یادی نەورۆز
Appearance
ئەمڕۆ ڕەنگی گەشی خوێنین | بەری ئاسمانی گرتووە |
گشت ڕووی کوردستانی شیرین | ڕەنگی ئاڵی لێ نیشتووە |
*** | |
سەیری ئاسۆی کوردستانی کەن | زەرد و سپی و پەمەیییە |
سەیری دەشت و چیاکان کەن | ڕەنگ سەوزێکی قەرسیلییە |
*** | |
ئەڵێی سرووشت لە ئەزەلا | ئەم بەرگەی پێ سپاردووە |
یان بە ڕەنگی خوێن هەر وەها | ڕەنگی ئاڵی لێ نیشتووە |
*** | |
ئەوەش هەمووی کڵپەی خوێنی | شەهیدانی کوردستانە |
وا تیشکی سووری بزوێنی | لەسەر ڕووی ئەم نیشتمانە |
*** | |
بڵاوە و پەخشان بۆتەوە | بەسەر دۆڵ و دەشت و هەردا |
ئازادیی کۆ کردۆتەوە | لەناو دڵ و هۆش و سەردا |
*** | |
بەتایبەتیش ئەمڕۆ جەژنە | جەژنی گشت کوردەوارییە |
کوردستان بە هەمە چەشنە | ڕازاوەیە و بەختیارییە |
*** | |
یادی نەمانی بەڵایە | لەگەڵ ڕووخانی بێداری |
یادی هەڵکردنی ئاڵایە | بەسەربەستی و بە ئازادی |
*** | |
شەهیدانیش بێبەش نابن | لەم جەژنە خۆشە پیرۆزە |
یان وەنەبێ بێئاگا بن | کە ئەمڕۆ جەژنی نەورۆزە |
*** | |
ئەوەتانێ ئا ئەو ڕەنگە | کە کوردستانی گۆڕیوە |
کە ئێستا پێی شۆخوشەنگە | وا بەو جۆرەی کەس نەیدیوە |
*** | |
ئەوە ڕەنگی خوێنی سووری | تێکڕا گشت پێشمەرگەکانە |
بۆ ئاواتی ئێستا و دووری | خەڵکی ئا ئەم کوردستانە |
*** | |
ناردوویانە بە جەژنانە | چونکە ئەوانیش هەر زیندوون |
ئەوەش دروشمی بیریانە | کە لە پێناویا بەخت بوون |
*** | |
لەسەر ڕزگاریی کوردستان | وەک شێر جەنگان تاکوو مردن |
بەڵام مێژووی ژینی بەرزیان | هەر ئەمێنێ و قەت نامرن |
*** | |
ئەم نەورۆزە کە ئاگرەکەی | زیاتر ئەبێ و ناکوژێتەوە |
گشت ساڵێ لە نوێ یادەکەی | زامی کورد ئەکولێتەوە |
*** | |
چونکە گەلی کوردی دلێر | بە یادیا دێت کەوا کاوە |
هەڵمەتی چۆن برد وەکوو شێر | ژیانی خۆی خستە لاوە |
*** | |
گەلی چەوساوەی کۆمەڵ کرد | تێیگەیاندن تاکەی کەوا |
بە خێزان و دروشت و ورد | بچێژن کۆیلەیی و سزا |
*** | |
تێیگەیاندن کە نە هەژار | نە ڕەنجبەر و نە کرێکار |
نە پاشای قەڵبی خوێنەخوار | یا وەزیر و یاخود جووتیار |
*** | |
جیاوازییان نییە تۆزێک | هەموو وەک یەک گیانلەبەرن |
هەموو مرۆڤن لە هۆزێک | بێ جیاوازی گشت بەشەرن |
*** | |
بۆچی مرۆڤی بە بەها | کە هەر وەک ئەویش بەشەر بێ |
بڕوا لە ڕێی ئەوا هەروا | یان بۆی تووشی دەردیسەر بێ |
*** | |
ئەویش نەک تەنها خوێنخۆر بێ | بەڵکوو پیاوخۆرێک بێویژدان |
ئینسانێک بێت زوڵمی زۆر بێ | گەل بخاتە گەرووی نەمان |
*** | |
پێوستە گەل وەکوو بورکان | بتەقێ و تاراجی تێک با |
دەستی کەوی ماف و بافتان | ئاڵای ڕزگاری هەڵبکات |
*** | |
لەناو خۆدا وا ڕێک کەوتن | کە کاوەی نەبەز و نەبەرد |
کاتی شۆڕش بۆ سەرکەوتن | بچێتە سەر شوێنێکی بەرز |
*** | |
ئاگر بکاتەوە بۆیان | هەر کاتێ شەوقیان بەدیی کرد |
بزانن ئەوەیە نیشان | بەرەو کۆشکی زۆردار بە گڕ |
*** | |
هێرش بەرن بەبێ بەزین | هەتا قەڵای زۆر ئەڕوخێ |
دەست هەڵنەگرن بە گیان و ژین | بگرن، هەڵبێنن ڕۆژی نوێ |
*** | |
جا لەم ڕۆژە پیرۆزەدا | کاوە ئاگری کردۆتەوە |
هێرشیان برد لەم ڕۆژەدا | بە درشت و بە وردەوە |
*** | |
کاوەی نەبەز ئەو پێشڕەوە | بە چەکوش لە بەریانەوە |
ئەیوت ئەی گەل بۆ پێشەوە | دنیای گشت ئەلەرانەوە |
*** | |
هەموو گەیشتنە سەر ئەژدەها | هێرشیان برد کۆشکیان ڕووخاند |
کاوە خۆی گەیاندە زوحاک | یەخەی گرت و توند ڕایوەشاند |
*** | |
قیژانی بە سەریا وەک شێر | وتی زۆرداری ناپەسەند |
چەند لاوی نەبەرد و دلێر | تۆ نەمامی ژینت هەڵکەند |
*** | |
دوێنێ ڕۆژی تۆ بوو ئەمڕۆ | ڕۆژی گەلە پیسی ناپاک |
بڕوانە گەلی دڵ پڕ سۆ | چۆن دێنە سەر کۆشکی زوحاک |
*** | |
ئەمڕۆ داخی دڵیان هەموو | بە تۆ ئەڕێژن هەی بەدفەڕ |
تازە ژینی تۆ بەسەر چوو | بەوجۆرە ژین نابەیتە سەر |
*** | |
هیچ زۆردارێک لە دەستی گەل | ڕزگاری نابێ و هەر ڕۆژێک دێ |
گەل وەک تۆ بیکات لەتوپەل | ڕۆژی ئازادی لێ هەڵبڕێ |
*** | |
ئەمەی وت و چەکوشی دەستی | لێ هەڵبڕی و هاواری کرد |
بژی ژیانی سەربەستی | بۆ میللەتان و گەلی کورد |
*** | |
بە چەکوشەکەی بەربووە سەری | ئەژدەهاک و بەگشت تینی |
پژانی مێشکی بێفەڕی | دیسان بانگی کرد بە ژینی |
*** | |
گەل و مردن بۆ زۆرداران | ئێمەی کورد نامرین و ئەژین |
زوڵم ببارێ وەک باران | خەبات ئەکەین بەرگەی ئەگرین |
*** | |
هەتا تۆڵە و مافی خۆمان | ئەسەنین و سەر ئەکەوین |
ئەگەر دامانناوە ژیان | قەت نابەزین و نانەوین |
*** | |
ئەمڕۆش کەوا، وا ئازاد بووین | ئەکەین بە جەژنێکی پیرۆز |
وا بەرەو ڕۆژێکی نوێ چووین | ناوی ئەنێین جەژنی نەورۆز |
*** | |
ئینجا ئێستا ئا ئەو یادە | کەوا یادی ئازادییە |
جەژنێکی پڕ سۆز و شادە | جەژنی گشت نەوەی مادییە |
*** | |
جەژنێکە هەتاهەتایە | هەر ئەمێنێ و لە بیر ناچێت |
هەتاکوو دنیا دنیایە | کڵپەی زیاد ئەکا و کەم نابێت |
*** | |
جەژنێکە تێکەڵ بە گیانە | تێکەڵ بە خوێن و ئێسقانە |
بزوێنەری خەباتمانە | هۆی بەرزبوونەوەی ژیانە |
*** | |
جەژنێکە میللەت پێشخەرە | مەشخەڵە بۆ کوردستانمان |
جەژنێکە بیر و باوەڕە | بۆ ڕزگاریی نیشتمانمان |
*** | |
لەبەر ئەوە هەموو ساڵێ | گەلی کورد بە پەرۆشەوە |
گەورە و بچووک لە گشت ماڵێ | بە دڵێکی زۆر خۆشەوە |
*** | |
لە هەر چوار قوڕنەی کوردستان | ئەیکەن بە جەژنی بەختیاری |
گەشتر ئەبێ گوڵی ژیان | بەهیوای بەرەو ڕزگاری |
*** | |
نەورۆز کەوا ئەو جەژنە بێ | کە کورد شانازە بە بوونی |
یاخود ئەو ڕۆژە نوێیە بێ | کە قەت نییە بەسەرچوونی |
*** | |
یان ئەوە بێ کە گشت جارێ | گڕی خەبات زیاتر بکات |
کوردپەروەری لێ ببارێ | باوەڕ فراوانتر بکات |
*** | |
ئەو ئاگرە ناکوژێتەوە | گشت کوردستان ئەگرێتەوە |
بە هیچ کەس کز ناکرێتەوە | تا بێ بەرزتر ئەبێتەوە |
*** | |
کوردیش هەر گڕی خۆش ئەکات | بۆ ئەوەی ئەم ڕۆژە نوێیە |
یەکی بخات، پێشی بخات | چونکە دڵی لەت و توێیە |
*** | |
بۆیە ئەڵێ هەتا مردن | منی کورد هەر خەبات ئەکەم |
ئامادەم بۆ لەخۆ بووردن | تا نیشتمانم یەک بخەم |
*** | |
ئەم جەژنەش کە نیشانەمە | لە ژیانا جەژنی منە |
ئاواتی ئەم ژیانەمە | کوێر کەری چاوی دوژمنە |
*** | |
بۆیە ئەڵێم تا دوای ژیان | ئەی کوردی دڵ پر سۆ و سۆز |
با بژیی جەژنی کوردستان | جەژنی نەورۆز، جەژنی نەورۆز |
1960/03/17
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|