یادی بێکەس
Appearance
هەڵدانەوەی لاپەڕەی کۆنی عومرە | بۆیە فرمێسک لە چاویایە ئەم شیعرە! |
کوردستانی ئەو سەردەمە وا تار بوو، | بەفری زستان گوڵی باغچەی بەهار بوو |
بولبولەکان لە قەفەسا قەتیس بوون | لە سەرمانا ئەلەرزین، وەک گوڵ سیس بوون |
ئەو مەلانەی داڵدەیەکی گەرمیان بوو، | دانەوێڵەی چینە مایەی شەرمیان بوو |
پەڕەی گوڵیان بە ڕەنگی «ڕوو» سوور ئەکرد، | وا هەڵبەستیان پێشکەش بەرەوژوور ئەکرد |
جار جار لە پاڵ مەتحی درۆی زۆردارا، | چەن گوڵێکیش ئەکرا بە قژی یارا... |
یاری هەڵبەست یان هیی تێری بێدڵ بوو، | یان هیی لاتی ناپەسەندی لای گوڵ بوو... |
بەڵێ هەبوو بولبولی وایش، برسی بێ، | تەماع هەرگیز شیعری پێ نەنووسیبێ |
هەرە برسی و هەرە لێبووردووی دەستە | «بێکەس» زیاتر، خەباتی خستە بەستە، |
لە باغێکا فرمێسکی «خانی» ئەڕژا، | دڵی «حاجی» لە ئاگرا ئەبرژا، |
«بێکەس» دڵی بڕوای نەدا خامۆش بێ، | لە بەستەیا نیشتمان فەرامۆش بێ! |
لە ڕووی شیری ڕووتا وەستا و نەڕانی، | ئازادیی ویست بۆ گەل و نیشتمانی! |
زمان بڕین سزای قسەی نەستەق بوو، | توانجی «بێکەس» بۆ دوژمن بەردی ڕەق بوو |
کزی چاو بوو، بە چاوی هۆشمەندی | لە ئاسۆی دوور برایەتیی کرد بە دی، |
لە ناو هەردوو نەتەوەی عەرەبا و کورد، | بە بانگی بەرز ئەمەی خستە شیعری ورد |
لە کاتێکا دەستی دوژمنی نامەرد | تۆوی کینەی چاندبوو وەک گەرای دەرد، |
بەو نیازەی بکەوێتە خۆخۆری: | کورد و عەرەب، تورکمان و ئاسۆری! |
*** | |
ئەمویست «بێکەس» ئێستا بە سەر بژیایە، | ئەم گەرمییەی برایەتیی بدیایە |
بیزانیایە براگەورەی عەرەبمان، | چەن دڵسۆزە بۆ خزمەتی ئەدەبمان |
بیزانیایە گەوهەری نرخی «بێکەس» | براکانی چۆن ئەیگێڕن دەساودەس! |
«بێکەس»! لەشت با لە خاکا ڕزیبێ، | با مرۆڤیت بە یاسای مەرگ ڕازی بێ، |
بەڵام بولبول کە ئامانجی لەم ژینە: | بەس خوێندنی بەستەی شیرین شیرینە، |
تاکوو دەنگی چریکەی بێ لەسەر دار، | هەر زیندووە و هەر بولبولە و هەر باڵدار؛ |
کە وا بێ تۆیش تاکوو «داری ئازادی» | بەستەی کوردە، ئەژییت، نەمری یادی! |
1960/12
بەغدا
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|