گەورەیەک بۆ کەس نەبێ سێبەری

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
گەورەیەک بۆ کەس نەبێ سێبەری  (1941) 
by موفتی پێنجوێنی
گەورەیەک بۆ کەس نەبێ سێبەری خۆم بۆ بگێڕم لەدەوری سەری
بە وشکی بۆ چی بم بە مەیتەری وەختێ دەرکەوێ هەستم لە بەری
هەر بۆ خۆی دایم هەوڵی ژیان بێ

یاخوا ئەو گەورە بەشی نەمان بێ

گەورەیەک چاوی لە فەقیر نەبێ دەربەست ژیانی جوان و پیر نەبێ
کەس لە پووڵێکی دەسی گیر نەبێ جەرگی بۆ میللەت وێنەی قیر نەبێ
مێمڵ بە ماڵ و دوژمن بە جان بێ

یاخوا ئەو گەورە بەشی نەمان بێ

گەورەیەک دایم خەمخوارت نەبێ مەرهەمی ئێش و ئازارت نەبێ
جێگای تەنگانە و هاوارت نەبێ حەکیمی جەستەی بیمارت نەبێ
ئەگەر خاوەنی خاکی ئێران بێ

یاخوا ئەو گەورە بەشی نەمان بێ

گەورەیەک چاکتر لە باب نەبێ بۆت ڕزگارت نەکا لە بەند و لە کۆت
جارێ نەپرسێ هاوار و ڕۆڕۆت کەڵکێکی نەبێ بۆ منداڵ و خۆت
ڕەنجی هەر بۆخۆی بۆ بەرگ و نان بێ

یاخوا ئەو گەورە بەشی نەمان بێ

گەورەیەک وەک خۆی نەڕوانێتە من خۆی پڵاوخۆر بێ و من نانی هەرزن
سەرباقی ئەوەش تاڵان و کوشتن ڕیشەی سەربەستیم دەربێنێ لە بن
هەر خۆی قەڵەو کا و شان و مل پان بێ

یاخوا ئەو گەورە بەشی نەمان بێ

گەورەیەک سەرم بەردەبازی بێ جەرگم نێچیری چنگی بازی بێ
بەسەرما تانجی دەرگای نازی بێ نەشبینم جارێ دڵنەوازی بێ
ڕەفتاری باشی ئێش و سووتان بێ

یاخوا ئەو گەورە بەشی نەمان بێ

گەورەیەک ژینی بە خوێنمژین بێ زیادەنانی خۆی بە نانبڕین بێ
هێندە بێ ڕەحم و ویژدان و دین بێ عالەم لە جەوری دڵ پڕ برین بێ
ڕۆژ بە ڕۆژ باری دەردی گران بێ

یاخوا ئەو گەورە بەشی نەمان بێ

گەورەیەک نیوەی لە ڕەنجی ساڵت بسێنێ لە دەس خۆت و ماڵت
هێشتا بەزەیی نەیە بە حاڵت بە دار و بە شەق بشکێنێ باڵت
چاویشی لە دەس شوان و سەپان بێ

یاخوا ئەو گەورە بەشی نەمان بێ

گەورەیەک ساتێ لەژێر دەستی ئەو ئارامم نەبێ بێ خۆراک و خەو
پاسەوانی بم بە ڕۆژ و بە شەو جوێن و شەقیش بێ بەراتەکەی ئەو
ئەگەر شۆرەتی وەک سلێمان بێ

یاخوا ئەو گەورە بەشی نەمان بێ

گەورەیەک ئێش و نۆشێکی نەبێ ڕوویەکی خۆش و گەشێکی نەبێ
بۆ حاڵی بچوک هۆشێکی نەبێ دڵێکی گەرم و جۆششێکی نەبێ
گەر ئەسکەندەری شاهی جیهان بێ

یاخوا ئەو گەورە بەشی نەمان بێ

گەورەیەک لەلەی مناڵەکەی بم خۆڵ ڕێژی حەوش وناوماڵەکەی بم
پێشمەرگەی خۆی و هی خاڵەکەی بم بێ بەش لە نان و چاتاڵەکەی بم
ئەگەر ڕۆستەمی مازەندەران بێ

یاخوا ئەو گەورە بەشی نەمان بێ

This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:

  • It is an anonymous work or pseudonymous work and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a work where the copyright holder is a legal entity or a work of applied art and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a photographic or cinematic work that is not compositive (artistic in nature) first published before 1 January 1999
  • It is work published in Iraq before 1 January 1954, and the author died before 1 January 1979
  • It is another kind of work, and 50 years have passed since the year of death of the author (or last-surviving author)
  • It is one of "collections of official documents, such as texts of international laws, regulations and agreements, judicial judgements and various official documents."
  • It is the work of a body corporate, public or private, published by January 1st, 1980 (Article 20, 1971 law).

Public domainPublic domainfalsefalse