تەئریخی جاف/فەسڵی پێنجەم

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
تەئریخی جاف  (1949)  by کەریم بەگی جاف
فەسڵی پێنجەم

بەحسی کوڕەکانی زاهیر بەگ کە لە پاش خۆی مانەوە:

قادر بەگ و سڵێمان بەگ هەردوانیان کوڕی زاهیر بەگن، سڵێمان بەگیان برای گەورە بووە. قادر بەگ کە برا بچووکە پیاوێکی زۆر ئازا و سەربەدەرەوە بووە و تەبیعەتی زۆر گەرم بووە، وەقتێ کە زاهیر بەگ ئەمرێ و جافەکانی ئەترافیان ئەبێ بە هەزار ماڵ و ئەبن بە ساحێبی سوارە و تفەنگێکی زۆر، کەم کەم خەیاڵی کوێستان و چوونی ئێران ئەکەوێتە سەریان. بە شوێنی ئێڵی گەڵاڵی و گەڵباغی و کەڵهوڕ و باقیی تردا تا تەرەفی حدوودی ئێران ئەڕۆن. ئەمما ناتوانن بچنە ناو ئەو عەشایرانەوە. ڕۆژێ لە وەقتی کۆچدا یەکێ لە بەگزادەی وەڵەدبەگی، خالید بەگ ناوێکیان سەگێکی ئەکەوێتە ناو کۆچی گەڵاڵی و سەگەکەی ناوی شێرە ئەبێ و لەو وەقتەدا ڕەئیسی گەڵاڵی شێراغا ئەبێ. خالید بەگ بێ غەرەز، سەگەکەی خۆی بانگ ئەکا، هەرچی لە گەڵاڵی وایە ئەم پیاوە بە سووکی ناوی ڕەئیسەکەیان ئەبا، بە دەفعەیێ دووسەد، سێسەد کەس پەلاماری ئەدەنێ، کلکی ئەسپەکەی ئەبڕن و نەختێکیش لێی ئەدەن! خالید بەگ دێتەوە بەو نەوعە بەسەریا هاتووە ئەیگێڕێتەوە، قادر بەگ و سڵێمان بەگ کە ڕەئیسی ئەو هەزار ماڵە جافە ئەبن، زۆر عاجز ئەبن و غیرەتی عەشیرەتی ئەیانگرێ، قادر بەگ لەشکر ئەکات، نزیکی هەشتسەد، نۆسەد سوار و پیادەیێ گرد ئەبێ بۆی. سڵێمان بەگی برای ئەڵێ بە قادر بەگ: ئەم عەشرەتانە زۆرن و نزیکی پێنج، شەش هەزار سوار و تفەنگچییان هەیە، ئێمە بەر و دوا ناگەینە هەزار کەس، ڕجا ئەکەم نە خۆمان و نە عەشرەتەکەمان بە قڕ بدەین! بوێستە تاکوو پایز ئەچینەوە بۆ شارەزوور خەبەر ئەنێرین بۆ جافی جوانڕۆ لەشکرێکی زۆرمان بۆ بێ، ئەم حەقەیان لێ ئەسێنین و ئەم بێ شەرەفییە لەسەر خۆمان لا ئەبەین. قادر بەگ یێژێ بە سڵێمان بەگی برای: ئەمە نابێ ئێمە هەر تۆزێ گەرمیمان بگاتێ خەبەر بنێرین بۆ جوانڕۆ بۆ لەشکر. ئیمڕۆ ئەم شەڕە ئەکەم، ئەگەر فایەق بووم هەم ناوێ بۆ خۆمان و هەم جێگە و ڕێگەیێکی زیاد بۆ ئەم عەشرەتە پەیدا ئەکەم. ئەگەر فایەق نەبووم جوانڕۆمان لە دەست دەر نەچووە، ئەچینەوە بۆ جێی خۆمان بۆ جوانڕۆ، ئەگەر سەد کەسیشمان بکوژرێ و بڕۆینەوە ئێڵی جوانڕۆ گەمەمان پێ ناکەن بڵێن: لای ئێمە ڕۆیین بە هەتککراوی هاتنەوە! ئەڵێن: پەلەپەلیان کرد و موەفەق نەبوون. نەک هەزار کەس ئەگەر سەد کەسم ببێ ئەچم بە گژیانا!

یەکێ لە کوێخاکانی جاف بە قەرەولی و بە جاسووسی ئەچێتە ناو لەشکری گەڵاڵی و گەڵباغی و مەنمی و دێتەوە ئەڵێ بە قادر بەگ: هیچ مەوەستە بچۆ بە گژیانا، تەماشای ئەوانم کردووە ئەگەر چی زۆرن ئەمما وەکوو سەگ وانە، هەموو ڕەنگن، ڕەش و سپی و بۆر و بازگن. لەشکرەکەی ئێمە یەک نەوعە، وەکوو گورگ یەکڕەنگە، بۆر و دەم ڕەشن. ئینشائەڵڵا موەفەق ئەبین. لەتەک قسەی ئەم کوێخایەدا لەشکر ڕائەکێشن بۆ سەریان، ئەبێ بە شەڕیان، چونکە دەوری تەرەقی و تاڵعی ئەمان بوو بەو کەمیەوە بە نەوعێ ئەیانشکێنن، شەشسەد، حەوتسەد کەسیان لێ ئەکوژن. گەڵاڵی نزیکی سەد کەس تەڵەفات و خەسارەتیان ئەبێ، ئەمما گەڵباغی و مەنمی و کەڵهوڕ زۆریان لێ ئەکوژرێ و زۆر موفەشەق ئەبن. مەنمی بەشێکیان بە شپرزەیی ئەگەڕێنەوە بۆ ئەترافی سلێمانی. مەنمی ئەو باقیەکەی تریان لەتەک گەڵباغی و کەڵهوڕدا ئەچنە لای والیی سنە کە حاکمی ئەردەڵان بووە، ئەویش لە بەینی گەڕووس و سنەدا جێگەیان ئەداتێ. کەڵهوڕ و تیلەکۆ لە خوڕ خوڕە و باشماخدا دائەمەزرێنێ و گەڵباغی لە ساڕاڵ و هۆبەتوو و دیواندەرە دائەنێ، گەڵاڵی چونکە لە ڕەگی جاف ئەبن و کەمیشیان لێ ئەکوژرێ، دەخاڵەت بە قادر بەگ ئەکەن و ئەبن بە عەلاوەجاتی تایفەکانی جاف.

ئەو شێراغا کە ڕەئیسی گەڵاڵی بووە لەو وەقتەدا باپیرە گەورەی حەمە ئاغای ڕەزا ئاغایە کە ئیستە ڕەئیسی گەڵاڵییە. ڕەزا ئاغا کوڕی عەباس ئاغایە، ئەویش کوڕی ئەحمەد ئاغا کوڕی بارام ئاغایە. بارام ئاغا کوڕی شێراغایە و ئەو کوێخا جاسووسە جافە سوورەی نەوی جان بووە، کە گەورەی تایفەی وەلی بووە. قادر بەگ و سڵێمان بەگ کە ئەم فەتحەیان بۆ ئەکرێ زۆر تەرەقی ئەکەن و ئەو ساڵە ئەچنە کوێستان لە جێگەی ئەو عەشیرەتانەدا دائەمەزرێن. پایز کە دێن بۆ شارەزوور حاکمی بەبە زۆر زۆر حورمەتیان ئەگرێ و لە شارەزووردا ئەبن بە ساحێب جێگە و ڕێگە. بەڵێ «بەراتی نەجات بە خوێن نووسراوە».

جافەکانی جوانڕۆ و ئەیالەتی کرماشان کە ئەمەیان دی و شارەزووریش جێگەیەکی ساحێب ئاو و خەلەهاوەرە و جۆگەی بێ تەکلیفی زۆرە بە عومووم حەرەکەتیان کرد هاتن بۆ لای سڵێمان بەگ و قادر بەگ. ئەم پانزە هەزار ماڵە لە جاف، گەڕیاو و دانیشتوو، کە ئیستە داخڵی کوردستانی بابان و عێراقە، ئەو ساڵە تا بەهار عوموومیان هاتن لە مەنتیقەی شارەزوور و لیوای کەرکووک دامەزران و جێگەی ئەو عەشیرەتانە کە ناومان بردن ئیشغالیان کرد و کەوتە دەستیان.

کە وەقتێ ئەم عەشیرەتانە لە ئەترافی سڵێمان بەگ و قادر بەگ زۆر بوون و بوون بە ساحێبی پانزە، شانزە هەزار ماڵ بۆ ئیدارە کردنیان و تەکلیف لێ سەندنیان کە ئەمە ڕەسمێکی حەوتسەد ساڵی بووە، بۆ ڕەئیسانی جاف و هیچ حوکوومەتێ لەو وەقتەدا نە لە ئێران و نە لە خاکی بابان و عێراق تەڵەبی قرانێ و مەڕێ و بزنێکی لە عەشیرەتی ئەوان نەکردووە، واریداتی ئەمانە مەخسووس بووە بۆ ئیدارە و گوزەرانی خۆیان. قادر بەگ ئەساسێکی عەسکەریی عەشایریی بۆ خۆیان دانا، سێسەد ماڵی لە عوموومی تایفەکانی جاف هەڵبژارد و ناوی نان: «پشتماڵە». ماین و تفەنگ و ڕم و دەمانچە کە ئەسبابی شەڕی ئەو وەقتە بووە، تەسلیمی کردن و تایفەی عەمەڵە کە تایفەیەکە لە جاف و سێسەد و پەنجا ماڵ ئەبێ، ئەوانیشی لە تەکلیفی عەشیرەتی تەرخان کرد، سەد و پەنجا سواری داخڵی دەفتەری سوارەی خۆی کرد، تایفەی بەداخی پەنجا سواریان ماین و تفەنگ و ڕمی بۆ تەدارەک کردن و ئەوانیشی داخڵی دەفتەری سوارە کرد. سەدانی پەنجا سواری لێ مەخسووس کردن. ئەم سەد سوارەی سەدانی و بەداخییە، هەر وەکوو لە تەکلیف ئازاد بوون، وەکوو خزمەتکاری پشتماڵە و عەمەڵە، بەرات و جیرە و مەعاشیان بوو، باقیی سوارەکانی سەدانی و بەداخی ماین و تفەنگیان هی خۆیان بوو ئەمما لە وێرگوێی شەخسی کە پێی ئەڵێن «خەرج»، خاریج کرابوون و دایمەن بۆ هەموو خزمەتێکی مەجبووری حازر بوون. لە زەمانی سڵێمان بەگ و قادر بەگ لە پشتماڵە و عەمەڵە و بەداخی و سەدانی پێنجسەد و پەنجا سوارەی خزمەتکار دایمەن مەوجوود بووە و لە تایفەی سەدانی و بەداخی سەد سواری لە خەرج دەرکراویش حازر بووە. وەڵەد بەگ کە کوڕی خانە بەگ بووە ئەویش پشتماڵەیێکی بووە و دایمەن سەد و پەنجا سوار خزمەتکاری تێدا بووە، ئەو سەد و پەنجا سوارەی وەڵەد بەگیش تابیعی فیکری قادر بەگ و سڵێمان بەگ بووە. ئەگەر تایفەیێ لە جاف سەرپێچی بکردایە بەم قوەتانە تەربیە ئەکرا و جەزایەکی زۆر سەختیشی لێ ئەسێنرا وە بەڵکوو لێشیان ئەکوشتن. ئەگەر چە عەشیرەتەکەیان ئیتاعەیێکی مەعنەوی و خالیسانەیان بووە بۆیان و خۆیان هەر تەکلیفێ کە دابێتیان زۆر لایان خۆش بووە و ئەساسێکی تر بۆ سەلامەتیی وەزعیەتی جاف و بەگزادە تیکرار قادر بەگ دایناوە. ئەو دوو تایفە کە سەدانی و بەداخی بێ، لە وەقتی زوستانا لە گۆڕەشەلە و سەنگەر و قەڵاتەپە کە ئەمڕۆ داخڵی ناحیەی قۆڕەتوون و ئەوسا خاکی ئێران بووە، بە زوستان دایناون. لەبەر ئەمە ئەگەر لە وەقتی زوستاندا لە حوکوومەتی بابان عاجز ببێ کوتوپڕ بچێتە ناو ئاوان تاکوو باقیی جاف بۆی ئەپەڕێتەوە لە ئاوی سیروان و جێگەی ئەو دوو تایفە لەتەک جێی زوستانی قادر بەگدا کە قەڵای کانی چەقەڵە وە ها بەسەر سیروانەوە، فاسیلە لە بەینیانا ئاوی سیروان بووە و ئەو دوو تایفە ئێستەیش جێی زوستانیان هەر ئەوێیە. هەر وەکوو قادر بەگ ئەم ئیحتیاتەی کردووە، وەڵەد بەگیش کە جێی زوستانی پێباز بووە، تایفەیەکی لە مەیدان و کەوەزەیناڵی داناوە وەکوو فیرقەی سەلیم لە هاروونی، ئەمانە لە وەقتی بەهاردا لە شەک مەیدانەوە بە کەڵەک ئەپەڕێنەوە بۆ شارەزوور. بۆ وەقتی هاوین موحتاج بەم ئیحتیاتە نەبوون، چونکە بە عوموومی عەشایرەوە لە خاکی ئێران بوون و ئەم فیکرەیان بۆ ئیدارەی ئیلی و عەشیرەتیی خۆیان فیکرێکی زۆر بەرز بووە.

قادر بەگ ئەولادی نەبووە، بە بێ ئەولاد مردووە.

سڵێمان بەگ دوو کوڕی بووە یەکێکیان ناوی قادر بەگ بووە، ئاوناوی مامەی خۆی و یەکێکیان ناوی کەیخوسرەو بەگ بووە.