یادی نازدارانی جاف
Appearance
| پۆڕە جوانەکەی دەوری زەردیان | ئای بۆ کناچەت دەمی بەربەیان |
| کاتێ سفیدەی سەحەر دەرکەوێ | پێشخانەی شەفەق لە کەژ سەرکەوێ |
| دەمی بێداری کە دەستی مریەم | قۆناغەی عیسا ئەشوا لەسەر چەم |
| ئاوی زیندەگی دێتە زەمزەمە | ئەبێ بەزەمزەم ئاوی ئەو چەمە |
| زەڵم و تانجەڕۆ دەست لە ملان بن | سەرپۆپەی گوڵان جێی بلبلان بن |
| دەنگی کناچەت بەرز و سەر ئازاد | دەنگ بداتەوە وەک دەنگی سەییاد |
| لە کەناری زەڵم، ئەو سەوزە گیایە | تۆوی کەنیشکی جافی تێدایە |
| تۆ بە کناچە و لەنجە و لارەوە | من بە چاوێکی فرمێسک بارەوە |
| بەرامبەر بە یەک هەردوو بناڵین | هەردووکمان وەک یەک بۆ یار عەوداڵین |
| شێوەی ئەو سنگە جەودانەی سەد تەرز | لە سینەی مندا شیوەن بکا بەرز |
| گوێم لە دەنگت بێ بە یادی جاران | کوا ماڵەگەورە و پۆلی نازداران |
| منیش بە فەردی مەولەوییەوە | بە هۆرەی گوڵبانگ پەهلەوییەوە |
| (بە شینی تیپی نازدارانی جاف | دووکەڵی ئاهم پڕ کا سەمای ساف |
| وەک چیهرەی خەیاڵ ڕوخسارەکەی خۆی | لە پەردەی دڵەی پڕ لە ئاخ و ئۆی |
| «پرشەی ڕووی دەرکەوت شای سۆسەن خاڵان | کەم کەم لە گۆشەی لای سیاماڵان) |
| «لە توێی تاریکی شەدەی بێگەردا | وەک ئاوی حەیات شەپۆلی ئەدا» |
| ئێستا لە شوێنی ئەو عیشوە و نازە | بایەقوش لەگەڵ تۆدا هاوڕازە |
| ئێلی جاف ڕێگەی کوێستانیان نییە | نازانم فەلەک مەیلی بە چییە؟! |
| ئومێدم وایە هەر بەم زووانە | ئێلات بچنەوە بۆ ئەو کوێستانە |
| وەلی دێوانە ویستی لە یەزدان | کە ڕێی شەم نەبێ بچێت بۆ کوێستان |
| ئەوسایە دوعای ئەو گیرا بووبوو | ئیستە بازاڕی وەلی بەسەرچوو |
| جێنشینی ئەو منم ئەمەوێ | ئێل بۆ هەوارگەی کوێستان سەرکەوێ |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|