ.م. بورنابوریاشی دووەم: خەلەفی کوری گالزو بوو و دەوری سەڵتەنەتی بە توول و مەسعوود بوو.

١٣٧٠ پ.م. خاراخارداش: کچی قەڕاڵی ئاشووری «ئاشوور ئۆبالیت»ی مارە کرد. کوڕەکەی کە «کاداشمەن خارب»ی ئەووەڵ بوو، بەرامبەر بە قەومی سوتو سەفەرێکی کرد و زەفەری برد بە سەریانا و بەعزێ لە تەبەعەی خۆی لە ناو ئەوانا ئیسکان کرد.

١٣٦٠ پ.م: بە سەبەبی زیادبوونی نفووزی ئاشووری، کاساییەکان ئیختلالیان کرد و قەڕاڵیان کوشت و «نازی بوگاش»یان لە سەر تەخت دانا. بەڵام ئەم قەڕاڵەش لە تەڕەف قەڕاڵی ئاشووری «ئاشوور ئۆبالیت»ەوە مەغڵووب کرا و کوژرا.

١٣٥٠ پ.م. کوری گالزوی سێیەم: لە تەڕەف حوکمداری ئاشوورەوە نرایە سەر تەخت و ئەم قەڕاڵە وڵاتی «عیلام»ی ئیستیلا و شاری «سوسا» (یان شووشان»ی زەوت کرد. لەگەڵ «بەل نیراری»ی قەراڵی ئاشووریشدا شەڕی کرد.

١٣٤٠ پ.م. نازی ماروتاش

١٣٣٠ پ.م. کاداشمەن تۆرگۆ

١٣٣٠ پ.م. کاداشمەن بوریاش

١٣٠٤ پ.م. کۆدۆربال

١٢٩٨ پ.م. شاگاراکتی بوریاش

لە زەمانی ئەم پێنج مەلیکەدا شەڕێکی بەتوول لە بەینی بابلستان و ئاشووردا هەڵگیرسا.

١٢٨٥ـ ١٢٧٠ پ.م. قەڕاڵی ئاشوور، تۆکۆلتی نینیب ی ئەووەڵ بابلستانی داگیر کرد و داخڵی شاری بابل بوو. خەزێنەی مەعبەدی زەوت کرد و مەعبوود «مەردووک»ی بردە ئاشووریە. ئەم ئیستیلایە ڕەنگە لە دەوری سەڵتەنەتی «بیبی یاشوو»دا بێ و ئەخلافی ئەم مەلیکەش، «بیل شوم ئیدین»، «کاداسمەن خەربی دووەم» (١٢٧٧-١٢٧٥ [پ.م]) و «ئادادشوم ـ ئیدین» (١٢٧٤ـ ١٢٦٩ [پ.م]) و ئەمانە، تابیعی مەلیکی ئاشووری بوون کە حەوت ساڵ حاکمی حەقیقیی بابلستان بوو.

١٢٧٠ پ.م. لەم تاریخەدا خەڵکی بابلستان قیامیان کرد، ئاشوورییەکانیان دەرکرد و «داداشوم ئوسور»یان کرد بە حوکمدار، لە زەمانی ئەم مەلیکەدا بابلستان ژیایەوە. تەعەروزیان کردە وڵاتی ئاشوور. «بەل کودور ئوسور»ی قەڕاڵی ئاشووری، کوژرا و بەعزێ لە وڵاتی خرایە سەر بابلستان.

١٢٣٨-١٢٢٤ پ.م مەلی شیپاک: بەرامبەر بە قەراڵی ئاشوور، «نینیب ئاپال ئایشارا» حەربێکی غالبانەی کرد و بەم تەرحە لە زەمانی «ماردووک ئاپال ئیدین» (١٢٢٣- ١٢١١ [پ.م])دا بابلستان تووشی تەهدیدی «ئاشووردان»ی ئاسووری بوو، نیهایەت لە ١٢٠٧ پ.م.دا و لە نەتیجەی ئیختلالێکی سامییەکاندا و لە دوای دەورەی ٥٧٦ ساڵ و ٩ مانگ، کاسای لە ناو چوو. میستەر کینغ ئەڵێ: ناوی ئاخر مەلیکی کاسای، ڕەنگە «ئی نادین Ea-Nadin» بێ و میستەر سیدنەی سمیت لە «تاریخی قەدیمی ئاسوور» ل ٢٩٤دا ئەڵێ ناوی ئەم حوکمدارە «ئەنلیل نادین ئاخە Enlil-Nadin-Akhe»ە و حکوومەتی کاسای لە سەر تەعەروزی حوکمداری عیلامی، «شوتروک ـ نافخرند» و ئەسیربوونی ئاخر حوکمداری کاسای مونقەریز بوو و لە دوای ڕۆیشتنی عیلامییەکان حکوومەتێکی مەحەللی تەئسیس کرد. بە گوێرەی جەدوەلەکەی سێر سیدنەی سمیت، عەدەدی حوکمدارانی کاسای، ئەبێ ٣٦ بێ.

ساحێبی «تاریخی قەدیمی شەرقی قەریب» لە لاپەڕە ٣٨٦دا ئەڵێ: ئاخر حوکمداری کاسای، «بەل نادین ئاخی» (Bel-Nadin-Akhi) کوڕی «زامماما شوم ئیدینا» بووە و لە دوای سێ ساڵ حکوومەتکردن تەقریبەن لە تاریخی ١١٨٠ پ.م.دا مرد وەیا کوژرا. لە دوای ئەو لە بابلدا حکوومەتی پاش (Pashe) تەئەسوسی کرد. بە گوێرەی ئەمە، نابێ حکوومەتی کاسای بە تەعەڕوزی عیلامی لە ناو چووبێ، بەڵکی لە دوای غەلەبەی «ئاشووردان»ی ئاسووری بە سەر «زامماما»ی کاسایی، خەڵکی بابل ئیختیلالیان کردبێ و حکوومەتی کاسای مونقەریز بووبێ.

حکوومەتی میتانی[edit]

ئەم حکوومەتە ئەبێ قۆڵێکی کاسای بێ و لە مەنزوومەی سوباریدایە. لە شیمالی جزیرەدا حکوومەتێکی گەورەی دامەزراندووە و لە جوملەی چوار حکوومەتی بەقووەتی میسر، هیتیت، کاسای و میتانیی زەمانی خۆی بووە. مەرکەزی «واششۆغانی» بووە.

لە تاریخی ١٥٨٠ پ.م.دا فرعەونی میسر، تەهوتیمسی ئەووەڵ ، لە سەفەری ئاسیایدا تەسادوفی حکوومەتی میتانی کردووە و لە موحارەبەیەکی حدووددا شکاندوویەتی. لە ئیعتیباری ئەم تاریخەوە لە بەینی دوو حکوومەتدا موناسەبەت پەیا بووە ولە ١٥٢٢ پ.م.دا میتانی بۆتە تابیعێکی میسر.

لە عەسری چواردەیەمینی پ.م.دا لەگەڵ حکوومەتی هیتیت ئیتیفاقی کرد و لە فتووحاتی ئەم قەومەدا حیسسەیەکی گەورەی شان و شەرەفی هەیە. لە ئەواخیری عەسری سیانزەیەمیندا ئۆردووی میسری لە وڵاتی «عامووری» دەرپەڕاند و قەڕاڵی میتانی، «کوشان ریش ئاسایم»، بەشی لای ژوورووی سووریای داگیر کرد و قەومی بەنی ئیسرائیلی هەشت ساڵێک خستە ژێر حوکمی خۆیەوە، بەشی زۆری کوردستان و وڵاتی ئاسووری و ئاراقاش بە دەس حکوومەتی میتانییەوە بووە.

لە دواییدا بەرەبەرە بێهێز کەوت، وڵاتانی غەربی فورات کەوتە دەست هیتیت و شیمالی سووریاش کەوتە دەست فرعەونەکانی میسر و وڵاتانی شەرقیش لە تەڕەف «تیغلات پلایزەر»ی ئەووەڵ، قەڕاڵی ئاسوورییەوە زەوت کرا و نیهایەت لە زەمانی «ئاسوور ناسرپاڵ»ی سێیەمدا باقی وڵاتانیشی لە دەست چوو و حکوومەتەکەی دوایی هات (عەسری هەشتەمی پ.م).

حکوومەتی سوباری[edit]

وا دیارە کە حکوومەتێکی موتتەحید و بەقووەتیان دانەمەزراندووە و هەر عیبارەت بووە لە حکووماتی بچووک بچووک.

حکوومەتی نایری[edit]

ئەم نەتەوەی سوبارییەش، دیسان حکوومەتێکی گەورە و موتتەحیدی نەبووە. بەڵام لە قۆنفەدراسیۆندا یەعنی حکووماتی بچووک بچووک و موتتەفیق بووە. قەڕاڵی ئاسووری، «تیغلات پلایزەری ئەووەڵ» لە دەشتی مەلازگرددا شەڕی لەگەڵ بیست و سێ قەڕاڵی نایریدا کردووە (سیدنەی سمیت: تاریخی ئاشوور).

حکوومەتی مەدیا[edit]

باوکی موئەرریخین، مەشهوور هێرۆدۆتی یۆنانی، دەرحەق بە ئەساسی تەشەکولی حکوومەتی مەدیا موختەسەرەن ئەڵێ  : لە دوای ئەمە کە حکوومەتی ئاسووری، ٥٢٠ ساڵ لە ئاسیای ژووروودا حوکمڕان بوو، قەومی مەدیا لە پێش تابیعانی تری ئاسووریدا، ئیختیلالی کرد و لە موحارەبەیەکدا بە تەواوی ئیستقلالی خۆی گرتە دەست و باقی ئەقوامی تابیعەی تریش چاویان لە مەدیا کرد و هەموویان یەک لە دوای یەک سەربەخۆ بوون.

لە دەورێکدا «دیوسەس» (کەیقوباد) ناو پیاوێک، لە ناو قەمی مەددا پەیا بوو. کوڕی «فرائورت» و کوێخای دێیەک بوو. زۆر عاقڵ بوو، «مەدیا»ییەکان بۆ دەعوا و ئیش ئەهاتنە لای و پرسیان پێ ئەکرد و بەم تەرحە لە ناو هەموو مەدیادا شۆرەتی پەیا کرد. لە دواییدا وتی ئەگەر دائیرە و مەعییەتم بۆ ڕێک نەخەن و نەمکەن بە گەورەی خۆتان، ئیتر دەعواتان بۆ حەل ناکەم و نەسیحەتتان نادەمێ. قەومەکەی ئەم شەرتانەیان قەبووڵ کرد و کە بوو بە حاکم بە سەریانەوە، دێهاتەکانی پێ چۆڵ کردن و شاری «ئەقباتان = هەمەدان»ی پێ دروست کردن و ئەم شارەی کرد بە پایتەختی خۆی و لە ٥٣ ساڵ حوکمداری، کوڕەکەی کە ناوی «فورائورت» بوو، هاتە جێگەی و بەم تەرحە حکوومەتی میدیا دامەزرا.

وەلحاڵ ئەم ڕیوایەتە ئەوەندە ڕاست نییە. وەتەنی ئەسڵیی قەومی «مەد»، پلاتۆی ئێران بوو و ڕەنگە لەگەڵ قەومی دوایی ئێراندا خزم بن و لیسانیان موحتەمەلە لەهجەیەکی ئێرانی بووبێ. ئەساسەن گەڕۆک بوون، بەڵام لە شاخ و کێواندا بەرەبەرە جێگیر بوون و عورف و عادەتی شاریان قەبووڵ کرد. شارانیان لە سەر شاخێکی حاکم بە سەر دۆڵێکدا دروست ئەکرد. حەیاتێکی سادەی عەشایرییان بوو. لە جەدوەلی ئەسمای ئەم قەومەدا، چەند گەورەی عەشیرەتێک بەشۆرەت بوون، هیچ دێیەکیان بە سەر دێیەکی ترا حاکم نەبووە، هەموویان لە حقووق و سەڵاحییەتدا موساوی بوون. ناویان وەکوو ناوی ئێرانییەکان بوو لە ئیفادە و مەعنادا، قسەیان وەکوو قسەی عەشائیری کاسی وا بوو. لە ناو ئیسمیانا ئیشارەتی «ئاهوورامەزدا» هیچ نەبوو. لەمەوە وا دەرئەکەوێ کە ئایینی زەردەشتی لە دواییدا لە ناو ئەم قەومەدا جێگیر بووە.

ئەووەڵ مەلیکی میدیا، «دیوسەس = کەیقوباد»ە کە کوڕی «دایۆکۆ» بوو.

دایۆکۆ والی «مانای = ماندا» بوو و کوڕەکەی خۆی بە بارمتە لە لای «ڕوساش» ی حوکمداری ئۆرارتۆ دانابوو و ئەم کوڕە لە شەڕێکدا کەوتە دەست ئاسوورییەکان و نەفی کرایە «حامات = حەما»ی سووریا (٧١٥ پ.م). لە ناو و جێگەی وا مەعلووم بووە کە ئەم پرەنسە بچکۆلەیە موئەسیسی دەوڵەتی میدیا «دیۆسەس = کەیقوباد» بوو. خانەدانەکەی تا دێرزەمانێک باقی بوو و خۆشی بوو بە جەددی حوکمدارانی میدیا، کە سەردەمێ هەرە بەقووەتترین حکووماتی دنیا بوو.

خولاسە دیۆسەس لە دوای ئەمە کە شاری ئەکباتانی کرد بە مەرکەزی حکوومەت، زۆر باش تەحکیم و تەزیینیشی کرد، زەمانێ سەڵتەنەتی بەبێ شەڕ و دەعوا ڕابوارد و بۆ تەوحیدی عەشائیری مەد، گەلێ هەوڵی دا و موەفەقیش بوو. «سناخریب»ی حوکمداری ئاسووری چونکە لەم بەینەدا لە بابل و عیلامدا مەشغووڵ بوو، نەیئەپەرژا کە ئەم ئیتیحاد و دامەزرانە مەنع بکا.

دیۆسەس بە گوێرەی هێرۆدۆت لە دوای سەڵتەنەتێکی ٥٣ ساڵی و بە ڕیوایەتێکی تر ٤٦ ساڵی (لە ٧٠١- ٦٥٥ پ.م) وەفاتی کرد و «فراوەرتیش» وەیا «فرائورتیس»ی کوڕی هاتە جێگەی.

فراوەرتیش بەینێک لەگەڵ حکوومەتی ئاسووریدا مودارای کرد. لە دواییدا بەعزێ ئەقوامی ئاریی تر کە لە شەرقەوە هاتبوون و هاوعیرقی مەد بوون، هاتنە ژێر حوکمی فراوەرتیشەوە و قەومی فورسیش کە بە چاوێکی سووک تەماشای ئەکرا، دیسان بوونە تەبەعەی و بەم تەرحە قووەت و شەوکەتی حکوومەتی مەد، زۆر زیادی کرد و پادشای مەد ویستی لەم وەزعییەتە ئیستیفادە بکا و ئیتر بە هیچ نەوعێک باج و خەراج بە ئاسوور نەدا و لە سەر ئەمە لەگەڵ حکوومەتی ئاسووریدا کەوتنە شەڕەوە و لە نەتیجەدا شکا و لەگەڵ بەشی زۆری ئومەرا و مەعییەتیدا کوژرا (٦٣٣ پ.م)

لە دوای فراوەرتیش، برا بچووکەکەی کە ناوی «هواخ شاتارا» وەیا «کەیئەقسارس = کەیکاوس» بوو، هاتە جێگەی. ئەم زاتە قوماندانێکی مومتاز و حوکمدارێکی وریا و زۆر تێگەیشتوو بوو. ئەووەڵ ئیشی، تەنزیم و ئیسلاحی ئۆردووەکەی بوو، چونکە لە شکانی فرائورتدا تێگەیشتبوو کە بە ئۆردوویەکی عەشیرەتی و تێکەڵ و پێکەڵ شەڕکردن لەگەڵ ئۆردوویەکی مونتەزەمی ئاسووریدا مومکین نییە. لە بەر ئەوە، ئۆردووەکەی لە سەر ئوسوولێکی تازەی ئەو وەقتە ڕێک خست و سنفی پیادە و سوارەی جوێ کردەوە و پیادەی بە تیر و کەوان و شیر تەسلیم کرد و سنفێکی سوارەی چالاک و بەکاری هێنایە وجوود، کە لە گەلێ خسووسیاتەوە بە سەر سوارەی ئاسووریدا غالب بوو.

کەیئەقسارس کە تەشکیلات و تەعلیم و تەربیەتی ئۆردووەکەی تەواو کرد و بەرامبەر بە حکوومەتی ئاسووری لەگەڵ قەڕاڵی بابلستان، نابوپولاسار ، ڕێک کەوت، لە کانوونی ئەووەڵی ٦١٥ پ.م.دا ڕووی کردە ئاسووریا و وا دیارە کە بە سەر وڵاتی «نامری» و «مازاموئا»دا هات و وڵاتی «ئەرافا» و شارەکەشی زەوت کرد. ئەم شارە بۆ ئەسڵی وڵاتی ئاسوور زۆر موهیم بوو. وا دیارە کە کەیئەقسارس ئەم شارەی کردووە بە ئەساسی حەرەکە بۆ خۆی.

ئۆردووی میدیا لە ٦١٤ پ.م.دا ڕووی کردە پایتەختی حکوومەتی ئاسووری کە نەینەوا بوو. شاری «تاربیزی» داگیر کرد و لە پاشدا بۆ تەئمینی ئیرتیبات لەگەڵ ئۆردووی بابلدا ڕووی کردە تەڕەفی جنووب و شاری ئاشوور (= شرقات)ی، کە قەدیم مەرکەزی حکوومەتی ئاشووری بوو، زەوت و وێران کرد. قەڕاڵی بابلی لە دوای زەوتی ئەم شارە گەیشتنە جێ، لەوێ لەگەڵ کەیئەقسارسدا دەرحەق دەوامی ئیتیفاق و حدوودی موستەقبەلی، موعاهەدەیەکی تازەی کرد و کەیئەقسارس بۆ تەحکیمی ئەو ڕابیتەی سیاسییە، کچی «ئاستیاغ»ی کوڕی کە ناوی «ئەمیتیس» بوو، دای بە «نەبوقاد نەزار»ی کوڕی قەڕاڵی بابل (تاریخی ئاسوور، ل ٦٣٦).

لە بەقییەی ٦١٤ پ.م. و ساڵی دواییدا دەرحەق بە حەرەکات و فەعالییەتی ئۆردووی میدیا مەعلووماتێک نییە، بەڵام هێرۆدۆت، موئەرریخی یۆنانی ئەڵێ کەیئەقسارس کە ئەووەڵ جار ئەهاتە سەر نەینەوا، خەبەری زانی کە قەبائیلی «سیس» تەعەڕوزیان کردۆتە میدیا، لە بەر ئەمە گەڕایەوە و لەگەڵ ئەم قەومە کەوتە شەڕەوە و لە نەتیجەدا مەغڵووب بوو و وڵاتی میدیا ٢٨ ساڵ لە ژێر حوکم و ئیستیلای ئەم قەومەدا ما و لە پاشدا کەیئەقسارس بە فێڵ هەرە گەورەکانی کوشتن و لە میدیای کردنە دەرەوە و لە دواییدا هاتەوە سەر نەینەوا.

ئەم ڕیوایەتی هێرۆدۆتە، نە بە ئاساری دۆزراوە تەئیدی کردووە و نە موافەقەتی نەفسولئەمریشە، چونکە لە بەینی ئەووەڵ تەعەڕوزی نەینەوا و سقووتیدا نیهایەت سێ ساڵ فەرق هەیە و وەلحاڵ ئەگەر وڵاتی میدیا ٢٨ ساڵ لە ژێر ئیستیلای «سیس»دا بووبێ، بە تەبیعەت مومکین نەبوو کە قەڕاڵی میدیا بێتەوە سەر نەینەوا. وەیا خود ئینجا لە دوای ئەم ٢٨ ساڵە، یەعنی لە ٥٨٦ پ.م.دا ئەبێ نەینەوای زەوت کردبێ.

خولاسە کەیئەقسارس لە ٦١٢ پ.م.دا دیسانەوە هاتەوە سەر نەینەوا و ئۆردووی بابلیش گەیشتە ئەوێ و بەعزێ لە عەشائیری سیسیش هاتبوون بە ئیمدادی ئاسوورییەکانەوە، بەڵام کەیئەقسارس بە تاڵانی مەملەکەتی دەوڵەمەندی ئاسوور، بە تەمای کردن و ئەمانیش لەگەڵ ئۆردووی میدیا و بابلستاندا یەکدگیر بوون و لە دوای ئەم ئیتیحادە، کەیئەقسارس عینوانی «مەلیکی ئوممان ـ ماندا»ی بۆ خۆی قەبووڵ کرد.

لە بەینی «سیوان» و «ئاب»، یەعنی مایس و تەممووزا، سێ دەفعە تەعەڕوز کرایە سەر نەینەوا و لە نەتیجەدا ئەم شارە گەورە و جوانە، ئەم پایتەختە بەشۆرەت و دەوڵەمەندە، کەوتە دەست ئۆردووی موتتەفیقین و قەڕاڵی ئاسووریی بەدبەخت، «سین ـ شار ـ ئیشکوم»یش لەگەڵ ماڵ و ئەتباعیدا خۆی سووتاند.

موتتەفیقین شاری نەینەوایان تاڵان و وێران کرد، بەشێ لە ئاسوورییەکان، لەگەڵ ئاشوورا و ئالیتدا لە تەڕەفی ئۆردووی بابلەوە دەرچوون و ئیتیجاهیان کردە حەڕڕان و سەرلەنوێ حکوومەتیان دامەزراند.

کەیئەقسارس لەگەڵ کۆمەڵی سیس، لە ئەیلوولدا گەڕایەوە بۆ میدیا، لە ساڵی دواییدا لە سەر ئیستیمدادی «نابو پولاسار» ڕووی کردە پایتەختی تازەی ئاسوور، کە شاڕی حەڕان بوو، و لەگەڵ ئۆردووی بابلدا زەوتی کرد و دیسانەوە گەڕایەوە.

بە گوێرەی تاریخی «ایران قدیم» لە میراتی ئاسووری، موستەملەکاتی ئاسیای بچووک، بەر حکوومەتی مەدیا کەوتبوو. شەتی دیجلە تا ئەگاتە دیاربەکر، لە بەینی میدیا و بابلستاندا حدوود بوو، لە ئیعتیباری دیاربەکرەوە تا فوراتیش، خەتێکی تر دوو دەوڵەتی لە یەک جوێ ئەکردەوە. لە ساحیلی ڕاستی فوراتەوە غالیبەن تا شیمالی مەڵاتیە، حدوودی حکوومەتی «کلکیا» بوو. حدوودی حکوومەتی میدیا و لیدیا، ڕەنگە بە ناو «ئۆزۆن یایلا»دا تا «هالیاس = قزڵ ئیرمق» و لەوێوە تا بەحری ڕەش چووبێ.

لە پاش بەینێک، بە گوێرەی «ایران قدیم»، لە سەر ئیلتیجای بەعزێ موجریمینی سیس بە حکوومەتی لیدیا و ئیعادە نەکرانیان بۆ حکوومەتی مەد، بە ڕیوایەتێکی تر لە سەر چاوتێبڕینی لیدیا بە موستەملەکاتی ئاسووری، کە لە دوای تەخریبی نەینەوا، بەر حکوومەتی میدیا کەوتبوو، بەینی دوو دەوڵەت تێکچوو و ئۆردووی میدیا و لیدیا لە قەراغ نەهری هالیاسدا شەڕێکی قورس و بەتوولیان بوو (لە ٥٩١ تا ٥٨٥ پ.م)، لە ئاخری شەڕدا کە لە تاریخی ٢٨ی مایسی ٥٨٥دا واقیع بوو، ڕۆژ گیرا و هەر دوو لا ئەمەیان بە عەلامەتی غەزەبی خوایی دانا و لە سەر تەوەسوتی مەلیکی بابل، «نەبوخودنەسر = نبختنصر» و مەلیکی کلکیا، «سەیەنەسیس» سوڵحیان کرد و ئاوی هالیاس بە حدوود قەبووڵ کرا.

ئەم سوڵحە بە موناسەبەتی ئیزدیواجێک لە بەینی دوو خانەدانی حوکمداریدا تەقویە کرا، کچی قەراڵی لیدیا، «ئەریەنیس» درا بە «ئاستیاغ» کوڕی کەیئەقسارس.

لە دوای ئەم سوڵحە بە ساڵێک، کەیئەقسارس وەفاتی کرد. ئاستیاغ هاتە جێگەی و زەمانی بەبێ شەڕ و دەعوا ڕابورد. بەڵام ئەسبابی نوشوستی و لەناوچوونی حکوومەتی میدیا، کە پێشکەوتن و بەهێزبوونی حکوومەتی فورس بوو، لە زەمانی ئاستیاغدا واقیع بوو. لە لایەکی تریشەوە بە سەبەبی بەعزێ ئەحواڵ و موعامەلە، گەلێ پیاوماقووڵانی قەومی خۆشی، لێ عاجز بوو. نیهایەت حکوومەتی تابیعەی فورس (= پارس) کە لە ژێر ئیدارەی ئومەرای ئاخمەنیدا بوو، بەرەبەرە نفووزی زیاد بوو، بە غەیری قەومی پارس، بەعزێ قەومی تریش وەکوو «پارت و هیرکان»ی لەگەڵ خۆیدا ڕێک خست و لە میدیا عاسی بوو. مودیری ئەم عیسیانە گەورەیە، حوکمداری پارس، مەشهوور «سیرۆس»ی دووەم یاخود کۆرۆش وەیا «کەیخوسرەو»ی گەورە بوو. {fn|ئەم خانەدانی ئاخمەنییە «ئەنشان» (Anshan) وەیا «ئەنزان»ین و ڕەنگە ئەم وڵاتە، لە جنووبی شەرقی لوڕستانی ئیمڕۆدا و لە نزیک وڵاتی عیلام بووبێ. ئەم خانەدانە لە پێشدا هەر بە سەر بەشی فورسدا حاکم بوو و موحتەمەلە عینوانی مەلیکی، لە دەوری ئینقڕازی ئاسووریدا و بەڵکوو لە دوای وەفاتی «ئاشوور بانیپاڵ» و زەوتکردنی وڵاتی عیلام، دابێ بە خۆی. لە پاشدا وڵاتانی «پارت و هیرقان» یەعنی خۆراسانیشی داگیر کرد. بە گوێرەی کیتابەی «بهستون» و تەدقیقاتی میستەر هۆل، ئەم خانەدانە ڕەنگە لە ئەواسیتی قەڕنی حەوتەمینی پێش میلاددا لە تەڕەف هەخەمانیش (= ئەخەمەن)ەوە تەشکیل کرابێ. لە دوای دووەم حوکمدار، کە «جیش = بیش» بوو، خانەدانەکە بووە بە دوو قۆڵ.

بە گوێرەی «ایران قدیم» قۆڵێکی پارسی و قۆڵێکی «ئەنزانی» بووە. مستر هۆل ئەڵێ لە قۆڵی ئەنزانی، چوار حوکمدار هاتووە و لە قۆڵەکەی تر سێ. «سیرووس»ی دووەم کە «کۆرش»یشی پێ ئەڵێن و عینوانی «گەورە»یە، حەوتەمین حوکمدارە و لەگەڵ «ئەستیاغ»دا شەڕی کردووە و بابلی گرتووە و جەهانگیرێکی مەشهوورە. «داریۆس»ی ئەووەڵ نۆیەمین حوکمدارە.}

سیرۆس بە لەشکرێکی زۆرەوە هاتە سەر میدیا و لەگەڵ ئۆردووی ئاستیاغدا شەڕێکی قورسی کرد. قەڕاڵی میدیا، مودافەعە و مقاوەمەتێکی فەوقەلعادەی کرد، بەڵام هارپاغۆس ، ڕەئیسی خانەدانێکی گەورەی میدیا، خیانەتی لەگەڵ کرد و بە خۆی و تەڕەفدارانیەوە ئیلتیحاقی کردە کەیخوسرەو و بە تەبیعەت لە نەتیجەدا ئاستیاغ خراپ شکا و قەومی میدیاش لە پادشاهی عەزلیان کرد (٥٥٠ پ.م).

کەیخوسرەو بەرامبەر بە خدمەت و معاوەنەتی هارپاغۆش و خانەدانی میدیا، موعامەلەی باشی لەگەڵ کردن و عادەتەن لەگەڵ ئۆردوو و خانەدانی فورس، زۆر کەم فەرقی کردن، یەعنی لە خسووسی حقووق و ئیمتیازاتی مەخسووسەوە، فەرقی بەینی خانەدانی پارس و میدیا، هەر وەکوو حقووقی موتەقابیلەی ئینگلیز و ئیسقۆچیایی وەیا پروسیایی وەیا ویرایی دەوری قەیسەر بوو (تاریخی قەدیمی شەرقی قەریب، ل ٥٥٥).

خولاسە بە نەتیجە حکوومەتی میدیا لە دوای سەڵتەنەتێکی سەد و پەنجا ساڵی و ئینقلابێکی موهیممی تاریخی، لە ناو چوو و لە جێگەی ئەو، حکوومەتی ئاخمەنیی ئێرانی پەیا بوو.

بە گوێرەی تاریخی «ایران قدیم»، قەومی ماد ئەساسەن لە ئازەربایجان و کوردستان و عێراقی عەجەمدا بووە، لە دواییدا تەوەسوعی کردووە، دائیرەی نفووز و سەڵتەنەتی لە «هالیاس = قزڵ ئیرمق»ەوە تا وڵاتی باختەر (یەعنی ئەفغانستانی ئیمڕۆ) و لە بەحری خەزەرەوە تا پارس و خووزستان بووە.

لە دواییدا عولەمای جوگرافیای دەوری قەدیم، گوتوویانە کە ماد عیبارەت بووە لە دوو بەش: مادی گەورە لە «عێراقی عەجەم»دا و مادی بچووک لە ئازەربایجاندا.