خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان/جڵدی 07/1

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان  (1931)  by محەممەد ئەمین زەکی بەگ
جڵدی 1

7.1. شکڵ و تەبیاتی و ژیانی کۆمەڵی کورد[edit]

ئەو عولەمای غەربە کە لەم خسووسەوە دەمێکە خەریکی پرسیار و سەرنجدانن، تەقریبەن هەموویان بە یەک زمان ئەڵێن کە بۆ شکڵ و سیمای کورد (فیزیۆنۆمی)، نموونەیەکی عموومی و شامل نییە و بە گوێرەی ئەو تەدقیقاتەی کە تا ئێستا کراوە، چوار مۆدێل دۆزراوەتەوە.

لام وایە ئەم حاڵە بە دەرەجەیەک ئەوە ئەنوێنێ کە باو و باپیری کوردی ئیمڕۆ ـ وەکوو لە فەسڵی دووەمدا باسمان کرد ـ چەند تائیفەیەکی موتتەحیدولعیرق و یەک‌زمانن و ئەمانەش ئەبێ گۆتۆ، کاسای (= کاشو)، شۆباری، نایری، مادا (مەد) و لۆللۆ بن. ئینسقلۆپەدیای ئیسلام ئەڵێ ئەو شکڵ و تەبیاتی کوردە، کە لە تەڕەف موتەخەسیسینی موستەشریقینەوە بەیان کراوە، تەنیا عیبارەت لە بڕێ ئەوانەیە کە چاویان پێ کەوتووە و هیچ یەکێ لەمانە (وەکوو دوهوسەت، خانیکۆف، دوقتۆر دانیلۆ .. و الخ نەیتوانیوە کە لە سەر ئەساسێکی عیلمیی تەواو، سرنج لە هەموو کورد و عەشائیری کورد بدا.

ئێستا جەدوەلێکی تەقریبیی باشی عەشائیری کورد بە دەستەوەیە، بە گوێرەی ئەمە، شکڵی بڵاوبوونەوەی کوردمان لە لا مەعلوومە، بەڵام ئەمە کافی نییە، ئیحتیاج بە تەدقیقاتێکی تەواو و مەشغووڵییەتێکی دوور و درێژ هەیە، کە لە سەر مەعلووماتێکی ڕێکوپێک و موتتەحید لە سەر وەقائیعی تاریخییەی باش بێ. بۆ ئەمە بەعزێ ئەسەر وە نییە نەبێ، بەڵام بەس نییە.

لە شکڵی ژیانی کۆمەڵی کورددا سێ سونفی مومتاز هەیە: گردبوونەوە لە دەوری ڕەئیسێکدا کە بەعزەن لە عونسورێکی غەریبە بووە، ئەم حاڵەتە عادەتەن بۆ کورد عەنعەنەیەکی تاریخییە، ئیتاعەتکردن بەم ڕەئیسە و ڕیعایەتکردنی بەعزێ عەنعەناتی تاریخییە و بوونی سنووفی موختەلیفە (ئەسناف و زورراع) لە ناویانا.

عەشائیری گەڕۆک کە لە زستاندا دێنە دەشتی گەرمی جزیرە و لە نزیک عەشائیری عەرەب وەقت ڕائەبوێرن، ئێستە عادەتەن نادیرە، ئەغڵەبی کوردی ئیمڕۆ یا نیوەگەڕۆکە یا بە تەواوی دامەزراون. عەشائیری نیوەگەڕۆک بە گوێرەی هەوای جێگە و ڕێگەیان هاوین ئەچن بۆ کەژ و کێو و لەوێ جێوڕێی مەعلوومیان هەیە، مەسەلەن وەکوو عەشیرەتی جاف کە گەرمیان و کوێستانی بە تەواوی دیارە.

بەشی دامەزراو و جێگیربووی کورد، ئەکسەر یا خەڵکی ئەو ناوەیان تەمسیل کردووە، یەعنی ئەوانیشیان کردووە بە کورد و ئەهالی ئەسڵییەی ئەو جێگایانە بۆ ئەمەی کە خۆیان لە شەڕی دراوسێیەکانیان بپارێزن، حاکمییەتی ئەو عەشیرەتە تازەهاتووەیان قەبووڵ کردووە. بە سووڕەتی عموومی، کورد حەز لە ژیانی دامەزراوە (حەیاتی ساکینی) ئەکا. کوردانی لای ژوورووی ئەلجەزیرە، بە فەعالییەت و قابلییەتی زراعییەی خۆیان شۆرەتیان سەندووە و لەم خسووسەوە بە سەر عەرەبی بەدەویی ئەو ناوەدا تەفەوقیان کردووە (هاندبووک، نومرو ٥٧). کتێبی «تورک لە ئاسیادا» کە لە تەڕەف وەزارەتی خارجییەی حکوومەتی بەریتانیای گەورەوە نەشر کراوە، ئەڵێ: «وا دەرئەکەوێ کە لە شیمالی مەزۆپۆتامیا دەبێتە وڵاتێکی کورد».

ئەوسافی قەومییەی عەشائیری کورد (وەکوو ئیشی، عادەتی، یاری ... و الخ)، تەنیا نەوعێک نییە و تەقریبەن لە هەر عەشیرەتێکدا کەمێ زۆرێ فەرقی هەیە. لە بەر ئەمە باسی وەسفێکی عموومیکردن لە حەقیقەت دوور ئەبێ، ئەبێ بۆ هەر عەشیرەتێ باسێکی جوێ بکرێ. مەسەلەن بۆ کوردی وڵاتی ئەریوان کە لە کوردستان دوورە، پرۆفیسۆر ئەگیازارۆف تەدقیقاتێکی عیلمیی زۆر باشی کردووە و بۆ کوردانی سلێمانیش تەدقیقاتی دوقتۆر ڕیچ و کتێبەکەی مێجەرسۆن و بۆ وڵاتانی موکری و ورمێش، ئاساری ئارا کەلیان، مۆرغان و نیکیتین زۆر مەعلووماتی باشی تیایە.

شەرەفنامە باسی بەعزێ ئافرەتی کورد ئەکا کە لەگەڵ ئیش و کاری گەورەدا خۆیان نواندووە، باخسووس لە عەشیرەتی کەڵهوڕ (کەڵوڕ)دا بەعزێکیان گەورەیی عەشیرەتیشیان کردووە. حەلیمەخانی حەکاری، عادلەخانی هەڵەبجە بەشۆرەتن. کوێخا نێرگسی شوانیش نابێ لە فکر بچێتەوە.

دەرحەق بە عادات و حەیات و ئەوساف و مەزییاتی قەومی کورد، موستەشریقین زۆر ئاساری باش باشیان نووسیوە و ئەغڵەبیان زۆر بەبێ تەڕەفی و عادڵانە باسیان کردووە. لەم خسووسەوە توول و تەفسیلدان موحتاجی نووسینی کتێبێکی جوێیە، لە بەر ئەمە بۆ ئەوانەی کە ئەیانەوێ لەم خسووسەوە مەعلووماتێکی باش پەیا بکەن، لازمە کە کتێبەکەی مسیۆ ئەلکساندەر ژابا (مەجمووعەی مولاحەزات و خەبەرات دەرحەق بە کوردستان، ١٨٦٠) و ئەسەرەکەی مسیۆ نیکیتین (دەرحەق بە کورد، بەعزێ مولاحەزە) و جڵدی بیست و یەکەمی ئینسقلۆپەدیای گەورە و کتێبەکانی مسیۆ هانری بەندەر (سیاحەت لە وڵاتی کورددا) و کاپتن هەی (دوو ساڵ لە کوردستاندا) و مێجەرسۆن (بە تەبدیل لە مەزۆپۆتامیا و کوردستاندا) و سێر مارک سایکس (دوایی واریسانی خولەفا) و الخ بخوێننەوە.

کورت و موختەسەری ئەمەیە کە هەر عالم و سەیاحێ کە کوردی دیبێ و چەند ڕۆژێکی لەگەڵ ڕابوردبێ، موحەققەق تەقدیری ئەوساف و ئەخلاقی کردووە، مەسەلەن ئینسقلۆپەدیای گەورە ئەڵێ: «وەزعییەتی ناو ماڵ و ناو عائیلە لە قەومی کورددا زۆر تەرەقی کردووە. ڕووخۆش، دڵپاک، بەنامووس و موسافرپەروەرن. ئافرەتیان لە ئافرەتی تورک و ئێرانی سەربەستترە و ڕوو لە سفوورە، بێجگە لە بەعزێ دەوڵەمەند کەس تەڕەفداری زۆر ژن‌هێنان نییە. حەز لە مۆسیقا و هەڵپەڕین ئەکەن ...».

7.2. موعتەقەدات و دیانەت[edit]

ساحێبی «تاریخی ئێرانی قەدیم» لە خسووس ئیعیتقاد و مەزهەبی ئاریی ئێران و دراوسێیەکانیان تەدقیقاتێکی باشی کردووە. بە قسەی ئەو، مەزهەبی زۆر قەدیمیی ئەقوامی ئارییە، وەکوو زمانەکەی، لەگەڵ هیندیدا یەک بووە و لە دواییدا و لە بەینی قەڕنی چواردە و نۆهەمی پێش میلاددا جوێ بووەوە. ئەم تاریخەی ئەو، لە تەقریبی تاریخی نووسرانی «وەداس» یەعنی کتێبی موقەدەسی هیندێکانە، کە بە زمانی سانسقریتی نووسراوە.

لێرەدا خیلافی ئەم تەدقیقاتە، لازمە بزانین کە موعتەقەداتی بەعزێ لە ئەقوامی ئارییە، وەکوو گۆتی، لۆللۆ، کاسای و عیلامی (کۆمەڵی زاغرۆس)، چونکە لە مەبدەئی تاریخەوە لەگەڵ سۆممەری و ئاکادی زۆر تێکەڵ بوون، لە هەموو خسووسێکەوە تابعی تەئسیراتی ئەوان بووە و موعتەقەداتیشیان لەم تەئسیرە ڕزگاری نەبووە. مەسەلەن ئەبینین لە ناو ئەمانەدا کاسای، تەبەقەی وەکوو خەڵکی بابل بوو، هەموو نەوعە مەوجوودات و موئەسسیراتی تەبیعییە نموونەیەکی ئالووهییەتیان هەبووە (فەسڵی ٣).

زەندئاوێستا (کتێبی موقەدەسی زەردەشتی)، لە خسووس موعتەقەداتی پێشووی ئەقوامی ئارییە (ماد، پارس و تەوابعی)، ئەڵێ: ئەم ئەقوامە ئیعتیقادیان بە دوو ئەساس هەبووە: خێر و چاکە و شەڕ و تاریکی. ئەوەی کە بە کەڵکی ئینسان ئەهات و فائیدەی بۆی هەبوو، وەکوو ڕزق، ڕووناکی، باران، ئەمانە لە مەعبوودی خێر و چاکە ئەزانرا و ئەوەی کە زەرەری پێ ئەگەیاندن، وەکوو نەخۆشی، مردن، وشکی، زیقەت، گرانی و ئەنواعی بەڵا لە مەعبوودی شەڕ و تاریکی ئەزانرا. مەعبوودی ئەوەڵیان ئەپەرەست و عیبادەتیان بۆ ئەکرد، لە مەعبوودی دووەم ئەترسان و بۆ ئەمەی کە زەرەریان پێ نەگەیەنێ، بەعزی دوعایان ئەخوێند کە ئەم دوعایانە لە دواییدا بوو بە سیحر و جادووگەری. بێجگە لەمەش «میثیرە» (میهر)، یەکێ لە مەعبووداتی هەرە قەدیمی قەومی ئاری بووە و حەتا ئاوێستا ئەم مەعبوودەی لە بەینی هورمز و ئەهریمەندا داناوە و بە عەقیدەی زەردەشتی، «ڕۆژ» لە تەڕەف خواوە بۆ هەڵگرتنی شەڕ و خراپە مەئموور بووە. حەتا لە زەمانی ئەردەشیری دووەمی ئەخمەندا، «ڕۆژ» حامیی خانەدانی سەڵتەنەت بووە و لە دوای ئەسکەندەری گەورە ئایینی ڕۆژپەرستی سیرایەتی کردۆتە ئەناتۆلی و یۆنان. (تاریخی ئێرانی قەدیم، لاپەڕە ٢٦)

بەعزێ لە موئەریخین ئەڵێن پەرستنی مەعبووداتی وەکوو هەورەتریشقە (وەرەثەرەغنا) و ڕۆژ (میثیرە) لەو زەمانەدا لە ناو ئاریی ئێرانیدا هەبووە. وایان زانیوە کە ڕۆژ چاوی ئاسمانە و هەورەتریشقەش کوڕی ئەوە. خولاسە ئەمانەش وەکوو ئاریی هیندی، بەعزێ عەناسریان ئەپەرەستی و لە پێش ئەوان و بە دەلالەتی زەردەشت گەیشتۆتە عەقیدەی تەوحید.

7.2.1. مەزهەبی زەردەشتی[edit]

زەردەشت کە حەقیقەت یا پێغەمبەر وەیا مورشیدێکی فەوقولعادەی قەومی ئاریی قەدیم بووە بە تەواوی مەعلووم نییە کە چ وەقتێ هاتۆتە دنیاوە و ژیاوە و خەڵکی کوێ و لە چ قەومێک بووە، کتێبی زەندئاوێستای چ وەقتێ و بە چ زمانێک نووسیوە. لەم خسووسەوە عولەما و موئەریخین ئیتیفاقیان نەکردووە. لە ناو ئەمانەدا میستر جاکسن کە لە تەدقیقاتی مەزهەبی زەردەشتیدا حەقیقەت موتەخەسیسە، لەم فکرەدایە کە زەردەشت لە نیوەی دووەمی قەڕنی حەوتەمی پێش میلاددا هاتۆتە دنیاوە و لە نیوەی ئەووەڵی قەڕنی شەشەمدا وەفاتی کردووە؛ ئەمەش قەتعی نییە؛ بەڵام بە گوێرەی ڕیوایاتی زەردەشتی، ئەبێ ئەم نەبی و مورشیدە لە قەڕنی حەوتەمدا هاتبێتە دنیاوە و لە قەراغ بەحری ورمێ دەسی کردبێ بە ئیرشاد و لە ئەواسیتی نیوەی ئەووەڵی قەڕنی شەشەمدا وەفاتی کردبێ. مستر هۆل (تاریخی قەدیمی شەرقی قەریب، لاپەڕە ٥٥٥) ئەڵێ: بە گوێرەی ڕیوایاتی قەدیمە، زەردەشت بە تەخمین لە ساڵی ٥٩٩ی پێش میلاددا هاتۆتە دنیاوە. دیسان بە گوێرەی ڕیوایاتی زەردەشتی، کوڕی «پواورشەسب» بووە. لە منداڵیدا بەعزێ شتی عەجائیبی لێ ڕووداوە و لە سەر ئەوە سیحربازەکان ویستوویانە بیکوژن، بەڵام بۆیان نەلواوە. لە بیست ساڵیدا خۆی کێشاوەتە جێگەیەکی تەنیاوە و کەوتۆتە ڕیازەتەوە. لە سی ساڵیدا و لە قەراغ ئاوی «دائیتی‌یا» کە بەعزێ گوتوویانە «ئاوی ئاراس»ە، خەڵکی بۆ ناسینی خوا دەعوەت کردووە. «جاودان موقەدەس»، زەردەشتی بردۆتە حزووری «ئاهورمەزد» ، لە دوای ئەمە، زەردەشت لە ناو خەڵکی تووران و سەکستاندا بە ئیرشاد مەشغووڵ بووە بەڵام فائیدەی نەبووە، چونکە موغانی ئەو دەورە مانیعی بوون. لە پاشدا بە ئەمری ئاهورمەزد چوو بۆ لای «ویشتاسب»ی خەڵکی حاکمی «باختەر» و لە دوای سەعی و تەقەلایەکی دوو ساڵە ئەو پادشایەی هێنایە سەر دینی خۆی ، حیمایە و یارمەتیی «جاماسب»ی وەزیر زۆر بە کەڵکی هات. لە پاشدا ئەم جاماسبە کچەکەی زەردەشتی خواست. دینی زەردەشت لە دوای قەبووڵکردنی ویشتاسب زۆر بڵاو بۆوە لە ناو تووران و ئێران و هیند و ئاسیای سوغرادا. زەردەشت لە حاڵی پیریدا و لە شەڕێکدا کە بۆ نەشری دینەکەی لەگەڵ قەومی «هیۆن»دا دەسی پێکردبوو، کوژرا. سەرداری لەشکری هیۆن، «ئەرجاسب» بوو. (ئێرانی قەدیم، لاپەڕە ٢٥٤- ٢٥٥)

7.2.2. ئایینی زەردەشتی[edit]

بە گوێرەی کتێبی «ئاوێستا» و کیتابانی تری پەهلەوی، [دنیا] لە سەر ئەم ئەساسەیە: دنیا لە دوو شت پەیا بووە: ڕووناکی و تاریکی، ئەم دوو قووەتە دائیمەن لە شەڕان و جارجار بە سەر یەکا زاڵ ئەبن. لە سەر ئەم ئەساسە عالەم بووە بە دوو بەش: لەشکری ڕووناکی و لەشکری تاریکی. سەرداری لەشکری ئەووەڵ «هورمز = ئاهورەمەزد» و گەورەی لەشکری دووەم «ئەهریمەن = ئەنگرەمینوو» بوو.

هورمز شەش معاونی هەیە کە «ئەمشەسپنتان = جاویدانانی موقەدەس»ن و لە حزووری هورمزدا ڕاوەستاون، ئینتیزاری ئەمر ئەکەن. هورمز بە واسیتەی ئەمانەوە ئیدارەی دنیا ئەکا. هەر یەکێ لەمانە حیمایەی شتێک ئەکا، مەسەلەن بەهمەن: ئاگر، ئەسفەندارمەرز: ئەرز حیمایە ئەکا. لە دوای «جاویدانانی موقەدەس» وجوودی مەجوودی تر دێ کە (بەزث = یەزد = ئیزەد)ی پێ گوتراوە و زۆرن، بەڵام هەرە مەشهووریان سێیە و هەر یەکە بۆ ڕۆژێکی مانگ مەخسووسن، ئەم «یەزت»انە دوو بەشن، ئاسمانی و زەمینی. هورمز لە سەر سەری تەبەقەی ئاسمانی دانیشتووە، هەرە چاکتری «یەزت»ی زەمینی، زەردەشتە. ئەم «یەزت»انە هەر یەکێ حیمایەی شتێک ئەکەن. بێجگە لەمانە تەبەقەیەکی تری وجوودی موجەڕڕەد هەیە.

بەرامبەر بە لەشکری هورمز ، مەعبوودی تاریکی (ئەهریمەن)یش لەشکری هەیە و معاونەکانیشی ناویان «دەئۆ»یە. ئەهریمەن لە سەر سەری ئەمانە دانیشتووە. موقابیل بە جاویدانانی موقەدەس، شەش دێو وەیا عفریت هەیە. ئیشی ئەهریمەن و ئەم دێوانە مانعبوونی چاکەیە. تاریکی و خراپە و درۆ و عوسیان و تەکەبور لە تەرەف ئەهریمەنەوە ئیجاد کراوە. هورمز حەیات و ئەهریمەن مردنی خەڵق کردووە. خولاسە بەرامبەر بە هەموو تەشکیلات و ئەساسیاتی هورمز، ئەهریمەنیش تەشکیلات و عەناسری فەعالەی هەبووە.

ئاوێستا دەرحەق بە خیلقەتی عالەم ئەڵێ: هورمز ئەووەڵەن عالەمی ئەڕواحی خەڵق کرد و سێ‌هەزار ساڵ حوکمی بە سەرا کرد و لە دواییدا ئەهریمەن لە تاریکی هاتە دەرەوە و بە زۆر داخڵی عالەمی ڕووناکی بوو... هورمز لە پاشدا عالەمی ماددی لە شەش دەورەدا و لە سێ‌هەزار ساڵا خەڵق کرد. ئینسانی لە دەوری شەشەمدا خەڵق کرد، لە پاشدا ئەهریمەنیش دەسی کرد بە خەڵقکردنی خراپە و لەگەڵ هورمزدا کەوتە شەڕەوە و سێ‌هەزار ساڵ دەوامی کرد. کە زەردەشت هاتە دنیاوە، ئەهریمەن بێ‌هێز کەوت و غەلبەی هورمز ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر بوو و تا ئەهریمەن ئەچێتەوە عالەمی تاریکی، ئەم غەلبەیە دەوام ئەکا.

بە گوێرەی مەزهەبی زەردەشت، ڕوح فانی نییە، لە دوای مردن سێ ڕۆژ دیسانەوە زەوق و ئەلەمی حەیات ئەچێژێ، لە دواییدا با ئەیبا و ئەگاتە پردی «جینوەت» و لەوێ لە حزووری سێ قازیدا محاکەمە ئەکرێ، یەعنی ئەم محاکەمەیە ئەعمالی چاکە و خراپی ئەو ئینسانە بە تەرازوو ئەکێشن و بە گوێرەی ئەوە حوکم ئەدەن. لە دوای ئەمە، ئەبێ لە پردێک کە لە قوللەی «ئەلبورز»ە تا ئاوی «دائیتیا» درێژە، تێپەڕ بێ. ئەگەر ئەو ڕۆحە ئەعمالی باش بێ، پردەکە بۆیان [پان] ئەبێ و ئەگەر گوناهکار بێ، تەنگ ئەبێ، بە دەرەجەیەکی وا کە ئەو ڕۆحە ئەکەوێتە ناو تاریکییەوە. ڕۆح ئەگەر ئەعمالی باش بێ، یەعنی سێ سیفەتی ببێ، دەگاتە عالەمێکی هەرە باش. ئەم سێ سیفەتە: نیەتی چاک، قسە و کردەوەی چاکە. ئەو عالەمەش کە داخڵی ئەبێ، «بەهەشت» (= ئەنوەهیشت)ە. ڕۆحێ کە گوناهکار بێ، داخڵی عالەمی دەرد و مەشەقەت ئەبێ. لە بەینی بەهەشت و جەهەننەمدا جێگەیەکی ناوەنجی هەیە کە ناوی «هەمەستەکان»ە و جێگەی ئەو ڕۆحانەیە کە عەمەلی چاک و خراپەیان مساوییە و لەوێ ئەبێ ئینتیزاری قیامەت بکەن. نزیکی قیامەت باسی زاتێک ئەکا کە ناوی «سائەوشیان»ە، نەجاتدەری عالەمە. هەموو ئەڕواحێ زیندوو ئەکاتەوە و دەس ئەکا بە محاکەمەی ئاخرەت. لە دوای ئەمە لافاوێکی قورقوشمی تواوە دێ و ڕووی ئەرز داگیر ئەکا و لەو وەقتەدایە کە شەڕ لە بەینی هورمز و ئەهریمەندا دەس پێئەکا و هورمز بە تەواوی غالب ئەبێ. بۆ نەجاتبوون لە دوای مردن و بۆ ئەمەی کە هەر کەسە بە قەدەر حاڵی خۆی یارییەی هورمز بدا، ئەبێ لە سێ شت لانەدا: نیەتی چاک، قسەی چاک و کردەوەی چاک ، (ئێرانی قەدیم، لاپەڕە ٢٥٢-٢٥٨)

یەکێ لە مەبادیی دینی زەردەشتیش ئەمەیە کە ئیشی هەرە باش بۆ ئینسان زەراعەت و ماڵیات پێگەیاندنە. حەتا زەردەشت ڕۆژووگرتنی لە زورراع [جووتیارەکان] مەنع کردبوو، بۆ ئەوەی کە بێ‌هێز نەبن.

لە دینی زەردەشتدا ئاو، هەوا، ئاگر و خاک چوار عونسوری موقەدەس و پاک بوو، نەئەبوو پیس بکرایە، لە بەر ئەمە ئاگر ڕەمزی زەردەشتی بوو. پیسکردنی ئاوی جاری و ناشتنی مردوو لە ئاو و خاکدا حەرام بوو. بە ئیعتیقادی ئەسحابی ئەم دینە، زەردەشت نەبی بوو، خوا قسەی لەگەڵ ئەکرد و وەحی بۆ ئەنارد (فجر الاسلام).

مەئموورینی ڕوحانی لە پێش زهووری زەردەشت، حوکم و نفووزێکی زۆر گەورەیان هەبوو، هیچ فەردێکی ئاری، حەتا لە پێش جوێبوونەوەی هیندی و ئێرانیشدا نەیئەتوانی بەبێ حزووری موغێک (وەیا هندی برەهمەنێک؟) بۆ مەعبوود قوربانی سەر بڕێ. موغ بە نموونەی عەقڵ و کەماڵ و بە تەرجومانی یەکانەی مەعبوود حیساب ئەکرا. زاهیر وایە کە لە زەمانی «داریۆس»ی گەورەدا عەقیدە و ئایینی پێش زەردەشت بە تەواوی لە ناو چووە و دینی زەردەشتی بۆتە دینی ڕەسمیی ئێران (تاریخی قەدیمی شەرقی قەریب، لاپەڕە ٥٧٧).

دەرحەق بە عەقیدەی قەومی ماد، مەعلووماتێکی قەتعی نییە. بەعزێ لە مودەققیقین ئەڵێن ڕەنگە مەزهەبی هورمزپەرستییان بووبێ و موغەکان سیحر و خورافاتێکی زۆریان تێکەڵ کردبێ و زەردەشت کە خەڵکی «مەد» بوو، ویستی ئیسلاحی بکا، بەڵام موغەکان نەیانهێشت و لە سەر ئەوە تەرکی وەتەنی کرد و چووە وڵاتی باختەر. بەڵام لە دوای ئەمە کە زەردەشت موەفەق بوو، مەزهەبەکەی لە دەوری حکوومەتی ئەخمەندا بە تەواوی بڵاو بووەوە و بووە مەزهەبی عموومی، بە تەبیعەت قەومی مەد و ئەقوامی خزمی و دراوسێی کوردستانیش لەم تەئسیرە قوتار نەبوون و داخڵی ئەم مەزهەبە بوون.

زاهیر وایە کە مەزهەبی مانی و مەزدەک تەئسیری نەکردۆتە کوردستان و خەڵکی ئەم وڵاتانە تا زهووری ئیسلامییەت لە سەر ئایینی زەردەشتی بوون، لەگەڵ ئەمەشدا تەدقیقاتی بەعزێ مودەققیقین وا نیشان ئەدا کە بەعزێ موعتەقەداتی زۆر قەدیم وەکوو بت‌پەرستی و ڕۆژپەرستی و درەخت‌پەرستیش موددەتێکی زۆر لە کوردستاندا ماوە.

وا دیارە کە دینی عیسەوی لە کوردستاندا ئەوەندە موەفەقیەتی نەبووە؛ مسیۆ هۆفمان لە ئەسەرەکەی خۆیدا ئەڵێ: ««مارماری»یەکانی ئۆرفە لە شاهگرددا لە بەینی هەولێر و کۆکادوە بووە و لە عەسری سێیەمی میلاددا بوون بە گاور، لە پێشدا خەڵکی ئەم وڵاتە بە خۆیان و قڕاڵەکەیانەوە هەموو داریان ئەپەرست و قوربانییان بۆ بتە لە مس دروستکراوەکانیان ئەکرد».

ئیشوویاب ناو قەشەیەک، لە نزیک «سمانین» لە نزیکی جەزیرەی ئیبنی عومەر بووە و لەو جێگەیەدا کە کوردەکان بۆ ئەجیننە قوربانییان سەر بڕیوە، موناسب ترێکی دروست کردووە.

بە گوێرەی موستەشریق هۆفمان، ئەو کوردانەی کە «مارسابا» کردوونی بە گاور، ڕۆژپەرست بوون.

بە گوێرەی ڕیوایەتی ئەم قەشانە، ئەو کوردانەی کە بوون بە گاور، زۆر کەم بوون. بەڵام مەسعوودی ئەڵێ: هەموو یەعقووبییەکان و گاورانی «جورگان» (لە بەینی مووسڵ و شاخی جوودیدا) کوردن. وەلحاڵ سێر مارک سایکس ئەڵێ: کورد دینی عیسەوی قەبووڵ نەکردووە (دوایی واریسانی خولەفا، ل ٤٨). لە لایەکی تریشەوە لە جەدوەلەکەیدا و لە ناو عەشائیری کورددا بەعزێ عەشیرەتی نیوە ئیسلام نیوە نەستووری وەیا نیوە ئیسلام و نیوە نەستووری و نیوە یەزیدی و نیوە گاور نیشان ئەدا. (عەینی ئەسەر، جەدوەلی عەشائیری کورد، سنفی A).

قەومی کورد لە دوای ئەمە کە بوو بە موسوڵمان، تا بەینێک بە تەواوی لەگەڵی ڕانەهات و بە تەشویق و تەئسیری بەعزێ موتەعەسیبی مەزهەبی پێشووی، جارجار بەرامبەر بە ئیسلام عوسیانی کردووە و داخڵی هەرا و دەعوای تائیفەی خارجی بووە، بەڵام لە دواییدا کە باش تێی گەیشت و زانی کە دینێکی زۆر موبارەک و تەبیعییە، بە هەموو مەعنەوییاتیەوە گرتی و لە هەموو قەومانی تر زیاتر بە سیدق و ئیخلاس دەوامی لە سەر کرد و بە هەموو قووەتی خۆی مودافەعە و خدمەتی کرد؛ هەرچەندە ساحێبی شەرەفنامە ئەڵێ کە قەومی کورد هەموو شافعی مەزهەبن، ئەولیا چەلەبیش تەئییدی ئەکا؛ بەڵام ئینکار ناکرێ کە بەشێکی موناسبیشی چ لە داخڵی تورکیا و چ لە ئێراندا مەزهەبی جەعفەری قەبووڵ کردووە و حەتا بەعزێ فیرقەی موفریتیشیان (ئەهلی حەق = عەلیوڵڵاهی) تیا پەیا بووە و حەتا بەعزێکیشی (لە وڵاتی مووسڵ و ڕووسیەدا) کەوتۆتە ئیعتیقادێکی ترەوە و «یەزیدی»یان پێ ئەڵێن. بەم موناسەبەتەوە تۆزێک باسی عەقیدەی عەلیوڵڵاهی و یەزیدی کردن لە فائیدە خاڵی نییە.

7.2.3. عەقیدەی عەلیوڵڵاهی[edit]

خەڵکی کوردستانی شەرقی (لە غەربی هەراتە)، لە پێش زهووری ئیسلامەتیدا بەعزێ عەقیدەی عەجائیب عەجائیبیان بووە و لە دوای ئەمەش کە ئیسلامیان قەبووڵ کرد، دیسانەوە وازیان لەو عەقائیدە نەهێنا و بە کەموکووڕی تەبدیل هێشتیانەوە.

خەڵکی «ئەرنیل» وەیا «ڕەمماڵ» کە لە کوردستانی شەرقیدا بوون، عەقیدەی تەناسوخیان بوو و ڕۆژیان ئەپەرست. لە دوای ئەمە کە بوون بە موسوڵمان، بە بڕواکردن بە ئالووهییەتی حەزرەتی عەلی، ویستیان عەقیدەی پێشوو ئیحیا بکەنەوە؛ ئەم پەرستشکارانی حەزرەتی عەلییە ئەڵێن: «بە گوێرەی ئەمە کە حەزرەتی جوبرائیل لە سووڕەتی «دوحیەی کەلبی»دا بینراوە، زهووری ڕوحانی لە شکڵی جسمانیدا مومکینە، کە وا بوو خوای عەزیمەششەئن (حاشا!) مومکینە حلوول بکاتە سووڕەتێکی جسمانی؛ بەم نەزەرییەیە خوای تەبارەک و تەعالا بۆ ئەمەش کە لوتفێکی گەورە لەگەڵ بەنی بەشەردا بکا، حلوولی کردۆتە جسمی موبارەکی حەزرەتی عەلییەوە».

ئەمانە لەو عەقیدەیەدان کە حەزرەتی پێغەمبەر (صلعم)یش لە تەڕەف حەزرەتی عەلییەوە مەئموور کراوە، لەم تائیفەیە ئەحمەد ناوێکیان کوتوویەتی کە ئەم قورئانەی کە بە دەستەوەیە، ئیعتیباری پێ ناکرێ، چونکە ئەو قورئانە نییە کە حەزرەتی عەلی بۆ پێغەمبەر (صلعم)ی ناردووە؛ ئەو قورئانە سووتاوە و لە تەڕەف حەزرەتی ئەبووبەکر و عومەر و عوسمان (ر.ع)ەوە ئەم قورئانی ئێستاکە ڕێک خراوە.

خولاسە، لە بابەت قورئانی عەزیمەششەئنەوە ئەنواعی درۆ و دەلەسەیان ڕێک خستووە و بەم تەرحە خەڵکیان تەفرە داوە و هەر قورئانێکیان دەس کەوتووە، سووتاندوویانە.

ئەم عەقیدەیە ئەووەڵەن لە مەحەبەتی ئەهلی بەیتەوە دەسی پێکردووە و بەرەبەرە هاتۆتە سەر ئولووهییەتی حەزرەتی عەلی و لەمەشا نەماوە و هاتۆتە سەر عەقیدەی قەدیمی ڕۆژپەرستی.

واقیعەن ئەم مەزهەبە چەوتانە، لەو عەقیدەیەدان کە حەزرەتی عەلی بەرز بۆتەوە و چۆتە ناو ڕۆژەوە و لە دوای ئەمە کە مەقسەدی تەفرەدەرەکان حاسڵ بووە و نەتیجە هاتە سەر ڕۆژپەرستی، ئایینی ئەم ئیعتیقادە قەدیمەیان ژیاندەوە و ناوەکانیان گۆڕی و داخڵی ئیسلامەتییان کرد و بە بوختانێک خەڵکیان لە خواردنی گۆشت مەنع کرد و بۆ خواردنی گۆشتی موحیببانی حەزرەتی ئەبووبەکر و عومەر و عوسمان (ر.ع) تەشویقیان کردن و ئەیکەن. ئەم عەقیدە باتڵەش (حاشا!) بە قورئان تەئیید ئەکەن.

7.2.4. عەقیدەی یەزیدی[edit]

ساحێبی تاریخی مووسڵ ئەڵێ: ئەبێ سەبەبی ناوی ئەم عەقیدەیە ئالیهەیەکی ئەم قەومی یەزیدییە بێ کە ناوی «یەزد» وەیا «یەزدان» بووە و مناسەبەتی ناوی یەزیدی، وەکوو بەعزێ موئەللیفین ئیدیعایان کردووە لەگەڵ «یەزید ئیبنی سەلما» و «یەزید»ی خەلیفەی ئەمەوییە لە عەقڵ و سەواب دوورە. لە لایەکی تریشەوە موئەرریخی یۆنانی، تیوفاینس، کە لە عەسری حەوتەمی میلادیدا ژیاوە ئەڵێ: ئیمبراتۆر هراقلیۆس لە نزیک شاری «یەزدم» ئۆردووگاهی دامەزراند. بە گوێرەی فیکری مێجەر ڕولینسۆن ئەم شاری «یەزدم»ە ڕەنگە لە نزیک «حدیاب = مووسڵ» بووبێ و ڕەنگە تائیفەی یەزیدی لەم شارەوە بڵاو بوونەوە.

ئەو بەشی کوردەی کە لەم عەقیدەدان لە تەڕەف حەلەب، وان و ئەرزڕۆمن، بەشی زۆریان لە وڵاتی مووسڵدا و لە سنجار و قەزای شێخاندان، نفووسیان نزیکی ٣٠٠٠٠٠ە (تاریخی مووسڵ) . بەعزێکیش ئەڵێن لە شاخی قەفقاسیادا و لە قەراخ بەحری قەزوین و لە شاخی ئەڵتای و لە قامچانقا و چینیشدا یەزیدی هەیە، بەڵام ئیسمیان نەوعێکی ترە.

ئەساسی دیانەتی یەزیدی، مەزهەبی «مانی»یە. بەعزێک گوتوویانە ئەچێتەوە سەر مەزهەبی زەردەشت کە ئیعتیقادی بە وجوودی دوو «ئیلاهـ» کردووە. بە گوێرەی ئیعتیقادی ئەمانە، ئەبێ عیبادەت بۆ ڕۆژ و بۆ شەیتان بکرێ، وەکوو چۆن لە مەزهەبی زەردەشتیدا ئیعتیقاد بە ئیلاهەی خێر (هورمز) و بە ئیلاهەی شەڕ (ئەهریمەن) کراوە. ئەم تائیفەیەش ئیعتیقادیان بە ئیلاهەی خێر هەیە، کە مونتەهای ڕەحمەتی نییە و بڵندترینی هەمووە، ئیعتیقادیشیان بە شەیتان هەیە کە عامیلی شەڕ و زەرەرە و لە ترسی شەڕی، نەک بۆ ئیحتیرامی، عیبادەتی بۆ ئەکەن و عوزریشیان ئەمەیە کە خوای تەعالا لوتف و مەرحەمەتێکی بێ‌نیهایەی لەگەڵ مەخلووقات هەیە، چونکە ساڵحە، زەرەر و شەڕ بە ئینسان ناگەیێنێ، بەڵام شەیتان تەبعەن شەریر و موزیڕڕە، لە بەر ئەوە ئەگەر ئینسان بیەوێ بە ڕاحەتی و دڵخۆشی بژی، ئەبێ عیبادەتی خوای ساڵح تەرک بکا، چونکە تەبعەن شەڕ و زەرەری لێ سادر نابێ و ئەبێ موحیببەتی شەیتان جەلب بکا تا تووشی ئەزیەتی نەبێ، چونکە هەر ئەوە کە ئینسان تووشی شەڕ ئەکا وەیا ئەیپارێزێ، بە ناوی مەلیکێکی گەورە؛ وەیا بە قووەت و مەقهوور لە مەبدەئی خێر، عیبادەت بۆ شەیتان ئەکەن. ئەم مەبدەئی خێرە هەزار ساڵ حکوومەت ئەکا و ئەمە ئەجەلێکی غەیرە مەحدوودە؛ لە نیهایەتی ئەم موددەتەدا ئیلاهی خێر و ئیلاهی شەڕ ئەکەونە شەڕەوە و ئیلاهی شەڕ یا غەلبە ئەکا و یا لەگەڵ ئیلاهی خێردا سوڵح ئەکا. لەم هەر دوو حاڵەدا ئەتباعی، نەفعێکی گەورە ئەبینن.

ئەم تائیفە، گەورەیەکیان هەیە «ئەمیری شێخان»ی پێ ئەڵێن و لە شێخان دائەنیشێ و نفووزێکی زۆر گەورەی بە سەر هەموو تائیفەکەدا هەیە و لە مەعییەتیدا بۆ تەبلیغی ئەمر و نەهی، ئومەرای پچووک هەیە. ڕەئیسی دینی هەرە گەورەیان «باباشێخ»ی پێ ئەڵێن و بەعزێ شێخی لە مەعییەتدا هەیە و بۆ تەبلیغی ئەمر و نەهیی دینی، باباشێخە کە ئەتوانێ فتوا بدا، ڕۆژ و نوێژ تەحدید و حەرام و حەڵاڵ تەعیین بکا. ئەم دوو مەنسەبە گەورەیە ئیرسییە.

تەقریبەن ئیعتیقادیان بە هەموو دینێک هەیە. ئیدیعای ڕاستیی مەزهەبی مانی ئەکەن. بۆ ڕۆژ، گا ئەکەن بە قوربانی. کوشتنی تەیر و حەیواناتی تر و بڕینی داری دۆڵی موبارەک، لە لایان گوناهە. لە وەقتی هەڵاتن و ئاوابوونی ڕۆژ سوجدە ئەکەن.

ژندان و ژن‌هێنان لە ساحێبی مەزهەبەکانی تر لە لایان گوناهێکی گەورەیە و بە غەیری هاومەزهەبی خۆیان بە کەس ناڵێن «برا». بە غەریب ئەڵێن «ساحێب» (موتالەعەی میس ڕۆزیتافوریس).

بەعزێ عاداتی عەجائیبیان هەیە. ڕقیان لە ڕەنگی شینە و زۆر ڕقیان لە کاهووە. حەرفی «ط» و «ش» تەلەفوز ناکەن، لە لای ئەوان ماین و ئەسپ بارکردن جائیز نییە و هەر کەسێ ڕیعایەتی ئەم ئوسوولە نەکا، تووشی جەزا ئەبێ.

ڕۆژی جەژن و زیارەتیان زۆرە، مەسەلەن هەموو ئەووەڵی چوارشەممۆی مانگی نیسانی ڕۆمی، بە دەف و زوڕنا ئەچنە سەر قەبران و لەوێ ئەخۆن و ئەخۆنەوە، نان بە فەقیر ئەدەن. ڕۆژی دووەمی پێنجشەممۆ لە «بەعشیقە»دا و لە سەر زیارەتی «شێخ محەمەد» کۆ ئەبنەوە. ڕۆژی جومعە بۆ سەماکردن لە بەعشیقەدا گرد ئەبنەوە. جومعەی دوایی دیسان بۆ سەماکردن لە دێی دەراوێشدا و لە لای قەبری حەسەن فردۆش کۆ ئەبنەوە. جومعەی سێیەم بە دەهۆڵ و زوڕنا قەبری شێخ ئەبووبەکر زیارەت ئەکەن. ساڵی سێ ڕۆژ بەڕۆژوو ئەبن.

یەزیدی سوجدە ئەباتە بەر بوتێک کە لە شکڵی تەیردایە «مەلیک تاووس»ی پێ ئەڵێن و لە لایان وایە کە ئەم ئالیهەیە لە پێش هەموو مەخلووقاتدا هەبووە و لە هەموو جێگایەکا حازرە و خدمەتکارانی بە هەموو لایەکا ئەنێرێ تا زەلالەت و ئیمان لێک جوێ بکاتەوە. ئیعتیقادیان بە تەناسوخی ئەرواح هەیە و لە بەر ئەمە لەو ئیعتیقادەدان کە ڕوئەسایان لە هەموو عەسرێکا بوون. «شێخ عودەی» لەگەڵ مەلیک تاووسدا بە یەک دائەنێن. بڕوا بە بوونی جەهەننەم و شەیاتین ناکەن و لە لایان وایە کە ئەرواحی شەریرە، وەکوو نەخۆشی، تاعوون، گرانی، مردن و ئافات تەبیعییە.

کتێبی دینییان «کتاب الجلوە» هەیە کە ئەسەری شێخ عودەیە و باسی ئوسوولی قەدیمەی یەزیدی ئەکا . لە دوای ئەمە «الکتاب الاسود» دێ کە لە ساڵی ١٣٤٢ی میلادیدا نووسراوە و باسی عەوائیدی تائیفەی یەزیدیی ئەو عەسرە ئەکا.

7.3. زمان (لیسان)[edit]

دەرحەق بە زمانی مەنزوومەی زاغرۆس، لە فەسڵی دووەم و سێیەمدا چەند قسەیەکمان کرد. بە گوێرەی تەدقیقات و فکری دوقتۆر سپایزەر، عەناسری ئەربەعەی مەنزوومەی لۆللۆ، گۆتی، کاسای، سووباری یا هووری، هەر یەکە زمانێکیان بووە و بە قەرینەی بەعزێ ئەسمائی ئەم زمانانە نزیکی یەکتری بوون. بەعزێ لە موستەشریقین ئەڵێن کە زمانی ئەم چوار قەومە لە جوملەی لیسانی ئاری بووە. بەڵام بەعزێکی تریشیان ئەڵێن زۆر ڕەنگە کە زمانی قەومانی زاغرۆسی قەدیم ، مەنسووبی لۆغەتی «قۆقازی» بێ. خولاسە ئاساری دۆزراوەی تا ئێستا بۆ حەللی ئەم مەسئەلەیە کافی نییە و موحتاجی وەسائیقی تازەیە.

لە لایەکی تریشەوە کەس نایزانێ کە زمانی ئاریی قەدیم چ نەوعە زمانێک بووە، سەبەبیشی دەسنەکەوتنی ئەسەرێکە کە بە زمانی ئاریی زۆر قەدیم نووسرابێ و ڕەنگە لەمەو لایشەوە دەس نەکەوێ. چونکە تاریخی نووسین و خوێندنی ئاری، بە گوێرەی کتێبی موقەدەسی هیندییەکان لە ١٤٠٠ی پێش میلاد بەرەو ژوورتر ناچێ.

بێینە سەر تەبەقەی دووەمی ئەجدادی کورد، یەعنی «مەد» و تەوابعی. جێگەی ئەسەفە کە دەرحەق بە زمانی قەومی «مەد»یش مەعلووماتێکی کافی نییە، موستەشریق دارمیس تیستر ئیدیعای کردووە کە ئاوێستای زەردەشت بە زمانی مەد نووسراوە، بەڵام دائیر بە زمانی مەد ئەسەرێک نەدۆزراوەتەوە تا لەگەڵ ئاوێستادا موقایەسە بکرێ و حەقیقەت مەعلووم بێ. موئەرریخی قەدیم، سترابون ئەڵێ پارسی و مادی لە زمانی یەکتری تێئەگەیشتن. بە گوێرەی ئەمە، ئەبێ زمانی «مەد» جوێ و نزیک زمانی «پارسی» بووبێ (ئێرانی قەدیم).

پرۆفیسۆر سایس ئەڵێ: مەد عەشائیری کورد بوون، لە خسووسی زمانەوە هیند و ئەورووپین. لەگەڵ ئەمەشدا زۆر ڕەنگە کە قسەی دارمیس تیستر موافقی حەقیقەت بێ. بە گوێرەی فکری موتەخەسیسین ئەبێ زەردەشت خەڵکی میدیا بووبێ و نووسینی ئاوێستای بە زمانی خۆی، یەعنی مادی، لە عەقڵ زۆر نزیکە. «تاریخی ئێرانی قەدیم» ئەڵێ: لەو کیتابە نووسراوەی دەوری ئەخمەنی و زمانی پارسیی قەدیم وا دەرئەکەوێ کە پارسیی قەدیم بۆ کیتابە و فەرمان نووسین ئیستیعمال کراوە، لە قسەکردنا زمانی پەهلەوی و یا زمانێکی نزیک پەهلەوی ئیستیعمال کراوە. پارسیی قەدیم و سانسقریتی (زمانی کوتوبی موقەدەسەی هیندی) و زمانی ئاوێستایی (کوتوبی موقەدەسەی زەردەشتی) لە زمانی موشتەرەکی ئارییەوە پەیا بووە و ئەم زمانی موشتەرەکە مەعلووم نییە کە چ نەوعە زمانێک بووە.

هەر عەینی موئەریخ، دەرحەق بە زمان و خوتەبی پەهلەوی گەلێ مەعلووماتی باش ئەدا و ئەڵێ بە قەرینە وا دەرئەکەوێ کە زمانی پەهلەوی لە ئەواخیری دەوری ئەخمەنیدا قسەی پێ کراوە و لە دەوری پارت و ساسانیشدا زمانی تەکەلوم بووە. لە دوای ئینقڕازی سەلالەی ساسانی موددەتێکی تریش لە ئێراندا و باخسووس لە تەبەرستاندا ژیاوە. ئەسەرێکی هەرە قەدیمیی نووسراو، بەم زمانە لە «فەیوم» (لە ئەولکەی میسردایە) دزۆراوەتەوە، موتەخەسیسی ئەم زمانە کە «ویست»ە، ئەڵێ: ئەبێ ئەم ئەسەرە عائید بە قەڕنی دووەمی هیجری بێ. کیتابەی دەوری ساسانی بەم زمانە ئەنووسرا. عەینی موتەخەسیس ئەڵێ: بە غەیری ئاوێستا، ئەو کیتابانەی کە بە زمانی پەهلەوی نووسراون، هەموویان لە دوای دەوری ساسانییە و ئەم کیتابانەش سێ نەوعن: تەرجومە و تەفسیری ئاوێستا (٨٢ کتێب یا ڕیسالەیە)، کتێبی مەزهەبی، غەیرە مەزهەبی .

نووسینی زمانی پەهلەوی زۆر زەحمەت بوو، چونکە نزیکەی هەزار عەلامەتێکی بووە و لە خەتی ئارامییەوە وەرگیراوە (بۆ تەفسیلی ئەم بەحسە خوێندنەوەی «تاریخی ئێرانی قەدیم» موناسبە).

دەرحەق بەم باسە جوغرافییەکەی «ملتبورن» لە مەقالەی ٥٥ی، دەرحەق بە تەعریفاتی ئاسیادا ئەڵێ: زمانی هەرە قەدیمی ئاری، زەند و پەهلەوییە. زمانی زەند لە کتێبی دینییەی ئێرانی قەدیمدا، وەکوو ئاوێستا، ئیستیعمال کراوە و لە غەربی بوخاراوە تا ئازەربایجان هەموو وڵاتانی شیمالی ئێران بەم زمانە قسەیان کردووە و ئێستاکەش وەکوو زمانێکی دینی لە ناو مەجووسییەکانا ئیستیعمال ئەکرێ. لەمە وا دەرئەکەوێ کە لە بەینی ئەم دوو زمانەدا گەلێ قەواعیدی موشتەرەکە بووە.

بەڵام زمانی پەهلەوی (وەیا پاڵەوان) زاهیر وایە کە لە عێراقی عەجەمدا و لە میدیای گەورە و وڵاتی فارسدا قسەی پێ کراوە. بەعزێک گوتوویانە کە ئەم زمانە لە سەرا و دەوائیری ملووکی ئەحفادی قیروس (= کەیخسرەوی گەورە)دا زمانێکی ڕەسمی بووە. بەم زمانە بەعزێ ئەلواحی نووسراوەی دەوری ساسانی دۆزراوەتەوە. بەڵام لە ئیعتیباری ٢١١ تا ٦٣٢ی میلادی، وردەوردە زمانی پەهلەوی لە ئیعتیبار و ئیستیعمال کەوتووە و بە ئەمری پادشا، زمانی فارس یەعنی لەهجەی ئیقلیمی فارس قەبووڵ کراوە. لە دوای ئیستیلای عەرەب و ئینقیڕازی حکوومەتی ساسانی، ئەم زمانە بەرەبەرە لە بەر چاو کەوت و لە ساڵی ٩٧٧ی میلادیدا و لە زەمانی حکوومەتی دەیلەمیدا لەهجەی فارسی قەدیم ئیحیا کرایەوە، بەڵام بەعزێ کەلیماتی عەرەبی و غەیرەی داخڵ بوو، نیهایەت عولەما و ئودەبا بەعزێ کەلیماتی تریشیان لە زمانی زەند و پەهلەوی وەرگرت و داخڵیان کرد و بەم تەرحە زمانی فارسیی ئیمڕۆ هاتە وجوود.

سێر جۆن مالقۆڵم لە ئەسەرە نایابەکەی خۆیدا (History of Parsika، جڵدی ٢، لاپەڕە ٦١) ئەڵێ: «ئەو عەشائیرەی کە لە مەنتیقەی کرمان و فارس و بەشێکی عێراق و هەموو کوردستاندان، دەلیلی هەرە بەقووەتی ئەسڵییان زمانەکەیانە، کە لەهجەیەکی توندی پەهلەوییە. لە بەینی زمانی ئەم عەشائیرەدا قووەتێکی زۆر هەیە، بەڵام ئەم فەرقە بە دەرەجەیەکی وا نییە کە لە زمانی یەکتری تێنەگەن».

لەم جیهەتەوە ساحێبی کتێبی «تاریخی ئاسوور»، سێر سیدنەی سمیت، ئەڵێ: «لەم عەسرەدا نەزەرییەی زمانی کوردی زۆر گۆڕاوە و بە گوێرەی ئەفکاری ئەو موتەخەسیسانە کە ئینسان ئەتوانێ بڕوایان پێ بکا، زمانی کوردی، لەهجەیەکی موشتەق وەیا موشەووەشی فارسی نییە، بەڵکوو زمانێکە کە تەتەورێکی حەقیقی و قەدیمی هەیە و لە زمانی فارسیی قەدیمی لەوحەکەی داریۆس قەدیمترە. ئەگەر ئەم فکرە سەحیح بێ، بە تەبیعەت عولەمای تاریخ حەقیانە بڵێن کە زمانی کوردی، لە عەسری شەشەمینی پێش میلاددا هەبووە و زمانێکی سەربەخۆ بووە».

مودەققیقی تاریخی کورد، مێجەر ئەدمۆندس لە مەقالەکەی کە لە مەجمووعەی جەمعییەتی ئاسیای مەرکەزیدا (نومرۆ ١١) نەشری کردووە ئەڵێ: «ئیتر بە تەواوی مەعلووم بووە کە زمانی کوردی، لەهجەیەکی فارسی نییە؛ بەڵکوو زمانێکی مەشهوور و سافی ئارییە و خسووسییەتێکی مومتازەی هەیە».

لە خسووس مەسئەلەی زمانی کوردییەوە لازمە تۆزێکیش گوێ لە مێجەرسۆن بگرین . ئەم زاتە کە بە قەد کوردێک کوردیی ئەزانی و لە عالمێکی کورد گەلێ زیاتر شارەزای زمانەکەمان بوو، خولاسە ئەڵێ: ئەو زمانەی کە کورد قسەی پێ ئەکا، وەکوو زۆری سەیاحینی ناو کوردستان ئیدیعایان کردووە شکڵێکی تێکەڵ و عەجائیب و بێقاعیدە و ناشیرینی لەهجەی ئێران نییە. بە عەکسی ئەم ئیدیعایە، زمانی کوردی، لیسانێکی مومتاز و سافی ئاریی لە ناوچووە و لەو زەمانەوە کە تاریخی ئێران پێچرایەوە و خەیاڵات و نەزەریات لە جێگەی ئەو قائیم بوو تا ئیمڕۆ، لە چیا سەختەکانی کورددا زۆر باش موحافەزە کرا.

لە ناو زمانەکانی شەرقی موتەوەسیتدا تەنیا ئەم زمانەیە کە بە غەیری قەبووڵکردنی بەعزێ تەعبیراتی دینییە، خۆی لە ئیختلاتی زمانی عەرەبی پاراستووە و کەلیماتی قەدیمەی ئاریمان نیشان ئەدا کە ئەم کەلیماتە ئەساسەن لە زمانی ئێرانیدا ئیستیعمال کراوە، بەڵام دەمێکە لە فکریان چوونەوە، بەڵام کورد ئێستاش قسەی پێ ئەکا. لەگەڵ ئەمەشدا، بە گوێرەی تەرتیب و نیزامی ئینقسامی لۆغەت، فرووعی ئەم زمانەش تەرەقی و ئینکشاف ئەکا و بۆ بوونی بە زمانێکی عموومیی ئیمڕۆ، ئەبێ بۆ لەهجە پێشکەوتووەکان دوو یا سێ تەلەفوزی ئەوەڵ حرووفی کەلیمات بگۆڕێ و لە دوای ئەمە شکڵی حرووف و نەحوەکەی تەعدیل و ئیکمال بکرێ بە دەرەجەیەکی وا کە کەسێک کە ئەسڵی زمانەکە یا یەکێ لە لەهجەکانی بزانێ، بتوانێ تێی بگا. چارەی ئیسلاحی فرووعی ئەساسیی زمانی ئاری کە فارسی و کوردی لێ پەیا بووە، ئەمەیە. مەعلووماتی عموومی وایە کە لە دەورێکدا زمانی کوردی و فارسی یەکێک بووە و بەرەبەرە هەر یەکێ لەمانە لە سەر خەتێکی موعەییەن تا ئیمڕۆ تەرەقی کردووە، بە گوێرەی ئەمە ناتوانین بڵێین کە کوردی لەهجەیەکی فارسییە، هەر وەکوو ناتوانین ئیدیعا بکەین کە زمانی ئیسقاندیناویا لەهجەیەکی ئینگلیزییە. بە گوێرەی ئەمە، لە زمانی ئێرانی جوێ بۆتەوە و لە هەر یەکێ لەمانە چەند لەهجەیەک پەیا بووە. ئەبینین کە بە گوێرەی لەهجەی وڵاتانی ئێران، فارسی چەند لەهجەیەکە و لە بەینی ئەمانەدا فەرقێکی زۆر هەیە، بەڵام هەموویان لە ئەساسدا فارسین، نە «لوڕی» نە «کوردی» و نە «بلووجی»ن.

زمانی کوردیش زۆر لەهجەی هەیە و چونکە بۆ تەسبیت کردنی زۆر کەم سەعی کراوە و بۆ نووسینێکی موشتەرەک هەیئەتێکی مەخسووس لەگەڵی خەریک نەبووە، بەرەبەرە بڵاو بۆتەوە و تەبدیلی کردووە و ئەم حاڵە بۆتە سەبەبی موشکیلاتێکی زۆر بۆ مودەققیقینی زمانی کوردی، چونکە نازانین کە لەم لەهجە زۆر بە فەرقانە کامیان لە ئەسڵ و حەقیقیی زمانی کوردییا بووە و ئەوانی تر لەهجەیەکی فەرعییەی ئەون.

بە گوێرەی ئەتنۆغرافی، جوغرافی و ڕیوایات و عەنعەنات و لیسانەوە عەشیرەتی «موکری»ی «سابڵاخ» ئەم هەموو شرووت و ئەوسافەی تیا هەیە و لایقە ئیمڕۆ ببێتە نموونە بۆ ناسینی عیرق و زمانی کورد. تەقریبەن قەناعەت حاسڵ کراوە کە زەردەشت بە زمانی دووایی «ماد» قسەی کردووە، لە حدوودی شیمالی وڵاتێکدا هاتۆتە دنیاوە کە ئیمڕۆ بە خاکی «موکری» ناسراوە و زمانیشی وەکوو لە زەندئاوێستادا ئەیبینین، هەرە نزیکی لەهجەی موکری وەیا وەکوو لە دواییدا تەعریفی ئەکەین، زمانی «موکری»یە.

ئەم نەزەرییەیە لە تەڕەف هوارت و دورمەستەتیر و بەعزێ موتەخەسیسی ترەوە زۆر پێش خراوە و نەتیجەی ئەمەیە کە زمانی ئاوێستایی زەردەشت زمانی کورد و مادییە و زمانی پارسیی ئەو دەورەش ئەو زمانە بوو کە لە ئاساری پێرسپۆلیس (ئیستەخر)دا نووسراوە. ئەو فەرقەی کە لە ئینکشافاتی دوایی حاسڵ بووە، ئەمەیە کە کوردی، بە عەکسی فارسی، عەدەدێکی زۆری لە کەلیماتی عەرەبی قەبووڵ نەکردووە و شکڵی ئەفعالی زیاتر تەرەقیکردووی خۆی موحافەزە کردووە.

دەرحەق بە زمانی ماد، حەیف کە مەعلووماتمان زۆر کەمە، بەڵام زەندئاوێستای زەردەشت کە موحتەمەلە لە دەوری سەڵتەنەتی خانەدانی ئەخمەنیدا نووسرابێ، زمانەکەی زۆر کەم لە زمانی میدیا فەرق ئەکا. بۆ ئیسباتی ئەمە کە زمانی کوردی موحافەزەی شکڵی ئەسڵی کردووە، میسال زۆرە و ئەم چەند کەلیمەیە دەلیلی ئەوە. دەلیلێکی تریش عەلاوەکردنی حەرفی «هـ»یە بە بەعزێ کەلیمات کە لە فارسیدا حەزف کراوە. وا دەرئەکەوێ کە فارسی «هـ»یەکەی خۆی فڕێ داوە نەک کوردی، بەڵکوو عەلاوەشی کردووە. ئاوێستا و پەهلەوی بەعزێ کەلیماتی وای تیایە وەکوو هەبخمن، هان، هین کە ئیمڕۆ لە کوردیدا مەوجوودە، بەڵام لە فارسیدا «ه»یەکەی لێ فڕێ دراوە.

کوردی سلێمانی کرمانجیی ئێستا ئاوێستا فارسیی ئێستا
گەورە مازین ماز سنگین، بزرگ
بەرز بەرز بەرەزا بلند
ماسی ماسی ماسیا ماهی
حوشتر ئوشترا ئوشترا شتر
پرد پەرت پەرەتا پل
ڕۆژ خۆر هور آفتاب
بەراز وراز ورزا گراز
مێش میش مەخشی مگس
بەرخ بەرخ وراخا برە
قسە کسە خسا حرف، سخن
ویستن ویسو واس خواستن
زانین زانن زان دانستن
من ئەز ئەزم من
(مضاف‌الیە) من منا مینا من، مرا

لەم موتالەعە کورت و موختەسەرە تێئەگەین کە زمانی کوردی، لە دراوسێیە مەشهوورەکەی، فارسی، زیاتر ڕابیتەیەکی بەقووەتی لەگەڵ زمانی ئاریدا موحافەزە کردووە. ئەم ئیزاحاتە، بۆ ئەوانەی کە بە چاوی زمانی ئارییەکی هەرە ساف تەماشای فارسی ئەکەن، بە تەواوی کافییە و ئەوانەی کە لەم فکرەدان لە تەغییراتی زمانی فارسی لە دەوری ئیستیلای ئێراندا بێخەبەرن.

ئیزاحاتی «The case of Kurdistan against Turkey» لەم خسووسەوە زۆر عەجایبە و خیلافی ئەفکاری تازەیە. خولاسەی ئەم ئیزاحاتە وایە: «زمانی فارسیی قەدیم، لەگەڵ زمانی زەندی ئێرانی و سانسقریتی هیندوستان زۆر مناسەبەتی هەیە. زمانی فارسیی قەدیم، تەقریبەن لە عەسری چوارەمی پێش میلاددا تەرک کرا. بەڵام زمانانی فارسیی تازە و پەهلەوی یاخود پارتی و میدیایی و کوردیی ئیمڕۆی لێ پەیا بووە». بە گوێرەی ئەم نەزەرییەیە ئەبێ زمانی میدیایی، سێ چوار عەسر لە دوای لەناوچوونی حکوومەتی میدیا پەیا بووبێ، کە ئەمەش لە عەقڵ دوورە و خیلافی ڕەئی عولەمای لیسانە. لە لایەکی تریشەوە ئەگەر زمانی فارسیی ئێستا چوار عەسر لە پێش میلاددا ئیجاد کرابێ، ئەم کەلیماتی عەرەبییەی کە تێیدا ئەبینین لە کوێوە و کەی تێی کەوتووە. حەقیقەت ئەمەیە کە زمانی فارسیی ئیمڕۆ وەکوو لە لای سەرەوە باسمان کرد، لە دوای غەلبەی ئیسلامییەت بە سەریاندا پەیا بووە، وەکوو لە جوغرافییەکەی ماڵتبروندا باس کراوە، ئەبێ لە دەوری تەغەلوبی «ئالی بوویە»دا بووبێ. عەینی ئەسەر لە لاپەڕە ٢٣ی حاشیەدا ئەڵێ: «قەومی پارت، لە عەسری سێیەمی پێش میلاددا کە وڵاتانی کوردستانی زەوت کرد، کوردانی مەجبوور کرد کە زمانەکەی خۆی، کە پەهلەوی بوو و لە فارسییە پەیا بووبوو، قەبووڵ بکەن، بەڵام ئەو کوردانەی کە لەگەڵ قەومی مستەولیی پارسدا زۆر لە تەماسدا بوون، لەهجەیەکی نزیک بە سانسقریتیی هیندوستانیان موحافەزە کرد و ئەو بەشەی کە دوورتر و لە غەربەوە بوو، لەهجەیەکی نزیکی ئەرمەنییان قەبووڵ کرد. لەو تاریخەوە کە سێ لەهجەی کوردی یەعنی کرمانجی، بابانی و زازایی پەیا بووە». ئەم نەزەریەی دوایی عەتف ئەکاتە سەر موتالەعەی موستەشریق مادیسۆن غرانت . ئەم موتالەعەی دواییەش دیسان لەگەڵ نەزەرییەی ئینسقلۆپەدیای ئیسلام کە خولاسەی ئەفکاری عولەمای هەرە مەشهوورە، هیچ یەک ناگرێ و بە گوێرەی ئەوە کە هیچ ناوی ئەم موستەشریقە ناهێنێ، وا دەرئەکەوێ کە ئەفکار و نەزەریاتی، مەقبوول نییە و لە حەقیقەت دوورە.

خولاسە هەرچەندە زمانی کوردی، وەکوو فارسی، زمانێکی غەربی ئێرانییە، بەڵام چ ئەسڵی و چ ئەساسیاتی لوغەوییەی، لە فارسی بە تەواوی جوێیە؛ زمانی غەربی ئێرانی – بە گوێرەی تەدقیقاتی بەعزێ موستەشریقین – دوو بەشە: شیمالی (سەروو) و جنووبی (خواروو). زمانی کوردی، بە ڕەغمی ئەمە کە لە فارسی ئەکا و ئیختلاتێکی زۆری لەگەڵی هەیە، فەرقی لەگەڵدا بە ئاشکرا دیارە. واقیعەن ئەگەر ئەو وەسائیقی زمانی کوردییە کە بە دەستەوەیە، لەو دەورەی کە زمانی فارسی مەوجوودییەت و فائیقییەتی خۆی نواند، قەدیمتر بوایە فەرقی ئەساسی بەینی ئەم دوو زمانە باشتر دەرئەکەوت. فەرقی ئاشکرای بەینی کوردی و فارسی، تەقریبەن پێنجە: تەلەفوزی، ئەساسی، شکڵی، سەرف و نەحوی.

فەرقی تەلەفوزی: ئەغڵەب لە حرووفدایە، وەکوو «ڕ» و «ڵ»ی قەڵەو و لەڕ، «د»ی دانی و گەروویی و ئەمسالی.

فەرقی ئەساسی: لە گۆڕانی لەفزەکانایە، وەکوو آتَش = ئاگر، ماهی = ماسی، نَماز = نوێژ.

فەرقی شکڵی و تەسریفی و فەرقی نەحوی (گرامەر) لە شکڵ و تەسریف و تەرکیبی کەلیمات و ئەفعال و جومەلدایە، وەکوو: فرستاد = ناردی؛ آمد = هات؛ آورد = هانی (ئینسقلۆپەدیای ئیسلام). بە نزد او رفتم = چوومە لای ئەو. (بۆ شارەزابوونی ئەم فەرقانە تەماشاکردنی «دەستووری زمانی کوردی» زۆر بەکەڵک دێ).

کوردی، لە زمانی فارسی و عەرەبی، و فارسیش لە عەرەبی بەعزێ کەلیمەی وەرگرتووە و ئیستیعمالی ئەکا. بێجگە لەمەش ئیختلاتی [ئەم] زمانە بە تەبیعەت نەتیجەی ئیختیلاتی سیاسی و ئیجتیماعی و ئیداریی چەند هەزار ساڵەیە، تەئسیر و زەرەرێکی وای بۆ ئەسڵی زمانەکە نەبووە و نابێ. زاتەن ئەگەر تەماشای زمانی ئەقوامی تریش بکەین، ئەبینین کە هەموو لە عەینی تەئسیردا موئەسیر بوون و کەم و زۆرێ، کەلیماتی زمانی غەیرەیان تێکەڵاو بووە،حەتا زمانی عەرەبیش لەم حاڵە نەجاتی نەبووە. مەسەلەن زمانی فرانسزەکان زۆر تەعبیراتی یۆنانی و بەعزێ کەلیماتی عەرەبیشی تیایە. زمانی ئینگلیزیش کە هەموومان بۆ ئیستیفادە لە عیلم و مەعریفەت هەوڵ بۆ فێربوونی ئەدەین، پڕە لە کەلیماتی لاتینی، جەرمەنی و یۆنانی. زمانی فارسیی ئیمڕۆ کەوتۆتە شکڵێکی واوە کە ئینسان ناتوانێ بڵێ کە ئەم زمانە لە فارسیی قەدیمەوە زاوە، چونکە وەکوو زمانی تورکیی پێشوو، تەنیا فێعل وەیا خەبەرەکەی لەگەڵ تاک تاک کەلیمەی فارسییە، باقی عەرەبییە و بەعزێ کەلیماتی تورکی و بلووجی و هیندی و ڕووسیشی تێکەڵاو بووە و ئەم حاڵەش، وەکوو لە سەرەوە عەرزمان کرد، نەتیجەی ئیختیلاتە و ئەمرێکی تەبیعییە، لە بەر ئەوە بۆ زمانەکە نابێتە عەیب.

لەگەڵ ئەمەشدا من لەو فکرەدام کە بە واسیتەی زۆربوونی خوێندن و خوێندەوارانەوە و بە یارمەتیی بەعزێ کتێبی باش باش وەکوو سەرف و نەحوێکی موناسیب و قامووسێکی عام و ئەمسالی، زمانی کوردی مومکینە شکڵێکی سووک و ئاسانتر پەیا بکا، نووسین و خوێندنەوەی تەوحید بکرێ، بەشی زۆری لوغاتی عەرەبی و فارسییەکەشی، بە واسیتەی دۆزینەوە و قەبووڵکردنی موقابیلەکەیان بە کوردی، ڕۆژ بە ڕۆژ کەم بێ و ئەو تەعبیرات و کەلیماتەی غەیرەیە کە گۆڕینی زەحمەتە وەیا گۆڕینی ئەبێتە سەبەبی شڵەژان و سەر لێ تێکچوون، ئەبێ وەکوو میللەتانی تر کردوویانە، کوردیش بیانکا بە ماڵ بۆ زمانەکەی و حەتا بە گوێرەی ئیحتیاجی عیلمی، زۆر موناسیبە کە بەعزێ تەعبیراتی تازەش لەم ناوەدا قەبووڵ بکرێ و بەم تەرحە زمانی کوردی زیاتر دەوڵەمەند ئەبێ.

بەعزێ کەس بە سەبەبی زۆریی لەهجەی کوردییەوە ئەڵێن لە سەر ئەساسێکی سابت و عموومی ڕۆیشتن موشکیلەیە، بەڵکوو غەیرە مومکینە؛ لام وایە کە ئەم فکرە لە دوو شتەوە حاسڵ بووە: نەزانینی تەتەوراتی لوغاتی زیندوو و نەشارەزایی لە زمانی کوردیدا.

ئـ. واقیعەن ئەگەر تەماشایەکی عیلمی ئەلیسنە بکەین، ئەبینین کە میللەتە هەرە گەورەکان کە لەم عەسرەدا شکڵێکی موتتەحید و بەهەیبەت نیشان ئەدەن، لە بەینی زمانی ئەقسام و شوعەبیا لەهجەی موهیم بووە، حەتا پێی ناوێ دوور بڕۆین، ئیمڕۆ لە بەینی عەرەبی میسر و حیجاز و سووریە و عێراقدا ئەوەندە فەرقی لەهجە زۆرە کە عێراقییەک زۆر بە زەحمەت لەگەڵ عەرەبێکی میسری یا سووریدا ئەتوانێ قسە بکا و لە ئەغڵەبی تەعبیراتیان حاڵی نابێ. فەرقی ئەنواعی لەهجەی کوردی هیچ وەقتێ لەمانە زیاتر نییە و تا مەعاریف زیاتر بڵاو بێتەوە، ئەم فەرق و فرووقە کەم ئەبێتەوە. دەلیلێکی ئاشکرای ئەم قەناعەتەش زمانی موەحەدی ئینگلیز و فرانسز و ئەڵمانی ئیمڕۆیە.

ب. ئەگەر ساحێبی ئەو نەوعە ئەفکارە دەرحەق بە ئەنواعی لەهجەی کوردی مەعلووماتێکی تەواویان ببوایە، شوبهە نییە کە ئەم فکرەیان تەسحیح ئەکرد. چونکە وەکوو ئەوان تێگەیشتوون فەرقی بەینی لەهجەکان بە دەرجەیەکی وا نییە، کوردێکی خەڵکی سلێمانی ئەتوانێ لەگەڵ کوردێکی لوڕ یا گۆران یا بادینان قسە بکا. باخسووس بەعزێ لە لەهجەکان زۆر نزیکی یەکترن. مەسەلەن ئێستاکە لەهجەی کوردی شیمالی غەربی و جنووبی غەربی ئێران بە تەواوی لە یەک فەرق ناکرێ. مەعلوومە کە لەهجەی کوردیش چەند نەوعێکە و بەشی زۆری «کرمانجی»یە. بە گوێرەی شەرەفنامە قەومی کورد عیبارەتە لە چوار قۆڵی گەورە: کرمانج، لوڕ، کەلهوڕ و گۆران.

لەمانە بەشی لوڕ زۆر موحتەمەلە کە لە کۆمەڵی جنووبی غەربی (ئۆ. مان) و کۆمەڵێکی جوێ بن.

گۆرانی زەهاو، وەک هەورامیی سنەی قەومیان و زازا ... و الخ، بە لەهجەی شیمالی غەربی قسە ئەکەن و ئەم لەهجەیەش لەگەڵ کوردی فەرقێکی گەورەی هەیە، مەسەلەن گۆران ئەڵێ: هەری؛ زازا ئەڵێ: هیرەی؛ بەڵام کورد ئەڵێ: سیە. بە گوێرەی تەدقیقاتی موستەشریق ئەدریس، زمانی زازا لە زمانی قەدیمی دەیلەمییە و ئەم فەڕزییەش بە نەزەر ڕیوایاتی هەورامییەکان ئەبێ ڕاست بێ (مێجەرسۆن).

دیسان شەرەفنامە ئەڵێ کە عەشائیری کەلهوڕ لە بەینی سنە و لە کرماشان و زەهاودان و تەعبیری کەلهوڕ بە گوێرەی شەرەفنامە ئەبێ تەوافوقی کۆمەڵی کوردی غەیری کرمانجی وڵاتانی سنە و کرماشان بکا. ئەم لەهجەیە لە تەڕەف موستەشریق ئۆ. مانەوە تەدقیق کراوە بەڵام هێشتا نەشر نەکراوە. بە گوێرەی ئەو ئیزاحاتەی کە ئەم موستەشریقە لە کتێبەکەیدا داویەتی، ئەبێ ئەووەڵ جڵدی کتێبەکە دەرحەق بە لەهجەی مەنتیقەی جنووبی کرماشان بێ، کە کرماشانی، کەلهوڕی، لەکی، باهراوەندی، نانەکەلی و گوڵەیی داخڵی ئەم قیسمەیە.

جڵدێکی تری دائیر بە لەهجەی سنە و کرند و گەڕووس (بیجاڕ و شەرقی سنە)یە. ئەو خەڵکەی بەم زمانە قسە ئەکەن بە خۆیان ئەڵێن کورد، وەیا بە ناوی عەشیرەتاکانیانەوە یاد ئەکرێن. لە نزیکی لوڕستان (لە لەکستاندا) لەهجەی جنووبی کوردی بە لەکی مەشهوورە. لە سەڵماس و فارسیشدا عەشایری لەک هەیە، بەڵام زمانی کوردی عەشیرەتی «کەلون ـ عەبدۆ»ی فارس ـ بە گوێرەی تەدقیقاتی ئۆ. مان لەکییە.

لەهجەی جنووبی کوردی غەربی ئێران، عادەتەن لە شکڵی زمانی کوردی چۆتە دەرەوە. مەوجوودییەتی ئەم لەهجەیە غەیری کرمانجییە، ڕەنگە تەسبیتکردنی مەسئەلەی «کاردۆ = کارتیوی»ی قەدیمە کەمێ ئەهمیەتی بێ.

ئێمە ئەسڵی کەلیمەی کرمانجی نازانین، ئایا ئەمە لە تەرکیبی کەلیمەی «کورد» و ناوی عەشیرەتێکی میدیایە یان نا؟ لە وڵاتانی کرمانجدا ڕەنگە لە یەک جێ دوو کۆمەڵە زمان بێ: کرمانجی شەرقی (یاخود جنووبی شەرقی) و کرمانجی غەربی. سەرحەد و سنووری ئەم دوو بەشە هێشتا بە تەواوی مەعلووم نییە. کرمانجی شەرقی لە وڵاتی موکری و بەینی عەشائیری دیجلەدا یەعنی لە مەنتیقەی زێی کۆیە، شەتی ئەدهەم و دەوری سیرواندا قسەی پێ ئەکرێ و لەهجەیەکی ساف و بەلیغە و لە خسووس ئەشکالی و عەدەدی کەلیماتیشەوە زۆر دەوڵەمەندە. کرمانجی غەربی، عیبارەتە لە ئەسڵی زمانی کرمانجی و بەعزێ تەغییراتی مەحەللی. کوردی وڵاتانی دیاربەکر، ماردین، بۆتان، بادینان، حەکاری، ورمێ، ئەرزڕۆم، ئەریوان، ئەناتۆلی و کوردی وڵاتی خۆراسان بەم زمانە قسە ئەکەن. وا دیارە کە کوردانی شیمالی سووریە بە ئەنواعی لەهجە قسە ئەکەن و لە ناو زمانەکەیانا بەعزێ کەلیمەی تورکیش هەیە. ئەولیا چەلەبی ئەڵێ: زمانی کوردی پانزە نەوعی هەیە: زازا، لۆلۆ، حەکاری، عوەینەکی، مەحموودی، شێروانی، جەزیرەوی، پسانی، سنجاری، حەریری، ئەردەڵانی، سۆرانی، خالەتی، چکوانی، عیمادی، ڕۆزیەکی (جڵدی ٤، لاپەڕە ٧٥).

کتێبی غراماتیکای پرۆفیسۆر غارزۆنی، لەهجەی عیمادییە لە زمانی بتلیس و لەهجەی جووڵەمێرگ لە لەهجەی بۆتان و سلێمانی جوێ ئەکاتەوە. مێجەرسۆنیش لە غرامەری کوردیدا دەرحەق بەم سونفانە تەدقیقاتێکی باشی کردووە.

ئەم تەقسیماتەی خوارەوە خولاسەی تەدقیقاتی زمانی کوردییە:

١. بەشی ئێران:

أ. لەهجەی سنە، کرماشان: موستەشریق لەرچ لە کتێبەکەیدا باسی نوسخەیەکی گوڵستان ئەکەن کە بە لەهجەی سنە نووسراوە، بێجگە لەمەش گەلێ موستەشریق لەم خسووسەوە تەدقیقیان کردووە.

ب. لەهجەی شاخی و بڵاوە: لەهجەی گەڕووسەکانی خواجەوەندی مازەندەران، کالۆن عەبدۆی فارس، کوردی خۆراسان و تەهرانە، لەهجەی ئەم بەشی دواییە نزیک لەهجەی ئەرزڕۆمە.

٢. کرمانجی شەرقی: لەهجەی سلێمانی و موکرییە.

٣. کرمانجی شیمالی و غەربی: لەهجەی کوردی ئەریوان، زمانی کوردانی باروکلی دەوری ئارارات و وڵاتی ئەرزڕۆم و بایەزید، ئورمییە، حەکاری، شەمدینان، بادینان، بۆتان، تۆرعابدین، ماردین، دیاربەکر، شیمالی سووریە.

موتەخەسیسی زمانی کوردی، مێجەرسۆن، لە خسووسی زۆریی لەهجەی کوردی و فەرقیان لەگەڵ یەکدا ئەڵێ  : بێجگە لە زمانی موکری و قۆڵەکانی، گەلێ زمانی تر لە کوردستاندا هەیە و ئەوانەی کە قسەی پێ ئەکەن بە خۆیان ئەڵێن کورد. لەمانە هەرە موهیمیان زازایە کە کوردێکی زۆر لە شیمالی دیاربەکردا و لە دەوری ئەرزنجان و لە بەعزێ جێگەی تری ئەناتۆلیدا قسەی پێ ئەکەن. ئەمانە قەومێکی دڕی کێوین، کوردێکی کەڵەگەت و ئێسقان‌ئەستوورن، بە زمانێکی وا قسە ئەکەن کە سافی ئارییە و کۆزمانی موکری و ئەمسالی، لە عەینی شوعبە نییە، نەوعە لەهجەیەکە لە زمانێکی زۆر قەدیمدا کە لە فارسیی قەدیم جوێ بۆتەوە. لەگەڵ ئەمەشدا ئەبێ بە چاوی زمانێکی ئاریی ساف تەماشای بکرێ و لە فارسی زیاتر، نزیکی کوردییە و بە کوردیزانێک زۆر غەریب ئەبینرێ و زازاکان ئەساسەن ساحێبی زمانێکی موزاعەفن.

لە دوای ئەمانە خەڵکی قەزای سعرد دێ کە زمانێکی عەجایبیان هەیە و لە ناویان زۆر کەلیمەی ئارامی مەوجوودە. بەم لەهجە بەعزەن «گاڤرانای» وەیا زمانی گەوەری پێ ئەڵێن کە ئەم گەوەرە لە وڵاتی حەکاریدا قەزایەکی نزیک حدوودە. ئەم لەهجەیە خەلیتەیەکی کوردی کلدانیە، ڕەنگە زمانی قەدیمی گاورانی ئەو ناوە بێ کە لە دواییدا بوون بە ئیسلام. لە نزیک ساسۆن عەشیرەتێکی پچووک هەیە باڵکی پێ ئەڵێن کە نە ئیسلام و نە گاورە و بە لەهجەیەکی عەجائیب قسە ئەکا کە خەلیتەیەکی کوردی و عەرەبی و ئەرمەنییە و لە گەلێ جێگەی تری کوردستاندا بەعزێ عەشائیر و ئەهالیی غەریبە هەیە کە نەتەوەی ئەسڵی خۆیانەوە بەعزێ کەلیمەیان داخڵی لەهجە تازەکەیان کوردی کردووە.

خولاسە زمانی ئەسڵی، ئەو زمانەیە کە کورد قسەی پێ ئەکات و عیبارەتە لە بڕێ کوردی و کرمانجی و لەم دوو زمانە هەرە مەقەبووڵ و باشیان، زمانی «سابڵاغ» (= ساوجبڵاق)ە. لە پێشدا لە بایەزید بەعزێ عەشائیری حەکاری هەبوو و ئێستاش لەوێدا بەعزێ کاتب و ئەدیبی کورد هەیە کە لە موخابەرات و لە شێعر و ئەدەبیاتدا زمانی ئەسڵیی خۆیان ئیستیعمال ئەکەن.

ئەم بەشی لای ژووری کوردستانە، کە عیبارەتە لە بڕێ شیمالی وان و ئورمییە، بە گوێرەی زمانیانەوە ئەسقۆچیای کوردن. قسەکانیان ڕەق و توند و لە لەهجەی جنووب دوورە، چونکە لە لای ئەمانە «ب»یەکی ئاری هەیە کە لە تەڕەف کوردی جنووبەوە کراوە «و»یەکی نەرم. لە لەهجەی شیمالیدا «پ» بە شیددەت تەلەفوز ئەکرێ و لە بەعزێ جێگەی تریشدا شیددەتی تەلەفوزی هەیە. لەگەڵ ئەم فەرقی تەلەفوزە بەعزێ ئیختلافی نەحویش هەیە و بیلخاسە لە ئەفعالدایە و ئەم فەرقە گەیشتۆتە دەرەجەیەکی وا کە هەر قیسمێکی موحتاجی تەدقیقاتێکی جوێیە. خولاسە ئەم فەرقانە وای لێ کردووە خەڵکی سلێمانی زەحمەت لە زمانی خەڵکی ئەرزڕۆم تێئەگەن، وەلحاڵ هەردووکیان لە ئەساسدا بە زمانی کرمانجی قسە ئەکەن.

بەم فەرق و فرووقە، بە واسیتەی ئیستعمالکردنی بەعزێ کەلیمەی فڕێدراو، لە لەهجەکانی تر زیاتر بووە. لەهجەی قیسمی شیمالی، بەعزێ کەلیمەی موحافەزە کردووە کە ئەم کەلیماتە لەو لوغاتانەی کە «موکری» لە وەسەتی ئێرانەوە وەریگرتووە کۆنترە. لە عەینی وەقتدا ئەبینین کە کرمانجی شیمالی بەعزێ کەلیمەی ون کردووە و لە جێگەی ئەوانە بەعزێ کەلیماتی تری لە تورکی و کلدانی وەرگرتووە. مەسەلەن:

کرمانجی شیمالی بە «گوم» ئەڵێ «دکز» (تورکییە)، موکریانی و ئەوانی تر ئەڵێن «کوڵاوە».

کرمانجی شیمالی بە «پاپۆڕ» ئەڵێ «گومی» (گەمی تورکییە)، موکریانی و ئەوانی تر ئەڵێن «کەشتی» (فارسییە).

کرمانجی شیمالی بە «زەوی» ئەڵێ ئەرز (عەرەبی و تورکی)، موکریانی و ئەوانی تر ئەڵێن «زەوی».

کرمانجی شیمالی بە «قوڕقوڕاگە» ئەڵێ «کرتیک» (تاتاری)، موکریانی و ئەوانی تر ئەڵێن «گەلۆ، گەروو».

خولاسە لە باتی بڵێ «ئەنووسم»، ئەڵێ: «یارمش ئەکەم»، سەبەبیشی ئەوەیە کە خەڵکی دێهاتی، فیعلی «نووسین» ئەزانن و ئیستیعمالیشی ئەکەن.

ئەم خسووسیاتە و ئیستیعمالی کەلیماتی غەریبە و تەلەفوز، فەرقی بەینی لەهجەکانی زۆر کردووە. ئەم کەلیماتی خوارەوە میسالێکی ئەو فەرقانەیە:

«ئاو»ی کوردی لە شیمالدا بۆتە «ئاب»، بە کوردیی سلێمانی «ئاو»

«وەفر»ی کوردی لە شیمالدا بۆتە «بەرف»، بە کوردیی سلێمانی «بەفر»

«خوری»ی کوردی لە شیمالدا بۆتە «هوری»، بە کوردیی سلێمانی «خوری»

«کاکەز»ی کوردی لە شیمالدا بۆتە «کاکەت»، بە کوردیی سلێمانی «قاقەز»

«دان»ی کوردی لە شیمالدا بۆتە «ددان»، بە کوردیی سلێمانی «دان»

«خوشک»ی کوردی لە شیمالدا بۆتە «خوالیک»، بە کوردیی سلێمانی «خوشک»

«کچ»ی کوردی لە شیمالدا بۆتە «خز» (قزی تورکی)، بە کوردیی سلێمانی «کچ»

«تاو»ی کوردی لە شیمالدا بۆتە «تاف»، بە کوردیی سلێمانی «ڕۆژ»

«ئووی»ی کوردی لە شیمالدا بۆتە «ئەویش»، بە کوردیی سلێمانی «ئەوێ»

«پیاو»ی کوردی لە شیمالدا بۆتە «مێر»، بە کوردیی سلێمانی «پیاو»

«میل»ی کوردی لە شیمالدا بۆتە «ئەستۆ»، بە کوردیی سلێمانی «مل، ئەستۆ»

«نویستوو»ی کوردی لە شیمالدا بۆتە «راکوا»، بە کوردیی سلێمانی «نوستوو»

لەم نەوعە کەلیماتە زۆر هەیە.

لەمەو پێش لە ئەردەڵاندا بە نەوعە زمانێک قسە ئەکرا کە لە زمانی هەورامی ئەچوو. بەڵام لە دوای ئەوە کە عەشائیر لە گەڕۆکی وازیان هێنا و میقدارێکی زۆر لە کوردی شیمالی بە ئەمنیەت و ڕەفاهی ئەردەڵان موجاب بوون و هاتنە ئەوێ و دانیشتن، لەهجەش گۆڕا و زمانی ئەردەڵانیی ئیمڕۆی لێ پەیا بووە کە تا دەرەجەیەک لەهجەیەکی موکرییە و زۆر فەرقی نییە؛ لە بەشی لای ژووری ئەردەڵانیشدا خەڵکێکی زۆر هەبوو کە هیچ بە لەهجەی فەرعی ئەردەڵانی قسەی نەئەکرد و زمانی قەدیمیی خۆی موحافەزە کردبوو. لەهجەی سنە و ئەتڕافی بە ناوی کوردستانی شۆرەتی سەندووە و زمانێکی شیرینە، بە واسیتەی قەبووڵکردنی بەعزێ کەلیماتی فارسییەوە گەلێ پێش کەوتووە و بڵاو بۆتەوە.

بەشی خوێندەواری خەڵکی سنە و سلێمانی، لە لەهجەی کۆنی ئەردەڵان تێئەگەن و لە بەر جوانیی شێوەکەی و ڕێکوپێکی، بۆتە زمانی شێعر و ئەدەبیاتی کوردستانی جنووبی. لە حەقیقەتدا لەهجەیەکی کوردی نییە، بەڵکوو نەزیرێکی گۆرانی و هەورامییە و لە تەکامولی فارسیی قەدیم پەیا بووە.

زمانی هەورامی ڕەنگە زمانی تاجیک بێ کە بەینێک لە ئێرانی مەرکەزیدا و ئیحتیمالەن لە کوردستانی جنووبیدا لە تەڕەف قەومێکی موهاجری ئێرانەوە یا لە تەڕەف قەومێکی مەحەللی غەیری کوردەوە قسەی پێ ئەکرا.

هەورامان وەکوو گۆرانی دێهاتی، زمانەکەی خۆی موحافەزە کردووە و ئیمڕۆ بۆتە زمانێکی موئەسیر و شیرین و نەغمەدار و لە هەورامان و پاوە و پاڵنگان و ئەتڕافی قسەی پێ ئەکرێ و کورد تێی نەگا.

زمانی کرمانشاه لەگەڵ زمانی کەڵهوڕ لەهجەیەکی تەواوی کوردی نییە و زۆر زۆر لە زمانی لەک ئەکا کە ئەبێ فەرعێکی زمانی ئێرانی بێ. لە لایەکی تریشەوە زۆر فەرقی لەگەڵ فارسی هەیە و لە کوردی نزیکترە و مومکینە کە پێی بڵێین زمانی «کورد-لەک». شکڵی ئەفعالی نە لە تەسریفی لەک و نە لە تەسریفی کوردی ئەکا، لە ئیسمدا دائیمەن شکڵی جەمع ئیستیعمال ئەکا و نیوەی لەکییە. لە تەرتیبی جوملەدا ئەغڵەب قاعیدەی زمانی لەک تەعقیب ئەکا و بەعزێ جاریش قاعیدەی کوردی.

١. زۆر پێویستە کە لەم باسی زمانەدا تۆزێکیش قسە لە زمانی لوڕ بکەین. چونکە ئەغڵەبی موستەشرقین لەبەر شوبهانی زمانەکەی بە فارسی، قەومی لوڕ بە ئەقوامی ئێرانییە دائەنێن و لە بەر ئەوە ئینسقلۆپەدیای ئیسلام ـ وەکوو لە سەرەوە دیمان ـ باسی زمانی لوڕ ناکا. واقیعەن لە فەسڵی ئەووەڵی ئەم قیسمەدا و لە سرەی کوردی ئێراندا بە چەند دێڕێک زەعفییەتی ئەم نەزەرییەیەمان نیشان دا.

قەومی لوڕ، ئەساسەن چوار بەشە: لوڕی ئەسڵی (لوڕی بچووک = فەیلی)، مامەسەنی، کۆهگیلۆیی، بەختیاری). زمانی بەشی ئەووەڵ، یەعنی فەیلی، بێشوبهە کە لە فارسی زیاتر، نزیکی کرمانجی شەرقییە و خۆشیان ئەمە ئەزانن و لە کوردیی خۆیان شوبهە ناکەن.

لە ساڵی ١٩١٦دا بە وەزیفەیەکی ڕەسمی چووبوومە لوڕستان و لە لای والیی پشتکۆهـ موددەتێک مامەوە و بەعزێ تەدقیقاتی قەومی و ئیجتیماعیم کرد. ئەغڵەب بە کوردی قسەم لەگەڵ والی و مەعییەتیدا ئەکرد و بە ئاسانی تێم ئەگەیاندن و تێیان ئەگەیشتم و لام مەعلووم بوو کە فەرقی زمانی کرمانجیی شەرقی لەگەڵ زمانی فەیلیدا لە فەرقی زمانی کرمانجیی غەربی زۆرتر نییە (تەماشای جەدوەلەکەی خوارەوە بکە).

بێینەوە سەر زمانی سێ بەشەی تر. ئینسقلۆپەدیای ئیسلام ئەڵێ لە زمانی ئەم لوڕانەدا بەعزێ کەلیمە هەیە دەشوبهێتە فارسیی ئیمڕۆ، لە لایەکی تریشەوە لە تەلەفوزدا بەعزێ تەرکیب و حرووفی هەیە کە لە فارسی ناکا.

«می‌کنم» فارسی لە زمانی لوڕدا بووە بە «ایکنم»

«می‌خرم» فارسی لە زمانی لوڕدا بووە بە «ایخرم»

«ادم» فارسی لە زمانی لوڕدا بووە بە «ادوم»

«پل» فارسی لە زمانی لوڕدا بووە بە «پیل»

«می‌دهم» فارسی لە زمانی لوڕدا بووە بە «ایدهم»

«خانە» فارسی لە زمانی لوڕدا بووە بە «خونا»

«جامە» فارسی لە زمانی لوڕدا بووە بە «جوا»

«ایشان» فارسی لە زمانی لوڕدا بووە بە «ایسا»

«آنها» فارسی لە زمانی لوڕدا بووە بە «ایگال»

«این را گرفت» فارسی لە زمانی لوڕدا بووە بە «یوناگرت»

ئەگەر بەعزێ لەم کەلیمانە لەگەڵ زمانی سلێمانیدا موازەنە بکەین، ئەبینین فەرقی کەمترە.

کوردی سلێمانی «ایکنم»ی لوڕی، ئەڵێ: «ئەیکەم»

کوردی سلێمانی «ایدهم»ی لوڕی، ئەڵێ: «ئەیدەم»

کوردی سلێمانی «یوناگرت»ی لوڕی، ئەڵێ: «ئەمەی گرت»

کوردی سلێمانی «ایخرم»ی لوڕی، ئەڵێ: «ئەیکڕم»

تەلەفوزی «خانە» بە «خونا» لام وایە نەتیجەی ئیختلاتی دائیمانە لەگەڵ ئێرانییەکانایە، واقیعەن عەجەم لە قسەکردنا بەعزێ دەفعە حەرفی «ئەلف» ئەکا بە «و»: نان = نون، آنها = اونها، جان = جون ... الخ.

ئەم فەرقە و ئەم موشابەهەتە کافی نییە، چونکە ئەووەڵەن: زۆر مومکینە کە ئەم موستەشریقانە لە وەقتی سوئال و جەوابیانا لەگەڵ خەڵقی لوڕستان تووشی بەعزێ سەهو و غەڵەت بووبن، باش حاڵی نەبووبن و شکڵێکی ناڕاستی کەلیمەکەیان زەبت و قەید کردبێ. سانیەن: بە تەواوی شارەزای ئەقسامی زمانی کوردی نەبوون و بە عیلمێکی ناقس حوکمیان دابێ. واقیعەن ئەگەر بەعزێ کەلیماتی فارسی و لوڕی تەماشا کەین و لەگەڵ فرووعی زمانی کوردیدا موقایەسە بکەین، ئەبینین کە موشابەهەتی ئەم فرووعانە بە فارسی لە لوڕی زیاترە:

فارسی لوڕی (فەیلی) لوڕی (لەکی) هەورامی کرمانجیی شەرقی (سلێمانی) کرمانجیی غەربی (بادینان)
برو بچوو بچۆ لووە بڕۆ هەرە
بنشین بنیش بنیش بنیشەرە دانیشە ڕوونی
بالا ئەوبان بان سەر سەروو زوور = سەر
انگبین عسل عسل هەنگوین هەنگوین رەهەنگەوی =هەنگوین
خربزە شامی خروزە شووتی شووتی زیش = شمتی = زەیەش
انجیر انجیر انجیر هەنجیر هەنجیر هەژیر
ارمود ئەرمود ئەمرود هەرمێ هەرمێ اسگرک = هەرمێ
سیب سێو سیڤ سیڤ سێو سەو
اسب ئەسپ ئەسپ ئەسپ ئەسپ حەسپ
جو جەوە جەو یەو جۆ جە
می‌آیم ئەیتم نەنیم منمەو یەم دەیم
برخیز ئەلس فیری هورزە هەڵسە ڕابە = هولو
انگور ئەنگور ئەنوور هەنگور ترێ ترا = تەری
گوسفند می می مەڕ مەڕ پەز
مویز مەوێژ مەویژ مێوژ مێوژ مێوژ
می‌فروشم ئەفروشم مەفروشم ورەتا ئەفرۆشم فرۆشم
امروز ئەمرۆژ ئیمڕۆ ئارو ئیمڕۆ ئیرۆ = ئەڤرۆ
امشب ئیمشەو ئیمشەو ئیمشەو ئیمشەو ئیشەو = ئیشەڤە
نمی‌دانم نازانم نازانم مزانو نازانم نزانم = نوزانم

وەکوو لەم جەدوەلەدا نیشانمان دا، لە بەینی دوو بەشی کرمانجی (لەهجەی سلێمانی و بادینانی)دا فەرقی ئەوەندە نییە، تەنیا لە بەعزێ کەلیمە و تەسریفی بەعزێ ئەفعالدایە، مەسەلەن کرمانجی شەرقی فیعلی «هەڵسان» وا سەرف ئەکا: هەڵسا (مازی)، هەڵئەسێ (موزارع)، هەڵسە (ئەمر). وەلحاڵ بادینانی لەباتی «هەڵسان» ئەڵێ «ڕابین» و وای سەرف ئەکا: ڕابوو (مازی)، دەڕابیت (موزارع)، ڕابە = هەڕو (ئەمر). کرمانجی شەرقی ئەڵێ: دانیشتن، دانیشت، دائەنیشێ، دانیشە؛ بادینانی ئەڵێ: ڕونیشتن، دیرونیت، ڕوونە.

ئەگەر ئەم جەدوەلە ـ کە نموونەیەکی پچکۆلەیە ـ باش سەرنجی لێ بدرێ، ئەبینرێ موشابەهەتی زمانی فەیلی و لەک لەگەڵ ئەقسامی کوردیدا لە فارسی زیاترە و لە بەر ئەمە تەنیا لە بەر موشابەهەتی کەمی زمانەکەی، نابێ لوڕ بە ئێرانی حیساب بکرێ. زاتەن وەکوو لە فەسڵی ئەووەڵدا گوتمان بەشێکی موستەشریقین، لوڕ لە قەومی کورد جوێ ناکەنەوە.

دەرحەق بە زمانی سنە و هەورامی، ئینسقلۆپەدیای ئیسلام ئەڵێ: زمانی موکری (کرمانج) تا بانە و سەقز دێ، لەوێ تەجاوز ناکا. لە جنووبی ئاوی «جەغاتوو»ەوە (خوڕخوڕە و تیلەکۆ)، لەهجەی کوردستانی دەس پێئەکا و تا جنووبی وڵاتی سنە ئەچێ و بەڕاستی ئەبێ ئەم زمانە بە ئوسوولێکی عیلمی زۆر باش تەدقیق بکرێ.

زمانی مەریوان، وەکوو زمانی جافەکان بە تەواوی کرمانجییە. لەهجەیەکی غەیری کوردی لە هەر دوو هەوراماندا هەیە و قسەی پێ ئەکرێ و «هەورامی»ی پێ ئەڵێن و لە لای خەلق بە «ماچۆ» مەشهوورە. لە بەعزێ دێهاتی پاوەشدا هەر بەم زمانە قسە ئەکرێ. لە دێهاتی عەشایری گەورەی گۆران (لە شیمالی زەهاو)دا و لە دێی «کاندوڵا» لە بەینی دینەوەر و کرماشاندا و بەعزێ دێی تر و لە «دەرسیم»دا زمانی زازا هەیە کە ئەویش لە لەهجەی هەورامییەوە وەرگیراوە. بە گوێرەی تەدقیقاتی ئۆ. مان ئەم هەموو زمانانە (لەهجەی ئێرانی مەرکەزی) لە سرەی سامانی، کوهرودی، ماهەلەلاتی ... و الخدا ئەبێ دابنرێ.

دائیر بە لەهجەی سنە، وەسیقەیەکمان بە دەستەوە نییە، بەڵام زمانی هەورامی (= گۆرانی)، بە گوێرەی غەزەلیاتی و داستانە موهیج و پڕ مەعناکانی شوبهە ناکرێ کە ئەدەبیاتێکی واسیع و شیرینی هەیە. والیی ئەردەڵان لە سەرای خۆیدا بە سووڕەتی خسووسی تەشویق و تەشجیعی شێعر و ئەدەبیاتی ئەم زمانە ئەکا و بێ‌شک ئەم لەهجەی شێعرە، لە زمانی خەڵق جوێیە.

مێجەرسۆن لەم خسووسەوە ئەڵێ: لە دەوری ئەو خەتەی کە لوڕستان لە کوردستان جوێ ئەاتەوە، بەعزێ عەشیرەت هەیە کە گاە کوردن و بە زمانێک قسە ئەکەن کە لە تاجیکیی قەدیمی ئێران ئەکا و زاهیر وایە کە ئەم وڵاتی گۆرانە، ئەهالییەکی دامەزراوی بووە و زمانەکەشیان وەکوو لە سەرەوە گوتمان جوێ‌جوێ بووە و عەشایری «هەورامی» و «کاندولاو ریزو»ش بە فەرقێکی کەم و زۆر، بە عەینی زمان قسەیان کردووە.

مەشهوورە زمانی ئەردەڵان زۆر زۆر لە شێعر و ئەدەبیاتدا ئیستعمال کراوە و لە سنە بەم زمانە ئەخوێنن و ئەنووسن و بەم زمانەش هەورامی وەیا شەهرەزووری ئەڵێن. بە گوێرەی بەعزێ نەزەرییات کە باسی ئەکەن، بەشی زۆری دامەزراوی عەشیرەتی گۆران، بەم زمانە و بەشی گەڕۆک (سیّار)ی بە تەواوی بە کوردی قسە ئەکەن. (بە تەبدیل لە کوردستان و مەزۆپۆتامیادا، لاپەڕە ٣٨١).

عەشایری کوردی «براخۆی» کە بەشی زۆری لە بلووجستاندا و بەشێکیشی لە وڵاتی سندی هیندوستاندایە، بە زمانی کوردییەک قسە ئەکەن کە بە زمانی براخۆی مەشهوورە. ئەم زمانە لە غەربی «دراویدی»ی مەرکەزی و جنووبی هیندوستانە و بەعزێ کەلیماتی بلووجی و فارسیشی تێکەڵاو بووە. تا ئەم دەوری دواییە هەر بۆ قسەکردن ئیستعمال کراوە، بەڵام ئێستاکە ئەنووسرێ و ئەخوێنرێتەوە، بەعزێ حیکایات و ئەشعاری نووسراو بەم زمانە بینراوە (ئینسقلۆپەدیای ئیسلام، جڵدی ١، لاپەڕە ٦٣٠).