یادداشتی ڕۆژانی دەربەدەری/حەرەکەت

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
یادداشتی ڕۆژانی دەربەدەری  (1948)  by زێوەر
حەرەکەت

لە باشماخ هەستاین. سوارەی مەحموود خان پێشمان کەوت. لە ڕێگای شاخەوە کە بۆ ئێمە مەحفووزتر بوو، کەوتینە ڕێ. بە بەر هەر دێیەکدا کە دەڕۆشتین ئیستیقبال، حورمەت، مەمنوونی، مەحەببەتیان دەنواند تا گەیشتینە کانی سانان. ئەو دێیەش نازیر بەسەر گۆلی مەریوانە. لە بناری شاخایە. باغ و ئاو و زەوی لە ئیدارەی ئاوەدانی زیاترە. قەریبی هەفتا خانەوار دەبێ، قۆناغی مەحموود خان زۆر مونتەزەم و بە فەننی میعماری کراوە. دوو قاتە. شانشینەکەی جێگای پەنجا کەس دەبێ. خۆی مەحموود خان پیاوێکی «معتدل القامة»، ئەسمەر، مووڕەش، وەک عادەتی مەریوان پەرچەم و خوڵامانەدار، لە مەجلیسا زۆر بەویقار، زۆرزان، عاقڵ، لە ئەحواڵی دنیا خەبەردار. لە تەرتیباتی دیواخانی دەرئەکەوت ساحێب نان و خوان و میرزایە، ئەمما موکەممەل ڕۆزنامەی تاران و سائیرەی بۆ دەهات. فەرەج بەگی برای بە ئیستیقبال نارد، موهاجیرت و موهاجیرین لە دێی «نێ» لەتەرەف «عیماد»و بەگزادەکانی ئەوێ بەمیوانی ڕاگیریان کردن. من بەند نەبووم، لەگەڵ ڕەئوف و بابەعەلی کوڕانی شێخ لەپێشەوە ڕوومان کردە کانی سانان. مەحموودخان کوڕانی شێخی لەباوەش کرد، ماچی کردن. دەستیکرد بە گریان، بەقەدەر چارەکێ گریا بەسەر کوڕەکانا، منیش خەیاڵم کرد خان پیاوێکی گەورەیە، ئەڵبەت خەبەری نەمانی شێخی بۆ هاتووە بۆیە وا موتەئەسسیرە، مەگەر ئیزهاری ئیخلاسی شێخ و پەرێشانیی منداڵانی کە وای چاو پێکەوت، تەئسیری تێکردبوو. لەپاشا ڕەسمی «خوش آمد»ی بەجێ هێنا. قەیسی و سێو میوەی ئەو وەختەیان بوو، هێنایان. سەماوەر هاتە پێشەوە. لەگەڵ مندا گفتوگۆی نەدەکرد، یا هەر «طبيعةً» بێدەنگ بوو. ئەمما لام وابوو لە موقتەزای تەبعی ئاغا و گەورەی ئێرانییانە کە ئەبێ عەزەمەتفرۆشی بکەن. چامان خواردەوە. نیوسەعاتێ مابوو بۆ غورووب هەموو ڕەفیقانم گەیشتنەجێ. مەجمووعی ژن و مناڵ و پیاو سەدوپەنجا کەس دەبوو. هەشتا ئوڵاغ: ئێستر و ئەسپ و ماینیشمان دەبوو. ئەم هەموو خەڵقە مونتەزەم چا درا. نانێکی جوان دروست کرابوو. شەو بۆ موزاکەرەی جێگاوڕێگای ئەم هەموو خەڵقە مەجلیس گیرا. حسەین نازم، سەیید عەبدوڵڵا، کاکەحەمە، چەند کەسێکی کە، لە خدمەت خاندا گفتوگۆیان کرد. نەتیجە وەها مەسڵەحەت بینرا کە بە کەیخوسرەوخانیش مەعلوومات بنووسن، بەڵکوو ئەویش موعاوەنەتی ئەم موهاجیرانە بکا و لە ڕەقابەتی مەحموود خان عەداوەت نەنوێنێ، چونکە وەقتەکەی بۆ ئێمە وابوو جووجەڵەیەک عەداوەتی بکردایە زۆر بوو. موختەسەر کاغەزێکیان نووسی: جەنابی کەیخوسرەو خان! عائیلەی شێخ مەحموود کە هاتووەتە مەریوان موتەوەججیهی تەرەفی هەورامان و دێهاتی حودوودە، لازم بوو عەرز بکرێ. جواب: لەبەینی عەشیرەتا بروودەت و عاجزی هەیەی. تفەنگچیی ئێمە کە لە سەنگەردان، نەوەکوو لە ڕووی جەهلەوە تفەنگتان پێوە بنێن. حەز ناکەم لەم ڕێگایەوە بێن. والسلام.

ئەم جوابە وەک هەورە تریشقە تەخریباتی لە زیهنی هەموومانا پەیدا کرد. بەتەمای ئیمددی ئەو بووین. ئەویش ئەوە بوو. حسەین نازم وایزانی کە وەکوو پێشوو کە مودیری پێنجوێن بوو ئەو بەگزادانە ئاشنایی و دۆستییان ئەکرد، ئیستاش وایە. وتی ڕاوەستن، بچم چی پێبکەم. ئەو هەستا ڕۆی. ئێمەش دەستمان کرد بە بارکردن. ئینتیزاری جوابمان ئەکرد. مەقسەدیش هەر ئەوە بوو ڕێگای «ولەژێر» بۆ «دەرزیان» نەزدیکتر بوو لە ڕێگای «قەڵا»، وەئیللا بەئومێدی هیچی کەیخوسرەوخان نەمابووین. هەر ئەوەندە مەتڵەب بوو ڕێگای ڕۆینمان بدا. عەجایب ئەوەیە لە مەریوانا مەشهوورە کەیخوسرەوخان نوێژ ئەکا. زۆر موسوڵمانەو، مەحموودخان بەبێ دین دانراوە. منیش وتم:

گر مسلمانی همین است که‌ «حافظ» دارد
آه‌ اگر از پی امروز بود فردایی

هەموو چاومان لەڕێگە بڕیبوو حسەین نازم چی دەکا. لەپڕ سوارێ بەغار هات. هەر لەدوورەوە ئیشارەی کرد کە بڕۆن بۆسەر ڕێی قەڵا. بەدڵی شکستە لەشیددەتی گەرمادا کەوتینەڕێ. بۆ نیوەڕۆ گەیشتینە «بالک». «زەهیر» ناوی کەیخوسرەو بەگە لەگەڵ ئەحمەد بەگی برازای ڕەسمی میواندارییان بەجوانی بەجێ هێنا. چای ئێوارێ خورایەوە. بۆ «نژمار» کە دێی مەحموودخانی هەورامی بوو، حەرەکەتمان کرد. سەعاتێ لە بالکەوە دوورە. زوو گەیشتینە ئەوێ. مەحموود خان خەبەری زانیبوو، لە «دزڵی»یەوە بەئیستیقبال حەرەکەتی کردبوو. نژمار لەسەر مەریوانە، ئەمما دێی مەحموود خانە. ئێمە مواسەلەتمان کردە نژمار. جەنابی خانیش لەگەڵ کوڕی و برای و چەند سوارێ ڕاسیمەی ئیستیقبال «خوش آمد»ی بەجێهێنا، بوو بەمیوانی ئێمە.