خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان/جڵدی 2/حکوومەتی سالاریە لە ئازەربایجان

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان  (1931)  by محەممەد ئەمین زەکی بەگ
جڵدی 2

حکوومەتی سالاریە لە ئازەربایجان[edit]

مەملەکەتی ئازەربایجان، وەکوو لە جڵدی ئەووەڵدا دیمان، تا ساڵی ٣٣ی پ.م. بە دەست حکوومەتی مادی بچووکەوە بوو، لە دواییدا لە تەڕەف حوکمداری ئەشکانی، فەرهادی چوارەمەوە زەوت کرا (تاریخ ایران قدیم، ل ١٥٦).

واقیعەن حکوومەتی ئەشکانی، ئیستقلالی حکوومەتی مادی بچووک (حکوومەتی ئازەربایجان)ی لە ناو برد، بەڵام میللەتەکەی بە تەبیعەتی حاڵ و بە گوێرەی سیاسەتی ئیدارییەی ئەو زەمانە، عەشائیری مادی بچووک دیسان لە شکڵی بەعزێ حکووماتی بچووک بچووکدا ئیستقلالی داخڵیی خۆیان لە دەست نەداوە.

حەیف کە دەرحەق بە ئەحواڵی تاریخییەی هەشت نۆ عەسری ئەم ئیقلیمی ئازەربایجانە شتێکی بە تەفسیل نازانین، حەتا موئەرریخین و سەییاحینی عەرەبیش، تا مەبادیی فتووحاتی ئیسلام ئەوەندە باسی ئەم وڵاتەیان نەکردووە. لە بەر ئەوە، ناتوانین وەقایعی ئازەربایجانی دەوری ئیسلام، لەگەڵ حادیساتی قەدیمەیدا، بە تەواوی ڕەبت کەین. بەڵام لە مەجرای حادیساتدا وا دەرئەکەوێت کە لەم ئیقلیمەدا حکوومەتی گەورە و سەربەخۆ دانەمەزراوە و تا دەوری فتووحاتی ئیسلام، دایمە لە بەینی ئێران و حکووماتی ڕۆمای غەرب و شەرقدا مەیدانی شەڕ و دەعوا بووە.

تەنیا دوو عولەمای عەرەب باسی ئازەربایجانیان کردووە: یەکێکیان ئیبنی خوردادییە کە لە ساڵی ٢٣٢هـ.دا «تەورێز» (= تەبریز)ی لە ژێر فەرمانی محەمەد ئەلڕەوادیدا دیوە.

سەییاح ئیستەخری ئەڵێ: لە عەسری سێیەمی هیجریدا تەبریز، جبردان (دی‌خوارەکان) و ئۆشنۆ بە دەست عەشائیری «رەدینی»یەوە بوو و ئەمانە موعاسری حکوومەتی ساجدی بوون. پایتەختی حکوومەت ئەووەڵەن مەراغە بووە و لە دواییدا نەقڵی ئەردەبیل (ئاردەوێڵ) کراوە.

ئەم مادی بچووکە لە دەوری میدیاوە تا دەوری ئیستیلای تورک، (غەز و سەلجووق، ٤٢٠ هـ) بە دەست کورد، یەعنی نەتەوەی قەومی مادەوە بووە.

هەرچەندە یاقووت حەمەوی لە «معجم البلدان»دا ئەڵێ: ئەم وڵاتی ئازەربایجانە بەینێک بە دەست تورکەوە بووە و لە دواییدا کەیخوسرەو، ئەفراسیابی حوکمداری ئەمانی کوشت و لە ناو چوون، بەڵام ئەم ڕیوایەتە ڕاست نییە و ئەفسانەیە و هەموو ئەیزانین کە ئەفراسیاب حوکمداری تورکستان، یەعنی «ماوراء النهر» بوو.

عەینی ئەسەر ئەڵێ: ئەم وڵاتە لە ٢٨٨ هـ.دا کەوتە دەست «یۆسف ئیبنی ئەبی ئەلساج». لە زەمانی خەلیفە موقتەدردا، «مونسی خادەم» لە یۆسفی ساندووە. لە پاشا دیسانەوە کەوتە دەست یۆسف لە ٣١٦ هـ.دا، یەکێ لە قۆماندانەکانی «وشمگیر»ی حاکمی «ڕەی»، کە «لەشکری ئیبنی مەردی»یان پێ ئەگوت و حاکمی جیبال بوو، هاتە سەر ئازەربایجان و لەم وەقتەدا ئەم وڵاتە بە دەست سەرداری یۆسف، «دیسمی کوڕی ئیبراهیم»ی کوردەوە بوو.

دیسم:

لەشکری کوڕی مەردی، کە لە ٣٢٦ هـ.دا هاتە سەر ئازەربایجان، دیسم بە لەشکرەوە ڕێی پێ گرت و لە دوای شەڕ، دیسم شکا و لە دوای بەینێک، شەڕێکی تریشیان بوو، بەڵام ئەمجارەش تالع موساعەدەی دیسمی نەکرد و بە نەتیجە، بە غەیری ئەردەوێڵ، هەموو ئازەربایجان کەوتە دەست لەشکری. شاری ئاردەوێڵ کە زوڵم و غەدری دەیلەمییان بیستبوو، بە وەعدی لەشکری، تەفرەیان نەخوارد و بە شیددەت مودافەعەیان کرد و لە دیسم کۆمەکیان خواست و بۆ تەعەڕوز، ڕۆژێکیان تەعیین کرد؛ واقیعەن لەو ڕۆژەدا خەڵکی ئاردەوێڵ لە قەڵا هاتنە دەرەوە و ڕوویان کردە ئۆردووی لەشکری.

لە عەینی وەقتدا «دیسم»یش لە دواوە هەڵیکوتایە سەر لەشکری و کوشتارێکی زۆریان لێ کردن. لەشکری، بە هەزار حاڵ نەجاتی بوو و خۆی گەیاندە «موقان» و لەوێ «ئیبنی دەلولە ئیسفەهبەند»، بەعزێ لەشکری دایە و بەم قووەتەوە گەڕایەوە سەر دیسم. ئەمجارە دیسم خۆی لە شەڕ پاراست و خۆی کێشایە دواوە تا گەیشتە ئاوی ئاراس و بە بەلەم لێی پەڕییەوە و بەلەمەکانیشی لەو بەرەوە بەستەوە. لەشکری، لە شوێنیەوە گەیشتە ئاراس بەڵام نەیتوانی بپەڕێتەوە. لە دوای چەند ڕۆژێک بەعزێ لە دەیلەمییەکان بە شەو لە ژوورترەوە پەڕینەوە و لە پڕێکا دایان بە سەر لەشکری دیسمدا و شکاندیان.

لە دوای ئەمە، دیسم ئازەربایجانی بەجێ هێشت و چووە ڕەی، لای «وەشمگیر»ی حاکمی ئەوێ و بە شەرتێ کە ساڵی سەدهەزار دینار بە وەشمگیر بدا و خوتبەش بە ناویەوە بخوێنێتەوە، قووەتێکی موناسیبی دایە و ناردیەوە بۆ ئازەربایجان.

لەشکری، نەیتوانی بەرامبەری بوێستێ و وڵاتەکەی بەجێ هێشت و ڕووی کردە «زۆزان» و هەر ئاوەدانییەک لە ڕێگەیدا بوو، تاڵان و وێرانی کرد، بەڵام لە دواییدا تووشی ئەرمەنی هات و لە ناو چوو. کوڕەکەی، لەگەڵ قووەتێکی کەمدا گەیشتە مووسڵ، لەوێ لەگەڵ عەبدوڵڵا حوسێن کوڕی سەعدی حەمدانی، لەشکرێکیان هەڵگرت و ڕوویان کردە ئازەربایجان، بەڵام بەرامبەر بە دیسم شکان و بڵاو بوونەوە و بەم تەرحە ئازەربایجان دیسانەوە کەوتەوە دەست دیسم.

بەشی زۆری قووەتی دیسم، کورد بوو. بەعزێ لە دەیلەمیی ئۆردووی وەشمگیریش لای مانەوە. دیسم تەماشای کرد کە قووەتی کورد و سەرکۆمارەکانیان غەلەبەیان لێ سەندووە و زۆر قەڵا و شاریشیان گرتۆتە ژێر دەست، ترسی لێ کردن و ویستی بەرامبەر بە ئەوان، قووەتێکی دەیلەمی پەیا بکا؛ لە بەر ئەوە، خۆی کرد بە تەڕەفداریان و بەعزێ لە گەورەکانیان وەکوو سەعلووک و عەلی کوڕی فەزڵی خەڵات کرد و کردنی بە هاودەمی خۆی و وردەوردە ئەو شار و دێهاتانەی کە بە دەست کوردەوە بوو، لێی سەندنەوە و حەتتا بەعزێ لە پیاوە گەورەکانیشی گرت و حەبسی کردن.

دیسم خۆی خارجی مەزهەب بوو و «ئەبولقاسم عەلی کوڕی جەعفەر»ی وەزیری، باتنی و لە خەڵکی ئازەربایجان بوو، بەعزێ لە دوشمنانی وەزیر، دیسمیان لەو عاجز کرد و دیسم هەڕەشەی لێ کرد، عەلی کوڕی جەعفەر ترسا، لە پڕێکا ڕایکرد بۆ «ترم» بۆ لای محەمەدی کوڕی موسافیر.

عەلی کوڕی جەعفەر کە گەیشتە ئەوێ، دی کە موحەمەدی موسافیر لەگەڵ گەورەکانیا تێک چووە، مەرزەبان و واە سۆزانی کوڕی، هەموو موڵک و دێهاتیان لە دەست سەندووە و خۆشیان لە قەڵاکەدا هێشتۆتەوە. عەلی کوڕی جەعفەر کە ئەم حاڵەی دی، خۆی خزاندە لای مەرزەبان و تەماعی زەوتکردنی ئازەربایجانی خستە پێش مەرزەبان، عەلیی کرد بە وەزیری خۆی و زوو لەگەڵی ڕێک کەوت؛ چونکە خۆی شیعە و عەلی کوڕی جەعفەریش باتنی مەزهەب بوو، مەرزەبان موساعەدەی کرد کە بۆ نەشری مەزهەبی باتنی، بە ئاشکرا هەوڵ بدا.

عەلی کوڕی جەعفەر وردەوردە دەیلەمییەکانی لای دیسمی تەفرە دا و سەرکۆمارەکانی کردە تەڕەفداری خۆی. مەرزەبان و عەلی پشت‌ئەستوور بوون و بە لەشکرەوە ڕوویان کردە ئازەربایجان. دیسمیش بە لەشکرەوە هات بە پیریانەوە و کە تووشی یەک بوون، دەیلەمییەکان و بەشێکی کورد لە دیسم جوێ بوونەوە و هاتنە لای مەرزەبان. دیسم ئیتر خۆی ڕانەگرت و لەگەڵ بەعزێ قووەت، مەیدانی شەڕی بەجێ هێشت و چوو بۆ وڵاتی ئەرمینییە. حاکمی ئەو وڵاتە، «خاجیکی کوڕی دیرانی»، دۆستی بوو و بە ڕووخۆشی قەبووڵی کرد و دیسم دەسی کرد بە لەشکر کۆکردنەوە لە کوردان. لەولاشەوە بە شکانی دیسم، وڵاتی ئازەربایجان، بێجگە لە تەورێز، هەمووی بۆ مەرزەبان ساغ بۆوە.

عەلی کوڕی جەعفەر لە پاش بەینێک وەکوو چۆن خیانەتی لە حەقی دیسم کرد، لە حەقی مەرزەبانیش کەوتە خیانەتەوە و لە وەقتێکدا کە لە تەڕەف مەرزەبانەوە نێرابووە سەر تەورێز، کاغەزی نووسیبوو بۆ خەڵکی شارەکە کە مەرزەبان تەماعی کردۆتە ماڵ و دەوڵەتیان، بۆیە ئەوی ناردۆتە سەریان. ئینجا کە وا بوو، لازمە خەبەر بنێرن بۆ دیسم کە بێت بە ئیمدادیانەوە و کە ئەو هات، دەیلەمییەکانی تەورێز بکوژن.

واقیعەن ئەشرافی تەورێز، بەو تەرحە حەرەکەتیان کرد و کە دیسم ڕووی کردە تەورێز، بەشێ لە کوردان کە لە مەرزەبان عاجز بوون، لێی جوێ بوونەوە و بۆ لای دیسم ڕۆیشتن. مەرزەبان کە وای زانی، بە لەشکرێکەوە ڕووی کردە تەورێز و لە نزیک شارەوە شەڕێکی لەگەڵ دیسم کرد و شکاندی. دیسم، خۆی هاویشتە ناو شارەوە و مەرزەبانیش موحاسەرەی کرد. لە پاش بەینێک دیسم بە خۆی و بەعزێ قووەتەوە، بە شەو لە تەورێز هاتە دەرەوە و چوو بۆ ئاردەوێڵ. مەرزەبان قووەتێکی بۆ موحاسەرەی تەورێز بەجێ هێشت و لەگەڵ باقی لەشکریدا شوێنی دیسم کەوت و ئاردەوێڵی موحاسەرە کرد.

دیسم لە پاش عەلی کوڕی جەعفەر، ئەبو عەبدوڵڵا محەمەد کوڕی ئەحمەد ئەلنەعیمی کردبوو بە وەزیری خۆی. مەرزەبان لەگەڵ ئەم وەزیرە خائینەدا بە دزییەوە کەوتە موخابەرە و تەرتیباتەوە. ئیبنی ئەلنەعیمی خەبەری بۆ نارد و گوتی من دیسم ئیقناع ئەکەم بۆ تەڵەبی ئاشتی، پیاوماقووڵانی شار بنێرێتە لای تۆ؛ کە هاتن، حەپسیان کە و مەهێڵە بگەڕێنەوە، تا دیسم تەسلیم ئەبێ. واقیعەن مەرزەبان وای کرد و خەڵکی شارەکە بۆ سەلامەتی پیاوماقووڵەکانیان دیسمیان مەجبوور کرد کە تەسلیم ببێ. واقیعەن مەرزەبان خراپەی دەرحەق نەکرد و لە سەر تەڵەبی خۆی، قەڵای «ترم»ی بۆ تەخسیس کرد، کە بە خۆی و عائیلەیەوە تیایا دانیشێ. بەم تەرحە هەرای دیسم بڕایەوە و ئاردەوێڵیش بە ماڵ و پارەیەکی زۆرەوە دەس مەرزەبان کەوت و ئازەربایجان لە ڕەقیب خاڵی ما.

دیسم موددەتێک لە «ترم»دا بێ غائیلە وەختی ڕابوارد، بەڵام لە دوای ئەسارەتی مەرزەبان و هاتنی لەشکری «بوویە» بۆ سەر ئازەربایجان، واه سۆزانی برای مەرزەبان بە ئومێدی ئەمەی کە ئیستیفادە لە قووەتی کورد بکا، دیسمی بانگ کرد و لەگەڵی ئاشت بۆوە و مودافەعەی ئازەربایجانی خستە عۆدەی ئەو.

دیسم قووەتێکی موناسبی کۆ کردەوە و ئازەربایجانی خستە ژێر ئیدارەی خۆیەوە و بۆ موقابەلەی لەشکری بووەیهی حازر کرد. لەشکری بووەیهی لە قوماندای محەمەد کوڕی عەبدولڕەزاقدا بوو.

ئیبنی میسکوەیهـ لە جڵدی دووەمی «کتاب تجارب الامم»دا و بە گوێرەی ڕیوایەتی دیسم، ئەم بەحسە وا ئەگێڕێتەوە:

محەمەدی کوڕی عەبدولڕەزاق کاتبێکی خۆراسانی هەبوو، زۆر لێی ئەمین بوو، کردبووی بە وەزیری خۆی و «کوڕی مەحموود»یان پێ ئەگوت. ئەم کاتیبەی لەگەڵ قووەتێکدا ناردبوو بۆ تەحسیلاتی ئازەربایجان، ئەم کاتیبە هەرچۆنێک بوو، بە خۆی و پارە و لەشکریەوە چووە لای دیسم. محەمەدی کوڕی عەبدولڕەزاق لەم خیانەتە کەوتە شوبهەوە و ئیتر ئەوەندە نەما لە ئازەربایجاندا و گەڕایەوە ڕەی (٣٤٢ هـ).

دیسم ئیش و کاری ئیدارە و وەزارەتی، تەسلیمی ئەبو عەبدوڵڵای نەعیمی و ئەلسەقری گاور کردبوو، وردەوردە قووەتی کورد و دەیلەمی لێ کۆ بۆوە و ئیدارەی ئازەربایجانی گرتەوە دەست خۆی.

ئەوەندەی پێ نەچوو کە مەرزەبان لە ئەسارەت نەجاتی بوو و «عەلی کوڕی میشکی»ش کە لە حەپسخانەی «ڕوکن ئەلدەولە» ڕایکردبوو، هاتە لای واه سۆزان و ئیتیفاقیان کرد کە دیسم دەرپەڕێنن.

دیسم ئاگای لە خەلاسیی مەرزەبان نەبوو، وەزیر ئەبو عەبدوڵڵا لە تەماعکاریی دیسم ئەترسا و بۆ خەیانەت لەگەڵی، لە فرسەت ئەگەڕا. غانمی خوشکەزای دیسمی تەفرە دا و لە ئەردەبیل هاتە لای خاڵی و داوای ماڵی ئەبو عەبدوڵڵا و کاتبەکەی لێ کرد و بە لەشکری دەیلەمی و خۆیەوە، مەغروور بوو. ئیبنی ئەلنەعیمی، بە فرسەتی زانی، عەلی ئیبنی عیسای کاتبی کوشت و هەموو پارە و ئەموالی دیسمی هەڵگرت و ڕایکردە لای ئیبنی میشکی. لەو وەقتەدا دیسم لە ئاردەوێڵ نەبوو؛ کە ئەم خەبەرەی بیست، گەڕایەوە ئاردەوێڵ، قووەتێکی کۆ کردەوە و چوو بۆ شەڕی عەلی کوڕی میشکی، کە تووشی یەک هاتن، بەرەی دەیلەمی خیانەتیان لەگەڵ کرد و چوونە لای دوشمن. دیسم لەگەڵ بەعزێ قووەتی کورد، خۆی گەیاندە ئەرمینییە و لەوێ خەبەری زانی کە مەرزەبان نەجاتی بووە و هاتۆتەوە ئازەربایجان و عەلی کوڕی میشکی ناردووە بە شوێنیا. دیسم کە ئەمەی بیست، چوو بۆ مووسڵ و لەوێشەوە چووە بەغدا بۆ لای «موعیز ئەلدەولە»، زۆر قەدر و حورمەتی گرت و واریداتێکی ساڵانەی پەنجاهەزار دیناری بۆ تەخسیس کرد. دیسم بەم تەرحە موددەتێک لە بەغدا و بە ڕەفاه و ڕاحەتی، وەقتی ڕابوارد. موعیزئەلدەولە زۆری خۆش ئەویست و «ئەخی ئەبو سالم»یان پێ ئەگوت. لە دواییدا خزم و دۆستانی لە ئازەربایجانەوە کاغەزیان بۆ نووسی و دەعوەتیان کرد. دیسم خۆی ڕانەگرت، زاتەن لە معاوەنەتی موعیزئەلدەولە مەئیووس بوو، چونکە مەرزەبان لەگەڵ ڕوکن‌ئەلدەولە ڕێک کەوتبوو و خزمایەتی پەیا کردبوو. موعیزئەلدەولە لە بەر خاتری ڕوکن‌ئەلدەولەی برای، نەیویست لەشکر بدا بە دیسم، لە بەر ئەوە، دیسم لە بەغداوە بە ئومێدی موعاوەنەت چووە مووسڵ لای ناسرئەلدەولەی حەمدانی (٣٤٣ هـ). بەینێک بێ فائیدە لەوێ مایەوە، لە پاشدا چوو بۆ لای سەیف‌ئەلدەولەی حاکمی شام. لەوێش موعاوەنەتی نەدی و گەڕایەوە ئەرمینییە لای خاجیک و ئیبنی ئەلدیرانی. مەرزەبان خەبەری زانی و بۆ خاجیکی نووسی کە بیگرێ. خاجیک گەلێ سەعی کرد، فائیدەی نەبوو. لە پاشدا بە مەجبووری گرتی و تەسلیمی مەرزەبانی کرد. مەرزەبان میلی بە چاوا هێنا و حەپسی کرد. لە دوای وەفاتی مەرزەبان، لە حەپسخانەدا کوشتیان (٣٤٥ هـ).