گەنجینەی مەردان/ئیسماعیل کوڕی ئەحمەدی سامانی

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
گەنجینەی مەردان  (1948)  by زێوەر
ئیسماعیل کوڕی ئەحمەدی سامانی

ئیسماعیل لە مولووکی سامانی یەکەم پادشای ناودار بووە. سەخاوەتی، عەدالەتی، بەرزی هیممەتی، عەهد و پەیمانی بەتەواوی نانووسرێ. کاتێ غاڵب ئەبێ بەسەر عەمرولەیسدا کە مەتڵووبی خەلیفەی بەغدا بوو، وە ئەسیری کرد ئەم دەخالەتی کرد کە بینێرێ بۆ خەلیفە خۆی نەیکوژێ. جوابی بۆ ناردەوە کە من دوشمنایەتیم لەگەڵ ئەو نییە، لە ڕۆحی خۆی ئەمین بێ. ئەمما پێویستە گەنج و ماڵ و خەزنەت لە کوێ داناوە، تەسلیمی بکەی. عەمر گوتی لە خزمانی خۆم، بە «سام» ناوم تەسلیم کردووە کە بیبا لە هەرات بیشارێتەوە. ئیسماعیل لەپاش فەتحی بەعزێ لە تورکستان ڕووی کردە هەرات. ئەهلی هەرات تکایان لێکرد کە ئەمانیان بدا، بە بێ شەڕ شار تەسلیم بکەن.

ئیسماعیل سوێندی بۆ خواردن و عەهدیشی کرد کە ڕۆح و ماڵیان لە ئەماندا بێ. شاری هەرات تەسلیم کرا. لەشکر داخڵی بوون. کەس نەیتوانی دەستی لە پووشێ بدا و، بۆ گەنج و خەزێنەی عەمرولەیس پرسیاریان کرد لە کوێیە و بۆ سام - کە خەزنەی تەسلیم کرابوو - گەڕان و سەروو شوێنی نەبوو. لە دەوڵەت و سەروەتیی عەمر مەئیووس بوون.

ئەمیران چوونە خدمەتی، عەرزیان کرد: نوفووسیی شاریی هەرات سەدهەزار کەس زیاترە، هەر سەری دینارێکیان لێ بستێنین، سەدهەزار دینار بۆ ئێمە کۆ ئەبێتەوە، بۆ ئەوانیش یەک دینار قەدر و قیمەتی نییە. بۆ لەشکر کافییە کە ئەم جارە تاڵانیان چنگ نەکەوتووە. ئیسماعیل گوتی: من عەهد و پەیمانم کردووە کە دەخڵیان نەکەم. ئیستاکە چۆن چەندهەزار موسوڵمانی فەقیر و هەژار بخەمە بەردەستی مواشیر پارەیان لێ بستێنن. «ساعەتەن» ئەمری کرد بە حەرەکەتی لەشکر لەناو هەراتا. گوتی نەوەک وەسوەسەی شەیتانی بمخاتە سەر خەیاڵی غەدر و زوڵم و پەیمان شکەنی.

دەست بەجێ لەشکر بارخانەی ڕێکخست، کەوتنە ڕێگا. مەسافەی یەک دوو سەعات دوور لە هەرات، خێوەت و بارەگایان هەڵدا. لەشکر وەکوو سەیران بە هەموو لەیەکدا بڵاو بوونەوە. کەنیزێ لە کەنیزانی حەرەمسەرا ئەچێتە سەر ئاوێ خۆی بشوا، ملوانکەی ئاڵتوونی جەواهیربەندی لەسەر جلەکانی دادەنێ. داڵێ لە هەوادا وا ئەزانێ ئەوە گۆشتە، پەلاماری ئەبا بە دەنووک هەڵی ئەگرێ. سوار چاویان لێ ئەبێ. لە هەموو لایەکەوە بۆی سوار بوون، شوێن داڵ کەوتن، لەچاو گومیان نەکرد، هەتا گەیشتە مابەینی دوو شاخ، چاویان لێبوو ملوانکەی فڕێ دایە خوارەوە. سوار کە چوون سەیریان کرد، بیرێ بوو، فڕێی دابووە ناو ئەو بیرەوە. یەکێکیان بە گوریس داهێشتە ناو بیرەکەوە. کە ئەگاتە بن بیر تەماشا ئەکا لەغەمێ لە بیرەکەدا هەیە، سەیری لەغەمەکەی کرد دەبینێ پڕە لە سندووقی ئاڵتوون و موجەوهەرات. خەبەریدا، کە خەزنەی عەمر ئەوا لێرە شاراوەتەوە، شریتی بۆ دادەیێڵن، هەمووی دێننە سەرێ، ئەیبەنە خدمەت ئەمیر ئیسماعیل. ئەویش شوکری خوای کرد و گوتی: پاداشتی ئەهلی هەراتە کە عەفوم کردن، لە موجازات خوا ئەمەی بۆ ناردووم. مەگەر سام خزمی عەمر لە ئەترافی هەرات ئەو نەقد و موجەوهەراتەی لە ترسا بردبووە ناو ئەو شاخە، لەو بیرەدا قایمی کردبوو. خوا دەست ئەمیر ئیسماعیلی خست، ئەویش دەستی کرد بە ئینعام و ئیحسان لەگەڵ سەرداران و لەشکر، هەمووی دابەش کرد بەسەریانا، لەشکریش غەمی تاڵان نەکردنیان لە دڵ دەرچوو.

ڕۆژێ لە هۆدەی خۆیدا، مامۆستا دەرس بە ئەحمەدی کوڕی ئەڵێ، ڕقی لە ئەحمەد هەڵئەسێ، پێی ئەڵێ خوا بەرەکەت بەخۆت و بە باوکت بدا. ئەمیریش بۆخاتری مەلا شەرمەسار نەبێ، گورج ئەچێتە دەرێ لە هۆدەکە و کەرەموو عەتاشی لەگەڵ ئەکا.

کە عەمری نارد بۆ خەڵیفە، خەڵات و فەرمای سوڵتانی بۆ هات. ئەویش هەر بەرگێ لەو خەڵاتە کە لەبەری ئەکا، دوو ڕکات نوێژی سوننەتی پێوە کردووە، هەتا هەمووی بەو چەشنە لەبەر کرد. لە ئاخردا فەرمانەکەی ماچ کرد، لەسەر سەری دانا.

جارێ مەلایەک لە عالمانی ئەو زەمانە ئەچێتە خدمەت. ئەمیر ئیسماعیل حەوت، هەنگاو ئەچێت بەپیری عالمەکەوە. شەو لە خەودا بە خدمەت پێغەمبەر (عليه الصلوة) ئەگات، پێغەمبەر ئەفەرمێت: ئەی ئیسماعیل بەواسیتەی ئەوە کە تۆ حورمەتی عالمت گرتووە، مژدەت ئەدەمێ لە نەسڵی تۆ هەتا حەوت پشت، پادشاهی و حوکمڕانی ئەکەن.


وەسفی چاکەی زۆرە. بۆ نموونە ئەمەندە بەسە.