یاری وەفادار
Appearance
| یاری وەفادار ... | نازک و نازدار، یاری وەفادار |
| لە هیجرانی تۆ بووم بە کۆی زوخاڵ | نەمکرد سەیرانی گۆنا و خەت و خاڵ |
| عەهدە کردوومە هەر وەکوو فەرهاد | لە کۆی عەشقی تۆ خۆ بکەم بەرباد |
| هەر کاتێ شاد بووم بە دیداری تۆ | بووم بە خاوەنی خەت و خاڵی تۆ |
| لام مەتڵەب نییە تەعنەی ڕەقیبان | گوێ نادەم بە پەند، واعیزو خویشان |
| دەوڵەتی وەسڵت بۆ من کافییە | تاجی کەیخوسرەو لام بەهای نییە |
| گەنج و ئیقباڵم دانەی خاڵی تۆ | چرای دیوانم چاوی کاڵی تۆ |
| خوردو خۆراکم ماچی کوڵمی تۆ | شیشەی شەرابم سای گەردنی تۆ |
| مەعبەدخانەکەم خەڵوەتخانەی تۆ | قیبلەگای سوجدەم میحرابی ئەبرۆ |
| تەوافی کەعبەم وەسڵی دیدارت | حەجەرولئەسوەد خاڵی ڕووخسارت |
| تای عودو تارم دوو زوڵفی خاوت | سەرخۆشی کردم مەیخانەی چاوت |
| مێزی شەرابم سینەی مەڕمەڕت | مەزەی شەرابم دوو لیمۆی تەڕت |
| عەرەق و بیرەم ماچی کوڵمی تۆ | ساقی و پیاڵەم چاوی گەشی تۆ |
| دەم دەم ئەنۆشم شەرابی گۆنات | دوو لیمۆی کاڵت، بۆ مەزە هێنات |
| مەستی دوو چاوی عاشقکوژی تۆم | جگەر لەتلەتی غەمزەو نازی تۆم |
| چاوت هەڵبڕە بزانە من کێم | ئەمن مەجنونی دوو چاوی لەیلێم |
| ئەسیرم بەدەس ڕەقیبانەوە | هەم بە دەس دڵەی ماڵوێرانەوە |
| دەردم وەهایە لەیلی نازپەروەر! | نزیکە دەرچم لە پێستی بەشەر |
| ئیتر کۆتایی کەلامم نایە | ڕەنگ زەردی عەشقم شیفام قەت نایە |
| مەزڵووم وەک مەجنون پیشەی زارییە | خولیای عاشقی بێ قەرارییە |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|