یادداشتی ڕۆژانی دەربەدەری/گەڵباخی

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
یادداشتی ڕۆژانی دەربەدەری  (1948)  by زێوەر
گەڵباخی

گەڵباخی عەشیرەتێکی کوردە لە ئەترافی سنە، زۆر بەدەست و ئازا. «مع التأسف» ئەوانیش وەکو باقی عەشیرەتانی کورد هەموو جەردە و ئەشقیان. چەند وەقت بوو حوکوومەتی سنە مەنعی شەقاوەتی ئەوانی پێ نەدەکرا. لەو وەقتەدا موناسەبەتی بەینی ئینگلیز و ئێران زۆر خۆش بوو، قواسڵۆسێکی ئینگلیز هاتە سنە و بە پارە و ئەسلەحە و تەییارە ئەیتوانی موعاوەنەتی ئێران بکا. «ظاهرا» قەرار درابوو گەڵباخی تەنبیە بکرێت. ئێران لەسەر عادەتی خۆی بۆ هەموو عەشیرەتێ ئەمری کرد لەشکر بنێرن. شەوێ؛ کە لە کانی سانان بووین پیاوی شەریفوددەوڵە بۆلای مەحموودخان هاتبوو لەوێ بوو. لەپێش ئێمەدا جوابیان دابوو، چونکە گەڵباخی قیسمێکی دەخالەتی بە مەریوان کردبوو هاتبوونە ناو مەریوانییەوە، فەقەت بە چوونی ئێمە سیاسەتی مەریوان گۆڕا. حەزیان ئەکرد خدمەت بە حوکوومەتی ئینگلیز و ئێران بکەن، بەڵکوو ببن بە سەبەبی عەفوی ئێمە. هەتا ئێمە تەقسیم کراین پیاوەکەی والی نەڕۆیبوەوە، هەر لە مەریوانا بوو.

لەگەڵ کاکەحەمە ڕۆژمان بە چایی، بە قسەی خۆش، بە خەیاڵی مەحاڵ بەسەر ئەبرد. ڕۆژێ وتی من دیققەت ئەکەم ئەم مەریوانە ژنی جوانی تیا نییە، ئەمما یەکێکم دۆزیوەتەوە نەختێ لە ئینسان ئەکا، وەئیللا باقی هەموو وەکو داعبای کێوین، حەز ئەکەی نیشانت بدەم. ئەگەر کچ بێ نیکاحی ئەکەم. زۆرم لا جوانە. مەگەر کاکەحەمە بێخەبەر لە حاڵەتی ئەو وڵاتە. ژنیشیان تووشی پیاو بێ سەلامی لێ دەکا. دوو سێ دەفعە سەلامی لێ کردبوو، وای دەزانی کە حەزی لێکردووە. جارێ منیشی لەگەڵ حۆی مونتەزیر کرد، کە هات بیبینم. هات، دیم خراپ نەبوو. وتم باشە. وتی مەدحێکی بکە. لەبەر دڵی ئەو ئەم ڕوباعییەم بەزوبانی ئەوەوە نووسی:

چاو بازەکەی مەریوان هۆشی لەدەست فڕانم
دڵ بوو بە سەیدی چوی، ئەسیری ئەبروانم

سەڕڕافی حوسنی ئەوم و ئەو هەر وەکوو جەواهیر
بەخوا منم لەدنیا قەدری تەواو بزانم

لەواقیعا ناویشی «جەواهیر» بوو.